Tuesday, December 24, 2019

جێێەکی خاڵی ، بە بۆنەی نزیک بوونەوی ساڵوەگەڕی دووی ڕێبەندان

 جێیەکی خاڵی

حەسەن قازی

لە وێنەیەکی ڕێوڕەسمی دووی ڕێبەندان دا کە پێشەوا سان لە ڕێژەی پێشمەرگە دەبینێ لە بەر سەکۆکە لە نێوان مەلا مستەفا بارزانی و مەلا سیدیقی سیدقی دا بەتاڵاییەک هەیە کە دەشێ کەسێکی لێ ڕاوەستا بێ و لەکاتی وێنەگرتنەکە دا لەوێ نەمابێ. ماوەیەک لەمەو بەر لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیس بووک دا بەڕێزێک بە ناوی هادی عەزیزی کوردی کە لە مێژووی کۆمار دەکۆڵێتەوە وێنەکەی دانابوو و پرسیاری کرد بوو دەبێ ئەوە کێ بووبێ  لە وێ ڕاوەستا بێ و لە کاتی وێنەگرتنەکە دا لە وێ نەما بێ ؟
بە پێی ڕۆژنامەی کوردستان بڵاوکەرەوەی بیری حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان و لە ڕاستیدا ئۆرگانی حکوومەتی کوردیش ( ژمارە  ١٠، ٤-ی فێورییەی ١٩٤٦) لە ڕۆژی ڕاگەیاندنی جمهوری دا  لە ناو ئەو کەسانەی کە پەیامی پیرۆزباییان خوێندووەتەوە و خیتابەیان داوە ، زێڕۆ بەگی بەهادوڕی سەرکردەی یەک لە تیرەکانی عەشیرەتی هەرکی  بە ناوی ' قەبایلی شکاک و هەرکی'  کەسی دەیەم بووە کە قسەی کردووە و لە کۆتایی قسەکانی دا ، ئەو جۆرەی کە ' کوردستان' بڵاوی کردووەوەتەوە هێرشی شەخسی کردووەتە سەر شێخ عەبدوڵا ئەفەندی کوڕی شێخ عەبدولقادری نەهری و نەوەی شێخ عوبەیدیلا و تاوانباری کردووە بە ' خەیانەت بە کوردان' . هەر دیسان بە پێی کوردستان (ژمارەی١٠ ، ٤-ی فێورییەی ١٩٤٦) سەید عەبدولعەزیز شەمزینی ، کوری شێخ عەبدوڵا نەفەری دوازدەهەم بووە کە قسەی کردووە واتە دوای زێڕۆ بەگ بەهادوڕی و لە خیتابەکەی دا لە یەک دوو جێ بە سەر داگیراوی بێ ئەوەی ناوی ' زێڕۆ بەگ ' بێنێ ووڵامی داوەتەوە. دیارە بە لەبەرچاو گرتنی ئەوەی شێوەزاری کوردی زێڕەو بەگ کوردیی باوی ناوچەکە نەبووە  " کوردستان " بە شێوازی خۆی قسەکانی ڕێک خستووە. لە ووتارەکەی سەید عەزیز ڕا دەر دەکەوێ بابەتەکەی بە نووسراو پێشکێش کردووە چونکە زۆر بێژەی ئەوتۆی تێدایە کە جیاوازە لەو زمانەی لە کوردستان دا دەکار کراوە. کوردستان نوتقی سەید عەزیزی  کە دوای قسەکانی زێڕۆبەگ کراوە  لە ژمارەی ١٣ ( ١١-ی فێڤرییەی ١٩٤٦) دا بڵاو کردووەتەوە. بەڵام ووتەکانی زێڕۆبەگی کە پێش سەید عەزیز قسەی کردووە  هەشت ژمارە دواتر واتە لە ژمارەی ٢١ ( ٢-ی مارسی ١٩٤٦) بڵاو کردووەتەوە و ئەوەش دەیسەلمێنێ بەڕێوەبەرانی کوردستان ویستوویانە قسەکانی زێڕۆ بەگ بە شێوەیەک لە بیر بچێتەوە.

لە ڕۆژی ٢-ی ڕێبەندان دا بە پێی وێنەی دووەم کە لەگەڵ ئەو نووسینە بڵاوی دەکەینەوە شێخ عەبدوڵا ئەفەندیش لە مەهاباد بووە و دیارە بە تووڕە بوون لە قسەکانی زێڕۆبەگ وەک کاردانەوە و ئیعتراز دەکرێ مەیدانی چوارچرای بە جێ هێشتبێ  و وێدەچێ ئەو بەتاڵاییەی نێوان مەلا مستەفا بارزانی و مەلا سیدیق سیدقی لە وێنەکە دا جێگای ئەو بووبێ. ئەو بەڵگەیەی دەیسەلمێنێ شێخ عەبدوڵا ئەو ڕۆژە لە مەهاباد بووە جلوبەرگی سەید عەزیزە کە لە هەر دوو وێنە کاندا وەک یەکە. لە کۆتاییەکانی ساڵی  ١٩٩٣ی زایینی دا نووسەر و لێکۆلەر کاكشار ‌ئورەمار هەڤپەیڤینێکی نووسراوی درێژی لەگەڵ سەید عەبدولعەزیز ( دوکتور عەزیز شەمزینی ) کردووە و لەکتێبەکەی دا: "یادگارییەکانی کۆماری کوردستانی ١٩٤٦ – بەرگی ١، وەشانێن سیتاڤ ، ٢٠١٩ " دا بڵاو بووەتەوە. لەو گفتوگۆیە دا سەید عەبدولعەزیز  باسی ئەو ڕووداوە دەکا و بەر لەوەی قسەکانی باس بکەین . دەقی ووتاری زێڕۆبەگ بەهادوڕی و سەید عەبدولعەزیز شەمزینی بەو جۆرەی لە " کوردستان " دا  هاتووە لێرە دا دەگێڕینەوە و بۆ ئەوەی بابەتەکە چاک بخوێندرێتەوە هێناومانەتە سەر ڕێنووسی ئەم ڕٶژگارە.

کوردستان بڵاوکەرەوەی بیری حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان ، ژمارە ٢١ ، ساڵی یێکەم ، شەمۆ ١١ –ی ڕەشەمەی ١٣٢٤/  ٢-ی مارسی ١٩٤٦
نوتقی ئاغای زێڕۆ بەگ لە ڕۆژی ٢-ی ڕێبەندانی  ١٣٢٤
     ئەمن بە نوێنەری هەموو قەباییلی شکاک و هەرکی مبارەکبادی ئەو جێژنە خۆشەویست و مەزنە بە هەموو برا کوردێک بە تایبەتی بە حزووری جەنابی پێشەوا و ئەندامەکانی کۆمیتەی مەرکەزی و کارگەرانی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان عەرز دەکەم و بەڵێنی دەدەم کە تەواوی نەتەوەی شکاک و هەرکی ئامادەن بە وێنەی باب و باپیری خۆیان سەر و ماڵیان لە ڕێی ڕاگرتنی سەربەخۆیی کوردستان بەخت بکەن .
     قسێکی دی کە بۆ ڕوون بوونەوەی ییری هەموو کەس زۆر بە پێویستی دەزانم عەرز کەم ئەوەیە کە ئاغای حاجی سەید عەبدوڵا ئەفەندی لە پاش شەهریوەری ١٣٢٠ کە کورد دەستیان بە ملە و موبارەزەی میللی کرد و ویستیان حەقی مەشڕووعی خۆیان بستێنن عیدێکی زۆر لە بەر چاوەنۆری کە لەویان هەبوو  وەدووی وی کەوتن دەیانویست بە پێشەوایی و پشتیوانی ئەو ئاغایە ڕەهنەمایی بکرێن بەڵا ئەو زاتە بە پێچەوانەی ئینتیزارات و چاوەنۆڕی هەمووکەس لە ساڵی ١٣٢١ هەڵستا چووە تاران و بەزیدی کوردان دەگەڵ کاربەدەستانی تارانێ بە تایبەتی ستادی ئەڕتەشی ئێران خەریکی گفتوگۆ بوو و خەیانەتی بە کوردان دەکرد و سەد دەر سەد کاری کوردانی وەپاش خست پێویستم زانی ئەو زاتە بەنگۆ بناسێنم.
[کوردستان ژمارەی ٢١ ، لاپەڕەی ١، ١١-ی ڕەشيمەی ١٣٢٤-ی هەتاوی]
کوردستان بڵاوکەرەوەی بیری حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان، ژمارە  ١٣،ساڵی یێکەم، دووشەمۆ  ٢٢ی ڕێبەندانی ١٣٢٤ / ١١ –ی فێورییەی ١٩٤٦
پینج، نوتقی برای خۆشەویست )   سەید عەبدولعەزیز کوڕی حاجی سەید عەبدوڵا )
براکانم ، گەورە و ئاغایانی کورد
خانەوادەی نەهری بە گەورە و پچووک و ژن و پیاو كچ و کوڕیانەوە زۆر بە ئیفتیخارەوە تەبریکی ئەم جێژنە موبارەکە  و موقەدەسە ئەوەڵەن تەقدیمی مقامی عالی ڕەئیس جمهووری موحتەرەم دەکەن کە لە ڕێی ئەم ئازادییە دا هیچ جورە قسوورێکی نەکردووە و بە هیمەت و عەزم  و ڕوح بەرزی و حیکمەت و تەوانای خۆی توانی موکافەحە بکا و ئەم ئازادییەمان بۆ وەگیر بخات.
دووەم جێژنە پیرۆزە لە هەموو برا کوردێک دەکەن کە ئەوانیش لە ڕێی ئەم ئازادییە دا نەبەزیون و موقابیل بەو سەدەماتەو نەگبەتیانەی زەمان کە بە نیسبەت کورد هەمیشە عەکسی بووە  و هەمیشە هێز و پەنجەی ئیستیعمار و جەهالەت لەکوردستاندا سەرکەوتوو بووە بە عەزم وسەبات وەکوو پۆڵا ڕاوەستاون و هەر نەبەزیون  و هەر وەکوو تاریخ بۆمان ئیسبات دەکا کە کورد لە هەموو فرسەتێکدا محاوەلەی ئازادی وەرگرتنیان کردووە بەڵام لەبەر ئەوەی پەنجەی ئیستیعمار هەمیشە لە سەر کورد غاڵب بووە و بە ئەنواعی وەسائیلی وەحشیانە  و بە ناوی دین و دنیا حەڕەکاتی ئازادییان کووژاندۆتەوە کە کورد نەیتوانیوە ئازادی خۆی بستێنێ. بەڵام لە نەتیجەی ئەو هەموو کیفاح و سەعی و هەوڵدانەی کورد دەوڵەتی شووڕەوی کە پشتیوانی میللەتانی بێ کەسە لە سەر حەقی میللەتی بێچارەی کورد بە جواب هات و مەجالی نەدا ئەم جارەش ئیستیعمار سەری پان کاتەوە ئازادی پێ بەخشین و دەبێ ئەوەش باش بزانین کە ئەوەش لە نەتیجەی سەعی و هەوڵدانی ڕەهبەری موحتەڕەم  ڕەئیس جمهوور حەزرەتی قازیی محەمەد بوو کە شەو وڕۆژی خۆی لەو ڕێیەدا سەرف دەکرد و مەعنای ئیستراحەتی نەدەزانی  کە توانی بە هۆی ئەو سەعی و موحاوەلاتە و نەبەزینی خۆی میللەتی کورد بە دەوڵەتی شووڕەوی بناسێ و داوای ئازاد بوونی کورد بکا.
ئەی برا کوردەکانم بزانن شوهەدای خانەوادەی نەهری کە لە ڕێی ئەم ئازادییە دا خوێنی خۆیان ڕشتووە و شەهید کراون و سەفحەی تاریخی خۆیان بە ئاوی زێڕین نووسیوە ئێستاکە لە ئێمەمانان شادتر و مەسروورترن  و ئێستاکە جێژنی ئەوانە، بەڵێ جێژنی ئەوانە چونکوو زانیان کە خوێنی ئەوان بە خۆڕایی نەڕۆیوە و نەتەوەی ئەوان بەو ئازادییە موقەدەسە شاد بوون ئەوەش بزانن کە ئێستاکە ڕوحی پاکی ئەو شەهیدانە لێرە دا حازرن و بە یەک دەنگ جێژنە پیرۆزە لە هەموو برا کوردێک دەکەن و تەواوی ئەفڕادی خانەوادەی نەهری بە گەورە و پچووکیانەوە  بە ڕوویەکی زۆر سپی و موفتەخەرانەوە ڕەجا و تکا لە هەموو کوردێک دەکەن کە بۆ خاتری خودای مازی و عەنعەناتی کۆن و ئاکاری سەخیفانەی ئیقتاعی و ئیستیعماری لە بیر کەن ، تەوائیفولملووکی و دوژمنایەتی و مەنافیعی مادی و مەعنەوی شەخسی تازە مەکەنەوە گەورەیی و پچووکی، ئاغایی و گەدایی لە ناو خۆتان هەڵگرن هەر وەکوو برا دەست دەنە دەست یەک و بخوێنن و  موتەحید و یەکدڵ و جان فیدا بن بۆ ئەوەی ئەو ئازادییەی کە لە پاش سەعی و کیفاحی هەزاران ساڵ بە دەستمان کەوتووە لە دەستی نەدەین  و بەرقەرار و بەهێزتری بکەین.
براکانم دەزانن کە زۆر برای دیمان هەن ئێستاکەش لە ژێر زنجیری ئیستیعمار و ئیستیبداد و ئەسارەت دەناڵێنن  وە بە چاوێکی زۆر برسێوە چاوەڕیی هیمەت و پیاوەتی ئێوە دەکەن. لە بەر ئەوە نابێ هیچ کوردێکی بەشەرەف  بەم ئازادییە کەمە ڕازی بێ  بەڵکوو فەرز و پێویستە لە سەر هەموو کوردێک مازی و ڕابردووی ڕەشی  لە بیر کا و بە هۆی عەزم و برایەتی یەکیەتی و هێز و هیمەتی خۆیان لە ژێر ڕیاسەت و سەرپەرستی ڕەئیس جمهوورەکەمان قازیی محەمەد ئامادە بین ئەو برا  کوردە ئەسیرانەی دیمان کە حاڵی حازر لە ژێر زنجیری ئیستیعمار و ئەسارەت دا دەناڵێنن دەربێنین و خوێنی خۆمان لەو ڕێگایە دا بڕێژین و بە خۆمان نەڵێین ئازادین  تا وەکوو کوردستانی گەورە بە تیشکی ئازادی ڕووناک دەکەینەوە،
ئێمەش هەر فەردێک لە خانەوادەی نەهری حازر و ئامادەین بە روح و گیان و سەروماڵمان و بە ڕوحێکی زۆر پڕ ئیخلاسەوە لەو ڕێیە دا خزمەت و فیداکاری بکەین.
وە لە دواییدا لە خودای عەزە وەجەل دەپارێینەوە کە خوای گەورە بۆ عەزەمەتی خۆی عومری ڕەهبەر و ڕەئیس جمهوورمان قازیی محەمەد درێژ و پایەدار کا کە بتوانێ ئەو ڕەسالەتە موقەدەسە گەورەیە کە دەستی پێکردووە تەواو و بەرقەرار کا و کوردستانی گەورە ئازاد کا و بە دەنگێکی بەرز هاوار دەکەین و دەڵێێن: هەر بژی ڕەهبەرمان ڕەئیس جمهووری کورد قازیی محەمەد و هەر بژی کورد و کوردستانی گەورە و هەر بژی جێنرالیسموس ستالین  ڕەهبەر و پێشەوای ئازادی گیتی.
[ کوردستان ، ژمارەی ١٣ ، لاپەڕەی ٤ ، ١١-ی فێورییەی  ١٩٤٦ ، زەقکردنەوەی ووشە و ڕستەکان لە دەقی ماک دا]

وەک لە سەرەوە دا باس کرا ٤٨ ساڵ دواتر نووسەر کاکشار ئورەمار سەبارەت بەو ڕووداوەی ڕۆژی ڕاگەیاندنی جمهووری  پرسیاری لێ کردووە. ئەوەش ووڵامەکانی سەید عەزیز شەمزینی:
" کاكشار ئۆرەمار: لە ڕۆژی ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستاندا (1946.01.22  ) زێڕۆ بەگیش هاتە جێی قسە کردن.
سەید عەزیز شەمزینی: بەڵێ ئەو هات و لە دژی بابی من قسەی کرد ...
ئۆرەمار: چی گوتبوو ؟
شەمزینی: گوتبووی : " سەید عەبدوڵا پیاوی ئینگلیسی یانە و کاروبارەکانمان لێ تێک دەدا ...  " و هێندێک شتی دی
ئۆرەمار: و ئەتۆش چووی و ووڵامیت داوە
شەمزینی: بەڵێ ئەمنیش ووڵامی ئەوم داوە و گوتم: " زێڕۆ ئینسانێکی ڕێگرە و کەسێکی ئاوا نییە مرۆڤ گوێ بداتە قسەکانی.. " . زێڕۆ بەگ بە هاندانی خەڵک ، بە هاندانی قازیی محەمەد هات و لە دژی بابی من قسەی کرد..
ئۆرەمار: بەڵام ئەو جۆرەی کە من لە خەڵکی سابڵاغ و ئەو کەسانەی کە هەڤپەیڤینیان لەگەڵ کراوە بیستوومە، نێوانی قازیی محەمەد و ڕەحمەتی باوکی تۆ سەید عەبدوڵا ئەفەندی گەلێک خۆش بووە و هەر وەها حورمەتی بنەماڵەی ئێوە لای قازییەکان زۆر بەرز بووە. باشە ئێوە لە کوێ دەزانن کە زێڕۆ بەگ بە هاندانی قازیی محەمەد کارێکی ئاوای کردووە؟
شەمزینی: ئەو دەمی شەرت و مەرج جیاواز بووە . ئەو ڕقەبەرایەتی و دژایەتییانە، بەرپرسانی سۆڤییەت خستبوویانە ناو بنەماڵە و سەرۆکە کوردەکان. سیاسەت و بەرژەوەندی سوڤییەت و ئێران وای ئیجاب دەکرد لە ناو  ماڵبات و کەسایەتی کوردی بە ناوبانگ دا کارێکی ئاوا بکەن. "
]
یادگارییەکانی کۆماری کوردستانی ١٩٤٦ – بەرگی ١، وەشانێن سیتاڤ ، ٢٠١٩ ، لاپەڕە ٣٨٩ ]
دیارە لە شوێنێکی دیکەی ئەو گفتوگۆیە دا شەمزینی سەبارەت بە زێڕۆ بەگ دەڵێ: " سەرۆکی تیرەیەکی عەشیرەتی هەرکی بوو. فێئۆداڵ ، ڕێگر و دز بوو. لە نێو گوندی بالانش دا مەقەڕێکی دانا بوو و گومرگ و باجی لە هەموو کەس دەستاند و لە هەمان کاتدا دزی و ڕێگری دەکرد. هەر بۆخۆی ڕوتبەی جەنەڕاڵیشی دابوو بە خۆی وجێی باوەڕی قازیی محەمەد بوو."

لە ڕاستەوە ژەنەراڵ مایور محەمەد حوسێن سەیف قازی وەزیری هێزی کوردستان، ڕەشید بەگی هەرکی، پێشەوا قازیی محەمەد و زێڕۆ بەگی بەهادوری(هەرکی)، لە ڕێوڕەسمی ئیمزاکردنی پەیمانی یەکەتی و برایەتی لەگەڵ ئازەربایجان،تەورێز  سێشەمە 3-ی بانەمەڕی ١٣٢٥ هەتاوی / 23- ی ئاوریلی ١٩٤٦
ئەوەی جێی سەرنج بێ دوکتور شەمزینی باسی زیز بوونی باوکی لە ڕێوڕەسمی دووی ڕێبەندان ناکا و هێندێک لەو قسانەی وەپاڵ زێڕۆ بەگی بەهادوڕی دەدا و تەنانەت ووڵامی خۆشی ئەوە نییە کە لە ڕٶژنامەی کوردستان دا چاپ کراوە و ئەوە دەکرێ  دوو هۆی هەبێ  یان بەرپرسانی " کوردستان " بۆ ئارامکردنەوەی وەزعەکە هەموو قسەکانیان ڕانەگوێستووە بۆ ناو ڕۆژنامە یان ئەوەی کە سەید عەزیز شەمزینی دوای نزیکە٥٠ ساڵ قسەکانی وەک خۆی لە بیر نەماوە ، بەڵام هەرچۆنێک بێ تۆڵەی ڕۆژی دووی ڕێبەندانی لە زێڕۆبەگی بەهادوڕی کردووەتەوە. هەم سەید عەبدوڵا ئەفەندی و هەم زێڕۆ بەگ نزیکەی چوار مانگ دوای ڕاگەیاندنی جمهووری کوردستان ئەندامی دەستەی نوێنەرایەتی کوردستان بوون لە تەورێز و لەگەڵ نوێنەرانی دیکەی کوردستان لە ٢٣ی ئاوریلی ١٩٤٦ مەتنی " پەیمانی یەکەتی و برایەتی حکوومەتی میللی کوردستان و ئازەربایجان" یان لەگەڵ سەرانی میللی حکوومەتی ئازەربایجان دا  بە ناوی ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی دێمۆکڕات ئیمزا کردووە.








Friday, December 13, 2019

کۆنفڕانسی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا / ڕۆژئاوا لە پارڵمانی ئوڕووپا بروکسێل ١١ – ١٢ ی دیسامبری ٢٠١٩ قسەکانی پڕۆفێسۆر ئەیمی ئاوستین هۆڵمس


کۆنفڕانسی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا / ڕۆژئاوا  لە پارڵمانی ئوڕووپا
بروکسێل ١١ – ١٢ ی دیسامبری ٢٠١٩
قسەکانی پڕۆفێسۆر ئەیمی ئاوستین هۆڵمس
    ئەمن داوام لێکراوە هەر پێنج دەقیقە قسە بکەم ، بۆیە زۆر بە کورتی دەدوێم. دەمەوێ بە ڕێگای نیشان دانی چەند نەخشەی مێژوویی هێندێک ڕاستی زەق کەمەوە . با لە پێشدا نەخشەی مێژوویی سەبارەت بە جێنۆسایدی ئەرمەنییەکان تەماشا بکەین.
     ئەمە نەخشەیەکە سەبارەت بە جێنۆسایدی ئەرمەنییەکان و ٢٥ نوختەی شوێنی کۆکردنەوەی ئێنسانان نیشان دەدا (concentration camps )  کە لە سەردەمی ئیمپراتۆری عوسمانی لە لایەن ئەڕتەشی تورکی عوسمانییەوە  ساز کرابوون ئەو دەمەی کە ئەرمەنییەکان لەو شوێنانەی کە ئێستا تورکیای مۆدێڕن پێک دێنن  ڕاگۆێزران بۆ ناو سووریا . ئەو دەمی ٢٥ کەمپ ساز کرابوون کە من دەمەوێ لێرە لە سەر یەکیان ئیست بگرم ئەویش کەمپی راءس العین ( سەرێ کانیێی) ە . راءس العین دووهەمین شوێنی ئەو کوشتارەی بوو کە لە ئەرمەنییەکان کرا لەو جێنۆسایدەی کە لە سووریا کرا . هەژمارێکی تەقریبی ٦٥٠٠٠ تا ٧٠٠٠٠ هەزار ئەرمەنی تەنێ لە راءس العین قەسسابی کران. دیارە ئەو شوێنەی سووریا کە لە هەموو جێیەک زیاتر ئەرمەنی تێدا کووژا دیر الزور بوو .
     من دەمەوێ ئەو ڕاستییە زەق بکەمەوە چونکە ئێستا تورکیا و ئەو میلیشیایانەی تورکەکان پشتیان دەگرن  جارێکی دیکە راءس العین کۆنتڕۆل دەکەن واتە ئەو شوێنەی کە ٧٠٠٠٠ هەزار ئەرمەنی تێدا کووژرا لە ساڵی ١٩١٧. ئێستا جارێکی دیکە ئەو شوێنە کەوتووەتە ژێر کۆنتڕۆڵی تورکیا و میلیشیا دەستنێژەکانی، ئەوەش لە بەر ئاگربەسێکی کە دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و تورکیا لە سەری ڕێک کەوتن کاتێک کە جێگری سەرۆک کۆمار پێنس و وەزیری کاروباری دەرەوە پۆمپێۆ و هەیئەتەکەیان چوونە ئانکارا و لە سەر ئەو " ئاگر بەس " ە لەگەڵ تورکیا ڕێک کەوتن.
      ئەمن وەکوو شارومەندێکی ئەمریکایی ئەو کارە بەشایانی قەبووڵ نازانم و بێ ئەملا و ئەولا بە کردەوەیەکی قێزەوەنی دەزانم  هەمان شوێنی کە ئەرمەنییەکانی لێ جێنۆساید کران جارێکی دیکە بخرێتەوە ژێر کۆنتڕۆڵی تورکیا و میلیشیاکانی . ئەوە جێی پەسند و قەبووڵ نییە.
     یەکێتیی ئوڕووپا نەک هەر هاتنی تورکیای [ بۆ ناو خاکی سووریا] مەحکووم کرد لە ڕاستیدا داوای کرد تورکیا هێزەکانی بکشێنێتەوە . ئەمن لەو باوەڕە دام ئەوە گرینگە جەخت بکرێتەوە کە یەکێتی ئوڕووپا لە ڕاگەیاندنی ١٤ی ئۆکتۆبر دا داوا لە تورکیا دەکا لەو هەرێمە بکشێتەوە. جا ئێستا پرسیار ئەوەیە  ئێمە چۆن دەتوانین کارێکی ئەوتۆ بکەین کە تورکیا لەو هەرێمە بکشێتەوە واتە مەودای نێوان راءس العین و تل ابیض. دیارە لەم کۆنفڕانسە دا بەشدارانی دیکە باسی عەفرین و ئەو شوێنانەی دیکەیان کرد کە ئێستا تورکیا داگیری کردوون.  ئەمن بەو کاتە کەمەی کە هەمە باسی ئەوە ناکەم
     با بە خێرایی چاوێک لە نەخشەکەی دیکە بکەین ، ئەو نەخشەیە دا هەرێمی نێوان راءس العین  و تل ابیض  -   ' سەرێ کانیێ و گرێ سپی ' نیشان دەدا کە ئێستا لە ژێر کۆنتڕۆڵی تورکیا دایە و وەک دەبینن ئەو خاڵانەی کە بە ڕەنگی کەسکی کاڵ دەستنیشان کراون ئەو ناوچانەن  کە بە پێی ڕێکەوتن لەگەڵ ئەمریکا تورکیا ڕێگای دراوە کۆنتڕۆلیان بکا. بەڵام شوێنە حاشۆرکراوەکان ئەو جێیانەن کە نیشان دەدەن تورکەکان زۆر زیاتر لەو ناوچانە چوونەتە پێشتر کە بۆیان دیاری کراوە و ئێستا هەم بەرەو ڕۆژهەڵات و هەم بەرەو ڕۆژئاوا دەبزوون بۆ ئەوەی خاکێکی زیاتر کۆنتڕۆڵ بکەن و گوێ نادەنە ئەو ئاگر بەسەی ئێمزیان کردووە و ڕێکەوتنەکە پێشێل دەکەن.
   وەک باسم کرد راءس العین دوای دیرالزور ئەو شوێنەیە کە لەوێ لە هەموو جێیەک زیاتر لە ناو سووریا دا ئەرمەنی جێنۆساید کراون. ئێستا ئەو خێزانە ئەرمەنیانەی کە لەوێ دەژیان کاتێک کە تورک پەلاماریان هێنا لەوێ ڕایان کردووە. هاوکات لەگەڵ پەلاماری تورکیا قەشەیەکی ئەرمەنی لە قامشلۆ  تێرۆر کرا . لە هەرێمی تل تەمر و لە دەوروبەری حەسەکەش دانیشتووی مەسیحی زۆرن واتە سۆریانی / ئاسۆری و ئەرمەنییەکان ، ئەو ناوچەیە ئێستا ئەنجومەنی نیزامی سوریانی دەیپارێزێ  کە هەڵبەت بەشێکە لە هێزە دێمۆکڕاتیکەکانی سووریا.
    ئەمن جریوەیەکم کرد سەبارەت بە ژنێک کە لە هێرشێکی هەوایی دا کووژرا بە ماوەیەکی کورتی دوای    پەلاماری تورکیا . ئێستا ئەو جریوەیە بە قەراری مەحکەمەیەک لە تورکیا بلۆک کراوە. ئەمن دەمەوێ ئەوانە زەق کەمەوە، ئەوە ئەو جۆرە زانیارییانەن کە تورکیا نایەوێ کەس پێیان بزانێ کە مەسیحی ، عەڕەب ، ئێزیدی ، تورکومانەکانیش لەگەڵ کوردەکان لە ژێر هەڕەشە دان و پەلاماری تورکیا دەستیان لێ ناپارێزێ.
   ئیمە کە لەم ساڵۆنەدا دانیشتووین ڕەنگە ئەو شتانە بزانین ، ئەمن دەزانم ئێوە هەمووتان ئاگاتان لەوانەیە، بەڵام پێم  وایە لە دەرەوەی ئەم ساڵۆنە پێم وایە بیروڕای ناونەتەوەیی هێشتا ئەوانە نازانێ ، هێشتا فەرقیان پێ نەکردووە پێیان وایە ئەوە کێشەیەکە لە نێوان تورکیا و کوردەکان دا و ئەوە ڕاست نییە ئێمە دەبێ پێداگری لە سەر  بکەین ، یەکەم  لە بەر ئەوەی کە هێشتا پێی نەزاندراوە و ئەمن پێم وایە ئەوە ئەو جۆرە زانیاریەیە کە تورکیا نایەوێ دەرکەوێ و لە قاو بدرێ. بۆیە من پێم گرینگە ئێمە باسی جۆراوجۆری هەرێمەکە بکەین و ئەوە ڕوون کەینەوە  ئەو خەڵکە هەموویان لە مەترسی دان  لە بەر پەلاماری تورکیا و هەر وەها بە پێی بەڵگەکان و دەربڕینەکانی یەکێتیی ئوڕووپا خۆی، داوا دەکا تورکیا لەو هەرێمانە بکشێتەوە لە سووریا کە ئێستا داگیری کردووە.
---


پرسیاری ئیلهام ئەحمەد لە پرۆفێسۆر ئەیمی ئاوستین هۆلمس
سڵاو لە ئێوە و ئەو بەڕێزانەی دیکە کە بابەتیان پێشکێش کرد ، پرسیارەکەی من لە ئەیمی یە. زۆر باسی قانوونی ناونەتەوەیی دەکرێ ، بەڵام ئەوەتا ئەمڕۆ دەوڵەتی تورکیا هەموو قانوونە ناونەتەوەییەکانی پێشێل کردووە. هۆی چییە کە پارێزەرانی ئەو قانوونە ناونەتەوەییانە ناتوانن تورکیا وا لێ بکەن ئەو قانوونانە ڕەچاو بکا؟
پرسیاری دووەم سەبارەت بە خۆسەری دێمۆکڕاتیکە، چما تا ئێستا  پشتیوانییەکی ناونەتەوەیی لەو پڕۆژە عەلمانییە نەکراوە ؟ سەبەب چییە  و ئەو بیانوویانەی کۆڕ و کۆمەڵی ناونەتەوەیی تا ئێستا بۆ دانوستاندن نەکردن و بەڕەسمی نەناسینی بەڕێوەبەریی خۆسەر دەهێننەوە چن؟

ووڵامی پرۆفێسۆر ئەیمی ئاوستین هۆلمس
ئەمن پێم وایە پرسیارەکەی ئیلهام زۆر گرینگە سەبارەت بە کاردانەوە نەبوون و چما بیروڕای ناونەتەویی ووڵامێکی بەهێزتری نەداوەتەوە بە تورکیا. ئەمن پێم وایە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان پێی وایە ئەو ئاگر بەسەی لەگەڵ تورکیا کراوە بەسە و ئەوە کێشەکە چارەسەر دەکا و شەڕ ڕادەگرێ. بەڵام وەک دەبینین  ئەو ڕێکەوتنە ئەوەی نەکردووە و ئەمن پێم وایە ئێمە دەبێ ئەو ڕاستییە جەخت بکەینەوە کە ئاگربەس ڕەچاو نەکراوە و بە کردەوە هیچ ئاگربەسێک لە گۆڕێ دا نییە و ئێمە دەبێ بەردەوام بین و جەخت بکەین لە سەر ئەو ڕاستییە .
نوختەی دووەم ئەوەیە کە ئیدارەی خۆسەر ئەو جۆرەی پێویستە نەناسراوە. ئەمن پێم وایە ئێمە دەبێ زیاتر کار بکەین بۆ تێگەیاندنی خەڵک سەبارەت بە بەڕێوەبەریی خۆسەر. چونکە هەر وەک گوتت ئەوە حکوومەتێکی عەلمانی یە ، نموونەی ئاوا کەمە. ئەمن ماوەیەکی زۆر لە میسر ژیاوم و لە زانکۆی قاهیرە دەرس دەڵێمەوە. ئێستا میسر ئیدیعا دەکا کە حکوومەتێکی عەلمانی هەیە ، لەگەڵ ئەوەشدا تاقە قیپتییەکی مەسیحی نابینی کە ئەندامی شووڕای بەرزی نیزامی بێ واتە بەرزترین دەسگای هێزی ئەڕتەشی میسر. لە کاتێکدا هەسەدە (هێزە دێمۆکڕاتیکەکانی سووریا) ڕێگای کردووەتەوە بۆ مەسیحییەکان نەک هەر لە ئیدارەی مەدەنی دا بەڵکوو لە ناو هێزە نیزامییەکانی هێزە دێمۆکڕاتیکەکانی سووریاش دا . کینۆ گابرییێل ووتە بێژی هەسەدە مەسیحی یە.
ئەمن لەو باوەرە دام لەو ڕووەوە بەڕاستی زانیاری نییە . واتە ئێمە دەبێ زیاتر خەڵک ڕوون کەینەوە و پەروەردەیان بکەین سەبارەت بە تەبیعەتی ڕێبەرایەتی خۆسەر و ئەو کارانەی کە دەیکا نەک هەر ئەو ڕاستیانەی کە جێی ژنان و مەسیحییان دەکاتەوە بەڵکوو ئەوەش کە کەمایەتی جۆر بە جۆر لە ڕێزەکانی خۆی دا وەخۆ دەکا. وەک گوتم تەنانەت میسریش کە ئیدیعا دەکا ووڵاتێکی عەلمانی بێ وەک بەڕێوەبەریی خۆسەر ڕێگای نەکردووەتەوە بۆ مەسیحییەکان. 



پرۆفێسۆر ئەیمی ئاوستین هۆڵمس کێێە؟
ژیاننامە
ئەیمی ئاوستین هۆلمس پرۆفێسۆری کۆمەڵناسی یە لە زانکۆی ئەمریکایی قاهیرە، و لە پاییزی  ٢٠١٩ وە زانای میوانە لە بنیاتی کووەیتی دەستپێشخەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی مەدرەسەی کێنێدی لە زانکۆی هارڤارد.
ئەو لە ساڵی ٢٠٠٨ وە دەستی کرد بە دەرس گوتنەوە لە زانکۆی ئەمریکایی قاهیرە ، دوای تەواوکردنی پلەی پێ ئێچ دی یەکەی لە زانکۆی جانز هاپکینز. پێشتر زانایەکی فولبڕایت بوو لە ئەڵمانیا و نووسەری ئەم کتێبانەیە ، پۆلیسەکان و شۆڕشەکان : دەنگدانی جەماوەری ، ئەرتەشی میسر ، و دەوڵەتە یەکگرتووەکان لە موبارەکەوە تا سیسی، کە لە ساڵی٢٠١٩ وەشانخانەی ئاکسفۆرد یونیڤێرسیتی چاپی کردووە . یەکەم کتێبی  نائارامی کۆمەڵایەتی و پێگە نیزامییەکانی ئەمریکا لە تورکیا و ئەڵمانیا لەوەتا  ١٩٤٥ لە لایەن وەشانخانەی کەمبریج ئونیڤێرسیتی یەوە چاپ کراوە.
ئەو کە زیاتر لە دە ساڵ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ژیاوە لەسەردەمێک دا کە بە بەهاری عەڕەب ناسراوە ووتاری زۆر وزەوەندی لە سەر تورکیا ، سووریا ، عێڕاق ، میسر ، توونس و بەحڕەین نووسیوە . هەر وەها سەبارەت بە گرووپە کەمایەتییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بابەتی نووسیوە لەوانە کوردەکان، مەسیحییە سۆرانی – ئاسۆرییەکان و نووبییەکان.
ئەو هەر وەها لە کۆنگرەی ئەمریکا و مەجلیسی پیرانی بریتانیا وەک پسپۆڕ شاهیدی داوە ، جگە لە بڵاو کراوە ئاکادێمیکەکانی  چەند ڕاپۆرتیشی سەبارەت بە سیاسەت  بڵاو کردووەتەوە .
پرۆفێسۆر هۆڵمس یەکەم کەسە کە لێکدانەوەیەکی مەیدانی کردووە سەبارەت بە هێزە دێمۆکڕاتیکەکانی سووریا  (هەسەدە) لە سەر بنەمای چەندین جار سەفەر بۆ هەموو ٦ ئەستانەکانی باکوور – ڕۆژهەڵاتی سووریا لە نیوان ساڵانی  ٢٠١٥ تا ٢٠١٩
ئەم زانیاریانەی سەرەوە لە ٢٤ی ئۆکتۆبری ٢٠١٩ بەڕۆژ کراوەتەوە.

وەرگێڕان لە ئینگلیسییەوە : حەسەن قازی
 ڕوانگە١٢-ی دیسامبری  ٢٠١٩




Friday, November 22, 2019

قسەکانی پرۆفێسۆر عەبباس وەلی لە بەرنامەی " صفحە ٢ ویژە" ی تێلێڤیزیۆنی فارسی بی بی سی " ئالنگاری هێژێمۆنی ئێران لە بەیرووتەوە تا تاران " مۆدێڕاتۆری بەرنامە: فەرناز قازیزادە، سەعات ٥ – ئێوارەی چوارشەمە ٢٠-ی نۆڤامبری ٢٠١٩


قسەکانی پرۆفێسۆر عەبباس وەلی لە بەرنامەی " صفحە ٢ ویژە" ی تێلێڤیزیۆنی فارسی بی بی سی
" ئالنگاری هێژێمۆنی ئێران لە بەیرووتەوە تا تاران " مۆدێڕاتۆری بەرنامە: فەرناز قازیزادە، سەعات ٥ – ئێوارەی چوارشەمە ٢٠-ی نۆڤامبری ٢٠١٩

فەرناز قازیزادە: ئاغای وەلی لە سەرەتاوە دەمەوێ بۆچوونی ئێوە بزانم سەبارەت بە قسەکانی ئەمڕۆی خامەنەیی و وێکچوونی لەگەڵ ئەوەی کە پێشتر سەبارەت بە عێڕاق گوتوویە . ئایا پێتان وایە ڕێبەری ئێران دەیەوێ یەک سیاسەت لە گشت ناوچە دا وەبەر بگرێ ، سیاسەتی مستی ئاسنین؟

عەبباس وەلی: بە بۆچوونی من هەڵوێستی سەرەکی ڕێژیم ئەوەیە کە پێی وایە جۆرەیەک هێرش هەیە بە دژی جمهووری ئیسلامی و ئەوە ڕەهەندی تازەی هەیە . ڕەهەندەکانی ئەوەن کە نە تەنێ لە ناوخۆی ئێران دا بەڵکوو لە نوختە سەرەکییەکان و ناوچە سەرەکییەکانی جێی نفووزی ئێران کە بریتی بن لە سووریا ، عێڕاق و لوبنان هێرش دەکرێتە سەر سولتەی ئێران ، نفووزی ئێران و دەسەڵاتی ئێران. و لە ڕوانگەی ئەوانەوە ئەوە بە هەڵکەوت نییە کە عێڕاق ، لوبنان و دوایە لە ناوخۆی ئێرانیش پرۆتێست هەیە و خوپێشاندەران خٶشیان وا وەبەر چاو دێ بە جۆرێک لەوە تێ دەگەن. ئەمن دوێنێ دیتم لە عێڕاق دروشمێک بەرز کرا بووەوە کە بەردەنگیان خۆپیشاندەران لە ئێران بوون و لەو دروشمە دا گوترابوو: ئێوە سەری ئەژدەهاتان کردووەتە ئامانج و ئێمە کلکەکەی ، تەوەجوهێ دەکەی. وا وێدەچێ هاودەردیی ئاوا هەبێ بەڵام ئەوەی کە لە ڕاستیدا لە پشت سەر ئەو قسانەیە بە باوەڕی من تاکتیکێکی کۆن و ڕیشاڵ ڕیشاڵی جمهووری ئیسلامی یە کە هەموو خۆپێساندانەکانی ناوخۆ و نارەزایەتییەکانی ناوخۆ و بێ کیفایەتییە سەرەکییەکانی ڕێژیم وەپاڵ هۆکارە بێگانەکان بدا.


قازیزادە: ئەو هیلالی شیعەیە کە لە مێژە لێوەی دەبیسین بە تایبەتی لە ماوەی ساڵانی ڕابردوو دا چەندە دەتوانێ دەوام 
بێنێ لە بار و دۆخێک دا کە ئێستا لە ناوچە دا ئەلئان دەیبینین. ئایا لە جێدا پڕۆتێست لە ووڵاتان دەکرێ ببێتە هۆی کەمبوونەوەی دەوری ئێران لەو ووڵاتانە دا؟

وەلی: بە بێ شک دەتوانێ، بەستراوەتەوە بەوەی کە ئەو پڕۆتێستانە چەندە کاریگەر بن، چەندە ئامانجەکانیان وەدەست بێنن، بە باوەڕی من کەوتنی نفووزی جمهووری ئیسلامی لە باشووری لوبنان ، لە لوبنان بە گشتی و بە تایبەتی باشووری لوبنان ، لە سووریا ، و لە عێڕاق تەئسیرێکی زۆر سەرەکی دەبێ لە سەر سیاسەتە ناوخۆییەکانی جمهووری ئیسلامی و هەر وەها بە پێچەوانەش بە باوەڕی من سەرکەوتنی ئەو بزووتنەوەیەی کە لە ئێران دا هەیە ، تەنانەت سەرکەوتنی ڕێژەیشی بە لەبەر چاوگرتنی ئەو وەزعە ئابووەییەی لە ئێران هەیە بە بێ گومان تەئسیرێکی یەکجار زۆر دەکا لە سەر تواناییەکانی دەرەوەی سنووری ئیران و پشتیوانی ماڵی و لۆجێستیک لەو سیاسەتانەی لە لوبنان و لە عێڕاق بەڕێوەیان دەبا. ئەمن لێرە دا شتێکیشی لێ زیاد کەم لە عێڕاق موشکیلەیەک کە ئێستا بۆ ئێران هاتووەتە پێشێ ، یەک لە موشکیلە بنەڕەتییەکان ، هەڵبەت ئەو دۆستەی پێش من قسەی کرد بە دروستی ئاماژەی بە هێندێک شت کرد، دەمەوێ بڵێم ئەو ئعتراز و خۆپیشاندانانەی کە درێژەیان بووە تا ئێستا ئەوە جۆرەیەک یەکانگیری سەرداخراو کە لە وێ لە نێوان سیاسەتی ئەمریکا و ئێران دا هەبوو و بووە هۆی ئەوەی کە حکوومەتی ئاغای مالیکی و دوای ئەو حکوومەتەکەی تر بێ و ئەوانە لە سەر کار بن ، ئێستا لە بەر ئەو فشارەی لەوێ لە سەر ئەمریکا هەیە ئەو یەکانگیرییە سەرداخراوە بە باوەڕی من لە بەر یەک هەڵوەشاوە و بە باوەڕی من ئەمریکا لە دوای ئەوە دەگەرێ کە لەوێ ئاڕاستەیەکی تازە وەبەر بگرێ ، لە لایەکی دیکە لە سووریاش دەبینین هاوپەیمانی سەرەکی ئێران کە ئاغای پووتین بێ بە شێوەی چالاکانە خەریکە نفووزی ئێران کەمتر و کەمتر دەکا کە دەیەوێ بارتەقاییەک لە بەرانبەر ئەمریکا دا لە پێوەندییەکەی دا لەگەڵ ئیسرائیل ساز بکا، کە وا بوو بەم پێیە گشت ئەو زانیاریانە ئەوە دەگەیێنێ کە ئێران ئێستا لە وەزعێکی بەهێز دا نییە لە ناوچە و بە باوەڕی من لە جێدا ئەوەی کە زۆر بڕیاردەر و یەکلاکەرەوە دەبێ وەزعی ناوخۆی ئێران و بەردەوامی ئەو وەزعەیە. لێرە دا ئەمن دەمەوێ ئاماژە بە شتێک بکەم ئەویش ئەوەیە ئەوەی کە بووەتە هۆی بەردەوامی ئەو وەزعە تا ڕادەیەکی زۆر لە بەڕ ناڕوونی سەرەکییانە بووە کە لە سیاسەتی ئەمریکا دا هەبووە . هەر ئەمڕۆ بیستمان کە ئاغای پۆمپێئۆ دەیگوت ئێران دەبێ بڕیار بدا لە نێوان ناردنی چەک بۆ سووریا و وەزعی ناوخۆی ئابوورییەکەی. ئەوە بە کردەوە نیشان دەدا کە ستراتێژی ئەمریکا ئەوەیە کە قسەی خۆی لەمەڕ سزا و ڕاکێشانی ئێران بۆ دەوری مێزی موزاکەرە بکا و مەسەلەی تێک ڕووخاندنی ڕێژیمی ئێران لە گۆڕێ دا نییە .

قازیزادە: دوایین پرسیار ئاغای وەلی لە ئێوە بپرسم ئەوەی کە ئێستا لە ناوچە دا دەیبینین ئەگەر بە کورتی ووڵام بدەیەوە بۆ ڕقەبەرە ناوچەییەکانی ئێران چەندە جێی خۆشحالییە ئەو پڕۆتێستانەی کە دەکرێن و تێیاندا دروشم دژی ئێران دەدرێ ، ئایا لە ڕاستیدا عەڕەبستان دەتوانێ دڵی بە وانە خۆش بێ ؟


وەلی: بە باوەڕی من عەڕەبستان لە بەر وەزعێکی کە لە گەڵ ئێران هەیەتی واتە ئەو دژایەتییەی توندی بەرژەوەندی کە لە ناوچە دا لەگەڵ ئێران هەیەتی ، لە هەر کردەوەیەک ، هەر ڕووداوێک، هەر هەڵسوکەوتێک کە ببێتە هۆی لاوازی ئێران پێشوازی دەکا. بەڵام ئەوانیش پێیان وایە ئاکامی ئەوەیکە لە عێڕاق ، لە سووریا یان لە لوبنان دەگوزرێ قەتعی نییە و ئەو گەمەکارانەی کە لەوێن هێندێک بەرژەوەندییان هەیە کە هەر ئانێک لەوانەیە ئەو بەرژەوەندییانە بگۆڕدرێن . لە درێژەی قسەکانی میوانی دیکەی بەرنامە دەبێ بڵێم ئەوە ئاشکرایە کە سنوورە ڕاستەقینەکانی ووڵاتێک ، سنوورە جوغرافیاییەکانی نییە، بەڵکوو ئەو سنوورانەیە کە لە پێوەندی لەگەڵ بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانی دیاری دەکرێ. بەڵام بەرژەوەندە نەتەوەییەکانی ئێران لە هەلومەرجی ئێستا دا زۆرتر تێبینییە ئیدێئۆلۆژیکەکان دیاری دەکەن نەک لێکدانەووی ووردی ستڕاتێژیک و ئەو تێبینییە ئێدێئۆلۆژیکیانە هەمیشە ئێران دەکێشێتە لێک ڕاسان لە دەسەڵاتەکانی دیکە و ئەوان لە هەر جۆرە ڕووداوێک و هەر جۆرە ڕەوتێک ، هەر جۆرە خۆ پیشاندانێک و هەر جۆرە بزووتنەوەیەک کە ببێتە هۆی ئەوەی کە وەزعی ئێران لە ناوچە دا لاواز ببێ و ناچار بێ بگەڕێتەوە ناو سنوورەکانی خۆی پێشوازی دەکەن.

قازیزادە: زۆر سپاستان دەکەم ئاغای وەلی ، ئاغای حوسێنی فەر و ئاغای عاشوور سپاستان دەکەم بۆ بەشداری لەم گەنگەشەیە دا.

وەرگێڕان لە فارسییەوە: حەسەن قازی 








وتووێژی پرۆفێسۆر عەبباس وەلی لەگەڵ پوویا عەزیزی لە بەرنامەی ' اخبار' ی دوای نیوەڕۆی تێلێڤیزیۆنی ئیران ئینترناشناڵ سەبارەت بە نائارمییەکانی ئێران ، چوارشەمە ٢٠-ی نۆڤامبری ٢٠١٩

 وتووێژی پرۆفێسۆر عەبباس وەلی لەگەڵ پوویا عەزیزی لە بەرنامەی ' اخبار' ی دوای نیوەڕۆی تێلێڤیزیۆنی ئیران ئینترناشناڵ سەبارەت بە نائارمییەکانی ئێران ، چوارشەمە ٢٠-ی نۆڤامبری ٢٠١٩

پوویا عەزیزی: ئەو پڕۆتێستانە کە لە سەرەتاوە لە بەر زیاد کرانی نرخی بنێزین دەستیان پێکرد بەڵام بە خێرایی بوونە سیاسی و تەنانەت دروشمەکان بەرە ئەوە چوون کە بە دژی دەوڵەت ، دژی ئاغای خامەنەیی و تەنانەت وەک دروشمی تێک ڕووخاندن هاتنە گۆڕێ. پێتان وایە سەبەبی ئەوە چییە لە ئێران کە پڕۆتێستەکان بە خێرایی لە ئعترازێکی مەیهەنییەوە دەبن بە ئعترازی سیاسی بۆ تێک ڕووخاندن؟

عەبباس وەلی: بە باوەڕی من سەبەبی سەرەکی ئەوەیە ئەو قەیرانە ، واتە قەیرانی بناخەیی جمهووری ئیسلامی هاتووەتە ناو قۆناخێکی نوێ لە ساڵی ١٣٨٨ ( ی زایینی ) بە دواوە ، ئیتر ئێمە لەگەڵ مەسەلەی قەیرانی شەرعییەت ڕووبەڕوو نین ، ئەوە قەیرانێکە کە لە بناخەی دەسەڵاتی فەرمانڕەوا دا هەیە و لە بەر ئەوەی کە خەڵک ئیدی چ بڕ باوەیان بە شەرعییەتی ئەو رێژیمە نییە و لەو قۆناخە تێ پەڕیون ئەوەندە بەسە پڕیشکەیەک گڕ بگرێ بۆ ئەوەی ببێتە پڕۆتێستێکی بەر بڵاو. لە لایەکی دیکەوە کاتێک ئێمە دەڵێین لە قۆناخی قەیرانی شەریعەت تێ پەڕیوین بەو مانایەیە کە ئەو ڕێژیمە سیمای قانوونی خۆی لە دەست داوە و زەبر وزەنگ و دەربڕینی زەبر و زەنگ و بەکار هێنانی زەبروزەنگ بۆ سەقام پێدانی سوڵتەی سیاسی تەنیا ئامرازێکە کە بۆ ڕێژیم ماوەتەوە . کاتێک کە ئیتر قانوون سیمای حکوومەت نییە و زەبروزەنگ نەک هەر نیوەی روخسار بەڵکوو هەموو سیمای حکوومەتە وا وەبەرچاو دێ کە هیچ ڕێگایەک بۆ خەڵک نامێنێتەوە کە هەلومەرجێکی ئاوا هاتە پێشێ بێنە دەرێ و درێژە بدەن بە ئعترازەکانیان. ئەوە بێ ئەملاو ئەولا پێوەندی هەیە بە قووڵبونەوە و بەربڵاوی قەیرانێکی ئەوتۆ کە کاتێک ئەو ڕێژیمە قۆناخێکی سەرکوت کردووە و بە تەسەوری ئەوەی کە ئیتر مەترسی ڕەویوەتەوە ، هەر درێژەی داوە بە شێوەی ڕابردوو و ئێستا ئێمە لە بارودۆخێک داین کە ئیتر کەسێک لە ناو ڕێژیم دا و تەنانەت ڕێژیم خۆشی باوەڕی بە شەرعییەتی خۆی نەماوە. یەک لە نیشانەکانی ئەوەی کە ڕێژیم باوەڕی بە شەرعییەت و مەقبووڵ بوونی خۆی نەماوە لە ناو تاک وتەرای میللەت دا ولە ناو مەردمانی ئێرانێ دا ئەوەیە کە خۆی شانەی گشت ئەو کێشانە لە سەر هۆکارێکی بێگانە دا دەشکێنێ. ، واتە لە دەرەوەی کۆمەڵی مەدەنی ئێران و دەکرێ هەموو شتێک بەوەوە بلکێندرێ.


عەزیزی: و بە ساڵانە دەبینین کە ئەوە دەکەن ، هەر کاتێک پڕۆتێستێک دەکرێ ئەوە گرێ دەدەن لە گرووپەکان یان لە 
دەرەوەی ئێران . بەڵام گوتتان کە ڕێژیم شەرعییەتی خۆی لە دەست داوە و بۆخۆشی باوەری وایە کە ئەو شەرعییەتەی لە دەست داوە ، بەڵام ئێمە هاوکات شاهیدی ئەوەین کە باوەکوو حکوومەت ئەو ئعترازانە سەرکوت دەکا و ئەو شتانە ڕوودەدەن خەریکە حەول دەدا بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن و هتاد. ئایا ئەو هەڵبژاردنانە و ئەو شتانەی کە دەکرێن هەرچۆنێک بێ بەشێکن لە ڕەوتی شەرعییەت دان بە حکوومەت ، ئایا ئەوان ئیدی چ بڕ کارا نین یانی ئیتر شەرعییەتیان بۆ ساز نابێ؟

وەلی: بە باوەڕی من شەرعییەت ساز ناکەن ، لەوانەیە ئەو ڕێژیمە بتوانێ بە کۆنتڕۆڵی ژیان و بەڕێچوونی خەڵک ، بە مۆر کردنی کارتە میلییەکانیان [ پێناسە] ئەوان ناچار بکا بچنە پای سندووق و دەنگ بدەن ، بەڵام ئەوە لە ڕاستیدا بەو مانایە نییە کە ئەو ڕێژیمە شەرعییەتی هەیە. ئەمن تەسەور دەکەم لەو هەڵبژارنەی دا کە بڕیارە لە سێ مانگی داهاتوو دا لە ئێران بکرێ ، ئەگەر ئەو هەڵبژاردنە وەدرەنگ نەخەن – کە ئیحتیمالی ئەوە هەیە وەدرەنگی خەن - ، ئەگەر ئەوە وەدرەنگ نەخەن بە بێ گومان ڕێژەی بەشداران لە هەڵبژاردن دا کەمتر دەبێ و ئەوە مانای وایە ڕێژیم بۆ ئەوەی کە بتوانێ ڕواڵەتی خۆی بپارێزێ فێل و گزەی زۆر بەربڵاوتر دەکا ، گۆڕینی دەنگەکان بە هەراوتر دەکرێ بۆ ئەوەی بکرێ بەجۆرێک ڕوو و ڕواڵەتی خۆی بپارێزێ.

عەزیزی: ئاغای وەلی دەمەوێ پرسیارێکتان لێ بکەم تکایە زۆر بە کورتتر ووڵام بدەنەوە چونکە کاتی وتووێژەکە خەریکە تەواو دەبێ . ژمارەیەکی زۆر کەس کووژراون بە دەیان کەس و هێندێک لە سەرچاوەکان دەڵێن بە سەدان کەس ، بەڵام هێشتا هەژمارێکی کۆنکرێت لەو بارەیەوە نییە. زۆر لە وانە لە ناوچەکانی کوردستان ، کوردنشینی ئێران دا بوون، بۆچی لەوێ سەرکوتکردنێکی بە زەبروزەنگتر دەکرێ؟

وەلی: ناوچەکانی کوردستان لەبەر ناوەرۆکی ئەو داوخوازانەی کە لە ڕێژیمیان هەبووە هەمیشە بوونەتە ئامانجی زیاترین و توندوتیژترین سەرکوتکردنەکان. هەم لە بەر ناسێنەی نەتەوەیی ئێتنیکی ، ناسێنەی مەزەبی ئێتنیکی و هەم لە بەر ئەو مێژوویەی کە لە پشت ئەو ناوچەیە هەیە. مێژووی خەباتی ئۆپۆزیسیۆن و لەوانە. و سەرکوت هەمیشە هەری توند بووە . ئەگەر ئێوە تەماشای هەژماری ئەو کەسانە بکەن کە جمهووری ئیسلامی ئێعدامی کردوون دەبین کە ژمارەی کوردەکان لە ڕێژەیەکی زۆر سەرەوەتر دایە لە چاو بەشەکانی دیکەی [ وولات] . و ئەوە سەیر و جێی سەرسوڕمان نییە ، لەوێ ئەو خۆپیشاندانانە زۆر توندوتیژتر ، کۆنکرێتتر و ئامانجەکانیشی زۆر ڕوونتر و کۆنکرێتتر بووە.

عەزیزی: سپاستان دەکەم.

وەرگێڕان لە فارسییەوە: حەسەن قازی 


وتوێژی نیووشا سارمی لە تێلێڤیزیۆنی ئیران ئینترناشنال لەگەڵ پڕۆفێسۆر عەباس وەلی ، دووشەمە ١٨-ی نۆڤامبری ٢٠١٩


وتوێژی نیووشا سارمی لە تێلێڤیزیۆنی ئیران ئینترناشنال لەگەڵ پڕۆفێسۆر عەباس وەلی ، دووشەمە ١٨-ی نۆڤامبری ٢٠١٩
وتووێژی یای نیووشا سارمی لە بەرنامەی " اخبار" ی تێلێڤیزیۆنی ئێران ئینترناشناڵ لەگەڵ پرۆفسۆر عەبباس وەلی سەبارەت بە بزووتنەوەی پەرەگری دژی جمهووری ئیسلامی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ، دووشەمە ١٨-ی نۆڤامبری ٢٠١٩ سەعات ١٠-ی سەر لە بەیانی بە کاتی لەندەن

نیووشا سارمی : ئایا جیاوازییەک هەیە لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەو کەسانەی دا کە لە کوردستان ئعتراز دەکەن؟

عەبباس وەلی: بەڵێ، من پێم سەیرە کە لە " ئەخبار" ی ئێوە دا گوتراوە کوردستان لەگەڵ خۆپیشاندانەکان کەوتووە. کوردستان لەگەڵ نەکەوتووە، کوردستان پێشەنگ بووە لە خۆپیشانەکان دا. لە ڕاستی دا لە جێگاکانی دییە کە لەگەڵ خۆپیشاندانەکان کەوتوون. بەڵێ لە شارەکانی کوردستان توندیی سەرکوت کردن زۆر زۆر لە جێگای دیکە زیاتر بووە و لە مەریوان ، سنە و کرماشان ژمارەی کووژراوەکان زیاتر بووە و وا وەبەرچاو دێ لەوێ ڕێژیم بە دەستێکی کراوەتر و هەر وەها سیاسەتێکی کۆنکرێت تر بۆ دەکار کردنی زەبر و زەنگ خەریکە هەڵدەسووڕێ، و لێرە دا بە تەواوی ئاشکرایە کوردستان لە بەر دەوری بەرزی خۆی کە بوویەتی ، دەوری بەرچاوی کە لەو پڕۆتێستانە دا هەیەتی کەوتووەتە بەر پەلاماری بەرچاو و ئاشکرای ڕێژیم.

نیووشا سارمی: ڕێزدار وەلی ئایا پێت وایە پڕۆتێساتەکان لە کوردستان داوخوازەکانی جیاوازە لەو داوخوازانەی کە لە سەرتاسەری ئێران هاتوونەتە گۆڕێ؟

عەبباس وەلی: لە بارودۆخی ئێستا دا ئەمن جیاوازییەک نابینم . ئەگەرچی هەموو دەزانن لە کوردستان ، داوخوازەکانی ناوچەیی کوردستان و خەباتیان بۆ وەدیهێنانی مافگەلی دێمۆکڕاتیکی خۆیان لە چوارچێوەی ئێران دا هەمیشە کۆنکرێت بووە و لەو بارەیەوە هەمیشە شێلگیر بوون. بەڵام ، لە هەلومەرجی هەنووکە دا ئەمن پێم وایە ئەوانیش خەریکن خەبات دەکەن شانبەشانی دانیشتوانی هەموو ئێران لە پێناو ئامانجێکی یەکگرتوو دا و ئەو ئامانجە یەکگرتووەش بریتییە لەوەی ئەم ڕێژیمە ناچار بکەن پاشەکشە بکا یان تەنانەت ئەوە نیشان بدەن کە ئەو ڕێژیمە ئەو قابلییەتەی نییە کە لە بارودۆخی قەیرانی حاکمییەتی سیاسی دا درێژە بدا بە ئیدارەی مەملەکەت. ئەوەی کە خەڵکی کوردستان هاوکات لەگەڵ خەڵکی بەشەکانی دیکەی ئێران پرۆتێستی لە دژ دەکەن ئەوەیە کە دەبینن حکوومەتی ئێران لە جێدا سیاسەتێکی وەپێش گرتووە کە لە گوێن سەدەکانی ناوەڕاستە، خۆی ئاوا ڕادەگەیێنێ کە لە هەلو مەرجی شەڕ دایە و خەرج و تێچووی ئەو بارودۆخی شەڕە بە شێوەی ماڵیاتی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لە خەڵک وەردەگرێ .
ئەوە سیاسەتێکی مۆدێڕن نییە ، ئەوە سیاسەتێکی لە گوێن سەدەکانی ناوەڕاستە کە کاتێک شایەکان دەچوونە شەڕ باری خەرج و تێچووی شەریان لە سەر شآنی خەڵک دا دەنا و بە زەبر و زەنگ و دەکار کردنی توند و تیژی و دەسبەسەر داگرتنی مڵکوماڵ خەڵکیان ناچار دەکرد خەرجی شەڕەکە بدەن ، ئەوە بە ووردی و بە پوختی دۆخێکە لە گوێن سەدەکانی ناوەڕاست.

نیوشا سارمی: سپاس لە ئێوە
وەرگێڕان لە فارسییەوە: حەسەن قازی