Thursday, April 23, 2015

چاوپێکەوتنێک لە گەڵ زانای بەنێوبانگی نێونەتەوەیی پڕۆفێسۆر دەیڤید هارڤی


چاوپێکەوتنی عەلی گولەر، ئازانسی دەنگو باسی فرات لەگەڵ پڕۆفێسۆر  دەیڤید هارڤی لە پەڕاوێزی  کۆنفڕانسی
" چالنجی مۆدێرنیتەی  کاپیتالیستی" کە لە ڕۆژانی ٣- ٥ ی ئاوریلی  ٢٠١٥  لە زانکۆی هامبورگ بەڕێوە چوو.
وەرگێڕان و ئامادە کردن: حەسەن قازی
دەیڤید و. هارڤی لە ٣١ی ئۆکتۆبری ساڵی ١٩٣٥ لە دایک بووە. پڕۆفێسۆری هەڵکەوتووی مەردمناسی و جوگرافیایە  لە ناوەندی گراجووەیتی سیتی یونێڤێرسیتی لە نیۆ یۆرک.لە ساڵی ١٩٦١ لە زانکۆی کەمبریج لە جوگرافیا دا پلەی دوکتورای وەرگرتووە . هارڤی زۆر کتێب و ووتاری نووسیوە کە دەوری کاریگەریان بووە لە پێشخستنی جوگرافیای مۆدێڕن دا وەکوو بوارێکی زانستی. ئەو لە لایەنگرانی بە گوڕی  مافی شارە.
هارڤی لە ساڵی ٢٠٠٧ یەک لە ١٨ نووسەرەکانی  هەرە بەرچاوی  ئەو ساڵە بووە لە جیهان دا  بۆ  نووسینی کتێب لە بواری زانستە ئینسانی و کۆمەڵایەتییەکان دا کە لە گۆوارە ئاکادێمیکەکاندا ئاماژە بەکارەکانیان کراوە. کارەکانی لە زەمینەی جوگرافیا دا لە چوار ووڵاتی ئینگلیسی زمان  لە نێوان ساڵانی ١٩٨٤ و ١٩٨٨ دا پلەی یەکەمی هەبووە.
لەخوارەوە ووڵامی ئەو پرسیارانە دەداتەوە کە عەلی گولەر لێی کردووە،
بەر لەوەی بێمە ئەو کۆنفڕانسە ئەمن بڕێکم لە سەر بار و دۆخی دانیشتووانی کورد لە ڕۆژئاوا  دەزانی. دیارە ڕاپۆرت و نووسراوەی ڕۆژنامانم دەخوێندەوە سەبارەت بەو شتانەی لە کۆبانێ و لە ڕۆژئاوا دەقەومین . بەڵام، ئەو جۆرەی پێویست دەکا ئاگادار نەبووم لە پێشخانی گشت ئەو بابەتانە. ئەمن بە ووردە ڕیشاڵی بارو دۆخەکەم نەدەزانی. جا بۆیە  بە بەشداری لەو کۆنفڕانسە دا زۆر شت  فێر بووم.  دەمەویست زیاتر تێبگەم لە دەوری ئوێجاڵان بۆ بووژاندنەوەی دۆزی کورد لەو بەشەی کوردستان و جیاوازی ئەوەی لە باکوور دەقەومێ لە گەڵ باشووری کوردستان. بە تایبەتی فێر بوونی زیاتر سەبارەت بە دەوری ژنان کە ڕەنگە بەشی هەرە کارتێکەر و کاریگەر بێ لەو شتانەی من لێرە لەم کۆنفڕانسە دا بیستمن.  جگە لەوە ئەمن هەمیشە مەیل و عەڵاقەم هەبووە سەبارەت بە کێشەی شاران. بەتایبەتی بیروڕاکانی ماوری بووکچین لەمەڕ کۆنفێدڕالیزمی دێمۆکڕاتیک و هەلومەرجێکی ئاوا  کە بکرێ ئەوان لە ئەرزی واقیع دا وەدی بهێندرێن بۆ من زۆر هەیەجان بەخشە. گوێ لێ بوونی زیاتر لەو بارەیەوە ئەزموونێکی گەورەی فێر بوون بووە بۆ من. نەچووم بۆ ڕۆژئاوا هیوا دارم دواتر لەمساڵ دا بتوانم بچم بۆ ئەوەی بە چاوی خۆم ببینم بزانم کار و بار چۆن هەڵدەسووڕێ. بە پێی ئەو شتانەی بیستوومن وا دیارە دانیشتووان لە مەجلیسی جۆر بە جۆر دا خۆیان ڕێک خستووە و هەر کامە لە کانتۆنەکان ژمارەیەک مەجلیسیان هەن و ئەوە ڕیگایەکە بۆ دامەزراندنەوە و دابین کردنی خزمەتە سەرەتاییەکان  لە جەنگەی شەڕێکی ماڵوێرانکەر و لە قۆناخێکی هەتا بڵێی ڕووخێنەرانەی کێشەیەک دا. ئامادە کردنی نان و ئاو بۆ خەڵک، دامەزراندنەوەی پەروەردە و کارو باری دیکەی ئەوتۆ. جا ئەمن باسی ڕێکخراوەی جۆر بە جۆرم بیستووە کە لە هەلومەرجێکی ئاوا ڕووخێنەرانە و پڕ لە کێشە دا هەڵدەسووڕێن و کارەکانیان سەرنجڕاکێشن و کار لە مرٶڤ دەکەن. دەبێ بڵێم لە دڵەوە قەدر و پێزانی خۆمیان لە ئاست دەردەبڕم  بەو کارانەی کە دەیکەن و تا ئەو جێگایەی کە بیستوومە. یەکجار زۆرم پێخۆشە بۆ خۆم بچم و بە چاوی خۆم ئەوانە ببینم.
بۆ نموونە ئەمن یەکجار زۆرم پێ خۆشە دەرەتانی ئەوەم دەست کەوێ بچم و لە یەکێک لەو ئاکادێمییانەی لەوێ ساز کراون قسە بکەم ، بگرە هێندێک دەرس بڵێمەوە.
لەمەڕ ڕۆژئاوا  لایەنێکی دەستبەجێ ئەوەیە کە مرۆڤ چۆن ئابوورییەک ببووژێنێتەوە و زیندوو کاتەوە و ژیانێکی ڕۆژانە بۆ خەڵک دامەزرێنێتەوە لە سەر ئەرزی واقیع لە جەنگەی ئەو ماڵوێرانییە دا و  لە هەلومەرجێکی ئاوا دا مڕۆ بە پێویستیی بیر لە بیری قووڵ و لە بنەنەهاتوو ناکاتەوە و باسی کێشەی تێپەڕین بەرەو سۆسیالیسم و لەو جۆرە بابەتانە ناکا، چونکە ئەتۆ دەبێ نانی ڕۆژانە بۆ خەڵک پەیدا کەی ، دەبێ ئاویان بۆ دابین بکەی، دەبێ کارەبایان بۆ پەیدا کەی ، بۆ ئەوەی بتوانن بەیەکەوە بوونێکی کۆمەڵایەتی سەرەتاییی دامەزرێنن . بەڵام ڕاست لە چەقی گشت ئەوانە دا ئەتۆ دەتوانی هاوپێوەندی ئەوتۆ ببینی کە  فکری لێ دەکەنەوە هەبوونی ئابوورییەکی بەدیل پێش بخرێ. جا ئەوە چۆن دەکرێ و لەو ڕێبازە دا چ دەکرێ بکرێ ئەوەیە کە خەڵک لە دەرەوە را دەتوانن بۆچوونی خۆیانی لە سەر دەرببڕن و پێشنیازی خۆیان بکەن ، بەڵام دوا جار  ئەو خەڵکەی کە لەوێ دەژین خۆیان دەبێ بڕیار بدەن سەبارەت بەو شتەی کە مانای بۆ ئەوان هەیە.

ئەمن بە تایبەتی ئەو کەسانەی کە لە ناوخۆ لە خەباتی کۆبانێ و ڕۆژئاوا دا بەشدار بوون کارەکانیان زۆر بە ئیلهامدەر دەبینم . ئەوان زۆر باوەریان بەوە بووە کە کردوویانە و ئەوەی کە بوون. دیسان شتێک کە لە ناو خەبات ڕا سەرهەڵدێنێ ئەوەیە ئەوەی دەبیندرێن دانیشتووانێک نین کە وورەیان بەر دابێ ، بەڵکوو دانیشتووانێکن زێهنییەتێکی ئاگراوییان هەیە ئاگری سیاسی و هەست دەکەن بۆ مافێک بەر خوە دەدەن کە زۆر زۆر گرینگە نەک تەنێ لە پێناو ئەوەی کە لەوێدا ڕوودەدا بەڵکوو بۆ گشت دۆزی کورد و هەر وەها ئەمن پێم وایە بۆ هەموو ئەو گەلانەش کە خەریکی خەباتن لە هەموو شوێنێک.
ئاشکرایە کە خەباتی دەستبەجێ سەرەتی پێ دەردێ بۆ نموونە بەستنی ئەم کۆنفڕانسە . بەڵام پێوەندییەک هەیە لە نێوان ئەو شێوەیەی کە دەستەڵاتی دەوڵەت دەکار دەکردرێ و هەبوونی سیستمی کاپیتالیستی دا. چالنج کردنی ( تەحەدا لە ) دەستەڵاتی دەوڵەت هەر وەها مانای چالنج کردنی ڕێگای کاپیتالیستی یە. جا بۆیە ئەمن پێم وایە سازدانەوەی ژیانی کۆمەڵایەتی لە ڕۆژئاوا و ئەوانە زیاتر ئەوە دەگرێتەوە. ساز دانەوەی ژیانێک کە بە پێویستیی کاپیتالیستانە نییە، جا بۆیە ئەوە دەرەتانێکە بۆ دیتنی ڕێگای باشی ژیان و هەبوون دەکرێ دابمەزرێتەوە بەبێ گەڕانەوە سەر شێوەی بازرگانی کردنی کاپیتالیستی کە زۆر جار تێکدەرانەیە و پشت بە دەستەڵاتی ملهوڕانەی دەوڵەت دەبەستێ.
لەمەڕ بۆچوونەکانی ئوێجاڵان دەبێ بڵێم؛ تەنێ لەو دواییانە دایە کە بە زمانی ئینگلیسی دەست بە نووسینەکانی ئوێجاڵان ڕادەگا. بۆ نموونە نازانم چەندە لە کارەکانی وەرگێڕدراونەتە سەر زمانی ئێثپانیایی یان زمانەکانی دیکە. بەڵام دەتوانم بڵێم لەکاتێکدا زۆر لەئێمە بەویمان دەزانی ، بەڵام زۆر لە ئێمە دەرەتانمان نەبوو  نووسینەکانی بخوێنینەوە. ئەوە تەنێ لەو دواییانە دایە کە بۆ نموونە ئەمن هەلی ئەوەم بۆ ڕەخساوە هێندێک لە دەقەکانی وی بخوێنمەوە و پێم وایە بە زیاتر ناسرانی دەقەکانی زیاتر دمەتەقە و قسەیان لێوە دەکردرێ لە مەڕ فکرەکانی سەبارەت بە وەی کە دەکرێ شکڵی ئابوورییەکی بەدیل چۆن بێ؟ کۆنفێدڕالیسمی دێمۆکڕاتیک مانای چییە؟ و بابەتی دیکەی وەک ئەوانە. کە وابوو وێدەچێ مەیلێکی لە زێدە هەبێ بۆ زانینی ئەوەی ئەو چ دەڵێ و چۆنی دەڵێ ، لە هەمان کاتدا مەیلێکی لە زێدەش ساز دەبێ لە مەر ئەو دەقانەی کە ئەو هێندێکیانی وەک ئیلهامدەری خۆی بەکار هێناوە، بە تایبەتی کە ئاماژە دەکا بە کارەکانی ماوری بووکچین . 

دەزانی کە پ.ک.ک ڕیشەی لە لێکدانەوەی مارکسیستی دایە. بەڵام ئەمن پێم وایە بە شێوەی تایبەتی خۆی ئەو لێکدانەوەیەی پێش خستووە کە تا ڕادەیەکی زۆر پەیوەستە بە ئیدەی ئازادی وڕزگارییەوە، کە دیارە ئەوە کاتاگۆرییەکی گرینگی مارکسیستی یە. جا بۆیە ئەمن لە سەر ئەو باوەڕەم بەو شێوەیەی کە ئیدەی ڕزگار بوون  پێش کەوتووە مرۆڤ دەتوانێ بڵێ  کە لێرە دا داوخوازییەک هەیە بۆ سیاسەتی ڕزگارکەرانە، کە پاشماوەی جیهانیش لە دووی دەدا، جا بۆیە پاشماوەی جیهان دەبێ دۆزی کورد وەکوو حورمەت و کەرامەت ببینێ و مافی دیاریی کردنی چارەنووسی کوردان پەسند بکا ، هەموو ئەو ڕەهەندانە لایەنێکی جیهانییان هەیە  و ئەمن پێم وایە ئەوە ئەرکی خەڵکی کۆبانی و نێۆخۆی ڕۆژئاوا نییە، بەڵکوو ئەوە ئەركێکە لە ئەستۆی ئێمەمانانە کە لە دەرەوەین حەول بدەین و کارێکی ئەوتۆ بکەین پاشماوەی جیهان لەوە تێبگەن کە ئەوە خەباتێکی ڕەوا و هەتا بڵیی ئینسانییە کە کەوتووەتە بەر زۆردارییەکی بەرچاو و پێداویستی بە ڕزگار بوونە و یەکێک لەو کارانەی کە ئێمە دەبێ بیکەین ئەوەیە کە پاڵ بە پاشماوەی جیهانەوە بنێین بۆ ئەوەی ئەو ڕاستییە قەبووڵ بکەن. ئەمن پسپۆڕێک نیم سەبارەت بە نووسینەکانی ئوێجاڵان. وەک پێشتر گوتم نووسینەکانی وی تەنێ لەو دواییانە دا  بە ئینگلیسی کەتوونە بەر دەستان و ئەمن تەنێ بەشێکی کەمم لەوان خوێندووەتەوە و ئەوەش بە شێوەیەکی زۆر بانەکی و چڵ و نیوەچڵ. زۆرم پێخۆشە کە زۆر بە ووردە ڕیشاڵتر ئەوەی کە ئەو دەیڵێ بخوێنمەوە ، بۆچوونەکانی لە سەر ئەو بابەتە پێش وەچوون و ئەمن لەو کۆبفڕانسەش دا هێندێک گێڕانەوەم بیست سەبارەت بە ئیدەکانی کە نازانم دروستن یان نا. بەڵام ئەمن دەمەوێ کارەکانی بخوێنمەوە و بزانم فکرم لە سەریان چییە.
ئەمن پێم وایە ئەوان ئەو قسانەی ئەو دەیانکا لێک دەدەنەوە و نازانم داخودا ئەو لێکدانەوانە ڕاستن یان نا. جا بۆیە ئەوە پرسیاری منە. من دەمەوێ بۆ خۆم بەدووی دا بگەڕێم و بدۆزمەوە کە ئەو چ دەڵێ...

ڕەنگە ئەمن لەگەڵ هێندێک لە بۆچوونەکانی بم و لەگەڵ هێندێک لە قسەکانی ڕێک نەبم ، بەڵام وەک گوتم لەو بارەیەوە ئاشکرایە ئەو بیریارێکی زۆر ئافرێنەرە. و بیرکەرەوەی ئافرێنەر دەگۆڕدرێن و بیریان پێش دەخەن. ئاشکرایە ئەویش ئیدەکانی خۆی پەرە پێداوە بە شێوەگەلی تایبەتی ، دیسان بڵێم ئەمن زۆر بە مرخەوە پێم خۆشە بۆم دەرکەوێ ئەو بیر و ڕای خۆی چۆن پەرە پێداوە و لەوە بکۆڵمەوە بیر وڕاکانی لەو ئاستەی ئێستایەوە چ پەرەیەکی دی بەخۆیەوە دەبینێ.  بەڵام ئەمن دەتوانم هێندێک شت بڵێم. بۆ نموونە  لە مەڕ مەسەلەی ژنان ئەو بەشێوەیەکی لە ڕادەبەدەر پێشکەوتووە و لەو بارەیەوە بیرکردنەوەی مارکسیستی بە شێوەیەکی گرینگ بەرەو ژوور بردووە لە ڕووی دەوری ژنان و جێگای ژنان لە کۆمەڵ دا. و ئەوە تەنێ هەر لە سەر جێگای ژنان لە کۆمەڵی کوردی دا نییە بەڵکوو شتێکی گشتی لە مەڕ هەڵکەوتی ژنان لە ئاستی جیهانی دا. لەو ڕوووە ئەمن دەزانم کە ئەو پەرەی بە بیرو ڕای خۆی داوە کە ئەمن هەتا بڵێی هەستێکی ئەرێیم لەو بارەیەوە تێدا پێک هاتووە.

ئەمن هەر وەها هەستێکی زۆر ئەرێیم هەیە سەبارەت بە ئەوەی کە ئەو ئیدەی ئێکۆلۆژی کۆمەڵایەتی وەخۆ کردووە و هەر وەها بیروڕاکانی لەمەڕ کۆنفێدڕالیزمی دێموکڕاتیک. ئەوانە ئەو جۆرە فکرانەن کە ئەمن بە پاڵپشتی مارکس کارم لە سەر کردوون، بەڵام لەو باوەڕە دام ئەوانە لە مارکسی تێدەپەڕێنن . ئەمن پێم وایە ئەویش لەو بوارانە دا لە مارکسی تێپەڕاندووە و بۆ ئەوەی کردوویە من تەقدیری دەکەم.











No comments: