Friday, January 3, 2020

سەفەری دەستەی نوێنەرایەتی ئازەربایجان و کوردستان بۆ تاران بۆ وتووێژ لەگەڵ دەوڵەتی نێوەندی و کابینەی ئەحمەدی قەوامولسەلتەنە

  
سەفەری دەستەی نوێنەرایەتی ئازەربایجان و کوردستان بۆ تاران
بۆ وتووێژ لەگەڵ دەوڵەتی نێوەندی و کابینەی ئەحمەدی قەوامولسەلتەنە
یەکشەمۆ ٨ی بانەمەڕی ١٣٢٥ی هەتاوی/ ٢٨ی ئاوریلی 1946ی زایینی
حەسەن  قازی
کۆماری کوردستان و حکوومه‌تی نیشتمانی ئازه‌ربایجان له‌ ڕۆژی سێشه‌مۆ 3ی بانه‌مه‌ڕی 1325ی هه‌تاوی په‌یمانی " یه‌که‌تی و برایه‌تی حکومه‌تی ملی کوردستان و آذربایجان" یان واژۆ کردووه‌. به‌ دوای ئه‌وه‌ دا قازی محه‌مه‌د چه‌ندین ڕۆژ له‌ ته‌ورێز ماوه‌ته‌وه‌ و له‌ ڕێوڕه‌سمی کرانه‌وه‌ی ڕادیوی ده‌نگی ئازه‌ربایجان دا به‌شداری کردووه‌ و هه‌ر وه‌ها له‌ گه‌ڵ میرجه‌عفه‌ری پیشه‌وه‌ری ڕێبه‌ری فیرقه‌ی دێمۆکڕاتی ئازه‌ربایجان و سه‌رۆک وه‌زیری حکوومه‌تی نیشتمانی ئازه‌ربایجان مانۆری هێزی فیداییان له‌ شاگۆلی ته‌ورێز به‌ سه‌ر کردووه‌ته‌وه‌.له‌ کاتی سه‌فه‌ری میرجه‌عفه‌ری پیشه‌وه‌ری سه‌رۆکوه‌زیری حکوومه‌تی نیشتمانی ئازه‌ربایجان و ده‌سته‌ی نوێنه‌رایه‌تی ئازه‌ربایجان و کوردستان بۆ تاران، پێشه‌وا قازی محه‌مه‌د له‌ فڕۆکه‌خانه‌ی ته‌ورێز پیشه‌وه‌ری و هاوڕییانی به‌ڕێ کردووه‌. به‌ پێی نووسراوه‌یه‌ک ‌ له‌ ژێر سه‌رنووسی " طیاره‌ میدانیندا " ‌که‌ له‌ ژماره‌ی 185ی ڕۆژنامه‌ی آذربایجان ئۆرگانی فیرقه‌ی دێمۆکڕاتی ئازه‌ربایجان دا بڵاو بووه‌ته‌وه‌ (دووشه‌مۆ 9-ی بانه‌مه‌ڕی 1325ی هه‌تاوی/ 29-ی ئاوریلی 1946)له‌و ڕێوڕه‌سمه‌ دا هه‌م پێشه‌وا قازی محه‌مه‌د و هه‌م میرجه‌عفه‌ری پیشه‌وه‌ری سه‌رۆکوه‌زیری ئازه‌ربایجان قسه‌یان کردووه‌. ڕۆژنامه‌ی ئازه‌ربایجان ووته‌کانی پێشه‌وا قازی محه‌مه‌دی به‌م شێوه‌یه‌ بڵاو کردووه‌ته‌وه‌:


.... دوایه‌ ئاغای شه‌بوسته‌ری ڕایگه‌یاند: ده‌رفه‌تی قسه‌ کردن ده‌درێ به‌ ڕێبه‌ری گه‌وره‌ و پێشه‌وای برا کورده‌کانمان جه‌نابی قازی محه‌مه‌د. ئاغای قازی محه‌مه‌د ده‌ناو چه‌پله‌و هه‌ر بژی ئاماده‌بوان دا ده‌ستی به‌ قسه‌کانی کرد و گوتی: "ئه‌من زۆر به‌ داخه‌وه‌م له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی زمانی ئازه‌ربایجانی باش نازانم، له‌و هه‌لومه‌رجه‌ ناسکه‌ دا ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌م نییه‌ به‌و زمانه‌ بۆچوونه‌کانم بڵێم. ئێستا که‌ جه‌نابی ئاغای پیشه‌وه‌ری به‌ نوێنه‌رایه‌تی نه‌ته‌وه‌ی ئازه‌ربایجان ده‌چێته‌ تارانێ، پێمخۆشه‌ بێڵم‌ به‌ڕێزیان هه‌ر نوێنه‌ری گه‌لی ئازه‌ربایجان نییه‌ به‌ڵکوو نوێنه‌ری نه‌ته‌وه‌ی کوردیشه‌( چه‌پڵه‌ لێدان و هوریا کێشان). ئه‌مڕۆ گه‌لی ئازه‌ربایجان و گه‌لی کورد له‌ نێو خۆیاندا یه‌که‌تییه‌کی پته‌ویان دامه‌زراوندووه‌ و ئه‌و یه‌که‌تییه‌ ده‌رفه‌تیان پێ ده‌دا به‌ لێوه‌شاوییه‌وه‌ به‌رگری له‌ مافی یه‌کتری بکه‌ن. له‌و پێوه‌ندییه‌ دا ئێمه‌ش له‌ گه‌ڵ ئه‌م ده‌سته‌یه‌ به‌ نوێنه‌رایه‌تی گه‌لی کورد دوو نوێنه‌ر ئاغای محه‌مه‌دحوسێن خانی سه‌یفی قازی و ئاغای سه‌دری قازی ده‌نێرینه‌ تارانێ. ئه‌و نوێنه‌رانه‌ له‌ لایه‌ن ئێمه‌وه‌ ده‌چنه‌ ئه‌وێ و نه‌ته‌وه‌که‌مان داوخوازی به‌رپرسیاره‌تییان لێ ده‌کا. ئه‌وان ده‌بێ به‌ شێوه‌یه‌ک بگه‌ڕێنه‌وه‌ ئێره‌ که‌ هه‌م ڕێز و حورمه‌تی میله‌ت به‌ره‌و لای خۆیان ڕاکێشن و هه‌م له‌ مێژووش دا نێوێکی گه‌وره‌ بۆ خۆیان وه‌ده‌ست بهێنن. ئه‌من له‌ به‌ر که‌می کات کۆتایی ده‌هێنم به‌ قسه‌کانم و داواتان لێده‌که‌م به‌سڵامه‌تی نوێنه‌ره‌ خۆشه‌ویسته‌کانمان له‌ هوڕا ده‌ن . - ده‌نگی هوڕا و چه‌پله‌ و به‌شینه‌وه‌ی به‌ هه‌زاران ده‌سته‌ گوڵ  .میر جه‌عفه‌ری پیشه‌وه‌ری له‌و ڕێوڕه‌سمه‌ دا وه‌ک دوایین که‌س قسه‌ی کردووه‌ و له‌ به‌شی کۆتایی ووتاره‌که‌ی دا ده‌ڵێ: " بابه‌تێکی دیکه‌ی گرینگیش هه‌یه‌ که‌ له‌ ڕوانگه‌ی ده‌سته‌به‌ری بناغه‌ی ئازادییه‌که‌مان، ئابووری، بیروڕا و ئیده‌ئاله‌وه‌ و له‌و ڕێبازانه‌‌ دا یه‌کێک له‌ مه‌سه‌له‌ هه‌ره‌ گرینگه‌کانی ئێمه‌یه‌. ئه‌ویش بریتییه‌ له‌و یه‌که‌تی و یه‌کایه‌تییه‌ی وا‌ له‌ نێوان ئێمه‌ و برا کورده‌کانماندا هه‌یه‌. هه‌تاکوو ئێستا سیاسه‌تی کۆنه‌په‌رستانه‌ هه‌وڵیان ده‌دا‌ دووبه‌ره‌کی بخه‌نه‌ ناو ئه‌و دوو میله‌ته‌ نه‌جیبه‌، ئیدی ئه‌و دووبه‌ره‌کییه‌ نه‌ماوه، برایانی کوردمان به‌ سه‌رنێزه‌کانی خۆیان سنووره‌کانی ئێمه‌ ده‌پارێزن و ئێمه‌ش سنووره‌کانی ئه‌وان ده‌پارێزین. ئه‌و دوو نه‌ته‌وه‌یه‌ ئه‌گه‌ر ده‌یانه‌وێ بژین و بمێننه‌وه‌، ده‌بێ یه‌ک بگرن.بنچینه‌ی سه‌رکه‌وتنی ئێمه‌ به‌ یه‌که‌تی ئه‌و دوو نه‌ته‌وه‌یه‌ به‌ستراوه‌ته‌وه‌.ئاغای محه‌مه‌دی قازی پێشه‌وای گه‌لی کورد ئێستا یه‌ک له‌ بڵیمه‌ته‌کانی ووڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاته‌، به‌ڕێزیشیان له‌و ڕاستییه‌ تێگه‌یشتوون.ئێمه‌ له‌ داهاتوو دا ده‌ست له‌ ده‌ستی یه‌کتری دا نه‌ته‌وه‌ی کورد و گه‌لی ئازه‌ربایجان که‌ به‌ساڵان سووکایه‌تیان پێ کراوه‌ و چه‌وسێندراونه‌ته‌وه‌ به‌ ته‌واوی ئازاد ده‌که‌ین ( چه‌پڵه‌ لێدان و هوریا کێشان)
بژی گه‌لی ئازه‌ربایجان !
بژی ئازادی ! - چه‌پڵه‌ لێدان و به‌شینه‌وه‌ی ده‌سته‌ گوڵ



No comments: