Sunday, December 1, 2013

كوڕدەکان لە قەیرانی سوورییە دا

كوڕدەکان لە قەیرانی سوورییە دا

ووتاری دوکتور عه‌بباس وه‌لی، زانکۆی بۆغازیچی له‌ کۆنفڕانسێکدا له‌ پاریس، 13ی نۆڤامبری 2013 تێبینی: ئه‌م بابه‌ته‌ له‌ ڤیدێۆی ئه‌م ووتاره‌ ڕا دابه‌زێندراوه‌ و له‌ زمانی ئینگلیسییه‌وه‌ حەسەن قازی کردوویەتە کوردیی سۆرانی

ڕه‌نگه‌ باش ئه‌وه‌ بێ ئه‌من له‌وجێیه‌وه‌ ده‌ست به‌ قسه‌کانم بکه‌م که‌ مایکڵ ته‌واوی کرد (مه‌به‌ستی دوکتور مکاییل لیزنبێرگ ه‌). ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ که‌ خوێندنه‌وه‌ی منیش له‌و هه‌لومه‌رجه‌ی له‌ گۆڕێ دایه‌ ئه‌گه‌ر بمه‌وێ به‌ گشتی بڵێم ته‌واو به‌دبینانه‌یه‌. ئه‌وه‌ نوخته‌یه‌که‌ من جه‌ختی له‌ سه‌ر ده‌که‌مه‌وه‌ و چه‌ندین هۆی هه‌یه‌ و ئارگومێنتی زۆری ده‌وێ که‌ باسی لێوه‌ بکرێ و قسه‌که‌ دابمه‌زرێ.

ئه‌من زۆرم پێ خۆشه‌ باسی ئه‌وه‌ بکه‌م، ئه‌گه‌ر دۆستان لێره‌، ئه‌گه‌ر ئاماده‌بووان لێره‌ پرسیار بکه‌ن منیش ووڵام ده‌ده‌مه‌وه‌. به‌ڵام ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێمه‌وه‌ سه‌ر بابه‌تی سه‌ره‌کی که‌ لێره‌ له‌ به‌ر باس دایه‌ ڕه‌نگه‌ باش بێ به‌ گێڕانه‌وه‌ی ته‌جروبه‌یه‌که‌وه‌ ده‌ست پێبکه‌م که‌ چه‌ند حه‌فته‌ له‌وه‌ پێش شاهیدی بووم. له‌ کۆبونه‌وه‌یه‌کی داخراودا که‌ به‌ شێوه‌ی سه‌ره‌کی دیپڵۆماتانی ڕۆژئاوایی، هێندێک پایه‌به‌رز، هێندێک پسپۆڕ و چه‌ند ڕۆژنامه‌نووسێک تێیدا به‌شدار بوون پرسیارێکی که‌ به‌ ده‌نگێکی زۆر نیگه‌رانه‌وه‌ له‌ لایه‌ن دیپڵۆماتێکی زۆر پایه‌به‌رزه‌وه‌ هاته‌ گۆڕێ ئه‌وه‌ بوو که‌ گه‌لۆ ئێمه‌ ئێستا شاهیدی کۆتایی هاتنی په‌یمانی سایکس- پیکۆ ین؟ گه‌لۆ ئه‌وه‌ کۆتایی سایکس – پیکۆ یه‌ ئێمه‌ ده‌یبینین؟ ده‌ڕاستییدا پرسیاره‌که‌ ڕووی له‌ من بوو کاتێک که‌ من قسه‌م ده‌کرد. ووڵامی من نا بوو! ئه‌وه‌ی ده‌یبینین کۆتایی سایکس – پیکۆ نییه‌. هۆیه‌که‌شی ئه‌وه‌یه‌ مه‌سه‌له‌که‌ له‌ پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ کورداندا دێته‌ گۆڕێ. ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ گه‌لۆ کورد له‌ ئاکامی ئه‌و وه‌زعه‌ی له‌ گۆڕێ دایه‌ چییان ده‌ست ده‌که‌وێ؟

دیاره‌ هه‌ر شتێک، که‌ هه‌ر جۆره‌ گرینگییه‌کی هه‌بێ و پێوه‌ندی په‌یدا بکاته‌وه‌ به‌ سه‌روه‌ری و حوکمی سه‌روه‌ر خۆی له‌ خۆیدا پێویست ده‌کا به‌ گۆڕینی ئه‌و تەرتیباته‌ی که‌ په‌یمانی سایکس – پیکۆ ڕێکی خست. جابۆیه‌ ئه‌وه‌ وا نابێ و ئاکامێکی ئه‌وتۆ به‌ ته‌واوی دژواره‌ بێته‌ گۆڕێ و له‌ ناوچه‌ سه‌ر هه‌ڵدا. ئه‌وه‌ی له‌ هه‌رێمدا ده‌مانبێ ئەوەیە مه‌سه‌له‌ی کورد به‌وجۆره‌ که‌ له‌ ساڵانی 1980کانه‌وه‌ پێش که‌وتووه‌ به‌ شێوه‌ی چوار مه‌سه‌له‌ی جیاوازی کورد خۆی ده‌رده‌خا و ده‌ره‌تانی ئه‌وه‌ی که‌ بکرێ مه‌وجوودییه‌تێکی زۆر خۆڕاگرتر پێک بهێنن به‌ بۆچوونی من هه‌تابڵێی که‌مه‌. ئه‌وه‌ خوێندنه‌وه‌یه‌کی گشتی منه‌ له‌ سه‌ر ئه‌و هه‌لومه‌رجه‌ی له‌ گۆڕێ دایه‌.

ڕێگا بده‌ن بچینه‌وه‌ سه‌ر سوورییه‌. سوورییه‌ نموونه‌یه‌کی تایبه‌تی یه‌ که‌ له‌ هه‌لومه‌رجێکی گشتی ده‌رکه‌وتووه‌ که‌ له‌ پێشدا له‌ توونس ده‌ستی پێکرد و دوایه‌ میسری داگرت و هه‌ر وه‌ک ڕێبه‌ری سوورییه‌ گوتی " ڤیرووس" ه‌که‌ گه‌یشته‌ سوورییه‌ش. ڤیرووسه‌که‌ گه‌یشته‌ سوورییه‌، به‌ڵام به‌ شێوه‌یه‌کی زۆر تایبه‌تی (ئه‌من قسه‌کانی وی دووپاته‌ ده‌که‌مه‌وه‌).سه‌رهه‌ڵدان له‌ سوورییه‌ بۆ داوخوازی دێمۆکڕاتی و پێشکه‌وتنی دێمۆکڕاسی و له‌ پێناو دێمۆکڕاسی له‌ سووریادا ده‌ستی پێکرد به‌ڵام وه‌ک بابه‌تێکی خۆجێیی هێنده‌ی نه‌خایاند چونکه‌ دواتر هێزه‌ بێگانه‌کان به‌ سه‌ر بار و دۆخه‌که‌دا زاڵ بوون و ئه‌و هێزه‌ بێگانانه‌ درێژه‌یان دا به‌ شه‌ڕی خۆیان له‌ نێو سووریادا له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان به‌ڵام به‌ ئاسایی و به‌گشتی له‌ ڕێگه‌ی هێزی به‌وه‌کاله‌ته‌وه‌. و یه‌کێک له‌ هۆیه‌کانی درێژه‌ کێشانی ئه‌وه‌ و باڵانسی ناتوانایی هێزه‌کان بۆ ئه‌وه‌ی به‌ سه‌ر یه‌کتری دا سه‌رکه‌ون له‌ سوورییه‌ له‌ ئاکامی هه‌لومه‌رجی قه‌یرانێکی نه‌ته‌وه‌یی یه‌ که‌ هێزه‌ هه‌رێمییه‌کان به‌ سه‌ری دا زاڵن و دیاری ده‌که‌ن و ئه‌و هێزه‌ هه‌ڕێمییانه‌ شه‌ڕه‌کانی خۆیان به‌ ڕێگای هێز و ڕێکخراوی به‌وه‌کاله‌ته‌وه‌ ده‌که‌ن. و ئه‌وه‌ یه‌کێک له‌و هۆیانه‌یه‌ که‌ ئه‌و قه‌یرانه‌ هه‌ر به‌رده‌وامه‌. به‌ ووته‌یه‌کی دی ئه‌گه‌ر ئێمه‌ بمانه‌وێ له‌ مه‌ڕ دینامیکی ئه‌و قه‌یرانە بزانین ئه‌وه‌ له‌ چه‌ند ڕوویه‌که‌وه‌ ڕێزپه‌ڕ و تاقانه‌یه‌. ڕه‌نگه‌ لێره‌ دا وێکچوونێک هه‌بێ له‌گه‌ڵ ئه‌و وه‌زعه‌ی که‌ له‌ ساڵی 2009 له‌ ئێران هاته‌ گۆڕێ. ئه‌و قه‌یرانەی ئێستای سووریا‌ ئیدی قه‌یرانی مه‌شڕووعییه‌تی ڕێژیم نییه‌، ئه‌وه‌ قه‌یرانی سه‌روه‌ری ڕێژیمه‌که‌یه‌. ئه‌وه‌ قه‌یرانی ڕێژیمێکه‌ که‌ ناتوانێ به‌ شێوه‌یه‌کی کاریگه‌ر هێز و ده‌سته‌ڵاتی خۆی به‌ کار بهێنێ و ئه‌و ئاکامانه‌ی ده‌یه‌وێ پێی بگا و ئه‌وه‌ به‌رده‌وامه‌. ئه‌من پێم وایه‌ ئه‌گه‌ر ئێمه‌ بمانه‌وێ ته‌ماشای دینامیکی قه‌یرانی سوورییه‌ بکه‌ین، ئه‌وه‌ تا ڕاده‌یه‌کی زۆر له‌ ده‌ره‌وه‌ی خۆیه‌تی. زۆر له‌ نێو خۆی دا نییه‌، له‌ ده‌ره‌وه‌ی خۆیه‌تی. ئه‌وه‌ ڕاسته ‌که‌ ئێستا سوورییه‌ نیزیکه‌ی ساڵ و نیوێکه‌ که‌ ئێران و حیزبوڵا به‌ شێوه‌ی کاریگه‌ر فه‌رمانڕه‌وایی به‌ سه‌ر دا ده‌که‌ن. و ئه‌و حوکمه‌ کاریگه‌رانه‌یه‌ یانی ئه‌وه‌ ئێران و حیزبوڵان که‌ له‌وێ ده‌ستیان ده‌ڕوا.

ئه‌من ده‌ڵێم که‌ ستروکتووری هێزی به‌عس له‌وێ له‌ سه‌ر جێی خۆیه‌تی،به‌ڵام ستروکتووری هێزی به‌عس ناتوانایی خۆی نیشان داوه‌ ئه‌گه‌ر بمانه‌وێ له‌ ڕوانگه‌ی زانستی سیاسییه‌وه‌ لێی بدوێین. ده‌رده‌که‌وێ که‌ به‌شێکی زۆر له‌ هێزی خۆی داوه‌ته‌ ده‌ست خه‌ڵکی دی و ته‌نێ بووه‌ به‌ ده‌زگایه‌کی تۆقێنه‌ر که‌ له‌ لایه‌ن سپای پاسدارانی ئێرانه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ ده‌چێ و له‌ هێندێک ڕووه‌وه‌ حیزبوڵا پشتی ئه‌و کاره‌ ده‌گرێ.

له‌ لای دیکه‌ی شانۆی ئه‌م چیرۆکه‌ دا عه‌ڕه‌بستانی سعوودیمان هه‌یه‌. عه‌ڕه‌بستانی سعوودی چه‌کی سووک و پاره‌ ده‌نێرێ، نه‌ک چه‌کی قورس و هێزی له‌ مه‌ڕ خۆی ته‌یار ده‌کا و وه‌گه‌ڕی ده‌خا که‌ له‌وێ خه‌ریکی نه‌به‌ردن بۆ ئه‌وه‌ی له‌وێ باڵاده‌ستی خۆیان بپارێزن.

تورکیا‌ش ئاکتۆرێکی دیکه‌یه‌ له‌وێ. به‌ باوەری من موحاسه‌به‌کانی تورکیا له‌ مه‌ڕ سوورییه‌ به‌ شێوه‌یه‌کی بنه‌ڕه‌تی هه‌ڵه‌ بوون. ئه‌من پێم وایه‌ تورکیا‌ هه‌ر هه‌مان ئه‌و هه‌ڵه‌یه‌ی دووپاته‌ کرده‌وه‌ که‌ بۆ ماوه‌ی ١٠ ساڵ لە کوردستانی عێڕاق کردی. ستراتێژیستەکان لە ئانکارا حەولیان دا لە سەر بنەمای زنجیرەیەک موحاسەبە لەپێوەندی لەگەڵ پ.ک.ک.دا چاو لە کوردستانی عێڕاق بکەن و دەرەتانی پێوەندی یان دژایەتی لە گەڵ حکوومەتی کوردستانی عێڕاق دامەزرێنن و ئەوە هەڵە بوو. ئەمن پێم وایە هەنگێ تورکیا دەستی پێکرد کە دەست لەو جۆرە سیاسەتە ئەفرۆزکەرانەیە هەڵگرێ، لەوەدا سەرکەوتنی بە دەست هێنا و پێوەندی لە گەڵ حکوومەتی هەرێمیی کوردستان دامەزراند و ئەو پێوەندییە وەک ئێمە هەموومان دەزانین بەرەو پێش دەچێ. ئەمن پێم وایە تورکیا هەر بەو شێوەیە لە پێوەندی لە گەڵ سووریادا هەر هەمان سیاسەتی وەبەر گرت. لە هەر چاوپێکەوتن و کۆنفڕانسێکدا لە ئەستەنبووڵ بە مەبەستی لە دەوری یەکتر کۆ کردنەوەی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا، کە ژمارەشیان زۆر بوو ، ئەوانە بەو جۆرە ڕێک دەخران کە تێیاندا کوردەکان لە بەرچاو نەگیرێن و لە دەرەوەی ئەو جۆرە چاوپێکەوتن و کۆنفڕانسانەدا بهێڵدرێنەوە و ئەگەر بە تەواویش دەستیان بە سینگەوە نەندرێ بەڵام هەر چۆنێک بێ بخرێنە پەراوێزەوە. ئەو سیاسەتە هەڵنەسووڕا. ئەمن لەو باوەڕە دام یەکێک لە هۆیەکانی کە پەیەدە ڕیشەی داکوتا و خۆی پتەو کرد لە بەر ئەو جۆرە حەولانە بوو کە بۆ تاق خستنەوەی درا.

لەو پێوەندییەدا ئەگەر لە ڕوانگەی نێو نێونەتەوەییەوە لێی بڕوانین ڕووسییە دەبینین کە ئاکتۆرێکی چالاکە لە شانۆی سیاسیدا لە سووریا. بە بۆچوونی من بە پێچەوانەی ئەوەی لەم کۆنفڕانسەدا گوترا ڕووسییە ئەو بەرژەوەندییە ستراتێژیکییەی لە ناوچەکەدا نییە. بۆ نموونە ئەو پێگە دەریاییەی لەوێ هەیەتی بەگشتی گرینگی زۆری نییە.بەڵام ئەوەی ڕووسییە لەوێ هەیەتی کارتێکی گەورەی بەرەوەیە و ئەمن پێم وایە ڕووسییە حەول دەدا ئەو کارتە بە شێوەیەکی کاریگەرانە بەکار بهێنێ بۆ ئەوەی بتوانێ ئەوەندەی هەڵدەسووڕێ ئیمتیازی لە ڕۆژئاوا (غەرەب) پێ وەربگرێ.

لە لایەکی دیکەوە یەکێتیی ئوڕووپا و دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا هەن کە شەریکی زۆر نابەدڵن لەم قەیرانەدا. ئەوان نایانەوێ ئاکامی ئەوتۆ ببینن کە پێیان خۆش نییە بیبینن. ئەوان ئامادە نین ڕاستە و ڕاست خۆ تێوەردەن و با ئێستا بیێنەوە سەر هێزە کوردییەکان لەوێ.

بە بۆچوونی من بە لەبەرچاوگرتنی ئەو بارودۆخەی نێو سووریا کە ئێستا بۆ ماوەی زیاتر لە ٢ ساڵە لە ئارادایە بە بیر و ڕای من لێکدانەوە ستراتێژییەکانی پەیەدە دروست بوون. ئەمن پێم وایە لێکدانەوە ستراتێژییەکانی پەیەدە لە سەر ئەو بنەمایە داندرابوو کە ئێران و ڕووسییە ئەو پەڕی حەولی خۆیان دەدەن بۆ بەرگری لە رێژیمی سووریا و لەو هەڵوێستە پاشگەز نابنەوە.ئەگەر مرۆڤ چاو لە چاپەمەنی ئێران بکا دەزانێ کە تێخوێندنەوەیەکی ئەوتۆ دژوار نەبوو. دوو ساڵ لەمەوبەر کاتێک کە قەیرانەکە قووڵتر دەبووەوە ئایەتوڵا خامەنەیی لە ئێران گوتی: ئێمە ( واتە ئەو و ڕێژیمەکەی) ئەو جۆرەی کە بەرگری لە تاران دەکەین هەر ئاواش دیفاع لە دەمیشق دەکەین. ئەو بە ئاشکرایی ئەوەی گوت. ڕووسەکانیش بە ڕاشکاوی ڕایانگەیاند لە شانۆی نێونەتەوەییدا ئەوان لە هەڵوێستی خۆیان پاشگەز نابنەوە و ئەمن پێم وایە تاقە سەرکەوتنی دیپڵۆماسی ڕووسییە گۆڕانی چاوەڕوان نەکراوی هەڵوێستی پڕێزیدێنت ئۆباما بوو. گۆڕانێکی ناکۆک. ئەوان لە لایەکەوە هەرایەکی زۆریان نابووەوە کە ئەسەد و شەریکەکانی هێڵی سووریان تێپەڕاندووە و مەبەستیان لە تێپەڕاندنی ئەو هێڵە سوورە بەکارهێنانی چەکی شیمیایی بوو بە دژی خەڵکی مەدەنی و ئۆپۆزیسیۆن لە سووریا. ئەوان لە لایەکەوە پێداگرییان دەکرد کە ئەوە کراوە، لە لایەکی دیکەوە لە فکری تێپەڕاندنی هێڵی سوور لە لایەن سووریاوە پاشگەز بوونەوە و چارەسەرییەکی دیپڵۆماتیکیان وەبەر گرت، ئەوەش بە لە نێو بردنی چەکی شیمیایی سووریا دەستی پێکرد. گەلۆ ئەوە بە سەرکەتووییەوە جێ

بە جێ دەکرێ یان نا ئێمە نازانین.بەڵام قسە لە سەر ئەوەیە کە دیپڵۆماسی ڕووسییە لە مەیدانی نێونەتەوەییدا سەرکەتوو بوو، پێش کەوت و کارتێکەری هەبوو لە سەر بڕیار دان لە سووریا.

ئەمن پێم وایە لایەنێکی دیکەی لێکدانەوەی ستراتێژیکی پەیەدە بریتی بوو لەوەی کە ئەوانەی کە دژی ڕێژێم دەبزوونەوە تا ئەو جێی بیر بۆی دەچێ مەیلی ئەوەیان تێدا بەدی ناکرێ کە سیاسەتێکی لانی زۆری دژایەتی خۆیان بەکار بهێنن و ئەو بۆچوونەش دروست بوو، نە دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و نە یەکێتیی ئوڕووپا و تەنانەت تورکیاش چاوەڕێی چرای سەوز نەبوون بۆ ئەوەی ڕاستەوڕاست لە بارو دۆخەکەوە بگلێن. ئاکامی ئەوە درێژە کێشانی شەڕی بە وەکالەت بوو کە ئێستاش درێژەی هەیە.مرۆڤ چاوەڕوانی دەکرد کە گۆڕانەکان لە ئێران لە وانە بوو بگەنە گۆڕان لە سیاسەتی ئێراندا بە نیسبەت سووریا. بەڵام من لەو ڕووەوە خۆشبین نەبووم. ئەمن پێم وا نییە ئەو سیاسەتە بەو زووانە بگۆڕدرێ. نەک لەبەر ئەوەی کە جێی ئەحمەدی نەژاد زەلامێکی جوانتر، ڕووحانی گرتوویەتەوە. ئەوە وا نییە ، مەسەلەکە زۆر لەوە قووڵترە. لە ڕووی ستراتێژیکەوە ئەوە ڕاستە کە حکوومەتان دێن و دەڕۆن، بەڵام بەرژەوەندی ستراتێژی دەوڵەتان وەک خۆیان دەمێننەوە. هەر حکوومەتێک لە ئێران لە سەر کار بێ ،زۆر بە هاسانی دەست هەڵناگرێ و دەست بەرناداتەوە. دەکرێ هێڵی ئەوان گۆڕینی حکوومەت بێ،نەک گۆڕینی رێژیم. ئەوان گۆڕینی حکوومەت لە سووریا قەبووڵ دەکەن بەڵام گۆڕینی ڕێژیم لەوێندەرێ قەبووڵ ناکەن.

ئەوەش ئێمە دەهێنێتەوە سەر ئەو نوختە سەرەکییە کە ئەمن دەمەوێ بیهێنمە گۆڕێ – بە ڕواڵەت من زۆر کەمم کات ماوە – ئەویش ئەوەیە کە هەر وەک لە ووڵامی دیپڵۆماتە پایە بەرزەکەدا گوتم گۆڕانێکی قووڵ ڕوونادا و لەو ڕووەوە ئەوە دووپاتە نابێتەوە کە لە پەیمانی سایکس – پیکۆدا کرا. مەسەلەی کورد لە چوار بەشی خۆیدا بەردەوام دەبێ و لەو چوار بەشەدا حکوومەتەکان لە تورکیا، لە ئێران ، حکوومەتەکان دەست لە ڕوانگەی ئەمنی خۆیان لە مەڕ مەسەلەی کورد هەڵناگرن.لە ڕوانگەی ئەوانەوە مەسەلەی کورد وەک مەسەلەیەکی مەدەنی دێمۆکڕاتیک بۆ ئازادی و ماف چاوی لێ ناکرێ بەڵکوو ئەوان مەسەلەی کورد وەکوو مەسەلەیەکی ئەمنی – ستراتێژی دەبینن. ئێمە زۆر شت دەبینین: بۆ نموونە لە ئێران کە ڕووحانی هاتە سەر کار و جڵەوی حکوومەتی بە دەستەوە گرت کوردەکان لە کوردستانی ئێران، کۆمەڵگەی کوردی لە ناوچەی جۆر بە جۆری ئوستانەکوردییەکان لە کوردستانی ئێران بە بەربڵاوی دەنگیاندا بە ڕووحانی. ئەگەر مرۆڤ تەماشای ئاکامی هەڵبژاردنەکان بکا لە ڕووی دەنگی هەرە زۆر دانەوە دەبینێ لە پلەی دووەمدا بوون دوای بەلووچستان، کە ئەوێش ناوچەیەکی سنووری یە کە دەنگی دا بە ڕووحانی. وەک دەزانین بەلووچستانیش هەرێمێکی ئێتنیکی یە و لەوێش بزووتنەوە هەیە. یانی خەڵک هەر وەک لە زەمانی خاتەمی کردیان و دەنگیان دایە. ئەوان گۆڕان و ڕێفۆڕمیان دەوێ ڕووحانی ڕایگەیاند وەزیرێکی تایبەتی دادەنێ بۆ کاروباری ئێتنیکەکان، دانانی ئەو وەزیرە وە دی نەهات. ئەوە تا ئێستا نەکراوە. ئەوەی ڕووحانی کردوویە ئەوەیە کە ڕاوێژکارێکی دەبەر کار ناوە، مەلایەک بە نێوی یوونسی و ئەوەی کە زۆر چاوڕاکێشە ئەوەیە کە کاتێک سەبارەت بەو شەپۆلی تازەی لە سێدارە دانانە لە کوردستان پرسیاری لێ کرا، هەر ئەوەندەی گوت کە ئاگای لێیان نییە. ئەوەش زۆر گرینگە ڕاوێژکاری پرێزیدێنت دەڵێ خەبەری نییە و ئەوەش مانای زۆرە.

دەردەکەوێ لەو ڕووەوە کار بە دەستی حکوومەت نییە و لە بەر ئەوەی بابەتەکە " ئەمنی" یە لە لایەن ئەو ڕێکخراوانەوە ئیدارە دەکرێ کە ڕاستەوڕاست لە لایەن خامەنەیی و سپای پاسدارانەوە بەڕێوە دەبردرێن.هەر وەک تورکیا ئەوە گرینگە لە بیرمان بێ ئەوکەسەی کە مەئموور کراوە لە لایەن دەوڵەتەوە لە گەڵ ئاغای ئوێجاڵان وتووێژ بکا سەرۆکی ئیدارەی ئیستیخباراتە نەک سیاسەتمەدارێکی مەدەنی.

ئەوەش زۆر گرینگە. هۆی بەدبینی من زاڵبوونی ئەو ڕوانگە ئەمنی یەیە سەبارەت بە مەسەلەی کورد. لە فەلسەفەی سیاسیدا دەکرێ بە کێشەی ئەمنی ناوی هەڵبدرێ و تەنانەت ڕووداوێکی گرینگیش کە ئەو هەموو بە خۆشییەوە وەرگیراوە هەر وایە. ئێوە ئەگەر تەماشای ئەو سەفەرەی ئاغای بارزانی بکەن کە پلان کراوە سەردانی دیار بەکر بکا و هاوکات لە گەڵ ئاغای ئەردۆغان لەوێ بێ شتێک نییە لە دەرەوەی ئەو موحاسەبە ئەمنی یە. ئەمن پێم وایە هۆی ئەوەی کە ئاغای ئەردۆغان پێی خۆشە ئاغای بارزانی بانگ بکا بۆ دیاربەکر یەکجار زۆر بەستراوەتەوە بەو موحاسەبە سیاسییەی کە لە حاڵی حازر بە سەر ڕوانگەی حکوومەتی تورکیادا زاڵە سەبارەت بە مەسەلەی کورد لە تورکیا و ئامادەسازی بۆ هەڵبژاردن کە هاوکارمان لێرە ئاماژەی بۆ کرد. لەو هەڵبژاردنەدا ئاکەپە دەنگی دەوێ و حزووری ئاغای بارزانی لە دیاربەکر بە تەنیشت ئاغای ئەردۆغانەوە دەتوانێ دەنگ بەرەوەیەک بێ کاتێک مەسەلەی ڕقەبەری لەگەڵ بەدەپە دێتە گۆڕێ.

ئەوە موحاسەبەیەکی گرینگە کە کراوە.بەڵام ئەگەرچی ئاغای بارزانی بە شێوەی خۆی و لە پێناو سیاسەتی خۆی و بۆ هەرێمی خۆی لەوانەیە لەوەکەلک وەربگرێ بەڵام بە دڵنیاییەوە تا ئەو جێیەی کە دەگەڕێتەوە سەر کوردەکان لە تورکیا و چارەنووسی ئەو وتووێژانەی کە ئێستا دەکرێن و هەر وەها لە پێوەندی ئەوەی کە ئێستالە کوردستانی سووریادا دەقەومێ شتێکی دیکەیە. ئەمن دوێنێ شەوێ خەبەری بی بی سی م تەماشا کرد دەگوترێ نوێنەرانی پەیەدە کۆبوونەوەیان کردووە و بەو زووانە ئۆتۆنۆمی ڕادەگەیێنن و قانوونێکیان دەبێ و هەرێمەکە بە سێ بەش دابەش دەکرێ و ئاوا.

کاتی ئەو ڕاگەیاندنە زۆر لە گەڵ ئەو دیدارە یەک دەگرێتەوە. جا ئەگەر ئەردۆغان کارێکی ئاوای کرد بێ ئەو دیدارەی بارزانی هاوکات بێ لەگەڵ ئەو پێش کەوتنەی کوردستانی سووریا یان پەیەدە وای ڕێک خستبێ ئەوە جێی پرسیارە.ئەمن نازانم بەڵام ئەو جۆرەیە کە هەیە.

 سەرچاوە: ناوەندی شرۆڤە و نووچەی ڕۆژ

No comments: