Wednesday, March 16, 2022

هەڤپەیڤین لەگەڵ نووسەر و مێژووزان دوکتور جەبار قادر سەبارەت بە شەڕی ڕووسیا - ئووکڕایینا

هەڤپەیڤین لەگەڵ نووسەرو مێژوو زان دوکتور جەبار قادر سەبارەت بە شەڕی رووسیا – ئووکڕایینا
بەرنامە ڕاوێژ چوارشەمە ٩-ی مارسی ٢٠٢٢

حەسەن قازی: بینەرانی خۆشەویست بەخێر بێنەوە بۆ بەرنامەیەکی دیکەی ڕاوێژ. شەڕ بێ خانومانییە، شەڕ ماڵوێرانییە، شەڕ لێک کردنی کەسوکار و سەروبن کردنی پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکانە، شەڕ ورووژاندنی هەستی ئێتنیکی و نەتەوەیی بە دژی یەکترییە، شەڕ دابەشکردنی ئینسانەکانە و شەڕ ناتوانێ بە هیچ جۆر هیچ مەسەلەیەک بە شێوەیەکی ڕیشەیی و بۆ هەمیشە جێ بە جێ بکا و بە لایەکی دا بخا. ئێمە لەم بەرنامەیە دا دەگەڵ بەڕێز دوکتور جەبار قادر نووسەر و مێژووزان حەول دەدەین لە ڕوانگەیەکی دیکەوە تەماشای ئەو شەڕە بکەین کە ئێستا لە نێوان ڕووسیا و ئووکڕایینا لە گۆڕێ دایە. مامۆستا جەبار زۆر زۆر بە خێر بێی بۆ بەرنامەی ڕاوێژ.
دوکتور جەبار قادر: زۆر سپاس ئەم کاتەتان باش، سڵاو و ڕێزم بۆ ئێوە و بۆ بینەرانی بەڕێز
قازی: مامۆستا وا بزانم ساڵێک هێندێک کەمترە کە لە پێوەندیی لەگەڵ وەفاتی مەڕحوومی دوکتور پرۆفسۆر کەماڵ مەزهەر بەیەکەوە بووین لە بەرنامەیەک دا دیسان بە ڕێگای سکایپەوە. ئەو دەمی لەو بارەیەوە قسەمان کرد. لەو ماوەیەدا بیستم ئێوە  و چەند کەس لە هاوکارانتان کارتان کردووە لە سەر بەرهەمەکانی  نەمر کەماڵ مەزهەر. پێم خۆش بوو ئەگەر بە کورتیش بێ لەو بارەیەوە هێندێک بینەران ئاگادار بکەی.
جەبار قادر: زۆر سپاس، هەڵبەت لە ١٦-ی مانگ (ی مارسی٢٠٢٢) ساڵێک بە سەر کۆچی دوایی خودالێخۆشبوو پرۆفسۆر کەماڵ مەزهەر تێ دەپەڕێ، ئێمە لە ماوەی ئەو ساڵە دا توانیومانە بەشێکی زۆر لە بەرهەمەکانی کۆ بکەینەوە و پڕۆژەکەمان بریتییە لە شەش بەش؛ بەشی یەکەمیان کۆ کردنەوە و لە چاپدانەوەی هەموو کتێبەکانێتی بە زمانی عەڕەبی و کوردی ئەو کارەمان تەواو کردووە. ئێستا حەوت هەزار و سەد پەنجا و شەش لاپەڕە دیزاین کراون و ئامادەن بۆ چاپکردن کە پێمان وایە لە دە بەرگ دابێ هەر بەرگەی نزیکەی ٧٠٠ لاپەڕە دەبێ ئەوە کۆی کتێبەکانێتی بە زمانی عەڕەبی و کوردی، هەڵبەتە کۆمەڵێک زۆر وتار و لێکۆڵینەوەی هەیە، کۆمەڵێک زۆر پێشەکی بۆ کتێب نووسیوە، کۆمەڵێک زۆر دیدار و چاوپێکەوتنی هەیە و ئەوەندەی ئەوانەش گرنگ نزیکەی ١٢٠٠ تا ١٣٠٠ لاپەڕەی بە ڕووسی هەیە چ تێزی دوکتورای یەکەمی، ج تێزی دوکتورا ناوکییەکەی، کتێبێکی کە بە ڕووسی بڵاو بووەتەوە لەگەڵ زیاتر لە سی وتار و لێکۆڵینەوە کە لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی هەم مۆسکۆ و هەم باکۆ، کە بۆخۆی لە باکۆ دەیخوێند. جا ئەم بەشەی یەکەمی ئێمە ئامادەیە بۆ چاپ هیوادارم لە ماوەیەکی کورتدا چاپ بکرێ و بکەوێتە بەردەستی خوێنەران و لە سەر ئەوەکانی تریشی بەردەوام دەبین لە کار.
قازی: زۆر باشە داوای سەرکەوتنتان بۆ دەکەم. مامۆستا با ئێستا بێینە سەر بابەتی بەرنامەکەمان. بە لە بەر چاوگرتنی ئەوەی کە بەڕێزت لە وڵاتی سۆڤیەتی بەرێ، ڕووسیا خوێندووتە و زانیاریت هەیە لە سەر زمانی ڕووسی، بە پێچەوانەی زۆر کەس لە چاپەمەنی کوردیدا کە ڕەنگە باسی مەسەلەکە بکەن و ئاگایان لە  سەرچاوەی ڕووسی نەبێ دیارە جەنابت ئەو فەزیلەتەت هەیە، ئەو ئیمکانەت هەیە بتوانی خەبەرەکان بە زمانی جۆر بە جۆر تەعقیب بکەی و ئەوەش خۆی دە ڕاستیدا دەبێتە هۆیەک کە بە شێوەیەکی زۆر ئۆژێکتیڤتر  کێشەکە لێک دەیەوە بۆیە لە سەرەتاوە گوتم لە ڕوانگەیەکی دیکەوە بۆ مەسەلەکە دەچین. پێم خۆش بوو لە سەرەتاوە لەو بابەتەوە دەست پێ بکەین کە پێوەندییەکانی نێوان فێدراسیۆنی ڕووسیای ئێستا و جمهووری ئووکڕایینا کە دەگەڕێتەوە سەر زەمانی سۆڤیەت، دیارە ئەگەر زۆر دوور نەڕۆین، لە دوای شۆڕشی ئۆکتۆبرە بێین هەتاکوو نەمانی سیستمی سۆڤیەتی لە ساڵی ١٩٩١ هەتاکوو ئێستا ئەو پێوەندییانە لە بواری جۆر بە جۆر دا چۆن دەنرخێنی فەرموو؟
جەبار قادر: بەڵێ، پێوەندییەکی زۆر ئاڵۆز هەبووە لە نێوان ئووکڕایینا و ڕووسیا بە درێژایی ئەو مێژوویەی کە دەزاندرێ هەرچەندە لە ڕەچەڵەکدا زۆر نزیکن لە یەکەوە و ڕووسەکان تەنانەت ئەوەی بە ڕووسی " کیف " ناسراون بۆیە ڤڵادیمیر پوتینیش زۆر باسی ئەوە دەکا کە ئێمە یەک گەلین و ئەوانە، بەڵام هەڵبەتە ئەوانە دوو نەتەوەی جیاوازن و خاوەن کولتووری خۆیان و خاوەن زمانی خۆیانن، بەڵام ئووکڕایینا لە مێژووی خۆیدا زۆر دابەش بووە، بەشێکی سەر بە پۆلۆنیا بووە، بەشێکی سەر بە میرنشینی لیتوانیا بووە، لە دواییدا بەشێکی بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ بەشێک بووە لە ئیمپڕاتۆریای ئوتریش – مەجار  و بەشەکەی تری لەگەڵ ئیمپراتۆریای ڕووسیا بووە. هەر وەکوو باستان کرد، داوخوازییەکەتان ئەوە بوو کە لە کاتی شۆڕشی ئۆکتۆبرەوە، لە ساڵی ١٩١٧وە باسی بکەین، لەو کاتە دا ئووکڕایینیاییەکان کۆمارێکی سەربەخۆیان بۆ خۆیان دروست کرد بەڵام بە هانی مۆسکۆ و بۆڵشەڤیکەکان توانیان لەوێش شۆڕشێکی بوڵشەڤی بکەن و ئووکڕایینا بکەن بە یەکێک لە کۆمارە بوڵشەڤییەکان و ئووکڕایینا و ڕووسیا بناغەی دەوڵەتی سۆڤیەتیان دانا کە بە فەرمی لە ساڵی ١٩٢٢ وەکوو دەوڵەتێک هاتە کایەوە، هەڵبەتە بە درێژایی سەردەمی سۆڤیەت گۆڕانکاری زۆر لە نەخشە و سنوورەکانی زۆربەی کۆمارەکاندا دەکرا، هێندێک جار بە بیانووی ئەوەی کە ئەمە پێویستییەکی کارگێڕی یە، هێندێک جار مەسەلەی ئێتنیکی ڕۆڵی دەبینی. بۆ نموونە ساڵی ١٩٥٤ خروشۆف کریمی خستە سەر ئووکڕایینا کە ئەمە وەک دەڵێنبوو بە بەشێک یان بنەمایەک بۆ ئەو کێشەیەی کە لە دواییدا هاتە کایەوە، چونکە ڕووسەکان هەمیشە کریمەیان یان قرم وەکوو لای ئێمە دەڵێن، نیمچە دوڕگەی قرمیان بە بەشێک لە ڕووسیا دەزانی و جێگەیەکی زۆر گرنگی هەبوو بۆ کەشتیوانی ڕووسیا لە دەریای ڕەش دا و بۆ پاراستنی سنوورە ئاوییەکانی ڕووسیا. لە ساڵێ ١٩٩١ ئووکڕاییناش وەکوو هەموو وڵاتەکانی تر سەربەخۆیی خۆی ڕاگەیاند بەڵام لەو کاتەوە جۆرێک لە ناکۆکی لە نێوان ڕۆژئاوای ئووکڕایینا و ڕۆژهەڵاتی ئووکڕایینا لە ئارا دا بووە.
قازی: مامۆستا لێرە ئیستێک بگرین. ئێمە دەزانین وەختێک سۆڤیەت خەتک بوو هەڵوەشێ دە ڕاستیدا فێدراسیۆنی ڕووسیا خۆی لەگەڵ هەر یەک لە جمهوورییەکانی پێشووی سۆڤیەت دەستی کرد بە وتووێژ لە مەڕ ئەوەی کە شێوازی جوێبوونەوەیان بە چ شێوەیەک بێ و بە چ شێوەیەک نەبێ. بەڵام ئووکڕایینا گرینگییەکی تایبەتی هەبوو هەم بۆ ئەو سەروبەندی و هەم دواتر کە دەبینین بووەتە هۆی هەڵئاییسانی ئەو شەڕەی ئێستا. لەو زەمینەیەش دا بەجێ دەبێ هێندێک باس بکەی کە گرینگی ئووکڕایینا لەو سەروبەندی دا چ بوو؟

جەبارقادر: ڕووسیا ئووکڕایینا، وەکوو دەوڵەتێک، وەکوو بەشێکی زۆر گرنگ لەو فەزای نفووز و هێژێمۆنییەی خۆی دادەنێ کە بە بێ ئەوە ناتوانێ ئاسایشی نەتەوەیی خۆی – کە وای لێک دەداتەوە – ناتوانێ ئاسایشی نیشتمانی و نەتەوەیی خۆی بپارێزێ لە بەر ئەوە مەسەلەی ئووکڕایینا بە لایانەوە زۆرگرنگ بوو، وەکوو ئەوەکانی تر نەبوو. بۆ نموونە لە وڵاتانی باڵتێک کە لە ئەنجامی شەڕی دووەمی جیهانیدا بوون بە بەشێک لە یەکێتیی سۆڤیەت واتە زیاتر لە ٢٥ ساڵ یان ٢٣ ساڵ دوای دامەزراندنی یەکێتیی سۆڤیەت، بەڵام ئووکڕایینا وەک دەڵێن ئینگڕاسیۆنی تەواوی کرد بوو لەگەڵ ڕووسیا لە بەر ئەوە جیا بوونەوەی ئووکڕایینا بۆ ڕووسیا – پوتین زۆر جار دەڵێ هەڵوەشانەوەی یەکێتیی سۆڤیەت کارەساتێکی جێئۆپۆلێتیکی بوو – ئەمەش هەڵبەت لە ڕۆژئاوا لێکدانەوەی ئەوەی بۆ دەکرێ کە پوتین هێشتا خەونی ئیمپراتۆرییەتێک دەبینێ کە وەکوو ئیمپرایۆرییەتی قەیسەرەکان بێ یا وەکوو ئیمپراتۆریتی سۆڤیەتی بێ. لە نێو ئووکڕایینا ئەو دابەش بوونە پاشخانێکی کولتووری، زمانەوانی و ئاینیشی هەیە. ئێمە دەزانین بۆ وێنە ڕۆژهەڵاتی ئووکڕایینا ئۆرتۆدۆکسن و جاران سەر بە کلیسای مۆسکۆ بوون، هەر چەندە ئێستا کلیسایەکی سەربەخۆی ئۆرتۆدۆکسی ئووکڕاییناییەکان دروست بووە، بەڵام لە ڕۆژئاوای ئووکڕایینا بەشێک لە دانیشتووانی کاتۆلیک بوونە بە حوکمی ئەوەی کە بەشێک بوون لە ئیمپڕاتورییەتی ئوتریش – مەجار، یان سەردەمایەک بەشێک بوونە لە پۆلۆنیا. و مەسەلەی زمانیش لە ڕۆژئاوای ئووکڕایینا زمانی ئووکڕایینایی زۆر باڵا دەستە بەڵام لە ڕۆژهەڵاتی ئووکڕایینا زمانی ڕووسی باڵا دەستە و لە باری کولتووریشەوە ڕۆژئاوای ئووکڕایینا دائیمەن ڕووی لە ڕۆژئاوایە بەڵام ڕۆژهەڵاتی ئووکڕایینا ڕووی لە ڕووسیایە و زیاتر خۆی بە بەشێک لە کولتووری ئیمپڕاتورییەتی ڕووسی دەزانێ.
قازی: جگە لەوە. وا بزانم لە کاتی هەڵوەشانی سۆڤیەت لە ئووکڕایینا وێستگەی ئەتۆمی زۆر بوو، لەو ڕووەوە جۆرێک پێکهاتن بۆ ڕووسیا گرینگ بوو لەو سەروبەندی دا وا نییە؟
جەبار قادر: بەڵێ ئەوە خاڵێکی زۆر گرینگ بوو چونکە ئووکڕایینا بە سێیەمین دەوڵەت لە دونیا دا دادەندرا کە ئەوەندە چەکی ئەتۆمی هەیە و ئەوەندە وێستگەی ئەتۆمی هەیە بەڵام ئەوە بوو لە ساڵی ١٩٩٤ ڕێککەوتننامەیەک ئیمزا کرا بە نێوەندگیری بریتانیا و ئەمریکا کە ئووکڕایینا هەموو چەکە ئەتۆمییەکانی ڕادەستی ڕووسیا بکا لە بەرانبەر ئەوە دا گارانتی بدەنێ کە یەکێتیی خاکی ئووکڕایینا دەپارێزرێ. ئەمە بۆ کرا بە حوکمی ئەوەی کە ڕووسیای فێدراڵی میراتگری یەکێتیی سۆڤیەت بوو بەڵام ئەو دەوڵەتەکانی تر چ ئووکڕایینا، چ کازاخستان، چونکە ئەویش هەیبوو، ئەمانە دەوڵەتی تازە بوون هێشتا نەدەزاندرا لەو فەوزایەی کە لەو کاتە دا دروست ببوو نەدەزاندرا ئەمانە چۆن دەبن و دەکرا بەشێک لەم چەکانە بە ڕێگای مافیا و ئەمانەدا دەست گرووپە تێرۆریستەکان بکەون یان وەکوو دەڵێ زیان بگەیێنێ بۆیە ئەوە کرا و ئەوەش ڕەنگە هەڵەیەکی زۆر گەورەی ئووکڕایینایی بوو کە ئێستا باجەکەی دەدا و ئێستاش  کە ڕووسەکان ڕۆپشتوون ئێستا ئەمڕۆ ڕایانگەیاندووە کە هەموو دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئووکڕایینایان لە ژێر دەست دایە، ئێستا لە ژێر کۆنتڕۆلیان دایە و چێرنۆبل ئەو کارەساتەی کە تێیدا ڕووی دا ئەوە ماوەی چەند ڕۆژێکە ئەوەی ئاژانسی ئەتۆمی دونیاش ئاگادار نییە دەڵێ ئەوانەی لەوێ کار دەکەن چونکە بە یەک شیفت کار دەکەن ناتوانن دەرچن و لە دونیا دابڕاون، تەنانەت ئەم ئاژانسە ناتوانێ وەکوو جاران پێوەندییان پێوە بکا بەڵام ڕووسەکان ئێستا ئەوە دوو سێ ڕۆژە بالۆرەی ئەوە لێدەدەن کە کۆمەڵێک داکومێنتیان دەست کەوتووە کە هێندێک لابراتۆری هەبووە کە تێییاندا ئەمریکاییەکان خەریکی دروستکردنی چەکی بایۆلۆجی بوونە لە ئووکڕایینا و ئەمریکاییەکان کۆمەڵێک پڕۆژە و دەزگایان لە ئووکڕایینا داناوە و تەنانەت ئەمڕۆ ڕایانگەیاند کە کۆمەڵێک داکومێنتیان دەست کەوتووە؛ هەڵبەتە کەس بە ڕاستی و دروستی ئەو داکومێنتانە نازانێ کە گۆیا ئووکڕاییناییەکان پلانیان هەبووە لە مانگی ٣ دا هێرش بکەنە سەر ئەو ناوچەی دانێتسک کە ناوچەیەکی گرنگە بە نیسبەت ڕووسیاوە.
قازی: مامۆستا دواتر دەگەینە سەر پێوەندی لەگەڵ ئەمریکا و ئەوانە بەڵام ئەگەر لێرە ڕابوەستین. دوای هەڵوەشانی سیستمی سۆڤیەت لە ساڵی ١٩٩١بە تایبەتی لەو وڵاتانەی کە مەشهوور بوون بە ئوڕووپای ڕۆژهەڵات یان ڕۆژهەڵاتی ئوڕووپا ئەو پەیمانەی کە لە ڕۆژئاوا هەبوو پەیمانی ناتۆ بوو یا ئۆتان بوو، لەو لاش پەیمانێک هەبوو بە سەرکێشی سۆڤیەت بە نێوی پەیمانی وارشەو، دیارە دوای ئەو هەڵوەشانە ئیدی وردە وردە پەیمانی وارشەویش هەڵوەشا، پاشان ئەو وڵاتانە و بە تایبەتیش دوای ئەوەی کە یوگسوڵاویش لە بەر یەک هەڵوەشا و بوو بە چەند دەوڵەت و وڵات، زۆربەی ئەو وڵاتانە هەمووی بوون بە ئەندامی ناتۆ بەڵام قسەیەکی ئاوا هەیە یانی باسێکی ئاوا دەکرێ کە ئەو دەمی کە وارشەو خۆی بە هەڵوەشاو ڕاگەیاند تەسەوری ئەوە دەکرا، یانی ئەو تەزمینە درا بوو کە ناتۆش هەڵدەوەشێ بەڵام دیارە تەواو بە پێچەوانە بووە.لەو بارەیەوە بۆچوونی بەڕێزت چۆنە؟



جەبار قادر: بەڵێ هەموو ئەو پرسیارە دەکەن کە ناتۆ کاتی خۆی دامەزراوە بڵێین لە دژی یەکێتیی سۆڤیەت بووە و لە دژی ئەوەی پێیان دەگوت هەڕەشەی کۆمۆنیزم بۆ سەر وڵاتانی ئوڕووپا. لەبەر ئەوە پەیمانێکی بەرگری، ناوی نەنراوە پەیمانێکی هێرشبەر، ناوی نراوە پەیمانێکی بەرگری بۆ ئەو وڵاتانە لە بەرانبەر هەڕەشە و مەترسییەکانی یەکێتیی سۆڤیەت و کۆمۆنیزم، ئایدۆئۆلۆجی کۆمۆنیزم. لە دوای ئەوە ڕووسەکان بیریان لەوە کردەوە کە ئەوانیش لە بەرانبەر ناتۆ پەیمانێک دروست کەن ئەوە بوو ئەوەی وارشەویان دروست کرد. کە دەڵێن پەیمانی وارشەو نەما چ پێویستە پەیمانی ناتۆ هەبێ؟ وە کە پەیمانی ناتۆ ماوەتەوە چ پێویستی بەوە هەیە ئەوەندە خۆی فراوان بکا بە تایبەتی ئەمریکاییەکان وەختی خۆی بەڵێنیان  دا بوو بە گۆرباچۆف کە یەک میتر ناچن بەرەو ڕۆژهەڵاتی ئوڕووپا و لێرە دا پوتین هەموو ڕۆژێ باسی ئەوە دەکا دەڵێ چەندێ بەڵێنیان داینێ کە ئێمە نایەین بەرەو ڕۆژهەڵات و ئێمە مەترسی بۆ ئاسایشی نیشتمانی ئێوە دروست ناکەین بەڵام ئەوان قسەی خۆیان بە جێ نەهێنا نەک هەر ئەو وڵاتانەیان گرت بەڵکوو ئێستا دەیانەوێ ئووکڕاییناش بگرن. ئووکڕایینا لە ساڵی ٢٠٠٧، ٢٠٠٨ەوە و گورجستانیش هان دراون و داوایان کردووە بۆ ئەوەی ببن بە ئەندامی هاوپەیمانیی ناتۆ، بەڵام ئەوە بوو ئەوەی گورجستان بەو شێوەیە کێشەیەک لە نێوان ڕووسیا و گورجستان دروست بوو و لەوێدا دوو کۆمار هاتنە کایەوە بە ناوی کۆماری ئەپخازیا و کۆماری ئوسێتیای  باشوور کە ئەمڕۆ بۆ نموونە ئەپخازیا بڕیاری داوە پێوەندی دیپڵۆماسی لەگەڵ کۆمارەکانی دانێتسک و لووهانسک  دامەزرێنێ و ڕووسیاش دانی بەو کۆمارانەا داناوە بەڵام هیچ لایەنێکی تر ددانیان پێدا نەهێناون. لەبەر ئەوە داوخوازی ڕووسیا هەتا ئەو کاتەی ڕێژیمێکی سەر بە ڕووسیا، بۆ نموونە سەرۆکی پێشووی ئووکڕایینا خەڵکی دانێتسک بوو، کە لە ئووکڕایینا مەترسی بۆ دەسەڵاتی ڕووسیا نەبوو چونکە دەیزانی ئەمانە زیاتر ڕوویان لە ڕووسیایە و کێشەیان لەگەڵ ڕووسیا نییە. بەڵام ئێستا ڕووسەکان دەڵێن بە هانی ئەمریکا و ڕۆژئاوا ئەو شۆڕشی ئۆرنجی یان پرتەقاڵی دەستی پێکرد و ناسیۆنالیستەکان ئەوانە زیاتر ڕوویان لە ڕۆژئاوایە دەسەڵاتیان گرتە دەست و دەستیان کرد بە ، سەرۆکەکە ناچار بوو ڕا بکا لەوێ و لە ڕووسیا داوای بەناهەندەیی بکا و لەو کاتەوە بە قسەی ڕووسەکان و دیارە بەڵگەش هەیە بۆ ئەمە سیاسەتێکی چەوساندنەوەی کەمینەی ڕووسی لە ئووکڕایینا دەستی پێکردووە و زمانەکە ڕۆژ بە ڕۆژ وەک دەڵێ بەرەو ئەوە دەچێ کە سنوورێکی زۆری بۆ داندرێ بەتایبەتی زمانی ڕووسی لە ئووکڕایینا زۆر بەربڵاو.
قازی: مامۆستا باسی زمانتان کرد، دیارە زمانی ڕووسی و زمانی ئووکڕایینایی و زمانی بێلا ڕووسی زۆر نزیکن هەموویان سەر بە بنەماڵەی زمانەکانی ڕۆژهەڵاتی سڵاڤین و باسی ئەوە دەکرێ کە بە شێوەی نووسراو تەقریبەن تا هەشتا لە سەد دەتوانن لێک تێ بگەن و بە قسە کردنیش تا پەنجا لە سەد. هەر وەکوو باستان کرد لەو ساڵانەی دواییدا دەوڵەتی ئووکڕایینا هێندێک قانوونی لە مەڕ زمان پەسند کردووە کە یەک لەوانە ئەوەیە کە ئووکڕایینایی دەبێ تەنیا زمانی ڕەسمی بێ و لە هێندێک ناوچەش پێویستی بە ڕەسمییەت دان بە زمانی دووەم ناکا. پرسیارەکەم لێرە دا ئەوەیە ئایا ئەوانەی کە بە ڕووسی قسە دەکەن بە پێویستیی ئاوایە کە لە باری ئێتنیکیشەوە ڕووس بن یان نا؟ یان دەتوانن ئووکڕاییناییەک بن کە زمانیان ڕووسی یە؟
جەبار قادر: بەڵێ بەشێکیان ڕووسن، بەڵام بەشێکیان ئووکڕایینایین بەڵام زمانەکەیان ڕووسی یە. و زمانی ڕووسی و ئووکڕایینایی ڕاستە زۆر لە یەکەوە نزیکن، من ئووکڕایینایی نازانم بەڵام ڕووسی دەزانم کە بە ئووکڕاینییای قسە دەکەن دەتوانم زۆری تێ بگەم. بەڵام جەنابت دەزانی خێزانی زمانە سڵاڤییەکان کۆمەڵێک زۆر زمانن ڕووسی یە، بێلا ڕووسی یە، ئووکڕایینایی یە، پۆلۆنی یە، سڵۆڤاکی یە، چێکی یە، هەموو ئەمانەیە، ئەم زمانانە هەموو یان، بە شێوەیەک لە شێوەکان، هێندێکیان زۆر نزیکن هێندێکیان هێندێک دوورتر وەکوو هەموو گرووپەکانی دی، زمانە ئێرانییەکان، زمانە تورکییەکان بە هەمان شێوە. زمانێکی سەربەخۆیە. جەنابت دەزانی زمانی تاجیکی و فارسی ڕەنگ بێ نەوەد و پێنج، نەوەد و شەش لە سەدیان وەکوو یەک بێ یان زمانی دەری بەڵام کەس ناڵێ زمانی تاجیکی فارسی یە یان کەس ناڵێ زمانی دەری و پشتوو و ئەوانە زمانێکی فارسین، لەبەر ئەمە ئووکڕاییناییەکان نەتەوەیەکن، هەستی خۆیان هەیە و سیاسەتێکی زمانەوانی زۆر ناسیۆنالیستانەیان هەیە تەنانەت ئەمڕۆ هەواڵێکم خوێندەوە لە مێدیا ڕووسییەکاندا کە لە مۆڵداڤیا ئووکڕایینیایەکان ڕۆیشتن بۆ ئەوێ خەڵکێکی زۆر ڕۆیشتوون، هەڵبەتە مۆڵداڤیاش خۆی وڵاتێکی هەژارە یانی بەرگەی ئەو ژمارە زۆرە پەناهەندەیە ناگرێ، بەڵام کۆمەڵێک کێشەیان دروست کردووە لە هێندێک ڕێستوران نانیان خواردووە، ئەوانەی خزمەت دەکەن بە ڕووسی قسەیان لەگەڵ کردوون لێیان داون و گوتوویانە چۆن دەبێ لەگەڵ ئێمە بە ڕووسی قسە بکەن؟ ئەو هەستی ناسیۆنالیستییە لە لای ئووكرایینیاییەکان بە تایبەتی  ڕۆژئاوای ئووکڕایینا زۆر توندە، ئەمەش کێشەیەکە ئەو میللەتانەی دەوڵەتیان هەیە و دەوڵەتی فرە ئێتنیکییان هەیە ئەگەر ناسیۆنالیزم بە تایبەتی لە لای گەلی سەردەست باڵا دەست بێ دەتوانێ کێشەی زۆر گەورە دروست بکا.
قازی: مامۆستا ئاماژەتان کرد بە ئەمریکا، با ئێستا هێندێک بێینە سەر پێوەندییەکانی ئێستای ئەمڕیکا لەگەڵ ئەو بارودۆخەی لە ئارا دایە. دەزانین کە ڕیشەی تازەی ئەم کێشەیە تەقریبەن دەگەڕێتەوە ساڵی ٢٠١٤ ئەو کاتەی کە فێدراسیۆنی ڕووسیا کرێمەی گرت و کردی بە بەشێک لە خۆی. لەو پێوەندییە دا، خەبەری تازەش ئەوەیە ئەمڕۆ بایدن ڕایگەیاندووە لەمەو دواوە نەوت و مادەی ئاوا نابێ لە ڕووسیا بکڕدرێ، ئەمن نازانم ڕەنگە بەڕێزت ئاگادار بێ کە وڵاتانی ئوڕووپایی چەندە لە دووی قسەی بایدن دەدەن؟ واتە لە مەڕ تەحریمی نەوت و گازی ڕووسیا. لەو زەمینانە دا پێوەندییەکانی ئەمریکا چۆن دەبینی؟ دەبێ پێ ڕابگەین بە بریتانیا و ئوڕووپاش فەرموو!


جەبار قادر: هیچ گومان لەوە دا نییە کە ئەمریکاییەکان ڕۆڵێکی زۆر خراپیان بینیوە لە دروستکردنی ئەم قەیرانە دا. ئەوەیان دیارە ئەمریکاییەکان بۆ خۆیان زۆر دوورن، شەش هەزار کیلۆمیتر دوورن و ئەوەشی کە ئێمە نەوت و گازی ڕووسیا بایکۆت دەکەین، ئەمریکا یەک میتری سێ جاری گازی ڕووسیا هاوردە ناکا بۆ نەوتیش شتێکی زۆر کەم لە ڕووسیاوە هاوردە دەکا بەڵام ئوڕووپا بە گشتی، یەکێتیی ئوڕووپا، ئەڵبەتە جیاوازی هەیە لە نێو وڵاتەکاندا، بەڵام بە ڕێژەی چل لە سەد لە گاز و ئەمانە پشتی  بە ڕووسیا بەستووە، هێندێک وڵات هەن نەوەد و پێنج لە سەدی وەکوو چێک. وەکوو بوڵگاریا، بوڵگاریا حەفتاو پێنجە. یانی لیستێکی تەواو هەیە هەر یەک لە وڵاتان چەندە نەوت و گاز لە ڕووسیا دەکڕن، بە تایبەتی ڕۆژئاوای ئوڕووپا کەمتر و ئەمانەی ڕۆژئاوای ئوڕووپا دەرفەتیان هەیە پەیدای بکەن بەڵام ئەوانەی ڕۆژهەڵاتی ئوڕووپا بۆیان زەحمەت دەبێ، لە بەر ئەوە ئوڕووپا ئامادە نییە، تەنانەت بریتانیا کە زۆر بە توندی پشتگیری لە ئەمریکا دەکا دەڵێن ئێمە هەتا کۆتایی ساڵ هەوڵ دەدەین ئیتر پشت بە گاز و نەوتی ڕووسیا نەبەستین. ئەو مەسەلەیە، ئەو سزا ئابووریانە بە تایبەتی ئەوەی پێوەندی بە گاز و نەوتەوە هەیە ئەوەندی زیان بە ڕووسیا دەگەیێنێ ڕەنگ بێ ئەوەندە زیان بە ڕۆژئاواش بگا. جا ئەوە ئێمە لە ئێستاوە دەبینین لیترێک بێنزین بووە بە  نزیکەی دوو یورۆ و نیو دەکاتە نزیکەی سێ دۆڵار کە لە مێژووی خۆی دا نەیبینیوە لە ساڵی ١٩٧٣وە ئەو کاتەی ئیمبارگۆی نەوت کرا کاتی شەڕی ئیسرائیل و عەڕەبەکان، ئەو کاتە ئوڕووپا شتێکی وای بە خۆوە بینیوە بەڵام ئەو کاتە هێشتا وەک ئێستا پێویست نەبوو کە پێویستە. لەبەر ئەوە ئەمە کاریگەری و کاردانەوەی زۆر زۆری هەیە و ئێستا حکوومەتەکانی وڵاتانی ڕۆژاوا دەستیان کردووە بەوەی کۆمەڵێک ڕێکار بگرنە بەر بۆ ئەوەی کاریگەری ئەم سزا ئابووریانە لە سەر خەڵکەکانی خۆیان  کەم بکەنەوە. ئەمریکاییەکان وەکوو گوتم زۆر هیوایان دا بوو بە ئووکڕاییناییەکان کە پشتگیریان دەکەن و دەتوانن پشت بە ڕۆژاوا ببەستن لە بەرانبەر ڕووسیا خۆیان ڕابگرن و تەنانەت کێشە بۆ ڕووسیا دروست کەن بەڵام دوایی دەرکەوت کە شەڕ دەستی پێکرد ئامادە نین زۆنی دژە فڕین لە ناو ئووکڕایینا دروست کەن چونکە دەڵێن ئەوە یەکسەر دەمانخاتە شەڕەوە لەگەڵ ڕووسیا، ڕووبەڕوو بوونەوە چونکە  فڕۆکەیەکی ڕووسیا بخرێتە خوارەوە ئەوە نیشانەی شەڕە.
قازی: مامۆستا ئەو نوختەیەی کە ئاماژەت پێ کرد زۆر زۆر چاوڕاکێشە چونکوو ئەو ئارگومێنتی کە بۆ ساز نەکردنی ناوچەی دژە فڕین باس کرا قسەیەکی کە ویلادیمیر پوتین کردی و بوریس جانسۆن کردی تەقریبەن ئارگومێنتەکەیان  هەر دووکیان وەکوو یەک وا بوو. زۆر ئینترێسانتە، وا نییە؟ پوتین گوتی ئەگەر بیانەوێ ئەوە بکەن دەبێ لە وڵاتێکی نزیکەوە بیکەن و هەر وڵاتێکیش موداخەلەیەکی ئاوا بکا ئێمە ئەو کارە بە کارێکی دوژمنانە دادەنێین و لایەنێکی ئاوا لەگەڵ ئێمە دەکەوێتە قۆناغی شەڕەوە و لە پارڵمانی بریتانیاش کە سەبارەت بە ئەگەری ڕاگەیاندنی ناوچەی دژە فڕین پرسیاریان کە جانسۆن کرد گوتی ئەگەر ئێمە ئەوەش ڕابگەیێنین ڕووسیا ئەوە قبووڵ ناکا و ئێمە ناچار دەبین بە فڕۆکەی خۆمان بچین و ئەوانیش لە فڕۆکەی ئێمە دەدەن و بەو شێوەیە ئێمەش تووشی شەڕ دەبین. یانی عەینی ئارگومێنتیان بە کار هێنا لەو بارەیەوە.
جەبار قادر: وەزیری بەرگری ڕووسیا وتی ئەسڵەن پێویست ناکا بە ڕاگەیاندنی ناوچەی دژە فڕین چونکە ئێمە ئێستا کردوومانەتە ناوچەی دژە فڕین و هیچ فڕۆکەیەکی ئووکڕانییایی ناتوانێ هەستێ. لەو لاشەوە بازرگانییەکی زۆر خراپ هەیە بە قوربانی دانی ئەو خەڵکە دەکرێ. پۆلۆنیا کۆمەڵێک فڕۆکەی کۆنی هەیە ئی سەردەمی سۆڤیەتی دەیهەوێ بیدا بە ئووکڕاییناییەکان ئەڵبەتە خۆی نەیدا، بیدا بە ئەڵمانیا و ئەوانە بۆ ئەوەی ئەوان پارەکەی بدەن بەو و ئەمانیش فڕۆکەکان بدەن بە ئووکڕایینا. لە دواییدا ئەوەش قبووڵ نەکرا، ناتۆ وتی ئەوەش ناتوانین قبووڵ بکەین چونکە ئەوەش جارێکی تر ڕاستەوخۆ دەمانخاتە ناو شەڕ و بەشدار دەبین دە شەڕەکە دا.
قازی: لە باری حقووقییەوە دەزانین کە بێلا ڕووس و ئووکڕایینا ئەندامی ناتۆ نین بەڵام وەکوو تر ئێستا ئەو ئامراز و کەرەستەی لە شەڕەکە دا هەیە، لە هەموو لایەکەوە باس دەکرێ ڕۆژاوا، هەم ئەمریکا و هەم بریتانیا بە تایبەتی باسی ئەوە دەکەن چەک دەدەن بە ئووکڕایینا و دەڵێن ئامادەین هەموو جۆرە چەکێک بنێرین بۆ وێندەرێ. و ئەو جار لە وڵاتانی جیرانی ئووکڕاییناش وەک باست کرد وەک پۆلۆنیا یان لە چەند وڵاتی دیکەش چەکداریشتان هەیە، چەکداری ئینگلیسی هەیە، هێز هەیە یانی ئەوە چۆن پاساو دەدرێ، لە لایەک ئەندامی ناتۆ نین، لە لایەک بەشدار نین و لە لایەکی دیکەش بەشدارن و شەڕەکەش توند دەکەن تا ڕادەیەک.
جەبار قادر: تەنیا ئووکڕایینا و بێلا ڕووسیا نەبێ کە ئەندامی ناتۆ نین. ئەلىەتە بێلا ڕووسیا وەزعی جیاوازە چونکە هاوپەیمانی ڕووسیایە و سەرۆکەکەی ئەلێکساندر لوکاشێنکۆ لەگەڵ پوتین دا دۆستی هەرە نزیکی یەکن، بەڵام پۆلۆنیا و ئەوانە ئەندامی ناتۆن و ناتۆ سەربازەکانی ناردووە بۆ هەموو وڵاتانی کە، بەڵام سەربازی سیمبۆلیکن، یانی وڵات هەیە ٤٠٠ کەسی ناردووە، وڵات هەیە ١٥٠ کەسی ناردووە دەڵێن ئێمە دەبێ پێگەی ناتۆ لەو وڵاتانەی کە ئەندامن بە حوکمی ئەوەی کە مادەی پێنجی پەیماننامەی ناتۆ دەڵێ هەر وڵاتێکی ئەندام کەوتە بەر پەلاماری وڵاتێکی سێیەم  ئەوە هێرش و پەلامارە بۆ سەر هەموومان لەبەر ئەوە ئێمە هەموومان دەبێ بەرگری بکەین. دەڵێ ئێمە هێزەکانمان لەو ناوە دەبێ ئامادەییان هەبێ بۆ ئەوەی ڕووسیا بزانێ خەتە سوورەکە لە کوێیە. ڕووسیاش ئەڵبەتە ئەمە زۆر بە باشی دەزانێ ناچێتە ناوچەیەک شەڕ بکا کە هێزی ناتۆی لێ بێ چونکە ئەوە ڕاستەوخۆ دەیخاتە شەڕێکەوە لە بەرانبەر هەموو دەوڵەتانی ئەندامی ناتۆ و ئەندامانی ناتۆ هەڵوێستەکانیان زۆر جیاوازە. تورکیا ئەندامی ناتۆیە کەچی لەو سزایانەی لە سەر ڕووسیا داندراوە هیچ بەشداری نەکردووە و پێوەندی لەگەڵ هەر دوو لا دا هەیە لەگەڵ ئووکڕایینیاش دا هەیەتی و لەگەڵ ڕووسیاش و بە ناوی ئەوەی کە من دەمەوێ ناوبژیوان بم بە جیاواز لەوانی دی دەجووڵێتەوە، لەبەر ئەوە وڵاتەکان هەڵوێستەکانیان جیاوازە. دوایی خەڵکەکە زۆر باش دەزانێ، ئەمریکا چەند شەڕێکی کردووە، نە هیچی لە ڕێگەی ناتۆ وە کردووە و نە هیچی لە ڕێگەی نەتەوە یەگرتووەکانیشەوە کردووە. بۆ خۆی هاوپەیمانییەکی دروست کردووە بۆ نموونە لە دژی عێڕاق هاوپەیمانییەکی سی و چوار دەوڵەتی دروست کرد بەڵام هێزە ئەساسییەکەی هەر بریتانیا و وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بوون. وە چوون لەوێ ڕێژیمەکەیان ڕووخاند و ماوەیەکیش مانەوە و ئیتر چیرۆکەکەی هەمووی ئاسایی یە. لە لیبیاش هەمان شت. لە زۆر جێگا ئەمانەی کردووە بە بێ ئەوەی گوێ بداتە هیچ. لەو کاتەشدا تورکیا دژی ئەوە بوو هێزی ئەمریکا بە تورکیا دا بچێت لە باشووری کوردستانەوە داخلی عێڕاق بێ. ئەمەی کە گۆیا ئەمە هەڵوێستێکی ناتۆیە لە بەر ئەوەی ئێستا دەوڵەتە ئوڕووپاییەکان واتە دەوڵەتە ڕۆژاواییەکان هەر کەسە بە گوێرەی بەرژەوەندی خۆی دەجووڵێتەوە تەنانەت هەر دەوڵەتێک دەڵێ ئەمن لەگەڵ ئەو شتانەی کە ئەمن لەگەڵ ڕووسیا دا دەیکەم نابێ ئەمە بخرێتە لیستی سزاکان. واتە بەرژەوەندی نیشتمانی، بەرژەوەندی نەتەوەیی وڵاتانی یەکێتیی ئوڕووپا زۆر جیاوازە. خۆی وڵاتێکی وەک بریتانیا ئێستا لە دەرەوەی یەکێتیی ئوڕووپایە، ئەوەی بریتانیا دەتوانێ بیکا فەڕانسە ناتوانێ. ئێستا فەڕانسە بە تایبەتی سەرۆکی یەکێتیی ئوڕووپایە لە بەر ئەوە مەکڕۆن زۆر هەوڵی ئەوە دەدا هەر لە پێوەندی دا بێ لەگەڵ پوتین دا بۆ ئەوەی ئەگەر پێیان بکرێ بتوانن چارەسەرییەک، گفتوگۆیەک دروست بکەن، بەڵام ئەوەی دەبیندرێ ئەمریکا و بە تایبەتی بریتانیا ئەو دوو وڵاتە زۆر هانی ئووکڕانییایان دەدا، زۆر هیوایان بە حکوومەتی ئووکڕایینا دا کە بەردەوام بن، ئەگینا دووەمین ڕۆژی شەڕەکە باس و وتوێژ و گفتوگۆ هاتە کایەوە ئەگەر لەو کاتە دا وتووێژەکان بکرایە ڕەنگ بێ بەشێکی زۆر لەو کاولکاری و لەو شەڕانە دروست نەبوایە. ڕاستە هێرشەکەی پوتین پەلامارێکی ناقانوونی یە وەکوو دەڵێ پەلامارێکی دوژمنکارانە یە و وێرانکاری دەکا لەو وڵاتە بەڵام لە هەمان کاتدا هەم  وڵاتانی یەکێتیی ئوڕووپا بە تایبەتی ئەمریکا و بریتانیا بە ڕاستی ئەم وڵاتانەش گوناحیان زۆر زۆر هەیە و ئەو بێ گوناحە نین کە دەیانەوێ  هاوسۆزی خۆیان لەگەڵ خەڵکی ئووکڕایینا نیشان دەن. ئەمن پێم وایە ئێستا لە وتارەکانی سەرۆکی ئووکڕایینا ئەوە زۆر بە ڕوونی هەستی پێ دەکرێ کە زۆر بێ هیوایە لە هەڵوێستی ڕۆژاوا بەرانبەر بە ئووکڕایینا و ئەو بەڵێنانەی کە دابوویانێ بەجێیان نەهێنا و ئەو چەکەش کە دەدەن و ئەو یارمەتی چەکەش کە دەنێرن بۆ ئووکڕایینا بە ڕاستی بۆ درێژ کردنەوەی شەڕەکەیە پێیان وایە ڕووسیا بخەنە زەلکاوێکەوە و بتوانن بۆ ماوەیەکی دوورو درێژ مەشغووڵی ئەوەی بکەن. ڕەنگە بەشێکی پێوەندی بەوەوە بێ ئەمریکا بڵێ ئەوە هەر ئێمە نەبووین لە ئەفغانستان ڕامان کرد ئەوەتا ڕووسیاش لە ئووکڕایینا تووشی ئەوە بووە و لایەنێکی تری گرنگ هەیە ئەوانەی لە بواری سەربازی و ئەوانە دا زۆر شارەزان باسی دەکەن دەڵێن دەیانەوێ بزانن سپای ڕووسیا لەم سەردەمەدا چۆنە، کێشەکانی چییە و لەچ بوارێکدا لاوازە و لە چ بوارێکدا بە هێزە بۆ ئەوەی لە ئاکادێمییە سەربازییەکانی خۆیان لێکۆڵینەوەی لە سەر بکەن، لە دەرفەتی ململانێ و ئاڵۆز بوونی پێوەندییەکاندا بزانن دوژمنەکەیان چ خاڵێکی لاوازی هەیە و چ خاڵێکی بەهێزی هەیە.
قازی: مامۆستا دیارە ئەو شەڕە تەئسیرێکی تایبەتی هەبووە لە سەر وڵاتی بریتانیا و ئەو موناقەشاتەی کە هەیە لە بریتانیا بە تایبەتی لە دوو حەوتووی ڕابردوو دا، لەوەتا هێرشی ڕووسیا بۆ سەر ئووکڕایینا. دەزانین بەشێکی زۆر لەوانەی کە پێیان دەڵێن ئۆلیگارک یانی لەو دەوڵەمەندە ڕووسانەی کە بە فرۆشتنی گازو نەوت زۆر دەوڵەمەند بوون بەشێکی زۆریان پارەکانیان گوێستووەتەوە و هێناویانەتە بریتانیا و بە تایبەتیش لەندەن کە مەکۆی فاینانسە لە ئوڕووپا، زۆر شەریکە و بینای وا هەن کە بە تەواوی لە ڕووی قانوونییەوە دیاری نەکراوە کە خاوەنەکانیان کێن. ئێستا گەنگەشەیەکی زۆر توند و گەرم هەیە لە ناو پارڵمانی بریتانیا دا کە ئەو مەسەلە ڕوون بکرێتەوە و قانوونی ئەوتۆ دەربکرێ کە بتوانن دەست بە سەر دارایی و سەروەتی ئەوانە دا بگرن تەنانەت ئەوە درێژ بووەتەوە بۆ بواری فووتباڵیش چونکە دەزانین یەکێک لە کلووبە هەرە بەناوبانگەکانی بریتانیا بە ناوی چێڵسی ئی یەکێک لەو ئۆلیگارکانەیە بە ناوی ڕۆمەن ئابرامۆڤیچ کە دیارە کابرایەکی زۆر خۆشەویستە لە نێو لایەنگرانی ئەو یانەیە دا چونکە لەوەتی ئەو کلووبەی کڕیوە ، ئەو یانەیە زۆر سەرکەوتن و خەڵاتی بۆ بەدەست هێناوە و ئێستاش کە مەترسی دەست بەسەر داگرتنی هەیە و ڕای گەیاندووە دەیفرۆشێ گوتوویەتی هەر قازانجێک لەو فرۆشە وەدەست بێ هەمووی تەرخانی قوربانییەکانی شەڕ دەکا لە ئووکڕایینا. تەنانەت لە ناو ئەو دەوڵەمەندانە دا کەسی ئاوە هەیە کە بووە بە لۆرد لە مەجلیسی پیران. یانی دوو ڕووییەکی زۆر ئاشکرا و ڕوون ئێستا وەدەردەکەوێ.
جەبار قادر: هەموو ئاگادارن بەشێکی زۆری ئەو پارەیە سپی کردنەوەی پارەیە. ئەو پارەیە لە نەوەدەکاندا مافیا حوکمی ڕووسیای دەکرد ئێستا لە ڕووسیا بۆچی خەڵکەکە یانی بەشێکی زۆریان هیوایەکی زۆریان بە پوتین هەبوو چونکە ئەو ئەو مافیانەی لە نێو برد، تەنیا مافیایەک کە ماوە نزیکی خۆیەتی ئەوانەی ئۆلیگارک و دەوڵەمەند و ئەو شتانە. ئەمانە هەموویان هەرچی فابریکای گەورەی ڕووسیا هەبوو، هێندێکیان بەڕێوەبەر بوون لە ناکاو بوون بە ساحێبی خودی فابریکاکان و پارەیەکی زۆر زۆریان دەست کەوت هێنایان بە تایبەتی لە بریتانیا و لە هێندێک گەڕەکی دەوڵەمەندی لەندەن کۆمەڵێک زۆر ڤیلای شاهانەیان کڕی، یاختیان هەیە ، چییان هەیە پارەیەکی بۆڵ، یانی کە باسی سەرمایەکانیان دەکەن ئەمەیان ١٦ میلیارە و ئەمەیان ١٢ میلیارە و ئەمەیان هین، ئەوە هەمووی بە ئاگاداری کاربەدەستان کراوە. هیچکەسێک ناتوانی باوەر بەوە بێنێ کە دەزگا نهێنییەکانی بریتانیا ئاگاداری وردەکاری ئەم  کەین و بەینانە نەبووبن. ئەمانە کە هاتوون ئەم هەموو شتەیان کڕێوە ئەم هەموو پارەیەیان هێناوە بەڵام ئەوەیە، پارە دێنن دەکەوێتە بازاڕی بریتانیاوە و باری ئابووری دەسەڵاتدارانی بریتانیا باشتر دەبێ، لەبەر ئەوە گوێیان لێ نەداوە و ئێستاش ئەگەر دەست بەسەر ئەو پارانە دا بگرن ئەوەش بۆ خۆی سەرمایەیەکی زۆر گەورەیە و نازانم لە باری قانوونییەوە چۆن هەڵسوکەوت لەگەڵ ئەوانە دا دەکرێ بەڵام بەڵێ ئەوە دووڕوویی یە و ئێستا بە ڕاستی ئەم شەڕە بەشێکی گرنگی میدیایە. میدیای ڕووسی میدیایەکی زۆر بێ کەلکە بە ڕاستی. ڕەنگ بێ سەد کاناڵی تێلێڤیزیۆنیان  هەبێ یەک دوو کاناڵیان هێندێک پڕۆگرام پێشکێش دەکەن من سەیریان دەکەم دیبەیت دەکەن بەڵام کۆمەڵێک خەڵکیان هێناوە کە هەر وەکوو بەعسییەکان و ئەمانە قسە دەکەن و ئیتر هەر بە شانوباڵی خۆیان و سەرۆکەکەیان و وڵاتەکەیان هەڵدەڵێن و ئیتر هەموو دونیاش دوژمنیانە. عەینی وتارەکانی ئەردۆغان و سەدام و کێ و ئەمانەیە. لە بەر ئەوە، لە دەرەوە ئێستا لە ڕۆژاواش گوێت لە یەک ئاواز دەبێ. لە ڕۆژهەڵات بە لای هی ئێمەشەوە هەمووی گواستنەوەی ئەوەیە کە یان بی بی سی دەیڵێ یان کە هەندێ ڕۆژنامە و تێلێڤیزیۆنی عەڕەبی و تورکی و فارسی و ئەمانەوە  وەردەگیرێ کە زۆربەی هەرە زۆریان بێ لایەن نین و هەر کەسێک لە دیدێکی ئایدێئۆلۆجییەوە هەڵوێست دەگرن. هەندێکیان ڕقیان بۆ نموونە لە ڕووسیاتە چونکە لە چەچەن شەڕی کردووە، هەندێکیان لە دیدی ئیخوانولموسلمینەوە دەدوێن، هەندێکیان ڕەئیان  لە ئووکڕایینایە چونکە دەڵێن زیلێسکی بۆ نموونە  جوولەکەیە ئیتر بۆ ئەوان ئەمانە کێشەیە. واتە  لە دونیا  دا ئیستا خەڵک زانیارییەکی دروستی بابەتیانەی زۆر کەم دەست دەکەوێ ئەڵبەتە دیمەنەکان دەبینێ.
قازی: مامۆستا زەحمەت نەبێ چونکە کاتمان زۆر نەماوە، ئەو وەختەی کە ماوە تەرخانی بکەین بۆ وەزعی بەنابەران بە ڕاستیش دیارە کە ئێستا لە شاشەی تێلێڤیزیۆنەکان و لە لاپەڕەی ڕۆژنامەکاندا هەموو لە سەر ئەو مەسەلەیە جەخت دەکەنەوە و ئەوەش شتێکی دیکەشی جەخت کردووەتەوە ئەویش شێوەی مامڵەکردنە لەگەڵ پەنابەران لە وڵاتی جۆر جۆر و بە کورتییەکەی جوداکارییە. دیارە ئێمە هەر ئەوەندەیە دەتوانین قسەی لە سەر بکەین بە داخەوە وەزعێکی ئینسانی زۆر زۆر ناخۆش و نالەبار هەیە، ئەگەر هێندێک باسی ئەو لایەنە بکەی.


جەبار قادر: کارەساتە، کارەساتێکی مرۆیی زۆر گەورەیە و ئەوەندەی پوتین تاوانبارە لەوێ من پێم وایە ئەمریکا و ڕۆژاواش لەوەدا تاوانبارن. ئەڵبەتە ئەو دیمەنانە ئینسان وەکوو دەڵێ خوێنی ئینسان دەکەن بە ئاو ئەوەندە دیمەنی ناخۆش، ئەوەندە دیمەنی ئەو هەموو خەڵکە بێ خانومانە. یانی ئەمن بۆ خۆم یەکێک بوومە لە " کۆ ڕەو" لە ٩١ دا ڕام کردووە بۆ ئەو شاخ و شتانە و ئەو خەڵکەم بینیوە، برسێتی و هەتیوی و هەژاری بەڵام ئێمە لە سەر سنوورەکان عەسکەری تورک و پاسداری ئێرانی بە دار لەگەڵ خەڵک قسەیان دەکرد بەڵام ئێستا ئەمان هەرچەند لە ئازارەکانیان کەم ناکاتەوە بەڵام فەرق زۆرە خەڵک پێشوازییان لێ دەکا لەم وڵاتە لە هۆلەنداوا خەڵک دەچێ مەسەلەن  لە هەنگاریاوە خێزان دێنێ بۆ ئەوەی لە ماڵەکەی خۆی بیانگرێتە خۆی. تەنانەت لە سەر سنوورەکان جیاوازی بڵێین لە نێوان ئووکڕاییناییەکان و ئەو قوتابییانەی لەو وڵاتە دەخوێنن بە تایبەتی ئەفریقاییەکان و هیندییەکان و خەڵکی وڵاتی ڕۆژهەڵات زۆر بە شێوەیەکی نامرۆڤانە جیاوازییان لە نێو دا دەکرێ. ئەمە هەموو خەڵکن و ئینسانن و لە شەڕ ڕایان کردووە. یانی ڕەنگ بێ ئەو کەسەی کە لەوێ دەیخوێند باری لەوانی تریش خراپتر بێ ئەوان هیچ نەبێ ماڵێکیان هەبووە، حاڵێکیان هەبووە بەڵام ئەو وەکوو خوێندکارێک، وەکوو قوتابییەک ئەو هیچ شتێکی نەبووە لێرە دا هەموو کەسێک هەست بەوە دەکا کە هەڵوێستەکان چۆنە بەرانبەر بە پەناهەندەیەک. ڕاستە ئەمە بە هەموو کەسێک دەڵێ ئەمە لە بەر دەرگای خۆمانە، ئەوانی تر لە جێگەیەکی دوورە ئێمە وێنەکان دەبینین هەندێ پارەش کۆ دەکەینەوە دڵمان پێیان دەسووتێ بەڵام وەکوو ئەمە نییە، ئەمە لە ئوڕووپایە ئەمە لە ناو جەرگەی ئوڕووپایە، ئەمە لە بەر دەرگاکانمانە لە بەر ئەوە هاوسۆزی و هەڵوێست و تەنانەت ترس، خەڵکێکی زۆر هەیە ترسی لێ نیشتووە ئایا شەڕی سێیەم دەبێ، ئایا شەڕی ناوکی دەبێ، ئایا ئەم کێشانە چەندێ پەرە دەستێنێ و چەندێ فراوان دەبێ، پڕیشکەکانی دەگاتە کوێ، بارێکی دەروونی زۆر خراپی لە ناو خەڵک دروست کردووە و لە هەموان خراپتر ئەو ئاوارانەن بە تایبەتی ئەوانەی چەندین رۆژ لە ژیر زەویدا دەژین. من مێترۆکانی ڕووسیام بینیوە بە میلیۆنان خەڵک لەوێدا دەتوانن خۆیان بشارنەوە بەڵام هیچ نەبێ لە تۆپ و تەیارە پارێزراون، بەڵام چەندێک مرۆڤ دەتوانێ لەو حاڵە دا بژی هەر چەند سەعاتێک دەتوانێ بەڵام کە بوو بە چەند ڕۆژ و بە بێ ئاو و بە بێ کارەبا زۆر زەحمەتە.
قازی: مامۆستا هیچ نیشانەیەک دەبینی بۆ ئەوەی ئەو شەڕە بە زوویی ڕابوەستێ؟
جەبار قادر: من هەندێ ئیشارات دەبینم بۆ نموونە ئێستا لە لایەن حکوومەتی ئووکڕاییناییەوە زۆر باس لەوە دەکرێ کە ئێمە دەتوانین بێ لایەن بین واتە نەبین بە ئەندامی ناتۆ و داوای ئەندامەتی ناتۆ نەکەین ئەمە خاڵێکی زۆر گرنگە کە یەکێک لە داخوازە سەرەکییەکانی پوتینە و داخوازییەکی تری ئەوەیە کە وەختی خۆی دوو ڕێککەوتننامە هەبووە بە ناوی مینسکی ١ و مینسکی ٢ بە گوێرەی مینسکی ١ و مینسکی ٢ دەبوایە کێشەکانی دانێتسک و لوهانسک لە نێوان حکوومەتی ئووکڕایینا و بەڕێوەبەرایەتی ئەو ناوچانە کە ئێستا سەربەخۆیی خۆیان ڕاگەیاندووە و ڕێفراندۆمیان کردووە و جاران چل لەسەدی پانتایی ئەو ناوچانە کە لە ڕووسیدا پێی دەڵێن ئۆبڵست بە دەستیان بوو بەڵام ئێستا هەموویان گرتووە.
قازی: مامۆستا بە داخەوە کاتمان تەواو بوو،ئەگەر دەکرێ بە دوو سێ ڕستەیەک باسەکە کۆ کەیەوە فەرموو.
جەبار قادر: بە داخەوە دەمانەویست باسی ئەوە بکەین کە ڕەنگدانەوەی ئەم کێشەیە لە سەر ڕۆژهەڵات و بە تایبەتی لە سەر وڵاتی ئێمە و ئایا پڕیشکەکانی دەگاتە ئەو ناوە یان نا بەڵام وا دیارە کات نەماوە زۆر سپاس دەکەم هیوادارم توانیبێتمان هەندێک لایەنی ئەو مەسەلەیە ڕوون بکەینەوە.
قازی: زۆر زۆر سپاس بەڕێز دوکتور جەبار قادر بۆ بەشداریتان لە ڕاوێژ دا داوای سەرکەوتنت بۆ دەکەم. بینەرانی خۆشەویست بەم پێیە بەرنامەی ئەمجارەشمان بە کۆتا دێنین تاکوو ڕاوێژێکی دیکە لای ئێوەمان خۆش.

تێبینی: ئەم بەرنامەیە ئێوارەی چوارشەمە ٩-ی مارسی ٢٠٢٢ لە تێلێڤیزیۆنی ستێرکەوە بڵاو کراوەتەوە دەکرێ ڤیدێئۆی بەرنامەکە لەم شوێنانەی خوارەوە دا ببینن.
ماڵپەڕی تێلێڤیزیۆنی ستێرک بەرنامەی ڕاوێژ
https://sterktv1.net/2000-rawej-09-03-2022/
تۆڕی کۆمەڵیی ئینستاگڕام
 https://www.instagram.com/p/Ca5qm9Ntkp7/    
و مەکۆی ڕاوێژ لە تۆڕیی کۆمەڵیی یوتیوب دا  
https://youtu.be/hg_olA_oLc4  
سەرچاوە: وێبنووسی ڕوانگە







 

No comments: