کۆمەڵگەی مەدەنی و سیاسەتی دێمۆکڕاتیک، دوو وانە لە زانینگەی مەد
کۆمەڵگەی مەدەنی و
سیاسەتی دێمۆکڕاتیک
دوو وانە لە
زانینگەی مەد
پرۆفێسۆرعەبباس
وەلی
تێبینی: ئەو دەرسانە سەبارەت بە چەمکی کۆمەڵگەی مەدەنی کە لە
زانینگەی مەد لە ساڵی ٢٠٠٠ یان ٢٠٠١ لە تێلێڤیزیۆنی مێدیا دا پێشکێش کراون دەبێ لە
بەستێنی وێژیاکی و سیاسی خۆیاندا ببیندرێن. ڕووخانی یەکێتیی جەماهیری شووڕەوی و هێرشی چین بۆ سەر
پاشماوەی مائوئیزم کە سەرهەڵێنانی ئابوورییەکی هێرشبەری کاپیتالیستی بە دوو دا هات
کۆتایی هێنا بە خەونی کۆمەڵێکی یەکسان و ئازادی کە کۆگای
سۆسیالیزم و نەبوونی پێوەندییە چەوسێنەرەکانی چینایەتی پەروەراند بووی. خەبات لە
پێناو وەدەست هێنانەوەی کۆمەڵگەی مەدەنی و دەرهێنانی لە چنگاڵی دەوڵەتە سەرە ڕۆیەکان
و ژیاندنەوەی تواناییە بەرهەمهێنەرەکان و ئەنێرژییە ئافرێنەرەکانی نیشانەی ئاشکرای
ئۆپۆزیسۆنە دێمۆکڕاتیکەکانی وەکوو چارتری ٧٨ بوو
لە چێکۆسلۆاکی پێشوو دا. ویستی زیندوو کردنەوەی کۆمەڵگەی مەدەنی هەر وەها
لە هەمان کات دا بەشێکی ناوەندی بوو لە خەباتە دێمۆکڕاتیکەکان بە دژی پەرەگرتنی
دەسەڵاتی سەرەڕۆ و دەسدرێژی دەوڵەت بۆ سەر ماف و ئازادییە دێمۆکڕاتییەکانی
شارومەندان لە ڕۆژئاوا. هێزی هێرشبەری سەرمایەداری ئازاد و بەرژەوەندیخوازی خۆپەرستانەی سەردەمی
رێگان و تاچر ئامانجی ئەوە بوو کۆمەلگەی مەدەنی بکا بە مەیدانیکی بەربڵاوی نەوسی
شەخسی و دەسکەوت و بەرژەوەندی ئابووری هەر هەمان ئەو هۆیەش بوو کە مارکس بگەیێنێتە
ئەوەی ئیعتیباری گۆیا بورژوازی کۆمەڵگەی مەدەنی وەدوایە بداتەوە . مارگارێت تاچر لە هەڕەتی دەسەڵاتی دا ئەو قسە بە
ناوبانگەی کرد: " شتێک نییە بە ناوی کۆمەڵ، تەنێ بنەماڵەکان و تاکەکان هەن
". وەدوا دانەوەی چەمکی کۆمەڵگەی
مەدەنی، لە لایەن مارکسەوە کە زۆربەی هەرە زۆری لایەنگرانی بە باوەشی ئاواڵەوە
وەریان گرت و سەریان وەبەرهێنا، بە قیمەتی گران لە سەر مارکسیسم وەستا، بە تایبەتی لە بە تیوری کردنی پێوەندیی
نێوان دێمۆکڕاسی و سۆسیالیسم دا. ئەوە ئەو دەمی و ئێستاش چەقی خراپ تێگەیشتنی
مارکسیستییە لە دێمۆکراسی وەکوو ' باشترین
قاوغی سیاسی بۆ چەپاندنی بورژوازی'.
ئەو پێشوەچوونانە لە مەیدانی سیاسی و
ئیدێئۆلۆژی نێونەتەوەیی دا بووە هۆی زیندوو بوونەوەی خێرای مەیل بەرەو چەمکی
کۆمەڵگەی مەدەنی لە دنیای سیاسی، ڕۆژنامەگەری و ئاکادێمی دە ساڵانی ١٩٩٠ کاندا. ویستی زیندوو کردنەوەی ئەو چەمکە و
بەکار هێنانی لە ویژیاک و لێکدانەوەی ئۆپۆزیسیۆنی گەلیی بە دژی حوکمی دیکتاتۆری و
سەرەڕۆیی دا زوو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئێران بە ڕۆژهەڵاتیشەوە دەنگی دایەوە. لە
بەستێنی ئێران دا چەمکی کۆمەڵگەی مەدەنی جێگایەکی ستڕاتێژیکی پەیدا کرد لە
دیسکۆرسی سیاسی و کولتووری
ڕێفۆرمیستەکاندا. ئەوان بۆ گەیشتن بە
دوو مەبەست ئەو چەمکەیان دەکار کرد.
یەکەم بۆ بەرعۆدەییان لە ئاست حوکمی قانوون وەکوو داوەری هەری
بەرز لەمەڕ سیاسەت و دووهەم بۆ بەرگری لە ئۆتۆنۆمی کۆمەڵ لە
بەرانبەر سوڵتەی لە زێدەی دەسەڵاتی
سیاسی کە بەدەست ئەو
داودەزگا سیاسی، نیزامی و ئەمنیانەوە بوون کە لە دەرەوەی بواری حدوود و
سنووری دەسەڵات و سیاسەت هەڵدەسووڕان کە قانوون دیاری کرد بوو. هەڵوێستی
ڕێفۆرمیستەکان لە مەڕ کۆمەڵگەی مەدەنی و پانتایی گشتی پێڕەو کردنی بیری بیرمەندانی
ئینگلیسی – سکاتلەندی و فەڕانسەیی سەدەکانی هەژدەهەم و نۆزدەهەم بوو.
ئامانجی ستڕاتێژیکی ڕێفۆرمیستەکان ئەوە
بوو ڕێفۆرمیستە کوردەکان دوور خەنەوە و عیلاجێک ببیننەوە بۆ مەشرووعییەتی ڕێژیمی
ئیسلامی کە خەریکی داڕمان بوو. لە
ڕۆژهەڵات کوردە ڕێفۆرمیستەکانیش هەر هەمان تێگەیشتنیان هەبوو لەمەڕ چەمکی کۆمەڵگەی مەدەنی و هەر هەمان
قسەیان دەکرد کە لە ئێران دا بە گشتی دەکرا وەکوو مرادە تیوری و
پێشرەوە سیاسییەکانیان لە دەروون و لە دەرەوەی حکوومەت لە تاران. ئەوان پێکێشیان کرد لە سەر بەڕێوەبردنی وێژیاک
و کردەوەکانیان لە چوارچێوەی بەرتەنگییەکانی قانوونی بنچینەیی دا کە لەو قانوونە
دا حدوود و سغووری دەسەڵات و ئۆتۆریتە بە پێی دوکتورینی ویلایەتی فەقیه دیاری کراوە
تەجەسومی قودرەتی موتڵەق، کە لەسەرەوەی هەموو جۆرە قانوون و مەشرووعییەتتی
قانوونییە. ئەو بۆچوونە ساویلکانەیە بۆ
قودرەت و قانوون، لە مەڕ تەبیعەتی قودرەتی مەشڕووع و ئەو سیاسەتانەی کە قانوونی
بنچینەیی لە جمهووری ئیسلامی دا پشتیان دەگرێ، بوو بە هۆی شکستی ڕێفۆرمیستەکان.
ئەو دەرسانە بە ئاگاداری لە مێژووی تیوری و سیاسی ئەو چەمکە لە بەستێنی نێونەتەوەیی، هەرێمی و
ئێرانی دا حەول دەدەن ناساندن و تەعریفێکی بەدیل بهێننە گۆڕێ.
٢٥-ی مەی ٢٠٢١
=============
باسی ئەمڕۆی ئێمە لەبارەی کۆمەڵگەی
مەدەنی و سیاسەتی دێمۆکڕاتیکە. چەمک یان کۆنسێپتی کۆمەڵگەی مەدەنی دە ماوەی ئەو
پازدە ساڵەی دا بووەتە چەمکێکی سەرەکی تێۆری سیاسەت لە دنیای ئەمڕۆ دا و لەوەش زیاتر
ئەو چەمکە بووەتە چەمکێکی ستڕاتێژیک دە فکری سیاسی هێزە دێمۆکڕاتیکەکانی دنیای ئەمڕۆ
دا. پاش ڕووخانی کۆمۆنیزم لە ساڵی ١٩٨٩ و هەر وەها پاش ئەوەی کە پسپۆڕە سیاسییەکان
و سیاسەتمەدارانی دێمۆکڕاتیکی دنیای ڕۆژئاواش بەو نەتیجەی گەیشتن کە ئەساسی ئەو
دێمۆکڕاسییەی کە دە ماوەی ٢٠٠، ٢٥٠ ساڵی پێشوو
دامەزرێندراوە ناتوانێ وڵامی بەشێک لە مەسەکانی ئەمڕۆی ئەو کۆمەڵانەی ئوڕووپایی
بداتەوە گوتیان دەبێ گۆڕان وتەحەولێک لە فکری دێمۆکڕاتیک و لە سیاسەتی دێمۆکڕاتیک
دا بکرێ.
لەو چوارچێوەیە دابوو کە چەمک، کۆنسێپتی کۆمەڵگەی مەدەنی دیسان هاتە گۆڕێ و باسێکی
زۆری لە سەر کرا و باسێکی زۆری لە سەر دەکرێ. ئەڵبەتە ئەو چەمکە تەنیا لە دنیای ڕۆژئاوا دا نەبووەتە باو، بەڵکوو لە
ڕۆژهەڵاتی نێوە ڕاستیش دا، دە دنیای عەڕەب دا، لە تورکیا دا، لە ئێران دا و
تەنانەت لە ئاسیای نێوەڕاست دا و لەو کۆمارانەی
کە تازە لەوێدا دروست بوون بەحس لە سەر کۆمەڵگەی مەدەنی هەیە.
ئەو بەحسە بەحسێکی موجەڕەد نییە، بەحسی کۆمەڵگەی مەدەنی دە پێوەندی دایە لەگەڵ
ڕێژیمی دێمۆکڕاتیک، پڕۆسەی دێمۆکڕاتیک و لەگەڵ ئەوەی کە چۆن دێمۆکڕاسی دەبێ ساز
بکرێ و چۆن پڕۆسەی دێمۆکڕاتی دەبێ بەردەوام بکرێ و پاش وەی کە حکوومەتی دێمۆکڕاتیک
هاتە سەر کار چۆن ئەو جەماوەرەی کە ڕەئیان داوە بتوانن کۆنتڕۆڵێک لە سەر کاری ئەو حکوومەتەی
کە ڕەئیان پێ داوە، هێناویانەتە سەر کار ڕابگرن. و دە حەقیقەت دا ئەگەر بمانەوێ لە
ئەساسی مەسەلەی بکۆڵینەوە و بڵێین بۆچی چەمکی کۆمەڵگەی مەدەنی بووەتە باو و ئەو
هەموو بەحسەی لە سەر دەکرێ دەتوانین ئەوەی دە ڕستەیەک دا کورت بکەینەوە ئەویش
ئەوەیە ئەو چەمکە بە شێوەی ئیستعارەیەک، مێتافۆڕێکی تێۆریکی سیاسی باسی حدوود و
سنوور و بەرتەنگییەکانی قودرەتی سیاسی دە عەمەل دا دەکا.
ئەوە بە تایبەتی دە چوارچێوەی سیاسەتی دێمۆکڕاتیک دا باسی مێکانیزمەکانی دەکا،
باسی ئامراز و ئەبزارەکانی دەکا کە جەماوەر دەتوانن دە ئیختیاریان دا بێ بۆ ئەوەی بتوانن کۆنتڕۆڵی خۆیان لە سەر پڕۆسەی سیاسی
ڕابگرن، بەرتەنگییەک دیاری بکەن بۆ عەمەلکەردیی سێنترالیزمی سیاسی و هەر وەها بتوانن
ئەو ئەسڵەی دێمۆکڕاتیک کە حکوومەتی دێمۆکڕاتیک دەبێ ئەسلی پلوورالیزم کە بنەمای سەرەکی هەلبژێردرانی خۆی بووە ڕەچاو بکا و بە دەم ڕەچاوکردنیشی وڵامدەریش بێ
لە ئاست ئەو کەسانەی کە هەڵیان بژاردووە.
ئەگەر ئەو تەعریفە بەشێوەیەکی گشتی قبووڵ
بکەین بڵێین چەمک یا کۆنسێپتی کۆمەڵگەی مەدەنی لە بەر وەی بۆتە باو کە هەم لە
دنیای ڕۆژئاوا و هەم لە دنیای پێشووی کە دە ژێری سولتەی جەماهیری شووڕەوی دا بوو،
واتە لە ئوڕووپای ڕۆژهەڵات بەو نەتیجەی گەیشتوون کە یەکەم کۆمەڵگەی مەدەنی بۆ ئەوە
پێویستە حدوودی قودرەت، سنوور و ئتیختیاراتی دەوڵەت دیاری بکا و دووهەمیش بۆیە
پێویستە پڕۆسەی دێمۆکڕاتیک هەبێ کە بتوانێ کار کردنی ئەو پڕۆسەی دێمۆکڕاتیکە یا
دەوڵەتە دێمۆکڕاتیکەی کۆنتڕۆڵ بکا و پێشی ئەوەی بگرێ ئەرکەکانی سێنترالیزەی خۆی لە
تەواوی ڕەهەندەکانی کۆمەڵ دا گەشە پێ بدا.
جا لەو چوارچێوەی دا دەبێ ئێمە ئەو باو بوونی چەمکی کۆمەڵگەی مەدەنی ببینین. لە
دنیای ئەمڕۆ دا بە تایبەتی ئێمە کە باسی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکەین، بە تایبەتی
باسی ئەو دەوڵەتانە دەکەین کە کورد تێیاندا دەژی یانی عێڕاق، ئێران، تورکیا و
سووریا دەوێدا ئەو چەمکی کۆمەڵگەی مەدەنی لایەنێکی ستڕاتێژیکی زۆر سەرەکی هەبووە
کە ئەوە بووەتە ئەبزار و ئامرازی تێۆریک و سیاسی ئەو هێزانەی کە ویستوویانە پڕۆسەیەکی
دێمۆكڕاتیزە کردنی سیاسەت لەو دەوڵەتانە دا دەست پێ بکەن. جا بۆیە ئەو بەحسانە کە
لەوێ کراوە تەنیا بەحسی تێۆریک و فەلسەفی
نەبوون بەڵکوو بەحسی ستڕاتێژیکی سیاسیش بوون و هەن.
لەو چوارچێوەی دا ئەگەر تەماشای بکەین ئەو بەحسانەی کە دەکرێن هەڵوێست و
ڕێفرێنسیان، واتە بۆچوونیان ئەوە بووە کە دە فەلسەفەی سیاسی ڕۆژئاوا دا هەبووە سەبارەت بە کۆمەڵگەی مەدەنی. مەسەلەی کۆمەڵگەی
مەدەنی دە فەلسەفەی سیاسی ڕۆژئاوا دا مێژوویەکی
دوور و درێژی هەیە تەقریبەن دەکرێ بڵێین نزیک چوارسەد ساڵە مەسەلەی کۆمەڵگەی
مەدەنی بە شێوەیەک هاتووەتە گۆڕێ بەڵام نە بەو مەعنایەی کە ئەمڕۆ بەکاری دەبەن. لە
پێوەندی لەگەڵ پڕۆسەی دێمۆکڕاتیک لە ڕۆژئاواش دا تاریخێکی هێندە دوورودرێژی نییە و
لە سەدەی نۆزدەوە ئەو بەحسانە بەو شێوەی دەستیان پێ کردووە.
ئێستا لێرە دەرفەتی ئەمە نییە بە وردی بچینە سەر ئەو باسەی کە مەسەلەی کۆمەڵگەی
مەدەنی لە ئوڕووپایە، لە فەلسەفەی سیاسی ڕۆژئاوا دا چۆن وێنا کراوە بەڵکوو باشتر ئەوەیە بە
شێوەیەکی گشتی باسی گرایشە ئەساسییەکانی، باسی تڕێندەکان و پڕۆسە فکرییە
سەرەکییەکان لەو پێوەندییە دا بکەین. ئەویش ئەگەر ئاوا بۆی بچین دە فەلسەفەی سیاسی ئوڕووپایە دا، دە فەلسەفەی
سیاسی ڕۆژئاوا دا کۆمەڵگەی مەدەنی بە دوو شێوە دیتراوە:
یەک ئەوەیە کە کۆمەڵگەی مەدەنی وەک حکوومەتی قانوون دەبینێ. بەو مەعنایەی کە دەڵێ
بە وەسیلەی ئامرازی قانوونەوە دەتوانێ سەربەخۆییەک بۆ خۆی بپارێزێ کە بتوانێ لە بەرانبەر دەوڵەت دا مەوجوودییەتی هەبێ و قەت تەسلیمی قودرەتی سیاسی بەو شێوەی نەبێ.
ئەو تەعریفەی کە کۆمەڵگەی مەدەنی لەگەڵ
حکوومەتی قانوون بە یەک دادەنێ و لەگەڵ حکوومەتی سیاسی مەحدوود ئەوە بە جۆرێک
شایەد بتوانین بڵێین بە شێوەیەکی گشتی
مەنشەئی ئەو فکرەی دەچێتەوە سەر فەلسەفەی سیاسی توماس هابز فەیلەسووفی سەدەی ١٧-ی
ئینگلیستان. هابز باسی civil society یا
کۆمەڵگەی مەدەنی دەکا بۆ ئەوەی فەرقی نێوان کۆمەڵگەی تەبیعی کە کۆمەڵگەیەکی پێش
کۆمەڵگەی مەدەنی یە، فەرقی بەینی ئەوە و کۆمەڵگەی مەدەنی دەستنیشان بکا. فەرقی
بەینی ئەو دوانە لە جێدا لە ڕوانگەی
هابزیەوە بوونی قانوون و حکوومەتی قانوونە
کە دەتوانێ حدوود و سغووری قودرەتی سیاسی دیاری بکا. ئەگەرچی هابز لە جێدا بۆخۆی تێۆریسیەنی absolutism یانی
موتلەقگەرییەکی سیاسی دەچوارچێوەی ئینگلیستان دا بووە بەڵام بنەما و ئاکامە فکرییەکانی کە لە بەحسەکانی وی دا سەبارەت بە حکوومەتی قانوون دە بەرانبەر دەوڵەتێ دا یا
دە چوارچێوەی دەوڵەتێ دا دەکرێ دەتوانێ زۆر ئاکامی لیبێڕاڵی لێ وەرگیری یا بەشێکی شایەد ئاکامی دێمۆکڕاتیکی لێ وەربگیرێ کە بڵێین وەکوو
کولییەتێک باس لە کۆمەڵگەی مەدەنی دەکا.
ئەو بەشەی کە دەچێتەوە سەر فکری هابزی لە سەدەی ١٧-ی لە ئینگلیستان ئەڵبەتە لە
ئێرانیش دا هەر ئەو جۆرە ناساندنەی کۆمەڵگەی مەدەنی یە کە کۆمەڵگەی مەدەنی وەک حکوومەتی قانوون و قودرەتی مەسئوول دەبینێ.
بەحسێکی دیکەش لە کۆمەڵگەی مەدەنی کە بنەماکەی دەچێتەوە سەر، بڕێک پاش هابزی،
دەچێتەوە سەر بەحسەکانی فەیلەسووفەکانی عەسری خیڕەد و ئاوەز یا عەسری ڕەوشەنگەری کە دەوێدا
وەکوو موجتەمەعێک باسی کۆمەڵگەی مەدەنی
دەکەن کە سەربەخۆیە لە فۆنکسیۆنی دەوڵەت و دەتوانێ سەربەخۆیی خۆی بپارێزێ.
ئەو بەحسە بە جۆرێک هەم لە میسرێ زۆر شی کراوەتەوە و زۆری بەحس لە سەر کراوە، لە
تورکیا بەحسی لە سەر کراوە، لە ئێرانیش بە جۆرێک بە تایبەتی ڕەوشەنبیرانی لاییک لە
ئێرانێ زۆرتر چوون بەرەو ئەوەی ئەو
تەعریفە لە چەمکی کۆمەڵگەی مەدەنی باو بکەن و بڵاوی کەنەوە.
بە باوەڕی من هەر دووک ئەو تەعریفانە کە لە دیسکۆرس دا، لە وتار دا دێن تەئکید لە
سەر سەربەخۆیی کۆمەڵگەی مەدەنی دەکەن، یەکیان ئەوەی کە حکوومەتی قانوون فەزایەکی
دێنێتە پێشی کە دەوێدا دەتوانێ کۆمەڵ دە بەرانبەر دەوڵەت دا جۆرێک سەربەخۆیی نیسبی
بۆ خۆی پێک بێنێ. دە دووەمی دا، دە
تەعریفی دووەمی دا بنەمای باسەکە لە سەر ئەوەیە کە کۆمەڵگەی مەدەنی ئەو موجتەمەعەیە کە لە دەرەوەی
سنووری دەوڵەت دا دەمێنێتەوە.
بە باوەڕی من هەر دووک ئەو باسانە هەڵەیان هەیە ئەگەر ئێمە بڵێین کۆمەڵگەی مەدەنی
دەچوارچێوەیەکی سیاسی دا دەژی کە لەوێ قانوونێک هەیە، ئەو قانوونەش دەوڵەت دروستی
دەکا، بەو مەعنایەی کە کۆمەڵگەی مەدەنی لە ڕاستیدا ئەو سەربەخۆیییەی تێۆریسیەنان دەیانەوێ پێی بدەن
یا ئەو کەسانەی کە دەیانەوێ بە جۆرێک لە یەکێک لەو دوو ناساندنانەی کۆمەڵگەی
مەدەنی کەلک وەربگرن، ئەو سەربەخۆییەی کە پێی دەدەن، ئەو سەربەخۆیی یە لە ڕاستیدا
بەوشێوەی وجوودی نییە لەبەر ئەوەی کە قانوون هەیە، لە کۆمەڵێک کە قانوون هەیەو
قانوونیش دەوڵەت دروستی دەکا دەکار کردنی قانوون
بەو مەعنایەیە کە هەر نەهادێک، هەر دامەزراوەیەک، هەر پڕۆسە و هەر گوزارە و هەر
عەمەلێک کە دە چوارچێوەی وی دایە تابیعی ئەو قانوونەی دەبێ و لە جێدا ئەو سەربەخۆییەی
وی یا بە جۆرێک لە دەست دەچێ یا بە جۆرێک دەبێتە سەربەخۆییەکی نیسبی.
جا لێرە دا ئەو بەحسە دێتە پێشێ ئەگەر مەسەلە ئەوەیە کە کۆمەڵگەی مەدەنی دە چوارچێوەی دەوڵەتێکی دا
کارێ دەکا کە قانوونی دروست دەکا و کۆمەڵگەی مەدەنیش بە شێوەیەک تابیعی ئەو
قانوونەیە و ناتوانێ لە دەرەوی چوارچێوەی
ئەو قانوونەی کارێ بکا و تابیعی وییە تەئسیر و گرینگی کۆمەڵگەی مەدەنبی دەوەیدا
چییە؟
بە باوەڕی من ئێمە دەتوانین ئەو بەحسەی ئاوا هەڵگێڕینەوە و ئەو جۆرەی بناسێنین کە کۆمەڵگەی مەدەنی دە ئەساس دا لە چوارچێوەی
قانوونی دەوڵەتێ دا کارێ دەکا بەڵام ئەوە قانونێکی تایبەتی یە. ئەوە قانوونێکی تایبەتی یە یان قانوونێکە تایبەتی
دەوڵەتی مۆدێڕنە. ئەوە قانوونێکە دەوڵەتی مۆدێڕن مەشرووعییەتی لێ وەردەگرێ و
قانوونێکە مەشرووعییەت دەدا بە دەوڵەتی مۆدێڕن وە قانوونێکیشە کە دەوڵەتی مۆدێڕن
مەشرووعییەتی لێ وەردەگرێ هەر وەها دەتوانێ مەشرووعییەتێش لە دەوڵەتێ وەرگرێ. بەو
مەعنایە لێرە ئێمە کە باسی قانوونی دەکەین باسی سیستمێکی قانوونی دەکەین کە
قانووندانەر بۆخۆشی وەکوو تاکوتەرا، وەکوو
هاووڵاتیان یا وەکوو جەماوەر بۆخۆشی تابیعی ئەو قانوونەیە کە بۆخۆی دروستی دەکا.
یانی گوێڕایەڵی لە قانوون بۆ خودی قانووندانەریش هەیە یانی بنەمای مەشڕووعییەتی
ڕێژیم بەوە بەستڕاوەتەوە کە قانووندانەر بۆخۆشی تایعی قانوون بێ یانی دەوڵەت قودرەتی
سیاسی، قودرەتی قانوونی یە، ئۆتۆریتە یانی قودرەت، قودرەتی قانوونی، ئیختیاری
قانوونی، ئیختیاری مەشڕووع یانی مەشڕووعییەتی خۆی لە قانوونێ وەردەگرێ و
قودرەتێکیش کە مەشڕووعییەتی لە قانوونێ وەربگرێ بەو مەعنایەیە کە ئەو قودرەتە
قودرەتێکی مەسئوولە، قودرەت بەو مەعنایەی کە قودرەت مەحدوودە. قودرەت حدوود و
سنووری هەیە. بەڵام لێرە دا کۆمەڵگەی مەدەنی ئەگەر دە چوارچێوەی حکوومەتێکی
قانوونی دا ئاوا کارێ دەکا کە دەتوانێ سەربەخۆیی نیسبی خۆی دەو چواڕچێوەی دا بپارێزی
و دە چوارچێوەیەکی قانوونی ئاوا دا پێشی پەرەسەندن
و بەرفرەوان بوون و زیاد بوونی قودرەتی سیاسی بگرێ.
ئەگەر بنەماکە ئەوە بێ ئێمە دەتوانین بڵێین کۆمەڵگەی مەدەنی دە ئەساس دا حەوزە یا بوارێکی
دیسکۆرسی یا وتارییە و تەواوی ئەو ئینستیتووشنانە و ئەو پڕۆسێسانە و ئەو
عەمەلانەی کە بە جۆرێک لە پێوەندی لەگەڵ
ئەو بوارە وتارییە دان و دەتوانن پشتیوانی
لێ بکەن، ئەوەی بەرنە پێشێ و ئەو سیستمی وتارییەی، ئەو سازوارە و ئەو سیستمی وتاری
یا سیستمی دیسکۆرسییە ناتوانێ بە بێ ئەو دامەزراوانە بچێتە پێشێ و خۆی ڕابگرێ.
ئەو ئینستیتووشنانە سەربەخۆییەکیان هەیە لە دەوڵەتێ، نە لە قودرەتی سیاسی بەڵکوو
سەربەخۆن لە عەمەلکەردەکانی ناوەندخوازی قودرەتی سیاسی و دەتوانن لە بەرانبەیدا ڕاوەستن بە پاڵپشتی ئەو تەعریفەی لە قانوون کە
من کردم.
جا ئەگەر بەحسەکە ئەوە بێ ئێمە دەتوانین دیسان بێینەوە سەر کۆمەڵگەی مەدەنی بڵێین
کۆمەڵگەی مەدەنی مەجمووعێکە لەو سیستمانەی وتاری و دیسکۆرسی و ئینستیتووشەکان و
پڕۆسێسەکان و پڕاکتیسەکانی کۆمەڵگەی کە دەتوانێ لەدەرەوەی سنوور و ئیختیاراتی ناوەندخوازانەی
دەوڵەت دا ڕاوەستێ. تەئکید دەکەم لێرە سنوور و ئیختیارات و کردەوە و سیاسەتەکانی ناوەندخوازانەی
دەوڵەتێ نەک لە دەرەوەی قانوونی دەوڵەت. لە ئەساس دا ئەو قانوونەی کە ئەمن عەرزم
کرد لێرە،ئەوەی کە کوتم قانوون تەنیا وەختێک دەتوانێ مەشرووعییەتێ بدا بە قودرەتی سیاسی
ئەگەر قودرەتی سیاسی کە بۆخۆی قانوون دروست دەکا بۆخۆشی تابعی قانوون بێ. جا ئەگەر
ئەو ئەسڵە ڕەچاو بکرێ ئەو دەمی قانوون دەبێتە بنەمایەک بۆ کۆمەڵگەی مەدەنی کە بتوانێ
لە بەرانبەر فۆنکسیۆنە ناوەندخوازەکانی قودرەتی سیاسی ڕاوەستێ.
فۆنکسیۆنە ناوەندخوازەکانی قودرەتی سیاسی
هەمیشە بەرەو ئەوە دەڕۆن کە کۆمەڵگەی یەکدەست بکەن بەو مەعنایەی کە فەرق و جیاوازی
لە کۆمەڵ دا بێنن لە بن یەک ئەسڵی ئەساسی
دا دایبنێن و کۆنتڕۆڵی بکەن. ئەو ئەسڵی ئەساسییە ناسێنەیەکە کە هو وییەی قودرەتی سیاسی یە، ئەو هو وییەی قودرەتی
سیاسی
هو وییەی ئیختیاراتی حاکمییەتە کە لە چەمکی حاکمییەت یا sovereignty ئاو دەخواتەوە.
ئەگەر ئەو تەعریفەی بگرین و ئاوا بڕۆین کە فۆنکسیۆنە ناوەندخوازەکانی دەوڵەتێ لە
بەرانبەر کۆمەڵگەی مەدەنی دا مەشڕووعییەتی خۆیان لە ئەسڵی حاکمییەت وەردەگرن و هو وییەتی
حاکمییەتیان هەیە و دێنن دەیانەوێ ئەوەی
بە سەر کۆمەڵگەی مەدەنی دا زاڵ بکەن و ئەو فەرق و تەفاوتانە، ئەو جیاوازیانە کە بنەمای
پلووڕالیزمی دێمۆکڕاتیکە ئەوەی دە ژێر سولتە و کۆنتڕۆڵی بوارێکی ئەساسی سیاسی
خۆیان دا دابمەزرێنن، ئەگەر مەسەلەکە ئەوە بێ بەو مەعنایەی دەگەڕێینەوە سەر ئەو
تەعریفەی دەڵێین کە کۆمەڵگەی مەدەنی لێرە
کولییەتێکە کە لە بەرانبەر قودرەتی سیاسی دا ڕادەوەستێ و پەیتا پەیتا دەگەڵ قودرەتی سیاسی دە موبارەزە
و دە موجادەلە دایە کە حدوود و سنووری ئەو قودرەتەی دیاری بکا.
جا ئەمن ئەو بەحسەم دە ئەوەڵێ دا کرد کوتم
ئێمە هەر تەعریفێکی لە کۆمەڵگەی مەدەنی بگرین چ ئەوەی بە حکوومەتی قانوون و
دەوڵەتی مەسئوول بزانین و چ ئەوەی بە
شێوەی ئینیستیتووشن و نەهاد و گوزارەکانی بزانین کە ئەوانە بە جۆرێک سەربەخۆیی
نیسبییان هەیە هەر کامێکی لەوانە بگرین مەسەلەی ئەسڵی ئەوەیە کە هێنانە گۆڕ و کەلکوەرگرتن
لە چەمکی کۆمەڵگەی مەدەنی بۆیەیە کە حدوود و سغووری ئیختیاراتی قودرەتی سیاسی دیاری
بکەین ئەگەر لە ڕاستیدا بمانەوێ تەفسیرێکی
ئەساسی زۆر کورت، زۆر مۆئەسیر لە کۆمەڵگەی مەدەنی بکەین دەبێ بڵێین کۆمەڵگەی مەدەنی ئیستیعارەی،
مێتافۆڕی قودرەتی مەسئوولە. قودرەتێک کە پلوورالیزمی سیاسی دەپارێزێ، قودرەتێک کە
مەسئوولییەتی هەیە دە بەرانبەر ئەو کەسانە دا کە حکوومەتیان لە سەر دەکا.
قودرەتێکە کە ئەوانەی حکوومەتیان لە سەر دەکا حقووقێکیان هەیە کە دەتوانن دە بەرانبەری
ویدا ڕاوەستن و بیانەوێ دەوڵەت وڵامیان بداتەوە و بیانەوێ کە دەوڵەت مەسئوولییەتی
خۆی لە ئاست ئەوانە نیشان بدا.
جا ئەو تەعریفە لە مەسئوولییەتی لێرە تەعریفێکی
زۆر فرەوانتر و بەرینترە. دە تاریخێ دا دەوڵەت هەمیشە ئەو مەسئوولییەتەی
هەبووە کە ئەمنیەت و ماڵ و گیانی ئەتباعی خۆی بپارێزێ. ئەوە شایەد هەمیشە یەکێک لە
ئەرکە ئەساسییەکانی دەوڵەت بووە، بەڵام دە کۆمەڵی مۆدێڕن دا، دە دەوڵەتی مۆدێڕن دا
مەسئوولییەتەکانی دەوڵەتێ بەرینتر و زۆر فرەوانتر و زۆر گەورەترن واتە دەوڵەت، قودرەتی سیاسی قودرەتێکە کە
مەشرووعییەتی خۆی لە خەڵکی وەردەگرێ، لە گەل وەردەگرێ. لە جێدا ئەوە گەلە، ئەوە خەڵکە، ئەوە میللەتە
بە جۆرێک ئەو قودرەتە دەداتە دەست دەوڵەت، حکوومەت دەتوانێ تەشکیل بێ بە هەڵبژاردن
و ئەوانە جا مەشڕووعیەتی خۆی لەوە وەردەگرێ.
جا ئەو مەسئوولییەتە بەرینە، ئەو مەسئوولییەتە دەبێ بنەماکانی دێمۆکڕاتیکی
مەشڕووعییەتی سیاسی پلوڕالیزم و جوابگۆ بوونی قودرەتی سیاسی وەبەر بگرێ لە ئاست ئەوانەی کە حکوومەتیان لە سەر دەکرێ و ئەو
دوو ئەسڵی ئەساسییە بپارێرێ و ئەوانە لە کۆمەڵ
دا تەسبیت بکرێن.
ئەو مەسەلەیە ئەمە دەگەیێنێتە ئەوەی کە بەحسی کۆمەڵگەی مەدەنی لە مافی شارومەندان
دەبەستێتەوە. ئەگەر ئێمە لە لایەکی ئەو معادەلەی دا دەوڵەتمان هەبێ، لە لایەکی
دیکەش کۆمەڵگەی مەدەنیمان هەبێ ئەو دووانە
بە ڕێگای پرۆسێکی حقووقییەوە، مەفاهیمێکی
حقووقییەوە لێک بەستراونەوە کە دە سیاسەتی مۆدێڕن دا ئەو مەفهوومە حقووقییانە لە
کۆنسێپت، لە چەمکێکی تازە بەستراوەتەوە کە ئەوە چەمکی سیتیزنشیپ citizenship، شارومەندێتی یا هاووڵاتێتی پێ دەڵێن.
مەفهوومی هاووڵاتێتی، شارومەندێتی یا سیتیزنشیپ لە ڕاستیدا ئاڵقەیەکە دە بەینی قودرەتی سیاسی و کۆمەڵگەی
مەدەنی دایە. بۆچی ئەو ئاڵقەیە، ئەو چەمکە یانی سیتیزنشیپ، هاولاتێتی یا شارومەندێتی
هەڵگری حقووقێکە کە ئیختیاراتی دەوڵەتێ نیسبەت بە شارومەندی دیاری دەکا،لە لایەکەوە، لە لایەکی دیکەش
مەسئوولییەت و ئیختیاراتی شارومەندی نیسبەت
بەدەوڵەتێ دیاری دەکا.
وەختێک دەڵێم ئیختیارات و مەسئوولییەت ئەو
ئیختیارات و مەسئوولییەتە دەبێ بنەمای قانوونییان هەبێ، ئەگەر بنەمای قانوونییان هەیە
ئەو ئیختیارات و مەسئوولییەتانە دەبێ بببن بە ماف . کاتێک دەبنە ماف کە قودرەتی
سیاسی بۆ خۆی دەبێتە دەستەبەری ئەو حقووقەی دە کۆمەڵ دا، دە کۆمەڵگەی مەدەنی دا. دیسان ئەگەر بمانەوێ
ئەو مەتڵەبەی شی بکەینەوە لێرە باسی پێوەندییەکی فیعل و ئینفیعال، لە نێوان کۆمەڵگەی مەدەنی و دەوڵەت دەکەین. ئەو پێوەندییە
ئەگەر بابەتی سەربەخۆیی یا نەبوونی سەربەخۆیی یا سەربەخۆیی نیسبی یا موتڵەق یا
هەرچێک لە ناو ئەو دووانە دا بێ، ئەوە لەو
چوارچێوەی دا، بەو کاناڵی مەسئوولییەت و ئیختیاراتە دا تێ دەپەڕێ.
مەسەلەی مەسئوولییەت و ئیختیارات دە تیۆری
سیاسی دا هەمیشە ئەگەر باسی مەسئوولییەت
بکەین، باسی ئیختیارات بکەین ئێمە باسی حقووق دەکەین، ئەگەر باسی حقووق دەکەین یەکسەر ئێمە باسی قودرەتی سیاسی دەکەین.
جا ئەگەر باسی قودرەتی سیاسی بکەین دەبێ دە ئەساس دا بڵێین مەفهوومی شارومەندی
مەفهوومێکە، چەمکی شارومەندی چەمکێکە، کۆنسێپتی شارومەندی کۆنسێپتێکە کە حدوود و
ئیختیاراتی کار کردنی قودرەتی سیاسی لە کۆمەڵ دا دیاری
دەکا. جا ئەو چەمکە، یەکێک لە نەهادەکان، یەکێک لە دامەزراوەکانی ئەساسی سیاسەتی
دێمۆکڕاتیکە و دەبێ بپارێزرێ.
بە لە بەر چاو گرتنی ئەوەی باسمان کرد ئێستا دەکرێ بپرسین پێوەندی کۆمەڵگەی مەدەنی لەگەڵ حکوومەتی
دێمۆکڕاتیک چییە؟ چون هەمیشە ئەو پرسیارە هاتووەتە گۆڕێ کە ئایا بە ڕاستی کۆمەڵگەی
مەدەنی یەکێک لە پێداویستییەکانی حکوومەتی دێمۆکڕاتیکە؟، ئایا حکوومەتی دێمۆکڕاتێک
بە بێ کۆمەڵی دێمۆکڕاتیک دەکرێ؟ ئایا بەحسی کۆمەڵگەی مەدەنی بە ڕاستی بەحسێکە کە فایدەی
هەیە یان نا؟ دیارە بەحسی کۆمەڵگەی مەدەنی بەحسێکی ستراتێژیک و گرینگە.
هێندێک تێۆریسیەنی سیاسی هەن، تەنانەت هێندێک چالاکی سیاسی لەگەڵ مەفهوومی کۆمەڵگەی
مەدەنی موخالەفەتیان هەیە، بە دژی ئەو چەمکەن، لەو ڕوانگەیەوە کە دەڵێن ئەوە شتێکە
هێنراوەتە گۆڕێ بۆ ئەوەی بۆ وێنە پێشی هو وییەتی
چینایەتی یا تەبەقاتی بگرێ، پێشی هو وییەی میللی یا نەتەوەیی بگرێ یا لەو جۆرە
قسانە. ئەوانە دروست نین، ئەگەر ئێمە بڵێین کە یەکێک لە پێویستییەکانی کۆمەڵگەی
مەدەنی ئەوەیە کە پلوورالیزمی سیاسی هەبێ و بنەمای پڕۆسەی دێمۆکڕاتیک بپارێزێ دەبێ بڵێین کە ئەو پلوورالیزمی سیاسی یە
هەم جیاوازی چینایەتی و تەبەقاتی تێدایە، هەم جیاوازی میللی و هو وییەی نەتەوەیی
تێدایە، هەم جیاوازی جینسییەتی تێدایە.
بۆ وێنە لە کۆمەلە ڕۆژئاواییەکان دا،
ئەلئان دەبینین چەندین فەرهەنگ و چەندین ئێتنیسیتەی جیاوازیان تێدایە و بەحسی قەدیمی دێمۆکڕاتیک بە جۆرێک ناتوانێ
حقووقی ئەو فەرهەنگانە، ئەو کەسانە، ئەو کۆمەڵگەیانە کە
هو وییەتی جودا لە هو وییەتی ئوڕووپاییان هەیە، بەڵام بەشێک لە کۆمەڵگەی
ئوڕووپاییشن، حقووقیان بپارێزرێ بۆیە پێویستە لە پڕۆسەی دێمۆکڕاتیک دا گۆڕان و
تەحەولێک بکرێ. پێویستە ئەو پڕۆسەیە هەمیشە پێوەندی هەبێ بە کۆمەڵگەی مەدەنی و خواست و
ویستەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لەو گۆڕان و تەحەولەی حکوومەتی دێمۆکڕاتیک داڕەچاو
بکرێ. ئەو گۆڕان و تەحەولە دێمۆکڕاتیکەش دەبێ
بەرەو ئەوە بڕوا کە بتوانێ پلوورالیزمی
ئەساسی لەوێ دابمەزرێ. چون پلوورالیزم ڕاستە بنەمای حکوومەتی دێمۆکڕاتیکە بەڵام دەبێ ئێمە ئەوەش بزانین کە ئەوە هەمیشە حاکمییەتی سیاسی یە کە حدوود و
سنووری ئەو پلوورالیزمەی دیاری دەکا.
ئەگەر حاکمییەتی سیاسی بییەوێ ئەو جیاوازییانە و ئەو پلوورالیزمەی کە لەگەڵ ناسێنەی
حاکمییەتی یەک نین نیشان نەدرێن، بەیان نەکرێن، دەتوانێ پێشی ئەوانە بگرێ و ئەڵبەتە لە زۆر دەوڵەتانیش پێشیان
گیراوە بێ ئەوەی کە تەنانەت ئەو پێشگرتنە غەیرە دێمۆکڕاتیک دەریش کەوێ. ئەمن ئەو
بەحسەی لە دوایە بە جۆرێکی دیکە درێژە پێ دەدەم.
بەڵام ئەگەر ئێمە بێینە سەر ئەو مەتڵەبەی
کە بوون، گەشە پێدان، گەورە کردن و بەرین
کردنی کۆمەڵگەی مەدەنی و دەوڵەمەند کردنی پێویستە بۆ ئەوەی کە بتوانین دوو ئەسڵی ئەساسی پرۆسە و
حکوومەتی دێمۆکڕاتیک کە پلوورالیزمی سیاسی ،فەرهەنگیی، ئابووری و کۆمەڵایەتی
دەوێدا بناسرێ، ئەگەر ئێمە ئەوەی قبووڵ بکەین و هەر وەها بێینە سەر ئەوەی بڵێین کۆمەڵگەی
مەدەنی پێویستە بۆ ئەوەی کە بتوانین ئەسڵی
ئەساسی قودرەتی مەسئوول، مەسئوولییەت و مەحدوودییەتی قودرەتی سیاسی لە کۆمەڵگا دا،
لە ناو جەماوەری خۆماندا، لە دەوڵەت دا
بتوانین ئەوە بپارێزین، کۆمەڵگەی مەدەنی پێوەندییەکی ئەساسی جەوهەری لەگەڵ پڕۆسەی دێمۆکڕاتیک هەیە. پڕۆسەی
دێمۆکڕاتیک بە پێویستی نیازی بە وەیە کە کۆمەڵگەیەکی
مەدەنی هەبێ.
کۆمەڵگەی مەدەنی چۆن دەوڵەمەند دەبێ چۆن دەتوانێ بە وجوود بێ، ئەڵبەتە نەک ئەوەی
بە وجوود بێ چون شایەد لە حەموو جێگایەکی بە جۆرێکی زۆر لاواز هەبێ. ئەوە چۆن دەکرێ ئینسان یان هێزە
سیاسییەکان یا ئەو ڕەوشنبیرانەی کە دەیانەوێ ئەوە لە کۆمەڵ دا بەهێز بکرێ ئەوە چۆن دەکرێ ئەگەر ئێمە ئەساسی
بەحسەکەی لە سەر ئەوە دانێین کە پێوەندی کۆمەڵگەی مەدەنی لە گەڵ دێمۆکڕاسی پێوەندییەکی
زۆر ئاڵۆز، بەڵام زۆر گرینگ،
جەوهەری و ئەساسی یە ئەگەر ئێمە ئەو ئەسڵەی بگرین دەبێ بڵێین کە کۆمەڵگەی مەدەنی دەبێ بە هێز بکرێ
و تەقوییەتی ئەوەش بەستراوەتەوە بەوەی کە بتوانین ئەو جیاوازیانە، ئەو
هو وییانە، ئەو تەفاوەتانەی کە لە کۆمەڵگەی مەدەنی دا هەیە کە دەوڵەت و قودرەتی
سیاسی ناتوانێ لە نەزەر حقووقییەوە یا نەیتوانیوە یا نەیویستووە لە نەزەر
حقووقییەوە ئەوانە بناسێ، ئیحترامیان بۆ دانێ و مافی ئەوانە لە کۆمەڵ دا بە
ڕەسمییەت بناسێ. ئێمە دەبێ بڵێین کە پێوەندییەکی ئەساسی زۆر نزیک و چڕ هەیە،
پێوەندییەکی ستروکچراڵ هەیە لە نێوان گەشە
کردن و دەوڵەمەند کردنی کۆمەڵگەی مەدەنی یا civil society و ئەو سیاسەتانە و ئەو پڕۆسە دێمۆکڕاتیکانە کە هەدەفیان،
ئامانجیان ئەوەیە ئەو جیاوازییانە و ئەو
تەفاوتانە کە لە کۆمەڵ دا هەیە، ئەو
پلوورالیزمە ئەساسی یە بپارێزن.
پاراستنی پلوورالیزم لە کۆمەڵی دێمۆکڕاتیک دا بابەتێکی یەکجار گرینگە کە ئەمن
دەمەوێ لێی بدوێم. پلوورالیزم لە کۆمەڵ دا دەبێ تەفسیرێکی تازەی لێ بکرێ چون پلوورالیزم
لە تێۆری دێمۆکڕاتیکی قەدیم دا باسی ئەو جیاوایانە، ئەو تەفاوەتانەی دەکا کە بە جۆرێک
لەگەڵ ناسێنەی قودرەتی سیاسی، یانی هو وییەی حاکم لە کۆمەڵ دا ناکۆکی و
موخالەفەتیان نییە بەو مەعنایەی ئەو جیاوازیانەی کە لە قانوونی بنچینەیی دا
ناسراون، بۆچی دەڵێم قانوونی ئەساسی چون قانوونی ئەساسی بەیانی حقووقی، قەزایی،
سیاسی قودرەتی سیاسی لە دەوڵەتێک دایە. لەو
قانوونەی دا، لەو داکیومانەی دا دەوڵەت دێ
هو وییەی خۆی، هەست و ویست و خواستەکانی خۆی تەعریف دەکا، مەنشەئی ئۆتۆریتەی خۆی،
مەنشەئی مەشڕووعییەتی خۆی لە وێدا تەعریف دەکا و حدوود و سنووری قودرەتی خۆی
تەعریف دەکا، مەسەلەی شارومەندی تەعریف دەکا، مەسەلەی هاووڵاتێتی لەوێ دا تەعریف
دەکا. لەوێدا حدوود و ئیختیارات و مەسئوولییەتەکانی ئەفڕاد یا ئی شارومەندان، یا
هاووڵاتییان لە کۆمەڵ دا دیاری دەکا.
ئەوەی کە پێی دەڵێن کۆدیفیکەیشنی قودرەتی دە قانوونی ئەساسی دا دە ئەساس دا
تەعریفی بنەمای قودرەتی سیاسی یە.
قودرەتی سیاسی، هەمیشە لە هەموو جێگایەک بە جۆرێک
ناسێنەیەکی هەیە ئەو هو وییە ئەوەیە کە پێی دەڵێن هو وییەی میللی. هو وییەی
میللی ئەگەر لە ناسێنەی یەک ئێتنیسیتە سەرچاوە بگرێ، ئەمن ئەوەی تەئکید دەکەم
ئەگەر هو وییەی میللی دەوڵەتێکی مۆدێڕن تەنیا لە هو وییەی ئێتنیکی یەکێک لە
ئێتنیسیتەکانی کە لەو چوار چێوەی دا دەژین پێک بێ، بەو مەعنایەی کە قانوونی ئەساسی
کە دێ بنەمای قودرەت و مەسئوولییەت و ئیختیارات و حقووق دادەمەزرێنێ ئەوانە دە چوارچێوەی پاراستراوی ئەو
هو وییەتە ئێتنیکییەی دا کە بووەتە هو وییەتی میللی دادەمەزرێنێ. جا ئەوە بەو مەعنایەیە ئەگەر پلوورالیزمێکی
دێمۆکڕاتیک لەو چوار چێوەی دا قابیلی قبووڵ بێ ئەو پلوورالیزمی دێمۆکڕاتیکە
پلوورالیزمێکە کە لە ئوسوول و بنەماکانی ئەو ناسێنەیەی بەستراوەتەوە.
ئەگەر جیاوازی و تەفاوت و ناسێنەیەکی دیکە هەبێ کە لە چوارچێوەی ئەو دەوڵەتەی دایە
بەڵام بە پێویستی لە گەڵ بنەماکانی ئەو هو وییەتە میللی یەی یەک نییە ئەوە ناتوانێ
لە چوارچێوەی ئەو پلوورالیزمە دێمۆکڕاتیک دا گەشە بکا و نیشان بدرێ. ئاسایی وایە سەرکوت دەکرێ و وەلا دەندرێ و ئینکار دەکرێ.
جا لەبەر ئەوەیە کە کۆمەڵگەی مەدەنی دەتوانێ ئەو دەرفەت و دەرەتانە پێک بێنێ کە
ئەو هو وییانەی کە لەگەڵ ناسێنەی حاکم یەک نین، ئەو هو وییانەی کە لەو جیاوازییانە
کەوتوونەتەوە کە لەگەڵ هو وییەی حاکم یەک نین
بتوانن خۆیان نیشان بدەن. یانی
بتوانن بە شێوەیەکی دێمۆکڕاتیک لە پڕۆسەی دێمۆکڕاتیک دا ببن، ئەگەر هەن خۆیان
بەیان بکەن بنەمایەکی حقووقییان هەبێ. ئێمە لە وتارێکی دیکە دا ئەو بنەمایانە و
پێوەندی نێوان ئەو ناسێنانە لەگەڵ کۆمەڵگەی مەدەنی و پڕۆسەی دێمۆکڕاتیک باس
دەکەین. سپاستان دەکەم
وانەی دووەم
ئەمن لەم باسەی دا زۆر جار باسی پڕۆسەی دێمۆکڕاتیک و حکوومەتی دێمۆکڕاتیک و
سیاسەتی دێمۆکڕاتیکم کرد. جا لێرە باشتر ئەوەیە پێش ئەوەی لە سەر باسەکەمان
بەردەوام بین تا ڕادەیەک مەعنا و مەفهوومی
دێمۆکڕاسی، پڕۆسەی دێمۆکڕاتیک و سیاسەتی دێمۆکڕاتیک ڕوون بکەینەوە. بڵێین
ئەوانە چن؟ چۆن تەعریف دەکرێن و ئەو تەعریفانە، ئەو ناساندنانە چ فەرق و
جیاوازییەکیان لەگەڵ یەکتری هەیە.
سیاسەتی دێمۆکڕاتیک بە شێوەیەکی گشتی کە مەشڕووعییەتی دیسکورسی، وێژیاکی و مەشرووعییەتی
عەمەلیی خۆی لە ئیرادەی گشتی یەکگرتووی گەل وەردەگرێ. بەو مەعنایە سیاسەتێکە لە
سەروەری و حاکمییەتی گەل بەستراوەتەوە. سەروەری و حاکمییەتی گەل هەم بنەمای
ئۆتۆریتەی سیاسی یە، هەم بنەمای مەشرووعییەتی سیاسی یە، یانی هەم قودرەتی سیاسی
قانوونی دەکا و قانوونمەندی دەداتێ و هەم مەشرووعییەت دەدا بە وتاری سیاسی و
کرداری سیاسی دەوڵەت.
بەڵام لە مەڕ دێمۆکڕاسی، دێمۆکڕاسی باسێکە بە شێوەی جۆر بە جۆر ناسێندراوە.
ئەو ناساندن و تەعریفانە هێندێکیان ناساندنی ئاکادێمیکن و هێندێکیشیان ناساندنی
پاپیولارن یانی ئەوەی کە لە نێو خەڵک دا، لە ناو جەماوەر دا هەیە. هەم ناساندنە
ئاکادێمیکەکان و هەم ناساندنە پاپیولارەکانی دێمۆکراسی تەعریفێکە کە لە دوکتورین
یا مەفهوومی حاکمییەتی دێمۆکڕاتیک لە تێۆری دێمۆکڕاتیکەوە داکەوتووە. ئەویش هەر
ئەو جۆرەی لە ناو خەڵک دا بڵاوە کە دەڵێن دێمۆکڕاسی بریتی یە لە حکوومەتی خەڵکی لە
سەر خەڵکی بە وەسیلەی خودی
خەڵکی. ئەوە شتێکە کە زەمانێکی ڕەئیس جمهوورێکی ئەمریکا ئابراهام لینکۆڵن کوتویەتی
و زۆر بڵاو بووەتەوە. ئەگەر لە جێگایەکی دەڵێن دێمۆکڕاسی یانی چی؟ وڵام وەردەگرنەوە دێمۆکڕاسی یانی حکوومەتی خەڵکی
لە سەر خەڵکی. بە وەسیلەی خودی خەڵکی. حکوومەتێکە کە تێیدا مەشرووعییەت و
حاکمییەتی سیاسی هەر دووکیان لە ئیرادەی گەلەوە هەڵدەقوڵێ. بە باوەڕی من ئەوە ناساندن
و تەعریفێکی زۆر غەیری دینامیک و ئیستایە. و تەعریفێکی واقعبینانە نییە لە
دێمۆکڕسی بۆچی وایە؟
لە بەر ئەوەی ئەو تەعریفە ناتوانێ ئەو تایبەتمەندی و ئەو خسڵەت و خاسییەتانەی کە
دێمۆکڕاسی لە پڕۆسەی سیاسی دە عەمەل دا
هەیەتی نیشان بدا. ئەو ناساندنە لە ڕووی تیوریشەوە هێندێک بەرتەنگی هەیە کە ئەو
بەرتەنگیانە دەبێ شی بکرێنەوە و باس
بکرین.
یەک لە بەرتەنگییە بنەڕەتییەکان ئەوەیە کە ئەو تەعریفە وەکوو هەموو تەعریف و
ناساندنی دیکە ناڵێ کە حکوومەتی خەڵکی لە سەر خەڵکی بە وەسیلەی خەڵکی چ هەلومەرج و چ ئیمکان و دەرەتان و چ
ئامراز و وەسیلەی پێویستە. ئەو هەلومەرج و
دەرەتان و ئامرازانە جیاوازیان زۆرە، هەم لە باری مێژووییەوە و هەم لە ڕووی
ستروکتووری کۆمەڵایەتی یەوە. ئەوانە لەو تەعریفەی دا نەگونجێندراون.
خاڵی دووەم ئەوەیە کە ئەو تەعریفە، ناساندنێکی زۆر جەوهەرییە، ئەوەی کە لە
فەلسەفە دا پێی دەڵێن تەعریفێکی زۆر
ئێشێنسیالیستی یانی جەوهەری، زاتی یە واتە هەموو شتێک لە ئەسڵێک
دەبەستێتەوە کە ئەسلەکە بۆ خۆی دە چەمکەکە
دا تەعریف کراوە بەڵام ئیمکانات و هەلومەرجی مێژوویی ئەو ئەسڵە لە جێدا دە چەمکەکە
دا نییە. بۆیە ئەو ئێسێنسە، ئەو زاتە هەمیشە باڵ دەکێشی و زاڵە بە سەر ئەو
تەعریفەی دا کە دەیکەن و ناساندنەکە لەگەڵ خودی پڕۆسە سیاسییەکە پێوەندییەکی
ئەوتۆی نییە.
جا بۆ ئەوەی ئێمە تووشی ئەو ئێسێنسیالیزم و زاتگەرییە نەبین و
تەعریفێکمان هەبێ کە تەعریفێکی موجەڕەد و ئابستراکت بێ و نەتوانێ بە کردەوە
بە کارمان بێ، پێویستە خۆمان لەو ئێسنسیالیزمەی نەجات بدەین. بۆیە باشترە ئەو
جۆرەی کە پرسیارەکە دێتە گٶڕێ بیگۆڕین. و بۆ ئەوەی لەو وەزعەی خۆمان ڕزگار کەین و
تووشی ئێسنێنسیالیزم و جەوهەرگەری نەیێین
ئێمە نابێ بپرسین دێمۆکڕاسی چییە؟ بە باوەری من لە باتی ئەوەی بپرسین دێمۆکڕاسی چییە دەبێ بڵێین پرۆسەی
دێمۆکڕاتیک یا سیستمی دێمۆکڕاتیک یان حکوومەتی دێمۆکڕاتیک چۆن کار دەکا؟ چونکە
تەنیا لە چوارچێوەی ئەو پرسیارەی دایە کە ئێمە دەتوانین بێنین ئەو مەفهوومەی
بخەینە ناو پڕۆسەی عەمەل، دەوێدا هەڵی سەنگێنین، تەعریفێکی ئەساسی و تەعریفێکی کار
بوردی واتە ئەو تەعریفەی کە بە کار دێ بیهێنینە گۆڕێ. نەک تەعریفێکی موجەڕەد و
غەیری مێژوویی و غەیری سیاسی لە دێمۆکڕاسی.
ئەگەر ئێمە ئەو پرسیارەی بێنینە گۆڕێ کە دێمۆکڕاسی چۆن کار دەکا لەباتی
ئەوەی کە دێمۆکڕاسی چییە؟ ئەو دەمی تەئکید
و پێداگریمان لە سەر مەفهووم نییە، لە سەر پڕۆسەیە. دە پڕۆسەی دا ئەو مەفهوومی
دێمۆکڕاسی یە کە لە حاکمییەتی گەلەوە هەڵدەقوڵێ تووشی هێندێک گیروگرفت دەبێ، ئەو
گیروگرفتانە ئەوەن کە ئەو پڕۆسەی دێمۆکڕاسی کە لە حاکمییەتی گەلەوە هەڵقوڵاوە لە
حەقیقەت دا ئەوەیە کە پێی دەڵێن دێمۆکڕاسی ڕاستەوخۆ واتە گەڵ ڕاستە و ڕاست بە بێ هیچ فاسیلە و
واسیتەیەک بتوانێ ڕەئی و هەست و ویستی خۆی
لە بارەی وەزعی سیاسی، لە بارەی ماهییەتی دەسەڵاتی سیاسی، جەوهەری قودرەتی
سیاسی لە هەڵبژاردن دا لە خۆی نیشان بدا و لە هەموو ڕوویەکەوە. بەڵام بە کردەوە
ئێمە دەزانین کە کۆمەڵگەی مۆدێرن، کۆمەڵگەیەکی پان و بەرینە، زۆر هەراوە. لەوێدا
ئەو دێمۆکڕاسییە ڕاستەوخۆیە بە کردەوە
هەڵناسووڕێ، ئەوەی کە جێگای
دێمۆکڕاسی ڕاستەوخۆ دەگرێتەوە representation ، رێپریزێنتەیشن
یان نوێنەرایەتی پێ دەڵێن. یانی خەڵک بە ڕێگای نوێنەرەکانیانەوە لەگەڵ
دەسەڵاتی سیاسی ڕووبەڕوو دەبن. نوێنەر هەڵدەبژێرن، نوێنەر دەچێتە پارڵمان، پارڵمان
دەکار کردنی ئیرادەی خەڵکە و نوێنەرەکان
وەک نوێنەری قانوون دانان بە جۆرێک لەگەڵ قودڕەتی جێبەجێکار پێوەندیان
هەیە.
وا داندراوە لە ڕپرێزێنتەیشن دا بەرژەوەندییەکان و هەست و ویستی ئەوانەی کە نوێنەری خەڵکن و خەڵک
یەکە.
بە کردەوە ئەوە وا نییە هۆیەکەشی ئەوەیە کە رێپریزیتەیشن ئەنیستیتوشنی خۆی هەیە، بنیاتی خۆی هەیە،
دەستگای خۆی هەیە، پڕۆسەی خۆی هەیە، ئەوە نییە کە هەردەسەڵاتی دەنگدانی درابێتێ. ئەو بنیات و دەستگایانە بە ڕێگای ئەو ستروکتورە مۆدێڕنەی کە ئەمڕۆ ئێمە
وەک حیزبی سیاسی دەیناسین هەڵدەسووڕێن، یا جەماوەری سیاسی مومکینە حیزب نەبێ سازوارە
و سازمانێکی دیکە بێ. بەڵام یریتی یە لە کۆڵێکتیڤێکی سیاسی. ئەو حیزبە سیاسییە یا
هەر بنیاتێکی سیاسی کە بەو جۆرە
هەڵدەسووڕێ لە پڕۆسەیەکی سیاسی دا لە جێدا بۆخۆی بوروکراسییەکە یانی لەوێدا
هیرارشییەک هەیە، لەو هێرارشییە دا پێوەندییەکی دەسەڵاتی هەیە، ئەو پێوەندی
دەسەڵاتییە لە سەر بنەمای هێندێک پرێنسیپ هەڵدەسووڕێ و ئەو پڕێنسیپانە بنەمای
ئیدێئۆلۆژیک و سیاسیان هەیە لە ناو جەماوەر دا، لە ناو چینە جیاوازەکاندا، لە ناو
هو وییە جیاوازەکاندا، لە نێو گرووپە جیاوازە پێوەندیدارەکان لە کۆمەڵ دا و کارکردی
حیزبەکە بەرتەنگە بە سیاسەتەکەی، ستڕاتێژییەکەی بە ئیدێئۆلۆژییەکەی و
ئێدێئۆلۆژییەکەی بەرتەنگە بە پرێنسیپی دیکەوە.
جا لێرە دا دەبینن کە مۆدێرنیتە هاتووە و دێمۆکڕاسی خەڵکی هێناوەتە نێو پڕۆسەی
سیاسی و دەنگی خەڵک بووە بە بناخەی قانوونێتی حکوومەت و بنەمای مەشڕووعییەتی
حکوومەت. مۆدێرنیتە بۆ خۆشی کە ئەو
پڕۆسەیەی هێناوەتە پێشێ لە ئەسڵ دا ئەو دەرفەت و دەرەتانەشی هێناوەتە گۆڕێ کە ئەو
پڕۆسەیە بۆخۆی بە جۆرێک لە ئیدەئالەکە جوێ بووەتەوە. یانی ئەوەی کە دە فەلسەفەی دا
پێی دەڵێن دیالێکتی ڕەوشەنگەری یان دیالێکتیکی مۆدێرنیتە واتە مۆدێرنیتە بەعزە پڕۆسە و بە عزە ئیمکاناتی سیاسی و
فەرهەنگی، کۆمەڵایەتی و ئابوری هێناوەتە
گۆڕێ لە پێوەندی لەگەڵ مەسەلەی ئازادی دا، لە پێوەندی لەگەڵ پێشوەچوون و پێشکەوتن
دا. بەڵام کاتێک دامەزراوەکانی ئەو
پڕۆسانە دەیانەوێ ئەو جەماوەرەی بەرەو ئەو
ئازادی و پێشکەوتنە بەرن،
هەڵسووڕانی ئەو دامەزراوانە، پڕۆسەی دێمۆکڕاتیک خۆی یان پڕۆسەی سیاسەت کە بەرەو
ئازادی دەڕوا تووشی لادانیان دەکا. بەوەی دەڵێن دیالێکتیکی ڕەوشەنگەری، دیالێلتیکی
چاخی ئاوەز کە بنەماکانی دامەزراوەیی عەقڵ و ئاوەز دە سیاسەتێ دا، بنەماکانی
دامەزراوەیی مۆدێرنیتە، مۆدێڕنیتە لەو پڕۆسەیەی دا کە بەرەو وەدیهێنانی
ئامانجەکانییەوە دەچێ، لەو پرۆسەیە لا دەدا.
ڕپرێزێنتەیشن، واتە دێمۆکڕاسی بە ڕێگای نوێنەرایەتییەوە، ئەوەی پێی دەڵێن
دێمۆکڕاسی پارڵمانتاری یان دێمۆکڕاسی بە ڕێگای نوێنەرەوە ئەوەی کە ئێستا تەقریبەن
بەشێوەیەکی یونیڤێرساڵ باوە، چونکە ئەو کۆمەڵانە گشتیان کۆمەڵی کۆمپلێکس و
گەورەن و لە جێدا ناتوانن ئەو ئەسڵەی
دێمۆکڕاسی ڕاستەوخۆ کە تایبەتمەندی لەمەڕ
خۆی هەیە ، ئەو تایبەتمەندییەی هەیە کە لە مەڕ کۆمەڵە پچووکەکانن کە تێیاندا دەکرێ
دێمۆکڕاسی ڕاستەوخۆ هەڵسوورێ. لە کۆمەڵە پێچەڵپێج و گەورەترەکاندا کە زۆر ئاڵۆزترن
دەبێ نوێنەرایەتی هەبێ، ئەو نوێنەرایەتییەش کاردانەوەی ڕاستەوخۆی هەیە بۆ وەدیهاتنی ئیدەئالەکانی دێمۆکڕاسی.
جا بۆیە
کاری دێمۆکڕاسی پاڕڵمانی یان
پارڵمانتاریزم یان هەڵسووڕانی دێمۆکڕاسی بە ڕێگای نوێنەرایەتییەوە فەرقی یەکجار
زۆرە لەگەڵ ئەو ئیدەئالە کە لە کۆنسێپت و دوکتورینی دێمۆکڕاسی دا هەیە. لە
ڕاستیدا، تا ڕادەیەک زۆر لە ڕێبازی خۆی لا دەدا، تەحریفی دەکا. یانی ئەگەر ئێمە
دێمۆکڕاسی وەکوو جۆششی ئیرادەی گشتی گەل ببینین
و ئەوە لە پڕۆسەی سیاسی دا وەدی بێ ئەو ئیرادەیە بە ڕێگای نوێنەرایەتی دا و
بە فیلتێر و کاناڵی ویدا تێ دەپەڕێ و هیچکات لەگەڵ ئەساسی خۆی یەک نییە. هەر بۆیە
ئەگەر ئێمە بمانەوێ لە ناوەرۆکی دێمۆکڕاسی تێ بگەین، دەبێ ئەوەی دە پڕۆسەی
دێمۆکڕاتیک دا ببینین. پڕۆسەی دێمۆکڕاتیکی ئەم ڕۆژگارەش ڕێپرێزێنتەیشن ە.
جا پڕۆسەی رێپرێزێنتەیش یان نوێنەرایەتی کردن ئەو لایەنانەی هەیە. لە ئەسڵ دا
کاتێک ئێمە دەبینین کە بە ڕێگای
دەستێوەردان و تێوەگلانی حیزب، سازمان و سازوارە سیاسییەکان، بە ڕێگای موداخەلەی
ئیدێئۆلۆژی سیاسی و لایەنەکانی دیکەی پێوەندیدار و چالاک و موداخەلەی ئاکتۆرەکانی
دیکەی لە پڕۆسەی سیاسی دا ئیدەی دێمۆکڕاتیک لە ڕێگای خۆی لا دەدا و بە لاڕێدا
دەچێ، دەبێ بێین لێرە تەعریف و ناساندنێک بێنینە گۆڕێ و بڵێین لێرە ئەسڵی حکوومەتی
گەل بە سەر گەل دا بە وەسیلەی گەل دەبێ بە حکوومەتی گەل لە لایەن نوێنەرانی گەل،
بە وەسیلەی نوێنەرانی گەل لە سەر گەل. یانی ئەوە حکوومەتی گەل نییە بەڵکوو
حکوومەتی نوێنەرانی گەل ە.
ئەگەر ئێمە بمانەوەێ موجامەلات و ئیدەئالیزمی سیاسی بە لاوە بنێین دە حەقیقەت دا دێمۆکڕاسی یانی حکوومەتی ئێلیت و
ئەو خیبرانەی لە لایەن خەڵکەوە هەڵبژێردراون. فەرقی لەگەڵ حکوومەتی ئێلیتی دیکە
ئەوەیکە ئەو ئێلیتە خەڵک هەڵیان دەبژێرێ، بنچینەی حکوومەتی ئەوانە لە سەر بنەمای consensus کۆنسێنسس
واتە ڕەزایەتی خەڵکی یە و ئەساسی قودرەت و دەسەڵاتی ئەوانە دەچێتەوە سەر مەسەلەی
سەروەری گەل کە دە دوکتورینەکەی دایە. بەڵام سەروەری گەل خۆی کە مەشڕووعییەت دەدا
بەوەی لە ڕاستیدا وەک چەمکێک لە دەرەوەی پڕۆسەی سیاسی دەمێنێتەوە . ئەوەی کە دە
پڕۆسەی سیاسی دا ئەو سەروەری گەلە چەندە وەدی دێ یان وەدی نایە بۆ خۆی ئامانجی
خەباتی دێمۆکڕاتیکە لە پڕۆسەی دێمۆکڕاتیک دا. یانی خەڵک دوای ئەوەی کە ئەو
ئێلیتەیان هەڵبژارد و ئەوان چوون لەوێ بە نێوی خەڵک و مەشڕووعیەتی خەڵک لەوێ حکوومەت دەکەن لێرە دا حکوومەتی ئەوانە
ئەبزار و ئامراز و هەدەف و ئامانجی حکوومەتی ئەوانە شتێکی موتڵەق نییە. بۆخۆی
دەبێتە ئامانجی خەباتێکی دێمۆکڕاتیک دە
پرۆسەی دێمۆکڕاتیک دا.
جا بۆیە لێرە دا خەڵک ئەگەر بیانەوێ پاش
ئەوەی کە ئێلیتەکەیان هەڵبژارد و چوو لەوێ حکوومەتێ بکا بە نێوی ئەوان و بە
مەشرووعییەتی ئەوان. ئەگەر خەڵک بییەوێ کۆنتڕۆڵی لە سەر ئەوان هەبێ، بییەوێ لەوێدا
ئەوانە وڵامدەرەوەی کردەوە و کاری خۆیان بن، دەبێ ئەو مێکانیزمانە، دەبێ ئەو
ئامرازانە هەبێ کە بتوانن لەو بارەیەوە شوێن دانەر بن. هەر بۆیەیە لە وتاری پێشووش
دا ئەوەمان گوت کە پێویستیی کۆمەڵگەی مەدەنی هەر لەبەر ئەوەیە کە بتوانێ ئەساسی
کۆنتڕۆڵ لە سەر حکوومەتی قانوون دابندرێ، کە حکوومەت قانوونێتی خۆی بپارێزێ،
حکوومەت حدوود و سغوور و ئیختیاراتی خۆی دەوێدا بپارێزێ و بتوانێ لەکارەکانی خۆی دا لەو چوارچێوە لا نەدا.
کاتێک ئەمن گوتم لە ڕاستیدا دێمۆکڕاسی نوێنەرایەتی، دێمۆکڕاسی پاڕلمانی، ئەو
دێمۆکڕاسییەی کە ئەمڕۆ هەیە، دێمۆکڕاسییەکە لە لایەن بنیاتی نوێنەرایەتییەوە و لە سەر
بناوانی نوێنەرایەتییەوە، لە پڕۆسەی نوێنەرایەتی کردنەوە دەکار دەکرێ. ئەوە لەگەڵ
ئیدێئالی دێمۆکڕاسی کە لە دوکتورینەکە دا هەیە، دە چەمکەکە دا هەیە فەرقی هەیە، لە
ڕاستیدا حکوومەتی گەل دەبێ بە حکوومەتی ئێلیتی هەڵبژێردراوی گەل، ئەو ئێلیتە
مەشڕووعییەتی خۆی لە گەل وەردەگرێ بەڵام هەڵبژاردنی ئەو ئێلیتە بەشێکە لە پرۆسەی
دێمۆکڕاتیک، بەشێکی دیکەی بنچینەیی ئەوەیە کە ئەو مێکانیزمانە، ئەو کاناڵانە، ئەو
ئەبزار و ئامرازانە دە دەستی گەل دا بمێنێ کە بتوانێ کۆنتڕۆڵی خۆی لە سەر پڕۆسەی
سیاسی دا ڕابگرێ.
ئەو کۆنتڕۆڵە تەنیا ناتوانێ هەر بە ڕێگای پارڵمان دا بێ. ئەوەی تەئکید دەکەم. یانی
باری وڵامدەریی حکوومەتی دێمۆکڕاتیک ناتوانێ تەنیا لە ڕێگای پارڵمان و ئۆپۆزیسیۆنەوە
بێ چونکە پارڵمان و ئۆپۆزیسیۆنیش بۆخۆیان بنیاتی نوێنەرایەتین، ئەوانە بۆ خۆیان دە
کاناڵی رێپرێزێنتەیشن دان. ناڵێم ئەوانە ناتوانن، هەر بەشێک لە کارەکەی دەتوانن
بەڵام بۆ ئەوەی خەڵک ڕاستەوخۆ بتوانن دە
چوارچێوەی سیاسەتی دێمۆکڕاتیک دا لە سەر پڕۆسەی دێمۆکڕاتیک، یانی لە سەر کردار و
هەست و ویستی حکوومەت دا شوێن دابنێ، بتوانێ قانوونێتیی ئەو دەستەڵاتە سیاسییە
بپارێزێ دەبێ کۆمەڵگەی مەدەنی هەبێ.
جا بۆیەیە پارڵمانتاریزم، یان دێمۆکڕاسی پارڵمانی یا نوێنەرایەتی ئەوانە بە بێ
کۆمەڵگەی مەدەنی ناقیسن. ئەوە بەشێک لە قەزییەیە
، یانی دێمۆکڕاسی بە پێویستی حەوجێی بە کۆمەڵگەیەکی مەدەنی کراوە هەیە.
کۆمەڵگەیەکی مەدەنی چالاکی دەوێ، کۆمەڵگەیەکی مەدەنی کە بتوانێ لە سەر حدوود و
سنووری فۆنکسیۆنەکانی ناوەندخوازی دەسەڵاتی سیاسی هەمیشە موزاکەرە بکا، هەمیشە لەگەڵی
بکەوێنە باس و موناقەشە و لە پڕۆسەی دێمۆکڕاتیک دا خەباتی دە بەرانبەر دا بکا.
خەبات جۆر بە جۆرە لێرە دا مەبەستم ئەوەیە کە لە مێدیا دا، یا ئەوەی کە پێی دەڵێن public sphere یانی پانتایی گشتی دا ئەو مەسەلانە بێنە گۆڕێ. هەر
لە بەر ئەوەشە کە ئەگەر دێمۆکڕاسی دروست، دێمۆکڕاسی ئەساسی حەوجێی بە کۆمەڵگەی
مەدەنی یە، کۆمەڵگەی مەدەنیش لە جێدا پێویستی بەوە هەیە کە ئەو پانتاییە گشتییە
بوونی هەبێ. ئەو پانتایی گشتی یە یەکێک لە پێش شەرتەکانی کۆمەڵگەیەکی مەدەنی چالاکە، ئەوە پانتایی گشتی
یە کە تێیدا جیاوازییە سەرەکییەکانی دێمۆکڕاتیک کە لە کۆمەڵ دا هەن بەڵام لە
قانوونی بنچینەیی دا ڕەنگیان نەداوەتەوە و قانوونی بنچینەیی بنەمای مەشڕووعییەتی
حکوومەتی سیاسی یە، لەوێ ئەو جیاوازییانە ببنە بنەمای خەباتی دێمۆکڕاتیک. جا ئەگەر
ئێمە تەماشای پانتایی گشتی بکەین و بڵێین دەبێ سەربەخۆ بێ لە قودرەتی سیاسی، نەک
هەر لە قودرەتی سیاسی بەڵکوو لە ئامانجی تایبەتی فەردیش دەبێ سەربەخۆ بێ، ئەگەر
ئاوا بێ پانتایی گشتی جێگایەکە، بوارێکە کە دە وێدا ئازادیی بەیان هەیە، ئازادیی عەقیدە هەیە، ئازادیی
حیزبایەتی کردن هەیە، ئازادیی تەشکیلات هەیە و لە حەموان گرینگتر ئازادیی بەیانی
عەمەلی و وێژیاکی جیاوازییە غەیرە حاکمەکانە لە کۆمەڵ دا هەیە. ئەوە زۆر موهیمە.
ئەو جیاوازییە غەیرە حاکمانە کە ئەوانە مومکینە جیاوازی ئێتنیکی، جیاوازی
چینایەتی، جیاوازی نەتەوەیی، جیاوازی جینسییەتی یان تەنانەت جیاوازی فەرهەنگی بن،
کە فەرقیان هەیە لەگەڵ هووییەی حاکم و هو وییەی میللی کە لە قانوونی بنچینەیی دا بەیان کراوە و گونجێندراوە.
جا لێرە دا کە دێمۆکڕاسیمان ناساند و گوتمان ئەوە تەعریفێکی عەمەلی یە و
پڕۆسەی دێمۆکڕاسی لەگەڵ دوکتورینی
دێمۆکڕاسی فەرقی زۆرە جا ئەو پرسیارە دێتە گۆڕێ باشە دێمۆکڕاسی ئەگەر حکوومەتی
ئێلیتە بۆچی دەبێ ئێمە پشتیوانی لێ بکەین؟
ڕاستە کە دێمۆکڕاسی حکوومەتی ئێلیتە، بەڵام ئێلیتێکی هەڵبژێردراوە، ئەوە ئێلیتیکە
بە پێی دەنگی گشتی و بە پێی consensus جڵەوی کاری بە دەستەوە گرتووە، مەشرووعییەتی
هەیە. بەڵام ئەوە بەشێکە لە قەزییەکە. بەشەکەی دیکەش ئەوەیە کە ئەو حکوومەتە ئەو
ئیمکاناتە دەدا بە ئێمە کە بتوانین کۆنتڕۆڵمان هەبێ لە سەر کرداری وی، لە سەر کار
کردنی ئەو حکوومەتەی. لێرە دیسان دەگەڕێینەوە سەر بابەتی حکوومەتی قانونێتی. ئەو
ئیمکاناتە تەنیا دەگەڕێتەوە سەر ئەوەی ئەو حکوومەتە کە مەشڕووعییەتی لە گەل
وەردەگرێ بەڵام دە ئەساس دا ئەو مەشڕووعییەتەی کە لەگەل وەر دەگرێ دەبێ لە کرداری خۆی دا نیشانی بدا. لە وتاری خۆی دا
نیشانی بدا. ئەو مەشڕووعییەتە کە لە کردار و وتار دا ڕەنگ دەداتەوە هەمیشە مەنشەئی
ڕێفرێنسی ئەوانە واتە ئی ئەو کردار و وتارانە قانوونە. ئەو قانوونە کاتێک دروستە و
دەتوانێ ببێتە مەنشەئی حکوومەتی دێمۆکڕاتیک و ببێتە دەربڕی سەرەکی حکوومەتی گەل
ئەگەر قانووندانەر خۆشی گوێڕایەڵی بکا لەو قانوونەی کە گەڵاڵەی دەکا. هەر ئەو جۆرەی کە دەیەوێ ئەو
قانوونە لە سەر خەڵکی بەڕێوە بەرێ، خەڵکیش ئیمکانی ئەوەیان هەبێ بە کەلک
وەرگرتن لەو قانوونەی بێن و بتوانن
حکوومەت کۆنتڕۆڵ بکەن.
جا دیسان دێین و باسی تەعریف، ناساندنی دێمۆکڕاسی لە پڕۆسەیەکی دینامیک دا دەکەین
و دەڵێین دێمۆکڕاسی ئەمڕۆ لەگەڵ ئەو ئیدەئالەی کە لە دوکتورینی دێمۆکڕاسی دا
هاتووە واتە حکوومەتی گەڵ لە سەر گەڵ بە وەسیلەی گەل، زۆر فەرقی هەیە و ئاڵۆزی مۆدێرنیتی و کۆمەڵی مۆدێڕن ئەو
ئیمکانەی لە ئێمە ئەستاندووە کە دێمۆکڕاسی
ڕاستەوخۆ و بێ ناوبەرمان هەبێ و
گەیشتووینە ئەوەی کە دەبێ دێمۆکڕاسی
نوێنەرایەتیمان هەبێ ، داو و دەستگا و دامەزراوەی نوێنەرایەتی کردنمان هەبێ،
ئەوەشمان بینی کە بۆ ئەوەی ئەو حکوومەتی نوێنەرایەتییە بتوانێ لەگەڵ ئیدەئالی
دێمۆکڕاسی یەک بێتەوە و بە ئاراستەی ئەو
دا بڕوا ئەوەیە کە دەبێ کۆمەڵگەی مەدەنی بوونی هەبێ، کۆمەڵگەی مەدەنی ئیمکاناتی
کۆنتڕۆڵی قودرەتی سیاسی یا موزاکەرە لەگەڵ قودرەتی سیاسی هەبێ، ئێمکاناتی کۆنتڕۆڵ،
ناساندن، دەربڕێن و بەرتەسک کردنی سنووری قودرەتی سیاسی. باسی ئەو پێوەندییەشمان
کرد. پێوەندی کۆمەڵگەی مەدەنی لەگەڵ ئەوەی
کە پێی دەڵێن public sphere یا پانتایی گشتی ئەوەشمان باس کرد. ئەوانە بە
شێوەیەکی ڕوون و ئاشکرا لێک بەستراونەتەوە.
ئەو جار ئەو باسە دێتە پێشێ کە پێوەندیی کۆمەڵگەی مەدەنی لەگەڵ دێمۆکڕاسی، پڕۆسەی
دێمۆکڕاتیک یان لەگەڵ نیزام و حکوومەتێکی
دێمۆکڕاتیک چۆن تەنزیم دەکرێ و ئەو موزاکەرە و تێکەڵاوییە، ئەو فێعل و ئینفیعالەی
کە لە نێوان کۆمەڵگەی مەدەنی و دەوڵەتی دێمۆکراتێک دا دەبێ ئەوە بە چ شێوەیەک بە کردەوە دەبێ هەڵبسووڕێ.
مەسەلە ئەوەیە کە یەکێک لە ئەرکە بنەڕەتییەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی ئەوەیە کە خۆی
بپارێزێ. ڕێگەی خۆ پاراستنی کۆمەڵگەی مەدەنی ئەوەیە کە ئەو پرێنسیپانەی کە ژیان و
مانەوەی کۆمەڵگەی مەدەنی دەپارێزن، ئەو پرێنسیپانەی کە کۆمەڵگەی مەدەنی بەرەو پێش
دەبەن، ئەوەی کە گەشەی پێ دەدەن و گەورەی
دەکەنەوە و بە هێز و دەوڵەمەندی دەکەن دەبێ ئەو پرێنسیپانە ڕەچاو کا و بیانپارێزێ.
لێرە دا مەسەلەی ئەساسی ئەوەیە کە کۆمەڵگەی مەدەنی دەبێ ئامانجی سەرەکی ئەوە بێ کە
پرێنسیپی فرەیەتی، پلوورالیزم، تەکەسور و جۆراوجۆری هێزەکان و جوارجۆری دەنگەکان و
جۆراجۆری هو وییەکان لە کۆمەڵ دا بپارێزێ. ئەوە بنچینە و بنەمای کۆمەڵگەی مەدەنی
یە.
ئەگەر بێتوو کۆمەڵگەی مەدەنی بەرەو ئەوە بچێ کە دەنگی بخاتە پاڵ دەنگی دەوڵەت بۆ ئەوەی
ڕەئیەک،
هو وییەیەک، بۆ ئەوەی ئەسڵێک یان هێزێکی جیاواز هەر لە بەر ئەوەی کە دەیەوێ
جیاوازییەکەی بپارێزێ و لە بەر ئەوەی کە
دەیەوێ جیاوازییەکەی گەشە بکا، بۆ ئەوەی کە دەیەوێ دیفاع لە جیاوازی خۆی بکا،
بێتوو کۆمەڵگەی مەدەنی لەگەڵ دەوڵەت ببێ بە یەک
و ئەو جیاوازییە لە بەین بچێ ئەو دەمی کۆمەڵگەی مەدەنی وەک دەڵێن باسکێکی
خۆی، ئەندامێکی خۆی لە دەست داوە، خۆی لاواز کردووە.
بۆیە پاراستنی ئەو پلورالیزمە بنەڕەتییە لە کۆمەڵ دا یەکێک لە ئەرکە بنچینەییە
کانی کۆمەڵگەی مەدەنی یە. دووەم ئەوەیە کە کۆمەڵگەی مەدەنی بە نۆرەی خۆی دەبێ
ئیمکانی دیالۆگ لەگەڵ دەسەڵات بهێڵێتەوە. چونکە حدوود و سغووری دەسەڵات تەنیا
لەگەڵ کۆمەڵگەی مەدەنی شێاوی موزاکەرە و قسە لە سەر کردنە. ئەو دیالۆگە دەبێ
بمێنێ، ئەو دیالۆگە دەبێ هەبێ لەگەڵ دەوڵەت. ئەگەر هاتوو دەوڵەت ئەو دیالۆگەی
نەویست ئەو دەمی کۆمەڵگەی مەدەنی دەبێ بۆ
پاراستنی بنەما و دەرەتانەکانی ئەو دیالۆگە لە کۆمەڵ دا خەبات بکا. واتە ئامانجی
کۆمەڵگەی مەدەنی دەبێ ئەوە بێ کە پانتایی گشتی بپارێزدرێ. لە ڕاستیدا ئەو پانتاییە
گشتییە چەک و ئامرازی بنەڕەتی بەیانی دێمۆکڕاتیک، بەیانی جیاوازییە کە لە کۆمەڵگەی
مەدەنی دا دەبێ بپارێزدرێ.
یەکێک لە مەسەلەکانی دیکەش کە پێوەندی هەیە بە کۆمەڵگەی مەدەنییەوە، بە
دەوڵەمەندیی کۆمەڵگەی مەدەنی ئەوەیە کە ئەو کۆمەڵگەی مەدەنی یە دەبێ بتوانێ، دەبێ
تێ بکۆشێ، خەبات بکا بۆ ئەوەی ئەو میکانیزمانە، ئەو ئامراز و کاناڵانەی کە
قانوونێتی دەسەڵاتی سیاسی دەپارێزن، مەسئوولییەتی دەسەڵاتی سیاسی دەپارێزن، بۆ
ژیان و بەردەوام بوون و بەرژەوەندی ئەوانە خەبات بکا چونکە ژیانی خۆی لەوانە
بەستراوەتەوە. ئەگەر دەوڵەت، قودرەتی سیاسی مەسئوول نەبێ کۆمەڵگەی مەدەنی ڕۆژ بە
ڕۆژ لاواز دەبێ، ئەگەر قودرەتی سیاسی قانوونێتی نەبێ واتە بە پێی قانوون
نەجووڵێتەوە کۆمەڵگەی مەدەنی ڕۆژ لە دوای ڕۆژ
لاواز دەبێ و بنەماکانی خۆی لە دەست دەدا.
بۆیە کۆمەڵگەی مەدنی دوو ئەرکی بنەڕەتی هەیە لە ئاست دێمۆکڕاسی. یەکیان ئەوەیە کە
پێشی ئەو کردەوانەی قودرەتی سیاسی بگرێ کە ناوەندخوازانەن و یەکیشیان ئەوەیە کە لە
پێوەندی خۆیدا لەگەڵ قودرەتی سیاسی لە پرێنسیپی بنەڕەتی پلورالیزم دیفاع بکا.
ئەوانە دەتوانن ببنە دەستەبەری پێوەندییەکی ساغ و سالم لە نێوان قودرەتی سیاسی و
کۆمەڵگەی مەدەنی دا.
لێرە باشترئەوەیە دوای ئەوەی کە ناوەرۆکی
دێمۆکڕاسیم لە ڕوانگەی خۆمەوە شی کردەوە، ئەسڵی تەکەسور یان پلورالیزم ڕوون
کەمەوە. پلووڕالیزم بنەمای فکری دێمۆکڕاتیکە. بنەمای بزووتنەوەی دێمۆکڕاتیکە،
بنەمای دیسکۆرس، وێژیاکی دێمۆکڕاتیکە. دیسکۆرس و کردەوەی هەر حەڕەکەتێک کە بەرەو
موتڵەقییەت بچێ، دژی پلوڕالیزم بێ لە جێدا ناتوانێ دێمۆکڕاتیک بێ، بزووتنەوەیەکی
ئاوا بنەمای دیکتاتۆری هەیە و بەرەو دیکتاتۆری دەڕوا. پلوورالیزم پرێنسیپی بنەڕەتی
فکری دێمۆکڕاتیکە. دەبێ حەتمەن بپارێزدرێ. بەڵام لێڕە دەبێ شی بکرێتەوە کە ئەو
پلوورالیزمە چییە.
حکوومەتی دێمۆکڕاتیک کە مەشرووعییەتی خۆی لە سەروەری گەل وەردەگرێ، لە حاکمییەتی
گەل وەردەگرێ، ئەو پلوورالیزمی دێمۆکڕاتیکەش دە چوار چێوەی ئەو مەشڕووعییەت و ئەو
حاکمییەتە دا تەعریف دەکا و دەناسێنێ. حکوومەتی دێمۆکڕاتیک و قودرەتی دێمۆکڕاتیک
لە جێدا هو وییەی خۆی لە گەل وەردەگرێ بەڵام لە تیوری دێمۆکڕاتیک دا گەل بە شێوەی
جەماوەرێک دادەندرێ کە ناسێنەیەکی یەکگرتووی هەیە کە لە تیوری سیاسەت دا بە مانای
ناسێنەی میللیی باسی لێوە دەکرێ. واتە ناسێنەی قەزایی، سیاسی نەک ناسێنەی
فەرهەنگی. گەل لەو تیورییە دا ناسێنەی یەکگرتووی هەیە، کە ئەو ناسێنە یەکگرتوویە
بنەمای وجوودی گەلیشە لە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیش دا. بەڵام ئەو ناسێنە دێمۆکڕاتیکە لە دەربڕینی
حقووقی و سیاسییەکەی دا زۆر حاڵەتێکی غەیری پلوورالیستی هەیە، چونکە دەوێدا باسی
ناسێنەیەک دەکرێ کە یەکگرتوویە، باسی
هووییەک دەکا کە مەنشەئی قودرەتی حاکمییەتی سیاسی و مەشڕووعییەتی سیاسی یە. ئەوە لە کۆمەڵێک دا کە تێیدا گەل واقیعەن لە
ڕووی فەرهەنگی و لە ڕووی ئێتنیکی و لە نەزەر میللییەوە واتە لە ڕووی نەتەوەییەوە
یەک بێ موشکیلە و گیرو گرفتێک ناهێنێتە پێشێ. بەڵام زۆربەی ئەو کۆمەڵانەی کە ئەمڕۆ
ئێمە دەیانبینین لە ڕووی ئێنیکییەوە، لە ڕووی فەرهەنگییەوە و لە ڕووی نەتەوەییەوە
یەک نین. لەواندا جیاوازی سەرەکی هەیە. بەڵام پرێنسیپی دێمۆکڕاتیکی سەروەری گەل
ناتوانێ ئەو جیاوازیانە نیشان بدا و لە بەر ئەوەی ناتوانێ نیشانیان بدا و کاتێکیش
کە دەیەوی پرێنسیپی پلوورالیزم، فرەیەتی و جۆراجۆری لە قانوون دا بگونجێنێ و
دامەزرێنێ ئەوە تەنێ سنوورردار دەکا بەو جیاوازی و بەو فەرقانە و بەو فرەیەتی و
پلوورالیزمەی کە دەتوانێ دە چوارچێوەی تێۆریک و سیاسی و قەزایی سەروەری گەل دا بیگونجێنێ.
بۆیە لەو ڕوانگەیەوە دێمۆکڕاسی قابیلییەتی ئەوەی نییە بتوانێ وڵامدەری
پلوورالیزمێکی ڕاستەقینە و بنەڕەتی بێ و بتوانێ تەواوی ئەو جیاوازی و فەرقانەی کە لە کۆمەڵگەی مەدەنی
دا هەن لە ناوەرۆکی خۆیدا بەیان بکا. بۆیە یەک لە ئامانجەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی
دەبێ ئەوە بێ دێمۆکڕاسی دێمۆکڕاتیزە بکا، دەبێ دێمۆکڕاسی ڕادیکاڵ بکا. ئەوەی کە ئەمڕۆ
لە ئاجێندا، لە دەستووری ڕۆژ، ڕۆژەڤی سیاسی دایە ئەوەیە کە دیمۆکڕاسی دەبێ هەمیشە
ڕادیکاڵ بکرێ. ڕادیکاڵ کردنی دێمۆکڕاسی بەو مانایەیە کە دەبێ قانوونی بنچینەیی بە
جۆرێک بنووسرێ کە بنەما و مەشڕووعییەتی خۆی لە کۆمەڵگەیەکی مەدەنی وەربگرێ کە ئەو
جیاوازیانە تێیدا بەیان دەکرێن. ئەو جیاوازیانەش دەبێ لە قانوونی بنچینەیی دا ڕەنگ
بدەنەوە. جا ئەگەر قودرەتی سیاسی مەشرووعییەتی خۆی لە قانوونی بنچینەیی وەردەگرێ،
دەبێ ئەو مەشرووعییەتە لە گشتێک وەربگرێ کە تێێدا جیاوازییەکان ناسراون و ددانیان
پێدا هێندراوە، مافەکان ناسراون و لە کۆمەڵ دا ڕێز لەو جیاوازی و مافانە
دەگیرێ. زۆر سپاستان دەکەم
سەرچاوە: وەێبنووسی ڕوانگە
No comments:
Post a Comment