Tuesday, April 27, 2021

کەمال فوئاد یەکەم دۆزەرەوە و چاپکەرەوەی ڕۆژنامەی کردستان


کەمال فوئاد یەکەم دۆزەرەوە و چاپکەرەوەی ڕۆژنامەی کردستان

پێشەکی دوکتور کەماڵ فوئاد بۆ ئەو ژمارانەی " کردستان"  کە چاپی کردنەوە


        تا کۆتایی سەدەی نۆزدەهەم  کوردی تەنیا زمانی گفت و گۆ و شێعر بوو نەک نووسین.  لەبەر ئەوە دەرچوونی ڕۆژنامەی (کوردستان) لە ساڵی ١٨٩٨ بایەخێکی تایبەتی ی هەیە لە مێژووی زمان و ئەدەبی نەتەوەکەمان دا.
         کاتی خۆی بیستبووم کە ژمارەکانی ئەم ڕۆژنامەیە لە ( کتێبخانەی پرووسیا) لە ئەلەمانیا دەست ئەکەون. پاش چوونم بۆ ئەوێ زانیم کە ئەم کتێبخانەیە ئێستا ناوێکی تری هەیە. لە پاش جەنگی جیهانی ی دووەمەوە ناوی بووە بە (کتێبخانەی دەوڵەتی ) کە ئێستا ئەکەوێتە بەرلینی ڕۆژهەڵاتەوە. لەوێش زانیم کە ژمارەکانی ئەم ڕۆژنامەیە لە کاتی جەنگی جیهانی ی دووەم دا لەگەڵ گەلێک چاپکراوی ترا گواسترانەوە بۆ ئەڵەمانیای ڕۆژئاوا.

       لە سەرەتای ئابی ١٩٦٥ دا بە شوێن دەستنووسە کوردی یەکان دا ڕێم کەوتە شاری (ماربورگ و توبینگن). بە هەلم زانی جارێکی تر هەواڵی ڕۆژنامەی (کوردستان) بپرسم. پاش گەڕان و پشکنینێکی زۆر ئاگادار کرام کە ئەم ڕۆژنامەیە لە ئەڵەمانیای ڕۆژئاوایە لە کتێبخانەی  دەوڵەتی Staatsbiblothec لە شاری   ماربورگ  Marburg، بەڵام تا ئێستا لەگەڵ هەزاران چاپکراوی تر دا نۆرەیان نەهاتووە بۆ ئەوەی جیا بکرێنەوە و لە شوێنی تایبەتی ی خۆیان دا سەر لە نوێ دابنرێنەوە. بەڵێنیان دامێ کە هەر کاتێک بەرچاویان کەوت دەستبەجێ بۆم ڕەوانە بکەن بۆ بەرلین. منیش ساڵی چەند جارێک ئەم بەڵێنەم بیر ئەخستنەوە، تا لە هاوینی ١٩٦٨ دا   ئەم ئاواتەم هاتە دی و هەموو ئەو ژمارانەی ڕۆژنامەی (کوردستان) کە لە ئەڵەمانیا پارێزرابوون کەوتنە بەر دەستم. ئەوە بوو کاتی خۆی وتارێکم لە سەر بڵاو کردەوە لە گۆڤاری (ڕووناکی) دا کە لە بەغدا دەرئەچوو (ژمارە –  ١، ٢٣/ ٥ / ١٩٦٩).

      ئێستاش خۆم بە بەختیار ئەزانم کە توانیم سەر لە نوێ  بە چاپی بگەیێنم. ئەمە خۆشی ی دۆزینەوەکەی نوێ کردەوە، نەک هەر لە لای من بەڵکوو لای هەموو ئەوانەی کە دەمێکە  بە تاسەی بینینی  ئەم ڕۆنامەیەوەن.



       یەکەم ژمارەی ڕۆژنامەی (کوردستان) لە ٣٠ ی ذوالقعدەی ١٣١٥ (٩ی نیسانی ١٣١٤ی ڕۆمی)بەرامبەری ٢٢ی نیسانی ١٨٩٨ لە ( قاهیرە) دەرچووە. لە سەرەتا دا لە لایەن نەوەی (بەدرخان پاشا) (مقداد بگ مدحت بگ)ەوە دەرئەچوو. ژمارە ( ٦- ١٩) لە (جنێڤ)، ژمارە (٢٠-٢٣) دووبارە لە (قاهیرە)، ژمارە (٢٤) لە (لەندەن)، ژمارە (٢٥-٢٩) لە (فولکستۆن) و ژمارە (٣٠و٣١) جارێکی تر لە (جنێڤ) لە لایەن برای (مقدادبگ) ( عبدالرحمن بگ) وە دەر ئەچوو.
    ژمارە (١-٣١)ی ئەم ڕۆژنامەیە، بیجگەلە لە ژمارە (١٠، ١٢، ١٧ ، ١٨ ، ١٩)  وەکوو لە سەرەوە باسم کرد ئێستا لە ( کتێبخانەی دەوڵەتی) ن لە شاری ( ماربورگ) لە ئەڵەمانیای ڕۆژئاوا.
   ژمارەی (٣١) ڕۆژی (٦)ی محرم ١٣٢٠ ( ١ی نیسانی ١٣١٨ی ڕۆمی) بەرامبەری (١٤)ی نیسانی ١٩٠٢ دەرچووە.

   ئەم ڕۆژنامەیە بە کوردی یەکی جوان و ڕەوان (زاراوای کرمانجی ی سەروو، شێوەی جەزیرە و بۆتان) بە دوو هەفتە جارێک لە چوار لاپەڕەی (٥٠ز٢٥ X ٥٠ ر ٣٢ سم) ی دا دەرئەچوو. جۆری کاغەز و چۆنی یەتی ی چاپکردنەکەشی خراپ نەبوو. بە تیپی عەڕەبی لە سەر تەرزی فارسی چاپ ئەکرا.

  لە ژمارە (٤) ەوە بە تورکیش وتاری تێدایە، بە تایبەتی سکاڵانامە (عرضحال) و پاشان نامەی کراوە ( آچیق مکتوب) کە زۆر جار بۆ (سڵطان عبدالحمید) نوسراون دژی بەربەرەکانی ی ڕۆژنامەکە و ئازاردانی نەوەکانی (بەدرخان). پاش ئەوەی ڕۆژنامەکە هیچ ئومێدێکی بە (سڵطان) نەماوە دەستی کردووە بە هێرش بردنە سەر ( سلطان) و دەستە و دایەرەکەی وە زۆر ئازایانە لە سەر کوشتنی ( مدحت پاشا) و هاوڕێکانی وە لە سەر بزووتنەوەی ئازادیخوازانی تورکی نووسیوە.

     لەبەر بەربەرەکانی ی کاربەدەستانی عوسمانی ڕۆژنامەکە وەکوو خاوەنەکانی ویستوویانە هەموو جارێک لە کاتی خۆی دا دەرنەچووە. هەر لە بەر ئەم بەربەرەکانی یەش بووە کە لە شوێنێکەوە گواستراوەتەوە بۆ شوێنێکی تر.

    نرخی ئەم ڕۆژنامەیە هەر لەوە دا نی یە کە یەکەم ڕۆژنامەیە بە زمانی کوردی دەرچووبێت بەڵکوو نرخێکی مێژوویی و سیاسیشی هەیە. سەرنجێکی سەرپێ ی لە ناوەرۆکی ئەم ژمارانە ئەو ڕاستی یەمان بۆ ساخ ئەکاتەوە کە بزووتنەوەی کوردایەتی هەر لە سەرەتاوە ڕێگای یەکێتی ی تێکۆشانی گرتووە لەگەڵ بزووتنەوەی ئازادیخوازی ئەو گەلانەی کە کورد لە گەلیان دا ژیاوە.
   هیوادارم کە خوێنەرانی بەڕێز نرخی بزانن و کەلکی لێ وەرگرن
   کەمال فوئاد                 
   بەغدا  ٤ / ١٠ / ١٩٧١


 

No comments: