Sunday, March 20, 2022

نەورۆزانە: دەقی هەڤپەیڤینی هەندرێن هەورامی لە بەرنامەی ڕاوەی ڕۆژ لە تێلێڤیزیۆنی ستێرک لەگەڵ پرۆفسۆر عەبباس وەلی سەبارەت بە شەڕی ئووکڕایینا

هەڤپەیڤینی هەندرێن هەورامی لە بەرنامەی ڕاوەی ڕۆژ لە تێلێڤیزیۆنی ستێرک لەگەڵ پرۆفسۆر عەبباس وەلی
سەبارەت بە شەڕی ئووکڕایینا، ئێوارەی پێنجشەمە ١٠-ی مارسی ٢٠٢٢

هەندرێن هەورامی:بینەرانی بەڕێز ئەم کاتە و هەموو کاتێکتان باش. لە بەرنامەی ڕاوەی ڕۆژ هاتووینەتەوە خزمەتی ئێوەی زێدە ئازیز. لە بەرنامەی ئەمشەو دا مژارێک کە قسەی لە سەر کەین، ڕاوەستەی لە سەر کەین، ڕاوەی بکەین مەسەلەی شەڕی ڕووسیا و ئۆکرانیایە. ئەو شەڕە بۆچی هەڵگیرسا، زادەی چ بوو و هەر وەها دەشپرسین ڕۆڵی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری و هێزە هێزێمۆنی خوازەکانی جیهانی لەم شەڕە دا چییە و مەترسییەکانی بەرنەگرتن بە شەڕەکە چین ئەگەر هاتوو بەر بەم شەڕە نەگیرا زیاتر تەشەنەی کرد هاوکات دەشپرسین کە کاریگەرییەکانی  شەڕەکە لە سەر جیهان، مرۆڤایەتی، ڕۆژهەڵاتی ناوین، تورکیا، کوردستان و کوردان چی دەبێ؟ لە ئاستی کوردستان و جیهانیشدا هەڵبەتە هەڵوێستی جۆراجۆر بەرانبەر بەم شەڕە دەرکەوتوون، قسەوباسیش لە سەر ئەوە دەکەین پێویستە کوردان چۆن هەڵوێستێکیان بەرانبەر بە شەڕەکە هەبێ. لە بەرنامەی ئەمشەو دا پرۆفسۆر دوکتور عەبباس وەلی ئاکادێمیسیەن و مامۆستای پێشووی زانکۆ بە سپاسەوە لێرە لەگەڵمانە و میوانمانە، میوانداری لێ دەکەین لەگەڵ بەڕێزیان دا گفتوگۆی ئەو مژارە دەکەین و پێکەوە ڕاوە و شرۆڤەی دەکەین.
مامۆستا زۆر زۆر بە خێر بێی.
پرۆفسۆر عەبباس وەلی: سپاسوو دەکەم.
هەندرێن هەورامی: سپاس کە لەگەڵماندا ئامادەی، بەر لە هەموو شتێک ئیتر بەرەو بەهار و نەورۆز دەچین ئەمڕۆش کە هاتییە بێلژێک کەشوهەوایەکی بەهاری و نەورۆزانەی هەبوو، پێشاوپێش وەکوو خۆتان ڕۆژهەڵاتی دەڵێن نەورۆزتان لێ پیرۆز دەکەین. ئەگەر قسەیەکت هەبێ لە سەر نەورۆز و بەهار فەرموو!
وەلی: ئەمنیش بە نۆرەی خۆم هاتنی ساڵی تازە و نەورۆز پیرۆزبایی دەکەم لە میللەتی کورد بە گشتی و سڵاویان عەرز دەکەم و ئارەزووی ساڵێکی پڕ لە شادی، تەندروستی و سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم.
هەورامی: مامۆستا هەڵبەتە لە وانەیە لە مژاری بەرنامەکەش هێندێک دوور بێ بەڵام زۆر جار دەوترێ گەلی کورد لە گەلانی دیکە جیاوازترە، ماوەیەکی زۆری دەمێنێ دەست بە جێژن دەکا و ماوەیەکیشی لێ بەسەر دەچێ هێشتا کۆتایی نەهاتووە. هۆکاری ئەمە چییە؟
وەلی: بە باوەری من ئەوە جێژنێکی زۆر گەورەیە بۆ کوردان و هەمیشە پاراستوویانە و بە جێژنیان گرتووە و بە جورێکیش بەتایبەتی لە تورکیای، لە عێڕاق، لە سوریای ئەوەش جۆرێک دەربڕینی هووییەتی جیاوازی کوردی لەگەڵ ئەوانیدیکەیە یانی مەبەستم عەڕەب و تورک بووە. و لە ئێران دیارە بڕێک فەرقی هەبووە مەسەلەکە ئەویش ئەوەیە کە ئێرانیانیش، مەبەستەم تەنیا ئەوانە نین کە لە چوارچێوەی جوغڕافیای ئێرانێ دا دەژین بەڵکوو لە تاجیکستانیش، لە ئەفغانستانیش، ئەوانیش نەورۆز بە جێژنی خۆیان دەزانن و بەشداری تێدا دەکەن. بەڵام لە ئێرانێ بە شێوەیەکی گشتی پیرۆزبایی دەکرێ. لە ئێرانێ ئەمساڵ کەمپەینێکی گەورە هەیە ڕێژیم و ئیدێئۆلۆگە ئایینییەکانی ڕێژیمی دەڵێن نەورۆز جێژنێکی غەیری ئیسلامییە، جێژنێکی مەجووسی یە و ئی ئاورپەرستانە و نابێ پیرۆز بکرێ و تەنانەت کوتوویانە پیرۆزبایی کردنی گوناحیشە. ئەڵبەتە لە باشووریش لە دوو سێ جێگا دیومە نیمچە مەلاکانی باشووری بەتایبەتی مەلا تازەکان دەنگی خۆیان بە دژی نەورۆز دەربڕیوە.  
هەورامی: هەڵوێستی تورکیاش مەعلوومە بەرانبەر بە نەورۆز بە چ شێوازێکە



وەلی: بەڵێ وایە. لەوێ زۆرتر ئەلبەتە ئەوە ڕەهەندی سیاسی هەیە. ڕێژیم جار جارە قبووڵی دەکا زۆر جاریش ڕەدی دەکا ئەلئانەکە دەو هەلومەرجە دا تەنانەت لە هێندێک جێگا ئیجازە نادەن کە جێژن بگیرێ.
هەورامی: سپاست دەکەم. بەداخەوە لەم بەهار و نەورۆز و گۆڕانکاری کەشوهەوا دا بارودۆخ لە ئۆکرانیا خراپە ئەم بارودۆخەش هەر تەنیا بۆ ئۆکرانیا نییە کاریگەریش لە سەر ناوچەکەی دەوروبەری هەر وەها جیهانیش دەکا بە کوردستانەکەی ئێمەشەوە. جا مامۆستا دەسپێک لەوەوە باس بکەین ئەم شەڕە زۆر کەس شرۆڤەی جیاوازی بۆ دەکا، بۆ سەری هەڵدا، کێ تاوانبارە، کێ هەڵگیرسێنەرێتی، کێ دەستی تۆمەتی بۆ درێژ دەکرێ؟ زۆر شت وتراوە لای مامۆستا عەبباس وەلی چ شرۆڤەیەکی بۆ دەکرێ و پێت وایە زادەی چییە سەرهەڵدانی ئەم جەنگە؟
 وەلی: ئەمن ئەو جەنگەی، ئەو شەڕەی دەچوارچێوەی کێشەیەک بۆ ڕەد کردن و وەلانانی ئەو هاوسەنگییەی، ئەو تەعادولەی هێز دەبینم کە پاش ڕووخانی سۆڤیەتی هاتە پێشێ. ئەمریکا نەخشێکی سەرەکی دەوەیدا هەبووە و یەکێتیی ئوڕووپاش بە دوای ویدا چووە. دیارە وڵاتانی ڕووسیا، چین و بە تەرتیبێکی تورکیا، ئێران دەگەڵ ئەو وەزعەی و ئەو ڕێژیمە نێونەتەوەییەی کە لە نەزەر ستراتێژیک و سیاسی و ئابوورییەوە دامەزراندراوە دەگەڵ ئەوەی یەک نین و دەیانەوێ بە تەرتیبێکی ئەوەی بگۆڕن و لە حەموو ئەوانە گرینگتر هەڵوێستی چین و ڕووسیایە بەڵام ستراتێژی ئەوانە زۆری فەرق هەیە. ستراتێژی چینێ زۆرتر تەئکید لە سەر دیاردەی ئابووری دەکا، لە سەر ئابووری ستراتێژیک و سیاسی پێکەوە بەڵام دیارە ڕووسیا ئەو تواناییەئابوورییەی ئەوەندە نییە و زۆرتر لە چینێ، لە ئوڕووپایە ئەڵبەتە لە هەمبەر و لە ئاست دەوڵەتەکانی ڕۆژاوایی لە ژێر سەرکردایەتی ئەمریکا دا لە بەرانبەریان ڕاوەستاوە. مەسەلەیەکی کە لێرە دا هەیە گرینگە ئەوەیە کە چۆن نەزم و نیزامی سۆڤیەتێ تێک چوو و پاش وەی چ کرا لەوێ چەند مەسەلەی ئەساسی هەیە ئەویش ئەوەیە ئاماژە بە وەی کراوە کە وەختێکی شەڕی دووەمی جیهانی تەواو بوو ئەمریکا بە تایبەتی و ئوڕووپاش دە دەرەجەیەکی دووەم دا هاتن تا ئەو جێگایەی کە دەیانتوانی کۆمەگیان کرد بە ئەڵمانێ، بە ژاپۆنێ و ئیتالیایێ تا ئەوانە بە جۆرێکی بێننەوە نێو نیزامی نێونەتەوەیی و دایانمەزرێننەوە و گەشە بدەن بە نیزامی ئابووری ئەوانە ئەمریکا بۆ نموونە ئەوەی کە پێیان دەگوت" گەڵاڵەی مارشاڵ" ئەوەی لەمەڕ ئەڵمان بەڕێوە برد.
هەورامی: سەرکەوتووش بوو تا ڕادەیەک
وەلی: بەڵێ زۆریش سەرکەوتوو بوو و ئەڵبەتە ئەو دەمی هەدەف ئەو بوو کە کارێکی بکەن کە پاش جەنگێ کە ئەڵمان وێران ببوو، ژاپۆن وێران ببوو، ئیتالیا وەزعی زۆر نا لەباربوو نەیەڵن ئەوانە بەرەو کۆمۆنیزم بچن چون ئەو دەمی جەمسەرێکی دیکە یانی جەمسەرێکی کۆمۆنیستی هەبوو کە نیوەی ئوڕووپایەی گرتبوو، لە شەڕی دووەم دا ڕۆلێکی زۆر گەورەی گێڕا بوو لە شکستی فاشیزم دا. شەرعییەتێکی هەبوو کە ئەو شەرعییەتە زۆر گرینگ بوو بە تایبەتی بۆ هێزە سیاسییەکانی موخالیفی سەرمایەداری یان موخالیفەکانی ڕێژیمە کاپیتالیستیەکان. ئەو دەمی زۆریان هەوڵ دەدا ئەڵمانێ زوو ساز بکەنەوە، سەرمایەیەکی زۆریان تێ کرد، تێکنۆلۆژییان هێنا، تەواوی ئەو کارانەی کە دەیانتوانی بیکەن کە ئەڵمان و ژاپۆن و هەر وەتر وڵاتە چکۆڵەکانی کە بە شێوەیەک خەسارەتیان دیتبوو لەو شەڕەی ئەوانە بێننەوە نێو نیزامی خۆیان و نەیەڵن ببنە ئامانجی نفووزی کۆمۆنیزمی. بەڵام کاتێک جەماهیری شووڕەوی ڕووخا ئەو کارەیان نەکرد. جەماهیری شووڕەوی کە ڕووخا لە وەزعێکی زۆر زۆر ئەسەفناک دا لە ڕاستیدا بەجێیان هێشت. تەنیا شتێکی کە حیسابیان لە سەر دەکرد ئەوە بوو کە نەیاندەتوانی کە بە تەواوی وەلای بنێن ئەوە بوو کە جەماهیری شووڕەوی هێزێکی ئەتۆمی بوو و هێزێکی گەورەی ئەتۆمی بوو بەڵام لە ڕووی ئابوورییەوە فاشیل بوو، لە ڕووی ئیدێئۆلۆژیکەوە شەرعییەتی خۆی تا حەدێکی زۆر لە دەست دابوو، وڵاتەکەی پارچە پارچە ببوو، ئەو جمهوورییانەی لێ پەیدا ببوو، هەم لە ئوڕووپایە هەم لە ئاسیای مەرکەزی. ئەوانە هەموو ببوو و لە پاش ڕووخانی شووڕەوی ئەو کارانە و ئەو ستراتێژییە و ئەو پڕۆژەیەی کە سەبارەت بە ئەڵمان و ژاپۆن و ئیتالیا و ئەوانە بەڕێوەچوو و جێ بەجێ کرا ئەو دەمی لە مەڕ ڕووسیا نەکرا دوای هەڵوەشانی جەماهیری شووڕەوی. ڕووسیا خرایە پەراوێز و هۆی سەرەکی لاوازیی ئابووری ڕووسیاش ئێستا هەر ئەوەیە. ڕووسیاش بە شێوەی سەرمایەدارییەکی زۆر تۆسن هاتە پێشێ و دوای ئەوەی ئابووریی فەرماندارانەی جەماهیری شووڕەوییان لەباڵ یەک هێنا دەرێ، زۆربەی کارخانەجات و سەرمایەگەلی نەتەوەیی لەوێ کە بەشێوەیەک میللی و خۆماڵی کرابوون و دەوڵەت ئیدارەی دەکردن ئەوانە هەموو خرانەوە دەست کەرتی تایبەتی. ئەو خسووسی کارییەش بە شێوەیەکی زۆر خراپ بەڕێوەچوو مافیای تێدا بوو ، وەزعێکی وا بوو کە ئەو خسووسی کردنەی ئەوێ لە ڕاستیدا نەیتوانی بە شێوەیەکی دێمۆکڕاتیک بچێتە پێشێ نەتیجەی ئەوە بوو ئەلئان لە ڕووسیای ئەوانەی کە پێیان دەڵێن ئۆلیگارک، پیشەسازی گاز و نەوتیان پێ فرۆشتن تەواوی ئەو شتانەی کە بە شێوەیەک گرینگییان هەبوو یان فرۆشتیان و ئۆلیگارکەکان ئەوانەیان لە باڵ یەک دەرێنا. کشتوکاڵی ئەوێ لە بەین چوو. ڕووسیا پاش نەمانی شووڕەوی وەزعی خراپ بوو، لەو تێکە وڵێکەییەشدا بوو کە پەیمانی وارشەویش لە بەین چوو، کاتێک لە بەین چوو هەر ناتۆ ماوە. ئەو دەمی وایان دەزانی کە دێمۆکڕاسی لێبێڕاڵ و سەرمایەداری بە تەواوی لە دنیایە دا سەرکەوتووە و ڕووسیا خەلاس بووە. بەڵام  کارێکی کە کردیان تەواو بە پێچەوانەی ئەوەی کە دوای شەڕی دووەم لەگەڵ ئەڵمان و ژاپۆن کردبوویان بەو شێوە ڕووسیایان نەهێنا ناو نیزامی سەرمایەداریی نێونەتەوەیی. نە لە رووی سەرمایە دانان و نە لە ڕووی تێکنۆلۆژییەوە. یەکێک لە گرفتە ئەساسییەکانی ئێستای ڕووسیا دۆخی ناهەمواری یە. لە لایەکەوە هێزێکی ئەتۆمی زۆر گەورەیە، هێزێکی نیزامی زۆر گەورەیە بەڵام هێزێکی ئابووری لاوازە. ڕووسیا ئێستا لە ڕیزی دوازدە دایە لە نێو نیزامە ئابوورییەکانی جیهان دا ئەوە بۆ وڵاتێکی هەراوی وەک ڕووسیا لاوازییە. جا بۆیە ئەو وەزعە کە بەردەوام بوو ڕووسیا بە جۆرێک هەر ئەو وەزعە بوو کە لە زەمانی سۆڤیەتی دا بە جۆرێک هەبوو یانی بەو مانایەی کە لە زەمانی سۆڤیەتیش دا ئەوەی کە پێیان دەگوت نیزامی سۆسیالیستی یا سۆسیالیستی هەیی نەیدەتوانی بۆ وێنە کەوشی چاک ساز بکا، نەیدەتوانی جلوبەرگی باش بدروێ، نەیدەتوانی بە باشی زگی خەڵکی تێر بکا بەڵام دەیتوانی چەکی زۆر باش دروست کا، یان  تەواوی پیشەسازی عەسکەری و ئەو پێشەسازییانەی کە بە دەوری پرسە ئاسایشییەکانەوە بوون زۆر بە باشی پەرە پێ بدا، ئەلئانیش هەر ئاوایە، ئێستا ڕووسیا لەو بابەتەوە زۆر پێش کەوتووە بەڵام لە بابەتی دیکەوە ئابوورییەکی هێندە بە هێزی نییە. چین نییە، ئەڵمان نییە، ئینگلیستان نییە، فەڕانسە نییە لەو بابەتانەوە پاش کەوتووە. ئەساسی ئەوەی کە کرا هاتن لەوێ هاوسەنگییەک، تەعادۆلێکی هێز ساز کەن کە مەرکەزییەتی ئەوەی لە سەر ئەمریکا و سیستمی ئەمریکایە بوو و ڕووسیا پەراوێز خرا بوو. ئەو کارانەی کە ئێستا پوتین دەیکا لە بەر ئەوەیە کە ئەو نەزمەی کە داندراوە ئەو نەزمەی بشکێنێ بەڵام تا ئەو جێگایەی کە ئێمە دەیبینین تەنیا تا ئاستێک دەتوانێ بیشکێنێ کە ئیجازەی دەدەن بیشکێنێ، یانی بەو شێوەیە. ئەو وەزعەی کە ئێستا لە ئوکراینی هاتووە پێشێ چەند ساڵ لەوە پێش دەیتوانی لەمەڕ کریمەی بێتە پێشێ بەڵام نەیانکرد. مەبەستم ئەوەیە. ئەو جۆرەی کە دیارە جەنابی پوتین بە باوەڕی من یان بە باوەڕی کەسانی دیکەش کە ئەمن پێی بزانم هەڵەیەکی ستڕاتێژیکی زۆر گەورەی کردووە بەو مانایە کە لێرە دا پوتین دەیویست قەیرانێک دروست بکا، قەیرانێک کە مودیرییەت بکرێ، ئەوە لە زمانی ستراتێژیک دا پێی دەڵێن قەیرانی مونجەمید (بەستوو)، یانی قەیرانێکی دروست دەکەی دوایە ساردی دەکەیەوە و دەیبەستی وەک چۆن ئاو دەیبەستێ و دەبێتە سەهۆڵ. دەیبەستی و مودیرییەتی دەکەی. پوتین هەمان ئەو کارەی سەبارەت بە گورجستان کرد، لە سەر ئەپخازیا کردی، قەیرانەکەی ساز کرد، هێندێک دەستکەوتی هەبوو بەڵام لەوەی زۆرتر نەچووە پێشێ بەڵام قەیرانەکە هەر ماوە. دەیویست ئەو کارەش لە مەڕ ئۆکڕاین بکا یانی جوورێک قەیرانی شیاوی مودیرییەت، کە پێی دەڵێن frozen conflict کێشەی بەستوو  ساز بکا.



هەورامی: مامۆستا دەوترێ زەمینەی ئەوەی بۆ دروست کراوە یانی وڵاتانی ڕۆژاوا و ئەمریکا چۆن دەڵێی دنەیان دا، هانیان دا بە شێوازێک لە شێوازەکان بەردەمیان بۆ تەخت کرد هەتا پوتین ئەو نەخشەیەی جێ بەجێ بکا. ئەمە تا چەندە ڕاستە؟ یانی وەکوو سەدام حوسێن و کووەیتی ساڵی ١٩٩٠ کان و ٩١
وەلی: نا ئەمن وای نابینم. بە باوەڕی من وەزعەکە فەرق دەکا. ئوکڕاین گورجستان نییە، ئاپخازیا نییە. ئۆکڕاین عێڕاقیش نییە، ئەفغانستانیش نییە. ئۆکڕاین مەرکەزی ئوڕووپایەیە تەوەجوهێ دەکەی. ئەوە زۆر گرینگە و لێرە ئەوە دیارە یەکێک لە حیساباتە هەڵەکانی کە پوتین کردی ئەوە بوو کە پێی وا بوو ئەو جورە قەیرانەی وەکوو گورجستانێ دروست بکا و مودیرییەتی بکا و ئەمریکا و ئەڵمان و ئینگلیستان و ئەوانەش بە جۆرێک لەگەڵی بێنە ڕەدایێ یان ئەو جۆرە بمێنێتەوە هەر کەس لە لای خۆی. بەڵام ئەوەی کە لێرە دا حیسابی نەکرد ئەوە بوو کە ئێرە ئوڕووپا و هەر وەتر ئەوەی کە لە جێدا حیساباتی پوتینی تێک دا بەرخوەدان و مقاوەمەتی خەڵکی ئۆکڕاین بوو. پوتین حیسابی ئەوەی نە دەکرد. تەنانەت ئەمریکاییەکانیش نەیان دەکرد، تەنانەت  ئینگلیسییەکانیش نەیان دەکرد. ئێستا کە دۆخەکە گەیوەتە ئێرە تا ڕادەیەکی زۆر ئەساسی ئەو هاوكێشانە گۆڕاوە. پوتین هاتووەتە ژوورێ بە جوورێکی گیری کردووە، پاشەکشە زۆر زەحمەتە. بێتە پێشتریش هەر زەحمەتە. جا بۆیە ئێستا هێندێک کەس پێیان وایە ئەوە مومکینە قەیرانێکی درێژخایەن بێ. ئەمن نازانم قەیرانێکی درێژ خایەن لە ئوکڕاینێ مانای چییە بەڵام دەڵێن بە ئیحتیمال ئەوە شتێک نییە کە بە چەند حەوتووان تەواو بێ مەگەر ئەوەی کە پوتین بگەڕێتەوە، بەڵام لە لایەکی دیکەشەوە ئەوەشت عەرز بکەم پوتین بەو حیساباتە هەڵەیەی کە کردی تا ڕادەیەکی زۆر شەرعییەتی ڕێژیمی خۆی لە خودی ڕووسیای و هەر وەتر لە ئوڕووپایە و هەر وەتر لە شانۆی نێونەتەوەیی دا خستە ژێر پرسیار و گیروگرفتی زۆری بۆ خۆی دروست کرد و بە ئیحتیمال ئاکام و ئەنجامی ئەو کێشە و قەیرانە تەئسیرێکی زۆری دەبێ لە سەر چارەنووسی پوتین.



هەورامی: بەڕێز مامۆستا عەبباس  وەلی وا دیارە مەسەلەکە  هەر ئۆکرانیا و ڕووسیا نییە. جموجووڵ هەیە لە تورکیا لە ئانتالیا وەزیرانی دەرەوەی هەر دوو لا کۆبوونەتەوە نەگەیشتوونە ئەنجامێک، پێشتریش سێ گەڕی دان و ستان هەبووە ئەوانیش بە هیچ نەگەیشتن جا ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژاوا هەموو پشتیوانی ئۆکراینا دەکەن بە چەک و پارە و لە ژێر ناوی جودا جودا دا. ئەمە پێمان دەڵێ کە تا ئێستا نییەتێک نییە کە بە جیدی نە لە لایەن ڕووسیا و نە لە لایەن ئۆکڕاینا و نە لە لایەن وڵاتەکانی دیکەش کە تەداخول دەکەن بۆ ئەوەی کە ئەم شەڕە ڕابگیرێت و پێت وایە ئەگەر بەر بەم شەڕە نەگیرێ بەرفرەوانتر دەبێ و وڵاتانی دیکەش دەگرێتەوە، لێکەوتەکانی چی دەبێ؟
وەلی: پێم وا نییە کە وڵاتانی دیکە بگرێتەوە، ئەگەر ئاوای لێ بێ ئەوە هەر شەڕێک نییە کە لە کۆنتڕۆڵ چووەتە دەرێ بەڵکوو شەڕێکە کە بنەمای حیساباتی ستڕاتێژیکی تەواو جیاوازە. بۆیە ئەمن فکر دەکەم ئەوە ناچێتە مۆڵداڤیا و ئەوانە بگرێتەوە چونکە ئێستا بە جوورێک ڕووسیا و وڵاتەکانی دیکە ڕووبەڕووی یەکتری ڕاوەستاون. ئەو شەڕە نە تەنیا نەیتوانی ئەو هاوسەنگی و ئەو تەعادولی هێزی پاش ڕووخانی سۆڤیەت دروست بکا، ئەوەی تێک بدا لە بەرژەوەندی ڕووسیا، بەڵکوو وەزعەکەی خراپتر کرد یانی ئەمن دە ڕۆژ بەر لە ئێستا شتێکم دی بۆ من ئەوە شتێک نەبوو کە شیاوی تەسەور کردن بێ و بە زەینم دا بێ ئەویش ئەوە بوو هەر لە کۆبوونەوەیەکی ڕایشتاگ، پارڵمانی ئەڵمان دا بوودجەی نیزامی ئەڵمان بوو بە سەد میلیارد دۆڵار و لە کاتێکدا کە ئەوە هەڵکشا بۆ سەد میلیارد دۆڵار شتێکی کە بوو بە هۆی واق وڕمانی من ئەوە بوو  ئەوەندە وەزع گۆڕاوە بە زەرەری پوتینی، چەندە وەزع گۆڕاوە بە دژی ئەو هێزانەی کە دەیانەوێ ئەو هاوسەنگی هێزە لە ناو بەرن، کاتێک کە ئەڵمان هات و لە کۆبوونەوەیەکی پارڵمان دا تەواوی حیزبە سەرەکییەکانی پاڕڵمان بە زۆربە دەنگیان بۆ دا لە هەمان کاتدا دەوڵەتی ئینگلیستان و فەڕانسە پیرۆزباییان لە ئەڵمانێ کرد و ئەمن بۆخۆم دیتم دوو ژەنەڕاڵی پێشوو کە سەرۆکی ستادی ئەڕتەشی بریتانیا بوون ئەوان زۆر لەوەی خۆشحاڵ بوون کە ئەڵمان ئەوەندە بوودجەی نیزامی زیاد کردووە. مەسەلەکە ئەوەیە کە بریتانیا پاش ساڵی ١٨٧١ کە ئەڵمانی تازە دروست کرا بریتانیا و فەڕانسە هەمیشە ویستوویانە کە پێشی بوودجەی نیزامی گەورە لە ئەڵمانێ بگرن و هەمیشە حەولیان داوە کە بوودجەی نیزامی خۆیان  لە ئی ئەڵمانێ زۆرتر بێ. هەمیشە ئەوە بووە. بزانە کە وەزعەکە لە ئوڕووپایە چۆن گۆڕاوە کە بریتانیا و فەڕانسە پیرۆزبایی دەکەن لە ئەڵمانێ کە هاتووە بودجە نیزامییەکەی ئەوەندە زیاد کردووە کە هەم لە ئی فەڕانسە و هەم لە بریتانیایە زۆرترە.
هەورامی: مرۆ دەتوانێ بڵێ لە دوای ئەمرێکا ئەڵمانیایە.
وەلی: ئێستا لە ڕووی نیزامییەوە لە ئوڕووپایە دا ئەڵمان دەبێتە هێزێکی یەگجار زۆر گەورە. و ئەوە هەڵەی ستراتێژیکی پوتینییە. پوتین و ئەو کەسانەی لە دەورو بەری پوتینین کە خەڵک پێیان وایە کارێکی گەورەیان کردووە، ئەگەر تەماشای بکەی لە دڕێژایی تاریخ دا هەمیشە کە ئەڵمان لە ڕووی نیزامییەوە زۆر زۆر بە هێز بووە هەمیشە ڕووی لە شەرقێ کردووە تەنانەت هێندێکان بە گاڵتە دەڵێن بێرڵین وەکوو کەمپێکی نیزامی بۆ پەلامار بردن بۆ سەر شەرقە. ئەڵبەتە ئەمن لێرە ناڵێم تاریخ دووپاتە دەبێتەوە، نا وا ناڵێم، بەڵام  دەڵێم ئێمە بزانین ئەو کارەی کە پوتین کردوویەتی لە ئوکراینێ زۆر گیرو گرفتی هێناوەتە پێشێ. لە لایەکی دیکەوە ئەوە وەزعی ئوڕووپایە ئەگەر باسی وڵاتەکانی دیکە ئەگەر تەماشایان بکەین ئەو ئیتیفاق و ئیتحادەی کە ئەمریکا دەیەویست بە سەرکردایەتی خۆی سازی بکا ئەلئان سازی کردووە. کاتێک سێ ساڵ بەر لە ئێستا ئێمانوێل مەکڕۆن کوتی ناتۆ ئەلئان جەستەیەکە کە ڕووحی نییە,  جەستەیەکی بێ ڕووحە، بەڵام ئەلئان بزانە وەزعی ناتۆ چی لێ هاتووە. ئەو حیساباتەی کە پوتین کردی تەواو بە پێچەوانە شکاوەتەوە و ئەوە مەسەلەیەکە نیشان دەدا کە ئیمکانی ئەوەی کە دنیا بەو زووانە یان لە ماوەی دە ساڵاندا بچێتەوە بەرەو دنیایەکی دوو جەمسەری دەرەتانێکی ئاوا نییە. جا ئێستا دەگەڕێمەوە سەر ئەوەی بڵێم زۆربەی ئەو شرۆڤە و لێکدانەوانە، زۆربەی شی کردنەوە و بۆچوونەکان لە مەڕ شەڕی ئوکڕاینێ، لە مەڕ قەیرانێ ئوکڕاینێ، دەوری ڕووسیای دە چوارچێوەی سیاسی – ستراتێژێک و تەنانەت دە چوارچێوەی تێئۆریکی دنیای دوو جەمسەری دا کراوە. و زۆربەی ئەوانەی کە ویستوویانە تەنانەت حاڵەتێکی پاسیڤیستی و ئاشتیخوازانە بگرن کوتوویانە ئەو دنیایە دنیایەکی باش نییە ئێمەش نابێ خۆمانی لێ بدەین و لایەن بگرین. بە باوەڕی من دنیای دوو جەمسەری زۆر دوورە جارێ و ئەو حیساباتەی کە هەر ئەو جۆرەی عەرزم کردی لە مەڕ ئەڵمانێ کرا و ئێستا بزانە بریتانیا چەندە ستراتێژی نیزامی دەگۆڕدرێ، هەر وەتر فەڕانسە، هەر وەتر کانادا و ئوسترالیا و ئەوانە.
هەورامی: باشە مامۆستا ئەگەر ئەڵمانیا بەهێز بوویەوە، بریتانیا سەر لە نوێ لە ڕووی نیزامییەوە خۆی پێش خستەوە مەترسی ئەوە نییە بۆ نموونە ئەڵمانیا جارێکی دیکە داوای سنوورە کۆنەکانی خۆی بکاتەوە، ئێستا ناڵێم لە دوور خایەن دا. لە درێژ خایەندا ئەمانە مەترسی نین سەرهەڵبدەنەوە جارێکی دیکە؟
وەلی: لە سیاسەتدا شتی وا دەبێ بەڵام ئیمکانی زۆر زۆر بەعیدە، زۆر دوورە. کێ دەیتوانی سێ ساڵ بەر لە ئێستا بڵێ کە لە ناوەندی ئوڕووپایە شەڕێکی ئاوا گەورە دەبێ. ئەفغانستان باس دەکرا، عێڕاق دەکرا، سووریا دەکرا چون ئەوانە بۆ مەرکەزی کاپیتالیزمی دنیایە کە مەرکەزی دووەمی ئوڕووپایە پاش ئەمریکایە ئەوە هێندە بۆ وان گرینگ نەبوو. لە ئەفغانستانێ دەتوانێ پەنجا ساڵ شەڕ بێ تەئسیرێکی ئاوا عومدەی لە سەر ژیانی خەڵکی لە بێرلین و لە ئامستردام و نازانم لە پاریس و لەندەنێ دانانێ بەو شێوەیەی. بەڵام شەڕی ئوکراینێ بزانە هەر ئەلئانەکە چی کردووە.چ تەئسیراتێکی داناوە.
هەورامی: کاریگەرییەکانی گەیوەتە کوردستان، وڵاتانی عەڕبی، ناوچەکە. یانی تا ئەوە ڕووی نەدا زۆر کەس نەیدەزانی گرینگی ئۆکراینا لە چی دایە.
وەلی: بەڵێ بە وردی وایە. ئێستا مەسەلەکە ئەوەیە کە لێرە دا فاکتۆرێکی ئەساسی هەیە کە چینە، لێرەش دیسان  بە پێچەوانەی تەسەوری ستراتێژیستەکانی پوتینی، چین لێرە هەڵوێستێکی زۆر بەجێی گرت لە هەمان کاتدا ئەو جۆرەی کە پێویست بوو پشتیوانی لە ڕووسیای نەکرد، بەو شێوەش مەحکوومی نەکرد بەڵام دەبینین کە موخالەفەتی خۆی دەگەڵ شەڕی ئوکڕاین لە کۆبوونەوەکانی شووڕای ئەمنییەتی نەتەوە یەکگرتووەکان دەربڕیوە ئەوە شتێک بوو کە شایەد پوتین چاوەڕوانی نە دەکرد.
هەورامی: پوتین بەو ئومێدە بوو بۆ چین لە بەرانبەر تایوان دا بۆ نموونە پشتیوانی لە داگیر کردنی ئۆکڕاینا بکا.
وەلی: چینیش ئەلئانەکە ئابوورییەکی هەیە کە زۆر گەورەیە، زۆر قووڵە، زۆر بەهێزە و هەر جوورە جووڵانەوە و لەرزشێکی مەنفی دە ئاستی نێونەتەوەییدا، تەئسیری لە سەر دادەنێ. بۆیە ئەوانیش بەو شێوەیە پێیان خۆش نییە کە وەزعەکە ئاوای لێ هاتووە. بە تایبەتی لە بەر ئەوەی کە چین نیازێکی زۆر گەورەی بە ئێنێرژی هەیە و تەئسیری ئەساسی شەڕی ئوکڕاینیش هەتا ئێستا لە سەر ئێنێرژی بووە. جا بۆیە لە جێدا چین ئەو قەیرانەی بەو شێوەیە پێ خۆش نییە.
هەورامی: باشە مامۆستا لە بەر ئەوەی پرسیارەکانی دیکەش ماون و بۆ ئەوەی کاتەکەش بەش بکا کاریگەرییەکانی ئەو  شەڕە لە سەر تورکیا چی دەبێ؟ بۆ نموونە تورکیا ئێستا هەم دەیەوێ لەگەڵ ڕووسیا بێ، هەم دەیەوێ لەگەڵ ئۆکڕاینیش بێ و هەم دەیەوێ پێوەندی لەگەڵ ناتۆش بپارێزێ، مانۆڕیش دەکا مانۆڕ دەکا لە نێوان ئەمریکا و ڕۆژاوا و ڕووسیا دا.
وەلی: بە باوەڕی من ئەو قەیرانە حدوود و سنووری مانۆڕی سیاسەتی دوو بەرەیی تورکیای شکاند. ئەوەی زۆر بەرتەسکتر کرد و کارێکی کردووە کە دەرئەنجامی ئەوەی هەرچییەک بێ تورکیا دەبێ لە سەر ڕا ستراتێژی خۆی دابڕێژێتەوە. دەو داڕشتنەوەی ستڕاتێژیش دا ئامرازە سیاسی و ستراتێژیکەکانی تورکیای  کەمتر بوونەوە. تورکیا هەموو حەولی ئەوەیە کارێک بکا کە پوتین بەو شێوەی کە ئەلئان دیارە ئەو شەڕەی نەدۆڕێنێ و ئیزۆلە نەبێ ئەگەر ئیزۆلە ببێ و ئەو شەڕەی ئەو جوورەی کە ئەلئان دیارە بدۆڕێنێ بە باوەڕی من بەشێکی زۆر لەو کارانەی کە تورکیا کردوویەتی دەو دە دوازدە ساڵەی دا ئەوانە لە بەین دەچن. تورکیا مەجبوور دەبێ بگەڕێتەوە لای ئەمریکایە، مەجبوور دەبێ تا حەدێکی زۆر ئەو شتانەی  کە ئەمریکا هەمیشە لێی ویستووە ئەوانە بەڕێوە بەرێ. سیاسەتی تورکیای لە سووریای دە خەتەر دەکەوێ، سیاسەتی تورکیای لە عێڕاقێ دە خەتەر دەکەوێ، سیاسەتی تورکیای لە دەریای مێدیترانەی دە خەتەر دەکەوێ و ئەلئانیش بە جۆورێک هەستی بەوە کردووە بۆ نموونە وەزعی دەگەڵ ئیماراتێ، دەگەڵ عەڕەبستانێ، دە بەرانبەر ئەوە دا دەبینی سارد بووەتەوە نیسبەت بە ئێرانێ. لە کاتێکدا ئێران لە ڕووی ئێنێرژییەوە هەمیشە بۆ تورکیا زۆر گرینگ بووە. بەڵام نیسبەت بە ئێرانێ سارد بووەتەوە چون لە ڕاستیدا دەترسێ. تەواوی ئەو کارانەی کە دەیکا لە ئانتالیای کۆنفڕانس ڕێک دەخا، و ئەوانە لە بەر ئەوەیە بە جوورێک بتوانێ تەئسیر لە سەر ئەو پێواژۆیە دانێ. ئەگەر پوتین  بیبردبایەوە بە ئیحتیمالی زۆر تورکیا لە سووریای زۆر تەقوییەت دەکرا چونکە ئیحتیمالەن دیسان پوتین ئیجازەی دەدا کە تورکیا بەشێک لە ئامانجەکانی خۆی لەوێ دە حەدێکی مەحدوود دا بە دەست بێنێ. و ئەگەر پوتین بردبایەوە دیسان تورکیا دەیتوانی بە هێزێکی قەویتر لە باشووری سیاسەت بکا. ئەگەر پوتین بردبایەوە پێویست نەبوو تورکیا پێوەندی خۆی لەگەڵ ئێرانێ ئاوا سارد بکا. و لە هەمووی گرینگتر ئەوەیە ئەگەر پوتین بردبایەوە تورکیا بە تایبەتی حکوومەتی ئێستا دەیتوانی درێژە بدا  بەو سیاسەتی سارد و تەنانەت زۆر جاران بێ مولاحەزە و تا حەدێکی بێ ئەدەبانە لە ئاست یەکێتیی ئورووپایە. بە تایبەتی لە مەڕ قەرارەکانی دادگەی ئوڕووپایی مافی مرۆڤ و ئەوانە.  دەبێ ئەو حیسابەش بکەین ئێستا تورکیا ساڵێک و دووسێ مانگی ماوە بۆ هەڵبژاردن ئەمن بە دووری نازانم ئەگەر تورکیا بەو قەرارەی بگا کە پوتین زۆر لاواز بووە، لە سەر کار دەمێنێ بەڵام ئەو هێزەی پێشووی نامێنێ و ئەمریکاش مومکینە لە سووریا، لە عێڕاقێ، لە ئێرانێ ئەگەر لەگەڵ ئێرانێ بسازێن، لە ئوڕووپایە، لە سەر ئوکڕاینی یان تەنانەت لە مەڕ گورجستان و ئەوانە دا تورکیا سیاسەتێکی چالاکتر وەبەر بگرێ بە دوور نازانم تورکیا بادانەوەیەک بکا. بادانەوەکەش ئاوا دەبێ یەکەم کاری کە دەیکا بە نەزەری من دەیەوێ سیاسەتی خۆی نیسبەت بە مەسەلەی کورد تەعدیل بکا.



هەورامی: جا ئەوە زۆر گرینگە، ئەم بارودۆخەی تورکیا لەگەڵ ئەم بارودۆخەی ئۆکراین کاریگەرییەکەشی لە سەر کورد مرۆڤ چۆن لێکی بداتەوە؟
وەلی: بە باوەڕی من ناڵێم حەتمەن دەبێ دەڵێم بە دووری نابینم ئەگەر ئەوە ببێ ئەمن فکر دەکەمەوە دەبێ قەرار بدەن سیاسەتێکی ئاوا ببێ ئەوەی بە ئیحتیات دەڵێم ئەگەر کرانەوەیەک بێ، کڕانەوەیەک نیسبەت بە مەسەلەی کوردی بێ، ئەگەر کرانەوەیەک نیسبەت بە مەسەلەی ئوڕووپایە بێ، مەسەلەن کەسانی وەکوو عوسمان کاواڵا و کەسانی کە دە زیندانێ دان ئەوانە بێنە دەرێ و شتی وا ببێ، بە باوەڕی من ئەو دەمی دەبێ بنەمای ستراتێژیکی حکوومەتی ئاکەپەش لە سەر ڕا دابڕێژرێتەوە. لە حەموان گرینگتر ئەوەیە کە هاوکاری و ئیتیلافی ستراتێژیکی دەگەڵ مەهەپەی نەمێنێ، چون ئەو ئیتیلافە ستراتێژیکە لە جێدا لە دەرەجەی ئەوەڵ دا لە سەر مەسەلەی کوردی داندراوە، لە دوایە لە سەر مەسەلەی ساردی دەگەڵ ئەمریکایە، ساردی لەگەڵ ئوڕووپا و هەر وەتر تێک دانی ئەو وردە دێمۆکڕاسییەبووە کە لە تورکیا هەبووە. کەسێک ناوی ناوە دێمۆکڕاسی مینی مۆم. لەوێ هەبووە بەڵام ئەوەشیان تێک داوە. بەڵام ئەگەر شتی وا ببێ دەبێ ئەوەی لە سەر ڕا بە جوورێکی ساز بکەنەوە.
هەورامی: یانی لە هەر دوو حاڵەتەکەدا تورکیا پێگەی بەر لە شەڕی ئۆکراینی نابێ، ئەو پێگە بەهێزەی هەیبوو یاری دەکرد دە نێواندا.
وەلی: دەقیقەن وایە. بەڵام لێرە دا شتێکیش بڵێم کە ئایا ئەو حکوومەتی ئێستای تورکیای چەندە دەستی ئاواڵەیە کە بتوانێ بچێتە پێشێ و ئەو کارانە بکا ئەساسەکەی دەگەڕێتەوە سەر قەیرانی ئابووری تورکیای. قەیرانی ئابووری تورکیای دەستی حکوومەتی بەستووە لەو بابەتەوە و تورکیاش هەر وەکوو چینێ وڵاتێکە کە ئێنێرژی نییە ، سەرچاوەی ئێنێرژی نییە نەوتی نییە، گازی نییە . ئەلئانیش لەوێ نەوت و گاز زۆر گرانە و ئیمکانی ئەوەی ئەو سیاسەتی ئابوورییەی کە هەتا ئێستا حیزبی حاکم وەبەری گرتووە بتوانێ بەو شێوەی دەوام بێنێ زۆر کەمە. ئەگەر ئەوە موشەخەس و موسەجەل و مەعلووم بێ کە پوتین دۆڕاندوویەتی ئەمن فکر دەکەم کە سیاسەتی تورکیای نیسبەت بە بانکی جیهانی، سیاسەتی تورکیای نیسبەت بە ئوڕووپایە و هەر وەتر سیاسەتی تورکیای لە سەر مەسەلەی ئەساسی ئابووری کە دەگەڕێتەوە سەر هەڵسوکەوتی بانکی جیهانی و ڕێکخراوە جیهانییەکانی سەرمایەداری نیسبەت بە تورکیای ئەوانە دەبێ لە سەڕ ڕا چاویان پێدا بخشێندرێتەوە و بگۆڕدرێن. وەزعی زانکۆکانی تورکیای بگۆردرێ، دەبێ ئەو کەسانە لە زیندانێ بێنە دەرێ، دەبێ فەعالییەتی سیاسی ئازاد بێ. لە حەموان گرینگتر ئەوەیە دەبێ ئەو گیروگرفتانەی کە ئیتیلافی ئاکەپە و مەهەپە هێناویەتە پێشێ بە تایبەتی لە مەڕ مەسەلەی کورد، مەسەلەی ژنان، مەسەلەی ئێل جی بی تی، ئەوانەی کە باسی دێمۆکڕاسی کۆلکە زێڕینە دەکەن ئەوانە دەبێ بەجوورێک تەعدیل بکرێ ئاوا نامێنێ. سەبارەت بە ئێرانیش ئەمن پێم وایە تەئسیری دۆڕانی پوتینی دەو شەڕەی دا باش دەبێ بە پێچەوانەی ئەوەی کە توودەییەکانی پێشووی ئێرانێ دەڵێن، لە سووریای باش دەبێ، لە عێڕاقی باش دەبێ بۆیە ئەمن دەگەڕێمەوە سەر ئەو مەسەلەی بۆ کوردان کاتێک بێنین ئەوەی دە چوارچێوەیەکی حیساباتی غەیری دنیای دوو جەمسەری دانێین و لەو چوارچێوەی دەربێنین دەگەینە سەر ئەوەی ئایا ئێمە وەکوو کورد دەبێ نیسبەت بەو قەیرانەی حاڵەتێکی بی تەفاوتمان هەبێ یانی خونسامان هەبێ، حاڵەتێکی بێ لایەنمان هەبێ یان دەبێ لایەن بگرین؟ بە نەزەری من دەبێ لایەن بگرن، بە نەزەری من دۆڕانی پوتینی  بە قازانجی ئێمەیە. بە نەزەری من دۆڕانی پوتینی هەم لە سووریای، هەم لە باکوور، هەم لە باشووری، هەم لە ڕۆژهەڵاتی باشە. چون حکوومەتەکانی ئەو لایەی بەجۆرێک پشتیان وە پوتینی داوە و ئەو پشت بەستنە بە پوتینی ئیمکانی مانۆڕ دەدا بە وانە و ئەو ئیمکانەی مانۆر کە داویە بە وانە هەمووی دە ڕاستا و جیهەت و بەرەو سیاسەتی زیدی دێمۆکڕاتیکە، بەرەو سیاسەتی تەخریبە، بەرەو سیاسەتی سەرکوتە، بەرەو سیاسەتی زیندانە، سیاسەتی شکەنجەیە، سیاسەتی نکووڵی و حاشا کردنە لە حقووقی نەتەوەکانی دیکە، ئی ژنانە و وەکوو تر.
هەورامی: بەس مەترسی ئەوەش نییە مامۆستا ئەو وڵات و لایەنانەی ئێستا وەکوو ئێران، وەکوو تورکیا، وەکوو عێڕاق هەتتا وەکوو سووریا هەمان شێوە بادانەوەیان هەبێ و ڕووی سیاسەتیان لە باتی ڕۆژهەڵات بکەنە ڕۆژاوا؟ لەو حاڵەتەشدا ئێمە دەبینین بەرژەوەندی تورکیایان پاراستووە لە بەرانبەر مافەکانی گەلان و دێمۆکڕاسی و بە تایبەتی دۆزی کوردەوە.



وەلی: خۆ من ناڵێم ئەوانە دێن دەڵێن وەرن مافی کورد دەدەین. نا، گرینگ ئەوەیە کە عەرسەکە، مەیدانەکە دەکرێتەوە. گرینگ ئەوەیە ئەگەر شتێکی وا بێتە پێشێ هێندێک لەو زنجیرانەی کە بۆ نموونە لە دەست و پێی هەدەپەیان هاڵاندووە ئەوانە هەڵ دەگیرێن. مەسەلەن لە هەڵبژاردنی  مانگی جوونی ساڵی ٢٠٢٣  دەرەتانی چالاکی بۆ کوردان زۆرتر دەبێ، ئیحتیمالی وەی کە بۆ نموونە لە سووریا،  تورکیا هەم لە بەر قەیرانی ئابووری و هەم لەبەر لە دەست دانی پشتیوانی پوتینی لەوێدا بەو شکلەی کە ئەلئانەکە هەیە  لە عەفرین و لە دەورو بەری دێرە زوور و ئەوانە بتوانێ بەو شێوەی بەردەوام بێ کەمە. لە ئێرانێ ئێستا لە موزاکەراتی ئەتۆمی لەگەڵ ئەمریکا و ئینگلیستان و ئەوانە و ئەلئان گۆیا گەیشتوونە جێگایەک کە دەتوانن پێکەوە ڕێککەون، دەو حاڵەتەی دا ڕووسیا موشکیلەی هێناوەتە پێشێ دەڵێ دەبێ متمانە بە من بدەن  کە ئەو گەمارۆیانەی کە لە سەر ئێمەی دادەنێن ئەوە تەئسیر ناکا لەو ڕێککەوتنە، یان سزاکان کە لە سەر ئێرانێ هەڵدەگرن و پێوەندی ئێران و دەوڵەتە ڕۆژاواییەکان باشتر دەبێ تەئسیر لە بەرژەوەندی ئێمە نەکا. ئەوە ئێمە دەگەڕێنێتەوە سەر ئەو شتەی کە چەند مانگ لەوەی پێش. ساڵێک لەوەی پێش وەزیری پێشووی کاروباری دەرەوەی ئێرانێ کوتی ئێمە چەند جار خەریک بوون بە ڕێککەوتن بگەین لەگەڵ ئەمریکایە بەڵام ڕووسان نەیانهێشتووە. ئەلئان بە کردەوە دەر دەکەوێ کە قسەکانی ئەو وەزیرە کە زۆریان هێرش کردە سەری و ئەزییەتیان کرد تا حەدێک دروست بووە.
هەورامی: بەداخەوە کاتەکەم تەواو بوو پرۆفسۆر دوکتور عەبباس وەلی ئاکادیمیسیەن و مامۆستای پێشووی زانکۆ زۆر زۆر سپاست دەکەم. سپاس بۆ ئامادە بوونت بۆ شرۆڤەکانت.
وەلی: زۆر سپاسوو دەکەم و هەر واتر سپاس بۆ بینەران و بیسەرانی ئێوە.
هەورامی: بینەرانی هێژا سپاسی ئێوەی ئازیزیش دەکەین تا ئەم ساتە لەگەڵماندا مانەوە بمێنن لە خێر و خۆشی دا.

تێبینی: ئەم گفتوگۆیە ئێوارەی پێنجشەمە ١٠-ی مانگی مارسی ٢٠٢٢ بە شێوەیەکی زیندوو لە بەرنامەی
"ڕاوەی ڕۆژ" ی تێلێڤیزیۆنی ستێرک دا بڵاو کراوەتەوە. دەکرێ ڤیدێئۆی ئەم بەرنامەیە لەم لینکەی خوارەوە لە کاناڵی یوتیوب دا تەماشا بکەن:

https://youtu.be/9v2w7qC3OcA

سەرچاوە: وێبنووسی ڕوانگە













 

No comments: