Sunday, December 28, 2014

ووتاری پڕۆفێسۆر عەبباس وەلی لە ١١هەمین کۆنفڕانسی نێونەتەوەیی یەکێتیی ئوڕووپا،تورکییە، ڕۆژهەڵات نێوەڕاست و کوردەکان، ١٠-١١ی دیسامبری ٢٠١٤، برووکسێل، پاڕڵمانی ئوڕووپا


ووتاری پڕۆفێسۆر عەبباس وەلی لە ١١هەمین کۆنفڕانسی نێونەتەوەیی یەکێتیی ئوڕووپا،تورکییە، ڕۆژهەڵات نێوەڕاست و
کوردەکان، ١٠-١١ی دیسامبری ٢٠١٤، برووکسێل، پاڕڵمانی ئوڕووپ

قەیرانی عێڕاق، داعش و هەرێمی کوردستان

وەک باوە، پێم خۆشە بە سپاس لە ڕێکخەرانی ئەو کۆنفڕانسەوە دەست پێبکەم. سپاس بۆ ڕێکخستنی ئەم بۆنەیە و هەر وەها بۆ بانگهشتنی من بۆ ئەوەی لێرە قسەبکەم. لە پێشدا ئەوە بڵێم کە بابەتی باسەکە ئی خۆم نییە، بەڵکوو ڕێکخەرانی کۆنفڕانس دایانناوە، بەڵام من ڕێزم هەیە بۆ هەڵبژاردنیان و پێڕۆیی لێ دەکەم.ئەم باسە سێ بابەت لە خۆی دەگرێ. قەیرانی عێڕاق، دەوڵەتی ئیسلامی یان داعش و هەرێمی کوردستان.
چاوخشاندنێکی خێرا بەو بابەتانە دا دەری دەخا پێوەندییەکی بنەڕەتییان بەیەکەوە هەیە و دەکرێ ئەو بابەتانە دەپێوەندی لەگەڵ یەکتری دا شی بکرێنەوە. بە باوەڕی من ئەو لایەنەی کە ئەو سێ بابەتە بە یەکدی دەبەستێتەوە مەسەلەی دەستەڵات و زەبر و زەنگە لە عێڕاق.ئەوە نەک هەر ئەو بەیەکەوە گرێ دراوییە دەردەخا بەڵکوو ڕێنوێنێکیشە بۆ ئەو بۆچوونانەی لەو ڕووەوە من باسیان لێوە دەکەم.
قەیرانی لە عێڕاق مەسەلەیەکی نموونەیی یە. خەڵکێکی زۆر باسی قەیرانی لە عێڕاق دەکەن. دەڵێن عێڕاق لە قەیرانی دایە، عێڕاق دەوڵەتێکی فاشیل و ناسەرکەتوویە، عێڕاق ئاوایە، ئاوا نییە. بەڵام قەیرانی چەمکێکی ئابستراکتە. قەیرانی جۆر بە جۆر هەیە کە لەگەڵ پێکهاتەی جیاواز و لە تەک هەلومەرجی جیاوازی ئەگەرەکان و هەڵسووڕان دەگونجێن. بە باوەڕی من نێوەرۆکی قەیرانی لە عێڕاق لە ماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوو دا گۆڕاوە. بە بۆچوونی من عێڕاق هەمیشە لە بەر قەیرانی ڕەنجی کێشاوە. عێڕاقی مۆدێڕن لە ساڵی ١٩١٨وە تا ساڵی ٢٠٠٣ لە قەیرانییەک ڕەنجی دەبرد کە لە زانستی سیاسی دا پێی دەگوترێ قەیرانی مەشڕووعییەتی دەستەڵاتی سیاسی. ئەوە قەیرانییەک بوو  وورووژا بەڕێگای داسەپاندنی دەوڵەتێکی یوونیتر بە سەر کۆمەڵێکی جۆراجۆر و هەمە ڕەنگ دا. بە دەرەجەی یەکەم لە لایەن هێزە کۆلۆنیالییەکان و دواتر ئەو قەوارە هەتا بڵێی چەشنا و چەشن و هەمە ڕەنگەیە لە لایەن بەعسەوە وەکوو دووەمین مێعماری ئەو دەوڵەتە بەهێز کرا. قەیرانیی مەشڕووعییەت هەمیشە بەشێک بوو لە هەڵسووڕانی دەستەڵات لە عێڕاق تا ئەو جێگایەی کە دینی هەرە گەورە پەراوێز خرا بوو، کوردەکان پەراوێز خرا بوون و عەڕەبە سونییەکان کە لەوێ لە کەمایەتی دا بوون هێندرانە سەر دەستەڵات و بۆ زۆربەی ئەو ماوەیە بە زەبری چەک پارێزگاری لە دەستەڵاتیان کرا.
بەڵام، ئەو قەیرانیی مەشڕووعییەتە لە ماوەی دە ساڵی ڕابردوو دا گۆڕاوە. ئێستا ئەوەی لە عێڕاق لە بەر چاومانە ئیدی هەر قەیرانیی مەشڕووعییەتی دەستەڵات نییە، بەڵکوو ئەوەی لە ساڵی ٢٠٠٣وە لەوێ هەمانە - کاتێک ڕێژیم گۆڕا و ڕێژیمی تازە بە شێوەیەکی زۆر جێی سەرسوڕمان لە جێگای داندرا کە هەڵنەسووڕا و ئێستاش هەڵناسووڕێ – و ئەو قەیرانییە بە مانایەک قەیرانی حاکمییەت (سەروەری) ە، قەیرانی شوێندانانی دەستەڵاتە، قەیرانییەکە کە لە کاتێک دا لەوێ دەستەڵات لە مەیدان دایە و ئامرازی بەدەستەوەیە ، بەڵام بۆی هەڵناسووڕێن و ناتوانێ سوڵتەی خۆی بە سەر کۆمەڵ دا دامەزرێنێ و دەستەبەری بکا. ئەم قەیرانییە جیاوازە لەو قەیرانییەی کە عێڕاق لە ساڵی ١٩١٨ وە تا ساڵی ٢٠٠٣ پێی دا تێپەڕی.
ئەو قەیرانی یە بە جۆرێک پێمان دەڵێ کە بە دەم ئەو تێپەڕبوونە دا ، بە دەم ئاڵوگۆڕ لە قەیرانیی مەشڕووعییەتەوە بەرەو قەیرانی حاکمییەت، بەرەو قەیرانیی دەستەڵات لە عێڕاق کێشەیەکی سەرەکی، مەسەلەیەکی زۆر گرینگ کە هەمیشە درێژەی داوە بە مانەوەی خۆی بریتی یە لە تێکشکانی قەوارەیەکی داسەپێندراو بۆ سازدانی نەتەوەیەک لە عێڕاق. عێڕاق تا سەر ئێسقانی وەک نەتەوەیەکی یەکگرتوو تێک شکاوە و ئەو شکان و سەرنەکەوتنە هەمیشە لە چەقی ئەو قەیرانییە و تێپەڕینە دا بووە.
بەڵام ئەگەر ئێوە تەماشای بەشی سێیەمی سەرباسەکەمان بکەن کە لێرە بریتی یە لە کوردەکان. ئەوان هەمیشە لە ناوەندی ئەو دوو قەیرانییە دا بوون و سووژەی دەستەڵات و زەبر و زەنگ بوون لە هەر دوو ئەو هەلەمەرجە ناسک و گرژانە دا و ئەو بارو دۆخە هەر بەردەوامە.
ئەگەر ئێستا بێینە سەر داعش و باسی پێوەندی نێوان دەستەڵات و زەبروزەنگ بکەین. لێڕە دا ئەگەر کورتەی دەقێکی زۆر گرینگ لە فەلسەفەی سیاسی دا بگێڕمەوە شتەکە زۆر جوان دەر دەخا. ئەو قسەیە وەک کتێبێکی دەرسی وایە بۆ پشتیوانی لەو ئارگومێنتەی کە ئەمن هێنامە گۆڕێ سەبارەت بە تێپەڕین و ئاڵوگۆڕبوونی دەستەڵات و شێوەکانی زەبروزەنگ کە لە لایەن دەوڵەتەوە دەکار دەکرێن بە دژی بەشە جۆربەجۆرەکانی دانیشتووانی خۆی. لێرە دا من قسەیەک بە شاهید دەهێنمەوە لە کۆتایی دەقێکی کاریگەر و گرینگی فەیلەسووفی سیاسی واڵتر بێنیامین. ئەو ئارگومێنتێکی زۆر سەرنجڕاکێشی هەیە لە کۆتایی دەقەکەیدا و دەڵێ: دوو جۆرە دەستەڵات هەن کە هەمیشە دەکەونە دەرەوەی خولی ئامراز و مەبەستەوە. دەستەڵات هەمیشە لە ڕووی ستڕاتێژییەوە کار دەکا بۆ ئامانجێک و ئامرازی پێویست هەڵدەبژێرێ بۆ ئەوەی ئاکام وەدەست بێ. دوو جۆرە دەستەڵات هەن کە دەکەونە دەرەوەی ئەو ئاڵقەیە و ئەوان زۆر گرینگن. یەک لەوان ئەو پێی دەڵێ دەستەڵاتی سەروەر، واتە دەستەڵاتی دەوڵەت کە بێنیامین دەڵێ فۆڕمی ئەو دەستەڵاتە لە بناخەوە تێکدەرانەیە بەڵام ئەو تێکدانە زۆر جیاوازە لەوی تر کە ئەو پێی دەڵێ: دەستەڵاتی ئاسمانی،سەروەریی ئاسمانی. ئەو دەڵێ چەمکی یەکەم ڕیشەی لە فەلسەفەی یۆنانی دایە و ئەوی دووەمیان ڕیشەی لە ئەدەبییاتی معاد ناسی جوولەکەیی ئاو دەخواتەوە .واتە دەستەڵاتی ئاسمانی و سەروەریی ئاسمانی. دیارە دەستەڵات و حاکمییەتی ئاسمانیش تێکدەرانەیە بەڵام جیاوازییەکە لەوە دایە کە دەستەڵاتی سەروەر تێک دەدا و دەیشارێتەوە، بەڵام دەستەڵاتی ئاسمانی تێک دەدا و نیشانی دەدا و خۆی پێوە ڕادەنێ.
کوردەکان لە نێوان ئەو دوو جەمسەرە دا گیریان کرد. واتە دەستەڵاتی سەروەر و تەبیعەتی تێکدەرانەی. سەدام و فەرمانڕەوای دی تێکدەرییان دەکرد بەڵام دەیانشاردەوە لە ژێر فێر بوونی هەوراز و نشێوی دیکتاتۆرییەت دا و هەر وەها بە ڕێگای هاوپەیمانی جۆر بە جۆر لە گەڵ هێزە ڕۆژئاواییەکاندا. بەڵام ئەو هێزە تازەیەی کە ئێستا لە عێڕاق هەمانە، واتە داعش،هەر وەها لە سوورییەش ، خۆی و کارەکانی ناشارێتەوە. تێک دەدا ، نیشانی دەدا و خۆی پێوە ڕادەنێ. گۆڕانی بنەڕەتی لە نوێنەرایەتی کردنی زەبر و زەنگ لە عێڕاق دا هەتا بڵێی درکێنەرە سەبارەت بەوەی لەو ووڵاتە دا دەقەومێ.
و سەرەڕای ئەوە کاتێک قەیرانی لە هەرێمی کوردستان دێتە گۆڕێ ئێمە شتێک دەبینین کە ئەویش لە ناوەندی ئەو قەیرانییە دا بووە و ئەویش ئەوەیە کە هێزە ڕۆژئاواییەکان بە باوەڕی من زۆر بێ بنەما و لە هێندێک ڕووەوە زۆر ساویلکانە دڵپێوەبوونی خۆیان بە حاکمییەتی (سەروەری) حقووقییەوە نیشان داوە. هەر ئەوە لە بەر چاو بگرن کە ئەوە چەندەی کێشا هەتا ئەوان ئامادە بوون قسە لە گەڵ کوردەکان بکەن و چەندەی کێشا هەتا بڕیار بدەن چەک بدەن بە کوردەکان. لە کاتێکدا کە داعش خەریکی کوشتوبڕی خەڵک بوو و لە بازاڕان بە کۆمەڵ کۆیلەی دەفروۆشت لە ڕۆژئاوا موناقەشە لە سەر ئەوە بوو ئایا ئێمە پێویستە لەگەڵ دەستەڵاتێکی ناسەروەر دا قسە و دانوستاندن بکەین یا نا؟گەلۆ دەکرێ ئێمە دەستەڵاتێکی ناسەروەر پڕ چەک بکەین؟ ئەوە لایەنێکی دووروویەتی بنەڕەتی ئینسانییەتی دەوڵەت وەڕوو دەخا. ئەمن پێم وایە لێرە دا مەسەلەیەکی دیکەش هەیە. کاتێک کە ئێمە دەبینین ستراتێژییەکی ناڕاستەوخۆی ئیتیلافێک لە گۆڕێ دایە لە نێوان دەوڵەتێکی زۆر گرینگ لە هەرێم دا کە دەوڵەت و حکوومەتی تورکییەیە و ستراتێژییەکی ئیتیلافێکی لاوەکی لە نێوان ئەو حکوومەتە و داعش دا و لە سەر ئەرزی واقع کاریگەرانە هەڵدەسووڕێ و ئێوە دەبینن کە خەڵک لە ڕۆژئاوا و لەو بەری دەکووژرێن و تانکەکان لەوێ مۆڵ دراون و ئەو کوشتوبڕە دەبینن ئەوە بە ڕاستی چ بە مرۆڤ دەڵێ؟ ئەوە وێنەیەکی زۆر درکێنەرە. دەوڵەتێکە کە زەبرو زەنگی بە کرێ داوە بە یەکی دی. ئەمن ئەوە دووپاتە دەکەمەوە بەکرێ دانی زەبرو زەنگ لە لایەن دەوڵەتەوە!  و کڕیارێکی پچووکتر کە ئەوە بە شێوەیەکی زۆر کاریگەر دەکار دەکا و دەوڵەت لە قەراغی ڕادەوستێ بە پێ ئەوەی دەستی خۆی پیس کا. و تەنانەت لەو پێوەندییە دا ئەمن پێم وایە هەڵوێستی ووڵاتانی ڕۆژئاوا لەو بارەیەوە دەبوو ئەوە با کە ئارەزوو دەکرا و لێیان دەوەشێتەوە.
ئێستا ئەگەر بگەڕێینەوە هەرێمی کوردستان. ئەمن ناڵێم ئەوێ وەک شیر سپییە و لەوێ هیچ گێرە و کێشەیەک نەبووە. لەوێ گێرە و کێشەی زۆر هەبووە. دەستەڵات و زەبروزەنگی داعش خۆڕانەرانە بووە، واتە زەبرو زەنگێک کە خۆی نەشاردووەتەوە، زەبروزەنگێک کە بە شێوەی بنەڕەتی لە پێناو خۆی دا بە کاری هێناوە بۆ دامەزراندنەوە و پاساو دانی ئیدێئۆلۆژییەک بۆ مەشرووعییەت پێدانی زەبروزەنگ. ئەوە کردەوەیەکی ئاڵقەیی یە، هەمیشە حەول دەدا بۆ مەشڕووعییەت وەرگرتن لە سەرچاوە دەقەکان و بە جووڵانەوی بە زەبرو زەنگ حەولی سەلماندنی دروست بوونی ئەو دەقانە دەدا.لە هەلومەرجێکی ئاوا دا ئەو زەبروزەنگەی کە دەیبینین زۆر درکێنەر و خۆ نوێنە.
ئەوە نەک هەر قەیرانیی سەروەری لە عێڕاق دەدرکێنێ ،واتە دەستەڵات لەوێیە بەڵام بێ کەلکە. قانوون هەیە بەڵام ناکرێ بەڕێوەبچێ. دەوڵەت سەرچاوەی هەبوو، بەڵام بەجێی هێشت و ڕای کرد. هەر ئاوا لە سەر کوردستانیش. ئەو زەبرو زەنگەی کە داعش بەو شێوەیە لە خۆی نیشان دا بۆ دەست بە سەر داگرتنی مووسڵ دا، هەر ئەو شێوەیەشی لە شنگار دەکار کرد و ئەوەی کە بە سەر کۆمەڵگەی ئێزیدی هات، و ئەو شێوەیەی کە لە جیگای دیکەش کردی، هەموو ئەوانە بوونی زنجیرەیەک گیرە و کێشەی جیدی لە دڵ و هەناوی ئیدارەی کوردی دا ئاشکرا کرد. ئەمن پێم وایە کە ئیدارەی کوردی دەخەو دا بوو. لە پڕ وەخەبەر هات بۆ ئەوەی ڕاستەقینەکانی دەورو بەری ببینێ و تێ بگا کە چی دی ناکرێ پشت بە ئارەزووی چاک و نییەتی چاک ببەستێ. دەبێ داوای هەبێ و دەبێ لەوەش نەتیجەی دەست کەوێ. دەبێ کاتێک داوای یارمەتی دەکا نەتیجەی دەست کەوێ. ئەوە زۆر گرینگە کە ئێمە وەزعێکی ئاوامان لەوێ هەبوو. دەستەڵاتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کاتی خۆی دا هەڵنەسووڕا و لە ڕۆژی تەنگانە دا سەرنەکەوت. بە شێوەیەکی زۆر ملکەچانە سەرنەکەوت. لە بەر ئەوەی ئەو ئیدیعایانەی دەیکرد پێکی نەهێنان. هەر وەک دەرکەوت بە بێ هاتنی یارمەتی لە دەرەوە ڕا تەنانەت نەی دەتوانی دانیشتووانی خۆی بپارێزێ.
ئەوە دەمانباتەوە لای ئەو ڕاستییە کە لە ساڵی ٢٠٠٣وە تا ساڵی ٢٠١٤ کاتێک ئەو کارەساتە لەوێ لە کۆمەڵ دا قەوما، کاتێک ئەو کارەساتە دەگیانی خەڵک بەر بوو و خەڵک ڕایان کرد بۆ چیایان، لەو ماوەیە دا کۆنتراتکاران بار و بنەیان تێک نا چوونە کوردستانی عێڕاق بۆ ئیمزا کردنی کۆنتڕات.حکوومەتان لەوێ کۆنسوولخانەیان کردەوە، لەوانە دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمێریکا،بریتانیا و فەڕانسە و جێی دیش.بەڵام ئەوان هیچکات بیریان لە پێداویستییە ستڕاتێژی و خۆڕاگرییەکانی ئەو هەبوونە نەکردەوە کە لە ئاست ئەوان ئەوەندە بە دەست ئاواڵەیی و سەخاوەتەوە جووڵاوەتەوە. و ئاکام ئەوە بوو کە تاقە چەکێکی قورس بەو خەڵکە نەدرابوو. بە باوەڕی من حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش لە کاتی خۆی دا داوخوازییەکی ئاوای بە شێوەیەکی جیدی نەهێنا گۆڕێ. بۆیە ئەمن دەڵێم زەبر و زەنگی داعش ئەوانی لە خەو ڕاچڵەکاند.ئەوان لە خەو ڕاپەڕین بۆ ئەوەی لە ڕاستیی دەستەڵات لەو ڕووەوە تێ بگەن. و ڕاستی دەستەڵات پێویستیی هەبوونی چەکی دادەگرتەوە.بەڵام، دیسان هۆکارێکی زۆر گرینگ کە لەمپەرێکی ساز کردووە لە سەر ڕێی کوردان بۆ ئەوەی ببنەبابەتێکی سیاسی، یان وەک بابەتێکی سیاسی ڕەفتاریان لەگەڵ بکرێ لە پێواژۆی سیاسی دا دڵپێوەبوونی ڕۆژئاوایە بە چەمکی حاکمییەتەوە (سەوەرییەوە).
بە باوەڕی من دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمێریکا بۆ جاری یەکەم ئەو نەزمەی شکاندووە و دەستی کردووە بە پێوەندی لەگەڵ پارتیی یەکێتیی دێمۆکڕاتیک  و لە هێندێک ڕووەوە لەگەڵ گرووپەکانی دی لەوێ کە ئاکتۆری گرینگن لە سەر ئەرزی واقع بەڵام نوێنەرایەتیی قەزایی سەرچاوەیەک ناکەن. لەو ڕووەوە ئەمن پێم وایە ئێمە لە سەرەتای پێواژۆیەکی زۆر گرینگ داین. کوردەکان دەبێ حەول بدەن بۆ درێژە دران بەو پێواژۆیە و هەر وەک مەسەلەی تێڕۆریسم کە لە پانێلی دوێنێ دا باس کرا ، ئەگەر ئەو مەسەلەیە لە حاکمییەتی قەزایی دەوڵەت جوێ بکرێتەوە کە بەسەر کوردانی دا دادەسەپێنێ، ئەگەر ئەو مەسەلەیە لا بدرێ و ئەو پێوەندییە هەڵبوەشێندرێ، ئەو دەمی ئیمکانێکی زۆر کەم هەیە کە هیچ ڕێکخستنێک ئیدی بتوانێ دای سەپێنێتەوە.ئەمن پێم وایە حاکمییەت (سەروەری)، دەستەڵاتی دەوڵەت ، دەستەڵاتی قانوونی دەوڵەت، تەنیا مەسەلەیەکە کە هێزە ڕۆژئاواییەکان وەسوەسە دەکا بۆ ئەوەی هەڵوێست دەرببڕن و لە سەر شتی دی کاتێک هەڵوێست دەگرن کێشەکە قەت وەک مەسەلەیەکی سیاسی لەبەر چاو ناگیرێ بەڵکوو وەکوو مەسەلەیەکی ئینسانی و خێرخوازانە دەبیندرێ. ئەمن بە تەواوی دژی ئەو فکرەم هەرچەند لەوانەشە زۆر نییەتی باشیشی لە پشتەوە بێ. دژی ئەو فکرەم کە دۆزی کورد، مەسەلەی کورد وەک مەسەلەیەکی ئینسانی و خێرخوازانە چاو لێبکرێ. ئەوە مانای ئەوە دەبێ کە کوردەکان لە دەستەڵات دەڕووتێندرێنەوە و لێی بێ بەش دەکرێن. دۆزی کورد دەبێ وەک مەسەلەیەکی سیاسی لە بەر چاو بگیرێ، نەک وەک مەسەلەیەکی ئینسانی و خێرخوازانە.دەبێ وەک مەسەلەی دەستەڵات لە بەر چاو بگیرێ.
دەبێ ئاوا ببیندرێ کە ئەو خەڵکە زەبروزەنگ بە سێرە دایکردوون، لە بناوانەوە سێرەی زەبروزەنگی جۆر بە جۆر بوون لە سەردەمی مۆدێڕن دا.و تەنێ شتێکی کە باڵی بێدەنگی بە سەر دا کێشاوە و تەنیا مەسەلەیەکی کە هەموو ڕێگایەکی لێ بەستووە  و تووشی ئەو هەموو قەرقەش و کوشتووبڕ و قەیرانییەی کردووە مەسەلەی حاکمییەتە (سەروەری یە).
ئێستا کاتی ئەوە هاتووە هێزە ڕۆژئاواییەکان جارێکی دی بیر لەو مەسەلەیە بکەنەوە، بە تایبەتی لە کۆمەڵێک دا یان لە هەرێمێک دا کە ئێمە لە پێش دا لەوێ بەهاری عەريبیمان دی و دوایە پەیدا بوونی داعش کە لە بناوانەوە تا ڕادەیەکی گرینگ بە یەکتری بەستراونەتەوە.
سەرهەڵهێنانی داعش بە تەواوی بێ کەلکی و دەستەوەستانی دەستگای دەوڵەتی نیشان دەدا لەپێش دا لە عێڕاق و دوایە لە سوورییە و ئێستا لە یەمەن و سبەینێ لە بەحڕەین و نازانین ئەوە لە کوێ ڕادەوەستێ. دەبێ ڕێگای نوێ ببیندرێتەوە بۆ پێوەجاران بەو ناسێنانەی کە ناسەروەرن و حاکمییەتی دەوڵەتییان نییە. دەبێ ڕێگای نوێ ببیندرێتەوە بۆ لەبەر چاوگرتنی داوخوازی و پێویستییەکانی خەڵکانی ناسەروەر. کاتی ئەوە هاتووە کە هێزە ڕۆژئاواییەکان لە ناوچەی ئارامی حاکمییەتی سیاسی (سەروەریی سیاسی) دەرکەون و دەست هەڵگرن لە بانگەشەی مافی مرۆڤ لەو ناوچە ئارامە دا. مەسەلەی کورد و ئەوەی لە سوورییە ڕوو دەدا، لە ڕۆژئاوا، لە باشوور و بە دوای ئەوەدا لە باکوور و باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان لە بنەڕەت دا مەسەلەیەکی سیاسی یە. ئەوە مەسەلەیەکی ئینسانی و خێرخوازانە نییە. جیاوازییەکی بنەڕەتی هەیە لە نێوان دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمێریکا و ئۆکسفام. دەبێ ئۆکسفام لەگەڵ مەسەلەی ئینسانی و خێرخوازانە سەروکاری هەبێ نەک کۆشکی سپی.کۆشکی سپی دەبێ وەک مەسەلەیەکی سیاسی لەگەڵ ئەو مەسەلەیەمامڵە بکا.مامڵە لەگەڵ ئەو ناسێنە و مافانەی کە زیاتر لە سەدەیەکە نکووڵیان لێ کراوە و نەتیجە ئەوەیە کە بناخەی قەوارەی دەوڵەت قەڵشتی جیدی تێ کەوتووە. ئەو ستروکتورە کەوتووەتە بەر لەرزەی ڕوخان و خۆی بۆ ڕاناگیرێ و ئەگەر مەسەلەی کورد وەک مەسەلەیەکی سیاسی چاو لێبکرێ و لێشی دەوەشێتەوە ئاوای چاو لێبکرێ ئەوە خزمەتێکی چاکیش دەبێ بەو قەوارە دەوڵەتیانەی کە ساز
کراون و ڕاگیراون، ئەگەر چی دی بکرێ ڕا بگیرێن. زۆر سپاستان دەکەم.




تێبینی: بەڕێز وەلی ئەو باسەی لە دانیشتنی یەکەمی ڕۆژی پێنجشەمە دا کرد کە پانێلی دوویەم بوو. دوای تەواو بوونی ووتەی وی و ئەو کەسانەی دیکەی کە لەو پانێلە دا بابەتیان پێشکێش کرد، دەرفەت درا بە بەشداران کە بۆچوون و پرسیاری خۆیان بهێننە گۆڕێ. ئەو ووڵامانەی خوارەوەی پڕۆفێسۆر وەلی بەشێکیان لەمەڕ ئەو باسەیە کە کردی و بەشێکی دیکەشیان ووڵامی
ئەو پرسیارانەن کە لەمەر بابەتەکانی دیکەی پانێلەکە دا کە لە لایەن ئامادەبووان را هاتنە گۆڕێ

سەبارەت بەو پرسیارەی کە ئەو وەزعە لە هەرێم دا تا چەند درێژە دەکێشێ؟  
وەلی: گومانی من ئەوەیە، لە ڕاستیدا لە گومان زیاتر، ئەمن پێم وایە درێژەکێشانی ئەو وەزعە بەستراوەتەوە بە ئاستی بە جیدی گرتن و پێوەچارانی. ئەگەر هەر ئەو سیاسەتەی ئێستا بەردەوام بێ و داعش لە دوورەوە بۆمباران بکرێ و خەڵکی دی تەیار بکرێن وەک کوردەکان کە سەربازی سەر ئەرزی واقع بن، بە بێ هەبوونی هیچ دەستەڵاتێک بۆ بڕیار دان ئەوە ماوەیەکی زۆرتر درێژە دەکێشێ.هێزە ڕۆژئاواییەکان ئیئتیلافێکیان بە دژی داعش پێک هێناوە.ئەگەر پێکهاتەکانی نێو ئەو ئیئتیلافە بە جیدی بگیرێن و بە شێوەیەکی زۆر کاریگەرتر شان بدەنە بەر کردەوە ئەمن پێم وایە ئەو مەسەلەیە دەکرێ زووتر لەوەی کە چاوەڕوان دەکرێ ڕیشەکێش بکرێ.
کە وابێ، ئەوە تا ڕادەیەکی زۆر بەستراوەتەوە بە ئاستی تێوەگلانی ئیئتیلافی دژی داعش و هەر وەها بەستراویشتەوە بە دەرجەی هاوکاری لەگەڵ ئەو هێزانەی لە سەر ئەرزی واقع شەڕی داعش دەکەن یان پارێزگاری دەکەن لە کۆمەڵگەکەیان بە دژی داعش. ئایا ڕێگایان پێ دەدرێ لە پێواژۆی سیاسەت داڕشتن و بڕیار دان دا بەشدار بن یان نا؟ و ئەوەی کە لە ناوچەکە دا چ بکرێ ئەوە مەسەلەیەکی زۆر بنەڕەتی یە.ئەمن پێم وایە نوختە وەرچەرخانێک دێتە گۆڕێ کە دەبێ دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمێریکا زیاتر لە هێزەکانی دی قەرار بدا کە ڕو بە ڕوو لەگەڵ مەسەلەکە مامڵە بکا. نەک هەر بە ڕێگای بۆمباران کردن لە هەواوە و دانی پێداویستی شەڕ بە وانەی کە شەڕ دەکەن لە سەر زەوی.
دانی ئەو لۆجیستیکە تەواو بە جێیە و جێی پێ زانینە، وێدەچێ ئەوە کەمتر دەبێتەوە. بەڵام ئەوە ئاوقای ڕیشەی گێرەوکێشەکە نابێ، ناچێتە سەر چەقی ئەو کارەساتە. ئەو چەقە تەنێ ئەو کاتە دەکرێ لە ڕیشە هەڵقەندرێ و نەمێنێ کە هێزێکی کاریگەری نیزامی ڕووبەڕووی بێتەوە.و هەر وەها تەیار کردن. ئەمن پێم وایە شتێکی دیکەش لە گۆڕێ دایە. ئیئتیلاف نابێ لە بەسیجی خەڵک بە دژی ئەو ئیبلیسە بترسێ، نابێ لەئاکامەکانی بترسێ. بە باوەڕی من لە هەرێم دا دەوڵەتی ئاوا هەن کە یەکجار زۆر لە ئامادەیی و بەسیجی خەڵک دەترسێن. لەوە دەترسێن بڵێی چ بقەومێ کاتێک خەڵک فێر بن کە مافی خۆیان ڕاستەوخۆ بەکار بهێنن.ئەو ووشترە لە بەر دەرگای هەموان ییخ دەخوا ، چ بیانەوێ و چ نەیانەوێ، درەنگ یا زوو هەر ڕوودەدا. بەڵام زۆر باشتر دەبێ ئەگەر ئەو مەسەلەیە بە شێوەیەکی کاریگەرانە مامڵەی لەگەڵ بکرێ و وەک مەسەلەیەکی سیاسی – نیزامی تێوەی بگلێن.


سەبارەت بە مەسەلەی سیکولاریزم! داخودا بەدیلی سیکولاریزم بۆ وەزعی ئێستا دێتە گۆڕێ؟
وەلی : ئەمن هیوا دارم ئەوە وابێ. بەدیلە سیکولارەکان بێنە گۆڕێ. دیارە ئەوە بەدیلی هەرە باش دەبێ. بەڵام لێرە دا دەمەوێ ئەو دەربڕینەی خۆم هەموار بکەم. ئەمن لە هیچ هەلومەرجێک دا پشتیوانی لە حوکمڕانییەکی سیکولاری ناهەموارکراو ناکەم. ئەو قسەیە شی دەکەمەوە.ئەمن دژی ئەو شێوەیە لە سیکۆلاریزمم کە تێیدا سیکولاریزم وەکوو تاقە پرێنسیپی مەشڕووعییەتی دەستەڵاتی سیاسی لە بەر چاو دەگیرێ. وەک ئەوەی لە فەڕانسە هەیە، وەک ئەوەی لە تورکییە هەیە. سیکولاریزم نابێ بابەتی قانوون دانان بێ،ببەسترێتەوە بە ناسێنەی دەستەڵات لە قانوونی بنچینەیی دا.ئەگەر ئاوا بێ سێکولاریزمی کۆماری هەمیشە مەترسی ئەوەی پێوەیە کە چەت لە پێوەندی دێمۆکڕاسی و ئازادییە فەردییەکان بخا. هەر وەک ئەوەی لە فەڕانسە ئەو چەتەی تێخستووە. ئەمن زیاتر لەگەڵ ئەو جۆرە لە سیکۆلاریزمم کە لە بریتانیا هەیە، لە دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمێریکا هەیە.سیکولارێزم دەبێ وەکوو پڕێنسیپێکی بنەڕەتی باوەڕ بە کۆمەڵگەی مەدەنی دابندرێ. نابێ لە قانوونی بنچینەیی دا بەو جۆرە جێ بگرێ کە پێوەندی پەیدا بکاتەوە بە دەستەڵاتی سیاسی.
لێرەدا مەترسییەکی جیدی هەیە بۆ ئەوەی پێوەندی دێمۆکڕاسی و مافە لێبێراڵییە تاکە کەسییەکانی ئەو خەڵکەی کە لە کۆمەڵگەیەکی بەرباس دا دەژین چەتی تێ بکەوێ. ئەمن لەگەڵ ئەو جۆرە سیکولاریزمە کۆمارییە نیم بەو شێوەیەی کە لە فەڕانسە و لە تورکییە پێڕۆیی دەکرێ. ئەمن لە کۆبوونەوەیەک دا سەبارەت بە بار و دۆخی ئێران گوتم ئەگەر دوای ئەو ڕێژیمە بتانەوێ سیکولاریزمێکی کۆماری جۆری فەڕانسەیی یان تورکی لە ئێران دابەزێنن  دەبێ زیندانیش دروست کەن بۆ ئەو جۆرە خەڵکانەی کە بە پێی داوخوازی دڵی خۆیان بیانەوێ لەچەک بەسەر دا دەن. موشکیلە ئەوەیە کە سیکولاریزم زۆر مەسەلەیەکی پڕ سەرئێشەیە. لە ڕووی تیۆری و لە ڕوانگەی فەلسەفییەوە دەبێ زۆر بە دیقەت مامڵەی لەگەڵ بکرێ. پێم وایە سیکولاریزم نابێ لە قانوونی بنچینەیی دا جێی بکرێتەوە لە پێوەندی لە گەڵ ناسێنە یان مەشڕووعییەتی دەستەڵات دا.
دەبێ وەکوو مەسەلەیەکی بنەڕەتی  کۆمەڵگەی مەدەنی لە بەر چاو بگیرێ.

-ئایا کوردەکان تا چەندە خۆیان خەتاباران لەوەیدا کە دۆزەکەیان وەکوو مەسەلەیەکی سیاسی چاو لێ ناکرێ بەڵکوو وەکوو مەسەلەیەکی ئینسانی و خێر خوازانە مامڵەی لەگەڵ دەکرێ؟

-پرسیار بۆ بەڕێز وەلی: ئەمن دەزانم کە ئێوە نوێنەرایەتی حکوومەتی تورکییە ناکەن بەڵام پرسیارەکەم ئەوەیە بۆچی حکوومەتی تورکییە هەتا ئێستا هیچ هەڵوێستێکی نەگرتووە سەبارەت بەو شتانەی لە ناوچەکە ڕوودەدەن؟ ئێمە دەزانین هەموو ڕۆژێ لە شوێنی ئاوای کە هێندە لە سنووری تورکییە دور نییە شەڕ لە نێوان داعش و کوردان دا هەیە و لە عێڕاقیش لە نێوان داعش و کوردان دا. بۆچی دەوڵەتێکی بە ‌هێزی وەک تورکییە لە ناوچە دا هەتا ئێستا هیچ هەڵوێستێکی نەگرتووە؟

وەلی: دوو پرسیار لەمن کراوە یەکیان ئەوەیە کە کوردەکان خۆیان تا چ ڕادەیەک بەرپرسن لەوەی دا کە ڕێگا دەدەن دۆزەکەیان وەک مەسەلەیەکی ئینسانی و خێرخوازانە تەماشا بکرێ هەتا ئەوەی وەک مەسەلەیەکی سیاسی. ئەمن پێم وایە لێرە دا بەرپرسیارەتییەکی زۆری کوردەکانیش هەیە.زیاتر لە بەر نەبوونی بیرکردنەوەی ستراتێژیک، لە بەر تاییفیگری و دەستەبازی. لە بەر هێندێک خەسڵەتی تایبەتی ستروکتووری کۆمەڵایەتی لە بەشێکی زۆری کوردستان ئەو مەسەلەیە لە ئاستی سیاسی دا قەت نوێنەرایەتی نەکراوە لە دەرەوەی مەسەلەی هەرێم یان ناوچە. بەڵام لێرە دا گیروگرفتێکی دیکەش هەیە کە دەبێ سەرنجی بدرێتێ و ئەمن لە قسەکانم دا ویستم سەرنجی بۆ سەر ڕابکێشم.
ئەویش ئەوەیە کە گشت چەمکەکان و بەهاکان لە تیوری حقووقی ڕۆژئاوا دا بە دەوری چەمکی حاکمییەتی (سەروەری) دەوڵەت دا دەگەڕێ. لەوەتا سەردەمی وێسترفاڵیا،شۆڕشی فەڕانسە هەتا ئەمڕۆ هەر وا بووە و هەر کەس و هەر نەتەوەیەک، هەر کۆمەڵگەیەک یان هەر عەشیرەتێک و هەر کەسێک لە دەرەوەی ئەو بازنەیە دا بێ وەکوو بابەتێکی سیاسی مامڵەی لەگەڵ ناکرێ و ئەوە گیروگرفتێکە کە ئێمە بە شێوەی چەندپاتە بووەوە لە پێوەندی لەگەڵ مەسەلەی کورد دا دیتوومانە.
ئێمە ئەوەمان لە قەیرانی ١٩٩٠ دا دی لە عێڕاق. ئەمن بۆخۆم ئەو دەمی لە واشنگتن بووم وەک ئەندامی هەیئەتێک بۆ حەولدان بۆ ڕازی کردنی خەڵک بۆ ئەوەی شتێک بکەن لە ئاست ئەو زوڵم و زۆردارییەی لەوێ دەکرا و دواجار ناوچەی هێمن و دژە فڕینیان دامەزراند. دەمەوێ بڵێم ئاشکرایە کە خەتایەکی زۆر دەچێتەوە سەر ئەستۆی ڕێبەرایەتی کورد لەو بارەیەوە بەڵام پێم وایە کە چەمک و حقووقی دەستگاکانی دێمۆکڕاسییە ڕۆژئاواییەکان لە مامڵە کردنیان لەگەڵ گەلانی ناسەروەر دا بە شێوەیەکی ئیفڕاتی بێ کەلکن، کەموکووڕییان زۆرە و هەتا بڵێی کۆنن. پێویستیان بە پێداچوونەوەی بنەڕەتی هەیە. ئەو چەمکانە دەبێ لە سەر ڕا داڕێژرێنەوە.
لە پێوەندی لەگەڵ ئەو پرسیارەی دا کەکرا کە بۆچی حکوومەتی تورکییە ئاوایە؟ بە باوەڕی من مەسەلەکە زۆر ئاشکرایە. چونکە لەوەتا ساڵانی ١٩٢٣-١٩٢٤ وە مەسەلەی کورد مەسەلەیەکی بنەڕەتی دەستەڵاتی سیاسی تورک و سیستمی سیاسی تورکییە بووە و دوو هۆکار هەن کە بۆچوونی حکوومەتی تورکییە دیاریی دەکەن سەبارەت بە مەسەلەی کورد. یەک، مەسەلەی کورد هەمیشە وەکوو بەشێکی ئەمنییەتی نەتەوەیی چاو لێکراوە نەک وەک مەسەلەیەکی سیاسی. تەنانەت ئێستا ڕەنگە زۆر سەرنجڕاکێش بێ کە موزاکەرات لە گەڵ سەرۆکایەتی کورد لە زیندان ئێستا زیاتر لە دوو ساڵە بەردەوامە، بەڵام ئەوە لە نێوان سەرۆکایەتی کورد و سەرۆکی دەستگای ئەمنی دا بووە ،نەک لە گەڵ هەیئەتێک لە سیاسەتمەداران، لە سیاسەتمەدارانی هەڵبژێردراو کە لە لایەن حکوومەتی تورک ڕا بچن و لەگەڵ بەڕێز ئوێجاڵان قسە بکەن.ئاغای فیدان دەچێتە وێندەرێ وەک نوێنەری حکومەت.ئەوە داگرتنەوە و پشتڕاستکردنەوەی  تێگەیشتن و بۆچوونی حکوومەتە بۆ مەسەلەی کورد وەک بەشێکی بنەڕەتی لە ئەمنییەتی دەوڵەت.جا بۆیە فکری ئەوەی کە ئەو مەسەلەیە لە بواری ئەمنییەتی لا بدرێ و لە جەغزی کردەوە و هەڵسووڕانی دەستگای ئەمنییەتی دەربچێ و بهێنرێتەوە ناو پێواژۆی دێمۆکڕاتیک کارێکی زۆر دژوارە.
لە پێوەندیی لە گەڵ سوورییەش وەک ئەوەی دیتوومانە حکوومەتی تورک ئەو بۆچوونەی بووە کە کوردەکان لە بەشەکانی دیکە ی کوردستان بە پێی بۆچوونی لەئاست کوردەکانی باکوور مامڵەیان لەگەڵ بکرێ. بۆ وێنە بۆ ماوەیەکی درێژ ، بۆ ماوەی نزیک ١٠ ساڵ بۆچوونی حکوومەتی تورک لە ئاست حکوومەتی هەرێمی کوردستان  زنجێرەیەک لێکدانەوە بوو کە دەبوو بە فیلتێری مەسەلەی کورد لە نێو تورکییە دا تێپەڕێ.
تەنێ دوای ئەوەی کە ئەمێریکاییەکان، یانی نیزامییەکانی ئەمێریکا عێڕاقیان بەجێ هێشت ئەو دەمی بوو کە تورکییە و حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکتری نزیک بوونەوە بە گشتی لە بەر پێویستی هەر دووک لایان. لایەنی تورک هەستی پێکرد و ئەوە چوو دە سەری سیاسەت دارێژانی تورکەوە کە دەتوانن لەگەڵ کوردانی دەرەوەی تورکییە سەروکاریان هەبێ بە بێ ئەوەی بە ڕێگای پارامێتری مەسەلەی کورد لە نێو تورکییە دا چاوی لێ بکەن.ئێستا تورکییە هەمان هەڵەی ڕابردوو سەبارەت بە " ڕۆژئاوا" دەکا و ئەمن پێم وایە ئەوە زۆر بە قیمەتێکی گران لە سەری ڕادەوستێ. یەکێک لە هۆیەکانی زێدە بوونی نفووز و کارتێکەری ئێران لە عێڕاق دوای چوونی ئەمێریکا ئەو بوو کە لە عێڕاق دا هیچ ڕقەبەرێک نەبوو بۆ ئێران. هیچ ڕقەبەرێک نەبوو و ئەوە شکانێکی بنەڕەتی سیاسەتی تورکییە بوو.
سەبارەت بە چەند پارچەیی سیاسەتی کوردی
وەلی: ئەو ناشێلگیرییەی کە ئاماژەی پێ کرا زیاتر ژئۆپۆلیتیکی مەسەلەی کورد دیکتەی کردووە. ئەو ڕاستییەی کە ئەو خاکە دابەش کراوە و چەندین جار دابەش کراوەتەوە و ئەو خەڵکە ئەوەی کە دەکرێ پێی بگوترێ یەکێتی ئۆرگانیک لە دەستیان داوە لە بەر ئەو سنوورە جوغرافیاییانە  کە لە نێوانیان دا کێشراوە و بەسەریان دا داسەپێندراون. تا ڕادەیەکی بەرچاو ئەو دابەشکران و دابەشکرانەوانە لەو ژئۆپۆلیتیکە کەوتووەتەوە و کوردەکانی بێ بەش کردووە لە یەکێتی ئامانج و لە سیاسەت دا. لەئاکامی ئەوە دایە کە ئێمە سیاسەتی لێکدابڕاو دەبینین کە بە سەر کوردستان دا  زاڵە. ئەوە تا ڕادەیەکی زۆر وای کردووە کە هێزە کوردییەکان بە بیرۆکە و ئیدەی سەربەخۆیی دا بچنەوە و ڕێگا چارەسەری ئەوتۆ بهێننە گۆڕێ کە بە شێوەیەک چوار چێوەیەک بۆ مافەکانیان و ناسێنەکانیان دادەنێ بە بێ ئەوەی بەرەو وەدەستهێنانی حاکمییەتی (سەروەریی) سیاسی بچن، ئەوە تا ڕادەیەک ئاکامی ژئۆپۆلیتیکی ناوچەکەیە لە ساڵی ١٩١٨ وە و ڕەنگە لە پێش ئەویشدا.


سەبارەت بە قانوونی بنچینەیی و پرسی ئەمنییەت
وەلی: ئەو بابەتە هەتا بڵێی مەسەلەیەکی دژوارو جەنجاڵی یە. بوارێکە قانوون و ڕێوشوێنی لە مەر خۆی هەیە. لە پێوەندی لە گەڵ تورکییە یان جێگای دیکە دا، یەکەم شتی کە دەبێ لەوێ بکرێ نووسینی قانوونێکی بنچینەیی تازەیە. ئەوە ڕەنگە لای بەڕێزت فکرێکی زۆر ناپەسندی لیبێڕاڵی بێ ، بەڵام وا نییە. من پێم وایە ئەو قانوونی بنچینەییە دەبێ " لایحەیەکی مافان" لە خۆ بگرێ کە ببێ بە مەنشوورێک بۆ مافی شاروومەندان. ئەمن نامەوێ ناسێنەی شاروومەند هەر لەهەمان بەڵگە دا دیاری بکرێ کە ناسێنەی دەستەڵات دیاریی دەکا. ئەو دووانە هەمیشە وەک یەک نین.
لە مەڕ تورکییە  ئەمن زۆر جار گوتوومە ئەگەر ئێوە چەمکی شاروومەندێتی بگۆڕن مانای ئەوە نییە کە هەموو شت باش دەبێ . نا وا نییە. ئەوەی کە گرینگە ئەوەیە کە تەعریفی ناسێنەی دەستەڵاتی سیاسیش بگۆڕدرێ. بۆ ئەو مەبەستە پێویستە بە گردبڕێ پێوەندی نێوان دێمۆس و ئێتنۆس هەڵببڕدرێ، واتە لە نێوان ئەوەی کە هەڵگری دەستەڵاتە و ئێتنیسیتی زاڵ. دەبێ ئەوە بشکێ و دوایە مرۆڤ دەگاتە ئەوەی کە لەکوێ چەمک و بەیانی مافی شاروومەندان بهێنێتە گۆڕێ و بۆ ئەوەش حەوجێ بە گەڵاڵە کردنی مەنشوورێکی نوێ یە. لایحەیەک لە مەڕ مافان کە هەمان بناخەی هەبێ کە دەستەڵاتی دەوڵەت هەیەتی. ئەگەر ئەتۆ بهێڵی دەستەڵاتی دەوڵەتی ناسێنەی تۆ دیاریی بکا، لە سەر بنەمای، یان بە دوای، یان لە درێژەی ناسێنەی دەستەڵات لە قانوونی بنچینەیی دا و بڵێ : ئەوە زمانە، ئەوە شاروومەندێتی یە، ئەوە دینە، ئەوە کولتوورە، ئەو شارستانییەتە،بە هیچ ناگەی بەوەی کە تەنێ لە قانوونی بنچینەیی دا چەمکی " تورک " بکەی بە " تورکییەلی" یان شتێکی دی. ئەوە عەمەلێ ناکا.
حەوجێ بە لایحەیەکی جوێی مافان هەیە بۆ ئەوەی ببێ بە بنەمای ناسێنەی شاروومەندان. ئەوە مەسەلەیەکی گرینگە لەم بارەیەوە. مەسەلەی دوویەم ئەوەیە کە لە ئاستێکی زۆر گشتی تر دا مەسەلەی ئەمنییەت دێتە گۆڕێ. مەسەلەی ئەمنییەتی دەوڵەت لە ڕاستیدا مەسەلەی سنوور و ناسێنەی دەستەڵاتی سیاسی یە. دەوڵەت هەمیشە دەیەوێ دەستدرێژی بکا و خۆی داسەپێنێ و ئەرکە ناوەندییەکانی خۆی پەرە پێ بدا. ئەو دەکرێ بڵێین پێویستییەکی بناخەیی دەوڵەتە ، نامەوێ بڵێم دە زاتی دایە.
ئەوە دەبێ بەرتەنگ بکرێ. بە ڕێگای بەرتەنگ کردنی دەستەڵات و دیاریکردنی ناسێنەکەی لە سەر بنەمای نە ئێتنیکی، نە دینی . ناسێنەی تازە دەبێ لەئێتنیک بکرێتەوە ، دەبێ ناسێنەیەکی دینی نەبێ، دەبێ سیکولار بێ تا ئەو ڕادەیەی کە لایەنگری ناسێنەی سیکولاری دەستەڵات بێ بە بێ ئەوەی کە پەرەی پێ بدا و بیکا بە پرێنسیپی مەشڕووعییەتی کۆمەڵگەی مەدەنی. لە بیر کردنەوە لە گشت ئەوانە دا ئێمە ناکرێ لە نووسینەوە و ساز دانەوەی قانوونێکی بنچینەیی دێمۆکڕاتیک دا چاو لە جێگیر کردنی " لایحەی مافان" تێیدا هەڵبوێرین کە ببێتە مەنشووری شاروومەندان و مافەکانیان.

وەرگێڕان و ئامادە کردن : حەسەن قازی

دەکرێ بەڕێگای ئەم لینکانەی خوارەوە دا ڤیدێئۆی هەر دوو ڕۆژی کۆنفڕانسەکە ببینن:



سەرچاوە: ناوەندی نووچە و شرۆڤەی ڕۆژ



No comments: