Monday, November 17, 2014

سیاسەت سەدەمە دەگەیێنێ بە یەکەم ئەنیستیتووی کوردیی لە تورکییە


سیاسەت سەدەمە دەگەیێنێ بە یەکەم ئەنیستیتووی کوردیی لە تورکییە
ئەلمۆنیتۆر
١٣ی نۆڤامبری ٢٠١٤
نووسینی فەهیم تاشتەکین
وەرگێڕان لە ئینگلیسییەوە حەسەن قازی
ئەنیستیتووی زمانە زیندووەکان، کە لە ساڵی ٢٠١٠ لە زانکۆی ئەرتوکلو لە شاری مێردین لە باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکییە دامەزرا، یەک لە هەنگاوە هەرە بەرچاوەکانی ئانکارایە لە حەولی دا بۆ چارەسەر کردنی پرسی کورد. ئەوە یەکەم دیپارتمانی کوردۆلۆژی تورکییە و یەکەم بەش بوو کە بە زمانی سوریانی دەرس بڵێتەوە. سەرۆک کۆمار ڕەجەب تەییب ئەردۆغان وەک " شۆڕش " ێک باسی دامەزراندنی ئەو ئەنیستیتووەی کردووە و هەبوونی تێشکێکی هیوا بووە لە ناو ئەو هەموو گێڕە وکێشانەی دا کە چەت لە پێواژۆی ئاشتی کوردی دەخەن.
لەگەڵ ئەوەشدا، ئەو ئەنیستیتووە لەوەتا دامەزرانییەوە بەرەوڕووی تەنگوچەڵەمە و هێڕش بووە ، و هەم ئانکارا و هەم بزووتنەوەی کوردی وەزحمەت خستووە. حکوومەت لە پێکهاتەی ستافی ئاکادێمی ئەنیستیتووەکە و لەو خوێندکارانەی کە پەروەردەیان دەکا کە ببنە مامۆستا و هەر وەها لە بانگهێشتنی ڕۆژنامەنووسانی دژبەر بۆ یەکەم جێژنی تەواو بوونی خوێندنی خوێندکاران ڕازی نەبووە. بزووتنەوەی کوردیش، بە نۆرەی خۆی، بەو چاوە لە ئەنیستیتووی ڕوانیوە  کە تاکتیکێکی حکوومەت بێ بۆ سست کردنەوەی داواکانیان بۆ هەبوونی پەروەردەی خوروو بە زمانی کوردی. ئەو پڕۆژەیە بووە هۆی تووڕەیی داو و دەزگای دەوڵەتی شاراوەش، کە هەمیشە لەوە تۆقیوە کە تورکییە بەرەو دابەش بوون بڕوا.
بە پێی ئەو زانیارییانەی وەدەست ئەل- مۆنیتۆر کەوتوون هێزە ئەمنییەتییەکان بە ڕێگای جۆر بە جۆرەوە ناڕەزایەتی خۆیان دەربڕیوە و هەڵسووڕێنەرانی ئەنیستیتوو  لە لایەن کەسانی نەناسراوەوە بە نامە هەڕەشەیان لێکراوە.
لێکۆڵینەوەی ئەمنی لە مەر ئەو خوێندکارانەی کە ویستوویانە کۆردۆلۆژی بخوێنن ئاستی خۆ ڕاگری دامەزراوەی دەوڵەتی بە دژی کرانەوە بەڕووی کورد دا دەردەبڕێ. لە ساڵی ٢٠١٢، ٤٨٠ کەس لەو ٥٠٠ کەسانەی کە لە سەر بنەمای زاڵبوونیان بە سەر زمان و ئەدەبییاتی کوردی دا وەرگیران لە بەر مەیلی سیاسییان  دەشیا ئیرادیان لێ بگیرێ. دوا جار لێکۆڵینەوەیەک سەبارەت بە بەڕێوەبەری ئەنیستیتووەکە قەدری ییلدرم دەستی پێکرد، لە سەر بنەمای ئەو ئیدیعایەی کە هاتبووە گۆڕێ کە ئەنیستیتوو ستاف و کارگێڕەکانی لە نێو لایەنگرانی پارتیی کرێکارانی کوردستان (پ.ک.ک.) و پارتیی لایەنگری کوردی ئاشتی و دێمۆکراسی (بەدەپە) دیاری دەکا.
لەگەڵ ئەوەشدا، ئەو لێپرسینەوەیە پێی نەکرا چ بەڵگەیەک  کە بکرێ تاوانێکی ئاوا بورووژێنێ وەدەست بهێنێ، ییلدرم دەڵێ " ئێمە خوێندکارەکانمان لە سەر بنەمای پاڵێوران لە ڕووی ئەمنی وەرنەگرت بەڵکوو لە سەر بنەمای ئاستی کوردی زانینیان. ئەوە کێشەی بۆ من ساز کرد. ئەمن بەوە تاوانبار کرام کە خەڵکی سەر بە کۆڕوکۆمەڵی دژبەر وەپێش دەخەم. لێپرسینەوەیەک سەبارەت بەمن دەستیپێکرد، بەڵام هیچی لێ هەڵنەکڕا، وێدەچێ ئەوان نەیانتوانیوە لە ماوەی ئەو دوو ساڵە دا هیچ ببیننەوە. هێشتا ئاگاداریان نەکردووم لەوەی بە ئاکامێک گەیشتبن".
دەسپێکێکی گرژ
لەوەتا دامەزرانییەوە گرژی لە گەڵ ئانکارا ئەو ئەنیستییووەی دە زەحمەت خستووە. لە ساڵی ٢٠١٢ ، دوای ئەوەی کە ئەو ئەنیستیتووە یەکەم دەستەی ٥٠٠ کەس لە خوێندکارانی وەرگرت، ئەوانە لە نێوان ٣٠٠٠ داوخوازکار دا هەڵبژێردران، دەستەی خوێندنی باڵا ( یۆک) ژمارەی ئەوانەی دەبووا وەربگیرێن بۆ نیوە دابەزاند، ئەوەش گەیشتە ئەوەی کە ئەنیستیتوو ووشداری بدا کە دەست لە بەرنامەی پەروەردەی مامۆستا و ئامادە کردنی کتێبی خوێندن بۆ خولەکانی تایبەتی زمانی کوردی لە خوێندنگە گشتیەکاندا هەڵدەگرێ بێتوو ئەو خوێندکارانەی کە لە تاقی کردنەوە دا سەرکەوتوون مافی خوێندن لە ئەنیستیتووەکە دا لە کیس بدەن.
سەرەڕای شک و گومانی بەردەوام، ئەو ئەنیستووە توانیویە لە ماوەی ٢ ساڵان دا ١٠٠٠ کەس پەروەردە بکا، کە ئەوەش دەستکەوتێکی جێی سەرنجە. بەڵام بە دەم شەلە شەلی قاچەکەی دیکەی کرانەوەی کوردی یەوە، ئەوانەی دەرسیان تەواو کرد و بە هیوای ئەوە ناونوسییان کردبوو  ببنە مامۆستای خولە تایبەتییەکانی زمانی کوردی کە لە ساڵی ٢٠١٢ را کرا لە خوێندنگە گشتییەکان دا بخوێندرێ، دانەمەزرێندران و بێکار مانەوە. ئەوان لە مانگی ئووت، دەستیان بە مانگرتن کرد دوای ئەوەی کە وەزاڕەتی پەروەردە ڕێگای نەکردەوە بۆ دەبەر کارنانیان. لە چاوپێکەوتنەکانی لە ئانکارا،ییلدرم ووشداری دا بە کاربەدەستان بێتوو کێشەکە چارەسەر نەکرێ ئەو خۆشی لەگەڵ مانگرتنەکە دەکەوێ. وەزاڕەتی پەروەردە دواجار ناچار ما ١٨ مامۆستا دەبەر کار بنێ.
ییلدرم لە قسەکانیدا بۆ ئەل- مۆنیتۆر گوتی ، حەولە بە بڕیارەکانیان کارێکی ئاوای کردووە کە هەم حکوومەت و هەم بزووتنەوەی کوردی بۆچوونی خۆیان لە ئاست ئەو ئەنیستیتوویە بگۆڕن. ئەو پێی وایە کە ئامادە بوونی کاربەدەستانی حکوومەت و نوێنەرانی بەدەپە لە پاڕلمان لە جێژنی تەواو کردنی خولی ئەمساڵ نیشانەیەکە لە نەمانی پێشداوەری پێشوو.
١٨ پیشە بۆ ١٨ ڕۆژ مانگرتن
بە پێی قسەی ییڵدرم، پێشکەوتن و گیروگرفتە سەرەکییەکانی ئەنیستیتوو دەکرێ لەم خاڵانەی خوارەوە دا کورت بکرێنەوە.
* خوێندکارەکان  بۆ خوێندنی پلەی ماستر وەردەگیرێن بە تێز نووسین یان بێ ئەو لە سەر بنەمای ئەو ئەزموونانەی کە زاڵبوونی ئەوان بە سەر ڕێزمان و ئەدەبییاتی کوردی دا دەپێوێ.
* لە ساڵی ٢٠١٣ و ٢٠١٤ دا هەرە ساڵەی ٥٠٠ خوێندکار دەرسیان تەواو کرد. سەرەڕای پەڵێنەکانی حکوومەت  ژمارەیەکی جێی قەبووڵی مامۆستای دەبەر کار نەناوە، لە ١٨هەمین ڕۆژی مانگرین لە خواردن دا تەنێ پێشنیازی دامەزراندنی ١٨ کەسی کرد. ( لە ڕاستیدا، ئەوانەی چاوەڕوانی کار دەکەن ئەو ٥٠٠ خوێندکارەش وەبەر دەگرێ کە لە زانکۆکانی دیار بەکر، بینگۆل، و مووش دەرسیان تەواو کردووە . کە ئەو زانکۆیانەش خولی فێر کردنی زمانی کوردییان کردووەتەوە). وەزاڕەتی پەروەردە ئێستا پێویستی بە ١٠٠٠ مامۆستا هەیە، بەڵام خوێندنگەکان ناچارن بۆ ماوەی کاتی خەڵکی ئاوا دەبەر کارنێن کە بتوانن دەرس بڵێنەوە بۆ ئەوەی شاگرد باوەڕنامەی گوتنەوەی زمانی کوردی وەربگرن. گیرو گرفتی دامەزران برەوی ئەنیستیتووی کەم کردووەتەوە و ئێستا ژمارەی داوخوازانی خوێندن لە ٣٠٠٠ کەسەوە لە ساڵی ٢٠١٢ ، لە دوو ساڵی دواتر دا گەیوەتە ٢٠٠٠ و ١٠٠٠.
*وەزاڕەتی پەروەردە ئیزن دەدا بە زانکۆی ئەرتوکلو کە هەموو ساڵێ ٤٠ خوێندکار وەربگرێ بۆ خوێندنی پلەی ماستر بە تێزەوە. کۆی ئەو خوێندکارانە هەنووکە ١٠٠ کەسن.
*دەورەی لیسانسی خوێندنی زمان و ئەدەبییاتی کوردی چوار ساڵە و یەکەم دەستە ساڵی داهاتوو تەواوی دەکەن. ئەو خولە لە ساڵی ٢٠١٠ بە ٢٠ خوێندکارەوە دەستی پێکردو لە ساڵانی دواتر دا ئەو ژمارەیە زیادی کردووە و گەیوەتە ٦٥ کەس. دەستەی خوێندنی باڵا (یۆک) داوخوازی زانکۆی بەرپەرچ داوەتەوە بۆ ئەوەی ساڵانە ١٠٠ خوێندکار وەربگیرێن

*دیپارتمانی کوردۆلۆژی کتێبی خوێندنی کوردی بۆ منداڵانی پۆلی پێنج و شەش و حەوت نووسیوە و ئامادەی کردووە. وا چاوەڕوان دەکرێ کتێب بۆ پۆلی هەشت ساڵی داهاتوو ئامادە بێ. ئەو کتێبی خوێندنانە هەم بە شێوەزاری کورمانجی و هەم شێوەزاری زازاکی ن.
* ٤٥ ئەندامی ستافی ئاکادێمیک  هەم زانای ئوڕووپایی و هەم زانای هەر چوار پارچەی کوردستانیان تێدایە، کە لە نێوان تورکییە، عێڕاق، ئێران و سوورییە دا دابەش کراوە.
کێشەی پیتان
ییلدرم چیرۆکی گرژی ئەو کاتە وەبیر دەهێنێتەوە کە کوردەکان بۆیان نەبوو پیتی Q ، X،و W  لە ناو و نووسینەکانیاندا بەکار بهێنن تا ساڵێک لەمەوبەر لە بەر ئەوەی ئەو پیتانە  لە ئەلفووبێی تورکی دا نین. ئەو دەڵێ: "لەو سەردەمەی دا کە هێشتا ئەو قەدەغەیە هەبوو، ئێمە دەبوو کتێبی خوێندن بۆ وەزاڕەتی پەروەردە ئامادە بکەین. ووشدارییان پێ داین  نەکا ئەو سێ پیتە بەکار بهێنین. ئەمن پێم گوتن ئەگەر ئاوا بێ ئێمە لە پڕۆژەی ئامادە کردنی کتێبی خوێندنی کوردی دەست دەکێشینەوە، چونکە ئەگەر ئەو پیتانە نەبن، ئەلفووپێی کوردی چی تێدا نامێنێ. ئێمە بە توندی پێکێشیمان  کرد لە سەر هەڵوێستی خۆمان و دواجار ئەو پیتانەمان هەم لە کتێبی خوێندن و هەم لە پایاننامەکان دا بە کار هێنا".

سەبارەت بە ڕەواندنەوەی تەمی پێشداوەرییەکان، ییلدرم دەڵێ: " دەوڵەت ئێمەی تاوانبار دەکرد کە لایەنگری بەدەپە بین. لە کاتێکدا کە کوردەکانیش ئیدیعایان دەکرد ئێمە لە خزمەت جەماعەت  [ی فەتحوڵا گولەن] داین. لە گەڵ ئەوەشدا، ئەمساڵ، هەستمان بە ئاسوودەیی کرد. ئەردۆغان بە بۆنەی جێژنی تەواو بوونی خوێندن پەیامی پیرۆز بایی نارد و لە لایەکی دیکەشەوە ئەحمەد تورک شارەداری مێردین و گویرسەل ییلدرم نوێنەری پاڕلمان سەر بە  هەدەپە لە جێژنەکە بەشدارییان کرد. کاتێک ئەردۆغان بە دەم کەمپەینی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆمار سەری لە مێردین دا پەسنی کارەکەی ئێمە دا. کۆڕ و کۆمەڵی لە مەڕ  بەدەپە – هەدەپە ش ، دەستیان کرد بەوەی  بۆیان دەرکەوێ کە ئێمە تەنێ سەرقاڵی کار و چالاکی ئاکادێمیکین. ئەوە بۆ یەکەم جارە کە قەدر لە کارەکەمان دەگیرێ  هەم لە لایەن حکوومەت و هەم لە لایەن ئۆپۆزیسیۆنەوە."
ئەڕۆڵ دۆرا، نوێنەری هەدەپەی شاری مێردین لە پارڵمانی تورکییە دەڵێ ئەوان هیچ دژایەتییەکیان لەگەڵ ئەو ئەنیستیتووە دا نییە، بەڵام  جەختی کردەوە حکوومەت زۆر جار ئەو جۆرە دەستپێشخەرییانە وەکوو تاکتیکی هەتەڵە کردن بەکار دەهێنێ. دۆڕا، یەکەم ئەندامی سوریانی پارڵمانی تورکییە  بە ئەل- مۆنیتۆری گوت : " ئەو مامۆستایانەی  دەرسیان تەواو کردووە تەنانەت دەبەر کارناندرێن، ئەگەر حکوومەت بە ڕاستی دەیەوێ زمانی کوردی پێش بخا و یارمەتی بکا بە پەروەردەی زمانی دایکی ، دەبێ مامۆستاکان دا بمەزرێندرێن" ئەو گوتی " هێندێک پێشوەچوونی پۆزیتیڤ کراون بەڵام ئەوانە داوخوازەکانی پارتی ئێمە پێک ناهێنێ  کە داوای چارەسەرییەکی زۆر قووڵتر دەکا  کە لە خوێندنی تایبەتی تێپەڕێنی و بگاتە پەروەردەی تەواو بە زمانی کوردی."
کوردۆلۆژی یان نا
هێندێک لە زانستکارانی کە حەولدەدەن بۆ دامەزراندنی دانیشکەدەیەکی کوردۆلۆژی لە تورکییە دەڵێن  ئەو ئەنیستیتووەی زمانانی زیندوو ناکرێ پێی بگوترێ دانیشکەدەی کوردۆلۆژی، لە بەر ئەوەی کە ڕێگا نەدراوە تەنانەت  ووشەی " کورد" لە ناوەکەیدا هەبێ ، و تێیدا خوێندنی دوکتورا قەدەغەیە ، و ستاتوسێکی زۆر لە خوارەوەی هەیە. ئەوان هەر وەها لە سەر ئەوە جەخت دەکەنەوە ئەو کەسانەی کە لەو ئەنیستیتووە خوێندنیان تەواو کردووە و وەزاڕەتی پەروەردە دایمەزراندوون پێیان دەڵێن " مامۆستایانی زمانان و دیالێکتە زیندووەکان" تا ئەوەی کە پێیان بڵێن " مامۆستایانی زمانی کوردی" ئەوان دەڵێن، لە ئاکامی ئەوە دایە، کە داوخوازکار بۆ ئەو خوێندنە لە کەمێی داوە، چونکە ئێستا ئەوانەی لەوێ دەخوێنن ئەوە لە ئاسۆ دا نابینن کە دەرس بڵێنەوە و هەر لەبەر خۆشەویستی ئەدەبییاتی کوردی ئەو بەشەیان هەڵبژاردووە.
بە کورتی. زانکۆی ئەرتوکلو ئیدی چبڕ مەیدانی کێشەی نێوان ئانکارا و بزووتنەوەی کورد نییە. بەڵام بە بێ نەخشە ڕێگایەکی ڕوون بۆ چارەسەرییەکی هەموولایە، ئەو کێشانەی تا ئێستا لە ماوەی پێواژۆی ئاشتی دا تووشیان هاتوون دیسان دەکرێ سەر هەڵدەنەوە. بە لە بەرچاوگرتنی ئەوەی کە دانیشکەدەی کوردۆلۆژی هێشتا بە ئی مەیل هەڕەشەی لێدەکرێ، حەولێکی زۆر پتەوتر بۆ سەقامگیر کردنی پێویستییەکە.

-----------

فەهیم تاشتەکین گۆشەنووس و ئیدیتۆری ئەرشەدی دەنگوباسی دەرەوەیە لە ڕۆژنامەی ڕادیکاڵ ی تورکی کە لە ئەستەنبووڵ دەر دەکەوێ . ئەو لە تێلێڤیزیۆنی ئی مەجە دا هەر حەتوو نا حەوتویەک بەرنامەی " دۆغوو دیوانی " پێشکێش دەکا. تاشتەکین شیکەرەوەیەکی پسپۆڕە لە مەڕ سیاسەتی دەرەوەی تورکییە و قەوقاس، ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و کارو باری لەمەڕ یەکێتیی ئوڕووپا. ئەو ئیدیتۆری دامەزرێنەری ئاژانسی قەوقاس ە

============================================================
شەرحی وێنەکە:
وێنەی ناساندنی زانکۆی ئەرتوکلو بە قەدی شاخێکەوە لە باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکییە لە شاری مێردین ١٣ی نۆڤامبری ٢٠١٤. ئەنیستیتووی زمانانی زیندوو، یەکەم دیپارتمانی کوردۆکۆژی یە لە تورکییە، لە ساڵی ٢٠١٠ لەو زانکۆیە دامەزرێندرا  ( فۆتۆ: بەشی پەروەردەی ئەرتوکلو)

سەرچاوە: ناوەندی نووچە و شرۆڤەی ڕۆژ



No comments: