Friday, October 30, 2015

لێکدانەوەی دوکتور عەبباس وەلی سەبارەت بە هەڵبژاردنی تورکییە لە ڕۆژی یەکشەمە١-ی نۆڤامبری ٢٠١٥


قسەکانی دوکتور عەبباس وەلی لە بەرنامەی ' افق' تێلێڤیزۆنی دەنگی فارسی ئەمێریکا
پێنجشەمە شەو ٢٩- ١٠ – ٢٠١٥
مۆدێراتۆر: عەلی جەوانمەردی
لە فارسییەوە: حەسەن قازی
سەبارەت بە هەڵبژاردنی ١-ی نۆڤامبری ٢٠١٥  لە  تورکییە
عەبباس وەلی: ئەو هەلومەرجەی کە لەماوەی ئەو چوارمانگ و دە ڕۆژەی تورکییە پێیدا تێپەڕبووە  لە نێوان ئەو دوو هەڵبژاردنە دا، هەلومەرجێک بووە کە لە ڕاستیدا بڕیاردەرە بۆ ئاکامی هەڵبژاردن و تایبەتمەندی ئەو هەلومەرجە بە دەرەجەی یەکەم قەیرانییەک بوو کە لە ڕووی سیاسییەوە دروستیان کردووە بەو مانایەی کە قەیرانی لەوانەیە هەڵگری هێندێک دەرفەت بێ بۆ کەسانێک کە بتوانن لەو قەیرانییە کەلک وەربگرن. بەڵام بە لە بەرچاو گرتنی ئاکامی ئەو نەزەر پرسینانەی کە لە بەر دەست دان و ئەو ئاکامانەی کە چاوەدێرانی سیاسی لە تورکییە دا باوەڕییان پێیانە  نیشان دەدا ئەو قەیرانییە و ئەو کەسانەی کە ئەو قەیرانییەیان ساز کردووە بۆ ئەوەی دەرفەتێک بێ کە بتوانن ئاکامی هەڵبژاردنی ٧ –-ی حوزەیران بگۆڕن و بتوانن لەو هەلومەرجە بە قازانجی خۆیان کەلک وەربگرن ،ئەو قەیرانییە ئەو ئاکامەی لێ ناکەوێتەوە. چاوەدێران لە سەر بنەمای ئەو نەزەر پرسینانەی کە کراون تەقریبەن لە سەر ئەوە ڕێکن کە ئاکامی هەڵبژاردن گۆڕانێکی ئەوتۆی بەسەر دانایە و ئەگەر گۆڕانێک  هەبێ گۆڕانێکی هێندە پڕ واتا نابێ . پڕ واتا لێرە دا دەگەڕێتەوە سەر هۆکاری سەرەکی ئەو قەیرانییە و ئەوەی کە لە پشتەوەی بووە . لە ڕاستیدا چاوەدێران لە سەر ئەو باوەڕییەن کە ئەو قەیرانییە پارتیی دەستەڵاتدار واتە پارتیی داد و گەشە پێدان سازی کرد بۆ ئەوەی بتوانێ لە هەڵبژاردنێکی دووبارە دا ئەو زۆربە ڕەهایەی کە لە پارڵمان دا هەیبوو و لە سەر بنەمای وی هەمیشە دەیتوانی حکوومەتی تاقە حیزبی خۆی پێک بهێنێ، ئەو هەلومەرجانە دیسان وەرنەوە مەیدانێ. بۆ ئەوەی کە بکرێ وەزعێکی ئاوا بێتە گۆڕێ دەبێ بەلانی کەمەوە ٤٢ لە سەد یان هەر ٤٣ی گشت دەنگەکان و هەر نەبێ ٤٢ لەسەدی دەنگەکان وەدەست بهێنێ .
وەلی : بڕوانە پارتیی دەستەڵاتدار لە هەڵبژاردنی پێشوو دا نیشانی دا، یانی ئاکامی هەڵبژاردنی پێشوو نیشانی دا کە دەنگەکانی  لە هەرێمی کوردنشین، لە کوردستانی تورکییە لە کورتێی داوە و ئەو لە کورتی دانە زۆریش بە بڕ بووە. بە شێوەیەکی ئاوا کە تەنانەت لە نێو توێژاڵکە نەریتی و مەزهەبییەکاندا و تەنانەت لە نێو ئەو خێڵ و عەشیرەتانەی دا کە بە شێوەی نەریتی لە بازاڕی دەنگی تورکییە دا لە بەر ئەو پێوەندییەی ئەرباب – کڕیارەی کە لە نێوان ئەوان و پارتییەکانی تورک و بەتایبەتی پارتیی دەستەڵاتدار دا هەبووە دەنگیان دەدایە و لە بری ئەو دەنگ دانە دا ئیمتیازاتی سیاسی – ئابووریان وەردەگرت بە تایبەتی سەرۆک عەشیرەتەکان. ئەو پێوەندییە لە گەڵ پارتیی دەستەڵاتدار لە نێو چوو و هۆی  سەرەکی ئەوەش لە بەر سیاسەتی تورکییە لە بەشی کورد نشینی سوورییە بوو، تەوەجو دەکەی. و هەر ئاواش گٶرانی ستراتێژیکی سیاسەتی تورکییە بە نیسبەت مەسەلەی کورد بە دەم بەربەرکانی هەڵبژاردنی ڕابردوو دا. کە ئەو مەسەلانە هاتنە پێشێ پارتیی دەستەڵاتدار کە پارتیی داد و گەشەپێدان بێ دەنگەکانی لە کورتێی دا و لەو قەیرانییە دا کە هاتە گۆڕێ لە دۆزی کورد وەکوو دۆزێکی ئەمنییەتیی سەرەکی کەلکی وەرگرت و بە سازان لەگەڵ ئەمریکا و ئەوەی کە ئیزنی دا دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پێگەی 'ئینجرلیک ' بەکار بهێنێ ، دوایە هێرشەکانی کۆ کردەوە سەر پارتیی کرێکارانی کوردستان و دەستی کرد بە تەبلیغاتێکی هەموو لایەنە لە سەر ئەوە. چونکە ئامانج ئەوە بوو کە دەنگی ناسیونالیستە تورکەکان و ئەو تاکوتەرایانەی کە لەو ناوە دا تا ڕادەیەکی زۆر بڕیاریان نەدابوو کە لەم هەڵبژاردنە دا بەرەو کام لا بڕۆن ، دەنگی ئەوانە لەو بارو دۆخە ئاڵۆز و نائەمنە دا بەرەو لای خۆی ڕابکێشێ


وەلی : بڕوانە هێزی پارتیی داد و گەشە پێدان لەوە دا بوو کە توانی مەرکەزی [چەقی] سیاسەتی تورکییە بگرێ، ئەوە ناوەندێک بوو کە هەمیشە دەنگ تێیدا لە کورتێی دەدا. کۆالیسیۆنی جۆر بە جۆر لە نێوان پارتیی جۆر بە جۆر دا دەکرا  بەڵام نەیاندەتوانی ئەو ئیتیلافانە بپارێزن. ڕاست و چەپ لە لای خۆیان و ئەو ناوەندە هەرواش لە گۆڕێ دا بوو. پارتیی داد و گەشە پێدان توانی ئەو کارە بکا. یەکەم جار بوو کە قۆڵی لێ ڕاکێشا کە مەسەلەیەک بە ناوی مەسەلەی کورد بوونی هەیە کە دەبێ ئەو مەسەلەیە جێ بە جێ بکرێ. دوەم ئەو مەسەلەیە بوو ئابووری ئاوا  بەڕێوە برد کە گەشەی کرد و هەر وەک ئەم دۆستەمان گوتی ئەوەش خەرج و تێچووی خۆی هەبوو. واتە ئەو لیبرالیزمە نوێیەی کە بەکاری هێنا هێندێک خەرج و تێچووی هەبوو کە ئەوە ئێستا دەبیندرێ. دەستەڵاتی نیزامییەکانی کەم کردەوە و توانی تا ڕادەیەک زۆر کولتوورێکی دێمۆکڕاتیکی دەڵەمە بەرەو پێش بەرێ. بەڵام لە هەڵبژاردنی پێشوو دا هەڵەی ستڕاتێژیکی ئەو پارتییە ئەوە بوو ئەو هەڵبژاردنەیان کرد بە هەموو پرسییەک سەبارەت بە کەسایەتی سیاسی ئاغای ئەردۆغان. تەوەجو دەکەی، ئەوە بوو بە جۆرە ڕێفراندۆمێک سەبارەت بە ئاغای ئەردۆغان. لێرە دا سیاسەتەکانی پارتییەکە خۆی بوو بە پەراوێز. دووەمیش ئەوە بوو کە لەو بەربەرەکانی هەڵبژاردنە دا ئاغای ئەردۆغان نیشانی دا کە سەمیمییەتێکی نیسبەت بە جێ بە جێ کردنی دۆزی کورد نەبوو. ڕۆژێک دەیگوت مەسەلەی کورد بوونی هەیە دەچوو لە دیاربەکر قسەی دەکرد و ڕۆژی دواتر هاتوو گوتی مەسەلەیەکی ئاوا هەر بوونی نییە. ئەوە جێ بە جێ کراوە و چووە. هیچیش نەببوو. ئەوە مەسەلەیەک. لە کوردستان ئێستا ئەو دەنگانە لە کورتێیان داوە بەڵام ئەوە مانای وا نییە کە پارتیی داد و گەشەپێدان لە ڕاستییدا دەستی لەوێ شوشتووە . ئێستا ئەگەر چاو لێ بکەین لە تورکییە  ٨٥ مەڵبەندی هەڵبژاردن هەیە کە لەو ٨٥ مەڵبەندە دا  لە چل و چەندیان دا لە ئێستاوە دیارە کە کامە پارتی دەیباتەوە . لە ٣٩ یان دا دیار نییە کێ دەنگ دەهێنێتەوە و لەو ٣٩ مەڵبەندە هێندێک جێگای پەراوێز هەن لە کوردستان کە پارتیی دادو گەشەپێدان هێشتا خەریکە بۆ بردنەوەی دەنگەکان لەوێندەرێ چالاکی دەکا. بۆ وێنە مەنتەقەی 'ئورفا'. بەڵام وا وەبەر چاو دێ کە چالاکییەکانی بە تەواوی و گشتیان قانوونی نین ، هەڕەشە، ترساندن، و مەسەلەی دیکە لەوێ دەبیندرێ ، گۆیا والی ئورفا خەڵکی بانگ کردووە و گوتوویەتی ئەگەر پارتیی دێمۆکڕاتیکی گەلان لێرە دەنگ بهێنێتەوە هەموویان لە کار دەردەکرێن. یانی دەبێ کارێک بکەن کە شتێکی ئاوا نەبێ. لە ئورفا لە هەڵبژاردنی پێشوو دا، واتە لە هەڵبژاردنی پێش مانگی حوزەیران دا، یانی ٤ ساڵ پێشتر لەو ، ئەوێ لە دەست ئاکەپە دا بووە بەڵام لە دەستی داوە. مەسەلەیەکی کە لێرە دا هەیە و گرینگە ئەوەیە کە ئاکەپە دەیەوێ لەو مەنتەقە پەراوێزانە دا ئەو چالاکییانەی خۆی بەڕێوە بەرێ و تەنانەت هێندێک لە چاوەدێران لەو باوەڕە دان کە مومکینە هێندێک لەو تاکتیکانەی پێشوو ، کە تاکتیکی ناقانوونی بوون کەلک وەربگرێ. ئەوە پێشتر لە سیاسەتی تورکییە دا بووە بەو مانایە کە بییەوێ نوێنەری هەڵبژێردراوی پارتییەکانی دی بکرێ وەکوو ساڵی ١٩٧٧ ئەو کارە کرا، گۆیا ئاغای ئەجەویت ئەوەی کرد و  دە نوێنەری کڕی  و پۆستی وەزاڕەتی پێ دان. دەڵێن شتی ئاوا لەوانەیە ڕوو بدا. بەڵام، مەسەلەیەکی دیکەش هەیە کە دەبێ ئاماژەی پێ بکەم. ئەلئان زۆر کەس هەن دەڵێن کە ئەو ئەگەرە لاواز نییە ، ئەگەرچی مومکینە زۆر بەهێز نەبێ، بەڵام ئەگەرێکە کە لەو مەجلیسەی دا کە پێک دێ ، لەو پارڵمانەی دا کە دەکرێتەوە لەوانەیە ٥ پارتیمان هەبێ. پارتیی دەستەڵاتدار دەبێ ٢٦٧ کورسی بە دەست بێنێ بۆ ئەوەی بۆ خۆی بەتەنێ و بەسەری خۆی بتوانێ حکوومەت پێک بهێنێ. ئەگەر شتێکی ئاوا نەکرێ ، ئیمکاناتی ئیتیلاف کەمە. ئەگەر لەو هەڵبژاردنە دا دەربکەوێ کە ئەو سیاسەتەی ئاغای ئەردۆغان وەبەری گرتووە لە مەڕ وورژاندنی هەستی ناسیۆنالیستی تورک کاریگەر بووە و دەنگەکانی پارتیی حەڕەکەتی میلی (مەهەپە) لە کورتێی داوە . ئەو دەمی ئەگەری ئیتیلاف لە نێوان  پارتیی حەڕەکەتی میلی و پارتیی داد و گەشەپێدان کەمتر دەبێ چونکە ئەوان دەتوێنەوە و لەناو دەچن. و ئیمکانی ئیتیلاف لە گەڵ پارتیی دێمۆکڕاتیکی گەلان دەکرێ هەبێ، بەڵام ئەگەر شتێکی ئاوا هەبێ ، داوخوازی ئەوان زۆر لە سەرەوە دەبێ و ئەوەش لە حاڵەتێک دا دەکرێ ئەگەر پارتیی دێمۆکڕاتیکی گەلان ئەو جۆرەی کە پێشبینی دەکرێ ، تەنانەت لەو ١٣ لە سەدەش بچێتە سەرتر و ١٥ لە سەدی گشت دەنگان وەدەست بێنێ لە حاڵەتێکی ئاوا دا زیاتر لە ٩٠ نوێنەری لە مەجلیس دا دەبێ و دەتوانن لەگەڵ پارتیی داد و گەشە پێدان دا بڵۆکێکی پاڕڵمانی بەهێز پێک بهێنن بەڵام ئەو خەرج و تێچوویەی کە ئاکەپە دەبێ بۆ ئەو کارەی بدا زۆر لە سەرەوە دەبێ.
وەلی: بە باوەڕی من ستراتێژیستەکانی سیاسەتی دەرەوەیی تورکییە جۆرەیەک لێکدانەوەی هەڵەیان هەبووە لە مەڕ تواناییەکانی خۆیان. بە تایبەتی ئەوانەی کە لە دەور و بەری ئاغای ئەردۆغانن. و بە تایبەتیش لەو بارەیەوە ئاغای داوود ئۆغڵوو کە لە ڕاستیدا یەكێک لە کەسانی گرێنگ بووە لە مەڕ بڕیاردانی سیاسی سەبارەت بە سیاسەتی دەرەوەیی. جا هەڵسەنگاندنی ئەوان ئەوە بوو کە قورساییەکی زیاتر و بەهایەکی زیاتر بە تورکییە دەدرێ وەکوو هێزێکی نەرم، سافت پاور، تەوەجو دەکەی. و ئەوەش زیاتر لە دوای بەهاری عەڕەبی دەستی پێ کرد. ئەوان پێیان وا بوو بەو دەورەی کە دەیگێڕن دەتوانن لەو ناوچانە دا نفووزێکی زۆر زیاتر لەوەی کە پێشر هەیانبووە وەدەست بهێنن. بەڵام ئەو قەیرانییانەی کە لە ناوچە دا دەستیان پێ کرد لە دوای ' بەهاری عەڕەبی ' ، قەیرانی ئەوتۆ بوون کە جێگایەکی ئەوتۆیان بۆ هێزێکی نەرم نەهێشتەوە وەکوو قەیرانیی سوورییە بە تایبەتی و ئەو کەلکەی کە لەو هێزە لەوێ وەردەگیرا زۆر کەم بوو بەلەبەرچاو گرتنی ئەو ئاکتۆرانەی دیکەی کە لەوێ بوون. ئێران، ڕووسییە، ئەمریکا، عەڕەبستانی سعوودی، قەتەر. تورکییە نە حازر بوو  لە ڕوی ماڵییەوە پارەیەکی ئەوتۆ خەرج بکا ، نە دەیەویست لە ڕووی نیزامییەوە لە مەنتەقە دا دەخالەت بکا و سیاسەتەکانی لەوێ تەسبیت بکا. و نە وەک ئێران هێزی لاگری هەبوو واتە هێزی پڕۆکسی، بە وەکالەت. ئێران حیزبوڵای هەبوو، لەوێ وەکوو هێزی زەوینی دەورێکی زۆر سەرەکی گێڕا. دوایە کاتێک کە هێزی دیکە لەوێ سەریان هەڵێنا وەکوو پارتیی یەکێتیی دێمۆکڕاتیک، پارتیی کوردەکانی سوورییە، ئەوان لە بەڕ بۆچوونێکی ئیدێئۆلۆژیکی  کە تورکییە  نیسبەت بە دۆزی کورد هەیەتی لە گشتی سیاسەتی  و لە سیاسەتی دەرەوەیی دا، نەیتوانی لەو مەسەلەیەش کەلک  وەرگرێ. بڕوانە تورکییە هەڵەیەکی کە لە عێڕاق ، لە کوردستانی عێراق دە ساڵ  ئەو هەڵەیەی کرد و تەنێ بە گۆڕانی سیاسەت سەبارەت بە کوردستانی عێڕاق بوو کە توانی لەوێدا نفووز پەیدا بکا، کاتێک کە دەستی لە ئینکار و نکۆڵی لێکردن هەڵگرت ، کاتێک کە دەستی لە دوژمنایەتی کردن هەڵگرت ، دەستی کرد بە مامڵە کردن لەگەڵیان و موزاکەرە لەگەڵ کردن و هاوکاری کردن. ئەوە کاتێک بوو کە تورکییە توانی بە نیسبەت کوردستانی عێڕاق و حکوومەتی کوردستانی عێڕاق لە لێنزێکی دیکەوە، لە ڕوانگەیەکی دیکەوە بڕوانێ کە پێوەندییەکی بە سیاسەتی و پێوەندیی لەگەڵ پارتیی کرێکارانی کوردستانەوە نەبوو.


وەلی: هەڵە لە قسەکەی من تێگەیشتی ، ئەمن نەمگوت لە بەر دەستەڵاتی پ.ک.ک. لە کوردستانی عێڕاق. گوتم تورکییە نەیدەتوانی سیاسەتێکی سەربەخۆی نیسبەت بە کوردستانی عێڕاق هەبێ و ئەو سیاسەتەی هەمیشە بە فیلتێری سیاسەتی لە مەڕ پ.ک.ک. دا تێ دەپەڕاند. مەسەلەی کورد لە تورکییە هەمیشە فاکتۆرێکی بڕیاردەر بوو لە پێوەندیی تورکییە لەگەڵ کوردانی ووڵاتانی دیکە دا. تەوەجو دەکەی. ئێستاش هەمان هەڵە لە سوورییە دووپاتە دەکاتەوە. ئەمریکاییەکان لە دژی ئەوەن، ڕووسەکان لە دژی ئەوەن ، ئێران دژی ئەو سیاسەتەیە و ئاکەپە و ئەردۆغان بێ پسانەوە ئەوە خەریکە دەڵێن و پێداگری دەکەن   کە پارتیی یەکێتیی دێمۆکڕاتیک پارتییەکی تێڕۆریستی یە. دەڵێ هیچ جیاوازییەک لە نێوان وی و داعش دا نییە. کاتێک کە ئەردۆغان خەریک بوو پێداگری دەکرد کە جیاوازییەک لە نێوان پارتیی یەکێتیی دێمۆکڕاتیک و داعش دا نییە ، ئاغای ئەردۆغان خەریک بوو بێ پسانەوە ئەوەی دووپاتە دەکردەوە لە کاتێکدا کە پارتیی یەکێتیی دێمۆکڕاتیک لە کۆبانێ تەنیا هێزێک بوو کە پێشی داعشی گرتبوو  و ئەمریکاییەکان خەریک بوون لەگەڵ ئەو هێزە هاوکارییان دەکرد. هەموو ئوڕووپا پەسنی ئەو هێزەی دەدا. لە زانکۆکاندا لەمەر سیاسەتی ئەوان کۆنفڕانس بەڕێوە دەچوون. بەڵان ئاغای ئەردۆغان هەژدەر هەژدەر دەیگوت ئەوانە تێڕۆریستن  و وەک داعش وان. ئەگەر لێی وورد بییەوە یەکێک لە هۆیە سەرەکییەکانی کە ئەو بەشە لە موحافەزەکار و مەزهەبییەکانی کۆمەڵی کوردستان لە تورکییە لە ئاغای ئەردۆغان تارانەوە ئەو مەسەلەیە بوو و ئەگەر قسەیان لەگەڵ بکەی دەڵێن بۆیان جێی قەبووڵ نەبوو کە بەرگریکارانی کۆبانێ وەک داعش دابندرێن.
وەلی: بڕوانە، مەسەلەی کورد و مەسەلەی  'تێڕۆڕ" بەو شێوەیەی کە ئەو بەڕێزە دەڵێ لێک جیاواز نین. مەسەلەی
 ' تێڕۆڕ' لێرە سەدەیەک ئینکار و حاشا لێکردنە. سەدەیەک سەرکوت کردنە. سەدەیەک لە جێ و واری خۆ هەڵکەندن و جێ گۆڕکێ پێکردنە. نزیکەی ٥ میلیۆن، شەش میلیۆن.وێرانکردنی ٤٠٠٠ گوند و سووتاندنیانە. ئەو ڕەفتارەی کە لەتورکییە لە هەمبەر تەرمی گریلاکانی پ.ک.ک.  کراوە هێندێکیان توندترن لەو کوشتارانەی کە داعش دەیانکا. بەو پێیە کاتێک ئێتنیسیتەیەک، نەتەوەیەک دەست دەداتە تفەنگ و توند و تێژی دەست پێ دەکا. ئەوە شتێک نییە کە بە دڵ بییەوێ ئەو کارە بکا . کاتێک سەدەیەک ئینکار و سەرکوتکردن لە گۆڕێ دایە ، کاتێک ئێوە ناتوانن تەنانەت نێوی کوردیش لە منداڵەکەتان بنێن، کاتێک لە زانکۆ ناتوانی ناوی کورد بهێنی ، کاتێک ئەوە لە مەدرەسەکاندا قەدەغەیە. پێشینەی مێژوویی بە جێی خۆی من بۆخۆم کە بۆ جاری یەکەم لە ساڵی ١٩٩٤ دا هاتم بۆ تورکییە لە دیاربەکر کاتێک چوومە چاییخانە و بە کوردی قسەم کرد ، هەموو لێم گەڕانەوە و چاویان لێ کردم دەترسان. تەوەجو دەکەی! بەو پێیە ئەگەر باسی مەسەلەی کورد و  ' تێڕۆر ' دەکرێ  ئەوەیە کە سیاسەتی تورکییە هەمیشە ویستوویە لە مەسەلەی کورد وەک قەیرانییەکی کە بکرێ بەڕێوەببردرێ کەلک وەربگرێ. قەیرانییەکی کە بکرێ کۆنتڕۆڵ بکرێ. و لە سیاسەتی تورکییە دا هەمیشە لەوە کەلک وەرگیراوە. ئێستا بە دەرکەوتنی ئەو پارتییە تازەیە و بەو وەزعەی کە لە سوورییە هاتووەتە پێشێ ئەو چلۆنایەتییە گۆڕاوە ، کۆنتڕۆڵ ئیدی لە دەست ئەواندا نییە. و ئەو وەزعەش کە لە دوای هەڵبژاردن دا هاتە گۆڕێ، گرینگ ئەوە بوو کە ئەو ١٣ لەسەدی دەنگان کە وەدەست هاتبوو و پارتیی دەستەڵاتداری لە دۆخی زۆربایەتی بێ بەش کردبوو، پارتییەک کردبووی کە تێندێنسی ڕاستەوخۆی کوردی هەبوو. ئەگەر حیزبێکی تورکی کردبایەی مەسەلەکە جۆرێکی دیکە دەبیندرا. گشت حەول ئەوە بوو و ئێستاش ئەوەیە کە ئەو پارتییە بووەتە پارتییەکی سەرانسەری ، بووە بە پارتییەکی گشت تورکییەیی . ئێستا لەو زانکۆیەی دا کە منی لێم ئەو کەسانەی کە لە ڕووی نەریتییەوە دەنگیان دەدا بە جەهەپە دەڵێن ئێستا ئێمە دەنگ دەدەین بە هەدەپە.
وەلی : نا، مەهەپەیەکی دیکە ساز ناکەن. بۆچی مەهەپەیەکی دیکە؟ من لێتان دەپرسم [ ڕوو لە میوانەکەی دی دەکا ] ئایا بەرنامەی هەڵبژاردن و بەرنامەی مەهەپە و هەدەپە وەک یەک وایە؟
وەلی: نا، تەقریبەن مان نییە. لە جێدا وا نییە. هەدەپە بە هیچ جۆر پارتییەکی ئێتنیکی نییە. هەدەپە پارتییەکی هەموو تورکییەیە.
وەلی: بە بۆچوونی من ئاکەپە بەو سیاسەتەی وەپێشی گرتووە کۆنتڕۆڵی سیاسەتی سێنتر (ناوەند)ی تورکییەی لە دەست داوە تەوەجو دەکەی. نەک ئەوەی کە پارتییەکی دی بێ جێگای بگرێتەوە، بە بۆچوونی من ئەو بۆشاییە لەوێ هەیە و من پێم وایە بەو سیاسەتەی ئاغای ئەردۆغان و ئەو پێداگرییەی کە دەبێ سیستمی ئێرە بگۆڕدرێ ، سیستمی حکوومەتی بگۆڕدرێ و ئەمن دەبێ ببمە سەرۆک کۆماری بەهێز و پاڕڵمان  دەبێ ببێتە پاشکۆی سەرۆک کۆمار و شتێکی لێ بێ وەک سیستمی ئەمریکا. ئەوە لە تورکییە سەلما کە کڕیارێکی ئەوتۆی نییە. دووەمیش ئەوەیە ئەو چەند ساڵەی کە سیستمی ئابووری ئێرە هەڵسووڕاوە و ئەو چینە مامناونجییەی کە پێک هاتووە . بەشێک لەوانە لە ئانادۆڵی بە  ئاکەپە یان ئەو پارتییانەی وە ئاکەپە دەچن دەنگ دەدەن. بەڵام ئەو دەستەیەی کە لە شارە گەورەکانن وەکو ئەستەنبوول، ئیزمیر و ئانکارا و ئەو جۆرە جێیانە لە چەند هەڵبژاردنەکانی پێشوو دا دەنگیان دا بە ئاکەپە لە بەر هەڵوێستی لەمەڕ ئەڕتەش، هەڵوێستی لەمەر دین  و بەتایبەتی هەڵوێستی لە مەڕ مەسەلەی کورد کە دەنگیان دایە ئێستا ئیدی بەو ڕێیە دا ناڕۆن . ڕەنگە من و ئاغای تالیبی لەم کۆمەڵگەیە دا لەگەڵ ئینسانی جیاواز دا قسە بکەین . ئەمن پێم وایە، بە بۆچوونی من ئەگەری ئەوەی کە دەنگی ئاکەپە بە نیسبەت هەڵبژاردنی پێشوو بەرەو ژوور بچێ هەیە بەڵام دەبێ بزانین ئەو بەرەوژوور چوونە لە کام لە مەڵبەندی هەڵبژاردنەکان دا ڕوودەدا و ئایا ئەوە بەش دەکا و بەسە بۆ ئەوەی بتوانێ ٢٦٧ کورسی وەدەست بێنێ ؟ لەبەر ئەو گیر و گرفتانەی کە ئێستا ئاکەپە لە ناو خۆی دا هەیەتی و بەو ئیفتیزاحەی کە سیاسەتی دەرەوەییەکەی پەیدای کردووە. یانی ئەمریکاییەکان بە توندی لەوە ناڕەحەتن، لەگەڵ ڕووسەکان دژبەرییان هەیە ، لە گەڵ ئێران بە جۆرێکی دی.
وەلی: هەر دوێنێ من گوزایشێکی ئابووری م دی کە دەڵێ داهاتی سەرانە لە ١١ هەزار دۆلارەوە داکشاوە بۆ ٧ هەزار دۆڵار لە ماوەی ئەو سێ ساڵەی ڕابردوو دا. لەو دەمییەوە کە ئاکاپە حاشای لەوە کرد کە گەندەڵی کردبێ، بەرتیل وەرگیرابێ و نەیانهێشت ئەو شتانە بگاتە مەحکەمە. لەو دەمییەوە ئاکەپە بەرەو لێژی چوو. بڕوانە داكشانی داهاتی سەرانە لە ١١ هەزار دۆلارەوە بەرەو ٧ هەزار دۆڵار لە ماوەی سێ ساڵ دا چ تەئسیرێک دەکا لە سەر هێزی کڕینی خەڵک و هەمو ڕۆژێ ئەگەر چاو لە ڕۆژنامان بکەن دەبین ووتاری ئەوتۆ هەن  کە باسی گرانی تێدایە و وەزاڵە هاتنی خەڵک. ئاکەپە ئەو کۆنتڕۆڵەی کە پێویستە بەو شێوەیە نییەتی  ئەوە یەک، دووەم ئەوەیە کە ئەگەر ئاکەپە نەتوانێ ئەو ٢٦٧ کورسییە وەدەست بهێنێ و مەجبوور بێ ئیتیلاف بکا بەو مانایەیە کە لە سیاسەت دا ئیدی هەر قسەی وی ناڕوا . لە ئیتیلاف دا وایە کە ئێوە دەبێ هێندێک شت بدەن و هێندێک شت بستێنن. لە سەر هێندێک سیاسەت، لە سەر هێندێک کورسی، لە سەر هێندێک پرس ئەوانە پێداگری دەکەن و ئەو وەزعەی کە هاتووەتە پێشێ ، هەر ئەو ئاغای ئارنجی کە ئاماژەی پێ کرا دوێنێ یان پێرێ لە قسەکانی دا گوتبووی کە تەنانەت ئەو بۆخۆی کە لە دامەزرێنەرانی ئەو پارتییەیە  لەو مێدیای دا کە لە ژێر کۆنتڕۆڵی ئاکەپە دایە نایەڵن قسە  بکا


وەلی: دەزانی، دەنگی نەتەوەگرەکانی تورکییە وەک یەک نییە، توێژاڵکێک لەوان لە ڕووی نەریتییەوە دەنگ دەدەن بە پارتیی حەڕەکەتی میلی . یانی حیسابی کاری ئەوان دیارە. لەو ناوە دا توأاڵکێکی دیکە هەن لە دەنگدەرانی پارتیی حەڕەکەتی میلی کە هێشتا بڕیاریان نەداوە لەم هەڵبژاردنە دا دەنگ بدەن بە کێ. هێندێک تێندێنسیان بەرەو ئاکەپە تێدا پەیدا بووە چونکە لە ڕێبەریی مەهەپەش دا تا ڕادەیەک دەردەکەوێ لەرانەوەیەک هەیە و بەر لە دەست پێکردنی بەربەرەکانی هەڵبژاردنی ئەم جارە کوڕی دامەزرێنەری ئەو پارتییە ، توغروڵ تورکەش بەرەو ئاکەپە چوو. ئەو مەسەلانە لەوێ هەن و بە دیارەوەن . بەڵام شتێکی کە ئاکەپە دەبێ کاری لە سەر بکا ئەوەیە ئەو دەنگدەرە بە توانایەکییانەی کە هێشتا بڕیاریان نەداوە ، مەسەلە ئەوەیە کە ئەوان تاچ ڕادەیەک ئەو مەسەلەی وورووژاندنی هەستی ناسیۆنالیستی خەڵک لێرە دا – یەک میلەت ، یەک زمان . یەک کولتوور ، یەک مێژوو و یەک دەوڵەت – ئەوانە لە هەلومەرجی ئێستا دا دەکەونە ژێر تەئسیری ئەو سیاسەتە یان نا ؟ بەڵام بۆ وێنە دەزانین کە لە هەڵبژاردنی پێشوو دا زنجیرەیەک کار کران کە بە زەرەری ئاغای ئەردۆغان تەواو بوون. بۆ وێنە بردنی قورئان بۆ میتینگی بەربەرەکانی هەڵبژاردن . بە باوەڕی من ئەوە تەنانەت لە ڕوانگەی توێژە مەزەبییەکانیش  جێی قەبووڵ نەبوو.

وەلی: بە باوەڕی من دژوارە ئاک پارتی بتوانێ لە ڕادەی ٢٦٧ کورسی تێ پەڕێنێ. ئەمن ئەوە بە دژوار دەزانم. ئەگەر تێ نەپەڕێ دەبێ ئیتیلاف بکا . ئیتیلاف لەگەڵ پارتیی حەڕەکەتی میلی (مەهەپە) وێدەچێ ئەگەری هەرە مومکین بێ، لە کاتێکدا دوای لێکدانەوەی ئاکامی هەڵبژاردن ئەگەر مەهەبە بگاتە ئەو ئاکامەی کە زیاتری ئەو دەنگانەی بۆ ئاکەپە چوون لەبەر لە کورتێی دانی دەنگەکانی خۆی بووە ، ئەگەر ئیتیلافێکی ئەوتۆ کەمتر دەبێتەوە چونکە ئەگەر ئیتیلافێکی ئاوا بکرێ مەهەبە دەتوێتەوە و جەزب دەبێ. بەو پێیە دوو پارتی دەمێننەوە، یەکیان پارتیی دێمۆکڕاتیکی گەڵان و ئەویدیکەشیان پارتیی کۆمارخوازی گەل ( جەهەپە). مەسەلەیەکی دیکەش هەیە ئەگەر ئاکەپە بشکێ  و لێرە پارتییەکی پێنجەم ساز ببێ ، ئەگەری ئیتیلافی پارتییەکی ئاوا لەگەڵ جەهەپە و هەدەپە بە زیادەوە هەیە .







No comments: