Sunday, April 4, 2021

چێک مەیتس (دۆستانی چێک) کۆمۆنیستە ئێرانییەکان و چێکۆسڵۆواکی. دوکتور ئێمێلی جەین ئۆدێل

 

چێک مەیتس (دۆستانی چێک) کۆمۆنیستە ئێرانییەکان و  چێکۆسڵۆواکی

دوکتور ئێمێلی جەین ئۆدێل
وەرگێڕان لە ئینگلیسییەوە: حەسەن قازی

تێبینی: بە دەستپێشخەری  ئەنیستیتووی لێکۆڵێنەوەی ئێرانی لە زانکۆی سەنت ئاندرووز لە سکاتلەند لە ٢٩ی مارسی ٢٠٢١ تا ٣١-ی مارس بە بۆنەی تێپەڕینی ٨٠ ساڵ لە مێژووی دامەزرانی حیزبە توودە زنجیرەیەک وێبینار
لە بواری جیاوازی لەمەر حیزبی توودە پێشکێش کرا. بابەتەکان زیاتر بە زمانی ئینگلیسی بوون و چەند بابەتیش بە زمانی فارسی پێشکێش کران. ئەم بابەتەی لێرە دا وەرگێڕاوەکەی دەخوێننەوە" چێک مەیت، کۆمۆنیستە ئێرانییەکان و چێکۆسڵۆواکی" لە دوای نیوەڕۆی سێشەمە ٣٠-ی مارس دوکتور ئێمێلی جەین ئۆدێل لە دانیشتنی
"ڕەهەندە فرە نەتەوەییەکانی حیزبی توودە" پێشکێشی کرد. دوکتور جەین ئۆدێل بەر لە دەست پێ کردنی قسەکانی بە شێوەی خوارەوە لە لایەن بەڕێوەبەری وێبینارەکە دوکتور بیانکا دێفۆس ناسێندرا. جێی ئاماژەیە
دوکتور ئێمێلی جەین ئۆدێل بەشی هەرە زۆری بابەتەکەی تەرخان کرد بوو  بۆ باسی پێوەندیی شەهید دوکتور قاسملوو و چێکۆسڵۆواکی،

دوکتور ئێمێلی جەین ئۆدێل پڕۆفسۆری هاوکار و وانەبێژە لە ئەنیستیتووی پیتزبێرگ لە کۆماری گەلیی چین. و پێشتر سەرۆکی بەشی مێژووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست  و کۆنینەناسی بووە لە زانکۆی ئەمریکایی بەیڕووت و هەر وەها پڕۆفێسۆری هاوکار بووە لە زانکۆی سوڵتان قابووس لە سوڵتان نشینبی عەممان، ئەو لە زانکۆی وەک کۆلۆمبیا و هارواردیش دەرسی وتووەتەوە و لەوێ پلەی دوای دوکتواری تێ پەڕاندووە، هەروەها لە مەدرەسەی مافی زانکۆی یێڵ یش کاری کردووە. دوکتور ئێمێلی جەین ئۆدێل ئێدیتۆری گۆڤارێک بووە لە مەدرەسەی ماف و لێکۆڵینەوەکانی لە زۆر گۆواری ئاکادێمیک دا بڵاو کراونەتەوە. لە ڕۆژنامەی نیۆیۆرک تایمزیش دا نووسینەکانی بڵاو بووەتەوە.  سەر دێڕی بابەتەکەی  دۆستانی چێک ە، کۆمۆنیستەکانی ئێرانی و چێکۆسلۆواکی . فەرموو دوکتور ئۆدێل

زۆر سپاس، سپاس بۆ ئەو ناساندنە. ئەوە جێی شانازی یە بۆ من و پێی خۆشحاڵم بەشێک بم لەم کۆنفڕانسە بە هەیەجانە سەبارەت بە حیزبی توودە. بەر لەوەی لێکۆڵینەکەمتان لەگەڵ بەش بکەم، من هەر بە چەند وشەیەک باسەی ئەوە دەکەم هۆی چ بوو من مرخم تێدا پەیدا بوو بۆ لێکۆڵینەوە لە بەر یەک کەوتنی  نێوان بزووتنەوە چەپەکان لە چێکۆسڵۆواکی و لە ئێران. کاتێک لە زانکۆی کۆلۆمبیا خەریکی خوێندنی خولی لیسانس بووم لە زمانی چێک و زمانی فارسی و لە شەڕی ساردم دەکۆڵییەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە لای پڕۆفێسۆر ڕەشید خالدی، لە لیکۆڵینەکانم دا تووشی کەسایەتی عەبدولڕەحمان قاسملوو هاتم ڕێبەری حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران، چونکە ژیانی و هاوپێوەندییە نێونەتەوەییەکانی دەرفەتی ئەوەی بۆ من پێک هێنا دەست بکەم بە وەرگێڕانی بەڵگە و دوکۆمێنی دەستی یەکەم  هەم بە زمانی چێکی و هەم زمانی فارسی. ئەمن بورسێکی چێکیم هەبوو و بۆخۆشم  ڕەچەڵەکی چێکۆسلۆواکیم هەیە و خەریکی خوێندنی فارسی بووم بۆ دەرەجەی لیسانسەکەم، جا بۆیە ئەو پڕۆژیە بۆ من زۆر خۆش بوو و بە هەڵپەوە سەرنجم لە سەر کۆ کردەوە. ئەمن بە ڕاستی پێم سەیر بوو بۆچی زۆر کەم کراوە بۆ زانین و وەڕوو خستنی ئەو پێوەندیە نێونەتەوەیییانە. و مرخێکی کەم هەبووە لای زانایان بۆ لێکۆڵێنەوە لە مێژووی ئەم ڕۆژگارە. جا بۆیە بەڕاستی بۆ من زۆر خۆشە بەشێک بم لەو کۆڕەی ئێستا و ئەو  پسپۆڕ و خوێندکار و زانایانەی وا هۆگری ئەوەیان هەیە لەم مێژوویە بدوێن.
وتارێکی گۆواری تایم ئی سێپتامبری ١٩٧٨ کە باسی خوبیشاندانێکی ئعترازی بەربڵاوی ڕووماڵ کردووە بە دژی شا باسی ئەوە دەکا کە هێندێک لە خۆپێشاندەران دروشمی قانوونی کردنی حیزبی توودەیان بەرز کرد بووەوە واتە حیزبی کۆمۆنیستی قەدەغە کراوی ئێران. لەو وتارە دا هاتووە بۆ ئەوەی کۆنەپارێزە دینییەکان ئارام بکرێنەوە شا، جەعفەر شەریف ئیمامی کردە سەرۆک وەزیر، کە ئەویش دەستی کرد بە داخستنی قومارخانەکان و قەدەغەی لە سەر دامەزراندنی حیزبە سیاسییەکان هەڵگرت، هەڵبەت جگە لە کۆمۆنیستەکان نەبێ کە هەر قەدەغە بوون. لەو وتارە دا لە زمان مەلایەکەوە گوتراوە: " کە بەهاری پڕاگی ئێمە هێندە ناخایێنێ ، بەڵام گەلۆ شا لەوە تێ دەگا یان نا". مەلاکان لە ئێران، ئەفسەرە ئیستیخباراتییە ئەمریکاییەکان لە واشنگتن، هەر وەک لە قسەکانی پرۆفێسۆر ئابراهامیان گوێمان لێ بوو، ئەوان حەولیان دەدا بۆ سازدانی چێکۆسڵۆواکییەکی دووهەم لە ئێراندا و ڕێبەڕانی کوردیش هەر وەها  لە پڕاگ ئەو ڕووداوانەیان کە ئەو دەمی لە ئێران دەقەومان بەراوەرد دەکرد لەگەڵ ڕووداوە مێژووییەکان لە چێکۆسلۆواکی. پێوەندی لە نێوان کۆمۆنیستەکانی چێکۆلۆسلۆواکی و ئێرانی لە ئاستی ئاکادێمی دا سەرنجێکی زۆر کەمی دراوەتێ لە کاتێکدا پێوەندی نێوان کۆمونیستە ئێرانییەکان و کۆمۆنیستە چێکەکان  لە ماوەی شەڕی سارد دا  ڕووناکایی دەخەنە سەر ڕووداوی گرینگ لە ئێران لە پێوەندی لەگەڵ دەستتێوەردانەکانی سۆڤییەت، خەبات لە پێناو خودوموختاری لە کوردستان و شوۆڕشی ئێران. 

ئەو مێژوویە بە شێوەی هەری باش لە ژیان و ئەزموونەکانی عەبدولڕەحمانی قاسملوو دا خۆی دەردەخا، کە لە نێوان چێکۆسلۆواکی و ئێران لە هات و چۆ دا بوو وەکوو لاوێک و دواتر وەکوو سکرتێری گشتی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران لە نێوان ساڵانی ١٩٧٣تا ١٩٨٩. قاسملوو کاری گەورەی کرد بۆ بە نێونەتەوەیی کردنی دۆز و پرسی کورد، تا ڕادەیەکی زۆر لە بەر ئەو پێوەندییانەی سازی کرد بوو  ئەو سەردەمی کە لە پڕاگ دەژیا.

لە هاوینی ساڵی ١٩٤٦ یەکەم کۆنفڕانسی جیهانی خوێندکاران، یەکێتیی نێونەتەوەیی خوێندکاران (IUS) لە پراگ بەسترا. لە ئێران ئەندامانی حیزبی توودە و ڕێکخراوی خوێندکارانی ئێرانی لە زانکۆی تاران لە نزیکەوە گرێ  درابوون بە یەکێتیی خوێندکارانی جیهانی لە پڕاگ. ئەو یەکێتییە بورسی خوێندنی دەدا بەو خوێندکارانەی کە دەیانەویست لە دەرەوە بخوێنن و یەکێک لەو خوێندکارانە کە بورسێکی ئەوتۆی وەرگرت عەبدولڕەحمان قاسملوو  بوو. ئەو دواتر گوتوویە " ئەمن لە ناو چەندکەسێک دابووم کە بەشێوەیەکی سیستماتیک زمانی چێکی فێر دەبووین " و بە شانازییەوە ئەوەی گوتووە و دەڵێ وەنەبێ زمانێکی ئاسانیش بێ. قاسملوو وەکوو لاوێک بەشداری کرد لە بزووتنەوەی جەوانانی حیزبی توودە لە ئێران و لە یەکێتیی دێمۆکڕاتیکی جەوانانی کوردستان کە ئەو یەک لە دامەزڕینەرانی بوو و هەر وەها لە حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان دا. لە ساڵی ١٩٤٦  دەوڵەتی جمهووری کوردستان، جمهووری مەهاباد لەلایەن حیزبئ دێمۆکڕاتی کوردستانەوە دامەزرا. بەڵام هەڵبەت ژیانی ئەو جمهوورییە کورت بوو، لە بەر ئەوەی سۆڤییەتییەکان بەهاری ئەو ساڵە لە ئێران کشانەوە و ئەوەش ڕێگای خۆش کرد بۆ ئەوەی ئەڕتەشی شاهەنشاهی بە پشتیوانی هێزە ڕۆژئاواییەکان بگەڕێتەوە ناو کوردستان، کە زۆر کەسی گرت و زۆر کەسی کوشت. لەم تێکەولێکەیی و نا ئارامییە دا  قاسملوو کوردستانی بەجێ هێشت و لە ساڵی ١٩٤٧ هاتە تاران و لەوێ بە شێوەی نهینێ درێژەی دا بە چالاکییە سیاسییەکانی هەم  لە ریزی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان و هەم حیزبی توودە دا لە تاران.[ دیارە دوکتور جەی ئۆدێل لێرە هێندێک تاریخی تاق و جووت کردووە. دوکتور قاسملوو لەگەڵ برای گەورەی ئەحمەد قاسملوو بە شێوەی ئاشکرا لەو ساڵانە دا دێنە تاران و لە دەبیرستانی ئەلبورز دەخوێنن. ح.ق]

دوکتور قاسملوو لە ساڵی ١٩٤٨ دا ئێرانی بەرەو ئوڕووپا بە جێهێشت  و چووە پاریس و دوای چەند مانگ مانەوە لە پاریس بورسێکی خوێندنی وەرگرت لە یەکێتیی خوێندکارانی جیهانی (IUS) و لە ساڵی  ١٩٤٩ لە پاریسەوە هاتە پڕاگ. و لە ساڵی ١٩٥٢ لە زانکۆی سیاسەت و ئابووری دا پلەی بە دەست ‌هێنا لە بواری زانستە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکاندا. لەو سەروبەندە دا ئەو خۆی بە مارکسیست – لێنینیست و ستالینیست دەزانی. ئەو هەمان ساڵ لەگەڵ ژنە چێکەکەی هێلێنا کرولیک لە پڕاگ زەواجی کرد. ئەو ئاخرەکەی لە چیاکانی  کوردستان پەیوەست بە مێردەکەی بوو و لەوێ دەرسی ئینگلیسی بە پێشمەرگەکانی قاسملوو دەگوت. لە وتووێژێک دا باسی ئەوە دەکا کە چۆن چاوی بە قاسملوو کەوتووە و چۆنی مێرد پێ کردووە و ئەمن لێرە دا ڕێگە دەدەم ئارشیو هێندێک قسە بکەن. " لە تەمەنی حەڤدە ساڵیدا ئەمن لە کۆراڵێکی گورانی وتن دا وەرگیرام. لە زانکۆی سیاسەت و ئابووری دا، بەڕێوەبەری کۆرالەکە داوای لێ کردم دیلمانجی بکەم بۆ هێندێک میوانی لاوەیی. یەکێک لەوانە هەر وەک کەسێکی خۆ جێی بە زمانی چیکی قسەی دەکرد و هیچ لەهجەی نەبوو. من پێم وا بوو ئەو خەڵکی سڵۆواکیایە. کاتێک پێیان گوتم ئەو کوردە ئیدی زۆر درەنگ ببوو چونکە ئێمە هە دووکمان دڵمان بۆ یەک بزووتبوو. عەبدولڕەحمان لە پراگ ئابووری خوێند، دوای سالێک کە یەکتریمان دی زەواجمان کرد. ڕێوڕەسمەکە لە سەفاڕەتخانەی ئێران بوو، دەبوو بە یەکەوە بچین و لەوێ دەبوو من بەڵێنێک بلێمەوە کە دەبمە موسوڵمان، ئێمە دەبوو ئاتیئیست بوونی خۆمان بە لاوە نێین  و ساڵێک دواتر من کچێکم بوو. لەو ناوە دا عەبدولڕەحمان چووە ئێران." لە وتویژێک دا لەگەڵ دراوسێ ودۆستێکی نزیک دوکتور کالیاخ لە پراگ ، دوکتور کالیاخ باسی ئەو سەردەمە دەکا کە دوکتور قاسملوو لە پڕاگ بووە و باسی هۆگری قاسملوو دەکا  سەبارەت بە کولتووری چێکی. دوکتور کالیاخ ژمارەیەک وێنەی ساڵانی ١٩٥٣-١٩٥٥ی قاسملووی لەگەڵ دۆستان و هاوکارانی  و ئی ساڵانی ١٩٨٠ لەگەڵ جێگرەوەکەی دوکتور سادق شەڕەفکەندی کۆ کردووەتەوە و پێشکێشی ئارشیوی قاسملووی کردووە. یەک لە پرسیارەکان لە هاورێکەی دوکتورکالیاخ ئەوە بوو، ئێوە جاری یەکەم  لەگەڵ قاسملوو کەنگێ یەکترتان دی؟ لە ساڵی ١٩٥٠ بە بۆنەی کۆبوونەوەیەکی  ڕێکخراوی جیهانی خوێندکاران قاسملوو دەرفەتی ئەوەی بۆ ڕەخسابوو بێتە پڕاگ. لەوێ ئێمە هەر دووکمان بەیەکەوە دەمانخوێند و لە دیوێک دا دەژیان تا ساڵی ١٩٥٢،  ئەوە ئەو ساڵەیە کە ئەمن چوومە ڕووسیا و دوکتور قاسملوو گەڕاوە بۆ کوردستان بۆ چالاکی سیاسی نهێنی." و پرسیاری دیکە لە دوکتور کالباخ ئەوە بووە : وەکوو دۆستێکی نزیکی قاسملوو و وەکوو ئوڕووپاییەک ئەتۆ کەسایەتی دوکتورقاسملوو چۆن هەڵدەسەنگێنی؟ "قاسملوو کەسایەتێکی ڕێبەرێتی هەبوو، ئەو جەوانێکی وێچوو بوو، و توانایی ئەوەی هەبوو لە دەوروبەری دا دۆست بدۆزێتەوە، ئەو زۆر بە گوڕ باسی مێژووی کوردی بۆ ئێمە دەکرد، ئەو زۆر نوکتەی دەزانی. ئەو تەنانەت مێژووی چێکۆسلۆواکیشی دەزانی. ئەو باسی کەسایەتییە کوردەکانی دەکرد و لەگەڵ کەسایەتییە چێکەکان بەراوەردی دەکردن. سەبارەت بە گۆرانییە چێکییەکانیش ئاگاداری هەبوو، ئەو زۆر لە من زیاتری دەزانی سەبارەت بە مێژوو و ئەدەبییاتی وڵاتەکەم، لە ئاستێکی ئەوتۆ دا کە ئەمن بە خۆم دا تەریق دەبوومەوە. "  ئایا قاسملوو ئەو سەردەمی شایی بە خۆی بوو و شانازی بە خۆی دەکرد؟ "نا، بە پێچەوانە، ئەو ڕێبەرێک بوو  بۆ خوێندکارە بێگانەکان لە چێکۆسلۆواکی، ئەو  لە ساڵی ١٩٥١ دا چوو بۆ فێستیواڵێکی جەوانان لە بێرلین، ئەو لەگەڵ زۆر کەسایەتی سیاسی پێوەندی هەبوو و کەسێکی زۆر خاکی بوو."  لە ڕاستیدا قاسملوو سەروکی یەکێتیی خوێندکاران بوو و لە ساڵی ١٩٥٠ لە کۆنگرەی یەکیتیی خوێندکاران لە پڕاگ بەشداری کرد. کاتێک قاسملوو لە ساڵی ١٩٥٢ گەڕاوە ئێران ئەو دەستی کردەوە بە چالاکییەکانی لە کوردستان وەک تێکۆشەرێکی چالاک لە ڕێزەکانی حیزبی توودە و حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان دا. بە دوای کودەتای ١٩٥٣ دا، شا هێڕشێکی توندی کردە سەر حیزبی توودە بە گرتن و کوشتنی بە کۆمەڵ. لەو سەروبەندە دا ژنەکەی هێلێنا هاتە لای لە ئێران. ئەو دەنووسی: "  لە پاییزی ساڵی ١٩٥٣ ئەمن لەگەڵ كچەکەم چوومە لای مێردەکەم، لە تاران  هەموو شت سەر زیندوو و پڕ لە هەیەجان بوو. جیاواز بوو لە پڕاگی ئەو سەردەمی. ئەمن تەسەورم وا بوو کە لە بازارێکی ڕۆژ‌ەڵاتی دام، بەڵام زۆر خۆش بوو. مەئموورانی گومرک چەمەدانەکەیان لێ دزیم کە بەرگەکانمی تێدا بوو، ئەو دەمی هاوسەم لە سەرهەڵدان بە دژی شا زۆر تێوەگلا بوو وخەباتی دەکرد لە پێناو مافەکانی گەلەکەی دا و ئێمە بە ڕاستی هیچ بیرمان لە شتی مادی نە دەکردەوە. خەزرووم لە دێیەکی کوردی دەژیا و بنەماڵەیەکی بە تەحەمولی هەبوو. خەسووم ئاسۆڕی بووو بە ڕەچەڵەک مەسیحی بوو. بە پێی ئامۆژگاری عەبدولڕەحمان ئەمن کراسی قۆڵ درێژ و شەلوارم دەبەر دەکرد، لەوێ دابو ڕەسمی ئیسلامی تەواو بەرقەرار بوو و دەبوو مرۆ عادەت بکا بە وەی کە لەگەڵ ژنان وەکوو بوونەوەرێکی پلە کەمتر هەڵسوکەوت بکرێ."
هەر وەها ئەوەش سەرنجی ڕاکێشام کە هێلێنا لە ڕوانگەیەکی ئۆریانتالیستییەوە لەمەڕ کوردستان شتەکان دەگێڕێتەوە.

ئەو دەمی هێلێنا بە نهێنی لە ئێران دەژیا و باسی ئەوە دەکا چۆن خەڵک ڕاو نراون. " ڕاونرانی ئێرانییە دێمۆکرات و کۆمۆنیستەکان و کوردە چەپ ئاژۆیەکان بۆ ماوەی چەند مانگان هەتا بڵێی توندتر بوو، ئێمە دەبوو بە نهێنی بژین. دوو ساڵی یەکەم ئێمە ١١ خانوومان گۆڕی و مێردەکەم ئاخری دەبوو بڕوا و بگەڕێتەوە ئوڕووپا. ئەمن لەگەڵ منداڵەکەم مابوومەوە و لە گەڵ سەفیری چێک لە ماڵی خۆی قسەم کرد و داوام لێکرد بەڵگەی سەفەری ئێمە ئامادە بکا. هەر کە مێردەکەم ڕۆیی ئەمن بەری بەیانی سەعات شەش چوومە سەفارتخانەی چێکۆسڵۆواکی و نزیکەی سەعاتێک چاوەڕێ بووم هەتا سەفیر هات.  کاتێک سەفیر هات پێی گوتم بەڵام خانمی قاسملوو بەو بەیانییە زووە ئەتۆ چ دەکەی لێرە؟ ئەمن پێم گوت ئەمن منداڵم دەبێ. پێی گوتم ئەتۆ دەبوو زووتر بە من بڵێی و زانیبام زووتر دەهاتم. دوای سەعاتێک منداڵی دووەمم هاتە دنیا". دواجار قاسملوو ناچار بوو لە ساڵی ١٩٥٧ ئێران بە جێ بێڵێ و گەڕایەوە چێکۆسلۆواکی و دڕیژەی دا بە خوێندن بۆ دوکتورا و حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێرانی زیندوو کردەوە. هەر لە هەمان سەروبەند دا  ڕێبەرانی حیزبی توودە کە حیزبەکەیان  نەی دەتوانی لە ئێران بە شێوەیەکی کاریگەر چالاکی بکا لە سێپتامبری  ساڵی ١٩٦٠ لە پراگ کۆبوونەوەیەکیان کرد و ئاراستەی چالاکییەکانیان بەرەو ئوڕووپا گۆڕی.

قاسملوو  لە پراگ لە ساڵی ١٩٦٢ دەرجەی پی ئێچ دی لە ئابووریی نێونەتەوەیی دا وەرگرت و لە زانکۆی پڕاگ لە مەدرەسەی ئابووری دا وانەی دەگوت. ئەو سەردەمەی لە پڕاگ بوو، دوکتور قاسملوو کتێبی " کوردستان و کورد" ی بە زمانی سڵۆواکی بڵاو کردەوە کە باسی مێژووی سیاسی، ژیانی کۆمەڵایەتی و جوغرافیای کوردەکان دەکا. ئەو کتێبە لە لایەن وەشانخانەی ئاکادیمی زانستی چێکۆسڵۆواکی لە لەندەن  [بە ئینگلیزی] چاپ کرا. قاسملوو کاتێک لە پراگ بوو لەگەڵ بزووتنەوەی بەهاری پڕاگ دا پێوەندی پەیدا کرد، ئەو هەر وەها شاهیدی هێرش و پەلاماری سۆڤییەت بوو بۆ سەر چێکۆسلۆواکی لە ١٩٦٨ و ئەو وەلانان و پاک کردنەوانەی بە دووی دا هات. دژایەتی وی لەگەڵ ئەو هێڕشە دواتر گەیشتە دەستبەردانی لە کۆمۆنیزم و ڕەچاو کردنی سۆسیال دێمۆکراسی. ئەو لە پڕاگ پیشەکەی خۆی لە دەست دا وەک پڕۆفێسۆرێکی زانکۆ ڕەنگە وەک ئەوەی باس کراوە لە بەر دەستتێوەردانی حیزبی توودە چونکە ئەو دژی هێرشی سۆڤییەت بۆ سەر چێکۆسڵۆواکی بووە. لە نووسینی هاوسەرەکەی دا بە جوانی ڕوون نابێتەوە بۆچی ئەوان لە چێکۆسڵۆواکی دەر کراون بەرەو لەهێستان و لەوێوە بۆ پاریس لە ساڵی ١٩٧٦. ئەو دەنووسی: " ڕەنگە لە بەر ئەوە بوو بێ ئێمە حورمەتمان نەبووە بۆ دەسەڵاتداران و بە نابەدڵیان زانیوین، هەتا ئەمڕۆش نازانم  بۆچی ئێمەیان لە چێکۆسڵۆواکی دەرکرد؟ "
لە پاییزی ١٩٧٧ ڕێبەرایەتی حیزبی توودە لە پڕاگ کۆبووەوە بۆ ئەوەی ماشێنی حیزبی وەگەڕ خاتەوە و یارمەتی بکا بە سیلولەکانی شۆڕشگێڕانی ئیسلامی لە ئێران. دوکتور قاسملوو وەکو ڕێبەرایەتی دیکەی کورد و ڕێبەرانی حیزبی توودە کە لە ئوڕووپا بوون،  گەڕاوە ئێران بۆ بەشداری لە شۆڕش  و سەرهەلدانی گەلی کورد دا.
دوای شۆڕش دوای ئەوەی حیزبی توودە کەوتە بەر شاڵاوی گرتن و ڕاونان، کۆمۆنیستەکانی چێکۆسڵۆواکی هاوپێوەندی خۆیان ڕاگەیاند لە ڕۆژنامەیەکی سڵۆواکی دا. ئەوەی دەیخوێنمەوە لەم ڕۆژنامەیە دا هاتووە: " چەند ڕۆژ لەمەوبەر دادگایەکی فەرماییشی لە تاران دەست بەکار بووە  بە دژی نوێنەرانی سەرەکی حیزبی توودەی ئێران. لە زیاتر لە ٤٠ ساڵ لە مێژووی خۆی دا ئەو حیزبە کە زۆرجار ناچار بووە بە نهێنی چالاکی بکا بە سیستماتیک و نەپساوە لە پێناو سەربەخۆیی نەتەوەیی، ئازادی و عەداڵەتی کۆمەڵایەتی لە ولات دا  خەبات و بەربەرەکانی کردووە. ئیعتیبارێکی هەتاهەتایی هەیە بۆ سەرەونخوونکردنەوەی حکوومەتی پاشایەتی سەر بە ئەمریکا بە تایبەتی بە ڕيک خستنی خەباتی شۆڕشگێڕانەی چینی کرێکار کە بنیاتی دەوڵەتی بێ کەلک کرد لە ساڵانی ١٩٧٨ و ١٩٧٩ بە وەڕێ خستنی مانگرتنی دوور و درێژ، بە شێوەی سەرەکی مانگرتنی کرێکارانی نەوت و ئەوە هەلومەرجێکی باشی ڕەخساند بۆ کۆتایی پێهێنانی ئەو دیکتاتۆرییە بێزراوە. هێرش کردن و پەلامار بۆ سەر ئەم حیزبە لە هەمان حاڵ دا هێرش و پەلامارە بۆ سەر پێواژۆی شۆڕشگێڕانە لە ئێران، لەگەڵ ئەوەشدا سەرەڕای ئەو ڕاوەدوونانە، ئەگەر چی نزیکەی  ٨٥٠٠ کۆمۆنیست لە زیندانی بەدناوی ئەوین لە تاران ڕاگیراون، حیزبی توودە  درێژە دەدا بە ژیانی و خۆی نهینی کردووە و خۆی ڕێک دەخا بۆ قۆناغی تازەی نەبەرد بۆ داهاتوویەکی باشتر بۆ ئێران. هێزە شۆڕشگێر و پێشکەوتووەکانی هەموو جیهان لەوانە حیزبی کۆمۆنیستی خۆمان و کرێکارانی چکۆسلۆواکی هەستی هاوپێوەندی خۆیان دەر دەبڕن لەگەڵ کۆمۆنیستە قارەمان و ئازاکانی ئێران ."
لە نێوەڕاست ساڵانی ١٩٨٠ کان، و کۆتاییەکانی ١٩٨٠ کان قاسملوو پێی خۆش بوو ئاراستەی ئیدێئۆلۆژی سیاسی حیزبەکەی زیاتر بەرەو سۆسیال دێمۆکڕاسی مۆدێلی ئووروپا بگۆڕێ، ئەو حەولە زەحمەت بوو و ڕقەبەری لەگەڵ کرا لە لایەن هاوکارە مارکسیستەکانی ڕا و کێشایە دابڕان و جودایی. قاسملوو پێوەندی دۆستانەی لەگەڵ سۆسیاڵ دێمۆکڕاتەکانی ئوڕووپا دامەزراند و پێڕەو کردنی سۆسیالیزمی دێمۆکڕاتیکی کردە دەستەبەری سەرکەوتنی دۆزی کورد. ماویەکی کەم لە دوای مردنی ئایەتوڵا خومەینی لە ساڵی ١٩٨٩ حکوومەتی ئێران ئامادە بوو موزاکەرە لەگەڵ [کوردەکان] دەست پێ بکاتەوە. دوکتور قاسملوو پێشنیاری کرد ئەو دیدارە  لە پاریس بکرێ، هەر چەند ئەو  بە دۆستە چەکەکانی خۆی گوتبوو ئەو بە تایبەتی لە پڕاگ هەست بە هێمنی دەکا. دەستەی نوێنەرایەتی ئێران پێشنیاری  کرد وین یان بێرلین و دیدارەکە لە وین کرا و ئەو لەوێ کووژرا.

لەکاتی کووژرانی دا ئەو پرۆفێسۆرێکی ئابووری بوو لە پڕاگ. دوای مردنی قاسملوو هاوڕێکەی دوکتور کالیاخ لە پڕاگ کلووبێکی کردەوە، ئەو دەمی سەرۆک کۆماری چێک واسڵاڤ هاڤڵ بوو ئەو داخویانییەی خوراوەیان ئێمزا کرد:
 لە لایەن ئالقەی دۆستانی بزووتنەوەی دێمۆکڕاتیکی کورد لە پڕاگەوە: " ئەوە دەستپێشخەرییەکی جیهانی یە بۆ خەلکی دیکەش کە بێن و لەگەڵ ڕێبەرانی جمهووری چێکۆسڵۆواکی کەون بۆ بەرز کردنەوەی دەنگ بۆ لێکۆڵینەوە و سزادانی ئەوجینایەتەی بە دژی ڕێبەرانی کورد کرا لە ١٣-ی ژووییەی ١٩٨٩، پڕۆتێست بکەن بە دژی هەموو جۆرە کردەوەیەکی تێرۆریزم و پشتی هەموو تێکۆشانەکانی کوردەکان بگرن لەو ناوچانەی کە نیشتمانیانە بۆ ئەوەی ئەوان بتوانن بە ئاشتیانە بژین بە ئازادیی تەواوی مافە مەدەنییەکانیان بگەن بە بێ ئەوەی ناچار بکرێن بچن و لە وڵاتانی دیکە دا بژین. ئەرکی سەرەکی و هەموو لایەنەی ئێمەیە بەو شێوەیە  ڕێز و حورمەتی خۆمان ڕابگەیێنین لە ئاست بیرەوەری عەبدولڕەحمان قاسملوو کە لە چێکۆسلۆواکی خوێندی و بە ساڵان لەگەڵ ئێمە بوو وەک مامۆستایەکی بەرز و لێکۆلەرەوەیەکی زانکۆ کە کەسایەتییەکەی لە وڵاتی ئێمەوە هاڵاوە، بە پێوەندیی خێزانی و بە پێوەندیی قووڵی دۆستانەی  لەگەڵ ئێمە دا. بە دەیان ساڵ لەوە پێش یەکێتیی  کۆمۆنیستی خوێندکارانی جێهانی ئەوی هێنا وڵاتی ئێمە، بەڵام ئەو ئێستا لە لایەن ڕێبەران و دژبەرانی حوکمی کۆمونیستی چێکۆسڵۆواکی ڕێزی لێ دەنرێ و وەبیر دەهێندرێتەوە."
 هاوسەرەکەی هێلێنا ( نەسرین) کە بە ڕەوانی زمانی کوردی و فارسی فێر بووە، هەر وا نزیکە لە حەولی کوردەکان بۆ سەربەخۆیی. لە خوارەوە من چەند بەشێک باس دەکەم لە وتووێژێک  کە دوای مردنی مێردەکەی لەگەڵی کراوە. ئەو دەڵێ: " ئەوە هاسان نییە مرۆ دەست لە خەباتێک  هەڵگرێ کە لەتەواوی ژیانی خۆی دا بەردەوام بووە. کورد و کوردستان تەنانەت دوای مردنی منیش هەر بە ڕاوەستاوی دەمێننەوە. ئەمن قەت ناتوانم بیر لە ڕۆژێک بکەمەوە کە کورد و کوردستانم لە بیر بچێتەوە. ئەمن هێشتا بۆ کوردەکان کار دەکەم و سەبارەت بە مژاڕی لەمەڕ کوردان دەنووسم." ئەو وەک چێک لە دایک بووە بەڵام دەڵێ زیاتر هەست دەکا کورد بێ هەتا چێک. ئەو نزیکایەتی خۆی لەگەڵ کوردان بەو وشانە دەردەبڕێ: " ئەمن ئاشقی کوردەکان بووم کە بۆ هەر جێگایەک کە دەچووم ئاگایان لە من بوو. هەر چەند ڕەچەڵەکی من چێکە بەڵام هەموو ژیانم  بووە بە کورد و ئەوە شانازییەکە بۆ من کە ئەوەندە لە کوردان نزیک بم. ئێمە دەبێ بزانین کە شتی هەرە گرینگ ئازادیی کوردستانە وسڵاو و ئەوینم بۆ نەتەوەی کورد." 
چێکەکان بەردەوام بوون وەکوو راگر و پارێزەری میراتی قاسملوو بجووڵێنەوە بە شێوەی دیجیتاڵ لە دوای ژیانی لە میدیای چێکی و کوردی دا. بۆ وێنە ئەمن لە لێکۆڵینەوەکەم دا تووشی ئەوە هاتم کە تاوانبارکردن لەمەڕ کووژرانی وی چلۆن لە چاپەمەنی و میدیای چێک لە سەدەی بیستەم دا ڕەنگی داوەتەوە. لەوەش زیاتر لە ساڵی ٢٠٠٨ لە هەموو شارەکانی کوردستان لە ئێران مانگرنێکی گشتیان کرد بە بۆنەی ١٩هەمین ساڵی کووژرانی و ژنەکەی کە بە فارسییەکی ڕەوان قسە دەکا لە تێلێڤیزیۆنی کوردی دا دەرکەوت بۆ ئەوەی پشتی ئەو مانگرتنە گشتییە بگرێ.

هەتا ئێستاش جمهووری چێک زۆر لە کوردەکان نزیکە لەبەڕ میراتی ڕاستەوخۆی دوکتور قاسملوو و کارتێکەری کاریگەری وی لە سەر ئاسۆی سیاسی چێکۆسڵۆواکی پێشوو.

عەبدولڕەحمان قاسملوو خەباتی گەلی کوردی هێنا بەرچاوی بینەرانی جیهانی، بە دەرەجەی یەکەم سیاسەتمەدارانی ئوڕووپایی و ئینساندۆستان بە ڕێگای پڕاگ دا. لە ژیانی دا چێکۆسڵۆواکی بۆی شوێنێک بوو بۆ ڕێک خستنی خەباتکارانە، شوێنێک بۆ هاوپێوەندیی سیاسی، دەرفەتێک بۆ خوێندنی باڵا، بەراوەرد کردن و کۆنتڕاستی  کولتووری و تەسەوری سیاسی هەم وەک ئیلهامدەر و هەم ترسێنەر. هەر ئاواش تێوەگلانی هاوسەرە چێکەکەی و هاوڕێ چێکەکانی لەگەڵ کوردستان ئەوە نیشان دەدا کە ئەوان چلۆن ئێران و کوردستانیان بە چاوی چێکی دیتووە. قاسملوو شانازی بەوە دەکرد زمانی چێکی بە باشی دەزانێ و زۆر لە کولتور و سیاسەتی چێک فیر بوو و وەخۆی کرد، ئەو هەر وەها ئۆرگانیزاتۆرێکی چالاکی سیاسی بوو هاوشانی هاوڕێ چێکەکانی لە چێکۆسڵۆواکی و ئورووپا بە گشتی، ئەو هەم هۆگرێ سیاسەتی ئوڕووپا و هەم هۆگری دۆزی کوردی خۆی بوو. گۆڕانی لە کۆمۆنیزمەوە بەرەو سۆسیال دێمۆکڕاسی ڕەنگە بەسترابێتەوە بە هێرش و پەلاماری سۆڤیەت بۆ سەر چێکۆسلۆواکی و ئەوە گرژی و نێوانناخۆشی ساز کرد لەگەڵ هاوکارانی لە حیزبی توودە وەک ئاماژەم پێ کرد.

لە کاتێکدا بە پێی بەڵگەی ئارشیو  ئەوە ڕاستە  ئەو دەمی دەسگای ئیستیخباراتی ئەمریکا  ڕەنگە بە شێوەیەکی سەیر خەریک بوو لە پشتەوە خەنجەر لەحیزبی توودە بدا  کە حەولی دەدا بۆ ساز کردنی چێکۆسڵواکییەکی دووەم  لە ئێران کە لە وتاری سەرەکی ئەم کۆنفڕانسە دا  بیستمان بەڵام  چێکۆسلۆاکی وەک فەزایەک  هەڵسووڕا بۆ ئەوەی حیزبی توودە لەوێوە کارەکانی ڕێک خا و هەر وەها بۆ دۆزی کورد. ئەوەی کە پڕاگ چلۆن هەڵسو کەوتی کرد بۆ تەسەورێکی سیاسی بۆ ڕێبەرانی چەپی ئێرانی و حیزبە چەپە ئێرانییەکان لەو سەروبەندی دا و ئەوەی کە چلون تەسەوری سیاسی کوردستان لە پڕاگ  بیچمی بە خۆیەوە گرت بۆ مەسرەفی سیاسی هاوپێوەندی چێکۆسڵۆواکییەکان و ئوڕووپاییەکان، لە ئاستی ئاکادێمی ڕۆژئاوایی دا پێویستی بە لێ وردبوونەوەیەکی زیاتر هەیە.
سپاس
پرسیار و وڵام:

پرسیار: سپاس بۆ بابەتەکەت لەمەڕ تێکەڵاوی نێوان چێکییەکان و ئێرانییەکان. پرسیارەکەم ئەوەیە ئایا چێکە چەپەکان قەت تۆوی مارکسیستی شۆڕشی ئێرانیان وەخۆ کرد بۆ مەبەستی تایبەتی خۆیان؟

ئێمێلی جەی ئۆدێل: سپاس، ئەوە پرسیارێکی گەورەیە. وابزانم بۆ ئەوە مرۆڤ دەبێ بگەڕێتەوە سەر ئارشیو. من دەستم پێ کرد و دوایە وەلام نا، بە داخەوە ئێستا ناتوانم وڵام بدەمەوە  بە شێوەیەکی هەموو لایەنە. چاوی لێ دەکەم و سپاس بۆ ئەو پرسیارە.

پرسیار: ئایا دوکتور قاسملوو قەت ئەندامی حیزبی توودە بووە؟

ئێمیلی جەی ئۆدێل: ئەوە بە ڕاستی پرسیارێکی سەرنجڕاکێشە. دیارە هۆیەک هەیە کە ئەمن ئەوەم لە بابەتەکەم دا نەهێناوە، لەبەر ئەو شێوەیەی زانیارییەکان پێشکێش کراون. جا بۆیە من دەست دەگێڕمەوە لە وەی وڵامی ئەو پرسیارە بدەمەوە. وەک من باسم کرد ئەوە بابەت و کەسایەتییەکی زۆر بە سیاسی کراوە و داوای لێ بوردن دەکەم لێرە لە  چین سەعات سێی بەیانی یە و مێشکم باش کار ناکا، بەڵام ئەمن بە زاناییەوە لەو بابەتەی پێشكێشم کرد ئەو زمانەم بە کار هێناوە سەبارەت بەو مژارە چونکە بابەتەکە زۆر ئالۆزە. ئەوە پێوەندییەکی پێچەڵپێچە و بە تێپەڕینی زەمان دەگۆڕێ و ئەوەی کە ڕوونە بەلانی کەمەوە لەو سەرچاوانەی دا کە ئەمن تەماشام کردوون بە تەواوی ئەوە دەرناکەوێ. پرسیاری زۆر هەن سەبارەت بەو پێوەندیانە وسەبارەت بەوەی کە چ فۆرمێکیان بەخۆوە گرت ئەویش لە بەر چالاکی نهێنی و بەشێکی زۆریش لە مەر ئەوشتانەی کە ئاستە کراون. بەستراوەتەوە بەوەی پرسیارەکە لە کێ دەکەی سەبارەت بەو مژارانە و فۆرمیان. ئەمن هەست دەکەم لەو دۆخە دا نەبم بتوانم لە مەڕ ئاستی ئەو پێوەندیانە بدوێم . بەڵام پرسیارێکی زۆر سەرنجڕاکێشە و هەڵدەگرێ بە دوا داچوونی بۆ بکرێ و بە ٢٠ دەقیقە نەدەکرا هەموو ئەو شتانە باس بکرێ. بەڵام سپاس بۆ ئەوە و بە داخەوەم  لەوە زیاتر ناتوانم هیچ بڵێم. پێویستی بە لێکۆلینەوەی زۆر زیاتر هەیە. تەنانەت بێوەکەشی هەمووشتێک بە ڕوونی باس ناکا. ئەمن ئەو پسپۆڕایەتییەم نییە بە تەواوی وڵامی ئەو پرسیارە بدەمەوە.

پرسیار: ئایا موهاجیرانی ئێرانی هیچ یارمەتییەکیان کرد بە ئاکادێمی چێکۆسڵۆواکی، ناوی زمانناس و فەرهەنگنووس مەنسوور شەکی بە بیرم دا دێ بەڵام داخوادا کەسی دیش هەبوو؟

پرسیاری دووەم: گەلۆ ئەتۆ تووشی هیچ بەڵگە هاتووی بیسەلمێنێ کە موهاجیرانی ئێرانی لە چێکۆسڵۆواکییەوە چووبن بۆ پەیوەست بوون بە شۆڕشی ئەلجەزایر لە ساڵانی ١٩٦٠ەکاندا؟ لێرە ناوی دوکتورێکی تیب هاتووە ئیسماعیل زەینعەلی، فەتحوڵا سەیار بە بیری مندا دێن کە لە شۆڕشی ئەلجەزایر دا بەشداریان کرد دوای خوێندنی پزشکی لە زانکۆی کاڕلس. ئایا کەسی دی هەبوو ، بە سڵاو لە لایەن نیما میناوە.

دوکتور ئێمیلی جەی  ئۆدێل: ئەمن حەزم لەو پرسیارانەیە چونکە پێوەندی پەیدا دەکەنەوە بە پڕۆژەی لێکۆڵینەوەی دیکە کە ئەمن ئەوانم نەهێنا ناو ئەم بابەتەی کە ئەمڕۆ پێشکێشم کرد. یەکەم پرسیار لەمەڕ یارمەتی موهاجیرانی ئێرانی بە ئاکادێمی چێک. یەکجار زۆر لە ڕاستیدا من دەرماڵەیەکم هەبوو بۆ لێکۆڵینەوە لە پڕاگ. ئەو موسوڵمانانەی  کە هێنرانە پڕاگ بۆ خوێندن ئەوەی سەرنجڕاکیش بێ هەر بۆ خوێندنی لیسانس نەهاتن بەڵکوو بۆ دەرجەی باڵاتری وەکوو ددانپژیشکی و دەرەجەی دوکتوری لە پزشکی دا و لێکۆڵینەوەیەک هەیە کە لە کۆمەڵگەی موسوڵمان لە ئوڕووپای ڕۆژهەڵات دەکۆڵێتەوە وەک میراتێک و بەراوەردیان دەکا لەتەک موسوڵمانان لە ئوڕووپای ڕۆژئاوا. ئەمن بە تایبەتی چاوم لە خوێندکاران و موهاجیرانی ئێرانی نەکردووە  کە هاتوونە وێ ، بەڵام لە ڕاستیدا ژمارەیان زۆر بوو. ناتوانم بچمە ناو وردە ڕیشاڵەوە چونکە لێکۆڵینەوەکە چەند ساڵ بەر لە ئێستا کراوە و ئەمن ئەوەم لە بەر دەست زانکۆی ییڵ نا و بڵاوم نەکردەوە و دەبوو کردبام. ئەوە شتێکە زۆر خەڵک لەسەریان نووسیوە.

سەبارەت بە پرسیاری دوەمتان گەلۆ هیچ ئێرانییەک بەشداری کرد لە شۆڕشی ئەلجەزایر دا و لە پڕاگەوە چووبێتە ئەوێ. ئەمن لەو دواییانە دا  وتارێکم بڵاو کردووەتەوە سەبارەت بە شۆڕشی ئەلجەزاییر و دوایە چوومە ئەوێ و وتووێژم کرد لەگەڵ شەڕکەرێکی زەمانی شۆڕشی ئەلجەزایر بەڵام ناوی هیچ ئێرانییەکم نەبیست. سپاس بۆ پرسیارەکەت و چاو لە ئاڕشیو دەکەم.   

تێبینی وەرگێر: دوکتور جەی ئۆدێل وەک لە وڵامی پرسیارەکانی ڕا دەردەکەوێ نەپەرژاوەتە سەر هەموو جۆری پێوەندییەکان. بۆ وێنەی ناوی سەروان پولاد دژی نەهێناوە کە یەکێک لە ئەندامانی کاریگەری سازمانی نیزامی حیزبی توودەی ئێران بوو و توانی بەشێکی زۆر دەفتەری ڕەمز لەگەڵ خۆی هەڵگرێ و ئێران بەجێ بێڵی و بەو کارەی ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی لە زیندان و ئەشکەنجە و کوشتن ڕزگار کردو بە ساڵان لە جێکۆسڵۆواکی دەژیا. یان ئەفسەرێکی کوردی توودەیی ئەندامی سازمانی نیزامی حیزبی توودە سەرگورد ئاژەنگ کە ژن برای تەیمووری بەختییار سەرۆکی ساواک بوو و بە ساڵان لە پڕاگ ژیا. سەروان پوولاد دژ دوای ڕووخانی ڕێژیمی شا گەڕاوە ئێران. لە ساڵانی دواتر دا غەنی بلووریان و حەمەدە،ینی سیراجی ش ڕێگایان کەوتە پڕاگ و ماوەیەک لە چێکۆسڵۆواکی پێشوو دەژیان.

دەکرێ ویدێئۆی ئەو بابەتەی سەرەوە و گشت ئەو باسانەی لەو وێبینارە چەند ڕۆژەیە دا پێشكێش کراون لەم  لاپەڕەیەی تۆڕی یوتووب دا بدۆزنەوە

https://www.youtube.com/results?search_query=institute+of+iranian+studies+st+anderws

 

 سەرچاوە: وێبنووسی ڕوانگە   

No comments: