کۆنفڕانسی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا / ڕۆژئاوا لە پارڵمانی ئوڕووپا بروکسێل ١١ – ١٢ ی دیسامبری ٢٠١٩ قسەکانی پڕۆفێسۆر ئەیمی ئاوستین هۆڵمس
کۆنفڕانسی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا / ڕۆژئاوا لە پارڵمانی ئوڕووپا
بروکسێل ١١ – ١٢ ی دیسامبری ٢٠١٩
قسەکانی پڕۆفێسۆر ئەیمی ئاوستین هۆڵمس
ئەمن داوام لێکراوە هەر پێنج
دەقیقە قسە بکەم ، بۆیە زۆر بە کورتی دەدوێم. دەمەوێ بە ڕێگای نیشان دانی چەند
نەخشەی مێژوویی هێندێک ڕاستی زەق کەمەوە . با لە پێشدا نەخشەی مێژوویی سەبارەت بە
جێنۆسایدی ئەرمەنییەکان تەماشا بکەین.
ئەمە نەخشەیەکە سەبارەت بە
جێنۆسایدی ئەرمەنییەکان و ٢٥ نوختەی شوێنی کۆکردنەوەی ئێنسانان نیشان دەدا (concentration camps ) کە لە
سەردەمی ئیمپراتۆری عوسمانی لە لایەن ئەڕتەشی تورکی عوسمانییەوە ساز کرابوون ئەو دەمەی کە ئەرمەنییەکان لەو
شوێنانەی کە ئێستا تورکیای مۆدێڕن پێک دێنن
ڕاگۆێزران بۆ ناو سووریا . ئەو دەمی ٢٥ کەمپ ساز کرابوون کە من دەمەوێ لێرە
لە سەر یەکیان ئیست بگرم ئەویش کەمپی راءس العین ( سەرێ کانیێی) ە . راءس العین
دووهەمین شوێنی ئەو کوشتارەی بوو کە لە ئەرمەنییەکان کرا لەو جێنۆسایدەی کە لە
سووریا کرا . هەژمارێکی تەقریبی ٦٥٠٠٠ تا ٧٠٠٠٠ هەزار ئەرمەنی تەنێ لە راءس العین
قەسسابی کران. دیارە ئەو شوێنەی سووریا کە لە هەموو جێیەک زیاتر ئەرمەنی تێدا
کووژا دیر الزور بوو .
من دەمەوێ ئەو ڕاستییە زەق
بکەمەوە چونکە ئێستا تورکیا و ئەو میلیشیایانەی تورکەکان پشتیان دەگرن جارێکی دیکە راءس العین کۆنتڕۆل دەکەن واتە ئەو
شوێنەی کە ٧٠٠٠٠ هەزار ئەرمەنی تێدا کووژرا لە ساڵی ١٩١٧. ئێستا جارێکی دیکە ئەو
شوێنە کەوتووەتە ژێر کۆنتڕۆڵی تورکیا و میلیشیا دەستنێژەکانی، ئەوەش لە بەر
ئاگربەسێکی کە دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و تورکیا لە سەری ڕێک کەوتن کاتێک کە
جێگری سەرۆک کۆمار پێنس و وەزیری کاروباری دەرەوە پۆمپێۆ و هەیئەتەکەیان چوونە
ئانکارا و لە سەر ئەو " ئاگر بەس " ە لەگەڵ تورکیا ڕێک کەوتن.
ئەمن وەکوو شارومەندێکی ئەمریکایی ئەو کارە بەشایانی قەبووڵ نازانم و بێ ئەملا و ئەولا بە کردەوەیەکی قێزەوەنی دەزانم هەمان شوێنی کە ئەرمەنییەکانی لێ جێنۆساید کران جارێکی دیکە بخرێتەوە ژێر کۆنتڕۆڵی تورکیا و میلیشیاکانی . ئەوە جێی پەسند و قەبووڵ نییە.
ئەمن وەکوو شارومەندێکی ئەمریکایی ئەو کارە بەشایانی قەبووڵ نازانم و بێ ئەملا و ئەولا بە کردەوەیەکی قێزەوەنی دەزانم هەمان شوێنی کە ئەرمەنییەکانی لێ جێنۆساید کران جارێکی دیکە بخرێتەوە ژێر کۆنتڕۆڵی تورکیا و میلیشیاکانی . ئەوە جێی پەسند و قەبووڵ نییە.
یەکێتیی ئوڕووپا نەک هەر هاتنی تورکیای [ بۆ
ناو خاکی سووریا] مەحکووم کرد لە ڕاستیدا داوای کرد تورکیا هێزەکانی بکشێنێتەوە .
ئەمن لەو باوەڕە دام ئەوە گرینگە جەخت بکرێتەوە کە یەکێتی ئوڕووپا لە ڕاگەیاندنی
١٤ی ئۆکتۆبر دا داوا لە تورکیا دەکا لەو هەرێمە بکشێتەوە. جا ئێستا پرسیار
ئەوەیە ئێمە چۆن دەتوانین کارێکی ئەوتۆ
بکەین کە تورکیا لەو هەرێمە بکشێتەوە واتە مەودای نێوان راءس العین و تل ابیض.
دیارە لەم کۆنفڕانسە دا بەشدارانی دیکە باسی عەفرین و ئەو شوێنانەی دیکەیان کرد کە
ئێستا تورکیا داگیری کردوون. ئەمن بەو
کاتە کەمەی کە هەمە باسی ئەوە ناکەم
با بە خێرایی چاوێک لە
نەخشەکەی دیکە بکەین ، ئەو نەخشەیە دا هەرێمی نێوان راءس العین و تل ابیض
- ' سەرێ کانیێ و گرێ سپی ' نیشان
دەدا کە ئێستا لە ژێر کۆنتڕۆڵی تورکیا دایە و وەک دەبینن ئەو خاڵانەی کە بە ڕەنگی
کەسکی کاڵ دەستنیشان کراون ئەو ناوچانەن
کە بە پێی ڕێکەوتن لەگەڵ ئەمریکا تورکیا ڕێگای دراوە کۆنتڕۆلیان بکا. بەڵام
شوێنە حاشۆرکراوەکان ئەو جێیانەن کە نیشان دەدەن تورکەکان زۆر زیاتر لەو ناوچانە
چوونەتە پێشتر کە بۆیان دیاری کراوە و ئێستا هەم بەرەو ڕۆژهەڵات و هەم بەرەو
ڕۆژئاوا دەبزوون بۆ ئەوەی خاکێکی زیاتر کۆنتڕۆڵ بکەن و گوێ نادەنە ئەو ئاگر بەسەی
ئێمزیان کردووە و ڕێکەوتنەکە پێشێل دەکەن.
وەک باسم کرد راءس العین دوای
دیرالزور ئەو شوێنەیە کە لەوێ لە هەموو جێیەک زیاتر لە ناو سووریا دا ئەرمەنی
جێنۆساید کراون. ئێستا ئەو خێزانە ئەرمەنیانەی کە لەوێ دەژیان کاتێک کە تورک
پەلاماریان هێنا لەوێ ڕایان کردووە. هاوکات لەگەڵ پەلاماری تورکیا قەشەیەکی
ئەرمەنی لە قامشلۆ تێرۆر کرا . لە هەرێمی
تل تەمر و لە دەوروبەری حەسەکەش دانیشتووی مەسیحی زۆرن واتە سۆریانی / ئاسۆری و
ئەرمەنییەکان ، ئەو ناوچەیە ئێستا ئەنجومەنی نیزامی سوریانی دەیپارێزێ کە هەڵبەت بەشێکە لە هێزە دێمۆکڕاتیکەکانی
سووریا.
ئەمن جریوەیەکم کرد سەبارەت بە ژنێک کە لە هێرشێکی
هەوایی دا کووژرا بە ماوەیەکی کورتی دوای پەلاماری تورکیا . ئێستا ئەو جریوەیە بە قەراری
مەحکەمەیەک لە تورکیا بلۆک کراوە. ئەمن دەمەوێ ئەوانە زەق کەمەوە، ئەوە ئەو جۆرە
زانیارییانەن کە تورکیا نایەوێ کەس پێیان بزانێ کە مەسیحی ، عەڕەب ، ئێزیدی ،
تورکومانەکانیش لەگەڵ کوردەکان لە ژێر هەڕەشە دان و پەلاماری تورکیا دەستیان لێ
ناپارێزێ.
ئیمە کە لەم ساڵۆنەدا دانیشتووین ڕەنگە ئەو
شتانە بزانین ، ئەمن دەزانم ئێوە هەمووتان ئاگاتان لەوانەیە، بەڵام پێم وایە لە دەرەوەی ئەم ساڵۆنە پێم وایە بیروڕای
ناونەتەوەیی هێشتا ئەوانە نازانێ ، هێشتا فەرقیان پێ نەکردووە پێیان وایە ئەوە
کێشەیەکە لە نێوان تورکیا و کوردەکان دا و ئەوە ڕاست نییە ئێمە دەبێ پێداگری لە
سەر بکەین ، یەکەم لە بەر ئەوەی کە هێشتا پێی نەزاندراوە و ئەمن
پێم وایە ئەوە ئەو جۆرە زانیاریەیە کە تورکیا نایەوێ دەرکەوێ و لە قاو بدرێ. بۆیە
من پێم گرینگە ئێمە باسی جۆراوجۆری هەرێمەکە بکەین و ئەوە ڕوون کەینەوە ئەو خەڵکە هەموویان لە مەترسی دان لە بەر پەلاماری تورکیا و هەر وەها بە پێی
بەڵگەکان و دەربڕینەکانی یەکێتیی ئوڕووپا خۆی، داوا دەکا تورکیا لەو هەرێمانە
بکشێتەوە لە سووریا کە ئێستا داگیری کردووە.
---
پرسیاری ئیلهام ئەحمەد لە پرۆفێسۆر ئەیمی ئاوستین هۆلمس
سڵاو لە ئێوە و ئەو بەڕێزانەی
دیکە کە بابەتیان پێشکێش کرد ، پرسیارەکەی من لە ئەیمی یە. زۆر باسی قانوونی
ناونەتەوەیی دەکرێ ، بەڵام ئەوەتا ئەمڕۆ دەوڵەتی تورکیا هەموو قانوونە
ناونەتەوەییەکانی پێشێل کردووە. هۆی چییە کە پارێزەرانی ئەو قانوونە
ناونەتەوەییانە ناتوانن تورکیا وا لێ بکەن ئەو قانوونانە ڕەچاو بکا؟
پرسیاری دووەم سەبارەت بە خۆسەری
دێمۆکڕاتیکە، چما تا ئێستا پشتیوانییەکی
ناونەتەوەیی لەو پڕۆژە عەلمانییە نەکراوە ؟ سەبەب چییە و ئەو بیانوویانەی کۆڕ و کۆمەڵی ناونەتەوەیی تا
ئێستا بۆ دانوستاندن نەکردن و بەڕەسمی نەناسینی بەڕێوەبەریی خۆسەر دەهێننەوە چن؟
ووڵامی پرۆفێسۆر ئەیمی ئاوستین
هۆلمس
ئەمن پێم وایە پرسیارەکەی
ئیلهام زۆر گرینگە سەبارەت بە کاردانەوە نەبوون و چما بیروڕای ناونەتەویی ووڵامێکی
بەهێزتری نەداوەتەوە بە تورکیا. ئەمن پێم وایە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان پێی
وایە ئەو ئاگر بەسەی لەگەڵ تورکیا کراوە بەسە و ئەوە کێشەکە چارەسەر دەکا و شەڕ
ڕادەگرێ. بەڵام وەک دەبینین ئەو ڕێکەوتنە
ئەوەی نەکردووە و ئەمن پێم وایە ئێمە دەبێ ئەو ڕاستییە جەخت بکەینەوە کە ئاگربەس
ڕەچاو نەکراوە و بە کردەوە هیچ ئاگربەسێک لە گۆڕێ دا نییە و ئێمە دەبێ بەردەوام
بین و جەخت بکەین لە سەر ئەو ڕاستییە .
نوختەی دووەم ئەوەیە کە ئیدارەی
خۆسەر ئەو جۆرەی پێویستە نەناسراوە. ئەمن پێم وایە ئێمە دەبێ زیاتر کار بکەین بۆ
تێگەیاندنی خەڵک سەبارەت بە بەڕێوەبەریی خۆسەر. چونکە هەر وەک گوتت ئەوە
حکوومەتێکی عەلمانی یە ، نموونەی ئاوا کەمە. ئەمن ماوەیەکی زۆر لە میسر ژیاوم و لە
زانکۆی قاهیرە دەرس دەڵێمەوە. ئێستا میسر ئیدیعا دەکا کە حکوومەتێکی عەلمانی هەیە
، لەگەڵ ئەوەشدا تاقە قیپتییەکی مەسیحی نابینی کە ئەندامی شووڕای بەرزی نیزامی بێ
واتە بەرزترین دەسگای هێزی ئەڕتەشی میسر. لە کاتێکدا هەسەدە (هێزە دێمۆکڕاتیکەکانی
سووریا) ڕێگای کردووەتەوە بۆ مەسیحییەکان نەک هەر لە ئیدارەی مەدەنی دا بەڵکوو لە
ناو هێزە نیزامییەکانی هێزە دێمۆکڕاتیکەکانی سووریاش دا . کینۆ گابرییێل ووتە بێژی
هەسەدە مەسیحی یە.
ئەمن لەو باوەرە دام لەو ڕووەوە
بەڕاستی زانیاری نییە . واتە ئێمە دەبێ زیاتر خەڵک ڕوون کەینەوە و پەروەردەیان
بکەین سەبارەت بە تەبیعەتی ڕێبەرایەتی خۆسەر و ئەو کارانەی کە دەیکا نەک هەر ئەو
ڕاستیانەی کە جێی ژنان و مەسیحییان دەکاتەوە بەڵکوو ئەوەش کە کەمایەتی جۆر بە جۆر
لە ڕێزەکانی خۆی دا وەخۆ دەکا. وەک گوتم تەنانەت میسریش کە ئیدیعا دەکا ووڵاتێکی
عەلمانی بێ وەک بەڕێوەبەریی خۆسەر ڕێگای نەکردووەتەوە بۆ مەسیحییەکان.
پرۆفێسۆر ئەیمی ئاوستین هۆڵمس کێێە؟
ژیاننامە
ئەیمی ئاوستین هۆلمس پرۆفێسۆری کۆمەڵناسی یە لە
زانکۆی ئەمریکایی قاهیرە، و لە پاییزی ٢٠١٩
وە زانای میوانە لە بنیاتی کووەیتی دەستپێشخەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی مەدرەسەی
کێنێدی لە زانکۆی هارڤارد.
ئەو لە ساڵی ٢٠٠٨ وە دەستی کرد بە دەرس گوتنەوە لە زانکۆی ئەمریکایی قاهیرە
، دوای تەواوکردنی پلەی پێ ئێچ دی یەکەی لە زانکۆی جانز هاپکینز. پێشتر زانایەکی
فولبڕایت بوو لە ئەڵمانیا و نووسەری ئەم کتێبانەیە ، پۆلیسەکان و شۆڕشەکان :
دەنگدانی جەماوەری ، ئەرتەشی میسر ، و دەوڵەتە یەکگرتووەکان لە موبارەکەوە تا
سیسی، کە لە ساڵی٢٠١٩ وەشانخانەی ئاکسفۆرد یونیڤێرسیتی چاپی کردووە . یەکەم
کتێبی نائارامی کۆمەڵایەتی و پێگە
نیزامییەکانی ئەمریکا لە تورکیا و ئەڵمانیا لەوەتا ١٩٤٥ لە لایەن وەشانخانەی کەمبریج ئونیڤێرسیتی
یەوە چاپ کراوە.
ئەو کە زیاتر لە دە
ساڵ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ژیاوە لەسەردەمێک دا کە بە بەهاری عەڕەب ناسراوە ووتاری
زۆر وزەوەندی لە سەر تورکیا ، سووریا ، عێڕاق ، میسر ، توونس و بەحڕەین نووسیوە . هەر
وەها سەبارەت بە گرووپە کەمایەتییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بابەتی نووسیوە
لەوانە کوردەکان، مەسیحییە سۆرانی – ئاسۆرییەکان و نووبییەکان.
ئەو هەر وەها لە کۆنگرەی ئەمریکا و مەجلیسی پیرانی بریتانیا وەک پسپۆڕ
شاهیدی داوە ، جگە لە بڵاو کراوە ئاکادێمیکەکانی چەند ڕاپۆرتیشی سەبارەت بە سیاسەت بڵاو کردووەتەوە .
پرۆفێسۆر هۆڵمس یەکەم کەسە کە لێکدانەوەیەکی مەیدانی کردووە سەبارەت بە
هێزە دێمۆکڕاتیکەکانی سووریا (هەسەدە) لە
سەر بنەمای چەندین جار سەفەر بۆ هەموو ٦ ئەستانەکانی باکوور – ڕۆژهەڵاتی سووریا لە
نیوان ساڵانی ٢٠١٥ تا ٢٠١٩
ئەم زانیاریانەی سەرەوە لە ٢٤ی ئۆکتۆبری ٢٠١٩ بەڕۆژ کراوەتەوە.
وەرگێڕان لە ئینگلیسییەوە : حەسەن قازی
ڕوانگە١٢-ی دیسامبری ٢٠١٩
No comments:
Post a Comment