چەند زمانیی لە ئێران و جیهان
بەرنامەی
'افق' تێلێڤیزیۆنی فارسی دەنگی ئەمریکا
چەند زمانیی
لە ئێران و جیهان
سێشەمە ١٨ی ئووتی ٢٠١٥/ ٢٧ی
گەلاوێژی ١٣٩٤
وەرگێڕان لە
فارسییەوە بۆ کوردیی سۆرانی: حەسەن قازی
سڵاو لە ئێوە کە لە چوارگۆشەی
جیهان دانیشتووین و تەماشای ' افق ' دەکەن. پەیامی یەزدیان م، ڕۆژی سێ شەمە ٢٧ی گەلاوێژ بەرانبە بە ١٨ هەمی ئووتی
٢٠١٥. چاوێک دەکەین لە ' چەند زمانێتی لە ئێران و جیهان '. خۆرخێ لوویس مۆرخێس
نووسەر و لێکۆلەرەوەی هەڵکەوتووی ئاڕژانتینی بواری زمان و ئەدەبییات هەموو ئەو
ووشانەی لە هەر زمانێک دا هەن بە مێتافۆڕی
مردوو دەزانێ کە باوەڕەکانی باب و باپیرانی ئێمەیان دە خۆیاندا شاردووەتەوە کە
ئەوەش نیشانەیەکە لە پێکەوەلکانی زمان و کولتووریش. بە باوەڕی زمانناسان زمانێکی
تایبەتی دیاردەیەکی ئەوپەڕ ئێتنیکی یە و ئی ئێتنیسیتەیەکی تایبەتی نییە. بۆ نموونە
زمانی عەڕەبی تەنێ زمانی عەڕەبەکانی
عەڕەبستان نییە و ئێتنیسیتەکانی غەیڕی عەڕەبی وەکوو خەڵکی میسر، توونس، لیبی و
سوودان لە باکووری ئەفریقا لەم ڕۆژگارە دا
جار جار بە پاراستنی زمانە بوومییەکانی خۆیان بە عەڕەبی قسە دەکەن و دەنووسن. یان
زمانی ئینگلیسی کە ئیتر لەمەڕ خەڵکی ناوچەی ئینگلستان نییە و خەڵکی بەشێکی گەورە
لە جیهان لە سکاتلەند و ئیرلەندەوە بگرە تا نیوزیلاند و ئاوسترالیا، ئەفریقای
جنووبی و زیمبابوێ تا ئەمریکا و کانادا هەموویان بە زمانی ئینگلیسی دەدوێن. هەر
چەند هێندێک بەشی وەک ئەفریقای باشوور و ئاوسترالیا و کانادا زمانە بوومییەکانی
خۆشیان پاراستووە. لەگەڵ ئەوانەشدا، زمان دیاردەیەکی زیندوویە و لە ژێر کارتێکەری
ڕووداوەکانی زەمان دایە. بەڵام لە سەر و بەندی سەنعەتی و بە جیهانی بوون دا
زمانەکانی چکۆڵەتر و کەمتر ئابووری شانۆ بۆ زمانەکانی لە بواری ئابورییەوە باڵاتر
چۆل دەکەن. ئامادەیی زمانی پڕ ڕەنگتری زمانی ئینگلیسی بە تایبەتی لە دوای
گەشەسەندنی ئینترنێت حاشاهەڵنەگرە. جا بۆیە کۆڕی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێ لەم
ڕۆژگارە دا تەنێ ٤٥٠٠ زمان و لەهجە لە دنیا دا ماونەتەوە. هەژماری ئاخێوەرانی
هێندێک لەو زمانانە لە ئەنگوستی دەستان زیاتر نین و بە مردنی دوایین ئاخێوەرانیان ئەو
جۆرە زمانانەش دەمرن . کە وابوو دەبێ فکر لە چارەیەک بکرێتەوە. لە هەلومەرجی ئاوا
دا وا وەبەرچاو دێ سەروبەندی ئەوەی کە حکوومەتەکان شاروومەندەکانیان ناچار بکەن
زمانێکی ڕەسمی وەخۆ بکەن تەواو بووە و وەچەکانی دابێ نەک هەر ئەوەی دەرفەتی
خوێندنیان دەبێ بە زمانی دایکی و زمانی ڕەسمی ووڵاتەکەیان بەڵکوو لەوەش دەرچێ
توانایی ئەوەیان دەبێ کە زمانە نێونەتەوەییەکانیش فێر بن و دەوڵەتەکان درەنگ یان
زوو ناچارن ئەو ڕاستییە بپەژرێنن.
بە بۆچوونی ئێوە پێوەندییەک هەیە
لە نێوان ئەمنییەتی نەتەوەیی و یەکێتیی نەتەوەیی لەگەڵ پەروەردە بە چەند زمان؟
ئایا دەرس دادان بە زمانی دایکی یانی بەرەوژوور بردنی زمانی کەمایەتی بۆ ئاستی
زمانی ڕەسمی ؟ ئەم بابەتانە ئەمشەو لە گەڵ کارناسانی میوانی 'افق؛ دەهێنینە گۆڕێ
بەڵام بەر لەوە بە پێی شێوەی ئەم بەرنامەیە سەرێک لە فەیس بووک دەدەین. لەوێدا لە
ئێوەمان پرسیوە:
-ئایا لە چەرخی گەشە سەندنی ئینترنێت و بە
جیهانی بوونی شاروومەندانی دنیا دا " خوێندن بە زمانی دایکی" یارمەتی
دەکا بە بەرەوپێشچوون و پێشکەوتنی وەچەکانی دابێ؟ نزیکەی ٥٧ % ووڵامی ناتان داوەتەوە بەم پرسیارە و ٤٣ % یش ووڵامی ئەرێ.
بەڵام لێرە دا پێم خۆشە داواتان
لێ بکەم بەشێوەی هەمیشە سەری لاپەڕەی 'افق' بدەن لە فەیس بووک دا و هەر وەها لە ڕێگاکانی دیکەی پێوەندییەوە
وەکوو گووگل + و تویتر یش تکایە لەگەڵمان دە پێوەندی دابن و بۆ وەرگرتنی فایلی
دەنگی ئەم بەرنامەیەش دەکرێ ئی – مەیلمان بۆ بنێرن. ئێستا ئێوە بینەری بەرنامەی
زیندووی 'افق' ن لە دەنگی ئەمریکاوە. میوانەکانی ئەمشەوی ' افق' ئاغایانی عەبباس جەوادی زمانناس و ڕۆژهەڵاتناس ، لە بەڕێوەبەرانی ناوچەیی
ڕادیۆی ئازاد لە پڕاگەوە، ئەمیر کەڵان لێکۆلەرەوەی فێرکردنی زمان لە زانکۆی تۆرێنتۆ، و شاهید عەلەوی تێکۆشەر و لێکۆلەرەوەی کورد لە ستودیۆمان لە واشنگتن.
مەمنوونم کە بانگهێشتنی 'افق'تان قەبووڵ کرد.
-ئاغای کەڵان ئێوە
لێکۆڵینەوەیەکتان کردووە لەمەڕ فرە زمانێتی لە زانکۆی تۆرێنتۆ پێمان بڵێن شێوەی
لێکۆڵینەوەکەتان چۆن بووە و ڕەنگە لێکۆلەرەوەی زۆر گەورەش هاوڕییەتی ئێوەیان کرد
بێ لەو لێکۆڵینەوەیە دا. ئەو لێکۆڵینەوەیە
ئاماژە بە چ پنتگەلێک دەکا. زۆر بە کورتی و موختەسەر!
ئەمیرکەڵان: حەتمەن هەر وا دەکەم. سڵاو دەکەم لە خزمەت بینەران، لە
خزمەت میوانانی عەزیزی بەرنامە و لە خزمەت دەست هوندوورکارانی ئەم بەرنامەیە.
فەلاتی ئێران مێژوویەکی درێژی هەیە لە ئەزموونی دەوڵەمەندی فێر کردن و بارهێنان.
کە بەشێکی گەورەی ئەو ئەزموونگەلە، ئەزموونی خوێندنی فرە زمانین. لە بەر فرە
ئێنیسیتی، لە بەر درێژ بوونی مێژووی ئێران و ئەو ئاڵوگۆڕە جیاوازیانەی ئەو مێژوویە
وەبەری گرتووە. کاتێک هاتمە نێو دیپارتمانی پەروەردەی زانکۆی تۆرێنتۆ، کە یەکێک لە
گرینگترین دیپارتمانەکانی پەروەردەی چەند زمانێتی یە لە دنیا دا، بینیم بە داخەوە سەرەڕای ئەو
دەوڵەمەندییەی کە ئێمە لە فەلاتی ئێران دا بوومانە باسێکی زۆر لە گۆڕێدا نییە کە
ئەو ئەزموونگەلە لەگەڵ ئەو زانستکار و ئاکادێمیکانەی دیکە ئاڵوگۆڕ بکا کە لەو
زەمینەیە دا خەریکن. هێندێک باس هاتوونەتە گۆڕێ لە ڕوانگەی زمانناسییەوە، هێندێک
باس کراون لە ڕوانگەی مێژووێتییەوە و هێندێک باس کە لە ڕوانگەی کۆمەڵایەتییەوە
چاویان لە بابەتەکە کردووە. بەڵام ئەو باسانەی کە بەشێوەی تایبەتی لە سەر فێرکردنی
زمان جەخت بکەنەوە ئەویش لە نێو خوێندنگە دا بە بەشدارکردنی دەنگی منداڵان و دەنگی
مامۆستاکان زۆر کەم کرابوو. ئەمن لە بەر ئەوەی بەختی ئەوەم هەبوو لەگەڵ ژمارەیەک
ئاکادێمێکی نێو بەدەرەوە لە بواری
ئامووزشتی چەند زمان دا قسە بکەم یانی کە سانێک کە لە ڕاستییدا خۆیان ئەو
دیسیپلینەیان داناوە، بڕیارم دا لە سەر چوار چێوەی و بەستێنی ئێران کار بکەم و
بزانم ئەو تەگەرە و بەرهەڵستی لە سەر ڕێگای ئامووزشتی چەند زمانی هەبووە بە
درێژایی مێژوو بە تایبەتی لە سەردەمی نزیک دا
بە لەبەرچاو گرتنی هەموو ئەو جۆرە حەساسییەتە کۆمەڵایەتی و سیاسیانەی لەو
ڕووەوە هەبوون و ئەوانەم لەگەڵ ئەو ئاکادێمیکانە هێنا گۆڕێ بۆ ئەوەی بزانم ئەوان
لەو ڕووەوە باسی چ جۆرە ئەزموونگەلێک دەکەن لە سەرتاسەری جیهان دا. شێوەی
لێکۆڵینەوەی من ئەوە بوو بەلانی کەمەوە سێسەد بەڵگەم توێژییەوە و پێیاندا چوومەوە
لە ووتاری زانستییەوە بگرە تا ووتارگەلی نازانستی نێو ڕۆژنامان و ئەو باسانەی لە
مێدیاکان دا هەبوون و لەو بەڵگانە نزیکەی چلوپێنج بۆچوونم هێنانە دەرێ سەبارەت بە
دژایەتی لەگەڵ ئامووزشتی چەند زمانی لەو بەڵگانە و لەگەڵ چوار ئاکادێمیکی
نێوبەدەرەوەی ئەو بوارە دەستم کرد بە گفتوگۆ و ڕا گۆڕینەوە.ئەو ئاکادێمیکانە بریتی
بوون لەو کەسانەی کە نێویان دێنم: خانمی توڤێ سکووتناب – کانگاس بەڕێزیان ئاکادێمیکێکی فەنلاندی – دانمارکییە.
کەسێکە کە لە جێدا چەمکی لینگویسید ( زمان بڕێن)ی داهێناوە ، باسی مافی مرۆیی
زمانی کردووە. لەگەڵ پڕۆفسۆر جیم کامینز قسەم کردووە. پڕۆفسۆر جیم کامینز زیاتر لە
زانکۆی تۆرێنتۆ خەریکە. لە گەڵ ئەو زیاتر لە سەر پێداگۆژی یان شێوەی پەروەردە ی
چەند زمان قسەم کرد و بیروڕاکانی ئێرانییەکانم بۆ باس کرد بۆ ئەوەی بزانم بەڕێزیان
لەو بارەیەوە چۆن بیر دەکەنەوە. ئەوە گرینگە کە من لە گەڵ توڤێ و جیم قسەم کرد
چونکە توڤێ لە فەنلاند و هەر وەها دانمارک کار دەکا و جیم لە کانادا. کانادا و
فەنلاند باشترین نموونەی ئامووزشتی یان پێشکێش کردووە بەلانی کەمەوە لە چل پەنجا
ساڵی ڕابردوو دا. بەڵام بۆ لێکۆڵینەوەکەی
من هەر ئەو دوو کەسە بەس نەبوون. چووم بەرەو ئەو شارستانییەتانەی کە نزیکن لە
شارستانییەتی ئێران، چونکە ئەو مۆدێلانە بۆ ئێمە زۆر مۆدێلی باش کە لێیان
بکۆڵینەوە و شتیان لێ فێر بین. من لەگەڵ پڕۆفسۆر ...
-باشە ئاغای کەڵان،
ئەمیر کەڵان: تکایە
یەزدیان: بابەتی دوو زمانێتی وەکوو بابەتێکی ناسراوی زمانناسی
لەگەڵ چەند زمانێتی کە ئێوە دەیهێننە گۆڕێ چۆن لە یەکدی جیا دەکرێنەوە؟
ئەمیر کەڵان: حەتمەن باسی دەکەم. بەڵام ڕێگا بدەن بڵێم کە ئەمن لە
گەڵ ئەجیت مۆهانتی کە پسپۆڕی چەند زمانێتی یە لە هیندستان قسەم کرد، و ستیڤن بەهری
کە پسپۆڕایەتییەکەی لە سەر ئاسیای نێوەڕاستە. سەبارەت بە لەیەک جیا کردنەوەی دوو
زمانەکی و چەند زمانەکی لایەنێکی گرینگی هەیە کە زیاتری ئەو باسانەی کە ئێمە
گوێمان لێ دەبێ بە دژی دەرس دادان بە زمانی دایکی و تەنانەت دەرس دادانی زمانی
دایکی باسی ئەوتۆن کە لە قالبی دیسکۆرسی شڕ و کۆن بووی دەوڵەت – میللەتەوە سەرچاو
دەگرن کە لە ڕاستیدا لە سەدەی نۆزدەهەم دا
سەریان هەڵدا. ئەو دیسکۆرسانە، ئەو وێژیاکانە حەوجێیان بە ڕیوایەتی زەبەلاحی ئەوتۆ
هەبوو کە بەقەولی خۆیان ڕووحی نەتەوەیەکی
تایبەتی بە ڕێگای ئەو ڕیوایەتە زەبەلاحانەوە بێن و نیشان بدەن. یەک لەو فێڵانەی
کەلکیان لێ وەردەگرت کە گەیشتە فاشیزم و نازیسم لە ئوڕووپا، جەخت کردنەوە لە سەر
ئەوە بوو کە یەک نەتەوە دەکاتە زمانێکی تاکانە و زمانێکی تاکانە یانی نەتەوەیەکی
تاکانە. ئێستا ئێمە دەزانین ئەو وێژیاکانە هەڵە بوون، دەزانین ئەو وێژیاکانە
پێهاتی زۆر بە مەترسییان لەگەڵ بووە لە ڕۆژئاوا. جارێ جگە لە مەسەلەی فاشیزم و نازیسم،
کە ئاکامی سیاسی ئەو بۆچوونە بوون، تەنانەت ئێمە لە ڕۆژئاوا ئاکامی ئامووزشتی زۆر
جێگای ناڕەحەتیمان لەوە هەبووە. بۆ وێنە ئەم شوێنەی کە ئەمن کاری لێ دەکەم واتە
کانادا، لێرە خوێندنگەی ئەوتۆمان هەبوون
بە ناوی " ئیندییەن ڕێزیدێنشیاڵ سکووڵز" لە ساڵی ١٨٧٦ تا ساڵی
١٩٧٦ یانی ئەوە هێندە ماوەیەکی درێژ نییە کە دوایین مەدرەسەی ئاوا داخرا. شەش
هەزار منداڵی ئابرۆژیناڵ، یانی منداڵانی بوومی کانادا لەو مەدرەسانە دا کووژران، لەو مەدرەسانەی کە
فەرمان دەدرا بە منداڵان بە زمانی خۆیان قسە نەکەن و بە زمانی ئینگلیسی قسە بکەن.
کاتێک کە ئێمە ئاکامی سیاسی و هەر
وەها ئامووزشتی ئەو جۆرە بۆچوونەمان لە ڕۆژئاوا بینیوە ، وێژیاکەکانی دەوڵەت –
میللەت بە شێوەیەی زۆر گۆڕانیان بەسەرد داهاتووە. ئێستا ئیتر هیچ کەس باسی زمانێکی
تاکانە کە بگاتە نەتەوەیەکی تاکانە ناکا. بە تایبەتی بە لە بەرچاوگرتنی ئەو
لێکۆڵینەوانەی کە لەمەڕ ئامووزشتی زمان کراون. ئێمە ئێستا دەزانین زۆربەی
ئینسانان، کەسانی فرە زمانەن، زۆربەی کۆمەڵگەکان کۆمەڵگەی فرە زمانین. بە کردەوە هەبوونی کۆمەڵگەیەکی تاک زمانە خەیاڵ و
تەوەهومە. ئەو تەوەهومە بۆ دەوڵەتەکان باش کار دەکا بەڵام لە مەڕ ئامووزشتەوە ئاکامی یەکجار زۆر خراپی
هەیە. کۆمەڵگەی مەدەنی لە ڕۆژئاوا زۆر باش
لەوە تێ گەیشتوون. جا کاتێک باس لە
ئەمنییەتی نەتەوەیی دەکرێ ، کۆمەڵگە مەدەنیەکانی ڕۆژئاوایی هێڵێکی سوور
دەکێشن و دەڵێن لەوانەیە ئەمنییەت گرینگ
بێ بەڵام دەبێ دوای ئەو هێڵە سوورە دەست پێ بکا.
یەزدیان: سپاس، باسی ئەمنییەت دەکەین..
ئەمیر کەڵان : تکایە
یەزدیان: ئاغای جەوادی زنجیرە ووتارێکی زۆری ئێوە سەبارەت بە
زمانناسی و چارەنووسی زمانان بڵاو
کراوەتەوە و لە ماڵپەڕی ' ڕادیۆ فەردا ' دەستیان پێ ڕا دەگا. با بزانین رێوایەتی
ئێوە چییە لە مەڕ زمانە ئێرانییەکان و ئایا لە جێدا زمانی تاک وتەرا بەستراوەتەوە بە ئابا و
ئەژدادیان و زمانی تاکوتەرایان تا چەندە نیشاندەری خەسڵەتەکانی ئێتنیکی ئەوانە؟
عەبباس
جەوادی: بڕوانە! لە پێشدا
زۆر سپاس، سڵاو دەکەم لە هەموان. زنجیرە
ووتارەکانی ' ڕادیۆ فەردا ' ئینشاڵا
بەردەوام دەبێ لەبەر ئەوەی تەواو نەبووە بەڵام ڕاستە لەو بارەیەوە زنجیرەک ووتارم
هەیە. یەکەم ئەمن پێم وایە کە هەڵکەوتی ئێران یان وای دابنێن میسر یان ووڵاتانی
کۆنینەی پێشوو لەگەڵ ووڵاتانی ئەمڕۆی
ئەفریقا یان ئەمریکای لاتین یان کانادا هیندێک
جیاوازن. بە هەڵکەوت لەو دواییانەدا هەر بۆ ئەو ووتارانەم دەخوێندەوە نەقلی
قەولێکم لە ئیبنی موقەفەع دی وەک دەزانین
لە ئەدیبە ناسراوەکانی مێژووی ئێرانە و دامەزرێنەری نەسری عەڕەبی یە دوای
دەرکەوتنی ئیسلام لە ئێران کە دەر بارەی ئەو زمانانەی کە لە ئێران لە دوای ئیسلام،
دەستبەجێ دوای هاتنی ئیسلام هەبوون دەدوێ و دەڵێ ئەو زمانانەی لە ئێران قسەیان پێ
دەکرێ بریتین لە دەری، پەهلەوی، فارسی، ئارامی و باسی چوار پێنج زمانان دەکا. لە
ووڵاتێک دا کە گەورەیە، بە تایبەتی لە ووڵاتێک دا کە ئاسیایی یە بەو مانایەی کە
چڕی دانیشتوان زۆر نییە ، ئەگەر بییەوێ وەک ووڵات دڕێژە بکێشێ ، درێژە بە ژیانی
بدا پێویستە کە تۆوێکی یەکخەر بە مانای
کۆمیونیکاسیۆن هەبێ، زمانی موشتەڕەک بەو مانایەی کە بتوانن لەگەڵ یەکدی تەفاهوم
بکەن، قسە بکەن. لە ڕابردوو دا، واتە وەک دەڵێن لە زەمانی کۆن دا چ یۆنان لە بەر چاو بگرن لە زەمانی ئەسکەندەر
دا و چ ئێران لە زەمانی هەخامەنشییەکان، ساسانییەکان و ئەشکانییەکان هتد زمانێک
هەبوو، ئارامی بوو، ئەزقەزا فارسی نەبوو، دەبێ زمانێک هەبێ بۆ ئەوەی کەسێکی خەڵکی
سوغد لە ئاسیای ناوەندی بتوانێ لەگەڵ کەسێک کە لە بەینولنەهرەین دەژی حاکمێکی کە
لەوێیە بتوانێ قسەی لەگەڵ بکا ، بێرو ڕای لەگەڵ ئالوگۆڕ کا، فەرمانەکان بدا یان
کاری ئیداری دەوڵەتی ئەنجام بدا ئەگینا ئیمکانی ژیانی موشتەڕەکی ئەو یەکە جوگرافیایی و سیاسیی یە گەورەیە نییە و
نابێ. ئەوە موشکیلێکە. ئەمن لە قسەکانی ئاغای دوکتور کەڵان تێ دەگەم کە دەفەرموون
میللەت – دەوڵەت ماناکەی کەمێک کۆن بووە. ڕەنگە کۆن بووبێ، بەڵام ئاگادار کردنەوە
و ووشداری دانی من سەبارەت بەوەیە کە میللەت – دەوڵەت بە پێویستیی بە مانای فاشیزم
نییە. میللەت – دەوڵەت شتێکە کە بە تایبەتی لە ووڵاتەکانی ئێمە یانی ڕۆژهەڵات ،
نەک ڕۆژئاوا کە زووتر دەستیان پێ کرد، شتێکە کە لە سەرەتاەکانی سەدەی بیستەم و
ڕەنگە کەمێک پێش ئەوە شاهیدی فٶرم گرتنی، شکڵ گرتنی ڕوونتری بووین و ئەو بابەتەی
زمانی موشتەڕەک بە پێویستیی بە مانای ، ئەو هەڵانە و ئەو تیژپەڕییانەش کە لە
ڕابردوو دا کراون، هەم لە زەمانی ڕەزا شا دا کراوە، هەم لە زەمانی ئاتاتورک دا
کراوە و هەر وەتر، بە پێویستیی بە مانای فاشیزم نییە . ئەوە بۆ ڕێخستن و بەیەکەوە
بوون یان یەکگرتنی یان بوونە دەوڵەتی
ووڵاتەکانی ئێمە پێویست بووە
یەزدیان: کە وابوو هیچ ئاماژەیەک نییە بە ڕەچەڵەک و باب و
باپیر، هیچ پێوەندی بە تیرە و تایفەوە نییە.
عەبباس
جەوادی: نا، مەبەستی من
ئەوەیە کە زمانی دایکی یان تەنانەت زمانی غەیری دایکی ، قسەی ئاغای دوکتور کەڵان
زۆر دروستە. لەم ڕۆژگارە دا تەنێ هەر زمانی دایکی
نییە لەوانەیە زمانی باوکیی ئێوەش جیاواز بێ لە زمانی دایکیتان. لەوانەیە زمانی دەورو بەری ئێوە لە زمانی
دایکیتان جیاواز بێ. ئیمکان و خوێندنی هەر زمانێک لە جێدا دەبێ لە چوار چێوەی ئەو هەلومەرجەی دا کە لە هەر شار، ووڵات یان گوندێک دا هەیە ، هەرچێکی کە هەیە، هەبێ.
یەزدیان: ئاغای جەوادی لە سەر ئیمکانات قسە دەکەین، ئێستا بە
ئاڕاستەی سەرگرووشتەی زمانەکان، زۆر کورت بە باوەڕی ئێوە جیاوازی نێوان زمانان و
لەهجەکان چییە؟ بۆ ئەوەی بتوانین درێژە بە باسەکەمان بدەین.
عەبباس
جەوادی: باسەکە پێم وایە
خۆت دەستت پێکرد لە نێوان چوار پێنج هەزار زمان دا ، تەخمین ئەوەیە کە لە
نێوان ٤٠٠٠ تا ٨٠٠٠ زمان هەیە. بەڵام هۆی
ئەو جیاوازییە، هۆی ئەو دژبەرییە ئەوەیە کە هەر کەس جۆرێک زمان دەناسێنێ .
تەعریفێک نییە کە سابیت بێ و ئێوە بڵێن زمان ئەوەیە. بۆ نموونە بڵێن گیلەکی زمان
نییە. ناتوانن ئەوە بڵێن. یەکێک لەوانەیە گیلەکی بە زمان بزانێ ، لە کاتێکدا، ئەز
قەزا ئەمن گوتم بۆ وێنە زمانی ئەڵمانی زووریخ یانی دووچ بە مانای شویتزێر دووچ ،
ئەڵمانی سویس بۆ هێندێکان زمانە بەڵام لە جێدا وەکوو ستاندارد ئەوە بە ئەڵمانی
وەحیساب دێ. دە کاتێکدا چێکی و سڵۆڤاکی بە ڕاستی زۆر وەیەکتری دەچن بەڵام دوو
زمانن، لە ڕوانگەی سیاسییەوە وای لێ هاتووە. بە دوو زمانی جیاواز دەژمێردرێن، یانی
بەستراوەتەوە بەوەی کە ئێوە چ بە زمان بژمێرن و چ بە لەهجە وەحیساب بهێنن.
یەزدیان: مەمنوونم. ئاغای عەلەوی ئێوە ڕۆژنامەنووسێکن کە
پێشینەی دەرس دادانتان هەیە لە
خوێندنگەیەکانی کوردستان پێمان بڵێن ئایا لە جێدا دەرس دادان بە زمانی دایکی یانی
بەرەوژوور بردنی زمانی کەمایەتی تا ئاستی زمانی ڕەسمی ؟
شاهید عەلەوی: بە تەعبیرێک بەڵێ. یانی کاتێک زمانی منداڵ دێتە ناو
سیستمی ئاموزشتی یەوە بە شێوەیەک ڕەسمییەت دەدرێ بەو زمانە و ئەو ڕەسمییەتە
دەتوانێ لە ئاستی جۆر بە جۆر دا ببیندرێ دەکرێ لە ئاستی خۆجێی دا بێ، ناوچەیی دا
بێ یان ووڵات دا. ئەو ڕەسمییەتە یارمەتی دەکا بە وەی کە زمانی ئەو منداڵ، زمانی کەمایەتی,
زمانێک کە لە لایەن زۆربەی
خەڵکەوە قسەی پێ ناکرێ یان بە مانای سیاسی زمانی کەمایەتی یە و خراوەتە پەڕاوێزەوە
ئەو زمانە بێتە نێو ژیانی ئامووزشی،
کۆمەڵایەتی و سیاسییەوە. لەو ڕوانگەیەوە دەکرێ بگوترێ بەڵێ ئامووزشت بە زمانی
دایکی و تەنانەت ئامووزشتی زمانی دایکی جۆرێک ڕەسمییەت دانە بەو زمانە کە یارمەتی
دەکا ئەو زمانە لە پێواژۆی کۆمەڵایەتی دا ئەو باڵا کردنەی کە زمان لە درێژایی
زەمان دا وەدەستی بێنێ لە قۆناخی تەبیعی دا پێی بگا!
یەزدیان: یانی ئێوە دەرسدادانی زمانی دایکی و دەرسدادان بە زمانی دایکی لە یەک جوێ دەکەنەوە و بە جیاوازیان
دادەنێن؟
شاهید عەلەوی: بەڵێ سەد لە سەد. ئەوەی کە ئێمە وەک دەرسدادانی زمانی
دایکی دەیناسین لە قانوونی بنچینەیی [ئێرانیش] دا ئاماژەی پێ کراوە و شەرحی
قسەکانی نێو مەجلیسی خوبرەکانی قانوونی بنچینەیی کاتێک مەڕحوومی مەولەوی
عەبدولعەزیز لە ئاغای بەهەشتی سەرۆکی مەجلیس دەپرسێ بە ڕاشکاوی دەگوترێ کە
نێوەرۆکی ئەسڵی ١٥ بریتی یە لەوەی کە عەبدولعەزیز دەڵێ: لە مەر منداڵێکی بەلووچ ،
ئیدارەی فێر کردن و بارهێنان و دەوڵەت ئەرکی ئەوە بێ کە مامۆستا، پۆل و فەزای
ئامووزشتی بۆ ئامادە بکا بۆ فێر بوونی زمانی بەلووچی بە شێوەی ئاکادێمیک و
خوێندنگەیی. ئەوە هەیە بەڵام ئەوەی کە ئێستا تێکۆشەرانی زمانی لە ئێران دا
دەیهێننە گۆرێ و لە دنیاش دا باسی لە سەر کراوە و لێکۆڵینەوەی لە سەر دەکرێ ئاغای
کەڵان ئاماژەیان پێ کرد، ئاغای دوکتور کەڵان بریتی یە لە ئامووزشت بە زمانی دایکی. چونکە ئێمە دەڵێین کاتێک منداڵ دێتە نێو
پێواژۆی ئامووزشتییەوە ئەگەر زمانی ئامووزشی جیاواز بێ لەو زمانی کە لە ماڵێ قسە
پێ دەکا کە لە ڕووی زاراوەییەوە پێی دەڵێن زمانی دایکی، بەڵام زمانی دایکی ئەوەیە
کە منداڵ بە پەنجەرەی ویدا لە منداڵییەوە لەو کاتەوە کە دێتە دنیاوە بەو زمانە لەگەڵ دنیا ناسیاوی پەیدا دەکا، لەوانەیە
ئەوە زمانی باوکیی بێ، زمانی ووڵات بێ. مەبەست ئەو زمانەیە کە لە ماڵێ دا قسەی پێ
دەکرێ. ئەگەر بەو زمانە نەیەتە ناو سیستمی ئامووزشی یەوە لە ڕاستیدا تووشی جۆرەیەک
لە لەتمەی عاتیفی یان خەساری ڕووحی دێ کە ئەوە بە درێژایی ژیان لەگەڵی دەمێنێتەوە
جگە لەوەێ کە لەجێدا ئەوە لە سەر چۆنێتی ئامووزشتیش شوێن دا دەنێ. نوختەیەکی دیکەش
کە زۆر کەم ئاماژەی بۆ دەکرێ ئەوەیە کە لە ڕاستیدا ئەگەر منداڵ بە زمانی دایکی خۆی
نەچێتە نێو پێواژۆی ئامووزشتەوە و مافی پەوروەردەی بە زمانی دایکی نەبێ بە شێوەی
تەبیعی لە منداڵەکانی دی وەدوایە دەکەوێ، چونکە بە ئاسایی نێوەرۆکی ئامووزشت لە
ئێران و جێگاکانی دیکەی دنیاش بریتی یە لە سەواد فێر کردن. گریمانە ئەوەیە کە
منداڵ لە شەش ساڵی یەکەمی ژیانی دا فێری زمان بووە و ئێستا دەبێ فێری خوێندەواری
بێ. لە ئێران ئەو موشکیلەیەمان هەیە. کتێبە دەرسییەکانمان لە سەر بنەمای فێربوونی
سەوادی فارسی یە بەڵام منداڵە غیرە
فارسەکانمان، منداڵانی کورد، تورک، بەلووچ ، عەڕەب هێندێکیان لە جێدا فارسی نازانن
و منداڵێکی کە فارسی نازانێ لە جیاتی ئەوەی کە بچیتە پۆلی زمان فێر بوون دەچێتە
پۆلی خوێندەواری فێر بوون و بەم پێیە ، دیارە لایەنی دیش هەیە لە درێژەی باسەکەمان
دا دەکرێ ئاماژەی پێ بکرێ، ئەوەی کە داوخوازی زانستی، مەنتقی یە لە ڕوانگەی منەوە
لە ئێران و لە جێی دیدا تەجروبە کراوە لە ووڵاتانی جۆر بە جۆر بریتی یە لە مافی
ئامووزشت بە
زمانی دایکی .لێرە ئاماژەیەک بکەم بە قسەی دۆستان. ئاغای دوکتور جەوادی فەرموویان
ئەوەی کە پێی دەگوترێ زمانێکی تاکانە بە مانای نەتەوەیەکی تاکانە نییە و ئەوە
تێخوێندنەوەیەکی کلاسیکە لە مەڕ ناسیۆنالیسم و ناسیۆنالیسمی وەدرەنگکەوتووی ئێرانی
لەوە خەساری پێ گەیشتووە و ئاوا نییە کە لە زەمانی ڕەزاشا دا تەواو بووبێ و هێشتا
بەردەوامە.ئێمە هێشتا خەسارەکانی لە ئێران دا دەبینین لە سیستمی کۆمەڵایەتی و سیاسی دا. ئەوە لە ڕاستیدا نکووڵی
کردن لە زمان یان زمانگەلی ناوبژیوان
نییە. ئەگەر کەسێک داوای دەرسدادان بە زمانی دایکی دەکا بەو مانایە نییە کە حەوجێی بە زمانێکی دی نییە. پێویستە
کە بۆ پێوەندیی دامەزراندن لە نێوان گرووپی جۆر بە جۆری زمانی لە چوارچێوەیەکی سیاسی
دا ئێمە پێویستیمان بە زمان یان زمانانی
ناوبژیوان هەیە. ئەو زمانە ناوبژیوانانە لە ئێران دا دەتوانن فارسی و تورکی و کوردی
بن یان لە جێدا ئینگلیسی بێ. یانی هەبوونی زمانی ناوبژیوان...
یەزدیان: بە تەنیشت زمانی پێوەرەوە
شاهید عەلەوی: هەڵبەت ئەمن مەبەستتان لە زمانی پێوەر تێنەگەیشتم چییە. زمانی
ناوبژیوان زمانێکە کە...
یەزدیان : مەبەستم زمانی
ڕەسمی یە.
شاهید عەلەوی: لە ڕاستیدا کە بڵێین ڕەسمی بە شێوەیەک زمانەکانی دی لە ڕەسمییەت دەخەین. لەو مانایە دا ئێستا تەعبیری نزیکتر بە وێژیاکەکانی ئەم سەردەمەی زمانی تەعبیری زمانی ڕەسمی بەکار ناهێنن دەڵێن هەموو زمانەکان هەر لە بەر ئەوەی لە کۆمەڵ دا هەن دەبێ ڕەسمییەتیان هەبێ . ئەوەی کە منی کورد بە هاونیشتمانییەکی فارس یان عەڕەبەوە دەلکێنێ زمانی ناوبژیوانە. ئەوە دەتوانێ فارسی بێ، دەتوانێ تورکی بێ یا لە جێدا دوو زمان بێ.
یەزدیان: درێژە بەو باسە دەدەین و ئەوە تایبەتی بە کۆمەڵگەی
ئێران نابێ
شاهید عەلەوی: سەد لە سەد
یەزیدیان: ئاغای کەڵان با لە بیروڕای ئێوە ئاگادار بین لە سەر
دەرسدادان بە زمانی دایکی لە ئێران و بۆچی لە جێدا باسی زمانی دایکی لە ئێران ئیزۆلە و محەلی یە و لە پەنجەرەی ناسیۆنالیزمەوە دەبیندرێ و چاوی لێ دەکرێ؟
ئەمیر کەڵان: حەتمەن. بەیەک دوو بابەت دەستپێدەکەم لە مەڕ ئەوەی کە جەنابی دوکتور جەوادی گوتیان.
بەڕێزیان تەواو ڕاست دەکەن دەڵێن زمانی تاکانە بە پێویست ناگاتە فاشیزم. ئەمن
خەریک بووم ئەو ئەزموونە تاڵ و وێژیاکە
پڕ لە ئێشانەم لە قالبە مێژووییەکەی دا
دەگێڕاوە.بەڕێزیان تەواو ڕاست دەکا و هەر ئاواش کە جەنابی عەلەوی گوتی ئێمە هەمیشە پێویستیمان بە زمان یان زمانگەلی
ناوبژیوان هەیە. بەڵام گرینگ ئەوەیە کە لە کام دەربیجەوە تەماشای بابەتەکە دەکەین
. ئەمن پێم وایە دەربیجەی دەوڵەت – میللەت
دەربیجەیەکە کە هێندێک کۆن بووە. ئێستا نوختەیەکی کە ئەمن دەمەوێ جەختی
بکەمەوە کە جەنابی عەلەویش لە قسەکانی دا
گوتی ئەویش ئەوەیە کە لە جێدا لە کۆمەڵگەی
نێونەتەوەیی زمان فێر کردن دا قەت باسی ئەوە نییە کە ئێمە زمانێک فت کەین و
تووڕی هەڵدەین. یانی کاتێک ئێمە باسی دەرسدادان بە زمانی دایکی دەکەین باسەکەمان ئەوە نییە کە بۆ وێنە دەرسدادانی
فارسی لە قالبی ئێران دا دەبێ لە جێیەکدا کۆتایی بێ. ئەو مێنتالیتیە، ئەو
زێهنییەتە زۆر ناسراوە لە ئاڵقەکانی لێکۆڵینەوە دا. بەو زێهنییەتە دەڵێن "
ئایدر/ ئۆر " ی یانی یان ئەمەیی و یان ئەوەیی ، لێکۆلەرەوانی زمان فێر کردن
قەت ئەو قسەیە ناکەن. لێکۆلەرەوانی زمان فێر کردن بۆچوونێکی هەم ئەمە و هەم
ئەوەییان هەیە ، نیگەرانی ئێمە ئەوە نین کە منداڵان لە کوردستان، منداڵان لە
ئازەربایجان؛ هەڵبەت نیگەرانیمان تەنێ ئەوە نییە کە ئەوان بە زمانی دایکی خۆیان فێر ناکردرێن،
ئەوان نەک ئەوەی کە دەبێ ئامووزشت بە زمانی خۆیان ببینن بەڵکوو دەبێ فارسی کە
ئێستا وەک زمانی ناوبژیوانە و زمانی ڕەسمیشە زۆر باش فێر ببن. یانی نیگەرانی ئێمە
نیگەرانییەکی بەربڵاوترە لە نەبوونی خوێندن بە زمانی دایکی. ئەو نیگەرانییە
تەماشای گشت ڕوویەک دەکا گەلۆ فێرخوازێک چۆن فێر دەبێ. تاکوتەرا دەبێ بە زمانی
دایکییان ئامووزشت وەربگرن ، یەکێک لەو ڕایانەی کە خانمی توڤێ سکووتناب – کانگاس
لەو بارەیەوە مافی فێربوونی زۆر باشی زمانی زاڵە. منداڵە کوردەکانی ئێمە دەبێ
زمانی فارسی زۆر باش فێر ببن و ئەوەشمان لە بیر نەچێ کاتێک ستروکتووری ئامووزشی
ئێمە کێشەی هەیە ،تەنانەت منداڵی فارس زمانیش فارسییەکی باش وەرناگرن لە
مەدرەسەکانی ئێمە لە ناوچە فارسی زمانەکاندا. کە وا بوو ئەوە مافێکە کە کاتێک
دەدرێ بە کەمایەتییەکان هەموو ئەندامانی کۆمەڵگە کەلکی لێ وەردەگرن. ئەمنیش لەو
باوەڕە دام بە لەبەر چاو گرتنی ئەو لێکۆڵینەوانەی کە کراون حەتمەن دەبێ ئێمە فکر
بکەینەوە بە شێوەی جیدی لە دەرسدادان بە زمانی دایکی، بە تەنیشت ئەوەوە زمانی ناوبژیوان و ئەو
مۆدێلە زۆر زۆر بە هاسانی لە شوێنی جۆر بە جۆری دنیا دا تەجروبە کراوە . لە بەر
زۆر هۆ وێدەچێ کە کۆمەڵگەی ئێرانی لەو ڕووەوە زۆر لە دنیا وەدوا کەوتووە. دەتوانین
تەماشای هیند بکەین، دەتوانین تەماشای
چینییەکان بکەین .
یەزدیان: ئیزن بدەن
ئەمیر کەڵان: تکایە!
یەزدیان: ئاغای جەوادی
با گوێمان لە بیروڕای ئێوە بێ لەمەڕ دەرسدادان بە زمانی دایکی، گۆیا لە ڕوانگەی ئێوەوە لەو " بە " یە دا هێندێک نهێنی شاردراونەتەوە.
عەبباس جەوادی: هەر وایە، بە باوەڕی من لە " بە " دا [ مەبەست لە خوێندن بە زمانی دایکی یە.
وەرگێڕ] کێشەی جیدی هەیە. بڕوانە. ئەمن
ئەو داستانەم نەدەزانی کە بە سیاسی کراوە، ئەو بابەتە بە باوەڕی من کراوەتە شتێکی
سیاسی. ئەویش پەروەردەی زمانی دایکی یان پەروەردە بە زمانی دایکی. لەوە دا گومان
نییە بە بیروڕای من هەرکەس کە دەیەوێ ، پێویست نییە، بە قانوون ، بە زۆر کە من
ناتوانم بڵێم منداڵی ئێوە کە کوردە حەتمەن دەبێ فێری کوردی بێ یان چی، یان ئەوەی
کە هەر زمانێکی دیکە فێر ببێ. بە باوەڕی من ڕێزەیەک لە باسەکان تیۆرین . ئێمە لە
پشت مێز دانیشتووین و دەڵێین دەبێ بە زمانی خۆی خوێندن لە سەرەتاییەوە، تەنانەت لە
پۆلی ساوایانەوە دەست پێ بکا تا دوایی خوێندن بۆ وێنە بیۆلۆژی بە زمانی دایکی خۆی.
دەی ئێستا زمانی دایکی ئێوە چییە. دەڵێم با بە نەغد قسە بکەین. زمانی دایکی ئێوە
چییە؟ زمانی دایکی من ' مازی ' ، مازندەرانی یە ، سێمنانی یە، لوڕی یە، بەلووچی
یە، نازانم کوردی یە، کوردیش چەند ڕەنگی هەیە. زمانی دایکی من لە پۆلی ساوایانەوە
تا کۆتایی دیپڵۆمی زانکۆ دەمەوێ بە زمانی
خۆم بیۆلۆژی بخوێنم ، ئەرکی دەوڵەتە بۆ من هەم مامۆستاکەی، هەم خوێندنگەکەی، هەم
کتێبەکەی هەمووی ئەوانە لەئەستۆیەتی بۆ من دابین بکا. دەوڵەت ئەرک و بەرعۆدەییەکی
ئاوای نییە. نە دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی هەیەتی، نە دەوڵەتی ئەڵمان ئەمڕۆ هەیەتی نە
شتێک. بە باوەڕی من دەبێ کەمێک تەماشای تەجروبەکانی دەوڵەتەکانی پێشووی شووڕەوی
بکەین کە من زۆر دۆستی خەڵکی وێم هەنە، کەمێک لەو تەجروبەیەی کە ئەو دەم دەیانگوت
و ئێمە لە خۆشیان لیکمان بە زاری دا دەهاتە خوارێ [ لە خۆشیان ] . تەنانەت من وەک
لاوێکی کە شۆر و شەوقمان هەبوو کە ئەوانە مافی زمانی خۆیان وەرگرتووە. ئاوا نییە،
ئێستاش ئاوا نییە . ئێستا ئێمە شاهیدی ئەوەین کە ڕووسی لە زۆربەی ووڵاتەکان ، ئەمن
جارێ باسی ووڵاتانی باڵتیک ناکەم، بەڵام ڕووسی لە زۆربەی ووڵاتانی ئاسیای ناوەندی
و قەفقاز و لەوانە تەنانەت ئەرمەنستان ، ئازەربایجان، ئۆزبەکستان ، تاجیکستان و
هتد [دا] گرینگی ڕووسی زۆر زیاتر بووە ، ئەمن لەو دواییانەدا قسەم لەگەڵ دەکرد
یەکێک لە دۆستانی نزیکی قرقیزمان لە ئاسیای نێوەڕاست ...
یەزدیان: قرقزیستان
عەبباس جەوادی: بەڵێ قرقزیستان. خۆی منداڵەکەی پێشتر لە [ فێرگەی ]
ڕووسی دانا بوو، دوایە لە بەر هەستی نەتەوەیی بردبوویە خوێندنگەی قرقیزی، دوایە
دیویەتی ئەوە دروست نییە کتێبیان نییە و مامۆستاکانیان چاک نین و هتد ، منداڵەکەی
دیسان گواستووەتەوە بۆ خوێندنگەی ڕووسی. مەبەستی من چییە. مەبەستم ئەوەیە، دەبێ
هێندێک، یەکەم دەبێ تۆوێکی زمانی هەبێ کە ئەندامانی
میللەتێک، ئەگەر بمانەوێ میللەتێک هەبێ ، ئەندامانی میللەتێک لەیەک گرێ بدا. جا
هەر زمانێکی هەیە. لە ڕووی نەریتی یەوە لە زەمانی هەخامەنشییەکان و ساسانییەکان و
دواتر و سەفەوییەکانی تورک زمان و سەلجووقییەکانی تورک زمان هەموویان و قاجارەکان و هتد ، ئێمە زمانی
فارسیمان وەک زمانی موشتەرەکی میللەتی
ئێران هەبووە. فەرق ناکا کەنگێ. فەرق ناکا ئایا حکوومەت کوردە یان زەندە، ئەفشارە،
تورکە، ئێرانی فارسی زمانە یان نا، فارسی تۆوی موشتەڕەک و یەکگرتووکەری میللەتی
ئێران بووە بەڵام، بە بیروڕای من تەبیعەتەن دەبێ هەر کەس ئازاد بێ کە بۆ وێنە
ئەگەر بەنی ئادەمێکی سیمنانی زمان، تات زمان، تالش زمان بییەوێ فیری زمانی دایکی
بێ دەبێ ئازاد بێ بەڵام ئێوە ناتوانن بڵێن کە دەوڵەت ناچارە و ئەرکێتی کە بۆ منی
تالش زمان بۆ منداڵەکەم لە پۆلی ساوایانەوە بگرە تا کۆتایی زانکۆ کتێب و مامۆستا و
مەدرەسەم بە زمانی تالشی بداتێ.
یەزدیان: دێینە سەر ئەو بابەتە، لە توانایی زمانەکان دەپرسین،
بەڵام ئاغای عەلەوی وا وەبەرچاو دێ کە پێوەندی ئەمنییەتی نەتەوەیی و یەکێتیی
نەتەوەیی و بۆچوونی بۆ بابەتی زمانی دایکی کەمێک بە ئیحتیاتەوەیە و لەگەڵ ئەوەشدا
لە کوردستانی عێڕاقیش بە فەرمانی دەوڵەتی ئاغای بارزانی دەرسدادانی عەڕەبی کە
زمانی ڕەسمی عێڕاقە گۆیا تووشی هێندێک کێشە بووە و لە جێدا لە خوێندنگەکانی هەرێمی
کوردستان عێڕاق دەرسدادانی عەڕەبی نییە،
ئەوە ڕاستە؟
شاهید عەلەوی: عەرزم بە حزوورتان تا ئەو جێگایەی کە من ئاگادارم لە
ڕاستیدا زمانی عەڕەبی وەک مادەیەکی خوێندن
دەگوترێتەوە بەڵام زمانی ڕەسمی ئامووزشت، دەرسدادان بە زمانی کوردییە. و هەڵبەت دەرسەکانی
ئاستی زانستی لە زانکۆکاندا بە گشتی بە ئینگلیسی و بە کوردی دەرس دەگوترێتەوە.
ئەوانەی لە زانکۆکانی کوردستان دەرسیان تەواو کردووە ئاستی ئینگلیسییەکەیان
بەرزترە بە بەراوەرد کردن لەگەڵ ئەوانەی
لە ئێران خوێندنی زانکۆیان تەواو کردووە.بەڵام ئەو نیگەرانییە هەمیشە هەیە.
یەزدیان: ئاماژە دەکەن کە ئیتر زمانی عەڕەبی نییە.
شاهید عەلەوی: یانی ئیدی زمانی عەڕەبی بە دەرس دانادرێ؟ تا ئەو
جێگایەی من دەزانم خوێندنی عەڕەبی هەیە بەڵام پێکێشی ناکەم لەوانەیە ئاگاداریم لەو
بارەیەوە تازە نەبێ. بەڵام عەرزم ئەوەیە نوختەیەکی کە لە گۆڕێ دایە ئەوەیە کە
ئەگەر بۆ وێنە لە کوردستانی عێڕاق زمانی
عەڕەبی وەکوو یەک لە زمانەکانی ئامووزشتی یان مادەی دەرسی هەڵگیراوە لەجێدا ئەوە
هۆی سیاسی هەیە. بە لێبڕاوی ئەوە سەدەمە دەگەینێ بە یەکێتیی نەتەوەیی لە عێڕاق دا.
ئەوە ڕاستە ئەمن حاشا لەوە ناکەم بەڵام تەجروبەیەکی جێی نیگەرانی لە جێدا ناکرێ
بکرێ بە بنەمای کردەوە و بڕیار دانی ئێمە لە بوارێکی زانستی دا. زمان بە لێبڕاوی
هێندێک لایەنی سیاسی هەیە ، لە جێدا زمانناسیی سیاسی باسێکی زۆر جیدی یە چونکە بە
پێی تەعبیری ئێوە بابەتی زمان پێوەندییەکی جیدی هەیە لەگەڵ مەسەلەی یەکێتی و ئەمنییەتی
نەتەوەیی بەڵام، ئەوە دەگەڕێتەوە سەر ئەو شێوەیەی کە دەوڵەتێک خۆی دەناسێنێ.
یەزدیان: ئەوە تەعبیرێک نییە لە لایەن منەوە.
شاهید عەلەوی: بەڵێ دەزانم ئەوە قسەیەکە دەهێندرێتە گۆرێ لە میدیا و
لە کۆمەڵی ئێمە دا بە شێوەی کۆنکرێت. و هەڵبەت جیهانی سێیەم بە گشتی. بەڵام ئەو
تەعبیرە دەگەڕێتەوە سەر ئەو بۆچوونەی کە ئێمە هەمانە لەمەڕ دەوڵەت و لە میللەت و پێوەندی ئەمانە. و لە ڕاستیدا
شێوەیەک کە خەڵکێک لە مانای سیاسی دا بۆ خۆیان ڕێک دەخەن. ئەو ڕوانگەیە دیاری دەکا
کە ئایا بە پێویستی دەرسدادان بە زمانی دایکی لە ئێران وەک تەجروبەی کوردستان دەبێ
یان تەجروبەی هاوشوبار لە شوێنی دیکەی دنیا.
عەبباس جەوادی: بەڵام نموونەی کوردستان هەیە
شاهید عەلەوی: بەڵام
نوختەتەکی کە دەمەوێ لەم دەرفەتە کورتە دا باسی بکەم لە جێدا ئەو تەعبیرە کە بۆ وێنە زمانی موشتەڕەکی ئێمە
بە درێژایی مێژوو فارسی بووە تەعبیرێکی
وورد نییە.هەبوونی زمانی موشتەڕەک بۆ ئەو کەسانەی کە زمانی دایکی یان جیاوازە لە
ڕاستیدا و لە جێدا پێویستی بە هەبوونی
زمانی ئامووزشتی ڕەسمی هەیە. زمانی فارسی
لە ئێران لە ڕووی مێژووییەوە زمانی ئەدیبان
و شاعیران و زمانی دەربار بووە هەر
چەند لە بەشێک لە مێژووی سەفەوی دا بە لێبڕاوی زمانی دەربار تەنێ زمانی کاتیبان بووە زمانی فارسی. بەڵام، ناکرێ حاشا لەوە بکرێ . نوختەی گرینگ ئەوەیە کە
لە جێدا دایکی کورد یان تورک یان بەلووچ یان عەڕەب یان تاتی من ، یان سیمنانی من لە جێدا هیچ ئیمکانێکی نەبووە بۆ فێر بوونی
زمانی فارسی. کاتێک دەڵێین موشتەڕەک بەو مانایەیە کە ئەمن و ئێوە بە زمانێک بەیەکەوە بدوێین و قسە ئاڵوگۆڕ
کەین ، بەڵام بەشێکی هەراو لە ئێران کە
زمانی دایکییان غەیری فارسی بووە تا دەسپێکردنی سیستمی ڕەسمی ئامووزشتی مەدرەسەیی لە جێدا فارسییان نە زانیوە.ناکرێ
بگوترێ زمانی فارسی زمانی موشتەڕەک بووە .
یەزدیان: هەڵبەت ئاغای جەوادی دژی بۆچوونی ئێوەن
شاهید عەلەوی: ڕاستە. بەڵام
دەسپێکی جووڵان لەو نوختەیەوە پێهاتی سیاسی
نابەدڵ و دڵنەخوازی هەیە من دەمەوێ بە
کورتی بڵێم: ... دەی فەرموو.
عەبباس جەوادی: بڕوانن، فارسی
، جارێکی دیکە ، فارسی لە زەمانی هەخامەنشییانەوە، ئەوە دروست نییە، لە زەمانی هەخامەنشییانەوە ئێمە فارسیمان
هەیە ئەمڕۆ فارسی کۆنمان هەیە کە لە جێدا ئێوە و بەندە و هەر کەسێک کە گوێی
لێ هەڵخا لێی تێناگا. فارسی نێوەڕاستیش
زۆر تێی ناگەین بەڵام، هەر چۆنێک بێ فارسی یە و لە ڕابردووش باسی ئیبنی موقەفەعم بۆ کردن دەتوانم هەزار نموونەی
دیکەش بهێنمەوە. نموونەی ئاوا لە کلاسیکی یۆنانی بە دەستەوەیە. لە مێژووی یۆنانی
دا هەیە واتە ' پلووتارک ' کە دەڵێ
خەشایار شا بە مێژوونووسێکی یۆنانی دەڵێ
ئەمن چۆن فێری یۆنانی بم. ئەویش دەڵێ بۆ
ئەوەی من بتوانم لە ئێوە تێ بگەم دەبێ لە
پێشدا فێری فارسی بم بۆ ئەوەی بتوانم
سەبارەت بە ئێران بیر بکەمەوە و ڕای خۆم بڵێم. لە دوای ئیسلامەوە لە پاش
دوو سێ سلسلەی فارسی زمان زۆربەی
سلسلەکانی ئێرانی ئێمە تورک زمان بوون . لە
گشت ئەو سەروبەندانە دا لە سەلجووقیانەوە بگرە
عەرزتان دەکەم تا قاجارییەکان تورک
زمان بوون جگە لە زەندییەکان ، فارسی زمانی موشتەڕەکی هەموو ئێرانییان بووە.
شاهید عەلەوی: ئەوە مومکین نییە
عەبباس جەوادی: بە کردەوە بیر بکەنەوە . یەک لە حزە، یەک لەحزە. با من
ئەم ڕستەیە تەواو بکەم. ئەمن دەڵێم لە
ڕووی پڕاتیکەوە بیر بکەنەوە ، ئەگەر منداڵی من ، من کە بۆ خۆم تورک زمانم،
خەڵکی تەورێزم. منداڵی بەندە لە مەکتەبی سەرەتاییەوە تا زانکۆ تورکی
بخوێنێ سیمنانی بە سیمنانی بخوێنێ بەلووچی بە بەلووچی بخوێنێ چ شتێک هەیە کە ئێمە بەیەکترییەوە گرێ دەدا؟
نموونەی عێڕاق لە بەر چاو بگرن
کەسێک بە منی گوت ئیتر ئەوانە حەوجێیان بە یەکتری نییە لە رووی زمانییەوە.
یەزدیان: ئیزن بدەن ئاغای جەوادی دێینەوە لای ئێوە.
شاهید عەلەوی: ئاغای دوکتور جەوادی ئێمە نموونەی عێڕاق و لە ڕاستیدا
نموونەی ئەفغانستانیشمان هەیە کە هاوسێی ئێمەشە و وەزعی لە عێڕاقیش خراپترە، لەو
رووەوە سەرکەوتووترە
عەبباس جەوادی: ئەفغانستان هیچ نموونەیەکی ئەرێیتر نییە هەڵبەت.
شاهید عەلەوی: ئیجازە بدەن عەرزی خزمەتتان دەکەم. ئەمن حاشا لەوە
ناکەم کە زمانی فارسی زمانی بەشێک لە میللەت یان
مەردمی ئێران بە درێژایی مێژوو بووە.
عەبباس جەوادی: زمانی فارسی زیاتر لە ٢٥٠٠ ساڵ پێشینەی ڕەسمی
موشتەڕەکی ئێرانیان بووە.
شاهید عەلەوی: ئیجازە بدە! ئەوەی کە من بمەوێ زمانی فارسی زمانی
ناوبژیوانی من بێ لە سەروبەندی ئێستا دا ، ئەوە مافی منە یا ئی ئێوەیە یان ئی هەر
کەسێکی دیکە و ئێستاش بە کردەوە ئەوە ڕوویداوە و بە باوەڕی من گۆڕینی لە جێدا
مەنتقی نییە. ئەوە نەزەری شەخسیی منە بەڵام، گەڵاڵە کردنی سیاسەتە زمانییەکان بۆ
چەند زمانان لە چوارچێوەی سیستمی ئامووزشتی دا کارێکی زانستی یە . عەرزی من
ئەوەیە کاتێک بە دەسپێکێکی خراپ دەست پێ دەکەین لە جێگایەک دا دەگەینە بن بەست.
دەتوانین بڵێین کە زمانی موشتەڕەک و ئەدەبی و عیلمی ئورووپا بۆ سەردەمی درێژ لاتین
بووە، هەر ئێستا دەبێ زمانی ئەڵمانی و سویسی و فەڕانسەیی وەلا بنێین چونکە زمانی لاتین زمانی موشتەڕەک
بووە. تەنیا ڕستەیەکی دیکەش عەرز بکەم
لەجێدا زمانی موشتەڕەک لە سیستمێکی ئامووزشتی یەکپارچە دا مانا پەیدا دەکا.
کوردێک نەیتوانیوە یان عەڕەب یان بەڵووچ یان تورک فارسی فێر بێ کاتێک نەچووبێتە
مەدرەسە و ئەو زمانە زمانی دایکی و باوکی نەبووبێ. دەبێ ئەو چیرۆکی زمانی موشتەڕەکە
بەلاوە بنێین زمانی فارسی زمانی ئەدەبی و
زمانی دەربار بووە.
یەزدیان: ئاغای کەڵان با لە ئێوە بپرسم، سەبارەت بە پێویستی
دەرسدادان بە زمانی فارسی بۆ ئێمە باس بکەن وەکوو زمانی سەرکەوتن و بەقەولێک گرینگترین
زمانی کە لە فەلاتی ئێران دا زاڵە وەکوو زمانێکی مێژوویی و تەبیعی! باسی بەراورەدی
ووڵاتانی هیندستان و چینیش بکەن لە گەڵ ئێران زۆر بە کورتی!
ئەمیر کەڵان: زمانی فارسی زمانێکی زۆر گرینگە، زمانێکی زۆر
دەوڵەمەندە، زمانی شارستانییەتی و شارستانییەت سازە و لە بار و دۆخی جۆر بە جۆر دا
بە درێژایی مێژوو دڕێژەی داوە بە کاری خۆی و سوود و کەلکی گەیاندووە بە فارسی
زمانان و غەیری فارسی زمانان. بەڵام ئەمن پێم خۆشە دیسان دمەتەقە بگەڕێنمەوە ، بە
لە بەرچاو گرتنی گرینگی زمانی فارسی، دووبارە دای بگرمەوە کە ئێمە ناڵێین ئەمە یان ئەوە ، دەڵێین هەم ئەمە و هەم ئەوە ،
کە وا بوو دەمانەوێ فارسیمان هەبێ بەڵام منداڵان بکەونە بەر کارلێکەری زمانانی جۆر
بە جۆر و بەر لە هەموان زمانی دایکی خۆیان. شتێک بڵێم لەمەڕ ئەو باسی خۆ بە
مێژووەوە بەستنەوە کە بۆ وێنە
یەزدیان: ئاغای کەڵان ئەو ئامووزشتی بە چەند زمان ... فەرموو
ئەمیر کەڵان: با من ئەوە بڵێم، چونکە دەزانی زۆر لە دمەتەقەی
سەبارەت بە زمانی دایکی دەچێتە نێو باسی ڕوو لە مێژوو کردن لە ئامرازی ڕاگەیاندنی
فارسی زمان دا. ئەمن دەمەوێ لە هەموو دۆستان بگێڕمەوە کە ئێمە بگەڕێینەوە سەر پۆلی
دەرس. ئەو کەسانەی دەرسی زمان دەڵێنەوە ئەوە دەزانن کە کاتێک ئەمن لە تۆرێنتۆ دەرسی زمانی ئینگلیسی
بە فیرخوازێکی کورەیی دەڵێمەوە ، موهاجیرێکی کە گەڕی خەمی لێ هاڵاوە لە بەر ئەوەی
جێی خۆی لەو کۆمەڵگەیە دا نابینێتەوە، ئەو فیرخواز لە پۆلەکەی من دا هیچ گرینگی
بۆی نییە کە بۆ وێنە ٣٠٠٠ ساڵ لەمەو پێش زمانی کورەیی چۆن پێش وەچووە. پێوەندی
مامۆستا و شاگرد لە پۆلی دەرس دا بە تایبەتی لە چوار چێوەی ئێران دا کاتێک باسی
قوتابیانی خولی سەرەتایی دەکەین لە سەر بنەمای موناقەشە مێژوویی و زمانناسییەکانی
ئێمە نین لە دوو هەزار ساڵ لەمەو پێش یان هەزار ساڵ لەمەوپێش یان پێنج سەد ساڵ لەمەوپێش
یان تەنانەت ٥٠ ساڵ لەمەوپێش. زمان پێوەندی و بەسترانەوەیەکی پتەوی هەیە بە
شتێکەوە کە ئێمە پێی دەڵێن ستوودنت ئایدێنتیتی واتە ناسنامەی فێرخواز واتە
هووییەتی فێرخواز. ئەوەی کە ئەو زمانە چ بووە ، ڕەهەندی مێژوویی چ بووە و
لایەنەکانی چ بوون لە پۆلی دەرسی من دا تەنێ شاگردەکەم دیاری دەکا. و ئەمن وەکوو
مامۆستا دەبێ لەگەڵ ئەو شاگردە ڕووبەڕوو ببمەوە. ئەو باسانە لە ڕوانگەی منەوە کە
مامۆستام و لێکۆلەرەوەی ئامووزشی م باسی لادەرانەن. ئەوانە باسی گرینگن بەڵام
دەکرێ لە دەرەوەی پۆلی دەرسی ئێمە بکرین. دەڵێم ئەوە گرینگە بەڵام ئەگەر دۆستان
ئەوەیان بۆ گرینگە ڕێگایەک بدۆزنەوە دوای پۆلی دەرس یانی لە دەرەوەی خوێندنگە ئەو
باسە بکەن.
جەنابی جەوادی کەسێک بڕیاری نەداوە کە دەبێ
کەمایەتییەکان زمان بەم شێوەیە یان شێوەیەکی دی بخوێنن. ئەز قەزا گەورەترین ڕەخنەی من لە سیستمی ئامووزشییەکەمان ئەوەیە کە
بۆچی دەوڵەتی ناوەندی بڕیار دەدا لە مەڕ ناوچەکان و حەول دەدا هەموو شتێک خۆی
بەڕێوەی بەرێ. لە کانادا ئێمە سکووڵ بۆرد ( بەڕێوەبەرایەتیی خوێندنگە) ی جۆر بە
جۆر مان هەیە ، قانوونەکان لە شارێکەوە بۆ شارێکی دیکە دەگۆڕدرێن و هەر ناوچەیەی
لە مەڕ خۆی بڕیار دەدا. ئێستا لەبەر ئەوەی سەبارەت بە هیند پرسیارتان کرد. ئەزقەزا
چوارچێوەی هیند لە باسەکانی لەمەڕ زمانی دایکی لە ئێران زۆر تەحریف کراوە و
هەڵگێڕدراوەتەوە. ئەمن لەو بارەیەوە بە درێژی قسەم لەگەڵ ئاجیت مۆهانتی کردووە کە
لە کتێبەکەمان دا بڵاو دەبێتەوە. بڕاونن ئێمە لە هیند دوو زمانی ڕەسمیمان هەیە،
دوو زمانی ڕەسمی کە ئی سەوروبەندی سەربەخۆیی هیندە؛ زمانی هیندی و زمانی ئینگلیسی.
بەڵام هەموو ناوچەکان، تەواوی ئەستانەکانی هیندستان ئەو مافەیان هەیە زمانی
ئامووزشتی خۆیان و زمانی ڕەسمی و پێوەندیی و ئیداریی خۆیان بۆ خۆیان هەڵبژێرن. ئایا ئەوانە هەموویان
هاتوون و زمانە ناوچەییەکانیان هەڵ بژاردووە؟ نا! بۆ وێنە ئێوە لە هێندێک ناوچان
دەبینن بڕیاریان داوە زمانی ئینگلیسی دەبێ زمانی ئامووزشت بێ. بەڵام لە زۆر لە
ناوچان ئەو هەڵبژاردنە کراوە. بۆ وێنە ئێمە لە مەر زمانی بوودۆ لەگەڵ ئاجیت مۆهانتی قسەمان کرد و ئەوەیکە کە چۆن لە
ساڵەکانی بەرایی خوێندنەوە تا ئاستی دوکتورا ئەو زمانە بە کار دەبردرێ. من تەنێ
بانگەواز دەکەم کە ئێمە دەبێ ئاوا تەماشای ئەم بابەتە بکەین کە ئەوە گەمەیەکی
نێوان ڕەش و سپی نییە ، بو وێنە ئەوە زمانی فارسی لێرەیە و ئێستا لەپڕ هەموان لە
کوردستان لە سبەینێوە دەست بکەن بە کوردی دەرس دابدەن. نا! ئێمە باسی حەقی
دەرسدادان بە زمانی
دایکی دەکەین. کاتێک ئەو مافە دەدرێ بە ناوچەی جۆر بە جۆر. ئەو ناوچانە جۆر
بەجۆرانە تازە دەبێ دەست پێ بکەن و ڕاوێژ بکەن کە پێیان خۆشە ئەوە چۆن بەڕێوە بەرن
و ئەو کارە لە هیند زۆر بەسەرکەوتووییەوە کراوە. ئەمن بە ئاجیت مۆهانتی و جیم
کامینزم دەگوت کە نیگەرانییەکی زۆر هەیە کە چێشتێکی مجێور ساز بێ و پێدەکەنین و دەیانگوت نا لە جێدا وا نییە،
کۆمەڵگەکان لە جێدا چەند زمانەن. ئەمن کە لە تاران گەورە بووم کە بەو چاویلکەیە تەماشای
ژیانی کۆمەڵایەتی دەکەم لە تاران ، حەول دەدەم کە چەند زمانێتی تاران وەبیر خۆم
بهێنمەوە و دەبینم لە ڕاستیشدا چەندە چەند زمانەین. ئێمە حەول دەدەین لە دمەتەقە
ئیدێئۆلۆژییەکەماندا ئەوە بشارینەوە. هیچ ناقەومێ ئەگەر ئەو مافە بدرێ و ئێجازە بدەین
کەمایەتییەکانمان لەو ڕووانەوە خۆیان بڕیار بدەن.
یەزدیان: ئێستا ئاغای جەوادی بەڕێوەبردنی ئامووزشی چەند زمانی
تووشی چ جۆرە چەڵەمەی ماڵی و ئامادە کردنەوە دێ و ئایا توانایی زمانی
کەمایەتییەکان شیاوی بەراوەرد کردنە لەگەڵ زمانە نێونەتەوەییەکان وەکوو ئەڵمانی و
ئینگلیسی لە ئامووزشتی پزشکی دا و ئەوەیش کە ئێوە ئاماژەتان پێ کرد؟ زۆر کورت!
عەبباس جەوادی: بڕوانە من ئاغای دوکتور کەڵان نموونەیەکی کە ئێوە
دەفەرموون ئەوەیە کە بۆ وێنە فێرخوازی کورەیی کە هاتووەتە کانادا لەگەڵ منی تەورێزی
تورک زمان کە دەچمە خوێندنگەی تەورێز ، دەبیرستانی فیردۆسی تەورێز فەرقمان هەیە. خۆ من موهاجیر نیم لە ئێران. ئەمن شاروومەندی ئێرانم.
ئەمیر کەڵان: ببوورە ، ئەمن دەبێ ووڵام بدەمەوە ببورن. بە تەواوی لە
یەکتری جیاوازن. جیاوازییەکەشیان ئەوەیە
یەزدیان: ئاغای کەلان ڕێگا بدەن ئاغای جەوادی قسەکانی تەواو بکا
دوایە گوێمان لە ووڵامی ئێوە دەبێ
عەبباس جەوادی: مەبەستی من ئەوەیە کە ئێمە ناتوانین کانادا هەڵگرین و
بڵێین وەک خۆی بۆ ئێران دروستە. مەبەستم ئەوەیە یەک، دووەم کەسێک کە موهاجیرە و
هاتووەتە کانادا یا دەچێتە خوێندنگەی فەڕانسەیی یان خوێندنگەی ئینگلیسی. لە فەڕانسە خەڵکی
ئەلجەزیرە، نازانم مەراکێش و هتد کاتێک لە ئەفریقاوە دێنە فەڕانسە دەچنە مەدرەسەی فەڕانسەیی.خوێندنگەیە کە زمانی
موشتەڕەکی هەموو فەڕانسەییەکانە. فەرهەنگی فەڕانسەیی لە سەر بنەمای چ داندراوە، لە
سەر بنەمای مەسیحییەت نییە. فەرهەنگی فەرانسە لە سەر بنەمای زمان، ڕێو ڕەسم و
فەرهەنگی فەڕانسەییە. لە سەر بنەمای زمانی فەڕانسەییە. ئەڵمانیش هەر وا.
دانمارکی،، هەڵبەت بە نەزەری من ئێوە دەتوانن لەیەکی جوێ بکەنەوە. هەموومان لێکی
جوێ بکەینەوە. هەر کەس ئازادە، دەڵێم دەوری خوێندنگە تایبەتییەکان بە باوەڕی من زۆر
گرینگە. بە نەزەری من لە ئێران دەبێ خوێندنگە خسووسییەکان مافیان هەبێ بێتوو
سەرچاوە داراییەکانی بدۆزنەوە کە دەبێ بیدۆزنەوە بۆ سیمنانی زمان و مازی زمان و
ئینگلیسی زمانیش فێرگە دروست کەن و لەوێ فیزیکیش بخوێنن. زۆر باشە. بەڵام ئەوە
بەرعۆدەیی دەوڵەت نییە بۆ منداڵێکی سیمنانی زمان یان لۆری زمان یان تورک زمان مەدرەسە، مەکتەب، کتێب و مامۆستای بیۆلۆژی یان
بۆ دابنێ. دەوڵەت ناچار نییە ئەوە بکا.
یەزدیان: مەمنوونم.
ئاغای کەڵان زۆر کورت،
ئەمیر کەڵان: ئەمنیش لەگەڵ ئەوە ڕێکم. کەس نەیگوتووە ئەوە ئەرکی
دەوڵەتە. ئەرکی دەوڵەت ئەوەیە کە مافی دەرسدادان بە زمانی دایکی بە زمانی
کەمایەتییەکان بداتە وان و کەمایەتییەکان خۆیان بڕیار دەدەن کە بەپێی هەلومەرجی
خۆیان چ بکەن. دووەوم. ئەو نموونەیەی شاگردی کوڕەیی کە من باسم کرد دەمەویست دیسان
سەرنجتان ڕابکێشم بۆ ئەوەی کە تەجروبەی پۆلی دەرس گرینگە بۆ مامۆستاکان. ئێوە
تەواو ڕاست دەکەن کە دەڵێن ئەوانە لێک جودان. با من جیاوازییەکەتان پێ بڵێم.
جیاوازییەکە ئەوەیە کە کوڕەییەک لە کانادا موهاجیرێکە بەڵام منداڵێکی کورد لە
کوردستان، منداڵێکی تورک لە ئازەربایجان ئەوانە موهاجیر نین . ئەو خاکەی ئەوێ ئی
ئەوانە و ئەگەر کەسێک حەقێکی هەبێ کە بە زمانی دایکی ئامووزش وەربگرێ بە
دڵنیاییەوە ئەوانە ئەرجەحن. نوختەی سێیەم لە کانادا
یەزدیان: ئیجازە بدە
ئەمیر کەڵان: ببوورە ئەوە زۆر گرینگە. کانادا ئاوا نییە کە ئێوە هەر
بچنە خوێندنگەی ئینگلیسی یان فەڕانسەیی. لە کانادا ئێمە خوێندنگەی چەند زمانەی
چینی – ئینگلیسی – فەڕانسەیی مان هەیە ، ئێمە خوێندنگەی ئیسپانیایی – ئینگلیسی مان
هەیە.
یەزدیان: سپاس، گوێم لە قسەکانی ئێوە بوو. ئاغای عەلەوی بە
لەبەرچاوگرتنی ئەو جیهانە بە جیهانی کراوە و ئەم ئینترنێتەی کە هەیە بۆ فێر بوونی زانستەکان ئەگەر ئێمە بمانەوێ
بەسترابێتینەوە بە زمانی کەمایەتییەکان ئایا ئەوە نازانستی نییە؟ بە گوتنێکی دی نا
ئابووری نییە؟ ئەوە بۆ ئێمە شی بکەنەوە بە چ شێوەیەکە؟
شاهید عەلەوی: بڕوانە! بە لێبڕاوی گۆڕینی سیستمی ئامووزشی تاک زمانی
بە سیستمی ئامووزشی چەند زمانی، گۆڕینی ئەو سیاسەتانە هەم تێچووی هەیە ، هەم
پێویستی بە کاری پسپۆڕانەی گەورە هەیە و لە جێدا لە چوارچێوەیەکی زانستی دا شیاوی
جێ بە جێ کردنە. تەنانەت شکڵی ئەو سیستمەش بەستراوەتە بە ڕای پسپۆڕان بۆ وێنە منداڵ لە پایەیەکی دەرسی ڕا، کە ئەوە
لە ڕاستیدا خەریکە لە جیهان دا بەڕێوە دەچێ. بۆ وێنە فیزیک بە زمانی ئینگلیسی
دەخوێنێ ساڵی دواتر شیمی بە زمانی فەڕانسەییە بۆ وێنە دەرسی زیندەوەرناسی بە زمانی
ئینگلیسی یە. ئەو لێکدانی زمانییە یارمەتی دەکا بە ئەوەی کە ئێمە بزانین ئەو
سیاسەتە چۆن بەڕێوەبچێ.ئاوا نییە ئێمە بڵێین لەم ڕۆوە فڵان زمان و زمانەکانی دی فت
بکرین. بەڵام لە ڕووی ئابوورییەوە بهێڵن با عەرزتان بکەم هیچ سەرمایەدانانێک بە
نرختر نییە لە هێزی ئینسانی. ئەو هێزی ئینسانییە ی کە توانایی چەند زمانی هەیە و
جۆراوجۆری فەرهەنگی ئێمە بەو شکلە ڕادەهێزێنین هەرچەندیشی کە تێ بچێ لە ڕاستیدا لە
ڕووی ئابوورییەوە تێچوویەکی جێی پەسند و جێی پەژراندنە. ئەوەی کە ئێمە لە ئێران
گیروگرفتی ماڵیمان هەیە باسێکە لە قۆناغی بەڕێوەبردن دا خۆی
نیشان دەدا و دەبێتە هۆی ئەوە کە ئەو سیاسەتە بەرەبەرە و هاوگونجاو لەگەڵ ئیمکانات
بەرەو پێش بچێ. بەڵام بەرپەرچی ئەوە ناداتەوە کە سەرمایەدانان لە سەر هێزی ئینسانی
سەرمایەدانانێکە کە خۆی لێ نابوێردرێ. لە مەڕ توانایی زمانەکان من ڕستەیەکتان عەرز
بکەم ئێمە تەجروبەمان هەیە، تەجروبەی
جیهانی...
یەزدیان: بۆ وێنە فیزیکی کوانتۆم بمانەوێ بە کوردی بیڵێینەوە!
شاهید عەلەوی: تا ئەو جێگای کە من دەزانم لە خوێندنگە ئامادەییەکان و
لە بەشێک لە خوێندنی زانکۆ ، هەموو دەرسەکان لە زانکۆکانی کوردستان بە زمانی کوردی
دەگوترێنەوە. بەڵام فارسیش بۆ فیزیکی کوانتۆم دە بیست ساڵ لەوە پێش ئامادە نەبووە.
لە قۆناغی ئامووزش و بەکارهێنانە کە ئەو زمانە قابیلییەتەکانی خۆی نیشان دەدا.
هێندێک بەرتەنگی زمانناسانە هەیە ، لەمەڕ توانایی لێکدانی پەیڤ و ووشان و سازکردنی
ووشە و پەیڤی تازەتر بەڵام، ئەوە نکووڵی لەوە ناکا کە ئێمە سەرمایەی لە سەردانەنێین
چونکە حەوجێمان پێیەتی.
یەزدیان: دەکرێ ئەو زانستانە بە زمانی ماکێش بە دەرس دابدرێن.
دەی ئاغای جەوادی ڕوانگەیەکی دیکەش هەیە لە ئێران و لەو دواییانە دا لە نێو
منداڵانی چینی ناوەڕاستی شارنشین مرخ بۆ خوێندن بە زمانی ئینگلیسی ساز بووە و لەو دواییانە دا
میدیاکانی بنچینەگر وەک 'رجا نیوز' و 'خەبەرگوزاری فارس ' کاردانەوەیان نیشان داوە
لە ئاست برەو پەیدا کردنی ئەو جۆرە فێرگانەی زمانی ئنگلیسی بۆ منداڵان و داوایان کردووە ئەو جۆرە فێرگانە دابخرێن. وا
وێدەچێ کە شێوەی بیرکردنەوەی دەوڵەتی ئێران هەر لە مەڕ فێربوونی زمانە غەیرە
ڕەسمییەکان، زمانی کەمایەتییەکان نییە! زۆر کورت هەر نزیکەی دەقیقەیەکمان ماوە بۆ
کۆتایی بەرنامە!
عەبباس جەوادی: ئیزنم بدە کە ئەم قسەی پێشووی خۆم دووپاتە بکەمەوە
لەگەڵ حەقی فێر کردن و خوێندنی زمان، هەر زمانێکی کە ببێ و قسەی ئێوە تەواو دروستە
لەوانەیە ئینگلیسی تەرجیحی یەکەمی زۆربەی خەڵک لەهەموو گۆشە و کەناری ووڵاتی ئێمە
و لە ووڵاتەکانی دی وەکوو عێڕاق و تورکییە بێ. بەڵام من تەنیا نیگەرانیم ئەوەیە کە
زمان، سیاسەتی زمان ئەو جۆرەی لە عێڕاق کراوە هاوتەریب لەگەڵ هۆکاری سیاسی دەگاتە
ئینشیعاب و ئیفتیڕاق و جودایی هەموو خەڵک. ئەو جۆرەی کە دەڵێن ئەمنی بەسرەیی
عەڕەبی زمان نەتوانم بچم لە ئەربیلی کورد زمان نەتوانم دەرس بخوێنم ، تەحسیل بکەم.
ئەوە کارەساتە بە ڕای من ، ئەوە شتێکە کە بە بیروڕای من نابێ ئیجازە بدەین لە
ئێران دووپاتە ببێتەوە.
یەزدیان: ئاغای کەڵان: لەو هەلومەرجە دا ئەرکی مامۆستایان و
لێکۆلەرەوان چییە؟ زۆر کورت، هەر ٣٠
سانییەمان کات ماوە.
ئەمیر کەڵان: سپاس، قسەکانم بەوە تەواو دەکەم کە بڵا لە ئامووزشی
چەند زمانە نەترسێین ، ئامووزشی چەند زمانە هەمیشە یارمەتی کردووە بە گەشە کردنی
هەموو ئەندامانی کۆمەڵگە چ ئەندامانی حەشیمەتی زاڵ و چ کەمایەتییەکان، قسەکانم بەو قسەیەی جیم
کامینز تەواو دەکەم: " کاتێک باسی چەند زمانیی بۆ منداڵانی دەوڵەمەند و
منداڵانی ئەوکەسانەی کە دەستەڵاتیان هەیە دەکرێ هەموو تەشویقی دەکەن بەڵام کە
دەگەینە کەمایەتییەکان هەموو ناڕەحەت دەبن. مەترسن لە چەند زمانێتی.
یەزدیان: بە سپاس لە ئاغایان جەوادی، عەلەوی و کەڵان بەرنامەی
'افق' کۆتایی پێ دەدەین. شەوتان خۆش بێ.
No comments:
Post a Comment