Monday, June 27, 2016

سەردانەکانی جانێت بیل ، نووسەر، بژارکاری کتێب و هاوژینی مۆری بووکچین لە ڕۆژئاوا


ئەو چاوپێکەوتنە ڕۆژی دووشەمە ٢٣-ی مەی ٢٠١٦ ئاستە کراوە و وەک دووەم دیداری بەرنامەی ڕاوێژ بۆ تێلێڤیزۆنی ستێرک لەگەڵ ڕێزدار بیل لە رۆژی یەکشەمە ١٩-ی ژووەن بڵاو کراوەتەوە.
قازی: جارێکی دیکە بەخێر بێیەوە بۆ بەرنامەکەی من. لە ماوەی دوو سێ ساڵی ڕابردوو دا ئەتۆ سەفەرت کردووە بۆ ڕۆژئاوا یان ڕۆژئاوای کوردستان . لە پێشدا پێم خۆشە بزانم ئەو فکرەی چوون بۆ ڕۆژئاوا چۆن ساز بوو ، کاتێک یەکەم جار چوویە ئەوێ ؟
 بیل: ئەو سەفەرە بە دەستپێشخەری دوو کورد ڕێک خرا ڕێک خرا ، دلار دێرک و دەروێش چیمەن کە هەیئەتێکی ئاکادەمێک کۆ کەنەوە . ئەوان لە چەندین کەسیان گێڕاوە لەو هەیئەتە دا بەشدار بن .
قازی: ئەوە لە چ ساڵێک دا بوو؟

بیل: ساڵی ٢٠١٤ ، ئەوە لە مانگی دیسامبری ساڵی ٢٠١٤ دا بوو. ئەوان دەیانویست هەیئەتێکی ئاکادێمیک ساز کەن ، خەڵکی ئاوای کە بچن سەر لەوێ بدەن و بێنەوە و ئەوەی دیتوویانە بگێڕنەوە و بە دنیا بڵێن لەوێ چ ڕادەبرێ . دیارە ئەمن ئاکادێمیک نیم و لە سەرەتاوە بانگ نەکرا بووم بەڵام کەسێکی کە دە هەیئەتە کە دا ببوو پێشنیازی کرد بوو بۆچی ئێوە لە جانێت بیل ش ناگێڕنەوە و بەو شێوەیە ئەمنیش بانگ کرام
 قازی: کاتێک دەڵێی ئەتۆ ئاکادێمیک نی مەبەستت ئەوە یە لە جێیەک دەرس ناڵێیەوە؟
 بیل: ئەمن پڕۆفێسۆر نیم ، ئەوە جیاوازە لەوەی کە مرۆڤ ڕووناکبیر بێ. ئەمن مامۆستا نیم.
قازی: پێکهاتەی هەیئەتەکە چۆن بوو ؟
بیل: چی چۆن بوو ؟
 قازی: خەڵکی ئەمریکای تێدا بوو؟
 بیل : ئەمریکایی تێدا بوو ، چەند ئەمریکایی تێدا بوو، دەیڤید گڕەیبر و جێف مایلی کە هەر دووکیان لە بریتانیا دەژین.
 قازی: دەیڤید گڕەیبر پڕۆفێسۆرێکی ناسراوە لە مەدرەسەی ئابووری لەندەن [ لەندن سکووڵ ئاف ئێکانامیکس ]
بیل: بەڵێ ڕاستە لە لەندەنە و ئەو ووتاری زۆر گرینگی لە سەر ' ڕۆژئاوا ' نووسیوە.
قازی :دەکرێ بە ووردە ڕیشاڵ باسی سەفەرەکەت بۆ وێندەرێ بکەی؟
بیل: ئێمە لە ' سێماڵکا ' لە چۆمی دیجلە پەڕینەوە
 قازی : لە باشووری کوردستانەوە
بیل : لە باشووری کوردستانەوە بە گەمییەکی پچووک لەو چۆمە کە پچووک وەبەر چاو دێ پەڕینەوە بەڵام ئەوە هەنگاوێکی گەورە بوو. لەوێ هێزی ' ئاسایش ' پێشوازی لێ کردین و هەڵبەت لە بەر ئەوەی هەلومەرجی شەڕ بوو ئێسکۆرتیان کردین. لە هەموو ماوەکە دا دەبوو بەیەکەوە بمێنینەوە ڕێکخەرەکان زۆر هە ستیار بوون کە کەس نەڕوا و بە سەری خۆی ملی ڕێگا نەگرێ و ئێمە بە ماشێنی وان بە ڕۆژئاوا دا دەگەڕاین . چووینە ' دێرک ' ، لە ' دێرک ' چووینە ڕێستۆرانی پارادایس ' بەهەشت ' ئەمن پێم وایە ئەوە یەکەم سەردانمان بوو ، لە دێرک چاومان کەوت بە ئامینە ئۆسی کە جێگری بەرپرسی کاروباری دەرەوە و سەر بە پارتیی یەکێتیی دێمۆکڕاتیک بوو
 قازی : لە کانتۆنی جزیرێ
 بیل: ئێمە تەنێ لە کانتۆنی جزیرێ دا گەڕاین ، ئەوە بەر لە ' تل ئەبیاد ' بوو. جزیرێ لە کۆبانێ هەڵبڕابوو نەمان دەتوانی تا ئەوێ بچین. چووینە ' قامشلۆ ' ، لەوێ چووینە سەردانی ناوەندە دەرمانییەکان . چووین و لە کۆبوونەوەیەکی ' کۆمۆن ' دا بەشداریمان کرد ، سەرمان لە گۆڕستانی شەهیدان دا، سەری ستودیۆی ' تێلێڤیزۆنی ڕۆناهی ' مان دا . ڕەنگە لایەنی هەرە بە هەڵپەی سەفەرەکەمان سەردانی ' سەرێ کانییێ' بوو بێ ، کە هێشتا تەواو ئاوەدان نەکرابووەوە دوای ئەوەی لەوێ بە سەرکەوتوویی هێرشی ' ئەلنوسرە ' پاشەکشەی پێ کرا بوو. دیواری خانووبەرەکان بە گوللە دابێژرابوون ، ماڵەکان کونی گەورەیان تێ کرا بوو . بەڵام وێدەچوو ژیان گڕابێتەوە سەر باری ئاسایی . بەڵام هەموو بەسەرهاتەکانم بیست کە ' ئەلنوسرە ' چۆنی هیڕش کردووە و یەپەگە و یەپەژە چۆنیان دەرپەڕاندوون لە وێندەرێ.
قازی: یەکەم تەسەوری کە لە زەینی تۆ دا ساز بوو سەبارەت بە بەڕێوەبردنی ژیانی کۆمەڵایەتی ، ژیانی ڕۆژانە چ بوو و چۆن بوو؟ مەبەستم لە یەکەم سەفەرەکەتانە؟
 بیل: لە یەکەم سەفەر دا تەسەورێکی بەرتەنگ بوو ، من هەستم نەکرد لەوێ دەوڵەتێکی گەورە هەبێ کە دیارە نەبوو، وا وێدەچوو کە خەڵک خۆیان ژیانی خۆیان بەڕێوە دەبەن. بۆ نموونە ئەمن لە بەرنامەی پێشوو دا باسم کرد لە باسی ئیدەکانی موری بووکچین دا ئەو لە سەر ئەو باوەڕە بوو شارومەندان دەبێ ئەنجومەنان پێک بهێنن ، ئیدەکانی لە مەڕ ' شارەدارێتی ئازادانە ' لە گەڕەکێک لە قامشلۆ ئەنجومەنی ئاوا هەبوون . ئەمن سەردانی ئەنجومەنێکم کرد ، کە ژن و هەر وەها پیاوان بەشداریان تێدا دەکرد ، هەم عەڕەب و هەم کورد تێیدا بەشداریان دەکرد و ئەوە بۆ من زۆر خۆش بوو بیبینم بۆ من دەتگوت کۆبوونەوەیەکی شارییە لە ڤێرمانت کە ئەمن لەوێوە دێم و لەوێش ئەنجومەنی شارومەندان هەیە.
 قازی : تکایە بەردەوام بە
 بیل: کاتێک من سەردانی ' ئاسایش ' م کرد لە مەدرەسەکەیان لە ' ڕەمێلان ' و هێندێک شتم لە سەر هاوڕێکەم موری بووکچین بۆ خوێندنەوە دیارە ئەو نەماوە و ئەوەم بە مانای ئابستراکت گوت، دوایە زانیمان ئەوان خەریکی خوێندنەوەی ' کۆنفێدرالیزمی دێمۆکڕاتیک ' بوون لەو مەدرەسەیەی پەروەردەی ئاسایش دا و من کە خەریک بووم ئەوێم بە جێ دەهێشت کەسێک پێی گوتم هەر هەمان ڕۆژ سەرلە بەیانی ئەوان لە سەر بووکچین یان خوێندووەتەوە کە ئەوە هەتا بڵیی کاری تێکردم .
 قازی: سەبارەت بە دەوری ژنان، وەک دەزانی لە چاپەمەنی گشتی ئەمریکا و ووڵاتانی ئوڕووپایی دا ئەوان زۆر باسی ئازایەتی ژنان لە مەیدانی شەڕ دا دەکەن .بەڵام لە ڕاستیدا ئەتۆ ئەو چاوەڕوانییەت هەبوو بە لە بەر چاوگرتنی ئەوەی بەشێوەی نەریتی ژن ئازاد نەبوون لە هەرێمەکە دا . ئەتۆ دەوری ژنانت چۆن دی ؟
 بیل: ئێمە سەرمان لە سەربازگەیەکی یەپەژە دا کە – هەڵبەت ئێمە نەچووینە مەیدانی نەبەرد و هیچ شەڕمان نەدیت - ژنانی برینداری یەپەژەی لێ بوون . ئەوان باسی گرینگی ئیدە و فکریان بۆ کردین . ئەوان گوتیان لە پێناو یەکسانی جێندریی دا خەبات دەکەن و لە پێناو کۆنفێدڕالیزمی دێمۆکڕاتیک دا . بۆ ئەوان زۆر جێی دڵخۆشی بوو کە لە خەبات دان و بەشداری دەکەن لە ژیانی کۆمەڵایەتی دا، بەڵام بۆ ئەوان شتی هەرە گرینگ دەست دانە چەک نەبوو بەڵکوو شتی گرینگ بۆیان بیر و ڕامان بوو و ئەوە ئەوشتە بوو کە لە پێناوی دا شەڕیان دەکرد و بێ پسانەوە ئەو خاڵەیان دووبارە دەکردەوە .ئەوان دەیانگوت ئەوە کۆمەڵێکی نوێ یە کە تێدەکۆشن پارێزگاری لێ بکەن. ئەوە بە ڕاستی زۆر چاوڕاکێش بوو.
 قازی: ئەو ' هاوپەیمانیی کۆمەڵایەتی ' یەی کە وەک دەزانی هەموو کانتۆنەکان لە سەری ڕێک کەوتوون کە ئێستا بەرەو شێوەیەکی دیکە لە بەڕێوەبەری چوون ، لە ڕوانگەی ئێوەوە چۆنە مەبەستم ناوەرۆکی ئەو ' هاوپەیمانییە کۆمەڵایەتی ' یەیە. و وەک دەزانی لەو جوغرافیایە دا لە ووڵاتانی جۆر بە جۆر قانوونی بنچینەیی جۆر بە جۆر هەن بەڵام ئەمن پێم وایە ئەو ' هاوپەیمانیی کۆمەڵایەتی ' یە زۆر مۆدێرن بوو ئەگەر مرۆڤ لەگەڵ جێگای دیکەی بەراوەرد بکا ؟
 بیل: بەلێ ئەمن پێم وایە . پرێنسیپەکانی کۆنفێدرالیزمی دێمۆکڕاتیک لە هاوپەیمانیی کۆمەڵایەتی دا گونجاون ، ئەوەمان لە بیر بێ ناوی نەنراوە قانوونی بنچینەیی ، چونکە ئەوە دەوڵەتە کە قانوونی بنچینەیی هەیە . هاوپەیمانیی کۆمەڵایەتی پەیمانێکە لەگەڵ هەموو کۆمەڵ بە گشتی چونکە لە ڕۆژئاوا دژی دەوڵەتن، هەر وەک چۆن بووکچین دژ بوو و ئوێجاڵان دژە. ئەو پڕێنسیپانەی یەکسانی جێندەری و هەموو گرتنەوە لەوێدا چاوڕاکێشە و ئەمن پێم سەیر بوو لە ' هاوپەیمانی ' یەکە دا شوێنەکە وەک ' ڕۆژئاوا ' باسی لێوە ناکرێ چونکە ئەوە ووشەیەکی کوردی یە و ئەوان حەول دەدەن باوەش لە هەموو ئێتنیسیتە جیاوازەکان وەر بێنن جا بۆیە هەر وەک سێ کانتۆنەکان باسیان لێوە دەکرێ و سێ زمانی ڕەسمی هەیە: کوردی ، عەڕەبی و سوریانی و ئەوە زۆر چاوڕاکێشە کە زۆر ڕەهەندی جیاوازی مافی مرۆڤ ، نوختەکانی مافی مرۆڤی نێونەتەوەیی لە هاوپەیمانیی کۆمەڵایەتی ڕۆژئاوا دا گونجاون . لە دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئێمە زۆر شانازی دەکەین بە ' داخویانی مافەکان ' [ بیل ئاف ڕایتس] کە تێیدا ١٠ ماف بە دوای یەکدی دا ڕیز کراون بەڵام لەوەتا پەسند کرانی ئەو داخویانییە لە کۆتاییەکانی سەدەی ١٧ هەم دا زۆر ئاڵوگٶر بووە لە ناوەرۆکی مافی مرۆڤ دا و ئەو مافە مرۆڤییانەی کە لە زۆر پەیماننامە و ڕێکەوتن نامان دا پەسند کراون لە ئاستی نێونەتەوەیی دا لەو هاوپەیمانییە کۆمەڵایەتی یەی ڕۆژئاوا دا گونجێندراون . ئەمن ئەوەم زۆر بە دڵە و پیرۆزبایی لەو هەنگاو دەکەم.
قازی : ئەو سەفەرەی یەکەمی ئێوە چەند ڕۆژی برد ؟
بیل : دە ڕۆژ
 قازی: ئێوە چتان دی کە چاوەڕوان نەبوون بیبینن ؟
بیل: ئەمن قەت لە پێشدا شاهیدی شۆڕشێک نەبووم . ئەگەر چی ئەمن لەگەڵ ' موری ' کارم دەکرد و کتێبم نووسی سەبارەت بە شۆڕشی سێیەم ؛ مێژووی بەخۆداهاتن . هەموو شت بۆ من ئابستراکت بوو ، لاپەڕەی مێژوو بوو . بەڵام لەوێ ئەوە شۆڕشێک بوو کە قەوما بوو و ئەمن شاهیدی بووم و ئەوە هەتا بڵێی شتی هەرە وورووژێنەر بوو بۆ من. ئەمن قەتم نەدیبوو ژن چەک لە شان کەن، ئەمن قەت لە مەیدانێکی نەبەرد دا نەبووم. ئەمن لە دوورەوە گوێم لە دەنگی تەقینەوە نەبووە لە بەر ئەوەی شەڕێک لە گۆڕێ دا بووبێ ، جا بۆیە بۆ من زۆر شتی چاوڕاکێش، جێی سەرنج و قووڵ لە گۆڕێ دا بوو . ئەمن ژیانێکی ئاسوودەم هەبووە بە بەراوەرد کردن لەگەڵ ئەوەی خەڵک لەوێ دەی ئەزموون.
 قازی: ئەتۆ هەر باسی لایەنی ئەرێنی دەکەی .ئایا هیچت نەدی کە ناکرێ بیسەلمێنی و پەسندی کەی؟ بیل: ئەوەی بۆمن بڕێک جێی پرسیارە پێوەندی نێوان حکوومەتی تێپەڕ کە ئێستا پێم وایە پێی دەگوتری خۆسەری دێمۆکڕاتیک کە بریتی یە لە ئەنجومەنی قانوون دانان، ئەنجومەنی جێ بە جێ کردن . پەرۆشی من ئەوەیە پێوەندیی ئەوانە بەیەکەوە چۆنە واتە سیستمی کانتۆنی : کۆمۆنەکان، ئەنجومەنی گەڕەکەکان، ئەنجومەنی ناوچە و ئەنجومەنی دامەزرێنەری فیدرالیزمی باکووری سوورییە. دوو سیستمی جیاواز لە گۆڕێ دایە کە یەکیان وێدەچێ بە توانایەکی سیستمی کەونارای پارڵمانی بێ. و ئەمن نازانم پێوەندیی ئەوانە چۆنە و چۆن بەیەکەوە گرێ دراون و نیگەرانی من شێوەی بەیەکەوە بەستنیانە چونکە ئەگەر مەبەست هەبوونی دێمۆکڕاسییەکی ڕاستەقینەیە ئەوانە دەبێ لێک ببەسترێنەوە. و ئەمن دڵنیام شیکردنەوەیەک بۆ ئەوە هەیە کە ڕەنگە تا ئێستا نەم بیستبێ بەڵام..
 قازی : دەتوانی لەگەڵیان بهێنییە گۆڕێ. باشە ، ئەوە لە ساڵی ٢٠١٤ دا بوو و کاتێک ئەتۆ گەڕایەوە و دیارە دیسان چوویەتەوە ئەوێ وایە ؟
 بیل : بەڵێ
قازی: ئەو سەفەرەی دووەم کەنگێ بوو ؟
 بیل: لە مانگی ئۆکتۆبری ساڵی ٢٠١٥ . ئەمن بانگهێشتن کرام بۆ بەشداری لە ' کوبوونەوەی لووتکەی دنیای نوێ ' کە لە لایەن ئاکادێمی دنیای نوێ ' لە هۆلەند ڕێک خرا بوو لە لایەن یووناس ستال و ڕێنێ ئین در ماور و چەند کەسی دیکە بانگهێشتنیان کردم کە بچم و لە سەر ' بووکچین و کۆنفێدرالیزمی دێمۆکڕاتیک ' قسە بکەم . ئەو کۆبوونەوەیە لە ' دێرک ' بوو بەڵام لە ماوەی ئەو حەوتوویە دا ئێمە سەردانی زۆر جێگامان کرد کە ئەمن پێشتر هێندێکیانم دیتبوو. بەڵام بۆم سەرنجڕاکێش بوو دیسان بچمە ئەو شوێنانە و ببینم کە شۆڕش چۆن بەرەو پێش چووە .
قازی: ئەو ئالوگۆڕانەی لەوەتا سەفەری یەکەمت کرا بوون چ بوون؟
 بیل: شەڕ بەردەوام بوو ، ئەوە شتێک بوو کە لە زەینی هەموو کەس دا بوو. خەڵکی زیاتر ، ' ئاسایش ' ی زیاتر لە دەوروبەرمان بوون بۆ پاراستنمان. ئەوانمان لەهەموو کوێ دەدی. شتەکانی دیکە ئەوە بوون. لە سەفەری یەکەم دا ئەمن لە هێندێک لە ژنانم بیست کە باسی ' ژنۆلۆژی ' یان دەکرد ، بە شێوەیەکی ئاوایان شی دەکردەوە وەک بڵێی زانستێکی باڵا دەستیان هەیە . لە سەفەری دووەم دا کاتێک ئەوان باسی ' ژنۆلۆژی ' یان دەکرد دەیانگوت ژن و پیاو یەکسانن . هیچ کام لە جێندرەکان باڵا دەست نییە و نابێ باڵادەست بێ و ژن وپیاو یەکسانن و ئەمن پێم وایە ئەوە گۆڕانێکی چاوڕاکێش بوو .
قازی: لە جێیەک من خوێندوومەتەوە کە تۆ ڕەخنەگرێکی ' فێمینیزمی ئێکۆیی ' بۆچی ؟ بیل: دەزانی ئێکۆ فێمێنیزم لە دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمرێکا بە جۆرێک کراوە بە شتێکی عێرفانی قازی : ئەگەر گرێی بدەیەوە لە ڕۆژئاوا !

بیل : ئێکۆ فێمینیستەکان گەیشتنە ئەوەی کە بڵێن ژنان لە جێدا باڵاترن لە پیاو و زانستێکی باڵاترین هەیە سەبارەت بە خۆڕست . جا ئەمن کێشەم لەگەڵ ئەوە هەیە و پێم وایە گشتاندن سەبارەت بە ژنان زۆر بە مەترسی یە چونکە ئەوە لە سەر زۆڕداری لێکردنیان لە ڕابردوو دا دادەندرێ .جا بۆیە ئەمن زۆر خۆشحاڵ بووم لە سەفەری دووەم دا ببینم کە ئەو فکرە ئاوا چووەتە پێشێ کە جێندرەکان بە یەکسان دەزانێ.
 قازی: ئێستا ئەو خەباتەی گەلی کورد و ئەوانیدی کە داوای مافی خۆیان دەکەن لە ڕۆژئاوا ، کە دیارە هەر بە تەنێ کوردەکان ئەوە خەباتە ناکەن خەڵکی ڕەسەنی دیکەی هەڕێمەکەش لەو خەباتە دا بەشدارن ئەگەر مرۆڤ گوێ لە ڕاگەیاندنە ڕەسمییەکانی دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕابگرێ و ئی خەڵکی دیش، هەر دەڵێن ئەوان خەڵکی زۆر بوێرن ، زۆر ئازان بە دژی ئەو داعشە دڕندانە لەوێندەرێ. بەڵام زۆر کەم وا هەیە باسی مافی ئەوان بکەن. بۆ نموونە ئەوە بڵێن کە ئەو خەڵکە مافی خۆیانە ژیانی خۆیان بەڕێوە بەرن. باشە پێت وایە لە داهاتوو دا چ دەبێ ئەگەر ئەو هەڵوێستانە هەر ئاوا بەردەوام بن ؟ کوردەکان چۆن دەتوانن باوەر بەو سیاسەتەی دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و دەوڵەتانی ڕۆژئاوایی بکەن؟
بیل: ئەوە پرسیارێکی زۆر باشە. بەڵام ئەمن پێم وایە لە چاپەمەنی ڕۆژئاوایی ، لە تەنیا جێگایەک دا کە ئەمن دیتبێتم باسی سیستمی سیاسی ڕۆژئاوای کوردستان بکرێ چاپەمەنی ڕادیکاڵ ە. لە چاپەمەنی گشتی ئەمریکا دا ئەوان باسی کۆنفێدڕالیزم ناکەن ، ئەوان باسی گرینگی ئەو سیستمە ناکەن کە تێیدا ژنان شەڕی بۆ دەکەن، ئەوان باسی ئێکۆلۆژی و دەباوەش وەرێنانی ئێتنیکی ناکەن . تەنێ باسی ئەوە دەکەن کە چەندە شەڕڤانی چاکن و چەندە کاریگەرن بە دژی داعش! ماناکەشی ئەوەیە کە هاوپەیمانییەکی گرینگ لە ئارا دایە و دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا داوا ناکا کە کوردەکانیش لە موزاکەراتی ژێنێڤ دا جێیان بکرێتەوە ، هەڵبەت دیارە ئەوە لە بەر تورکییە یە و ئەوە دەبێتە هۆی نیگەرانی و لە ئەگەری ئەوەی دا کە کوردەکان ئیدی چ بر بۆ بەرژەوەندی ئەمریکا کەلکیان نەبێ لەوانەیە دیسان خەیانەتیان پێ بکرێ و ئەمن بە قووڵی لەوە نیگەرانم و هیوادارم ئەوە ڕوو نەدا. بەڵام ئێستا زۆر بزووتنەوەی هاوپێوەندی لەگەڵ کوردان سەر هەڵدێنن بۆ گوشار هێنان بۆ سەر حکوومەتان و دەبێ ئەوە بەربڵاوتر بێ بۆ بە ڕەسمی ناسینی کوردەکان و بۆ ئەوەی دەستەبەری ئەوە بکرێ ئەو خەیانەت پێ کردن و دەست لێ بەردانە نا قەومێ. و هەر دووک جاری کە ئەمن لەوێ بووم خەڵک دەیانگوت ئێمە پێویستیمان بە یارمەتی ئێوە هەیە و دەبێ لە شوێنی خۆتانەوە بە دەنگمانەوە بێن. و ئەوە شتێکە کە زۆر لە ئێمە کە لەوێ بووین حەول دەدین بیکەین بۆ ئەوەی یارمەتی بکەین.



 قازی: ئێستا ئێمە لە سەر شاشە هێندێک لە کارە هونەرییەکانی ئێوە دەبینین. دەکرێ هێندێکم بۆ باس بکەی چونکە کاتێک من تەماشایان دەکەم زۆر چاوڕاکێشن وا دیارە ئەو دیمەنانە بە ووردی لە زەینت دا جێیان گرتووە و ئەو کارە هونەرییانەیان لێ بەرهەم هاتووە.
 بیل: بابەتی بەدڵی من لە هونەر دا ڕووی ئینسانە. بەدەنی ئینسان و ئەمن ئەوەم بە شێوەیەکی بێ سنوور پێ سەرنجڕاکێشە و حەز لە ڕووی ئەو خەڵکە دەکەم کە لە ڕۆژئاوا چاوم پێیان کەوت. لە ڕوویان دا ، کەسایەتی و دەربرینی زۆر بەدی دەکرێ ، ئەو خەڵکەی کە باوەڕییان بە خۆیانە، باوەڕی و بوێری بۆ ئەو شتەی دەیکەن و بۆ ساز کردنی کۆمەڵێکی نوێ . سەرنجڕاکێش بوونی ئەوە بۆ من قەت کۆتایی نایە ، بۆیە من حەز دەکەم بیانکێشمەوە، نەقاشی منیش جۆرەیەک ڕێزلێنانی منە لەوان ، بەڵام لە کارە هونەرییەکانم دا حەول دەدەم بچمە قووڵایی دەروون ناسییەوە. چونکە ئەمن بەپرسیارم بزانم لە ژیانی دەروونییان دا چ ڕادەبرێ کە بتوانم بە کێشانەوەی ڕوو و دەموچاویان دەریان ببڕم.

 قازی: ئەتۆ ئەو کارە هونەرییانەت جگە لە بلۆگەکەت ، لە شوێنی دیکەشدا بڵاو دەکەیەوە ؟

بیل: بۆ ماوەیەک لە فەیس بووک دا بڵاوم کردنەوە ، ئێستا لە سەر هێندێک دیمەنی تازە کار دەکەم و هیوا دارم کۆیان بکەمەوە و نوێنەگایەکیان لێ ساز کەم . هەر وەها بۆ پیتاک کۆ کردنەوەش بەکاریان دەهێنم . بۆ نموونە بۆ یارمەتی دانی ' وەقفی ژنانی ئازادیی ڕۆژئاوا ' . ئەگەر کەسێک بییەوێ بیانکرێ دراوەکەی دەنێردرێ بۆ ئەو وەقفە. و حەول دەدەم بۆ دوزینەوەی ڕێگای دیکە بۆ کۆ کردنەوەی پیتاک و باربوو بە فرۆشتنی ئەو کارە هونەرییانە.
 قازی: کاتێک ئەتۆ لە سەفەری دووەمی خۆت گەڕایەوە ئەمن پێم وایە لە شوێنی جۆر بە جۆر کۆبوونەوە و کۆنفڕانست کردووە تەنانەت لە دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئوڕووپا. دەکرێ باسی هێندێک لەو گردبوونەوانە بکەی؟
 بیل: بەڵێ ، بە ڕاستی سەرنجڕاکێشە چونکە ئەمن لەو دواییانە دا بیۆگڕافی موری بووکچین م بڵاو کردووەتەوە
قازی: ناوی کتێبەکە چییە ؟
 بیل: ' ئێکۆلۆژی یان کاتاسترۆفی ' [ کارەسات ]. یەکێکیان . ژیانی بووکچین کە پارەکە بڵاو بووەوە . جا بۆیە پێویستە ئەمن بچم و باسی کتێبەکەم بکەم بەڵام لە بەر ئەوەش کە تازە لە ڕۆژئاوا گەڕاومەتەوە باسی ڕۆژئاواش دەکەم و هەر دووک بابەتەکان لێک دەبەستم. جار جار خەڵک دەیانەوێ باسی بووکچین ببیستن و جار جار باسی ڕۆژئاوا و ئەوە گەورەترە لەوەی کە دوو شت لەیەک ببەسترێتەوە. هەر بابەتەی گرینگی ئەویدیکە بەرەو ژوور دەبا. ئەمن سەردانی ئیرلەندم کردووە و لە دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ..
قازی : لە ئیرلەند پێم وایە لەگەڵ ژنە تێکۆشەرێکی کورد لە پانێلەکە دا بووی.
 بیل: ڕاستە، پانێلێکی زۆر خۆش بوو ، بە بەشداری من ، کە باسی دێمۆکڕاسی م کرد، ئەرجان ئیبۆیا ، لە بزووتنەوەی ئێکۆلۆژی میزۆپۆتامیا باسی ئێکۆلۆژی دەکرد و ئایشە ( ئێستا ناوی دووەمیم وەبیر نایە ) باسی ژنانی دەکرد ، واتە سێ ئەستوونی ئیدێئۆلۆژییەکە لە شوێنێک کۆ ببووەوە. بە ڕاستی پانێلێکی چاک بوو.
 قازی: لەو دواییانە دا لە خەبەران دا هەبوو لە کانتۆنی عەفرین کە پێوەندی لەگەڵ دوو کانتۆنەکەی دیکە هەڵبڕاوە لەوێ دەستیان کردووە بە کردنەوەی زانکۆیەک و بە شێوەیەک خوێندنیان دەست پێ کردووە پێت وایە کە خەڵکی وەکوو بەڕێزت و کەسانی ئاکادێمیک یان ڕووناکبیران لەو بوارە دا چۆن دەتوانن یارمەتیدەر بن بۆ بەرەوژوور بردنی پەروەردە لە ڕۆژئاوا؟
 بیل: ئەمن وەک بزانم ئاکادێمی قامشلۆ داوای لە خەڵک دەکرد کتێبی باربوو بکەن. نازانم ئاکادێمی عەفرین داوای هەمان شت دەکا یان نا. دیارە ئەوەش گرینگە. ئەمن پێم وایە ڕێزگرتن لەو کارەش کە کراوە گرینگە بۆ دۆزینەوە و پێداهاتنەوەی دووبارەی مێژووی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست ، سەبارەت بە مێژووی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دا وپەردە لادان لە نەریتە گرینگەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و حەول دان بۆ دۆزینەوەی ڕێگا بۆ گفتگۆ لەگەڵ نەریتی دی لە بەشەکانی دیکەی جیهان. تێگەیشتنی من لە قامشلۆ ئەوە بوو کە زانکۆ لەوێ دەیویست ئەو کارانە بکا و ئەمن وا چاوەڕوان دەکەم لە عەفرینیش ئەوە بکرێ. ئەمن بەتایبەتی لە سەر ئەو شوێنە نازانم چونکە لەوێ نەبووم.
 قازی: بە پێی تێگەیشتنی تۆ ئەو کاری هاودەردی و هاوپێوەندییە بە چ شێوەیەک دەبێ بەرەوپێش بچێ چونکە تەجرووبەی ئاوا هەیە لەگەڵ بزووتنەوەکانی دیکە لە جیهان دا. کاری هاوپێوەندی هەبووە، درێژەی کێشاوە ئەو دەمی کە بارودۆخ گرژ بووە بەڵام دوایە لە کورتی داوە. بەڵام لە نموونەی ڕۆژئاوا دا بە لەبەر چاوگرتنی ئەو کاول کرانە گەورەی لە کۆبانێ قەوما، وەک دەزانی ئێستا کۆبانێ لە هەموو جیهان دا ناوێکی ئاشنایە. پێت وا هەیە ئەو کاری هاوپشتی و هاوپێوەندییە چۆن دەتوانێ خەسڵەتێکی بەردەوام پەیدا بکا؟
 بیل: ئەمن پێم وایە کاری هاوپێوەندی بە شێوەی جۆر بە جۆر خۆی نیشان داوە وەک گوشار هێنان و خۆ پیشاندان لە بەر دەم سەفاڕەتخانەکانی تورکییە بۆ ئعتراز بە کردەوەکانی دوەڵەتی تورکییە. بەڵام، زیاتر لەوە ئەمن پێم وایە پشتیوانی لە ڕۆئاوا لە تەنکەی نادا چونکە مۆدێلێکە بۆ خەڵک ، خەڵک وەک مۆدێل و نموونەیەک دەبینن کە کۆمەڵێکی بەدیل چۆن دەکرێ دابمەزرێندرێ. و وەک ئەتۆ دەزانی ئێستا لە ئوڕووپا بەرنامەی زۆر دڵتەزێنی ' دەست پێوەگرتن' دەکار دەکرێ. خەڵک بە دوای ڕێگای بەدیل دا دەگەڕێن بۆ ئەوەی کۆمەڵ ڕێک خەن. ئێستا ئەوە باڵی چەپ ئاژۆ خەریکە سەر هەڵدێنێتەوە، دیارە ئەوە چەپێکی دوای مارکسیزمە. بووژانەوەی چەپێکی کە مرخی لە ساز کردنی ئەنجومەنی ڕادیکاڵ هەیە و هۆگری ئێکۆلۆژی یە و ڕۆژئاوا هەتا بڵێی گرینگە وەکوو مۆدێلێک، وەکوو نموونەیەک کە ئەوە چۆن دەکرێ بکرێ. جا بۆیە پێم وایە ئێستا تێکەڵاوییەکی زۆر هەیە. فرووسماو بوون بە ڕۆژئاوا بەردەوامە تەنەنانەت لە نێوان ڕووداوی ئاواش دا کە خەڵک لەوانەیە ئعتراز بە دژیان بکەن.
قازی: ئەمساڵ ساڵی هەڵبژاردنی سەرکۆمارییە لە ئەمریکا. پێت واهەیە ئەگەر ئیدارەیەکی تازە بێتە سەر دەستەڵات هیچ گۆڕانێک دەبێ لە سیاسەتی دا لە ئاست ڕۆژئاوا؟
 بیل: بەداخەوە هیچی وامان لە کاندیداکان نەبیستووە سەبارەت بە بۆچوونیان لە سەر ڕۆژئاوا یان لە مەڕ کوردەکان. لە بەر قسەی لابەلا نەپەرژاونەتە سەر هەڵوێست دەربڕین سەبارەت بە سیاسەتی دەرەوە.
قازی: بە ئاسایی کاتێک مرۆڤ زانیاریدانی ڕۆژانەی وەزاڕەتی کارو باری دەرەوەی ئەمریکا بۆ چاپەمەنی بشۆپێنێ، لە ووڵامی ڕۆژنامەوان لە پێوەندی لەگەڵ دۆزی کورد دا زۆر جار دەڵێن ئەوان خەڵکی بوێرن و هەر ئەوەندە، هیچ ئاماژەیەک بە مافی ئەو خەڵکەی لەوێ دەژین ناکرێ.
بیل: وایە. سینەم محەمەد و ئیلهام ئەحمەد، لەو دواییانە واتە هەر حەتووی ڕابردوو لە واشنگتن بوون و داوای یارمەتی زیاتریان دەکرد. دەیانویست بەرعۆدەیی زۆر پتەوتر بە دەست بهێنن و ئەمن پێم وایە ئەو جۆرە یارمەتییانەی ئەوان داوایان دەکرد نەکرا بەڵام فەرماندەی نیزامی ئەمریکا لەگەڵ فەرماندەیی نیزامی هێزە دێمۆکڕاتیکەکانی سوورییە چاوپێکەوتنیان هەبووە لەو ڕۆژانەی دواییدا،
 قازی: وا بزانم یەکێک لە ژەنەڕالە پایە بەرزەکانی ئەڕتەشی ئەمریکا سەری کۆبانێ ی دا!
بیل: و پێوەندی نیزامییان پتەوتر کردووە. مەک گورک سەری ئەوێی داوە، لە وەزاڕەتی کارو باری دەرەوە ڕا لەوێ بوون چەندین جاو و ئەمن پێم وایە بەرعۆدەیی نیزامی بەهێزتر دەبێ. بەڵام شتێک لە دەرەوەی ئەوە ئەمن نابینم. بەڵام ئەوە جێی خۆشییە ئەوان گوێ نادەنە ویستەکانی تورکییە لەو پێوەندییە دا. چونکە تورکییە دەیەوێ ئیدارەی ئەمریکا پارتیی یەکێتیی دێمۆکڕاتیک وەک بەشێک لە پ.ک.ک ببینێ و بە تێڕۆریستی دابنێ، بەڵام دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئەوە وەدوا دەداتەوە و ئەمن بەوە زۆر خۆشحاڵم.
 قازی: باشە، ئەگەر ئێمە بێینەوە سەر کۆڕو کۆمەڵی ئاکادێمیک لە دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دا ، ئەوانەی کە نوێنەرایەتی بیری خەڵک دەکەن پێت واهەیە دەوری ئەوان لەو پێوەندییە دا دەبێ چۆن بێ ، واتە هاوپێوندیی لەگەڵ خەڵکی ڕۆژئاوا؟
 بیل: ئێمە زۆر توند تێدەکۆشین ئەوە لە خەبەران دا جێ بگرێ، بەڵام ڕێ دەر کردن بۆ ناو مێدیای سەرەکی گشتی زۆر دژوارە. چەند ووتارێک هەبووە لەو جۆرە مێدیایانە دا. پاییزی ڕابردوو لە گۆواری یەکشەمەی نیۆیۆرک تایمز دا ووتارێک هەبوو. هافتینگتن پۆست ووتارێکی زۆر باشی ئەکبەر شاهید ئەحمەدی بڵاو کردەوە سەبارەت بە 'کۆنفێدڕالیزمی دێمۆکڕاتیک لە ڕۆژئاوا '. لە چەند جێگا دا شتی باش بڵاو بووەتەوە بەڵام بابەتەکە هێشتا لە ووشیاری بیرو ڕای گشتی ئەمریکا دا ڕۆ نەنیشتووە.، جگە لە ناو کۆڕو کۆمەڵی هاوپێوەندی و کۆڕ و کۆمەڵی چەپ ئاژۆ دا نەبێ!
 قازی: ئەم بەرنامەیەی کە ئێستا ئاستەی دەکەین دواتر بڵاو دەبێتەوە، بەڵام ئێستا ئەتۆ لێرەی بۆ ئەوەی لە زانکۆی ئازادی برووکسێل دا کۆنفڕانسێک بدەی. لە سەر چی قسە دەکەی؟
 بیل: ئەمن سەبارەت بە بووکچین، ئوێجاڵان و کۆنفێدڕالیزمی دێمۆکڕاتیک قسە دەکەم و هەر وەها ڕۆژئاوا.
 قازی: ئەو بۆنەیە کێ ڕێکی خستووە؟
 بیل: ئەمن پێم وایە لە لایەن بزووتنەوەی سیاسی دژبەرانی پەرەسەندن ( مووڤمان پۆلیتیک دێ ئۆبژێکتۆر دۆ کرۆسانس) بزووتنەوەیەکە کە لە پێناو پاراستنی ئێکۆلۆژی دا کار دەکا.
 قازی: لێرەو دەچییە ئێسپانیا
بیل: بەڵێ ئێسپانیا بۆ مادرید و بارسێلۆنا و لەوێوە بۆ فەرانسە ، مۆنت پێلیێێ و لیۆن.
 قازی: زۆر سپاس کە بوویە میوانی بەرنامەکەمان . هیوادارم لە ژیان و لە کارەکانت دا سەرکەتوو بێ
 بیل: سپاست دەکەم نۆ ئەوەی بانگهێشتنت کردم



No comments: