Saturday, May 24, 2014

گوشاری تاکزمانی هەڵەیە

٢٢ی مەی ٢٠١٤
یێنی ئوێزگویرپۆلیتیکا
جەمیل باییک
گوشاری تاکزمانی هەڵەیە
جێژنی زمانی کوردی پیرۆز کرا. خەبات لەپێناو زمانی کوردی دا پێش دەکەون . مەیل و مرخ بۆ خەبات و تێکۆشانی ئەوتۆش پەرە دەستێنێ. ژمارەی ئەو تێلێڤیزۆن و ڕادیۆیانەی بە کوردی دەوەشێنن لە زیاد بوون دایە، ڕۆژنامەی ڕۆژانەی کوردی بڵاو دەکرێنەوە.ئەوانە هەموویان بە مانای خۆڕاگرین لە ئاست ژێنۆسیدی کولتووری دا. بێ گومان هەڕەشەی ژێنۆسیدی کولتووری هێشتا هەر هەیە. زێهنییەتی تواندنەوە و لە نێو بردنی کوردان لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دا  هێشتا درێژە بە  بوونی خۆی دەدا .لە بەر ئەوە ئەو حەساسییەتەی بۆ زمان و لە پێناو زمان دا نیشان دەدرێ دەبێ بەگوڕ و تینەوە بەردەوام بێ. زمان هەر تەنیا ئامرازی قسە کردن نییە؛ لە هەمان کاتدا ئامرازی کولتووری کۆمەلەیە واتە هەبوونی کۆمەلەیە .
هەموو جوورە خەباتی کوردان لە پیناو زمان دا لە ئاستێکی پیرۆز دایە. بێگومان تا ئەو کاتەی کە کورد  نەگەن بە ژیانێکی ئازاد و دێمۆکڕاتیک بە خەباتی تاکەکەسی یان دەستەیی ناکری ژێنۆسیدی کولتووری و تواندنەوە ڕابوەستێندرێ. جا بۆیە تێکۆشان بەمەبەستی بەرەوپێشبردن و گەشاندنەوەی زمانیش  بەشێکە لە تێکۆشان لە ڕێبازی ئازادی و دێمۆکڕاسی دا. هەر بۆیە دەبێ خەبات لە پێناو زمان دا بەربڵاوتر بکرێن و بە حەساسییەتەوە بەڕێوەبچن. دەبێ هەموو ڕۆژێک بە ڕۆژی جێژنی زمان
  دابندرێ و ئەوە نەخرێتە دەرەوەی ڕۆژەڤێ.لەبەر ئەوەی زمان  خۆ دەڕبڕینی ڕۆژانەیە، دەبێ هەموو ئان و ساتێک و بە هەستیارییەکی بەردەوام و بێ ناوبەر بە هێند بگیرێ.

ماوەیەک لەمەوبەر کۆنفڕانسی ئەدەبییاتی کورد لە چیا پێک هات. ئەوەش ئاکامێکی کەمایەسیی ئەدەبییات بە کوردی یە. هەتا ئێستا دەبوو بە سەدان، بە هەزاران ڕۆمان، چیرۆک و شێعری ئەم شۆڕشە مەزنە نووسرابا، لەو بوارە دا بەتاڵاییەکی گەورە هەیە. چونکە ئەوەی کە زمان دەژێنێتەوە ئەوەیە کە زمانی بەرباس ببێتە زمانی ئەدەببات ، زمانی ڕۆمان و زمانی شێعر.ئەوانە هەموویان گرینگن. لێرەدا دەمەوێ سەرنجتان ڕابکێشمەوە سەر بابەتێکی گرینگ ، لەبەر ئەوەی حەولی سەپاندنی یەکجوورەیی زمانی دەهێندرێتە گۆڕێ. ڕەنگە لە دنیا دا نموونەی فرەچەشنی زمانیی وەک زمانی کوردی هەر نەبێ، کورد خاوەنی زمانێکی دەوڵەمەندن . ئەوە زمانەیکە گەلێک پەل و پۆی هەیە، کورمانجی، سۆرانی، کرمانجکی – دملی، کەلوڕی، هەورامانی. ئەگەر لۆریش لە بەرچاو بگرین زمانێکە خاوەنی گەڵێک شێوەزارە. ئەوانەی هەمووی دەوڵەمەندی و سامانی کوردین ، هەر کامێکیان دەربڕی کولتوورێکی کوردین. ئەوە سەرچاوەی دەوڵەمەندی و بەهێزتری بوونی ئەوانە لە چاو سەرچاوەی تر. کاتێک ئێمە باسی کولتووری کورد و جوانیی ئەو کولتوورە دەکەین مەبەستمان گشت ئەوانەیە کە ئەو هەموو دەوڵەمەندییانە دەپارێزن. ئەگەر عەڕەبان لە سەر چاڵە نەوتان ڕۆنیشتوون ، کوردانیش لە سەر کانگای کولتووری دەژین. دیارە لە کوردستان 
سەرچاوەی نەوتیش زۆرن ،ئەمن هەر لە بەر ئەوەی مەبەستەکە باشتر تێبگەیشترێ ئەم مێتافۆڕەم بەو شێوەیە بەکار هێنا. ئەوەی کە کوردەکان لە سەر سەرچاوەی کولتووری دەژین بێگۆمان لە بەر زمانەکەیان و دەوڵەمەندیی کوردییە. بەڵام لە پێوەچارانی ئەو مژارە دا هەڵە دەکرێ. دوای سەدەی ١٧ زێهنییەتی نەتەوە – دەولەت هەموو لک و پۆپی زمانانی لە چوارچێوەی تاکزمانییەوە ترینجاند و لە نێوی بردن. لە ژێر پەردەی ستاندارد کردنی زمان و سازدانی زمانی نەتەوەیی ژێنۆسیدی زمانی و کولتووری کرا. بۆ نموونە شێوەزاری فەڕانسەیی پاریسێ کە بەشێکی بچووک لە دانیشتووان بەکاریان دەهێنا، بە سەر هەموو کۆمەڵە دا سەپێندرا و تاکە زمانێک ئافرێندرا. چەمک، جیاوازی، شێواز، شێوەزار و لەهجەکانی دیکەی زمان لە نێو بران و یەک جوورەیی ( تاکزمانی) یان خولقاند. لە زۆر جێیان پەل وپۆ زمانییەکان لە ژێر پەردەی " زمانی نەتەوەیی" لە لایەن نەتەوە – دەوڵەتانەوە لە نێو بردران. ڕەنگە ئەوە زۆر باسی لێوە نەکرابێ بەڵام بە مانای ژێنۆسیدی کولتووری یە. ئایا هەورامانی و کرمانجکی یەک زمانن؟ داخوا کولتوور، دەروونناسی، بزووتنەوە و شێوازی ئەوان جیاواز نییە؟ داخودا ئەو جیاوازییە دەوڵەمەندی نییە؟  داخودا حەولدان بۆ ئەوەی هەموو شێوەزار و لەهجە کوردییەکان لە نێو زاراوەیەک دا بتوندڕێنەوە ژێنۆسیدی کولتووری نییە؟ ئایا هەست پێدەکەن کە بە نێوی ساز کردنی زمانی نەتەوەیی دەیانەوێ چ لە نێو بەرن؟ لە باشووری کوردستان  مەترسی ئەوەی کە کورمانجی و پەل و پۆی دیکەی زمان دەنێو سۆرانی دا بتوێندرێنەوە و لە نێو ببردرێن هەیە، هەمان مەترسی لە باکووری کوردستانیش هەیە کە هەموو لەهجە و پەل و پۆی زمانی لە نێو کورمانجی دا بتوێندرێنەوە.بۆیە حەوڵدان بە نێوی ستاندارد کردنی  زمانی کوردی یان ساز کردنی تاکەزمانێکی نەتەوەیی دەبێ بەرپەرچ بدرێنەوە. چونکە حەولدانی ئەوتۆ بە مانای زێهنییەتی ژێنۆسیدی کولتووری یە
ئەوبۆچوونە لەمەڕ زمان بەشێکە لە پڕۆژەی نەتەوە – دەوڵەت بۆ یەک کردنی کۆمەڵ. جا بۆیە لە ژێر پەردەی تاکزمانی یان   نەتەوەبوون دا پەروەردەی تاکزمانی هەڵەیە. لە باشووری کوردستان لە هەڕێمی سۆرانی ئاخێو  دەبێ پەروەردە بە سۆرانی بێ و لە بادینان پەروەردە دەبێ بە کورمانجی بێ. لە هەڕێمی سۆرانی ئاخێو، کورمانجی و لە بادینان ،سۆرانی وەک زمانی دووەم دەبێ بە شێوەیەکی باش فێر بکردرێ.  لە باکووری کوردستانیش لە هەرێمەکانی دێرسم، چەولیک، سوەرەگ و وارتوو پەروەردەی زمانی زگماکی دەبێ بە کرمانجکی – دملی بێ. کورمانجیش وەک زمانی دووەم دەبێ بە شێوەیەکی باش فێر بکردرێ.لەمەش زیاتر لە ژێر پەردەی ستاندارد کردن و نەتەوە بوون دا  لە نێو بردنی جیاوازییەکان هەڵەیە. بە تێپەڕینی زەمان لە سەر یەک کردنەوە و بە یەکەوە چاران و لەیەکتر کەلک وەرگرتن و یارمەتی یەک دانی زمان و شێوەزاران ڕێگای هەرە ڕاستە. ئەگەر ئاوا بێ سەردەمێک دەگاتێ کە یەک یەکی دی لە نێو نابا، و هەمووان بە روح و جوانی خۆیان دەبن بە پارچەی هاوژینی هەبوونێک. بە بێ ئەوەی کە زمانێک، کولتوورێک لە نێوبچێ، هەموو بەیەکەوە دەوڵەمەندی و گەشەی زمانی دەخولقێنن. لەو ڕوانگەیەوە زمانی نەتەوەیی بە مانای لە نێوبردنی دەوڵەمەندیانە، هێندێک شت لە پەل و پۆیان ئەستاندن نابێتە هۆی دەوڵەمەند کردن. هەلوێست و بۆچوونی ئاوا هیچ جیاوازی نییە لەگەڵ ئەو دزێتییەی کە سەردەستان لەزمانانی دیکەی دەکەن.

بۆچوونی لەمەڕ ساز کردنی زمانی نەتەوەیی، واتە زمانی نەتەویی چەمکێکی ئاڵۆزو پڕ لە کێشەیە. زێهنییەتی نەتەوە – دەوڵەت  دەبێ وەلا بندرێ . دەبێ زێهنییەتی نەتەوەی دێمۆکڕاتیک، کولتوور و زمانی شیاوی نەتەوەی دێمۆکڕاتیک جێی بگرێتەوە. ئەوەندەی کولتوور و زمان هەن دەبێ بژین، دەبێ  لە ئاست زمان و کولتووری ئەوانەی کە لە کۆمەڵ دا بەژمارە کەمترن  فەرقو جیاوازی دانانی پۆزیتیڤ نیشان بدرێ.
لە مەڕ  چەمکێکی وەک زمانی نەتەوەیی نابێ بۆچوونێکی هێڕارشێکی کەم و زۆری هەبێ، بەڵکوو بە فەرقوجیاوازی لەگەڵ دانانی پۆزیتیڤ لە ئاست زمانان و کولتوورانی دیکە دەبێ بەهێزتر بکرێن و هەلوێست وکردەیەکی ئەوتۆیان لە بەرانبەر دا ڕەچاو بکرێ. دەبێ پەروەردەی زمانی دایکی بەهەموو پەل و پۆیەکانی کوردییەوە بەڕێوەبچێ . هەر زمانێک لە جوگرافیای خۆی دا  دەبێ بە زمان و کولتووری خۆیەوە لە خۆسەرییەکی دێمۆکڕاتیک دا بژی.نەک هەر دەبێ کولتوورەکەی ئازاد بێ بەڵکوو لەبواری بەڕێوەبردنیش دا دەبێ لە خۆسەرییەکی دێمۆکڕاتیک دا بژی. لەجێدا ئەگەر ئەوە نەبێ زمان و کولتوورەکانیش ناتوانن بەرگری لە هەبوونی خۆیان بکەن.

No comments: