Friday, April 24, 2015

نموونەیەک لە کارتێکەری پێچەوانە لەمەڕ بۆچوون بۆ زمانی دایکی


نموونەیەک لە کارتێکەری پێچەوانە لەمەڕ بۆچوون بۆ زمانی دایکی

حەسەن قازی

جێسیکا باڵ پڕۆفسێوری پەروەردەی منداڵان و جەوانان لە زانکۆی ڤیکتۆریای کانادا ، لە ساڵی ٢٠١٠ لە سەر داوای یونێسکۆ  لێکۆڵینەوەیەکی کردووە  سەبارەت بە پێواژی فێربوونی منداڵانی خاوەن پێشینەی جیاوازی زمانی کە ئەنجامی ئەو توێژینەوەیە کارتێکەری نموونەیەکی پێچەوانەی زۆرداریی زمانی دەسەلمێنێ، ئەو دەنووسێ:
" یەکێک لە نیشانە ئاشکراکانی باشی و قازانجی پەروەردەی بناغەیی بە زمانی دایکی دەکرێ لە سیاسەتی پەروەردەیی و ئاکامەکانی لە زەمانی دەستەڵاتی ڕێژیمی ئاپارتاید لە ئەفریقای باشوور و لە نامیبیا لە ساڵی ١٩٥٥ تا ساڵی ١٩٧٦ ببیندرێ. ئەوجۆرەی هیو (٢٠٠٩) باس دەکا ، لەو سەو بەندە دا ، زۆربەی ووڵاتانی ئینگلیسی زمانی باشووری ئەفریقا لە جیاتی ئینگلیسی خوێندنی بناخەیی و سەرەتاییان کرد بە تاکە زمانێکی ئەفریقایی و بە دوای ئەو پەروەردە سەرەتاییە دا  تێپەڕبوونی پەروەردەیان بەرەو ئینگلیسی یان هەر تەنێ بە ئینگلیسی وەبەر گرت. لەگەڵ ئەوەشدا، لە ئەفریقای باشوور و لە نامیبیا هۆیەکی سیاسی هەبوو لە سیاسەتی پەروەردە دا کە دەیەویست گەلانی ئەفریقا لە یەکتری هەڵبڕێ و دابڕ دابریان کا و ئەوە دەستەبەر کا کە منداڵەکانیان زمانێکی تاقانە فێر نەبن. هەر بەو مەبەستە هەموو کەرەستەکانی خوێندن و پەروەردەی سەرەتایی لە زمانەکانی " ئافریکانس"و"ئینگلیسی" یەوە وەرگێڕدرانە سەر ٧ زمانی ئەفریقای باشوور و چەندین زمان لە نامیبیا، لەگەڵ ئەوە زمانی دووەمیش فێری منداڵان دەکرا."
ئەو سیاسەتی زمانییە کە بە مەبەستی دابڕانی خەڵک دەکرا، لەوسەوبەندە دا تەواو ئاکامێکی پێچەوانەی هەبوو و بووە هۆی دەستکەوتی زیاتری منداڵانی ئەفریقایی لە خوێندن دا، چونکە ئەوان بە فێر بوونی زمانی یەکەمی جۆر بە جۆر پێشوەچوونیان زۆر زیاتر بوو لە بەراوەرد کردن لە گەڵ ناوچەکانی دیکەی سەحرای ئەفریقا. ئەو سیاسەتە زمانییە  بە شێوەیەکی کاریگەر یارمەتی کرد بە منداڵان کە هەم تواناییەکانی قسە کردن و هەم زەرفییەتی ئاکادێمی خۆیان بە زمانی یەکەم بەرەو پێش بەرن بەر لەوەی کە دەست بکەن بە  فێری زمانی دوویەم. لە سایەی ئەو سیاسەتە پەورەردەییە دا ئەو جۆرەی کە هیو ئاماژەی پێ دەکا تا ساڵی ١٩٧٦ رێژەی ئەو شاگردە ئەفریقاییانەی کە توانییان تاقیکردنەوەکانی پلەی ئامادەیی بە سەرکەوتووییەوە تێپەڕێن گەیشتە ٨٣،٧ لە سەد. لەوەش زیاتر، وەک هیو دەنووسێ (٢٠٠٢) خەرجی تاک بۆ ئەو پەورەدە ئەفریقاییە لە سەر بنەمای زمانی دایکی تەنێ بەشێکی کەم بوو لە خەرج و مەسرەفی پەورەردەیی لە ووڵاتەکانی دیکەی ئەفریقایی لەو سەروبەندی دا. دوای سەرهەڵدانی سیاسی ساڵی ١٩٧٦، دەوڵەت لە بناوانەوە ئەو سیاسەتە پەروەردەییەی وەلانا و ماوەی خوێندنی بە زمانی دایکی لە ٨ ساڵەوە کرد بە ٤ ساڵ لە پلەی سەرەتایی دا، و بە دوای ئەوە دا تێپەڕین بەرەو ئینگلیسی دامەزراوە. تا ساڵی ١٩٩٢، ڕادەی سەرکەوتنی منداڵە ئەفریقاییەکان لە تاقیکردنەوەکان دا تا ٤٤ لە سەد داکشا، هەر وەها لێهاتوویی بۆ فێر بوونی ئینگلیسی ش لە کورتێی دا. (هیو ٢٠٠٢). چاکی و قازانجی پەروەردەی بناغەیی و سەرەتایی لە سەر بنەمای زمانی دایکی لە گشت خوێندنی پلەی سەرەتایی دا  لە مەڕ نێجێرییە (بامبگوسە ٢٠٠٠) و هەر وەها سەبارەت بە ئێتیۆپی ش باس کراوە ( هیو، بێنسۆن، یوگیل و یوهانس ٢٠٠٧). " ئەو زانیاریانە و هەر وەها تیوری، توێژینەوە و ئەزموونی پەروەردە لە سەر بنەمای زمانی دایکی و خوێندنی دوو زمانی لەگەڵ بارو دۆخی هەموو دنیا دەگونجێن ( تۆماس و کولیر ٢٠٠٢) و هەر وەها ئەو لێکۆڵینەوانەش کە لە لایەن یونێسکوە باس کراون.


سەرچاوە: بەرەو ژوور بردنی توانایی فیر بوونی منداڵانی خاوەن پێشینەی جیاوازی زمانی: پەروەردە لە سەر بنەمای زمانی دایکی تا فێر بوونی چەند زمانیی لە پلەی ساوایی را تا ساڵەکانی سەرەتایی خوێندنی سەرەتایی"
لێکۆڵینەوەی جێسیکا باڵ لە سەر داوای یۆنێسکۆ ٢٠١٠

No comments: