Tuesday, October 7, 2014

فاکتۆری داعش، وتووێژی تارق عەلی لەگەڵ ڕۆژنامەنوسی ناسراو پاتریک کاکبورن


بەرنامەی
The World Today
لە تێلێڤیزیۆنی TeleSur
ڤێنێزوێلیایی کە تارق عەلی نووسەر ، بیرمەند و مێدیکار لە لەندەنەوە بەڕێوەی دەبا
   
د ۆرڵد تودەی ، فاکتۆری داعش
وتووێژی تارق عەلی لەگەڵ ڕۆژنامەنوسی ناسراو پاتریک کاکبورن
سێپتامبری ٢٠١٤
تارق عەلی : ئەم کاتەتان باش. ئەمڕۆ ئەمن لەگەڵ پاتریک کاکبۆڕن قسە دەکەم کە ئێستا دەکرێ وەک نووچەگەهان و ڕۆژنامەنووسێکی لەمێژینە بناسێندرێ  کە شەڕەکانی دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمێریکای لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست ڕووماڵ کردووە لەوەتا دەست پێکردنیان بە پەلامار بران بۆ سەر عێڕاق و زۆر بەر لەوەش لە هەرێمەکەوە گوزارشتی ئامادە دەکرد لە مەڕ ئەو سزا ئابووریانەی لە سەر عێڕاق داندرابوون و بابەتی دی.
ئێمە  ئێستا لە قۆناغێکی زۆر حەساس داین کە ڕێکخراوەیەکی نوێ سەری هەڵهێناوە  و پاتریک کتێبێکی نوێی لە سەر نووسیوە [ کتێبەکە نیشان دەدا]
The Jihadis Return , ISIS and the new Sunni Uprising
کە ئەوە نووسینێکی هەموولایەنەیە سەبارەت بە سەرهەڵهێنانی داعش و پێوەندییەکانی لەگەڵ دانیشتووانی سوننی لە عێڕاق و ئاکامەکانی ئەو پێوەندییانە بۆ هەرێمەکە، چونکە بە دڵنیاییەوە هیچ گومان نییە کە بەرەی دیکە دەکرێتەوە لە شەڕێک دا کە کۆتایی نایە، کە بووە بە بێچارەییەکی بێ ئەملا و ئەولا و تەواو بۆ ئەو خەڵکەی کە ئەمڕۆ لە دنیای عەڕەب دا دەژین.
پاتریک با پرسیار سەبارەت بە ڕەچەڵەکی دەستەی دەوڵەتی ئیسلامی یەوە دەست پێ بکەین. بە خۆیان دەڵێن داعش. ئەوان لە کوێوە دێن و بەری چ دارێکن؟ و کەنگێ دەستیان پێ کرد؟

پاتریک کاکبۆرن: بەڵێ. ئەوان ڕاستەو ڕاست لە ئەلقاعیدە زاونەتەوە لە عێڕاق. کە لە ساڵانی ٢٠٠٦  و ٢٠٠٧ دا لە دوندی نفووز و دەستەڵاتی خۆی دا بوو و ئەو دەمەی کە تۆوێک بوو و دیارە نەک تاقە تۆوێک لە خۆڕاگری سوننییان دا بە دژی حکوومەتی شیعە و داگیرکاری ئەمێریکایی. لە ڕووی ئیدێئۆلۆژییەوە دەرهاویشتەی بزووتنەوەی جیهادی یە و لە ڕاستیدا باوەڕە دینییەکانی جیاوازییەکی ئەوتۆی نییە لەگەڵ وەهابی گەری سعوودی. شێوەیەک لە ئیسلام کە لە ڕاستیدا دینی دەوڵەتە لە عەڕەبستانی سعوودی کە سووکایەتی بە شیعە دەکا وەک لادەر، سووکایەتی دەکا بە مەسیحییەکان و جوولەکەکان. تەنیا ئەوەیە کە ئەو باوەڕانە دەهێنێتە ئاستێکی بەرزی هەتا بڵێی توند و تیژ و بە زەبر و زەنگ بەڵام کەم تا زۆر لە چوار چێوەی بزووتنەوەی جیهادی دایە.


تارق عەلی: بەر لە پەلامار و داگیرکاری ئەمێریکا بزووتنەوەی جیهادی بەوشێوەیە لە عێڕاق نەبوو. هەبوو؟
پاتریک کاکبۆرن: نا، نەبوو. سەدام هەرکەسێک کە بە ئاشکرا جیهادی بایە دەیگرت. جا بۆیە ئەوە هەر هەڕوگیفێکی بێ بنەما بوو کە  دەگوترا لە کاتی هێرش بۆ سەر عێڕاق  یان لە ڕووداوی یازدەی نۆ دا [ مەبەست لە هێرش بۆ سەر بورجەکانی نیۆیۆرک لە ١١ی سێپتامبری ساڵی ٢٠٠١ ە ] سەدام پێوەندیی لە گەڵ جیهادییەکان هەبووە.ئەو شتانە بەشێک بوون لە پڕۆپاگاندە و بانگەشەی ئەو دەمی و ٦٠ لە سەدی ئەمێریکاییەکان باوەڕیان کرد بوو کە سەدام پێوەندی هەبووە بە یازدەی نۆ وە.
تارق عەلی: باشە ئەگەر دوای  ئەمە بگرین. ئیمە داگیرکاری ئەمێریکامان هەیە، حکوومەتێکی شیعەمان هەیە کە کاریگەرانە هێنرایە سەر دەستەڵات و ئیمە سەرەتای سەرهەڵدانێکمان هەیە لە ڕۆژانی سەرەتای داگیرکارییەکە دا کە تەنێ هەر سونییەکانی تێوە نەگلان بەڵکوو موقتەدا ئەلسەدریشی تێوە گلا کە زۆر دوژمنی ئەو داگیرکارییە بوو.
چ قەوما کە ئەو جۆرە خۆڕاگرییە هەڵوەشا؟ کە لە سەرەتاوە خۆڕاگرییەکی تێکەڵاو بوو، گرووپە شیعەکانی وەک موقتەدا سەدر کە یارمەتی و هاریکارییان دەنارد بۆ فەلووجەی گەمارۆ دراو. ئەوە چۆن و بۆ هەڵوەشا؟
پاتریک کاکبۆرن: یەکێتیی لە نێوان شیعە و سوننییان بۆ خۆڕاگری لە ئاست ئەمێریکا هەمیشە کاتی و سست بووە،ئەگەرچی ئەمێریکاییەکان زۆر بە جیدییان داناوە. بۆ وێنە بیرەوەرییەکانی ژەنەڕالە ئەمێریکاییەکانی ئەو دەمی دەگێڕنەوە کە بە ڕاستیش لەوە نیگەران بوون کە ئەو دوو گرووپانە یەکگرتووانە خۆڕاگرییان کردووە بە دژی داگیرکاری.   ڕەنگە یەکێک لەو کارەساتانەی کە بە سەر عێڕاق هات  ئەوە بێ کە بەیەکگرتوویی نەمانەوە و دەستەدەستەیی پەیدا بوو و لایەنی سوننی زیاتر تووشی تائیفیگەری هاتن.ئەو دەمی ئەلقاعیدە لە عێڕاق تەنیا یەکێک بوو لە  بزووتنەوە جیدییە خۆڕاگرەکان لە بەرانبەر داگیرکاری دا. 
بەڵام ئەو دەمی ئەگەر مرۆ چووبایە کۆبوونەوە زانیارییەکانی ئەمێریکاییەکان لە بەغدا زۆر ئاشکرا بوو لە لایەن قسەبێژەوە هەموو شت گرێ دەدراوە بە ئەلقاعیدە. هەڵبەت ئەوە کارتێکەری خۆی هەبوو لە سەر سیاسەت لە ماڵێ واتە لە ئەمێریکا بەڵام لە عێڕاق کارتێکەرییەکی بە تەواوی بەراوەژووی هەبوو کە دیارە خەڵک دەیانگوت دەبێ کۆتایی بهێندرێ بە داگیرکاری بەڵام ئەوە ئەلقاعیدەیە کە گشت ئەو خۆڕاگریانە دەکا ، دەی با دەست بدەینە ئاڵایەکی ڕەش و لەگەڵیان کەوین.
تارق عەلی: ئەگەر بێینەوە سەر باسی ئەو خێراییەی کە ئەو ڕێکخراوە تایبەتییە بە بەشێکی عێڕاق دا بڵاو بووەوە. ئەتۆ لە کتێبەکەت دا باسی دەکەی. باشە پاتریک ئەتۆ ڕووخان و لەبەریەک هەڵوەشانی ئەڕتەشی عێڕاق چۆن شی دەکەیەوە؟ دیارە فەرقێکی ئەوتۆی نییە لەگەڵ ئەو ئەڕتەشەی کە ڕۆژئاوا لە ئەفغانستان سازی کرد. ئەو ڕاستییەی کە ئەوان ئامادە نین شەر بکەن و لە پێناو دەوڵەتی ئەمێریکا دا بمرن چییە؟
پاتریک کاکبۆرن: تەنانەت لەوەش زیاتر. زەحمەتە مرۆ بتوانێ بیر لە نموونەیەکی دیکەی ئاوا لە مێژوو دا بکاتەوە کە ٣٥٠٠٠٠ سەربازت هەبێ لە ئەڕتەشی عێڕاق دا. ئەوان ٤١،٦ میلیۆن دۆڵاریان بۆ پێکەوەنانی ئەو ئەڕتەشە خەرج کردووە لە ماوەی ٣ ساڵی ڕابردوو دا. بەڵام ئەوە هەڵوەشا، تەنێ ڕەنگە لە ئاست هێرشێکی چەند هەزار کەسی لە مووسڵ. باشە ئەوە بۆ قەوما؟ ئەڕتەشەکە پێکهاتەیەکی تایبەتی هەبوو. ژەنەڕاڵێکی چوار ئەستێرەی عێڕاقی کە بە تۆبزی خانەنشین کراوە و من قسەم لەگەڵ دەکرد گوتی سەرەتای کارەساتەکە ئەوە بوو کە ئەمێریکاییەکان کاتێک دەستیان کرد بە سازدانەوەی ئەڕتەش پێکێشیان دەکرد ئەو ئەرکە بدرێتە دەست کەرتی تایبەتی جا بۆیە لەوانە بوو فەرماندەیەک پارە بۆ بەتالیۆنێکی ٦٠٠ کەسی وەرگرێ  بەڵام تەنێ ٢٠٠ کەس کۆ بکاتەوە و باقی پارەکەی لە تەنکەی باخەڵی خۆی نێ یان لەگەڵ ئەفسەرانی دی بەشی کا. ئەوە سەبارەت بە سووتەمەنی و چەک و چۆلیش هەر ئاوا بوو. لەکاتی کەوتنی مووسڵ کە دەبوو ٣٠٠٠٠ عەسکەری لێ بێ، لە ڕاستیدا لە سێ کەسان هەر یەکیان لەوێ بوو. چونکە ئاوا بوو کە ئەتۆ وەک ئەڕتەشییەک مەعاشی تەواوت وەردەگرت بەڵام نیوەی ئەو مەعاشەت  دەداوە بە ئەفسەرە فەرماندەکەت  ئەویش ئەوەی لەگەڵ ئەفسەرەکانی دی بەش دەکرد. لەبیرمە نیزیکەی ساڵێک لەوە پێش  کە لەگەڵ سیاسەتمەدارێکی پایەبەرزی عێڕاق دا قسەم دەکرد ئەو پێشبینی ئەو وەزعەی دەکرد و گوتی ئەگەر هێرش بکرێتە سەر ئەڕتەش هەڵدەوەشێ، ئەمن پێم گوت حەتمەن هێندێکیان شەڕ دەکەن. گوتی: نا، نا، دەبێ ئەوەت لە بەرچاو بێ کە ئەفسەرەکان عەسکەر نین بەڵکوو سەرمایەدانەرن. ئەوان هیچ بەرژەوەندییەکیان لەوە دا نییە کە بە دژی کەس شەڕ بکەن، بەڵکوو قازانجیان لەوە دایە بەو سەرمایەی وەگەڕیان خستووە پارەیان دەست کەوێ.چونکە مرۆ ئەگەر لە ئەڕتەش دا پلەیەکی دەوێ دەبێ بیکڕێ.بۆ وێنە ئەگەر مرۆ لە ساڵی ٢٠٠٩ ویستبای لە ئەڕتەشی عێڕاق دا ببێتە کۆلۆنێل ئەوە ٢٠٠٠٠ دۆڵاری تێ دەچوو. لەو دواییانە دا ٢٠٠٠٠٠ دۆڵاری تێ دەچوو. ئەگەر مرۆ ویستبای ببێتە فەرماندەی تیپ ێک ( پازدە تیپ هەبوو) ئەوە ٢ میلیۆن دۆڵاری تێ دەچوو. هەڵبەت دیارە ڕێگای دیکەش هەیە کە ئەڕتەش پارە پەیدا کا، وەک بازگەی سەر ڕێیان، یان پۆستی گومرگ ئەستاندن و.. لە هەر بارهەڵگرێکی بییەوێ تێپەڕێ و کالای پێ بێ بارانە دەستێندرێ. جا سەبەب ئەوەیە ئەوان لە گەڵ فەرماندەیەکانیان ڕایان کرد، لە ژێر فەماندەری ٣ ژەنەڕاڵی فەرماندەکە بە جلکی مەدەنییەوە لێی سواری هێلیکۆپتێرێک بوون و ڕایان کرد بۆ هەولێر بۆ پێتەختی کوردستان و ئەوە بووە هۆی هەڵوەشانی کۆتایی ئەڕتەش .
تارق عەلی: ئەوە یەکێک لە ڕووداوە هەرە سەیر و سەمەرەکانی مێژووی تازەیە پاتریک! ئەتۆ بە ڕووداوێکی دیکەی ئاوا دەزانی
 تەنانەت لە سەدەی ڕابردوو دا ؟



پاتریک کاکبۆرن: نا، ئەمن هیچی ئاوام بە بیر دا نایە کە ئەرتەشێکی ئە ئاوا تەیار و پڕچەک هەڵوەشا بێ. مرۆ دەتوانێ بڵێ
 ئەڕتەشی سەدام لە ساڵی ١٩٩١ جارێک هەڵوەشا کاتێک کە ئەمێریکاییەکان هێرشیان کردە سەری و لە ساڵی ٢٠٠٣ شدا ئەوەیان کرد و ئەرتەشی عێڕاق کەوتە بەر شاڵاوی گەورەترین ئەڕتەش لە جیهان دا و بۆمباران کرا. بەڵام ئەوە بەراوەرد ناکرێ لەگەڵ ڕووداوی ئەم جارە. هەر وەها ئەو ڕوداوە ئەوەش دەسەلمێنێ کە داعش تەواو کاریگەر بووە لە وە دا کە ترس و خۆف بڵاو بکاتەوە بە ڕێگای مێدیای کۆمەڵی دا و بەڕێگای نیشاندانی فیلمی سەر بڕینی ئەو کەسانەی یەخسیری کردوون و جا بۆیە سەربازان لە داعش تۆقی بوون و هەر وەها گشت کۆمەڵگەی سوننی، نیزیکەی ٢٠ لە سەدی هەموو حەشیمەتی عێڕاق، کە ڕەنگە بگاتە ٦ میلیۆن لە ئەستانە سوننییەکان دا بە دەستی ڕێژیمی نووری ئەلمالکی پەراوێز خرابوون، نامۆ کرا بوون، ڕاو دەنران. نەیان دەتوانی کار و پیشەیەک دەست خەن، سزای بە کۆمەڵ دەدران دەگوترێ لە دەوری فەلووجە زۆر کەم گەنج دەبیندرێن چونکە زۆربەیان دەزیندان دان و لەوانە بوو هێندێکیان ئێعدام بکرێن لە بەر تاوانێک کە کەسێکی دی کرد بووی و لە سەری ئێعدام کرا بوو. جا بۆیە حوکمەکان تەواو سەرەڕۆیانە بوون، بۆیە سەیر نییە تەنانەت تا ئێستاش پشتیوانی لە داعش بکرێ لەگەڵ ئەوەشدا کە تینووی خوێن خواردنەوە یە و لە لای زۆر لایەنی کۆمەڵگەی سوننی لە ئەڕتەشی عێڕاق باشترە و ئێستاش ئەوە میلیشیا شیعەکانی عێڕاق دێنەوە مەیدانێ!
تارق عەلی: ئەوە شتێکە کە ڕەنگە جگە لە خۆت و چەند ژوورنالیستێکی دیکە نەبێ لە هەموو مێدیای ڕۆژئاوا دا بەهیچجۆر باسی لێوە نەکراوە. ئەو گروپە هەر چەندی زاڵم و بە زەبر وزەنگیش وەبەر چاو بێ وا وێدەچێ لە ناو خەڵک دا جۆرە پشتیوانییەکی هەبێ!
پاتریک کاکبۆرن: ئەرێ! بە چەند شێوە پشتیوانی هەیە. پشتیوانی کۆمەڵگەی پەراوێز خراو و نامۆ کراوی سوننی هەم لە عێڕاق و هەر وەها لە سوورییە. کە لەوێ بەلانی کەمەوە ئەو خەڵکە سەرکەوتوون، چونکە هەر چۆنێک بێ لە ساڵی ١٩٩١ لە عێڕاق بە دەست ئەمێریکایەەکان شکان و لە ساڵی ٢٠٠٣ ش هەر وەتر، نامۆ کراون، ڕاو نراون جا بۆیە سەرکەوتن بۆ ئەوان گرینگە. ئەمن هەر وەها پێم وایە بانگەوازی ئەوان لای کەسی گەنج کە کارو پێشەیەکیان نییە کاردانەوەی هەیە – ئەو لایەنەی کە جار جار وەک چینی خوارەوە باسی لێوە دەکرێ، خەڵکی گەنجی هەژار!
تارق عەلی: هەژارو بێ کار و بار!
پاتریک کاکبۆرن: خەڵکی گەنجی هەژار و بێ کار و بار کە هیچیان نییە بە جۆرێک بە دەنگ بانگەوازەکەیانەوە دێن و بەدیلی ئەمەش تەواو خراپە.چەندین دژە هێرشی سەرکەتوو لە ئاست داعش کە بەشێوەی سەرەکی لە لایەن میلیشیای شیعە و کوردەوە کراون ئاکامی دەستبەجێیان ئەوە بووە کە سوننییەکانیان دەرپەڕاندووە لەو شوێنانەی کە لەوێ داعش شیعەکانی دەرپەڕاند بوو. جا بۆیە لە ڕوانگەی سوننییانەوە ئەوان بەدیلێکی ئەوتۆیان نییە جگە لە پشت بەستن بە داعش نەبێ!
تارق عەلی: باشە هیچ ڕێکخراوەیەکی بەدیلی سوننی نییە کە بەلانی کەمەوە بەرنامەیەکی جیاوازی سیاسی بهێنێتە گۆڕێ جگە لەو جۆرە فەناتیسسم و وشکەڕووییەی نەبێ کە داعش نیشانی دەدا، بۆ وێنە کۆمەڵەی زانایانی سوننی هیچی لە دەست نایە؟

 پاتریک کاکبۆرن: ئەوان یان ژمارەیان کەمە یان لەگەڵ داعش سازاون و حەولی دەستەمۆ کردنی دەدەن. هەتا نیزیکەی مانگێک لەوە پێش لە بەغدا وا بیر دەکرایەوە کە ڕاستە بە ڕواڵەت داعش ئەو سەرکەوتنە گەورانەی وەدەست هێناوە بەڵام لە ڕاستیدا ئەوان عەسکەری تۆقێنەری کۆمەڵگەی سوننی ن. عە شیرەتان ، ئەفسەرانی پێشووی ئەڕتەش و خەڵکی دی وەک زانایان، دوای ئەوەی ئەوەی سوننییەکان دەیانەوێ وەدەستی بهێنن جێگەی داعش دەگرنەوە.
 ئەمن پێم  وایە کە ئەوە خەون و خەیاڵ بوو، چونکە جوان دیارە داعش لە هەر ماوەیەکی کورتی دا کە بتوانێ دەستەڵات بە کەیفی خۆی هەڵدەسووڕێنێ کاتێک شوێنێک دەگرێ بە هاوکاری لە گەڵ خەڵکی دیکە دا – هەتا  بڵێی خەیاڵاتیشە و لە خۆی دەترسێ و ئامادەیە هەر کەسێک بکووژێ کە پێی  وابێ دەیەوێ لە پشتەوە خەنجەری لێ دا، یان دژایەتی بکا.  بۆ نموونە  وەک لە مووسڵ دەردەکەوێ، ئەوان ٣٠٠ کەسیان بە بارمتە گرت وەک ژەنەڕاڵی پێشوو، پیاوی بەرزی سوننی ، کەسی ئەوتۆی کە پێیان وا بوو جڵەوی جۆرە خۆڕاگرییەک بە دەستەوە بگرن، و لە سوورییە لە ئەستانی  دەیرئەلزوور عەشیرەتێک لە دژیان ڕاپەڕی، دەستبەجێ سەرکوتیان کرد و ٧٠٠ کەس لە ئەندامانی ئەو عەشیرەتەیان کوشت. جا بۆیە ئەمن پێم وایە ئەوە هەر خەون و خەیاڵە کە مرۆ پێی وابێ خەڵکی دی دێن و جێگەی داعش دەگرنەوە لەو جێگایانەی کە داگیری کردووە.
تارق عەلی: با بێینە سەر پنتێکی دی.زۆر کەس ئەو قسەیەیان هێناوەتە گۆڕێ کە سعوودییەکان بە شێوەیەک لە شێوەکان، ئەگەریش نا حکوومەت بۆ خۆی ، بەڵام بە دەستی ئەو جۆرە خەڵکانەی کە لە عەڕەبستانی سعوودی لە حکوومەت نیزیک بوون، تا ڕادەیەک بەرپرسن لە ساز کردن، یارمەتیدان و پارە پێدان بەو هێزە وەکوو جۆرەیەک لە نیوە دەستێوەردانی عەڕەبستانی سعوودی بە دژی زاڵبوونی شیعە لە عێڕاق دوای داگیرکاری ٢٠٠٣.  تاا چ رادەیەک ئەوە ڕاستە؟ یان هەر لە جێدا ڕاست نییە؟

پاتریک کاکبۆڕن: هێندێک ڕاستی لەوە دا هەیە، بەڵام مرۆ دەبێ خۆی لە تیۆری پیلان بپارێزێ کە گۆیا سعوودییەکان ئاغای شانۆکە بن  و جێ گۆڕکێ بە پیادەکان بکەن.  لە بەشێک لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دا هێندێک جار وای بۆ دەچن. بە گشتی سعوودییەکان هەمیشە پشتیوانییان کردووە لە بزووتنەوە جیهادییەکان. بەر لەهەموو شت لە دەرەوەی ووڵات ، نەک لە نێوخۆی عەڕەبستانی سعوودی دا.  بە گشتی ئەوان پشتیوانی لەوانەی دەکەن کە دژایەتی حکوومەتە شیعەکان دەکەن و جیاوازییان نەکردووە و ناکەن لە نێوان ئەوانەی دا کە پشتیوانییان لێ دەکەن.
بەڵام ئەوەش بە تەواوی ئاشکرایە کە بەشێک لە یارمەتییەکانیان چووە بۆ داعش یان دەستەی دیکەی وەک جەبهەتولنوسرە، ئەوە بە ڕێگای باربوودەرانی تایبەتی یەوە نەک هەر عەڕەبستانی سعوودی، بەڵکوو کووەیت، قەتەر و تورکییە.  ئەوەی کە ئەمێریکا و بریتانیا جیاوازی دەخەن لە نێوان ئۆپۆزیسیۆنی میانەڕۆی سوورییە لە لایەکەوە  و لێکیان دەکەنەوە لە ئۆپۆزیسیۆنی تیژپەڕی جیهادی لە سەرێکی دیکەوە  بێ بنەمایە چونکە ئەوانە بەیەکەوەن. هەر ئەو حەوتوویە ڕاپۆرتێک بڵاو بووەوە لە لایەن ڕێکخراوەیەکەوە کە لێکۆڵینەوە دەکا سەبارەت بەو چەکانەی لە دەست داعش دایە کە وا وێدەچێ عەڕەبستانی سعوودی ساڵی ڕابردوو دابێتی گۆیا بە ئۆپۆزیسیۆنی میانەڕۆی سوورییە بەڵام  دەستبەجێ ئەو چەکانە دەستگۆڕیان پێ کراوە چونکە مەودای نێوان ئەو دەستانە ڕوون نەبووە چۆنە.
تارق عەلی: و ئەمڕۆ لە ڕۆژنامەکان دا هاتبوو هەر ئێستا کە ئێمە قسە دەکەین ستیڤن ساتلۆف  لە لایەن گۆیا ڕێکخراوەیەکی میانەڕۆی سوورییە کە ئەوی گرتبوو بە داعش فرۆشرابوو!
پاتریک کاکبۆڕن: ئەرێ. ئەندامانی بنەماڵەی ئەوە دەڵێن ، هەر وەها ئەوەش چاوڕاکێشە کە قسەوێژێکی ئەمێریکایی دەستبەجێ رایگەیاند نا، نا شتێکی وا نەبووە. چونکە ئەوان دەزانن ئەگەر ئەوە بووبێ  ئەوە چەندە ئەو سیاسەتەیان بنکۆڵ دەکا کە ڕەنگە ئەمڕۆ بیانەوێ لە لایەن ئۆباماوە ڕابگەیێندرێ لە مەڕ ساز کردنی ئۆپۆزیسیۆنێکی میانەڕۆ، هێزێکی سێیەم کە
وا داندراوە هاوکات هەم شەڕی داعش و هەم شەڕی ئەسەد بکا.
تارق عەلی:  ئەوە تەواو  فانتێزی و خەون و خەیاڵە
پاتریک کاکبۆڕن: ئەوە  فانتێزی یە،لەوانەیە لەو شێوەیە دا فانتێزی بێ. بەڵام چاو ڕاکێشە کە ژەنەڕاڵی فەرماندەی ئەڕتەشی ئازادیی سوورییە دەڵێ کە ئەو فەرماندەیانەی ئەڕتەشی ئازادیی سوورییە کە هێشتا لە نێوخۆی سوورییە دان ئێستا ڕاستەوخۆ فەرمانەکانیان لە ئەمێریکاییەکان وەردەگرن. ئەو دەڵێ ئەو و ئەفسەرەکانی دیکەی لە تورکییە لە مەقەڕی فەرماندەرییان لە تورکییە، کە ١٦ فەرماندە لە باکووری سوورییە و نیزیکەی ٦٠ فەرماندەی دیکە ئی دەستەی پچووکتر  لە باشوور ئێستا چەک و تفاق و ئامۆژگارییەکانیان ڕاستەوخۆ لە ئەمێریکاییەکان وەردەگرن.
تارق عەلی: بەڵام پاتریک، ئەوەش تەواو جێی واق وڕمانە. ماوەیەکی هێندە درێژ لەمەوبەر نییە کە هەموو دنیای ڕۆژئاوا  لە ژێر ڕێبەریی دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمێریکا دا بە بڕیار بوون بۆ ڕووخاندنی ئەسەد. ئەو هەموو خەڵکە چەکدار کران و وەک ئەتۆ ئاماژەت پێ کرد چەک دەستاودەستی پێ دەکرێ و وەگیر لایەکی دەکەوێ لە نەبەردی دژی ئەسەد دا. و ئێستا ئێمە لە گەڵ بارو دۆخێک ڕووبەڕووین کە دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمێرکا لەوانەیە شوێنەکانی داعش لە نێوخۆی سوورییە دا بۆمباران بکا! پێت وا هەیە ئەوە مومکین بێ؟

پاتریک کاکبۆڕن: دیارە ئەمن پێم وایە دەیکەن. ئەوان لەو ڕێبازە دا ئەوەندە چوونە پێشێ کە دەڵێن ئەوە دەکەن و بە دڵنیاییەوە ئەوە هەر ڕوو دەدا. یەکێک لە پنتە بەهێزەکانی داعش ئەوە بووە کە هەم لە عێڕاق و هەم لە سوورییە چالاک بێ..

تارق عەلی: لە عەینی کات دا ؟
 پاتریک کاکبۆڕن: بەڵێ لە عەینی کات دا و لە ڕاستیدا  تواناییەکانی لە سوورییە لە عێڕاق گەورەتر و زیاترە.  تەنێ ٢٠ لە سەدی عێڕاقییەکان سوننی عەڕەبن و ٦٠ لە سەدی سوورییەیەکان سوننی عەڕەبن. جا بۆیە لە ڕووی توانایەکییەوە  ئەوان دەتوانن بە سەر ئۆپۆزیسیۆنی سوورییە دا زاڵ بن – دیارە هەموو سوننییە عەڕەبەکان لە سوورییە پشتیوانی لە ئۆپۆزیسیۆن ناکەن – و ژمارەیەکی زۆریان پشتیوانی لە حکوومەت دەکەن.داعش دەتوانێ لە سوورییە دەستی زۆر ئاواڵەتر بێ و ئێستا ئەوە هەر خەریکن بەری دەستەڵاتیان هەراوتر دەکەن. ئەوان نیزیکەی ٣٠ میل لە حەڵەب دوورن. لە مانگی ڕابردوو دا، لە ڕاستیدا داعش لە ئەستانی ڕەقا شکانی هەرە گەورەی بە سەر ئەڕتەشی سوورییە هێنا لە ماوەی ٣ ساڵی ڕابردوو دا.
تارق عەلی: با ئێستا بێینە سەر هۆکاری سێیەم لەو هەلومەرجە دا. کە زۆر جار بە جیدی باسی لێوە ناکرێ، بەڵام ئاماژەی بۆ دەکرێ ئەویش ئەوەیە کە پارتییە کوردییەکان لە سوورییە و لە عێڕاق ئاشکرایە کە دژی ئەو جۆرە کارانە هەموویانن و بە دژی داعش بەو پەڕی توانایی خۆیانەوە شەڕ دەکەن. ئەمڕۆ کوردەکانی سوورییە لە لایەن داعشەوە گەمارۆ دراون.کوردەکانی عێڕاق بە بڕیارن کە شەڕی داعش بکەن. ئەوە تا چ ڕادەیەک کاریگەرە و بۆچی " پێشمەرگە" لە عێڕاق نەیانتوانی لە سەرەتاوە بە شێوەیەکی توندتر ڕووبەڕووی داعش ببنەوە؟

پاتریک کاکبۆڕن: ئەمن پێم وایە،هەر چۆنێک بێ ڕەنگە نێوبانگی پێشمەرگە لە عێڕاق هێندێک گەورە کرابێتەوە.ئەوان لە مێژە دژی کەس شەڕیان نەکردووە، جگە لە شەڕی نێوخۆیی خۆیان نەبێ لە ساڵانی ١٩٩٠ کان. ئەوان هەمیشە لە دانانەوەی بۆسەی چیایی و لە پێوەندی گشتی دا کارامە بوون.بەڵام وەکوو دیکەش هەمیشە بڕێک پێوەنان و لێ زیاد کردن هەبووە سەبارەت بە نێوبانگیان.دیارە ڕەنگە ئەوە خەتای ئەوان نەبێ ، ئەوان دژی ئەڕتەشی سەدام شەریان کرد، بەڵام لە سەر دەوریان زیادەگۆتن کراوە. هەر وەها [ کوردستان] بووە بە دەوڵەتێکی خاوەن نەوت. زۆر لە کوردان پێیان خۆشە پارەیەکی زیاتر پەیدا کەن و لەوانە. ئەوان ئێستا دەڵێن چەک و چۆڵی پێویستیان نەبووە. دیارە مرۆ هەمیشە دەتوانێ چەک بکڕێ ، ئەوە پێویست ناکا لە ئەمێریکاوە بێ.لە کاتێکدا کە ئێستا ئەو هەموو هۆتێلە گەورانە لە پێتەخت ساز کراون  موسەلسەی قورسیان نەبوو!  هەر وەها ئەوان سنوورێکی ٦٠٠ میلییان هەیە کە دەبێ بیپارێزن. دەرفەتیان هێنا دوای کەوتنی مووسڵ ، خاکی بەر دەستی خۆیان پەرە پێ بدەن و ئەو ناوچانە بخەنە ژێر دەستی خۆیان کە کێشەیان لە سەر هەبوو لە گەڵ عەڕەبەکان و لەو ناوچە تێکەڵانە دا وەزعێکی ئاوا خولقا کە عەڕەبەکانی دانیشتووی ئەوانە زیاتر لە ڕابردوو ببنە دژی کورد، بۆیە لە نێو عەڕەبەکان دا جۆرە پەسندێک هەبوو لە مەڕ پێشرۆیی داعش و یەکێک لە ئاکامە ژاراوییەکانی ئەو پەژراندنە ئەوە بوو کە ئێستا دانیشتووان لە یەک دابڕاون. لە پێشدا یەزیدییەکان، کوردەکان ڕایان کرد و ئێستا عەڕەبە سوننییەکان لەو ناوچانە ڕادەکەن بۆ ئەوەی نەکەونە بەر هێرشی تۆڵە.
تارق عەلی: ئەی لە مەڕ کوردەکانی سوورییەیی چی ؟
پاتریک کاکبۆڕن: دیارە وەزعی ئەوان جیاوازە، چونکە دە لە سەدی دانیشتووانی سوورییەن، ئەوان لە ناوچەیەکن کە زۆربەیان کەوتوونەتە  لای باکوور و باکووری ڕۆژهەڵاتی سوورییە.
تارق عەلی: ئەوە ڕاستە کە ئەسەد ئۆتۆنۆمی پێ داون؟

پاتریک کاکبۆڕن: نا، بە تەواوی وا نییە، بەڵام ئەڕتەشی ئەسەد لە ناوچەکانیان کشاوەتەوە بە شێوەیەکی هەلپەرستانە.چونکە دەزانێ کە داعش پێویستی بەوە هەیە کە هێرشی ئەو ناوچانە بکا. دیارە ئەوە هەر داعش نییە کە هێرش دەکاتە سەر ناوچە کوردییەکان. جەبهەتولنوسرەش دەیکا و هەموو دەستە ئۆپۆزیسیۆنەکانی دیکەش یەک دەگرن بۆ هێرش بۆ سەر کوردەکان لەو ناوچانە و دیارە ئەوە بۆ بنکۆڵ کردنی ئۆپۆزیسیۆنێکی میانە ڕۆ و ئۆپۆزیسیۆنێکی جیهادییە کە ئەڕتەشی ئازادیی سوورییە و ئەوانی دی هێرشی کوردەکان دەکەن. هێزی دەستەڵاتدار و زاڵ لە نێو کوردەکان دا  پ. ک. ک. یە کە لە بناوانەوە ڕێکخراوەیەکی ئۆپۆزیسیۆنی کوردی تورکییەیە. بەڵام ئەوان زۆر شەڕکەری کاریگەرترن لە پێشمەرگە عێڕاقییەکان.لە ڕاستیدا ئەوان ژمارەیەکی زۆر لە یەزیدییەکانیان ڕزگار کرد لە شنگار لە کوردستانی ڕۆژئاوا.
تارق عەلی: کوردەکانی سوورییە ئەوەیان کرد ؟

پاتریک کاکبۆڕن: بەڵێ کوردەکانی سوورییە و تاڕادەیەکیش ئەوە بووە هۆی شەرمەزاری هەولێر.
تارق عەلی: جا ئێستا کە بێینە سەر لایەنی کلیلی. ئەتۆ لەکتێبەکەت دا نووسیوتە کە ئیدی ڕەنگە ڕێکەوتننامەی  سایکس – پیکۆ تەواو بوو بێ. ئەوە ڕێکەوتننامەیەک بوو  دوای شەڕی یەکەمی جیهانی کە بە پێی وی سەر زەوییە عوسمانییەکان لە دنیای عەڕەب دا لە نێوان فەڕانسە و بریتانیا دا دابەش کران. پاتریک لەوانەیە قسەکەی تۆ ڕاست بێ. ئەمن لە ساڵی ٢٠٠٦ دا هەستم ئەوە بوو کە لە ئاسۆ دا هیچ داهاتوویەک نییە بۆ عێڕاق وەک دەوڵەتێک چونکە لەوانەیە وەزعێکی ئاوا بێتە گۆڕێ کە دەوڵەتێکی شیعە هەبێ، و دەوڵەتێکی سوننی لایەنگری سعوودی و دەوڵەتێکی کوردی.  پێت وا هەیە کە ئێستا شتێکی ئاوا ڕووبدا بە شێوەیەک لە شێوەکان لە ماوەی ٥ ساڵی داهاتوو دا ؟
پاتریک کاکبۆڕن: بە شێوەیەک، بەڵام نەک بە ووردی و تەواوی. ئەمن پێم وا نییە نەخشە چێکەران نەخشەی هەبوونی دەوڵەتی تازە لەوێ بکێشنەوە، بەڵام بە کردەوە دەوڵەتی سەروەر لە عێڕاق سەر هەڵدەدەن و ئەوە ئێستا لەوێ هەیە. ئەگەر ئەتۆ شیعەیەک بی لە بەغدا، یان ئەگەر ئەمن لە بەغدا بم ناتوانم ڕێگای سەعاتێک بەر بە باکووری بەغدا لەوێ دەرکەوم ملم دەپەڕێندرێ. هەر ئاواش کوردێک لە باکوور و هەر ئاواش سوننییەک کە بییەوێ لە بازگەیەک تێپەڕێ و بەرەو کوردستان بچێ ، لەوانەیە لەوێ بگیرێ.
تارق عەلی: پاتریک ئەتۆ بە ساڵان سەری بەغدات داوە، مەبەستت ئەوەیە بڵێی کە ئێستا بە کردەوە سنووری ئێتنیکی هەن لە بەغدا و مرۆ ناتوانێ لە بەشێکی شارەکە ڕا بچێتە بەشێکی دیکەی؟
پاتریک کاکبۆڕن: نا، لە نێوان بەغدا و پاشماوەی عێڕاق دا. دیارە لە بەغدا گەڕەکی سوننی هەیە. لەوێ لە ساڵانی ٢٠٠٦ و ٢٠٠٧ شەڕیکی تائیفی قورس هەبوو کە لەو شەڕە دا لە ڕاستیدا سوننییەکان دۆڕاندیان. ئێستا شوێنی دانیشتنیان لە بەغدا ناوچەیەکی پچووکە و زۆر ناوچەی تێکەڵیش هەن، بەڵام شیعەکان بە سەر شارەکە دا زاڵن. دەکرێ ئەو ناوچە سوننییانە ڕاپەڕن. بەڵام دیارە ئەوان دەکەونە بەر دژە هێرشی زۆربەی شیعە. دەکرێ نەبەردێک ساز بێ بۆ داگیر کردنی بەغدا، بەڵام سوننییەکانی نێوخۆی ئەوێ نەبەردێکی ئاوا دەدۆڕێنن و تۆقیون.
تارق عەلی: لە بیرمان بێ لە بەغدا دانیشتووی کوردیش هەن.
پاتریک کاکبۆڕن: ڕاستە، بەڵام زۆربەی ئەوان لە نێو دانیشتووانی خۆ جێیی دا تواونەتەوە.
تارق عەلی: بەڕێگای ژن و ژنخوازی؟
پاتریک کاکبۆڕن: بە ڕێگای ژنوشوویی و هەر وەها زۆربەیان شیعەن بە پێچەوانەی ئەوانەی کە لە باکوورن و سوننی نە. لە بەغدا هیچ کات گەڕەک یان ناوچەیەکی سەرسەختی کوردی نەبووە بە میلیشیای لە مەڕ خۆیانەوە، کەچی شیعەکان بوویانە و هەر وەها سوننییەکانیش بە شاراوەیی بوویانە.
تارق عەلی: ئەگەر هێندێک بچینە سەر باسی سوورییە. بە بۆچوونی تۆ سەبارەت بە بارودۆخی ئێستا ئەمێریکا چ دەورێک دەگێڕێ؟ داخودا پەیدا بوونی داعش، هەر پەیدا بوون نا، بەڵکوو سەرکەوتنەکانی داعش ، لە کاتێکدا کە ئێستا ئەمێریکاییەکان و ناتۆ بە ئاشکرا باسی ئەوە دەکەن کە چۆن ئەو ڕێکخراوەیە لە نێو بەرن، بە دڵنیاییەوە ئەوە دەستبەجێ دەبێتە هۆی بەهێزبوونی ڕێژیمی ئەسەد بە بێ لە بەرچاو گرتنی ئەوەی کە مەبەستیان ئەوە بێ یان نەبێ!
پاتریک کاکبۆڕن: بەڵێ، لێبڕاوانە پێم وایە ئەو قسەیە ڕاستە. هەر ئەوەشە تووشی هەڵەیان دەکا. داعش نیزیکەی ٣٥ تا ٤٠ لە سەدی خاکی سوورییەی لە بەر دەست دایە و کۆنتڕۆڵی دەکا لە ڕۆژهەڵاتی سوورییە و ئەوە چاڵاوی نەوتیشی تێدایە و ئەوان زۆر نیزیکن لە حەڵەب کە گەورەترین شاری سوورییە بوو، ئەوان دەیانتوانی دەست بە سەر گەڕەکی ژێر کۆنتڕۆڵی سەرهەلداوانی دی یان هەموو شارەکە دا بگرن، ئەوە زۆر گرینگتر دەبوو لە گرتنی مووسڵ لە عێڕاق. ڕێکخراوە جیهادییەکان جەبهەتولنوسرە. بەڵام داعش یش لە حەما نیزیکن کە شاری چوارەمی سوورییەیە. جا بۆیە لەوێ هەڵکەوتیان زۆر بە هێزە و ڕەنگە ماوەیەکی زۆر نەبا بۆ داعش کە بگاتە قەراغ دەریای مدیتەرانە کە پێشتر لەوێ بوون و پاشەکشەیەکی تاکتیکییان کرد  لە بەراییەکانی ئەمساڵ دا. جا بۆیە بار و دۆخێکی نائاسایی تەواو لە گۆڕێ دایە. ئەمێریکایی و هێزە ڕۆژئاواییەکان لە سەرێکەوە دەڵێن ئێمە دەچین دەست تێوەردەدەین بە دژی داعش ، بەڵام دەستێوەردانەکەمان بۆ یارمەتیدانی ئەسەد نییە. بەڵام دەزانین کە ئەسەد دوژمنی سەرەکی داعشە. ئەگەر ئەوان بیانەوێ ئەسەد لاواز بکەن یارمەتی داعش دەدەن. بە بۆچوونی من ئەوە ئاکامی  سیاسەتێکی کارەساتاوییە لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوو دا. و ئەوە لە ساڵی ٢٠١٢وە ئاشکرا بوو کە ئەسەد بە خۆشی خۆی نا ڕوا. لە ساڵی ٢٠١١ و ٢٠١٢  لە پێتەختە ڕۆژئاواییەکان و جێگای دیکە دا تەسەوری ئەوە هەبوو کە ئەویش بە دوای قەزافی دا دەچێ و لە سەر تەخت دێتە خوارێ، بە جۆرێک و بە ڕواڵەت وایان نیشان دەدا کە ئەو دەڕوا و لە وتووێژەکانی بەرایی ئەمساڵ لە ژێنێڤ دەگوترا تەنیا شتێکی بایەخی قسە لێوە کردنی هەبێ دەستاودەست کردنی دەستەڵاتە و ئەسەد دەڕوا. بەڵام ئاشکرا بوو کە ئەسەد نەیدەویست بڕوا. چونکە لە سوورییە ١٤ پێتەختی هەرێمی هەیە کە ١٣یان لە بەر دەست ئەسەد دابوون.جا ئەگەر وا گوترابا کە گوترا یانی ڕۆیشتنی ئەسەد ئەوە مانای ئەوە بوو کە شەڕ بەردەوام دەبێ ، چونکە ئەو نەدەڕۆیشت و ئەمن پێم وایە ئەو دەمی واشنگتن و ئەوانی دی، سعوودییەکان زۆر لەوە ناڕازی نەبوون. ئەوە شتێک بوو ئەوان دەیانتوانی وێی هەڵبکەن، چونکە ئەسەد لەوێ بوو، بەڵام کز و لاواز بوو و ڕەنگە ئەو لە جێی خۆی بووبا و جیهادییەکان خەریکی شەڕی نێوخۆیی خۆیان بووبان. بەڵام، لێکدانەوەی گەورەی هەری هەڵە ئەوە بوو کە پێیان وا بوو لە بەرەی جیهادییەکان دا لایەنێک شەڕەکە دەدۆڕێنێ کە پێیان وا بوو ئەوە داعش دەبێ و پنتی دوویەمیش پێیان وا نەبوو  ئەوە وەک کێشەیەکی نێوان سورییەییان خۆیان یان عێڕاقی لە بەرانبەر عێڕاقی یان موسوڵمان لە هەمبەر موسوڵمانی لێ دێ. هەر چۆنێک بێ ئەو خەلافەتە تازەیە داوای بەیعەت و فەرمانبەرداری هەموو موسوڵمانان لە خۆی دەکا و ئیدیعای فەرمانبەری هەموو دنیا دەکا لە بەر ئەوەی ئاواتەکانی جیهانی یە.

تارق عەلی: گلۆبالە ، کورە گرەوەیە.
پاتریک کاکبۆرن: بەڵێ کورە گرەوەیە.
تارق عەلی: شێوازی زۆر وە ناتۆ دەچێ، ئەو دوو ڕێکخراوانە وەک یەک دەچن. ئاشکرایە  کە داعش مۆدێلی ناتۆی کۆپی کردووە. ئەوان وێنەی ئەوتۆیان هەیە [ ئاماژە دەکا  بە وێنەی کوشتنی بەکۆمەڵی خەڵک بە دەست داعش  لە سەر پەردەی نێو ستودیۆکە دا ]، " ئێمە ئەوە دەکەین، ئەوەندە کەسەمان کوشتووە " کەمترین هەستی شەرم و بەخۆدا شکانەوەیان پێوە دیار نییە لە مەڕ ئەوەی دەیکەن. بە شێوەیەکی سەیر، سەڕەڕای ئیدێئۆلۆژییەکەیان کە وەهابی یە و وەکوو دیسان زانەوەی موسوڵمانەتی پیشان دەدرێ ئەوان لە هێندێک رووەوە بە جۆرێک مۆدێرنن، دەنا وا نین؟
پاتریک کاکبۆڕن: با، وان. بەشێوەیەکی سەرنجڕاکێش ئاوان. لە سەرەتای سەرهەڵدانی عەڕەب لە ساڵی ٢٠١١وە، بلۆگ نووسین، بە کارهێنانی تویتر، یووتوب وەک ئامرازی پێشکەوتوو وەبەرچاو دەگیران کە دەستەڵاتی دەوڵەتە پۆلیسی و سەرەڕۆیەکان کەم دەکەنەوە. بەڵام، لە ڕاستیدا ئەوانەی کە زۆرترین کەلکیان لەو ئامرازانە وەرگرتووە ڕێکخراوە جیهادییەکان و بە تایبەتی داعش بووە بۆ بڵاو کردنەوەی بیر و بۆچوونەکانیان [ ئاماژە دەکا بە وێنەی سەر پەردەی نێو ستودیۆ]، بۆ بڵاو کردنەوەی ترس و خۆف بە شێوەیەکی زۆر کاریگەر. دەزانی چۆنە خێزانی عەسکەرێکی عێڕاقی لە بەغدا، دایکی و ژنەکەی هەموو ئەو شتانە دەبینن و دەڵێن " عەلی" مەچووەوە ڕیزەکانی ئەڕتەش، ئەگەر بچییەوە دەکووژرێی. جا بۆیە ئەوە تەواو شوێن دانەرە.
تارق عەلی: دەی پێت وایە ئێستا دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمێریکا چ دەکا؟ بژارەکانی چن؟ پێت وا هەیە چ سەرکەوتنێکیان دەبێ لە خاشەبڕ کردنی داعش دا؟ وا وێدەچێ پلانیان ئەوە بێ! بەڵام سندانیان لێ دا ئەوە چۆن دەکەن ئەگەر عەسکەری پیادە نەنێرنە شەڕی داعش و هەموو ئەو ڕاپۆرتانەی لە بەر دەست دان دەڵێن پێنتاگۆن دەبێ ئەڕتەشی پیادە بنێرێ بۆ شەڕی داعش. ئایا ئەمێریکا و ڕۆژئاوا دەتوانن ووڵاتێکی عەڕەب ببیننەوە کە لە جیات ئەوان ئەو شەڕە بکا؟
پاتریک کاکبۆڕن: ئەدی بە جۆرێک ڕەنگە ئەوە بکرێ. دەزانی کە ئەرتەشی سوورییە شەڕی کردن و لە ئاستیان شکا، ئەڕتەشی عێڕاق لەبەریان هەڵات. ئەڕتەشی سوورییە چەند حەوتوو لەوە پێش پێگەیەکی هەوایی گرینگی پێ دۆڕاندن لە ئەستانی ڕەقا داعش گرتی، ئەگەر چی زۆر بە توندی دژی داعش شەڕی کرد. جا بۆیە ئەوان زۆر بە ترسەوە شەڕی داعش دەکەن. ئەمێریکا و ئۆباما دەڵێن ئەوان لە بەردەنگ و هاوبەشی خۆجێیی دەگەڕێن. ئەوە تەواو ڕوون نییە مانای چییە. بەردەنگی ناوچەیی لە بەغدا، لایەنەکان بە جۆرێک لە دەوری یەکدی کۆبوونەتەوە چونکە هەموویان لە داعش تۆقیون. بەڵام ئەگەر مرۆ هێندێک بە ووردی لە بارو دۆخەکە بڕوانێ، کوردەکان لە سەر هیچ تەوافوقیان لە گەڵ بەغدا نەکردووە. ڕێبەرە سوننییەکان لەوێ پلەیان وەرگرتووە، بەڵام ئەوانە ئەو جۆرە ڕێبەرە سوننییانەن کە ناوێرن بگەڕێنەوە  شار و شارۆچکەکانی خۆیان چونکە لەوێ ملیان دەپەڕێنن.جا بۆیە ئەوەی کراوە هێشتا زۆر شڕ و شپرزە و لێک بڵاوە و تەنێ لە ژێر گوشاری ئەمێریکا و ئێران دا بووە کە هەر دووکیان لەوێ بەرژەوەندی هاوتەریبیان هەیە .
تارق عەلی: ئەوە بە تەواوی وایە. ئەوە ئاشکرایە ئەوان لەوەدا هاوپەیمانن. ئەمێریکا لە هاوپەیمانی جیدی لە ناوچەکەدا دەگەڕێ، لە ڕاستیدا ئەوە دەبێ ئێران بێ. دیارە نایانەوێ ئەوە لەبەر چاو بگرن چونکە ئێرانیان تا ئاستێکی زۆر ئیبلیساندووە و لەوانەشە ئیسرائیلییەکانیش دژایەتییەکی زۆر لە گەڵ بۆچوونێکی ئەوتۆ بکەن، چونکە ئێرانییەکان دەتوانن هاوپەیمانی لەگەڵ ئەمێریکا بەکار بهێنن بۆ ئەوەی خێرا دەستیان بە بۆمب ڕابگا وەک ئەوەی ژەنەڕاڵ زییا لە پاکستان کردی لە ماوەی شەڕی لە گەڵ ئەفغانستان دا. بەڵام جگە لە ئێران کێی دیکە لەوێ هەیە کە توانایی تەقە کردنی هەبێ؟
پاتریک کاکبۆڕن: وایە! دیارە ئێران یارمەتی سوورییەش دەدا.ئەمێریکا و ئەوانی دیش نایانەوێ بیهێننە نێو ئیئتیلافێکەوە کە ئێماراتی یەکگرتووی عەڕەبی و عەڕەبستانی سعوودی پشتی دەگرن، ئەوانە پارەیان هەیە و لەوانەیە لە لای کۆمەڵگە سوننی و جیهادییەکان قسەیان بڕوا.بەڵام ئەوان نایانەوێ پێوەندییەکانیان بگۆڕن و کۆتایی بهێنن بە مل دەبەر یەک هەڵسوون لە گەڵ ئێران. لێرە دا ڕووسییە مانای زۆرە. ئەوان هێشتا دژایەتی حیزبوڵا دەکەن، و هەر وەها لە ئاست کوردەکان لە سوورییە کە بە شێوەیەکی زۆر کاریگەرانە دژی داعش شەڕ دەکەن بۆچوونیان ڕون نییە. دە ڕاستیدا ئەوە نوسخەیەکە بۆ شەڕێکی زۆر درێژخایەن لە وەزعێکی زۆر ڵێڵ و نادیار دا. باشە ئەوان چ دەکەن ئەگەر داعش بگاتە نێو شاری حەڵەب. داخودا لەوێ بۆمبارانی دەکەن لە هەمان کاتدا کە هێزی هەوایی سوورییە داعش بۆمباران دەکا. ئەوان چۆن دەکرێ بزانن کە هێزی هەوایی سوورییە حەول نادا بۆ خستنەخوارەوەی فڕۆکە ئەمێریکاییەکان؟ هەڵبەت من پێم وایە ئەوەی دەیکەن ئەوەیە کە پێوەندییەکی شاراوەیان دەبێ لە گەڵ حکوومەتی ئەسەد. لە ڕاستییدا بە من گوترا بە نەغدەن پێوەندییەکی ئەوتۆیان هەیە، بەڵام هەڵگەڕانەویەکی ئاشکرا و بەدەرەوە ناکەن بۆ هەبوونی تەفاهوم لە گەڵ ئەسەد، بەڵام تا دەرەجەیەک وەک  عێڕاق  لە دوای ساڵی ٢٠٠٣. ئەگەرچی عێڕاقییەکان هەمیشە دەیانگوت کە ئەمێریکاییەکان و ئێرانییەکان مست لە یەک ڕادەوەشێنن بەڵام لە بن مێزەوە دەستی یەکتری دەگوشن.

تارق عەلی:  کە ئەوان کردیان
پاتریک کاکبۆڕن: بە دڵنیاییەوە

تارق عەلی: مەبەستم ئەوەیە بڵێم چرا سەوزی ئێران بۆ ئەوان دژوار دەبوو ئاوا دەگژ عێڕاق ڕۆبێن کە ڕۆهاتن.
پاتریک کاکبۆڕن: ڕاستە. ئێمە بۆچی نوری مالکی مان هەبوو وەک سەرۆکوەزیری کارەساتاوی عێڕاق بۆ ماوەی ٨ ساڵ کە دیسان ساڵی ٢٠١٠ هێندرایەوە سەر کار. ئەمن لە بیرمە دۆستێکی عێڕاقی من، دیپڵۆماتێک زەنگی بۆ لێدام کاتێک کە مالکی وەک سەرۆکوەزیر هاتەوە سەرکار و پێی گوتم: " ئیبلیسی گەورە و تەوەری خراپە ئێران لەگەڵ یەک سازاون و ڕێبەریان بۆ داناوین"،
تارق عەلی: تەواو وایە،
پاتریک کاکبۆڕن: بە ئاکامی کارەساتاوی و خراپەوە بۆ عێڕاقییەکان.
تارق عەلی: پاتریک، بە گشتی بارودۆخەکە تەواو ناخۆش و بە ترسە و لەوانەیە هەر ئاوا بمێنێتەوە.
پاتریک کاکبۆڕن: بەڵێ ناخۆش و بەترسە چونکە یاریزانی زۆر لە مەیدان دان و تێوە گلاون. مەبەستم ئەوەیە بڵێم کە قەیرانی جۆر بە جۆر چوون دەباڵ یەکەوە کە وا دەکا ئەم بارودۆخە بۆ ماوەیەکی درێژ بەردەوام بێ.دوو ساڵ لەوە پێش دەمکاتی ئەتۆ هەبوون کە دەکرا پێشی داعش بگرن و نەهێلن گەورە بێتەوە.چونکە لە ڕاستیدا ئەوە شەڕی سوورییە بوو کە بەختی داعشی گۆڕی.
ڕاستە ئەو پێشتر لە عێڕاق، نامۆ کران و دە پەراوێز خرانی کۆمەڵگەی سوننی بەکار هێنا، بەڵام لەپڕ شەڕ لە سوورییە داعشی وەکار خستەوە. ئەو شەڕی نێو عێڕاقی هەڵگیرساندەوە ، کە دیارە قەت بە تەواوی دانەمرکا بوو. سیاسەتمەدارێکی عێڕاقی هوشیار زێباری ئەو دەمی بە منی گوت: " ئەگەر ڕۆژئاوا ئیجازە بدا شەڕ لە سوورییە بەردەوام بێ و درێژە بکێشێ، ئەوە بێ ئەوەی بکرێ پێشی بگیرێ سەباتی عێڕاقیش تێک دەدا" و ئەوە ئەوەیە کە ڕووی داوە.

تارق عەلی: بەو وەبیرهێنانەوە ڕەشبینانەیە، کۆتایی دەهێنین بەو بەیەکەوە دووانە. زۆر سپاس پاتریک. بێگومان دیسان بەیەکەوە قسە دەکەین.

پاتریک کاکبۆڕن: باشە، سپاس بۆ تۆ .
دابەزاندن، وەرگێڕان لە ئینگلیسییەوە: حەسەن قازی
 

2 comments:

RWNAKY ڕووناکیی said...

سڵاو ئەم کاتەتان باش مامۆستای بەرز و بەڕێز ، زۆر سوپاسی هەوڵ و ماندووبوونی ئێوەی بەڕیزت دکەمە بۆزیاتر خزمەتکردنی بواری فەرهەنگی کورد و کوردستان ، لەسروشت و خوداوەند داواکارم کە تەمەندرێژ و لەشساغ بن بۆزیاتر خزمەتکردنی میللەتی کورد و تەواوی مرۆڤایەتی ..

ئاوارە گەڵاڵەیی
باشوری کوردستان / سلەیمانی

RWNAKY ڕووناکیی said...

سڵاو ئەم کاتەتان باش مامۆستای بەرز و بەڕێز ، زۆر سوپاسی هەوڵ و ماندووبوونی ئێوەی بەڕیزت دکەمە بۆزیاتر خزمەتکردنی بواری فەرهەنگی کورد و کوردستان ، لەسروشت و خوداوەند داواکارم کە تەمەندرێژ و لەشساغ بن بۆزیاتر خزمەتکردنی میللەتی کورد و تەواوی مرۆڤایەتی ..

ئاوارە گەڵاڵەیی
باشوری کوردستان / سلەیمانی