Saturday, February 20, 2021

زارا لە نێوان خەڵک و حکوومەتی ئیسلامیدا، ڕێداکسیۆنی ماڵپەڕی ڕۆژهەڵات- بۆکان

 

زارا لە نێوان خەڵک و حکوومەتی ئیسلامیدا 

زارا محەممەدی خۆشەویستی منداڵانە، خۆشەویستی دایک و باوکان و خەڵکی کوردە. ئەو زمانی شیرینی کوردی فێری منداڵان دەکات، تۆوی داربەڕوو دەچێنێت و سەری سەوزی سروشتی کوردستان شانە دەکات. گەر زارا لە ژێر سێبەری کەیانی خۆی ئەو کارانەی کردبا، یان هاووڵاتیی وڵاتێکی ئازاد بایە، بە هەموو شێوەیەک ڕێزیان لێدەگرت و شانازییان پێوەدەکرد و لەم وڵات و ئەو وڵات پێشوازیان لێدەکرد و ڕەنگە وەک زۆر کەنیشکی هەڵسووڕاویتر بانگهێشتنی ناوەندەکانی جیهانی کرابا..

بەڵام زارا محەممەدی کە لە گەڵ کەسانی وەک خۆی، خۆبەخشانە زمانی دایک فێری منداڵان دەکات و پارێزگاری ژینگەیە، لە لایەن حکوومەتێکەوە کە وڵاتەکەیان لێ داگیر کردووە، بە تاوانی پارێزگاری لە زمانی دایک و پارێزگاری لە ژینگە سزای دە ساڵ زیندانی لە لایەن دەزگای ئەمن و سپا و "ئیتلاعات"ی حکوومەتی ئیسلامی ئێرانەوە بە سەردا سەپێندرا و ڕەوانەی زیندان کرا.

زارا بە ئاراستە کردنی بارمتەی قورس هەتا کاتی بەناو دادگای پێداچوونەوە، ئازاد کرا، بەڵام دادگای پێداچوونەوە ٥ ساڵ حوکمی بەسەردا سەپاند و دووبارە سەلماندیان کە حکوومەتی ئیسلامیی ئێران وەک سەلەفی خۆی، دژی هەموو بایەخەکانی نەتەوەی کوردن و گوێ نادەنە قانوونی دەستکردی خۆیان و قانوونی ناونەتەوەیی.

کۆمەڵگای ناونەتەوەیی و بە تایبەت ئووروپا کە لەم ڕۆژانەدا بە درووستی دژی حکوومەتی مۆسکۆ و کیەف بە پشتیوانی لە خۆپیشاندەران و بەندکراوانی ئەم دوو وڵاتە بەیان دەردەکەن، دەبوایە کەیسی زارا محەممەدی و بەندکردنی زیاتر لە ١٠٠ کەس چالاکی مەدەنی، فەرهەنگی، ژینگەپارێزی کوردستان لە لایەن حکوومەتی ئیسلامی ئێرانەوە، ئیدانە بکەن و داوای ئازادییان بکەن. 

ئەرکی سەرشانی ڕەوندی کورد لە ئووروپا و دەرەوەی وڵاتە کە دامودەزگاکانی وڵاتان لە پێشێلکارییەکانی حکوومەتی ئیسلامی ئێران لە کوردستان ئاگادار بکەنەوە. با ئیزن نەدرێ زارا محەممەدی لە ڕۆژانی داهاتو لە بێدەنگی جیهاندا ڕەوانەی زیندان بکرێ.

ماڵپەڕی ڕۆژهەڵات ـ بۆکان لەگەڵ دەربڕینی بێزاری لەم بڕیارە نامرۆڤانە و ناقانوونییە، داوا لە کوردەکانی دەرەوی وڵات دەکات بە هەر شێوەیەک کە دەتوانن دژی ئەم بڕیارە بوەستن و مێدیا و دامودەزگا و پارلەمان و حکوومەتەکان ئاگادار بکەنەوە و بە هەموو شێوەیەک ئەم بڕیارە کە بنەمای قانوونی و ئینسانی نییە، لە قاو بدەن.

ڕێداکسیۆنی ماڵپەڕی ڕۆژهەڵات- بۆکان 

١٩/٠٢/٢٠٢١


No comments: