قسەکانی پڕۆفێسۆر عەبباس وەلی لە بەرنامەی تایبەتی نەورۆزانەی ماد مێدیا ئێوارەی شەمە ٢٠-ی مارسی ٢٠٢١
قسەکانی
پڕۆفێسۆر عەبباس وەلی لە بەرنامەی تایبەتی نەورۆزانەی ماد مێدیا
ئێوارەی شەمە ٢٠-ی مارسی ٢٠٢١
سامان
شەهابی: مامۆستا عەبباس شەوتان باش و
نەورۆزتان پیرۆز بێ.
پرۆفێسۆر عەبباس وەلی: نەورۆز لە ئێوە و لە بینەران
و بیسەرانی ئێوە لە تەواوی کوردستان لە هەر
کوێیەکی هەن پیرۆز بێ. سپاستان دەکەم.
شەهابی: مامۆستا عەبباس دیارە شرۆڤەی
نەورۆز زۆر لێکدانەوەی جیا جیای لە سەر دەکرێ، تەواوی گەلان لە ڕۆژهەڵاتی ناوین دا
نەورۆز پیرۆز دەکەن. بەڵام کورد زۆر پێ داگرە و دەڵێت ئەم نەورۆزە نەورۆزی
کوردەواری یە و بەردەوام کورد توانیویەتی داوخوازەکانی خۆی بێنێتە زمان، گەلۆ ئێوە
وەکوو لێکدانەوەی سەرەتاتان شرۆڤەتان لە سەر نەورۆز چییە، نەورۆز چ واتایەکی هەیە
ئایا تەنیا چێژنێکی کولتووری یە یا سەرهەڵدان یا خود شوێنێکە بۆ دەربڕینی داوخوازییەکان؟
وەلی: دیارە نەورۆز جێژنێکی
نەتەوەیی یە کە بارێکی کولتووری زۆر زۆر بەهێزی هەیە، بەڵام وەکوو هەر سەمبولێکی
نەتەوەیی – فەرهەنگی دەتوانێ و هەمیشەش لە چوارچێوەی سیاست دا ناسێنەی سیاسی، پێناسەی
سیاسی بە خۆیەوە دەگرێ. ئەو جوورەی کە من ئاگام لێیە لە دێیەکانی کوردستان دا ئێستا نەورۆز بووەتە
مەسەلەیەکی ئەساسی و جێژنی نەورۆز بە شێوەیەک بووەتە بەیانی ڕەمزی بەرخوەدانی
کوردی بەو جوورەی کە ئێستا لە چەند دێیان لە هەر ناوچەیەی دا بۆ خۆیان کۆ دەبنەوە و ئەو جێژنەی نە یەک ڕۆژ، نە دوو ڕۆژ و
جاری وایە تا یەک حەفتە لە ناوچەیەکی دا لە دێی جیاواز بە جێژن دەگرن، تێیدا
بەشدار دەبن و تەنانەت لە زۆر جێگایانیش ئەمن بیستوومە پاشان سروودی نەتەوەیی
دەخوێننەوە کاتێک ئاوری نەورۆز هەڵدەکەن و ئەوانەی مەشخەڵەکان دەگێڕن بە ئاسایی
منداڵان یان کەس و کاری شەهیدانن، ئەو کەسانەی کە لە پێناو ئازادی دا شەهید بوون
یا شەهیدانی ژینگەپارێز کە لەو چەند ساڵانە دا لە شەهید بوون. جا بۆیە ئەمن دیسان دەگەڕێمەوە سەر ئەو بابەتەی کە
شێوەی سیاسی لە چوارچێوەی کوردستانی دا خەتێکی جیاکەرەوە، سنووردانان لە نێوان
فەرهەنگ و سیاسەت لە هەلومەرجی ئەمڕۆ دا زۆر زۆر زەحمەتە، ئەوەی کە ڕەمزێکی
فەرهەنگی یە، ڕەمزێکی نەتەوەیی یە زۆر بە
ڕاحەتی دەتوانێ لە چوارچێوەیەکی دا ببێ بە ڕەمزی بەرخوەدانی سیاسی کورد و هەمیشەش
وا بووە بە تایبەتی ئەلئان لە ڕۆژهەڵات ئەو جوورەی کە من ئاگام لێیە، بابەتەکە زۆر
زۆر سیاسی یە و بە شێوەیەکی زۆر ڕوون و ئاشکرا ئەوە وەکوو ڕەمزێکی بەرخوەدان لە
بەرانبەر ڕێژیم دا بە جێژن دەگیردرێ و ئەو جێژنەی کە دەگرن نیشان دەدەن کە سەرەڕای
ئەو زەختەی کە لە سەریانە، سەرەڕای ئەو زەبرو زەنگەی کە لە مەنتەقەکەی هەیە چ لە
سەر تاک و چ لە سەر کۆمەڵ، نەورۆز وەکوو ڕەمزی بەرخوەدان لە بەرانبەر ڕێژیم دا
بەکار دێنن و پیرۆزی دەکەن و ئەو بە جێژن گرتنەش زۆر گرینگە، بە تایبەتی ئەمن کە باسی ئەوە دەکەم لە بەر ئەوەیە لە
جێگای وەک تورکیای، لە باکووری کوردستان یان شارێکی وەکوو ئەستەنبووڵ کە نزیکەی ٤-
٥ میلیۆنی کورد تێدایە کاتێک حکوومەت دێ پێشی دەگرێ یان چەت و گرفتی بۆ دێنێتە
پێشێ ئەوە بەو مانایەیە کە دەزانێ نەورۆز لە ڕووی سەمبۆلیکەوە لە کولتووری کوردی
دا چ گرینگییەکی هەیە و چۆن بە خێراییش دەتوانێ ببێتە مەسەلەیەکی سیاسی، دەتوانێ
ببێتە ڕەمزی بەرخوەدانی کورد هەر ئەو جۆرە کە زۆر جار لە ئەستەنبووڵی، لە
ئانکارایە لە باکووری بەتایبەتی لە دیاربەکری ئەو جێگایانەی کە ئەمن بۆخۆم بە
شەخسە لە نەورۆزێ دا دیتوومن دەزانم کە وەزعەکە ئاوا بووە. ئەوە لە ڕۆژهەڵاتیش
ڕوونە، لە ڕۆژهەڵات بی ئەملاو ئەولا ئێستا نەورۆز بووە بە دیاردەیەکی سیاسی، بووتە
ڕەمزێکی سیاسی و حکوومەتیش بەوە دەزانێ هەم لە ڕووی ئاینی یەوە و هەم لە ڕووی
سیاسی یەوە. یانی تێکەڵایەتییەکی ئایینی – سیاسی کە بنەمای ئیدێئۆلۆژی ئەو
ڕێژیمەیە نەورۆز حەرام دەکا. بەڵام یەک شت هەیە کە ئەو حەرام کردنە دە چوارچێوەی ئێران دا دەبێ چونکە
نەورۆز هەر وەک ئێمە دەزانین گەلەکانی دیکەی ئێرانیش نەورۆز بە جێژن دەگرن، لەوێش
کە ئەو زەختەیان لە سەرە تەقریبەن نەورۆز
ئەوە دروستە کە لە کوردستانێ تایبەتمەندی خۆی هەیە بەڵام دە چوار چێوەی
ئێران دا بە شێوەیەکی گشتی دەبێتە ڕەمزی موقاوەمەت و بەرخوەدان لە بەرانبەر ڕێژیمی
جمهووری ئیسلامی دا.
شەهابی: بەڕێز وەلی ئێستا لە ئێراندا نەورۆز هەر دەڕوات ئاڕاستەیەکی پێ دەدرێت،
لە ناو کوردەواریش دا تا ئاستێک بڵاو بووەتەوە لە ڕۆژهەڵات دا سفرەی حەفت سین و
قورئانێک و لەماڵەوە بە دەوری یەکەوە
دادەنیشن. لە لایەکی دیکەشەوە لێشاوێکی خەڵک دەیەوێ بڕواتە سەر چیاکان ئاگر
بکاتەوە. ئەو دوانە کەوتوونەتە بەرانبەر یەک. شکلی واقعی نەورۆز چییە؟ شتێکە
بۆخۆمان دروستمان کردووە یان شکلێکی واقعی هەیە یان چییە لەو دواییانە دا کورد زۆر
گرینگی بە نەورۆز دەدا؟
وەلی: بە باوەڕی من شکڵی واقعی
نەورۆز ئەوەیە کە زۆرتر لە لای ئێمە لە کوردستان دەکرێ. ئەوەی کە خەڵک دەچنە دەرێ
ئاگری دەکەنەوە، بە دەوری دا هەڵدەپەڕن. یەکتر دەبینن، قسان دەکەن، جێژن دەگرن،
خواردن دەخۆن و ئەوانە. بە باوەڕی من ئەو مەسەلەی سفرەی حەفت سین کە دای دەنێن
ئەوە جوورێک لایەنی شارێتی دانە بە نەورۆز. ئەو کەسانەی کە لێکۆڵینەوەیان کردووە
سەبارەت بە نەورۆز ئەمن قسە و ئاماژەکانی ئەوان دەگێڕمەوە ئەوان دەڵێن بۆ وێنە دانانی
سرکە ئەوە ئالترناتیڤێکە بۆ شەڕاب، یا دانانی قورئان ئەوە لێ زیاد کردنێکی ئیسلامی
یە چونکە نەورۆز زۆر لە پێش ئیسلام دا هەبووە. و ئەو گۆڕانکاریانەی لەو نەریتە دا
کراوە هەم مەزەب دەستی تێدا هەبووە و هەم دەسەڵات و ئەوەی کە سرکە جێگای شەڕاب
دەگرێتەوە یا شتێکی دیکەی لێ زیاد دەکەن
ئەوە دیارە وەکوو هەموو نەریتێکی نەتەوەیی دەستی تێوردراوە. شتێک لێرەدا بڵێم بە
باوەڕی من ئەوە مەسەلەیەکی گرینگە زۆربەی ئەو سەمبول و ڕووداوانەی کە بە نێوی
نەریت ناوی دەبەن بە ئاسایی شتی تازەن، مۆدێڕنن.
ئەوە بە شێوەیەکی تازە، لە مێژوو دا شایەد هەبووە، شایەد نەبووە، بەڵام بە سیاسەت
ئەوانە زیندوو دەکرێنەوە، جاچ لە لایەن خەڵکەوە، گەلەوە وەکوو ڕەمزی بەرخوەدان، چ
بە دەست حکوومەت و دەسەڵاتەوە کە دەیەوێ بە دەستێوەردان لەو بابەتانە دا نەریتەکە
لە سەر ڕا دابڕێژێتەوە بەو شێوەیەی کە بۆ خۆی دەیەوێ. بە باوەڕی من مەسەلەی حەفت
سین ئەوەندەی ئەمن لە مێژووی فەرهەنگی ئێرانێ و کوردستانێ دەزانم مەسەلەیەکی کوردی
نییە ئەوە لێزیاد کراوێکی فەرهەنگی فارس لە ئێران و بەشێکی زۆر لە چینی ناوەندی
ئێڕانێ یە کە پێوەندییەکی نزیکی لەگەڵ فەرهەنگی فارسی هەیە و ئەوە لاسایی کردنەوەیە لەوە. ئەو نەورۆزەی کە
ئێستا لە کوردستان دەیگرن هەر ئەو جوورەی کە ئەمن ئاماژەم پێ کرد، بە تایبەتی بەو
شێوەیەی لە دەرەوەی شاران لە کوردستان پیرۆزی دەکەن، ئاگر کردنەوە و چەند ڕۆژ یان
حەوتوویەک جێژن گرتن، هەر ڕۆژەی لە دێیەکی و لەدوایە بە شێوەیەکی ڕەمزی ئەو ئاورەی
کە دەکەنەوە و مەشخەڵی لێ ساز دەکەن و دەیدەن بە منداڵ و کەسوکاری شەهیدە
سیاسییەکان یان شەهیدانی ژینگەپارێز ئەوە بە سیاسی کردنی ئەو دیاردەیەیە. ئەوە زۆر
جیاوازە لە گەڵ ئەوەی کە لە دەوری سفرەی سرکە و سماق و سەمەنوو کۆ بییەوە، ئەمن
ناڵێم ئەوە خراپە، بەڵام ئەوە بە جوورێک قەرز کراوە لە فەرهەنگێکی دی. با ئەوەش
بڵێم ئەمن مێژووی فەرهەنگی کوردی بە قووڵی نازانم بەڵام ئەوەندەی کە لێی دەزانم
ئەو مەسەلەی سفرەی حەفت سینە شتێکە کە هاتووەتە نێو فەرهەنگی کوردی و تەنانەت لە
خودی فەرهەنگی فارسیش دا ئەوە شتێکی باستانی نییە بەو شێوەی وەکوو زوربەی
نەریتەکان تەنانەت لە ئینگلیستانیش کە دەڵێن وڵاتێکی نەریتی یە ئەگەر لە هێندێک لە
نەریتان بکۆڵییەوە دەبینی لە سەدەی هەژدە
ساز بووە. یانی نەریتەکە ناچێتەوە هەزار ساڵ لەوەی پێش. بە ئاسایی هەقایەکەتە لە
ئوڕووپایە ئاوایە، ئەمن لە زەمانی شای لە ئێرانێش ئەوەم دیوە بەئاسایی چینی
ناوەندی مۆدێڕن کاتێک دەیەوێ یا بە شێوەیەکی سیاسی یا بە شێوەیەکی ئابووری دەیەوێ
خۆی نیشان بدا بە ئاسایی ئەو شتانەی کە بەجۆرێک دەڵێن باستانی و زۆر قەدیمین
ئەوانە دەبووژێننەوە و زیندوویان دەکەنەوە. ئەمن ئەوەندەی لە مێژووی ئێرانێ دەزانم
پێم وا نییە سفرەی حەفت سین لە دووسەد ساڵ کونتر بێ. هەڵبەت ئەوەی بە پارێزەوە
دەڵێم و ناڵێم ئەمن پسپۆڕی مێژووی فەرهەنگیم. بە نیسبەت مێژووی سیاسی و ئابووری
ئێرانێ باش دەزانم، بەڵام ئەوە جیاوازە لە مێژووی فەرهەنگی ئێرانێ.
سامان شەهابی: بەڕێز وەلی ئێوە لەو بارەیەوە
سەرنجتان چییە گەلۆ پارتی و لایەنەکان لە ئاستی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دا چەندە هەوڵی
لەیەک نزیکبوونەوەیان داوە و هەر وەها دۆخێکی ئابووری گران لە سەر تاکەکانی
ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەبووە، بەڵام زۆر کەس باس لەوە دەکا دەڵێ هێشتا چەقۆ
نەگەیشتووەتە سەر ئێسقان بۆیە خەڵک بە
تێکڕا نایەنە سەر شەقام و مەیدانەکان.
وەلی: پێش ئەوەی وڵامی ئەو پرسیارەی
بدەمەوە خاڵێکی گرینگ هەیە دەبێ ئاماژەی پێ بکەم. ئەوە شتێکە کە بۆخۆم لێکۆڵینەوەم
لە سەر کردووە ئەویش ئەوەیە کە کۆڕۆنا باندۆری یەک دەستی لە سەر دەسەڵاتی ئێرانێ
نەبووە. دوو کاریگەری بە تەواوی جیاوازی هەبووە. کۆڕۆنا ئەو بەشە لە دەسەڵاتی کە
مودیرییەتی ژیانی ڕۆژانەی جەماوەری ئێرانێ دەکا بە توندی لاواز کردووە. و
ناکۆکییەکانی ناوخۆیی ڕێژیمی بۆ مودیرییەتی ژیانی خەڵکی ئەوەی کە بە ئەستۆی
حکوومەتەوەیە بە تەواوی نیشان داوە. حکوومەت پاشەکشەی کردووە لە زۆر جێگایان، بە
کردەوە ئیعترافی بەوە کردووە کە ناتوانێ مەسەلەکەی ئیدارە کا ئەوە یەکێک لە
کارتێکەرییەکانی کۆڕۆنا بووە. لە لایەکی دیکەوە کاتێک کە حکوومەت پاشەکشەی
کردووە و ئەو بەشە کە مودیرییەتی ژیانی ڕۆژانەی خەڵکە پێی نەکراوە جێی ئەوەی دا بە
زەبروزەنگ و زەخت هێنان. جا بۆیە لە ئێرانێ بە شێوەیەکی گشتی ئەو calculus واتە موحاسەبەی ئەمنییەتی ڕێژیم
زۆر فەرقی کردووە. زەبرو زەنگ و زەخت زۆرتر بووە بەڵام ڕێژیم لەو مەنتەقانە و لەو جێگایانەی کە دەبێ
مودیرییەتی ژیانی کۆمەڵ بکا تێک شکاوە. ئەوە شتێکە زۆر بە ڕوونی دەیبینین. ئەڵبەتە
تەئسیری گەمارۆکان لە سەر ئەوە زۆر بووە و ئەوە شتێکە کە حیزبەکانی ئێمە کەلکیان
لێ وەرنەگرتووە و ئەو فەزایەی کە تێک شکانی حکوومەت لە مودیرییەتی ژیانی ڕۆژانەی
خەڵک دا هێناویەتە پێشێ ئەو فەزایە تایبەتمەندی سیاسی خۆی هەیە ئەوە زەمینەیەکی بۆ
سیاسەتی موشارەکەت، بەشداری هێناوەتە پێشی، هەر وەتر ئەهەمییەتی سیاسی، گرینگی
سیاسی کۆمەڵگەی مەدەنی لە ئێرانێ زۆر زۆر بەرز کردووەتەوە. کاتێک ئەمن دەڵێم
کۆمەڵگەی مەدەنی مەبەستم تەعبیری لیبڕاڵی لە کۆمەڵگەی مەدەنی نییە، مەبەستم لەو
پانتایی یەیە کە لە نێوان دەسەڵات و خەڵک دایە و هەمیشە شانۆی خەبات و بەربەرەکانی
لە نێوان خەڵک و دەسەڵاتە. ئەو پانتایی یە ئەلئان کراوەتەوە و خەڵکیش هاتوونە ژوورێ بەڵام سازمان نییە.
ئێمە لە چەند نموونە دا دیتوومانە کە وەختێک هەستان بووە لە ئێرانێ لەبەر ئەوەی
سازمان نەبووە، ڕێبەرایەتی نەبووە ئەو مەسەلە نەیتوانیوە بەردەوام بێ. مەسەلەیەکی
ئەساسی کە دەبێ ئێمە سەرنجی خۆمانی لە سەر کۆ کەینەوە ئەوەیە کە کۆرۆنا تەئسیر و
باندۆرێکی یەک دەست و یەک جووری لە سەر بنەمای دەسەڵات نەبووە، ئەوە هەڵەیە ئەگەر وا
بڵێین. کۆڕۆنا حکوومەتی زۆر لاواز کردووە، هەر ئەوەی کە زەبروزەنگ و زەخت زیادی
کردووە نیشان دەدا کە حکوومەت قابلییەت و کەیفییەتی خۆی بۆ مودیرییەتی ژیانی
ڕۆژانەی خەڵک تا ڕادەیەکی زۆر لە دەست داوە و جێگای ئەوەی بە زەبروزەنگ و زیندان و
گرتن و ئەوانە پڕ کردووەتەوە. بە باوەڕی من کۆڕۆنا موعزەلێکی یەکجار گەوەرەی ئەو
حکوومەتەیە و زۆرتر و زۆرتریش لاوازی دەکا چونکە خەڵک هاوکاری لەگەڵ ناکەن.
هاوکاریشی لەگەڵ ناکەن لە بەر ئەوەی کە خەڵک چارەی نییە، خەڵک دەبێ کار بکا، خەڵک
دەبێ بچێتە بازاڕی، خەڵک دەبێ بچێتە کارخانەی و ناتوانن ئەوانە وەکوو ئینگلیستان و
فەڕانسە و ئەوانە دانیشن و حکوومەت پارەیان بداتێ. شتی وا نییە. جا بۆیە ئەو
ناکۆکی یە کە هەیە کۆڕۆنای کردووەتە مەسەلەی ئەساسی سیاسی حکوومەت. بە باوەڕی من
هەتا ئەو ڕۆژەی کە حکوومەت نەتوانێ ئەو زەرفییەتەی کە دە ساڵ لەوە پێشتر لە خۆی
نیشان دەدا کە ژیانی ڕۆژانەی خەڵک
مودیرییەت بکا تەئسیر و باندۆری کۆرۆنای لە ئێرانێ زۆرتر و زۆرتر کردووە. ئەوە یەک
مەسەلە، مەسەلەی دووەم ئی شتەکانە کە بە باوەڕی من کاک کاوەی ئاهەنگەری زۆر بە
دروستی ئیشاڕەی کرد بە چەند بابەت هەر وەها پێشتریش کاک محەمەدی خاکی ئاماژەی پێ
کرد. مەسەلەی ناوەندگەری لە ئێران زۆر گرینگتر و گەورەترە لە جمهووری ئیسلامی،
ئەگەر ئۆپۆزیسیۆنێکی وا بێ و جێگای جمهووری ئیسلامی بگرێتەوە و لە دەست فارسان
دابێ، لە دەست ئازەرییان دا بێ و کورد ڕۆڵێکی دەوێدا نەبێ دیسان زەختی ئەو
ناوەندگەرییە ئەو سێنترالیزمە دەکەوێتە سەر ئێمە و ئاماژە بەوەش بکەم کە هەتا
ئێستا تەواوی بەرنامە دانانە حیزبییەکانی ئێمە بەشێکی زۆری لە چواردیواری کێشە و
گیروگرفتەکانی ئیتنیکی و نەتەوەیی کوردی دا بووە، ئەتۆ پێی بڵێ ئێتنیک یا
نەتەوەیی، هەر کەسە تەعبیری خۆی هەیە. بۆیە ئێمە نەمانتوانیوە پشتی ئەو دیوارەی بە
باشی ببینین ئێمە ئەو حزوورەی کە بە باوەڕی من کاک کاوە بە دروستی ئاماژەی پێ کرد،
ئێمە دەوێدا حزوورمان نییە، ئێمە دەوێدا حزوورمان هەبێ، ئێمە دەتوانین وەزنێکی
گەورەمان هەبێ بەڵام نیمانە، کاتێک نیمانە. حیزبەکانی ئێمەش ئەو جوورەی هەن چ
پێمان خۆش بێ یان نەبێ جوورێک ناسیۆنالیزمن لە تاراوگە دا. دروستە کە هێزیان هەیە،
سازمانیان هەیە، فەعالییەت دەکەن یان چالاکی نهێنی و ژێر زەمینییان هەیە. ئەوانە
ئەمن قبووڵ دەکەم بەڵام ئەوەی کە گرینگە ئێمە حزوورێکی چالاکی سیاسیمان لە مەیدانی
سیاسی ئێرانێ دا نییە. ئەو مەیدانەی کە ئەلئان لێی کشاوەتەوە و پاشەکشەی لێ
کردووە. واتە مەیدانی مودیرییەتی ژیانی ڕۆژانەی خەڵکی چ ئابووری بێ،چ ئیداری بێ، چ فەرهەنگی بێ و چ
بێهداشت و ئەوانە بێ ئێمە حزوورمان نییە. ئەوە زۆر گرینگە تەنانەت لە کوردستانی
ئەو سازمانەمان بە شێوەیەکی تایبەتی ڕێک نەخستووە. حیزبەکانیش دیسان ئەوە بەحسێکی
دروست بوو کە ئەلئانیش بە باوەڕی من ئەو جۆرەی کە فارسەکان دەڵێن شەڕەکە لە سەر
" لێفەی مەلا نەسرەدین" ە. کاتێک ڕێژیم وەزعی ئاوایە ئێستا کاتی ئەوەیە
دەبێ لە سەر مەسەلە ئەساسییەکانی کۆمەڵی کوردستان مەسەلەی ئابووری، مەسەلەی
فەرهەنگی، مەسەلەی بێکاری، مەسەلەی کۆڵبەری و ئەوانە و هەر وەها ئەو جۆرە
مەسەلانەی کە بەرفرەوانترە لە ئێرانێ لە سەر ئەوانە ئیتیلافێکی پێک بێنن. ئێستا لە
هەلومەرجی ئێستا دا ئەوە دەبینین یەکێک لە حیزبەکان دەو هەلومەرجەی ئێستا دا تووشی ئینشیعاب بووە.
ئینشیعابەکەش لە سەر چییە کە جەماعەتێک پێیان وایە کە نوێنەرایەتی پڕۆلێتاریای
ئێرانێ تووشی موشکیلە بووە لە کوردستانێ. ئەخر ئەو مەسەلە حەپەڕووتی یە. واقیعەن
حەپەڕووتی یە. ئەوە سیاسەت نییە، ئەوە ڕۆمانتیزمە.
گوڵاڵە خزری: مامۆستا سپاست دەکەم. ببوورە
کە فەرمایشەکانت پێ دەبڕم، ئەگەر بکرێ بە کورتی هەرچەند شرۆڤە کردن ناوەکەی بە خۆ وەیەتی
ناکرێ بە کورتی ببڕێتەوە دەبێ هەموو شتەکان ئاماژەی پێ بکرێ. بەڵام لەو شوێنەی کە
فەرمایشەکانم بە جەنابتان قەتع کرد و فەرمووتان کە ئەو خاڵە پۆزیتیڤانەی، ئەو خاڵە
باشانەی کە لە ساڵی ڕابردوو دا کریاوە و دەکرێ دەبێ گەورەتر بکرێ، بەرفرەوانتر
بکرێ و وەکوو تەسبێحێک ئاماژەتان پێ کرد وەکوو بەنی تەسبێحێک کە پێویست بێ.
حیزبەکان بار و دٶخیان ئەوەیە کە هەیە
نازانم کە بەرنامەیان چی دەبێ و بۆ داهاتوو گەرەکیانە چی بکەن. ناوەندێکی هاو کاری
هەیە وەکوو بەڕێز کاوە ئاماژەی پێ کرد تا ئێستا چوار حیزب تێیدا بەشدارە و ئەویتر
بەشدار نابن ئەوە بار و دۆخی ئەوانە، کار و خەباتی ئەوان نابەینە ژێر پرسیار یا
ئەوەی کە بە کەم بیبینین بەڵام لە ئاستی وڵامدانەوەی پێویستییەکانی کۆمەڵگا دا
نییە. جەنابت پێت وایە چی بکریێت و بەنی تەسبێحەکە لە کوێ دایە، کێ یان چ لایەنێک
چۆن بتوانین دروستی کەین؟
وەلی: بە باوەڕی من هێزە سیاسییەکان
دەبێ بەرنامەکانیان زۆر بەرفرەوانتر لە مەسەلەی ئێتنیکی کوردی بکەن. ئەو جوورە
مەسەلانە دەبێ لە بەرنامەکانیان دا ڕەنگ بداتەوە کە ئەو مەسەلانە سبحەینێ ئەگەر
وەزع لە ئێرانێ بگۆڕدرێ یەخەی ئەوانە دەگرێ. هەر ئەو جۆرەی کە پاش شۆڕشی ئێرانێ
هەم یەخەی حیزبی دێمۆکڕاتی گرت و هەم یەخەی کۆمەڵەی گرت. ئەو مەسەلانە ئەلئان دەبێ
فکری لێ بکەنەوە یەک ئەوەیە، دووەمیش ئەوەیە کە دەبێ سیاسەتێکی بەرفرەوانتربەرەو
کۆمەڵگەی مەدەنی وەپێش بگیڕێ و ئەو هێزانەی کە لەوێدان تەیار بکرێن. پێشتر ئەگەر
هێز تەیار دەکرا پێیان دەگوت ئەوە جاشە، ئەوە سیاسەتێکی زۆر هەڵە بوو ئاکامی بۆ
ئێمە زۆر خراپ بوو. دەبێ ئەو هێزانە تەیار بکرێن لە دەرەوەی دیواری ئێتنیکی. ئەمن
ئەوەم زۆر جار باس کردووە کە ئێمە لە زۆر لە مەسەلەکانمان دا لەگەڵ نەتەوەکانی
دیکەی ئێرانێ شەریکین. ئێمە ئەگەر بمانەوێ
لە چوارچێوەی ئێرانێ دا سیاسەتێ بکەین
دەبێ نیسبەت بەوانە حەساس بین. کاتێک کە حەساس بین دەبێ سیاسەتمان هەبێ نیسبەت بە وان،
ئەگەر نەبێ تووشی موشکیلە دەبین، پاشەکشەی دەکەین لە ناوچەی خۆمان دا دەنیشین وەختێکیش
کە گۆڕانکاری هاتە پێشێ ئێمە هێچمان نییە بیڵێین. وە ئەو بەنەی کە دەنکەکانی
تەسبێحەکەی لە یەک گرێ دەدا بە باوەڕی من دەبێ لە ناوەرۆکی کۆمەڵگەی مەدەنی ئێرانێ
ڕا بێ.، لە ناوەرۆکی کۆمەڵگەی مەدەنی کوردستانێ ڕا بێتە دەرێ ئەوە زۆر گرینگە.
سامان شەهابی: کاک عەبباس ئەگەر شتێک ماوە یەک دەقیقەتان کات دەدەینێ
دوایە ماڵاوایی دەکەین فەرموو.
وەلی: بە باوەڕی من ئەوە دروستە کە سیاسەت گۆڕاوە، پرێنسپی سیاسەت گۆڕاون و هاوکات
لەگەڵ ئەوە مەسەلەی تەشکیلات وڕێبەرایەتی سیاسی گۆڕاوەب. بە باوەڕی من لە ڕۆژهەڵاتی ئەوەی کە پێویستە
دەبێ حەڕەکەتێکی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی
گەورە لە پێشدا دەست پێ بکا، ئەو حەڕەکەتە دەبێ جێگا ستراتێژییەکانی کۆمەڵگەی
مەدەنی بگرێ و کاتێک کە گرتی مەسەلەی ڕێبەرایەتی سیاسی تازە کە ڕێبەرایەتی بەشدار
بوونە نە ڕێبەرایەتی نوێنەرایەتی کردن . بەشدار بوونە کە مودیرییەتی تێدا دەبێ،
بەشدار بوونە کە تۆ دەزانی چ دەکەی دە حەڕەکەتەکەی دا. نەک ئەوەی کە لە کۆمیتەی
مەرکەزی یادەفتەری سیاسی دانیشی بەرنامەیان بۆ دروست بکەی. وەزعەکە گۆڕاوە. ئەو حەرەکەتە کۆمەڵایەتییانەی ئەو ڕۆژانە فەرقیان
هەیە لەگەڵ سانتڕالیزمی دێمۆکڕاتیکی زەمانی لێنینی، تەنانەت لەگەڵ وەزعی سی چل ساڵ
لەوە پێشیش فەرقی هەیە. بە باوەڕی من وەختێک حەڕەکەتێکی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی
بەرفرەوان لە ڕۆژهەڵات دەستی پێ کرد ئەو ڕێبەرایەتییە بەشدارانەیە participatory دێتە پێشی بە ئیحتیمالی زۆر
بەنی ئەو تەسبێحەی لەوێ دایە. ئەوە بە مانای نەفی ئەو حیزبانە نییە کە لە دەرەوەن
یان لە ژوورەوەن. ئەوەی کە من ئاماژەی پێ دەکەم لە ڕاستیدا ئەو وەزعە تەکمیل دەکا.
وەزعەکە گۆڕاوە، واقیعەن وەزعەکە گۆڕاوە.
دابەزاندن و ئێدیت: حەسەن قازی
وێبنووسی ڕوانگە
No comments:
Post a Comment