Wednesday, March 28, 2012

وتووێژی سه‌بری ئاکگونول له‌ گه‌ڵ جه‌عفه‌ری شیخولئیسلامی پرۆفێسۆری یاریده‌ده‌ر و ڕاوێژکاری خوێندکارانی خولی لیسانس له‌ زانکۆی کارلتون، ئۆتاوا، کانادا





وتووێژی سه‌بری ئاکگونوڵ له‌ گه‌ڵ جه‌عفه‌ری شیخولئیسلامی پرۆفێسۆری یاریده‌ده‌ر و ڕاوێژکاری خوێندکارانی خولی لیسانس له‌ زانکۆی کارلتون، ئۆتاوا، کانادا له‌ کۆنفڕانسی زمانی کوردی له‌ ئامه‌د (دیاربه‌کر) بۆ ڕۆژنامه‌ی ئینگلیسی زمانی "کوردیش گلۆب" که‌ له‌ هه‌ولێر بڵاو ده‌بێته‌وه‌.
ئه‌م چاوپێکه‌وتنه له‌ ڕۆژی دووشه‌مۆ، 26ی مارسی 2012 له‌و ڕۆژنامه‌یه‌‌ دا بڵاو کراوه‌ته‌وه‌
وه‌رگێڕان له‌ ئینگلیسییه‌وه‌: حه‌سه‌نی قازی
گلۆب: بۆچوونت سه‌باره‌ت به‌ ئەو کۆنفرانسە، بە تایبەتی ناوەکەی " کۆنفڕانسی زمانی نه‌ته‌وه‌یی کورد" چییه‌؟ ئه‌من به‌ڕاستی پێم خۆشه‌ دیتنی ئێوه‌ سه‌باره‌ت به‌ ناسێنه‌ و زمانی نه‌ته‌وه‌یی بزانم؟ پێوه‌ندی ئه‌وانه‌ به‌یه‌که‌وه‌ چییه‌؟
جه‌عفه‌ری شێخولئیسلامی: ئه‌مه‌ کۆنفرانسێکی زۆر باشه‌. به‌ر له‌هه‌موو شت زۆر به‌ چاکی ڕێک خراوه‌. به‌ شه‌خسه‌ من ئه‌و ده‌رفه‌ته‌م بۆ هه‌ڵکه‌وت ئامه‌د ببینم. لێره‌ له‌ کۆنفڕانس زۆر چاک به‌دەو‌ری به‌شداران دا دێن. بابه‌تگه‌لی زۆر پێشکێش کران و ئه‌من به‌ شه‌خسه‌ زۆر شت سه‌باره‌ت به‌ زۆر لایه‌نی زمانی کوردی فێر بووم که‌ پێشتر نه‌مده‌زانین . نووسراوه‌ی ئاواش هه‌بوون که‌ ئینسانی نائومێد ده‌کرد، چونکه‌ که‌سه‌که‌ هێندێک شتی ڕاکێشابوو و حه‌ولی دابوو مانای پێ ببخه‌شێ، به‌ ڵام هه‌مووشیان ئه‌وه‌یان به‌ سه‌رکه‌توویی پێ جێبه‌جێ نه‌کرابوو. شتی ئاوا له‌ زۆر کۆنفڕانسان دا ده‌بیندرێ، ته‌نانه‌ت له‌ ڕۆژئاواش ئێمه‌ خه‌ڵک ده‌بینین که‌ کاری وا ده‌که‌ن. به‌ڵام کێشه‌یه‌کی وا نییه‌. ‌من بۆخۆم بچمه‌ هه‌ر کۆنفڕانسێک به‌ مه‌به‌ستێکی ڕوونه‌وه‌ ده‌چم. ئه‌ویش ئه‌وه‌ نییە کە کۆنفڕانسه‌که‌ چ بڕیارێک بدا و لە سەر چی ساغ بێتەوە. بۆ من ئامانجی کۆنفراسێکی ئەوتۆ ئەوەیە کە بیرو ڕا ئاڵوگۆڕ بکرێن و به‌کار بهێندرێن بۆ ئه‌وه‌ی من و تۆ له‌گه‌ڵ یه‌کتری بدوێین و یه‌کتری بناسین. له‌وانه‌یه‌ بتوانین کارتی ویزیت له‌ گه‌ڵ یه‌کتری بگۆڕینه‌وه‌ یان هێندێک سه‌رچاوه‌ بە یەکتر بناسێنین کە بە سوود بن بۆ لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی ‌ له‌وانه‌یه‌ هه‌ردووکمان له‌ سه‌ر هه‌مان بابه‌ت بیکه‌ین... بۆ نموونه‌،له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی به‌ کوردیی سۆرانی بابه‌ته‌که‌م پێشکێش کرد زۆر کوردی سۆرانی ئاخێوی خه‌ڵکی باشووری کوردستان پرسیارم لێده‌که‌ن: ئه‌وه‌ چۆنه‌‌ تاکوو ئێستا ئه‌وان منیان نه‌ناسیوه‌. به‌ڕاستیش ئه‌وه‌ ئه‌و خاڵه‌یه‌ که‌ مانا به‌ کۆنفڕانس به‌ستن ده‌دا.
با بگه‌ڕێمه‌وه‌ سه‌ر به‌شی دووهه‌می پرسیاره‌که‌ت. ئه‌و مه‌سه‌له‌ی زمان و ناسێنه‌ی نه‌ته‌وه‌یی یان نه‌ته‌وه، ‌ چ پێمان خۆش بێ و چ پێمان ناخۆش بێ، زۆر گرینگه‌. ئه‌وه‌ له‌ ژیانی هه‌موو نه‌ته‌وه‌یه‌ک دا هه‌بووه‌؛ هێشتاش بۆ نمونه‌، له‌ ژیانی نه‌ته‌وه‌یه‌کی وه‌ک ئه‌ڵمان دا دوای مێژووییه‌کی درێژ له‌ دامه‌زرانی هه‌ر ماوه‌.‌ هه‌ر له‌ ساڵی ١٩٩٦-١٩٩٧ دا‌بوو ئه‌وان چاکسازییه‌کی نوێیان له‌ ڕێنووس دا کرد! زمان هه‌میشه‌ به‌شێکی سه‌ره‌کییه‌ له‌ ژیانی نه‌ته‌وه‌یه‌ک. بۆ کوردان ‌من له‌وه‌ دڵنیا نیم که‌ ده‌بێ پێی بگوترێ زمانێکی نه‌ته‌وه‌یی یان نا. جا ئێمه‌ هه‌رچۆنێکی نێوزه‌د بکه‌ین، پێم وا نییه‌ ئه‌وه‌ زۆر گرینگ بێ؛ هۆی ئه‌وه‌ی ‌من وا ده‌ڵێم ئه‌وه‌یه‌ کوردستان هێشتا ده‌وڵه‌ت- نه‌ته‌وه‌ نییه‌. له‌ ڕاستییدا هه‌تا مرۆ ده‌وڵه‌ت- نه‌ته‌وه‌یه‌کی نه‌بێ، به‌ ڕاستی زه‌حمه‌ته‌ ڕێککه‌وتنێکی گشتی بکرێ له‌و ڕووه‌وه‌؛ به‌ ڕاستی به‌ته‌واوی دژواره‌. به‌ڵام ‌ [قسە کردن لە سەر ستاندارد کردنی زمان] قه‌ت زوو نییه‌. ئه‌من له‌و باوه‌ڕه‌ دام کە قسه‌ کردن له‌ سه‌ر ئه‌وشتانه‌ باشه‌، چونکه‌ مه‌ترسی ئه‌وه‌یه‌ ئه‌گه‌ر شتێکی وا نه‌بێ و، باشووری کوردستان ێ سه‌ربه‌خۆیی ڕابگه‌یێنێ، ئەو کاتە رەنگە باسکردن لە بابەتی وەکوو رەسمی کردنی زمان ئاڵۆزییه‌کی زۆر و دژبه‌رییه‌کی زۆریش بێنێتە‌ گۆڕێ؛ ئه‌وه‌ له‌وانه‌یه‌ باش نه‌بێ، جا بۆیه‌ ئه‌وه‌ باشه‌ له‌ ئێستاوه‌ له‌ سه‌ر دوان و قسه‌ له‌ سه‌ر کردنی ئه‌و جۆره‌ بابه‌ته‌ هه‌بێ.
گلۆب:هه‌ر وه‌ک ده‌زانی دروشمی کۆنفڕانس ئه‌وه‌یه‌ که‌ زمانی کوردی زمانی شارستانییه‌تی دێمۆكڕاتیکه‌. ئه‌و دروشمه‌ی کۆنفڕانس کاردانه‌وه‌یه‌که‌ له‌ ووڵامی ده‌ربڕینێکی ئه‌و دواییانه‌ی جێگری سه‌رۆکوه‌زیری تورکییه‌ بوله‌نت ئارنج، که‌ گوتبووی: " زمانی کوردی زمانی شارستانییه‌ت نییه‌".
شێخولئیسلامی: له‌ کۆنفڕانس دا باسێکی زۆر له‌ سه‌ر ئه‌و ده‌ربڕینه‌ کرا. ڕێکخه‌رانی ئه‌و کۆنفڕانسه‌ هه‌ر له‌ جێدا گاڵته‌یان به‌و قسه‌یه‌ ده‌هات. ئه‌وان سه‌لماندیان ئێستا کوردی ده‌توانێ زمانی شارستانییه‌ت، شارستانییه‌تی دێمۆکڕاتیک بێ، چونکه‌ له‌م سه‌روبه‌نده‌ دا مرۆ هه‌رچی بیهه‌وێ ده‌توانێ به‌ زمانی کوردی بکا. نموونه‌یه‌ک له‌وه‌ ئه‌مه‌یه‌ که‌ له‌ باشووری کوردستان هه‌یه‌. له‌وێ کوردی زمانی پارلمانه‌، زمانی ده‌وڵه‌ته‌، زمانی زانکۆیه‌ و ده‌کرێ به‌و زمانه‌ پله‌ی دوکتورا وه‌ربگیرێ.
دوایه‌ باسێکی دیکه‌ش هه‌یه‌ که‌ ئایا ئه‌وان چه‌نده‌ به‌باشی له‌و زمانه‌ که‌لک وه‌رده‌گرن؟ بۆ نموونه‌ زۆر له‌ کوردان، دۆستی زۆر باشی من، که‌ زۆر له‌ ئه‌ده‌بی کوردی چاک ده‌زانن و سی تا چل ساڵ کاریان له‌ سه‌ر کردووه‌، به‌ هیچجۆر له‌ شێوه‌ی پێوه‌چاران به‌ شێوه‌زاری کوردیی سۆرانییه‌وه‌ ڕازی نین. پێم وایه‌ ئێستا له‌ باشووری کوردستان کورده‌کان پێویسته‌ ده‌ورێکی ڕووناکبیری بده‌ن به‌زمان ، واته‌ به‌ ئاکادێمی کردنی زمان و ئه‌وه‌ش هه‌ڵده‌سووڕێ.
گلۆب: وه‌ک ده‌زانی قسه‌ کردن و مشتومڕ سه‌باره‌ت به‌ ستاندارد کردنی له‌هجه‌کان کرا. بۆچوونت له‌و باره‌یه‌وه‌ چییه‌؟
شێخولئیسلامی: ئه‌من له‌و باره‌یه‌وه‌ بابه‌تێکم به‌ زمانی ئینگلیسی بڵاو کردووه‌ته‌وه‌. به‌ڕاستی ئه‌وه‌ باشه‌ که‌ ئه‌و دیالۆگ و قسه‌له‌سه‌ر کردنه‌ هه‌بێ.له‌وباره‌یه‌وه‌ چه‌ندین بیرو ڕا هه‌ن. ئه‌وه‌ سه‌رنجڕاکێشه‌ کە بۆچوونی له‌مه‌ڕ ستاندارد کردنی زمانی کوردی ته‌نێ به‌ وێژمانی سیاسیی کوردی به‌رته‌نگ نابێ. بۆ نموونه‌ ئه‌گه‌ر مرۆ بە وردی چاو له‌ فکری هردر و و فیشتە ی [ئاڵمانیی]‌ بکا سه‌باره‌ت به‌ پێوه‌ندی نێوان زمان و نه‌ته‌وه، بۆی دەردەکەوێ کە [لە ناو کوردان دا] که‌سی وامان هه‌ن‌ باوه‌ڕیان به‌ بۆچوونی ئه‌وان هه‌یه‌. له‌وانه‌یه‌ ئه‌وان هردر و و فیشته ش نه‌ناسن به‌ڵام بۆچوونیان به‌ ته‌واوی وه‌ک ئه‌وان وایه‌-- ئه‌ویش ئه‌م باوه‌ڕه‌یه‌ ‌ کە ئه‌گه‌ر گەلێک بیهەوێ به‌ خۆی بڵێ نه‌ته‌وه‌ ده‌بێ زمانێکی هه‌بێ، ئه‌ویش نه‌ک هه‌ر زمانێک، به‌ڵکوو زمانێکی تاقانه‌ که‌ هیچ نه‌ته‌وه‌یه‌کی دیکه‌ نه‌یبێ. بۆ نمونه‌، ته‌نانه‌ت ئێستآش ئه‌ڵمانییه‌کان پێیان وا نییه‌‌ ئوتریش [کە زمانەکەی ئاڵمانییە] نه‌ته‌وه‌یه‌کی ڕه‌سه‌ن بێ. به‌ نه‌ته‌وه‌یه‌کی ساخته‌ی داده‌نێن. جا ئێمه‌ش له‌ باشووری کوردستان خه‌ڵکی ئاوامان هه‌یه‌ که‌ ئاوا بیر ده‌که‌نه‌وه‌. ئه‌وان پێیان وایه‌ ده‌بێ بەس یه‌ک زمان هه‌بێ و ئه‌و زمانه‌ش زمانی یه‌کگرتووی کوردی یه‌؛ لە راستیدا، مەبەستی ئەوانیش له‌و زمانه‌ یه‌کگرتووه کوردیی سۆرانییه‌. جا بۆیه‌ لێره‌ که‌ڵه‌کێکی زاراوه‌یی، پەیڤیی، له‌ گۆڕێ دایه‌.
بۆچوونی دووهه‌م ڕوانگه‌ی فه‌ڕانسه‌یی یه‌. ئێڕنێست ڕێنان ، له‌ ووتاره‌ مێژووییه‌که‌یدا گوتی: زمان ده‌توانێ بانگه‌وازمان بکا بۆ یه‌ک گرتن به‌ڵام ناتوانێ یه‌کمان بخا—زمان لێره‌ دا هۆکاری بڕیارده‌ر نییه‌. رێنان پێی وابوو کە هۆکاری بڕیارده‌ر " ئیراده‌" یه‌ که‌ له‌وانه‌یه‌ گەلێک به‌ره‌و یەک چاره‌نووس و له‌ پێناو ئامانجی وه‌ک یه‌ک ببا، بۆ نموونە هه‌بوونی " ده‌وڵه‌تێک" که‌ " نه‌ته‌وه‌یه‌ک" دروست ده‌کا. هه‌ڵبه‌ت لێره‌ دا که‌ڵه‌کێک، فێڵیک هه‌یه‌ که‌ من باسم نه‌کرد. ئه‌گه‌ر مرۆ لێی خورد بێته‌وه‌، ڕێنان یش هه‌ر هه‌مان فکری فیشته‌ی هه‌یه‌ به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌کی زۆر زیره‌کانه‌ ده‌ری بڕیوه‌؛ ده‌نا ئه‌گه‌ر وایه‌ [و زمان ئەوەندە گرینگ نییە] ئه‌وان [واتە باڵادەستەکانی فەرانسەیی] بۆچی زمانی باسک یان نه‌کرد به‌ زمانی فه‌رانسه‌، ئه‌وان فه‌ڕانسه‌یی یان کرد به‌ زمانی ڕه‌سمی، که‌‌ له‌ ڕاستیدا ته‌نێ زمانی 40 له‌ سه‌دی خه‌ڵکی ئەو وڵاتە بوو.
بۆچوونێکی سێهه‌میش هه‌یه‌ که‌ ئه‌من باوه‌ڕم به‌م بۆچوونه‌یه‌. ئه‌من پێم وایه‌ پێوه‌ندی نێوان نه‌ته‌وه‌ و زمان پێوه‌ندییه‌کی موتڵەق نییه، چونکه‌ پێوه‌ندییه‌کی ئه‌وتۆ بوونی نییه‌. نه‌ته‌وه‌ی ئاوا هه‌ن که‌ زمانێکی تاقانه‌ یان ته‌نانه‌ت یه‌ک زمانیشیان نییه‌. ئه‌وان دوو یان سێ زمانیان هه‌یه‌، وه‌ک ئه‌فریقای باشوور که‌ 11 زمانی هه‌یه‌، هیندووستان 19 زمان و، هەروەکی دەشزانی بێلژیک دوو زمان و نۆڕوێژیش دوو زمانیان هەیە. نموونه‌ی هه‌ره‌ پڕ له‌ ئاشتی سویس ه‌ که‌ چوار زمانی هه‌یه‌. له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ هه‌مووشیاندا، کاتێک باس دێته‌ سه‌ر کورده‌کان، ئه‌من پێم وایه‌ هه‌موو کوردێک پێداویستی به‌وه‌ ده‌بینێ له‌ ڕوانگه‌ی خۆیه‌وه‌ باسی زمان و ناسێنه‌ بکا، ده‌با بیکه‌ن و ئه‌وه‌ زۆریش باشه‌. ئه‌گه‌ر بۆی هه‌ڵسووڕێ، ئێمه‌ پێمان خۆش بێ و پێمان ناخۆش بێ ئه‌و به‌شداری له‌ باسێکی ئاوا دا ده‌کا. به‌ڵام ئه‌گه‌ر خۆی له‌و باسه‌ بدزێته‌وه به‌ڕاستی نابێ گوێی به‌ شتێک ببزوێ یان ڕه‌چاوی کا هه‌رله‌ به‌ر ئه‌وه‌ کە هردر وای گوتوویه. به‌ر له‌ هه‌موو شت ئه‌و ‌ قسه‌یه‌ نزیکەی 200 ساڵ له‌مه‌و به‌ر گوتراوه‌. ده‌کرێ بگۆڕدرێ، چونکه‌ ئێستا له‌ دنیایه‌کی به‌ته‌واوی جیاواز دا ده‌ژین. با هه‌ر له‌ تورکییه‌ بڕوانین. ئه‌م تورکییه‌ی که‌ ‌من 25 ساڵ له‌وه‌ی پێش سه‌رم لێدا، ئێستا جیاوازه‌. مرۆ ده‌کرێ ببینه‌ که‌ شت چۆن ده‌کرێ بگۆڕێن. با ته‌ماشای باشووری کوردستان بکه‌ین. که‌وابوو، مرۆ ناتوانێ هه‌ر هه‌مان بۆچوونی هه‌بێ و پێڕه‌وی له‌ هه‌مان سیاسه‌ت بکا که‌ له‌ کۆن دا هه‌بووه‌. ئه‌من پێم وایه‌ له‌ کۆنفڕانس دا قسه‌یه‌کی زۆر ژیرانه‌ و له‌ ڕاستیدا زۆر ڕوون هاته‌ گۆرێ، بۆ نموونه‌، یه‌كێک له‌ وێ گوتی، له‌ ناوچه‌ی سۆرانی ئاخێو، ئێوه‌ سۆرانی به‌کار بهێنن وه‌ک زمانی سه‌ره‌کی به‌ڵام زاراوەکانی دیکەش فێری منداڵان بکەن، با هەردوو ئەلفوبێ فێر بن. له‌ جێی دی با زاراوەی دیکە دەکار بکرێ بەلام زاراوەکانی دیکە فێری منداڵان بکرێن. له‌ ڕاستیدا منداڵان سه‌رنج ناده‌نه‌ شتی ئاوا[وەکوو زەحمەتێک]، به‌ڵکوو به‌ ئاسایی وه‌ری ده‌گرن. با ته‌ماشای خۆمان بکه‌ین، ئێمه‌ چۆن زمانی یه‌که‌می خۆمان فێر بووین و [چەندین زمانی دیکەش]. به‌ڕاستی هه‌تا ئێمه‌ فێری زمانی دووهه‌م نه‌بووین پرسێکی ئاوامان به‌ مێشکی دا ڕانه‌برد. وا نییه‌؟ مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه‌ بڵێم کاتێک ئه‌من چوومه‌ خوێندنگه‌ و به‌ فارسی ده‌رسیان پێ ده‌گوتم، له‌وانه‌یه‌ ڕنجم چێشتبێ و دڵنیام له‌ ڕووی فێربوونه‌وه‌ سه‌ده‌مه‌م پێ گه‌یشتووه‌ چونکه‌ زانست ئه‌وه‌ به‌ ئێمه‌ ده‌ڵێ. به‌ڵام ‌من وه‌بیرم نایه‌ ئه‌و ده‌می چووبێتمه‌وه‌ ماڵ و له‌ دایکم پرسیبێ: " ئێمه‌ بۆچی به‌ زمانی کوردی ناخوێنین"؟ ‌من وه‌بیرم نایه‌ پرسیارێکی ئاوام کرد بێ. منداڵ گوێ ناداتە ‌ شتی وا. منداڵان باوه‌ر به‌ ئێمه‌ ده‌که‌ن و باوه‌ڕ به‌ مامۆستاکانیان ده‌که‌ن. ئه‌وان پێیان وایه‌ و، مرۆ ده‌بێ هیوادار بێ که‌ وابێ ، کە ئه‌وه‌ی ئێمه‌ ده‌یکه‌ین بۆ ئه‌وان باشه‌. که‌ وابوو ئه‌وان بخه‌نه‌ به‌ر کاردانه‌وه‌ی زمان، ده‌رفه‌تیان پێ بده‌ن با هه‌ر دوو ئه‌لفووبێیان فێر بن. ئه‌وان وه‌ری ده‌گرن و فێریان ده‌بن.
گلۆب: ئه‌تۆ له‌و بابه‌ته‌ی دا پێشکێشت کرد باسی ده‌وری مێدیایت کرد له‌ سه‌ر ناسێنه‌ی کوردی. ده‌وری مێدیا له‌مه‌ڕ به‌ره‌وپێشبردنی زمان و له‌ گه‌شه‌پێدانی ناسێنه‌ی نه‌ته‌وه‌یی کورد دا چییه‌؟
شێخولئیسلامی: له‌ ڕاستیدا ئه‌و بابه‌ته‌ی پێشکێشم کرد پوخته‌یه‌کی زۆر کورتکراوه‌ی کتێبه‌که‌م بوو،: Kurdish Identity, Discourse, and New Media (ناسێنه‌ی کورد، وێژمان و مێدیای نوێ." تێزی دوکتورایه‌که‌م نیزیکه‌ی 400 لاپه‌ڕه‌ بوو. ڕاستت بوێ، وه‌شانخانه‌ی The Palgrave Macmillan که‌ کاری ئاکادێمی بڵاو ده‌کاته‌وه‌ پێیان گوتم ئه‌وه‌ زۆردرێژه‌ ئه‌گه‌ر بمانه‌وێ وه‌ک کتێب چاپی بکه‌ین و به‌شی ئاوای تێدایه‌ که‌ لایه‌نی تیۆری زۆره‌ و ئه‌وه‌ شتێک نییه‌ ‌ ئێمه‌ بمانهه‌وێ؛ ئێمه‌ بابه‌تێکمان ده‌وێ بۆ خوێنه‌ره‌وه‌ی ئاسایی. جا بۆیه‌ ئه‌من 200 لاپه‌ڕه‌م لێ لابرد. و له‌ کۆنفڕانسیش دا 200 لاپه‌ره‌که‌م کورت کرده‌وه‌ بۆ‌ 4 لاپه‌ڕه‌. بابه‌ته‌ زۆر کورتکراوه‌که‌م و تێزی دوکتورایه‌که‌م سه‌باره‌ت به‌و مه‌سه‌له‌یه‌ بوون: ده‌وری مێدیای گشتی،به‌ تایبه‌تی له‌ مه‌ڕ ده‌وری مێدیای نوێ وه‌ک تێلێڤیزیۆنی مانگیله‌ و ئینترنێت، له‌ سه‌ر ناسێنه‌ی کوردی. له‌ لێکۆڵینه‌وه‌که‌م دا ئه‌و پرسه‌ سه‌ره‌کییه‌ی که‌ ده‌بوو ووڵامه‌که‌ی بدۆزمه‌وه‌ ئه‌وه‌ بوو کە چونکە کوردان هه‌میشه‌ گله‌و گازنده‌یان کردووه‌ له‌ ده‌وڵه‌تان ( تورکییه‌، ئێران، عێڕاق و سوورییه‌) کە ئیزن ناده‌ن ناسێنه‌ی خۆیان هه‌بێ. بۆیه‌ هیچ ڕێگایه‌کیان نەبووە کە ‌ بڵێن ئه‌وان کێن و چییان ده‌وێ. جا ئێستا کە ئه‌و ده‌رفه‌ته‌یان ده‌ست که‌وتووه‌، کوردەکان به‌و مێدیایه‌ چ ده‌که‌ن؟ کورده‌کان چۆن باسی خۆیان ده‌که‌ن؟ ئه‌وان سه‌باره‌ت به‌ پێداویستییه‌کانی خۆیان و سه‌باره‌ت به‌ ده‌رد و کوڵ و شادی و خۆشییه‌کانیان ده‌ڵێن چی ؟ ئه‌وان خۆیان چۆن ده‌ناسێنن و خه‌ڵکی دیکه‌ چۆن ده‌ناسێنن؟ دۆزینه‌وه‌کانی من نیشان ده‌ده‌ن کە به‌ له‌به‌ر چاو گرتنی هه‌موو شت و هەموو ئەو پڕۆسه‌ و کرده‌وه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییانەی کە بە میدیایەوە گرێ دراون، کورده‌کان له‌و بواره‌ دا کاری زۆر باشیان کردووه‌، سه‌ره‌رای ئه‌و ڕاستییه‌ی ئه‌وان هێشتا گوشاری سیاسی و ئابوورییان له‌ سه‌ره‌. لایه‌نی سیاسی و ئابووری بۆ مێدیا هه‌تا بڵێی گرینگن، به‌تایبه‌تی ئه‌گه‌ر به‌ مه‌به‌ستی سازدانی پێوه‌ندیی ده‌کار بکرێن. ئه‌گه‌ر مرۆ نه‌توانێ له‌ ڕووی سیاسییه‌وه‌ شتێک بکا یان ده‌ره‌تانی دارایی نه‌بێ، ئه‌و ده‌می چی له‌ ده‌ست نایه‌ و ناتوانێ ئه‌و پێوه‌ندییه‌ دامه‌زرێنێ و، ئه‌و دوو هۆکاره‌ی سیاسی و ئابووریی‌ تا ڕاده‌یه‌کی زۆر نێوه‌رۆک و شێوه‌ی مێدیا و ئه‌و زمانه‌ی به‌کاری ده‌هێنن دیاری ده‌که‌ن. جا به‌ له‌به‌رچاوگرتنی هه‌موو شت، کورده‌کان توانیویانه‌ بڵێن ئه‌وان کێن و ئه‌من سه‌باره‌ت به‌و شتانه‌ به‌ درێژیی دواوم. کاكڵی قسه‌که‌ ئه‌وه‌یه‌: ئه‌من له‌و باوه‌ڕه‌ دام تێلێڤیزیۆنی مانگیله‌، واته‌ تێلێڤیزیۆنی ساتاڵایت، ئه‌و کاته‌ی که‌ ته‌نیا هه‌ر MED-TV بوو ، بۆ ماوه‌یه‌ک هه‌ستێکی یه‌کێتی کوردی ساز کرد. ماوه‌یه‌کی کورت به‌ دوای ئه‌وه‌ دا به‌شه‌کانی دیکه‌ی کوردستانیش ده‌زگای تێلێڤیزیۆنی ساتاڵایتی دیکه‌یان وه‌کار خست و ئه‌وه‌ش جۆراوجۆرێتی زیاتر کرد. لێره‌ دا ئه‌من مه‌به‌ستم ئه‌وه‌ نییه‌ بڵێم ئه‌وه‌ شتێکی باش یان خراپ بوو. ‌من ته‌نیا باسی ئه‌وه‌ ده‌که‌م که‌ دیتوومه‌. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی تێلێڤیزیۆنی مانگیله‌ له‌سه‌ر بنه‌مای چاپ کردن هه‌ڵنه‌نراوه‌ و له‌ سه‌ر بناغه‌ی موسیقا و دەنگ و وێنان داندراوه‌، جا بۆیه‌، ئه‌من له‌و باوه‌ڕه‌ دام توانیویەتی هێندێک له‌ سنووره‌کانی خوێنده‌واریی، جینسییه‌تی کۆمه‌ڵایه‌تی، چینایه‌تی و سه‌رحه‌دی ده‌وڵه‌تی تێپه‌ڕێنێ – و ئه‌گه‌ر چی هه‌ر پارتییه‌ سیاسییه‌ی هێشتا تێلێڤیزیۆنی مانگیله‌ی له‌ مه‌ڕ خۆی هه‌یه‌ ، ئه‌و ساتاڵایتانه‌ یارمه‌تی ده‌که‌ن به‌ وێژمانی ناسێنه‌یه‌کی به‌کۆمه‌ڵی پان کوردی. ئه‌وان هه‌ر وه‌ها یارمه‌تی ده‌که‌ن به‌--شتێکی زۆر چاوڕاکێش له‌ ڕوانگه‌ی زمانناسیی کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌ -- که‌ پێی ده‌گوترێ له‌یه‌ک تێگه‌یشتنی دوولایه‌نه‌. بۆ نموونه‌، ئه‌گه‌ر من بتوانم به‌ سۆرانی قسه‌ بکه‌م، ئه‌گه‌ر به‌ ووردی و له‌ سه‌ره‌خۆ قسه‌ بکه‌م و ئه‌گه‌ر ئه‌تۆ بتوانی کورمانجی قسه‌ بکه‌ی و ئێمه‌ له‌ یه‌کتری تێبگه‌ین، ئه‌وه‌ له‌یه‌ک تێگه‌یشتنی دوولایه‌نه‌ یه‌.

ئینترنێت ده‌ره‌تانی داوه‌ به‌ ده‌نگی نوێ بۆ ئه‌وه‌ی ببیسترێن: ده‌نگی ژنان، ده‌نگی کۆمه‌ڵگه‌ پچووکتره‌کانی زمانیی، وه‌کوو هه‌ورامی و زازاکی/دملی. گه‌لی کوردیش ، وه‌کوو هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌کی دیکه‌، ئیدی چیتر هه‌ر به‌ کار هێنه‌ری زانیاری نییه‌، به‌ڵکوو ده‌توانێ زانیاریش ئاماده‌ بکا و بڵاویشی بکاته‌وه‌. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، به‌ دیتنی من ئینترنێت جۆراوجۆریی شێوه‌زاره‌ کوردییه‌کانی خێراتر کردووه‌. بۆ نموونه‌، ئه‌من زۆر که‌م تووشی کورمانجی ئاخێوی ئاوا هاتووم که‌ سه‌ر له‌ ماڵپه‌ڕه‌ سۆرانییه‌کانیش بدا، یان به‌ پێچه‌وانه‌ سۆرانی ئاخێوێک سه‌رله‌ ماڵپه‌ڕه‌ کورمانجییه‌کان هه‌ڵێنێ. پێم وانییه‌ ئه‌وان بتوانن نووسینی یه‌کتری بخوێننه‌وه‌. دیاره‌ ئه‌وه‌ زۆر جیاوازه‌ بۆ که‌سێکی وه‌کوو من یان پرۆفێسۆر حه‌سه‌نپوور. ئه‌وه‌ کاری ئێمه‌یه‌. له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی کورمانجی ده‌زانین سه‌ری ماڵپه‌ڕه‌ کورمانجییه‌کانیش ده‌ده‌ین، به‌ڵام زۆربه‌ی خه‌ڵک ئه‌وه‌ ناکه‌ن. ئینترنێت وه‌ک تێلێڤیزیۆن نییە چونکە لە سەر بنەمای چاپ دامەزرا، دەنگ و رەنگی بەو شێوەیە نەبوو لە سەرەتا دا. بەڵام، ئینترنێت هه‌تا لایه‌نی بیستنی و دیتنی زیاتر بێ زیاتر وه‌ک تێلێڤزیۆنی لێ دێ. هەڵبەت ‌ له‌و بواره‌ دا هێشتا زۆر کار ماوه‌ که‌ ده‌بێ بکرێ. هیوادارم حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان یان ته‌نانه‌ت دامه‌زراوه‌یه‌کی وه‌ک Kurdî-Der یان ئه‌نیستیتووی کورد له‌ ئه‌سته‌نبووڵ مێدیای نوێ به‌کار بهێنن بۆ پێشخستنی زمان و ناسێنه‌ی کوردی و ئه‌وه‌ به‌ ڕێگای ئینترنێت دا بکه‌ن. ‌من له‌ خۆشیان شاگه‌شکه‌ بووم کاتێک بیستم دۆستان له‌ سوێد له‌ ئای فۆن دا وانەی فێربوونی ئه‌لفووبێی کۆرمانجی یان ساز کردووه‌.
گلۆب: ئێستا ده‌مه‌وێ پرسیارێکت لێ بکه‌م سه‌باره‌ت به‌ سیاسه‌تی کوردی له‌ مێدیای کۆمه‌ڵایه‌تی دا وه‌کوو فه‌یس بووک و تویتر، نه‌ سیاسه‌ت له‌ پارڵمان و له‌ سه‌ر کۆڵانان. وه‌ک ده‌زانی، پرۆفێسۆر ئه‌میری حه‌سه‌نپوور ووتارێکی نووسی له‌مه‌ڕ ساتاڵایه‌ته‌ کوردییه‌کان و گه‌ڕان به‌ دوای به‌ ده‌ست هێنانی حاکمییه‌ت له‌ ئاسمان دا . نه‌ته‌وه‌ی کورد نه‌یتوانی له‌ سه‌ر زه‌وی واقع کوردستان ساز کا، مه‌به‌ستم ده‌وڵه‌تی کوردییه‌، به‌ڵام به‌ ڕێگای ده‌زگا تێلێڤیزیۆنه‌کانی و لاپه‌ڕه‌کانی ئینترنێت وه‌کوو فه‌یس بووک ئه‌وه‌ی کرد.له‌ گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی وا هه‌ر یه‌که‌وه‌ به‌شێکی کوردستانیان داگیر کردووه‌ به‌وه‌ ده‌زانن و حه‌ول ده‌ده‌ن پێشی بگرن. بۆ نموونه‌، نه‌خشه‌ی کوردستان و ئاڵای کوردستان له‌ به‌ر گوشاره‌کانی تورکییه‌ ئیزن نادرێ له‌ فه‌یس بووک دا پۆست بکرێن و بڵاو بکرێنه‌وه‌.بۆچوونت له‌و باره‌یه‌وه‌ چییه‌؟

شێخولئیسلامی: ئه‌من چیرۆکێکت بۆ ده‌گێڕمه‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ سه‌فاڕه‌تخانه‌ی تورکییه‌ له‌ ئۆتاوا. له‌ ساڵی 2003، خوێندکارێکی کورد هاته‌ لام و زۆر تووڕه‌ بوو. خوێندکاره‌ کورده‌کان کۆمه‌ڵه‌یه‌کی خوێندکاری زۆر باش و چالاکیان هه‌بوو؛ له‌وێدا هه‌م به‌ کورمانجی و هه‌م به‌ سۆرانی قسه‌یان ده‌کرد. هەموو بەشەکانی زانستگەکەمان بە تونێلێک بە یەکەوە گرێ دراون کە بە وەرزی سەرما بە تایبەت یەکجار قەرەباڵخ دەبێ. کۆمه‌ڵه‌ خوێندکارییه‌کان ژماره‌یه‌کی زۆر بولته‌نیان لە سەر دیواری تۆنێلەکە هەبوو. بڵاویان ده‌کردنه‌وه‌ و هه‌رلایه‌ی بانگه‌شه‌ی ده‌کرد بۆ کۆمه‌ڵه‌که‌ی خۆی. کورده‌کانیش بولته‌نێکیان هه‌بوو و نه‌خشه‌یه‌کی کوردستانیان تێدا بڵاو کردبووه‌وه‌. سه‌فاڕه‌تخانه‌ی تورکییه‌ له‌ ئۆتاوا—ئه‌وه‌ت له‌ بیر دا بێ که‌ ئۆتاوا ووڵاتی ئه‌وان نییه‌، ، بە زانستگەی گوتبوو کە ئەو خوێندکارانە دەبێ ئەو نەخشەیە (هەروەها ئاڵای کوردستانیش) لا ببەن. به‌ڵام کەسی بەرپرسی بەشی خوێندکارانی زانستگە، لیۆنارد لێبراندێ، پێی گوتبوون کە به‌ هیچ جۆر کاری ئاوا ناکا و جه‌ختی کردبووه‌وه‌ که‌ خوێندکاره‌کانمان ئازادن هه‌رچییه‌کی ده‌یانه‌وێ بینووسن. پێی گوتبوون کە ئێره‌ ووڵاتێکی ئازاده‌. ئێوه‌ له‌ نێو خۆی تورکییه‌ دا گیروگرفتتان هه‌یه‌، نه‌ک لێره‌. ئه‌و زۆر ژیرانه‌ بۆی نووسیبوون ئه‌وان لێره‌ له‌ کانادا ئیزن ناده‌ن که‌س په‌لامار به‌رێ بۆ سه‌ر سه‌فاڕه‌تخانه‌ی تورکییە و، هه‌ر ئاواش رێگا ناده‌ن لێره‌ تورکییه‌ هێرش بکاته‌ سه‌ر بیری شارۆمه‌ندانی کانادا بە کوردەکانییەوە. جا بۆیە پێم سەیر نییە کە تورکیە ئەو خۆف و ترسەی هەبێ لە وشە و نەخشەی کوردستان لە سەر فەیسبوک. لە چەرخی ٢١ دا ئەمە جێگای سەرسوڕمانە. بەڵام، داخودا هه‌نگاوێکی ئاوا چ شوێنی ده‌بێ؟ ‌من پێم وایه‌ ئه‌وه‌ کارێکی گه‌وجانه‌یه‌ و زیاتر وه‌ک نوکته‌ ده‌چێ، چونکه‌ ناتوانن ئه‌و قه‌ده‌غه‌یه‌ به‌رده‌وام بکه‌ن. به‌ڵام ئێمه‌ش ده‌بێ له‌ کاره‌کانمان دا وورد بین چونکه‌ فه‌یس بووکیش له‌ زۆر ڕوویانه‌وه‌ له‌ سه‌ر بنه‌مای چاپ هه‌ڵنراوه‌؛ [دەکرێ سانسۆر و کۆنتڕۆڵ بکرێ]هێشتا ئه‌وه‌ی له‌ ده‌ست نایه‌ که‌ تێلێڤیزیۆن ده‌یکا. تێلێڤیزیۆن ئامرازی هه‌ره‌ کاریگه‌ره‌ بۆ ساز کردنی ناسێنه‌ی نه‌ته‌وه‌یی به‌ کۆمه‌ڵیی کورد.

No comments: