Monday, April 2, 2018

بە بۆنەی ١٠-ی خاکەلێوە

چاوپێکەوتن لەگەڵ بەرنامەی سەردەم لە تێلێڤیزیۆنی ڕۆناهی
 مۆدێراتۆر بونیاد جزیری
شەمە ٣١ ی مارسی ٢٠١٨
بە بۆنەی  ١٠-ی خاکەلێوە
بونیاد جزیری: مامۆستا حەسەن جارێکی دیکە بەخێر بێی بۆ بەرنامەی ئێمە. ئەمن هەر وەک چۆن لە مامۆستا حەمەدەمینیشم پرسی دەمەوێ گرینگی ڕاگەیاندنی جمهووری مەهاباد لە دەمێکی ئاوا باس بکەن . فەرموو

حەسەن قازی: بەر لەهەموو شت دەمەوێ سڵاو بنێرم بۆ بینەرانی تێلێڤیزیۆنی ڕۆناهی و هەر وەها میوانی ئێوە لە ستودیو بەڕێز چیرە. لە ڕاستیدا ئەزموونی جمهووری کوردستان لە مەهاباد کە ٧٢ ساڵ لەوە پێش پێکهات ، لە دوو رووەوە دەکرێ تەماشا بکرێ، یەکەم هەلومەرجی ناوخۆیی و دووهەم هەلومەرجی دەرەوەیی ، وەکوو بەڕێز چیرەش باسی کرد لەو سەروبەندی دا بە دیتنی من هەلومەرجی دەرەوەیی زێدەتر تەئسیری هەبوو کە دە ماوەیەکی ئاوا کورتدا هەم پارتییەکی سیاسی پێک بێ و بە دووی ئەویش دا دوای سێ مانگان  جمهووری کوردستان ڕابگەیێندرێ. گرینگیی جمهووری کوردستان گرینگی سەمبۆلیکی وییە. ئەوەی کە دەبینین خەباتی گەلی کورد لە هەر بەشێکی کوردستاندا پێش کەوتووە و هەر کاتێک کە باسێک لە سەر مێژووی گەلی کورد دەکرێ وەکوو ڕێفرێنسێکی مێژوویی هەمیشە باسی ئەوە دەکرێ کورد توانیان لە ساڵی ١٩٤٦ دا بۆ ماوەی ١١ مانگ جمهوورییەک رابگەیێنن . بەڵام لە مەڕ ناوەرۆکی ئەو جمهوورییە ، داخودا ئەو دەمی هەستی نەتەوەیی هێز و توانایی چۆن بوو ئەوە شتێکە جێگای موناقەشەیە چونکوو  ئەگەر ئێمە ئەمڕۆ . ڕۆژی ١٠ ی خاکەلێوە ڕۆژی ئێعدام کردنی  پێشەوا قازیی محەمەد، سەیفی قازی و سەدری قازی  و حەوتوویەک دوای ئەوان لە ١٧ی خاکەلێوە ئێعدامی چوار ئەفسەری کورد لە بەرچاو بگرین و بە شێوەی ئۆبژێکتیڤ تەماشای مەسەلەکە بکەین دەبینین کاتێک ئەوان لە زیندان بوون، کاتێک ئەوان ئێعدام کران ، یانی ئەو سێ مانگەی لە زیندان بوون یانی لە کۆتایی مانگی ١٢ی ساڵی ٤٦ را تا کۆتایی مانگی ٣ی ساڵی ١٩٤٧، و ئەو کاتەی کە کورد موقاوەمەتی نەکرد و حکوومەتی ناوەندی جارێکی دیکە مەهابادی گرتەوە و دوای چەند ڕۆژ نزیکەی ٢٨ کەس لە ڕێبەر و سەرکردەی جمهووری زیندانی کرد و دوایە محاکەمە کردنیان ئێمە هیچ پرۆتێست و ئعترازێکمان نەدی لە لایەن گەلی کوردەوە. نووسەرێک کە باسی جمهووری کوردستان دەگێڕێتەوە دەنووسێ کاتێک قازیی محەمەد و هاوڕێیانی لە سێدارە دران  تەنێ لە شارێک لە ئوستانی لورستان ئعترازێک کراوە . ئەوە چ بە ئێمە نیشان دەدا؟ بە ئێمە نیشان دەدا لەو سەر و بەندی دا  باوەکوو جمهووریش ئێعلان  کرا بوو ، لەگەڵ ئەوەشدا کە کۆمەڵانی خەڵک فیداکارییان دەکرد بەڵام ئەو جۆرەی پێویستە ناسێنەخوازی کوردی ڕەگ ئاژۆی نەکرد بوو. بەڵام ئەوە دواترە کە گرینگیی کۆمار بۆ ئێمە زیاتر دەبێ بۆ وێنە لە لایەکەوە قازیی محەمەد و حیزبی دێمۆکراتی کوردستان موقاوەمەتیان نەکرد و لە لایەکی دیکەشەوە مەلا مستەفای بارزانی کە لەگەڵ خێلی بارزانی و هێندێک ئەفسەری ئازادیخوازی کورد هاتبووە کوردستانی ئێران دوای ماوەیەک لەگەڵ  حکوومەتی ناوەندی ئێران کەوتنە موفازە، و دوایە بە شەڕ ئێرانیان بە جێ هێشت. دەمەوێ بڵێم لەسەر موقاوەمەت بۆ پاراستنی حکوومەتی کوردی بڕیارێک نەدرا ، جا بۆیە گرینگی جمهووری کوردستان دوای ڕووخانەکەیەتی کە ئیلهام دەدا بە ئێمە . دەزانین لەو دواییانە دا کاتێک باسی ئەوە کرا دەبێ ڕووسەکان  ئاسمانی ناوچەی عەفرین بپارێزن ، لەوێ ئەو شیعارە هاتە گۆڕێ ئێمە ئەزموونی جمهووری کوردستانمان هەیە کە ڕووسیا پشتی تێ کرد، بۆ چی ئەوە گوترا چونکە لە زەمانی جمهووری کوردستان لە مەهابادیش کوردان وایان بیر دەکردەوە کە سۆڤییەت هاتووە و لە بەشێک لە باکووری ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە جێ بووە هەتا سەر دەتوانێ  پشتیوانیان لێ بکا ، بەڵام سۆڤیەت بەرژەوەندی گەورەتری لە بەر چاو بوو ، بۆیە لە عەفرینیش بەرژەوەندی خۆیان خستە پێش بەرژەوەندی گەلی کورد ئەگەرچی  ئەو ڕێژیمی ئێستای ڕووسیا جیاوازە لەگەڵ ئەو سیستمەی کە لە سەروبەندی جمهووری کوردستاندا هەبوو ...

بونیاد جزیری : بەڕێز حەسەن قازی ئەو ئەزموونە لە مێژووی کوردستاندا زۆر گرینگە. دیارە زۆر تەجروبە هەن ، بەڵام لەمەڕ ئەزموونی جمهووری کوردستان لە مەهاباد ڕێبەری گەلی کورد بەڕێز عەبدوڵا ئوێجاڵان بەشێوەکی گەلێک گەورە باسی دەکا ، دەڵێ ئەزموونێکی بەنرخە ویەک لەهۆیەکانە کە ئەمڕۆ تێکۆشان لە پێناو ئازادی دا بەردەوامە. ئەو خاڵە سەرەکییانەی کە بەڕێز ئوێجاڵان لەو ئەزموونە دا دەستنیشانیان دەکا ئێوە چۆن هەڵدەسەنگێنن ؟

حەسەن قازی: ڕاستی ئەو تەسبیتە لەوە دایە دەبینین تەنانەت ئەگەر بەشێوەی سەمبۆلیکیش بێ ئەو نیشانانەی کە دەربڕی ناسێنەیەکی نەتەوەیین و نەتەوەیەکی پێ دەناسرێتەوە لەو دەمیدا داهێندران. بۆ نموونە حەولدان بۆ ئەوەی زمانی کوردی  ببێتە زمانی ڕەسمی و زمانی کار پێ کردنی ئیداری ، ئەویش لە سەروبەندێکدا کە پێش ئەو تاریخە زمانی کوردی قەت لە سیستمی پەروەردەی ئێراندا زمانی خوێندن نەببوو.ئەوە زۆر گرینگە کە مەدرەسە بە زمانی کوردی داییر کرا. دوایە لە ڕووی نیزامییەوە یەکەمجار بوو  ئەڕتەشێکی نەتەوەیی کوردی ، هێزێکی کوردی پێک دەهات ، ئەگەرچی وەکوو باسمان کرد دەکرێ لە هەموو ڕوویەکەوە تەواو نەبووبێ . ئەوە لە چوار بەش پێک دەهات ، یەکەم لە شاری مەهاباد و دەوروبەری هێزێکی تایبەتی  پێشمەرگە  بە شێوەیەکی مۆدێرن پەروەردە دەکران تەنانەت لەوێ بۆ ماوەیەک ئەفسەرێکی کوردی سۆڤیەتیش وەک ڕاوێژکاری سیاسی و عەسکەری کاری دەکرد. هێزی دووەم هێزی عەشاییر بوو ، هەر عەشیرەتەی کە بەتایبەتی زۆربەیان لە زەمانی ڕەزا شا دا چەکماڵ کرابوون و بەشێکیان لە زێد و واری خۆیان دوورخرابوونەوە و سەرۆکەکانیان خرابوونە بەندیخانە ئەوانە  توانیبوویان هێزی عەشیرەتی پێک بێنن و لە ژێر فەرماندەیی  سەرۆکەکانیاندا بەشێک بوون لە هێزی نەتەوەیی کوردستان و دوو هێزەکەی دیکەش لەو کوردانە بوون کە لە باشووری کوردستان را هاتبوون و لە ژێر سەرۆکایەتی مەرحوومی مەلا مستەفا دا بوون. ئەو هێزانە لە لایەن ئەو ئەفسەرە کوردانەوە  پەروەردە دەکران کە پەیوەست ببوون بە بارزانییەکان و بەداخەوە هێندێکیان دوای ئەوەی جمهووری تێکچوو چوونەوە عێڕاق و لەوێ دەوڵەتی عێڕاق ئێعدامی کردن. جگە لە ساز کردنی هێزی میللی، وەک گوتم بەجۆرەیەک خوێندنی کور و کچ  تۆبزی کرا . شتێک هەیە ئەویش ئەوەیە لە سەردەمی جمهووری کوردستان دا لە ڕووی چینایەتییەوە چ چاکسازی نەکرا، بۆ وێنە بە پێچەوانەی ئەوەی کە حکوومەتی ئازەربایجان حەولی ڕێفۆرمی  زەوی و زاری دا، لە کوردستان ئیسلاحی زەوی نەکرا و سیستمی ئاغا و ڕەعییەتی بەو شێوەیەی لە ڕابردوو دا هەبوو هەر مایەوە و تەنانەت لە هێندێک ناوچەی ئازەربایجان کە کورد و ئازەربایجانی بەیەکەوە دەژیان ئەو ئازەربایجانیانەی نەیاندەویست  بەرژەوەندی ئابووری لەبەر ئیسلاحی زەوی لە دەست بدەن سەرەتیان دەدا بە ئەوەی لەگەڵ حکوومەتی کوردستان بن چونکە لە حکوومەتی کوردستاندا دەست لەوانە نەدەدرا واتە ئەو ئاماژەیەی کە ئێوە کردتان بە  نرخاندنی بەڕێز ئوێجاڵان تەواو مەنتیقی یە چونکە دەتوانین بڵێین نیشانەکانی کە ئێستا  دەربڕی ناسینەی خۆیی کوردن لە زەمانی جمهووری کوردستاندا  و لەو جوگرافیایە دا  فرچکی بەست، وەک دەزانین پارتیی دێمۆکراتی کوردستان ی عێڕاقیش لە مەهابادەوە ساز بوو و پێش ئەویش ' کۆمەڵەی ژیانی کورد ' کە مەکۆی سەرەکی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو لە باشووری کوردستان لکی هەبوو ، مەبەستم ئەوەیە ئەو ئەزموونە لە رووی ڕەسمییەوە ئەگەر کورتیش بووبێ تەئسیر و باندۆری خۆی بۆ هەموو کوردستان هێشتووەتەوە.

بونیاد جزیری: مامۆستا حەسەن با ئەوە لە ئێوەش بپرسم ، بە تایبەتی پێشەوا قازیی محەمەد ئەو پیلان و نەخشەی بۆ نەهێشتی کورد هەبوو تێ دەگەیشت و کاتێک کە گیرا لە دادگە و لە وەسیەتنامەی خۆیدا ئەوانەی لە قاو دا ، لە پێناو تێکۆشان و ئازادیی دا هەموو هەلومەرجێکی لە پێش چاو گرتبوو. دیتنی ئێوە چییە لەو بارەیەوە؟


حەسەن قازی: شتێکی کە بەڕێز چیرەش بە کورتی باسی کرد شتێکی کە  بۆ ئەو دەور و سەردەمایەی کە ئێمەی تێدا دەژین گرینگە  ئێمە دەزانین ئەو حکوومەتی نەتەوەیی کە پێک هات لە چوارچێوەی جوغرافیای ڕەسمی ئێراندا لە دەرەوەی ئوستانی کوردستانە، لە ئێران چوار پاریزگە ، چوار موحافەزە هەن کە هێندێکیان زۆربەی دانیشتوانیان کوردن ، بەڵام ئەو بەشەی کورستان ، یانی ئەو جێگایەی کە جمهووری کوردستانی تێدا ڕاگەیێندرا و پێشینە و تەجروبەیەکی مێژوویی هەیە لە ڕووی سیاسییەوە واتە ناوچەی موکریان لە ڕەسمییەتدا  دە ناو ئوستانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا دایە ، تەنانەت لەو سەنەدە دا کە بە هاوبەشی لەلایەن حکوومەتی ئازەربایجان و حکوومەتی کوردستان ڕا گەڵاڵە کراوە و وەک پڵاتفۆرمێک بۆ موفاوەزە خرا بەر دەم حکوومەتی ناوەندی  ، لە ٣٣  مادە دا ، لەوێ دا گوتراوە ' کوردستانی ئازەربایجان ' یانی ڕاگەیاندنی  ئیستیقلال و سەربەخۆیی کوردستان لە هەمبەر ئازەربایجاندا بووە ، مەبەستم ئەوە بوو کە لە سەرەتاوە باسی سەربەخۆیی بڕیاری کوردی بکەم. بەڵام ئەوەی کە گرینگە لەو ناوچەیە دا لە زۆر شوێنی کورد و تورکی ئازەربایجانی  بە شێوەیەکی دۆستانە لەگەڵ یەکتری ژیاون  و هەرچەندەش لە ڕووی مێژوویی و لە فۆلکلۆری کوردیدا و هەم لە فۆلکلۆر و بیرەوەری ئازەربایجانییەکاندا و بیرەری کوردی دا ئەو دژایەتی یە هەبووە لە بەر جیاوازیی مەزهەبی ،  بەڵام بە شێوەی ڕەسمی  کاتێک مرۆ تەماشای ڕۆژنامەی ئازەربایجان ئۆرگانی فیرقەی دێمۆکڕاتی ئازەربایجان یان  کوردستان ئۆرگانی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان دەکا دەواندا هەمیشە باسی دۆستایەتی و یەکەتی کورد و ئازەربایجان دەکرێ . تەنانەت لە ڕۆژی ٢-ی ڕێبەندان دا یانی ئەو ڕۆژەی کە کۆمار ئێعلان دەکرێ و خەڵک دێن سوێند دەخۆن، بەیعەت دەکەن بە پێشەوایی قازیی محەمەد لە دەقی ئەو سوێندەش دا باسی ' موتیع بوون و وەفادار بوون ' بە یەکێتی کورد و ئازەربایجان دەکرێ. یانی لە ڕوانگەی ڕێبەرانی جمهووری دا دۆستایەتی گەلان  لەو دەمییەوە ڕەگی داکوتاوە، لە بەر ئەوەشە لە سەردەمێکدا کە ئێمەی تێدا دەژین تەنانەت ئەوەی کە دوژمنی  سەردەست لە بەرانبەر ئێمە دا چ لە تورکیا ، چ لە عێڕاق یا هەر جێگایەکی دیکە . لە سووریا بێ قەت هەستی ڕەگەپەرستانە لە ئێمە دا پێک ناهێنێ و نموونەی ئەوە لە زەمانی جمهووری کوردستانیشدا بەو شێوەیەی کە باسم کرد دەبینین.


بونیاد جزیری: سەبارەت بە ئەزموونی جمهووری کوردستان و باندۆری وی لە ڕۆژئاوای کوردستان و باکووری سووریا ، بە تایبەتی ئەوەی کە ئێوە باش لە هەلومەرجی ئەوێ دەکۆڵنەوە و ڕووداوەکان دەشوێپێنن چۆن دەکرێ شرۆڤەی بکەن؟

حەسەن قازی: دیارە بابەتێک کەم پێی زاندراوە ئەویش ئەوەیکە لەو حەولانەیدا کە دراون بۆ ئەوەی کوردەکان لەمبەر و ئەوبەری سنووران هاوکاری بکەن و بەشێوەیەک هەلسوکەوت بکرێ بەرژەوەندی کوردەکان لە هەموو بەشەکان بپاریزدرێ لە ڕاستیدا بۆ یەکەم جار لە مێژووی  مۆدێرن دا ، یانی دوای ڕووخانی جمهووری کوردستان لە ساڵی ١٩٦٠ لە نێوان حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان بە ڕێوەبەرایەتی ئەحمەد تۆفیق و هێزێک لە ڕۆژئاوای کوردستان یان کوردستانی سووریا  لە بەغدا سەنەدێکیان ئیمزا کردووە  کە پێکەوە  هاوکاری بکەن و ئەوە نیشانەی چییە، نیشانەی ئەوەیە ئەو تەجروبەیەی کە لە جمهووری کوردستان هەبووە  نرخی هەبووە بۆ بەشەکانی دیکەی کوردستان و لە سەر ئەو بنەمایە ئەو ڕێکەوتنە کراوە ، تەنانەت لە سەرچاوەیەکدا باس کراوە  کە پارتیی دێمۆکڕاتی کوردستان یش لەگەڵ ئەو ڕێکەوتنە بووە بەڵام گوتوویە  لە بەر هێندێک دانەبەرچاوی سیاسی ئیمزای نەکردووە بەڵام پشتگیری لێ کردووە . ئەو سەنەدە لە چەند سەرچاوەی لەمەڕ مێژووی سیاسی کوردستاندا بڵاو کراوەتەوە.
مەسەلەی ئەو خەباتەی کە لە ڕۆژئاوای کوردستان و لە باکووری سووریا  لەو چەند ساڵەی دواییدا پێش کەوتووە بووە بە ئەزموونێک ، و بووە بە جێگای هومێد و هیوا نەک هەر بۆ گەلی کورد لە بەشەکانی کوردستان بەڵکوو دەکرێ بڵێێن ئەوە لە ئاستی جیهانیش دا باندۆری خۆی کردووە. لە زۆر شوێنی جیهان خەڵکی چەپ و ئەوانەی داوخوازی گۆڕان دەکەن لە دەوروبەری خۆیاندا دەبینین بەشێوەیەکی زۆر دڵخوازانە دێن و پەیوەست دەبن بەو خەباتە. هەر ئەو پێکهاتنی سیستمی فیدراسیۆنی باکووری سووریا و هەر وەها حەولدان بۆ ئەوەی پێکهاتەی جۆر بە جۆر لە سەر بنەمای خواستی خۆیان و بە پێی مافی وەکوو یەک چ پێکهاتەی نەتەوەیی، چ پێکهاتەی جینسی، یان دینی ئەوە دەتوانێ مۆدێلێک بێ – ڕاستە ئێستا دوای نزیکەی دوو مانگ موقاوەمەت بۆ پاراستنی خەلک و بۆ پاراستنی شار  شەرڤانان عەفرینیان بە جێ هێشتووە – بەڵام لە ڕووی مێژووییەوە ئەو ئەزموونە ئەزموونێکە کە دەتوانێ ببێتە مۆدێلێک بۆ ئەو سیستمەی کە دوای شەڕ پێویستە لە سووریا دابمەزرێ واتە دوای نەمانی ئەو شەڕە قێزەوەنەی کە چەندین ساڵە نەبڕاوەتەوە.

بونیاد جزیری: هەر لەو پێوەندییە دا باسی تەجروبەی گەل و چۆنیەتی کەلک وەرگرتن لە ئەزموونی مەهاباد کرا، بەڵام  لە هەمان کاتدا  دوژمنانی گەلی کورد، هێزە خاوەن هێژمۆنە داگیرکەرەکان درێژە بە سیاسەتەکانیان دەدەن و تەجروبەی لەمەڕ خۆیان وەدەست دەهێنن. وەک دەوڵەتی تورک لە بەرچاوی جیهان هێرشی کۆبانێ دەکا، هێرشی عەفرینێ دەکا، هیڕشی باکووری سووریا دەکا و هێرشی ئەو ئەزموونە دەکا و دنیا و عالەم هەمووی بێدەنگە . مرۆ ئەو بێدەنگییە چۆن دەتوانێ شرۆڤە بکا وەک ئەو بێدەنگیەی کە لە ساڵی  ٤٧ – ١٩٤٦  دا کرا لە هەمبەر گەلی کورد.

حەسەن قازی: کاتێک باسی بێدەنگی دەکرێ دەبێ زیاتر مەبەست لە بێدەنگی بڕیاردەران بێ. وەک فێدراسیۆنی ڕووسیا و حکوومەتی ئەمریکا و ئیتیلافی ناونەتەوەیی کە لە کاروباری سووریاوە گلاوە . لە بەر ئەوەیە بەرژەوەندییەکان تێکەڵی یەکتری بوون . بۆ نموونە تورکیا، ڕێژیمی تورکیا و ئەردۆغان لە پێوەندی لەگەڵ ووڵاتانی دی دا ژارگۆنێک بەکار دەهێنێ، دیسکۆرسێکی هەیە کە هەمووی هەڕەشە و شانتاژە و ئەوەش ڕاستەوڕاست گرێدراوە بەو لێشاوی پەنابەرانەوە لە سووریا و لە جێگای دیکەوە هاتوونە ناو تورکیا. جا بۆیە ئوڕووپا بۆ ئەوەی ئەردۆغان لووزەوی پەنابەرانیان لە سەر بەر نەدا لە بەر چاوی خەڵکی دنیا بێدەنگن. سکانداڵ بوونی مەسەلەکە لێرە دایە هەموو لایەک باسی ئەوە دەکەن هەر چۆنێکی هەیە دەبێ ڕێگا چارەیەکی سیلمی  بۆ نەهێشتنی قەیرانی سووریا بدۆزرێتەوە ، لە کاتیکدا لە ڕێزپەڕی چەند ناوچە نەبێ، ئەمنترین  شوێن کە لە سووریا ما بووەوە لە ڕاستیدا عەفرین بوو. و خەڵک لە  شوێنی جۆر بە جۆرەوە هاتبوون و لە عەفرین حاوابوونەوە ، لەوێ لە چوارچێوەیەکدا بەیەکەوە دەژیان و ئەو بێ چاوەڕووییە گەورەیە کرا لەو سەودایەی کە بە عەفرین بۆ غووتە کرا و بەو شێوەیە ڕووسەکان ئیزنیان دا بە  تورکیا و چاوی خۆیان لە پەلاماری سەر عەفرین هەڵبوارد. بەڵام وا دەردەکەوێ ، بە تایبەتی بەو دەستپێشخەرییەی دوایی فەڕانسە سەڕەای هەڕەشە و جرت و فرتی ئەردۆغان وا بزانم ئیدی ناتوانێ لەو زیاتر بێتە پێشێ و لەو لایەکی دیکەش دەزانین خەباتی شەڕڤانان ڕاناوەستێ ئەمڕۆ لە خەبەراندا هەبوو  لە هەرێمی عەفرین چەند عەمەلییاتی گەورە کراوە و ئەو خەباتە بەردەوام دەبێ تا ئەو ڕۆژەی ئەردۆغان ناچار دەکرێ بە شێوەیەکی سەرشۆڕانە  ئەو هەریمە بەجێ بێڵێ و بچێتەوە ناو خاکی تورکیا.
بونیاد جزیری : مامۆستا حەسەن لە کاتێکدا هێرشی ئاوا دەکرێ  لە لایەن دەوڵەتی تورکی داگیرکەر ڕا ئەوە لە بەرچاوە و دەزانین چەتەکانیشی چۆن دەبزوونەوە.، هەر وەها داعش و پاشماوەکانی جەبهەتولنوسرە ، بەڵام هێزە کوردەکان لە بەشەکانی دیکەی کوردستان بێدەنگی ئەوان لە ئاست  ئەو پەلامار و داگیرکەرییانە ئێوە چۆن هەڵدەسەنگێنن ؟

حەسەن قازی: دیارە  ئەوە ئاشکریە، دەوڵەتی تورکیا بە تایبەتیش لەو پلانەی کە ئەردۆغان لەبەر خۆی ڕۆناوە بۆ گۆیا ساز کردنەوەی ئیمپراتۆری عوسمانی بە شکڵێکی نوێ ، دەیەوێ ئەوە بەپێی تاکتیکی ' شەلم، کوێرم، ناپارێزم '  بەرێتە پێشێ.بۆ وێنە ئاخر ڕۆژنامەی کوردی کە لە تورکیا دەردەچوو ، ئەو ڕۆژنامەیەشیان داخست تەنانەت ئێستا لە تورکیا چاپخانە یەک نییە بوێرێ بە زمانی کوردی چاپ بکا. یان ئەو کارەی لە عەفرین یان لە جێی دی ئەوەل کاری  کە دەیکەن سەمبۆلێکی کە لەڕووی میتۆلۆژی بۆ کورد گرینگە واتە پەیکەری کاوە لە عەفرینێ دەڕووخێنن. جا لە هەلومەرجێکی ئاوا دا ئەگەر وای دابنێین کەسێک بە کوردی قسە بکا و بییەوێ  کردەوەکانی ئەردۆغان وڕێژیمەکەی پاساو بدا دیارە لە ڕووی سیاسییەوە ناکرێ بە کورد دابندرێ. 
شتێکیش هەیە من دەمەویست لە کۆتاییدا ئاماژەی پێ بکەم ئەویش ئەوەیە ئێمە وەکوو کورد ، وەکوو ڕۆژنامە نووس و چاپەمەنی کورد زیاتر جەخت لە سەر ئەوە بکەین کە سیاسەتی ئیتیلاف لە سووریا کە لە نزیکەوە لە ڕووداوەکان ئاگادارن کە تێکۆشەرانی کورد و هاوپەیمانەکانیان بە فیداکارییەکی زۆر مەنبج و دەیرەزوو و ڕەقەیان ڕزگار کردووە ، کاتێک هێمنیان پێک هێناوە و خەڵک ناوچە و زێدی خۆی ئیدارە دەکا ، ئەگەر هێزێکی دیکە هاوپەیمانی ئەوان بێ ، لە ناتۆ دا بێ، لە هەر جێگایەکی دیکە دابێ بییەوێ بێ هێمنی ژیانی خەڵک تێک دا ئەوە ڕاستەوڕاست  پشتگیری کردن و بەردەوامکردنی سیاسەتی داعشە. ئەوە پێویست ناکا مرۆ کورد بێ بیڵێ ئەوە زۆر ئاشکرا و ڕوونە جا بۆیە ئەو زۆر گرینگە ئێمە لەو قۆناغە دا بزانین چۆن حەڕەکەت دەکەین بۆ وێنە ئەگەر فەڕانسە هەڵوێستێکی باش نیشان دەدا یان ئەمریکا دەڵێ ئەمن لە مەنبج ناچمە دەرێ ئەوانە دەبێ زەختیان لە سەر بکرێ بە شێوەیەکی ڕوونتر باسی ئەو شتانە بکەن. ڕاستە دەڵێن ئێمە لەگەڵ تورکیا هاوپەیمانین و لە چوار چێوەی ناتۆ دا لە نیگەرانی تورکیا تێ دەگەین بەڵام دەبێ ئەو لایەش بۆ ئەوان ڕوون بێ کە گەلی کوردیش نیگەرانە . گەلی کورد چما ببێتە قۆچی قوربانی بەرژەوەندییەک کە قازانج و بەرژەوەندی ئەوی تێدا لە بەرچاو نەگیرێ.

بونیاد جزیری: دوایین پرسیار، بۆ پێشگرتن لە دووبارە بوونەوەی هەڵوشانی جمهووری کوردستان لە مەهاباد و هەر وەها لە سێدارەدانی پێشەوا قازیی محەمەد و هاوڕێیانی و هەر وەها بارودۆخی عەفرین، بۆ پووچەڵ کردنەوەی ئەو پیلان و کاکە وبرالەی دژی کورد دەکرێ بە گشتی پێویستە چ بکرێ؟


حەسەن قازی: تەنیا ڕێگا وەکوو بەڕێز جیرەش ئاماژەی پێ کرد یەکەتی بزووتنەوەی سیاسیی کوردییە و ئەوە پرێنسیپ و چوارچێوەکانی دەبێ دیاری بکرێ و لەهەموان گرینگتر ئەوەیە هیچ کام لە هێزە کوردییەکان لە سەر حیسابی حەڕەکەتێکی دی، تەڤگەڕێکی دیکە بە دوای حیسابی سووک وپچووک دا نەبن، بەڵکوو دوور بڕوانن و هەر وەک گوترا ئەگەر ئەوەی لە کەرکووک قەوما نەبوویایە، کەس لەخۆی ڕانەدەدی هێرشی عەفرین بکا. ئێمە دەزانین لە چوارچێوەی سیاسەتی ناوچەیی دا لەنێوان ئێران و تورکیا ڕەنگە تەسەوری ئەوەیان هەبێ نەهێڵن پێکهاتەیەکی کوردی و هەبوونێکی کوردی ڕەگ ئاژۆ بکا، بەڵام وا بزانم هەلومەرجی جیهانی ئەو ئیجازەیە بە نەیارانی ڕاستەوڕاستی کورد لە ناوچە دا نادا و سەرکەوتن هەر بۆ گەلی کوردە بە شەرتێک لە سەر ئەو خۆڕاگری و موقاوەمەتە بەردەوام بێ.

بونیاد جزیری: مامۆستا حەسەن قازی لێکۆلەرەوە و ڕۆژنامەنووس، زۆر مەمنوون بۆ بەشدار بوونتان لە بەرنامەکەمان دا .

حەسەن قازی: سپاس بۆ ئێوە، گەلێک مەمنوون  

تێبینی: لەو وتووێژە دا بەڕێز محەمەدەمین چیرە میوانی ستودیۆ بوو و من بە ڕێگای تۆڕی سکایپ بەشدار بووم. پرسیارو ووڵامەکانم لە کورمانجییەوە هێناوەتە سەر شێوەزاری سۆرانی و لێرە دا هەر ووڵامەکانی حەسەن قازی هاتوون. 






No comments: