Tuesday, December 24, 2019

جێێەکی خاڵی ، بە بۆنەی نزیک بوونەوی ساڵوەگەڕی دووی ڕێبەندان

 جێیەکی خاڵی

حەسەن قازی

لە وێنەیەکی ڕێوڕەسمی دووی ڕێبەندان دا کە پێشەوا سان لە ڕێژەی پێشمەرگە دەبینێ لە بەر سەکۆکە لە نێوان مەلا مستەفا بارزانی و مەلا سیدیقی سیدقی دا بەتاڵاییەک هەیە کە دەشێ کەسێکی لێ ڕاوەستا بێ و لەکاتی وێنەگرتنەکە دا لەوێ نەمابێ. ماوەیەک لەمەو بەر لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیس بووک دا بەڕێزێک بە ناوی هادی عەزیزی کوردی کە لە مێژووی کۆمار دەکۆڵێتەوە وێنەکەی دانابوو و پرسیاری کرد بوو دەبێ ئەوە کێ بووبێ  لە وێ ڕاوەستا بێ و لە کاتی وێنەگرتنەکە دا لە وێ نەما بێ ؟
بە پێی ڕۆژنامەی کوردستان بڵاوکەرەوەی بیری حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان و لە ڕاستیدا ئۆرگانی حکوومەتی کوردیش ( ژمارە  ١٠، ٤-ی فێورییەی ١٩٤٦) لە ڕۆژی ڕاگەیاندنی جمهوری دا  لە ناو ئەو کەسانەی کە پەیامی پیرۆزباییان خوێندووەتەوە و خیتابەیان داوە ، زێڕۆ بەگی بەهادوڕی سەرکردەی یەک لە تیرەکانی عەشیرەتی هەرکی  بە ناوی ' قەبایلی شکاک و هەرکی'  کەسی دەیەم بووە کە قسەی کردووە و لە کۆتایی قسەکانی دا ، ئەو جۆرەی کە ' کوردستان' بڵاوی کردووەوەتەوە هێرشی شەخسی کردووەتە سەر شێخ عەبدوڵا ئەفەندی کوڕی شێخ عەبدولقادری نەهری و نەوەی شێخ عوبەیدیلا و تاوانباری کردووە بە ' خەیانەت بە کوردان' . هەر دیسان بە پێی کوردستان (ژمارەی١٠ ، ٤-ی فێورییەی ١٩٤٦) سەید عەبدولعەزیز شەمزینی ، کوری شێخ عەبدوڵا نەفەری دوازدەهەم بووە کە قسەی کردووە واتە دوای زێڕۆ بەگ بەهادوڕی و لە خیتابەکەی دا لە یەک دوو جێ بە سەر داگیراوی بێ ئەوەی ناوی ' زێڕۆ بەگ ' بێنێ ووڵامی داوەتەوە. دیارە بە لەبەرچاو گرتنی ئەوەی شێوەزاری کوردی زێڕەو بەگ کوردیی باوی ناوچەکە نەبووە  " کوردستان " بە شێوازی خۆی قسەکانی ڕێک خستووە. لە ووتارەکەی سەید عەزیز ڕا دەر دەکەوێ بابەتەکەی بە نووسراو پێشکێش کردووە چونکە زۆر بێژەی ئەوتۆی تێدایە کە جیاوازە لەو زمانەی لە کوردستان دا دەکار کراوە. کوردستان نوتقی سەید عەزیزی  کە دوای قسەکانی زێڕۆبەگ کراوە  لە ژمارەی ١٣ ( ١١-ی فێڤرییەی ١٩٤٦) دا بڵاو کردووەتەوە. بەڵام ووتەکانی زێڕۆبەگی کە پێش سەید عەزیز قسەی کردووە  هەشت ژمارە دواتر واتە لە ژمارەی ٢١ ( ٢-ی مارسی ١٩٤٦) بڵاو کردووەتەوە و ئەوەش دەیسەلمێنێ بەڕێوەبەرانی کوردستان ویستوویانە قسەکانی زێڕۆ بەگ بە شێوەیەک لە بیر بچێتەوە.

لە ڕۆژی ٢-ی ڕێبەندان دا بە پێی وێنەی دووەم کە لەگەڵ ئەو نووسینە بڵاوی دەکەینەوە شێخ عەبدوڵا ئەفەندیش لە مەهاباد بووە و دیارە بە تووڕە بوون لە قسەکانی زێڕۆبەگ وەک کاردانەوە و ئیعتراز دەکرێ مەیدانی چوارچرای بە جێ هێشتبێ  و وێدەچێ ئەو بەتاڵاییەی نێوان مەلا مستەفا بارزانی و مەلا سیدیق سیدقی لە وێنەکە دا جێگای ئەو بووبێ. ئەو بەڵگەیەی دەیسەلمێنێ شێخ عەبدوڵا ئەو ڕۆژە لە مەهاباد بووە جلوبەرگی سەید عەزیزە کە لە هەر دوو وێنە کاندا وەک یەکە. لە کۆتاییەکانی ساڵی  ١٩٩٣ی زایینی دا نووسەر و لێکۆلەر کاكشار ‌ئورەمار هەڤپەیڤینێکی نووسراوی درێژی لەگەڵ سەید عەبدولعەزیز ( دوکتور عەزیز شەمزینی ) کردووە و لەکتێبەکەی دا: "یادگارییەکانی کۆماری کوردستانی ١٩٤٦ – بەرگی ١، وەشانێن سیتاڤ ، ٢٠١٩ " دا بڵاو بووەتەوە. لەو گفتوگۆیە دا سەید عەبدولعەزیز  باسی ئەو ڕووداوە دەکا و بەر لەوەی قسەکانی باس بکەین . دەقی ووتاری زێڕۆبەگ بەهادوڕی و سەید عەبدولعەزیز شەمزینی بەو جۆرەی لە " کوردستان " دا  هاتووە لێرە دا دەگێڕینەوە و بۆ ئەوەی بابەتەکە چاک بخوێندرێتەوە هێناومانەتە سەر ڕێنووسی ئەم ڕٶژگارە.

کوردستان بڵاوکەرەوەی بیری حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان ، ژمارە ٢١ ، ساڵی یێکەم ، شەمۆ ١١ –ی ڕەشەمەی ١٣٢٤/  ٢-ی مارسی ١٩٤٦
نوتقی ئاغای زێڕۆ بەگ لە ڕۆژی ٢-ی ڕێبەندانی  ١٣٢٤
     ئەمن بە نوێنەری هەموو قەباییلی شکاک و هەرکی مبارەکبادی ئەو جێژنە خۆشەویست و مەزنە بە هەموو برا کوردێک بە تایبەتی بە حزووری جەنابی پێشەوا و ئەندامەکانی کۆمیتەی مەرکەزی و کارگەرانی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان عەرز دەکەم و بەڵێنی دەدەم کە تەواوی نەتەوەی شکاک و هەرکی ئامادەن بە وێنەی باب و باپیری خۆیان سەر و ماڵیان لە ڕێی ڕاگرتنی سەربەخۆیی کوردستان بەخت بکەن .
     قسێکی دی کە بۆ ڕوون بوونەوەی ییری هەموو کەس زۆر بە پێویستی دەزانم عەرز کەم ئەوەیە کە ئاغای حاجی سەید عەبدوڵا ئەفەندی لە پاش شەهریوەری ١٣٢٠ کە کورد دەستیان بە ملە و موبارەزەی میللی کرد و ویستیان حەقی مەشڕووعی خۆیان بستێنن عیدێکی زۆر لە بەر چاوەنۆری کە لەویان هەبوو  وەدووی وی کەوتن دەیانویست بە پێشەوایی و پشتیوانی ئەو ئاغایە ڕەهنەمایی بکرێن بەڵا ئەو زاتە بە پێچەوانەی ئینتیزارات و چاوەنۆڕی هەمووکەس لە ساڵی ١٣٢١ هەڵستا چووە تاران و بەزیدی کوردان دەگەڵ کاربەدەستانی تارانێ بە تایبەتی ستادی ئەڕتەشی ئێران خەریکی گفتوگۆ بوو و خەیانەتی بە کوردان دەکرد و سەد دەر سەد کاری کوردانی وەپاش خست پێویستم زانی ئەو زاتە بەنگۆ بناسێنم.
[کوردستان ژمارەی ٢١ ، لاپەڕەی ١، ١١-ی ڕەشيمەی ١٣٢٤-ی هەتاوی]
کوردستان بڵاوکەرەوەی بیری حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان، ژمارە  ١٣،ساڵی یێکەم، دووشەمۆ  ٢٢ی ڕێبەندانی ١٣٢٤ / ١١ –ی فێورییەی ١٩٤٦
پینج، نوتقی برای خۆشەویست )   سەید عەبدولعەزیز کوڕی حاجی سەید عەبدوڵا )
براکانم ، گەورە و ئاغایانی کورد
خانەوادەی نەهری بە گەورە و پچووک و ژن و پیاو كچ و کوڕیانەوە زۆر بە ئیفتیخارەوە تەبریکی ئەم جێژنە موبارەکە  و موقەدەسە ئەوەڵەن تەقدیمی مقامی عالی ڕەئیس جمهووری موحتەرەم دەکەن کە لە ڕێی ئەم ئازادییە دا هیچ جورە قسوورێکی نەکردووە و بە هیمەت و عەزم  و ڕوح بەرزی و حیکمەت و تەوانای خۆی توانی موکافەحە بکا و ئەم ئازادییەمان بۆ وەگیر بخات.
دووەم جێژنە پیرۆزە لە هەموو برا کوردێک دەکەن کە ئەوانیش لە ڕێی ئەم ئازادییە دا نەبەزیون و موقابیل بەو سەدەماتەو نەگبەتیانەی زەمان کە بە نیسبەت کورد هەمیشە عەکسی بووە  و هەمیشە هێز و پەنجەی ئیستیعمار و جەهالەت لەکوردستاندا سەرکەوتوو بووە بە عەزم وسەبات وەکوو پۆڵا ڕاوەستاون و هەر نەبەزیون  و هەر وەکوو تاریخ بۆمان ئیسبات دەکا کە کورد لە هەموو فرسەتێکدا محاوەلەی ئازادی وەرگرتنیان کردووە بەڵام لەبەر ئەوەی پەنجەی ئیستیعمار هەمیشە لە سەر کورد غاڵب بووە و بە ئەنواعی وەسائیلی وەحشیانە  و بە ناوی دین و دنیا حەڕەکاتی ئازادییان کووژاندۆتەوە کە کورد نەیتوانیوە ئازادی خۆی بستێنێ. بەڵام لە نەتیجەی ئەو هەموو کیفاح و سەعی و هەوڵدانەی کورد دەوڵەتی شووڕەوی کە پشتیوانی میللەتانی بێ کەسە لە سەر حەقی میللەتی بێچارەی کورد بە جواب هات و مەجالی نەدا ئەم جارەش ئیستیعمار سەری پان کاتەوە ئازادی پێ بەخشین و دەبێ ئەوەش باش بزانین کە ئەوەش لە نەتیجەی سەعی و هەوڵدانی ڕەهبەری موحتەڕەم  ڕەئیس جمهوور حەزرەتی قازیی محەمەد بوو کە شەو وڕۆژی خۆی لەو ڕێیەدا سەرف دەکرد و مەعنای ئیستراحەتی نەدەزانی  کە توانی بە هۆی ئەو سەعی و موحاوەلاتە و نەبەزینی خۆی میللەتی کورد بە دەوڵەتی شووڕەوی بناسێ و داوای ئازاد بوونی کورد بکا.
ئەی برا کوردەکانم بزانن شوهەدای خانەوادەی نەهری کە لە ڕێی ئەم ئازادییە دا خوێنی خۆیان ڕشتووە و شەهید کراون و سەفحەی تاریخی خۆیان بە ئاوی زێڕین نووسیوە ئێستاکە لە ئێمەمانان شادتر و مەسروورترن  و ئێستاکە جێژنی ئەوانە، بەڵێ جێژنی ئەوانە چونکوو زانیان کە خوێنی ئەوان بە خۆڕایی نەڕۆیوە و نەتەوەی ئەوان بەو ئازادییە موقەدەسە شاد بوون ئەوەش بزانن کە ئێستاکە ڕوحی پاکی ئەو شەهیدانە لێرە دا حازرن و بە یەک دەنگ جێژنە پیرۆزە لە هەموو برا کوردێک دەکەن و تەواوی ئەفڕادی خانەوادەی نەهری بە گەورە و پچووکیانەوە  بە ڕوویەکی زۆر سپی و موفتەخەرانەوە ڕەجا و تکا لە هەموو کوردێک دەکەن کە بۆ خاتری خودای مازی و عەنعەناتی کۆن و ئاکاری سەخیفانەی ئیقتاعی و ئیستیعماری لە بیر کەن ، تەوائیفولملووکی و دوژمنایەتی و مەنافیعی مادی و مەعنەوی شەخسی تازە مەکەنەوە گەورەیی و پچووکی، ئاغایی و گەدایی لە ناو خۆتان هەڵگرن هەر وەکوو برا دەست دەنە دەست یەک و بخوێنن و  موتەحید و یەکدڵ و جان فیدا بن بۆ ئەوەی ئەو ئازادییەی کە لە پاش سەعی و کیفاحی هەزاران ساڵ بە دەستمان کەوتووە لە دەستی نەدەین  و بەرقەرار و بەهێزتری بکەین.
براکانم دەزانن کە زۆر برای دیمان هەن ئێستاکەش لە ژێر زنجیری ئیستیعمار و ئیستیبداد و ئەسارەت دەناڵێنن  وە بە چاوێکی زۆر برسێوە چاوەڕیی هیمەت و پیاوەتی ئێوە دەکەن. لە بەر ئەوە نابێ هیچ کوردێکی بەشەرەف  بەم ئازادییە کەمە ڕازی بێ  بەڵکوو فەرز و پێویستە لە سەر هەموو کوردێک مازی و ڕابردووی ڕەشی  لە بیر کا و بە هۆی عەزم و برایەتی یەکیەتی و هێز و هیمەتی خۆیان لە ژێر ڕیاسەت و سەرپەرستی ڕەئیس جمهوورەکەمان قازیی محەمەد ئامادە بین ئەو برا  کوردە ئەسیرانەی دیمان کە حاڵی حازر لە ژێر زنجیری ئیستیعمار و ئەسارەت دا دەناڵێنن دەربێنین و خوێنی خۆمان لەو ڕێگایە دا بڕێژین و بە خۆمان نەڵێین ئازادین  تا وەکوو کوردستانی گەورە بە تیشکی ئازادی ڕووناک دەکەینەوە،
ئێمەش هەر فەردێک لە خانەوادەی نەهری حازر و ئامادەین بە روح و گیان و سەروماڵمان و بە ڕوحێکی زۆر پڕ ئیخلاسەوە لەو ڕێیە دا خزمەت و فیداکاری بکەین.
وە لە دواییدا لە خودای عەزە وەجەل دەپارێینەوە کە خوای گەورە بۆ عەزەمەتی خۆی عومری ڕەهبەر و ڕەئیس جمهوورمان قازیی محەمەد درێژ و پایەدار کا کە بتوانێ ئەو ڕەسالەتە موقەدەسە گەورەیە کە دەستی پێکردووە تەواو و بەرقەرار کا و کوردستانی گەورە ئازاد کا و بە دەنگێکی بەرز هاوار دەکەین و دەڵێێن: هەر بژی ڕەهبەرمان ڕەئیس جمهووری کورد قازیی محەمەد و هەر بژی کورد و کوردستانی گەورە و هەر بژی جێنرالیسموس ستالین  ڕەهبەر و پێشەوای ئازادی گیتی.
[ کوردستان ، ژمارەی ١٣ ، لاپەڕەی ٤ ، ١١-ی فێورییەی  ١٩٤٦ ، زەقکردنەوەی ووشە و ڕستەکان لە دەقی ماک دا]

وەک لە سەرەوە دا باس کرا ٤٨ ساڵ دواتر نووسەر کاکشار ئورەمار سەبارەت بەو ڕووداوەی ڕۆژی ڕاگەیاندنی جمهووری  پرسیاری لێ کردووە. ئەوەش ووڵامەکانی سەید عەزیز شەمزینی:
" کاكشار ئۆرەمار: لە ڕۆژی ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستاندا (1946.01.22  ) زێڕۆ بەگیش هاتە جێی قسە کردن.
سەید عەزیز شەمزینی: بەڵێ ئەو هات و لە دژی بابی من قسەی کرد ...
ئۆرەمار: چی گوتبوو ؟
شەمزینی: گوتبووی : " سەید عەبدوڵا پیاوی ئینگلیسی یانە و کاروبارەکانمان لێ تێک دەدا ...  " و هێندێک شتی دی
ئۆرەمار: و ئەتۆش چووی و ووڵامیت داوە
شەمزینی: بەڵێ ئەمنیش ووڵامی ئەوم داوە و گوتم: " زێڕۆ ئینسانێکی ڕێگرە و کەسێکی ئاوا نییە مرۆڤ گوێ بداتە قسەکانی.. " . زێڕۆ بەگ بە هاندانی خەڵک ، بە هاندانی قازیی محەمەد هات و لە دژی بابی من قسەی کرد..
ئۆرەمار: بەڵام ئەو جۆرەی کە من لە خەڵکی سابڵاغ و ئەو کەسانەی کە هەڤپەیڤینیان لەگەڵ کراوە بیستوومە، نێوانی قازیی محەمەد و ڕەحمەتی باوکی تۆ سەید عەبدوڵا ئەفەندی گەلێک خۆش بووە و هەر وەها حورمەتی بنەماڵەی ئێوە لای قازییەکان زۆر بەرز بووە. باشە ئێوە لە کوێ دەزانن کە زێڕۆ بەگ بە هاندانی قازیی محەمەد کارێکی ئاوای کردووە؟
شەمزینی: ئەو دەمی شەرت و مەرج جیاواز بووە . ئەو ڕقەبەرایەتی و دژایەتییانە، بەرپرسانی سۆڤییەت خستبوویانە ناو بنەماڵە و سەرۆکە کوردەکان. سیاسەت و بەرژەوەندی سوڤییەت و ئێران وای ئیجاب دەکرد لە ناو  ماڵبات و کەسایەتی کوردی بە ناوبانگ دا کارێکی ئاوا بکەن. "
]
یادگارییەکانی کۆماری کوردستانی ١٩٤٦ – بەرگی ١، وەشانێن سیتاڤ ، ٢٠١٩ ، لاپەڕە ٣٨٩ ]
دیارە لە شوێنێکی دیکەی ئەو گفتوگۆیە دا شەمزینی سەبارەت بە زێڕۆ بەگ دەڵێ: " سەرۆکی تیرەیەکی عەشیرەتی هەرکی بوو. فێئۆداڵ ، ڕێگر و دز بوو. لە نێو گوندی بالانش دا مەقەڕێکی دانا بوو و گومرگ و باجی لە هەموو کەس دەستاند و لە هەمان کاتدا دزی و ڕێگری دەکرد. هەر بۆخۆی ڕوتبەی جەنەڕاڵیشی دابوو بە خۆی وجێی باوەڕی قازیی محەمەد بوو."

لە ڕاستەوە ژەنەراڵ مایور محەمەد حوسێن سەیف قازی وەزیری هێزی کوردستان، ڕەشید بەگی هەرکی، پێشەوا قازیی محەمەد و زێڕۆ بەگی بەهادوری(هەرکی)، لە ڕێوڕەسمی ئیمزاکردنی پەیمانی یەکەتی و برایەتی لەگەڵ ئازەربایجان،تەورێز  سێشەمە 3-ی بانەمەڕی ١٣٢٥ هەتاوی / 23- ی ئاوریلی ١٩٤٦
ئەوەی جێی سەرنج بێ دوکتور شەمزینی باسی زیز بوونی باوکی لە ڕێوڕەسمی دووی ڕێبەندان ناکا و هێندێک لەو قسانەی وەپاڵ زێڕۆ بەگی بەهادوڕی دەدا و تەنانەت ووڵامی خۆشی ئەوە نییە کە لە ڕٶژنامەی کوردستان دا چاپ کراوە و ئەوە دەکرێ  دوو هۆی هەبێ  یان بەرپرسانی " کوردستان " بۆ ئارامکردنەوەی وەزعەکە هەموو قسەکانیان ڕانەگوێستووە بۆ ناو ڕۆژنامە یان ئەوەی کە سەید عەزیز شەمزینی دوای نزیکە٥٠ ساڵ قسەکانی وەک خۆی لە بیر نەماوە ، بەڵام هەرچۆنێک بێ تۆڵەی ڕۆژی دووی ڕێبەندانی لە زێڕۆبەگی بەهادوڕی کردووەتەوە. هەم سەید عەبدوڵا ئەفەندی و هەم زێڕۆ بەگ نزیکەی چوار مانگ دوای ڕاگەیاندنی جمهووری کوردستان ئەندامی دەستەی نوێنەرایەتی کوردستان بوون لە تەورێز و لەگەڵ نوێنەرانی دیکەی کوردستان لە ٢٣ی ئاوریلی ١٩٤٦ مەتنی " پەیمانی یەکەتی و برایەتی حکوومەتی میللی کوردستان و ئازەربایجان" یان لەگەڵ سەرانی میللی حکوومەتی ئازەربایجان دا  بە ناوی ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی دێمۆکڕات ئیمزا کردووە.








No comments: