Thursday, September 3, 2015

ئایا ئاوا بەرەو هەڵبژاردن دەچن ؟


جەنگیز چاندار
وەرگێڕان لە تورکییەوە: حەسەن قازی
ڕادیکاڵ، شەمە ٢٩ / ٨ / ٢٠١٥
ئایا ئاوا بەرەو هەڵبژاردن دەچن ؟
بە ڕۆژانە خەبەری تێکهەڵچوون لە ناوچەوە دێ. بە ڕاگەیاندنی" قەدەغەی هاتنە ناو کۆڵان " ناوچەکان بە سەر دنیای دەرەوە ڕا دادەخرێن. بە دوای ئەوە دا " ئیدیعای قەتڵی عام " دێتە مەیدانێ. ڕاستیی تەواو بە تەواوی نازانین .
" زمانی مێدیا " لە بناوانەوە، جیاوازییەکی ئەتۆی لەگەڵ ساڵانی ١٩٩٠ دا نییە.
حکوومەتی هەڵبژاردن پێک دێ. ١-ی نۆڤامبر هەڵبژاردن دەکەین
باشە چلۆن بەرەو ئەو هەڵبژاردنە دەچین؟  لە ٧- ی حوزەیران ئاکەپە زۆری لە کیس دا، لە ١-ی نۆڤامبر  لەو ' ناوچە' یە دا کە بە گردبڕی لێی هەڵدەوەشێ بارودۆخ چۆنە؟
نزیکەی دە ڕۆژ لەمەو بەر دامەزرێنەری  ماڵپەڕی  یوکسەکۆڤا هابەر نەجیب چاپراز پێوەندیی پێوە کردم، دەنگی پڕ بوو لە سەرکۆنە و ڕەخنە. گلەیی و گازندی لەوە دەکرد بەر لە دەستپێکردنی " ئۆپێڕاسیۆنەکانی" ٢٤ی تەمووز
 " قەدەغەی ئینترنێت "  لە سەر یوکسەکۆڤا هابر داندار و ئەوەی بە ناحەق دەزانی. گازندەکەی  لە کۆمەڵەکان و هاوپیشەکانی  " ڕۆژئاوا " [ ی تورکییە ] بوو.
گوتی  ئێمە " ئەگەر لە ناوچەی ڕۆژئاوای تورکییە شتێک ڕوو بدا بۆ پێشێل کردنی دێمۆکراسی لە سەری وەجواب دێین و هیچ کەمتەر خەمی لێ ناکەین. بەڵام لە ئاست ئەو ناحەقییانەی کە لە ئێمە دەکرێ، لەوێوە هیچ دەنگی هاوپێوەندی و هاودەردی نابیسین . داخودا ئێمەش ئینسانی ئەم ووڵاتە نین؟
لەو کاتە دا کە نەجیب لە یوکسەکۆڤا ( گەڤەر) وە پێوەندی پێوە کردم، شەمدینلی (شەمزینان) بەڕووی دنیای دەرەوە دا داخرا بوو. لە سایەی سەری یوکسەکۆڤا هابەر و ئیمکاناتی تێکنۆلۆژی لە گەڤەرەوە کە هەر نیو سەعات  لە  شەمزینان دوورە  زانیمان لەوێ چ ڕادەبرێ و چاو لێکردنی ئەو ڤیدێئۆیەی ئەوێ  بەڕێگای ئینترنێت دا هەڵگیرابوو مەیسەر بوو.
دە ڕۆژ دواتر یوکسەکۆڤا، بەڕووی دنیای دەرەوە دا داخرا. هێندێک لە گەڕەکەکانی وەبەر گولەی تۆپ دران  و ئەمن ڤیدێۆی ئەو تۆپ بارانەم دی.
نوورجان بایساڵ، لە دیاربەکر دەژی. لە پڕۆژەکانی بەرنامەی گەشەپێدانی ناوچەیی نەتەوەیەکگرتووەکان دا کاری کردووە ، لە دامەزرێنەرانی ئەنیستیتووی لێکۆڵینەوە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی دیار بەکر ( دیسا) یە، ژنە نووسەرێکی گەنجە. نێوێکی کە خوێنەرەوانی ئەم ڕۆژنامەی ڕادیکاڵە باشی دەناسن. پێرێ لە ماڵپەڕی تێ٢٤ دا کە چاوم بە سەردێڕی نووسراوەکەی کەوت هەستم کرد چەندە پڕە لە " گازندە ".
" نەمان دەزانی، دەمانگوت خۆتان لە شاهیدی دانی ڕابردوو دزییەوە، گەلۆ ئەمڕۆش دەتوانن خۆی لێ بدزنەوە؟ "
بەشێک لەو نووسراوەیە:
" لە ساڵی ٩٠ کاندا، لەو ساڵانەیدا کە زۆر لە یەکتری دوور کەوتبووینەوە، ئەمن کە هێشتا لە سەرەتای ساڵانی گەنجیم دا بووم ، وەکوو کوردێک  بێ قەرار بووم.  " خوشکوو براکانمان"  لە ڕۆژئاوا [ ی تورکییە]  نەیاندەزانی چمان بەسەر دێ ، ئەگەر زانیبایان بە گرد بڕی ئعترازیان دەکرد، ڕێگایان نەدەدا ئاوامان لەگەڵ بکەن، دواجار ئێمە وەک  گۆشت و نینۆک تێکەلێن. ئەگەر ئەندامی یەکمان وەژان بێ ئەندامی ئەویدیکەش قەراری نامێنێ...

بۆ ئەوەی  لە بەو جۆرە نەبوونی ئەوە تێبگەم حەوجێ بەوە نەبوو ساڵانی درێژی ڕابردوو بێنمەوە بەرچاو. لە ساڵانی ٢٠٠٠ کاندا بە لەبەر چاو گرتنی خێرابوونی گواستنەوەی  زانیاری و خەبەر" خوشکو برایانمان"  لە ڕۆژئاوا  ئەگەر لەوانە ئاگاداریش بن  شتێکی ئاوا ناگۆڕێ  و بە پەرۆشەوە  بینیمان لەم ووڵاتە دا ڕەگەزپەرستی و ناسیۆنالیزم کەم نەبووەتەوە.
شەمزینان ٢٠١٥. ٩٠ کان زۆر دوور و لە بناواندا نزیکیشە. دیسان گوندەکانمان چۆل دەکرێن، زیاتر لە ١٤٠  شوێنی ژیان  لە ژێر ناوی " ناوچەی هێمن" دا  گەڕێندراونەتەوە سەر و بەندی ڕۆژگاری حکوومەتی نائاسایی. منداڵانی کورد لە کاتێک دا لە بەر دەرگای ماڵەکانیان تۆپ تۆپێن دەکەن ، یان لەو نانەوا خانەیەی کاری تێدا دەکەن دەکووژرێن، ڕۆڵەکانی کورد دەکووژرێن، 
تەرمەکانیان ئەشکەنجە دەدرێن بە کۆڵانان دا دەیان گێڕن... و گشت ئەوانە ئەم جار لە بەرچاوی گەلانی تورکییە دا ڕوو دەدەن

با تەماشایەکی ئەو ڕووداوانە بکەین کە لە دوێنێوە هەر لە یوکسەکۆڤا قەوماون

دەوڵەت لە پێشدا  مۆڵەتی دەرنەکەوتن بۆ ناو کۆڵانان درێژ دەکاتەوە. هاوکات لەگەڵ دەستپێکردنی ئەو قەدەغەیە  بەدرێژایی
 شەو هەڵدەکوتێتە سەر خەڵک، ماڵان بە تۆپی هاوەن بۆمباران دەکا. ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بە وەرگرتنی ئەو زانیارییەی  کە ئەوە لە یوکسەکۆڤا خەریکە قەتڵی عامێک دەکرێ دەیانەوێ بچنە وێندرێ بەڵام ناهێڵین بچنە ئەوێ و پێشیان لێ دەگیرێ. دیمەنی ئاوا  وەبەرچاو دێن کە لە غەزەش نەبیندراون ...
ئەمن بانگەوازتان لێ دەکەم  ببیسن، داواتان لێ دەکەم دەنگی  یوکسەکۆڤا، لجێ، ئاگری ، دیار بەکر، دیادین، ڤارتۆ ، دەرسیم ببیسن! ئەوە دوایین شانسە، بۆ ئەوەی لە داهاتوو دا بتوانین ڕوو لە ڕووی یەکتری کەین  ئیدی ئەوانە دوایین ئەگەرن!
" نەمان دەزانی دەمان گوت  دەتوانن لە شاهیدییەکانی ڕابردوو خۆتان بدزنەوە، بەڵام ئیدی چ بڕ شانسی ئەوەتان نییە لەەم شتانەی ئەمڕۆ شاهیدیانن خۆتان بدزنەوە! "
لە " مێدیای کۆمەڵی" دا  چاوم بە نووسراوەکانی سەلاحەدین دەمیرتاش دەکەوێ:
" مێدیا بە بێدەنگی خۆی لە ئاست قەتڵی عامەکان و شەڕ و درێژە دان بە شەریکایەتی لەواندا هیچ دەرسی وەرنەگرتووە. ئەگەر لە ٩٠ کاندا بێدەنگیتان لێ ڕاکرد گەلۆ هەموو شت باشتری لێ هات؟ "
" لە یوکسەکۆڤا بارو دۆخی گرژ نییە ، قەتڵی عام هەیە. هەر چەکێکی بە دژی خەڵک بەکاری دەهێنن  کاردانەوەی پێچەوانەی دەبێ و لە ژێڕ ئەو شەڕەی دا کە دەستتان پێکردووە دەمێننەوە."
سەلاحەدین دەمیرتاش، دوێنێش لە ڤییەنناوە  هاواری کرد ، " والی کە مەئمووری ئاکەپەیە باسی ئەوەی دەکرد خەریکە ناهێڵێ  ئەو نوێنەرانەی کە بە دەنگی سەد لە سەدی خەڵک هەڵبژێردراون ، واتە نوێنەرەکانی هەدەپەی حەکاری ، بچنە 
ئەوێ."

ئاوا چۆن بەرەو هەڵبژاردن دەچن؟

بە ڕۆژانە خەبەری تێکهەڵچوون لە ناوچەوە دێ. بە ڕاگەیاندنی " قەدەغەی هاتنە ناو کۆڵان " ناوچەکان بە سەر دنیای دەرەوە ڕا دادەخرێن. بە دوای ئەوە دا " ئیدیعای قەتڵی عام " دێتە مەیدانێ. ڕاستیی تەواو بە تەواوی نازانین .
" زمانی مێدیا " لە بناوانەوە، جیاوازییەکی ئەتۆی لەگەڵ ساڵانی ١٩٩٠ دا نییە.
بەڵام. لەگەڵ ئەوەشدا لە گەڵ ساڵانی ١٩٩٠ کاندا  جیاوازییەکی ئاشکرا هەیە. ئەویش ئەوەیە بۆچی  " بنەماڵەی شەهیدان"  بە " دژی شەڕ" کاردانەوەیان زیاد بووە. لەو بارەیەوە با ئەو دێڕانەی دوێنێی " جمهوورییەت " بخووێنینەوە:

خەسووی  ئوزمان چاووش (گرووهبانی پسپۆڕ) هاکان ئاک تورک کە بەو بۆمبا دەستییەی کە لە سەر جادەی ناوچەی  شیرڤان – پەرواری سێرت داندرابوو و تەقینەوەی بە ماشێنێکی عەسکەری دا شەهید ببوو، دیالۆگی نێوان خۆی و سەرۆک کۆمار ڕەجەب تەییب ئەردۆغان ی  ئاوا بۆ هەیئەتی جەهەپە گێڕاوە،کە بۆ لێکۆڵینەوە چوو بوونە عوسمانییە
' تەلەفۆن زەنگی لێ دا. کچەکەم ووڵامی نەداوە، خوشکی شەهید ووڵامی تەلەفۆنەکەی دایەوە. ئەو کەسەی تەلەفۆنی دەکرد  سەرۆک کۆمار تەییب ئەردۆغان بوو.  خوشکی شەهید لێی پرسی  ئەتوو کێی؟  لێی پرسی سەرۆک کۆماری یان سەرۆک وەزیر؟  ووڵامی داوە " ئەمن سەرۆک کۆمارم". خوشکی شەهیدیش پێی گوت :
 " ئەگەر بیلالی تۆش ئاوا بە ئاڵا تێوە پێچراوی  بێتەوە  تەلەفۆنمان بۆ دەکەی. ئایا لە بەر ئەوەی دەنگەکانی تۆ کەم بوونەتوە  پێویست دەکا منداڵەکانی ئێمە، براکانی ئێمە تۆڵەی ببژێرن ".  سەرۆک کۆمار ئەردۆغانیش  لە ووڵام دا پێی گوت  دەبا کاکت ئەو پیشەیەی هەڵنەبژاردبا. داخوا ئینسانێکی ٦٠ ساڵان بۆی هەیە قسەیەکی ئاوا بکا؟ خوشکی شەهیدیش پێی گوت ": جا کوا چ پیشەیەکتان هێشت ،ئەگەر وا نەبا هەموو کەس لە مەملەکەت نەدەڕۆیی . '
خەسوو کوچووکتامار گوتی ئەمڕۆ سەر لە بەیانی کوڕەکەی خۆشی کە وەک زاواکەی ئوزمان چاووش ( گرووهبانی پسپۆڕ)ە  بە دوای ئەوەی دا کە ڕوویداوە ناردووە بۆ شوێنی کارەکەی  بۆ ئەوەی ئیستیقاڵە بکا. کوڕەکەم کە ئوزمان چاووشە ئەمڕۆ ئیستیقالەکەی پێشکێش دەکا، بەڵکوو هەتا ئێستا کردبیشێتی. نامەوێ دەدرێکی دووەمیش بچێژم. ئەگەر شتێک بە سەر کوڕەکەم بێ دەبێ هەر دووکمان بە یەکەوە لە گۆڕ نین. ئەگەر شەڕە با بەیەکەوە بچین. لە شەڕی یەکەمی جیهانی دا ، لە شەڕت چاناکەلە دا ژنەکانمان چۆن بەشدارییان کرد . ئێمەش دەیکەین. بەڵام شەڕێک لە ئارا دا نییە، هیچ شتێک لە گۆڕێ دا نییە. هەموو کەس ڕاحەت و ئاسوودە لە سەر کورسییەکانیان دانیشتوون ئەی کە  ئاوایە منداڵەکانی ئێمە بۆچی و لەپای چی بمرن ؟ '
پێرێش سەبارەت بە خەبەری  کەسێکی دیکەی " نزیکی شەهید"  ئەم دێڕانە زۆر سەرنجڕاکێش بوون :
عومەر بلوور " لە ڕێورەسمی ناشتنی ڕەجەب بەیجور لە ئەرزەورم کە لە سێرت شەهید ببوو "  هەڵتەزییەوە  و گوتی : برا بە دەست برا دەدا بە کوشتن. با سەرۆک کۆمار ئەوە بزانێ. نازانێ تا ئەوم گەیاندە ئەو تەمەنە چم کێشا ؟ هیچ لە خوڵا ناترسێ؟ هەر لە بەر ئەو قسانە بانگ کرا بۆ لقی خەبات بە دژی تێڕۆری ئیدارەی ئەمنییەتی ئەرزەروم و لێپرسینەوەی لەگەڵ کرا. بلوور گوتی : " ئەگەر بە گرتنی من ئەو کێشەیە جێ بە جێ دەبێ با بم گرن، هەر ساڵێک نا، پێنج ساڵ نا ، ئەمن بەوە ڕازیم بە درێژایی ماوەی تەمەنم لە زیندان دا بم بەڵام ئیدی بەسە با ئەو خوێنە ڕابگیرێ ، ئەو شەڕە ڕابگیرێ، ئەو دار قەڵەمەیانە نەشکێن. لە بەر بەرژەوەندی دوو کەسان ئەو گیانانە لە دەست نەچن." 
پێرێ لە جزیرێوە خەبەری مردن هات. جێگری سەرۆکی  گشتی  جەهەپە  سەزگین تانریکوڵو  لە " مێدیای کۆمەڵی" دا ئەم ڕستانەی  نووسیوە:
" ئەگەر منداڵێکی ٧ ساڵان لە سەر کۆڵان بکووژرێ و هێندێک  بێن بڵێن  ' ئەمما تێڕۆڕ ...' و بتوانن پاساوی بۆ بهێننەوە، ئیدی قسە تەواو  و ئێمەش تەواو # باران چاغلی
ئایا دەکرێ ئاوا بەرەو هەڵبژاردنی ١-ی نوڤامبر بچین؟
خوێن ڕشتن ڕاوەستێنن.

هەرچی دەبێ با بیکەین، خوێن ڕشتن  ڕاوەستێنین.

No comments: