چاکسازییەکانی حەیدەر ئەلعەبادی، میدیای عەڕەبی لە عێڕاق و بارودۆخی پەنابەران
چاکسازییەکانی حەیدەر ئەلعەبادی، میدیای عەڕەبی لە عێڕاق و بارودۆخی پەنابەران
وتووێژ لەگەڵ کەماڵ
چۆمانی ڕۆژنامەنووس و لێکدەرەوەی سیاسی
بێنەرانی خۆشەویست بە
خێربێنەوە بۆ بەرنامەیەکی دیکەی 'ڕاوێژ'. لەم بەرنامەیە دا میوانداری دەکەین لە
بەڕێز کەماڵ چۆمانی ڕۆژنامەوان و هەر وەها لێکدەرەوەی سیاسی. دیارە بەڕێزیان
پێشتریش میوانی بەرنامەی ' ڕاویژ ' بوون.لەم 'ڕاوێژ' ە دا بەتایبەتی
باسی عێڕاقی عەڕەبی دەکەین چونکە زۆر جار وا هەیە لەو باسانەی دا کە سەبارەت بە
عێڕاق و باشووری کوردستان دەکرێ باسی ئەو بەشانەی کە سەر بە کوردستان نییە واتە
عێڕاقی عەڕەبی زۆر کەمتر باس دەکرێ. وەک ئاگادارن لەو دواییانە دا، لە سەرەتای
مانگی ئووت هێندێک پڕۆتێست و ئعترازات بەڕێوە چوو بە دژی ئەو گەندەڵییانەی کە لە
سیستمی عێڕاق دا هەیە، داوخوازی ئەوە کرا هێندێک ئاڵوگۆڕ بکرێ. دیارە حەیدەر
ئەلعەبادی سەرۆک وەزیری عێڕاق لەو بارەیەوە هێندێک حەولی داوە. لەم بەرنامەیە دا
لەو پێوەندییانە دا و هەر وەها لەمەڕ فۆنکسیۆن و دەوری چاپەمەنی لە عێڕاق دەدوێین
لەگەڵ بەڕێز کەماڵ چۆمانی.
قازی: زۆر زۆر بە خێر بێی کاک
کەماڵ!
چۆمانی: زۆر سپاس مامۆستا.
خۆشحاڵم جارێکی دیکە لە بەرنامەی ' ڕاوێژ ' دا لە گەڵتانام.
قازی: زۆر زۆر بە خێر بێی.
دیارە، هێشتا ساڵێکی بە سەر نەچووە کە یەکتریمان دیت. زۆر خۆشحالین لەو بەرنامەیە
دا لەگەڵ بەڕێزت دیسان قسە دەکەین. وەکوو باسم کرد سەبارەت بەو ڕێفۆرمانەی حەیدەر
ئەلعەبادی کە وا بزانم لە حەفتەی یەکەمی مانگی ئووت دا باسی لێوە کرد جەنابت
چی لە سەر دەڵێی؟ وا بزانم ٧ مادەیەکی پێشکێش کرد و بۆ ئەوە پشتیوانی مەرجەعییەتی
شێعە وا ئایەتوڵا سیستانی لەگەڵ بوو. لەو زەمینانە دا ئەگەر بتوانی هێندێک
ئاگاداری بدەی.
چۆمانی: خۆتان ئەزانن هەر دروست
بوونی عێڕاق لە بیستەکانی سەدەی ڕابردووەوە، دروستبوونێکی سەپاندن بووە بە سەر
نەتەوە و ئایینزا جیاوازەکانی عێڕاق دا. شتێک نەبووە بە ناوی عێڕاق. داگیرکار هاتووە
عێڕاقێکی دروست کردووە، بۆیە پێکەوە ژیان لە نێوان ئەو نەتەوانە دا تا ڕادەیەک
سەخت بووە و لە ڕابردوو دا ئەوە سەلمێندراوە لە زۆربەی حکوومەتە یەک لە دوای
یەکەکانی عێڕاق دا هەمیشە لایەنێک، هەمیشە نەتەوەیەک ، ئایینزایەک
چەوسێندراوەتەوە لایەنەکی تر لە بەرانبەر دا هەوڵی شۆڕشگێڕی و هەوڵی خەباتی داوە.
ئەگەر زۆر نەگەڕێینەوە مێژوو لە دوای ٢٠٠٣ قۆناغێکی نوێ دەستی پێکرد لە عێڕاق دا.
ئەم قۆناغە قۆناغێک بوو کە عێڕاقییەکان بۆ یەکەم جار بە ویستی خۆیان جارێکی دیکە
هەوڵ دەن عێڕاقێکی نوێ دروست بکەنەوە. دروست کردنەوەی ئەو عێڕاقە زەحمەت بووە یانی
بۆ یەکەم جار لە عێڕاقی نوێ دا لە دوای ٢٠٠٣ توانرا هەموو نەتەوە و ئایینزا
جیاوازەکان لە عێڕاق دا نوێنەرایەتییان هەبێ و نەتەوە جیاوازەکان، ئایینزا
جیاوازەکان خۆیان بتوانن دەنگی خۆیان بگەیێننە ئەو حکوومەتە بەڵام، دیسان
ئەو حکوومەتە بە تایبەتی دوای ئەوەی شیعە بالا دەستی نواند لە ناو دەلەت عێڕاق
حکوومەتی عێڕاقی دا، هەوڵیان دا جۆرێک ئینتیقام بە تایبەتی بەرانبەر بە سوننە
بنوێنن. ئەم ئینتیقامە وای کرد کە دۆخی عێڕاق، خۆتان ئەزانن لەمڕۆ دا
گەیشتووەتە دۆخی بە سەدان هەزار کەس لە عێڕاق دا کووژراوە. لە بەرانبەر
ئەوەی دا کە شیعە جارێکی تر هەوڵی چەوساندنەوەی لایە سیاسییە سوننەکانی دا،
سوننەکانیش کۆمەڵێک ڕێکاریان گرتووەتە بەر بۆ ئەوەی بتوانن مافەکانی خۆیان لە
حکوومەتی عێڕاقی دا بە دەست بێنن. لە هەمان کاتیش دا دوای ٢٠١٠ بە تایبەت
دەرکەوت لە عێڕاق دا تەنها کێشەی سوننە و شیعە نییە، کێشەی نێوان کورد و شیعە
نییە، کێشەی نێوان کورد و عەڕەب، یان تورکومان و کورد و عەرەب نییە. بەڵکوو
کێشەیەکی زۆر گەورەتر هەیە کە کێشەی جۆری حوکمڕانی یە، جۆری دێمۆکڕاسی یە،
جۆری پێشکەش کردنی جۆری خزمەت گوزارییەکانە بە تاکی عێڕاقی و ووڵاتییانی
عێڕاقی. لە بەر ئەوە بە خۆپیشاندان، دەنگی ناڕەزایی لە دوای ٢٠١١ بە تایبەت
دوای بەهاری عەڕەبی، لە عێڕاقیش دا دەستی پێکرد. بەڵام، لەو کات دا بۆ خۆتان
دەزانن حکوومەتی مالیکی زۆر بە خراپ ڕووبەڕووی خۆپیشاندەران بووەوە، چ خۆپیشاندەرە
شیعەکان ، و چ بە تایبەتتریش خۆپیشاندەرە سوننەکان. خۆ پیشاندانەکانی بە
ئاگر و ئاسن چەوساندەوە. لە مەنتەقەی حەویجە و لە مەنتەقەکانی دیکە دا ئەو
کەمپانەی کە دروست کرا بوون بۆ ئەوەی خۆ پیشاندەران ناڕەزایەتییان دەردەبڕی،
هەموویان بە چەک و بە شۆفڵ تەخت کران و چەندان خۆپیشاندەر کووژران. دوا بە دوای
ئەوەش سیاسیی عێڕاقیش دەر کران لە عێڕاق دا. ئەم دۆخە یەکەم تەقاندنەوەی
عێراقییەکان بوو بە ڕووی تەواوی سیاسەتمەدارانی عێڕاقی دا چونکە پێشتر شیعەکان
ئەیانتوانی، سوننە و کورد ئەیانتوانی وا لە خەڵکی خۆیان بگەیێنن کە بەڵێ لە
بەر فڵان هێزی سیاسیی عێڕاقییە کە دۆخی عێڕاق بەم جۆرەیە بەڵام، لە دوای ٢٠١١ بۆ
یەکەم جار تەواوی عێڕاقییەکان کۆک بون لە سەر ئەوەی کێشەیەک هەیە، کێشەکە
گەورەترە، هەر وەک باسم کرد حوکمڕانی یە، خزمەتگوزاری یە، عەدالەتی کۆمەڵایەتی یە.
ئەم خزم خزمێنەیە کە لە ناو سیستم دا هەیە و هەر وەها لە هەمووی خراپتر
گەندەڵی یە کە عێڕاقی بەو دۆخە گەیاندووە چونکە ئەگەر گەندەڵی نەبوایە جۆرێک لە
حوکمڕانییەکی شەفاف و عادیلانە هەبوایە عێڕاقییەکانیش هانایان بۆ توند و تیژی و بۆ
شەڕ نەئەبرد. هەر لە بەر ئەوەش بوو لە ٢٠١١ نەک هەر سوننەکان بەڵکوو شیعەکان و
کوردەکان و تورکومانەکان هەموویان پێکەوە کۆک بوون لە سەر ئەوەی کە بەرانبەر سیستم
بوەستنەوە. لە ئێستا دا دەبینین، بە تایبەتی لە دوو مانگی ڕابردوو دا، دوای ئەوەی
لە ساڵی ڕابردوو حکوومەتی عەبادی پێک هات کۆمەڵێک وەعدی گەورە دران بە
ووڵاتییانی عێڕاقی بەڵام، ئەو وەعدانە نەتوانرا جێ بە جێ بکرێن. کە وەعدەکان
نەتوانرا جێ بە جێ بکرێن ، هەڵبەتە ناڕەزایەتییەکانی خەڵک ڕۆژ بە ڕۆژ گەورەتر
بوون. ناڕەزایەتییەکان لە هەموو پارچەکانی عێڕاق دا گەورە بوون، بە تایبەت لە
پارچە عەڕەبییەکەی وەک باست کرد بۆیە ووڵاتییانی عێڕاقی ئەمجارە، جارێکی تر
هاتنەوە سەر شەقامەکان. کە ووڵاتییان هاتنەوە سەر شەقامەکان لەم جارەیان دا تەنیا
گرووپێکی ئیسلامی یا خود گرووپێکی عەلمانی یاخود گرووپێکی چەپ نییە بەڵکوو پێکەوە
بوون یەعنی هەموویان پێکەوە لە مەیدانی ئازادی دا ، لە بەغداد دا، لە ناوچەکانی
دیکەش دا
قازی: یانی شیعە و سوننە
بەیەکەوە
چۆمانی: بەڵێ هەموویان پێکەوە.
ئەم خۆ پیشاندانانە؛ سەرەتا هەوڵێک درا کە خۆپیشاندانەکان زۆر دژی حکوومەتی عەبادی
بەکار بهێنن بەتایبەت لە گرووپی مالیکی و لە باڵی مالیکی لە ' دەوڵەتی یاسا
' و لە ناو شیعەکان دا بۆ ئەوەی بتوانن وا پیشان دەن کە بەڵێ کێشە لە مالیکی
نەبووە کە ناڕەزایەتی هەبووە لە ڕابردوو دا ، گەندەڵی هەبووە. هەوڵیان دا ئەم
ناڕەزایەتییە زیاتر بیخەنە ئەستۆی عەبادی بەڵام، عەبادی زۆر زیرەکانە، زۆر
زیرەکانە توانی ئەم ناڕەزایەتییانە لە بەرژەوەندی خۆی بەکار بێنێ و
خۆشی وا نییە عەبادی ئینسانێکی زۆر تەکنۆکڕات و ئینسانێکی، دەوڵەتمەدارێکی گەورە
بێ بەڵام، توانی ئەم ناڕەزایەتییانە لە بەرژەوەندی حکوومەتەکەی بە کار بێنێ.
قازی: زۆر باشە ئێمە لێرە ئەگەر
ئیستێک بگرین. دیارە وا بزانم ئەو پڕۆژەیەکی ٧ مادەیی پێشکێش کردووە . ئەگەر
بمانەوێ جەختی لە سەر بکەینەوە ئەو ڕێفۆرمانەی کە دەیەوێ بیانکا چین؟ یەک لەوانە
وابزانم کەمکردنەوەی پلە و پایەکانە مەسەلەن سێ جێگری سەرکۆمار هەیە، سێ جێگری
سەرۆکوەزیر هەیە. وا بزانم دەیەوێ ئەو پلانە لابەرێ. باشە ئەوە هیچ تەئسیر ناکا لە
باڵانسی هێز لە نێوان شیعە و سوننە دا بە لەبەرچاو گرتنی ئەوەی وەک دەزانین لە
باری جوغرافیاییەوە و تەنانەت لە ڕووی دانیشتووانیشەوە بەشێکی زۆر لە سوننەی عەڕەب
ئێستا لە ژێڕ دەستەڵاتی حکوومەتی مەرکەزی عێڕاق دا نین.
چۆمانی: بەڵێ. جا بۆیە ئەگەر
زیاتر ڕوونی بکەینەوە. عەبادی لەم ڕێفۆرمانەی کە ڕایگەیاندووە لە ژێر
تەئسیری جەماوەر دا بوو بەڵام، زوو چونکە لە عێڕاق دا بە تایبەتی لە ناو حوکمڕانی
بەشە عەڕەبییەکەی دا، بە تایبەت لە ناو شیعە دا ئەگەر تۆ لایەنی مەرجەعییەتی شیعە
بە تایبەتتر سیستانی ت لە پاڵ پشت نەبێ ناتوانی هیچ چاکسازییەک ڕابگەیێنی و ئەگەر
سیستانی دژی هەر کەسێک قسە بکا لە عێڕاق دا ئاسانە ئەم دژایەتییە کۆتایی پێ بهێنێ،
هەر وەک دیتمان بڕیاری دا مالیکی لا بچێ کە لاش چوو. بۆیە عەبادی زوو هەوڵی دا ئەم
ناڕەزایەتیانە لە بەرژەوەندی خۆیان بە کار بێنێ، وە پشتیوانی مەڕجەعییەت بە
دەست بێنێ. کە پشتیوانی تەواوی مەڕجەعییەتی بە دەست هێنا ئینجا لە بەر ئەوەی
تەواوی عێڕاقییەکانیش ماندوون لە گەندەڵی و ئەو جۆرە لە حوکمڕانێتییە لە بەر
ئەوە توانی زۆر ئاسان کۆمەڵێک چاکسازی زۆر ڕیشەیی ڕابگەیێنێ، چاکسازی وا ڕابگەێێنێ
کە ئەگەر بێتوو بە سەر ئەم چاکسازییانە دا زاڵ بێ ئەوە لە داهاتوو دا چاکسازی
گەورەتری بە دوو دا دێ. چاکسازییەکان ڕاستە وەک ئەوەی باست کرد لەوانەیە جۆرێک لە
باڵانسی ڕەنگدانەوەی هێز و ئایینزا و نەتەوە جیاوازەکان لە عێڕاق دا لە حوکمڕانی
عێڕاق دا ڕەنگدانەوەیەکی وا هەبێ بەڵام لەم جارەیان دا خۆشبەختانە بە تایبەت
ووڵاتییانی عێڕاقی نەک لایەنە سیاسییەکان خۆشحاڵن بەوەی کە جۆرێک لە چاکسازی
ڕاگەیێندراوە عیلاقەی بە کورد و شیعە و سوننە و تورکومان و ئایینزاکانی دیکەوە
نییە بەڵکوو پەیوەندی بە جۆری حوکمڕانێتییەوە هەیە.
قازی: ئەوە تا ڕادەیەکیش
دەگەڕێتەوە سەر شێوەیەی دابەشکردنی پلە و پایە لە بەینی پێکهاتە جۆر بە
جۆرەکان. بە لەبەر چاو گرتنی ئەو سیستمەی کە ئەمریکاییەکان لە زەینیان دا
بووە لە بارەی حکوومەتی لە عێڕاق واتە دابەشکردنی دەسەڵات لە سەر ئەساسی
شیعە و سوننە و کورد. ئەو هەوڵەی عەبادی هیچ دژایەتییەک دروست ناکا لەگەڵ ئەو
چوارچێوانەی کە لە بەر چاو بووە؟
چۆمانی: ئەمە پرسێکی گەورەیە بە
ڕاستی. لە ئێستا و لە ڕابردووی عێراق دا هەبوو و لە داهاتووی عێڕاقیش دا
بوونی ئەبێ. ئایا حوکمڕانی عێڕاقی حوکمڕانیتێک بێ لە سەر ئەساسی دابەشکردنی
پۆست و دابەشکردنی حکوومەت لە نێوان ئایینزا و نەتەوە جیاوازەکانی عێڕاق
دا یا خود لە سەر بنەمایەکی دێمۆکراسی بێ کە هێزێک توانی لە
هەڵبژاردنەکاندا بباتەوە و حوکمڕانی پێک بێنێ. لە ئێستا دا ئەم پرسیارە پرسێکی
گەورەیە ، هەڵبەت عێڕاق ناتواندرێ هەر لە لایەن یەک لایەنەوە بەڕێوە ببردرێ هەر وەک
چۆن لە ڕابردوو دا سەلمێنراوە ئەگەر لایەنێک توانیبێتی حکومەتێکی مەرکەزی بە قووەت
بە دەست بێنێ ئەوە لە سەر حیسابی نەتەوە و ئایینزا جیاوازەکانی دیکە بووە کە
لە عێڕاق دا بوونیان هەیە. بەڵام، لە ئێستا دا ئەم پرسە، ئەم چاکسازییانە
پێشوازی لێ دەکرێ بە تایبەتی لە لایەن ووڵاتییانەوە چونکە ووڵاتییان
گەیشتوونەتە قەناعەت گرینگ نییە سەرۆکوەزیرانێکی کورد لە بەغدا
بێ یا خود شیعە یاخۆد سوننە بەڵکوو، سەرۆکوەزیرانێک بێ کە بتوانێ چاکسازی
بکا، گۆڕانکاری بکا. بەڵام، بێ گومان نە لە ئێستا دا و نە لە داهاتووش
دا ئەم ڕەنگدانەوەی کە لە کۆی جومگە سیاسییەکانی عێڕاق دا هەبووە
ناتوانرێ وەلا بنرێ و هێزێکیش ناتوانی لە عێڕاق بە تەنیا حوکمڕانی بکا.
قازی: باشە ئێستا ئەگەر هێندێک
زیاتر ڕوونی بکەینەوە. کێهەن ئەو چاکسازیانە، لابردنی پۆستەکانە یان شتی دیکەشە؟
چۆمانی: کۆمەڵێک چاکسازی ڕاگەیێندراون
بە تایبەت لابردنی ئەو پۆستانە؛ جێگری سەرۆک وەزیران، جێگری سەرۆک کۆمار ئەوانە
پۆستی گەورە بوون کە لا براون و هەر وەها وەزاڕەتەکان چونکە بڕیار درا لە
ئەنجومەنی وەزیران دا و پەرڵەمانیش تەسدیقی کردووە. هەر چەندە ئەمە کێشەی هەبووە،
هەر چەندە جارێکی تر کە مالیکی لە ئێران گەڕایەوە و ئێران هەمیشە پشتیوانی مالیکی
دەکا وەک جێگری سەرۆک کۆماری عێڕاق گەڕایەوە عێڕاق.
قازی: وا بزانم مالیکی دژی ئەو
ڕێفۆرمانە نەبووە. نوجەیفیش دژ نەبوو
چۆمانی: مالیکی دژ نەبوو، هیچ
لایەنێک تا ئێستا نەیتوانیوە دژایەتی بکا، چونکە ئەمە ڕای شەقامە. دژایەتی لەگەڵ
ڕای شەقام خەتەرێکە لە داهاتووی ئەو هێزانە دا دروست دەبێ. دژایەتی نەکردووە بەڵام
مالیکی دژی ئەو چاکسازییانەیە چونکە چاکسازییەکان ڕاستەوخۆ دژ بەون، هەر لە بەر
ئەوەشە کە گەڕایەوە لە ئێران وەکوو جێگری سەرۆک کۆمار ناوی هێندرا تەنانەت لە
لایەن ئێرانییەکانیشەوە. لە هەمان کات دا چاکسازییەکی دیکە ئەوەیە کە کۆمەڵێک
وەزاڕەت هەن لە عێڕاق دا کە وەزاڕەتەکان دەبێ کەم بکرێنەوە. پێویست ناکا سی
وەزاڕەت یا بیست و دوو وەزاڕەت هەبێ بەڵکوو پێویستە پازدە وەزاڕەت هەبێ. ئەم
پازدە وەزاڕەتە وا دەکا کۆی کێشەکانی عێڕاق چارەسەر بکا. لە بری ئەوەی بوودچەیەکی
زەبەلاحی عێڕاق بڕوا تەنها بۆ وەزاڕەتەکان و کەسایەتییەکان. لە هەمان کات دا
یەکێکی دیکە لە چاکسازییەکان کە عێڕاقییەکان زۆر لێی بێزارن کەم کردنەوەی پاسەوانی
بەرپرسە عێڕاقییەکانە. پاسەوان لە عێڕاق لیوایەکی تایبەت بە خۆی هەیە. فەوجێکی
تایبەت بە خۆی هەیە . ئەمە وای کردووە بوودجەیەکی میلیارد دۆلاری مانگانە
بکەوێتە سەر عێڕاق بێ ئەوەی هیچ خزمەتێک بە عێڕاق بکا. لەکاتێکا ئەگەر مەترسی هەبێ
تەنها لە سەر بەرپرسانی عێڕاقی نییە بەڵکوو لە سەر تەواوی ووڵاتییانی
عێڕاقییە. لە بەر ئەوە ئەم چاکسازیانە کە وەکوو چاکسازی سەرەتایین زۆر پێشوازی لێ
کراوە. یەکێک لە چاکسازییەکانی دیکە کە بە ڕاستی ئەمە قورس ئەبێ ئەمەیە کە
عەبادی ڕایگەیاندووە لێ پێچینەوە لە مەلەفەکانی گەندەڵی بکا و ئەو
گەندەڵانەی کە هەبوونە جارێکی دیکە دژایەتی بکرێن لە ناو ببرێن. ئەمە زەحمەت ئەبێ
زۆر سەخت ئەبێ چونکە لە عێڕاق دا هەر لە لایەکدا کەسانی گەندەڵ نین، لە
هەموو لایەنەکان کەسانی گەندەڵ لە ناو حکوومەت دان چونکە ئەوانە لە ٢٠٠٣ وە تا
ئێستا لە ناو حوکمڕانێتی عێڕاقی دا بوون بێ ئەوەی هیچ موئسیسەیەکی بە قووەت هەبێ لە
عێڕاق دا. لە بەر ئەوە لەو چەند ڕۆژەی ڕابردوو دا بڕیارێکی وا دەرچووە کە کوڕەکەی
مالیکی لێپێچینەوەی یاسایی لەگەڵ بکرێ لە سەر ئەو گەندەڵییانەی کە ڕووبەڕووی
کراوەتەوە. لەبەر ئەوە، لە دوای ئەمە چاکسازی دیکە دێتە ڕوو. بەڵام ئایا دەتوانی
عەبادی لەم چاکسازیانە دا سەرکەوتوو بێ یا خود نا؟ چونکە چ لە ناوخۆ و چ تەنانەت
لە ووڵاتانی دەرەوەش یانی بە تایبەت ئێران خۆشحاڵ نین بەو چاکسازیانەی عەبادی.
قازی: سەبەب چییە کە خۆشحاڵ نین
پێت وایە؟
چۆمانی: ئێران خۆشحاڵ نییە بەو
چاکسازیانەی عەبادی چونکە ئێران نایەوێ عەبادی سەرکەوتوو بێ. ئێران وا تەماشای
عەبادی دەکا عەبادی کەسایەتییەک نییە ئەوەندە لە ئێران نزیک بێ ئەوەندەی کە لە
ئەمێریکا نزیکە. لە لایەکی دیکەوە ئێران زۆر بە لایەوە گرینگە ئەوانەی کە لە
ڕابردوو دا لە پێناو کۆماری ئیسلامی دا شەڕیان کردووە یا خود بڵێین لە ئێران دا
شتێکی وا هەیە کە ئەوانەی مەلەفیان هەیە
قازی: وەک ئەوانەی بە ساز کردنی
سپای 'بەدر' ەوە خەریک بوون.
چۆمانی: بەڵی، ئەوانەی کە
مەلەفیان هەیە لەئێران بوونە. مێژوویەکی هەیە ئێران لە گەڵیان، لە دەست و پەنجە
نەرم کردن لە گەڵیان دا، ئیش کردن لە گەڵیان، دەیەوێ ئەوانە لە حوکمڕانی عێڕاقی
بن. بۆیە ئەگەر عەبادی لەمە سەرکەوتوو بێ ئەو کەسایەتییانە ناتوانن جارێکی دیکە لە
نێو حوکمڕانی عێڕاقی دا جێ پێی خۆیان بگرن بە تایبەت مالیکی.
قازی: زۆر باشە کاک کەماڵ! تا
ئەو جێگایەی لە چاپەمەنی دا ڕەنگی دابێتەوە لەو پڕۆتێستانەی لە بەغدا کرا، لە
مەیدانی تەحریری بەغدا دا دەوری هاووڵاتی کورد چۆن بووە؟ بەشدارییان هەبووە؟
چۆمانی: خۆتان دەزانن دوای ٢٠٠٣
ووڵاتییانی کورد کەمتر لە بەغدا دەژین یا خود لە ناوچەکانی دیکەی عەڕەبی
قازی: دیارە لە عێڕاق لە ناوچەی
غەیری کوردستان دانیشتووی کورد هەیە ئیدی واتە کۆمەڵگەی کوردی هەیە.
چۆمانی: بەڵێ. لە ناوچە
کوردییەکان ئەگەر تەماشای میدیای کوردی بکەین یا خود تەماشای ڕای گشتی هەرێمی
کوردستان بکەین ...
قازی:
لێرە دا مەبەستم ئەو
کوردانەی دەرەوەی هەرێمی کوردستانە.
چۆمانی: ڕاستی من نازانم.
ئەوەندەی بینیبێتم تەنها شیعە و عەڕەبەکان بەشدار بوونە لە مەیدانی تەحریر دا، نەم
بینیەوە کورد. چونکە خۆتان ئەزانن کورد تەنانەت کورسییەکی پارڵمانیشی نییە لە
بەغدا چون بتوانێ بەشدار بێ لە خۆپیشاندانەکان دا، بۆیە لەوانەیە کوردە فەیلییە
شیعەکان بەشدار بووبن. کوردە فەیلییەکان، بەڵام من نازانم.
قازی: مەبەستت چییە لەوەی کە
کورد کورسی پارڵمانی نییە لە بەغدا دا؟
چۆمانی: یانی لە بەغدا دا کورد
نەیتوانیوە کورسییەکی پارڵمانی بە دەست بێنێ.
قازی: یانی کوردەکانی دانیشتووی
بەغدا
چۆمانی: بەڵام زۆریش لە کوردەکان
دوای ٢٠٠٣ هاتوونەتەوە.
قازی: بەڵام وا بزانم ئەو
کوردانەی کە پێیان دەڵێن کوردی فەیلی ئەگەر دەنگیان نەدابێ بە کوردەکان، هێندێکیان
دەنگ دەدەن بە پارتیی غەیرە کوردی وایە؟
چۆمانی: وایە! ئەوان زیاتر لەگەڵ
هێزە شیعی یەکان دان چونکە لە لایەکەوە هێزە شیعی یەکان توانیویانە زیاتر باوەشیان
بۆ بکەنەوە، لەلایەکیش بە هۆی دیدی ئایینیان بۆ مەسەلە سیاسییەکان. بەڵام، لە
هەرێمی کوردستان دا وەک باسم کرد، یانی ئەگەر تەماشا بکەی ، هەر چەندە هەرێمی
کوردستان و سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان پێشوازییان لە چاکسازییەکان کرد لە هەمان
کاتدا شەقامی کوردیش هەم پێشوازی لە چاکسازییەکان کردووە، هەمیش ئەوە بە دەرفەتێک
ئەزانێ بۆ ئەوەی ڕەخنە لە حکوومەتی کوردستان بگرێ بۆ ئەوەی ئەویش چاکسازی بکا.
قازی: باشە کاک کەماڵ
بەلەبەرچاو گرتنی ئەوەی وەکوو پێشتر ئیشارەیەکی کورتم پێ کرد بەشێکی زۆر لە خاکی
دەوڵەتی عێڕاق بەو شێوەیە لە لایەن هێزێکی کۆنەپەرستی خوێنخۆری وەکوو داعش داگیر
کراوە، پێت وایە ئەو ڕێفۆرمانەی کە بەڕێز عەبادی باسیان لێوە دەکا چەندە
ئیمکانی سەرکەوتنی هەیە؟ یانی لێرە سەرکەوێ و لە مووسڵ سەرنەکەوێ،
چۆمانی: بەڵێ. ڕاستی ئەو
چاکسازیانە کاریگەرییەکی پۆزیتیڤی ئەبێ لە سەر پێشخستنی کۆی سیاسەت و حوکمڕانی لە
عێڕاق دا، لە بەر ئەوەی سوننەکانیش پێشوازییان لە چاکسازییەکان کردووە ئەکرێ ئەمەش
دەرفەتێک بداتە ئەو سوننانەی کە ئێستا لە ژێر دەسەڵاتدارێتی داعش دان و تەسەورێکی
دیکەیان لا دروست بێ کە بەڵێ ئەوەتا حکوومەتی عێڕاقی خەریکی چاکسازی یە بۆ ئەوەی
ئەوانیش فشار لە دەوڵەتی ئیسلامی بکەن، داعش بکەن. هەم فشاری لێ بکەن هەمیش چیتر
پشتیوانی نەکەن ئەگەر پشتیوانی دەکەن لە دەوڵەتی داعش . لە هەمان کاتیشدا بە هۆی
گەندەڵی یەوە حوکمڕانی عێڕاقی نەیتوانیوە لە هیچ جومگەیەکی سیاسەت و حوکمڕانی دا
سەرکەوتوو بێ بۆیە ئەگەر بێتوو ئەو چاکسازییانە سەرکەوتوو بێ حکوومەتی
عێڕاقی بودجەیەکی باشتری بۆ ئەگەڕێتەوە، ئەم بوودجەیە ئەتوانی لە بری ئەوەی
لە گەندەڵی سەرف بکرێ، ئەتوانرێ لە پێشخستنی سوپا سەرف بکرێ، لەوەی کە زیاتر بە
سەربازی کردنی خەڵکی عێڕاق سەرف بکرێ بۆ ئەوەی بتوانرێ لە ڕووبەڕوو بوونەوەی داعش
دا بەکار بهێندرێ بۆ ئەوەی ئەم هەڕەشەیەی کە ئێستا لە سەر عێڕاق دایە لە داهاتووش
دا بەردەوام نەبێ، بتوانرێ لا ببرێ.
قازی: زۆر باشە. بە لە
بەرچاوگرتنی نزیکی ' سپای بەدر ' لە ئێران ، لە لایەک وەک دەزانی ئەوان ڕەچەڵەکیان
دەگەڕێتەوە ئەوێ. و لە لایەکی دیکەش ڕا ئەوەی کە مەڕجەعییەتی نەجەف پشتیوانییان
کردووە لەو حەولەی ئاغای عەبادی، بەڕێزت باست کرد کە ئێران ئەوەی پێ خۆش نییە،
ئەوە چۆن وایە. ئەگەر بەدر نزیک بێ لە ئێران و ئێران دژی ئەو ڕێفۆرمانە بێ بەدر
چۆن دەتوانێ پشتیوانی بکا لەو ڕێفۆرمانە؟
چۆمانی: خۆ ئەوە ئێمە ئەبێ ئەوە
بزانین لە دوو حەوزەی ئێرانی ،شیعەی ئێرانی و حەوزەی نەجەف جیاوازییەکی مەنهەجییان
هەیە لە سەر تێڕوانینیان بۆ سیاسەت. لە ئێران دا حەوزەی ئێرانی، قومە هەر کوێیەکە
پێی وایە ئەبێ مەرجەع بەشدار بێ لە سیاسەت دا. بەڵام، حەوزەی نەجەف پێی وایە
ئەوان نابێ ڕاستەوخۆ بەشدار بن لە سیاسەت دا بەڵکوو، ئەکرێ لە دوورەوە پشتیوانی
بکەن، بەڵکوو بۆ ئەوەی بە پاکی بمێننەوە ، بە نەزاکەتی بمێننەوە ئەبێ دوور بن لە
سیاسەت. بەڵام، ئەمە دژایەتییەکی دروست کردووە لە نێوان ئەو دوو حەوزەیە دا، هەر
بۆیەش عەبادی کە لە لایەن حەوزەی نەجەفی یەوە پشتیوانی دەکرێ لە لایەن مەرجەعییەتی
شیعە پشتیوانی دەکرێ مالیکی پشتیوانییەکانی لە لایەن ئێرانەوە زیاتر ئەبن و
پێشوازی ئەکرێ وەکوو جێگری سەرۆک کۆمار. ئەم پێک دادانە، کە پێک دادانێکە کەمتر
باسی ئەکرێ، ئەم پێک دادانە هەیە بەڵام، ئەوەی کە گرینگە مالیکی و یاخود ئێران
لەم جارەیان دا، لەم چاکسازیانەدا ناتوانن دەورێکی ئەوتۆ ببینن لەبەر
ئەوەی ڕاستە مالیکی کۆنتڕۆڵی هەیە بە سەر سوپا دا، کۆنتڕۆڵی هەیە لە ناو میلیشیا
شیعەکان دا بەڵام، عەبادی پشتیوانی سوننەکانی هەیە، پشتیوانی کوردی هەیە، پشتیوانی
مەرجەعییەتی هەیە و پشتیوانی شەقامی عێڕاقیشی هەیە. لە بەر ئەوە لە عێڕاق دا
دژایەتی کردن لەگەڵ شەقام دا کەمێک زەحمەتە. لە بەر ئەوە ئەگەری سەرکەوتنی چاکسازییەکان
لە لایەن عەبادی یەوە کە ڕای گەیاندییە ئەگەرێکە، ئەگەرێکی بەهێزە، ئەگەرێکی لاواز
نییە .
قازی: باشە ئێمە لە ئەو
بەرنامەیەی کە پارەکە بەیەکەوەمان هەبوو باسی ئازادیی بەیان و ئازادیی بۆچوونمان
کرد لە باشووری کوردستان و ئیشارەيیەکی کەمیش کرا بە دەوری میدیا و چاپەمەنی لە
عێڕاقی عەڕەبی دا لە دەرەوەی کوردستان. ئێستا دەمەوێ لەوبارەیەشەوە هێندێک
ئاگاداری بدەی بە بینەرانمان. بار و دۆخی چاپەمەنی و ڕۆژنامەگەری عەڕەبی و غەیری
کوردی چۆنە لە عێڕاق؟
چۆمانی: ئەگەر تەماشای ئێستای
عێڕاق بکەین عێڕاق جگە لە هەرێمی کوردستان عێڕاقێکی دیکەیە: عێڕاقی داعشە کە
مەنتەقەی ئەنبار و بەشێکی سەلاحەدین و تەواوی مووسڵی لە ژێر دەسەڵات دایە و بەشێکی
لە بەر دەسەڵات دایە ئەمە لەو ناوچانە دا شتێک نییە بە ناوی ئازادیی ڕادەربڕین و
میدیای ئازاد و قسە کردنی ئازاد و تەنانەت خۆپیشاندان و دەربڕینی ڕای ئازاد
قازی: بەڵام میدیای خۆیان هەیە.
وا نییە؟
چۆمانی: بە ڵێ مێدیای خۆیان هەیە
قازی: داعش تێلێڤیزۆنیشی هەیە؟
چۆمانی: تێلێڤیزۆنیشیان هەیە وا
بزانم، لە سۆسیاڵ مێدیا و لە ڕێی مێدیای ئینترنێتییەوە بەهێزن. ئەمە میدیای خۆیان
بە کاری دەهێنن بۆ دروست کردنی پڕۆپاگاندا، بۆ دروستکردنی هەڕەشە لە سەر هەرێمی
کوردستان و هەر وەها ناوچەکانی دیکەی هەرێمی عێڕاق دا. لە ناوچەکانی دیکەی عێڕاق
دا بە تایبەت لەم خۆپیشاندانە دا دەرکەوت لە عێڕاق دا هێشتا جۆرێک لە
ئازادیی ڕادەربڕین هەیە کە ووڵاتییان ئەتوانن بێنە سەر شەقامەکان، لە ڕووی
ئازادیی ڕادەربڕینەوە، ڕای خۆیان دەرببڕن هەر چەندە وەک ووڵاتێکی ئوڕووپی نییە
سەرکوت نەکرێن، لێیان نەدرێ یان ڕووبەڕوویان نەبنەوە بەڵام، توانیان ڕای خۆیان
دەرببڕن لە ناو مەیدانی تەحریری بەغدا بە ئاشکرایی لافیتەیان پێ بوو، لافیتەکانیان
تەنانەت ناوی شەخسیان ئەهێنا.تەنانەی هۆی هایان لە کۆمەڵێک بەرپرسی گەورەی عێڕاقی
و سەربازی عێڕاقی دەکرد کە ئێستا لە دژی داعش شەڕ ئەکەن. لە بەر ئەوە ئەوە
هیوایەکی دروست کردووە کە بتوانرێ ئەوە پێش بخرێ ئەگەر زوو دا
نەمرکێندرێتەوە. لە هەمان کاتدا، میدیای عێڕاقی میدیایەک بووە وەک میدیای
هەرێمی کوردستان تا ڕادەیەک ڕاستی میدیای ئازاد هەیە، کۆمەڵێک دەستپێشخەری هەن
بەڵام، زۆربەی میدیای عێڕاقیش دابەش بووە بە سەر لایەنە شیعییەکان دا،
لایەنە سوننەکان دا ، لایەنە تورکمانەکان دا و لە هەمان کاتدا، لە ناو لایەنە شیعی
و سونییەکانیش دا دابەش بووینەتە بە سەر هێزێکی سیاسی لە ناو عێڕاق دا.
قازی: یانی ئەگەر موقایسەی
بکەی لەگەڵ مێدیای کە لە باشووری کوردستان هەیە دەتوانین ئەو سێ
کاتەگۆرییەش بۆ ئەوان بەکار بهێنین میدیای دەسەڵات ، میدیای سێبەر و میدیای ئازاد؟
چۆمانی: بەڵام یەک شتی دیکە لە
عێڕاق هەیە، جۆرێک هەیە میدیای دەوڵەتی یە. وەکوو تێلێڤیزیۆنی ' ئەلعەڕاقییە' کە
میدیایەکی حکوومەتی عێڕاقە.
قازی: یانی سەر بە پارتییەکی
سیاسی نییە؟
چۆمانی: سەر بە پارتییەکی سیاسی
نییە، میدیاییەکی حکوومەتی ئی خودی دەوڵەتە. بەڵام لە هەرێمی کوردستان ئێمە
لە ڕابردوو دا تێلێڤیزۆنێکمان هەبوو ئی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بوو ، بەڵام
ئێستا شتێکمان نییە بە ناوی میدیای حکوومەتی هەرێمی کوردستان. جگە لە وێب سایتەکانی
خۆیان ئەوەی دیکەی هەیە زیاتر میدیای حیزبەکانە.
قازی: جا ئێستا با جارێکی دیکە
بچینەوە عێڕاق.
چۆمانی: لە عێڕاق دا لە ڕووی
ئازادیی ڕا دەربڕینەوە بەڵێ جۆرێک لە ئازادی هەیە .
قازی: کاتەگۆرییەکان چۆن؟
چۆمانی: کاتەگۆرییەکانیش هەر بە
هەمان شێوە. میدیایەکی حکوومەتیمان هەیە، میدیای حیزبەکانمان هەیە و لە پاڵێش دا
ئەو میدیایانەمان هەیە کە لە لایەن حیزبەکانەوە پشتیوانیان ئەکرێ یان لە لایەن
کەسایەتییەکی سیاسییەوە . لە پاڵ ئەوانەش دا ، وەکوو هەرێمی کوردستان کە جۆرێک لە
مێدیای ئازادمان هەیە بەڵام، ئەم میدیایە ئازادە لە عێڕاق دا ئەتوانم بڵێم لە
هەرێمی کوردستان دا میدیای ئازاد بە جۆرێک لە جۆرەکان بە قووەتترە یان
فراوانترە لە عێڕاقەکەی دیکە.
قازی: سەبەب چییە؟
چۆمانی: سەبەب لەوانەیە ئەوەبێ
ئێمە لە هەرێمی کوردستان دا لە ٢٠٠١ وە دەستمان بە میدیای ئازاد کرد. لە دوای ٢٠٠١
یشەوە لە هەرێمی کوردستان دا ململانەی تائیفی نەبووە، ململانەی سیاسی بەو
جۆرە نەبووە کە ئەوەندە بە قووەت بێ هیچ ڕۆژنامەنووسێک نەتوانێ ڕای
خۆی دەرببڕێ. ڕاستە لە هەرێمی کوردستان دا ڕۆژنامەنووس کووژراوە، هەوڵی تێڕۆڕ کردن
دراوە، بەڵام ئەو تێڕۆڕ کردنە لە پارچەکانی دیکەی عێڕاق بوایە ئەوە بە ناوی
سڕینەوەی مەزهەبی ئاسان ئەتوانرا هەر کەسێک تێڕۆر بکرێ . و ئەوە ئەنجامیش دراوە.
ئەوانەی کە ئازادانە ڕەخنەیان دەربڕیوە لە عێڕاق دا کۆمەڵێک هەن، بیزەبت
ناوەکانمان لە یاد نییە، تێڕۆڕ کراون. وە هۆکارێکی دیکە ئەوەیە لە دوای ٢٠٠٣ لە
عێڕاق دا ئەوانەی کە دیدی ڕەخنەیان هەبووە بۆ مەسەلەکان، ئاکادێمی بوون، یان
ڕۆژنامەنووس بوون، زۆریان عێڕاقیان بە جێهێشت. بە پێچەوانە لە هەرێمی کوردستان
دا لەوانەیە لە دوای ٢٠٠٣ وە زۆر کەسی کورد کە لە دەرەوە ژیاوە هاتووەتە ناو
هەرێمی کوردستان یاخود لە دەرەوە میدیایان پێش خستووە لە هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی
ئەو پەراوێزە ئازادییەی کە هەیە فراوانتر بێ.
قازی: دیارە شەباهەتێک هەیە، لە
ئەو جێگایانەی کە لە بەر هاتنی ئەمرێکا ئاڵوگۆڕ لە سیستم دا دروست بووە ئەگەر
نموونەی عێڕاق و ئەفغانستان لە بەرچاو بگرین. لە ئەفغانستانیش ئاوایە کە هەم
تێلێڤیزۆنی دەوڵەتی هەیە و هەم تێلێڤیزیۆنی پڕایڤیت هەیە، تێلێڤیزیۆنی بەشی
تایبەتی کە لەو تێلێڤیزۆنە تایبەتییانە دا زۆر بە ئاشکرا و زۆر بە کراوەیی
هەموو جۆرە ڕەخنەیەک لە سیستمی حاكم دەگیرێ ، ڕەخنە لە موداخەلەی ئەمریکا، هەموو
لایەنەکانی زۆر بە کراوەیی باس دەکرێ. گەلۆ لە عێڕاقیش ئاوایە یان نا؟
چۆمانی: بەڵێ. لە عێڕاقیش ئەکرێ
بڵێین بەم جۆرەیە، بەڵام، لە عێڕاق دا جیاوازییەکەی چییە؛ زۆر جار کە ڕەخنە لە
تەداخولی دەرەکی ئەگیرێ ڕاستە ڕەخنەی زۆر گەورە ئەگیرێ بە تایبەتی لە ئێران و لە
ئەمێریکا بەڵام، زۆربەی جار ئەو ڕەخنانەی کە لێیان ئەگیرێ ڕەخنەکان زیاتر
پاڵپێوەنانێکی لایەنی مەزهەبی هەیە کە سوننەکان زیاتر ڕەخنە لە ئێران ئەگرن و
شیعەکانیش ڕەخنە لە تورکیا و ئەمێریکا ئەگرن. بەڵام، بە گشتی ئەگەر میدیای ئازاد،
بە تایبەت ماڵپەڕە عێڕاقییەکان تەماشا بکەی کە بە ئازادانە ڕەخنە ئەگرن نەک هەر لە
ئەمێرکا و لە ئێران بەڵکوو لە ناو بەرپرسە گەورەکانی عێڕاقیش دا زۆر بە
جوانی مەسەلەکان ڕوون ئەکەنەوە، لە کۆڕ و کۆبوونەوەکان دا، لە بەرنامە
تێلێڤیزیۆنییەکانیان دا. ئەو ڕەخنانە ئەگیرێن کە پێویستە لە سیستمێکی سیاسی
بگیرێن هەر وەک چۆن کۆی ووڵاتانی دیکەش، کۆی ڕۆژنامەنووسانی دیکەی دنیاش بە
دیدیکی ڕەخنەیی ئەڕواننە مەسەلە سیاسییەکان .
قازی: زۆر باشە. ئەی چاپەمەنی
نووسراوە وەک ڕۆژنامە. بۆ وێنە ئێمە ڕۆژنامەی ئاوامان هەیە کە بە زمانی کوردی بێ
بەڵام ڕوانگە و بۆچوونەکانی بۆ نموونە ئی حیزبی دەعوا یان حەیدەر عەبادی باس بکا؟
بە کوردی
چۆمانی: لە هەرێمی کوردستان
قازی: نەک لە هەرێمی کوردستان،
لە بەغدا و .. ئەوان هیچ پڕۆپاگاندایەک دەکەن بە زمانی کوردی؟
چۆمانی: ئەوەندەی من بزانم هیچ
ڕۆژنامە و تێلێڤیزۆن و ڕادیۆشیان نییە کە ڕووی لە کورد بێ. ئەوەش یەکێکە بە
ڕاستی لە خەلەلەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا کە ناتواندرێ ئەو دوو لایەنە
بتوانن بە یەکەوە نزیک بن. هەر بۆ پڕ کردنەوەی ئەو بۆشاییە زیاتر کۆمەڵێک
ڕێکخراوی نێو دەوڵەتی هەن لە هەرێمی کوردستان دا بە تایبەت ڕێکخراوی ئای ئێم ئێس
(ئینترناشنال میدیا ساپۆرت) ، ڕێکخراوێکی دانیمارکی یە، ئەوان هاتوون ئەو
بۆشاییەیان پڕ کردووەتەوە بۆ ئەوەی کە بتوانن پردێک لە نێوان ئەو دوو نەتەوەیە،
عەڕەب و کورد دروست بکەن بۆ ئەوەی کە گۆڤار یان وێب سایتی بە هەر دوو زمان
کوردی و عەڕەبی هەبێ یان ڕای عەڕەب بگوازنەوە بۆ هەرێمی کوردستان.
قازی: باشە کاک کەماڵ! ئێمە
کاتمان زۆر نییە چونکە یەک دوو بابەتی گرینگی دیکەش هەیە باسیان لێوە بکەین .
مەسەلەیەکی زۆر زۆر گرینگ مەسەلەی پەنابەرانە لە عێڕاق. دەزانین بەو ئاڵوگۆڕانەی
بە سەرهەڵێنان و هێرشی داعش هاتوونەتە گۆڕێ بووەتە هۆی ئەوەی کە خەڵکێکی زۆر لە
جێی خۆیان هەلبقەندرێن و ئەوانەی وەک پەنابەریی نێوخۆیی باسیان لێوە دەکرێ، هەر
وەها بەو ئاڵوگۆڕ و پێشوەچوونانەش کە لە سوورییە و لە ڕۆژئاوا بووە خەڵکێکی زۆریش
لەوێڕا هاتوون. وەزعی پەنابەران بە گشتی لە جوغرافیای باشووری کوردستان و لە عێڕاق
دا چۆنە؟ دیارە ئەگەر ئەوەش کاتاگۆریزە بکەی هاسانتر دەبێ بۆ ئەوەی بینەران باشتری
لێ تێبگەن.
چۆمانی: لە هەرێمی کوردستان هەر
لە دوای ٢٠٠٣وە کۆمەڵێک ئاوارەی عەڕەبی ناوچەکانی دیکەی عێڕاق ڕوویان لە
هەرێمی کوردستان کردووە. هەندێکیان هەڵاتوون لە بەر مەترسی کوشتن ، هەندێکیان بۆ
ئیش هاتوون ، هەندێکیان کەسانی سیاسین، هەندێکیان کەسانی دەوڵەمەندن کە نایانەوێ
چیدیکە لە مەنتیقە عەڕەبییەکان دا بژین بە هۆی ئەوەی کە توند و تیژی هەیە و
ئەیانەوێ لە هەرێمی کوردستان دا بژین. بەڵام، ئەوە بە شێوازێکی ئاسایی بوو لە
لایەن خەڵکی هەرێمی کوردستانیشەوە و بارێکی زۆر گران نەبوو لە سەر هەرێمی
کوردستان تاوەکوو شەڕی داعش، کە لە شەڕی داعشەوە بە تایبەت بە ڕووخانی
مووسڵ، کەوتنی مووسڵ لەوێوە شەپۆلی گەورەی ئاوارەکان چ لە مەنتیقەی ئەنبار و
خوارووی عێڕاق و چ لە مەنتیقەی سەڵاحەدین و هەر وەها مووسڵ بە ڕێژەیەکی زۆر ڕوویان
لە هەرێمی کوردستان کرد. تا ئێستا نزیکەی میلیۆنێک و هەشت سەد هەزار کەس ئاوارەی
عەڕەبی هاتووەتە هەرێمی کوردستان کە ئەوە بارێکی زۆر گران بووە لە سەر هەرێمی
کوردستان دا. ئەم ئاوارانە کە دابەش بوونە بە سەر هەرێمی کوردستان دا ، هەندێکیان
لە کەمپەکانن بەڵام، زۆربەیان بە هۆی ئەوەی کە ئەوانە هاتوون کە ساحێبی شتن و لە
ڕووی مادییەوە باشن توانیویانە خانوو وەدەست بێنن لە هەرێمی کوردستان دا. خانوویان
بە کرێ گرتووە یا خود لە هۆتێل و مۆتێلەکان دا ئەمێننەوە.
قازی: کەسانی وایان تێدا یە کە
خانووشیان کڕیبی؟
چۆمانی: بە داخەوە، هەندێکیان
خانووشیان کڕیوە، بە تایبەت دەوڵەمەندەکانیان .
قازی: بۆ بەداخەوە؟
چۆمانی: بەداخەوە لەبەر ئەوەی ئەو
ڕێژەیە، و خانوو کرێن، ژمارەی دانیشتووانی کوردستان ٥ میلیۆنە، ئەگەر دوو میلیۆنیش
عەڕەب بێتە هەرێمی کوردستان و هەر وەها ئاوارە سوورییەیەکان نزیکەی سێسەد
هەزار کەس لە هەرێمی کوردستان دا بژین ئەمە لە ڕووی دێمۆگڕافییەوە خەتەرێک
لە سەر هەرێمی کوردستان دروست ئەکا.
قازی : خەتەر؟
لە باری ئینسانییەوە پێت وا هەیە دەتوانین وای بۆ بچین؟ دیارە ئەوە جوێیە لەگەڵ
کەسێک کە ئیمکاناتی مادی هەیە ، بەڵام وەک کاتەگۆری پەنابەر یانی کەسانێک کە بە
هۆی شەڕ بە بێ خواستی خۆیان مەجبوور دەبن جێ گۆڕکێ بکەن لە هەرێمێک ڕا بچنە
هەرێمێکی دیکە بژین لە ووڵاتێک ڕا بچنە ووڵاتێکی دیکە بژین ئیدی بەوە ئایا
دێمۆگڕافی تێک دەچێ تێک ناچێ زۆر مەسەلە نییە وا نییە؟
چۆمانی: بۆ ئەوەوی زیاتر ئەمن ڕای
خۆم ڕوون بکەمەوە بۆ ئەوەی بە هەڵە تێگەیشتنێک دروست نەبێ لە لای ئێوە و لە لای
بینەرانی هێژا. من هەمیشە لە سەرەتای هاتنی پەنابەرانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان؛
ئەوەی کە هەرێمی کوردستانی پێ دەگوترێ هەمیشە وام تەماشا کردووە کەدەبێ بەو پەڕی
توانامانەوە پێشوازی لە پەناهەندەکان بکەین ، پێشوازییەکی زۆر گەرم کە بتوانین
ژیانیان بۆ دابین کەین، ژیانیان خۆش بێ، چونکە ئێمە لە مێژوو دا هەر ئاوارە
بووینە یەعنی بەرەو ئێران، بەڕەو تورکیا، بەرەو سووریا، بەرەو ناوچەکانی
دیکەی عەڕەبی لە بەر ئەوەی ئەگەر کەس لەوە تێ نەگا دۆخی ئاوارە بوون چەند سەختە
ئەبێ کورد لەو دۆخە تێ بگا و هەر وەها هەمیشە پێشم وا بووە هاتنی ئاوارەکان، بە
تایبەت ئەو ئاوارانەی کە هاتوون کەسانی دەوڵەمەندن بە تایبەت عێڕاقییەکان بۆیە بۆ ئابووری
هەرێمی کوردستانیش کە ئێستا هەرێمی کوردستان لە دۆخێکی ئابووری زۆر خراپ دا ئەژی
ئەمە ئەکرێ بقۆزرێتەوە. ئەگەر دوو میلیۆن ئاوارەی عەڕەبی لە کوردستان بێ ڕۆژانە
هەر یەکی پێنج دۆلار سەرف کا تەقریبەن ڕۆژانە دە میلیۆن دۆڵار پارە دێتە ناو
بازاڕی کوردستانەوە. کە ئەوانە هیچ ئیشێک ناکەن لە هەرێمی کوردستان دا. کەمیان ئیش
ئەکەن لە هەرێمی کوردستان دا. بۆیە ئەو پارەیە وا ئەکا پارەی دیکە دروست کا لە
هەرێمی کوردستان دا بازاڕ گەرم بێ. هەر لە بەر ئەوەشە ئەگەر بچییە ناوچە
گەشتیارییەکان، بازاڕەکان، مۆڵەکان ئێستا ووڵاتییانی هەرێمی کوردستان زۆریان
بەتایبەت ئەو کەسانەی کە لە لایەن میدیای حیزبییەوە دنە ئەدرێن تێک ئەچن بەو
مەسەلەیە. بەڵام، من دڵخۆشم بەوەی کە بازاڕی هەرێمی کوردستان بەوەوە گەرم
بووە.
قازی: بە هۆی بەشێک لەوانە .
چۆمانی: بۆیە کە من ئەڵێم
بەداخەوە لە هەرێمی کوردستان دا ئەگەر بێتوو ئەو خانوو کرێن و زەوی فرۆشتنە
بەردەوام بێ ئەوە لە داهاتوو دا ڕێژەکە یەعنی زۆر دەبێ. یانی عەڕەبە عێڕاقییەکان
ئەوەندە زۆرن یانی ژمارەیان زۆر زۆرە کە بتوانن خانوو و زەوی لە هەرێمی کوردستان
دا بکڕن . بۆیە من پێم وایە ..
قازی: ئەوانە زۆربەیان لە ناوچە
سونییەکان ڕا هاتوون.
چۆمانی: بەڵێ. زۆربەیان لە ناوچە
سونییەکان ڕاهاتوون. ئەگەر لە هەرێمی کوردستان کەمپیان هەبێ، ژیان بکەن بەردەوام
بن. بەڵام، زەوی فرۆشتن پێیان بە تایبەت دەوڵەمەندەکانیان، کە
دەوڵەمەندەکانیان یەگجار یەگجار زۆرن ئەوە لە ڕووی دێمۆگڕافییەوە من بە
جۆرێک لە مەترسی دا ئەنێم. لەبەر ئەوەی خەڵکی فەقیری سوننە یا خود خەڵکی فەقیری
ئاوارەی عەڕەبی قازانج ناکا لەوە.
قازی: باشە دەزانین کە لە
مەنتەقەی مووسڵ زۆر خەڵکی مەسیحی، ئاسۆری، سوریانی ، کلدانی ئەوانەش مەجبوور بوون
جێگای خۆیان بە جێ بێڵن. بارو دۆخی ئەوانە چۆنە؟
چۆمانی: خۆشبەختانە حکوومەتی
هەرێمی کوردستان بە هاوکاری ڕێکخراوە ناودەوڵەتییەکان توانیویانە یەعنی بە جۆرێک
لە جۆرەکان بتوانن ژیانی ئاوارەکان کە لە هەرێمی کوردستان دایە بە جۆرێک تا
ڕادەیەک باش بی ، خراپ نەبی ئەوە لە لایەک. بەڵام ، زۆربەی ئەو ئاوارانەی هاتوونە
ئەوێ، زۆربەی هەرە زۆریان توانیویانە ؛ جگە لە ئاوارە سوورییەکان ، توانیویانە
خانوو بە کرێ بگرن یاخود بۆخۆیان لە هۆتێلەکان، لە فندقەکان بمێننەوە. ئەمە کە
توانیویانە خانوو بە کرێ بگرن لەبەر ئەوە زۆر تەئسیری لە سەر باری گرانی حکوومەتی
هەرێمی کوردستان نەکردووە ، لە بەر ئەوە ئەتوانم بڵێم ژیانی ئاوارەکان لە هەرێمی
کوردستان دا ژیانێکی خراپ نییە بە بەراوەرد بە ژیانی ئاوارە سوورییەکان . ئاوارە
سوورییەکان خراپترە بەڵام، باری ئاوارە عەڕەبەکان. ئاوارە کلدانی و ئاشووری،
ئاوارە مەسیحییەکان ئەوەندە خراپ نییە لە هەرێمی کوردستان.
قازی: باشە وەزعی پەنابەرانی
کورد کە لە ڕۆژئاوا ڕاهاتوون چۆنە؟ دیارە وا بزانم لە سوورییە ڕا عەڕەبیش هاتوون
وا نییە؟
چۆمانی: بەڵێ، بەشێک عەڕەبیش
هاتوون بەڵام، زۆربەیان کوردن .
قازی: ئەوان زیاتر لە
ئۆدووگاکانن یان چۆناوچۆنە؟
چۆمانی: ئی واش هەیە کە خانووی بە
کرێ گرتووە یا خود لە شوێنێک ئیشی دۆزیوەتەوە چووتە سەر ئیش و کار لە وێندەر
بەڵام، بەداخەوە ژیانی ئاوارە کوردەکانی سووریا لە هەرێمی کوردستان دا بە بەراوەرد
بە ژیانی ئاوارەکانی دیکە باش نییە ئەوەش هەر وەک باسم کرد لەبەر ئەوەی جۆری
داهاتی مادییان ئەوەندە نییە ، لە هەمان کاتیشدا حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕاستە
لە ڕێی ڕێکخراوە نێو دەوڵەتییەکانەوە توانیویە کۆمەڵێک شتیان بۆ دابین بکا
بەڵام لە هەمان کاتیشدا، ئەوانە لە ٢٠١٢ ، لە ٢٠١٣ وە ئەگەر بڵێین کە هاتوون
تائێستا لە وێندەر ماونەتەوە تەنها بە زستانی ساردی هەرێمی کوردستان و هاوینی
گەرمی هەرێمی کوردستان کە زۆربەی کات ١٢ سەعات تا ١٦ سەعات کارەبای نیشتمانی هەیە
ژیان بە ڕاستی بۆ ئەوانە قورسە و لە لایەکی دیکەوە زۆریان ئاوارە
سوورییەکان بەداخەوە کە بەکار ئەهێندرێن ، داوای خراپیان لێ دەکرێ بە تایبەت
بە پێی ئەو ڕاپۆرتانە کە بڵاو ئەبێتەوە لە مەسەلەی وەک هیومەن تڕافیکینگ بەکار
هاتوون و هەر وەها لە هەمان کاتیش دا منداڵەکانیان لە سەر شەقامەکان دا ئیش ئەکەن
و ئەوانەی کە ئیشیش ئەکەن بە داخەوە زۆر جار هەیە بە هۆی ئەوەی کە دەستی کار ئێستا
لە هەرێمی کوردستان دا چ لە ناو خەڵکی هەرێمی کوردستان دا کە ئیش کەمە ئیش زۆرتر
بووە یەعنی کرێکار زۆرتر بووە و هەر وەها ئاوارە کوردەکانی ئەوێش زۆر جار
مافەکانیان ئەچەوسێنرێتەوە، کرێیان پێ نادرێ یاخود ئەگەر کرێشیان پێ بدرێ لە بری
ئەوەی کە پەنجا دۆڵاریان پێ بدرێ چل دۆڵاریان پێ ئەدرێ، بە نموونە یەعنی وەکوو
ڕێژەیەک وەربگرین. لە بەر ئەوە پێویستی بە چاکسازی ڕیشەیی هەیە .
قازی: باشە لە ڕووی
ستاتیستیکسەوە چۆناوچۆنە؟ یانی ئامارێکی وا هەیە کە مرۆڤ بزانێ ئاوارەی نێوخۆیی و
ئەوانەی لە دەرەوە ڕا هاتوون چەندەیە؟
چۆمانی: ئەوەندەی کە من بزانم
ئاوارەی نێوخۆیی میلیۆنێک و هەشتسەد هەزار کەسە و ئاوارەی دەرەکی بە تایبەتی لە
ڕۆژئاوای کوردستانەوە دووسەد و پەنجا هەزار کەسێکن.
قازی: باشە، مەسەلەی ڕێکخراو و
نوێنەرانی کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی بە تایبەتی ئەوانەی کە لە چوارچێوەی کۆڕی نەتەوە
یەکگرتووەکان دا کار دەکەن ئەوانە چەندە بەو مەسەلەیەوە خەریکن؟ چەندە هاوکاری
دەکەن بۆ نموونە لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پێوەندی لە گەڵ ئاوارەکان دا؟
چۆمانی: خراپ نەبووە بە شێوازێکی
گشتی بەڵام، ئەمڕۆ لە دونیا دا بە هۆی ئەوەی کە ئاوارە زۆرە لە تورکیا ئاوارە زۆرە
بە تایبەت ئاوارەی سووری، لە لوبنان، لە ئۆردۆن ئاوارەی فەلەستینی و هەر وەها لە
هەرێمی کوردستانیش. ئەو هەموو ئاوارە زۆرە لە ناوچەیەکی وا دا وای کردووە کە
ڕێکخراوە ناو دەوڵەتییەکان پێ ڕانەگەن بەوەی کە هەموو ئاوارەکان بە سەر
بکەنەوە یان بە باشی پێشوازییان لێ بکەن. هەر لە بەر ئەوەشە من ساڵی
ڕابردوو لە دانیمارک چوومە ڕێکخراوەیەک ، یانی ڕێکخراوی پەنابەران هەمان
نیگەرانیان باس کرد، یانی ئەیانگوت ئێمە ناتوانین بتوانین لە هەرێمی کوردستان ئیش
بکەین، لە سووریا ئیش بکەین، لە تورکیا ئیش بکەین، لە لوبنان و لە ئۆردۆن ئیش
بکەین. لە بەر ئەوە ئەمە زەختێکی لە سەر کۆمەڵگای نێو دەوڵەتی دروست کردووە بە هۆی
زۆری ژمارەی پەنابەرانەوە و هەر وەها یەک مەسەلەی دیکە کە گرینگە ئاماژەی پێ
بکەین. ڕێکخراوە نێو دەوڵەتییەکانیش زۆر جار بە پێی ویستی پەنابەران ئیش
ناکەن بە تایبەت ئێزیدییەکان نیگەرانییان لەوە نیشان داوە کە کۆمەڵێک
ڕێکخراوی تەبشیری چوونەتە ناو ئاوارە ئێزیدییەکان و داوای ئەوەیان کردووە کە
دینی خۆیان بگۆڕن ئەو مەسەلەیە بە تایبەت لە لایەن ڤیان دەخیل ی ئەندام پارڵمانی
عێڕاقەوە ڕای گشتی زیاتر لێ ئاگادار کراوە،
قازی: یانی شەرتی
یارمەتییەکانیان دەکەنە ئەوەی لە دین وەرگەڕێن ؟
چۆمانی: نەک هەر ئەمە بەڵام، ئەم
دۆخەی ئێزیدییەکان ئەقۆزرێتەوە چونکە لە دۆخێکی زۆر ناهەموار دان. تەسەورێکی وایان
لا دروست دەکەن ئەگەر بێتوو ببنە مەسیحی ئەوە ئەگەری هەیە لە دەرەوە ئیقامەیان پێ
بدرێ یا خود جینسییەی ووڵاتانی ئوڕووپییان پێ بدرێ . حکوومەتی هەرێمی کوردستان
ئەبێ زۆر زۆر ئاگاداری ئەوە بێ کە، دەبێ دۆخێکی وا بۆ ئێزیدییەکان دروست بکا، برا
ئێزیدییەکان دروست کا لە هەرێمی کوردستان دا کە بیر لەوە نەکەنەوە هەرێمی کوردستان
بە جێ بێڵن چونکە ئەمانە سەروەتێکی نیشتمانی ن، ئەمانە بەشێکن لە کوردستان، بەشێکن
لە کۆمەڵگەی کوردی، بەشێکن لە ڕووح و دڵ و گیانی نەتەوەی کورد لە هەرێمی کوردستان
دا. ئەگەر ئەم سەروەتە نیشتمانی و مێژوویی و ئینسانییە هەرێمی کوردستان بە جێ بێڵێ
ئەوە بە ڕاستی مەترسییەکی زۆر زۆر گەورە دروست ئەبێ لە سەر هەرێمی کوردستان و
حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش لە بەرانبەر مێژوو دا بەرپرسە و ئەمە وەکوو خاڵێکی زۆر
ڕەش بە نێوچاوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەمێنێتەوە چونکە ڕۆیشتنی ئەو هەموو
برا ئێزیدییانە بۆ ئوڕووپا و وەرگرتنی ئیقامەت کە بە تایبەت ووڵاتانی ئوڕووپی بە
هۆی ئەوەی کە جێنۆسایدێک بەرانبەریان ئەنجام دراوە وەریان ئەگرن ئەمە خەتەرێکی
دروست کردووە لە سەر ژمارەی ئێزیدییەکان لە هەرێمی کوردستان دا کە پێویستە حکوومەتی
هەرێمی کوردستان بە چاک کردنی بارو دۆخی ژیانیان، بە باشتر کردنی ژیانیان، بە
دۆزینەوەی ئیش بۆیان و بەشداری پێکردنیان جارێکی دیکە لە نێو کۆمەڵگای کوردی و لە
هەمووشی گرینگتر پەلە کردن لە ئازاد کردنی شنگال بتوانین کارێکی ئاوا بکەین برا
ئێزیدییەکان چیتر هەرێمی کوردستان بەجێ نەهێڵن.
قازی: کاک کەماڵ دیارە ئەم
پرسیارە پرسیارێکی زۆر کلاسیکە بەڵام، ئەگەر بە کورتی بپرسم بە بۆچوونی بەڕێزت
عێڕاق بەرەو کوێ دەچێ؟ ئەوە پرسیارێکە زۆر شت دەگرێتەوە بەڵام، لە کورتخایەن دا
پێت وایە وەزعەکە بەرەو کوێ دەڕوا؟
چۆمانی: لە کورتخایەن دا دەکرێ
بڵێین وەزعەکە بەو شێوازە ئەمینێتەوە داعش مەترسییەکی گەورەترە لەوانەیە ساڵێکی تر
دووساڵی تریش بخایەنێ بڵێین ئەگەر مووسڵ ئازاد بکرێ، ناوچەکانی تری عێڕاق ئازادیش
بکرێن ئەو خەتەرە لە سەر عێڕاق هەر ئەمێنیتەوە. بەڵام، بە بڕوای من دوا چارەسەری
عێڕاق ئەوەیە عێڕاق بەرەو سێ هەرێم ئەڕوا هەرێمی وەسەت کە سوننەکان تێیدا بتوانن
جۆرێک حوکمڕانی خۆیان هەبێ و هەرێمی کوردستان و هەرێمی شیعەش، ئەوجار لە هەرێمی
شیعەش لەوانەیە دوو هەرێم دروست بێ بە تایبەت مەنتیقەی بەسڕا کە حەزیان لەوەیە
هەرێم دروست بێ بەڵام ، بە بڕوای من بە دروست بوونی ئەو هەرێمانە عێڕاق بە یەک
پارچەیی ئەمێنێتەوە لە درێژ مەوداش دا.
قازی: بەڵام بە سیستمێکی دیکە
وەک کۆنفێدرالیزمێک ؟
چۆمانی: تەسەور ناکەم
کۆنفێدرالیزمیش دروست بێ بەڵام هەم ئەوەی کە دەستوور عێڕاق بڕیاری لە سەر داوە کە
پارێزگاکان بتوانن هەرێمی فێدراڵی خۆیان هەبی، ئەم فیدڕاڵییە ئەم لامەرکەزییەتە لە
عێڕاق دا پێش ئەخرێ و ئەم پێش خستنە ئەبێتە هۆی ئەوەی کە مەنتیقەکانی سوننە بتوانن
هەرێمێک دروست کەن ، ئەگەر هەرێمیش دروست نەکەن ئەوە دەستەڵاتی پارێزگاکان ئەوەندە
ئەبێ وەکوو هەرێمێک بتوانن خۆیان بەڕێوە ببەن و هەرێمی کوردستانیش بەردەوام ئەبێ
لە پاراستنی ئەو کیانە سیاسی و مێژووییە گرینگەی کە هەیەتی بەڵام لەوانەیە لە
کەرکووک زەحمەت بێ ، لە پاڵ هەموو ئەو کێشانەی کە باسمان کرد پرسێکی دیکەی زۆر
گەورەتر هەیە کە پرسی کەرکووکە چونکە پرسی کەرکووک تەنها پەیوەست نییە بە کورد و
عەڕەب و عێڕاق و کورد، پەیوەستە بە ئێران ، بە تورکیا، بە ئەمریکا ، بە بریتانیا ،
بە کۆمپانیای شێل، بە کۆمپانیای ئیگزۆن بە هەموو ئەو کۆمپانیا گەورانەی جیهان، لە
بەر ئەوە ئەویش دیسان پرسێکی گەورەترە. بەڵام ئەگەر بە کورتی باس کەین عێڕاق بە
یەکگرتوویی ئەمینێتەوە لە درێژ مەوداش دا بەڵام لە ئەم یەکگرتووییە دا ئەو جۆرە
حوکمڕانییەتەی کە ئێستا هەیە بە شێوازە بەردەوام نابێ.
قازی: ساڵی ڕابردوو کە بەڕێزت
لەم بەرنامەیە دا بەشدار بووی باسی چالاکییەکت کرد شوێنێکتان دروست کرد بوو بە
ناوی " کوردیش پالیسی فاوندەیشن" ، ئەو چالاکییە بەرەو کوێ چوو ئایا
بەردەوامە یا بەردەوام نییە و وەکوو من بیستوومە دەستتان کردووە بە وەگەرخستنی
ماڵپەڕێکی تازەش ئەگەر باسی ئەوە بکەی. تکایە هاوکارانیشم ناونیشانی ئەو ماڵپەڕي
لە سەر شاشە بنووسن
چۆمانی: زۆر سپاس مامۆستا.
ڕاستییەکەی ئێمە لە هەرێمی کوردستان دا خۆتان دەزانن پرسێکی زۆر گەورەمان هەیە
ئەویش پرسی بوونی خەتەرێکی زۆر لە سەر میدیای ئازادە لە هەرێمی کوردستان دا. هەر
لە بەر ئەوەشە لە ماوەی ڕابردوو دا ڕۆژنامەی ' ئاوێنە ' کە یەکێکە لە
میدیا هەرە باشەکانی نەک هەر کوردستان بەڵکوو عێڕاقیش خەتەرێکی لە سەر بوو کە
دابخرێ بەڵام، خۆشبەختانە لە ڕێی کۆمەک و پیتاکی ووڵاتییانی هەرێمی کوردستان
و دەرەوە توانرا بەردەوامی پێ بدرێ. بۆیە ئێمەش ساڵی ڕابردوو لەگەڵ کۆمەڵێک دۆست
بیرمان لەوە کردەوە ' کوردیش پالیسی فاوندەیشن' دروست کەین بەڵام،
نەمانتوانی زۆر سەرکەوتوو بین، دواتر هەڤاڵانمان لە ئەمریکا وەکوو ڕێکخراوێک
تۆماریان کردووە کە بەڵکوو بتوانین فاندێکی ناو دەوڵەتی وەربگرین بۆ ئەوەی ئیشەکان
پێش خەین. بەڵام لە هەرێمی کوردستان دا بیرمان لەوە کردەوە کە فەراغێک هەیە لە
میدیای کوردی دا ئەویش کە فەراغی کۆمەڵێک دەستگای ئاسمانی ، ڕادیۆ و تێلێڤیزۆن و
بڵێین وێب سایت و هەواڵیمان هەیە. بەڵام وەکوو دەستگای شی کردنەوەی سیاسی کە بە
هەر دوو زمانی کوردی و ئینگلیسی بێ کەمترە. هەم بتوانین ئامانجمان خوێنەری بیانی
بێ یان ئەو کوردانەی کە لە تاراوگە ئەژین و هەمیش کە بتوانین لە هەرێمی
کوردستان دا دەستگایەکی شیکاری سیاسی پێش بخەین، پینیشمان کۆمەڵێک نووسەر،
ڕۆژنامەنووسی زۆر جیدی لە دەرەوەی دەستگاکان ڕۆژێک بۆ فڵان میدیا ئەنووسن ڕۆژێک لە
فەیس بووکەکەی خۆیان دا ئەنووسن بۆیە ویستمان ئەم توانایانە هەموویان کۆ
بکەینەوە لە ماڵپەڕێکی ئینگلیزی- کوردی دا بە ناوی پاسەوان. پاسەوان دات کۆم کە
بتوانین وەکوو دەستگایەکی کاری خۆمان ڕابگەیێنین ، بتوانین شیکاری دۆخی سیاسی
هەرێمی کوردستان و ناوچەکە بە تایبەت ئێران و تورکیا و سووریا بە ووڵاتییانی
هەرێمی کوردستان ڕابگەیێنین تەنها هەواڵی ڕۆژیان پێ نەگەیێنین ، هەرچەند
دیسان ئەمەش قورسە بۆ ئێمە بەڵام بە هیواین بتوانین لە ڕێکخراوکانی ناو
دەوڵەتی یا خود لە هەرێمی کوردستان دا جۆرێک لە فاند بدۆزینەوە بۆ ئەوەی بەردەوامی
پێ بدەین.
قازی: باشە پارەکە باسی ئەوەت
کرد کە ئێمە ناتوانین بڵێین لە کوردستان دامەزراوە یان موئەسەسەی 'ثینک تانک '
هەبێ ئێستاش هەر وایە یان بێجگە لەو کارەی ئێوە چەند موئەسەسەی دیکەش هەن وا بزانم.
چۆمانی: لە هەرێمی کوردسیان
کۆمەڵێک ' ثینک تانک ' وەکوو ثینک تانک نا بەڵام وەکوو دەستگای توێژینەوە و
لێ توێژینەوە بوونیان هەیە دوو سێ یەکیان بەڵام بە ڕاستی زۆربەیان سەر
بە حیزبەکانن یانی سەر بە یەکێتی و پارتی ، لە دووساڵی ڕابردووش دا دەستگایەکی ثینک
تانک دروست کراوە بە ناوی " مێری"
قازی: ئەوەی کاک دلاوەر
عەلائەدین بەڕێوەی دەبا
چۆمانی: بەڵێ، کاک دلاوەر
عەلائەدین. هەر چەندە ئەویش یەعنی قسە هەیە لە سەر بوودجەی نەوت سەر بە حکوومەتی
هەرێمی کوردستان بێ بەڵام دیسانیش ئەگەر پارەی نەوت و پارەی حکوومەتی کوردستان بۆ
ئەو مەجالانە سەرف بکرێ بەڵام لە هەمان کاتیش دا ئەو دەستگایانە بتوانن بێ لایەنی
خۆیان ، سیاسەتی نیشتمانی و نەتەوەیی بپارێزن بۆ ئەوەی بتوانرێ لە خزمەتی
هەرێمی کوردستان و نەتەوەی کورد و یان تەواوی ئینسانییەت لە ناوچەکە دا بێ نەک لە
خزمەت فڵان بەرپرسی حیزبی یان فڵان حیزبی سیاسی دا.
قازی: زۆر زۆر سپاس بەڕێز کەماڵ
چۆمانی بۆ ئەو کاتەی بۆت تەرخان کردین زۆر سپاست دەکەم. بینەرانی خۆشەویست بەم
شێوەیە دەگەینە کۆتایی ڕاوێژی ئەم جارەشمان. تاکوو ' ڕاوێژ ' ێکی دیکە لای ئێوەمان
خۆش.
تێبینی: ئەم هاوپرسەکییەی
بەرنامەی " ڕاوێژ" لە ئێوارەی یەکشەمە ٢٠ سێپتامبری ٢٠١٥ لە
تێلێڤیزۆنی ستێرک بڵاو کراوەتەوە. بۆ دیتنی ڤیدێئۆی ئەو بەرنامەیە سەیری تۆڕی
کۆمەڵی "یووتووب" یان لاپەڕەی " ڕاوێژ" لە فەیس بووک دا بکەن
No comments:
Post a Comment