ڕۆڵی میدیای نوێ لە بەهێزکردنی زماندا بۆ چێکردنی پێناسەی نەتەوەیی
ڕۆڵی میدیای نوێ لە بەهێزکردنی زماندا بۆ چێکردنی پێناسەی نەتەوەیی
د. جەعفەری شێخولئیسلامی، زانستگەی کارلتۆن، کەنەدا
ئامادەکراوە بۆ پێشکەشکردن لە "کۆنفرانسا زمان ئا نەتەوەیی" لە ئامەد، ٢-٤ی مارسی ٢٠١٢
پێشەکی و پوختە
لە ئەم گوتارەدا، باسی زمان، پێناسە یان هۆوییەتی نەتەوەیی و میدیا دەکەم. دوایی، باسی ئەو پێوەندییەی نێوان زمان و پێناسە و میدیا لە ناو کورداندا دەکەم. دەمەوێ بە گشتی ئەمە بێژم: گرینگترین پێکهاتەی پێناسەی نەتەوەیی، زمانە، چونکە هەموو یان زۆربەی(واتە پڕانیا) پێکهاتەکانی گوتاری پێناسەی نەتەوەیی، وەکوو مێژوو، لە ڕێگای زمان ساز دەکرێن(ئان ژی، دێنە سازکرن). لەگەڵ ئەوەشدا، ڕۆڵی زمان لە ژیانی هەموو نەتەوەکاندا بە ڕادەی یەک گرینگ نییە(یانی، رۆلا زمان ژ بۆ هەموو نەتەوەیان نە وەک هەڤە). زمان بۆ پێناسەکردنمان گرینگە تا ئەو ڕادەیە کە ئێمە خۆمانی پێ دەناسێنین، لە هەمان کاتیشدا، خۆمانی پێ لە خەڵکی دیکە نزیک یان دوور دەکەینەوە. گرینگیی زمان لە پڕۆسەی خۆ پێناسە کردندا هەرچی بێ، بە دەستی میدیا و بە هاریکاریی میدیا بەهێزتر دەبێ. لە دوو لاوە(ژ دوو ئالیان ڤە)، ئامرازەکانی پێوەندیگرتن ڕۆڵی زمان لە چێکردنی پێناسەی نەتەوەییدا دەتوانن بەهێزتربکەن: (١) دەتوانن هاریکاریی بکەن بۆ ناساندن، مەحفووز کردن و پێشکەوتنی زمان؛ (٢) دەتوانن هێزی زمان بۆ دەربڕین و دروستکردنی پێناسەی نەتەوەیی زێدەتر بکەن. بە لەبەرچاوگرتنی دەوروبەر، لێکۆڵینەوە نیشان دەدا کە کوردەکان بە شێوەیەکی تا ڕادەیەک باش میدیای نوێ دەکار دەکەن، بە تایبەت لە پرۆسەی چێکردنی پێناسەدا و لە پرۆسەی گەشەکردنی شێوەزارەکانی کوردیدا. بەڵام، لێکۆڵینەوەی زێدەتر پێویستە بۆ ئەوە کە بەڕاستی تەئسیری ئامرازە گشتییە نوێیەکان لە سەر پێناسە و زمانی کوردی ببینین.
زمان چییە؟
زمان سیستەمی دەنگ، پەیڤ(یان وشە)، نیشانە، ڕێزمان و یاساکانە بۆ سێ مەبەست: (١) پێوەندیگرتن لە جڤاتێکی زمانیدا بە قسەکردن، نووسین و پێوەندیگرتن بە ئیشاڕە؛ (٢) پاشەکەوت کردن(بەرهەڤ کرن)، دەربڕین و بەرەوپێشبردنی زانیاری و نرخی کولتووری؛ (٣) نیشاندان، تەحلیل کردن و چێکردنی دنیا و پێناسەی تاکەکەسی و گشتی(سکووتناب- کانگاس). واتە، زمان تەنیا ئامرازی دەربڕین نییە، بەڵکوو ئامرازی خۆ سازکردنەوە و دونیا دروست کردنە. زمان بەس ڕەنگدانەوەی کولتوور نییە، بەڵکوو کولتوور لە زماندا دەژی. لە نێوان زمان و کۆمەڵگەکەدا پێوەندییەکی دیالەکتیک هەیە: زمان نە تەنیا دەتوانێ ڕەنگدانەوەی دنیا بێ، بەڵکوو دەتوانێ ئامرازی سازکردنەوەی دنیا بێ؛ زمان نە تەنیا دەتوانێ ڕەنگدانەوەی پێناسە و هۆوییەت بێ، بەڵکوو دەتوانێ ئامرازی چێکردن و دووبارە دروستکردنەوەی پێناسە بێ.
پێناسە چییە؟
پێناسە کۆمەڵەیەک لە ئەو فاکتۆڕانەیە کە کەسێک یان گرووپێک یان نەتەوەیەک خۆیان پێ دەناسێنێ، یان هەبوونی خۆی لە ئەواندا دەبینێ. بۆ نموونە، بۆ زۆر کەسان، بە تایبەت بۆ نەتەوە بێدەوڵەتەکان و کەمینەکان، زمان ئامرازێکی سەرەکیی ناساندنە. پێناسە تەنیا خۆ ناساندن و خۆناسین نییە، بەڵکوو هەروەها ناساندنی "ئەوی دی" و "ئەوانی دی"شە. پێناسە پێکهاتەیەکە لە وێکچوونەکان(واتە، یەکهەڤییەکان) و جیاوازییەکان. ستڕاتیژیی گوتاری پێناسەی نەتەوەیی وێکچوونەکان لە ناو کۆمەڵە خەڵکێکدا چڕ و مەزن دەکاتەوە. پێناسە نەگۆڕ نییە. پێناسەکان چێ دەکرێن و دەگۆڕدرێن(واتە، پێناسەکان دێنە چێکرن).
زمان و پێناسە
سێ بۆچوونی سەرەکی لە سەر پێوەندیی نێوان زمان و پێناسەدا هەیە. لە کۆنەوە، هەندێک لە سەر ئەو بڕوایە بوون و هەن کە زمان دەوری سەرەکی ناگێڕێ لە دروستکردنی پێناسەی نەتەوەییدا. بۆ نموونە، "ئرنست ڕێنان"ی فەرانسەیی ساڵی ١٨٤٨ دەبێژێ: "زمان خەڵک بانگێشتن دەکا کە یەکبگرن، بەڵام مەجبووریان ناکا کە ئەو کارە بکەن"(Renan, 1990). لە ڕوانگەی ڕێنانەوە، "ئیرادە"ی خەڵک بۆ بە یەکەوە ژیان کردن گرینگترە لە زمان. بۆچوونی دووهەم پێوەندیی ڕاستەوخۆ دەبینێ لە نێوان زمان و پیناسەی نەتەوەییدا. بۆ نموونە، فیشتەی ئەڵمانی، هێندێک بەر لە ئیرنست ڕێنانی فەرانسەییدا، دەبێژێ: هەر نەتەوەیەک دەبێ یەک زمانی تایبەت بە خۆی هەبێ، چونکە ئاوا دەتوانێ خەڵکی هاوزمان بکا بە نەتەوەیەک، لە هەمان کاتیشدا، نەتەوەیەک لە نەتەوەکانی دیکە جیا بکاتەوە. ئەم فکرە دوو کێشەی هەیە. یەک: چەندین نەتەوە و وڵات لە دنیادا هەن کە زمانی تایبەت بە خۆیان نییە، وەکوو ئەمریکا، کانادا، ئوسترالیا. ئینگلیسی زمانی سەرەکیی ئەم وڵات و نەتەوانەیە. کەچی، خۆیان بە نەتەوەی جیاواز دەزانن. دوو: گرفتی دووهەم ئەمەیە کە دەوڵەت - نەتەوە یان تەنانەت نەتەوە هەن کە زۆرتر لە یەک زمانیان هەیە: بۆ وێنە: نۆروێژ، ئەفریقای باشوور و هتد. ئەمانەش خۆیان وەکوو نەتەوە دەبینن.
بە پێچەوانەی ئەو دوو بۆچوونە کە زۆر دژ بە یەکن، بۆچوونی سێهەم زێدەتر سەردەمییە. ئەم بۆچوونە ناخوازێ پێوەندی نێوان زمان و نەتەوە، یان زمان و پێناسەی نەتەوەیی موتڵەق بکاتەوە. بۆ نموونە، "ستیڤن(ستێفان) مەی" دەبێژێ: زمان بۆ پێناسەکردنمان گرینگە تا ئەو ڕادەیە کە ئێمە خۆمانی پێ دەناسێنین. واتە، ئەگەر کەسێک، یان خەڵکێک پێی وا بێ کە زمانەکەی پێناسەی وییە، کەس ناتوانێ بێژێ وا نییە(ئان ژی، کەس نکارێ بێژێت، وسا نینە). ئەگەر کەسێک یان خەڵکێکیش گوتی فڵانە زمان پێناسەی من نییە، کەس ناشێ لە سەریان فەرز بکا. ئەوە مافی ڕەوای خۆیانە. زۆر جاران ئەو کەسانەی دەبێژن زمان بۆ پێناسە گرینگ نییە، یان بە ئاشکرا یان ناڕاستەوخۆ، ئیدیۆلۆژی و فکری نەتەوە و گرووپی باڵادەست دەردەبڕن. زۆربە یان هەموو کەمینە ژێردەستەکان لە سەر ئەم بڕوایەن کە زمانی زگماکی، زمانی ئیتنیکی یان نەتەوەیییان، پێناسەیانە. واتە، خۆیان بە زمانەکەیانەوە پێناسە دەکەن.
رۆڵی میدیا چییە لە سازکردنی پێناسەی نەتەوەییدا؟
لە مێژووی هەموو نەتەوەکاندا، میدیا ڕۆلی کاریگەری هەبووە بۆ چێکردنی پێناسەی نەتەوەیی. بەنەدیکت ئەندرسن و زۆر کەسی دی پێیان وایە کە پەیدابوونی نەتەوە مۆدێرنەکانی ئوڕووپا هاوکات بوو لەگەڵ پەیدابوونی ڕۆژنامە و ڕۆمان/ ناڤل. مارشل مەکلووەن دەبێژێ: ناسیۆنالیزم زارۆکی چاپەمەنی بوو. بۆ؟ چونکە، پێناسە لە زماندا چێ دەبێ؛ پێناسەی نەتەوەیی پێویستە لە ناو خاکێک و خەڵکێک دا بڵاو بێتەوە. ئەم کارەش لە ڕۆژئاوادا چاپەمەنی کردی. جێگای سەرنجە کە لە ناو کوردانیشدا دەرکەوتنی هزری نەتەوەیی هاوکات بوو لە گەڵ چاپ بوونی یەکەم ڕۆژنامەی کوردی، واتە "کوردستان"، لە لایەن بەدرخانەکانەوە. بەڵام بە چەند هۆ، نووسراوە، چاپەمەنی، ڕادیۆ و تەلەڤیزیۆنی کەیبڵ لە ناو کورداندا نەبوون بە ئامرازی گشتیی پێوەندیکردن؛ نەبوون بە مەس میدیا. هێندێک لەو هۆیانە ئەمانەن:
١. بەرهەمهێنان و وەشان و بڵاو کردنەوەی چاپەمەنی هەمیشە گران و زەحمەت بووە. بۆ کوردان گرانتریش بووە.
٢. لە باری سیاسییەوە، ئەو سەربەستییە نەبووە کە بە زمانی کوردی میدیا هەبێ، هەروەکی ئێستاش لە زۆر شوێن ئەو ئازادییە نییە.
٣. زۆربەی ئەو میدیا کلاسیکانە، وەکوو ڕۆژنامە، کتێب و گۆڤار، پێویستیان بە خوێندەوار هەیە. زمانی کوردی لە سەردەمی سەرهەڵدانی ناسیۆنالیزمدا قەدەغە بوو. کەوابوو خوێندەواری کورد یان نەبوو یان زۆر کەم بوو. ئێستاش لە پایتەختی هەرێمی کوردستان کە زۆرتر لە یەک میلیۆنی نفووسە، هەرچەند کوردی زمانی خوێندن لە هەموو پلەکانی فێرگە و زانکۆیە و زمانی دەزگا دەوڵەتییەکانە، ژومارەی چاپی کتێب لە ١٠٠٠ دانە تێناپەڕێ. ڕەنگە هەڵە نەبێ ئەگەر بێژم، لە کوردستان چاپەمەنی قەت نەیتوانیوە جەماوەری و گشتی بێ. چاپەمەنیی کوردی ئامرازی پێوەندیگرتنی ئەو کەسانە بووە کە خوێندەواریی کوردییان هەبووە. کە وابوو، سەیر نابێ ئەگەر بڵێین، میدیای بەڕاستی جەماوەری و گشتی(ماس میدیا) لە ناو زۆربەی کورداندا نەبوون، هەتا دامەزرانی سەتەلایت تی.ڤی و ئینتێرنێت، هەرچەند ئەوانیش گرفتی خۆیان هەیە.
تەلەڤیزیۆنی سەتەلایت و ئینتێرنێت سنوورەکانیان دەرباز دەکرد. گوێیان نەدا فشار و گوشاری سیاسی. کاتێ یەکەم تەلەڤیزیۆنی سەتەلایتی کوردی کەوتە کار کردن، خوێندەوار و نەخوێندەوار، ژن و پیاو، هەژار و زەنگین، لە مەهاباد و ئامێد و سلێمانی و قامیشلی، چاویان لە یەک پڕۆگرامی مەد - تی ڤی کرد؛ بۆ جاری هەوەڵ، ئامرازێکی گشتی و جەماوەری و نەتەوەییی کوردی پەیدا بوو. پێناسەی گشتییی نەتەوەییی کوردی و کوردستانی دەستی کرد بە گەشەکردن. دەپێشدا ئەگەر هەستێکی نەتەوەیی هەبوو، زۆرتر لە ناو ژمارەیەکی کەمی خوێندەوار، شاعیر و سیاسیکاردا بوو. تەلەڤیزیۆنی سەتەلایت هاریکاری کردووە کە زۆربەی گوتارەکانی پێناسەی نەتەوەیی، لە ناو هەموو توێژ و چینەکانی کۆمەڵگەی کوردەواریدا، چێ بکرێن. بەڵام، ئەوەش ڕاستە کە ئەو گوتارانە ڕەنگی حیزب و پارتیان لە سەرە دیارە. زۆربەی هەرە زۆری خاوەنەکانی تەلەڤیزیۆنە سەتەلایتییەکان حیزبەکانن. حیزبەکانیش ڕەنگ و بۆنی ئایدیۆلۆژیی حیزبی خۆیان دەدەن بە پێناسەی نەتەوەیی. هەموو تەلەڤیزیۆنێک لە دنیادا ئەمە دەکا. لەگەڵ ئەمەشدا، ئەم تەلەڤیزیۆنانە ئیعتیباریان داوە بە زمانی کوردی. کوردەکان شانازی دەکەن کە زمانەکەیان زمانی مۆدیرنیتەیە؛ زمانی تەکنۆلۆژیی سەردەمە. هەڵبەت، ڕەخنەگری ئاواش هەیە کە دەبێژێ تەلەڤیزیۆنەکان زمانی کوردییان وێران کردووە. بەڵام، تەلەڤیزیۆن تەنیا زمان نییە. تەلەڤیزیۆن هەروەها لە ڕێگای موزیک، وێنە و ڕەسمەوە پێوەندی دەگرێ، بۆیە دەتوانێ زۆر بینەر و گۆهدار بۆ لای خۆی بێنێ، تەنانەت ئەگەر ئەو بینەرانە زمانەکەش بە تەواوی تێنەگەن. لە بەر ئەوە زۆر سۆرانیئاخێو چەندین ساڵە پڕۆگرامی کورمانجی و هەورامی و زازاکی دەبینن، ئەوانی دیکەش هەروەها. بەم جۆرە، لە ناو کورداندا ئەو مەقوولەی سۆسیۆلینگویستیک تا ڕادەیەک چێ بووە کە پێی دەبێژن: میووچوواڵ ئینتەلەجیبیلیتی، واتە، لە یەک تێگەیشتنی دوو لایەنە(ئان ژی جهەڤ فامکرن) چێ بووە و هەر دێ زێدەتریش دەبێ. نموونەی ئەمە لەو کۆنفرانسەدا دەبینن. ئەمەش بۆ بە هاوبەشکردنی گوتارەکانی پێناسەی نەتەوەیی زۆر گرینگە.
ئینتێرنێت لە زۆر بارانەوە جیاوازە لە تەلەڤیزیۆن:
١. لە دنیای ئینگلیسیدا دەڵێن کە ئینتێرنێت میدیاکانی دیکەی وەکوو چاپ و ڕادیۆ و تەلەڤیزیۆنی کز کردووە. لە ناو کورداندا ئەوە بە پێچەوانەیە. بە هۆی ئینتێرنێتەوە ئێستا چاپەمەنیی کوردی بە سەربەستی بڵاو دەبێتەوە. ڕادیۆی کوردی سنوورەکان دەرباز دەکا. کاناڵە تەلەڤیزیۆنییەکان هەر وسا.
٢. لە کاتێکدا کە کاناڵەکانی تەلەڤیزیۆنی سەتەلایت دەنگی حیزبەکانن، ئینتێرنێت بووە بە دەنگی تاکەکان و گرووپە بچووکە کولتووری، سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان. ئینتێرنێت بووە بە مەیدانێکی جەماوەری بۆ ئاڵۆگۆڕکردنی گوتاری جۆراوجۆر، وەکوو گوتاری پێناسەی نەتەوەیی.
٣. بە پێچەوانی میدیای دیکە، بەکارهێنەری ئینتێرنێت دەتوانێ هەروەها نووسەر، داهێنەر و پێکهێنەری ناوەرۆک بێ. بۆ نموونە زۆر کورد چی دیکە ناچار نین تەنیا خوێنەر یان بینەری گوتاری پارتەکان لە سەر تەلەڤیزیۆن یان لە ناو کتێبدا بن؛ دەتوانن گوتاری تایبەتیی نەتەوەیی، چینی، تاکەکەسیی خۆیان هەبێ. دەتوانن تەعبیری نوێ چێ بکەن.
٤. دە گەڵ ئەم خاڵە باشانە، ئینتێرنێت خاڵی لاوازیشی هەیە. بۆ نموونە، ئێستاش خەڵک ناچاران کە بتوانن بخوێننەوە و بنووسن، ئەگەر بخوازن بە شێوەیەکی کاریگەر کەڵک لە بەشێکی زۆری ئینتێرنێت وەربگرن. واتە، ئینتێرنێت تا ڕادەیەکی زۆر ئێستاش گرێ دراوە بە نووسین. زاراوە جیاوازەکان مافی خۆیانە بە زمانی خۆیان بنووسن و بخوێننەوە. بەڵام، ئەو ئیحتیمالەش هەیە کە ئەوە تەسەوور و خەیاڵی گوتاری نەتەوەیی پارچە پارچە بکا. لە بەر ئەوە، دەکرێ بێژین بۆ کۆکردنەوە و یەککردنی وێنە خەیاڵییەکانی پێناسەی نەتەوەیی، تەلەڤیزیۆن ئامرازێکی کاریگەرتر بێ.
٥. هەروەها، ئینتێرنێت لە لایەن حکومەتەکانەوە سانسۆر و کۆنتڕۆڵ دەکرێ. تەلەڤیزیۆنی سەتەلایت سەربەستترە.
لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، ئینتێرنێت یارمەتی پێشکەوتن و زەنگین بوونی زمانی کوردی و لە ئەنجامدا پێناسەی نەتەویی کوردی دەدا.
سەردەمانێک کتێبی کوردی قەدەغە بوو؛ ئێستاش وەشاندن لە ژێر فشاردایە. ئەو کتێبانەش کە چاپ دەکرێن، یان زۆر کەمن، یان بە زەحمەت بڵاو دەکرێنەوە. ئینتێرنێت بووە بە دەزگای بڵاوکردنەوە و کتێبخانە. ئێستاش هەبوونی ڕۆژنامەیەکی بەڕاستی ڕۆژانە تەنیا بە حیزبە زەنگینەکان لە باشووری کوردستان دەکرێ. بەڵام، لە سەر ئینتێرنێت ئەوە زۆر ئاسانترە. لە سەر "یوتووب" وانەی کوردی هەیە و هەموو کەس دەتوانێ کورمانجی فێر بێ. ئینتێرنێت مەیدان و دەرەتانێکی گرینگی بۆ کورد ڕەخساندووە کە بتوانێ بڵێ کێیە، چی دەخوازێ.
ئەنجام
لە ئەنجامدا من وا فکر دەکەم کە لە سەرەتای ساڵەکانی ١٩٩٠ەوە زمانی کوردی و گوتاری پێناسەی کوردی کەوتۆتە قۆناغێکی زێدە نوێوە. چەند هۆکار هەبوون بۆ ئەم گۆڕانە [وەکوو لێکهەڵوەشانەوەی یەکیەتی سۆڤیەت، دان بە زمانی کوردیدا هێنان لە تورکیە، شەڕی کەنداو و چێکردنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە باشوور، پەیدابوونی ڕێفۆرمخوازەکانی ئێران و هتد). میدیا، بە تایبەت پەیدابوونی تی. ڤیی سەتەلایت و ئینتێرنێت، هاریکاریی ئەو گۆڕانەیان کردووە بۆ بەرژەوەندی و بووژانەوە و بەقیمەتبوون و پەرەپێدانی زمان و کولتووری کوردی. پێناسەی نەتەوەیی کورد و کوردستان بە هێزتر بووە. بەڵام، ئەم پێناسەیە جیاوازە لە پێناسەی نەتەوەیی ٢٠٠ ساڵی بەر لە ئێستای ئورووپا و ١٠٠ ساڵ لەمەوبەری وڵاتانی دیکە. ئەم پێناسە نەتەوەیییە لەوانەیە بە یەک زمان و یەک کولتوور پێناسە نەکرێ(ئان ژی، نەیێ پێناسەکرن). ئەمە ئەو پێناسە نەتەوەیییەیە کە تایبەتمەندیی سەردەمی دوای مۆدێڕنیزمە کە یەک ئیرادەیی و یەک ئامانج هەبوون لە یەکبوونی زمان و کولتووردا نابینێ، بەڵکوو یەکیەتی لە جیاوازیدا ساز دەکا. ئەوەش پڕ بە پێستی میدیای نوێیە(ئانگۆ، تام ل گۆرا میدیایا نوو یە). میدیای نوێ، وەکوو پێناسەی ئەم سەردەمە، هەمە ڕەنگ و هەمە زاراوە و هەمە کولتوورە. ئەوەش هیچ لە نەتەوەبوونی خەڵکێک کەم ناکاتەوە، بەڵکوو دەیگونجێنێ بۆ ئێستا و بۆ داهاتوویەکی ڕوون(ئانگۆ، میدیایا نوو، وەک پێناسەیا ڤێ سەردەمێ پررەنگ و پرزاراڤا یە، ئوو ئەڤ یەک تو تیشتەکی نەتەوەبوونا گەلەکی کێم ناکە، بەلکی زێدەتر وی گەلی ئامادە دکە ژ بۆ نها و داهاتوویەکە رۆناک).
ئەو دیتنانەی من کورتەیەک بوون لە ئەنجامی لێکۆڵینێکی مەیدانیی چەند ساڵە کە هەتا نها لە یەک کتێب و چەند گوتاری ئینگلیسیدا پێشکەش کراوە(ئان ژی هاتییە پێشکەشکرن). بەڵام، هێشتا زۆر ماوە بکرێ لە پێوەندی دەگەڵ دوو شتدا: ڕۆڵی میدیا لە نەتەوە دامەزراندندا بە گشتی و ڕۆڵی میدیا لە بەرەو پێشەوە چوون و گەشەکردنی زمانی کوردیدا.
مایکڵ هاڵیدەی دەبێژێ: زمان سیستەمێکی هێمایی کۆمەڵایەتییە و زمان هەرچی هەیە لە بەر کەڵکوەرگرتنەکان یان کەڵکوەرنەگرتنەکانی ئێمە مرۆڤەکانە. واتە زمانەکان لە خۆڕا لە دایک نابن و لە خۆڕاش نامرن، لە خۆڕا ڕەسمی و ناڕەسمی نابن، لە خۆڕا ستاندارد نابن، لە خۆڕا یاسامەند نابن، لە خۆڕاش گەشە ناکەن و پێش ناکەون. ئەمڕۆ زمانی کوردی هەرچی بێ، لە بەر ئەو چەشنە کەڵک لێوەرگرتنانە یان کەڵک لێوەرنەگرتنانەیە کە تەجرەبەی کردووە. گرینگترین بوارەکانی کەڵکوەرگرتن لە زمان، بریتین لە: خاووخێزان، دەوروبەر، فێرگە، بازاڕ و شوێنەکانی تری کۆمەڵایەتی و کولتووری، وەکوو شوێنی دوعا کردن، کاروباری دەوڵەتی و هەروەها میدیا. واتە، هەبوونی ئێستای زمانەکەمان، هەبوونی خۆمان، تەئسیری لە میدیا وەرگرتووە و وەردەگرێ. گەلێک لێکۆڵینەوەی مەیدانی، ڕەخنەگرانە و هەمەلایەنەی دیکە پێویستن بۆ ئەوە کە باشتر لە ڕۆڵی میدیا لە پێوەندی دەگەڵ زمان و پێناسە لە چوارچێوەی کوردان و کوردستاندا تێبگەین. بەڵکوو ئاوا بتوانین کەڵک لە ئەزموون و تەجرەبەکان وەربگرین بۆ گەشەکردنی زمانی کوردی، بۆ باشتر تێگەیشتن لە گوتارەکانی پێناسەی کوردی. هەروەها، بە لێکۆڵینەوەی زانیستییانە و ئەکادیمییانە لە ڕۆڵی میدیا لە پێوەندی دەگەڵ زمان و پێناسەی کوردیدا، لەوانەیە بتوانین تیۆری و میتۆدۆلۆژیی لێکۆڵینەوە لە زمان و پێناسە و میدیا لە ڕادەیەکی جیهانیدا، زەنگینتر و بە پێزتر بکەین.
ـــــــــــــــــــــــــــــــ
سەرچاوەکان:
Anderson, B. (1991 [1983]). Imagined communities: Reflections on the origin and spread of nationalism (Rev. ed.). London: Verso.
Fichte, J. G. (1986). Addresses to the German Nation. (R. F. Jones and G. H. Turnbull trans., G. A. Kelly Ed.). New York: Harper Torch Books.
Halliday, M. A. K. (1994): Introduction to functional grammar. London: Edward Arnold.
Hassanpour, A. (1998). Satellite footprints as national borders: MED-TV and the extraterritoriality of state sovereignty. Journal of Muslim Minority Affairs 18 (1), 53-72.
May, S. (2008). Language and minority rights: Ethnicity, nationalism and the politics of language. New York: Routledge.
McLuhan, M. (1962). The Gutenberg galaxy: The making of typographic man. Toronto: The University of Toronto Press.
McLuhan, M. (1964). Understanding media: The extensions of man. New York: Mentor Books.
Renan, E. (1990 [1882]). What is a nation? In H. K. Bhabha (Ed.), Nation and narration (pp. 8-22). London: Routledge.
Sheyholislami, J. (2012). Linguistic Minorities on the Internet. 2012. In Kirk St.Amant & Kelsey Sigrid (Eds.), Computer-Mediated Communication across Cultures: International Interactions in Online Environments (pp. 235-250). IGI Global publication.
Sheyholislami, J. (2011). Kurdish Identity, Discourse, and New Media. New York: Palgrave Macmillan.
Sheyholislami, J. (2011). Kurdistan. In George Barnett & Geoffrey J. Golson (Eds.), Encyclopedia of Social Networks, Vol. 1, pp. 473-4. London: Sage Publications.
Sheyholislami, J. (2010). Identity, language, and new media: The Kurdish case. Language Policy, 9(4), 289-312.
Sheyholislami, J. (2009). Minority Language Media: Concepts, Critiques and Case Studies. [Review of the book with the same title, edited by Mike Cormack and Niamh Hourigan (2007). Clevedon: Multilingual Matters.]. Canadian Journal of Communication, 34(4), 757-759.
Skutnabb-Kangas, T. & Bucak, S. (1995). Killing a mother tongue — how the Kurds are deprived of linguistic human rights. In Tove Skutnabb-Kangas & Robert Phillipson (Eds.), Linguistic human rights: Overcoming linguistic discrimination (pp. 347-370). New York: Mouton de Gruyter.
No comments:
Post a Comment