Thursday, February 11, 2021

شەش بۆچوون لە سەر کتێبی " سازمانی ئینقیلابی و کوردستان " ئەنوەر سوڵتانی، عەبباس وەلی، عوسمان ئیسماعیل، عەلیی کەریمی، سیاوەش گۆدەرزی، دلێر ئاکرەیی

شەش بۆچوون  لە سەر کتێبی  " سازمانی ئینقیلابی و کوردستان "
١-ئەنوەر سوڵتانی، ماڵپەڕی ڕۆژهەڵات – بۆکان ، ناوەنەندی نووچە و شرۆڤەی ڕۆژ، ڕوانگە  ١٨/١١/ ٢٠٢٠
٢-عەبباس وەلی، ناوەندی نووچە و شرۆڤەی ڕۆژ، ڕوانگە دیسامبری ٢٠٢٠
٣- عوسمان ئیسماعیل ، ڕۆژنامەی ئەلەکترۆنی وتاری کورد، ٩-ی ژانوییەی ٢٠٢١
٤-عەلیی کەریمی، ڕوانگە، فەیسبووک ، تێلێگرام  ٢١-ی ژانوییەی ٢٠٢١
٥-سیاووش گۆدەرزی، فەیس بووکی کەسی، روانگە، ٣-فێورییەی  ٢٠٢١
٦-دلێر ئاکرەیی، ڕوانگە، فەیس بووک، ٥-ی فێورییەی  ٢٠٢١



کتێبی

سازمانی ئینقیلابی و کوردستان

ئامادە کردن و وەرگێڕانی حەسەن قازی

ئەنوەر سوڵتانی




"
سازمانی ئینقیلابی و کوردستان"، ئامادە کردن و وەرگێڕانی حەسەن قازی، چاپی یەکەم، چاپخانەی مورتەزەوی، ئاڵمان، ٢٠٢٠، ڕووبەرگ کاری هونەرمەند ناسر قازی زادە، ٦٥٥ لاپەڕە، کوردی. ISBN: 978-3-9822262-7-9

لە ساڵانی دەیەی ١٩٦٠ دووبەرەکییەکی ئایدیئۆلۆژیک لە وڵاتانی سوسیالیستیدا تەقییەوە کە سەرەتا و بنەماکانی چەند ساڵێک بوو بە چاو دەبینران و لە ئەنجامدا کۆمەڵگای وڵاتانی سوسیالیستی بەسەر لایەنگرانی یەکیەتی سۆڤیەتی و چیندا دابەشکران. ئەگەر ناتەبایی و دژکارییەکان لەناوخۆی ئەو دوو وڵاتەدا هۆکار و بنەمای ئابووری، سیاسی و ئایدیۆلۆژیکی هەبوو، لە وڵاتانی جیهانی سێهەم، کە دیکتاتۆری و نەبوونی ئازادی دەرەتانی بە خەڵکەکەی نەدەدا تەنانەت بەشێکی کەمیش لە ئەدەبیاتی سیاسیی چین و یەکیەتی سۆڤیەتی بخوێننەوە و جیهانبینی و ڕوانگەی فەلسەفی-عەقیدەتییان بناسن، حزبە کومونیستە نەریتییەکان بە ماوەیەکی کەم دوو شەققە بوون و ژمارێکی بەرچاو لە لاوانی خوێنگەرم و خوازیاری کردەوەی شۆڕشگێڕانە، ئاڵای مائۆئیسم بەسەر شانەوە، ڕیزی خۆیان لە حزبە نەریتییەکان جیاکردەوە کە بە ڕێڤیزیۆنیست و ڕیفۆڕمیست و تەنانەت سوسیال-ئیمپریالیستیان دەناسین. دیارە لە وڵاتانی ڕۆژئاواییدا حیسابەکان تا ڕادەیەکی زۆر جیاواز بوو و کەمتر وابوو کەسانێک بە بێ بیرکردنەوە و خوێندنەوە و هەڵسەنگاندن، بە شەوێک ببێت بە مائۆئیست، وەک بە ڕۆژێکیش نەببوو بە کومۆنیست!

حزبی توودەی ئێران و حزبی شیووعیی عیراقیش، بە ئەندام و لایەنگرانی کوردەوە، لەو گۆڕانگارییانە بەدوور نەمانەوە. تەنانەت حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و پارتی دیموکراتی کوردستانی عیراقیش، وەک دوو حزب و دوو بەرەی ناسیۆنالیستی، بە ئەندام و لایەنگرانی چەپ و ڕاستەوە، ئەو دیوارە شکاوەیان بەسەردا ڕووخا و تووشی دووفاقەیی هاتن. ئەگەر بزووتنەوەی چەکدارانەی ساڵانی ١٩٦٨ و ٦٩ ی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بە ئەنجامی ڕاستەوخۆی ئەو دووبەرەکییە و پشتکردنە حزبە نەریتییەکە بزانین، دەتوانین دووبەرەکی نێوان باڵی بارزانی و جەلالی لە ساڵانی ١٩٦٤ تا ٦٦یتەمەنی شۆڕشی ئەیلوول (١٩٦١)یشوەک دەرەنجامی ناڕاستەوخۆیئەو دیاردە جیهانییە بگرینە بەرچاو، باوەکوو زۆریش ناڕاستەوخۆ نەبوو! بەداخەوە لاوازبوونی لایەنی تێئۆریک و خەریک بوون بە شەڕی چەکدارانەوە، بزووتنەوەی چەپ و نەتەوەیی کوردی لە ناوخۆوە ڕزاندبوو وئامادەی شوێنهەڵگرتن لە تەئسیری ڕاستەوخۆی بیری حزبە چەپەکانی گەلانی باڵادەست لە هەموو پارچەکانی کوردستان کردبوو. هەربۆیەش ڕێبەران و تیئۆریسیەنانی باڵی شۆڕشگێڕ لەناو حزبی توودەی ئێران و حزبی شیووعی عیراقی و حزبی کومۆنیستی تورکیاداتوانییان بەیارمەتی وەرگرتن لە "تیئۆریی شۆڕگێڕانەی"ی باوی ئەو ساڵانە، کە کورد تێیدا کۆڵ و ناتەواو بوو، فەزای فیکریی خۆیان بەسەر کوردستاندا بسەپێنن و ئەو ڕەوتە هەر لە دەیەی شەستی سەدەی پێشووەوە بە بەردەوامی مایەوە تا گەیشتۆتەئەمڕۆ، کەتێیدا بیری "حیکمەتی"نەک هەر لە ڕۆژهەڵات، بەڵکوو لە باشووریش بەسەر بزووتنەوەی نەتەوایەتیی کورددا،زاڵە و خەباتکارانی نەتەوەیی کوردی خستۆتە تەنگژەیەکی ترسناکەوە سەرەتای ئەو کارتێکەرییە دەگەڕێتەوە بۆ کۆتاییەکانی دەیەی شەستی سەدەی پێشوو کە "سازمان انقلابی" لە ناو بەشێک لە لاوانی ئەندام و لایەنگری حزبی توودەی ئێراندا سەریهەڵدا و ئەو ئەندامانەی حزب کە لە دەرەوەی ئێران دەژیان و خوازیاری "کار و کردەوەی شۆڕشگێڕانە" لە ناوخۆی ئێران بوون، دەرفەتی هاودەنگی و هاوکاریی لاوانێکی شۆڕشگێڕی کورد، وەک نەمران ئیسماعیل شەریفزادە و مەلا ئاوارەیان لە ناو حزبی دیمەکراتی کوردستانی ئێراندا قۆزتەوە-"کومیتەی شۆڕشگێڕ"ی حدکاش بە هەمان بیر و هزرەوە لە بەژنی حزبەکە جیاببووە و دەیویست ببێتە لوکۆمۆتیڤی شۆڕش و قەتاری خەڵکی چەوساوەی کورد لە ڕؤژهەڵاتی کوردستان بەشوێن خۆیدا بکێشێت- ئەو تیئۆرییەی وا بە کۆتایی ژیانی قارەمانانەی چێ گیوارا لە ئەمریکای لاتینیش تووشی نشوست هات..

هەرچۆنێک بێت، پەیوەندییەکان بەستران و بەهۆی ئەو ڕاستییەوە کە ئەودەم ئەندامانی کومیتەی شۆڕشگێڕی حزبی دیموکرات لە عیراق و لە پەراوێزی شۆڕشی ئەیلوولدا دەژیان، "سازمان انقلابی" هاوکاتکەوتە پەیوەندیی لەگەڵ باڵی جەلالیی شۆڕشی ئەیلوول و بەشێک لە ئەندامانی بۆ ماوەیەکی زۆر لە ڕێزەکانی ئەواندا مانەوە و کار و خەبات و خزمەتیان کرد- کار و خزمەتێک کە هاوڕێ بوو لەگەڵ ڕژاندنی بیر وبۆچوونی شۆڕشگێڕانەی خۆیان بۆ ناو دەمارەکانی بزاڤی نەتەوایەتی گەلی کورد لە باشووری کوردستان.

کتێبی "سازمانی ئینقیلابی و کوردستان" لەڕێگەی هەندێک بیرەوەری و هەڤپەیوین و یادداشت و هەڵبژاردەی کتێبەوە،مێژووی کار و هەڵسووڕانی ئەو ڕێکخراوە ئێرانییەی لە ناو بزاڤی نەتەوەیی گەلی کورد لە باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان خستۆتە بەر باس و لێکۆڵینەوە. کتێبەکە مامۆستا حەسەنی قازی ئامادەی کردووە. کاک حەسەن کە لێرەدا وەک ئامادەکارێکی ساکاری کتێبەکە دەردەکەوێت، لە ڕاستیداچ وەک لایەنگری بەکردەوەی کومیتەی شۆڕشگێڕی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و ئەندامی هەڵسووڕاوی کۆنفێدراسیۆنی جیهانیی خوێندکارانی ئێرانی لە ئوروپا، لەجەرگەی گەلێک لەو ڕووداوانەدا بوو کە لە کتێبەکەدا باسیان لێوەکراوە و بەوپێیە، شارەزای ڕەوتی کارەکان و ناسیاوی گەلێک لەو کەسایەتییانەیە وا کتێبەکە پێمانی دەناسێنێت، بەڵام بەشێوەی هەمیشەیی، دەوری خۆی لە ڕووداوەکاندا کەمڕەنگ پیشانداوە و زیاتر وەک کەسێکی لاوەکی،تەنیا بەسەرهاتەکانی بۆ خوێنەر گێڕاوەتەوە.لەئەنجامدا، زانیاریی ناو کتێبەکە تا ڕادەیەکی زۆر دەستی ئەوەڵ و هی ناوخۆی ڕەوتەکەن، هەربۆیەش دەکرێ پشت بە ڕاستی و دروستییان ببەسترێت.

مامۆستا حەسەن سەربازێکی وونی شەڕگەی بەشێکی بەرچاو لە هەموو ئەو کێشە ئایدیۆلۆژیکەیە، کە لە کتێبەکەدا ڕەنگی داوەتەوە، سەربازێک کە خەباتی هاوسەنگەرەکانی گرنگتر لە کارەکانی خۆی دەبینێت و لە ئەنجامدا خۆی دەخاتە سێبەری ئەوانەوە. خوێنەری کورد کە لە سی چل ساڵی ڕابردوودا دەیان بیرەوەریی ڕێبەران و هەڵسووڕاوانی بزاڤی نەتەوایەتی کوردی خوێندۆتەوە، لە هەموویاندا ڕاویی ڕووداوەکان واتە خاوەنی بیرەوەرییەکانی وەک قارەمانێک بینیوە کە لە سەنتەری هەمووکردەوەیەکی شۆڕشگێڕانەدا بووە، هەرگیز هەڵەی نەکردووە و تەنیا نەیار و ناحەزەکانی ئەو بوون کە تاوانبار و بەرپرسی شکست و نەهامەتییەکان بوون؛ هەر بۆیەش دوور نییە پێی سەیربێت ئەگەر ببینێ لێرەدا قارەمانی دێوقڕان نەک ڕاوی خۆی، بەڵکوو کەسانی دیکەن! بەڵام خوێنەری شارەزای بەسەرهاتەکانی ئەو ساڵانە، ئەگەر ناسیاوییەوکی کەم و زۆری لەگەڵ ژیان و کەسایەتی و قەڵەمی مامۆستا حەسەن هەبێت،دەتوانێ بەباشی پەی بە ڕاستییەکان بەرێت. گەلی کورد دوای ئەو هەموو شکست و نشوست و دووبەرەکی و شەڕی ناوخۆییەی وا لە ماوەی حەفتاساڵی ڕابردوودا تووشی هاتووە، ئێستا دەبێ بگەڕێتەوە سەربنەما و بنچینەکانی سەرەتایی و چاو بۆ هۆکارەکانی سەرنەکەوتنی خۆی بگێڕێت. کتێبی مامۆستا حەسەن دەکرێ سەرچاوەیەکی جێگەی باوەڕ بۆ ئەو گەڕانەوە و ڕوانینە بێت. ئەمڕۆ سەردەمی دروشمی قەبە و لافیتەی گەورە نەماوە و کاتی بەخۆداچوونەوە و بیرکردنەوە و دۆزینەوەی هۆکارەکانە

کتێبی مامۆستا حەسەن لە لایەکەوە ڕێزگرتنە لەو ئەندامە ئێرانییانەی"سازمانی ئینقیلابی" کە لە ناو کورد و بزاڤی نەتەوایەتی باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا کار و خەباتیان کرد، لە لایەکی دیکەشەوە یارمەتیدەری خوێنەرە بۆ تێگەیشتن لە ڕەوتی سەرهەڵدان و هەرەس هێنانیکومیتەی شۆڕشگێڕی حدکا، کۆمەڵەی ڕەنجدەران  یەکیەتی نیشتمانی و بەگشتی، بەشێک لە مێژووی بیری چەپ لە باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان،

هەڵسەنگاندنی کتێبەکە دەرفەت و کاری زیاتری پێویستە و شیکردنەوەی بابەتەکانی دەکەوێتە ئەستۆی کەسانی شارەزای مێژووی ئەو ساڵانە. بەداخەوە من بەهۆی تووشبوون بە نەخۆشیی کوڕۆناوە تەنیا ئەم چەند دێڕەم پێ نووسرا.

١٨/١١/٢٠٢٠

سەرچاوە: ماڵپەڕی ڕۆژهەڵات/ بۆکان

http://www.bokan.de/

١.گەرچی هەندێکیان وەک خانبابا تهرانی، دواتر هەڵوێستیان گۆڕی و بە قورس و قایمی لە بەرەی دژایەتی بزاڤی نەتەوایەتی گەلی کورددا وەستان

٢.و تەنانەت لە ڕێگەی ئەوەوە کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش.

  

ڕانانی کتێب

سازمانی ئینقیلابی و کوردستان
ئامادەکار: حەسەن قازی
چاپخانەی موڕتەزەوی،شوێنی بڵاوکردنەوە نادیار، ٢٠٢٠،  ٦٥٥ لاپەڕە
سەرەتای ئامادەکار،بە دوایدا ٢٩ وتوێژ، پێوەندی نامەیی، هەڵێنجاوە لە کتێبان و وتاران، بەڵگە و وێنە

ڕانەر: عەبباس وەلی




حەسەن قازی کۆمەڵە نووسینێکی بەنرخی ئامادە کردووە و وەرگێڕاوە سەبارەت بەسازمانی ئینقیلابی حیزبی توودەی ئێران و کارلێکەری لە سەر بزووتنەوە ناسیۆنالیستییەکان لە باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان. کتێبەکە بەشێکی مێژووی زارەکییە و بەشێکی بەڵگە و ئاماژەی پێوەندیدارە کە لە سەرچاوەی دەستی دووەم کۆ کراوەتەوە بەتایبەتی لە بەرهەمەکانی حەمید شەوکەت مێژوونووسی بزووتنەوە چەپ ئاژۆیەکان لە ئێران. زۆربەی کەرەستەی کتێبەکە بە زمانی فارسییە کە ئامادەکار وەریگێڕاوەتەوە سەر کوردیی سۆرانی.
سازمانی ئینقیلانی کە لە ساڵی ١٩٦٤ دامەزرا وڵامێکی تایبەتی کۆمۆنیستیی ئێرانی بوو بۆ دابڕانێکی گرینگ لە بزووتنەوەی کۆمۆنیستیی ناو نەتەوەیی دا لە دوای کۆنگرەی بیستەمی حیزبی کۆمۆنیستی یەکێتیی شووڕەوی لە ساڵی ١٩٥٦. شەپۆلی هەڵتەکێنی لە ستالین شۆردنەوە لە بلۆکی ڕۆژهەڵات و نکووڵی چین بۆ مل ڕاکێشان بۆ ڕێبازی ڕەسمی شووڕەوی و ئەو کێشانەی بە دوویدا داهات بزووتنەوەی کۆمۆنیستیی ئێرانیشی گرتەوە بەتایبەتی حیزبی توودەی ئێران لە بەرایی ساڵانی ١٩٦٠ەکاندا. دەستەیەک لە ئەندامانی حیزبی توودە لە دەرەوەی وڵات، کە ناڕازی بوون لە گوێڕایەڵی کوێڕکوێرانەی حیزبەکەیان لە حیزبی کۆمۆنیستی یەکێتیی شووڕەوی ونائومێد ببوون لە خەمساردی سیاسی و ملکەچی ئیدێئۆلۆژی ڕێبەرایەتی حیزبی توودە لە ئاست رێڤیزیۆنیسمی ڕووسی جیا بوونەوە بۆ سازکردنی سازمانی ئینقیلابی، یەکەم ڕێکخراوی سیاسی گرینگی مائۆئیستی لە مێژووی ئێراندا. ئاڕاستەی ئیدێئۆلۆژیی ئەندامە سەرەکییەکانی سازمانی ئینقیلابی کە جەختیان دەکردەوە لە سەر دژایەتییەکی چالاکانە بە دژی ڕێژیمی سەلتەنەتی و هاوپەیمانە ئەمپریالیستەکانی بە ئالنگاری زاڵبوونیان بە سەر وڵاتدا، بۆ وەچەیەکی نوێ لە چالاکانی سیاسی چاوڕاکێش بوو کە ئەوانیش سەرکۆنەی خەمساردی سیاسی و چەقبەستوویی ئیدێئۆلۆژیی حیزبی توودەیان دەکرد، بە تایبەتی لە چوارچێوەی کۆنفێدراسیۆنی جیهانی خوێندکارانی ئێرانی لە هەندەران کە ڕێکخراوێکی پەرەگر وکاریگەر بوو.  
سازمانی ئینقیلابی  تەبلیغی کردەوەی چەکداری دەکرد کە پێشەنگی بزووتنەوەیەکی جەماوەری دێمۆکڕاتیک بکا لە لادێیان و دوایە هەموو وڵات بگرێتەوە. ڕامانی مائۆئیستی گەڵاڵەیەکی ستراتێژییەکی شۆڕشگێڕانەی دیاری کرد کە دەبوو لە ئێران داببەزێندرێ، هەرچەند بە هێندێک هەموارکردنی کەمەوە.
ستڕاتێژی خەباتی چەکدارانە و گرینگی لادێ وەکوو مەکۆی کردەوەی چەکدارانە دەبوو لە سەر زەوی واقیع داببەزێندرێ بۆ ئەوەی وەدی بێ.ئەوە بزووتنەوەی کورد لە تاراوگەی باشووری کوردستان بوو کە هەم زەمینە و هەم دنەی ئەو کردەوەیەی ڕەخساند. حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران تووشی نارەزایەتی و کێشەی ناوخۆیی هاتبوو، هەر بەو شێوەیەی کە لە حیزبی توودە قەوما لە ساڵانی ١٩٦٠ە کاندا. باڵی چەپی ڕادیکالی حدکا، لە دژی ڕێبەرایەتی ناسیۆنالیستیی ئێتنیکی دەرکەوت، و بە کردەوە لە ڕەوتی سەرەکی حیزبەکە جوێ بووەوە بە دامەزراندی کۆمیتەی شۆڕشگێڕ لە ساڵی ١٩٦٧ دا. ئامانجیان ئەوە بوو دژبەرانی باڵی چەپ لە ناو حدکا دا ڕاهێزێنن و نەخشەیان ئەوە بوو لە ناوخۆی ئێراندا دەست بە کردەوەی چەکدارانە بکەن. کۆمیتەی شۆڕشگێر لە ناوخۆ و لە دەرەوەی بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە دوای هاوپەیمان دا دەگەڕا.
ئەندامە هەڵکەوتووەکانی ناوکۆمیتەی شۆڕشگێڕ حەولیان دا بۆ روو لێنان لە سازمانی ئینقیلابی لە ئورووپا بۆ ساز کردنی هاوپەیمانییەکی بەربڵاو بە مەبەستی کردەوەی شۆڕشگێڕانەی چەکدارانە بە دژی ڕێژیمی سەلتەنەتی لە ئێران. بە لەبەرچاوگرتنی ئامانجە ستراتێژیکە هاوبەشەکان و باوەرە ئێدێئۆلۆژکییەکانیان ئەوە هاسان بوو بۆ هەر دووک ڕێکخراوەکە بۆ ئەوەی پێوەندییەک دامەزرێنین و ڕایەڵەیەکی هاوکاری لە کوردستان پێکەوە بنێن.

تەدارەکی ستڕاتێژی هاوبەشیان ئەوانی بەرەو گرووپێکی ناڕازی جیابووەوەی چەپ ئاژۆ کشاندلە ڕێزەکانی پارتیی دێمۆکڕاتی کوردستانی عێڕاق دا کە خەریکی پەرەسەندن بوو. ئەو دەستەیە کە لە لایەن جەلال تاڵەبانییەوە سەرۆکایەتی دەکرا مەیلێکی دۆستانەی هەبوو لە ئاست هەڵوێستی مائۆئیستی لە بزووتنەوەی کۆمۆنیزمی ناونەتەوەیی دا و لەگەڵ لێکدانەوەی ئەوان بوو سەبارەت بە ستڕاتێژی شۆڕشگێڕانە لە کوردستان.
ڕێبەرایەتی سازمانی ئینقیلابی لە کوردستانی بە گەرمی وەرگیرا و ڕوانگەی ڕادیکالی سیاسی ئەوان لە لایەن تاڵەبانی و هاوکارانییەوە پێشوازی لێ کرا کە دواجار لە ساڵی ١٩٧٥ یەکێتیی نیشتمانی کوردستان یان دامەزراند.
ئەو بەڵگانەی حەسەن قازی سەبارەت بەو پێشوەچوونانە بە وردە ریشاڵێکی زۆرەوە کۆی کردوونەتەوە  دەوری سەرەکی سازمانی ئینقیلابی زەق دەکاتەوە لەمەڕ سەردمێکی گرینگ لە سیاسەتە ناسیۆنالیستییەکان لە باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان. ئەوە دەیسەلمێنی سازمانی ئینقیلابی نوختەی یەکگرتنەوەی سیاسی – ئیدێئۆلۆژی ئەو مەیل  و ڕەوتە نوێیانە بووە لە سیاسەتی کورد و ئێرانی دا، یارمەتی کردووە ئەوان ڕێک کەون لە سەر بنەمای بەرنامەیەکی ڕادیکاڵ بە دەوری خەباتیی چەکدارانە و ئازادی دا.
کۆمیتەی شۆڕشگێڕی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران پێشەنگی ئەو ستڕاتێژییە بوو نەک هەر لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەڵکوو لە ئێران بە گشتی. کردەوەی چەکدارانەی پێ نەگەیشتووی کۆمیتەی شۆڕشگێڕ  بە دژی ئەڕتەشی ئێران لە بەر دەرکەوتنی زۆر ملی لە باشووری کوردستان وهاتنەوەی بۆ خاکی کورد لە ئێران ئەو کردەوەیەی وەپێش خست، و ئەوە دواجار گەیشتە شکان، کووژران و ئێعدامی ڕێبەرایەتی لە ١٩٦٨. ئەو رووداوە هەر وەها بە مانای کۆتایی هاوکاری چالاکانەی سازمانی ئینقیلابی بوو لەگەڵ بزووتنەوە کوردییەکان لە باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
 سەرەرای گرینگی ئەو پێشوەچوونانە لە سیاسەتی کوردی و ئێرانی لە ساڵانی ١٩٦٠ و ١٩٧٠ کاندا زۆر کەم لەو بارەیەوە زاندراوە چ دەگا بە لە سەر نووسینی. سەبارەت بەو سەردەمە گرینگە لە مێژووی کورد و ئێراندا لێکۆڵینەوە و بۆچوونی ئاگادارانە لەمەر پێشوەچوونە سیاسی و ئیدێئۆلۆژییەکان بە دەستەو نییە. جا ئەوە چ لە بەر لەبیرچوونی ئاسایی سیاسی یان چاولێ هەڵبواردنی ئەدەبی/ ئاکادێمیک بێ، ئەوبۆشاییە ڕاستییەکە و کەمایەسییەکی واقعی یە.
حەوجییەکی راستەقینە هەیە بە لێکۆینەوەی زانایانە و توێژینەوەی بیر سەبارەت بە کێشە و گیروگرفتە سیاسی و ئیدێئۆلۆژییەکانی ئەو سەردەمە گرینگە لە مێژووی ئێمە دا. ئەوە خۆی گرینگی بەرهەمەکەی حەسەن قازی دەردەخا، تێگەیشتنی ڕووناکبیرانە وبەرعۆدەیی سیاسی وی بۆ گێڕانەوەی چیرۆکی سازمانی ئینقیلابی لە زمان  ئەوانەی ڕا کە دایانمەزراند یان ئەو کەسانەی کە کاریان لەگەڵ کرد یان ئەوانەی لە دامەزرانییەوە تا نەمانی وبوونی بە حیزبی ڕەنجبەران لە ساڵی ١٩٧٩ لەگەڵی بوون.
قازی لە سەرەتای کتێبەکە دا باسی پڕۆژەکەی خۆی و پلانی لە مێژینەی خۆی دەکا بۆ ئامادە کردنی ئەو بەرهەمە. ئەم سەرەتایە زانیاری دەر بەڵام کورتە و لە کتێبێکی بەو بارستایی و بەو گرینگییە ناوەشێتەوە.
زۆر بە سوودتر دەبوو ئەگەر قازی سەرەتایەکی زۆر درێژتر و زۆر بە وردەڕیشاڵتری بۆ ئەو کتێبە نووسیبا و تەنێ ناساندنی کۆکراوەکەی
پێ بەس نەبایە، بەڵکوو لەوە زۆر گرینگتر حەولی دابا نووسینەکان لە چوار چێوەی سیاسی و وێژیاکی خۆیان دا شی بکاتەوە، و ئەوەی نیشان دابا ئەو گێڕانەوانەی ڕابڕدوو سەبارەت بە پێشوەچوونەکان چەندە یەکتری تەواو دەکەن یان لەگەڵ یەکتری جۆر دێنەوە، و ئەو گێرانەوە  و باسکردنە جۆربەجۆرانە تا چ ڕادەیەک  توانیویانە لایەنە لێڵەکانی ئەو مێژووە ڕوون کەنەوە کە بەشێکی زۆری نەنووسراوەتەوە. 
ئەو کەمایەسییە، هەرچەند کەمایەسییەکی گرینگیشە بۆ ئەم کۆکراوەیە کە بەلانی کەمەوە بەشێکی مێژووی زارەکییە، لەگرینگی ئەو بەرهە گرینگ و پێشەنگەی قازی کەم ناکاتەوە. ئەو بەرهەمە یارمەتییەکی بە نرخە بۆ تێگەیشتنی مێژووی ڕەوتە ڕادیکاڵەکان لە بزووتنەوە شۆڕشگێڕیەکان لە سیاسەتی کورد و ئێران دا بەر لە شوڕشی ١٩٧٩.

عەبباس وەلی

دیسامبری ٢٠٢٠  


عوسمان ئیسماعیل: سەرنجێک لەسەر سازمانی ئینقلابی و کوردستان

 WtariKurd   ,2021-01-09



کەمەپشوو لە سەری ساڵ بواری ئەوەی پێدام کاتێک تەرخان بکەم بۆ ئەو پەڕتووکانەی بەدەستم گەیشتوون کە بۆ حەزی خۆم دوور لە ناچاری لەبەر ئیشەکەم بیان خوێنمەوە. یەکێک لەو پەڕتووکانە ماوەیەک بەدەستم گەیشتبوو بە ناونیشانی’ سازمانی ئینقلابی و کوردستان’ کە بەڕێز حەسەنی قازی ئامادەی کردوە لە ڕێگەی وەرگێڕان – ی چەندین چاو پێکەوتن لەگەڵ ئەندامانی چالاکی سازمان (ڕێکخراو)ی ئینقلابی (شۆڕش)، کە لەحزبی تودە جودا ببونەوە، و پێشکەش کردنی چەند بەڵگەی نوسینی و وێنەیی لە توێی 655 لاپەڕەدا. ڕووداوەکانی کە لە ئەم چاوپێکەوتنانە باسکراون زیاتر دەوڵەمەند کراون بە گەڕانەوە بۆ چەندین پەڕتووکی مێژوویی و بایۆگرافی و چاوپێکەوتنی لەگەڵ کەسانی ئاگاداری لە ئەو بزوتنەوەیە. لەکاتێکدا زۆربەی چاو پێکەوتنەکان کە وەرگێڕدراون هی حەمید شەوکەت – ن، بەڵام ئامادەکەر بۆ خۆشی هەوڵی داوە پەیوەندی لەگەڵ چەندین کەسدا بکات و باسەکان لەگەڵیان تاووتوێ بکات و ڕوون کردنەوەیان لێ بخوازێت
.
ئەم توێیە بەزمان -ی کوردی پێشکەش کراوە و باس لە پەیوەندی و تێکەڵ بوون لەنێوان ئەندامانی ڕێکخراوی ‘سازمانی ئینقلابی’ و ڕێكخراوە حزبیەکانی کوردستان دەکات بەتایبەتی لە باشوور. چڕی دەخاتە سەر ئەوکاتانەی کە ڕابەران -ی ئەم ڕێکخراوە بۆ یەکەم جار لە بەکرەجۆ لەساڵانی نیوەی دووەمی شەستەکان جێگیر بوون و هەوڵیانداوە بگەنەوە ئێران و پەیوەندی دروست بکەن و خەبات چەپایەتی بەتایبەتی لەگەڵ شۆڕشگێڕانی کوردی ڕۆژهەڵات درێژە پێبدەن. لەناو هەموشیاندا باڵی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان بە ڕێبەرایەتی خوالێخۆشبوو جەلال تالەبانی ناسراو بە (مام جەلال). پەڕتووکەکە باس لەکاریگەری هەردوولا لەسەر یەکتری دەکات و بوارەکانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و دیپلۆماسیەتی کولتوری وحزبی لە ڕوانگەیەکی مێژوویی دا دەگێڕێتەوە، بەڵام کە دەیخوێنیتەوە، ناواخنەکە وەک ڕۆمانێک سەرنجت ڕادەکێشێت و دەتباتەوە قوڵایی و ترۆپکی خەباتی چەپ لەسەردمی دوای نیوەکانی سەدەی بیست. هەرچەندە زۆر جار بەشداربووانی ناو پەڕتووکەکە هەوڵ دەدەن خۆیان بگلێنن لە تێڕوانینێکی فەلسەفی و شیکردنەوەیەکی تیۆریانە، بەڵام ئامانجی ئەم پەڕتووکە بریتیە لە پێدانی زانیاری و پڕکردنەوەی بۆشاییەکی مێژوویی لەمەڕ پەیوەندی ‘سازمانی ئینقلابی’ و ڕێکخراوە کوردستانیەکانی ئەو سەردەم. گرنگتر، چەندین ڕووداوی سیاسی گرنگ و شی کردنەوە بۆ کەسایەتی و بارودۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری دەخاتە ڕوو کە ئەگەر دیققەت بدرێت ئەوا تێگەیشتن لە ڕووداوەکانی ئێستای عێراق و ئێران ئاسانتر دەبێت. بەنمونە، لێکترازانەکانی جوڵانەوە کوردیەکان لەگەڵ یەکتر بەتایبەتی لە حزبی دیموکراتەوە کە لە ڕۆژهەڵات سەری هەڵداوە بۆ باشوور و دوایش لێکترازانێکی تر کە هەندێکیان لەپێناوی مانەوەی خۆیان پیرۆزیەکانی خەباتیان کردوە بە قوربانی مانەوە بەناوی شۆڕشگێڕی و نیشتمان پەروەری. ئەم ڕوداوانە نەک کوردەکان بەڵکوو لەزاری چەندین ڕۆشنبیری سیاسی غەیرە کورد دەبیسترێن. ئەم ڕوداوانە لە کۆنتێکستی ئاڵوگۆڕە سیاسیەکانی ناو عێراق و ئێران زێدە ڕوونترن و تام و چێژ دەبینی لە تێگەیشتنیان.
لەکاتێکدا کە پەڕتووکەکە چڕی تەواو دەخاتە سەر خەباتی ئەندامە چالاکەکانی ‘سازمان’ و سەرنجێکی تایبەت دەدات بە کورش لاشایی کە ئامادەکەر وێنەکەی کردۆتە بەرگی پەڕتوکەکە، ڕۆڵی ئەندامانی تری ‘سازمان’ پەڕاوێز نەخراوە. هەرچەندە کاریگەری ڕەئی نوسەر بەرچاو نیە چونکە ئەو هەوڵی داوە گێرانەوەکان لە زاری خۆیانەوە بگێڕێتەوە، بەڵام هەمە چەشن لە چاوپێکەتن لەگەڵ ئاگاداران و لەسەر بابەتەکان بەگشتی وادەکات کە خوێنەر یەقین بکات لە ڕاستی ڕووداوەکان کە چۆن ڕوویانداوە و وابکات کە بەسەرهاتەکان لە چەندین لاوە گێرانەوەیان لەلایەن چەندین کەسەوە بۆ بکرێت و بەتێکڕایی وێنەیەکی روون لەسەر ڕوداوەکان دەخاتە بەردەست.
لەم پەڕتووکەدا زۆر بابەتی سەرنج ڕاکێش درکی پێدەکرێن، وەک چۆنێتی گەشەکردن ولەناوچوونی متمانە لەنێوان کەسایەتیەکانی ناو حزبە سیاسیە کوردیەکان لەلایەک لەنێوانی خۆیاندا و لەلایەکی تر لەنێوان ئەوان و ئەندامانی سازمان و چەندین کەسایەتی تر کە بەڕەچەڵەک کورد نەبوون. بۆ نمونە نێوانی خوا لێ خۆشبوان لاشایی ومام جەلال یان د.قاسملو و سەلاحی موهتەدی و کاک نەوشیروان و دیسان ئیرەج کەشکۆڵی و هتد باسی لێکراوە. لەکاتێکدا لاشایی دەچێتە نێو قوڵایی بزوتنەوەی سیاسی و سەربازی کورد لەباشور بەتایبەتی لەسەردەمی جیابونەوەی باڵی مەکتەبی سیاسی لەپارتی و کێشەکانی نێوانیان، ئیرەج کەشکۆڵی زیاتر چڕی دەخاتە سەر نێوانی خۆیان لەگەڵ بزوتنەوە کوردیەکان لە ناوچەکانی زەڵێ و ناوزەنگ و خەباتی ئەوان لە نێوانی پەیوەندیەکانیان لەگەڵ حکومەتی بەعس و ڕژێمی خومەینی -دا. لەلایەکی تر خانبابا تەهرانی هەوڵ دەدات نێوانی خۆیان لەگەڵ حزبی دێموکرات و هەڵسوکەوتی سیاسی قاسملوو و داواکاری کورد لەڕوانگەی سیاسی و دەستوری و کۆمەڵایەتیەوە لە ئێران زیاتر شرۆڤە بکات. بۆ زیاتر قورسکردنی بەهای ڕاستی ڕووداوەکان، ئامادەکار بۆ خۆی هەوڵی داوە لەگەڵ چەندین کارەکتەری سیاسی گفتوگۆ بکات یان بەلانی کەمەوە نووسینەکانیان بکات بەپاڵپشت – ی ڕاستی ڕووداوەکان.
هەر لەم پەڕتووکە، لە زاری کەسانێک کە کورد نین زۆر شت لەسەر کورد فێر دەبین بۆ نمونە چۆنێتی هەڵس و کەوتی کوردە دەسەڵاتدارەکان لەگەڵ ئەوانەی کە لەپێناوی دۆزی کورددا دوایان کەوتبوون. زۆر جار ئەم جۆرە جوڵانەوەی سیاسیانە بە شۆڕشی نەتەوایەتی نێوزەندکراون. چینی خوارەوەی کۆمەڵگا جگە لەوەی کە ئەرکی شەڕکردنیان لەگەڵ نەیارانی کورد پێ سپێردرابوو، ئەوان ببوون بەقوربانی شەڕی ناوخۆیی کە تەنها غەیرە کوردەکانیش درکیان کردبوو کە ئەو شەڕانە نەک هەر گۆشتی یەکتریان بریندار دەکرد بەڵکو ئێسقی یەکتریشیان دەهاڕی. زۆر بەجوانی باسی ئەوە دەکەن کە چۆن شاری هەڵەبجە و دەوروبەری ببوو بە جێگای ململانێی نێوانی پارتی دیموکراتی کوردستان لەعێراق و باڵی مەکتەبی سیاسی. چۆنێتی یاری کردنی نەیارانی کورد بە جوڵانەوە کوردیەکان جوان باس دەکەن و دەردەخەن کە جوڵانەوە کوردیەکان بەردەوام دەبوایە لەگەڵ یەکێک لەلاکان، ئێران یان عێراق لە پەیوەندی دا بونایە و هەروەها زۆر باشیش دەیان زانی کە هەواڵگری وڵاتان لەناویاندا بە جوڵەن. ئەوەی جێگای سەرنجە ئەوەیە ئەندامانی ‘سازمان’ خوێندنەوەی تەواویان بۆ کەسانی کورد بەگشتی و گوزەرانیان وسەختی بارودۆخی ئەوان هەیە. بەتایبەتی هەندێک لەئەندامانیان پزیشک بون و لەکاتی مانەوەیان لەباشوور، زۆر جار رۆژهەڵاتیش، زۆر چونەتە نێو ژیانی کوردانەوە و ژن و منداڵ بەچینێکی چەوساوە وەسف دەکەن.
دیسان، لەم پەڕتووکەوە چەندین بابەتی تر سەبارەت بەچەپەکان شارەزا دەبین کە ئەوانیش لە نێوان چەپی سینی ماویزم و ڕووسی یان یەکێتی سۆڤێتی ستالینی یان لینین و یان تازە سەرهەڵدراوی کوبایی و ئەمریکای لاتینی فێر دەبین. دەرگایەکە بۆ ئاشنابوون بە دابەش بوونی کۆمەڵگاکان لە ئێران بەسەر جوڵانەوە سیاسیە جیاوازەکاندا لە چەپەوە بۆ کوردایەتی و شیعایەتی و هەلپەرستە ماتێریالیستەکاندا. ئاشنامان دەکات بە واقیعێک کە چەپەکان زۆر نێودەوڵەتیانە بیریان کردۆتەوە بەڵام زۆر جاریش نائومێد بوون لەبەر ئەو ململانێ فکریانەی کە لەئەنجامی واقیع و ئایدیالیزمدا دێنە گۆڕێ.
باسێکی تر ئەوەی کە تێدەگەین ژیان لەو سەردەمانەدا چەندە سادە بوەو لەڕووی تەکنەلۆجیاوە ئەوەندە پێشکەوتوو نەبوە و کۆمەڵگا لە گوزەرانێکی سەختی ئابووریدا بوون. پەیوەندیەکان لەنێوان یەکتریدا ئاسان نەبوە و ئالەتەکانی گواستنەوە هێندە پێشکەوتوو و بەردەست نەبوون. بەڵام لەهەمان کاتدا جولانەوە کوردیەکان بەردەوام دڵ گەورەتر و لێبوردەتر بوون و درێغیان نەکردوە و ئەوەندەی پێیان کرابێت هاریکاری ئەندامانی ‘سازمان’ بکەن لەگەڵ ئەم بارودۆخە قورسانەدا ژیانیان بۆ ئاسان بکەن و جێگایان بۆ بکەنەوە و قوربانیان لە پێناودا بدەن لەکاتێکدا کە لەوانەیە چاوەڕێی هیچیان لەبەرامبەردا لێنەکرا بێت.
بەهەر حاڵ، نوسەر دەیتوانیت زیاتر ڕوانگەی خۆی تێکەڵاوی بابەتەکان بکات و شیکردنەوەیان بداتێ یان ئەوەتا سەرنجی خۆی لەمەڕ بابەتەکان ڕوونتر بکردایەوە. هەروەها، جیا لە پەڕتووکی ئاسایی، سەرەتاو کۆتایی ئەم پەڕتووکە دیار نیە و ڕاستەوخۆ خوێنەر دەچێتە ناو بابەت و هەروەها تەواو دەبێت. بەهەرحاڵ بێت، دیارە ئامادەکار مەبەستی سەرەکی کۆکردنەوە و پێشکەشکردن بووە نەک هەڵسەنگاندن و شیکاری.
بەگشتی و بەکورتی ئامادەکار هەوڵێکی زۆری داوە کە لەپارچە پەرتەوازەکان وێنەیەک نایاب و نرخدار بەرهەم بهێنێت کە لەوانەیە ئەگەر پشت گوێ بخرانایە ئەوا پارچەکان یان بزر دەبوون یان بەتەنیا تەنیا ئەو مانایەیان نەدەبەخشی لە جیهانی خوێنەردا بەگشتی و لای کورد بەتایبەتی بزر دەبوون.

 ------

هەڵسەنگاندنی " سازمانی ئینقیلابی و کوردستان"

عەلیی کەریمی

٢١-ی ژانوییەی ٢٠٢١



بە گەیشتنەوەم لە سەروبەندی ساڵی تازەی 2021 لە کوردستانەوە بۆ لەندەن، پاکەتێکی ئەستوور لە پۆستەوە هاتبوو لە

سەر مێزەکەم بوو، کە کردمەوە کتێبێک بە ناوونیشانی"سازمانی ئینقلابی و کوردستان" لە وەڕگێڕان و ئامادەکردنی هاوڕێی

 زۆر بەرێز و بە توانام کاک حەسەنی قازی بوو
.

زۆر بە تامەزڕۆیی کردمەوە و بە خێرایی چاوم پێداخشاند و لاپەڕەکانی ناوەروک و وێنەکانم بەسەر کردەوە، پڕ بوون لە بابەتی سەرنجڕاکێش و ئاشنا.

بۆ من خوێندنەوەی بەسەرهاتی ئەم تێکۆشەرانە کە لە حیزبی تودە بە هۆکاری ڕەخنەیان لە سیاسەتەکانی حیزبەکەیان لەمەڕ گیرۆدەیی بۆ مۆسکۆ لێیان جیا ببونەوە و هاتبوونە سەر ڕێبازی ماوتسیدۆنگ بۆ خەبات و ڕزگاری گەلانی ئێران، هەروەها ئاگاداری لە تێکۆشانیان لە گەڵ شۆڕشگێڕانی ساڵانی 6٧-68ی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئەوجار تێكەڵاوییان لە گەڵ مام جەلال و هاوڕێیانی کۆمەڵەی مارکسی لێنینی(ڕەنجدران) لە بەکرەجۆ و دواتر ناو شۆڕش لە سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی، بیرهێنەرەوەی ڕۆژگارێک بوو کە چەند لەم کەسایەتییانەم کاتێک وەک پێشمەرگەی کۆمەڵە لە بێژوێی ئالانی سەردەشت بووم و بە خزمەتیان گەیشتبووم، چەند هێندە بەحەز و بەپرسیار دەکرد.

کاک حەسەن بە وەڕگێران و ئامادەکردنی ئەم کتێبە کە بەحەق بۆ ئەم پرسە خۆی کەسێکی شیاو و ڕەنگە لە زۆربەی کەسایەتییەکانی ناو کتێبەکەش بە ئاگاتر و لێزانتر بێ لەم بەسەرهات و سەردەمە، ئەوەندەی دیکە کتێبەکەی بەنرختر کردووە و توانیوێتی کۆمەڵێک لاپەڕەی شاراوە و تاریکی مێژوویەکی کۆن و نوێمان بۆ باس بکات و سەرنجی لێکۆڵەرەوان و خوێنەرانی مێژوو بۆ لای خۆی ڕاکێش بکات.

جیاوازی خەبات و تێکەڵاویی شۆڕشگێڕانی ئێرانی و کورد لە سەدەی ڕابردوو، خەباتی چەکداری چەپی ئێرانی و شۆڕشی چەکداری لە ڕۆژهەڵات، شوێن پێی ئەندێشەی چەپ لە بزوتنەوەکانی پارچە جیاوازەکانی کوردستان و کارگەرییە نەرێنی و ئەرێنییەکان بە سەریانەوە، مارکسیسم و چەپ بوون و ئەندێشەی ماو بە سەر چەند ڕێکخراو و حیزبی گەورە لە هەموو پارچەکان و بەتایبەت ڕۆژهەڵات و باشوور، بڕکردن و سەرئەنجامی خەباتی سەرتاسەری لەگەڵ نەتەوەی باڵادەست، نەوی بوونی دیواری کورد و لێی وەسەر کەوتن لە کاتی تەنگانە و بێدەربەستی و بەعەکسیشەوە لە کاتی دەسەڵاتداریان، پشگوێ خستنی نەتەوە و خەباتی کوردی، پێکەوە ژیان و لێک هەڵاواردن، ئەزموونی سەت ساڵ خەباتی بێ پسانەوە و ئاسنی ساردکوتان لە گەڵ ڕۆشنبیران و نوخبەی ئێرانی، بەتەنیا جێ هێشتنی خەباتی چەکداری کوردەکان و دەیان چەمک و بابەتی لەم چەشنە دەکرێ بەستەر و مەیدانێکی گەورە و فراوانی لەبەر ڕۆشنایی ئەم کارە بێوێنەیەی کاک حەسەن لێ بەرهەم بێت.

زمانێکی پاراو و شارەزا بوونی خۆی لە مێژوو و زمانەوانی ئەوەندەی دی خوێندنەوی ئەم کتێبە لای خوێنەر شیرینتر و بەسودتر دەکات.

وێنەی لە خۆ بردوویی شۆڕشگێڕانی سەدەی ڕابردوو وەها هێما کراوە کە هەزاران حەسرەت دەخوازی بۆ ڕۆژگارانی کۆن و ئەو باوانەی ئەوان سەردەم.

گێڕانەوە و هەڵسەنگاندنی ئەم کەڵە پیاوانەی مارکسی و کۆمۆنیستی شارەکانی ئێران، سەبارەت بە گیانبەختکردوانی وەک شەهیدان سولەیمان موعینی، سمایل شەریفزاد، عەبدوڵا موعینی، خەلیل شەوباش، قادر شەریف و دەیان پێشمەرگەی هەناسەسارد و بە تەنیای، سەدەی ڕابردووی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، خوێنەر دەباتەوە خەون و خەیاڵێکی قوڵ و بەخۆداچوونەوە و خەسارناسییەکی ئەوتۆ بۆ دووبارەنەبوونەوەی هەل و هەڵەکان.

گێڕانەوە لە زمانی نوخبە و ڕۆشنبیر و چەپی ئێران لەمەڕ خیانەتی سەرکردەی کورد و فیداکاری پێشمەرگە وا لە خوێنەر دەکات قوڵ بچێتە ناو دەریای مێژووی چەواشەکاری و بە فێڕۆدانی وزە و هەستی پاکی شۆڕشگێران و پێشمەرگەکان و ڕامانێک، ئەرێ بەڕاستی وەک ئەوەی بێگانە دەمانناسێت خۆمان خۆمانمان ناسیوە؟!

دووبارە بوونەوەی ئەزموونی کورد لە گەڵ نوخبە و گروپگەلی ئێرانی و بێگانە و متمانە پێکردنیان لە کاتی لاوازییان، دیسان بیرهێنەرەوەی ئەم دەرسە تاڵەیە کە هەرگیز بە کاری ناهێنین و لەسەر یەک لە سەردەمە جیاوازەکاندا دووپات دەبێتەوە.

ئەم کتێبە بە دڵنییایی جێی باشی لەناو کتێبخانەی کوردیدا بۆ دەکرێتەوە و باشە ئامادەکار لە چاپی تازەدا حەول بدات بۆ نەهێشتنی کۆمەڵێک کەم و کوڕی وەک؛ گوڕینی بە فونتێکی چاودۆست و خۆشباو، دانانی فەرهەنگۆکی وشە و شەرح و پەرواێزی زیاتر، ڕێنوسێکی گشتگیر و تا ڕادەیەک ستاندارد، ئیندێکسی ناوەکان و شوێنەکان، دیزانێکی جوان و ئەمڕۆیی بەرگ و لاپەڕەکان، کە وەک دەزانم ئێستا لە باشوری کوردستان چ لە سلێمانی و چ لە هەولێر کۆمەڵیک چاپخانەی باش و پێشکەتوومان هەیە.

===

سیاوەش گۆدەرزی

سازمانی ئینقلابی و کوردستان

ئامادەکردن و وەرگێڕانی: حەسەنی قازی
٣-فێورییەی  ٢٠٢١


ئەوانەی لە نزیکەوە ئاشنای نووسینەکانی کاک حەسەنی قازین بە تایبەت لە بواری مێژووی هاوچەرخی کوردستان ئەوە دەزانن کە ئەو بەو سووچ و گۆشە لێڵ و گرێ کوێرەوانەوە خۆی خەریک دەکا کە پێشتر کەم کەس خۆیان لە قەرە داوە. زنجیرە وتار و ساخکردنەوەی دەستخەت و فۆتۆگرافی کۆمارناسی (کۆماری کوردستان) لە ڕابردوودا و ئێستاش سازمانی ئینقلابی و کوردستان لەو نموونە داهێنەرانەن.

لە کتێبی سازمانی ئینقلابی ...دا لانیکەم “سێ گۆشەیەکی” تەماوی هەڵدەدرێتەوە کە لە جێدا و هاوکات کەمێک ڕووناکایی دەخرێتە سەر قۆناخێکی گرینگ لە خەباتی ئازادیخوازانەی کورد لە شەستەکاندا گرێدراو بە هەستانەوەو ڕاچەنینی چەکداری خەتی چریکی و چەپی ڕادیکاڵ. لە گۆشەیەکی ئەم سێ گۆشەدا ڕێبەران و کادرەکانی سازمانی ئینقلابی هەڵکەوتوون گرێدراو بە بزووتنەوەی چەپی ئێرانی. لە گۆشەیەکی دیکەدا سەرهەڵدانی بیری مائۆیستی و بەگشتی خەتی سێی کوردستانی وەک کاردانەوەیەک بەرانبەر بە دوو حیزبی نەریتی دایک، شیوعی لە عێراق و تودە لە ئێران و چەقی ئەم هەستانەوەیەش لە سلێمانی و باشووری کوردستان. لە گۆشەی سێهەمدا پەردە لە سەر چەند لاپەڕەیەکی شاراوەو هێندێکجار نکۆڵی لێکراوی حیزبی دیمۆکرات هەڵدەدرێتەوە گرێدراو بە کومیتەی ساخکەرەوە، سمایلی شەریفزادە، قادر شەریف و پێشمەرگەکانی حیزبی دیمۆکرات لە بەکرەجۆ و بەسەرهاتی فەرماندە فەقێ حوسەینی مارەغانی لە بەتالیۆنی قازی محەمەد.

لە گۆشەی یەکەمدا:

بۆ یەکەمجار بە شێوەیەکی پان و پۆڕ لەگەڵ ڕێبەرانی سازمانی ئینقلابی بە تایبەت کوروش لاشایی، ئیرەج کەشکۆڵی و موحسین ڕیزوانی ئاشنا دەبین. ئەوان ئەو چەپە نەریتشکێنانە بوون لە ژیان لە ئەوروپا دەستهەڵدەگرن و بۆ ئامانجێکی پیرۆز و دەسپێکی خەباتی چەکداری دەگەڕێنەوە. ئەگەر ئێمە لێکدانەوەی تیوریکی و پراکتیکی هەڵەی ئەوان بەلاوە بنێین کە لە خۆیدا میراتی بەجێماوەی پاش چێگوارا و فیدل کاسترۆ و ڕەوتێکی چەپی جیهانی پەنجا و شەستەکان بوو، وەکیتر ئەوان لە شۆرشگێرە هەر پاکژەکان بوون کە بێجگە لە ئامانجێکی بەرزی ئینسانی، چ ئامانجێکی دیکەیان نەبوو. لەو سۆنگەوە وەبیرهێنانەوەی ئەو مرۆڤە بەرزانە لە کتێبێکی نوێدا لە سەردەمێکدا کە ئامانجە ئیدەئال و ئینسانییەکان نەک لە کوردستان لە پانتایی هەموو جیهاندا کاڵ و کرچتر دەبن و لە پاشکەشەدان، جێگەی ڕێز و دەستخۆشی کردنە لە کاک حەسەنی قازی و هاوکات ئەمەگناسی ئەو بەرانبەر بە بزووتنەوەی چەپ لە شەستەکان لە کوردستان و ئێران.

لە گۆشەی دووەمدا؛

لە کتێبەکەدایە دەزانین ئەوە یەکمجارە کە کورد لە بواری تیۆریک بە هۆی سازمانی ئینقلابی لە گەڵ بیری مائۆیسم ئاشنا دەبێ و لە پراکتیکیشدا هەر سازمانی ئینقلابییە کە ڕێگەی حیزبی کۆمۆنیست و ئادرەسی باڵوێزخانەکانی چین نیشانی مام جەلال دەدەن. سازمانی ئینقلابی کاریگەری لە سەر پێگەیشتووی سیاسی کادرە یەکەمەکانی کۆمەڵە و یەکیەتی وەک نەوشیروان مستەفا و مەحموودی مەلا عێزەت و هیدیکە دادەنێن. ڕێبەرانی سازمانی ئینقلابی، ئەوان لە زۆر بواردا بۆ کوردەکان ڕچەشکێن بوون ڕەنگە گەڕانەوەی دواتری نەوشیروان مستەفا لە ڤیەناوە بۆ کوردستان لە حەفتاکان و هەڵگیرسانی شۆرش لە هەمان ئیدەئالی گەڕانەوەی ڕێبەرانی سازمانی ئینقلابی لە ئەوروپاوە لە شەستەکانەوە سەرچاوەی گرتبێ.

لە گۆشەی سێیەمدا؛

لە دووتۆی کتێبی سازمانی ئینقلابیدا لە سەر ژمارەیەک ڕووداوی گرینگی پێوەندیدار بە حیزبی دیمۆکرات زیاتر بەرچاو ڕوون دەبین. هەر لە سۆنگەی فاکتاکانی کتێبی سازمانی ئینقلابی ئەم پرسیارانە ڕاستەوڕاست قوت دەبنەوە؛ بۆ هەتا ئێستا ڕێبەرانی کۆن و بیرەوەری نووسی حیزبی دیمۆکرات بە ڕوون و ئاشکرا خۆیان لە قەرەی بەرچاوڕوونی لە سەر بوونی زیاتر لە ١٢٠ پێشمەرگەی حیزبی دیمۆکرات لە بەکرەجۆ نەداوە؟ بۆ لە مێژووی حیزبی دیمۆکراتدا باسی چوونی کوروش لاشایی و مانەوەی دوو مانگی ئەو لە لای شەریفزادە لە دیوی ڕۆژهەڵاتی کوردستان نەکراوە؟ بۆ باسی یارمەتی و ناردنی چەکوچۆڵ لە لایەن تاڵەبانییەوە بۆ مەلا ئاوارە و کاریگەری تاڵەبانی لە سەر کۆمیتەی ساخکەرەوە بە ڕوونی نەکراوە؟ بەو گوتنە پرش و بڵاوانەی لە سەر سازمانی ئینقلابی کە لە یاداشتەکانی کەریمی حیسامی و حەمەدەمین سیراجیدا هەڵگیراون و لە کتێبەکەدا هەن دەکرێ چەند ئاکامێکی گرینگ هەڵێجێندرێ . یەکەم، بە هۆی بەستراوەیی بە حیزبی تودەو سۆڤیەتی بەشێک لە ڕێبەرانی حیزبی دیمۆکرات و لە نێو ئەواندا هەر بەرچاویان کەریمی حیسامی، دژایەتێکی توندی سازمانی ئینقلابی کراوەو هەر لەو سۆنگەوە خەتێکی ڕەشیان بە سەر بەشێک لە مێژووی خۆیان و پێشمەرگەکانیان لە بەکرەجۆ هێناوە. دووەم سێبەری ترس لە مەلا مستەفای بارزانی لە شەستەکان و حەفتاکان بووەتە هۆی چەواشەکاری لە نیشاندانی بەشێک لە مێژووی حیزبی دیمۆکرات وەک پێچەوانە نیشاندانی کەسایەتی و بیرباوەڕی ڕاستینەی سمایلی شەریفزادە، تیرۆری فەرماندەیەکی قارەمانی وەک کاوە مارەغانی لە قەڵادزێ و ڕێبەرێکی وەک قادر شەریف لە سلێمانی بە دەستی ساواک و هاوکاری و دەستی بارزانی لە پشتەوەی تیرۆرەکان. دیارە سێبەری مەلا مستەفا هەر ئێستاش بە سەر ڕێبەرانی حیزبی دیمۆکراتەوە بە تایبەتی لە دوای نەوەدەکانیش بە هۆی بەستراوەیی مادی بە پارتی بە شێوەیەک ماوە کە هێشتا ڕووداوە مێژوویەکانی شەستەکان وەک خۆیان چۆن و بوون، باس نەکرێن. ئەم کتێبە لە خۆیدا دەلاقەیەکی بچووکە بۆ کرانەوە بە سەر ڕاستییەکانی ئەو سەردەمە و ڕەوینەوەی ترسێک لە مەلا مستەفا و پارتی کە لە ماوەی٥٠ ساڵی ڕابردوودا باڵی بە سەر بیروەری گێڕەوەو نووسەکانی حیزبی دیمۆکراتدا کێشاوە.

چەند خاڵێکی سەرەنج ڕاکێشی دیکە لە کتێبەکەدا:

١- بە بڕوای من بەشی هەرە سەرەنجڕاکێش لە کتێبەکەدا کە باسی زۆر نوێ و دەگمەنی تێدایە وەرگێڕانی سێ بەش لە وتووێژەکانی حەمید شەوکەتە لەگەڵ کوروش لاشایی، ئیرەج کەشکۆڵی و موحسین ڕیزوانی.

٢- لەقاودان و ڕەخنەدانی ڕێبەرانی دواتری حیزبی ڕەنجبەران (پاشماوەکانی سازمانی ئینقلابی) وەک ئیرەج کەشکۆڵی و موحسین ڕیزوانی لە ئاست بێدەنگ بوون لە کوشتاری کۆماری ئیسلامی لە ساڵەکانی سەرەتای شەڕ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە کتێبەکەدا جێگەی سەرەنجە. هاوکات ئەو پرسیارە لای خوێنەر درووست دەبێ ئەی بۆچی حیزبێکی کوردی وەک پارتی دیمۆکرات کە بۆ خۆی ڕاستەوخۆ بەشداری هەمان شەڕ و کوشتاری کوردی لە ڕۆژهەڵات کردووە هێشتا نەک ڕەخنەدانی خۆیان نەداوە بەڵکوو پاساویشی بۆ دێننەوە. هاوکات گەرەک پێرەوانی کۆنگرەی چوار و تودەیی و ئەکسەریەتییەکانیش شیتاڵێکی باش لە کراسی ڕێبەرانی حیزبی ڕەنجبەران بۆ خۆیان دابدڕن.

٣- ئەم کتێبە بە گشتی جۆرێک “اعادە” یان گەڕانەوەی شەخسییەتە بۆ کوروش لاشایی کە زۆر لە جێگەی خۆیدایە. هاوکات لە جێدا بەگژداچوونەوەی کولتووری چەپی نەریتی و بەتایبەتی میراتی حیزبی تودەیە کە هەموو پێودانگێک بۆ شۆرشگێری و ناشۆرشگێری، خائین و وڵاتپارێزی تەرازوو و هەڵسەنگاندی حیزب بوو نەک کەسایەتی ڕاستینەی مرۆڤەکان. لێرەدا لە پێشدا دەستخۆشی بۆ حەمید شەوکەت و دواتر بۆ کاک حەسەنی قازی بۆ گەڕانەوەی حەیسیەت و شەخسییەت بۆ کوروش لاشایی. هاوکات لە جێدایە کە ئاواتەخواز بین لە نێو هێزی چەپ و وڵاتپارێزی کوردیشدا ڕەوتی گەڕانەوەی شەخسییەتە پێشێلکراوەکان دەستپێبکا. دوو نموونەی هەرە بەرچاو هێمنی شاعیر و نەمر سەید ڕەسووڵی بابی گەورەن. هەر لێرەدا حەوجێیە ئاماژە بەو وتارە گرینگەی عەباسی میلان لە کتێبەکەدا لە سەر مێتۆدی کاری حەمید شەوکەت و پشتکردن لە دوگم، بۆ گێڕانەوەی مێژووی چەپ لە ئێراندا بکەم.

٤- وەک لە دووتوێی کتێبەکەدا دەردەکەوێ بەداخەوە مێژوو لای کورد زۆر دووپاتە و چەندپاتە دەبێتەوە. هێرشی هاوبەشی پێشمەرگەکانی باڵی مەلایی و جاشەکوردەکانی (چریکەکان) سەر بە شا و ساواک بۆ سەر جەلالییەکان لە ناوچەی هەڵەبجە لە کتێبەکەدا جێگەی سەرەنجە. هێرشی لەو شێوەیە کە تەنیا ئەکتەرەکانی وەک ساواک و سپای پاسداران و میت و ئیتلاعات گۆڕدراون هەتا ڕۆژی ئیمڕۆش لە لای هێزی کوردی هەر ماوەو خەیانەت و خەیانەتکاری هەر درێژەی هەیە.

٥- کاک حەسەنی قازی کاری وەرگێڕانی بچر بچڕی زۆرن و هەر هەموو لە وتاری سەربەخۆدا بڵاوکراونەتەوە. بەڵکوو کتێبی سازمانی ئینقلابی وەک دەستپێشخەرییەکی باش ببێتە هاندەرێک کە کۆمەڵە وتارەکانی کۆمارناسیش لە چوارچێوەی کتێبێکی سەربەخۆدا بڵاو بکاتەوە.

لە کۆتاییدا وێرای سپاس لە کاک حەسەنی قازی بۆ ناردنی کتێبەکە، هەر لێرەدا پێشنیاری خوێندنەوەیی دەکەم بۆ ئەوانەی خوازیارن لە کون و قوژبنی مێژووی هاوچەرخی کوردستان زیاتر بزانن.

تێبینی: یەک لە بەرنامەکانی تاراوگە بیرەوەرییەکانی خدر قادر لە دوو بەشدا لە دوو توێوی کتێبی سازمانی ئینقلابیدا ڕەنگی داوەتەوە. دەرخستنی ڕاستییەکانی بزووتنەوەی ٤٦-٤٧ و بەتایبەت بەدواداچوونی بەشێک لە مێژووی سانسۆرکراوی ئەو سەردەمە هێشتا لە ڕۆژەڤی تاراوگە دایە. سپاسی هەر کەسێک دەکەین کە لەم بارەوە یارمەتیدەرمان بێ
====== 

دلێر ئاکرەیی

کتێبی سازمانی ئینقیلابی و کوردستان

ئامادەکردن و وەرگێڕان حەسەن قازی
٥-ی فێورییەی  ٢٠٢١

کتێبەکە چیرۆکی ئەزموونێکی نوێ لە سەر گۆڕەپانی سیاسی کوردستان دەگێڕێتەوە کە لە کۆتایی ساڵانی شەستەکانی سەدەی بیستەم سەر هەڵدەدات.

هەوێنی چیرۆکەکەش لەوێوە دەست پێدەکات کە دەستەیەک لە ئەندامانی حیزبی توودەی ئێرانی لە ئەورۆپا لە حیزبەکەیان جوێ دەبنەوە و رێکخراوێك بە ناوی سازمانی ئینقیلابی دادەمەزرێنن.

ئەندامانی رێکخراوەکە بۆ خۆئامادەکردن لە بواری سیاسی وئایدۆلۆژی و سەربازیەوە روو لە چین و کوبا دەکەن. دوای گەڕانەوەیان بیر لە بەرپاکردنی شؤرشێکی هاوشێوەی شۆرشی چین لە ئێران دەکەن و دەگەنە ئەو بڕواییەی کە رۆژهەڵاتی کوردستان باشترین شوێنە بۆ دەستپێکردنی شۆرشەکەیان.

هەرلەو سەروبەندەدا گروپێکی رووناکبیر و شۆرشگێری کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستانیش لە حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران جیا دەبنەوە و کۆمیتەیەک دادەمەزرێنن بە ناوی کۆمیتەی شۆرشگێری و ئامادەکاری بۆ خەباتی چەکداری لەو بەشەی کوردستان دەکەن.

سیاسەتمەداری رۆشنبیر و بە ئەزموون جەلال تاڵەبانی-ش دەبێتە پردی پەیوەندی نێوان سازمانی ئینقیلابی و کۆمیتەی شۆرشگێر کە ئەو سەردەمە سەرۆکی باڵی مەکتەبی سیاسی پارتی دیمۆکراتی کوردستانی ئێراق بوو کە دوای جیابوونەوەی لە باڵی مەلا مستەفا بارزانی، بنکە و بارەگاکانی لە بەکرەوجۆی سلیمانی دانابوو.

سەرۆکی سازمانی ئینقیلابی بۆ ئاشانبوون لە گەڵ دۆخی ئەوسای رۆژهەڵاتی کوردستان سەردانی باشوری کوردستان دەکات و لەوێوە پەیوەندی لە گەڵ سەرکردەکانی کۆمیتەی شۆرشگێری دادەمەزرێنێ و بۆ ماوەیەک لە گەڵیان دەکەوێ.

لە گەڕانەوەیدا بۆ ئەورۆپا راپۆرتێک سەبارەت بە راوبۆچوونی خۆی بۆ سازمانی ئینقیلابی ئامادە دەکات و سازمانەکەش بریاڕ دەدات کە گروپێک لە ئەندامانی خۆی بنێرێتە رۆژهەڵاتی کوردستان و زەمینەی گونجاو بۆ شۆرشە چاوەڕوانکراوەکە ئامادە بکەن.

ئەو کاتەی کە گروپەکە بەرەو کوردستان بەڕێ دەکەوێ، هەواڵی شەهیدکردنی زۆربەی سەرکردەکانی کۆمیتەی شۆرشگێری حیزبی دیمۆکراتی کوردستان-یان پێدەکات، بەڵام پاشگەز نابنەوە و خۆیان دەگەیەننە بارەگای سەرەکی جەلال تاڵەبانی لە بەکرەجۆ.

ماوەیەک لە سلیمانی و هەڵەبجە دەمێننەوە و دەست بە پەروەردەی سیاسی و ئایدۆلۆژی و مەشقی سەربازی بە پاشماوەی پێشمەرگەکانی کۆمیتەی شؤرشگێری حدک و لایەنگرانی باڵی مەکتەبی سیاسی پدک دەکەن. وێڕای ئەمەش ئەو پزیشکانەیشی کە لە ناو گروپەکەدا بوون، لە هەڵەبجە خزمەتی تەندروستیان پێشکەش بە خەڵک و پێشمەرگە و خیزانەکانیان دەکرد.

پاش ماوەیەک بڕیار دەدرێ کە ئەندامانی سازمانەکە بۆ درێژەدان بە خەبات و تێکۆشانەکەیان، بە نهێنی بچنەوە ناو ئێران و ژمارەیەکیان ئەم ئەرکەیان بەجێ گەیاند، بەڵام بەر لەوەی نەخشەکەیان ئەنجامگیر بێت، لەلایەن دەزگای ساڤاکەوە شکەست پێدەهێنرێ و خۆبەدەستەوەدان، روبەڕوبوونەوەی چەکداری، کوشتن، گرتن، ئەشکەنجەکردن و لەسێدارەدانی لێدەکەوێتەوە.

بەم شێوەیە کاروانی ئەو شۆرشگێڕانەی بە ئاواتێکی گەورەوە کەوتبووە رێ و خولیای بەرپاکردنی شۆرشێكی نوێ بوون کە لە گوندەوە هەنگاو بەرەو گەمارۆدانی شارەکان هەڵهێنن و برەو بە رەوتی ماو تسی تۆنگ لە کوردستان و ئێران بدەن، لەلایەن دەزگا سەرکوتکەرەکانی رژێمی شا و خۆفرۆش و نۆکەرانی رژێمەکەوە خنکێندرا. ئەگەرچی ئەو شۆرشگێڕانە نەیانتوانی ئەنجامێكی ئەوتۆبەدەست بێنن ، بەڵام دواتر تۆوی هزرەکە لە باشوری کوردستان نەشونمای کرد و بەری گرت.

سەرگوزەشتی ئەم کاروانەکە سەرەتای هاوکاریکردنێکی دڵسۆزانەی چەپ ئاژۆوە ئێرانیەکان و کوردەکان نیشان دەدات کە دەکرا ببێتە سەرەتای قۆناغێکی نوێ بۆ کوردستان و دەوڵەتانی ناوچەکە؟؟!!

کتێبەکە بە شێوە زاراوەی شیرینی موکریان نووسراوە کە پشت بە گێڕانەوەی بکەرە سەرەکیەکانی ئەزموونەکە دەبەستێ کە نووسەر حەمید شەوکەت بە شێوەی چاوپێکەوتن تۆمار و چاپی کردوون. لە پاڵ ئەوەشدا کاک حەسەن قازی زۆر بە لێزانانە تێبینی و سەرنجی ئەو کەسانەشی خستووتە پاڵیانەوە کە لە نزیکەوە پەیوەندیان بە گروپەکەوە هەبووە یان ئەو کەسانەی کە بە شێوەیەکی راستەوخۆ یان ناراستەوخۆ ئاشنایی و ئاگادارییان لە کاروباری بەشێک لە ئەندامانی سازمانی ئینقیلابی هەبووە. وێرای ئەمانەش بە ژمارەیەک سەند و بەڵگە و وێنە کتێبەکەی رازاندووتەوە.

بۆیە دەشی ئەم کتێبە وەکو سەرچاوەیەکی متمانە پێکراو چاوی لێبکرێ بە تایبەتی لای ئەوانەی کە خوازیارن لە بارەی ئەم رەوتە نوێیە شۆرشگێریەی لە ئێران و باشورو رۆژهەڵاتی کوردستان بکۆڵنەوە و تیشک بخەنە سەر هۆ و هۆکار و هەلومەرج و بارودۆخە نێو خۆیی و ناوچەیی و نێو دەوڵەتیەکان سەبارەت بە لەباربردنی هەوڵێکی لەو جۆرەوە.

بۆ منێک کە زانیاریەکی ئەوتۆم لە سەر بزاوتی فیکری ماو تسی تۆنگ لە باشور و رۆژهەڵاتی کوردستان نەبووە، ژێدەرێكی بەکەلک بووە و زانیارییەکی زۆرم لێهەڵچنی.

هاوکات دەمەوێ چەند پێشنیار و تێبیینیەکیش بۆ رێزدارحەسەن قازی بکەم لە بارەی:

١/ پەراوێزەکان لای خوارەوەی لاپەڕەکان دابنرێ پێم باشترە، چونکە هەبوونیان لە ناو دەقی نووسینەکاندا بە تایبەتی ئەگەر درێژ بن شیرازەی بیرکردنەوەی خوێنەر دەپچڕێنێ. هەروەها پێویستی بە دووبارە نووسینەوەی وشەی ئامادەکاریش نابێ، ئەگەر هەر لەسەرەتای کتێبەکەوە ئاماژە بەوە بکرێ کە پەراوێزەکان بریتین لە سەرنج و تێبینیەکانی ئامادەکاری کتێبەکە. ئەو کاتە تەنیا بە دانانی نیشانەیەک، هێمایەک یان ژمارەیەک دەشی سەرنج بۆ پەراوێزەکان رابکێشرێ.

٢/ بۆ چاپی دووەمی کتێبەکە پێم باشە بە چاوێکی تیژتر سەیری رێنووسی کتێبەکە بکرێتەوە، چونکە هەندێک لە پیتەکان لە کاتی چاپدا دەرپەڕیون یان گۆڕدراون.

٣/ لە لاپەڕەی ٥٦ی کتێبەکەدا ئەم پەندە عەرەبیە هاتووە" لقمة الصباح مسمار الرکب" کە لە دەقە فارسیەکە وەرگیراوە، بەڵام پەندەکە لای عەرەبەکان زۆر باوە و بەم شێوەیە دەووترێ : " لُقْمَهُ الصَّباحِ مِسْمارُ الْبَدَن" کە کوردیەکەی دەکاتە " بەرچا بزماری جەستەیە" کە بە بۆچوونی هەندێ کەس پەندەکە فەرموودەیێکی پێغەمبەری ئیسلامە.

لە کۆتاییدا ئەو رەنجە زۆرەی کە ئامادەکاری کتێبەکە داویەتی جێگای رێزلێنان و دەستخۆشی و پیرۆزکردنە. خەرمان بەرەکەت.













 

No comments: