Monday, March 29, 2021

قازیی محەمەد لە ڕوانگەی هێندێک کەسی کە چاویان پێی کەوتووە


 بە بۆنەی ١٠-ی خاکەلێوە، ڕۆژی شەهادەتی پێشەوا قازیی محەمەد، ژەنەڕاڵ مایور محەمەد حوسێن سەیفی قازی و ئەبولقاسمی سەدری قازی

قازیی محەمەد لە ڕوانگەی هێندێک کەسی کە چاویان پێی کەوتووە

یه‌کێک له‌ کوڕه‌کانی قازی ( قازی شه‌رعی شاری) ده‌رسی ئینگلیسیم له‌ لا ده‌خوێنێ و بە‌ڵێنی پێداوم یارمه‌تیم پێبکا سه‌باره‌ت به‌ ئاماده‌کردنی ئه‌و قامووسه‌ کوردییه‌ی ‌ ئه‌من ماوه‌یه‌ک زۆر له‌مه‌و پێش ده‌ستم پێکردووه.‌”
(ئاننا شوێنهوود، سابڵاغ ٨-ی فێڤرییەی ١٩٢٦)

سه‌ر له‌به‌یانی ڕۆژی 19ی ئۆکتۆبر [ ی 1931] ، دراوسێ و دۆستی مێهره‌وانی له‌مێژینه‌مان قازی عه‌لی، دوای حه‌وتوویه‌ک نه‌خۆشی سه‌ری نایه‌وه‌. زیاتر له‌ 3000 که‌س مه‌یته‌که‌یان تا سه‌ر قه‌بران به‌ڕێ کرد، به‌رله‌وه‌ی گیان بسپێرێ، یای گودهارت ڕۆژ و شه‌و به‌ لایه‌وه‌ بوو، و به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌ندامانی بنه‌ماڵه‌ی قازی ئه‌و چاکه‌یه‌یان له‌چاو دایه‌. ئه‌و بۆنه‌یه‌ جارێکی دیکه‌ میسیۆن و کاری ئێمه‌ی به‌ باشترین بنه‌ماڵه‌کانی سابڵاغی و به‌سه‌دان پیاوی که‌ له‌ دوور و نزیکه‌وه‌ هاتبوون ناساند. کوڕی قازی عه‌لی ، میرزا محه‌مه‌د، به‌ڕه‌سمی بوو به‌ قازی کاتێک له‌ سه‌ر قه‌بران عه‌بای درێژو ئه‌ستووری بابی به‌ سه‌ر شانی دا درا. قازی عه‌لی هه‌موو جارێک سپاسی سڵاو ناردنی ئێوه‌ی ده‌کرد و ده‌بێ ئێوه‌ش وه‌ک ئه‌مریکاییه‌ک له‌ نامه‌یه‌ک دا بۆ کوڕه‌که‌ی قازی عه‌لی وه‌بیربهێننه‌وه‌ وسه‌ره‌خۆشی لێ بکه‌ن. ئه‌و به‌ گه‌یشتنی نامه‌یه‌کی ئه‌وتۆ شانازی ده‌کا و له‌و باره‌یه‌وه‌ باسی له‌گه‌ڵ کردم
چه‌ند شتی دیکه‌ش هه‌بوون‌ ده‌بوو باسیان بکه‌م به‌ڵام جارێ بۆ ئه‌م پۆسته‌ با ئه‌وه‌نده‌ به‌س بێ
(هێنری.ئا. مولێر، سابڵاغ  ٣١-ی ئۆپتۆبری ١٩٣١

خوێندنی زمانی کوردی
بۆ باسکردنی ئه‌و حه‌ولانه‌ی بۆ خوێندن و فێر بوونی زمانی ده‌ده‌م، ده‌بێ زۆربه‌ی ئه‌و شتانه‌ی له‌ نامه‌کانی پێشوو دا بۆم نووسیبوون دووپاته‌ که‌مه‌وه‌.زۆر به‌ ووردی و ووشیارانه‌ شانم داوه‌ته‌ به‌ر فێر بوونی زمان هه‌رکاتێک و له‌ هه‌ر کوێیه‌کی لوا بێ. دیاره‌ ئه‌و جۆره‌ی‌ به‌ دڵیشم بووه‌ بۆم هه‌ڵنه‌سووڕاوه‌ هه‌میشه‌ پێیه‌وێ خه‌ریک بم. به‌لاوه‌نانی کاره‌کانی دیکه‌م هه‌میشه‌ وه‌نه‌بێ بگاته‌ ئه‌وه‌ی که‌ چ قۆرتم بۆ فێر بوونی زمان له‌ به‌رده‌م نه‌مێنێ. که‌ ده‌قێک به‌ کوردی ده‌خوێنمه‌وه‌ یان به‌ کوردی قسه‌ ده‌که‌م ، نه‌ هیچ کوردێک و نه‌ هیچ که‌سێکی دیکه‌ ده‌ڵێ تێده‌مێنم، به‌ تایبه‌تی مامۆستایه‌که‌م، میرزا محه‌مه‌دی قازی ئه‌وه‌ ناڵێ و هه‌ر بۆ خۆی ده‌زانێ‌
چه‌ندی ده‌رس پێ گوتووم. هه‌ڵبه‌ت ئه‌من هێشتاش پێداویستیم به‌ دێلمانجێک هه‌یه‌ کاتێک پێویستی به‌ وه‌رگێڕانی دروست و ته‌واو هه‌بێ یان قسه‌ کردن له‌ گه‌ڵ کاربه‌ده‌ستان و بۆنه‌ی دیکه‌.ئێوه‌ ڕه‌نگه‌ بزانن‌ هێندێک خه‌ڵکی دیکه‌، که‌ زیاتر له‌ پێنج ساڵ لێره‌ بوون هێشتاش جار و بار دیلمانجیان پێویسته‌. ئه‌من وورده‌ وورده‌ چوومه‌ته‌ پێشه‌وه‌، به‌ڵام فێر بووم." به‌ شێوه‌ی مامنێونجی ڕۆژانه‌ نزیکه‌ی سێ سه‌عاتم زمان خوێندووه‌.
(هێنری. ئا. مولێر، سابڵاغ، مەی ١٩٣٢)

.... دوای ئەو قازیی محەمەد هاتە لام، ئەو بڕێک بە ئینگلیسی قسە دەکا، بەڵام زۆر چاکی لێ حاڵی دەبێ. من بە لە بەرچاوگرتنی پێوەندییەکانی لەگەڵ ڕووسەکان و ئەوەی سەبارەت بە ئاواتەکانی دەمزانی دەبوو زۆرم ئاگا لە قسەکانی خۆم بط. من بە باسی گەنم دەستم بە قسەکانم کرد.بیروڕای ئەویش بە گشتی هەر وەک ئەوکەسانر دیکە بوو کە چاوم پێیان کەوت. ئەو لێی زایاد کرد ئاسۆی بارودۆخی شار بۆ بێکاران زۆر ناخۆش و جێی داخە. لێبڕاوانە گوتی: ئەنباری ڕەسمی دەوڵەت لە ٢٠ تا ٣٠ تۆن زیاتر گەنمی تێدا نییە و پاشان دەستی کرد بە گلەیی و گازن لە ڕووسەکان `و قسەکانی من کە پەسنی ڕووسەکانم دا بۆ ئەو بەرگرییەی لە ستالینگڕاد و شوێنی دی کردوویان و من تەقدیریاندەکەم.شلی نەکردەوە. قازی ڕەزایەتی خۆی دەربڕی بە نیسبەت ئەو یارمەتییەی بریتانیا لە عێڕاق بە کوردەکانیان کردووە و گوتی کوردەکان تەنێ بە یارمەتی بریتانیا دەتوانن چاوەڕوان بن هەلومەرجی هیانی خۆیان باشتر کەن و بە ئازادت بگەن.
لێرە دا ئەمن لێم پرسی گەلۆ پێی خۆش بەسەرهاتی بەرزنشینەکانی سکاتلەندی بۆ بگێڕمەوە ، هەڵەکانیان و ئەو ڕەجانەی کێشاویانە بەر لەوەی بارودۆخی خۆیان باشتر کەن. هەڵبەت قازی زۆر بە ئەدەبەوە گوتی پێی خۆشە ئەوە ببیسێ. جا بۆیە ئەمن باسی توونییەتی بەرزنشینەکانی سکاتڵەندم بۆ ئازادت بۆ گێڕاوە. باسی گێروکێشەی نەپساوەیان،نەبوونی یەکێتی و دیسپلینی ناوکۆیی ، پەلامارەکانیان بۆ سەر ناوچە نزمەکان، ئامادەییان بۆ خزمەت کردن بە ئامانجی هێزی بێگانە، واتە فەڕانسە و بە دژی ئینگلیستان لە ئاخر شکانەکانیاندا. درایە دواتر ئاشتبوونەوە سەری گرت و ئێستا بۆ چەندین وەچە دەچێ کە بەرز نشینەکان  کە من خۆشم یەک لە وانم، ماف و دەرفەت و دەرەتانی یەکسانیان لەگەڵ تەبەعەکانی دیکەی پادشا دا هەیە.
من بە قازیی محەمەدم گوت بە کەسانی وەک ئێوە بەستراوەتەوە حەول بدەن هەمان یەکسانی لە دەرفەت و ئیمتیاز دا بە ڕێگەی ئاشتییانە بۆ کوردەکان وەدەست بێنن و خۆ لە (کامبرلەند) ێکی خوێناوی کوردی بپارێزن. هیوا دارم  کوردەکان ئێستا ژیرانە بجووڵێنەوە و دەست بکەن بە هەڵسوکەوت و پێوەندی لەتەک تاران دا. پێم وا نییە ئەو مەوعیزانەی من شوێنێکی ئەوتۆی لە سەر قازی کرد بێ ، بەڵام هەر نەبێ ئەو تەئسیرەی هەبێ ئیدی درێژە نەدا بە بە قسە بەمەترسییەکانی بە دژی ڕووسیا.
لێرەدا دەبێ ئەوەش باس بکەم کاتێک بۆ لای ئێوارێ مونسییەکەم نارد کە لە ڕادیۆ ماڵی قازیی محەمەد  گوێ بداتە ڕاگەیێندراوی دەوڵەتی ئێران سەبارەت بە سیاسەتی گەنم قازی و برایەکەی سەرسوڕمانی خۆیان دەربڕیبوو لە بەر ئەوەی من نەمویستبووم هیچ شتێک بە دژی سیاسەتی ڕووسەکان لەوان ببیسم....
(ئار.دەبلیو. ئۆرکهارت، کۆنسوولی بریتانیا لەتەورێز، ڕاپۆرتی دیدارێک لە مەهاباد. ١٥-ی ئۆکتۆبری ١٩٤٢) 


که‌سایه‌تییه‌ سیاسییه‌ کورده‌کان
قازیی محه‌مه‌د سه‌رۆکی کۆماری کوردستان له‌ مه‌هاباد ته‌مه‌نی نیزیکه‌ی 45 ساڵه‌، خه‌ڵکی مه‌هاباده‌ و سه‌ر به‌ بنه‌ماڵه‌یه‌کی به‌ڕێز و ده‌وڵه‌مه‌ندی کورده‌.ئه‌و له‌ ده‌رسخانه‌ی ناوچه‌یی خوێندوویه‌ به‌ڵام توانیوه‌ له‌ گه‌ڵ ناسیاو بوون به‌ زمانی ترکی و شێوه‌زاری کوردی ناوچه‌ی خۆی تا ئاستێکی به‌رچاویش ئینگلیسی و ڕووسی فێر ببێ.
تا به‌ر له‌ پێشڕۆیی ڕووسه‌کان،قازی له‌ به‌ر پله‌وپایه‌ی مه‌زه‌بی خۆی له‌ نێو کورده‌کانی باکووری کوردستانی ئێران دا به‌نێوبانگ بوو وهه‌م عه‌شیره‌ته‌ جۆر به‌ جۆره‌کان و هه‌م ده‌وڵه‌تی نێوه‌ندی ڕێزیان لێ ده‌گرت.له‌ کێشه‌ و هه‌رای جۆر به‌جۆری کورده‌کان دا، ئه‌و وه‌کوو نێوبژیوان له‌ نێوان عه‌شیره‌ته‌کان و حکوومه‌تی نێوه‌ندی دا ده‌جووڵاوه‌.
کاتێک که‌ شووڕه‌وییه‌کان به‌ دوای ڕێبه‌رێکی گورد داده‌گه‌ڕان که‌ بتوانن وه‌ک پیشه‌وه‌ری له‌ ئازه‌ربایجان که‌لکی لێ وه‌ربگرن ، قازی یان هه‌ڵبژارد که‌‌ ئه‌و ده‌می ته‌نیا کوردێک بوو ‌ سه‌رۆک عه‌شیره‌ته‌ جۆر به‌ جۆره‌کانی باکوور حورمه‌تی بگرن. له‌و بڕگه‌یه‌ی ژیانی دا بوو که‌ قازی له‌ پله‌و پایه‌ی "پێشه‌وا"یه‌کی مه‌زه‌بییه‌وه‌ گۆڕا بۆ بوون به‌ پێشه‌وای کۆمارێکی کوردی.
له‌ نیوه‌ی دووه‌می ساڵی 1945/پاییز-زستانی 1324ی هه‌تاوی ژه‌نه‌ڕاڵ ئاتاکیشییێڤ هه‌ڵسووڕاوی قه‌وقازی شووڕه‌وی، بۆ ڕاوێژ له‌ گه‌ڵ قازیی محه‌مه‌د و سه‌رۆک عه‌شیره‌ته‌کان چه‌ند جار سه‌فه‌ری کرد بۆ مه‌هاباد. باوه‌ڕ وایه‌‌ هۆی سه‌ره‌کی ناسینی قازی وه‌کوو ڕێبه‌رێکی سیاسی و پێشه‌وایه‌کی مه‌زه‌بی له‌ لایه‌ن سه‌رۆک عه‌شیره‌ته‌کانه‌وه‌ و قه‌بووڵ کردنی،له‌ به‌ر پله‌ و پایه‌ی وی له‌ لای شووڕه‌وییه‌کان بوو،به‌و هیوایه‌ی بتوانن ژماره‌یه‌کی زۆر چه‌کوچۆڵی سووک و قورس وه‌ربگرن. پسپۆڕانی کاروباری کورد لێره‌ له‌و باوه‌ڕه‌ دان‌ ئه‌و دژایه‌تییه‌ی که‌ چلۆن سه‌رۆکه عه‌شیره‌ته‌‌ ئه‌وپه‌ر خۆ ویست و تاکخوازی‌ ‌کورده‌کان ئاماده‌ بوون حکوومه‌‌تێک که‌ پشتی به‌ شووڕه‌وی به‌ستبوو قه‌بووڵ بکه‌ن که‌ ئامانجی له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌و سه‌رۆکانه‌ به‌ته‌واوی دژ به‌یه‌ک بوو، ده‌بێ له‌ چوارچێوه‌ی "خوار بوونه‌وه‌ له‌ به‌ر با"، به‌و مه‌به‌سته‌ی که‌ پێش به‌ ده‌ستێوه‌ردانی ڕاسته‌وخۆی شووڕه‌وییه‌کان له‌ کاروباری کورده‌کان دا بگێرێ، پاساو بدرێ.
قازیی محه‌مه‌د له‌ڕووی شان وپله‌ و له‌سه‌ره‌خۆیی شه‌خسی له‌ زۆرێک له‌و که‌سانه‌ی که‌ له‌گه‌ڵ سیاسه‌تی شووڕه‌وی‌ له‌ ئازه‌ربایجان بوون و ده‌سته‌ڵاته‌یان به‌ده‌سته‌وه‌ بوو سه‌رتره‌ - له‌وانه‌ پیشه‌وه‌ری -. ئه‌و کوردێکی ئاسایی نییه‌، له‌ شه‌ڕخۆازی ئاسایی، سه‌ر و قه‌ڵافه‌تی تابنی ددان پڕچه‌کی عه‌شیره‌تی که‌ ئه‌و ڕۆژانه‌ له‌ خه‌یابانه‌کانی ته‌ورێز ده‌یبینین، نیشانێکی ئه‌وتۆ له‌ ویدا نه‌بوو. کاتی قسه‌ کردن زۆر له‌ سه‌ره‌خۆ ده‌دوێ و ته‌نانه‌ت کاتێکیش که‌ باوه‌ڕه‌ سیاسییه‌کانی خۆی ئاوێته‌ی هه‌ست و سۆز ده‌کا ده‌نگی له‌ ئاستێکی تایبه‌تی زیاتر به‌رز ناکاته‌وه‌.قازیی محه‌مه‌د خه‌تیبێکی کارامه‌یه‌ و له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی له‌ ده‌ربڕینی بیرو ڕا و بۆچوونه‌کانی خۆی دا دڵپاکییه‌کی زۆر زیاتری تێدا هه‌ست پێده‌کرێ له‌ چاو هه‌ڵسووڕاوانی دیکه‌ی لایه‌نگری شووڕه‌وی وێناچێ قه‌ت له‌ قوتابخانه‌ی پارتیی کۆمۆنیست دا په‌روه‌رده‌ کرابێ.
قازی سه‌ره‌ڕای پێشینه‌ی مه‌زه‌بی خۆی به‌ هیچ جۆر موسوڵمانێکی ده‌مارگرژ نییه‌.ڕێبه‌ری مه‌سیحییه‌کانی ئاسۆری له‌ ته‌ورێز و هه‌ر وه‌ها سه‌رپه‌رستی میسیۆنی کاتۆلیکی فه‌ڕانسه‌ له‌ وێندرێ وه‌ک که‌سێکی "ساده‌" و "باش" باسی قازیی محه‌مه‌د ده‌که‌ن. له‌ لایه‌کی دیکه‌وه‌ کاربه‌ده‌ستانی کۆنسوولیی بریتانیا له‌ ته‌ورێز له‌ گه‌ڵ
ئه‌و بۆچوونانه‌ نین و لێبڕاوانه‌ ده‌ڵێن که‌ قازی جگه‌ له‌ که‌سێکی ناڕاست و ده‌ستکردی شووڕه‌وی شتێکی دیکه‌ نییه‌.به‌ ئه‌گه‌ری زۆر ئه‌و جۆره‌ داوه‌رییه‌ ڕیشه‌ی له‌وه‌وه‌ ئاو ده‌خواته‌وه‌ که‌ قازی به‌ ڕاشکاوی دژایه‌تی له‌ گه‌ڵ سیاسه‌تی بریتانیا ده‌کا و له‌ دوو نموونه‌ دا هه‌ڵسووڕاوانی کۆنسوولیی بریتانیا، به‌ هه‌ڕه‌شه‌ و توندوتێژییه‌وه‌، له‌ مه‌هاباد ده‌رپه‌ڕێندران
.
له‌وه‌یدا که‌ قازیی محه‌مه‌د به‌ پێی هه‌ل و مه‌رج ده‌جووڵێته‌وه‌ هیچ گۆمانێک نییه‌، به‌ڵام ئه‌و هه‌لپه‌رستییه‌ ڕه‌نگ وڕووی ئیدێئۆلۆژیکی نییه‌؛ ڕاستی و ذلپاکی یه‌کی ته‌واو له‌ ده‌ربڕینی مێهر و خۆشه‌ویستی وی له‌ ئاست گه‌لی کورد دا هه‌ست پێده‌کرێ. هه‌ر چۆنێک بێ ته‌قدیر و چاره‌نووسی شه‌ر ئه‌وی خسته‌ به‌ره‌ی شووڕه‌وییه‌وه‌ به‌ڵام وێناچێ له‌و وه‌زعه‌ زۆر ڕازی بێ؛ زۆر جار به‌ ئاشکرا نیشانی داوه‌ که‌ هه‌م نیسبه‌ت به‌ شووڕه‌وییه‌کان و هه‌م قسه‌ وێژه‌ ئازه‌ربایجانییه‌کانیان بێ باوه‌ڕه‌.
( جێڕاڵد ف.پ. دو‌هێر جێگری کۆنسوولی ئەمریکا لە تەورێز  ١٥-ی ژانڤییەی ١٩٤٧)

لە کابینەی ئاغای ساعید دا شەوێک سەرۆکی ستادی ئەڕتەش ئاغای سەرتیپ ڕەزمئارا تەشریفیان هێنا بۆ کۆبوونەوەی هەیئەتی دەوڵەت و بە ئامادە بوونی ئاغای ساعید و بەندە و ئاغای سەروەری وەزیری کار و باری
ناوخۆ گوازرشتێکی دوور و درێژی خوێندەوە کە مەئموورێکی ڕەسمی لە مەهاباد ئامادەی کرد بوو و لەوێوە بە کورتییەکەی ناوچەی مەڵبەندی مەهابادی کوردستانی وەک یەک پارچە ئاور و جوێ بووەوە لە دەوڵەتی ئێران ناساند بوو.سەرۆکی ستادی ئەرتەش ناوی هێندێک کەسیشی هێنا و گوتی ئەوان سەبەبی پێش هاتنی ئەو وەزعەن کە دیارە من لەگەڵ ئەوان پێشینەی ئاشنایەتی زۆرم هەبوو و دەمناسین. یەک لەو کەسانەی کە باسی کرا ئاغای قازیی محەمەد بوو. ئاغای قازیی محەمەد کەسێکی بەڕێزە کە لە ڕووداوەکانی خەرمانان دا [ خەرمانانی ١٣٢٠ی هەتاوی] کە بەندە چوومە ئازەربایجان ئەو یەک لەوکەسانە بوو کە تفەنگی هەڵگرتبوو و لە گەڵ ژمارەیەک لە خزمانی مەهاباد و ئەو مەڵبەندەی دەپاراست
(خەلیل فەهیمی، وەزیری ڕاوێژکار ٢٥-ی فێڤرییەی ١٩٤٥)

ئەو کەسانەی دەرفەتیان بۆ هەڵکەوتووە و لە نیزیکەوە چاویان بە قازیی محەمەد کەوتبوو، کەسایەتی وی کاری تێ کردبوون  و زانیبوویان لە هەموو شوێنێک بووە بە ڕەمزی کوردایەتی. قازی پێاوەیکی دەستەی نزیک ٥٠ ساڵانە، پاڵتۆیەکی کۆنی ئەڕتەشی دە بەر دابوو و ڕیشێکی تەنکی هێشتبووەوە. سیمای مۆرتازانە بوو، لەبەر ئێشی مەعیدە ڕەنگی زەرد هەڵگەڕابوو کەم خۆر بوو. نە جگەرەی دەکێشا و نە مەشڕووبی دەخوارەدەوە، ئێنسانێکی لە سەرەخۆ و مەتین وەبەرچاو دەهات. زۆر بە ئارامی قسەی دەکرد، بەستێنی فکری زۆر کراوە بوو و لە چوارچێوەی نێونەتەوەیی بیری دەکردەوە. هەموو نەتەوەکانی دیکەی دنیای خۆش دەویست، گەلێک زمانی دەزانی، بۆ وێنە ڕووسی، کەمێک ئینگلیسی و زمانی ئێسپێرانتۆ. سەر مێزی کارەکەی کۆمەڵێک کتێبی لە سەر داندرا بوو سەبارەت بە ڕێزمان و ئەدەبییاتی زمانە لاوەییەکان .
من هەستم کرد قازی بیرو باوەطێ زۆر پتەوە و ئامادەیە لە پێناوی خۆی فیدا بکا.....
(ئارچی بالد ڕوزوێڵت، ئەفسەری دەسگای هەواڵگری ئەمریکا، جمهووری کوردستان لە مەهاباد. ژووییەی ١٩٤٧)
...
 مۆئمینی : ئێوە چەند ڕۆژ لە ئازەربایجان بوون ، دوایە چوونە کوردستان ؟

عەلەوی : بەڵێ من هەر ئەو دەمی چوومە کوردستان .
مۆئمینی: بە تەنێ ؟

عەلەوی: نا ، نا، هەموو ڕۆژنامەنووسەکان لەگەڵ بوون ؟ ئەمن نازانم ، بەڵام هەموویان لەگەڵ بوون.  ئ ئەوەی چاوڕاکێش بۆ من ئەوە بوو کە پێم گوتی و ئێستا لێرە دا دووپاتەی دەکەمەوە. سەرنجڕاکێش بۆ من کەسایەتی قازیی محەمەد بوو. ئێنسانێک بوو زۆر کتێبی دەخوێندەوە. ئەمن لەوێ زۆرم کتێب دیت. ئینسانێکی زانا، لە سەرەخۆ و بە ویقار بوو. بە ئارامی قسەی دەکرد. بۆچوونی خۆی دەگوت و شتێکی هێندەش کە لایەنی سیاسی هەبێ ئێستا وەبیرم نایە بەڵام کەسایەتی وی شوێنی لە سەر من دانا و من هەستم کرد کە ئەو لەوێ پیاوێکی بەحورمەت و دەستڕۆیشتوو یە چونکە ئەو کەسانەی کە دەهاتنە ئەوێ هەموو کڕنۆشیان بۆ دەبرد لە سەر چیچکان دادەنیشتن ، بە بێ ئیجازەی وی قسەیان نە دەکرد. جار جار ڕووی لە یەکێک لە ئامادەبووان دەکرد و کابرا شتێکی دەگوت یان دەچوو یان دەهات ...
هەڵبەت لە شاریش هەمان یانە ، واتە یانەی فەرهەنگ  کە چوو بووین  پڕ بوو  لە وێنەی ستالین .
مۆئمینی: لە مەهاباد ؟
عەلەوی: لە مەهاباد ، کە ئەوە نا مەنتقی و ناعاقڵانە وەبەر چاو دەهات

(بوزورگ عەلەوی، نووسەری گەورەی ئێرانی، چاوپێکەوتن لەگەڵ باقر موئمینی، پاریس ئاوریلی  ١٩٨٥)


مەئموورییەتێکیشم هەبوو بۆ میاندواو. چەند ڕۆژێک بوو حکوومەتی ئازەربایجان بە دەست ئارامی هەرمەنی میرزا ڕەحمەتی شافیعی گرتبوو و لە تەغی ئاباد زیندانی کرد بوو. دەیانگوت پارەیەکی زۆر لە نێوبراو داوا دەکەن و ئاشکرا بوو دوای ئەوەی پارەیان لێ ئەستاند گیانی خۆشی بۆ ڕزگار ناکرێ، سەعاتی دەی بەیانی بوو کە بانگ کرام بۆ ئیدارەی حیزب. یەک لە پێشخزمەتەکان منی ڕێنوێنی کرد بۆ لای قازیی محەمەد کە بەڕێزیان فەرموویان دەزانی ئەوە ئاغای ڕەحمەتی شافیعی لە میاندواوێ زیندانی کراوە، وەک دەردەکەوێ نییەتێکی خراپیان لە ئاست وی هەیە ، دەستبەجێ لە گەڵ دووسێ کەس لە ئەندامانی حیزب بچنە ئەوێ و لە لایەن منەوە بە نەماز عەلییێڤ بڵێن زیندانی کردنی کوردێک بە دەست ئازەربایجانییەک بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە نیوەی زیاتری خەڵکی میاندواو کوردن لە ڕوانگەی ئێمەوە سووکایەتییەکی گەورەیە. ئەگەر میرزا ڕەحمەت تاوانێکیشی کرد بێ دەبێ لە مەهاباد سزا بدرێ، هەلبەت من بۆچوونم ئەوە نییە و ئازاد بوونیم لە زیندانی کردنی پێ باشترە. لە گەڵ ئاغایان حاجی مستەفای داودی،محەمەدئەمینی شەڕەفی، دڵشادی ڕەسووڵی و هەباس ئاغای عەزیزی زاوای ئاغای ڕەحمەتی شافیعی بە ماشین وەڕێ کەوتین، لە میاندواو لە پێش قاوەخانەیەک بۆ چایی خواردنەوە ڕامان گرت. تەماشامان کرد، سەربازێکی شووڕەوی هاتە پێشێ و گوتی فەرماندە دەیەوێ چاوی بە ئێوە بکەوێ. لە گەڵ سەربازەکە چووم. فەرماندە پرسیاری کرد میرزا مەناف بۆ چ کارێک هاتوون بۆ میاندواو؟ گوتم بۆ دیتنی ئێوە هاتووم و دەستبەجێ پەیامەکەی قازیی محەمەدم ڕاگەیاند، ئەویش گوتی بەو کەسانەی لە گەڵت هاتوون بڵێ دەستبەجێ میاندواو بە جێ بهێلن و لە یەکەم قاوەخانەی سەر رێیە چاوەڕوانی هاتنەوەی ئێوە بن، قسەکەیم چی بە جێ کرد و گەڕامەوە لای و پێی گوتم بە ماشێنی من بچۆ بۆ لای ئارام ، ئەو شافیعی ڕادەستی ئێوە دەکا، کە گەیشتنە تەغی ئاباد سەر و سۆراغی ئارامی هەرمەنیم کرد، شوێنی کارەکەیان پێ نیشان دام، بەڵام ئارام بۆ خۆی لەوێ نەبوو،بە ڕواڵەت لە ئاغای شافیعی و هەر وەها من کە پێشتر دەمانناسی ڕوودەربایستی هەبوو، بەڵام پێشتر فەرمانی دا بوو کە ئاغای شافیعی ڕادەستی من بکەن. دوای نیزیک پێنج دەقیقە ئاغای شافیعی یان هێنا بۆ دەفتەر دەستبەجێ سواری ماشین بووین و هاتینەوە میاندواو، لەوێ ماشێنی حیزب ئامادە بوو، بە سپاس لە نەمازعەلییێڤ سواری ماشین بووین و هەموومان بەرەو مەهاباد وەڕێ کەوتین و لە یەکەم قاوەخانەی سەر ڕێیە ئەندامەکانی دیکەش لەگەڵمان کەوتن، سەر و ڕوو ماچ کردن دەستی پێکرد و لەو سەرکەوتنەی وە دەستمان هێنابوو هەموومان شاد و خۆشحاڵ بووین
(مەناف کەریمی، وەزیر لە کابینەی حکوومەتی جمهووری کوردستان دا، لە پەراوێزی یادداشتەکانی سەعید هومایون، پیشوای بیداری چاپی یەکەم هەولێر، ٢٠٠٤)


'
کاتێک ئێمە نەخۆش دەکەوتین ( لە تافی منداڵیم دا ) دایکم دەیبردینە  سەر قەبری قازییەکان بۆ ئەوەی چاک ببینەوە، ئەوێ نزرگەیەک بوو و دایکم پێی دەگوتین ئەوانە شەهیدن.
ڕەنگە ئەو بە نزرگە دانانە بووبێتە هۆی بڕیاردانی حکوومەتی ئێران بۆ ئەوەی گۆڕی سێ قازییەکان وەگوێزێ. هەڵبەت، ئەوان نەیان گوت دەیانەوێ گۆڕەکان ڕاگوێزن. گوتیان لەوێ دارستانێک ساز دەکەن بە فارسی ،جەنگەڵی مەسنووعی (لێڕەواری دەسکرد) لە داوێنی ئەو کێوەی گۆڕستانەکەی لێ یە. چەند میترێک  دوور لە گٶڕەکان ڕێپێڵگەیەکیان ساز کرد و کێلی زۆر لە قەبرەکانیان ڕاگوێست لەوانە ئی سێ قازییەکان  ( ئەمن تاریخی ووردی ئەوەم وەبیر نایە بەڵام دەکرێ لە ساڵی ١٩٥٩ یان ١٩٦٠ دا بووبێ) . ئەمن ئەو وێنەیەم دوای لا برانی کێلەکان هەڵگرتووە. کاتێک وێنەم هەڵدەگرتن ئیحتیاتم دەکرد وام نیشان دەدا  وێنەی دیمەن و بەرجەوەند دەگرم نەک نی قەبرەکان. ئەمن فیلمی وێنەکانیشم نەبرد بۆ ئەوەی لە عەکاساخانەیەکی خۆجێی دا بیانشۆمەوە . بردمنە تارانێ و لەوێ زاهیرم کردن. '
(ئەمیر حەسەنپوور ، زانای کوردی دانیشتووی کانادا، ژووەنی ١٩٩٦
سەرچاوە: Kurdistan In the Shadow of History , Susan Meiselas  چاپی دووهەم  ٢٠٠٨، لاپەڕەی٢٠٩ )

No comments: