Monday, March 5, 2012

کوردان، دەوڵەتان و، عەشیرەتان

=


کوردان، دەوڵەتان و، عەشیرەتان

مارتین ڤان بڕاونێسن


زانکۆی ئوترێخت

وەرگێڕان لە ئینگلیسییەوە: حەسەنی قازی

بە درێژایی مێژوو زۆربەی سەروبەندان،کۆمەڵی کورد لە پەراوێزی دوو یان زیاتر دەوڵەتی دراوسێ دا ژیاوە و ئەرکی ناوچەیەکی جیاکەرەوەی لە نێوان ئەواندا گێڕاوە. لە ساڵی ١٥٠٠ ی زاینییەوە بەم لایەوە تا شەڕی جیهانی هەوەڵێ ، ئەو دەوڵەتانە بریتی بوون لە ئیمپڕاتۆری عوسمانی لە لای ڕۆژئاوا و سەفەوییەکان ودواتر قاجارەکانی ئێران لە لای ڕۆژهەڵات ( بەرە بەرە ڕووسییە و ئیمپراتۆری بریتانیاش دەستدرێژیان کردە سەر هەرێمەکە یەکیان لە باکوور و ئەویدیکەیان لە باشوورەوە). بە دوای کۆتایی هاتنی شەڕی جیهانی ، کوردستان لە نێوان گۆیا چوار دەوڵەت نەتەوەی کە جێی ئەو ئیمپراتۆریانەیان گرتبووەوە دابەش و،بوو بە هەرێمێکی پەراوێز و زۆر جار باوەڕپێنەکراوی هەر یەک لەو دەوڵەتانە. هەر کام لەو دەوڵەتانە، چ ئیمپراتۆری و چ دەوڵەت نەتەوە،شێوەی جۆر بەجۆری فەرمانڕەوایی ناڕاستەوخۆی بە سەر کوردستان دا تاقی کردووەتەوە کە، ئەوەش کارلێکەری قووڵی
کردووەتە سەر قەوارە و رێکخستنی کۆمەڵایەتی و سیاسی کۆمەڵی کورد. ئەو قەوارە تایبەتییە عەشێرەتیانەی کە لە سەروبەندی مێژوویی جۆر بە جۆر دا لە کۆمەڵی کورد دا هەبوون لە زۆر لایەنی گرینگەوە بەرهەمی تێکەڵاوی و تەعامولی ئەو دەوڵەتانە بووە لە گەڵ کۆمەڵی کورد دا.




بەردەوامی و جوراوجوری

بەراوەرد کردنی نێوی عەشیرەتان کە لە ماوەی چوار سەدەی ڕابردوو لە سەرچاوەی جۆر بە جۆر دا باسیان کراوە نیشان دەدا هێندێک لە عەشیرەتەکان بزر بوون لە کاتێکدا ئی دیکە بە بەردەوامی سەریان هەڵێناوە، بەڵام زۆر لە عەشیرەتە گەورەترەکان بە دەم تێپەڕینی ساڵ و زەمانەوە بەردەوامییەکی بەرچاویان لە خۆیانەوە نواوندووە و ماونەتەوە. [١] لەگەڵ ئەوەشدا، ئەندازە و پلەی پێچەڵپێچی ئەو عەشیرەتانە بە دەم تێپەڕینی زەمانەوە ئاڵوگۆری بەرچاویان بەخۆیانەوە دیوە و بو وێنە، ناکرێ بە گردبڕی بگوترێ عەشیرەتەکانی ملی یان جاف ی ساڵی ١٩٥٠ هەر وەک هەمان عەشیرەتان بوون لە ساڵی ١٨٥٠ یان ١٩٩٩ دا. [٢]
ئەو عەشیرەتانەی کە کەم تا زۆر سەبارەت بەوان شیکردنەوەی جێی باوەڕ بە دەستەوەن ( لە سەر و بەندێک لە ژیانی خۆیاندا) چ لە ڕووی ئەندازە چ لە باری ئاڵۆزیی قەوارەیانەوە زۆر ئەرک جیاوازن. [٣] هێندێکیان،کۆچەری مەڕز دارن، یان هەتا ئەو دواییانە وابوون و ئەوانیدی کشتو کاڵی نیشتەجێی و ئاژەڵداری و چوونە کوێستانێ یان لەیەک بەستووە و،ئی دیکەشیان هەیە کە وەرزێری نیشتەجێن و ئاران و کوێستانێ ناکەن. لەم ڕۆژگارە دا بەشی گەورەی زۆر لە عەشیرەتان بوونە شارنشین بە بێ ئەوەی بە تەواوی دەستیان لە بەها عەشیرەتییەکان و قەوارەی عەشیرەتی هەڵ گرتبێ. – کە لە هێندێک بواری شارنشینییەوە تەنانەت ڕەنگە
بەکەلکیش بن .(لە ڕوانگەی چینەکانی کۆنتری شارنشینەوە، بە تایبەتی لە ئەستەنبووڵ یان ئانکاڕا، کۆچکردنی بەلێشاوی کوردەکان بۆ ئەو شارانە لە ماوەی بیست سی ساڵی ڕابردوو دا تەئسیری ئەوەی هەبوو کە سیاسەتە ناوچەییەکان و هەر وەها لە ئاستی دەوڵەتی دا بە ئاراستەی " عەشیرەتی" دا بەرێ – بە ئاماژە کردن بە بنەماڵە - ، عەشیرەت – یان پشتیوانی هەرێمی.)
هێندێک لە عەشیرەتەکان – بە تایبەتی ئەوانی پچووکتر – بە تەخمین ڕەچەڵەکی ڕاستەقینەی خۆیان دەزانن، ئەگەرچی بە هاوبەشی بەلانی کەمەوە هێندێک دەستەیان لەگەڵ کەوتوون کە پێوەندی خزمایەتییان لە گەڵ بەرەبابە سەرەکییەکان یان جێی گومانە یان وەک ئەندامی ئاوان کە پێوەندی خزمایەتیان نییە،بەڵام بە بەوەفا دادەندرێن و وەخۆ کراون. لە ناو عەشیرەتە گەورەترەکان دا، لایەنی گرێدراوی سیاسی یان وەفادار بوون لە ئاست سەرۆک عەشیرەتێکی هاوبەش، یان بەرەبابێکی سەرۆک زۆر ڕوونتر وەبەر چاو دەکەوێ، ئەگەرچی ئیدێئۆلۆژی خزمایەتی گرینگە.لە بەر ئەوەی کوردەکان بە پێچەوانەی عەڕەبەکان هێندە فرووسماو نین بە ڕەچەڵەکی خۆیان، ئەوەی کە عەشیرەتە عەڕەبەکان پێی بە نێوبانگن، تەنانەت لە ناو عەشیرەتە گەورەکانیشدا باوەڕی بە هەبوونی ئەژدادی هاوبەش لە نێو هەموو ئەندامان دا دەتوانێ لە نێو چەند وەچەیان دا دابمەزرێ دوای ئەوەی کە
عەشیرەتەکە یەکەم جار وەک هاوبەندییەکی سیاسی سەری هەڵێناوە.
زۆربەی عەشیرەتە گەورەکان ستروکتوورێکی ئەستوونییان هەیە، لە سەرەوە بەڕەو خوارێ، بەرەبابی سەرەکی، ژمارەیەک بەرەباب/ تایفەی ئاسایی ، بەرەبابی پێوە گرێدراو و وەرزێرانی ڕەعییەتی نا-عەشیرەتی. هێندێک لەو عەشیرەتانە بە ڕاشکاوی بە تێکەڵاو بوون و یەکدەست نەبوونی بەشە جۆربەجۆرەکانی خۆیان دەزانن ( هەر لە بەر ئەوەشە کە هێندێک لە نووسەران نێویان ناون کۆنفێدراسیۆن)، کە وابوو عەشیرەتی گەورەی ملی [ ملا بە کورمانجی ، وەرگێڕ ] ( لە ناوچەیەکی هەراو لە نێوان ئورفا و ماردین دا ) لە سەدەی ١٩ هەمدا بن- عەشیرەتی عەڕەب و کوردی دیکەشیان لە ناو دا بوو و ئەوانە هەم ئێزیدییان تێدا بوو و هەم دەستەی کوردی سوننی. عەشیرەتی هەڤێرکان لە توورعابدین هەم ئێزیدی و هەم بەشی کوردی سوننی و هەم بەرەبابی مەسیحی پێوەگرێداوی تێدا بوو.
ئەگەرچی دینامیزمی سەربەخۆی کۆمەڵی کورد نابێ بە کەم بگیرێ - کێشەی نێو کۆیی عەشیرەتان و هاوبەندی کە بە قووڵی شوێنی دەکردە سەر ستروکتووری عەشیرەتی – دەرەجەی پێچەڵپێچی و توێژبەندیی نێو عەشیرەتەکان وا وێدەچێ بەر لە هەموو شت بەسترابێتەوە بە دوو هۆکاری دەرەوەیی: واتە بناخەی سەرچاوەی هەیی و دەستێوەردانی دەوڵەت لە هەرێمەکە دا.

فەرمانڕەوایی نا ڕاستەوخۆ و ستروکتووری عەشیرەتی

ئەو پێوەندییەیە دوولایەنەی کە باسکرا زۆر بە جوانی خۆی لە مێژووی میرنشینی کورد، سەرۆک نشین کە بریتی بوون لە کۆنفێدراسیۆنی عەشیرەتەکان ( کە ئاوا نێو نرا بوو و لە زۆر نموونان دا هێشتاش دەناسرێنەوە) دا خۆی دەر دەخا کە لە لایەن سلسلەیەکی میراتگرەوە سەرۆکایەتی دەکران و لە لایەن دەوڵەتی ( عوسمانییەکان یان سەفەوی و قاجارەکان)ەوە بە ڕەسمی دەناسران. ئەو میرنشینانە یەکەمجار لە شەڕەفنامە دا دێنە بەرچاو مان ، کە فەرمانڕەوای کوردی بیتلیس، شەڕەف خان لە ساڵی ١٥٩٧ دا لە نووسینی بووەوە. ئەگەرچی شەڕەف خان ڕێزێکی زۆری بۆ زۆربەی ئەو میرنشینانە داناوە، بەڵام هیچ کام لە گێڕانەوەکانی هەتا دەگاتە سەر و بەندی قەرەقۆینلووکان ڕوون و کۆنکرێت نیین و، گێڕانەوەکانی جەخت دەکەنەوە لە سەر جیاوازی جووڵانەوەی ئاخ قوینلوو، سەفەوی و عوسمانییەکان لەگەڵ سلسلە کوردەکان. ستروکتووری میرنشینە کوردەکان وە ئیمپراتۆرییەکانی تورکومان دەچن، لەوانە دا عەشیرەتەکان وەک باڵی چەپ و ڕاست ڕێک خرابوون و، فەرمانڕەوا بەسەریان
ڕادەگەیشت. هەر کام لە عەشیرەتەکانیش سەرۆکێکیان هەبوو کە ئەو پلەیەی بە میرات پێ دەبڕا ( هێندێک نمووونەی وا هەبوو کە دوو بنەماڵەی فەرمانڕەوای رقەبەر بە نۆرە لە ڕێبەرایەتی دا جێگۆڕکێیان دەکرد) و، دەبوو کوڕەکانیان یان خزمی نیزیکی دیکەیان لە دەرباری میر دابن وەک نیشانەیەک لە چاوەدێری بە سەر عەشیرەتەکانەوە.
خ.دوێ پلانهۆل دەڵێ کۆچەریی چیایی کورد بەو جۆرەی لە سەروبەندی عوسمانی دا بەنێو دەکرا، یەکەم جار وەکوو سێنتێزێکی کولتووری لە ئاست کۆچەریی دوور- مەودای ئاسۆگی تورکومانەکان و کۆچەریی کورت- مەودای ئەستوونی شێوەی مەڕدارێتی پێشووی کوردەکان خۆیان سەری هەڵێنا. ئێمە بەوە دەزانین کە هەتا زەمانی عوسمانیش کۆنفێدراسیۆنی عەشیرەتی کورد- تورک هەبوون ( کە کۆنفێدراسیۆنی بۆز ئوڵووس ئی هەرە گرینگ بوون لە ناو ئەواندا). [٤] ئەوەش نە مومکین نییە کە بەلانی کەمەوە ژمارەیەک لە میرنشینە کوردەکانیش لە بەیەکگەیشتن و ڕووبەڕووبوونی تورکومان – کورد پێک هاتبن و سەریان هەڵێنا بێ. هەر چۆنێک بێ،میر نشینە کوردەکان بە تێکەڵاو بوون لە گەڵ ئیمپراتۆری عوسمانی کەم تا زۆر سەباتیان پەیدا کرد و سەقامگیر بوون و ئەو ئیمپراتۆرییە بە ڕەسمی خۆسەری دانێ و پشتیوانی کرد لە دەستەڵاتی میرەکان بە توانایی هێزی دەوڵەت.
دەربار و دیوەخانی میر نشینە کوردەکان بە دەم تێکەڵاوی و تەعامولی خۆیان لە گەڵ دەوڵەتی عوسمانی، هەتا دەهات زیاتر و زیاتر وەک شێوەیەکی پچووکتر لە دەرباری عوسمانی دەچوون. هەر یەک لە میرنشینەکان کرا بوون بە یەکەیەکی ئیداریی جیاوازی عوسمانی و، زۆرتر یان گشت دەستەڵاتی ئیداری و بەڕێوەبەری بە دەست میرەکان بوو. هێندێک لە میرنشینەکان گوژمەپارەیەکی دیاریکراویان وەک باج دەدا بە ناوەند، هێندێکیان تەنانەت ئەو باجەشیان نە دەدا. تەنیا بەرعۆدەیی کە گشت میرنشینەکان لە ئاست دەوڵەتی ناوەندی عوسمانی هەیانبوو بە جێ هێنانی خزمەتی نیزامی بوو لە کاتی بوونی بەربەرەکانی نیزامی لە هەرێم دا. ئەوە سەیر نییە، کە ئێمە میرنشینە خۆسەرەکان لە ڕووی جوگرافیاییەوە لە ناوچەی هەرە پەراوێز دا دەبینین، کە تێیاندا کۆکردنەوەی داهات هەر چۆنێک بووبێ زۆر بە گران تەواو بووە. ئەو هەرێمانەی لە ڕووی بەرهەمی کشتوکاڵییەوە بە پیت و پێز بوون و لە نێزیک ناوەندە شارییەکان بوون لە لایەن ئەو حاکم یان کاربەدەستانی دیکەی کە ڕاستەوڕاست لە ناوەندەوە دیاری دەکران بەڕێوە دەبردران. ( بیتلیس تەنیا میرنشینی سەرەکی بوو کە هەڵکەوتێکی ستراتێژی زۆر گرینگی هەبوو ولەسەر ڕێگای سەرەکی بازرگانی هەڵکەوتبوو و کۆمەڵگەیەکی زۆر گەورەی سنعاتکار و تاجرانی هەبوو.)
عەشیرەتە کۆچەرە گەورەکان پلە و پایەیان هەر وەک عەشیرەتە پچووکترەکان وا بوو : تا ڕادەیەکی زۆر خۆسەر بوون و،ڕاپەڕاندنی گشت ئەرک و کاروباری کۆ کردنەوەی داهات بۆ سەرۆک عەشیرەت بە دەست ئەوان بوو، ئەویش بە نۆرەی خۆی گوژمەیەکی دیاریکراوی دەدا بە دەوڵەت یان هەر هیچی نەدەدا. [٦] نە میرنشینەکان و نە عەشیرەتە کۆچەرە گەورەکان موو بە موو بەو مانایە نە بوو کە دەوڵەتی عوسمانی سازی کرد بن؛ کاتێک یەکەم هەڵسەنگاندی ماڵیاتی کرا ئەوان هەبوون. لەگەڵ ئەوەشدا، ددان پێداهێنانیان و دەستەڵات پێدانیان لە لایەن ناوەندی عوسمانییەوە کار و باری کوردی پەراوێزی ڕادەپەڕاند و ئەوانی وەک یەکەی سیاسی سەقامگیر کرد.
لێرە دا دەبێ سەرنج بدرێ کە سیاسەتی سەفەوییەکان لە ئاست عەشیرەتان جیاواز بوو لە سیاسەتی عوسمانییەکان. لە کاتێکدا عوسمانییەکان ئەو قەوارە عەشیرەتیانەی کە پێیان وابوو ئامادەی هاوکارین بە هێز دەکرد و سەقامیان پێ دەدان، سەفەوییەکان حەولیان دا – لەو زۆر نمووناندا سەرکەوتووانە – یەکەی گەورەی عەشیرەتی نوێ پێکەوە نێن لە نێو دەستەپچووکتری پەڕاگەندە و بە هەبوونی ڕەچەڵەکی تێکەلاوەوە.لە مەڕ کوردان، وێنەی هەرە چاوڕاکێشی سازکردنی قەوارەیەکی ئاوای عەشیرەتی بە دەستی دەوڵەت، چەمیشکەزەکلوو یە، کە وەک دەگوترێ ٤٠٠٠٠ سەر خێزان بوون و خەڵکی ئانادۆلی و قەوقاس بوون.
شا عەبباس لە دەوروبەری ساڵی ١٦٠٠ی زایینی دا لە باکووری خۆراسان دایمەزراندن بۆ ئەوەی سنووری ئێران لە بەرامبەر هێرش و دەستدرێژی ئوزبەکان بپارێزن. ئەوان بە ڕێگای ئێلخانییەکەوە کە لە ناوەندەوە دیاری دەکرا بەیەکەوە ڕادەگیران، دواتر بە سێ ئێل ی گەورە دابەش کران، کە هەر کامیان لە ژێر ئەمر و نییەی ئێلخانییەک دا بوون، کە ئەگەرچی لەناوەندەوە دادەندرا،بەڵام یراتگریش بوو. [٧] هێندێک لە میرنشینەکان کەلکیان لە لاواز بوونی عوسمانی ناوەند لە سەدەی ١٨ و بەرایی سەدەی ١٩ وەرگرت و لەو خاک و کەوشەنەیان زیاد کرد کە لە ژێر کۆنتڕۆڵیان دا بوو ودەستیان بە سەر ئەو داهاتە داگرت کە پێشتر دەچووە نێو خەزێنەی دەوڵەت. لە گەڵ ئەوەشدا، چاکسازی نیزامی و ئەو حەولانەی بۆ بە ناوەندی کردن دران لەژێرحوکمی سوڵتان محەمەدی دوویەم ( ١٨٣٩ – ١٨٠٨ ) و عەبدولحەمید (١٨٦١ – ١٨٣٩ ) دا پەیامی کۆتایی هاتن بە دوایین میرنشینە خۆسەرەکانیان پێ بوو. جێی میرەکان بەو حاکمانە پڕ کراوە کە لە ناوەندەوە دادەندران، بەڵام ئەو حاکمانە ڕەوایەتی نەریتی یان نەبوو کە پێویست بوو بۆ ئەوەی نەجیوزادە و سەرۆک عەشیرەتەکانی دانیشتووی ناوچەکانی خۆیان کۆنتڕۆڵ بکەن و چاویان بە سەریانەوە بێ، بۆیە خۆیان ناچار بوون کە دەستی نەجیوزادە و سەرۆک عەشیرەتەکان ئاواڵە بکەن و خۆسەرییەکی زۆریان بدەنێ. جا ئەوە ئەو تاک عەشێرەت یان کۆنفێدراسیۆنی عەشیرەتان بوون کە پێشتر بەشێک بوون لە میرنشینەکان، بوون بە یەکەی زۆر گرینگی کۆمەڵایەتی و سیاسی. سەرۆک عەشیرەتەکان لە هەموو کوێیەک حەولیان دا دەستەڵات و نفووزی خۆیان لە سەر حیسابی یەکتری بەرفرەوان کەنەوە.میسیۆنێرەکان و گەشتوەری دیکە لە هەرێم لە نێوەڕاستی سەدەی١٩ هەمدا لە دوای قسەی خەڵکی خۆجێیی دەدەن کە لەوەتا هەڵوەشاندنی میرنشینەکان، هێمنایەتی بە شێوەی جیدی کەم بووەتەوە و شەر و کێشە ناوبوێریان نییە. تەبیعەتی دابڕ دابڕ بوونی رێکخستنی کۆمەڵایەتی کوردی لە ژێر حوکمی میرنشینەکان دا زۆر زیاتر لەوەی کە هەبوو بە دیارەوە بوو.
هەر جارەی کە هەڵمەتێکی نوێ بۆ چاکسازی ئیداری و ناوەندی کردن دەستی پێدەکرد، نوێنەرانی حکوومەتی ناوەندی زیاتر دەچوون دە قووڵایی هەرێمەکەوە. هەر وەچەیەکی نوێ لەو کاربەدەستانەی کە لە ناوەندەوە دادەندران دەبوو لە گەڵ دەور و بەری عەشیرەتی بێنە ڕەدایێ و ئەوەش دەگەیشتە شێوەیەک لە فەرمانڕەوایی ناڕاستەو خۆ تەنانەت لە ئاستی خوارەوەی ئیداریش دا. ئەو بوونەوەرە عەشیرەتیانەی کە لە هەر قۆناخێکی بەڕێوەچوونی ناوەندی کردنی ئیداری دا دەنگیان هەڵدەبڕێ، پچووکتر بوونەوە، کەمتر پێچەڵپێچ بوون و لە ڕووی جوگرافیایەوە زۆر خالیستر و یەکدەستتر بوون: میرنشینەکان جێی خۆیان دا بە کۆنفێدراسیۆنەکان، کۆنفێدراسیۆنەکان بە عەشیرەتە گەورەکان و ئەوانیش بە عەشیرەتی پچووکتر. [٨]

هاوپەیمانی دابڕ دابڕ و ئۆپۆزیسیۆن لە هەمبەر هاوپەیمانی لە گەڵ بێگانان

مۆدێلی بە نێوبانگی مەردمناسانەی هاوپەیمانی دابڕ دابڕ و ئۆپۆزیسیۆن زۆرچاک لە گەڵ ئەو نەخشەیەی ڕاستەقینەی کۆمەڵایەتی کە لە مێشکی زۆر لە عەشیرەتە کوردەکان دایە دەگونجێ. شەڕ و دوژمنکاری نموونەی هەرە بەدڵی زانیاریدەرەکانی من بوو بۆ ئەوەی وێنای بکەن کە عەشیرەتێک چییە و چۆن هەڵدەسووڕێ. ڕەنگە ئەوە بە ڕێکەوت نەبێ کە نموونەی شەڕ و دۆژمنکاری کەم تا زۆر بە پێی فەرمانڕەوای بەدڵ دەقەومین و زیاتر لە نێو عەشیرەتی بە ڕێژە پچووک و لە ڕوی جوگرافیاییەوە خالیس و یەکدەست و لەو کێشانە دا ئەندامانی ئاسایی عەشترەت دەکووژران نەک سەرۆک عەشیرەتەکان:

"خالیسترین" نموونەی شەڕ و دوژمنکاری عەشیرەتی کە ئەمن لە کاتی کاری
مەیدانی خۆم دێتم لە ئولودەرە ڕوویدا، شارێکی پچووک لە نیزیک سنووری
تورکییە – عێڕاق، کە لە ژمارەیەک گەڕەک پێک دێ کە لە هەر کامێکیان دا
بەرەبابی جیاوازی هەمان عەشیرەت دەژین. کێشەکە لەوەوە ساز بوو کە کچێک
ڕەدوو کەوتبوو و لە بەر ئەوە پیاوێک بە هەڵکەوت کووژرابوو و، ئەوە ببووە هۆی
بەردەوامی کێشەکە بۆ چەندین ساڵ، گشت ئەندامانی دوو بەرەبابی جێاواز
لە یەکدی وەخۆ کەوتبوون.

لە گەڵ ئەوەشدا، لە نموونەی کێشەی نێوان یان دەنێو بنەماڵەی دەستڕۆیشتووی هەڵکەوتوو دا، پڕێنسیپی دابڕ دابڕ تەنێ یەكیک لە پرێنسیپە رێکخەرەکانی پرێنسیپی نموونەی هاوپەیمانییە کە پیش دەکەوێ. سەرۆک عەشیرەتەکان، وەک ئیدێئۆلۆژی عەشیرەتی دەڵێ، لە بەر تێکەڵاوێک لە ڕەچەڵەک، کەسایەتی ( " پیاوەتی"، واتە دەست ئاواڵەیی و ئازایەتی) و تەوافوقی گشتی ئەندامانی عەشیرەت ئەو پلەیە وەدەست دەێنن و دەیپارێزن. لە گەڵ ئەوەشدا، بە کردەوە، پلە و هەڵکەوتی ئەوان بەستراوەتەوە بە مەهارەتی سیاسی و پشتیوانی لێکران لە لایەن هاوپەیمانی دەرەوەیی ڕا. یەکێک لە ئەرکە سەرەکییەکانی سەرۆک عەشیرەت ئەوەیە کە پردێک لە نێوان عەشیرەتەکە و دنیای دەرەوە ڕایەڵ کا، کە تێیدا عەشیرەتەکانی دیکە و دەوڵەت (یان دەوڵەتان) ئاکتۆری هەرە گرینگن. ناسین و ددان پێداهێنانی سەرۆک عەشیرەتێک لە لایەن دەوڵەتەوە -- کە لە نموونەی میرنشینان دا پێدانی عەبای شایانە و ڕێوڕەسمی دانی فەرمانی ئەتۆ بوو کە بەدستخەتی جوان میرەکایەتی میری دادەگرتەوە و، ئێستا لە ئاستی هەرە خوارەوە دا بریتی یە لە هاوکاری و هاودەستی لە گەڵ فەرماندەی ژاندەرمەری هەرێم --- باشترین پاڵپشتی لواوە بۆ هەڵکەوتی ئەو.
لە نموونەی کێشەی نێوکۆیی بنەماڵەیەکی هەڵکەوتوو یان عەشیرەتێک دا ، کە وەنەبێ زۆر باو نەبێ، بۆ وێنە کێشەی نێوان دوو ڕقەبەر بۆ بوون بە سەرۆکی هەرە گەورە، کێشەکە دەتەنێتەوە و زۆر لە دوو دەستەی کە خزمی هەرە نیزیکن تێی دەپەڕێنێ و لەوانەیە هەموو عەشیرەتەکە بگرێتەوە. ئەوە ئاسایی یە کە هەر کام لە ڕقەبەرەکان حەول بدەن بۆ وەدەستهێنانی پشتیوانی هێزی هەرە بەتوانای دەرەوەیی، واتە عەشیرەتەکانی دراوسێ و بە تایبەتی دەوڵەتێکی بەهێز لە هەرێم دا. لەو ڕوەوە کوردستان جیاوازە لە زۆر لە هەرێمە پەراوێزەکان لە بەر ئەوەی هەمیشە زیاتر لە دەوڵەتێک لە دراوسێیەتی دا بووە کە سەرۆک عەشیرەتێک بتوانێ لەگەڵ ببێتە هاوپەیمان .
ئێمە لە نیزیکەی ساڵی ١٦٠٠ دا دەبینن کە کۆنفێدراسیۆنی گەورەی موکری بە سەر دوو بەشی کە بە توندی دژی یەکتری بوون دابەش دەبێ، ئەوەش لە بەر ئەوەی دوو کاندیدای سەرۆکایەتی کە خزمی زۆر نیزیک بوون یەکیان لە گەڵ سەفەوییەکان و ئەویدیکەیان لەگەڵ عوسمانییەکان یەکی گرتبوو. لە نەبەردێکی تایبەتی دا بە شێک لە عەشیرەتەکە لە ریزی عوسمانییان و، بەشێکی دیکەیان لە بەرەی سەفەوییەکان دا بوون. ئێمە هیچ زانیاری ووردمان بە دەستەوە نییە کە عەشیرەتەکە چۆن دابەش ببوو، بەڵام لە بەر ئەوەی ڕقەبەرەکان خزمی نیزیک بوون، ئەوە بە زەحمەت دەتوانێ بە پێی نموونەی خالیسی دابڕ دابڕییەوە بووبێ. [٩] نیزیکی کوردستان لە زیاتر لە دەوڵەتێک هەلی ئەوەشی هەڵ خستووە بۆ سەرۆک عەشیرەتە کوردەکان کە دەوڵەتێک بە دژی دەوڵەتەکەی دی بە کار بهێنن، یان بە لانی کەمەوە لە بەرانبەر یەکیان ڕا داڵدە بۆ ئەوی دیکەیان بەرن. شەڕەفنامە باسی چەندین نموونەی بنەماڵە شازادەکانی تێدایە کە جێگۆڕکێ بە پشتیوانانی سەلتەنەتی خۆیان لە سوڵتانەوە بۆ شا و بە پێچەوانە دەکەن. نووسەری ئەو کارە، شەرەف خان،بۆ خۆی ماوەیەکی زۆر لە ژیانی لە خزمەتی سەفەوییەکان دا تێپەڕاند، بەر لەوەی بگەڕێتەوە بتلیس و لەلایەن عوسمانییەکانەوە ڕێزی لێ بگیرێ.
زۆر دواتر، ئەفسەرانی سیاسی بریتانیا لە باشووری کوردستان بە دوای شەڕی هەوڵێی جیهانی دا هەستیان پێکرد کە لە ناو زۆر لە عەشیرەتە گەورەترەکاندا، سەرۆکی ئاوا هەن کە " وەفادار" ن ( واتە هاوکاری دەکەن لە گەڵ دەستەڵاتدارانی بریتانیایی) و لایەنگری قانوون و نەزمن،بەڵام هەر وەها یەک یان زیاتر سەرۆک عەشیرەتی رقەبەری ئاواش هەن، کە بە ئاسایی خزمی نیزیکن، کە ڕادەپەڕین و " سەرهەڵدان " یان دەکرد. [١٠] " "سەرهەڵدان"ی سەرۆک عەشیرەتێک زۆر جار لە بەر تەقینەوەی کێشەیەکی نێوکۆیی بنەماڵەکەی یان عەشیرەتەکەی دەورووژا ( یان لە بەر کێشە لە گەڵ عەشیرەتێکی دراوسێ) تا ئەوەی کە لە بەر ناڕەزایەتی بێ لەو حکوومەتەی کە ئەو دەمی لە سەر کار بووە.
لە بەرایی ساڵانی ١٩٦٠ کانەوە، ناسیۆنالیستە کوردەکان خەباتێکی چەکدارانەیان بە دژی حکوومەتی ناوەندی وەڕێخستووە، کە تێیدا هەر دووک لا عەشیرەتە کوردەکانیان بە دژی لایەکەی دی وەگەڕ خستووە لە نموونەیەکی ئاڵۆزی هاوپەیمانی و ئۆپۆزیسیۆن دا. لە ناو چەندین عەشیرەتی گەورە دا، هێندێک لە ئەندامانی هەڵکەوتوویان چالاکانە لە بزووتنەوەی کوردی دا بەشدار بوون ( کە ئەو بزووتنەوەیە ئاکتورێکی دەوڵەت –ئامال بوو) لە کاتێکدا هێندێکی دیکەیان هاوکاریان دەکرد لە گەڵ حکوومەت و تەنانەت هێندێک بەش لە عەشیرەتەکەیان وەک چەکداری لایەنگری دەوڵەت هەلس و کەوتیان دەکرد. هەر هەمان دیاردە دەکرێ لە تورکییەش لە ساڵانی ١٩٨٠ کان و ١٩٩٠ کاندا ببیندرێ، ئەو دەمەی کە پ.ک.ک. خەباتێکی توند و تیژی چەکدارانەی بە دژی حکوومەتی ناوەندی و " هاوکار" ە کوردەکانی دەکرد. زۆر لە بنەماڵە هەڵکەوتووەکان چەند ئەندامێکیان لە خزمەت حکوومەت دا بوون و ئەوانیدیکەیان لە ڕیزی پ.ک.ک. دا چالاک بوون. [١١]
نموونەی هەرە چاوڕاکێش عەشیرەتی بوجاک ە، کە بنەماڵە سەرەکی و هەڵکەوتووەکەی زۆر لە مێژە بە سەر دوو بەشی لایەنگری حکوومەت و بەشدار لە بزووتنەوەی ناسیۆنالیستی کورد دا دابەش بووە. فایق بوجاک لە ساڵی ١٩٦٥یەکێک لە دامەزرێنەرانی پارتیی دێمۆکڕاتی کوردستانی تورکییە بوو. ئەو لە هەلومەرجێکی لێڵ و نادیار دا تێڕۆر کرا، ڕەنگە لە کێشەیەکی عەشیرەتی دا؛ منداڵەکانی لەو دەمییەوە بوون بە کەسایەتی هەڵکەوتوو لە بزووتنەوەی کورد دا، یەکێک لەوان، سەرهات، خۆی زۆر بە نیزیک لە پ.ک.ک. دەزانێ. لکێکی دیکە لەو بنەماڵەیە ، بە سەرۆکایەتی مەهمەت جەلاڵ بوجاک و جێنشینەکەی سەدات ئەدیپ بوجاک، لە نیزیکەوە هاوکاری کردووە لە گەڵ دەوڵەت. پ.ک.ک. لە یەکەم هێرشی ڕەمزی خۆیدا بۆ سەر " هاوکار" ێکی کوردی حکوومەت لە ساڵی ١٩٧٩ مەهمەت جەلال بوجاک ی کردە ئامانج ، و ئەوە بوو بە کێشەیەکی درێژەوە بوو لە نێوان ئەو لکەی بوجاکەکان و پ.ک.ک. دا. سەدات ئەدیپ بوجاک سەرۆکایەتی هێزێکی گەورەی چەکداری " گاردی گوندەکان" ی کردووە و، ئەو هێزە لە چوار چێوەی شەڕی دەوڵەت بە دژی پ.ک.پ. دامەزراوە، بەڵام بوجاک ئەو میلیشیایەی بە دەرەجەی یەکەم بۆ زاڵ بوون و داسەپاندنی خۆی بە سەر عەشیرەتە دراوسێکاندا بەکار هێناوە. لە ماوەی بیست ساڵی ڕابردوو دا، ئەندامانی عەشیرەتی بوجاک لە کاتی شەڕ لە هەر دوو بەرە دا کووژراون. [١٢]
لە گەڵ ئەوەشدا، بەش بوونی بە ڕواڵەتی عەشیرەتەکان یان بنەماڵە سەرەکییەکانیان بە دوو باڵی لایەنگر و و دژی حکوومەت وەنەبێ هەمیشە کاردانەوەی کێشەیەکی جیدی بێ بۆ دابەشکردنی بنەماڵەکە. لە هێندێک نموونە دا وێدەچێ ئەوە لە ئاکامی بڕیارێک بێ بە زانایی بۆ ئەوەی مرۆ گشت هێلکەکانی لە سەبەتەیەک نەنێ،ستراتێژییەکی لەمێژینەی بنەماڵە نوخبەکان لە هەموو کوێیەک.

چەکدارە عەشیرەتییەکان

کارلێکەری دەوڵەت لە سەر کۆمەڵی عەشیرەتی بەتایبەتی لەو سەردەمانەیدا کە چەکداری عەشیرەتی ڕێکخستووە زۆر باو بووە. نموونەی یەکەمی دەستە عەشیرەتییە چەکدارەکان ئەوانەی بوون سوڵتان عەبدولحەمیدی دوویەم لە ساڵی ١٨٩١ لە هەنگی حەمیدییە دا رێکی خستن، گویا لە سەر بنەمای قەوارەی قازاخە ڕووسەکان. هەم عوسمانییەکان و هەم سەفەوییەکان پیشتر بە شێوەیەکی بەربڵاو تەبەعە عەشیرەتییەکانی خۆیان بە مەبەستی نیزامی بەکار هێنابوو، ئەوانیان بەرەو جێی دوور دەجووڵاند بە مەبەستی پاراستنی ئەو جێیانەی تازە داگیریان کرد بوون یان بۆ ئەو شوێنانەی ئیمپراتۆرییەکانیان کە هەڕەشەیان لە سەر بوو، بۆ ئەوەی بیانپارێزن. بەڵام هێزی حەمیدیە شتێکی جیاواز بوو ، هەم لە ڕووی ڕێکخستنەوە و هەم بە پێی ئەو ئەرکەی ڕای دەپەڕاند. عەشیرەتی کوردی سوننی ( هەر وەها تاقە عەشیرەتێکی قەرەپەپاغ و چەند عەشیرەتێکی عەڕەب) کران بە هەنگی سوارە لە ژێر فەرماندەیی سەرۆک عەشیرەتەکان خۆێاندا. هەر هەنگەی بریتی بوو لە ٥٠٠ تا ١١٥٠ پیاو؛ هێندێک لە عەشیرەتە گەورەکان زیاتر لە هەنگێکیان پێک هێنا بوو ( بۆ وێنە، ملی، چوار هەنگیان ئامادە کرد). تا کۆتاییەکان ١٩٠٠ ، بە سەر یەکەوە ٥٥ هەنگی حەمیدیە هەبوو. [١٣] هەنگەکانی حەمیدیە لە دەرەوەی ستروکتووری فەرماندەیی ئەڕتەشی ئاسایی دا بوون، بەڵام گشت فەرماندەرانی هەنگەکان خرا بوونە ژێر دەستەڵانی فەرماندەی لەشکری ٤ی ئەڕتەش لە ئەرزینجان،زەکی پاشا. ئەرکی ڕواڵەتی حەمیدییە ئەو بوو کە سنوور لە بەرانبەر هێرش و دەستدرێژی هێزی بێگانە ( بۆ وێنە، ڕووسییە) بپارێزێ و چاوەدێری بکا بە سەر حەشیمەتی هەرمەنی نیشتەجێی ئەیالەتە ڕۆژهەڵاتییەکانی ئیمپراتۆری.
لە ڕوانگەی سوڵتانەوە ئەوان سیستمێکی هاوتەریب بوون بۆ کۆنتڕۆڵی ڕۆژهەڵات و،بە تەواوی جوێ بوون لە بوروکڕاسی ئاسایی و لە ئەڕتەش، کە ئەو بە تەواوی باوەڕی پێ نەدەکرد. حەمیدیە تا ڕادەیەکی زۆر خاوەنی پەرژینی قانوونی بوو – نە ئیدارەی مەدەنی و نە تەنانەت هێڕارشی ئەڕتەشی ئاساییش هیچ جۆرە دەستەڵاتێکیان بە سەر ئەواند نەبوو و، هیچ مەحکەمەیەکیش سەڵاحییەتی ئەوەی نەدرابوویە بەو تاوانکاریانە ڕابگا کە ئەندامانی حەمیدییە کردبایان – و لە ڕاستیدا هەنگەکان ببوون بە سەرۆک نشینی سەربەخۆ.فەرماندەکانیان نەک هەر دەیان توانی کۆنتڕۆڵی خۆیان بە سەر عەشیرەتەکانی خۆیاندا پتەو بکەن، بەڵکوو پەرەیان بە هێزی خۆشیان دەدا لە سەر حیسابی عەشیرەتە دراوسێیەکانیان کە لە هەنگەکانی حەمیدییە دا ڕێک نەخرا بوون. دامەزراندنی حەمیدییە بووە هۆی ساز بوونی عەشیرەتی نوێ و هێندێک لە عەشیرەتانەشی کە هەبوون لە ڕووی ئابووری و سیاسییەوە بەهێزتر کرد لە سەر حیسابی دراوسێیەکانیان و لە باری قەوارەی نێوکۆییەوە سیلسیلە مەڕاتبێکی زیاتری تێدا پێک هێنان. هەر وەها تۆوی کێشەی عەشیرەتیشی داچاند و بە دەیان ساڵ دواتر سەری هەڵدا. [١٤]
ڕێژیمی تورکی گەنج کە لە ساڵی ١٩٠٩ سوڵتان عەبدولحەمیدی لە سەر تەخت لا دا، هەنگە حەمیدییەکانیشی هەڵوەشاند، بەڵام چەند ساڵ دواتر لە ژێر ناوێکی دیکە دیسان رێک خرانەوە. هەنگە کوردە عەشیرەتییەکان لە شەڕی جیهانی دا بەشداریان کرد و بزر بوون، هەر وەک ئیمپراتۆری عوسمانی خۆی، کە دوای شەڕ، لە بەر یەک چوو. بریتانیاییەکان لە عێڕاق بۆ ماوەیەکی کورت هەبوونی هێزێکی پۆلیسی عەشیرەتییان تاقی کردەوە بەڵام زۆر زوو دەستیان لێ هەڵگرت کاتێک بۆیان دەرکەوت دەبەر کار نانی هێزی ئاوا شەڕ و کێشەی عەشیرەتی زیاتر دەکا تا ئەوەی بۆن و بەرامەیەکی خۆش بدا بە داگیرکاری بریتانیاییەکان لە لای کۆمەڵی کورد بەگشتی.
شێوەیەکی نوێ لە هێزی چەکداری عەشیرەتی ڕێک خرا، بۆ شەڕی پێشمەرگەی ناسیۆنالیستی کورد، بە مێتودی تایبەتی خۆیانەوە و، ئەوە یەکەم جار لە عێڕاق لە ساڵانی ١٩٦٠ کاندا سەری هەڵدا. تەنانەت بەر لەوەی کە یەکەم تێکهەڵچوونی چەکدارانە لە نێوان ناسیۆنالیستە کوردەکان و سەربازانی ئەڕتەشی عێڕاق لە ساڵی ١٩٦١ دا بقەومێ، پێوەندی نێوان بارزانییەکان و عەشیرەتە دراوسێیەکانیان، بە تایبەتی ڕقەبەرە نەریتییەکانیان، زێباری ، برادۆست و لۆلان، بە خێرایی تێک چوو بوو و شەڕی ناوە ناوە لە نێوانیاندا ڕووی دابوو. [١٥] گەڕانەوەی ٨٥٠ جەنگاوەری بارزانی لە تاراوگەی سۆڤییەت [ ژمارەی بارزانییەکان ، ئەوکەسانەی
کە لەگەڵ مەلا مستەفا چون بوون بۆ سۆڤییەت ٥١٨ بووە،بۆیە ئەم هەژمارەی نووسەر ناکرێ دروست بێ، تێبینی وەرگێڕ] پارسەنگی هێزی ناوچەیی گۆڕیبوو و ئەو عەشیرەتانە ئەوەیان بە هەڕەشەیەکی جیدی دەزانی بۆ سەر خۆیان . بارزانییەکان لەو باوەڕە دابوون کە حکوومەتی ناوەندی عەشیرەتەکانی دی بە دژی ئەوان هان دەدا بۆ ئەوەی دووبەرەکی لە نێو کوردان دا ساز بکا. ئەوە ڕەنگە وا بوو بێ، چونکە هەر کە مەلامستەفای بارزانی و پدک بە ئاشکرایی کەوتنە شەڕ لە گەڵ حکوومەتی ناوەندی، حکوومەت چالاکانە پشتیوانی کرد لەو عەشیرەتانەی دۆژمنی بارزانییەکان بوون و ئەوانی وەک دەسکیسی خۆی لە شەڕی پارتیزانی دا بەکار هێنا.
لە سەرەتاوە هەم بارزانییەکان و هەم کوردە نەتەوییەکانی [دوژمنەکانی] شەڕێکی " نەریتی" عەشیرەتییان لە دژی یەکتری دەکرد، هیچ لایەکیان جۆرەیەک لە ڕێکخستنی ڕەسمی نیزامی یان نەبوو، لە ساڵی ١٩٦٣ بە دواوە، حکوومەت حەولی دا جۆڕەیەک لە نەزم بە سەر هێزە عەشیرەتییەکان دا بسەپێنێ، ئەوانی لە ستروکتووری فەرماندەیی ئەڕتەش دا یەکانگیر کرد وەک فەوجی سوارەی نا مونەزەم ( ئەل فورسان). ژمارەی ئەو عەشیرەتانەی لە رێزی فورسان دا ڕێک خران بەرە بەرە و لە ماوەی ساڵان دا زیادی کرد. [١٦] عەشیرەتەکان بە خۆشییەوە ئەو چەک و پارانەی حکوومەت دەیدانێ وەریان دەگرت، بەڵام بەشداریان لە کێشەکە دا بەردەوام بوو بەوەی زیاتر ببەسترێتەوە بە دینامیکی پێوەندی خۆیان لەگەڵ بارزانییەکان ( و لە گەڵ ئەو کوردانەی دیکەی کە لە گەڵ بارزانییەکان ڕێک کەوتبوون) تا بە بڕیارەکانی حکوومەتی ناوەندی لە مەر سیاسەت. ئەو عەشیرەتانەی لە گەڵ فورسان کەوتن (کە نازناوی جاشیان پێدرا بوو لە لایەن ناسیۆنالیستەکانەوە)وەنەبێ هەمیشە دوژمنی بزووتنەوەی ناسیۆنالیستی و عەشیرەتە هاوپەیمانەکانی بووبن؛ لە ڕاستیدا، ناسیۆنالیستەکان ئیدیعایان دەکرد هێندێک لە چەک و قۆرخانەی خۆیان بە نهێنی لە عەشیرەتە " جاش" ە کان وەرگرتووە. هەر وەها باسی ئەوەش کراوە کە هێندێک لە عەشیرەتان زیاتر لە جارێک ئاڕاستەی وەفادارێتی خۆیان گۆڕیبێ ، بە پێی ئەوەی کە لایەنگری لە حکوومەت یان لە بزووتنەوی کورد بە قازانجیان بووبێ.
شەڕی کورد دەرفەتی ئەوەی ڕەخساند حکوومەت یارمەتییەکی زۆر بدا بە عەشیرەتەکان ( یان ڕاستتر، سەرۆک عەشیرەتەکان) و تواناییەکی تازەی دا بەو عەشیرەتانە لە شێوەی ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی و سیاسی دا. هیچ شیکردنەوەیەکی ڕوون بە دەستەوە نییە کە داخودا وەخۆ کردنی عەشیرەتێکی تایبەتی لە فورسان دا چ شوێنێکی لە سەر کردووە، بەڵام تەئسیری گشتی بریتی بوو لە سەر هێز وەبەرنان و پتەو کردنی ئەو عەشیرەتانە و پلەی سەرۆکایەتی ئەو سەرۆک عەشیرەتانەی کە حکوومەت سەر و کاری لە گەڵیان هەبوو. حکوومەت بە کۆمەڵ بەو فەوجە چەکدارانەوە دەچارا؛ گشت چەک و چۆڵ،پارە و فەرمان بە ڕێگای سەرۆک
عەشیرەتەکانەوە دەدرا. ئەوەش دەبووە هۆی بەهێزتر کردنی کۆنتڕۆڵی سەرۆک عەشیرەتەکان بەسەر عەشیرەتەکان دا، لایەنی سیلسلە مەڕاتب و لە ناوەند تەرە بوونی رێکخستنی عەشیرەتییان بە هێزتر دەکرد تا لایەنەکانی یەکسانێتی و دابڕ دابڕ بوون.
لە سەرەتاوە،فەوجی فورسان لەو عەشیرەتانەی کە هەبوون پێک هات، بەڵام دواتر یەکەی دیکەی ئاواش ڕێک خران کە بە تەواوی عەشیرەت نەبوون ( بەو مانایە کە قەوارەیەکی کۆمەڵایەتی – سیاسی بن و خاوەن ئیدێئۆلۆژییەک بن لە مەڕ ڕەچەڵەکی هاوبەش) و لە لایەن کەسایەتی دەستڕۆیشتووەوە فەرماندەیی دەکران تا ئەوەی کە سەرۆک عەشیرەتەکان بە سەریان ڕا بگەن. لە کۆتاییەکانی ساڵانی ١٩٧٠ و بەراییەکانی ١٩٨٠ دا، پێڕۆیانی وەرزێری رێبەرێکی دینی تایبەتی، شیخێکی تەریقەتی سۆفی قادرییە ش، فەوجێکی فورسانیان پێکەوە نا، کە کەم تا زۆر وەک عەشیرەتێک دەجووڵاوە ئەگەرچی ئەوان بە هیچ جۆر دەستەیەکی هاوپشت و هاو ڕەچەڵەک نەبوون.
لە ماوەی شەڕی نێوان ئێران – عێڕاق دا (٨٨ – ١٩٨٠) دا، ژمارەیەکی بەرچاو لە دانیشتووانی کورد لە دەستەی چەکداری سەر بە حکوومەت دا ڕێک خران، ئەوە لە بری ئەنجام دانی خزمەتی ئیجباری سەربازی وە حیساب دەهات بۆیە هەلی ئەوەی پێک دەهێنا لاوان خۆیان لە بەرەی شەڕ بدزنەوە. فەرماندەی ئەو فەوجانە ( کە نێویان نا بوون موستەشار " ڕاوێژکار") چەک و مووچەیان بۆ هەموو پیاوەکانیان وەردەگرت و تەنانەت ژمارەی ئەوانیشیان زیاتر لەوەی کە هەبوون نیشان دەدا بۆ وەرگرتنی چەک و پارەی زیاتر و، تا ڕادەیەک لە هەڵس و کەوتیان دا دەستیان ئاواڵە بوو. لە هەلو مەرجێکی ئاوا دا ، عەشیرەتەکان، یان زۆر ووردتر سەرۆک عەشیرەتەکان زۆر بەهێز بوون و لە مێژ بوو هێزێکی ئەوتۆیان بە خۆیانەوە نەدیبوو.
جێی سەرنجە، لە زۆر شوێنان، ئەوە موستەشارەکان بوون کە بە دوای عەمەلییاتی " لافاوی سەحرا"دا کە بووە هۆی دەرپەڕاندنی سەربازانی عێڕاقی لە کووەیت، دەستیان کرد بە ڕاپەڕینی گەورەی کورد لە مانگی مارسی ١٩٩١ دا.پارتییە ناسیونالیستییە کوردییەکان، لە ترسی تۆڵەی حکوومەت لە خەڵکی مەدەنی،لە ماوەی داگیر کردنی کووەیت لە لایەن عێڕاقەوە خۆیان زۆر دەرنەخست و واوێدەچێ هیچ چاوەڕوانی ئەو ڕاپەڕینە نەبووبن.
تەنانەت دوای ئەوەی ئەو پارتییانە توانییان ڕێبەرایەتی وەدەست بهێننەوە خۆیان ناچار دیت بۆ دابەش کردنی دەستەڵات لە گەڵ موستەشارەکانی پێشوو و لە تەواوی ساڵانی ١٩٩٠ کاندا ئەوە وا ماوەتەوە. دوو پارتی سەرەکی کە بە بەردەوامی ڕقەبەرییان لە گەڵ یەکتری کردووە چ چارەیەکی دیکەیان نەبوو جگە لە هاوپەیمانی ساز کردن لە گەڵ ئەوەندە موستەشارەی کە بکرابا. ئەوە بووە هۆی ئەوەی کە کۆنە مۆستەشارەکان بەشێکی گەورە لە سەرچاوە ئابوورییەکانی هەرێمیان خستە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیان و بەردەوامن لە سەر فەرمانڕەوایی خۆیان وەک خودای شەڕ لە ناوچەکانیان دا. چاوەدێڕێکی بێگانە لە نێوەڕاست ساڵانی ١٩٩٠ کاندا پارتییە سەرەکییە کوردییەکانی وەک " کۆنفێدراسیۆنە عەشیرەتییەکان" نێوزەد کرد، کە ڕەنگە ئەوە پێوەنانێک بێ بەڵام بەلانی کەمەوە ئەو ڕاستییە دا دەگرێتەوە کە عەشیرەتە گەورەکان لە کوردستانی عێڕاق دا چ دەورێکی هەڵکەوتوو دەگێڕن. [١٧] ئەو عەەشیرەتانەی ئەو خودای شەڕانە فەرماندەییان دەکەن وا وێدەچێ یەکسانێتییان کەمتر بووەتەوە و پتەوی کارئەسپارەدیی بەیەکتری بەستوونەتەوە تا خزمایەتی.
لە تورکییە ، دەستەڵاتداران بۆ ووڵامدانەوەی هێرشی گریلایی کە پ.پ.ک. لە ساڵی ١٩٨٤ دەستی پێکرد، دەستەی چەکداری وەک ئەوەی عێراقیان، بە ناوی " گاردی گوندان" ( کوێی کۆروجولاری) دامەزراند. یەکەم دەستەی ئەو "گاردی گوندان" ەی کە دەبەرکار نران ئی ناوچەکانی باکووری سنووری عێڕاق – تورکییە بوون، ئەو هەرێمەی کە پ.ک.ک. یەکەم عەمەلییاتە نیزامییەکانی خۆی لەوێ ئەنجام دا بوو. یەک لەو عەشیرەتانە عەشیرەتی نیوە کۆچەری ژیرکان بوو ، کە سەرۆک عەشیرەتەکەیان تاهیر ئادیامان بە ساڵان قاچاغ بوو دوای ئەوەی ژمارەیەک عەسکەری کوشتبوو و بەو شەرتە لێی خۆشبوون کە لە ناوچەی عەشیرەتی خۆی دا پێش بە هاموشۆ و تێپەڕینی پ.ک.ک. بگرێ. چەندین یەکەی یەکەمی کوروجو ەکان عەشیرەتی قاچاغچی زۆر بە نێوبانگ بوون، کە لە هەموو کەسی دی باشترین دەزانێ کە چۆن و لە کوێ دەکرێ مرۆ لە سنوور بپەڕێتەوە؛ ئەوان بۆیان هەبوو درێژە بدەن بە کاری قاچاغچێتی خۆیان لە جیات ئەو خزمەتە نیزامییەی کە بە دەوڵەتیان دەکرد. [١٨]
سیستمی "گاردی گوندان" کەم کەم پەرەی پێدرا. لە هەر کوێیەکی چالاکی پ.ک.ک. هەبووبێ، گوند نشینان هان دەدران، جار جار بە زۆرملێش چەک وەربگرن و ببنە کوروجو. ژمارەیان بەردەوام لە زیاد بوون دا بووە.تا کۆتاییەکانی ساڵانی ١٩٩٠ کان، بە ڕەسمی نیزیکەی ٧٠٠٠٠ – ٦٥٠٠٠ گاردی گوندان هەبوون. لە ڕاستیدا هێندێک لە سەرۆک عەشیرەتەکان هێزی چەکداری تایبەتی لە مەڕ خۆیان پێکەوە نا و ئەوەش ژمارەی کورجوەکان زۆر لەوە زیاتر دەکا کە هەژماری ڕەسمی باسی لێوە دەکەن. [١٩]
لە سەرەتاوە، هەر ئەوەندە لە " گاردی گوندان" چاوەڕوان دەکرا کە نەهێڵن جەنگاوەرانی گریلای پ.ک.ک. بێنە ناو ناوچەکانی ئەوان یان پێیاندا تێپەڕن. ئەوان چەک و مووچەی مانگانەیان دەدرێتێ و پاداشتێک بۆ هەر "تێڕۆریست" ەی کە دەکووژرێ. لە ساڵانی دواتر دا ئەوان هەر وەها چاوەڕوانی ئەوەیان لێکرا لە عەمەلییات و بەربەرەکانییە نیزامییەکاندا بە دژی پ.ک.ک. بەشداری بکەن. یەکەی کوروجوەکان لە لایەن سەرۆک عەشیرەتەکانی خۆیانەوە فەرماندەیی دەکرێن ( کە چەک و پارە بۆ پیاوەکانیان وەردەگرن و، ئەوەش هەڵکەوت و دەستەڵاتی ئەوان زۆر بەهێز دەکا) و بە شل و شەوێقی لە ستروکتووری فەرماندەیی هێزی ژاندەرمەری دا یەکانگیر کراون، ئەو بەشە لە هێزی نیزامی کە ئاگاداری دەکا لە دەرەوەی شاران. دەستەڵاتدارانی مەدەنی هیچ دەستەڵاتێکیان بە سەر کوروجوەکان دا نییە و ، ئەوان نەخراونە بەر فەرماندەیی ژاندەرمەری لە ناوچە بەڵکوو لە ژێر فەرمانی ئەفسەرانی ئاست بەرزتر دان. هەرئاوا کە چاوەڕوان دەکرێ، ئەوە تەرخانیان دەکا بۆ بەکار هێنانی توندوتێژی بۆ خزمەت بە ویستی خۆیان، بۆ سەرکوتکردن، تاڵان کردن، وەسەرپەڕین و تەنانەت کوشتنی دراوسێکانیشیان. لە ووڵامی ئەو هەڕەشەیە دا، ئەو دراوسێیانە ناچار بوون لە دەوری یەک کۆببنەوە هاوپێوەندی عەشیرەتی نێوان خۆیان دابگرنەوە. یەکێک لە ئاکامە چاوڕاکێشەکانی دامەزراندنی "گاردی گوندان" مرۆ دەتوانێ بڵێ کە بە عەشیرەت کردنەوەی بەشێکی گەورەیە لە کوردستانی تورکییە.

پێگەیەکی دیکەی عەشیرەت: پڕۆسەی هەڵبژاردن

بە عەشیرەت کردنەوەی کۆمەڵی کورد لە تورکییە هەر تەنێ لە بەر سیستمی " گاردی گوندان" نییە؛ ئەو پڕۆسەیە زۆر بەر لەوەی ئەو سیستمە بێتە گۆڕێ دەستی پێکرد. دوای ئەوەی بە دوای شەڕی دوویەمی جیهانی دا تورکییە بوو بە دێمۆکڕاسییەکی فرەحیزبی بە هەڵبژاردنی ئازادەوە ڕیکخستن و قەوارەی عەشیرەتی ئەرکێکی دیکەی پەیدا کرد. لە بەر ئەوەی تورکییە سیستمی ناوچەیی هەڵبژارد ، کە تێیدا هەر ئەیالەتەی ژمارەیەک نوێنەر بۆ پارڵمان هەڵدەبژێرێ، ئەوە بووە پێویستییەک ئەو پارتییە سیاسییانەی کە ڕقەبەری یەکتری دەکەن دەبوو نوێنەرایەتییەکی بەهێزیان لە نێو کۆمەڵانی خەڵک دا هەبێ. هەر پارتییەی بە دووی کاندیدای بەهێز و کڕێکاری بەربەرەکانی هەڵبژاردنی ئاوا دا دەگەڕا کە بتوانن خەڵک وەگەرخەن و دەنگی زۆر وەدەست بهێنن. لە ئەیالەتە کورد نشینەکان --- بە تایبەتی لە حەکاری، کە ئەیالەتی هەرە "عەشیرەتی" یە --- کاندیداکانی پارتییە گەورەکان زۆر جار یان سەرۆک عەشیرەتەکان خۆیان بوون یان کەسی ئاوا بوون کە لە لایەن سەرۆک عەشیرەتەکانەوە وەک نوێنەری خۆیان دەستنیشان کرابوون.
سەر بە پارتییەکی سیاسی بوون لە بەر چەند هۆیان یەکجار زۆر بە قازانجی سەرۆک عەشیرەتەکان بووە. کاتێک پارتییەکەیان دەستەڵاتی بە دەست بووە . دەرەتانی ئەوەی بووە بە ڕێگای جۆر بەجۆر دا تۆڵەی وەفاداری لایەنگرانی بکاتەوە و پاداشتیان بداتەوە، زۆر بە ئاشکرایی بە شێوەی سەرمایە وەگەرخستنی ژێر بینایی و پێدانی کۆنتڕاتی دەوڵەتی. نوێنەرانی هەڵبژێردراو، تەنانەت ئی سەر بە پارتییە ئۆپۆزیسیۆنەکانیش ، باشترین لایەنگرانی بەرژەوەندییە ناوچەیەکانن. لە ڕاستییدا، بەشێکی زۆر لە کاتی نوێنەران تەرخان دەکرێ بۆ دیداری خەڵکی ئەو ناوچانەی لێیان هەڵبژێردراون کە داوای خزمەتی جۆر بە جۆر و داوخوازی جۆر بە جۆر دەکەن. جا بۆیە پارتییە سیاسییەکانیان بۆیان دەرکەوت کە زۆر لە سەرۆک عەشیرەتەکان زۆریان پێ خۆشە لە گەڵیان کەون، بێ ئەوەی گوێ بدەنە ئەوەی بەرنامەی سیاسییان چییە.
ئەو سەرۆک عەشیرەتانەی کە کێشەیان لە گەڵ یەکدی هەبوو یان ڕقەبەرایەتییان لە نێوان دا بوو، ئاشکرایە، کە هەر کامەیان لە گەڵ پارتییەکی جیاواز دەکەوتن. جا بۆیە ڕقەبەرایەتی لە نێوان پارتییە سیاسییەکاندا لە گەڵ کێشە و ڕقەبەرایەتی عەشیرەتی تێک دەهاڵا. هەڵبژاردنەکان دەبوون بە دەرفەتی دابەشکردنەوەی سەرچاوە گرینگەکان ( بە شێوەی پشتیوانی حکوومەتی) لە ئاستی ئەیالەتی و ناوچەیی دا. هیچ عەشیرەتێک بە سەری خۆی ئەوەندە گەورە نەبوو لە ووزەی دابێ نوێنەر بنێرێتە پارڵمان؛ لە بەر ئەوە ناچاربوو لە گەڵ عەشیرەتەکانی دی و/ یان دەستەی بەرژەوەندی دیکە ئیتیلاف بکا. لە بەر ئەوە پڕۆسەی هەڵبژاردن لایەنی گرینگی دا بە شێوەی هەڵسوووڕان و دان و ستاندنی عەشێرەتەکان.
ئەوە لە حەکاری زیاتر لە هەموو شوێنی دیکە دەبیندرا، ئەیالەتی هەرە پچووک و جێیەکی کە عەشیرەتەکان لە هەموو شوێنیکی دیکە زیاتر بە سەری دا زاڵن. بۆ ماوەی درێژ تەنێ دوو پارتی سەرەکی لە سەر تاقە کورسی نوێنەرایەتی حەکاری ڕقەبەرایەتییان دەکرد. دوو عەشیرەتی سەرەکی ئەوێ هەر کامەی لە گەڵ یەکێک لەو پارتییانە کەوتبوون و، عەشیرەتەکانی دی، بە پێی کێشە یان هاوپەیمانی خۆیان لە گەڵ ئەو دوو عەشیرەتانە ڕێبازی خۆیان دیاری دەکرد. جا بۆیە نموونەیەکی سەفحەی شەترەنج سەری هەڵینا، کە بە تێپەڕینی زەمان تەنێ ئاڵوگۆڕێکی کەم تێیدا ڕووی داوە ئەویش لە بەر کێشەی نوێ و، ئەوەش دەستەیەکی عەشیرەتی ناچار کرد لەو لایەی ئیتیلافی لە گەڵ کرد بوو خۆی بکشێنێتەوە و لە گەڵ لایەنی بەرانبەر بکەوێ. لە بەر ئەوەی حەکاری بۆ ماوەی درێژ لە پارڵمان دا تاقە کورسییەکی هەبوو، ڕقەبەرایەتی لە هەڵبژاردن دا زۆر گەرم بوو جا بۆیە لە سەر و بەندی بەر لە هەڵبژاردنی نوێ دا هەمیشە گرژی نێوان عەشیرەتە رقەبەرەکان لە هەڵکشان و زیاد بوون دا بوو. هاوپێوەندی عەشیرەتی بە هێزتر دەکرا ( یان ، ئەگەر بە کراوەیی بیڵێین، کۆنتڕۆلێکی تەواو بەڕێوە دەچوو بۆ ئەوەی گشت ئەندامانی عەشیرەت ئەو هاوپێوەندییە لە سەر سندووقی دەنگان دەرببڕن) و سنووری نێوان عەشیرەتان زۆر کاڵتر دەبووەوە.
[ لە خولی ٢٤ی پارلمانی تورکییە دا ئەیالەتی حەکاری ٣ نوێنەری هەیە، کە لە هەڵبژاردنی مانگی ژووەنی سالی ٢٠١١ دا وەک کاندیدای سەربەخۆ هەڵبژێردران و هەموویان سەر بە بەدەپەن، لەوانە بەڕێز سەلاحەدینی دەمیر تاش، هاوسەرۆکی پارتی دێمۆکڕاسی و ئاشتی. تێبینی وەرگێڕی کوردی] .
ئاکاری دەنگدانی ئەیالەتەکانی کوردنشین بۆ ماوەی درێژ تا ڕادەیەکی زۆر هیچ پێوەندی بە بەرنامەی ئاشکرای سیاسی پارتییەکانەوە نەبوو. دەکرا سەرۆک عەشیرەتێک پشتیوانی خۆی لە پارتییەکەوە بگوێزێتەوە بۆ یەکی دی و، دیارە هاوپەیمانان و پێرۆیانیشی لە گەڵی دەکەوتن و ڕقەبەرەکەشیان وا لێدەکرد پارتییان بگۆڕێ. سەرۆک عەشیرتە کوردەکان بە چوونە ناو سیستمی سیاسی تورکییەوە ، دەستیان وە سەرچاوەی زیاتر ڕاگەیشت و توانییان هەڵکەوتی خۆیان پتەو بکەن یان پلەو پایەی خۆیان دەناو دەوروبەری عەشیرەتی خۆیاندا بەهێزتر بکەن. سیاسەتەکانی لە مەر هەڵبژاردن کۆمەڵی عەشیرەتی بووژاندەوە و بەهێزتری کرد و سەلماندی تەواو لە گەڵ سیاسەتی مۆدێڕنی ڕواڵەتی دەگونجێ.


قاچاغچێتی و عەشیرەتێتی



لەت لەت کردنی ئیمپراتۆری عوسمانی لە دوای شەڕی هەوڵی جیهانی ئاکامی پەیدا بوونی چەند سنووری نوێ بوو کە بە نێو کوردستان دا کێشران. نرخی زۆر لە کەلو پەلی پێویست و لووکس هەمیشە لە نێوان هەرێمەکاندا جیاواز بووە؛ سەرهەڵێنانی چەند دەوڵەتی تازە، بە سیاسەتی جیاوازەوە بووە هۆی جیاوازییەکی زۆر زیاتر لە نێو نرخان دا لەم بەر ئەو بەری سنووران. زۆر لەو شتانەی کە لە ڕابردوو دا بە تەجاڕەتی ئاسایی قانوونی دا دەنران بوون بە ماڵی قاچا‌غ – وئەگەر تاقە تەئسیرێکیشی بوو بێ ، ئەویش زۆر بە قازانجتر بوونی بوو. زۆر لە کوردان داهاتی زۆر هاسان و باشیان بە ڕێگای قاچاغی چا، قەند یان مەڕ لەمبەر ئەو بەری سنووری نێو نەتەوەیی وەدەست دەهێنا.
هەر کە ئاگاداری لە سنووران کەمتر بووباوە، گشت پیاوانی کە شارەزای هەرێمەکە بوون دەبوونە خاوەنی دەرفەتی وەکوو یەک و، قاچاغچێتی لە ڕاستییدا یارمەتی کرد بە هەموار کردنی ئابووری یان بە لانی کەمەوە ڕێگای خۆش کرد بۆ وەگەرکەوتنی کۆمەڵایەتی ئەستوونی. ئەگەر چاوەدێری کاریگەر لە سەر سنووران هەبایە، قاچاغچێتی پیشەیەک بوو کە پێداویستی بە لێزانی تایبەتی بوو، کە ئاکامی ئەوەش کۆبوونەوەی ئەو سەرچاوەیە لە دەستی کەمتر دا بوو. ئەو پسپۆڕانەی کە دەیانزانی چلۆن لەو زەوییانە بپەڕنەرە کە مینیان تێدا چاندرابوو بە بێ ئەوەی مینێک بتەقێتەوە دۆزینەوە و پەیدا کردنیان زۆر پێویست بوو ( بە درێژایی سنووری سوورییە – تورکییە) و، شوانان کە لە هەموو کەس چاکتر چیا بەرزەکانی هەرێمە سنوورییەکانیان دەناسی بەشێکی گەورە لە تەجاڕەتی ناقانوونی ئەم بەر ئەو بەری سنوورانیان خستە دەستی خۆیان. لەگەڵ ئەوەشدا، دیارە قازانج کردنی
هەرە زۆر بەسترابووە بە دابەشکردنی داهات لە گەڵ پاسگای پۆلیسی سەر سنوور و ئەفسەرانی ژاندارمەری ناوچەیی.دیارە تەنێ کەسانێکی تایبەتی لە هەڵکەوتێکی ئاوا دا بوون کە تەنانەت بتوانن حەول بدەن بۆ پێک هاتنی ئاوا، بەر لەوەی دەستبەجێ بناسڕێنەوە. هێندێک لە سەرۆک عەشیرەتەکان لە باشترین هەڵکەوت دا بوون بۆ ئەوەی شان بدەنە بەر ئەرکێکی ئەوتۆ.
مووچەخۆرانی حکوومەتی، بە تایبەتی ئەفسەر و کارمەندانی هێزی نیزامی و هێمنی کە لە کوردستان دەبەر کار دەنران زۆر زوو بۆیان دەردەکەوت ئەوان بە بێ هاوکاری هێندێک کەس کە شێوەیەک لە دەستەڵاتی نەریتی یان هەبێ ناتوانن کارەکەیان بەڕێوە بەرن. ئەگەر ویستبایان لە هەڵس و کەوتیان لە گەڵ خەڵکی ناوچە دا خۆ لەو جۆرە دەستەڵاتانە ببوێرن، بە ئاسایی نەیاندەتوانی لەو دیوارانەی بێدەنگی کە کۆمەڵی ناوچەی لە چاوی ئەوان دەشاردەوە تێپەڕن. ئەوان زۆر زوو هەستیان پێ دەکرد دەتوانن دەستکەوتێکی زۆر زیاتریان بێ ئەگەر وەک ڕێنوێن و دەستکیس پشت بە یەک یان زیاتر لە سەرۆک عەشیرەتە ناوچەییەکان ببەستن . بە بێ ئەوەی خۆی لێ ببوێردرێ بەو شێوەیە دەکێشرانە نێو گەمەی دەستەڵات لە کۆمەڵی عەشیرەتی دا بە گشت کێشە و ڕقەبەرایەتییەکانییەوە. سەرۆک عەشیرەتێکی "جێی باوەڕ" لەوانە بوو یارمەتییان بدا بۆ گرتنی قاچاغچییەک یان ڕێگرێک ( کە لە زۆر نموونان دا بە هەڵکەوت رقەبەرێک بوو) و کارێکی دیکەی خۆی ڕاپەڕێنێ و، بەو شێوەیە پەرە بە بەرژەوەندییەکانی خۆی بدا و سەدەمە بگەیێنێ بو بەرژەوندی دوژمنەکانی.
پێوەندیی قازانجی دوو لایەنە لە نێوان کاربەدەستانی دەوڵەت و دەستەڵاتدارانی " نەریتی" پێشوەچوو، کە زۆربەیان سەرۆک عەشیرەت بوون. لە زۆر ڕووی گرینگەوە کاربەدەستان بوونە هاوبەشی سیاسەتی عەشیرەتی ، زۆریان بە چالاکی تێیەوە گلان. لە ژێر هەلومەرجی ئاوا دا، زۆر لە کاربەدەستان گەندەڵ کارییان دەکرد و هاوکاری قازانجی دوولایەنە زۆر جار بە هاسانی دەگەیشتە پێشێل کردنی قانوون و ڕەچاو نەکردنی. ئەو سەرۆک عەشیرەتانەی کە هەودای کاسبی پڕ لە قازانجیان لە گەڵ کاربەدەستانی پێوەندیدار ڕایەڵ کرد بوو هەتا دەهات زیاتر بەشێکی گەورە لە کاری قاچاغچێتی یان کرد بووە قۆرغی خۆیان.بەوشێوەیە سەرچاوەی گرینگی ئابووریان خستە بن کۆنتڕۆڵی خۆیانەوە، هەڵوێستی خۆیان دەنێو عەشیرەتەکانی خۆیاندا بەهێزتر کرد و ڕێگایان بۆ خۆش بوو بۆ بە ناوەند کردنی کۆنتڕۆڵی خۆیان بە سەر عەشیرەتەکانیان دا.
لە دەورو بەری ساڵانی ١٩٦٠ کانەوە، بازرگانی قاچاغ بە خێرایی پێش کەوت. ئەو شت و کەلوپەلەی لە ڕووی نەریتی یەوە قاچاغ دەکران- ئاژەڵ، چا، خواردنەوەی ئەڵکۆڵی، کەلوپەلی ئێلێکتڕۆنی جێی خۆیان دا بە قاچاغی مادەی موخەدیر و پەنابەرانی سیاسی و، مەترسیشیان زۆر زیاتر لەو قازانجەی کە وەدەست دەهات زیاتر کرد.
شەڕی گریلایی کە پ.ک.ک. دەستی پێکرد و دەبەر کارنانی "گاردی گوندان" بە دەستی دەوڵەت ئالۆزییەکانی زیاتر کرد و ئەوە گەیشتە سەرهەڵدانی شێوەیەکی نوێی شەبکە لە نێو ئەو عەشیرەتانەی دا کە هەبوون.ئەرک وهەڵسووڕانی ئەو جۆرە شەبەکانە،بە ئاسایی لە چاوان بزرن، لە گەڵ ئەوەشدا،جار و بار، هێندێک لە چالاکییە کانیان دەکەونە بەر تیشکی ڕووناکی. نموونەی هەرە تەماشایی و چاوڕاکێشی ئەو جۆرە تۆڕانە، کە کارەکانی تا ڕادەیەک ئاشکرا کرا بە " چەتەی یوکسەکۆڤا " نێوی دەرکرد و ئەو نێوە لە نێوی شارێک وەرگیراوە لە سەر سنووری تورکییە – ئێران. عەشیڕەتێکی کوروجو، ئەفسەرانی ژاندارمەری و جەنگاوەرێکی بەزیوی پێشووی پ.ک.ک. بە یەکەوە خەرێکی هەڵسووڕانێکی بەقازانج بوون کە بریتی بوو لە پێکهاتەیەک لە چالاکی دژی پارتیزانی، بازرگانی هێرۆئین و بە زۆر پارە سەندن لە پەیمانکاری ڕقەبەر لە هەرێم دا (وایان تێگەیاند بوون کە
ئەوە پ.ک.ک. یە پارەیان لێ دەستێنێ، بۆ ئەوەی دواتر بتوانن تاوانباریان کەن بە پشتیوانی لە پ.ک.ک)[٢٠]

دەرئەنجام

عەشیرەتە کوردەکان بە شێوەیەکی جێی سەرسووڕمان جۆراوجۆرییەکی ئەوەندە لە ڕووی ئەندازە و شێوەی ڕێکخستنی نێوخۆیی خۆیان نیشان دەدەن کە دەکرێ هەڵخەڵەتێنەر بێ ئەگەر بە هەمان زاراوە ئاماژە بە گشتیان بکرێ.ئەوان لە ئیدێئۆلۆژی ڕەچەڵکی هاوبەش ، ژنوو شوویی خزمان (ئامۆزا و پوورزا و خاڵۆزا) و هاوپەیمانی دابڕ دابڕ و ئۆپۆزیسیۆن دا هاوبەشن. ئەو پرێنسیپانە لە ڕاستیدا لە ئاستی بن دەستە – عەشیرەتییە پچووکترەکاندا هەڵدەسووڕێ، بەڵام ئەو هاوپەیمانییە سیاسی و پێوەندی دەستەڵانەی کە ئەو بن –عەشیرەتانە لە قەوارەی گەورەتر دا یەکانگیر دەکەن ئەو پرێنسیپانە بەرپەرچ دەدەنەوە. لە نێو عەشیرەتە گەورەترەکاندا، ئێمە زۆر جا بەرە بابە سەرەکییەکە دەبینین کە لەگەڵ بەرەبابە ئاساییەکان لە ڕووی خزمایەتییەوە تەواو دوورن و، دەستەڵاتی ئەوان زۆر جار بە ڕێگای مورافیقی چەکدار یان/ ددانپێداهێنانی داو و دەزگای دەوڵەت بەهێز دەکرێ و، دواجار دەکرێ بە سەربەستراوی مانای لە دوو دانی توند و تیزیش بێ.
ئەندازە و پێچەڵپێچی پێکهاتەی عەشیرەتەکان، هەر وەها پێوەندیی دەستەڵات دە نێویان دا، وێدەچێ لە ووڵامی دوو گۆڕەری گرینگ دا ئاڵوگۆڕیان بە سەر بێ. یەکەمیان بریتییە لە شێوە و دەرەجەی فەرمانڕەوایی ناڕاستەوخۆی کە دەوڵەت یان دەوڵەتانی پێوەندیدار دەیدەن بە عەشیرەتەکان ( کە ئەوەش لە خۆیدا ئاکامی پڕۆسەیەکی بەردەوامی وتووێژە لە نێوان کۆمەڵ و دەوڵەت دا)؛ گۆڕەرەکەی دیکە بریتییە لە پێگەی سەرچاوەی ئابووری و هاویردۆری بەردەست. لەوەڕگای چیایی، زەوی کشتوكاڵ و دانیشتوانی ڕەعییەتی وەرزێر، قەت تەنیا پێگەی سەرچاوەی بەردەست نەبوون؛ ڕیگای کاروانان، سەرچاویەکی دیکەی پێک دەهێنا ( چەندین عەشیرەت، لەوانە ئی هەرە بەنێوبانگیان هەمەوەند، پسپۆڕی پاڕاستن یان ڕووتکردنی کاروانان بوون) و هەر وەها خزمەتی نیزامی بە دەوڵەت کردن. دامەزرانی دەوڵەتانی مۆدێڕن و ناوەند چەق، نەبووە هۆی هەڵوەشاندنی عەشیرەتان، لە بەر ئەوەی ئەوان سەرچاوەی نوێی ئاوایان دەخستە بەردەست کە عەشیرەتەکان دەیان توانی بە کاریان بهێنن و کەلکیان لێ وەربگرن. سنوورە تازەکان قاچاغجێتی یان کرد بە سەرچاوەیەکی گرینگی داهات و، عەشیرەتەکان وا وەبەرچاو دەهات قەوارەی لەبار بن بۆ کەلک لێوەرگرتنیان – لە بەر هاوپێوەندیی نێوخۆیی خۆیان و دەستەڵاتی بەهێزی سەرۆک عەشیرەت بە سەر پێرۆیەکانی دا. سیاسەتی هەڵبژاردن بوو بە میکانیزمێکی گرینگ بۆ دابەشکردنەوە لە ئاستی نەتەوایەتی [ سەرانسەری] دا و، لە بەر هۆی ئاشکرا
سەرۆک عەشیرەتەکان بوون بە هاودەنگی جێی سەرنجی پارتییە سیاسییەکان. پشتیوانی سیاسی ڕاهێزاند و هەڵکەوت و شان و شەوکەتی سەرۆک عەشیرەتەکانی لە نێو عەشیرەتەکانیان دا پتەوتر کرد. ڕێژیمە مۆدێڕن خواز و ناوەند چەقەکان ( زۆر بە شێلگیریی ڕێژیمی کەماڵیستی تورکییە و ڕێژیمی پەهلەوی ئێران) حەولیان دا بۆ لە عەشیرەت پاک کردنەوەی کۆمەڵی کوردی بە ڕێگای دوورکردنەوەی سەرۆک عەشیرەتان لە عەشیرەتەکان و جار جار دوورخستنەوە و جێگۆڕکێ کردن بە گشت ئەندامانی عەشیرەتێک. وا وێدەچێ کە سەرکەوتنی ئەو جۆرە هەنگاوانە تەنێ بۆ ماوەیەکی کاتی بووبێ. هەم عێڕاق و هەم تورکییە کاتێک
توشی سەرهەڵدانی چەکدارانەی ناسیۆنالیستی هاتن دەستەی چەکداری کوردیان ڕێک خست و هێزێکی زۆریان وەبەر نان و، بەو شێوەیە هێندێک لە عەشیرەتەکانیان بووژاندەوە و زەمینەی کێشەی نێوخۆیی عەشیرەتیان زیندوو کردنەوە.
چ لە زەمانی ئاشتی و چ لە زەمانی شەڕ دا، عەشیرەتە کوردەکان خەسڵەتێکی گەورەی ئاوایان لە خۆیانەوە نیشان داوە کە بکرێ شکڵیان پێبدرێ و، ئەوە ڕەنگە ڕاست بێ بگوترێ کە عەشیرەتەکان دەوری زۆر بەرزتری کۆمەڵایەتی و سیاسیین لە کوردستانی ١٩٩٠ کاندا گێڕاوە، لەو دەورەی کە نیو سەدە لەمەو پێش بوویانە.

پەراوێزەکان

[١] سەرچاوە سەرەکییەکان لە مەڕ عەشیرەتە کوردەکان بریتین لە شەڕەفنامە ( مێژوویەکی میرنشینە کوردییەکان کە لە کۆتایی سەدەی شازدەهەم دا گردەوەکۆیی کراوە)، تورکییە لە ساڵی ١٩٧٩ (گردەوەکۆیی زانیاری سەبارەت بە عەشیرەتەکان لە بەڵگەنامەکانی عوسمانی دا)، هورشید پاشا [١٨٦٠] ١٩٩٧( بە قەڵەمی ئەندامێکی عوسمانی ئەو کۆمیسیۆنەی کە لە نێوان ساڵانی ٥٢- ١٨٤٨ دا سنووری نێوان ئێران- عوسمانی دیاری کرد)، ژابا ١٩٦٠، سایکس ١٩٠٨، مایێڤسکی ١٩١٤/١٣٣٠ ، نۆئێل ١٩١٩، گوێکئاڵپ ١٩٩٢ ( ئەوە لە بەراییەکانی ١٩٢٠ دا نووسراوە)، عەززاوی ٥٦- ١٩٣٧، ڕەزمئارا ١٣٢٠، هوێترووت ١٩٥٩ و، نووسەری نە ناسراوی ئاشیرەتلەر ڕاپۆرو [ ڕاپۆرتی عەشیرەتەکان] ( ئەوە لیستەیەکی هەرە تەواوی عەشیرەتە کوردەکانە لە تورکییە، کە لە لایەن یەكێک لە دەزگا هەواڵگرییەکانی تورکییەوە ئامادە کراوە، ڕەنگە لە ساڵانی ١٩٧٠ کاندا).

[٢] بۆ نموونەی ئاڵوگۆڕی ئەوتٶ لە ماوەیەکی بە ڕێژە کورت دا بڕوانە بڕاونێسن ساڵی ١٩٨٣ ( لە مەڕ عەشیرەتی شکاک).

[٣] بڕاونە بڕاونێسن ١٩٩٢، بەندی ٢ : " عەشیرەتەکان، سەرۆک عەشیرەتەکان و دەستە ناعەشیرەتییەکان" بۆ هەڵسەنگاندنێکی زۆر بە ووردە ڕیشاڵتر لە مەڕ شێوەکانی قەوارەی عەشیرەتی لە کوردستان.

[٤] بڕاونە دەمیرتاش ١٩٤٩، گویندوێز ١٩٩٧.

[٥] بڕوانە تێبینییەکان سەبارەت بە میرنشینەکانی بیتلیس، بابان و جزیرێ لە کتێبەکەی بڕاونێسن دا، ساڵی ١٩٩٢،لل.٨٠-١٦١

[٦] ئەوە زۆر بە ئاشکرایی لە بەڵگەنامەکانی عوسمانی لە مەر سەدەی شانزدەیەم وەرگیراوە لە مەڕ هەرێمی توورعابدین و گویونچ و هوێترووت شییان کردووەتەوە ١٩٩٧.

[٧] بڕاونێسن ٢٢٠-٢١٥: ١٩٧٨ ؛ تەوەحودی ١٩٨١/١٣٥٩

[٨] ئەو پڕۆسەیە بە ووردە ڕیشاڵێکی زۆرترەوە لە بڕاونێسن ساڵی ١٩٩٢ دا نیشان دراوە ( بڕاونە کورتەی باسەکە لە لل. ٥ – ١٩٢ دا ).

[٩] ماڵکۆڵم ٢- ٥١٤: ١٨١٥. لە سەر ڕووداوێکی دواتر بەڵام هەر وەک ئەو لەمەڕ عەشیرەتی موکری، بڕوانە: ئەسکەندەر بەگی مونشی ١٩٧٨، لل . ٩ – ١٠١

[١٠] نموونەی زۆر وزەوەند لە نووسینەکەی ئێدمۆندس دا ساڵی ١٩٥٧. نموونەی هەرە چاوڕاکێش ڕەنگە لەمەڕ عەشیرەتی پژدەر بێ. لل. ٢٢٠ – ٢١٧ و ٢٥٩ – ٢٢٨

[١١] ئەو بابەتە لە ڕاپۆرتێکی جێی سەرنج دا کە لە لایەن هۆدەی بازرگانی و پیشەسازی تورکییەوە لە ساڵی ١٩٩٥ ئامادە کراوە هێمای پێکراوە. ١٢٦٧ ووڵامدەرەوە لە ڕۆژهەڵاتی تورکییە، کە زۆربەیان کەسانی ماقووڵ و دەسترۆیشتووی ناوچەیی بوون کە زۆر بە باشی لە ژیانی سیاسی و ئابووری تورکییە دا یەکانگیر ببوون، پرسیاریان لێکرا بوو داخودا ئەوان هیچ خزم یان ناسیاوێکیان دەنێو پ.ک.ک. دا هەیە؟ دوو لە سێی ووڵامدەرەوەکان ووڵامی ئەو پرسیارەیان نەدابووەوە. بەڵام پازدە لە سەد ( یان چلوپێنج لە سەد لەوانەی کە ووڵامی پرسیارەکەیان دا بووەوە) گوتبوویان کە خزمێکیان لە ڕیزی پ.ک.ک. دا هەیە. (ت.ۆ.ب.ب. ١٩: ١٩٩٥)

[١٢] سەبارەت بە عەشیرەتی بوجاک بڕوانە شاهین ١٩٩٥. سەدات ئەدیپ بوجاک نێوبانگی خراپەی بە هەبوونی دەوری سەرەکی لە کەتنی سوسورلووک دا زڕا، کە بریتی بوو لە هاوکاری پڕ لە قازانجی ماڵی بەڵام ناقانوونی لە نێوان هێزەکانی دژی پارتیزانی، چالاکانی ڕاست ئاژۆ و تاوانکاریی ڕێکخراو.

[١٣] کۆدامان ٦٦- ٢١ : ١٩٨٧؛ دوگید ١٩٧٣

[١٤] فرات [١٩٧٠] باسی ئەوە دەکا کە چۆن عەشیرەتەکەی خۆی، هۆرمەک ی عەلەوی لە ساڵی ١٩٢٥ لە بەر بێزاری و ناڕەزایەتی لە عەشیرەتی جبرانی سوننی، پشتی لە سەرهەڵدانی شێخ سەعید کرد. جبران دەورێکی سەرەکی هەبوو لە سەرهەڵدانی شێخ سەعید دا و لە ڕابردوو دا وەک سوارەی حەمیدییە هۆرمەکی سەرکوت کرد بوو.

[١٥] بۆ کڕۆنۆلۆژی ڕووداوەکان و دەوری عەشیرەتەکان بڕوانە، کێنان ٨١- ٥٩: ١٩٦٤، دان ٩- ١٩٨، ٤٧ – ٣٣٢ : ١٩٦٩ . جەواد ٨٥- ٦٥، ٤- ٥٠: ١٩٨١ . مەکداوڵ ١٣- ٣٠٢ : ١٩٩٦

[١٦] جگە لە زێباری ، برادۆست و لۆلان، عەشیرە بەهێزەکانی هەرکی و سوورچی ش، کە پێشتر لە گەڵ بارزانییەکان کێشەیان هەبوو، لە نێو یەکەم دەستەکانی دا بوون کە وەک فورسان دەبەر کار نران. عەشیرەتەکانی دیکەی کە لەگەڵ فورسان کەوتن دەوری زۆر بەرچاویان لە شەڕەکان دا نەبوو.

[١٧] ویمر ساڵی ١٩٩٧. بۆ زانینی دەوری ئابووری و سیاسی موستەشارەکانی پێشوو و خودایانی شەڕی ئێستای کوردستانی عێڕاق ، بڕوانە لیزنبێرگ ساڵی ١٩٩٧.

[١٨] سەبارەت بە عەشیرەتە کورجو وەکان و پێوەندییان لە گەڵ کاربەدەستان و لە گەڵ عەشیرەتە کوردەکانی دیکە بڕوانە، داغڵی ١٩٨٩، ئایتار ١٩٩٢، ویسنێر ٣٠٢ – ٢٩٨ : ١٩٩٧

[١٩] نموونەی هەرە بەدناو لە مەڕ سەدات ئەدیپ بوجاک ( بڕوانە پەراوێزی ١٢ لە سەرەوە) ە، ئەو ئەڕتەشێکی تایبەتی هەیە کە لە نیزیکەی ١٠٠٠٠ کەس پێک دێ، کە لەوانە تەنێ ٣٥٠ تا ٤٠٠ کەسیان بە ڕەسمی ناویان وەک " گاردی گوندان" ئاستە کراوە. ( ڕەقمی ١٠٠٠٠ چەکدار زۆر جار لە چاپەمەنی تورک دا باسی لێوە کراوە، بۆ نموونە لە چاوپێکەوتنێک دا لە گەڵ بوجاک لە ڕۆژنامەی حەوتووانەی ئاکتوێل، ژمارەی ١٣٦، ١٦- ١٠ی فێڤرییەی ١٩٩٤ دا، لل. ٢٤- ١٨) لە ڕاپۆرتێک دا کە لە ساڵی ١٩٩٧لە لایەن پشکنێری گشتی کوتلو ساواش ڕا بۆ سەرۆکوەزیر مەسووت ییڵماز ئامادە کراوە هاتووە بوجاک ئەو هێزە بۆ دامەزراندنی هێژێمۆنی خۆی بە سەر ناوچەی سیڤەرەک دا بە کار دەهێنێ لە سەر حیسابی عەشیرەتەکانی دی، بە تایبەتی دوژمنە کۆنیینەکانی کرڤار و کاراکەچیلی. بڕوانە:
Internationaler Verein fur Meuschenrechte der Kurden, 1998




[٢٠] ئاشکرا بوونی پچڕ پچڕ سەبارەت بەو جەماعەتە چەتەیەی یوکسەکۆڤا لە ماوەی ١٩٩٧ لە چاپەمەنی دا دەرکەوت. بۆ تێڕوانینی یەکەم ، بڕوانە بەربەرئۆغلوو ١٧١- ١٤٣: ١٩٩٨

تێبینی وەرگێڕ: مامۆستا مارتین ڤان بڕاونێسن ئەو بابەتەی لە کۆنفڕانسێک دا بەناوی " عەشیرەتان و دەستەڵاتان لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست " کە لە لایەن بێربێک کالیج و فۆروومی کولتووری عێڕاق لە ٢٤-٢٣ی ژانڤییەی ١٩٩٩، لە سواس، زانکۆی لەندەن پێک هات ، پێشکێش کردووە.وەرگێڕانی فەڕانسەیی ئەو لێکۆڵینەوەیە لە ساڵی ٢٠٠٠ بڵاو کراوەتەوە:

“Les Kurdes, États et tribus”, Études kurdes, revue biannuelle de recherches, no. 1 (2000), 9-31.

No comments: