Thursday, January 23, 2020

هەڤپەیڤین لەگەڵ پڕۆفێسۆر عەبباس وەلی




هەڤپەیڤین لەگەڵ پڕۆفێسۆر عەبباس وەلی                                                                                                                
لەسەر چەند چەمکی تیوری، حاکمییەتی نەتەوەیی، دێمۆکراتی کردنی دێمۆکڕاسی و حیساباتی ستڕاتێژی نوێ لە ڕۆژهەڵاتی
ناوەڕاست 

یەکشەمە ١٩-ی ژانڤییەی ٢٠٢٠

حەسەن قازی: بینەرانی خۆشەویست بەخێر بێنەوە بۆ بەرنامەی ڕاوێژ، لەم بەرنامەیە دا میوانێکی خۆشەویستمان هەیە بەڕێز پرۆفێسۆر عەبباسی وەلی، کە دیارە پێویستییەکی زۆر بە ناساندنی وی نییە چونکە بۆ زۆرێک لە ئێوە بەڕێزیان ناسراون. پرۆفێسۆر وەلی پسپۆڕی تیوری سیاسی و هەر وەها کۆمەڵناسییە و لە ماوەی دە ساڵی ڕابرددو دا جگە لە کتێبەکانی پێشوو دووکتێبی تازەی بڵاو کردووەتەوە بە زمانی ئینگلیسی سەبارەت بە ناسیۆنالیزمی کورد . بە تایبەتی کتێبی یەکەمیان, Kurds and the state in Iran The making of Kurdish Identity,I.B. Tawris  (کوردەکان و دەوڵەت لە ئێران ، دروستبوونی ناسێنەی کوردی ) لە ساڵی ٢٠١١ بۆ جاری یەکەم چاپ بووە و تائێستا گەیشتووەتە چاپی چوارەم. بە دووی ئەوە دا لە ساڵی ڕابردوو دا ، لە هاوینی ٢٠١٩ لە لایەن وەشانخانەی Palgrave Macmillan  کە وەشانخانەیەکی بەناوبانگی ئینگلیسی، ئەمریکایی و ئاوسترالیایی یە  بەشی دووەمی ئەو لێکۆڵینەوەی بەڕێزیان چاپ کراوە  The forgotten years of Kurdish nationalism in Iran   (ساڵە لە بیر کراوەکانی ناسیۆنالیزمی کورد لە ئێران). ئەو لێکۆڵینەوەیە بەردەوامە و کتێبێکی سێیەمی بە دوو دا دێ بە ناوی:  The absolute sovereign and Kurdish struggle for Identity  (حاکمی موتڵەق و خەباتی کورد بۆ بە دەستخستنی ناسێنەی خۆی). بەڕێزیان ئێستا لە سەر پڕۆژەیەک کار دەکا سەبارەت بە حاکمییەتی سیاسی و هەر وەها خۆسەری دێمۆکڕاتیک لە ڕۆژئاوا و ئۆتۆنۆمی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و دیارە لە پێوەندی لەگەڵ ئەو بابەش لە سەر شارومەندی دێمۆکڕاتیک لە ووڵاتە فرە نەتەوەییەکان کار دەکا  کە دیارە ڕەنگە ئەوە لە پرسی کوردیشی تێ پەڕێنێ.
ئێمە لەم بەرنامەیە دا لەگەڵ بەڕێزیان باسی چەند مژاری جۆر بەجۆر دەکەین و هیوادارین  کات بمێنێتەوە بە هەموویان ڕا بگەین. زۆر زۆر بەخێر بێی بەڕێز وەلی.
پڕۆفێسۆر عەبباس وەلی: سپاسوو دەکەم. سپاس بۆ بینەرانی عەزیزیش.
قازی: وەک  دەزانین لەو ماوەیەی ڕابردوو دا بەڕێزت ، لە سێ چوار مانگی ڕابردوو دا لە زۆر بەرنامەی تێلێڤیزیۆنی دا بەشداریت کردووە، لەوانە لە تێلێڤیزیۆنی ستێرک یش دا و لەو بەرنامانە دا باسی چەمکی حاکمییەتی میللی، حاکمییەتی نەتەوەیی هاتە گۆڕێ. و ئەوە لە هێندێک کۆڕ و کۆمەڵ دا بەتایبەتی لە تۆڕە کۆمەڵییەکاندا دەکرێ بڵێین هێندێک سەرەگێژەی ساز کردووە ، بە بۆچوونی من ئەوە لە بەر ئەوە بوو کە بە تەواوی لە مەفهوومەکە بە تەواوی تێ نەگەیشتراوە. چونکە ئەگەر ئێمە بڕێک وورد بینەوە دەبینین لە ماوەی سەد ساڵی ڕابردوو دا دەتوانین بڵێین یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی بزووتنەوەی کورد بە گشتی لە هەموو پارچەکانی کوردستان ڕووبەڕووبوونەوە بووە  لەگەڵ چەمکێک بە ناوی حاکمییەتی میللی ، یانی دوای ئەوەی کە دەوڵەت – نەتەوە دروست کراوە حاکمییەتی میللی ش لە دەوڵەت نەتەوە بەستراوە . وەک بەڕێزیشت دەزانی ئەو چەمکە یەکەمجار لە سەدەی هەژدەهەم لە لایەن ژان ژاک رووسۆ ، فەیلەسووفی سویسی هاتە گۆڕێ لە کتێبێکی زۆر بەنێوبانگی بە ناوی  "پەیماننامەی کۆمەڵایەتی". پێم خۆش بوو لە سەرەتاوە لە سەر چەمکی حاکمییەتی نەتەوەیی هێندێک بدوێی و بەشێوەیەک پێوەندی بدەینەوە بە دۆزی کورد!


وەلی: چەمکی حاکمییەت چەمکێکی قەدیمییە ، بەڵام حاکمییەتی نەتەوەیی هەر ئەو جوورەی ئەنگۆ فەرمووتان، نزیکەی دوو سەد ساڵ ، بڕێک زۆرتر هاتووتە ئاراوە . ئەساسی چەمکی حاکمییەت مەزەبی و ئایینیە وەکوو قودرەتی موتڵەق ، قودرەتێکی موتڵەقە کە خۆی بۆخۆی تەعریف دەکا ، self referential  ە و ئیحتیاجی بەوەی نییە کە لە دەرەوەی خۆی عامیلیک ، فاکتۆرێک هەبێ کە ئەوەی تەعریف بکا  و ووڵامدەرەوەی ئەوە بێ. ئەوە لە ئەسڵ دا ڕیشەی مەزهەبی هەیە ، بەڵام دوای ئەوە شکڵ و فۆڕمی تایبەتی پەیدا کردووە ، بۆ وێنە حاکمییەتی موتڵەق کە لە قەڕنی ١٥ و ١٦ی  لە ئوڕووپایە هەبووە . لە سەدەی ١٧ پێش وەی کە مۆدێرنیتە بێ ، پاش وی ژان ژاک ڕووسۆ کە ئەنگۆ ئیشارەتان پێ کرد ئەو حاکمییەتە موتڵەقە لە سەر موسنەدێکی دیکە داندراوە. قسە لە سەر ئەوەیە کە ئەو قودرەتی موتڵەقەی بە چی نیسبەت دەدەن . بۆ وێنە ئەلئان لە ئێرانێ ئەوەی نیسبەت دەدەن بە ئیلاهی. ژان ژاک ڕووسۆ ئەوەی نیسبەت دەدا بە گەل کە لە دوایە دەبێتە نەتەوە. ئەوە قودرەتێکی موتڵەقە بەڵام حاکمییەت دە تیوری سیاسەت دا جێگایەکی مومتاز وتایبەتی خۆی هەیە ، بەو مانایەی کە تەواوی چەمکەکانی دیکەی عیلمی سیاسەت یان تیوری سیاسەت بەو چەمکی ئەساسییەی بەستراوەتەوە. تەواوی ئەو چەمکانەی کە دەلالەت دەکەن بە حقووق ، بە ماف ، دەلالەت دەکەن بە کارکردنی قودرەتی سیاسی پێوەندییان بەو چەمکەوە هەیە. ئەو چەمکە ئەهەمییەتەکەی لەوەی دایە کە هوییەت دەدا بە قودرەتی سیاسی ، جا ئەو قودرەتی سیاسییەش بە ڕێگای چەمکی شارۆمەندێتییەوە لە دەوڵەتی مۆدێڕن دا ئەو هوییەتەی دەدا بە هاووڵاتی، شارۆمەند. بۆ وێنە لێرە میناکێک باس دەکەم، میناکێکی زۆر زیندوو ، فەرقی بەینی ئەوەی کە پێی دەڵێن ' قەوم' یان ئێتنیسیتە  و ' نەتەوە ' یا میللەت. فەرقی ئەوانە چییە؟ ئەمن لە ساڵی ١٩٩١ کاتێک کە هێزەکانی سەدام گەڕانەوە  کوردستانی باشوور و لە دوایە ئەو فاجیعە هاتە پێشێ و کوردەکانی  باشوور دەستیان کرد بە موهاجەرەت و وەزعێکی ناخۆش هاتە پێشێ. ئێمە ئەو دەمی لە ئەمریکایە خەریکی موزاکەرە بوون وەک جەماعەتێکی کورد . ئەمن لەوێ موتەوجیهی ئەو قەزییەی بووم  کە زۆر ڕاحەتە کە ئەتۆ مەسەلەی کورد وەکوو مەسەلەیەکی ئینسانی بێنیە گۆڕێ، بەڵام ئەو مەسەلەیە بە هیچ جوور وەکوو مەسەلەیەکی سیاسی نەدەهاتە گۆڕێ، لەبەر ئەوەی ئەو هوییەی کە حاکمییەتی نەتەوەیی دەیدا بە میللەتی ، ئەو هویەیە نەبوو. هەموو حازر بوون بڵێن ئەوەی لە کوردستانێ قەوماوە فاجیعەیەکی ئینسانی یە ، بەڵام  کەس نەیدەگوت ئەوە مەسەلەیەکی سیاسی یە ، تەنانەت دەیانگوت کە ئەوە زۆر دووپاتە دەبووەوە دەیان گوت سەدام خەڵکی خۆی دەکووژێ تەوەجوهێ دەکەی. ئەوە لێرە یەعنی کوردەکان خۆیان بە نەتەوە دەزانن ، بەڵام ئەو حاکمییەتە بەو شێوەیەی نەبوو. جا حاکمییەت ئەو قودرەتەیە کە قانوون دروست دەکا و دوایە دەتوانێ ئەو قانوونەی ئیجرا کا. چەمکێکی موتڵەقە ، لە ڕووی تیوری سیاسییەوە قابیلی نەقد و ئیتیقاد نییە. ئەگەر ئەتۆ هاتی نەقد و ئینتیقادت لەوەی گرت دەوڵەت دەتوانی بە ناوی خیانەت treason  محاکەمەت بکا. یانی ئەوە شتێکی موتڵەقە. بەڵام لە خودی کارەکەی ڕووسۆش دا کە ئەنگۆ ئیشاڕەتان پێ کرد، لەوێشدا ڕووسۆ لە Social Contract   دا، لە قەراردادی کۆمەڵایەتی  دا دەڵێ ئەمن دەڵێم ئەو حاکمییەتە لە سەر گەل  دامەزراوە بەڵام دەڵێ بە داخەوە لە واقعییەت دا وانییە، لە واقعییەت دا جێگای عیللەت و مەعلوول/ cause و effect  دەگۆڕدرێ ، ئەو گەلەی کە قەرار  بوو حکوومەتەکەی دروست بکا، و حکوومەتەکە ببێتە نوێنەری ئەو گەلەی ، دە ئەسڵ دا دەبینین ئەوە حکوومەتەکەیە کە گەلەکەی دەکا بە نەتەوە تەوەجوهێ دەکەی.


قازی: لێرە دا با ئیستێک بگرین دیارە لە زەمانی ژان ژاک ڕووسۆ ڕەنگە بەو شێوەیە بووبێ کە دواتر دەوڵەت نەتەوە پەیدا بووە و لە سەر ئەساسی دەوڵەت نەتەوە و قبووڵی ئەوەی کە ئەو دەوڵەت نەتەوەیە حاکمییەتی نەتەوەیی هەیە ، دیارە پێواژۆی دروست بوونی دەوڵەت نەتەوە لە شوێنگەلی جۆر بە جۆری دنیا جیاواز بووە، بۆ وێنە حاکمییەتی دەوڵەت نەتەوە لە ووڵاتێکی ڕۆژئاوای ئوڕووپا ڕەنگە ڕاستەوراستیش گرێ درابێ لە مافی شارومەندێتی نەک لە سەر بنەمای ئێتنیکی. بەڵام دەزانین ئەو شتانە لە ووڵاتانی دیکە ، بۆ وێنە ئەگەر ئێران لەبەرچاو بگرین ، عێڕاق لە بەرچاوبگرین ، تورکیا لەبەر چاو بگرین بە تایبەتی ، لەوێ مەسەلەی  national Sovereignty حاکمییەتی نەتەوەیی لە سەر ئەساسی ئێتنیسیتەیەک داندراوە
وەلی: بەڵێ وایە
قازی: و ئێتنیسیتەکانی دیکە دە پەراوێز خراون. ئەو مەسەلەیە چۆن پاساو دەردرێ و چۆن شی دەکرێتەوە؟
وەلی: دروستە ئەو جیاوازییانە لە نێو دەوڵەتە نەتەوەییەکان لە جێگای جیاوازی دنیایە هەیە، بەڵام  ئەوانە هێندێک تایبەتمەندییان هەیە کە ئەوانە لە حەموو جێگایەک وەک یەک وایە. بۆ وێنە یەکێک لە شەرتەکانی دەوڵەتی نەتەوەیی ئەوەیە دەبێ سنوورەکانی فەرهەنگی میللەت لەگەڵ سنوورە سیاسییەکان یەک بگرێتەوە. بۆ ئەوەی کە سنوورە فەرهەنگی و سیاسییەکان لەگەڵ یەک بێنەوە  کە لە تیوری دێمۆکڕاتیک دا وایە ، ئەوە بەرەو ئەوە دەڕوا حاڵەتێکی یەکسانی دروست بکا ، دەوحاڵەتی یەکسانییە دا ، لە تیوری قەدیم دا ، نەک ئێستا ، ئەلئان ئەو وەزعەیان دیوە ، دەزانن چ موشکیلەیەکی هێناوەتە پێشێ. دێمۆکڕاسی بەو شێوەی کە قەدیم ئیجڕا دەبوو  بۆ وێنە  فەڕانسە لەبەر چاو بگرە، بەرەو ئەوە دەڕوا کە یەکسانی ، تەجانوسی دروست بکا لەبەر وەی ئەو هوییە غەیرە سەرەکییانە ، ئەوانە فت دەکران ، زمانەکان فت دەکران و بەو شێوە تاقە میللەتێکیان تەعریف دەکرد لە سەر بنەمای  یەک ئێتنیسیتە. لێرەش دا دێمەوە سەر ئەو قسەیە کە ئەگەر ئەو مەسەلەیە سیاسی نەبایە لە ڕووی ئاکادێمێکەوە بە هیچ جور مومکین نییە ئێتنیسیتەی تەعریف بکەی. هەر تەعریفێکی لە ئێتنیسیتەی لە کۆمەڵناسی دا ، لە مەردمناسی و ئەوانە دایە ، ئەوانە کەموکووڕییان هەیە یان بەکار نایەن. ئەوەی کە ئەساسییە ئەوەیە کە فەرقی بەینی میللەت و ئێتنیسیتەی ئەڕتەشێکی گەورەیە و ئیدارەیەکی گەورەیە ئەو دوانەیە فەرقەکە. فەرقی فەرهەنگی و ئەو جیاوازییانە هەمووی لەوە دەکەوێتەوە. ئەویش بە ڕێگایەکی سیاسی دروست کراوە نەک بە ڕێگایەکی واقعی دا. یانی حەموو سازدراون ، حەموو constructن . بۆیە چەمکی ئێتنیسیتەی کە ئەمڕۆ لە ئێران دەڵێن قەوم لەجێدا ئەو چەمکە لە ڕووی زانستییەوە هیچ باری نییە. لە هیچ کوێ ئەتۆ ناتوانی بڵێی بۆ وێنە چ تەعریفێک لە ئێتنیسیتەی واقیعەن لە ڕووی زانستە سیاسییەکانەوە، یان لە ڕوانگەی کۆمەڵناسییەوە ، یان لە دیدی ئانترۆپۆلۆژییەوە ، یان لە ڕووی فەلسەفەی سیاسەتەوە هیچ بنەمایەک واقیعەن بۆ ئەو تەعریفەی نییە. ئەوەی کە تۆ بڵێی فەرقی بەین میللەت و قەومی چییە، ئاخرەکەی دێتە سەر ئەوەی کە میللەت ئەڕتەشێکی گەورەی هەیە و سازمانێکی ئیداری گەورەی هەیە ، لە سەر بنەمای ئەوانە زمانەکەی دەبێتە زمانی ئیداری، زمانی پەروەردە و ئامووزشی و فەرگەنگەکەشی دەبێتە فەرهەنگی سەرەکی. بەڵام لە حەقیقەت دا هیچ فەرقێکی نییە . بۆ وێنە ئەتۆ دەتوانی لە ئەفریقایە قەوم و عەشیرەتی پەیدا بکەی سێ، چوار میلیۆنن ، بەڵام ئەتۆ لوکزامبورگت هەیە کە نەتەوەیە و حاکمییەتی نەتەوەیی هەیە ژمارەیەکی کەمە. یانی عەدەد و ڕەقەم ئەهەمییەتێکی وای نییە. بۆیە من پێداگری دەکەم لە سەر مەسەلەی چەمکی قەوم و قەومگەرایی و ئەویدیکە ئەقەلییەت، ئەو دوانە دەبێ لە فەرهەنگی سیاسی کوردی ، لە فەرهەنگی سیاسی ڕادیکاڵی کوردی  ئەوانە فت بکرێن. نابێ بەوجۆرەش فت بکرێن کە بگوترێ ئەمن پێم خۆش نییە بۆیە فتیان دەکەم ، بەڵکوو دەبێ پسپۆڕەکان بەتایبەتی ئەو جەوانانەی کە ئێستا زانستی کۆمەڵایەتی و زانستی سیاسی دەخوێنن ئەوانە بە کردەوە بە بەحسی تیوریک نیشان بدەن کە ' قەوم '  و ' ئەقەلییەت '  و ئەوانە شتی بێ مەعنان.
قازی: باشە ئێوە لە پێوەندی لەگەڵ چەمکی حاکمییەتی نەتەوەیی و دیارە ئەو شیعار و ئەو چوارچێوەیە یا بڵێین تەسەورەی کە لە حاکمییەتی کوردی لە بەر چاو بووە ، لەو دواییانە دا گوتووتانە  داوخوازی بۆ پێکهێنانی دەوڵەتێکی کوردی لە ساڵەکانی ١٩١٨وە  بەم لایەوە دە ڕاستیدا لە ئاجێندا یان ڕۆژەوی سیاسی کوردی دا بەو شێوەیە نەماوە ، بەڵکوو داوخوازی ئۆتۆنۆمی لە چوارچێوەی هەر یەک لەو دەوڵەتانە دا هاتووەتە گۆڕێ ، دوایە فێدرالیزم هاتووەتە گۆڕێ، دوایە مەسەلەی خۆسەری دێمۆکڕاتیک کە دەکرێ لە دەرەوەی دەوڵەت هێندێک شت پێک بهێندرێ ، بەڵام هەر یەک لەوانە بە شێوەیەک لە شێوەکان لە ناکۆکی دەکەوێ لەگەڵ ئەو چەمکی حاکمییەتی نەتەوەیی کە هەر چۆنێک بێ  ئەو دەوڵەتانە لە سەر ئەساسی ئەوە حەڕەکەتی نێونەتەوەیی خۆیان تەنزیم دەکەن. ئێوە گوتووتانە دەبێ پێداچوونەوەیەک بە سەر ئەو داوخوازانە دا بکرێ ، دەبێ فۆڕمێکی تازە بێتە گۆڕێ وەکوو ئەوەی کە  ئێستا باستان کرد  کە چەمکی ئەقەلییەت و قەوم دەبێ  لە کولتووری سیاسی کوردی فت بکرێن. باشە ئاسۆی ئەو ئالوگٶڕەی بیری لێ دەکەیەوە چییە؟
وەلی: بە باوەڕی من ئەوەیکە مەسەلەی دەوڵەتی کوردی لە ئاجێندای سیاسی چووەتە دەرێ  ئەوە مەسەلەیەکی ستراتێژیک بووە. ئەوە شتێک نییە کە بە ویستی من یان یەک نەفەر دوو نەفەری بێتەوە ژوورێ. ئەوانەی کە ئەو کارەیان کردووە و دەیکەن دەڵێن شەرتومەرج ئەوەی حوکم دەکا کە ئێمە دەبێ ئەوەی قبووڵ بکەین کە ئەوە ئەلئانەکە ناتوانێ دە ئاجێندای دا بێ. ئەوە مومکینە قسەیەکی دروست بێ یان مومکینە قسەیەکی قابیلی بەحس بێ بەڵام ئەوەی ئەلئان لە کەنار دانێین ، ئەوەی کە موهیمە ئەوەیە کە باشە ئێمە ئەگەر تەنانەت قبووڵ بکەین کە مەسەلەی دەوڵەتێکی کوردی لە ئاجێندای سیاسی چووەتە دەرێ، ئەوە دەلیل نییە کە ئێمە قبووڵ بکەین کە دەبێ ببین بە ئیتنیستە ، وەکوو گرووپێکی ئێنیک تەماشامان بکەن. نا ئەوە وا نییە. یان وەکوو ئەقلییەتێکی قەومی تەماشامان بکەن ئەوە دروست نییە. و لە سەر ئەو بنەمایەش ئێمە نابێ دەست بکەین بە تیوری کردنی ماف ، حقووق و ناسێنەی خۆمان. نەزەری من ئەوەیە ئێمە دەبێ بڵێین باشە ئێمە هاتین و لە ژێر حاکمییەتی لایەنێکی دیکە دا قبووڵمان کرد کە درێژە بە ژیانی خۆمان بدەین ئەوە پاساوی ئەوە نادا کە ئێمە دەست هەڵگرین لە هوییەی خۆمان ،لە ناسێنەی خۆمان وەکوو میللەتێک. ئەگەر بڵێن نا لە سیستمێکی دێمۆکڕاتیک دا شتێکی وا نییە، قانوونێکی ئەساسی هەیە ئەو قانوونە ئەساسییە هوییەی قودرەتی سیاسی بەیان دەکا.وڵامەکە ئەوەیە کە دێمۆکڕاسی شتێکی موتڵەق نییە. دێمۆکڕاسی تیورییەکی زۆر ناقیسە، ئەو کەسانەی کە باسی دەکەن دەبێ ئەوەی بزانن کە دێمۆکڕاسی بۆ خۆی موشکیلاتی عەزیمی هەیە و هەر ئەو گراییشەی ، ئەو تێندێنسەی دە دێمۆکڕاسی دا هەیە کە هەموو جیاوازییەکان لە بەین دەبا  لە بەر ئەوەیکە ناسێنەیەکی میللی یان ناسێنەیەکی یەکگرتووی شارۆمەندی دروست بکا ، ئەوە بۆخۆی یەکێک لە غەیری دێمۆکراتترین شتەکانە کە لە ناو دێمۆکراسی دا هەیە، دێمۆکڕاسی بەو شێوەیەی کە داندراوە لە زەمانی ڕووسۆ و دوایە لە فەڕانسە و ئەوانە باو بووە ، هاتووەتە پێشی ، ڕاستە دێمۆکراسی بەعزە مافێک دەپارێزێ بەڵام  ئەوانە هیچ فکری ئەوەیان نەکردووەتەوە کە لە عەینی حاڵ دا جیاوازی ئەساسی  لە نێوان ئەو گرووپانەی کە دەبێ ئەو میللەتەی پێک بێنن ، ئەوانە لە بەیتن دەبا. یان لە بەینیان دەبا یان حازر نییە ئەوانە بناسێ. چ لە نەزەر جینسییەوە، چ لە نەزەر قەومی و ئێتنیسیتەوە، لە نەزەر ڕەگەز و نەژادییەوە، چ لە ڕووی دیکەوە. ئەوانە دە چوارچێوەی دێمۆکڕاسی دا قەت نەگونجاوە. لە دواییە دێمۆکڕاسی لە درێژایی خەبات و ملەی خەڵک دا دێمۆکراتیزە بووە ، بەڵام ئەو دێمۆکڕاتیزە بوونە ئەلئان گەیشتووەتە جێگایەیەک کە دیسان پێویستی بە وەی هەیە کە پێشتر بکەوێ و ڕێفۆرم بکرێ.
قازی: باشە پڕۆسەی دێمۆکڕاتێک کردنی دێمۆکڕاسی بە چ شێوەیەک دەتوانێ بچێتە پێشێ لە هەلومەرجێکی دا کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لەهەر یەک ووڵاتانە دا هەیە کە بەشێک لە کوردستانیان تێ کەوتووە؟

وەلی: ئەوە زۆر بە ڕاحەتی تەماشای بکەن ئەو بەحسانەی کە لە تورکیای هەیە، بە شێوەیەک لە ڕۆژئاوا [مەبەست ڕۆژئاوای کوردستان ە . ح.ق]، بە تەرتیبێک لە ڕۆژهەڵات هەیە، لە باشووریش ئەگەر نەبووبێ لە بەر چاوە. ئەویش ئەوەیە لە چوارچێوەی سیستمێکی دێمۆکڕاتیک دا ئەو جیاوازیانە چۆن دەکرێ لە بەر چاو بگیرێ. زۆربەی تیوریسەنەکان دەڵێن ئەگەر بێین و چەمکی شارۆمەندی  بە شێوەیەکی دێمۆکڕاتیک دابمەزرێنینەوە یانی شارۆمەندییەک بێ کە ڕەهەندی ئێتنیکی نییە، ڕەهەندی ئایینی و مەزهەبی نییە ، ڕەهەندی ڕەگەزی نییە ، ڕەهەندی جینسی و جێندری نییە. دەڵێن ئەگەر ئەوە هەبێ موشکیلەکە جێ بە جێ دەبێ. بۆ وێنە لە تورکیا دەڵێن ئێمە بە شارۆمەندان بڵێین تورکیالی لەجیات تورک. یان لە ئێرانێ ئەوانەی باسی دێمۆکڕاسی دەکەن دەڵێن ئەگەر دێمۆکڕاسی هات ئێمە چەمکێکی شارۆمەندی دادەنێین  و موشکیلات چارەسەر دەکرێن. بە باوەڕی من ئەوە ئەسڵەن وا نییە تەوەجوهێ دەکەی. بە باوەڕی من ئەوانە مەسەلە ئەساسییەکانی ئەو بابەتە نابینن  ئەویش ئەوەیە کە شارۆمەندی لە ڕوانگەی منەوە ، لە ڕوانگەی تۆوە، لە ڕوانگەی ئەو کەسانەی کە لەوێ دەژین ئەوە ناسێنەیەکە کە هێندێک مافی لە سەر داندراوە، مافی شارۆمەند ، هاووڵاتی نیسبەت بە دەوڵەت و قودرەتی سیاسی  و ئی قودرەتی سیاسی نیسبەت بە وی . یانی ئەوە جورێک لە حیمایەتە کە شارۆمەند دەتوانێ لە ئاست قودرەتی سیاسی بچی دە پەنای چەمکی شارۆمەندی دا ستار بێ و ئاسوودە بێ، بەڵام لە ڕوانگەی دەوڵەت و قودرەتی سیاسییەوە وا نییە. لە نەزەر دەوڵەتەوە چەمکی شارۆمەندی دە دەرەجەی ئەوەڵ دا حاڵەتی ئەمنییەتی هەیە. یانی دەوڵەت دەیەوێ یەک ناسێنەی یەکگرتووی هەبێ کە لە سەر بنەمای ئەوە بتوانێ حیساباتی  سیاسی و ئابووری و ئەمنییەتی بە تایبەتی بکا. لە بەر ئەوە چەمکی شارۆمەندی لێرە دا زۆر گرینگە بۆ وان . جا لێرە یەک مەسەلە هەیە وای دانێ ئەلئان لە ئێرانێ یان لە تورکیای ، وای دانێ لە ئێران ڕێژیم گۆڕا و ئەو دێمۆکڕاتانەی ئێرانێ هەموو گەڕانەوە و بە کوردەکانیان گوت ئەلئان هەموو کێشەکان چارەسەر دەکەین، هەر وا بە بەلووچەکان ، بە تورکە ئازەرییەکان و بە عەڕەبەکان بڵێن ئەلئان ئێمە حەموو موشکیلەکان حەل دەکەین چەمکی شارۆمەندی دادەنێین، نە لایەنی ڕەگەزی هەیە و نە فڵان و ئەوانە ئیدی چتان دەوێ؟ ئەمن دەڵێم وا نابێ ، هەتا ئەو دەمەی کە ئەگەر دە قانوونی ئەساسی دا، لەو قانوونە ئەساسییەی دا کە دادەندرێ ئەگەر هوییەی قودرەتی سیاسی ، ناسێنەی قودرەتی سیاسی لەگەڵ ئەو ناسێنەی دێمۆکڕاتیکی شارۆمەندی  کە داندراوە یەک نەگرێتەوە ، لە نێو ئەوانە دا فەرق هەبێ ئێمە ناتوانین بە هیچ کوێ بگەین . بۆ وێنە لە تورکیای ، لە ئێرانێ بڵێین شارۆمەند ئێرانی یە ، موهیم نییە ئەوە کوردە ، عەجەمە ، موسوڵمانە یان موسڵمان نییە، شێعەیە یان سوننی یە یان هەرچییەکە ئەوانە موهیم نین بەڵام بێین لە قانوونی ئەساسی دا بڵێین چی بڵێێن ئێران ووڵاتێکە ئیسلامی یە و ئیسلامەکەشی ئیسلامی شیعەی جەعفەری یە ، شیعەی دوازدە ئیمامی یە، زمانی دەوڵەتی فارسی یە ، زمانی ڕەسمی فارسی یە و هەر وەها تاریخەکەمان ئەوەیە کەئێمە دەیلێین ، ئەوە تەواوی ئەو مافە دێمۆکڕاتیکانەی کە لە سەر چەمکی شارۆمەندیان داناوە لە بەین دەبا. بۆیە واقیعەن ئەگەر دەمانەوێ لە ووڵاتێکی فرە نەتەوەیی ، ناڵێم فرە ئێتنیک ، ئەوە مانای نییە. لە ووڵاتێکی فرە نەتەوەیی دا ئەگەر واقیعەن بمانەوێ سیستمێکی دێمۆکڕاتیک دابمەزرێنین  دەبێ هوییەی قودرەتی سیاسی – لێرە کە دەڵێم هوییەی قودرەتی سیاسی ، مەبەست هوییەیەکە کە حاکمییەتی هەیە، سەروەری هەیە-  لەگەڵ هوییەی شارۆمەندی یەکسان بێ. جا لە بەر وەی نابێ دە قانوونی ئەساسی دا باسی زمانی ڕەسمی بکرێ، نابێ باسی فەرهەنگی میللی بکرێ، بەو شێوەی کە ببێتە فەرهەنگی ئێتنیسیتەی سەرەکی ، نابێ باسی مەزهەبی ڕەسمی بکرێ، ئەوانە بناغە و بنەمای دێمۆکڕاسییەکن بۆ ژیانێکی دێمۆکڕاتیک دە ووڵاتێکی فرە نەتەوەیی دا.
قازی:  و ئەوە پێویستی گۆڕینی ستروکتووری حاکمییەت دێنێتە گۆڕێ.
وەلی: ئەوە پێویستی بەوەی هەیە کە ستروکتووری حاکمییەت بگۆڕدرێ و ئەو کەسانەش کە حوکمڕانی دەکەن قبووڵ بکەن کە وەختێکی دەڵێن ئێرانی ، ئێرانی فەقەت شتێکی فەرهەنگی نییە یان بڵێین تورکیالی ئەوە تەنێ شتێکی فەرهەنگی نییە ، ئەوە شتێکی سیاسی ، قانوونی حقووقی یە کە مانایەکی تایبەتی هەیە ، ئەو مانای تایبەتی وەی بە دژی ڕەسمییەت دان بە هەر جۆرە هوییەتێکی فەرهەنگی، مەزهەبی و ئەوانەیە.
قازی: یانی سەرەڕای نێوی ووڵاتەکان  ئەگەر ئێران وعێڕاق یان سووریا یانی ئەو سێیانە لەگەڵ تورکیا بەراوەرد بکرێن لەگەڵ تورکیا  ڕەنگە لە تورکیا چەمکە ئێتنیکییەکە زۆر زەقتر بێ لە ڕواڵەت دا بەڵام  لە ووڵاتەکانی دیکەش ئەو زاڵێتی ئێتنیسیتەیەک بە شێوەیەک خۆی نیشان دەدا، لە ووڵاتەکانی دیکەش ئەگەرچی باسی جوغرافیایەک کراوە بە ناوی ئێران یان عێڕاق یان سووریا ئەگەر لە ڕوانگەی کوردانەوە تەماشای بکەین هەر لە سەر بنەمای نکووڵی کردن لەو هوییەتە و لەو ناسێنەیە بووە.


وەلی:  دەقیقەن وایە. دەزانی ئۆپۆزیسیۆنی ئەو ووڵاتە دیکتاتۆریانە یان سەرەڕۆیانە ، ئێران بێ ، سووریای بەشار ئەسەدی بێ یا تورکیای ئێستا بێ باڵاترین شتێکی کە ئەو ئۆپۆزیسیۆنە شانازی پێوە دەکا دەڵێن ئێمە لیبێراڵ دێمۆکڕاتیکین . بەڵام فکر لەوەی ناکاتە کە ناکۆکییەکی سەرەکی هەیە  لە نێوان لێبرالیزم و دێمۆکڕاسی تەوەجوهێ دەکەی. هونەری سیاسەتەکەی دەوەی دایە کە تەعادولێک بەینی دێمۆکڕاسی و لیبرالیزم بەرقەرار بێ. نموونەیەک دەهێنمەوە ؛ دەچمە سەر مەسەلەی سکولاریسم، عەلمانییەت . بریتانیا و فەڕانسە هەر دوو ووڵاتی سیکولارن ، عەلمانین. بەڵام لە نێو ئەو دوانە دا بە نەزەری من لە بریتانیا تەعادولێکی زۆر باشیان لە نێوان بنچینەکانی لیبرالیزم کە ئازادیی فەردی و شەخسی بنچینەکەیەتی و بنچینەکانی دێمۆکڕاسی کە ئەساسەکانی حقووقی کۆمەڵایەتی و ئەوانەیە ، لە بریتانیایە تەعادوڵێک ، تەناسوبێکی زۆر باشتریان دروست کردووە تا لە فەڕانسەی. سەبەکەشی ئەوەیە کە لە فەرانسەی عەلمانییەت یان سێکولاریزم یەکێک لە  بنەماکانی شەرعییەتی قودرەتی سیاسی یە. جا بۆیە لەوێ  دەبینی خانمێکی موسوڵمان دەچێ دەیەوێ لە سوپێرمارکێت کار بکا بە حیجابەوە دەڵێن نابێ دەبێ هەڵی گری. یان تەنانەت ژنێکی کاتۆلیکیان گرتبوو هێندێک سەمبولی بەخۆیەوە هەڵاوەسی بوو . بۆچی دەڵێ ئەو شتانە نابێ هەبێ لە بەر ئەوەیە دەڵێ ئەو جلوبەرگە، ئەو شتانەی کە ئەتۆ بەخۆتەوە هەڵئاوەسیوە ئیهانەیەکە بە شەرعییەتی قودرەتی سیاسی . لێرە دەبینی دیفاعێکی ئاوا کە لە دێمۆکڕاسی کراوە پێشی حقووقی لیبراڵی شارۆمەندی گرتووە. یانی دێمۆکڕاسی بەو شێوەیەی کە فەڕانسە دەیەوێ ئیجرای بکا پێوەندی نێوان دێمۆکڕاسی و لیبرالیزمی هەڵبڕیوە. لە ئینگلیستان وا نییە . ئینگلیستان دەڵێ سیکولاریزم مەسەلەیەکی سیاسی نییە دەڵێ ئەوە مەسەلەیەکی کۆمەڵگەی مەدەنی یە. کۆمەڵگەی مەدەنی چۆنی دەوێ تەعامولی لەگەڵ بکا با بیکا بەڵام ئەوە هیچ ڕەبتی بە شەرعییەتی قودرەتی سیاسییەوە نییە . بۆیە لە بریتانیایە پۆلیست هەیە مەندیلی لە سەرە ، یان پۆلیسی تڕافیک هەیە خانمێکی موحەجەبەیە. هیچ موشکیلەیەکیش بۆ هیچ کوێ نایەتە پێشێ. جا بۆیە ئەو تەئکیدەش کە لە تورکیای لە سەر عەلمانییەت کردیان، لەسەر سکیولاریزم کردیان نەتیجەکەی بوو بە ئاکەپە. لێڕەش ئەو دێمۆکڕاتانە کە ئەوەی دەبینن ، قسە لەسەر ئەوەیە وەختێک کە دەڵێن ئێمە کە هاتین دێمۆکڕاسی دادەمەزرێنین ، مەسەلەی دامەزراندنی دێمۆکڕاسی شتێکە ، دووەمیش ئەوەیە کە ئەتۆ چ تەعادولێک لە نێوان دێمۆکڕاسی و لیبێرالیزم لە سترووکتوری قودرەتی سیاسی دا بەرقەرار دەکەی.
قازی: زۆر باشە. ئێستا ئێمە نزیکەی ١٦-١٧ دەقیقەمان کات ماوە ، پێم خۆش بوو ئەوەش تەرخان بکەین بۆ بارودۆخی هەر یەک لە بەشەکانی کوردستان. دەزانین ئێوە لەو هەڤپەیڤینانەی کە لەو دواییانە دا کردووتانە ئەگەر بێینە سەر نموونەی تورکیا و  باکووری کوردستان ، باسی ئەوەتان کردووە پڕۆژەی هەدەپە ، پارتیی دێمۆکڕاتیکی گەلان کە لەو چەند ساڵەی ڕابردوو دا هاتووەتە گۆڕێ ئەوە پڕۆژەیەکی سەرکەوتوو یە کە لە درێژخایەن دا دەتوانێ یارمەتی بکا بە تەسبیت کردن و جێ بەجێ کردنی دۆزی کورد. جا ئەگەر لەوەڕا دەست پێ بکەین فەرموو،

وەلی: بەڵێ ئەمن ئەوەم گوتووە ، بەعزە کەسێک ڕەخنەیان لە من گرتووە. ئەوەندەی کە ئەمن ئاگادار بم لە بەرنامەی سیاسی ئەوانە و لە چالاکییەکانیان، و لە کارو خەباتی سیاسی ئەوان لە تورکیا . بە باوەڕی من ئەوە حەڕەکەتێکی سەرکەوتوو بووە. هەر ئەوەندەی کە دەبینین نیزام و ڕێژیمی تورکیای دەیەوێ ئەوانە لە پرٶسەی سیاسی لا بەرێ نیشان دەدا کە چەندە لەوانە واقیعەن دەترسێ و ئەوە چەندە لە ڕووی سیاسییەوە هاتووەتە گۆڕێ. چون یەکێک لەو شتانەی کە من هەمیشە گوتوومە لەو سەد ساڵەی تورکیا بێ نەزیر بووە ئەوە بووە کە هەدەپە واقیعەن قودرەتێکی سیاسی بووە کە توانیویەتی سنوورە ئێتنیکییەکان بشکێنێ و سیاسەتێکی بەربڵاو لە تورکیا کە دە چوارچێوەی ئێتنیسیتەی کوردی دا نەماوەتەوە و توانیویەتی خەڵک بەرەو لای خۆی ڕاکێشێ بەرەو پێش بەرێ . هەر ئەوەندەی کە ١٣ – ١٤  لە سەدی دەنگی هێناوە سەرەڕای ئەو هەموو زەخت و فشارەی کە لە سەری بوو  و بووە هۆی ئەوەی جارێکی دیکە هەڵبژاردن بکرێتەوە ئەوە بە ووردی ئەو ڕاستییەی نیشان دەدا. ئەمن ئەوەم زۆر پێ باشە ، بەڵام ئەوە شتێکی ئینتیخابی نییە ، ئەوە بەحسی تیوریکی لە سەرە. بە باوەڕی من ئەو مەسەلەی ئۆتۆنۆمی کوردان دوو حاڵەتی هەیە یا دەبێ جورێک بێ کە ستروکتووری دەسەڵاتی سیاسی  لە ژوورەوە بقەڵشێ وەختێکی کە قەڵشا کورد کە هوییەتەکەی سەرکوت کراوە لە دەروونی ئەو ستروکتوورەی دا دەتوانێ بێتە دەرێ . ئەو وەزعەی کە لە ڕۆژئاوا دیتمان. بەڵام ئەوە لە حەموو جێگایەکی مەیسەر نییە ڕێگایەکی دیکەش هەیە ئەگەڕ ئێمە چاوەڕوانی ئەوە نەبین کە ئەو ستروکتوورەی دەسەڵاتی سیاسی بقەڵشێ و قودرەتی سیاسی ئیدی نەتوانێ بە بەکار هێنانی زەخت و زەبر و زەنگ سولتەی سیاسی بەرقەرار بکا ، رێگاکەی دیکەی ئەوەیە ئەگەر پڕۆسەیەکی دێمۆکڕاتیک هەبێ دەبێ ئەو فەعالییەت و چالاکییە دەویذا دەست پێ بکا. ئەو کارەی کە هەدەپە کردی تەوەجوهێ دەکەی. ئەوە ڕێگایەکی باشە لەو هەلومەرجەی دا کە قەیرانێکی نەتەوەیی وەکوو سووریای یان وەکوو ئەوەی لە ئێرانێ کە ئەلئانەکە دەستی پێ کردووە  و بەو ڕێگایەی دا  دەڕوا وجوودی نییە . وەختێکی وجوودی نییە پڕۆسەی دێمۆکڕاتیک زۆر گرینگە. بەڵام ئەوەش دەڵێم تەنانەت ئەگەر لە ئێرانێش  لە مودەتێک دا ، نازانم ئەوە شەش مانگە ، ساڵێکە هەرچەندێکە هاتین بڵێین ڕێژیم بگۆڕێ بە مەرجێکی تڕامپ نەزەری خۆی نەگۆڕێ و دەگەڵ ڕێژیمی ڕێک نەکەوێ . ئەگەر شتێکی وا ببێ بە باوەڕی من دیسان ڕێگای کوردان پڕۆسەی سیاسی یە.
قازی: پێش ئەوەی بگەینە ئێران و سوریا ، هەر لە تورکیا بمێنینەوە . ئێمە دەزانین ئەو زەخت و زۆرداری و فشارەی کە هەبووە لە تورکیا  ، سەرەڕای ئەوەی کە تورکیا تووشی قەیرانی ئابووری بووە ، و ئەو شەڕانەی کە لە دەرەوەی سنوورەکانی خۆی دەیکا موشکیلاتی گەورەی بۆ ساز کردووە ، و ئەو لەتوپەتبوونەی کە دە ئاکەپە دا دەبیندرێ و خەڵکی لێ دەبێتەوە بەڵام ئەو زەخت و زۆرەی کە لە ئاست کوردان دا بەکار هاتووە  ئەوە توندوتیژتر بووە. پێت وا نییە ئەوە ڕەدفێعلێکی ئاوا دروست بکا کە بە شێوەیەک لە شێوەکان ئەو دەستپێشخەرییەی کە بە وەگەڕ کەوتنی هەدەپە  کراوە بنکۆڵ بکا، واتە ببتە هۆی سستی ئاڵترناتیڤێکی وەک هەدەپە و  بەردەوام  بوونی؟ ئایا دەکرێ بڵێین ئەو پڕۆژەیە سەرە ڕای ئەو زەخت وزۆردارییە دەبێ بەردەوام بێ. واتە تەنیا بەدیڵێکە کە دەتوانێ بە ئاکام بگا؟
وەلی: بە نەزەری من زۆر گرینگە بەردەوام بێ ، مومکینە فۆڕمەکەی بگۆڕدرێ ئەمن نازانم ، کارم بە وەی نییە. بەڵام بە باوەڕی من  کوردان دەبێ تەواوی هەممی خۆیان ، هێز و ئەنێڕژی خۆیان ، تەواوی حەولی خۆیان لە سەر وەی دابنێن کە لە پڕۆسەی سیاسەتی دێمۆکڕاتیک نەچنە دەرێ. ئەوە زۆر گرینگە ، تەنانەت ئەوەی کە دەبینی مەحدووتر و مەحدووتر و بەرتەنگتری دەکەن. سەرە ڕای حەموو شت ئەو خەباتە  دەبێ بەردەوام بێ. جێگاکەی بە باوەڕی من ئەوێ یە. یانی جێگاکەی دە پڕۆسەی دێمۆکڕاتیک دایە،ئەوە زۆر گرینگە ، بە باوەڕی من ئەو کەسانەی کە هەدەپەی بەڕێوە دەبەن دەقیقەن ئەوەی دەزانن . بە باوەڕی من هێزەکانی دیکەش دەبێ ڕێز لەوەی بگرن؛ هێزەکانی دیکە واتە ئەوانەی کە بە جورێکی دی خەبات دەکەن واقعین دەبێ ڕێز لەو خەباتەی بگرن. ئەوە خەباتێکی ئەساسی یە بە باوەڕی من . هۆیەکەشی ئەوەیە لە تورکیا لە بەر خەباتی کوردەکان لە تورکیا  چەند مەسەلە هەیە کە دەبێ بهێندرێتە گۆڕێ یەکیان ئەوەیکە مەسەلەی کورد لە تورکیا ، خەباتی هێزە سیاسییەکانی تورکیا جا ئەوە  چ  پارتیی کرێکاران بێ ، چ هەدەپە بێ چ ئەو حیزبانەی کە پێش هەدەپە هەبوون، ئەوانە بوونە هۆی ئەوە کە مەسەلەی کورد لە تورکیا ببێتە زۆر مەسەلەیەکی باڵاتر لە مەسەلەیەکی تەنێ سیاسی – نیزامی. ئەوە مەسەلەیەکی گەورەی کۆمەڵایەتی – فەرهەنگی یە. هەر لە بەر ئەوەشە کە نەک هەر ئەو حکوومەتە، هیچ حکوومەتێک لە تورکیا ناتوانێ  ئەو حەڕەکەتەی زیندانی بکا. چونکە ئەوە لە کۆمەڵگا دا دەژی. بە باوەڕی من گەورەترین دەسکەوتی حەڕەکەتی کوردی لە تورکیا ئەوە بووە کە حەرەکەتی کوردی نە تەنێ مەسەلەیێکی سیاسی و ئەمنی و حقووقی و نیزامییە بەڵکوو حەڕەکەتێکی گەورەی کۆمەڵایەتی یە. بۆیە ناکرێ زیندانی بکرێ.هەر لەبەر ئەوەشە کە جێگای ئەو حەڕەکەتەی بە باوەڕی من لە پڕۆسەی دێمۆکڕاتیک دایە. ئەوە بەو مەعنایەی نییە کە ئەوانەی کە لە جێگای دیکە خەبات دەکەن ، خەباتەکەیان پێوەندی بەو خەباتەوە نییە  وا نییە ئەوانە بە شێوەی ئەساسی لێک بەستراونەوە. بەڵام بە باوەڕی من پڕۆسەی دێمۆکڕاتیک نابێ فەدای شێوەکانی دیکەی خەبات بکرێ.
قازی: لە پێوەندی لەگەڵ ئەو هێرشانەی تورکیا کردی بۆ سەر باکووری سووریا و ڕۆژهەڵاتی سووریا و توانی چەند ناوچەیەک لە دەست هێزە دێمۆکڕاتیکەکانی سووریا دەر بێنێ باسی ئەوەتان کرد بوو کە هێزە دێمۆکڕاتیکەکانی سووریا سیاسەتێکی زۆر عاقڵانەیان بەکار هێناوە لەو ماوەیە دا واتە دوای پەلامارەکانی تورکیا ، لە ئاستی جیهانی دا هەر چەند دیسان هەر لە ڕووی ئینسانییەوە باسی ئەو مەسەلەیە کراوە ، ئێوە ئاسۆی وەزعی ڕۆژئاوا چۆن دەبینن؟
وەلی: بە باوەڕی من ئەوە مەسەلەیەکە ئەگەر لە ڕووی ستراتێژیکەوە تەماشای بکەی ئەساسی حیسابات ئەوەیە کە تۆ لە پێشدا دەبێ قەرار بدەی کە ئایا سولتەی تورکیا لە ڕۆژئاوای داییمی یە یان داییمی نییە. تورکیا بۆ خۆشی دەزانێ کە ئەوە سولتەیەکی داییمی نییە ، لە بەر وەی دەبێ ئەساسی کاری کوردەکان – کە من کوتوومە سەرۆکایەتی کورد لەوێ باش کاری کردووە ، دروست کاری کردووە – ئەوەیکە ئەتۆ وەختێکی لەگەڵ سولتەیەکی کە دێ لەوێ حەدی ئەکسەری زەربەی لە تۆ بدا ،حەدی ئەکسەری نەفع بەرێ، لە موزاکەراتی سیاسی دا حەدی ئەکسەر لەو نەفعەی ئیستیفادە بکا، لەبەر ئەوەی ئەمن پێم وایە ئەتۆ نابێ ڕاستەوخۆ دەگەڵ ئەو هێزەی دەرگیر بی ، ئەتۆ دەبێ خۆت بپارێزی. ئەتۆ دەبێ خۆت بپارێزی چونکە دەزانی سوڵتەی وان لەوێ داییمی نییە . ئەلئانیش کە دەبینی بە باوەڕی من ئەو کەسانەی کە دەڵێن کە ئەو ستراتێژییەی حکوومەتی تورکیای لە ڕۆژئاوا شکستی خواردووە دروستە ، بە باوەڕی من دەوێدا گیریان کردووە ، نۆسەد کیلۆمیتر سنووری هاوبەشیان لەگەڵ تورکیای هەیە لەوەی تورکەکان تەقریبەن سەد ، سەد و بیست کیلۆمیتریان بە دەستەوەیە، ئەمریکاییان لەو ١٦ نوختەی چۆلیان کرد بوو هاتوونەوە بە هێزێکی زۆرتر هاتوونەوە، ڕووسەکانیش لەوێن  پێشی حەڕەکەتی هێزەکانی تورکیایان گرتووە، لە حەقیقەت دا تورکیا هەر ئەو شتەی وەدەست کەوتووە کە دە پێشدا لەگەڵ ئەمریکاییان موزاکەراتیان دەکرد و قبووڵیان نەدەکرد. لەوەی زیاتر وەگیری نەکەوتووە. بە باوەڕی من ئەوە سیاسەتێکە کە ئەگەر ئاوا بچێتە پێشێ، بەستراوەتەوە بە وەی کە وەزعی ئیدلیبی چی لێ دێ و چ دەقەومێ، پێوەندی نێوان ئەمریکا و ڕووسیای لەوێ چی لێ دێ و دانوستاندنی نێوان پوتین و ئەردۆغان چی لێ دێ ، بە باوەڕی من ئەلئان کوردەکانی سووریای لە پێوەندی لەگەڵ ئەمریکایە دا و ئەو ستراتێژییەی کە ئەمریکا لەوێ هەیەتی بە باوەڕی من شتێکی وایان لە دەست نەداوە.
قازی: با بێینە سەر بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران. ئێمە دەزانین بە تایبەتی بە کووژرانی قاسمی سولەیمانی  کە دیارە وەک جەلادێک ڕەفتاری دەکرد لە ناوچە دا بۆ دابەزاندن و هەناردە کردنی شۆڕشی ئیسلامی و ئەو بشێوییانەی کە لە زۆرێک لە ووڵاتانی ناوچە دا پێک هاتووە. ئەوە هەم زەربەیەکی قورس بوو لە لایەک وە ڕێژیمی جمهووری ئیسلامی کەوت و دوایە لە پێوەندی لەگەڵ ئەو ڕوداوە دا بەردانەوەی فرۆکەی ڕێبواران کە دەتوانین بڵێین لە توێژی ئێلیت بوون و خەڵکی خوێندەوار بوون ئەوە شوێنێکی قووڵی لە سەر کۆمەڵی ئێران هەبوو و بە شێوەیەک بێزارییەکی گشتی ساز کردووە . ڕەوتی ئەو قەیرانییە ئێوە چۆن دەبینن یانی پێتان وایە ئێران ، یان سپای قودس دەتوانێ وەک ڕابردوو بەردەوام بێ لە دەرەوەی ئێران و وەزعەکە بەرەو کوێ دەروا؟


وەلی: بە باوەڕی من ئەوە دەبێ لە چوارچێوەی گەورەتری سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا ببینین لەبەر وەیکە  وەختێکی ئێران چوو ' بەرجام ' [ ڕێکەوتننامە١+٥ بۆ پێشگیری لە هەبوونی چەکی ئەتۆمی ئێران] ی ئیمزا کرد ، لە پێشدا گوتم  ئەو وەزعە دەبێ لە چوارچێوەی گەورەتری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا ببیندرێ، بەڵام کێشە ئەوەیە ئەو چوارچێوەیە هێشتا ڕوون نییە. کاتێک ئێران چوو  ' بەرجام' ی ئیمزا کرد هاتەوە. یانی دوای ئەوەی ئەمریکایی بەرجامیان قبووڵ نەکرد لە حوکمڕانی تڕامپی دا، ئێران دوو ڕێگای هەبوو، هەر ئەو دوو ڕێگایانەش لە بناواندا لە چوار چێوەی ستراتێژیکی تازە کە دەبێ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا دابندرێ ئەهەمییەتیان هەیە. لە لایەکەوە ئێران چووە بەرەو گەشەپێدان بە چەکی مووشەکی تەوەجوهێ دەکەی ، قودرەتی مووشەکی کە ئەوە شتێک بوو لە ئیختیار سپای پاسداران دا بوو . لە لایەکی دیکەش ئێستا کە مەسەلەی ڕێکەوتنی ناوەکی نەماوە ، ئێمە بەرنامە موشەکییەکەمان بەربڵاتر دەکەین ، گەشەی پێ دەدەین ئەوە لایەک بوو ،  لایەکەی دیکەش ئەوە بوو ئەو جۆرە کە ئەوان دەڵێن یانی بە زمانی سیاسی لە سەر چەمکەکان ئێمە قووڵایی ستڕاتێژی خۆمان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرفرەوان بکەینەوە. ئەوە دەبێتە عێڕاق و سووریا و لوبنان و یەمەن. بەڕێوەبەری ئەو بەرنامەش سپای قودس بوو و ئەساسی کارەکانیش لە سەر شانی سولەیمانی بوو ، جا وەختێک ئەو حیساباتە لێرە کراوە ، کاتێکی کە دەبینی ئەمریکا، ئیسرائیل ، ئەماراتی یەکگرتوو ، ئۆردۆن، میسر لە لایەکییەوە، ڕووسیا ، تورکیا، قەتەر لە لایەکی دیکەوە ، ئێرانیش دەو ناوەڕاستەی دا . ئەوانە دەیانەوێ ، هەر دووک لا دەیانەوێ کە ئەساسی ئەو ستراتێژییەی بگۆڕدرێ و بۆ هەر دووک لایەن مەسەلەی مووشەکیی ئێرانێ و هەم مەسەلەی قووڵایی ستراتێژیکی ئێرانێ مەسەلەی بنەڕەتین ، بە بێ ئەوانە لە سەر ڕا داڕشتنەوەی سیستمێکی تەعادولی هێز لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست مومکین نییە. بە نەزەری من ئەوەیکە لە سولەیمانییان دا ئەوە موحاسەبەیەکی بە تەواوی دەقیقی ستراتێژیک بوو ، یانی ئەوە لە قەلبی قووڵایی ستراتێژیکیان  دا  ئەوە بەو مەعنایەیە کە ئەلئان دەیانەوێ لە سووریا ، لە لوبنان، لە عێڕاق ، تەنانەت لە ئەفغانستانێ نفووزی ئێرانێ کەم بکەنەوە یان لە بەینی بەرن ، لە بەر ئەوەی لە پەیکانی ئەو پەلامارەیان دا و لە لایەکی دیکەشەوە مەسەلە ئەوەیە کە هێزە نیابەتییەکان دەبنە سێرەی سەرەکی. لەلای دیکەشەوە بەرنامەی مووشەکی یە کە بە باوەڕی من نە ڕووسیا و تورکیا و ئەوانەش قبووڵی ناکەن. تورکیا ئێستا دەڵێ ئەمن دەمەوێ چەکی ناوەکی دانێم ، چەکی ئەتۆمی دانێم تا ساڵی فڵان، لە دوایە بەرنامەی مووشەکیشی کە ئاوا لە ڕووسیا نزیک بووەتەوە، مەسەلەی تەدافوعی و ئەو جۆرە شتانە ، ئیحتیمالی هەیە کە ئەویش دەست پێ بکا. بە باوەڕی من لە بناواندا هەم بۆ لای ڕووسیای و هەم بۆ لای ئەمریکایە لاواز کردنی ئێرانێ و تەنانەت دەرکردنی ئێرانێ لە مەنتیق و لە بنەماکانی ئەو حیساباتە ستراتێژیکەی ئێستا و ئەوەی کە دەبێ دابندرێ ، دەرکردنی بۆ هەر دووکیان ئەساسین ، بەڵام ڕووسیا و تورکیا و قەتەر جوورێکی دیکەیان دەوێ و ئەمریکا و ئیسرائیل و میسر و ئۆردۆن و ئەماراتیش بە جوورێکی دیکەیان دەوێ.
قازی: بە داخەوە کات نەماوە کە باسی باشووری کوردستان و کوردی دیاسپۆراش بکەین، هیوا دارم کە دەرفەتێکی دیکە پەیدا بێ. زۆر زۆر سپاست دەکەم بۆ بەشداریت لە " ڕاوێژ " دا داوای سەرکەوتنت بۆ دەکەم.
وەلی: سپاسوو دەکەم
قازی: بینەرانی خۆشەویست بەم پێیە دەگەینە کۆتایی بەرنامەی ئەمجارەی ڕاوێژیش. تاکوو ڕاوێژێکی دیکە لای ئێوەمان خۆش .

ئەم بەرنامەیە لە ئێوارەی یەکشەمە  ١٩-ی ژانوییەی  ٢٠٢٠   بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ لە ستێرک تیڤی یەوە بڵاو کراوەتەوە. بۆ دیتنی ڤیدێئۆی بەرنامەکە  دەکرێ سەری لاپەڕەی ڕاوێژ بدەن لە فەیس بووک دا یان لە کانالی ڕاوێژ لە یووتیوب دا تەماشای بکەن . 















No comments: