نەبەرد لە پێناو کۆبانێ دا زەمینەی ئەوە ساز دەکا ئاوڕێک لە مۆدێلی نوێی دێمۆكراسی کوردەکان بدرێتەوە
نەبەرد لە پێناو کۆبانێ دا زەمینەی ئەوە ساز دەکا ئاوڕێک لە مۆدێلی نوێی
دێمۆكراسی کوردەکان بدرێتەوە
کارتیک مانۆهاران
١١ی نۆڤامبری ٢٠١٤
لە ئینگلیسییەوە: حەسەن قازی
لەکاتێکدا نەبەرد بەدژی شەڕکەرانی داعش بینەران لە سەرانسەری جیهانەوە
بەرەو خۆی ڕادەکێشێ، هێندێک سەرنج دراوەتە سەر ئەو پیاو و ژنانەی کە لە باکووری سوورییە
خۆڕاگرییان لە بەرانبەردا دەکەن. بەشی کوردستانی سوورییە، یان ڕۆژئاوا، بەوجۆرەی کە
کوردەکان پێیان خۆشە نێوی هەڵدەن، ئەوە نیزیکەی دووساڵە شەڕی ئیسلامیستەکان دەکا بەڵام
تەنێ ئێستا نەبەرد لە پێناو شاری سنووریی کۆبانی دا بووەتە هۆی ئەوەی بکەونە بەر ڕووناکایی.
لەکاتێکدا ئەوە هاسانە کە گەلی کورد ئاوا نیشان بدرێن کە ڕووبەڕووی ئەو
هێرشە نوێیە تێڕۆریستییە بوونەتەوە، بەڵام لە ڕاستییدا ئەوان لە شتێکی زۆر لەوە قووڵترەوە
گلاون. کۆبانێ ڕەمزێک وکێشەیەکە کە گرینگییەکی جیهانی هەیە. کوردەکان نەک هەر لە بەرانبەر
ئیسلامیستەکاندا لەنەبەرد دان، بەڵکوو ئەوان حەولیش دەدەن بۆ ساز کردنی مۆدێلێک لە
دێمۆکڕاسسی کە لە ڕاستییدا لەوانەیە سەقامگیری و سەبات بهێنێتە ناوچەیەک کە شەڕ دایگرتووە.
ڤیزیۆنی سیاسیی کوردی لە سەر بنەمای هیچ باوەڕێکی تایبەتی ڕەگەزی، ئێتنیکی،
هەرێمی یان دینی نییە، بەڵکوو لە سەر بنەمای فکرێک، یان زنجیرەیەک فکر و باوەڕییە کە
لای خەڵک لە هەموو شوێنێک دەنگ دەداتەوە
شەڕڤانان لە کۆبانێ ئیدیعا دەکەن کە لە پێناو ئازادیی هەموان لە ناوچەکە
دا بەرخوە دەدەن، چ کورد بن، چ تورک بن، چ عەڕەب یان هەر کەسێکی دی. ئەو شێوەیەی کە
شەڕڤانانی کۆبانێ لە ئاست دەوری کڵیشەیی جینسییەتی وەخۆ کەوتوون تەنیا نموونەیەکە
تا ئەو جێگایەی کە دێتەوە سەر جیاوازییە دینییەکان، کۆبانێ نە دژبەرانی
ئیسلام پەسند دەکا کە پێیان وایە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە توانای دا نییە پێش بکەوێ و
لە ڕووی سیاسییەوە ساغلەم بێ و نە سەر بۆ ئیسلامیستەکان دادەنەوێ کە حەول دەدن خۆیان
بە پشتیوانی بەگوڕی ئەو باوەڕە بنوێنن کە موسوڵمانان لە سەرتاسەری جیهان دا ویستی هەرە
سەروویان سەرەتی دانە بە ناسێنەی دینی. کوردەکان لە ئامادەیی خۆیاندا بۆ لەسەر کردنەوە
و بەدەنگەوە هاتنی کەمایەتی ئێزیدی بە دژی ڕاونانەکانی داعش لە جێدا سێکوولاریزمی ڕادیکاڵیان
پێشخستووە و هەر وەها ڤیزیۆنێک بۆ دەربردن و تەحەمول لە هەرێمێک دا کە شەڕی دینی دایگرتووە
ئەوەی کە تازەیە لە خەباتی کوردی لە پێناو دیاریکردنی چارەنووسی خۆ دا،
ناساندنی دیاریکردنی چارەنووسی خۆ خۆیەتی. ئەو چەمکە، کاتێک بویسترێ لە سەر نەتەوان
پیادە بکرێ، بە گشتی ئاوا مانای لێک دەدرێتەوە کە نەتەوان مافیان هەیە جوێ ببنەوە و
دەوڵەتانی لە مەڕ خۆیان ساز بکەن، بەڵام کوردەکان ئەوە بەشێوەیەکی دیکە دەبینن. زۆران
لە سەر ئەو باوەڕەن ئەزموونێکی کۆنفێدرالیسمی دێمۆکڕاتیک ئەو شتەیە کە بەڕاستی هەرێم
پێویستی پێی هەیە
کۆنفێدڕالیسمی دێمۆکڕاتیک فکرێکە کە لە لایەن دامەزرێنەری پ.ک.ک. عەبدوڵا
ئوێجاڵانەوە کە ڕووناکبیرێکی ناوەندی و کەسایەتییەکی ئەخلاقییە بۆ کوردەکان لایەنگری
لێوە کراوە. پ.ک.ک.، یان پارتیی کرێکارانی کوردستان، لە ساڵی ١٩٧٨وە لە پێناو بە دەستخستنی
ئۆتۆنۆمی زیاتر بە دژی تورکییە لە شەڕ دابووە و هەر وەها شەڕڤانانی کوردی لە کۆبانێ
پەروەردە کردووە. ئوێجاڵان نووسینەکانی خۆی، لە نێو چواردیواری زیندانی تورکی دا گەڵاڵەی
کردووە، ئەو زیندانەی لە ماوەی ١٥ ساڵی ڕابردوو دا ڕەنجی تێدا کێشاوە. بۆچوونەکانی
تەوەرەیەکی پتەوی ئیدێئۆلۆژیک بوون بۆ خەباتی کوردی. ئەو لەو باوەڕە دایە کە دەوڵەت
نەتەوەکان لە زاتی خۆیان دا سەرکوتکەرن. لەکاتێکدا کە دەستە زۆرلێکراوەکان دەکرێ دواخوازەکەیان
ڕەوا بێ بۆ هەبوونی دەوڵەتی لە مەڕ خۆیان، تەنانەت ئەو جۆرە دەوڵەتە تازە دامەزراوانەش
تەنێ خزمەت بەوە دەکەن کە جێی جۆرەیەک لە زاڵبوونییەتی بە یەکی دی بگۆڕنەوە. لە ڕوانگەی
وییەوە دەوڵەت نەتەوە گڕیدراوە بە ناسیونالیزمی دژی خۆیی، جینسییەت پارێزی و بنیچەگری
ئایینی
کۆبانێ لە جێدا ئەو تیورییەی بە کردەوە دابەزاندووە، ئەو فکرانە لەوانەیە
بە چاوی ریالیستەکانەوە خەیاڵی بن، لە بٶچوونێکی ئاوا دا ناحەقیان نییە، چونکە مەسەلەی
مانەوەی کۆمۆنە خۆسەرەکان کە هیچ پشتیوانی سیاسی یان عەسکەرییان نەبێ لە دەوڵەتێکی
بەناوەند کراو دا نالوێ. بەڵام هەر وەک ئۆسکار وایڵد دەڵێ، پێشکەوتن بریتییە لە وەدیهاتنی
یوتۆپیا و خەیاڵ. لەوانەیە پێشکەوتنی کۆبانێ هەر ئەوە بێ
خەبات لە پێناو کۆبانێ دا ڕووداوێکە کە گرینگی جیهانی هەیە، هەر وەک بەیاننامەی
سەربەخۆیی ئەمێریکا، پەلامار دانی قەڵای باستیل، کۆمۆنی پاریس، یان سەرکەوتنی ڤییێتنام
لە دییەن بییەن فوو. سەرکەوتنی کوردەکان دەبێ بە چالنجێک .
لە ئاست ئاسۆیە ڕووناکبیری، ئەخلاقی و سیاسییەکان
لە ئاست ئاسۆیە ڕووناکبیری، ئەخلاقی و سیاسییەکان
لە کاتێکدا کە پارتییە دەستە ڕاستییەکان لە ئورووپا و لە شوێنی دیکە پەرە
دەستێنن، و هاوتەریبی ئەوان بنچینەگری کەمایەتی گەشە دەکا، کوردەکان شتێکی جیاواز پشنیاز
دەکەن. ئەوە نابێ چاوی لێ هەڵببوێردرێ. چونکە بەو مانایە، ئەوان لە پێناو هەموان دا
شەڕ دەکەن
سەرچاوە: ناوەندی نووچە و شرۆڤەی ڕۆژ
No comments:
Post a Comment