Friday, March 12, 2021

سازمانی ئینقلابی و .....


سازمانی ئینقلابی و .....

کتێبی سازمانی ئینقلابی و کوردستان، ئامادە و وەرگێڕانی کاک حەسەن قازیم خوێندەوە

کتێبەکە ٦٥٥ لاپەڕە و ناوئاخنەکەی، پڕە لە بەڵگە و باسی ( لانیکەم بۆ من) کەمتر بیسراو/بینراو. جگە لە باسەکان، کۆمەڵێک وێنەی جۆراوجۆریش لە کەسە باسکراوەکانی ناو کتێبەکە کراونەتە پاشکۆی کتێبەکە، کە کاری تێگەییشتن و حاڵیبوونی ڕووداوەکان بۆ خوێنەری ئەم قۆناخە کە شارەزای ئەو سەردەمە نییە هاسانتر ئەکەنەوە.

باسی سەرەکی کتێبەکەی کاک حەسەن چیرۆکی کۆمەڵێک رووناکبیری ئێرانییە کە لە قۆناخێکی هەستیاری بززوتنەوەی کوردستاندا لە ئورووپاوە دەگەڕێنەوە کوردستان و بۆ ماوەیەک لە لای شۆڕشگێڕانی کورد دەمێننەوە. ئەم ژمارە کەسە ئێرانییە کە دیارترینیان دوکتۆرێکە بە ناوی کوورۆش لاشایی، لە درێژەی سەفەرەکەیاندا ئەبنە بەشێک لە بەشدارانی بزووتنەوەکە و لە نزیکەیشەوە لەگەڵ ڕووداوەکانی ئەو دەمەدا ئاشنا و بەشدار دەبن.
دیارە ئەم بەشەی مێژووی کورد کە پێوەندی هەیە بە ‌هاتن و نیشتەجێبوونی هێزەکانی ناو ئۆپۆزیسیونی دەوڵەتانی داگیرکەرەوە، لە هەر چوار بەشی کوردستاندا ناڕوون، لە گەلێک بارەوە -بە قەستی
- شێوێویندراو و تەنانەت ‌ شاردراوتەوە. بۆیە هەرکەس لەم بوارەدا هەوڵێک بدات، یارمەتییەکی باش دەکات بە ئاشکراکردنی ڕووداووەکانی ڕابوودوو و وەک لە کاتی بەدەستگەییشتنی کتێبەکەشدا نووسیم، ئەم کارەی کاک حەسەنی قازی هەوڵێکی بە نرخە بۆ گەییشتن بەم مەبەستە.

ئەوەی بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەگەڕێتەوە، لە سەردەمی کۆماری کوردستانەوە تا ڕۆژگاری ئیمرۆیش، جۆرێک حزووری هێزە ئێرانییەکان لە نزیک و تەنانەت ناو هێزە کوردییەکاندا هەبووە و هێندێک جاریش ئەم حزوورە هێندە ئەم زەق و بەرچاو بووە کە مەسیر و رەوتی رووداوەکانی گۆڕیوە و لە قاڵبگرتنی ستراتێژی بزووتنەوەکەیشدا ڕۆڵی چارەنووسسازی هەبووە.

ڕۆڵ و شوێنی حیزبی توودەی ئێران لە نزیککردنەوەی دامەزرێنەرانی کۆمەڵەی ژێکاف بە فێرقەی دیمۆکرات و پاشان یەکیەتی سۆڤیەتەوە یەکلاکەرەوە بوو. دوای نەمانی کۆماری کوردستانیش، کارتێکردنی خەت و ڕێبازی توودەییانە لە سەر زۆربەی کادرەکانی حیزبی دیمۆکراتی کوردستان، چ  لە ناوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، باشووری کوردستان و لە ئورووپایشدا حاشا هەڵنەگرە. غەنی بلوریان، ڕەحمەت شەریعەتی و عەزیز یوسفی وەک دیارترین کەسایەتییەکانی بزووتنەوەی کوردستان لە زیندانی ڕێژیمی شا دا، سمایل شەریفزادە، حەمەدەمین سیراجی، مەلا ئاوارە، سولێمان و عەبدوڵای موعینی وەک ڕێبەرانی جووڵانەوەی ٤٦-٤٧ لە باشوور، دوکتۆر قاسملو و کەریم حیسامیش وەک ناسراوترین کەسایەتی حیزبی دیمۆکراتی کوردستان لە ئورووپا بە شێوەی ڕوانگە یان ئۆرگانیک گرێدراوی چەپی توودیی هەڵئەسووڕان و تێکڕایان لە ژێر تەوژمی سیاسەتی توودەیەکان و لەو خەتەدا ستراتێژی حیزبی دیمۆکراتیان دەبردە پێش کە پێیان ئەوت سیاسەتی پرۆ-سۆڤیەتی و دژی ئیمپرایالیستی.

پاش شۆڕشی ١٣٥٧ ی هەتاوی لە ئێران، ئەم ڕەوتە بە بەربڵاوترین شێوەی مومکین دووپات بوویەوە و لە ماەیەکی کورتدا جگە لە چەندین گرووپی بووچکەلانەی جیاواز و تەنانەت دژ بە یەکی چەپ، لە چنگی خوێنڕژانی تاران هەڵاتن و بارگە و بنەیان بۆ کوردستان گواستەوە. وێڕای شەپۆلەکە، سێ هێزی گەورەتری ئێرانیش ڕوویان لە ناوچەی ئازاد و ژێر سێبەری پیشمەرگەی کوردستان کرد کە بریتی بوون لە سازمانی چریکە فیداییەکانی خەڵکی ئێران، سازمانی موجاهیدینی خەڵکی ئێران و گرووپی سەهەند کە هەرکامەیان بە نۆبەی خۆی پەروەندەیەکەی تایبەتی هەیە و تا ئیستا کەس وەک خۆی باسی لێیوە نەکردوون، بەڵگەکانی بڵاو نەکردوونەتەوە و ڕووداوە سەرپۆشکراوەکان بە شاردراوەیی ماونەتەوە.

سازمانی چریکەکان کە هەژمارێکی بەرچاوی لە خوێندەوار و نوخبەی ئەو سەردەمەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی کێشابوونە ناو ڕیزەکانی خۆیەوە، دوای ماوەیەک و لە ئاکامی ناکۆکی دەروونیدا شەقی برد، پارچە، پارچە و سەرەنجام لە ناو خۆیدا پووکایەوە و لە مەیدانی سیاسەتی کوردستاندا ڕۆڵی نەما.

سازمانی موجاهێدین بە هاتنیان بۆ کوردستان، بەشی هەرە گرنگ و چالاکی هێزەکانی خۆی لە قەپی گورگ دەرهێنا و لە ڕێگای هاوکاری بێ دریغی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانەوە ڕزگاری کردن. دیارە ئەو هاوکاریی و پشتیوانیەش لە نێوان دوو هێزدا بوو بە بنەما بۆ گرتنەبەری ڕەوت و مەسیرێکی تازە لە بزووتنەوەی کوردستاندا و هۆیەکی بنەڕەتی بۆ گەورەتربوونەوەی درزی نێوان دوو هێزی سەرەکی کورد کە بە دژواری لە ژێر هێرش و پەلاماری هێزەکانی تاراندا بوون. ئەم هەنگاوە نوییەی کە جۆرێک بلۆکبەندی خستە سەر شانۆی سیاسی ئەودەمی کوردستان، لە ڕوانگەی منەوە وەرچەرخانێکی نێگاتیڤی لە پێوەندی نێوان حیزب و کۆمەڵەدا ڕەقەم دا و یارمەتیدەریش بوو کە کۆمەڵەیش عەینی سیاسەت، بەڵام لەگەڵ جەرەیانێکی دیکەی هاومەسلەکدا بگرێتە بەر.

گرووپی سەهەندیش کە بە هاتنیان بۆ کوردستان و نیشتەجێبوونیان لە ناو بنکە و بارەگاکانی کۆمەڵەدا ''پازڵی'' رەوتەکەی تەکمیل کرد و ئێتر هیچ دەرفەت و دەلیلێک نەما بۆ ئەوە بەرەی هێزی کورد لێک نەترازێ. ئەم گروپە بچکۆلانە گوایا سەراسەرییە، کە شێوەی هاتنەکەی لای من ڕاست وەک ئەسپی ترۆیا دەچێت، بە سیاسەت و ڕێبازەکەی، کۆمەڵە و بەو نیسبەتەش بەشێک لە جووڵانەوەی کوردستانی بۆ ئەو مەسیرە ڕاکێشا کە ئیستە ئێتر دەگمەنن ئەو کەسانەی لە ئاکامە وێرانکارییەکانی نەگەیشتوون.

ئەم ڕەوتە، واتا هاتنی کەسانی نەیار و سەر بە ئۆپۆزیسیونی تاران بۆ کوردستان هێشتایش نەبڕاوەتەوە و بێ گومان لە داهاتووشدا بەردەوام دەبێ بەڵام شێوەی پێشوازی هێزە کوردییەکان هەر هەمان شێوەی جارانە. دوایین شەپۆلی ئەم هەڵاتن و گیرسانەوەیە ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە دوای سەرکوتەکانی ڕێژیم و ئەوەی پێیان ئەوت بزووتنەوەی سەوز ڕوویان لە کوردستان کرد و گەلێک کەسیان بە هاوکاری و هاسانکاری لایەنێکی کوردی هاتنە ئورووپا و ئەمەش لە حاڵێکدایە کە سەدان کەس و کەسایەتی کورد لە ژێر تیغی جەلادانی کۆماری ئیسلامیدا ڕوویان لە شوێنی هێزە کوردییەکان کردووە، داوای هاوکاری نا، هاسانکارییان بۆ کراوە بەڵام دەگمەن کەسێکیان بەر موحیبەت و پشتیوانی هێزێکی کوردی کەوتووە.

جیاوازی نێوان سازمانی ئینقلابی ئەو ڕەوت و ڕێبازانەی دوایی

بە ئێحتماڵی یەکجار فرە، ئەندامانی سازمانی ئینقلابیش وەک ئەوانی دیکە کە لە سەرەوە ئاماژەم پێی کردن، لەو قۆناخەدا ویستوویانە کوردستان بکەنە '' سکوی پرتاپ انقلاب ایران'' و لەو ڕێگایەوە تێئۆرییەکانیان پراکتیزە بکەن، بەڵام جیاوازییەکی یەکجار زۆریان لەگەڵ ئەو لەشکرە ئێرانیەی دوای شۆڕشی پەنجا و حەفت تێیدا دەبینرێ و ئەویش ئەوەیە کە ئەوان نەهاتبوونە کوردستان تاکوو ببنە ڕێبەری ڕێبەرانی کورد. بە پێچەوانەوە، لەم سەر بۆ ئەو سەری قسە و ‌هەڵویستانەدا کە لەم گوتوبێژە دوور و درێژانەیادا دەریان بڕیون و کاک حەسەن قازی لەم کتێبەدا خستوونیە بەر دەستی خوێنەران، دنیایەک ڕێز و قەدرشناسیی ئەوانە بە نیسبەت کورد وەک نەتەوە، ڕێبەرانێک کە ئەوان بوونەتە مێوانیان و تێکڕای ئەو کەسانەی کە ئەوان دیداریان لەگەڵدا کردوون. بێ گومان کاتێک ئەم جیاوازییە وەک خۆی هەست پێی دەکرێ کە قسەکانی ئەوان و ئەو هەڵویستە شۆڤینیستیانەی موجاهێدین دوای تێکچوونیان لەگەڵ حیزبی دیمۆکرات، ئەندامانی گرووپی سەهەند دوای ڕوویشتنیان لە کۆمەڵە و پێناسەیەک کە بۆ بزووتنەوەی کورد، ڕێبەرانی و تەنانەت ڕێبەرانی کۆمەڵەیش کە ماڵ و مڵک، سەروەت، سامان و سازمانی پڕ لە فیداکاری خۆیانیان موفت لە ئەختیار نان..

 بە هیوای ئەو ڕۆژە کە ئارشیوی ئێمەیش وەک خەڵکی دنیا دوای تێپەڕینی کاتی دیاریکراو، بخرێتە بەردەستی هەموان و دیوە شاراووەکانی مێژوومان کەمتر ببنەوە

جارێکی دیکە سپاس بۆ کاک حەسەنی قازی کە هەموو تەمەنی پڕباری خۆی بۆ خزمەتی نووسین و ئارشیوی کوردی تەرخان کردووە و بەم دوا بەرهەمەیشی کۆڵێک زانیاری و بەڵگە بەنرخی پێشکەشی کتێبخانەی کوردی کردووە


حاتەم مەنبەری
١٢/ ٣ / ٢٠٢١

No comments: