Sunday, December 14, 2014

یازدەهەمین کۆنفڕانسی نێونەتەوەیی یەکێتیی ئوڕووپا، تورکییە، ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و کوردەکان. دانیشتنی کرانەوە و ٣ پەیامی گرینگ.برووکسێل، پارڵمانی ئوڕووپا ١٠-١١ دیسامبری ٢٠١٤


یازدەهەمین کۆنفڕانسی نێونەتەوەیی یەکێتیی ئوڕووپا، تورکییە، ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و کوردەکان. دانیشتنی کرانەوە و ٣ پەیامی گرینگ ، برووکسێل ، پارڵمانی ئوڕووپا  ١٠- ١١ دیسامبری ٢٠١٤
داخویانی چاپەمەنی
بۆ ئەوەی دەستبەجێ بڵاو بکرێتەوە
٤ی دیسامبری ٢٠١٤
١١هەمین کۆنفڕانسی نێونەتەوەیی لە مەڕ یەکێتیی ئوڕووپا، تورکییە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و کوردەکان
" ئاڵۆزی و قەیرانی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست ، نەزمی نوێی هەرێمی و کوردەکان"
ئەو کۆنفڕانسە لە ١٠ و ١١ی دیسامبری ٢٠١٤ لە پارڵمانی ئوڕووپا لە برووکسێل بەڕێوە دەچێ
لەوەتا ساڵی ٢٠٠٤ کۆمیتەی مەدەنی یەکێتیی ئوڕووپا تورکییە (ئی یوو تی سی سی) ساڵانە کۆنفڕانسێک لە پارڵمانی ئوڕووپا ڕێک دەخا. یەک لە ئەرکە هەر گرینگەکان چاوەدێری بە سەر تورکییەوەیە بۆ ڕاپەڕاندنی ئەو شەرتو مەرجانەی پێوەری ئەندامەتین لە یەکێتیی ئوڕووپا دا. ئی یوو تی سی سی پێی خۆشە یارمەتی بکا بە پێشوەچوون بۆ ئەندامەتی تورکییە لە یەکێتیی ئوڕوپا دا بە ڕێگای بڵاو کردنەوەی زانیاری دروست و ئۆبژێکتیڤ هەم لە تورکییە و هەم لە ئورووپا سەبارەت بەو پێشوەچوونانەی تورکییە کردوویەتی ، بەڵام هەروەها لەمەر ئەو کەموکۆوورییانەش کە دەکرێ هەر لە ئارا دا بن.
بە ڕێکخستنی ئەو کۆنفڕانسانە ئی یوو تی سی سی هەر وەها پێی خۆشە یارمەتی بکا بە چارەسەییەکی دێمۆکڕاتیک، ئاشتییانە و مانای دۆزی کورد. ئەو کۆمیتەیە لەم باوەرە دایە ئەو چارەسەرییە تەنێ دەکرێ بەڕێگای دیالۆگ لە نێو لایەنە پێوەندیدارەکاندا مەیسەر بێ ، کە تێیدا یەکێتیی ئوڕووپاش دەتوانێ دەوری خۆی بگێڕێ. ئەو چارەسەرییە نەک هەر پێویستی بە گۆڕانی قانوونیی زیاتر، بەڵکوو گۆڕان لە ئیدێئۆلۆژی و زێهنییەتیش دا هەیە لە هەموو ئاستەکانی کۆمەڵی تورکییە دا. لە دەوڵەتێکەوە کە دەربڕین و دەرکەوتنی کولتوور و زمانی کوردی بە هەڕەشەیەک دادەنێ بۆ سەر هەبوونی خۆی، تورکییە دەبێ ببێتە دەوڵەتێک کە جیاوازییەکان بە ڕەسمی بناسێ و جۆراوجۆری و ئازادیی کولتووری بە تۆوی پۆزیتیڤ و پێویستی دێمۆکڕاسییەکی ڕاستەقینە دابنێ.
لە ماوەی ئەو دەساڵانە دا لەمەڕ هەلومەرجی کوردەکان لە تورکییە تەنێ ڕێفۆڕمی کەم کراون. کۆنفڕانسی ئەمساڵ ئاخافتوانی ناسراوی نێونەتەوەیی کە لە بەش و بواری جیاواز دا پسپۆڕن لە دەوری یەکدی کۆ دەکاتەوە لەتەک پشتیوانانی ئی یوو تی سی سی شیرین عیبادی، نوام چامسکی، بیانکا جاگر، یاشار کەماڵ، لەیلا زانا و وەدات تورکالی.
لە کۆنفڕانسی ١١هەمی ئی یوو تی سی سی دا جێی شانازییە بۆ ئێمە پێشوازی بکەین لە دێسمۆند تووتوو،
ئۆسقۆفی مەزنی پێشووی شاری کەیپ تاون، بەرەوەی خەڵاتی نوبێل و بەساڵداچووی فەخری ( ئەندامی دامەزرێنەر و سەرۆکی بەساڵداچووان لە نێوان ساڵی ٢٠١٣-٢٠٠٧ ) و تێکۆشەرێکی لەمێژینەی دژی ئاپارتاید و سەرلەپێناوی ئاشتی کە بەگشتی وەک " ویژدانی ئەخلاقیی ئەفریقای باشوور " دەناسرێ

هێندێک لەو شتانەی کە ئۆسقۆفی پێشوو دێسمۆند تووتوو هەمیشە وەبیر ئێمەی دەهێنێتەوە  ئەوەیە
 " خەڵکی وەک ڕێکخستنی بەساڵاداچووان بۆ ئەوە نەهاتوون کە سەرکێشی گۆڕان یان کۆتایی هێنان بە شەڕ بکەن، بەڵکوو ئەوان لێرەنە بۆ ئەوەی وەبیرمان بخەنەوە کە شەڕ دەکرێ کۆتایی پێ بهێندرێ"
کارینا وێسترهایم
سەرۆکی کۆمیتەی مەدەنی یەکێتیی ئوڕووپا تورکییە
مکاییل گانتر
سکرتێری گشتی کۆمیتەی مەدەنی یەکێتیی ئوڕووپا تورکییە

سەر باسەکانی ١١ هەمین کۆنفڕانسی نێونەتەوەیی " یەکێتیی ئوڕووپا، تورکییە، ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و کوردەکان"  " ئاڵۆزی و قەیرانی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست : نەزمی تازەی هەرێمی و کوردەکان"
چوارشەمە و پێنجشەمە ١٠ و ١١ی دیسامبر. پاڕڵمانی ئوڕووپا، برووکسێل
پشتیوانانی کۆنفڕانس: ئۆسقۆفی خانە نشین دیسمۆند تووتوو، بەرەوەی خەڵاتی ئاشتی نۆبێل، ئەفریقای خواروو
دوکتور شیرین عیبادی بەرەوەی خەڵاتی ئاشتی نۆبێل، ئێران
بیانکا جاگر سەفیری خێر خوازی شووڕای ئوڕووپا
سەرۆکی بنیاتی مافی مرۆڤی بیانکا جاگر، بریتانیای مەزن
یاشار کەماڵ نووسەر، تورکییە
وێداد تورکاڵی نووسەر، تورکییە
لەیلا زانا، بەرەوەی خەڵاتی ساخارۆڤ ی پارڵمانی ئوڕووپا بۆ ئازادیی ڕامان، بەرەوەی خەڵاتی ڕافتۆ ، تورکییە
چوارشەمە، ١٠ی دیسامبر ، ئێواري دانیشتنی کرانەوەی کۆنفڕانس
ووتەی خێرئامایی پڕۆفێسۆر کاریانێ وێسترهایم، سەرۆکی کۆمیسیۆنی مەدەنی یەکێتیی ئوڕووپا – تورکییە، زانکۆی بێڕگن ، نۆڕوێژ
ووتەی نوێنەری پاڕڵمانی ئوڕووپا گابی زیمر ، سەرۆکی دەستەی چەپی یەکگرتووی ئوڕووپا – دەستەی سەوزی چەپی باکووری،لە پارڵمانی ئوڕووپا دا
ووتەی ئادەم ئوزوون، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان ( ک.ن.ک.)
چوارشەمە پانێلی ١- بەهێز کردنی پێواژۆی ئاشتیی تورک – کورد ، دەرفەتێکی نوێ بۆ تورکییە و بۆ هەرێم
بەڕێوەبەرانی پانێل : عیسا مووسا، دادوەر، ئەندامی دەستپێشخەریی جیهانی بۆ ئاشتی و ئاشتبوونەوە، ئەفریقای خواروو.  دەرسیم داغ دێوەرەن، سەرۆکی کورد – ئاکاد ، ئەڵمان
بابەت و ووتەدەران:  نەخشەی ڕێگا بۆ وتووێژی ڕاستەقینە
پڕۆفێسۆر دوکتور هانس یوخاییم گیسمان، بەڕێوەبەری بنیاتی بێرگهۆف، ئەڵمان
دەوری عەبدوڵا ئوێجاڵان لە پێواژۆی ئاشتی دا
نوێنەری پارڵمان پەروین بوڵدان، قسە وێژی فرالسیۆنی پارتیی دێمکڕاتیکی گەلان لە پارڵمانی تورکییە، تورکییە
[ لە بەر سەرقاڵی نەیتوانی بەشداری بکا]
سیاسەتی یەکێتیی ئوڕووپا لە ئاست کوردان لە ئوڕووپا
نوێنەری پارڵمان ڕێنا ڕۆنیا کاری ئەندامی دەستەی چەپی یەکگرتوو/ سەوزی چەپی باکووری لە پارڵمانی ئوڕووپا، دانمارک
پێواژۆی ئاشتی و کۆمەڵگەی مەدەنی تورک
حوسێن یایمان، ڕۆژنامە نووس، تورکییە
پێشوەچوونە  تازەکان لە هەرێم دا و پێواژۆی ئاشتی
ئارەزوو ییڵماز، پی ئیچ دی، زانکۆی ئانکارا، تورکییە
یارمەتی یەکێتیی ئوڕووپا و ئاستەنگییەکانی سەر ڕێگای چارە سەری دۆزی کورد – لە لیست دەرهاویشتنی پ.ک.ک. لە لیستی دژە تێڕۆر
ماریکێ ڤان  ئەیک ، هۆلەند
پرسیاری مۆدێراتۆر و بەشداران و ووڵامی ووتەدەران
پێنجشەمە ١١ی دیسامبر ، پانێلی دووەم
بەدیلەکانی ئاڵۆزی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست کامانەن؟ ئەمنییەت، سەبات و خۆشبژێتی لە هەرێم دا
بەڕێوەبەرانی پانێل: پڕۆفێسۆر مایکڵ گانتر، سکرتێری گشتی کۆمیتەی مەدەنی یەکێتیی ئوڕووپا – تورکییە، ئەمێریکا
عوسمان کاڤاڵا ، چالاکی کۆمەڵگەی مەدەنی، تورکییە
قەیرانی عێڕاق ، دەوڵەتی ئیسلامی شام و حێڕاق و هەرێمی کوردستان
پڕۆفێسۆر عەبباس وەلی ، زانکۆی بۆغازیچی، تورکییە
سوراکی لاند و گۆڕانی پارادایمەکان لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست
پڕۆفێسۆر ئۆفرا بێنجیۆ، ناوەندی مۆشێ دایان، زانکۆی تێل ئاڤیڤ ، ئیسراییل
ڕۆژئاوای کوردستان – دەوڵەتی ئیسلامی شام و عێڕاق و ڕێزیمی ئەسەد
بەهار شیمشەک ، خوێندکاری دوکتورا ، زانکۆی ئانکارا، تورکییە
چارەسەرەفرە ئێتنیکییەکانی کوردی و جارە سەرە تائیفییەکان
ساڵح موسلیم، هاوسەرۆکی پارتیی یەکێتیی دێمۆکڕاتیک ، ڕۆژئاوا، سوورییە
ئەگەری یارمەتی یەکێتیی ئوڕووپا بە پێواژۆی ئاشتی، سەبات و هێمنی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دا
فڕێدرێکێ گیردینک ، ڕۆژنامە نووس، هۆلەند
[ بابەتێکی دیکەی پێشکێش کرد ]
سیاسەتی یەکێتیی ئوڕووپا لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و کوردستان
نوێنەری پارڵمانی ئوڕووپا ، بوودیل سیبێلۆس ، کەسکەکان/ دەستەی ئیئتیلافی ئازادی ئوڕووپایی لە پارڵمانی ئوڕووپا
پرسیاری مۆدێڕاتۆر و بەشداران و ووڵامی ووتەدەران
پێنجشەمە ١١ی دیسامبر ، پانێلی سێیەم
بەڕێوەبەرانی پانێل: یورگن کلووت، ئەندامی پێشووی پارڵمان لە دەستەی  چەپی یەکگرتوو/ سەوزی چەپی باکووری، ئەڵمان
ئەسڵی ئایدن تاشباش، ڕۆژنامە نووس، تورکییە
پێوەندی نێوان یەکێتیی ئوڕووپا و مەسەلەی کورد
دوکتور گونتر سوفێرت ئەنیستیتووی ئەڵمانی بۆ لاروباری نێونەتەوەیی و هێمنی ، ئەڵمان
قەتڵەکانی پاریس، کووژرانی ساکینە جانسز، فیدان دۆغان و لەیلا سایلەمەز، دوساڵ دواتر
ئانتوان کۆمێت ، پارێزەر، فەڕانسە
ئیسلامی ڕادیکاڵ لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دا
شیرین پایزن، ڕۆژنامەنووس، تورکییە
ئاسۆی ژنان بۆ چارەسەری قەیرانی
گوێنوول کایا، نوێنەری بزووتنەوەی ژنی کورد
چاوەڕوانییەکان و چارەنووسە ڕۆژئاواییەکان
دوکتور مایکڵ ڕۆبین، ئەنیستیووی ئیترپرایسی ئەمێریکا، دەوڵەتە یەکگرتوویەکانی ئەمێریکا\
یارمەتی کورد بە تورکییەیەکی نوێی دێمکڕاتیک لە سەر بنەمای یەکێتیی دە جیاوازی دا
نوێنەری پارڵمان سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پارتیی دێمکڕاتیکی گەلان، تورکییە
پرسیاری مۆدێڕاتۆر و بەشداران و ووڵامی ووتەدەران
پێنجشەمە ١١ی دیسامبر  بڕیارنامە و قسەکانی دوایی
ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبەریی کۆمیسیۆنی مەدەنی یەکێتیی ئوڕووپا- تورکییە
فرانسیز وورتس ،سەرۆکی پێشووی دەستەی چەپی یەکگرتوو/ سەوزی چەپی باکووری لە پارڵمانی ئوڕووپا، فەڕانسە
نوێنەری پاڕڵمان نەزمی گوڕ، جێگری سەرۆکی پارتیی دێمۆکڕاتیکی گەلان، تورکییە




یازدەهەمین کۆنفڕانسی " یەکێتیی ئوڕوپا، تورکییە، ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و کوردەکان
دانیشتنی کرانەوە ، ١٠ی دیسامبری ٢٠١٤
ووتەی پرۆفێسۆر کاریانێ وسترهایم سەرۆکی کۆمیسیۆنی مەدەنی ئی یوو تی سی سی
هەموولایەک بەخێر بێن، پشتیوانانی ئازیز، ئەندامانی شووڕای ڕاوێژکاری ئی یوو تی سی سی، هاوڕێکخەرانی کۆنفڕانس، ووتەدەر و مۆدێڕاتۆرە هەڵکەوتووەکان و میوانانی بەڕێزی ژن و پیاو!
بە ناوی کۆمیسیۆنی مەدەنی یەکێتیی ئوڕووپا – تورکییەوە شانازی دەکەم بۆ بەخێرهێنانتان بۆ ئەم کۆنفڕانسە و بۆ پارڵمانی ئوڕووپا. بەم شێوەیە  ١١ هەمین کۆنفڕانسی نێونەتەوەیی " یەکێتیی ئوڕووپا، تورکییە، رٶژهەڵاتی نێوەڕاست و کوردەکان" دەکەینەوە. داوا لە هەمووتان دەکەم بۆ ڕێز گرتن و بیرەوەی دۆستەکەمان نیلسۆن ماندێلا کە ساڵێک لەمەو بەر کۆچی دوایی کرد دەقیقەیەک هەستنە سەر پێیان و بێدەنگی بپارێزن. ئێمە هەر وەها ئەو دۆستە قارەمانانەمان وەبیر دەهێنینەوە کە لە کۆبانێ گیانی خۆیان فیدا کردووە بۆ بەرگری لە مافی جیهانی ئازادی و دێمۆکڕاسی.
کاریانێ هەڵدەستێتە سەر پێیان ..،
سپاس؛ ئەمن زۆرم پێ ناخۆشە ئاگادارتان کەم کە ئۆسقۆفی خانە نشین دێسمۆند تووتوو ، بەرەوەی خەڵاتی نۆبێل و لە هەڵسووڕاوانی دەستەی ئێڵدر (بە ساڵاداچووان) کە بڕیار بوو سبەینێ لە کۆنفڕانس دا بەشداری بکا بە داخەوە  بۆی هەڵنەسووڕا بێ. ئەو سڵاوێکی گەرمی بۆ کۆنفڕانس ناردووە کە ئێستا بۆتان دەخووێنمەوە.
پەیامی ئۆسقۆف  دێسمۆند توو توو  بەرەوی خەڵاتی ئاشتی نۆبێل
بۆ ١١ هەمین کۆنفڕانسی نێو نەتەوەیی یەکێتیی ئوڕووپا، تورکییە ، ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و کوردەکان
بروکسێل، پاڕڵمانی ئوڕووپا ١٠-١١ی دیسامبری ٢٠١٤
بۆ کۆنفڕانسی ئی یوو تی سی سی لە پاڕڵمانی ئوڕووپا ١٠-١١ی دیسامبری ٢٠١٤
دۆستانی خۆشەویست!
ئەمن لە ئەفریقای باشوورەوە کە خۆر دایگرتووە سڵاوتان لێ دەکەم. یەگجار دڵ خەفەتم بەوەی کە ناتوانم بە جەستە لەگەڵ ئێوە بم بەڵام، تەواو دڵنیا بن کە ڕوح و دڵم لەگەڵتانە.
ئەو سەردەمەی ئێمە دژی ئاپارتاید خەباتمان دەکرد لە لایەن کۆمەڵگەی نێونەتەوییەوە یارمەتییەکی زۆرمان پێ کرا. جا بۆیە ئێمە لە بایەخی پشتیوانی دۆستان لە ووڵاتانی دیکە تێ دەگەین. ئەمن لە خودا دەپاڕێمەوە باسەکانتان سەرکەوتووانە بەرەو پێش بەرن بۆ یارمەتیدان بە چارەسەر کردنی پرسی کورد لە تورکییە.جێ بە جێ بوونی ئەو کێشەیە بە قازانجی هەموو لایەکە.
سپاس بۆ مشوور لێ خواردن و پشتیوانی خۆتان. ئێمە هیوادارین بەڕێز ئوێجاڵان هەرچی زوویە ئازاد بکرێ و وەکوو ماندێلا دەورێکی پۆزیتیڤ بگێڕێ لە کۆمەڵێکی ئاسایی دا. خودا پشتیوانی هەمووتان بێ.
دێسمۆند تووتوو
ئێمە لە قووڵایی دڵەوە سپاسی ئۆسقۆف دێسمۆند تووتوو دەکەین  بۆ هاوپێوەندی و پشتیوانییەکەی و ئاواتی هەرە باشی ئاڕاستە دەکەین.
ئەم کۆنفڕانسە لە لایەن  کۆمیسیۆنی مەدەنی یەكێتیی ئوڕووپا – تورکییە  و هاوتامان  لە پارڵمانی ئوڕووپا فڕاکسیۆنی کۆنفێدڕاڵی چەپی یەکگرتوو و فڕاکسیۆنی سەوزی باکووری پێک هاتووە. بەر لەوەی من لە سەر قسەکانم بەردەوام بم، بە تایبەتی بەخێرهاتنی سەرۆکی ئەو دوو گرووپە یای گابی زیممر دەکەم کە خەڵکی ئەڵمانە. سپاسێکی بێ پایان بۆ  یارمەتیدانی بە نرخی خۆتان هەتا بڵێی جێی پێزانینە. گابی جگە لە ووتەکەی خۆی لێرە پەیامێکی سەرۆکی پاڕڵمانی ئوڕووپا مارتن شولتزیش ڕادەگەینێ کە بۆ ئەم کۆنفڕانسەی ناردووە.
بیتێ گابی!
ووتەی گابی زیمر سەرۆکی فڕاکسیۆنی  کۆنفێدڕالی چەپی یەکگرتوو/ دەستەی سەوزی باکووری لە پارڵمانی ئوڕووپا
زۆر سپاس! ئەمن دەمەوێ بە ڕاگەیاندنێکی تێکنیکییەوە دەست پێ بکەم. ئەم کۆنفڕانسە ڕاستەو ڕاستە دەگوێزرێتەوە سەر ئینترنێت و ئاستە دەکرێ. بۆیە داوا لە هەموو ققتەدەران دەکرێ میکڕۆفۆنی لای چەپ بەکار بهێنن بۆ ئەوەی کامێراکان بیانبیننەوە، کە وابوو تکایە هەموو قسەدەران میکڕۆفۆنی لای دەستی چەپ بە کار بهێنن.
ئێستا دێمە سەر قسەکانم. وەک سەرۆکی چەپی یەکگرتوو/سەوزی باکووری لە پارڵمانی ئوڕووپا بۆمن شانازییەکی گەورەیە هەمووتان بەخێر بهێنم بۆ ئێرە لە لایەن دەستەکەمانەوە. ئەمە بۆنەیەکی زۆر حەساسە چونکە ئێمە ئاگان لە گرینگی مێژوویی ئێستا هەیە . ئەمن پێم وایە قەت وەک ئێستا بارودۆخ گرژ نەبووە و قەت ئەوەندە سەرنجی بیرو ڕای گشتی ڕانەکێشراوەتە سەر کوردەکان و داهاتوویان و ئاشکرایە ئەوە زۆر بارو دۆخێکی عەساسە.
ئێمە ئەو کۆنفڕانسە هاوبەشە بۆ جاری ١١ هەم بەڕێوە دەبەین . ئەوە بەو مانایەیە کە خەڵک بۆ جاری یازدەهەم دێنە ئەو کۆنفڕانسە. تورکەکان، کوردەکان، خەڵکی سەر بە کۆمەڵگەی مەدەنی، نووسەران، ڕۆژنامەوانان، سیاسەتمەدارانی سەر بە دەستەی من یان فڕاکسیۆنەکانی دیکە لە پارڵمان دا لە دەوری یەک کۆ دەبنەوە لێرە بۆ ئاڵوگۆڕی بیر و ڕا بۆ ئەوەی مافێکی لە مێژینە زەوت کراو وەدی بێ، واتە ئەوەی کە گەلی کوردیش مافی نووسینی چارە نووسی خۆیان هەبێ و گشت ئەو مافانە وەرگرن کە بتوانن پێیان دە عیزەت و کەڕامەت دا بژین.
جا بۆیە لەو کۆنفڕانسە دا سەرنجی ئێمە لە سەر مافی مرۆڤ، مەسەلەی ڕێزلێکگرتنی هاوبەش، پاراستنی کەمایەتییەکان و گەڕان بە دوای چارەسەرییەکی ئاشتییانەی مانا و دێمۆکڕاتیک بۆ پرسی کوردان کۆ دەبێتەوە. ئەگەر تەماشای لیستی پشتیوانانی ئەم کۆنفڕانسە بکرێ دەزاندرێ چەندە فرینگە. بەرەوەی خەڵاتی ئاشری نۆبێل دێسمۆند تووتوو، کە بە داخەوە لە بەر نەخۆشی نەیتوانی بەشدار بێ. بەرەوەی خەڵاتی ئاشتی شیرین عیبادی، بیانکا جاگر، نوام چامسکی ، یاشار کەماڵ، وێداد تورکاڵی  و لەیلا زانا بەرەوەی خەڵاتی ساخارۆڤ.
بابەتی ئەمڕۆمان " ئاڵۆزی و قەیرانی " یە و ئەمن پێم وایە ئێمە هەموومان بەوە ڕاتڵەکاوین، بەو شتانەی کە دەقەومن. ئێوە دەبێ بزانن کە زۆر کەس لە گرووپەکەی من لە پارڵمانە ڕۆژئاوییەکاندا بە تەواوی شۆکە بوون بەو دەنگوباسە ڕۆژانەیەی ڕا کە لە کۆبانێ وە دەگاتێ و هەر وەها قووڵبوونەوەی بارگرژی  لە عێڕاق، سوورییە و لوبنان.
ئێمە بە بیستنی خەبەری کوشتنی بە کۆمەڵ و یەخسیر کردن و بە کۆیلە گرتنی بە هەزران پەنابەر تۆقین.
تووشمان بە تووشی کارەساتێکی گەورەوە بووە . ئەمن وەبیرم دێ لەو کۆنفڕانسەی دا کە ٤ی نۆڤامبری ئەمساڵ  لێرە لە پارڵمان دا کرا لەگەڵ ڕێکخراوە کوردییەکان و میدیای جیهانی دا باسی بارو دۆخی کۆبانێ مان کرد. ڤیدێئۆیەکی بەڵگەییمان تەماشا کرد لە سەر بارودۆخی وێندەرێ. لە ٢ی نۆڤامبر بە هەزاران کەس ڕژانە سەر کۆڵان و شەقامان بە دژی دەوڵەتی ئیسلامی. لە ٧ی ئۆکتۆبر نێو دەروازەی پارڵمانی ئوڕووپا لە لایەن کوردەکانەوە داگیر کرا کە پرۆتێستیان دەکرد لێرە بە دژی ئەو بارو دۆخە نالەبارەی کورەکانت تێدان لە تورکییە، سوورییە و عێڕاق. لە هەمان کاتدا دەیانەویست  ڕەخنەی خۆیان دەرببڕن بە دژی دامەزراوەکانی یەکێتیی ئوڕووپا لە بەر کارەکانی یان لە بەر دەستەوەستانی و هیچ نەکردنی. ئەوان داوایان لە ئێمە دەکرد کە پێویستە ئوڕووپا زۆر لە نزیکترەوە چاو لە بارودۆخەکە بکا و بە کردەوە شتێک بکەین و هەر ئاوا دەست بەرنەدەینەوە و هەر تەماشاکار نەبین لە کاتێکدا بە هەزاران ئینسان لە شوێنی خۆیان دەردەپەڕێندرێن و دەکووژرێن.
کۆبانێ بووە بە ڕەمزی شەڕ و خۆڕاگری بە دژی هێزە ڕادیکاڵەکانی دەوڵەتی ئیسلامی و ئەم شەڕە ئێستا کە ئێمە لێرەین هەر بەردەوامە.سەرەڕای یەوەش ، لە ماوەی چەند حەوتووی ڕابردوو دا ئەو دەنگوباسانەی لەوێوە دێن ئاڵوگۆڕێک نیشان دەدەن. شەڕ و پێکدادان لە کۆبانێ وێدەچێ بووبێتە شتێکی ئاسایی، لە کاتێکدا بیرو ڕای گشتی جیهانی کەمترخەمی لێ دەکا. یەکێتیی ئوڕووپا و دەوڵەتەکانی ئەندامی بەوە تاوانبار دەکرێن  ئەوەی لە دەستیان دێ نایکەن و ئەوەی دەیکەن بەس نییە بە نیسبەت ئەو ڕووداواقنەی لە کۆبانێ و شوێنی دیکە دەقەومن.
ئێمە دەکرێ ببینین کە هەڵەی سیاسی لە ڕۆژئاوا بارودۆخەکەی گەیاندووەتە ئێرە. لە ڕووی سیاسییەوە لەو بارەیەوە بەرپرسیارەتیمان دێتەوە سەر شانی. دەستەی باڵی چەپ لە پارڵمانی ئوڕووپا هاوپێوەندی نیشان داوە لە گەڵ کوردەکان بۆ پڕۆتێست بە چلۆنایەتی مافی مرۆڤ لە هەرێم دا و ئێستا فکر ئەوەیە مرۆڤ ئەو بەدیلانە هەڵسەنگێنێ کە لەوانەیە لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دا بێنە ئاراوە.
لە کاتێکدا پێواژۆی ئاشتی تورک – کورد بەڕێوەیە دەرفەتی تازە بۆ تورکییە، ئیمکانی تازە بۆ وتووێژ لە ئارا دایە و ئەمن دەزانم کە  ڕەنگە ئەوە زۆریش دیپڵۆماتیک وەبەر گوێیان نەکەوێ، بەڵام بە ڕاستی ئەم زۆر نیگەرانم لەوەی کە بەدەوری ئاغای ئەردۆغانەوە ڕوودەدا کە هەموو هێزی لە بەر دەست خۆی دا کۆ کردووەتەوە  و ئێمە نازانین داخودا ئەو پارتنرێکی جیدییە بۆ وتووێژ لە گەڵ ئوڕووپا یان نا؟ ئەمن نازانم مرۆڤ تا چەندە دەتوانێ باوەری بەوی هەبێ؟ ژمارەیەکی زۆر مەسەلەی گرینگ هەن کە هێشتا یەکلا نەکراونەتەوە. ئەوانە گرینگن ئەگەر هەرێمەکە بییەوێ شوێنێکی بە سەبات بێ، ئەوە مەسەلەی پێواژۆی ئاشتی لە تورکییەش دەگرێتەوە.
تورکییە لەوە دا چ دەورێک دەبینێ؟ سەبارەت بە مەسەلەی پ.ک.ک. لە ڕوانگەی ئێمەوە و لە ڕوانگەی زۆرێک لە ووڵاتانی ئەندامی یەکێتیی ئوڕووپاش  دەبێ پ.ک.ک لە لیستی ڕێکخراوە تێڕۆریستییەکان دەر بهێندرێ. ئەگەر ئەو کارە بکرێ ئەوە دەبێتە هەنگاوێکی سەرەکی بۆ وەدیهێنانی ئاشتی و ئارامی و سەبات لە تورکییە و لە هەرێم دا. ئێمە هەر وەها دەبێ چاو بە پێوەندییەکانی نێوان خۆمان و تورکییە دا بخشێنینەوەلە هەرێم دا و هەر وەها لە مەڕ وتووێژی تورکییە لە گەڵ یەکێتیی ئوڕووپس لە مەڕ ئەندامەتی وی لەو یەکێتییە دا و هەر وەها ئەو دەورەش کە پرسی کورد  دەکرێ لەو پێوەندییە دا بیگێڕێ.
ئێمە ڕەخنەمان لە تورکییە هەیە کە دەورێکی دوولایەنە دەگێڕێ. ئێمە دەمانەوێ دەوڵەتی تورکییە بەرپرسیارەتی وەئەستۆ بگرێ بۆ کردنەوەی سنوور و ڕێگا بدا بە چوونی یارمەتی ئینسانی لەوێوە،. ئێمە دەمانەوێ کە تورکییە دەست هەڵگرێ لە پشتیوانی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لە دەوڵەتی ئیسلامی . ئێمەبانگەواز دەکەین کە ئیدی قەدەغە لە سەر پ.ک.ک. هەڵبگیرێ . ئێمە دەمانەوێ هەرێمی  " ڕۆژئاوا " بە ڕەسمی بناسرێ، ئەوێ بە مۆدێلێکی باشی دێمۆکڕاتیک دەزانین کە تێیدا کوردەکان، سوریانییەکان، ئیزیدییەکان و عەڕەبەکان و خەڵکی دی بە یەکەوە دەژین و ئەوە نیشان دەدا دەکرێ هەرێمێک هەبێ بە هەبوونی مافی دیاریکردن و بڕیاردان لە سەر چارەنووسی خۆیەوە. ڕێگام بدەن قسەکانم بەوە تەواو بکەم کە یطمە لێبڕاوانە دەبێ چارەسەرییەکی جیهانیمان هەبێ بۆ ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست کە هەموو لایەنەکان تێوەی بگلێن و لە لایەن فڕاکسیۆنی خۆمانەوە دەڵێم ئێمە پێوەین بەردەوام بین لە سەر هاوکاری لە گەڵ پارتنرە کوردەکانمان.ئەو مەسەلەیە لە ساڵانی داهاتووش دا جێی تێڕامان و سەرنجی ئێمە دەبێ. زۆر سپاستان دەکەم.
هەر وەها بە پێی داوخوازی مارتین شولتز سەرۆکی پارڵمانی ئوڕووپا ئەوە دەمەوێ پەیامەکەی بۆ ئەو کۆنفڕانسە بخوێنمەوە. بە داخەوە پێی نەکرا بۆ خۆی ئەمڕۆ بێتە ئێرە بەڵام داوای لێکردم پەیامەکەی بە ئێوە ڕابگەیێنم.
پەیامی مارتین شولتز سەرۆکی پاڕڵمانی ئوڕووپا
بۆ ١١ هەمین کۆنفڕانسی نێو نەتەوەیی یەکێتیی ئوڕووپا، تورکییە، ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و کوردەکان
هاوکاران،! یایان و ئاغایان!
بەر لە هەمووشت دەمەوێ سپاستان بکەم بۆ ئەو دەرفەتەی بۆتان ڕەخساندووم لە کۆنفڕانسەکەتاندا ئامادە بم، هەر وەک ئەوەی کە لە کۆنفڕانسی پێشووش دا بانگتان کردبووم، بۆ ئەوەی ئاواتی خۆم دەرببڕم کە پێواژۆی ئاشتی نێوان تورکان و کوردان سەرکەوتوو بێ.
پارڵمانی ئوڕووپا پێی وایە مەسەلەی کورد لە تورکییە دەبێ بە شێوەیەکی هەمیشەیی جێبەجێ بکرێ. زۆر حەول دراون بۆ وتووێژ و ئێمە ئەو حەولانە بە هەنگاوی چاک دەزانین. وتووێژەکان دەبێ بەردەوام بن و چاوە ڕوانییە مەشڕووع و دێمۆکڕاتیکەکانی کوردەکان کە زۆر لە مێژ ساڵە ڕەنجیان کێشاوە دەبێ جێ بە جێ بکرێن و وەدی بێن.
ئەمن داوا لە هەر دوو لایەنەکان دەکەم بوێری لە خۆیانەوە نیشان بدەن و بۆ ئەو مەبەستە  دامەزراوەی سیاسی پێش بخەن. بۆ ئەو مەبەستە ئێوە دەتوانن لە سەر پشتیوانی شەخسی من حیساب بکەن لە پارڵمانی ئوڕووپا دا. هەر وەها ڕێگام بدەن سپاسی ئەو کەسانەش بکەم کە بەرعۆدەییان نیشان داوە و دەکرێ بە لەبەرچاوگرتنی ڕێزی دوولایەنە هەنگاو هەڵێننەوە: دیسمۆند تووتوو بەرەوی خەڵاتی ئاشتی نۆبێل، لە ئەفریقای باشوور کە بەداخەوە وەک من نەیتوانی بە شەخسە لەم کۆنفڕانسە دا ئامادە بێ و لێرەوە داوخوازی هەرە چاکی بۆ دەکەم و هیوادارم بە زوویی لە نەخۆشی هەڵستێتەوە و چاک بێتەوە. دەستپێشخەری جیهانی بۆ ئاشتی و ئاشتبوونەوە بە تێوەگلانی جیمی کارتر، خۆزێ ڕامیز هۆرتا و دالای لاما کە هەموویان پشتیوانییان لێکرد. ئەو حەولانە هەموو یارمەتی دەکەن بە وەدیهێنانی ئاشتی لە نێوان کوردان و تورکان دا.
هەموو دامەزراوەکان دەبێ پشتیوانی بکەن لە پێواژۆی ئاشتی و پارڵمانی ئوڕووپا حەولی تایبەتی دەدا لەو ڕێبازە دا. لە حالێ حازر دا هەموو  ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە ژێر هەڕەشەی هێرشە تیژپەڕەکانی دەوڵەتی ئیسلامی دایە. کۆمەڵگەی جیهانی دەبێ کۆتایی بەوە بهێنێ و ڕایبگرێ. پارێزگاری لە کۆبانێ لە لایەن ژن و پیاوانی کورد لە سوورییە بە پشتیوانی  پێشمەرگەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە عێڕاق کۆبانێی کردووە بە ڕەمزێکی خۆڕاگری لە ئاست بەربەرایەتی و دڕندەیی. ئێمە ئەو پشتیوانییەی تا ئێستا لەوان کراوە بە کارێکی چاک دەزانین.
شەڕ لە پێناو ئاشتی، دێمۆکڕاسی و مافە بنچینەییەکان  شتێکن کە ئێمە هەموومان بە قووڵی پێیانەوە گرێ دراوین.
داوای کۆنفڕانسێکی سەرکەوتوو تان بۆ دەکەم.
مارتین شولتز

درێژەی قسەکانی کایانێ ویستر هایم

مەبەستی کۆمیسیۆنی مەدەنی یەکێتیی ئوڕووپا – تورکییە ئەوەیە دەرگای لە سەر قسەی هەموو لایەنەکان ئاواڵە بێ، هەر بۆیەش ئێمە هەڵسووڕاوی ئەوەندە هەڵکەوتوومان هەن هەم لە لە لایەنی تورک و هەم لایەنی کوردەوە. ئێمە هەمیشە بۆ کۆنفڕانسەکانمان لە  نوێنەرانی هەر دووک لا دەگێڕینەوە بۆیە ئەمن زۆرم پێ سەیرە کە حکوومەتی ئاکەپە قەت ئەو دەرفەتە بە هێند ناگرێ کە بەشداریمان لەگەڵ بکا. لە کۆنفراسی ئەمساڵ مان دا بەرنامەیەکی بە تایبەتی سەرنجڕاکێشمان هەیە ئەویش ئیستگرتن و سەرنجدانە لە سەر  پێواژۆی ئاشتی، لە لیست دەرهێنانی نێوی پ.ک.ک. لە لیستی ڕێکخراوە تێرۆریستییەکان، بارودۆخی " ڕۆژئاوا " و  " کۆبانێ "  و لە پێوەندی لەگەڵ بابەتی یەکەم تورکییە دەبێ حەولی جیدی بدا کە شانبداتەوە بەر پێواژۆی وتووێژی ڕاستەقینە، ئەوە دەبێتە نموونەیەکی چاوڕاکێش بۆ هەرێم، بۆ یەکێتیی ئوڕووپا، بۆ دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمێریکا و کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی،
ڕەوتی بەرەوپێشچوونی ڕووداوەکان بەو شێوەیەی کە لەو دواییانە دا لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دا دەیانبینین دەرفەتێکی مێژوویی پێک دەهێنێ بۆ دامەزراندنی مۆدێلی نوێی ئۆتۆنۆمی دێمۆکڕاتیک و هەر وەها لابردنی پ.ک.ک. لە لیستی تێرۆریستان.
سەبارەت بە پێواژۆی ئاشتی بەڕێز ئوێجاڵان دەبێ دەرفەتی ڕاوێژ کردنی هەبێ لە گەڵ  هاوپەیمانە سیاسییەکان و بەڕێوەبەرایەتی بزووتنەوەکەی بۆ ئەوەی بتوانێ ستراتێژییەکی ڕاستەقینە گەڵاڵە بکا بۆ  وتووێژەکان. بۆ ئەو مەبەستە ئەو حەوجێی بە هەلومەرجی باشتر هەیە، بڕیار وابوو ئۆسقۆف دێسمۆند تووتوو سبەینێ ئاکامی سەفەری ڕاستی دیتنەوەی " دەستپێشخەری جیهانی ئاشتی و ئاشتبوونەوە "  بۆ تورکییە  ڕابگەیێنێ لە پێوەندی لە گەڵ پرسی کورد و پێواژۆی ئاشتی لەوێندەرێ. لە ئامادە نەبوونی خۆی دا با بەلایەنی کەمەوە قسەکانیمان لە بیر بێ: " ئێستا کاتی قسەکردنو گوێ لەیەک گرتن هاتووە، لە بیرتان بێ کە ئاشتی لە شەڕ چاکترە."
لە ساڵی ٢٠١٤ دا کوردەکان لە سەر زمانی هەمووان  دا بوون دوای ئەوەی کە داعش دەستی کرد بە هێرشە کوژەرەکانی، لە پێشدا لە شنگار و دوایە لە کۆبانێ. ٦ مانک لەمەو بەر زۆربەی دنیا نەیدەزانی کۆبانێ لە کوویە، بەڵام ئێستا کۆبانێ و شەڕی بوێرانەی پ.ک.ک، پەیەدە و لە بیرمان نەچێ خەباتی بەردەوامی یەپەژە، یەکینەی پاراستنی ژن ، ئەوان بوون سەردێڕی ڕۆژنامە بە نێوبانگەکان و کاناڵە میدیاییەکان لە جیهان دا. ڕۆژی جیهانی کۆبانێ یەکەمی نۆڤامبر بوو بە بۆنەیەکی جەماوەری کە خەڵک لە زیاتر لە ٤٠ ووڵاتان و لە ٣٠٠ شاران و لە هەموو قاڕەکاندا  ڕژانە سەر کۆڵان و شەقامان بۆ هاوپشتی لەگەڵ کوردەکان بە دەربڕینی پڕۆتێست و هاوپێوەندی خۆیان. کۆبانێ بووە بە ڕەمزێک بۆ جیهان، ڕەمزی بەرخودانێکی ئازایانە. "ئێمە گشتمان کۆبانێ ین" ئێستا بووە بە دروشمێکی جیهانی و ئەوە بە ڕونی نیشان دەدا کە کوردەکان لە هەموو جێیەک دۆستیان هەیە. ڕەنگە بە قیمەتێکی زۆر گرانیش بووبێ و ناخۆش لەبەر گوێیان بێ بەڵام کۆبانێ بۆچوونی دنیای لە بەرژەوەندی کوردەکان گۆڕیوە. ئەو مەسەلەیە و بابەتی دی بە شێوەیەکی هەموولایەنە لەم کۆنفڕانسە دا گەنگەشەیان لە سەر دەکرێ و بەم قسانە ئێمە دەست بە یەکەم ووتار دەکەین کە لە لایەن هاوکارم لێرە بەڕێز ئادەم ئوزوون پێشکێش دەکرێ. ئادەم ئوزوون سیاسەتمەدار و دیپڵۆماتێکی  ناسراوی کوردە، ئەو هەر وەها نووسەری کتێبێکە بە زمانی ئینگلیسی:
" " ئازادیی ژیان، هەڵسەنگاندنی کێشەی کورد لە تورکییە و حەولەکان بۆ چارەسەر کردنی
living Freedom” The Evolution of the Kurdish Conflict in Turkey and the Efforts to Resolve it
بەڕێز ئوزوون لە سەرەتای ١٩٩٠ەکانەوە لە سیاسەتی کوردی دا چالاک بووە. ئەو ناسراوە بەتێکۆشانەکانی خۆی بۆ دۆزینەوەی چارەسەرییەکی ئاشتییانە بۆ کێشەی کورد و هەر بۆیەش ئەو یەک لەو کەسانە بوو کە هەڵبژێردرا بۆ بە بەشداری لە وتووێژەکانی ئاشتی ئۆسڵۆ دا. ئەو حاڵی حازر ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان ە. فەرموو ئادەم میکڕۆفۆن ئی تۆیە:
ووتەی ئادەم ئوزوون  ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی ک.ن.ک.
زۆر سپاس کاریانێ!  ئەمن حەول دەدەم بە تورکی قسە بکەم بۆ ئەوەی پەیامەکەم زۆر ڕوونتر بگەیێنم. بە ئینگلیسی ڕەنگە من نەتوانم بەو جۆرەی کە دەبێ قسەکانم دەرببڕم بۆیە حەول دەدەم بە تورکی قسە بکەم.
میوانانی خۆشەویست
ئەمڕۆ ئێمە لێرە لە یازدەهەمین کۆنفڕانسی "تورکییە، یەکێتیی ئوڕووپا و کوردەکان لە دەوری یەک کۆبووینەتەوە. لە هەموو ئەو کۆنفڕانسانەی دا کە هەتا ئێستا گرتوومانن باسی چارەسەری پرسی کورد، دێمۆکڕاتیک کردنی تورکییە و دەوری یەکێتیی ئوڕووپامان لەو پێواژۆیە دا کردووە.بەداخەوە هەتا ئێستا ئێمە پێشوەچوونێکی گرینگ لەو بوارانە دا نابینین.لەوانەیە هێندێک بەرەوپێشچوونی پۆزیتیڤ ڕوویان دابێ، بەڵام ئێمە هێشتا نەگەیشتووینە چارەسەرییەکی هەمیشەیی و ئاشتیخوازانە.ئەوە بە دەرەجەی یەکەم لە بەر هەڵوێستی تورکییەیە. حکوومەتی ئاکەپە نەیتوانیوە کەلک لەو دەرفەتانە وەربگرێ کە لەماوەی ١٢ ساڵ دەستەڵاتی خۆی  لە بەر دەستی دا بوون. هۆی سەرەکی ئەمە ئەو ڕاستییەیە کە حکوومەت پڕۆژەیەکی نییە بۆ چارەسەرییەکی هەمیشەیی و ئاشتیخوازانە. هەر وەها پەسند کردنی سیاسەتەکانی تورکییە لە لایەن یەکێتیی ئوڕووپا و دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمێریکا وە و بێ کارایی خۆشی بۆ  گۆڕینی هەڵوێست لە ئاست کوردەکان وای کردووە کە دەوڵەتی تورک هەنگاوی ڕادیکاڵ و دێمۆکڕاتیک ناوێژێ و دەست نەکا بە وتووێژی سیاسی لەگەڵ بزووتنەوەی کورد.بە داخەوە، یەکێتیی ئوڕووپا و دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمێرێکا هێشتا مەسەلەی کورد وەک مەسەلەیەکی ئەمنییەتی و دە چوارچێوەی مافی تاکەکەسی دا دەبینن.لەکاتێک دا دۆزی کورد ، لە گەوهەری خۆی دا، بابەتێکی سیاسی، کۆمەڵایەتی و هەبوونی کولتووری گەلێک و مەسەلەی دێمۆکڕاسی یە.
سەڕەرای سیاسەتی هەڵخەڵەتێنەرانە و هەنگاو نانەوەی هەڵە لەلایەن دەوڵەتی تورکییەوە مەسەلەی کورد خۆی بە سەر ڕۆژەڤی جیهانی دا دادەسەپێنێ بە هەموو ڕاستییەکانی مێژوویی، دێمۆگڕافی و سیاسی خۆیەوە.بە تایبەتی دوای پێشوەچوونەکانی شنگار و کۆبانێ، ئێستا هەموو لایەنە پێوەندیدارەکان ناچارن سەبارەت بە دۆزی کورد چاو بەسیاسەتەکانیان دا بخشێننەوە و بە دوای دیتنەوەی نزیکبوونەوەی نوێ دا بگەڕێن. ئەوە بە تایبەتی کارێکە کە دەبێ حکوومەتی ئاکەپە بیکا کە لە ماوەی دوازدە ساڵ دەستەڵاتداری خۆی دا پێکێشی کردووە کە بزووتنەوەی کورد وەک دوژمنێک چاو لێ بکا کە دەبێ تێک بشکێندرێ لە جیات ئەوەی بە هاوپەیمانێکی ستراتێژیکی بزانێ.
لە ڕابردوو دا، بە هەڵە کوردەکان وەک هۆی سەرەکی بێ سەباتی و گێرەو کێشە دەبیندران، بەڵام، هەنووکە کوردەکان وەکوو هێزێک بۆ سەبات ، دێمۆکڕاسی ، ئاشتی و ئاشتبوونەوەی درێژخایەن لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دا چاو لێدەکرێن. ئێستا کوردەکان وەک ئاکتۆرێک لە هەرێم دا دەبیندرێن. ئەوان ئێستا لە هەڵکەوتێک دان کە ستروکتورگەلی ئۆتۆنۆمی دێمۆکڕاتیکی خۆیان ساز کەن و دێمۆکڕاسی لە هەرێم دا پەرە پێبدەن و بەرەوپێشی بەرن. ئێستا ئێمە لەگەڵ ڕاستەقینەیەکی کوردی ڕووبەڕووین کە نەک هەر یاریکارێکی هەرێمی، بەڵکوو بەتوانایەکی بەشێکە لە پێوەندی و هاوبەندییە نێونەتەوەییەکان.
میوانانی خۆشەویست
ئەوە ئاشکرایە کە ئاکەپە زێهنییەت و ستراتێژی دژی کوردی خۆی نەگۆڕیوە. ئەوە مانای ئەوەیە کە ئاکەپە نایەوێ  هەبوونی کورد قەبووڵ بکا و/یا ئەوەی کە گەلی کورد لە هیچ ووڵاتێکی دیکەش دا ناسێنە بەدەست بهێنێ. بە هێرشەکانی داعش بۆ سەر کۆبانێ، جارێکی دیکە ئەو سیاسەتی دژی کوردییە خۆی سەلماند و هەڵوێستی تورکییە لە بەرچاوی هەموو لایەک دەرکەوت کە بیبینن. تورکییە دژایەتی نیشان دا لە مەڕ پشتیوانی ئیتیلافی نێونەتەوەیی لە شەڕڤانانی کورد لە کۆبانێ (یەپەگە / یەپەژە ) کە دژی داعش بەرخوەدان دەکەن.بە پێچەوانە، تورکییە پشتگیری لە داعش کرد و تەنانەت ئێستا لە سەر ئەو پشتگیرییە بەردەوامە.
بەو زێهنییەتەوە ئاکاپە دەبێتە هاوپەیمانێکی تەبیعی ئیخوان ئەلموسلیمین، ئەلقاعیدە و داعش. داخودا تورکییە بەو ئیتیلافانە و بەردەوامبوونی لە سەر  دۆژمنایەتی کوردان بەرەو کوێ دەچێ؟ ئەگەر ئەو ستراتێژییە سیاسییە نەگۆڕدرێ، ئەو دەمی تەنیا ئاکامی ئەوە دەپەراوێز کەوتن و فت بوون لە ئاستی دەرەوە و کێشەی نێوخۆیی دەبێ. ئەو سیاسەتە هەڵەیە نەک هەڕەشەیەکە لە سەر هەرێم ، بەڵکوو لە سەر ئاشتی جیهانیش .
سیاسەتە هەڵخەڵەتێنەرەکانی ئاکەپە، وا خۆیان دەنوێنن کە بیانەوێ کێشە و هەرایان چارە سەر بکەن، بەڵام لە ڕاستیدا هیچ ناکەن و چبڕ ئیدی ناتوانن کەسی پێ هەڵفریوێنن. هەڵویستی ئاکەپە لە مەڕ ئەوەی کە دەڵێ
"کرانەوە " پێک دێنێ سەبارەت بە بابەتی وەک قوبروس، ئەرمەنییەکان، عەلەوییەکان، ئاسۆڕییەکان و ناموسوڵمانەکانی دیکە، لە قاو دراوە  کە لە ڕاستیدا هیچ هەنگاوێکی کۆنکرێت لەو بوارانە دا هەڵناهێنێتەوە. تورکییە هێشتاش بە پێی ئەو قانوونە بنچینەییەی  کە خونتای عەسکەری ١٢ی سێپتامبری ١٩٨٠ دایهێنا بەڕێوە دەچێ. ئاکەپە هێندێک مادەی هەڵبژاردەی لەو قانوونە دا گۆڕی بۆ خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی خۆی ، بەڵام گەوهەری ڕەگەزپەرستانە و نیزامییایەتی ئەو قانوونی بنچینەییە وەک خۆی ماوەتەوە. ئاکەپە هەمیشە دەیگوت" کۆنتڕۆڵی تەواوی دەوڵەت دەبەر دەست ئێمە دا نییە، دەستەڵات بە دەست نیزامییانە". دەیگوت ئەگەر خەڵک پشتیوانی لە ئاکەپە بکەن ئەوان دەتوانن قانوونی بنچینەیی بگۆڕن، هەر بۆیەش خەڵکێکی زۆر پشتیوانی لێکردن. بەڵام دواجار ئاکاپە کۆنتڕۆڵی تەواوی داو و دەستگای دەوڵەتی خستە دەست خۆی. بیرورای گشتی و دەوڵەتە ڕۆژئاواییەکان ئێستا لەوە تێگەیشتوون و نیگەرانییەکانی خۆیان دەردەبڕن. تەنیا هیوایێکی ڕاستەقینە بۆ پێوەندییەکانی تورکییە لەگەڵ ڕۆژئاوا کۆتاییەکی سەرکەوتوانەی " پێواژۆی ئاشتی " یە.
ئەگەر ئاکەپە سەمیمی یە، دەبێ کوردەکان وەک نەتەوەیەک بە ڕەسمی بناسێ. هەر وەک نەتەوەی تورک،کوردەکان دەبێ وەک ناسێنەیەکی جوێ بە ڕەسمی بناسرێن. تەنیا ئەو کاتەی کە مافی کوردەکان لە قانوون دا دەستەبەر کرا بێ پێواژۆی ئاشتی دەگاتە قوناخی هەرە گرینگی خۆی. ئەگەر لەو قۆناخە تێنەپەڕێندرێ، پرسە هەرە گرینگەکان بۆ چارەسەری کوردستانێکی ئۆتۆنۆم و پەروەردە بە زمانی دایکی تەنانەت ناکرێ قسەشیان لێوە بکرێ.
ئاکەپە سیاسەتێکی تەنک شاراوەی سەرکوت کردن بەڕێوە دەبا و هەنگاوی چڵ و نێوەچڵ بەرەوە چارەسەرییەک هەڵدەهێنێتەوە. هەر بۆیەشە پێکێشی دەکا لە سەر پاراستنی ئاگربەسی هەنووکەیی تا بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی گشتی. حەول دەدا پێش بە هەموو حەولەکانی بەرخوەدانی گەلی کورد بگرێ، لەوانە پرۆتێستی دێمۆکڕاتیکی ئاسایی. تەنانەت پێواژۆی باش پێزاندراوی ئۆسڵۆش  لە بەر حیساباتی درێژخایەنی سیاسی ئاکەپە، نامۆیی دەولەتی تورک بۆ ئاشتبوونەوە لەگەڵ کوردان و کێشەی نێوخۆیی لە نێو دەوڵەتی تورک دا سەری نەگرت. ئێمە هیوادارین کە ئەو پێواژۆیەی هەرە دوایی ئیمڕاڵی تووشی هەمان چارەنووس نەیە.هێشتا دەرفەت هەیە کە پێش لەوە بگیرێ، بەڵام کەس هەنگاوێکی جیدی لەو بارەیەوە هەڵناگرێ.ئەگەر زۆر زوو هەنگاوی کۆنکرێت هەڵنەگیرێن، بە داخەوە جارێکی دیکە شەڕ دەبێ.
میوانانی خۆشەویست
ئەگەر ئێمە بە پەلە چاوێک لە داعش بکەین – دوژمنی هاوبەشی هەموو مرٶڤایەتی – و ئەو خەباتەی بە دژیان دەکرێ دەکرێ بڵێین: ئەگەر چی داعش زۆر بە سەختی حەول دەدا خۆی بە بنەمای هێندێک ڕاستەقینەی مێژوویی ببەستێتەوە، بەڵام داعش لەلایەن هێزە هەرێمی و جیهانییەکانەوە پشتیوانی لێ کرا و دنە درا. ئێستا هەمان ئەو هێزگەلەش داعش وەک هەڕەشەیەکی توانایەکی دەبینن بۆ سەر دوارۆژ و شەڕێکیان بە دژی دەست پێکردووە.
لە لایەکی دیکەوە، دەوڵەت نەتەوەکانی هەرێم وەک تورکییە و ئێران دەستەوداوێنی داعش بوون بۆ هێرشەکانی بە دژی کوردەکان و بە تایبەتی پ.ک.ک. جا بۆیە ئەوان زۆریان پێ خۆشە کاتێک کوردان سەدەمەیان پێ دەگا و زۆریان پێ ناخۆشە کاتێک کوردەکان سەرکەوتن وەدەست دەخەن. ئەو حکوومەتانە هەمیشە پێوەندی خۆیان لە سەر بنەمای  سیاسەتە دژە کوردییەکانیان پاراستووە. ئەوان بە تایبەتی  هاوکارییان کردووە لەگەڵ داعش بۆ ئەوەی دەستکەوتەکانی گەلی کورد بکەنە ئامانجی سێرەکانیان.ئەوان زۆریان کار کرد بۆ کەوتنی شارەکوردەکان و هێشتاش حەول دەدەن بۆ ئەوەی پڕۆژەی کوردی تێک بشکێ و سەرنەکەوێ. ئەگەرچی کوردەکان کەوتوونەتە بەر هێرشی سەخت، بەڵام لە بەر سیاسەتەکانی گەلی کورد ئێستا لە ڕۆژئاوا مێژوو دەنووسێ. کۆبانێ بەرخوەدانێکی نیشان داوە  کە ئەو حکوومەتانەی تاساندووە و شۆکەی کردوون. زۆر هێز کەلکیان لەو بەرخوەدانە وەرگرتووە، بەتایبەتی هێزەکانی ئیتیلاف. ئەوەش لە بەر ئەوەیە کە شەڕڤانانی کۆبانێ لەوە دا سەرکەوتن پێشی داعش بگرن ئەوەی کە هیچ کەس پێی نەکرا. بەرخوەدانی کۆبانێ نەخشە و پلانی هێندێک هێزانی تێک داوە ، و سیمای ڕاستەقینەی ئەوانی لەقاو داوە.
لەو پێوەندییە دا بەرخوەدانی کۆبانێ پێوانەیەکی بڕێاردەرە. کۆبانێ بووە بە مەیدانێک بۆ نەبەردی جیهانی  لە نێوان هێزە کۆنەپەرست و دێمۆکڕاتەکان دا. ئەوە هەستانەوەیەکە بۆ مرۆڤایەتی. ئەمڕۆ لە کۆبانێ،هێزەکانی مرۆڤایەتی، دێمۆکڕاسی ئازادیی و خوشکوبرایەتی گەلان ئاڵای بەرخوەدان دەشەکێننەوە بە دژی فاشیزم و کلۆنیالیسم.
پ.ک.ک. لە بەرەی پێشەوەی شەڕ دایە بە دژی ئەو هێزە تاریکانە لە کۆبانێ، لە ڕۆژئاوا و لە هەموو کوردستان دا. بە سەدان ئاکادێمیک،هونەرمەند، ڕووناکبیر، نووسەر و سیاسەتمەدار کە لەو ڕاستەقینەیە گەیشتوون ئێستا داوا لە یەکێتیی ئوڕووپا دەکەن کە چاو بە سیاسەتەکانی دا بخشێنێتەوە لە مەڕ پ.ک.ک. و جەخت لە سەر ئەوە دەکەنەوە کە دەبێ پ.ک.ک. لە لیستی ڕێکخراوە تێڕۆریستەکان دەربهێندرێ.
تورکییە دەیەوێ پ.ک.ک. دەو لیستە دا بمێنێتەوە، بۆ ئەوەی پ.ک.ک. لە دەوری مێزی وتووێژ بمێنێتەوە. هێندێک لە دەوڵەتە ئوڕووپاییەکان لەگەڵ ئارگومێنتی تورکییەن. بەڵام ئەو ئارگومێنتە هەڵەیە پ.ک.ک. لە چارەسەری ناترسێ، ئەوە دەوڵەتی تورکە کە خۆی لە چارەسەرییەک تەرە دەکا و پێواژۆیەکە وەدەخرێنێ. لابردنی پ.ک.ک. لەو لیستە  دەبێتە هۆی غیرەت وەبەرنانی زیاتری تورکییە بۆ ئەوەی شان بداتە بەر پێواژۆی چارەسەری. ئەگەر یەکێتیی ئوڕووپا و دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمێریکا بەرعۆدەنە بۆ دۆزینەوەی چارەسەرییەک بۆ ئەو کێشەیە  دەبێ تورکییە تەشویق بکەن بۆ ئەوەی پ.ک.ک. لە لیستەکە دەربهێنێ.
لە کۆتاییدا
هەنووکە کوردەکان لە بەرەی پێشەوە دان بە دژی داعش لە عێڕاق و سوورییە. هێزەکانی هەرە بڕێاردەر و هەرە چالاک لە نێو کوردەکان دا ئەو هێزانەن کە سەر بە پ.ک.ک ن. مەترسییەکی ڕاستەقییە لە گۆڕێ دایە کە پێواژۆی چارەسەری لە هێڵی خۆی هەتەرە بێ و جارێکی دیکە تورکییە بکێشرێتە ناو شەر. کوردەکان دەیانەوێ پرسی خۆیان لەگەڵ تورکییە هەم بە ئاشتییانە و هەم دێمۆکڕاتییانە چارەسەر بکەن. ئەوان لەو ڕووەوە سەمیمین. سەرەڕای ئەو ڕاستییەی کە حکوومەتی ئاکەپە هیچ کام لە بەڵێنەکانی خۆی نەپاراستووە، کورەدەکان لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوو دا  پێواژۆی چارەسەرییان پاراستووە.. ئەگەر دەوڵەتی تورک لە سەر بۆچوونی هەنووکەی خۆی پێکێشی بکا ئەو دەمی پێواژۆیەکە تووشی مەرگ و نەمان دێ. شەڕ دەست پێدەکا. وتووێژ بۆ پەیوەست بوون و هاتنە ناوی تورکییە بۆ یەکێتیی ئورووپا دە مەترسی دەکەوێ.دێمۆکڕاسی هەڵدەپەسێردرێ، گێرە و کێشە ئابوورییەکان زیاد دەکەن و گوشاری خونتای نیزامی پەرە دەستێنێ. و دیارە ئەمە هەڵبەت کاردانەوەشی دەبێ لە سەر شەڕ بە دژی داعش لە هەرێم دا. ئێمە نامانەوێ هەلومەرجێکی ئاوا بێتە گۆڕێ.

کاریانێ وێسترهایم: سپاس ئادەم بۆ ووتە پتەو و بەهێزەکەت و سپاس بۆ هەمووتان بۆ شۆپاندنی دانیشتنی کرانەوەی کۆنفڕانس.
بەر لە دەستپێکردنی دانیشتنی پانێلی یەکەم  عیسا مووسا دۆزگەری خانە نشین و یەک لە پارێزەرەکانی ماندێلا و سەرۆکی " دەستپێشخەری نێونەتەوەیی ئاشتی و ئاشتبوونەوە" پەیامی تایبەتی بەڕێز عەبدوڵا ئوێجاڵانی خوێندەوە:

بۆ کۆنفڕانسی ١١هەمی " یەکێتیی ئوڕووپا تورکییە، ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و کوردەکان " برووکسێل ١٠-١١ ی دیسامبری ٢٠١٤

پەیامی بەڕێز عەبدوڵا ئوێجاڵان
میوانانی خۆشەویست
لە ماوەی دووساڵی ڕابردوو دا بە بڕیار و بە هیواوە کارمان لە سەر چارەسەری دێمۆکڕاتیک و پێواژۆی ئاشتی کردووە، و ئێستا ئێمە دەچین دە سەردەمێکی مێژوویی گرینگەوە کە تێیدا ئەو تێکۆشانانە ئێمەی گەیاندووەتە قۆناخی وتووێژ.
ئەو پێواژۆی وتووێژی دێمۆکڕاتیکە نەک تەنیا چارەسەرییەکی عادڵانە و هەمیشەیی دەهێنێتە ئاراوە بۆ کێشەیەکی سەدان ساڵە، بەڵکوو لە هەمان کاتدا، ئاکامە سیاسییە دێمۆکڕاتیکەکانی ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دا بەرەو ژوور دەبا و پەرەی پێ دەدا و خزمەت دەکا بە دەستەبەر کردنی داهاتووی هاوبەشی دێمۆکڕاتیکی گەلانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست.
لەکاتێکی ئاوا گرینگ و پڕ مانا دا، ئەوە زۆر گرینگە ئەو دامەزراوانەی کە لایەنگری ئاشتی و چارەسەرییەکن، ڕێکخراوە دێمۆکڕاتیکەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و دامەزراوە سیاسییەکان لە تورکییە و لە ئوڕووپا بەردەوام بن لە سەر کاری خۆیان بۆ پێشخستنی وتووێژەکان؛ ئەوە خزمەت دەکا بە پەرەپێدانی پێواژۆی وتووێژی دێمۆکڕاتیک.
ئەمن ئەو کۆنفڕانسەی ئێوە کە لە پارڵمانی ئوڕووپا دا پێکتان هێناوە  زۆر بە گەورە و پڕ مانا دەبینم و پێمخۆشە بڵێم ئاکامەکانی ئەم کۆنفڕانسە شوێنێکی گرینگی دەبێ لە پێواژۆی چارەسەری دا.
ئەوە گرینگە کە پاڕڵمانی ئوڕووپا جێی خۆی لەو وتووێژانە دا بگرێ  و پێشنیازەکانی بۆ چارەسەری هەتا بڵێی بە نرخ و مێژوویی دەبن. بەشداریی چالاکانەی هەموو دەزگا بڕیاردەرەکان، بە پارڵمانی ئوڕووپاشەوە، لە پێواژۆی چارەسەری دا یارمەتی دەکا بە مێژووی مرۆڤایەتی، خەبات لە پێناو کەڕامەتی ئینسانی و پەرەپێدانی دیالۆگ و ئاشتی لە نێوان گەلان دا.
چاوەڕوانییەکانی ئێمە لە دۆستان لە ئوڕووپا و لەو دامەزراوانەی لایەنگری چارەسەرییەکی دێمۆکڕاتیکن، و هەر وەها ئازادیخوازانی ئوڕووپا ئەوەیە پشتیوانی لە خەباتی ئێمە  لە پێناو کەڕامەت دا بکەن و لێی نزیک بن بۆ ئەوەی هەرێمەکەمان ببێتە شوێنێک کە تێیدا دێمۆکڕاسی و ئازادی  ببووژێتەوە. ئێمە بە تەواوی باوەرمان وایە، چونکە ئێمە لە سەروبەندێک داین کە ئیدی چبڕ مێژوو بە ئیرادە و زمانی ملهوڕانەی دەستەڵاتە زاڵەکان نانووسرێتەوە.
مرۆڤایەتی شاهیدی نەمانی ئەو سنوورانەیە کە دەستەڵاتدارە زاڵەکان لە شەڕی جیهانی هەوەڵێ دا کێشایانەوە وەک بەشێک لە ڕێکەوتنی سایکس – پیکۆ  کە بە پێی وی هەرێمەکە لە ئانادۆڵییەوە تا مێزۆپۆتامیا، و لە مەغریبەوە  تا شەرق دابەش کرا و بەش کرا؛ هەڵوەشانەوەی  " دەوڵەتە – نەتەوە " دەستکردەکان کە هێزە ئیمپریالیستییەکان سازیان کردن، ڕووخانی دیکتاتۆڕەکان، هەستانەوەی گەلی کورد کە نکۆڵی لە  هەبوون و ناسێنەی دەکرا، و ووشیاری وئازادیی دنیای عەڕەب لە نیری سترووکتوورە ئۆتۆکڕاتەکان.
ئەگە مرۆڤ لە پێتەختە دوورەکانەوە چاو لە پێشوەچوونەکانی هەرێم بکا، بە هاسانی وەک " ئاڵۆزی" یان " بێ ئیستیقراری" لێکیان دەداتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، ناکرێ بە دروستی لێی تێبگەیشترێ تا ئەو کاتەی کە زەبروزەنگی تائیفی و دینی ئیستا وەک دەرکەوتەیەکی ئەو سترووکتوورانە نەبیندرێن کە بە سەر هەرێمەکە دا داسەپێندران بەڵام ئێستا شوێندانانی خۆیان لە کیس دەدەن.
لە ڕاستیدا، ئەگەر ئەو سەروبەندە تێپەڕە ئاوێتەی ئیرادەی گەلان نەکرێ بۆ ساز کردنی سیستمێکی نوێ، ئەو دەمی زۆر وێدەچێ ئەو زەبر و زەنگە تائیفی و دینییە خەسڵەتێکی بەردەوام وەخۆ بکا و هەرێمەکە لاواز دەکا و دەرفەتی دەستێوەردانی دەرەکی دەخولقێنێ. ئالوگۆڕی پێوەندییەکانی نێوان گەلان و کۆمەڵگەکان، پێویستی بە ئیرادەیەکی ووشیار و کردەوەی ڕێک خراو و ووشیارانە هەیە .
کاتێک لەو ڕوانگەیە بۆ ئەو بابەتە بچین ئەو پرسیارە دێتە گۆڕێ، گەلۆ ئێستا ئەو ئیرادە و کردەوەی ڕێک خراوە هەیە یان نا؟  داخودا ئەو دەستپێشخەرییە مێژووییەی کە مرۆڤایەتی بە هەڵپەوە چاوەڕوانی دەکا سەر دەگرێ؟
ئەمن ئەندامێکی خۆ نەویستی نەتەوەی کوردم. دەمەوێ بڵێم کە گەلی کورد تەواو لێی دەوەشێتەوە ئەو دەورە مێژووییە بگێڕێ و پێم خۆشە ئەو قسەیە بە نموونەیەک دابگرمەوە بۆ ئەوەی تەنێ وەک نیشانەیەکی خاڵی شانازی نەتەوەیی وەبەر گوێیان نەیە. هەر ئەوەندە بەسە مرۆڤ چاو لە کۆبانێ و شنگار بکا بۆ ئەوەی لە مەبەستی من تێ بگا: کۆبانێ و شنگار کورتکراوەیەکن لە پرسی کورد و ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست . ئێستا مرۆ لەوێ ووشیارییەکی سەرەکی و خەبات لە پێناو کەڕامەت دا دەبینێ و پێی دەکرێ لە گرینگی دەوری ژن لە ژیاندا تێ بگا، هەر وەها ئەوەش کە بە بێ بەشداریی ژنان ناکرێ گەلێک یان جیهان ڕزگار بکرێ. کۆبانێ و شنگار نێوی ئەو شوێنانەن کە دەیانەوێ بیانکەنە جەهەنەم لە سەر زەوی بە دەست ئەوانەی کە بەهیوان بچنە بەهەشتێ.  لەوێیە کە کاتێک مرۆڤ بە ووردی لێی بڕوانێ دەبینێ کچ و کوڕ بەدەنی خۆیان کردووەتە سەنگەر لە پێناو دێمۆکڕاسی دا بە دژی ئەو چەتانەی کە دەیانەوێ هەرێمەکە بکەنە جەهەننەم لە سەر زەوی. ئەگەر لە سەدەی ٢١م دا هێشتا ژنان لە بازاڕ دەفرۆشرێن ، ئەوە نە تەنێ نەنگێکە بۆ هەرێمەکە بەڵکوو بۆ هەموو مرۆڤایەتیش.

ئەو پەیامەی من دەمەوێ بە گوێی گەلانی ئوڕووپای بگەیێنم ئەوەیە: ئێمە لە پێناو ئازادی و دێمۆکڕاسی دا خەبات دەکەین. ئامانجەکانی ئەو پێواژۆیە ئاشتییەی کە ئێمە ئێستا تێوەی گلاوین لە سەر بنەمای مێژوو و ڕوحییەی خەباتەکەمانە.

ئەمن بەتەواوی دڵنیام کۆنفڕانسەکەتان سەرکەوتوو دەبێ، و بە بۆنەیە سڵاو دەکەم لە هەموو بەشدارانی کۆنفڕانس و ئاواتەخوازی سەرکەوتنی هەمووتانم.
عەبدوڵا ئوێجاڵان
زیندانی ئیمراڵی




No comments: