ساڵڕۆژی کۆچی دوایی ڕه‌حیمی قازی
ساڵڕۆژی کۆچی دوایی ڕه‌حیمی قازی
حه‌سه‌نی قازی
حه‌سه‌نی قازی
ئه‌مڕۆ 9ی مه‌ی2012 ، 21 ساڵ له کۆچی دوایی ڕه‌حیمی قازی ڕاده‌برێ. دوکتورهاشمی ئه‌حمه‌د زاده له لێکۆڵینه‌وه‌که‌ی دا سه‌باره‌ت به ڕۆمانی کوردی، ڕۆمانی "پێشمه‌رگه"ی ڕه‌حیمی قازی به یه‌که‌مین ڕۆمان به کوردیی سۆرانی داده‌نێ و له‌وباره‌یه‌وه ده‌نووسێ: "ڕه‌حیمی قازی، که هه‌م نووسه‌ر و هه‌م سیاسه‌تمدار و خه‌ڵکی کوردستانی ئێران بوو،ده‌کرێ به نووسه‌ری یه‌که‌م ڕۆمانی کوردی به سۆرانی دابندرێ، هه‌ر نه‌بێ به پێی تاریخی بڵاو بوونه‌وه‌ی ڕۆمانه‌که.چاره‌نووسی ئه‌و نووسه‌ره و کتێبه‌که‌شی له‌و کتێبانه‌ی باس کران که‌متر سه‌رنجڕاکێش نییه.له سه‌ر و به‌ندی جمهووری دێمۆکڕاتی کوردستان دا ده‌سته‌ڵاتدارانی کورد کۆمه‌ڵێک لاوی کوردیان بۆ خوێندن نارد بۆ یه‌کێتی سۆڤییه‌تی پێشوو.ڕه‌حیمی قازی یه‌کێک له‌و لاوانه بوو که له‌وێ خوێندی و له به‌شی مێژوو دا دوکتورای وه‌رگرت. له‌به‌ر ڕووخانی جمهوری کوردستان ئه‌و نه‌یتوانی بگه‌ڕێته‌وه کوردستان و له سۆڤییه‌ت ماوه .ئه‌و ڕۆمانه‌که‌ی خۆی، پێشمه‌رگه‌ی له باکۆ نووسی، که دوتر له ساڵی 1961 له به‌غدا چاپ کرا."
(Hashem Ahmadzadeh, Nation and Novel, A study of Persian and Kurdish Narrative Discourse,Acta Universitatis Upsaliensis.Uppsala, Sweden,2003. P.175)
له خواره‌وه ژیاننامه‌یه‌کی کورتی ڕه‌حیمی قازی ده‌خوێننه‌وه که دووساڵ له‌مه‌و به‌ر نووسیومه و له سه‌ر داوای هێندێک له ناسیاوان که له سه‌ر ئه‌ده‌بی کوردی لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی زانکۆییان به‌ده‌سته‌وه‌یه بۆم ناردوون
هه‌ر وه‌ها له‌م بۆنه‌یه دا کۆپی نامه‌یه‌کی بڵاو ده‌که‌مه‌وه که نیزیکه‌ی 36 ساڵ له‌وه پێش له باکۆ وه بۆ نووسیبووم. ئه‌و نامه‌یه له ڕویه‌که‌وه گرینگه چونکه باسی به‌شێک له به‌سه‌رهاتی حه‌ولی پۆل مۆبێک (کریس کۆچارا)ی تێدایه بۆ ئاماده کردنی که‌ره‌سته بۆ نووسینی کتێبی یه‌که‌می خۆی له سه‌ر مێژووی کوردستان که من هه‌م به پێ ناساندنی ڕه‌حیمی قازی و هه‌م دۆزینه‌وه و کۆپی کردنی به‌ڵگه له کتێبخانه‌ی سه‌لته‌نه‌تی بریتانیا یارمه‌تیم دا
ژیاننامه‌یه‌کی کورتی ڕه‌حیمی قازی
ره‌حیمی قازی (سه‌یفی قازی) سێهه‌مین کوڕی سه‌یفولقوزاته.دایکی وه‌جیهه‌ی جاوید له‌ترکانی ئازه‌ربایجانی و خه‌ڵکی ورمێ یه. ڕه‌حیم له ساڵی 1926ی زایینی له دێی گوێگجه‌لی له سه‌ر چۆمی جه‌غه‌توو له نیزیک شاری میاندواو له به‌ری کوردستانی چۆمی له دایک بووه.له مه‌هاباد خوێندنی سه‌ره‌تایی ته‌واو کردووه.له دێ ئاغایه‌تی کردووه و ئه‌ندامی کۆمه‌ڵه‌ی ژێکاف و دواتر پێشمه‌رگه‌ی کۆماری کوردستان بووه. مانگی ئاوریلی 1946ی زایینی له گه‌ڵ نیزیکه‌ی 50 خوێندکاری دیکه له لایه‌ن حکوومه‌تی کوردستانه‌وه بۆ په‌روه‌رده‌ی نیزامی و خوێندن نێردراوه
بۆ کۆماری ئازه‌ربایجان له باکۆ. به‌تێکچوونی کۆمار زۆربه‌ی خوێندکاران گه‌ڕانه‌وه ووڵات. به‌ڵام ڕه‌حیمی قازی و ژماره‌یه‌کی دیکه له خوێندکاران نه‌هاتنه‌وه و له‌وێ درێژه‌یان به خوێندن وچالاکی سیاسی دا.
به په‌ناهێنانی مه‌لا مسته‌فا و هاوڕێیانی بۆ ئازه‌ربایجانی شووره‌وی، کاربه‌ده‌ستانی خانه‌خوێ حه‌وڵ ده‌ده‌ن یارمه‌تی کورده‌کان بده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی له ڕووی سیاسی و نیزامی و په‌روه‌رده‌ییه‌وه خۆیان ڕێک خه‌نه‌وه. بۆ ئه‌و مه‌به‌سته کورده‌کان ڕێکخراوه‌یه‌ک پێک ده‌هێنن به سه‌رۆکایه‌تی مه‌لا مسته‌فای بارزانی وجێگرێتی ڕه‌حیمی قازی. ئه‌و ته‌شکیلاته دوای ماوه‌یه‌کی کورت نامێنێ. کورده‌کانی ڕۆژهه‌ڵات ده‌ست ده‌که‌ن به هاوکاری له گه‌ڵ فیرقه‌ی دێمۆکڕاتی ئازه‌ربایجان و لاپه‌ڕه‌یه‌ک له ڕۆژنامه ئازه‌ربایجان به شێوه‌زاری کوردیی موکری وه‌کوو ئۆرگانی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان له ساڵی 1947 وه بڵاو ده‌که‌نه‌وه،هه‌ر وه‌ها ڕادیۆیه‌کیش وه‌ڕێ ده‌خه‌ن به زمانی کوردی که ئه‌و ڕادیۆیه له سابڵا‌غ و ده‌ورو به‌ری نێو نرابوو "ڕادیۆ دزه ".ڕۆژنامه‌که ڕه‌حیمی قازی به هاو کاری عه‌لی گه‌لاوێژ به‌ڕێوه‌ی ده‌با. ئه‌و ڕۆژنامه یه‌ک لاپه‌ڕه‌ییه هه‌تا ساڵی 1963 و پتر له 1300 ژماره‌ی لێ بڵاو کراوه‌ته‌وه.ده ڕاستی دا ئه‌زموونی نووسه‌ری ڕه‌حیمی قازی ئی ئیدیت کردن و نووسین له‌و ڕۆژنامه‌یه دایه. له کۆتایی 1947 وه تا یه‌کگرتنه‌وه‌ی فیرقه‌ی دێمۆکراتی ئازه‌ربایجان له گه‌ڵ حیزبی تووده‌ی ئێران ڕه‌حیمی قازی له پێکهاته‌ی رێبه‌ری فیرقه دا یه‌کێک له جێگره‌کانی سه‌دری فیرقه‌ی دێمۆکراتی ئازه‌ربایجان بووه.
له ساڵانی 50ی زایینی دا به ئیلهام وه‌رگرتن له کورته به‌سه‌رهاتی مام مامه‌ند و ئه‌زموونی چالاکی سیاسی خۆی له ژێکاف، حیزبی دێمۆکڕات و کۆماری کوردستان دا ڕۆمانی "پێشمه‌رگه"ی نووسیوه که زۆر زوو وه‌رگێڕدراوه‌ته سه‌ر زمانانی ئازه‌ربایجانی و هه‌رمه‌نی و له ڕاستیدا وه‌رگێڕانه‌که‌ی به‌ر له نوسخه‌ی ماک چاپ کراوه. قازی له ساڵی 1958 "پێشمه‌رگه" ی ته‌واو کردووه و یه‌که‌م جار له ساڵی 1961 له به‌غدا به کوردی چاپ کراوه."پێشمه‌رگه" هه‌تا ئێستا 4 جار به کوردیی سۆرانی و 2 جار به کوردیی کورمانجی ( له سوێد و کوردستانی ترکییه) چاپ کراوه.
هه‌ر وه‌ک پێشتر باس کرا ڕه‌حیمی قازی له باکۆ،ئازه‌ربایجانی شووره‌وی درێژه‌ی به خوێندن داوه و له ساڵی 1954 له زانکۆی باکۆ له به‌شی تاریخ‌دا دوکتورای وه‌رگرتووه. هێندێک له کاره‌کانی دیکه‌ی ڕه‌حیمی قازی بریتین له: وه‌رگێڕانی چه‌ند به‌ش له کتێبی" له زیندان و ئازادی دا" نووسینی یوستن گیل، به‌شێک له ڕۆمانی: " به‌ره‌و لێواره‌کانی ده‌جله" نووسینی حاجی مورادی موگویێڤ، به‌شێک له ڕۆمانی مێژوویی "دیپڵۆمات " نووسینی جه‌یمز ئاڵدریچ، هێندێک له‌وانه به زنجیره له ڕۆژنامه‌ی "کوردستان"ی چاپی باکۆ دا بڵاو کراونه‌ته‌وه. ڕه‌حیمی قازی له ساڵی 1986 کتێبێکی به فارسی و کوردی نووسیوه به‌ناوی " قازی محه‌مه‌د و بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی کورد" که هه‌تا ئێستاش چاپ نه‌کراوه.کتێبکی دیکه‌ی به نێوی خواسته‌مه‌نی کوڕی کورد به زمانی ترکی ئازه‌ربایجانی له باکۆ ده‌رکه‌وتووه
ڕه‌حیمی قازی له مانگی مارسی 1979 دوای 33 ساڵ دووری له زێدی خۆی هاته‌وه کوردستان. ڕێژیمی پاشایه‌تی پاشمله حوکمی ئێعدامی بۆ بڕیبووه‌وه که له ساڵی 1979 ئه‌و به‌ڵگانه‌ی ده‌ست که‌وت. له کۆنگره‌ی چواره‌می حیزبی دێمۆکرات له ڕه‌شه‌مه‌ی 1358 وه‌ک ئه‌ندامی کۆمیته‌ی نێوه‌ندی هه‌ڵبژێردرا، چه‌ند مانگ دواتر له گه‌ڵ 6 ئه‌ندامی دیکه‌ی سه‌رکردایه‌تی حدکا له باڵی زۆربه‌ی سه‌رکردایه‌تی جوێ بوونه‌وه و بۆ ماوه‌یه‌ک وه‌ک "پێڕۆیانی کۆنگره‌ی چواره‌م" درێژه‌یان به چالاکییه‌کانیان دا و هێنده‌ی پێ نه‌چوو له به‌ریه‌ک بڵاو بوون
ڕه‌حیمی قازی له ساڵی 1981 بۆ ئاگاداریی له نه‌وه‌یه‌کی نه‌خۆشی دیسان چووه‌وه باکۆ. له‌و ماوه‌یه‌ی که له کوردستان بوو " پێشمه‌رگه"ی چاپ کرده‌وه و دوو کتێبی دیکه‌شی بڵاو کرده‌وه: "باسێک له مه‌ڕ مه‌حاکه‌مه‌ی پێشه‌وا قازی محه‌مه‌د، به بۆنه‌ی 80-مین ساڵی له دایک بوونی، به‌هاری 1359" و " قازی محه‌مه‌د و مه‌سه‌له‌ی خودموختاری کوردستانی ئێران، له بڵاوکراوه‌کانی بنکه‌ی تیشک"
ره‌حیمی قازی له 9ی مه‌ی 1991 له به‌ر نه‌شته‌گه‌ریی هه‌ڵه له نه‌خۆشخانه‌یه‌کی باکۆ ماڵاوایی له ژیان کرد و له‌وێ له گۆڕستانێک به نێوی یاساماڵ نێژراوه
No comments:
Post a Comment