Monday, June 20, 2016

وەزاڕەتی کاروباری دەرەوەی ئەمریکا، زانیاریدانی ڕۆژانە بە چاپەمەنی، پێنجشەمە ٩-ی ژووەن و پێنجشەمە ١٦-ی ژووەنی ٢٠١٦



پێنجشەمە ٩-ی ژووەن ی ٢٠١٦
مارک سی، تۆنر
جێگری قسەوێژی وەزاڕەتی کاروباری دەرەوەی ئەمریکا
زانیاریدانی ڕۆژانە بە چاپەمەنی
واشنگتن، دی سی

پرسیار: لە سەر تورکییە ؟

ئاغای تونر: فەرموو دەی!

پرسیار: سپاست دەکەم، مارک، پێرێ سەرۆک کۆماری تورکییە ئەو مادە لێ زیادکراوە قانوونییەی ئیمزا کرد سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی حەسانەی نوێنەران لە پارڵمان، زۆربەی ئەوانەی پایان دێتەگۆڕێ پارڵمانتارانی کوردن. چەند حەوتوو لەو پێش ئەتۆ نیگەڕانیت دەربرێ ئەگەر ئەوە بقەومی چ ڕوودەدا. ئێستا ئەوە سەرۆک کۆمار قانوونەکەی ئیمزا کردووە. پێم خۆشە بزانم چ لێکدانەوەیەکت هەیە لەو بارەیەوە؟

ئا‌غای تونر: ئەمن دیسان تەنێ هەر ئەوەندە دەڵێم. ئێمە زۆر نیگەرانین لەو مادە لێ زیادکراوە و لەو باوەڕە داین کاردانەوەیەکی خراپی دەبێ لە سەر ئازادیی ڕادەبرین لە سەرتاسەری تورکییە دا. بڕوانە، ئەوە لە کۆمەڵە دێمۆکڕاتیکەکان دا ئەسڵێکی هاوبەشە کە- یان باشترە بڵێین ، ئەسڵە هاوبەشەکە بریتی یە لە وەکوویەکی لە هەمبەر قانوون دا. ئێمە لە سەر ئەو باوەڕەین ئازادیی تێوەگلان لە ئازادیی بیر وڕا و دەربڕینی بیروڕای سیاسی- یان دەبێ، لەوەش زیاتر، پێویستە بە پێی قانوون پارێزگاری لێوە بکرێ. و ئەوە بە دڵنیاییەوە قسە کردن و بیروڕا دەربڕینی نوێنەرانی هەڵبژێردراوی شارومەندانی ووڵاتەکە وەبەر دەگرێ. جا بۆیە ئێمە بەردەوام دەبین لە نزیکەوە چاومان لە سەر ئەو مەسەلەیە بێ، ئێمە نیگەرانییەکانی خۆمان لەو بارەویەوە لەگەڵ حکوومەتی تورکییە دەهێنینە گۆڕێ.


پێنجشەمە ١٦-ی  ژووەنی ٢٠١٦
جان کیربی

یاریدەر و قسەوێژی وەزاڕەتی کارو باری دەرەوەی ئەمریکا
زانیاریدانی ڕۆژانە بە چاپەمەنی
واشنگتن ، دی سی


پرسیار: مەسروور بارزانی ، سەرۆکی ئاژانسی پاراستنی نەتەوەیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، و کوڕی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان مەسعوود بارزانی، گوتوویە لەو باوەڕە دایە کە دەستبەجێ دوای تێکشکاندی دەوڵەتی ئیسلامی دەبێ عێڕاق بە سێ هەستی جیاواز دابەش بکرێ . و ئەو تا ڕادەیەک باسی هەبوونی کۆنفێدراسیۆن دەکا ، کە تێیدا هەر بەشەی پێتەختی لەمەڕ خۆی دەبێ: یەک بۆ شیعان، یەک بۆ سونییان ، و یەک بۆ کوردان، ئەوانە لەگەڵ یەک یەکسان دەبن، ئەگەر ئەوەش نەبوو جودا بوونەوەی تەواو. داخودا هیچ بۆچوونێکتان – ئەمن تێڕوانینی ئێوە لەو بارەیەوە دەزانم، بەڵام دەمەوێ بزانم هیچ لێکدانەوە وتێچنێکت هەیە لە سەر ئەو فکرە؟

ئاغای کیربی: ئەمن ڕوانگە خۆمان لە سەر ئەو بابەتە دیسان دەردەبڕم، و دەڵێم- لەو بارەیەوە هیچ گۆڕانێک لە هەڵوێستی ئێمە دا نییە. ئێمە پشتیوانی دەکەین لە عێڕاقێک کە فێدێڕاڵ، دێمۆکڕاتیک، پلووڕاڵ، و یەکگرتوو بێ. ئەو هەڵوێستەمان هیچ نەگۆڕاوە.

پرسیار: دەکرێ هەر لەوبارەیەوە پرسم؟ ئاغای کیربی: بە دڵنیاییەوە، فەرموو پرسیار: چونکە ساڵێک لەمەو پێش ئەمن هەر هەمان ئەو پرسیارەم لە ئاغای بارزانی کرد. و ئەویش لە بناواندا شی کردنەوەیەکی زۆر مەنتقی کرد کە بۆچی، مەبەستمە بڵێم ، سەبارەت بەوەی کە بۆچی دانیشتووان بە عەڕەبی قسە ناکەن؛ لە بەر ئەوەی ئەوان خۆیان وەک هەستییەکی [ جودا ] هەڵسوکەوت دەکەن. ئەمن بە دڵنیاییەوە ئاشنایەتییم هەیە لە سەر کوردستان؛ ماوەیەکی زۆر لەوێ بووم و هەر وابێتەوە. جا بۆچی دەبێ پشتیوانی لەو جۆرە حەولە نەکرێ؟ وێدەچێ ئەوە بتوانێ گێرە و کێشە سووکتر و کەمتر کاتەوە تا ئەوەی ببێتە هۆی خراپتر کردن و توندترکردنی کێشەکان.

ئاغای کیربی: سەعید، دیسان ، دەزانی، هیچ شتێک لە هەڵوێستی ئێمە دا نەگۆڕاوە و ئەوەی ئێمە پشتیوانی لێ دەکەین بەرەو پێشەوە – وەک من گوتم ، هەبوونی عێڕاقێکی فێدێڕاڵ، دێمۆکڕاتیک ، پلووڕاڵی، و یەکگرتوو سیاسەتی ئێمە بووە ، و سیاسەتی ئێمە هەر ئاوا دەمێنێتەوە. جا ئەمن بە ڕاستی – لە بەر ئەوەی گۆڕانی ئەو سیاسەتە نابینم ، ئەمن چ بە هێندی ناگرم بێم ئیحتیجاج بهێنمەوە بۆ ئەوەی کە بۆچی ئێمە ئەو سیاسەتەمان ناگۆڕین. ئێمە لە سەر ئەو باوەڕەین کە – ئەم ڕوانگەیەمان لێرە لە مەڕ هەبوونی عێڕاقێکی یەکگرتوو بەرەو پێش دەچێ، سیاسەتێکی کە ئێمە پشتیوانیمان لێکردووە ، تەواو بە ڕاشکاوی بڵێم باشترین سیاسەتە بۆ هەرێمەکە .

 پرسیار: بەڵام داخودا ئەوە ڕاست نییە کە بەلانی کەمەوە لەوەتا ساڵی ١٩٩١وە، کوردستان لە ڕاستیدا وەک ووڵاتێکی کەمتازۆر سەربەخۆ هەڵسوکەوتی کردووە بە یارمەتی ئێوە و بە هاریکاری ئێوە؟ جا پرس ئەوەیە – ئەمن پێم وا بێ لێی تێناگەم – بۆچی سیاسەتێکی ناڕون لەو ڕووەوە پەیڕەو دەکەن؟ مەبەستم ئەوەیە بڵێم ، لە لایەکەوە پشتیوانی دەکەن ، ئێوە یارەمەتی کوردەکانتان دا کە نیوە سەربەخۆیی و ئۆتۆنۆمی خۆیان دامەزرێنن ، و لە لایەکی دیکەشەوە ئەو مافەیان پێ ڕەوا نابینن.

 ئاغای کیربی: ئەوە لەوە ڕا دەستی پێکرد کە یارمەتی بکرێن بۆ ئەوەی بمێننەوە و دەرببەن لە هەمبەر ئەو جینایەتانەی سەدام حوسێن لە کۆتاییەکانی ١٩٨٠ کان و سەرەتای ١٩٩٠ کاندا دەرحەق بەوان کردی. هەروەک – ئەوەی کە ئێمە ئێستا بە خێرایی بەرەوە پێش دەچین لە شەڕ بە دژی داعش دا، تەنانەت ئەو یارمەتییەش کە ئێستا دەکرێ بە پێشمەرگە لە باکوور [ ی عێڕاق] بە ڕێگای بەغداوە ئەنجام دەدرێ. جا بۆیە ئێمە بە قسە ئەو قسانە ناکەین ؛ بەڵکوو بە کردەوەش پێکیان دێنین و بەو قسانە کار دەکەین وەک بنەمایەک تەنانەت لە شەڕ بە دژی داعشیش دا. ئەو قسانە بە مانای ئەوە نییە ، کە ئێمە نکۆڵی لە مافی کەس بکەین، بەڵکوو بەمانای حەول دانە بۆ یارمەتی عێڕاق – بەتایبەتی لە حاڵی حازر دا – بۆ ئەوەی خۆی لەکۆڵ ئەو هەڕەشە مەرگاوییە بکاتەوە و بەردەوام بێ لەسەر ئەنجامدانی ئەو جۆرە ڕێفۆرمە سیاسی ، ئابووری ، تەنانەت عەسکەرییانە کەئەوان ئێستا خەریکن حاڵی حازر دەیانکەن و یارمەتیدانیان بۆ ئەوەی بە سەرکەوتووییەوە ئەوە ئەنجام بدەن. چونکە ئێمە لەو باوەڕەداین ئەوە ئەو شتەیە کە عێڕاق دەکاتە عێڕاقێکی بە توانا و یەکگرتوو و بەرەو پێشی دەبا، و ئێمە لەو باوەڕە داین هەبوونی عێڕاقێکی بەتوانای، پلووڕاڵی، یەکگرتوو لە بەرژەوەندی هەرێمەکەش دایە.

پرسیار: داخودا نیگەرانی ئێوە لە بەر ئەوەشە کە ڕەنگە ئەو دابەش بوونە لە باشووڕ [ی عێڕاقیش ] بکرێ، کە تێیدا ئەو هەرێمە شیعە زەبەلاحە سەربەخۆ بێ و لە نزیکەوە بەسترابێتەوە بە ئێران ، بە هەبوونی داهاتی زۆری نەوت و لەوانە؟

ئاغای کیربی: نا. ئێمە لەو باوەڕە داین کە – ئێمە لەو باوەڕەداین ئەو بۆچوونەی هەمانە بۆچوونێکی دروستە نوختە خەڵاس. و ئێمە ئەوە وەک جۆرەیەک پێوەری بڕیادەر نابینین بۆ ئەو هەڕێم یان هەرێمێکی دیکەی عێڕاق. ئێمە عێڕاقێکی تەواو و یەکگرتوومان دەوێ. چاکە؟

تێبینی : ئەو ڕۆژنامەنووسەی کەکیربی بە نێو بانگی دەکا؛ سەعید ، ڕۆژنامەنووسێکی فەلەستینی یە.

No comments: