ده‌وڵه‌تێکی کوردی
ده‌وڵه‌تێکی کوردی
نووسینی: مارتین ڤان بڕاونێسن
وه‌رگێڕان له ئینگلیسییه‌وه: حه‌سه‌نی قازی
له 25ی ئووتی 1941، بریتانیاییه‌کان و ڕووسه‌کان هاوکات په‌لاماری ئێران یان دا و ڕه‌زا شایان، که پشتیوانی زۆر ئاشکرای له ئه‌ڵمان له خۆیه نیشان دا بوو،ناچار کرد له سه‌ر ته‌ختی شایه‌تی لاچێ و جێگای بدا به کوڕه‌که‌ی محه‌مه‌د ڕه‌زا. له گشت ئه‌و ماوه‌یه‌ی دا که شه‌ڕ به‌رده‌وام بوو، به‌شه باکوورییه‌کانی ئێران به ده‌ست سه‌ربازانی ڕوسییه و به‌شه باشوورییه‌کانی به ده‌ست بریتانیا داگیر کرابوون و ناوچه‌ی ناوه‌ندیی ئێرانیش به‌ناوچه‌ی بێلایه‌ن ڕاگه‌یێندرا بوو.له هه‌مان کات دا کۆنتڕۆڵی ده‌وڵه‌تی تاران به سه‌ر ئه‌و ناوچه ناوه‌ندییه دا ، که زۆربه‌ی کوردستانی وه‌به‌ر ده‌گرت،تا ڕاده‌یه‌کی یه‌کجار زۆر لاواز ببوو. سه‌رۆک عه‌شیره‌ت و خاوه‌نموڵکه گه‌وره‌کان ، که له زه‌مانی حوکمی ڕه‌زا شا دا له هه‌رێم دوورخرابوونه‌وه، ڕێگایان پێدرا بچنه‌وه زێدی خۆیان له کوردستان و، حه‌ولیان دا ده‌سته‌ڵاتی خۆیان وه‌ده‌ست بهێننه‌وه. له هه‌مان کات دا، لاوانی کوردی خوێنده‌واری شارستانی له مه‌هاباد، که له گه‌ڵ کورده ناسیۆنالیسته‌کان له عێڕاق له پێوه‌ندی دا بوون، کۆمه‌ڵه‌یه‌کی نهێنی یان دامه‌زراند به نێوی کۆمه‌ڵه‌ی ژیانه‌وه‌ی کورد (که به کورتی پێی ده‌گوترێ ژ.ک.) [ تێبینی وه‌رگێڕ ناوی ئه‌و کۆمه‌ڵه‌یه به ته‌واوی ساخ کراوه‌ته‌وه که کۆمه‌ڵه‌ی ژیانی کورد بووه]، که هه‌م ڕێکخراوه‌یه‌کی ناسیۆنالیست بوو و هه‌م له ڕووی کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه ڕادیکاڵ بوو.پارسه‌نگی نێوان هێزه‌کان له لایه‌ن که‌سایه‌تییه ناسراوه شارستانییه‌کان ڕاده‌گیرا وه‌کوو بنه‌ماڵه‌ی قازی له مه‌هاباد، که زۆر به ووشیاری و ووردییه‌وه پێوه‌ندی خۆیان هه‌م له گه‌ڵ حکوومه‌تی نێوه‌ندی ئێران و هه‌م له گه‌ڵ ڕووسه‌کان له ئازه‌ربایجان پاراست و، به‌کرده‌وه زۆر له ئه‌رکه‌کانی حکوومه‌تی ناوچه‌ییان به‌ڕێوه ده‌برد
به کۆتایی هاتنی شه‌ڕ پێشوه‌چوونه‌کان خێراتر بوون.. ڕووسه‌کان که بۆ ماوه‌یه‌ک بێ مه‌یل بون بۆ چۆل کردنی باکووری ئێران، پشتیوانیان کرد له پارتیی دێمۆکڕاتی ئازه‌ربایجان، که پارتییه‌کی چه‌پ بوو، کاتێک ئه‌و پارتییه ده‌سته‌ڵاتی ئه‌و ئه‌یاله‌ته‌ی باکووری ڕۆژئاوای به‌ده‌سته‌وه گرت و له مانگی دیسامبری ساڵی 1945 له‌وێ حکوومه‌تێکی خودموختاری دامه‌زراند. کۆمه‌ڵه پێمل کرا بوو سه‌رۆکایه‌تی قازیی محه‌مه‌د قه‌بووڵ بکا، که که‌سایه‌تی هه‌ره به‌توانا و به‌ده‌سته‌ڵاتی مه‌هاباد بوو و، ببێ به ڕێکخراوه‌یه‌کی زۆر کراوه‌تر و هه‌راوتری جه‌ماوه‌ری واته حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان. له 22ی ژانڤییه‌ی 1946 (2ی ڕێبه‌ندانی 1324ی هه‌تاوی) قازیی محه‌مه‌د جمهووری کوردستانی ڕاگه‌یاند، کوردی وه‌ک زمانی ڕه‌سمی جێی فارسی گرته‌وه
جمهووری کوردستان هه‌ر بریتی بوو له به‌شه‌کانی باکووری کوردستانی ئێران، واته هه‌رێمی به‌ربڵاوتری مه‌هاباد؛ ناوچه و مه‌ڵبه‌نده‌کانی به‌ر به باشوور هه‌ر له ژێر ده‌سته‌ڵاتی حكوومه‌تی تاران دا بوون. ئه‌ڕته‌شی جمهووری کوردستان که له تاکوته‌رای عه‌شیره‌تی ناوچه پێک هاتبوو، به هاتنی چه‌ندین هه‌زار جه‌نگاوه‌ری به ئه‌زموون له عێڕاقه‌وه له ژێر سه‌رۆکایه‌تی مه‌لا مسته‌فای بارزانی و برایه‌که‌ی شێخ ئه‌حمه‌د دا به‌هێزتر کرا. ئه‌وان له سێپتامبری 1945 دا په‌نایان هێنا بۆ ئێران دوای دامرکاندنه‌وه‌ی دوایین ڕاپه‌ڕینیان.مه‌لا مسته‌فا که له زێدی خۆی دوورخرابووه‌وه، بێ ئه‌وه‌ی گوێ بداته ئه‌و پاتراو بوونه ناوخۆییه، له ساڵی 1943 دا له سلێمانی یه‌وه گه‌ڕاوه بارزان و ئه‌و یه‌که‌یانه‌ی ئه‌ڕته‌شی شکاند که بۆ گرتنی ناردرابوون، هێزی بارزانی که نێوه نێوه به وتوووێژ و به شه‌رکردنه‌وه خه‌ریک بوو، تا دوایی شه‌ڕ خۆیان ڕاگرت، به‌ڵام په‌لامارێکی نوێی حکوومه‌ت ئه‌وانی له شوێنه سه‌ره‌کییه‌کانیان ده‌رپه‌ڕاند.جگه له بارزانییه‌کان، کوردی دیکه‌ی عێڕاقیش له گه‌ڵ وان له سنوور په‌ڕێنه‌وه و له جمهووری دا ده‌وری پچووکیان هه‌بوو.ئه‌وانه بریتی بوون له هێندێک ده‌سته‌ی پچووکتری عه‌شیره‌تان و له وان زۆر گرینگتر، چه‌ندین ئه‌فسه‌ری کوردی ئه‌ڕته‌شی عێڕاق ، که پێشتر وه‌ک ناوبژیوان ده‌نێو بارزانییه‌کان و حکوومه‌ت دا هه‌ڵسووڕابوون و هێندێکیان له نێو کۆڕ و کۆمه‌ڵی ناسیونالیستی دا چاڵاکییان هه‌ببوو. ئه‌و ئه‌زموونه سیاسی و نیزامییه ده‌سته‌ڵاتێکی به‌رچاوی بۆ مسۆگه‌ر کردبوون له مه‌هابادێ
له مانگی ئاوریلی 1946، دوای ئه‌وه‌ی یه‌کێتی شووڕه‌وی به‌ڵێنی ئیمتیازی زۆر گرینگی نه‌وتی وه‌رگرت، سه‌ربازانی ڕووسی ده‌ستیان کرد به چۆلکردنی ئێران. ڕاوێژکارانی سۆڤیه‌تی داوایان له حکوومه‌تی ئازه‌ربایجان و جمهووری کوردستان کرد به جۆرێک چاره‌سه‌رییه‌ک بۆ داوخوازه‌کانیان ببینه‌وه و له‌گه‌ڵ حکوومه‌تی تاران پێک بێن.له هه‌مان کات دا هێزی نیزامی خۆشیان به چاو حکوومه‌ت دا بده‌نه‌وه.قازیی محه‌مه‌د تێکۆشا ده‌ره‌جه‌یه‌ک له خودموختاری بۆ هه‌موو هه‌رێمی کوردستان وه‌ده‌ست بهێنێ. ئه‌وحه‌ولانه به مانگان درێژ بوونه‌وه، به‌ڵام هیچیان لێ شین نه‌بوو. له هه‌مان کات دا، جمهووری له به‌ر کێشه‌یه‌کی سنووری له گه‌ڵ ئازه‌ربایجان و زێده بوونی دژایه‌تی نێوخۆیی لاواز ببوو. ناسیۆنالیسته شارستانییه‌کان که له رێبه‌رایه‌تی سیاسی جمهووری دا ده‌ستیان زۆر ده‌ڕۆیشت، سه‌رۆک عه‌شیره‌ته‌کانیان خۆش نه‌ده‌ویست و به قووڵی لێیان دڕدۆنگ بوون، به‌ڵام به‌رگری له جمهووری به‌سترابووه‌وه به هێزه عه‌شیره‌تییه‌کان، به‌ره‌و کۆتاییه‌کانی وه‌رزی هاوین، چه‌ندین که‌س له سه‌رۆک عه‌شیره‌ته‌کان یان به ته‌واوی ڕۆیشتن و ریزه‌کانی جمهووریان به جێ هێشت یان سه‌ربه‌خۆ ده‌ستیان کرد به وتووێژی تایبه‌تی له‌گه‌ڵ حکوومه‌ت بۆ ئه‌وه‌ی له گه‌ڵی پێک بێنه‌وه.کاتێک دواجار له مانگی دیسامبر [1946] ئه‌ڕته‌شی ئێران به‌ره‌و مه‌هاباد هات، به بێ ئه‌وه‌ی ده‌ستی له به‌رانبه‌ر دا بکرێته‌وه ، ئه‌و شاره‌ی گرته‌وه. قازیی محه‌مه‌د و دوو له خزمه‌کانی، که خۆیان ڕاده‌ست کردبوو، له دادگه‌ی نیزامی دا به ئێعدام حوکم دران و له سێداره دران. مه‌لا مسته‌فای بارزانی و هێزه‌کانی گه‌ڕانه‌وه عێڕاق،له‌وێوه به شه‌ڕ به نێو تورکییه و باکووری ئێران دا
خۆیان گه‌یانده یه‌کێتی شووڕه‌وی و وه‌ک په‌نابه‌ر زیاتر له ده ساڵ له‌وێ ژیان. کولتووری کوردی که بۆ ماوه‌یه‌ک له مه‌هاباد ژیابووه‌وه، جارێکی دیکه له ئێران کپ و سه‌رکوت کرا
سه‌رچاوه
Susan Meiselas & Martin van Bruinessen, Kurdistan In the Shadow of History,The University of Chicago Press, Second Edition, 2008.P, 176
No comments:
Post a Comment