بەرز و پیرۆز بێ بیرەوەی تێکۆشەر سارمەدین سادق وەزیری
بەرز و پیرۆز بێ بیرەوەی تێکۆشەر سارمەدین سادق
وەزیری
ئەمڕۆ ١١-ی ئاوریلی ٢٠٢١ سێ ساڵ لە کۆچی دوایی سارمەدین سادق وەزیری کەسایەتی
گەورە و دڵسۆزی کورد لە تاراوگە ڕادەبرێ. سادق وەزیری دوای ئەوەی ناچار بوو وڵات
جێ بێڵێ لە وڵاتی سویس دامەزرا بەڵام تا دوایین ڕۆژەکانی ژیانیشی لە بەشداری لە
خەباتی گەلی کورد لە پێناو ئازادی و عەداڵەتی کۆلەڵایەتی دا تەنەخی نەکرد و
بەردەوام لەتەک ڕێکخراوە سیاسەسییەکانی ڕٶژهەڵات و کەسایەتی و تاکوتەرای کورد لە پێوەندی دا بوو و لە
بیروڕای خۆی ئاگاداری دەکردن و لە ئامۆژگاری بە سوود بێ بەشی نەدەکردن.
ئەو پەیامەی پێش هاتنی بۆ هەندەران و ئەو
کاتەی کە قسەوێژی " کۆمەڵەی کوردەکانی دانیشتووی تاران" بوو لە ڕێگای منەوە بۆ کۆنگرەی ئاکسا نارد. ئەو
کۆنگرەیەی ئاکسا زۆر تایبەتی بوو، لە جەنگەی خۆڕاگری قارەمانانەی خەڵکی سنە دا
بەڕێوە دەچوو. ئەو کۆنگرەیە هەمان کۆنگرە بوو کە " دیپڵۆمات " ە
مرۆکوژەکانی سەدام دەیانەویست بیتەقێننەوە. ئەو کۆنگرە هەمان کۆنگرە بوو کە هێندێک
لایەن لە بەر مولاحەزەی سیاسی بە بیانووی ئەوەی کە ڕێژیمی جمهووری ئیسلامی "
دژی ئیمپریالیست" ە. حەولیان دەدا جینایەتەکانی بەوجۆرەی پێویستە لە قاو
نەدرێ.
وەک لە دەقی پەیامەکە دا دەبینین سارم سادق وەزیری بە قووڵی باوەڕی بە هێزی
لەبنەنەهاتووی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بووە. لە سێهەمین ساڵی مەرگی دا بۆ ڕێزلێنان
لە بیرەوەری بەرزی پەیامەکەی دوای ٤١ ساڵ جارێکی دیکە بڵاو دەکەمەوە،
حەسەن قازی
---پەیامی هاوڕێ سارەمەدینی سادق وەزیری، تێکۆشەری ناسراوی کورد و قسەبێژی "
کۆمەڵەی کوردەکانی دانیشتووی تاران" – بۆ کۆنگرەی ٢١-ی کۆمەڵەلەی خوێندکارانی
کوردستان لە دەرەوەی وڵات (AKSA)
نۆهەمی گەلاوێژی ٥٩ بەرانبەر بە ٣١-ی ژووئییەی ١٩٨٠
کۆمیتەی بەڕێوەبەری گشتی کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردستان لە دەرەوەی وڵات
برایانی بەڕێز،
بەوپەڕی شانازی یەوە نامەی
بانگ هێشتنی ئێوەم بۆ بەشذار بوون لە بیستوویەکەمین کۆنگرەی کۆمەڵەی خوێندکارانی
کوردستان لە دەرەوەی وڵات کە ڕۆژی ١٠-ی ژووئییە ناردرابوو، پێ گەیشت.
بۆ من زۆر بە کەلک دەبوو کە لەم ڕۆژە قەیرانی یانەی خەباتی گەلەکەمان دا لە تەک
ئێوە برایانی خۆشەویستم دا کە بێگومان لە
ڕیزی هیوای دواڕۆژی گەلی کورد دان بدوێم بەڵام مخابن لە بەر نەبوونی ئیمکانی سەفەر
کردن ناتوانم لە کۆنگرەی ئێوە دا ئامادە بم. بەوپەڕی داخەوە ئەوا بەو هۆیەوە
ئارەزووی خۆم بۆ سەرکەوتنی کۆنگرەی بە بەرووبووتان ڕادەگەیێنم.
برایانی ئازیزم! ئەم حەقیقەتەی کە خوێندکارانی کوردی دەرەوەی وڵات توانیویانە
ڕێکخراوەی تایبەتی خۆیان " لە سەر
بناغەی دیفاع لە خەباتی زەحمەتکێشانی کوردستان و خەباتی مێژووکردی گەلی تێکۆشەری
کورد دامەزرێنن " و سەرەڕای خوارەکە
و ژوورەکەی فرە لە پتەو کردن و سەقام پێدانی دا تێبکۆشن نیشاندەری ئەم واقعییەتەیە کە گەلی تێکۆشەری
کورد پێی ناوەتە ڕێبازێک کە دوایی ئەم
سەرکەوتن واتە وەدی هاتنی مافی میللی و دێمۆکڕاتیک دەبێ چونکوو بێگومان پێک هاتنی
ڕێکخراوێکی ئەوتۆ ئینعیکاسێکە لە واقعییەتی خەباتی گەلی کورد لە پارچە جیاواز و
دابەشکراوەکانی کوردستان دا.
بێ گومان ئەم ڕێگایە هێشتا فرە دوورو درێژ و پڕ لە مەترسی یە، بەڵام مێژوو
سەلماندوویەتی کە گەلی ئێمە توانای ئەوەی
هەیە کەسەرکەوتووانە بگاتە ئامانجی.
ئەمەی کە بە شێوەیەکی بڕیاردەر سەرکەوتن دەستەبەر دەکا ئەوەیە کە زەحمەتکێشانی
کورد لێر و لەوێ توانیویانە هەرچی زیاتر
جڵەوی خەباتی ڕزگاریی بەخش بخەنە دەستی پڕ هێز و توانای خۆیان و لە گێژاوی شەپۆلی
کەند و کۆسپان نەپرینگێنەوە.
لەمەڕ تێکۆشان و چالاکی کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردستان لە دەرەوەی وڵات وەبیرهێنانەوەی چەند نوقتەیەک
پێویستە:
١-پارچەکانی دابەشکراوی کوردستان لە ناو وڵاتە جۆر بە جۆرەکان دا لە حاڵەتی
دواکەوتوویی دا ڕاگیراون،ڕزگار بوون لەم دواکەوتوویی یە تەنیا بە هۆی شۆڕشی قووڵی
کۆمەڵایەتی یەوە مەیسەرە و لاغەیر جا بۆیە
خوێندکارانی کورد کە لەم پارچانە ڕا هاتوون و لە دەرەوە کۆبوونەتەوە
دەتوانن و دەبێ لە بنیات نانی کوردستانی
دوا ڕۆژ دا دەورێکی جێی سەرنج بگێڕن بەو مەرجەی بە گشت هێز و توانای خۆیانەوە
تێبکۆشن کە لە عەینی حاڵ دا کە فێری زانست وفەننی نوێ دەبن، زانستی خەبات و
شۆڕشیش فێر بن.
زانست و فەننە نوێیەکان بەروبوو و میراتی موشتەڕەکی مێژووی پێگەیشتنی ئینسانانە لە
بەر ئەمە هی هەموو قەوم و میللەتێکە،عیلم عیلمە و شەرقی و غەربی بۆ نییە. هەڵبەت
مەبەست لە زانست مانای ڕاستەقینەی ئەم وشەیەیە و نەک تێئۆری هۆندنەوەی نە زانستی.
ڕۆڵەکانی گەلی ئێمە دەبێ بە ڕاستی و بە تەواوی مانا ئەم زانست و فەننانە فێر بن و
قەت تووشی ئەم تەوەهومە نەیەن کە بە بێ فێر بوون و دەکار کردنی زانستی پێشڕەو
دەکرێ کۆمەڵ بە ودمی هەڵخەڵەتێنەر و دەغەڵ بازان بەڕێوە ببردرێ یان بەرەو پێش بچێ.
٢-زانستی خەبات و شۆڕشیش وێڕای پێگەیشتنی کۆمەڵی ئینسانی و زانست و فەننان و بە
کەلک وەرگرتن لە گشت پێشکەوتەکانی زانست و فەن و فەلسەفە ڕێگای پێگەیشتنی پێواوە،
لە ڕاستی دا ئینسان دەبێ فێری ئەو زانستەش بێ،لێرە دا نابێ تووشی ئەم تەوەهومە
ببین کە زانستی خەبات و شۆڕش هەر دەکرێ لە ناو لاپەڕە و دێڕی کتێبان دا فێر بین! وا
نییە، دامەزراندنی پەیوەندی قووڵ و هەموو لایە و زیندوو لە تەک خەباتی ڕۆژانەی
زەحمەتکێشان دا و ئیلهام وەرگرتنی
بەردەوام لە تەجروبەی وان مەرجی پێویست بۆ فیر بوونی زانستی خەبات و شۆڕشە.
٣- مێژووی خەباتی گەلەکەمان سەلماندوویەتی
کە بەر لە هەموان و زیاتر لە هەموان
دەبێ پشت بە هێزی خەڵکی تێکۆشەر و
زەحمەتکێشانی کورد ببەسترێ، هەر جۆرە تێئۆری هۆندنەوەیەک کە ئەم حوکمە
مێژوویی یە تەبلیغ نەکا نەک هەر فڕی بە عیلم و تێئۆری زانستی شۆڕشەوە نییە بەڵکوو تەپکەیەکە بۆ پێوە کردنی
کۆمەڵانی گەلی کورد.
ئینعیکاسی خەباتی ڕۆژانەی گەلی کورد لە
وڵاتە جۆر بە جۆرەکان دا ئەرکی کردەوەیی دەرەجە هەوەڵی ڕێکخراوە کوردەکانە لە
دەرەوەی وڵات. دوژمنانی گەلی کورد هەمیشە هەوڵیان داوە کە واقعییەتی خەباتی مەردم و زەحمەتکێشانی کوردستان لە خەڵکی دنیا بشارنەوە و بە بڵاو
کردنەوەی بوختان و تاوان وەپاڵ دانی جۆراو جۆر داوێنی پاکی میللەتی مەعسووم و غەدرلێکراوی کورد پیس
کەن. دەبێ بە هەموو خەڵکی جیهان نیشان بدرێ
کە چلۆن گەلی کورد بە درێژایی هەزاران ساڵ بە دەسدڕێژکەران و ستەمکارانی
ڕەنگاوڕەنگی کوتووە " نا " و سەرەڕای کوشتاری خوێناوی و سەرکوت کرانی
سەرانسەری توانیویە هووییەت و خسڵەتی خۆی بپارێزێ و هەموو جارێ لە بن
خۆڵەمێشی بڵێسەی ئاگری دنیا داگر و لە ژێر کاولی تێک تەپینی مەزن ڕا،
سەر زیبدووتر لە ڕابردوو سەر هەڵێنێ و هاوار بکا: " کورد زیندووە ".
٤-خوێندکارانی کورد لە دەرەوەی وڵات بە بڵاو کردنەوەی هەراوی ڕاستەقینەی خەباتی
ڕۆژانەی گەلەکەمان بەتایبەتی دەبێ نیشان بدەن کە خەباتی قارەمانانەی ئێستای مەردمی کوردستان، درێژەی
مەنتیقی و تەبیعی ئەم مێژووە سەرانسەر پڕ لە نەسرەوتن و فیداکاری و گیانبازی یەیە
و بەم ڕێگایە دا هاودەردی هەرە هەراوی
زەحمەتکێشانی وڵاتە جۆر بە جۆرەکان بەرەو خەباتی بەحەقی گەلی کورد ڕاکێشن.
٥- خوێندکارانی کوردی دەرەوەی وڵات دەتوانن بە لێکدانەوە و پوختەکردنی ورد و
زانستییانەی جووڵانەوە میللییەکانی گەلی کورد لە پارچە جیاواز و دابەشکراوەکانی
کوردستان دا، بە تایبەتی لە دوای شەڕی دووەمی دنیاگر، نیشانی دەن کە دۆستانی
ڕاستەقینەی گەلی کورد کامەنەن.
ئەم لێکۆڵینەوانە بە تایبەتی دەتوانێ بە
دروستی سیمای ڕاستەقینەی هێندێک لە مودەعی یەکانی دیفاع لە مافی بێ بەش و
زەحمەتکێشان وەڕوو خا. ئەم لێکۆڵینەوانە هەر وەها بە دروستی دەری دەخەن کە
حیزبەکان و ڕێکخراوە سیاسی یەکانی مودەعی نوێنەرایەتی زەحمەتکێشان لە بواری حەساسی مێژوویی دا چلۆن لە حاست
خەباتی بە حەقی گەلی کورد دا
بزووتوونەتەوە، پۆختە و گەڵاڵەی گشت ئەم
تەجروبانە و بە تایبەتی جەرەیانەکانی
یەکساڵ و نیوی دوایی لە ئێران ئیسپاتی دەکا کە ڕێکخراوە سیاسی یە
شۆڕشگێڕەکانی کوردستان دەبێ لە هەموو جۆرە
بە دواوە ڕۆیشتنی جەریانە سیاسی یەکانی
دیکە خۆ بپارێزن و ڕێگای خۆیان بە پشت بەستن بە تەجروبەی ئۆبژێکتیڤ و ڕۆژانەی
خەباتکارانە و بە کەلک وەرگرتن لە تێئۆری ڕاستەقینەی شۆڕشگێڕی ببیننەوە و
بڕیاردەرانە و موسەممەمانە هەنگاوی تێدا هەڵێننەوە.
لاوانی تێکۆشەری کورد کە پڕن لە هەستی قووڵی نەتەوایەتی و کوڵ و کۆی شۆڕشگێڕانە
نابێ فریوی ڕستە و قسە و دروشمی ڕواڵەت شۆڕشگێڕانە – کە پەیوەندییان بە واقعییەتی
خەباتی گەلی کورد و ڕەگ و ڕیشەی قووڵی مێژوویی و کۆمەڵایەتی ئەوەوە نییە – بخۆن.
ئەم لاوانە دەبێ بڕوایان بە خۆیان بێ و پشت بە خۆیان ببەستن و لە ناو ڕێکخراوە
سیاسی یە بە تایبەتی یە شۆڕشگێرییە کوردییەکان دا و بە پشت ئەستوور بوون بە هێزی
لە بن نەهاتووی گەلی خەباتکار و شۆڕشگێڕی کورد لە ناو شەپۆلی بە سامی تەبلیغاتی
ئەم لا و ئەو لا دا، بە یارمەتی تێئۆری زانستی شۆڕش، ڕێگای تایبەتی پێگەیشتنی
مێژوویی نەتەوەی کورد بپێون و لە کەند و کۆسپ و پەرژینان نەپرینگینەوە و لە بەر
شکانی کاتی تووشی ناهوـیدی و ورە بەردان نەیەن.
من مافم نییە زیاتر لە مە کاتی ئێوە برایانی خۆشەویستم بگرم، ئارەزووی سەرکەوتنی
کۆنگرەکەتان دەکەم و هیوادارم کە ئەم کۆنگرەیە بۆ بەرەو ژوور بردنی سەتحی
تێکۆشەرانەی کۆمەڵەی ئێوە هەنگاوی بە کەلک و بە پیت هەڵێنێتەوە
وێڕای سڵاو ودروودی زۆر
سارمەدینی سادق وەزیری
*ئەم پەیامە لە زمانی فارسی را وەرگێڕدراوە.
تێبینی: ئەم پەیامەم چونی ٤١ ساڵ لەمەوبەر وەرمگێڕابوو وایە بێ هیچ ئاڵوگۆڕێک
No comments:
Post a Comment