Tuesday, October 21, 2014

ئەردۆغان، بە کارتی ناسیۆنالیزمی تورک کایە دەکا


ڕۆژنامەی ئەڤرەنسەل، ٢٠ – ١٠ -  ٢٠١٤

ئەردۆغان، بە کارتی ناسیۆنالیزمی تورک  کایە دەکا
 هاو پرسەکی سەرپیل  ئیلگوین لە گەڵ  پڕۆفێسۆر عەبباس وەلی
ئەندامی دەستەی پەروەردەکارانی بەشی کۆمەڵناسی زانکۆی بۆغازیچی پڕۆفێسۆر عەبباس وەلی دەڵێ: " داعش هەر لە بەر ئەوەی کە کۆبانی لاییک و کوردە هێرشی ناکاتە سەری ،پەلاماری سەر کۆبانی لە بەر ئەوەیە کە ئیستیعارەی خۆڕاگری یە. کۆبانی نوێنەری دەستەڵاتی گەلانە و لە بەر ئەوە بۆ هەموو کەس بە مەترسی دادەندرێ.   وەلی بە ئاماژە کردن بۆ ناکۆکییەکانی حکوومەت لەمەڕ پێواژۆی چارەسەری،  دەڵێ لە دوای دوایین هەڵبژاردنەوە ئاکەپە ئیدی ئەو پارتییە نییە کە دۆزی کورد چارەسەر بکا ، بەڵکوو وەکوو پارتییەکی ناسیۆنالیزمی تورک هەڵس و کەوت دەکا. پرۆفێسۆر عەبباس وەلی کە یەک لە پسپۆڕانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و دۆزی کوردە لە داعشەوە بگرە تا پارسەنگە تازەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست ؛ لە پێواژۆی چارەسەری یەوە تا کۆبوونەوەی دهۆک کە بەپەلە کەوتە ڕۆژەوەوە
ووڵامی پرسیارەکانی داینەوە. پرۆفێسۆر وەلی ، ئەم هاوپرسەکییەمان پێشکێش دەکا بە بیرەوەری شاگردەکەی سوبحی نەژات ئاگرناسلی خوێندکاری پی ئێچ دی بەشی کۆمەڵناسی  زانکۆی بۆغازیچی کە لە شەڕی دژی داعش لە کۆبانی گیانی لە دەست دا

 بۆ وەرگێڕانی ئەم هاوپرسەکییە لە ئینگلیسییەوە بۆ تورکی سپاسی فولیا ئالیۆپچ دەکەین

بە بۆچوونی ئێوە داعش بۆچی بە هەموو هێزی خۆیەوە هێرشی سەر کۆبانی دەکا؟

بە بۆچوونی من داعش لە عێڕاق و سوورییە بە دووی ئامانجی جیاوازەوەیە.


ئەو ئامانجانە چن ؟

لە عێڕاق ئامانجی ئەوەیە دەوڵەت وەدەست بخا و دەستەڵاتی خۆی دامەزرێنێ. بەڵام لە سوورییە وەک دەستنێژێکی زۆر بە زەبروزەنگ کار دەکا. تانکەکانی تورک لە سەر سنوور مۆڵ دراون ، ئاکەپەش لە ئانکارا دانیشتووە و سەرکۆمار  تەییب ئەردۆغان یش  داخویانی دەدا  و دەڵێ " کۆبانی خەریکە بگیرێ و بکەوێ" چونکە چاوەڕێی ئەوە دەکا.  ڕاستە داعش ئامانجێکی ئاواشی هەیە کە لە سوورییەش دەستەڵات بخاتە دەست خۆی، ئامانجی تایبەتی لە مەر خۆی هەیە، بەڵام لە سوورییە زیاتر وەک دەستنێژێک هەڵسوکەوت دەکا.

دەستنێژی کێ ؟
ئێستا وەک دەستنێژی تورکییە و عەڕەبستانی سعوودی وەبەرچاو دێ. بەڵام ئێستا بۆ هەر دووکیان ئیدی بووە بە ستراتێژییەکی بە مەترسی.  ڕادەی زیاد بوونی هۆگری بەرانبەر داعش لە عەڕەبستانی سعوودی دەبینین. 
وەزعی لێکدانەوەی و حیسابی هەڵەی تورکییەش دەبینین.  چونکە داعش،دوای سەرکەوتنەکانی لە عێڕاقێ، دوای داگیرکردنی مووسڵ، لە ڕێکخراوەیەکی عەسکەرییەوە  تێیپەڕاند و بوو بە بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی سیاسی و حیسابی ئانکارا لەو ڕووەوە هەڵە دەرچوو.


هەڵەی سەرەکی ئانکارا لەو ڕووەوە چ بوو ؟

هۆی ئەوە  ئەو ڕوانگە ٨٠ ساڵانەیەیە کە ئاکەپە لە ڕێژیمی کەمالیستەوە  وەری گرتووە. ئەویش ئەوەیە کە هەمیشە کوردەکان بە دوژمنی سەرەکی دابندرێن و هەموو سیاسەت لە سەر ئەو بنەمایە هەڵبنرێ. ئەوانەی لە تورکییە داعش بە بزووتنەوەیەکی سوننی دادەنێن خۆیان هەڵدەفریوێنن. راستە ئاکەپە هێزێکی ئیسلامی یە، بەڵام  زیاتر هێزێکی ئێتنیکی یە.  ئاکەپە تورکە. چونکە ئیسلام بە پێی بۆچوونی تورکی لێکدەداتەوە و ئەوەش تەنێ دەتوانێ لە چوار چێوەی دەوڵەت نەتەوەیەکی ئێتنیکی دا وەدی بهێنێ. بەڵام داعش ، بزووتنەوەیەکی دژی ئێتنیکە. بە پێی تێگەیشتنی ئوممەت هەڵسوکەوت دەکا. ئەوەی لەتەک بۆچوونی داعش دا بگونجێ موسوڵمانە، ئەوەی نەگونجێ موسوڵمان نییە. ئانکارا دەبێ  ببینێ کە داعش بۆچوونی تورکی وی لە مەڕ ئیسلام ناپەژرێنێ،بەڵام لەوە تێ ناگا.
ئانکارا  ناچارە سێ پنت لە مەڕ داعش لەبەرچاو بگرێ.  یەکەم ، بە دوای داگیر کردنی مووسڵ و وەدەستهێنانی شوێنی دیکە لە عێڕاق ، داعش ئیدی نابێ تەنێ وەک ڕێکخراوەیەک ببیندرێ چونکە ئیدی بووە بە بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی و لە گەڵ بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی بە ڕێگای دیپڵۆماتیک دا هەڵسوکەوت کردن زۆر دژوارە.
پنتی دوویەم ئەوەیە، ئەگەر تورکییە پێی وابێ دەتوانێ داعش بۆ ئامانجەکانی خۆی بەکار بهێنێ زۆر لە هەڵە دایە ، چونکە ئەوە بەو واتایە لێک دەدرێتەوە کە ئەو هێزەی لە عێڕاق بە دەستی هێناوە نابینێ و بە هەڵە لێی تێدەگا.
پنتی سێیەمیش ئەوەیە  کە ناسێنەی سوننی بوونی داعش بە بۆچوونەکەی لەو ڕووەوە بەستراوەتەوە ، واتە ، موسوڵمان بوون یان نەبوون بەستراوەتەوە بە گونجان یان نەگونجان لەتەک ئەو هەلومەرجانەی کە داعش دایان دەنێ.

داعش دەڵێ " لەبەر ئەوەی پ.ک.ک. پێکهاتەیەکی لاییک، سکولارە  هێرشی دەکەینە سەری " ..

لەوەش زیاتر.

ئەوە چییە؟

داعش لە جێدا هێزێکی زۆر جیاوازە.  ئەگەر لە گەڵ پ.ک.ک. دا بەراوردی بکەین، پ.ک.ک. لە ساڵی ١٩٨٤وە خەریکی خۆڕاگرییە و شەڕێکی گریلایی بەڕێوە دەبا ، کە ئێمە پێی دەڵێن شەڕی نیوە شەڕ. بەڵام داعش
وەک دەوڵەتێک شەڕ دەکا. خاوەنی هەموو جۆرە چەک و تفاقێکە، شوێنان داگیر دەکا، خۆڕاگری تێک دەشکێنێ  و بە بەکارهێنانی زەبر و زەنگ ئەوە دەکا، تا ئەوجێی بتوانێ تێڕۆری شوێندانەر  و وە‌حشت و ذڕندەیی دەکار دەکا.
پێیان وا بوو دەتوانن ئەوەی لە شنگار کردیان لە کۆبانیش بیکەن. بەڵام لە کۆبانی ئینسانەکان بەرخۆیان دا و خۆڕاگریان کرد. کۆبانی بوو بە نیشانەی خۆڕاگری بەڵام لەوەشی تێپەڕاند  و بوو بە ئیستیعارەی بەرخوەدان.

دەکرێ ئەوە هێندێک زیاتر شی بکەیەوە؟
هێرش بۆ سەر کۆبانێ هەر لەبەر ئەوە نییە کە لاییکە، هەر لە بەر ئەوە نییە کە کوردە یان لە بەر ئەوە نییە کە ڕەمزی بەرخوەدانە، لە بەر ئەوەیە کە بووە بە ئیستیعارەی خۆڕاگری و بەرخوەدان. با بزانین مەبەست لە ئیستیعارە چییە؟  بریتی یە لەوەی کە ئینسانەکان خۆیان تێگەیشتنەکانی خۆیان دەرببڕن و بە پێی خۆیان بیانخوێننەوە، هێندێکان بارودۆخی کۆبانی بە بارودۆخی شەڕی نێوخۆیی ئێثپانیا دەشوبهێنن. هێندێکانیش بە ستالین گڕاد. و بە ئیستیعارەیەکی دژی دەستەڵاتی دادەنێن. بەئیستیعارەیەک کە دژی ئەو تێگەیشتنەیە کە داعش نوێنەرایەتی دەکا  و یان پشتیوانی لە داعش دەکا، ئیستعارەیەکە دژی ئەو دەستەڵاتەی کە داعش و هێزەکانی دیکەی هاوشێوەی  بە هاوپەیمانێک دەزانێ.


کۆبانی نوێنەرایەتی سیستمێک دەکا، نوێنەراتی دەستەڵاتی گەلان  و هەر لە بەر ئەوە بۆ هەموو کەس بە مەترسییە. هەتا چەند ڕۆژ لەمەوە بەریش دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمێرکا هیچی نەدەکرد. ئەگەر تەماشای ئەو دەنگوباسانەی دەگەنێ بکرێ، پارسەنگی هێز لەوێ گۆڕاوە و ئێستا داعش کەوتووەتە دۆخێک کە خەریکی پاشەکشەیە.

دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمێریکا، نایەوێ تورکییە ئیزۆلە بکا

ئاکەپە، ئەوەی کە دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمێریکا دەیەوێ نایکا، دەیەوێ تەسەورێکی ئاوا وێنا بکا. لە هەمبەر ئەوەش دا ئەمێریکا زۆر توند بە دژی تورکییە ناجووڵێتەوە. ئێوە بەتایبەتی لەمەڕ سوورییە پێوەندی دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمێریکا و تورکییە چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
بە باوەڕی من دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمێریکا، نایەوێ تورکییە ئیزۆلە بکا. ڕاستە ڕەنگە یەک لە هۆیەکانی لە بەر هەبوونی سەرچاوە نەوتییەکان لە ئاسیای نێوەڕاست، لە ئازەربایجان بێ، بەڵام لایەنی گرینگ ، لە گۆڕان هاتنی پارسەنگەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستە و لەو ڕووەوە پێویستی بە ئەڕتەشی تورک هەیە، دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمێریکا هەتا بڵێی لە تورکییە دڵمەندە بەڵام پێویستی پێی هەیە و بۆیە نایەوێ ئیزۆلەی کا.

لە جێدا لە ماوەی دە ساڵی ڕابردوو دا تورکییە زۆر شتی لە کیس دا. حەولی دا لە چوار چێوەی سیستمی کوردستانی فێدراڵ دا چەمکی بەرژەوەندیی نەتەوەیی بە شێوەیەکی تایبەتی هەڵسەنگێنێ. تەماشای نێوخۆی عێڕاقی کرد ، تەماشای " دۆزی کورد"ی لەوێندەرێ کرد و پێوەندییەکی سەربەخۆی لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی ئەوێ دامەزراند.
مەبەستتان لە پێوەندیی سەربەخۆ چییە؟

واتە، لە نەبوونی ڕێگەی موزاکەرە لەگەڵ پ.ک.ک دا ئەو پێوەندی دامەزرانە دە ساڵی وی برد. ئێستاش لە مەڕ کۆبانێ هەمان شت دەکا. بۆ وا دەکا؟ ئەمن پێم وایە کە دوایین هەڵبژاردن زۆر شتی گۆڕیوە. لە نەبوونی دەنگی کوردەکانیش دا ئەردۆغان بە وەدەستهێنانی ڕێژەیەکی گەورەی دەنگ بەهێزتر بوو. ئەردۆغان بەو ئاکامە گەیشت ئیتر پێویست بە کایەکردن بە کارتی کوردی نییە، لە جیات ئەوە فکر لە پێویستیی هێنانە مەیدانی کارتی ناسیۆنالیزمی تورک دەکاتەوە. ئاواش لە هەڵبژاردنی گشتی ساڵی ٢٠١٥ دەڕوانێ، ئیدی چبڕئاکەپە ئەو پارتییە نییە کە دۆزی کورد چارەسەر بکا ، بەڵکوو دەیەوێ دەوری پارتییەکی ناسیۆنالیستی تورک بگێڕێ.ئەمن پێم وایە ئەوە هەڵەیەکی زۆر گەورەیە، چونکە کۆڕو کۆمەڵی دەستەڵات، واتە ئانکارا، دۆزی کورد زۆر بە هەڵە لێک دەدەنەوە. کێشەی کورد وەک کێشەی ڕێکخراوەیەک یان پارتییەک دەبینن. بەڵام دۆزی کورد، دۆزێکی نەتەوەییە. جا بۆیە ووڵامدانەوە بەو دۆزەش پێویستە نەتەوەیی بێ

کە وابێ ئەگەر ئەو ڕوونکردنەوەیەی ئاکەپە :" پێواژۆی ئاشتی لە ڕوانگەی ئێمەوە زۆر گرینگە،دەستی لێ هەڵناگرین" بە درێژە دانی سیاسەتی دەنگ وەدەست هێنان دابندرێ  لە جێی خۆی دایە؟ گەلۆ ئەوە مانۆرە بۆ دەستەبەر کردنی هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٥؟

بە باوەڕی من ڕووداوەکانی ئەو چەند حەوتووانەی دوایی هەلومەرجی تا ڕادەیەکی زۆر گۆڕیوە. هەر پ.ک.ک، سیاسەتی کورد و ڕووناکبیرانی کورد و ئێنتێلێنجیسای کورد نا ، لەجێدا ئینسانەکان، لە مەردین، لە باتمانیش  ئیدی  هەڵوێستی ئاکەپە  لە مەڕ پێواژی چارەسەری بە سەمیمی نازانن. لە دەسپێکی ئەو پێواژۆیەی " بە قسە" ئاشتییە دا باسی ئەوەم کردبوو کە حکوومەت دەیەوێ یەکێتیی بزووتنەوەی کورد و بنچینەی ئۆتۆریتەی ئوێجاڵان بە سەر ئەو بزووتنەوەیە دا سست بکا. بۆیە حکوومەت حەول دەدا بۆ بنکۆڵ کردنی ئۆتۆریتەی ئوێجاڵان بەڵام ئەو کارە بەشێوەیەکی ناکۆک و دژلەهەڤ بەڕێوە دەبا. لە لایەک بە ڕێکخراوەکە دەڵێ " تێڕۆریست" ، و دەڵێ " داعش و پ.ک.ک. وەک یەک وان" و لە لایەکی دیکەوە کاتێک کوردەکان دەڕژێنە کوچەو کۆڵانان داوودئۆغڵوو ، بۆ هێور کردنەوەی کووچە و کۆڵانان دەستەوداوێنێ ئوێجاڵان دەبێ.
ئەوە چ نیشان دەدا ؟

ئەوە بە مانای ئەوەیە کە مەشرووعییەتی حکوومەتی تورک تا ڕادەیەک بەستراوەتەوە بە سەرۆکایەتی کورد. یانی ئێوە حکوومەتێکی نیزامی، بارودۆخی نائاسایی ڕادەگەیێنن و دەچن داوا لە دوژمنەکەتان دەکەن کە بارودۆخەکە هێور کاتەوە. ئەمن نازانم مانای ئەوە لە ئەدەبیاتی سیاسی دا چییە! ئەو هەڵوێستە لووتبەرزانەیانەی کاربەدەستانی حکوومەت نیشانەیەکە لەوەی کە ئەوان دەنێو خۆیاندا چەندە هەست بە ناهێمنی دەکەن.

هەموو کەس حەوجێی بە " ئاجێندایەکی ئاشتی" کراوە هەیە

بزووتنەوەی کورد دەڵێ: " ئەگەر کۆبانێ بکەوێ پێواژۆی چارەسەری تەواو دەبێ" بەڵام حکوومەت دەڵێ : " کۆبانی چ پێوەندییەکی بە تورکییەوە هەیە". بە بۆچوونی ئێوە ئاکەپە چما لە هەڵێنانەوەی هەنگاوێکی کاریگەر دەست دەپارێزێ؟

کۆبانێ بشکێ یان نەشکێ، ئەو شتانەی لە چەند حەوتووی ڕابردوو دا قەوماون نێشانیان داوە کە پێواژۆی ئاشتی بە پێی بنەماکانی پێشوو عەمەلێ ناکەن. ئەگەر بویسترێ لەمەو دواوە پێواژۆیەکی ئاشتی ساز بدرێ، بنەما تازەکان ناچارن ئەوانە بن: یەکەم، حکوومەت دەبێ پ.ک.ک. لە ڕووی سیاسییەوە بە ڕەسمی بناسێ. ناکرێ بە یەكێک هەم بڵێی تێڕۆریست و هەم لە دەوری مێز لەگەڵی دانیشی. نە لە باشووری ئەفریقا شتێکی ئاوا کرا ، نە لە هیچ جێگەیەکی دیکەی دنیا دا.
دوویەم ، لە نیزامی کردنەوەی دۆزی کوردە. واتە لە نیزامگەری پاک کردنەوە و کردنی بە مەسەلەیەکی سیاسی. بۆ ئەوەش پێویستیتان بە هەبوونی نەخشەیەکی ڕێ نییە. لە نەخشەی ڕێگا دا دەڵێن " لە قۆناخێکەوە چوینە قۆناخێکی دی" بەڵام هەڵنەسووڕانی ئەوە خۆی نیشان داوە.

باشە ، ئەو پێواژۆیە چۆن دەبێ هەڵسووڕێ؟ ئێوە وەک هەنگاوێکی تازە دیسان ڕوو لە خێرخوازی مەعقوول نان چۆن هەڵدەسەنگێنن؟


ئەو شتەی پێویستیمان پێی هەیە هەبوونی ئاجێندایەکی ئاشتی یە . و گشت پێواژۆیەکە دەبێ بە ڕووی هەموو کەس دا کراوە بێ. بۆ ئەوەی ئەو ئاجێندای ئاشتی یە بتوانێ هەڵسووڕێ پێویستیمان بە چاپەمەنییەکی کراوە و ئازاد هەیە. ئەگەر ئەوە لە گۆڕێ دا نەبێ پێواژۆیەکە ناکرێ لەلایەن هەموو کەسەوە ببیندرێ  و بە ئاشکرایی هەڵسووڕێ. وەکوو دیکە ، لە ئاستی کۆمەڵگەی مەدەنی دا کێشەی کورد دەبێ لە لایەن هەموانەوە و بەئاشکرایی قسەی لێوە بکرێ و ئاڵوگۆڕی بیر و ڕای لە سەر بکرێ... نابێ هیچ کەس بێ پێوەندیی بەو بابەتەوە وە حیساب بێ؛ لە ڕێستوڕانان، لە زانکۆیان ، لە هەموو جێیەک دەبێ بکرێ قسەی لێوە بکرێ. حکوومەت دەستەی ئینسانی خێرخوازی مەعقوولی ئەزموو و ئەوە بەکاری چی هات ، دەکرێ پێم بڵێن؟ لە جێدا پێک هێنانی شتێک بە ناوی دەستەی ئینسانی خێرخوازی مەعقوول نیشانەی نەبوونی بارودۆخێکی دێمۆکڕاتیکە لە تورکییە دا. ئەگەر هەلومەرجی دێمۆکڕاتیک هەبایە لەجێدا حەوجێ بە پێکەوە نانی دەستەی ئینسانی خێرخوازی مەعقوول نەدەبوو.

ئیسرائیلیش نایەوێ ئەسەد بڕوخێ

سیاسەتی ئاکەپە لە مەڕ سوورییە چ لە نێوخۆ و چ لە دەرەوە گوشارێکی زۆری بۆ دێنێ، بە بۆچوونی ئێوە بۆ ئەوەی ئاکەپە بەرگەی ئەو گوشارە بگرێ و خۆی لێ ڕزگار کا بەرەو ئەوە دەچێ گۆڕانێک لە سیاسەتی سوورییە / کۆبانێ خۆی دا بکا؟
لێرە دا دەبێ تەماشای سێ بارودۆخ بکەین کە دەبێ گۆرانیان بە سەر دابێ. یەکەم، دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمێریکا هەتا کەنگێ بەردەوام دەبێ لە سەر ئەو ستراتێژییە؟ دووهەم، وتووێژەکانی نێوان ئەمێریکا و ئێران بە کوێ دەگا؟ سێیەم ، ئەو حکوومەتە کوردەی لە عێڕاق هەیە ئەگەر بتوانێ پەیەدە پێمل بکا بۆ هەڵوێست بە دژی ئەسەد، بۆی هەیە هەڵکەوتی حکوومەتی تورک بگۆڕدرێ. بەڵام، دەبێ بیر لەوەش بکەینەوە  کە داخودا دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمێریکا تا کوێ هەست دەکا بە پێویست بوونی تورکییە؟ ناوچەی پارێزراو و ناوچەی دژە فڕین، لە لایەن ئێرانەوە قەبووڵ ناکرێ و دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمێریکا ئەوە دەزانێ کە ئێران، لە سوورییە گەمەکارێکی گرینگە.

لە مەڕ ئەوەی کە ئەمێریکا ئەو ستراتێژییەی تا چەند درێژە پێ دەدا گەلۆ ئەو عەمەلیاتەی ئێستا دەیانکا لە لێکدانەوەکەتان دا لە بەر چاو دەگرن؟ لەوەش زیاتر، بۆچووتان لە مەڕ  گەنگەشەی  ڕا بهێنە و تەیار بکە چییە؟  ئەوانەی کە ڕادەهێندرێن کێن و بە دژی کێ شەڕ دەکەن؟


ئەمن پێم وایە " ڕابهێنە، تەیار کە" شتێکە بۆ خۆڵ دە چاو کردن. چونکە ئەڵمانییەکان و ئینگلیسییەکانیش پێشمەرگە کوردە عێڕاقییەکان ڕادەهێنن.ستراتێژی ئیدارەی ئەمێریکا لە ناوچە دا یەکپارچە نییە. کۆشکی سپی لە سەر ئەو ستراتێژییەی ئێستا پێکێشی دەکا، بەڵام پێنتاگۆن دەیەوێ داگیر بکا. سەرۆکی ستادی ئەڕتەشی ئەمێریکا، دێمپسی هەر لە سەرەتاوە بە گومانەوە باسی بەکەلک بوون یان نەبوونی ئەو ستراتێژییەی کرد. لە نێو ئیدارەی ئەمێریکا دا ژمارەی ئەوانەی کە پێیان وایە ستراستێژی ئێستا بێ کەلکە لە زیاد بوون دایە. لە جێدا دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمێریکا  و ئینگلیستان لە ئاریزۆنا خەریکی ڕاهێنانی یەکەی ئەوتۆن  کە ئەگەر پێویست بوو لە عێڕاق دایانبەزێنن. بەڵام  ویستی ئۆباما ئەوەیە کە لە نێوخۆی سوورییە دا ئۆپۆزیسیۆنێک بە دژی ئەسەد ساز بکا.

ئەگەر بێینەوە سەر تورکییە، پێم وا نییە تورکییە بە پێ پەسندی ناتۆ بچێتە هیچ کوێ وە.

باشە هەڵوێستی ئیسرائیل لەمەر گشت ئەو پلانانە چییە؟

نەڕووخانی ئەسەد هەر تەنێ داوای ئێران نییە، ئیسرائیلیش نایەوێ ئەسەد بڕووخێ. چونکە ئیسراییل لەوە دەترسێ لە سوورییەش وەزعێکی وەک عێڕاق بێتە گۆڕێ. ئیسرائیلییەکان  دە ڕۆژ لەمەو بەر ڕایانگەیاند،" بێتوو داعش بچێتە نێو ئۆردۆن، پەلاماری دەدەین" واتە سیاسەتەکانی ئاکەپە هەر لە لایەن ئێرانەوە نا، بەڵکوو لە لایەن ئیسرائیلیسەوە دژایەتی دەکرێ. سناریۆیەک هەیە کە زۆر کەس لێی تێناگەن. ئەگەر وتووێژەکانی نێوان ئەمێریکا و ئێران لە مەر مەسەلەی چەکی ئەتۆمی بە ئاکامێکی ڕوون و قەتعی بگا، ئێران پێمل دەبێ بە ڕەوانە کردنی ئەسەد بەڵام نەک بە ڕووخانی ڕێژیمەکەی. ئەسەد دەڕوا بەڵام ڕێژیمەکەی دەمێنێتەوە و لەوێ حکوومەتێکی ئیتیلافی دەهێندرێتە سەر کار.

بارزانی لە وەزعێکی دژوار دایە

لە سەر بانگەوازی بارزانی هاوسەرۆکی پارتیی یەکێتیی دێمۆکڕاتیک ( پەیەدە) ساڵح موسلیم  لەگەڵ نوێنەرانی  ئیتیلافی نەتەوەیی کوردی سوورییە (ئەنەکەسە) و بزووتنەوەی کۆمەڵەی دێمۆکڕاتی
 ( تەڤ دەم)  لە شاری دهۆک کۆ بووەوە. ئێوە لەو کۆبوونەوەیە چاوەڕوانی هیچ ئاکامێکی باش بۆ کۆبانی – ڕۆژئاوا  دەکەن؟ دوویەم ، تورکییە لە مەر یارمەتیدانی بارزانی بە کۆبانی دەڵێ چی؟  گەلۆ بارازنی لە بەرانبەر تورکییە دا ڕادەوەستێ؟

لە جێدا بارزانی لە وەزعێکی دژوار دایە. ئێستا لوولەی تانکەکانی تورک ڕوویان لە کۆبانی یە. دەرچووی تورکییە بۆ کوردستان لە سەد دا ٤٨ کەمی کردووە. وەکوو دیکەش، لە بەر ئەوەی کۆبانێ لە ڕوانگەی گەلانی ناوچەوە بووە بە ئیستعارەیەک لە بەر ئەوە هەتا بڵێی بارزانی لە وەزعێکی دژوار دایە و هیچی لە دەست نایە بۆ گۆڕینی ئەو وەزعە.
سەبارەت بەو کۆبوونەوەیە لێکدانەوەی ئاواش هەیە کە زەمینەی ئامادەکاری بێ بۆ پێک هێنانی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان...

نا، بەر لە هەمووشت دەبێ ڕێگا چارەیەک ببیندرێتەوە بۆ کێشەی نێوان پەدەکە و پ.ک.ک. بۆ ئەو مەبەستە پێویستی بە کۆبوونەوەی زۆر لەو زیادتر هەیە. ئەوەتان لە بیر نەچێ، هێشتا هێزەکانی پ.ک.ک. لە شنگار هەن. مەسەلەی نێوان پ.ک.ک. و پەدەکە ئەوەیە کە کێ کۆمەڵی کورد ئیدارە بکا. ئەوە مەسەلەیەک نییە کە وا بە هاسانی جێ بە جێ بکرێ. ئەگەر ئەوە نەکرێ کۆنگرەی نەتەوەیی کورد کۆ نابێتەوە.

حیسابی تورکییە و عەڕەبستانی سعوودی نەیگرت.

ئێوە ئەو هەموو بەهێز بوونەی داعش چۆن هەڵدەسەنگێنن؟  داخودا بە هێرشەکانی بۆ سەر مووسڵ و شنگار  کە ناوی زیاتر وەبەر گوێیان کەوت مووسل بۆ داعش بوو بە نوختەیەکی سەرەکی؟
نا، لە جێدا ڕووداوەکەی مووسڵ بۆ داعش کە بنکە سەرەکییەکەی لە ڕەقا بوو یەک لە ئاکامەکانی سەقام پێدانی هێزی خۆی بوو. بە بۆچوونی من هاتنە مەیدانی داعش و گەورە بوون و پەرەسەندنی ئاکامی زۆر پیواژۆی جیاوازە کە دەستیان داوەتە دەست یەک. یەکەم. سەرنەکەوتنی ستراتێژی دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمێریکا لە سوورییە، دوویەم ، وەک یەک لە ئاکامەکانی گۆڕانی ستراتێژی ئەمێریکا ناتوانایی و بێ کەلکی ستراتێژی تورکییە لە مەڕ سوورییە. لە نەبوونی ستراتێژییەکی ئەمێریکایی بۆ دەستێوەردانی عەسکەری دا، ئۆپۆزیسیۆنی لاییک و دینی – کە ئەوانە لە لایەن عەڕەبستانی سعوودی، تورکییە و قەتەرەوە دەبوو دەستەڵاتی ئەسەد بڕووخێنن.  بەڵام لە ئووت – سێپتامبری ٢٠١٣ دا ئەو ستراتێژییە گۆڕا.
بۆچی ؟

هۆی یەکەمی گۆڕانی پارسەنگی هێزەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لەوێ بوو. هۆی دوویەم – کە ئەوەیان بە ئی هەرە گرینگ دەزانم – گۆڕانی پێوەندی نێوان دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمێریکا و ئێران بوو. دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمێریکا  دەستی کرد بە گومان کردن لە مەڕ نییەت و توانایی هێزی وەک ئیخوانی گۆیا عیلمانی بۆ ڕووخانی ئەسەد. بە تایبەتی نیگەرانی ئەوە پەیدا بوو کە ڕووداوەکانی میسر دووپاتە ببنەوە. وتووێژ لە گەڵ ئێران دەستی پێکرد. لە هاوینی ساڵی ٢٠١٣ بە هاتنە سەر کاری رووحانی وتووێژ لە گەڵ ئێران ڕووی جۆرەیەک لە سیاسەت بەڕێوەبردنی بەخۆیەوە گرت، بەتایبەتی ڕێبەرایەتی ئێران بۆ چارەسەر کردنی مەسەلەی چەکی ئەتۆمی  لە گەڵ دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمێریکا دەستی کرد بە قۆناغەکانی وتووێژ.
دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمێریکا، تەماشای بارو دۆخی سوورییەی کرد و لەمەسەلەی سوورییە دا ئیرانی بە گەمەکارێکی گرینگ دانا.چونکە ئێران بۆ  پاراستنی ئەو ڕێژیمەی لە سورییە هەیە زۆر بە بڕیار بوو، ئێران تەنێ بە یارمەتی دانی عەسکەری سوورییەوە نەوەستا. لە هەمان کاتدا بە دژی ئۆپۆزیسیۆن بۆ  ڕێکخستنی هێزەکانی ئەسەدیش هێزی نارد. ئەگەر ئەمێریکا بییەوێ دەستێوەردانێکی عەسکەری لە سوورییە دا بکا، گەیشتووەتە ئەوەی  کە دەبێ سەبارەت بە وەزعی هەیی لە سوورییە لە گەڵ ئێران بە لەیەک تێگەیشتنێک بگا. لەو بارەیەوە ئیتر هیچ گومانمان نییە  کە ئێران لە ڕووی داراییشەوە یارمەتی ئەسەد دەدا. لە پێناو شەڕ دا خەرجی دەکێشێ. کە بێینە سەر هاوپەیمانەکانی دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمێریکا؛ لە جێدا قەتەر، عەڕەبستانی سعوودی و تورکییە تاقە ئامانجێکیان هەیە ، ئەویش ڕووخاندنی ئەسەد و تێکشکاندنی نفووزی ئێرانە. سەرەڕای هاو ڕێکیان لەو بارەیەوە لەمەڕ چلۆنایەتی  ئەنجام دانی هەموویان دیتنی جیاوازیان هەیە. بە بۆچوونی من حیسابی تورکییە لە سەر وەزعەکە هەڵەبوو.

هەڵەکەی لە چی دا بوو؟
پێی وا بوو ئەمێریکا بەڕاستی دەستێوەردانی عەسکەری دەکا، و لە سەر بنەمای باوەڕی بەوە وەڕێکەوت. بەتایبەتی  پێی وا بوو کە نەتەوە یەکگرتووەکان لە سەر کارێکی ئاوا ڕێک دەکەوێ. ئامانجێکی ئەوە ڕووخاندنی ئەسەد دەبێ. بەڵام ئامانجێکی دیکەش بۆ ئەو کۆتایی هێنان بە دۆزی کوردبوو.
دوای نیزیکبوونەوەی ئەمێریکا لە ئێران، تورکییە و عەڕەبستانی سعوودی هیچ لەو وەزعە خوشحاڵ نەبوون. عەڕەبستانی سعوودی تەنیا بە دەستیوردانێکی عەسکەری بۆ ڕووخانی ئەسەد ڕازی نییە لە هەمان کاتدا لە یەک نیزیکبونەوەی دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمێریکا و ئێرانیشی پێ ناخۆشە. لە ڕونگەی تورکییەشەوە  لە هەمان کاتدا  ڕەهەندێکیش هەیە کە پێوەندیی بە دۆزی کوردەوە هەیە.

لە کاتێکدا کە پشتیوانی ئێران لە ئەسەد ئەوەندە ئاشکرایە ، نیزیک بوونەوەی دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمێریکا و ئێران دەبێ چۆن بخوێندرێتەوە؟

دوای ئەوەی کە ئەمێریکا عێڕاقی بە جێهێشت لەوێ بەتاڵاییەکی هێز ساز بوو. ئەو بەتاڵاییە بە هاتنە سەرکاری ئیدارەی مالیکی لە لایەن شیعەکانەوە پڕ کرایەوە. دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمێریکا وەک کەسێکی کە دەتوانێ هێز لە دەوری خۆی کۆ بکاتەوە پشتیوانی لە مالیکی کرد. ئێرانیش پشتیوانی لێ کرد چونکە ئیدارەکەی ئیدارەیەکی شیعە بوو. لە سایەی ئەوە دا  لە تارانەوە تا بەغدا ، لە شامەوە تا باشووری لوبنان زنجیرێکی تێکەڵاوی و لێکبەستراوی پێکەوە نا و هەلوێستێکی بەهێزی پەیدا کرد. دوای سەرنەکەوتن و بێ کەلک بوونی مالیکی ئێران ئەو هێزەی کەمێک لە دەست دا. گەمارۆی داعش دەستی ئێرانی بەهێزتر کرد.

چۆنی بەهێز کرد ؟
دوای گۆڕانی ستراتێژی ئەمێریکا، ئاوانتاژی ئێران ئەوە بوو،هاوپەیمانێکی وەک حیزبوڵای هەبوو. بەڵام تورکییە و عەڕەبستانی سعوودی هاوپەیمانێکی ئاوایان نییە، هێزی شەڕکەریان نییە و ناچارن ئەوە ساز کەن. بە باوەڕی من هەر دوکیان پشتیوانیان کرد لە ئیخوان و ئەلنوسرە، چونکە ئەوانیان وەک هاو پەیمان دەبینی. چونکە لە دوای گۆڕانی ستراتێژی ئەمێریکا  زۆر گرووپ هاتنە مەیدانێ. دەبێ داعش وەک یەک لە ئاکامەکانی ئەوە ببیندرێ. پێویستە وەک ئاکامی  ئۆپۆزیسیۆنبێکی دینی دژی ئەسەد چاو لێبکرێ. هیچ گومان لەوە دا نییە  کە تورکییە و عەڕەبستانی سعوودی هەرچەندە بەڕەسمیش پێی لێ نەنێن یارمەتی ماڵی و چەکیان کردووە بە داعش.

پرۆفێسۆر عەبباس وەلی
لە مەهاباد کە لە کوردستانی ئیران هەڵکەتووە هاتووەتە دنیاوە. دوای تەواو کردنی خوێندنی زانکۆ بۆ کاری ئاکادێمیک وەلی چووەتە بریتانیا، دوکتوراکەی خۆی لە زانکۆی لەندەن ئەنجام دا، لە ساڵی ٢٠٠٦ بە پێی بانگهێشتنی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بۆ ساز کردنی زانکۆی کوردستان لە هەولێر چووە کوردستان. بەڵام لە بەر ئەو کێشانەی لەوێ هاتنە گۆڕێ ئەوێی بەجێ هێشت. لە ساڵی ٢٠٠٨ بەملایەوە  ئەندامی دەستەی پەروەردەکارانی زانکۆی بۆغازیچی یە. کتێبەکانی : " کۆماری کوردستان" ، " ناسێنەی مێژوویی کورد و سیاسەت" ،  " ئێرانی بەر لە سەرمایەداری" ، " ڕەچەڵەکی ناسیۆنالیزمی کورد " بە تورکی وەرگێڕدراون.

بەرواری بڵاو بوونەوە:  ٢٠ – ١٠ – ٢٠١٤
وێنە: ئەردۆست ییڵدرم

وەرگێڕان لە تورکی یەوە: حەسەن قازی
سەرچاوە: ناوەندی نووچە و شرۆڤەی ڕۆژ

No comments: