Wednesday, April 21, 2021

تێپەڕین لە دیواری ئێتنیکی، بایۆ پالیتیکس سیاسەتی ژیانی ڕۆژانە

هەڤپەیڤین  لەگەڵ پرۆفێسۆر عەبباس وەلی
تێپەڕین لە دیواری ئێتنیکی، بایۆ پالیتیکس سیاسەتی ژیانی ڕۆژانە

حەسەن قازی: بینەرانی بەڕێز بەخێر بێنەوە بۆ بەرنامەیەکی دیکەی ڕاوێژ. لە بەرنامەی ئەمجارەمان دا پرۆفێسۆر عەبباس وەلی بە سەری کردووینەوە.  لەم بەرنامەیە دا ئێمە باسی ئەو موناقەشە و ئەو بابەتانە دەکەین کە بەڕێزیان لە چەندین مانگی ڕابردوو دا هێناویانەتە گۆڕێ، با بڵێین لە کۆنفڕانسی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕا دەستی پێکرد و لە چەند بەرنامەی تێلێڤیزیۆنی دا درێژەی کێشا. لەو بارەیەوە هێندێک باس و خواس هاتووەتە گۆڕێ کە دەردەکەوێ تا ڕادەیەک لە قسەکانی بەڕێزیان خراپ تێ گەیشتوون. بەڕێز وەلی زۆر بە خێڕ بێی بۆ بەرنامەی ڕاوێژ.

پرۆفێسۆر عەبباس وەلی: سپاست دەکەم مامۆستا، زۆر مەمنوون، زۆر سپاس

قازی: با لەوە ڕا دەست پێ بکەین ئێوە چەمکی دیواری ئێتنیکی تان هێناوەتە گۆڕێ. دیارە وەک من لێی تێگەیشتبم بەڕێزت پێت وایە لە باکووری کوردستان و ڕۆژئاوای کوردستان بزووتنەوەی کورد و داوخوازکارانی مافی کورد توانیویانە لەو دیواری ئێتنیکییەی تێ پەڕێنن. بەر لەوەی بگەینە ڕۆژهەڵات پێم خۆشە لەو دوو زەمینەیە دا باس بکەین بزانین ئەوە تا چ ئاستێک چووەتە پێشێ و تا چ ڕادەیەک کورد توانیویەتی بەشێوەیەک لە شێوەکان داوخوازی خۆی، خەباتی خۆی گرێ بدا لە خەباتی سەراسەری  لە چوارچێوەی ئەو دەوڵەت نەتەوەی دا کە تێیدا دەژی؟

وەلی: دیواری ئێتنیکی کە ئەمن باسم کردووە لە ئەسڵ دا سنووری هووییەی کوردی، ناسنامە و پێناسەی کوردییە کە لەگەڵ سنووری جوغرافیایی وڵاتەکەی کوردی لە هەر بەشەی کوردستانێ دەتوانێ یەک بگرێتەوە. بۆ وێنە لە ڕۆژهەڵاتی ئەگەر بە وردی چاو لێ بکەین حکوومەتەکانی ئێرانێ چ حکوومەتی شاهەنشاهی و چ حکوومەتی  جمهووری ئیسلامی هەمیشە ویستوویانە کوردستانێ پارچە پارچە بکەن و بیکەنە بەشی  چەند ئوستانی دیکە کە یەکگرتوویی سیاسی و ئیداری خۆی لە دەست بدا. بەڵام لە عەینی حاڵ دا کە ئەو کارەیان کردووە هیچ وەختێک نەیانتوانیوە یەکگرتوویی زمانی  و ئێتنیکی کوردی بشکێنن لە بەینی بەرن. بۆیە سەرەڕای ئەوەی کە کوردستان لە ئێرانێ لە ڕووی سیاسی و ئیدارییەوە دابەش کراوە لە نێوان چەندین ئوستان یان ویلایەتان دا سنووری کۆمەڵگەی کوردی، سنووری ئێتنیکی و زمانی خۆی بە شێوەیەکی یەکگرتوو ڕاگرتووە. ئەوە لە سەدەی بیستەوە تا ئێستا ئەو یەکگرتوویە ئێتنیکی و زمانییە تەقریبەن لە ساڵەکانی ١٩٣٠ بەولاتر بووەتە هۆی ئەوە کە کوردستان بتوانێ بۆ خۆی وەکوو یەکەیەکی سیاسی خۆی بناسێ و بیر لە خۆی بکاتەوە و لە وێژیاک دا، دە گوتار دا خۆی بەو شێوەیە نیشان بدا و هەر کاتێک کە هەڵکەوتووە لە سیاسەت دا ئەوە نیشان بدا. بەڵام ئەو  مەسەلە کە هەمیشە توانیویەتی پێناسەی کوردی بپارێزێ و زۆریش بە دەوام و پتەو و باش بووە لە هێندێک هەلومەرج دا ئەوە بۆ ئێمە بووەتە موشکیلە لەو ڕووەوە کە ئێمە هاتووین سیاسەتەکەمان تەنێ لە چوارچێوەی ئەو دیوارە ئێتنیکەی دا، ئەو سنوورە ئێتنیکەی دا تەعریف کردووە.

قازی: مامۆستا ئەگەر ئیجازەت لە سەر بێ ئێمە دە پێشدا باسی باکوور و ڕۆژئاوا بکەین ، دوایە بگەینە سەر ڕۆژهەڵات هێندێک بە شێوەیەکی کۆنکرێت تر، چونکە ئەوەی کە خراپ لێ تێگەیشتنی ساز کردووە لە پێوەندی لەگەڵ ڕۆژهەڵات دایە. من پێم خۆش بوو بزانم ئەو سنووری ئێتنیکییە، یان دیواری ئێتنیکی یە  لە باکوور و ڕۆژئاوا بە پێی دیتنی ئێوە چەندە تێ پەڕێندراوە. لە پێشدا باسی باکوور و ڕۆژئاوا بکەین دوایە بگەینە ڕۆژهەڵات.


وەلی
: بە باوەڕی من لە ڕۆژئاوای بە تایبەتی  توانیویانە جوورێک یەکگرتوویی تەشکیلاتی و سیاسی و هەر وەتر یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی لە نێو ‌هێزە جیاوازەکانی  کوردی و بەشەکانی جیاوازی کۆمەڵگەی کوردستانێ پێک بێنن  بە بێ ئەوەی ئەو یەکگرتوویی یە لە یەک بپسێ بەڵام سیاسەتێکیان هەبێ کە ئەو سیاسەتە لە چوارچێوەی ئێتنیکی بچیتە دەرێ بەو مانایەی کە بتوانێ بەشەکانی دیکەی کۆمەڵگەی ئەو بەشەی کوردستانێ  کە کۆمەڵگەکانی دیکەی تێدایە وەکوو ئاسووڕی، وەکوو عەڕەب و هتاد کە ئەوانە بێن  لێرە دا وەخڕ بن. ئەوە بۆ خۆی شتێکە . شتێکی دیکەش ئەوەی کە سیاسەتەکە لەوەی نەبستراوەتەوە کە تەنێ لە پشت ئەو دیوارە ئێتنیکییە دا بمێنێتەوە و هاتووە خۆی بەرفرەوانتر کردووە و بردوویەتە پێشێ. بە باوەڕی من لە هەلومەرجی ڕۆژئاوا دا ئەوە بووەتە هۆی هێز و قووەتی ڕۆژئاوای. ئێستا ئەو جوورەی کە ئێمە دەیبینین بەشێک لە عەڕەبەکان، بەشێک لە ئێتنیسیتەکانی دیکە و بەشێک لە مەزهەب و دینەکانی دیکە هاتوونە ژێر ئەو چەترەی. بە باوەڕی من ئەگەر لە ڕۆژئاویە ئێمە ڕٶژێک بێین  ئەو حکوومەتەی کە لەوێ پێی دەڵێن کۆنفێدرالیزمی دێمۆکڕاتیک یا خۆسەری، ئۆتۆنۆمی دێمۆکڕاتیک ئەگەر ئەوە لەوێ بە تەواوی دابمەزرێ و سەقام بگرێ ئەو شکاندنی دیواری ئێتنیکییە بە باوەڕی من دەبێتە هۆی بەقەوەت بوونی. لە باکووریش عەینەن ئەو جوورەیە. ئەمن  ئەو جوورەی کە دەیبینم لە وەختێکی لە زەمانێکی کە سیاسەتی کوردی لەوێ لە چوارچێوەی پڕۆسەی سیاسی تورکیا دا کە لە ڕووی دێمۆکڕاتیکیشەوە هێندە بەرفرەوان نییە، هەمیشە موشکیلەی تێدا بووە، دەو چوارچێوەی دا توانیویەتی لە سنوورە ئێتنیکییەکان دەربچێ و بەرنامەیەکی سیاسی دابنێ کە ئەو بەرنامە سیاسییە  هێندێک لە مەسەلە هاوبەشەکانی کوردان لەگەڵ کۆمەڵگەی تورکی دە خۆیدا نیشان بدا، ڕەنگ بداتەوە تێیدا ئەوە بووەتە هۆی قووەتی هێزی کوردی. ئەمن ئەلئانەکە ئاوای دەبینم. بۆ وێنە ئەلئانەکە هەدەبە کە ئێستا ئەو هەموو زەختەی لە سەرە، دەیانەوێ دای بخەن، بێ پسانەوە نوێنەرەکانیان دە زیندانێ دەکەن و گیروگرفتیان بۆ ساز دەکەن، دە عەینی حاڵلدا ئەو جوورەی کە دەیزانم، دەیبنم، ئەو جوورەی کە دە سیاسەتی تورکیای دەگەم و ئەو جوورەی لە سیاسەتی کوردی تێ دەگەم هەدەپە ئیزۆلە نەبووە. بە باوەڕی من هەدەپە ئەو جێگایەی کە کردوویەتەوە دە کۆمەڵگەی غەیری کوردی دا ئەو جێگایە فرەوانتر بووەتەوە، چکۆڵەتر نەبووەتەوە. یانی بەرتەسکتر نەبووەتەوە ئەویش لە بەر ئەوەیە ئەلئانەکە دەبینین چەندە سەمپاتی هەیە لە بەرانبەر ئەو زەخت و فشارانەی لە لایەن ئاکاپە و مەهەپە  دێتە سەر هەدەپەی. ئەوە ڕاستە کە هێزەکانی دیکە وەکوو جەهەپە و ئیی پارتی ئەوانەش حاڵەتێکی ناسیۆنالیستییان هەیە بە هیچجوور ناتوانن هەڵوێستێکی ڕوون لە سەر هەدەپە بگرن بەڵام دەزانن لە کۆمەڵ دا کە ئەوانە دەبێ دەنگی لێ وەربگرن، ئەوەندەی کە من ئاگام لێیە و ئەوەندەی کە من لەگەڵ ئەو کەسانەی لەوێ پێوەندیم هەیە پێم دەڵێن  دە کۆمەڵگەی غەیری کوردی دا هەدەپە جێگاکەی ماوە و ئەو سەمپاتی و ئەو پشتیوانی یە  وەکوو هێزێکی دێمۆکڕاتیکی کە کەوتووەتە ژێر فشاری دەسەڵاتێکی زیدی دێمۆکڕاتیک کە دەیەوێ بە لە بەین بردنی هەدەپە باری ناسیۆنالیستی – ئێتنیکی خۆی  بەرز بکاتەوە بۆ ئەوەی بتوانێ ئەو وەعەی کە لە تورکیا لە بەر قەیرانی ئابووری و قەیرانی پاندێمی پەتای کۆرۆنای دا کە شکستی هێناوە هەتا ئێستا، بتوانێ  جێگای وەی پڕ کاتەوە. ئەلئانەکە ئەگەر بمانەوێ بزانین کە بۆچی هەدەپە بووەتە ئامانجی تەواوی ئەو زەختانەی کە لە سەرێتی دەبێ تەماشای وەی بکەین بزانین کە حکوومەتی ئاکاپە دە سیاسەتی  ناوخۆی تورکیا دا چەندە سەرکەوتوو بووە چەندە سەرکەوتوو نەبووە. هەرچی ئاکاپە لەو بەشانەی کە لەمەڕ مودیرییەتی ڕۆژ بە ڕۆژی ژیانی تەواوی جەماوەری تورکیایە، لەو بوارە دا شکست دێنێ لە بەشەکانی دیکە زەختی خۆی زۆر دەخاتە سەر ئەو حیزبانە، ئەو ریزانە کە دەتوانن لە شکافی ئەو شکستە دا تەداخول بکەن و بنەماکەی کە وردە وردە بەرەو پچڕان دەڕوا ئەوەی بەرفرەوانتر و بەرفرەوانتر بکەنەوە.

قازی: مامۆستا لێرە دا مەسەلەیەک هەیە ئەویش ئەوەیە کە جەنابت لایەنی پۆزیتیڤت باس کرد کە دیارە هەم لە ڕۆژئاوای کوردستان، هەم لە باکووری کوردستان توانراوە سنووری ئەو دیوارە یا بەرفرەوانتر بکرێتەوە یان خەباتی سیاسی گەلی کورد لێی تێپەڕێ. بەڵام بە بۆچوونی جەنابت لایەنە نێگاتیڤەکانی چۆنە؟ یانی  چ دەبوو بکرێ کە هەتا ئێستا نەکراوە؟

وەلی: بە باوەڕی من ئەوەی کە هەمیشە تەئکیدی لە سەر دەکەم  ئەگەر هێزێک دەیەوێ سیاسەتێکی ئاوا وەپێش بگرێ کە – شکاندی دیواری ئێتنیک لەفزێکی باش نییە، ئەوەم پێ باش نییە – لە دیواری ئێتنیکی تێ پەڕێ، یانی دیواری ئێتنیکی بمێنێتەوە بەڵام بچییە دەرەوەی. بە باوەڕی من هێزێکی کە ئەو کارەی دەکا دەبێ هەمیشە ئەو مەسەلەی کە لە مەیدانی سیاسی دا لەگەڵ هێزەکانی، یانی مەیدانی سیاسەت جێگایەکە کە تێیدا هێزەکان وەدوای ئینترێستی خۆیان دەکەون و ئەو ئینترێستە دەبێ ببێتە بنەمایەک بۆ ئەوەی کە ئێمە بتوانین هێڵی جیاکەرەوەی خۆمان لەگەڵ هێزەکانی دیکە ڕا بگرین، بۆ وێنە ئەگەر ئەتۆ ئیتیلاف دەکەی لەگەڵ هێزێکی دیکە  ئەو ئیتیلافە دەبێ لە سەر ئەو بنەمایە بێ کە ئایا ئەو هێزە هوویەتی کوردی قبووڵ دەکا یان ناکا؟ ئایا ئەو هێزە بەرنامەکانی هەدەپەی قبووڵ دەکا یان ناکا؟ ئایا ئەو هێزە باوەڕی بە ئۆتۆنۆمی کوردی دە چوارجێوەی تورکیا دا هەیە یان نا؟ ئەگەر ئەوە نەبێ ئیمکانی ئیتیلاف نابێ. ئەوە یەک، ئەوە دە ناوخۆی چوارچێوەی ئێتنیکی دایە بەڵام  لە دەرەوەی وی ئەتۆ دەتوانی لە سەر مەسەلەی کە پیی دەڵێن issue politics لە سەر ئیشووی، لە سەر مەسەلەی تایبەتی لەگەڵ  هێزی  جەماوەی کار بکەی نە حیزبەکان. ئەتۆ دەتوانی لە بواری هونەری، بواری بێهداشت، بەشی زانکۆکان، و بەشی هتاد هەر ئەو جۆرەی کە هەیە کار بکەی و بنەمای بۆ سیاسەتی خۆت دابنێی کە بتوانی لە دەرەوەی دیواری ئێتنیکی خۆت  ئەوەندەت هێز هەبێ کە ئەگەر لە ناوەوەی دیواری ئێتنیکی خۆت  قسان دەکەی لەوێ مونعەکیس بێ، دەنگ بداتەوە. بەڵام ئەتۆ هەرچەندیش لە ناوەوەی دیواری ئێتنیکی خۆت دا قەوی بی – باسی هێزی نیزامی ناکەم لێرە ئەو مەسەلەیەکی دیکەیە - ، هەر چەندێکیش بە هێز بی ئەگەر لە دەرەوەی دیواری لە کۆمەڵگەی بەرفرەواندا بنەمایەکت بۆ خۆت دروست نەکرد بێ کە لەسەر مەسائیلی ئەساسی ژیانی ڕۆژانە لەگەڵ جەماوەری، ناڵێم حیزبەکان، لەگەڵ جەماوەری کار بکەی و بتوانی  خۆت بناسێنی و بتوانی خۆت دامەزرێنی، ئەوە نابێ. ئەو ئیرادەیان گرتووە کە ئێمە دەچین و ئەوان کەس لەگەڵ ئێمە کار ناکا. ئەمن ئەوەی قبووڵ ناکەم ئێمە دەبێ زەمینەی موشتەڕەک بۆ کارەکەی پەیدا بکەین.

قازی: مامۆستا ئەگەر هەر لێرە ئیستێک بگرین. بۆ نموونە ئەگەر تەماشای وەزعی ڕۆژئاوای کوردستان بکەین، ئەوانەی کە وەکوو ئۆپزیسیۆن لە ئاستی ڕەسمییەت دا موزاکەرەیان لەگەڵ دەکرێ بۆ نووسینی قانوونێکی تازەی بنەڕەتی بۆ سووریای داهاتوو هەتاکوو ئێستا ئەوانە تا ئەو جێگای کە زاندراوە، دیارە هێزی ئاوا هەیە کە مومکینە  مەسەلەی کورد قبووڵ بکا، بەڵام بە گشتی ئەوەیان قبووڵ نییە، یانی دە عەینی حاڵیش دا ئەو جۆرە کێشانە هەیە. مەبەست لە پرسیارەکەی من ئەوە بوو لە پێوەندی لەگەڵ ڕۆژئاوا و باکوور دا ئەو لایەنانەی کە پێت وایە کەمایەسی هەیە لە سیاسەتی کوردی دا زیاتر ئەوە باس بکەی.

وەلی: بە باوەڕی من لە ڕۆژئاوای دا ئامانجی بەشداری لە لێژنەی دروست کردنی قانوونی ئەساسی ئامانجێکی زۆر گەورەیە ئەگەر ئەو دەرفەتە بە دەست بێنن جا چ بە پشتیوانی  ئەمریکایە بێ چ بە حیمایەتی ئەمریکا و ڕووسیا بێ، چ لەبەر ئاڵوگۆڕەکانی لەمڕۆ بەدواوەی سووریا بێ  ئەوە ئامانجێکی گەورەیە، کوردان دەبێ لەوەیدا بەشدار بن. بەڵام دیارە لە مەیدانی سیاسەتێ دا ئەو هێزانەی کە ئۆتۆنۆمی کوردیان ناوێ لەگەڵ ئەوە دژایەتی دەکەن. ئەوە مەیدانێکی سیاسی یە ئەتۆ ئەگەر لە پشت دیواری ئێتنیکیش بمێنییەوە ئەو موخالەفەتە هەر هەیە. ئەو دژایەتی و موخالەفەتە شایەد زۆرتریش بێ ئەگەر لە پشت دیواری ئێتنیکی بمێنییەوە بەڵام مەسەلە ئەوەیە ئەگەر هێزێکی کوردی ئەگەر بتوانێ هووییەتی ئێتنیکی خۆی لە پشت ئەو دیوارەی  بپارێزێ بەڵام لە دەرەوەی  دیوارەکە هیچ تەئسیری نەبێ، ئەو هووییەیە کە لە دەرەوەی ئەو دیوارە تەئسیرێکی لەسەر هاویردۆری سیاسی نەبێ بە باوەڕی من سەرکەوتوو نەبووە. ئەوە باشە ئەوە خۆی ڕاگرتووە  بەڵام گرینگی هێزی سیاسی دەبێ  دەوی دابێ کە تا چ ئەندازەیەکی دەتوانێ  تەئسیری هەبێ لە سەر ئەو هاوکێشە و حیساباتەی کە لە مەیدانی سیاسەتێ دا هەن. لە باکووریش وایە، لە ڕۆژئاواش وایە. کە دەبێ ئێستا ئەو حیساباتە بکرێ.
بە باوەڕی من لە باکوور هێندێک هەڵەی زۆر کراوە. ئەو هەڵانە بوونەتە هۆی ئەوە کە هەڵوێست و بنەمای  سیاسەتی کوردی دە پڕۆسەی سیاسی دا، ناڵێم  دە پڕۆسەی دێمۆکڕاتیک دا چون لە تورکیا دێمۆکڕاسی زۆر لاوازە، بە باوەڕی من باشترین تەعریفێک کە دەتوانی لە  سیستێمی سیاسی تورکیای بکەی ئەو قسەیەی ئێرنێست گێلنێری بوو گوتی ئەوە
minimal  democracy یە، لانی کەمی دێمۆکڕاسی یە بەڵێ و ئەلئان ئەوە بەرتەنگتریش بووەتەوە. بەڵام مەسەلە ئەوەیە کە ئەوان لە لایەک زەختەکە دەکەن، لە لایەکی دیکەش هەڵەکانی خودی هێزە کوردەکان دەبێتە هۆی ئەوەی کە ئەو بەشە لەهێزی کوردی کە لە پڕۆسەی سیاسی- مەدەنی دا چالاکی دەکا ئیمکاناتی کەمتر بێتەوە. ئەمن زۆر جار کوتوومە کە هەدەپە لە تورکیایە موشکیلەکەی هەر ئەو زەخت و  گیر و گرفت و ئەو کێشانەی کە حکوومەت بۆی دروست دەکا هەر ئەوانە نین بەشێکی دیکەش ئەوەیە کە سیاسەتی خودی کوردی ئیجازە نادا کە هەدەپە لەوێ دەستی لەو پڕۆسەی سیاسی دا ئاواڵە بێ و بتوانێ ئەو جوورەی کە پێویستە چالاکی بکا و هەڵسووڕێ. بۆ وێنە ئەمن زۆر جار کوتوومە  دە چوارچێوەی تورکیا دا، دە چوارچێوەی باکوور دا بە باوەڕی من هەڵەی زۆر کرا لە ساڵەکانی ٢٠١٥ و ٢٠١٦ دا و نەتیجەی ئەوانە ئەوە بوو کە زەختێکی زۆر هاتە سەر هەدەپەی. بە باوەڕی من بۆ تێبینی لە سەر سیاسەتی تورکیای دەبێ  پێداچوونەوەیەک ببێ و هێزە کوردەکان لە تورکیای دەبێ بزانن کە ئەگەر دەیانەوێ سیاسەتێکی ئەوپەڕ ئێتنیکی لە تورکیا هەبێ، سیاسەتێک بێ کە مەیدانەکەی بەرفرەوانتر بکا دەبێ بۆخۆیان ئۆتۆنۆمی ئەو هێزە سیاسییەی ئەوپەڕ ئێتنیکی کە لە پڕۆسەی سیاسی دا چالاکی دەکا دەبێ ئەوەی بە ڕەسمییەت بناسن و ئیجازە بدەن ئەوان کارەکانی خۆیان بکەن. ئەگەر هێزە کوردییەکانی دیکە، یانی ئەوانەی کە ستڕاتێژی سیاسی- نیزامییان هەیە  وەکوو ئامرازێک لە پڕۆسەی سیاسی مەدەنی یا پڕۆسەی سیاسی دێمۆکڕاتیک کەلک وەربگرن، سوود وەربگرن نەتیجەکەی هێندە پۆزیتیڤ نابێ  و ئەو هێزەی کە دە مەیدانی سیاسەتی دێمۆکڕاتیک یا مەیدانی سیاسەتی مەدەنی دا کار دەکا لاواز دەبێ و دەبێتە ئامانجی هێرش و پەلاماری هێزەکانی دیکە. ئێمە ئەوەمان لە ساڵی ٢٠١٥، ٢٠١٦، پاش ٢٠١٦ ەش دیوە. ئەمن ئەو قسەیەی کە دەیکەم ئەوە تەنێ قسەی خۆم نییە ئەوە نەتیجەی موزاکەراتی زۆرە کە ئەمن لەگەڵ  بەعزێک لە سەرانی هەدەپەی هەمبووە و دیتوومە کە ئەوان تا چ ئەندازە لە ژێر فشار دان هەم فشاری خودی هێزە کوردییەکان و هەم ئەو هێزانەی کە لە حکوومەتێ دان.

قازی: زۆر باشە، ئێستا پێش ئەوەی کە بگەینەوە ڕۆژهەڵات پێم خۆشبوو بە کورتیش بوو بڵێی وەک باست کرد دیارە ئێستا قسە لەوە دەکرێ کە دەبێ هەدەپە دابخرێ و دوایە سەردۆزگەری گشتی داوخوازی بۆ دادگەی قانوونی بنچینەیی بەرز کردەوە و دادگە ئەوەی قبووڵ نەکردو ناردییەوە بۆ دۆزگەریی و ڕایگەیاند کەمایەسی تێدایە و دەبێ تەکمیل بکرێ. بەڕێزت لێکدانەوەت چییە پێت وایە ئەگەری داخستنی هەدەپە چەندە ڕێی تێدەچێ و چەندە ئاکتوێلە؟

وەلی: بە باوەڕی من حکوومەت لە سەر دوو ڕێیانێک گیری کردووە. لە لایەکەوە ئیتیلاف لەگەڵ مەهەپەی، و ڕازی کردنی ئەو بنەمای ناسیۆنالیستی پشتیوانی خۆی دە سیاسەتی تورکیا دا ئەوەی ئیجاب دەکا کە هەدەپەی دا بخەن  ئیحتیمالەن یەکێک لە شەرتەکانی ئیتیلافی نێوان مەهەپە و ئاکاپەش هەر ئەوە بووە کە ئەو حیزبەی دابخەن تەوجوهێ دەکەی! بەڵام لە لایەکی دیکەوە ئێستا کە حکوومەت لە ئەمریکایە گۆڕدراوە و گۆڕانی ئەو حکوومەتەش هێندێک هەڵویستی ئورووپایەشی نیسبەت بە تورکیا گۆڕیوە، بەهێزتری کردووە بە باوەڕی من حکوومەتی جەنابی ئەردۆغانی  لە وەی دەترسێ کە هەنگاوێکی ئاوا زۆر بە ڕاشکاوی هەڵێنێتەوە لە کاتێکدا لە لایەکییەوە دەڵێ ئەمن دەمەوێ بگەڕێمەوە سەر سیاسەتی ئوڕووپایی خۆم، لە لایەکییەوە دەیەوێ بە ئەمریکاییان بڵێ ئەمن هاوپەیمانی ئێوەم و ئەمن موشکیلەم لەگەڵ ئێوە نییە و ئەو جۆرە شتانە. لە لایەکیش دەزانێ ئەمریکا لە سەر ئەو بابەتە دەتوانێ گوشاری بۆ بێنێ . ئێستا کێشەی هالک بانک هەر وەک خۆی ماوە، لەوەش گرینگتر ئەوەیە کە ئەو ئیدارەیەی ئەمریکایە وا وەبەرچاو دێ بە پێچەوانەی ئیدارەی تڕامپ  پێم وا نییە لە حکوومەتی تورکیای زۆر خۆش بێ کە حکوومەتی تورکیا بتوانی ئەو مووشەکانەی ئێس ٤٠٠  لە ڕووسیای بکڕێ. ئەلئانەکە دوێنێ [ شەمە ١٠-ی ئاوریل] ئێمە مەسەلەیەکمان دی  کە دوو دانە گەمی جەنگی ئەمریکایە دێنە نێو دەریای ڕەش ئەوە لە پێوەندی لەگەڵ گێرە و کێشەکانی ئۆکڕاینی دایە، ئەردۆغان دەیتوانی موشکیلە ساز کا ئەگەرچی بە پێی پەیماننامەی دێمۆنتێرۆ نەیدەتوانی پێشتی وەی بگرێ بەڵام پەیماننامەی دێمۆنتێرۆ دەڵێ ئەگەر کەشتی هێزی نیزامی بییەوە بە بۆسفۆڕی دا تێپەڕی بچێتە ناو دەریای ڕەش دەبێ بە موفافەقەی حکوومەتی تورکیای بێ. دەیان توانی موافەقە نەکەن بەڵام لە بەر ئەوەیکە دەترسن لە وەزعی ئەمریکایە ئەو کارەی دەکەن. لە کاتێکدا ئەو کارەی دەکەن پوتین لە سووریای موشکیلەیان بۆ ساز دەکا، سەنگەرەکانیان بۆمباران دەکا. بە باوەڕی من، ئێستا ناکۆکییەکانی سیاسەتی ناوخۆی تورکیای تا ڕادەیەکی زۆر دە سیاسەتی دەرەوەی تورکیا دا زۆر بە ڕوونی دیارە.
قازی: ئەگەری داخستنی هەدەپە کەمتر دەکاتەوە وا نییە؟
وەلی: بە باوەڕی من ئەگەر داخستنی هەدەپەی کەمتر دەکاتەوە. ئەگەر ئەلئان یان سبەینی ئەو بڕیارە بدرێ  کە دوور نییە بڕیارێکی وا بدرێ بە باوەڕی من موشکیلێکی گەورە دێنێتە پێشێ لە پێوەندی ئوڕووپایە دا لەگەڵ تورکیای و پێوەندی ئەمریکایە لەگەڵ تورکیای بە تایبەتی لەگەڵ ئوڕووپایە.

قازی: زۆر باشە بێینەوە سەر ڕۆژهەڵات ئەوجار. دیارە جەنابت باسی شتێکت کرد مەسەلەیەک بڕێک ڕوون بووەوە کە وەختێک باسی دیواری ئێتنیکی دەکرێ لە ڕاستیدا مەبەست لە شکاندنی ئەو دیوارە نییە یانی بەو مانایە کە  داوخوازی نەتەوەیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە سەر جێگای خۆیەتی بەڵام لەو دیوارە دەبێ تێ بپەڕێندرێ بۆ ئەوەی بکرێ  ڕێ خٶش بکرێ بۆ هاو پێوەندییەکی گشتی کە لە بەشی دوایی لە پێوەندی لەگەڵ بایۆ پالیتیکس  دا باسی دەکەین. لە پێوەندی لەگەڵ ڕۆژهەڵات دا چیدیکەی تازە دەتوانی باس بکەی بۆ ئەوەی کە ئەو خراب لێ تێگەیشتنە بڕەوێتەوە؟

وەلی: هەر دێمەوە سەر دیواری ئێتنیک،  هێندێک پییان وایە کە ئەمن دەڵێم لەو دیوارەی بگوزەرێین و کوردان لەو دیوارەی ئێتنیکی  دەبێ تێپەڕ بن دەبێ بچنە دەرێ ئەوانە پێیان وایە ئەمن هەڵوێستەکانی سی چل ساڵ لەوە پێشی حیزبی توودە دەهێنمە گۆڕێ. بە هیچجۆر وا نییە. بۆچوونی حیزبی توودە لەمەڕ حکوومەتی ئێرانێ لە سەر مەسەلەی ئەمپریالیزم و دژ بە ئەمپریالیزم بوون بوو. ئەوە تەورەی سەرەکی سیاسەتی حیزبی توودە بوو. دەی گوت وەرن ئیتیلاف بکەین لەبەر ئەوەی کە حکوومەتی ئێرانێ هێزێکی دژ بە ئەمپریالیزمە پشتیوانی لێ بکەین لە بەرانبەر ئەمپریالیزم دا. ئەمن کە دەڵێم لە دیواری ئێتنیک تێپەڕ بین لە بەر ئەوەیکە بنەمای سیاسی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی هووییە و پێناسەی کوردی لە شانۆی سیاسی و گوتاری دا بەهێزتر بکەین و مەبەستی وەی بە پێچەوانەی سیاسەتەکانی حیزبی توودە دژایەتی تەواو لەگەڵ حکوومەتی ئێران و ئامانجی ئەساسیشی ڕووخاندنی ئەو حکوومەتەیە. ئەگەر ئێمە باسی ئیتیلاف دەکەین، لە جێدا ئەمن گوتوومە ئەو ئیتیلافە پێویستە ئەگەر ئێمە سیاسەتێکمان بوێ کە ئەو سیاسەتە غەیری سیاسەتی ستراتێژی سەربەخۆیی، ئەگەر ستراتێژی سیاسەتێکی سەربەخۆییمان هەیە مەسەلەکە جۆرێکی دیکەیە. بەڵام هەر هێزێک کە دەیەوێ دە چوارچێوەی حاکمییەتی ئێرانێ دا حقووق، مافەکانی کوردی بە دەست بێنێ جا چ بە ئۆتۆنۆمی دێمۆکڕاتیک بێ، چ بە فێدرالیزم بێ، چ بە ئۆتۆنۆمی چەشنی دیکە بێ  دوو پێش شەرتی هەیە بۆ ئەوەی کە ئەو سیاسەتە وەدی بێ یەکیان ئەوەیە کە ئەم حکوومەتە بڕووخێ و حکوومەتێکی دێمۆکڕاتیک بێتە جێگای یان ئەو حکوومەتە بە شێوەیەکی سێحرامیز ئاوا بگۆڕدری، ئەو جۆرەی کە ئیسلاح خوازەکان دەڵێن ببێتە شتێکی دێمۆکڕاتیک کە ئەتۆ بتوانی ئیتیلافی لەگەڵ بکەی کە بە باوەڕی من ئەوە قەت هەڵناسووڕێ و مومکین نییە. بەڵام ئەو حکوومەتە بڕوخێ و حکوومەتێکی دێمۆکڕاتیک بێتە جێگای وەی، ئەوەندە دێمۆکڕاتیک بێ کە بتوانی مافی کوردەکان ، ویستی کوردەکان، پڕۆگڕامی ئۆتۆنۆمی کوردی چ دە چوارچێوەی فێدرالیزم دا یا دەچوارچێوەی سیاسەتێکی نا موتەمەرکیز دا قبووڵ بکا. ئەگەر ئەوەش نەبێ شەرتی دووەم ئەوەیە کە لە ئێرانێ دا دەبێ ئۆپۆزیسیۆنێکی دێمۆکڕاتیکی غەیری کوردی هەبێ کە ئەوەندە دێمۆکڕاتیک بێ کە بتوانێ بەرنامەی کوردی دە چوارچیوەی بەرنامەی خۆی دا پێناسە بکا و پشتیوانی لێ بکا. ئەلئان ئەو ئیرادەیان گرتووە کە بەڵێ ئێمە بۆچی نەچین لەگەڵ بەلووچ و تورکی ئازەری یا بۆ وێنە لەگەڵ تورکەمەن و عەڕەب لە ئێرانێ ئیتیلاف نەکەین. بیکەن زۆر باشە بەڵام تەواوی ئەوەی دەیکەن بۆچی ناتانەوێ بنەمای کاری خۆتان لە کۆمەڵگەی فارس دا کە کۆمەڵگەی سەرەکیشە بەهێز بکەن؟

قازی: زۆر باشە مامۆستا، دیارە ئێمە وەختمان زۆر نەماوە بۆ ئەوەی بگەینە لایەنی بابەتەکەی دیکەشمان ئەویش مەسەلەی بایۆ پالیتیکسە، بایۆ پالیتیکس وا بزانم یەکەم جار لە سەرەتای سەدەی بیست لە ساڵی ١٩٠٥ هاتووەتە گۆڕێ بەڵام لەو ساڵانەی دواتر دا و لەسەدەی بیست و ئەو سەدەیەی کە ئێستا ئێمە تێیدا دەژین لەلایەن میشێل فۆکۆ هاتووەتە گۆڕێ و چەند بیرمەند و فەیلەسووفی دیکەش بەتایبەتی ئیتالیایی  لەو زەمینەیە دا کاریان کردووە وەکوو نێگری و ئاگامبێن بە کورتی ئەگەر دەکرێ بۆچوونی هەرکامێکیان لەو بارەیەوە شی بکەیەوە دوایە دەگەینە سەر بایۆ پالیتیکس بەتایبەتی لە پێوەندی لەگەڵ ڕۆژهەڵات دا.

وەلی: ئەساسی قسەکانی من ئەوەیە پێویستە سیاسەتێکی یەک ڕەهەندی لە سەر بنەمای هووییەی ئێتنیکی کوردی یانی ئەو سیاسەتە تەک ڕەهەندییە بەر دەین  و سیاسەتەکەی بکەینە فرە ڕەهەندی، ڕەهەندی جیاوازی بدەینێ جا بۆ ئەوە پێویستە لە دیوای ئێتنیکی تێپەڕ بین. ئەساسی قسەکانی من ئەوەیە کە لە دەوڵەتی مۆدێڕن دا دەسەڵاتی سیاسی یەک جوور نییە ئێمە بەشێکمان هەیە کە ئەو بەشەی دەسەڵاتی بەشێکە پێی دەڵێن sovereign power   یانی قودرەتی حاکمە، حاکمییەت. بەڵام بەشێکی دیکەش هەیە  پێی دەڵێن  biopower یانی قودرەتی، دەسەڵاتی حاکم لە سەر مودیرییەتی ڕۆژانەی ژیان. هەر چەندی دەوڵەت دێمۆکڕاتیکتر بێ، بەرفرەوانتر بێ، بەشداری سیاسی دە پرۆسەی سیاسی  دا زیاتر بێ، بەشی بایۆ پاور فرەوانتر دەبێ، بەشی حاکمییەتی کە مەسەلەی سولتەی سیاسی لە سەر بنەمای قانوون یان ئەگەر قانوون نەبێ زەخت  و زەبر و زەنگە ئەو بەشە کەمتر و کەمتر دەبێتەوە. بەڵام ئەو جۆرەی کە ئەو بیرۆکەیە لە ئەساسی تێڕاونینی فۆکۆ دا هەیە، هەڵبەت ئێستا ئەوە بڵێم کە ئێستا بەڵگەی ئاوا دەرکەوتووە کە لە هێندێک لە نووسراوەکانی مارکس دا کە لەبەر هەر هۆیەک بوو بێ دە کاپیتاڵی دا نەهاتووە، لە هێندێک لە نووسراوەکانی چاپ نەکراوی مارکس وەدەر کەوتووە کە عەینی ئەو قسانەی کردووە لەمەڕ دەسەڵات و مودیرییەتی ڕۆژانەی کۆمەڵگە بە تایبەتی ژیانی ڕۆژانەی چینی کرێکار. یانی مارکیش ئەوەی دیتووە کە لە هەلومەرجێکی ئاسایی دا کە شۆڕش وەپاش دەکەوێ یان لە جێدا شۆڕش نابێ، سولتەی سەرمایەداری بەرفرەوانتر دەبێتەوە و بەربەرەکانی لەگەڵ قودرەتی سیاسی لە شانۆی کۆمەڵەگەی مەدەنی  و لە بواری مودیرییەتی ژیانی خەڵک دا زۆر گرینگە. لە ڕوانگەی فۆکۆی دا ئەوەیە کە دەڵێ بەشێک لە دەسەڵاتی ئەو دەسەڵاتەی کە حاکمییەتی سیاسی بەدەستەوەیە بە شێوەیەکی مێتافۆریک ، ئیستیعاری دەڵێ ئەوە قودرەتێکە کە حاکمە بە سەر مەرگ دا بەڵام ئەو بەشەی کە حاکمە بە سەر ژیان دا بریتییە لە بایۆ پالیتیکس یانی مودیرییەتی ژیان. بەڵام تەفسیر و لێکدانەوەی زۆر جیاواز لە سەر ئەو  بیرۆکەیەی فۆکۆ دەکرێ. تەفسیرە لیبێڕالییەکان لە بۆچوونی فۆکۆی تەنانەت لە وانەیە  جۆرێک بێ کە ببێتە پاساو بۆ هێنانەوە و شرۆڤەی سیاسەتی نێئۆلیبڕاڵی. ئەوەی کە ئەمن لێرە باسی دەکەم  تەفسیرێکی ڕادیکاڵە لە بیرۆکەی فۆکۆی. تەفسیرە ڕادیکاڵەکەش ئەوەیە کە بایۆ پاور بۆ خۆی دە مەیدانی عەمەل دا لە ناوخۆی دا ئەو بەرخوەدانە ئەو خۆڕاگرییە و ئەو بەرهەرڵستکارییە بەرهەم دێنێ و مەیدانێکی دروست دەکا کە ئەو مەیدانە پێی دەڵێ بایۆ پالیتیکس. بایۆ پالیتیکس  دژایەتی و بەربەرەکانی لەبەرانبەر دەسەڵاتی سیاسی لە بواری مودیرییەتی سیاسەتی ڕۆژانە دایە. سیاسەتی مودیرییەتی ڕۆژانەی کۆمەڵگەیە. زۆر بەرفرەوانە، زۆر گرینگە و دەبێتە مەیدانی کار کردنی هێزە سیاسییەکان کە مومکینە لە جێدا یەک نەبن، دژی یەک بن، بەڵام لە بەرانبەر حکوومەت دا لەو بوارە دا دەتوانن پێکەوە کار بکەن.

قازی: باشە نێگری و ئاگامبێن چییان لەو بیرۆکەیە زیاد کردووە؟
وەلی: ئەوان مەبەستیان ئەوەیە، ئاگامبێن بە شێوەیەکی دیکە بەڵام  بە باوەڕی من بایۆ پاڵیتیکس زۆرتر لە نێگری دا گرینگترە و لە ڕوانگەی ئاگامبێن یشدا ئەوە هەیە، بۆ وێنە ئاگامبێن ئەوەی دیوە کە چۆن نازییەکان، فاشیستەکانی ئەڵمانێ ئەو سیاسەتی بایۆ پالێتیکسیان وەکوو سیاسەتێکی نێگاتیڤ دەکار دەکرد. یانی بۆ لە بەین بردنی کۆمەڵگەیەک و کۆنتڕۆڵی چەندە گرینگ بوو لە ڕوانگەی ئیدێئۆلۆژییەکەیانەوە. بەڵام لە مەڕ نێگری ئەوەیە کە نێگری لە جێدا خەسڵەتێکی دێمۆکڕاتیک دەدا بە بایۆ پاڵیتیکس چونکە بەربەرەکانی دەکا لەگەڵ حکوومەت، لەبەرانبەر دەسەڵاتی سیاسی لە مەیدانی سیاسی دا بەڵام شتێکی دیکەش بڵێم ئەمن ئەوەم لە نووسراوەکەی خۆشمدا هێناوە شڕۆڤە کردنی بایۆ پاڵیتیکس و تەعبیری بایۆ پاڵیتیکس  و بایۆ پاور لە چوارچێوەی وڵاتێکی وەکوو ئێرانێ دا موشکیلێکی ئەساسی دێنێتە پێشێ ئەو موشکیلی ئەساسیش ئەوەیە کە لە تەفسیری فۆکۆی دا مەسەلەی govermentality  واتە حوکم کردن و بەربەرەکانی لەگەڵ کردنی بە ڕێگای بایۆ پاڵیتیکس هەمیشە پێویستیی بە هەبوونی شارومەندی، هاووڵاتی ئازادە. ئێمە دەزانین کە شارومەندی ئازاد،هاو وڵاتی ئازاد کە بتوانێ لە چوارچێوەی سیاسەتێکی وەکوو ئێرانێ یا تورکیای بە ئازادی کار بکا بە تایبەتی لە ئێرانێ وجوودی بەو شێوەیە نییە و ناتوانێ  بۆیە ئێمە دەبێ ئەو مەسەلەی تەعدیل بکەین و ئەویش ئاوای ئەوەی لە سەر سیاسەتێکی نۆرماڵ هەڵدەگرین و لە چوارچێوەی سیاسەتی قەیرانی ئێستای ئێرانێ دا دادەنێین. کاتێک لە چوارچێوەی قەیرانی ئێستای ئێرانێی دا دایدەنێین مەسەلەی subjectivity زەینییەت یانی ئازادییەکان و کردەوەکان و گوتاری سابجێکتی دە چوارچێوەی خودی ئەو بەربەرەکانییەی دا دەبیندرێ نەک ئەوەی کە پێشتر  بە قانوون داندراوە.
قازی: لە پێوەندی لەگەڵ ڕۆژهەڵات و ئێران لە چ پێوەندییەکی کۆنکرێت دا دەکرێ  لە چوارچێوەی ئە  بایۆ پاڵیتیکس  دا هاوکاری بکرێ و سەرەتی نەدرێ بە بەسترانەوەی ئێتنیکی؟

وەلی: مەسەلەی مەیدانی مودیرییەتی ژیانی ڕۆژانە. ئەوە مەیدانێکە کە ئەو هێزانەی دەوێدان ، ئەو هێزانەی بایۆ پالیتیکسی کە بەرانبەر بە بایۆ پاور بەربەرەکانی دەکەن ئەوانە بوونێکی ontological  یان هەیە یانی وجوودیان لەو سیاسەتەی دایە و سیاسەت ئەوە دەناسێنێ و ئەوە زۆر زۆر گرینگە و ئەو قەیرانەی کە ئێستا لە ئێرانێ هەیە و دەبێ لەو بارەیەوە زۆر زۆر دیقەت بکەین کە ئێستا ئەو بایۆ پالیتیکسە واتە سیاسەتی مودیرییەتی ژیانی ڕۆژانە دە ئێرانێ دا لەو سێ چوارساڵەی دا ئەهەمییەتی لە هەمیشە زۆرتر بووە لەبەر وەی دەبینین لە لایەکەوە ئێستا لە ئێرانێ قەیرانی حاکمییەت هەیە، قەیرانی ئابووری هەیە، و ئەو قەیرانانە توندتر بوون بە هۆی ئەو گەمارۆیانەی کە دەوڵەتی ئەمریکایە، ئیدارەی تڕامپ لەسەر ئێرانێی داناوە لە لایەکی دیکەشەوە قەیرانێکی دی لەوانە زیاد بووە  ئەویش قەیرای پاندێمی پەتای کۆرۆنا یە. ئێستا ئێران تووشی بە تووشی قەیرانێکی سیستێمیک بووە واتە قەیران تەواوی سیستێمە سیاسییەکەی  داگرتووە. ئێستا ئەو قەیرانە بە جوانی بەوە ڕا دەردەکەوێ کە جمهووری ئیسلامی ناتوانایی خۆی بۆ مودیرییەتی ژیانی ڕۆژانەی خەڵکی ڕۆژ بە ڕۆژ ڕوونتر نیشان دەدا و بایۆ پاور کە دەبێ ئەرکی بەرز کردنەوەی دۆخی ژیانی خەڵک بێ ئەوە نییە و لە جیات ئەوە لە مەیدانی بایۆ پاوریش دا ئەوە زەخت، فشار و کوشتوبڕە کە جێگای گرتووەتەوە جا بۆیە بەربەرەکانی لە مەیدانی بایۆپاوری دا ڕاستەڕاست لە بەرانبەر هێزی حکوومەت دایە. هۆی چییە کە ئێستا لە ئێرانێ سرەی کڕێنی مریشک، ئعتراز و پڕۆتێستی خانە نشینان، مەسەلەی بێ پووڵی و نەداری کرێکاران، حقووقی کارمەندان، وەزعی زانکۆکان، نەبوونی هێڵی ئینبترنێت بۆ خوێندنگەیان، شکستی تەواو لە مودیرییەتی قەیرانی پەتای کۆڕۆنا دا ئەوانە ئەو جوورە گیروگرفتانەن کە هەموو ڕۆژێ هەر شارومەندێکی ئێرانی ئێتنیسیتەی هەرچێیەکی بێ بڵاببێ کورد بێ، تورک بێ، عەڕەب بێ یان بەلووچ بێ یان فارس بێ هەست بەوە دەکا. بەڵام ئەوەش دروستە، ئەوەش بڵێم ئەو فشارەی کە دەکەوێتە سەر ئەوانە بە فیلتێری مەسەلە ئێتنیکییەکاندا تێ دەپەڕێ هەر لە بەر ئەوەشە  پێویستە ئێمە لە پشت دیواری ئێتنیکی سیاسەتی ئەساسی کوردی کە خەباتە بۆ بەدەستهێنانی مافی بنچینەیی ئەوە بپارێزرێ بەڵام لە دەرەوەی دیواری ئێتنیکی  ئەو هاوکارییانە لە سەر شکستە ڕوون و بەرچاوەکانی حکوومەت بۆ ئیدارەی ژیانی ڕۆژانەی خەڵک کە هاتووەتە پێشێ ئەوە دەبێ دەکار بکرێ . کورد دەتوانێ بە هووییەتی کوردی بێتە ناو ئەو مەیدانە، عەڕەب دەتوانێ بە هووییەتی عەڕەبێ بێتە پێشی، فارسیش هەر وەتر. بە باوەڕی من کشانەوە لەو مەیدانەی واتە لە مەیدانی بەرخودان بەدژی بایۆ پاوری کە حکوومەتی ئێرانێ تێیدا شکستی هێناوە و ژیانی ڕۆژانەی پێ ئیدارە ناکرێ و لەو بوارە دا هیچ هوییەتی نییە و هەرکەسێکیش کە بییەوێ بێتە ناو ئەو مەیدانەی بە زەبروزەنگ فتی دەکا و وەدەری دەنێ. دەبێ لە خۆمان پرسین بۆچی لە بارودۆخی ئێرانێ دا کە حکوومەت وەزعی ئاوا شپرزەیە هێرش دەکاتە سەر ئەنجومەنی ئیمام عەلی؟ ئەو ئەنجومەنی ئیمام عەلی یە لە مودیرییەتی ژیانی ڕۆژانە دا تەداخولی دەکرد، هێزێکی سیاسی نەبوو بەڵام لە بەینیان برد.  ڕێژیم مەترسییەکەی لێرە دا دەبینێ ئێمەش دەبێ بیبینین.
قازی: مامۆستا زۆر سپاس بۆ بەشداریت لە بەرنامەی ڕاوێژ دا، داوای سەرکەوتنت بۆ دەکەم.
وەلی: زۆر سپاس، زۆر مەمنوون.
قازی: سپاس. بینەرانی خۆشەویست بەم شێوەیە دەگەینە کۆتایی ڕاوێژی ئەمجارەشمان تاکوو ڕاوێژێکی دیکە لای ئێوەمان خۆش

تێبینی: ئەم بەرنامەیە لە ئێوارەی یەکشەمە ١١-ی ئاوریلی ٢٠٢١ ئاستە کراوە و ئێوارەی پێنجشەمە ١٥-ی ئاوریل بڵاو کراوەتەوە. دەکرێ ویدێئۆی ئەم بەرنامەیە، لە ماڵپەڕی ستێرک تیڤی، کاناڵی یوتیووب ی ڕاوێژ یان کانڵی ڕاوێژ لە فەیس بووک دا تەماشا بکەن.











 

No comments: