Saturday, May 1, 2021

کڵیشەی سەردێڕی ئەو ڕۆژنامە " کوردستان " ی لە تەورێز چاپ دەکرا



 

کڵیشەی سەردێڕی ئەو ڕۆژنامە  " کوردستان " ی لە تەورێز چاپ دەکرا.
حەسەن قازی

تێلێڤیزیۆنی  " من و تۆ "  کە وا دیارە دەستی  وە زۆر لە بەڵگە و فێلمی ڕادیۆ و تێلێڤیزۆنی  زەمانی شا ڕادەگا، بەرنامەیەکی هەیە بە ناوی " تونێلی زەمان"  کە ئەو بەرهەمە کۆنانەی تێدا بڵاو دەکاتەوە. لە ئاڵقەیەکی ئەو بەرنامەیە دا  کورتە فیلمێکی دۆزینەوەی چاپخانەیەکی حیزبی توودە/ فیرقەی دێمۆکڕاتی ئازەربایجان لە تەورێز نیشان دەدرێ کە دیارە دەستگای هێدیایەتی ئێران لەو سەروبەندی دا بڵاوی کردووەتەوە. لەو کورتە فیلمە دا کڵیشەی  ڕۆژنامەی "کوردستان "، ناوخۆی چاپخانەکانە و ژمارەیەکی زۆر چاپکراوی حیزبی توودە و فیرقەی دێمۆکڕاتی ئازەربایجان نیشان دەدرێ. ئەو ڕووداوە دەگەڕێتەوە سەردەمی  دوای کودەتای ٢٨-ی گەلاوێژی١٣٣٢/ ١٩-ی ئووتی ١٩٥٣. هەر چەند بەدوای ئەو کودەتایەدا گورزی قورس وە حیزبی توودە کەوت، بەڵام فێرقە و حیزبی دێمۆکرات  شەش ساڵ دوای ئەو کودەتایە ڕێکخراوەکانیان  کەوتە بەر شاڵاوی هێزەکانی ڕێژیم.
نەمر غەنی بلووریان لە بیرەوەرییەکانی دا بە وردە ڕیشاڵ لە سەر چاپی " کوردستان" لە تەورێز  دواوە و ئاوا دەنووسێ:  " چاپی ڕۆژنامە کوردستان. .... چەند ڕۆژێک لە سیاقۆڵ مامەوە. پاشان چوومە گوندی " لاچین". لەوێ چاوم بە حەمەدی ئاغای کەوت. کاک حەمەد خاڵی هێمن بوو.  ئەو گوتی: هێمن گوتویەتی ئەگەڕ غەنی ڕێی لێرە کەوت ئاگاداری بکەم. لە بەر ئەوە  دوو ڕۆژیش لە لاچین مامەوە و پاش دیتنی هێمن چوومە گوندی
" پیرۆلی باغی" و بە پشت کارخانە قەندی " میاندواو" دا خۆم گەیاندە تەورێز. قاسملو [ عەبدولڕەحمان] و عەزیز [ یۆسفی]  لە تەورێز بوون. منیش ماڵێکم لە گەڕەکی " بارۆن ئاوا" بە کرێ گرت، کە بە گەڕەکی ئەرمەنیان دەناسرا. خاوەن ماڵەکەم ژنێکی ئەرمەنی زۆر مێهرەبان بوو، و پێیان دەگوت " مادام مەروسیا". دوای چوونی من بۆ تەورێز، " سەدیقی ئەنجیری ئازەر"یش لە تارانەوە هات بۆ تەورێز. ئێمە ئەو چوار کەسە کۆ بووینەوە و لە سەر دەرکردنی ڕۆژنامەی کوردستان بڕیارمان دا قاسملو ئێمە بە ڕێبەرانی فیرقەی دێمۆکڕات بناسێنێ و ئێمەش داوایان لێبکەین بۆ چاپێ ڕۆژنامەی کوردستان یارمەتیمان بدەن. ڕێبەرایەتی فیرقەی دێمۆکڕات بۆ چاپی ڕۆژنامەی کوردستان یارمەتی پێکردین و ئێمە لە سەرەتای ساڵی ١٣٣٣ [ی هەتاوی] – ١٩٥٤ یەکەم ژمارەی کوردستانمان دەرخست. سەدیقی ئەنجیری و عەزیزی یۆسفی بە زمانی فارسی وتاریان بۆ کوردستان دەنووسی و من دەمکردن بە کوردی و  بۆ خۆشم بە کوردی وتارم دەنووسی. ئەو نامە و وتارانەش کە بە زمانی فاارسی لە کوردستانەوە دەگەیشتن، من دەمکردن بە کوردی و قاسملوو بە سەریاندا دەهاتەوە. قاسملوو هەر وەها بە زمانی کوردیش وتاری دەنووسی.  هەموو بە یەکەوە ڕۆژنامەکەمان موونتاژ دەکرد و من دەمبرد بۆ چاپخانەی فیرقەی دێمۆکڕات. ئەوان نووسراوەکانیان تایپ دەکرد و پاش تەواو بوونیان من هەڵەکانم ڕاست دەکردەوە و پاشان چاپ دەکران. دوای چاپی کوردستان ئۆرگانی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان (ئێران) و ئازەربایجان ئۆرگانی فیرقەی دێمۆکڕاتی ئازەربایجان ئەوانمان دەبرد بۆ ماڵی ئەندامێکی فیرقە بە ناوی " حوسێن"  کە لە سۆڤیەت گەڕابۆوە و لەو ماڵەوە بڵاومان دەکردنەوە. ئێمە کوردستان ی ژمارە ١ و ٢ مان بە " مەحموودی مەنگوڕی" دا ناردەوە بۆ مەهاباد. بەڵام پاشان لەگەڵ برادەرانی فیرقە بڕیارمان دا تەتەرێکی هاوبەشمان هەبێ بۆ ناردنی ڕۆژنامەکانی کوردستان و ئازەربایجان. لە هەر ژمارەیەی کوردستان ١٠٠ دانەمان دەنارد  بۆ کوردستانەکانی ژێر دەستی عێڕاق و تورکیەو ١٩٠٠ دانەشمان لە کوردستانی ژێر دەستی ئێراندا بڵاو دەکردەوە.
خوێنەرانی ڕۆژنامەی کوردستان نامەیان بۆ دەناردین . مامۆستا  هێمن لە نامەیەک دا سپاسی لێکردبووین. ڕێکخراوەکانی کوردستانی ژێر دەستی عێڕاق داوای ژمارەیەکی پتریان لێدەکردین. بەڵام ئێمە نەماندەتوانی پتر لە دوو هەزار دانە چاپ  بکەین. زۆرمان هەوڵ دا چاپخانەیەک لە ورمێ دانێین، بەڵام سەرنەکەوتین. دوای بڵاو کردنەوەی هەشت ژمارەی کوردستان، چاپخانەی فیرقە ئاشکرا بوو. " جەعفەری قەوسی"  سەرنووسەری ڕۆژنامەی ئازەربایجان گیرا و رێژیم دەستی بە سەر چاپخانەکە دا گرت. دوای ئاشکرا بوونی چاپخانەی فیرقە، ئێمە لە ترسی پەلاماری مەئموورەکانی حکوومەتی ئێران لەگەڵ قاسملوو چووین بۆ تاران. ئەوەش دەبێ  بڵێم، کە عەزیزی یۆسفی بە دوای دەرچوونی دووهەمین ژمارەی کوردستان لە موسافیرخانەی " شەبوستەری" گیرا و نزیک بە ساڵێک لە زیندان مایەوە."  [غەنی بلووریان، ئاڵەکۆک، بەسەرهاتی سیاسی ژیانم، ستۆکهۆڵم، ١٩٩٧]
هەم کاک جەلیل گادانی و هەم کاک کەریمی حیسامی  و تەنانەت مامۆستا هێمن ( بە سەرداگیراوی) ئاماژە دەکەن بە دەوری غەنی بلووریان بۆ دەرخستنی ئەو خولەی ڕۆژنامەی کوردستان.بە پێی نووسینی نەمر شارمەدینی سادق وەزیری کە ئەو سەروبەندی لە نزیکەوە ئاگای لە چالاکییەکانی ئەو کادرە دێمۆکڕاتانە هەبووە ڕەحمەتی قادر یۆسفی برا گەورەی عەزیز یۆسفی ش  دەستی لەکاروباری ئامادە کردنی ئەو ڕۆژنامەیە دا هەبووە.  سپاس بۆ کاک دەرسیم  ئۆرەمار کە سەرنجی ڕاکێشم بۆ دیتنی ئەو کلیشەیە و لینکەکەی بۆ ناردم.

سەرچاوە: وێبنووسی ڕوانگە

No comments: