دەقی چاوپێکەوتنی محەمەد خاکی لە ڕادیۆدیالۆگ بە شێوەی ڕەنگ و دەنگ لەگەڵ دوکتور فاتمە کەریمی
فاتمە کەریمی
خەڵکی ناوچەی کرماشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و لە ساڵی ٢٠١٣وە لە فەڕانسە دەژی.
لە خوێندنگەی لێکۆڵینەوە بەرزەکانی
زانستە کۆمەڵایەتییەکان لە پاریس – فەڕانسە لە بواری کۆمەڵناسی دا
دوکتورای وەرگرتووە. لێکوڵینەوەکانی لە سەر زەبروزەنگ لە ئاست ژنان، پێوەندیی
جینسییەتی و ئێتنیسیتی چڕکردووەتەوە. تا ئێسا بە زمانی فارسی دوو کتێبی بڵاو کردووەتەوە
یەکیان سەبارەت بە خەتەنەی مێیینە ( ساڵی ٢٠١٠) و ئەویتریان لەمەڕ فرەژنیی (٢٠١٤) لە هەرێمە کوردەکانی ئێران.
کتێبی سێیەمی بە ناوی
" جینسییەت و
میلیتانتنیسم لە کوردستانی ئێران"
لەو دواییانەدا بە زمانی فەڕانسەیی بڵاو بووەتەوە. فاتمە کەریمی هەر وەها
بەڕێوەبەری تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانە.
دەقی چاوپێکەوتنی محەمەد خاکی لە ڕادیۆدیالۆگ بە شێوەی ڕەنگ و دەنگ لەگەڵ
دوکتور فاتمە کەریمی
" ئاوڕدانەوەیەک لە سەر " مێژووی ژنانی کۆمەڵە لە ساڵەکانی ٨٠" دا
ئەم بەرنامەیە لە ٢- ژانڤییەی ٢٠٢١ بڵاو کراوەتەوە.
محەمەد خاکی: بینەران و بیسەرانی بەڕێز سڵاوتان عەرز دەکەم.
چاوپێکەوتنی ئەمڕۆمان لەگەڵ بەڕێز دوکتور فاتمەی کەریمی جامعە شناس لە پاریسە. دوکتور
فاتمەی کەریمی تێزی دوکتوراکەی لە سەر ژنانی ناو کۆمەڵە بووە. بۆ ئەوە بڕۆمە ناو
باسەکە ئەوەش پێویستە بڵێم پێشتر دوکتور فاتمە دوو کتێبی بڵاو کردووەتەوە یەکێکی
لە سەر مەسەلەی خەتەنەی ژنان بووە لە کوردستان و یەکێکێکیان لە سەر مەسەلەی چەند ژنی و چەند هاوسەری. دوکتور فاتمە سڵاوت عەرز ئەکەم
چاومان ڕۆشن بوو. زۆر مەمنوون بۆ ئەم چاو پێکەوتنە.
دوکتور فاتمە
کەریمی: سڵاو و ڕێز بۆ ئێوە
و بۆ بینەرانی ئەم وتووێژەی ڕادیۆ دیالۆگ
خاکی: زۆر سپاس. دوکتور فاتمە ئەگەر ئەکرێ من ئیشاڕەم بە دوو
کتێبەکەتان کرد لە پێشا هەم پچینە ناو ئەوە و هەم تێزی دوکتوراکەت. لە سەر ئەو دوو کتێبەی پێشووت کەمێک
باسمان بۆ بکەی مەمنوون ئەبم.
کەریمی: من بۆتان بڵێم تەقریبەن لە ساڵی ٢٠٠٤ دەستم کردووە بە
کار کردن لە سەر مەسائیلی جیاوازی ژنانی کورد لە ڕۆژهەڵات بۆیە ئەوەلین کاریشم کە
تەقریبەن ساڵی ٢٠١٠ لە ئێرانا چاپ کرا لە سەر مەسەلەی بڵێین خەتەنەی ژنان لە
کوردستانا بوو و کاری دووەمیشم کە لە ساڵی ٢٠١٤ لە لەندەن چاپ کرا لە سەر مەسەلەی
فرە ژنی لە کوردستانا بوو. دوای ئەویشە ئیتر کە هاتم بۆ فەڕانسە و لە سەر
مەسەلەیەکی تر دەستم کرد بە کار کردن کە ئێستا ئەمڕۆ لە سەری باس ئەکەین.
خاکی: بەڕێزتان تێزی
دوکتواراکەتان ناوی ئەوەی کە من بە فارسی دیومە:" بررسی روابط اختماعی جنسیت
در کوملە " چۆن بوو کە تێزێکی واتان
هەڵبژارد؟ ئایا ئێوە خۆتان پێشتر لە کۆمەڵە دا بوون و یان کەسوکارتان لە کۆمەڵە دا
بوون هۆی چ بوو ئەو بابەتەتان هەڵ بژارد بۆ تێزی دوکتوراکەتان لە پاریس؟
کەریمی: ڕاستییەکەی من لە بنەماڵەیەکی سیاسی نەهاتووم و
بنەماڵەشم هیچ پێوەندییەکی بە کۆمەڵە
نەبووە تەنیا ناسینی من لە کۆمەڵە کاتێک کە منداڵ بووم هەر ئەوانەی بوو کە خەڵکی
ئاسایی باسیان ئەکرد بۆ نموونە کە کۆمەڵە خۆی بە کۆمۆنیست ئەزانێت و ئەمە دوو
مانای جیاوازی هەبوو. یەکیان ئەوە بوو کە چون کۆمۆنیستن باوەڕیان بە خوا نییە و
دووەم ئەویشە کە باوەڕیان بە خانەوادە و ئیزدیواج و ئەو جۆرە شتانە نییە. بەڵام کە گەورەتر بووم بە دیتنی تێلێڤیزیۆن و کاناڵە جۆراجۆرەکانی
کۆمەڵە بڕێک زانیاری زۆرترم دەست کەوت بەڵام نە بە تەواوی، نە بە وردی. بەڵام بۆچی
بڕیارم دا لە سەر کۆمەڵە کار کەم ڕاستییەکەی تازە هاتبوومە فەڕانسە و دەبوایە دوای
فێر بوونی زمانی فەڕانسەیی دەستم کردایە بە خوێندن لە
ئاستی دوکتورا بەڵام ناسینێکی زۆرم نەبوو لە سەر دنیای ئاکادێمیکی ئوڕووپا بە گشتی
و فەڕانسە بە تایبەت بۆیە پەیوەندیم کرد بە شەهرزادی موجاب و پێم وت کە دەبێ
دوکتورام دەست پێ بکەم و چەند ساڵێ دەرفەتی باشم هەس باسێک لە سەر ژنان کە تائێستا
کاری لە سەر نەکراوە دەست کەم بە کار کردن. دوای ئەم پەیوەندییە ڕاستییەکەی ئەوە
شەهرزاد موجاب بوو کە پێشنیاری دا لە سەر ئەم
بابەتەی بەشداریی ژنان لە کۆمەڵە لە ساڵەکانی ١٩٨٠ کار بکەم. بە لامەوە
سووژەیەکی باش بوو چون بە هۆی دوور کەوتنەوەی هێزەکانی کۆمەڵە و هاتنیان بۆ
ئوڕووپا و بۆ وڵاتانی تر زۆر بۆ خەڵکی کورد و بگرە خەڵکی ڕۆژهەڵاتیش ناسراو نەبوون
بەتایبەت باسی ژنانی کۆمەڵە. منیش ئەم
پێشنیارەم پێ پێشنیارێکی گونجاو بوو ئەویش لە کاتێکا ناسینی خۆم لە سەر کۆمەڵە زۆر
کەم بوو. بۆیە بڕیارم دا لە سەر ئەو مەوزووعە کاری لێکۆڵینەوەم دەست پێ بکەم، بە
پێی ئەوەی کە ئێستا کۆمەڵە زۆر ئینشیعابی کردووە بڕیارم دا کارەکەم بەس ساڵەکانی
١٩٨٠، دەهەی ٦٠ ی شەمسی بێ، بڵێین تا ئەو جێگەیەی کە ئەوەڵین
ئینشیعابی کۆمەڵە دەست پێ دەکا مەحدوود بکەم یانی تەقریبەن لە شۆڕشی ئێران تا ئاخرەکانی دەیەی ٨٠-ی
میلادی یان ٦٠-ی شەمسی.
خاکی: ئێوە بە دوای چییا ئەگەڕان؟ یانی گەرەکت بوو جواوی چ پرسیارگەلێک بدۆزیتەوە لەو تێزەدا؟ ئەوەی
کە پرۆفسۆر شەهرزادی موجاب پێشنیهادی کردووە و ئەوانە و ئێوەش هەڵتان بژاردووە چی
بوو مەسەلە ئایا گەرەکت بوو جواو بە مەسەلەیەکی خاس بدەیتەوە و چی لە زێهنتا بوو؟
کەریمی: لەم کارە من
دوو هەدەفی سەرەکیم هەبوو، یەکەم ئەوە بوو کە ناسینێک دەست خەم لە سەر ژنانی
کۆمەڵە، خەباتیان و دەرئەنجامی خەباتەکەیان لە ساڵەکانی ٨٠. هەر ئەو جۆرە ئاگادارن
کۆمەڵە ئەوەڵین بزووتنەوەیەکی سیاسی کورد بوو کە ژنی وەک پێشمەرگە لە ڕیزەکانی خۆی
وەرگرت و بەشداریانی کرد لە شەڕی چەکداری. لانی کەم سەد ژن لەو دەورە گیانی خۆیان
بەخت کرد چ لە زیندان و چ لە نێو شەڕ بەڵام بە داخەوە ژنانی کۆمەڵە و شێوەی
بەشدارییان لە خەباتی سیاسی ئەو دەورە ناسینمان
لە سەری زۆر کەم و لاواز بوو. من بۆ خۆم ئەتوانم بڵێم تەقریبەن لە ساڵی ٢٠٠٤ دەستم
کردووە بە کارکردن لە سەر ژنانی کوردی ڕۆژهەڵات بەڵام بە داخەوە بە غەیری ناسینی
چەند کەسایەتی ژنی کۆمەڵە کە لەم ساڵانەی
ئەخیرا لە میدیاکان دەرئەکەوتن کەسێکی وام نەئەناسی. ئەگەر بۆ نموونە لە باشووری
کوردستان باسی لەیلا قاسم ئەکریا وەک ئەوەلین
ژنێک کە لە سەر باوەڕە سیاسییەکانی لە لایەن ڕێژیمی بەعسەوە لە سێدارە
دراوە یا مەسەلەن مارگاریت وەک ئەوەڵین
ژنی پێشمەرگە نێوی لە نێو مێژووی کورد ماوەتەوە و زۆربەی خەڵکی کورد بابڵێین لە
هەر چوار پارچەی کوردستان ئەیانناسن بەڵام بە داخەوە هیچ نێوێک لە ژنانی کۆمەڵە
نەبوو، ئەوترا کە ژنی پێشمەرگە بوونیان هەبووە شتانێکی زۆر کولی ئەوترا بەڵام زۆر
نەناسراو بوون هەم لە نێو بیرەوەرییەکانی
زوربەی خەڵکی کورد هەم لە نێو دنیای ئاکادێمیک. بە دەیان کاری ئاکادێمیک کراوە لە سەر خەباتی ژنانی سیاسی و
چەکدارانەی ژنان لە باکوور و ئەم چەند ساڵەی ڕابردووشە لە سەر ژنان لە ڕۆژئاوای کوردستان بەڵام بەداخەوە
مێژووی ژنی کۆمەڵە هیچ پێگەیەکی لەم حەوزە نەبوو. بۆیە یەکێک لە ئەهدافی سەرەکی من لەم کارە ئەوە بوو کە
مێژووی خەباتی سیاسی ژنانی کۆمەڵە لەو دەورە لە زمان خۆیانەوە بنووسمەوە. بۆ نموونە کێ بوون، لە
کوێ هاتوون، چیان کرد و چیان دەست کەوت. وە بۆ ئاوا فەرامۆش کران و بە دەگمەن
باسیان دەکرێت؟ بەڵام کارەکەی من تەنیا بە نووسینی مێژووی ژنانی کۆمەڵە لە زمانی
خۆیانەوە مەحدوود نەکراوەتەوە بەلامەوە
گرنگ بوو بزانم کۆمەڵە کە خۆی وەک بزووتنەوەیەکی ئاوانگارد و شۆڕشگێڕ و ئینقیلابی بە بیر و باوەڕی چەپ
ئەناساند چۆن لە سەر مەسەلەی ژنان هەڵسوکەوتی کردگە. شەهرزاد موجاب کە خۆی وەک ژنێکی سیاسی لە هەشتاکانا لە کوردستان حزووری بووە لە نێو پێشەکی
کتێبی " ژنانی کورد، ژنانی نەتەوەیەکی بێدەوڵەت " باسی ئەوە ئەکا
کە کۆمەڵە لە بەراوەرد لەگەڵ ئەو باقی سازمانە سیاسییەکانی کورد لە هەر چوارپارچەی
کوردستان زۆرتر بەرچاو بووە لە سەر تێپەڕاندنی ئەو جۆرە داب و نەریتانە کە بە ئاشکرا دژ بە مافی ژنان بوون. یا هەر وەها
کۆمەڵناسێکی فەرانسەیی باسی ئەوە ئەکا کۆمەڵە شەڕێکی بێ وچان دەست پێ ئەکات دژ بە
دابو نەریتەکانی فێئۆدالی و باوکسالارانەی کۆمەڵگای کوردی. کاتێک ئەوترێت کۆمەڵە
خۆی بە ئاوانگارد و شۆڕشگێڕ زانیوە تەنیا
ئیدیعائیەکی سێرف نەبووە، تەنیا لە سەتحی قسە نەبووە. بۆ نموونە ئەگەرچی کۆمەڵە
سازمانێکی زۆر جەوان بووە لە کاتی دەسپێکردنی خەباتی سیاسی دوای شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵئ ٧٩ تەجروبەیەکی سیاسی
وەهای نەبووە پێش لە شۆڕش بەڵام لە بواری ژنان خۆی زۆر بە ساحێو هەڵوێست دەر ئەخات. وەک نموونە بۆ یەکەمین جار لە
مێژووی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دوای شۆڕشی
گەلانی ئێران لە ژێر بڕیاری چەند ڕێبەری جەوانی ئەو کاتی کۆمەڵە بە تایبەتی لە
شارەکانی سنە و مەریوان ڕۆژی جیهانی مافی
ژنان ڕێزی لێ ئەگرێت. یا بە پێچەوانەی ڕێبەرە چەپەکانی ئەو کاتەی ئێران چەند
ڕێبەری ناسراوی کۆمەڵە پشتیوانی ئەکەن لە خۆ پیشاندانی ژنانی ئێرانی بە گشتی و ژنانی کورد بە تایبەتی دژ بە
حیجابی زۆرە ملی لە ئێران دوو حەفتە دوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران ئەویش لە
کاتێکا هەنووز زۆر کەس باوەڕی هەبوو بە دروستی مەسیری شۆڕش بە تایبەت بە کەسایەتی
و فیگوڕێک وەک خومەینی. ڕێبەرانی کۆمەڵە بێوەچان پشتیوانی ئەکەن لە بەشداری ژنان
لە سیاسەت و ئەمە تەنیا ئیدیعایەک نییە و لە کارەکەی منیش بە ئاشکرا دیارە. هەر
وەها بۆ نموونەیەکی تر کە باسی
لە سەر بکەین لە ئەساسنامەی کۆمەڵە بۆ
خودموختاری کوردستان باس لە بەرابەریی مافی ژن و پیاو ئەکرێت لە هەموو بوارەکانی
سیاسی، ئابووری، خانەوادە وەکوو میسال حەقی تەڵاق یا بەرابەریی ژن و پیاو لە حەقی
حەزانەتی مناڵ. بەڵام سەرەڕای ئەم خاڵ و
بۆچوونە پۆزیتیڤانە لە سەر کۆمەڵە، بڕێک لە فێمێنیستەکان کە لە سەر بزووتنەوە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان کاریان
کردووە باس لەوە دەکەن کە تا ئێستا هیچ بزووتنەوەیەکی سیاسی – کۆمەڵایەتی نەیتوانیوە خۆی لە سێکسیزم و
سیستمی پیاو سالاری بە تەواوی بپارێزت، هەر چەند بڕێک لەم بزووتنەوانە هەوڵیان
داوە هەم لە دیسکوورس و هەم لە کردەوە مافەکانی ژنان بپارێزن و دوور بن لە تەبعیز
بە نیسبەتی ژنان بەڵام بە پێی کانتێکست و شەڕایەت تا ڕادەیەکی زۆر یا کەم خۆیان
دەستیان بووە لە دووبارە کردنەوەی نۆڕمەکانی نێو کۆمەڵگا کە بە ئاشکرا دژ بە
مافەکانی ژنانن. تا ڕادەیەک کانتێکست و شەڕاییت بۆ نموونە لە کاتی شەڕا یان بوون
لە نێو کۆمەڵگایەکی بە تەواوی کۆنزێرڤاتیڤ و سوننەتی ئەبنە هۆی ئەوە کە حەتتا
بزووتنەوە پێشکەوتووەکانیش نەتوانن خۆیان بە تەواوەتی لەو دابونەریتانەی کۆمەڵگا
یا سیستمی پیاو سالاری کە بە سەر کۆمەڵگا دا زاڵە خۆیان دەرباز بکەن. بە پێی ئەم بۆچوونانە منیش پێم
خۆش بوو کە ئەم کارەم لە سەر ژنانی کۆمەڵە تەنیا بە باسێکی مێژوویی ڕووی قەتیس
نەمێنێت و هەر وەها ویستم بزانم کە کۆمەڵە لە پڕاکتێک و کردەوە چۆن هەڵسوکەوتی
کردووە لەگەڵ ژنان و مافەکانیان. ئیدیعاکان
و کردەوەکانی تا چ ڕادەیەک بەرگری کردگە لە مافی ژنان، لە کوێ کۆمەڵە توانیویەتی
دابونەریتەکان ببەزێنێ یا لە کام بوار کۆمەڵە نەیتوانیوە خۆی دەرباز بکات و ئەگەر وا بووە هۆکارەکانی چی بوون؟ بۆیە لە تەواوی
ئەو کارم لە پاڵی نووسینی مێژووی دووبارەی ئەو سەردەمە بە تایبەت لە زمانی خودی
ژنان پێم خۆش بوو باسی کردەوەی کۆمەڵە لە سەر مافی ژنان یا پێگەی ژنان لە نێو
کۆمەڵگە بکەم. بۆ نموونە ئایا تەجروبە و شەراییتی ژنان و پیاوان لە خەباتی سیاسی
کۆمەڵە، مەوانعێک کە لە سەر ڕێگەیان بووە هۆکاری تێکەڵ بوونیان بە سیاسەتی کۆمەڵە
چی بووە؟ هۆکاری پەیوەست بوونیان بە ڕیزەکانی پێشمەرگە چی بووە؟ ئایا تەجروبەی
پێشمەرگە بوون بە یەک شێوە لە لایەن ژنان و پیاوان تەجروبە کریاوە یا ژنان بە هۆی ژن
بوونیان تەجروبەیەکی جیاوازیان بووە بە نیسبەت پیاوانی پێشمەرگە. ئەمە ئەو پرسیارانە بوو یا ئەهدافێک بوو کە من لە ناو ئەو کارە بە دواییان
بووم کە جوابیان وەرگرم.
خاکی: زۆر سپاس، سەرچاوەکانت چی بوو ؟ مەئخەز و سەرچاوەت چی بوون لەگەڵ خەڵک قسەت ئەکرد، بە ئەسناد موڕاجەعەت
دەکرد، بە چی گەیشتی بەم نەتیجە
گیریانە؟
کەریمی: بۆ ئەم کارە ئەمن لە چەند رێفرێنسی جیاواز کەلکم
وەرگرتووە. بۆ نموونە لە نووسینەکانی ئەو دەمەی کۆمەڵە تا ساڵی ٩١، بۆ نموونە ٦٣
شمارەی نەشرییەی کۆمۆنیست کە
لە سەر سایت بوو ئەمە ڕاحەتترین و بڵێم کامڵترین ئاڕشیوێک بوو کە دەستم کەوت هەر
وەها ١٦ شمارەی نەشرییەی پێشەنگ و ١٢ شمارەی نەشرییەی پێشڕەوم لە دۆستانی تر بە ئەمانەت وەرگرت.
وێدێئۆیەکیشم لە سەر چەکدار کردنی ژنانی
کۆمەڵە دەست کەوت لە سەر یوتیوب کە بە سێ ئێپیزۆد دابەش کراوە و هەر وەها بۆ دەستخستنی زانیاری فرەتر لە سەر ئەو سەردەمە
هەوڵم داوە بیرەوەری پێشمەرگەکانی ئەو سەردەمە بخوێنمەوە هەم بۆ ناسینی فرەتری
کۆمەڵە و هەم ئەحیانەن ئەگەر باسی ژنان کریا بێت یارمەتیم بدەن. بۆیە تەقریبەن
دەتوانم بڵێم حدوەدی ٢٥ کتێبم
خوێندووەتەوە لە بیرەوەرییەکانی پێشمەرگەکانی کۆمەڵە کە تەنیا سێ کتێبی بە
دەستی ژنانی پێشمەرگەی کۆمەڵە نووسرا بوو بۆ نموونە کتێبی گولروخ قوبادی، ئەختەر
کەمانگر و کتێبێکی ئامینە کاکە باوە کە بە زمانی سوێدی نووسرا بوو و هاوڕێیەک بە
ناوی ڕووناک شوانی زەحمەتی کێشا سەد لاپەڕەیەکی وەرگێڕاوە بۆم تا ئەو جێگەیەی کە لە سەر دەورانی پێشمەرگایەتی
ئامینە باس کرا بوو. بیرەوەرییەکانی کە
خوێندمەوە بۆ ئەم کارەم تەنیا بیرەوەرییەکانی پێشمەرگەکانی کۆمەڵە نەبوو و هەوڵم
دا ئەگەر بیرەوەرییەکی پێشمەرگەکانی حیزبی دێمۆکڕاتیش هەیە ئەوانیشە بخوێنمەوە کە
باس لە شەڕاییتی ئەو دەورە دەکەن لە ڕوانگەی خۆیان و حیزبی دێمۆکڕاتیش، نەمەویست تەنیا لە ڕوانگەی پێشمەرگەکانی کۆمەڵە
سەیری ئەو دەورە و خەباتی ئەو دەورە بکەم
هەر وەها ئیتحتیمالم ئەدا کە بیروبۆچوونی ئەمانیش بە نیسبەتی ژنانی کۆمەڵەم بۆ دەست بکەوێت. بۆ نموونە کتێبی " ئازار
و ئازموون" ی کاک حاتەمی مەنبەری کە
بە ڕاستیش کەلکم لێ وەرگرت و یەکێک لە باشترین بیرەوەرییەکانی ئەو سەردەمە
بوو کەوتە بەردەستم و هەر وەها لەم ماویەشە، لەم چەند ساڵی ڕابردوویشە کارەکەی
ئێوە کە دەستان پێکرد و لە سەر تاریخی شەفاهی چەپ لە کوردستانا تەقریبەن تەواوی وتووێژەکانم
سەیر کردووە و بە تایبەت ئەوانەی کە لە سەر ژنان ئەکرا. سەرەڕای هەمووی ئەم
رێفرێنسانە بەڵام باشترین ڕێفڕێنس ئەتوانم بڵێم ئەو وتووێژانە بوو کە خۆم لەگەڵ چل و حەفت نەفەر لە ئەندامان و
لایەنگرانی کۆمەڵەی ئەو سەردەمە ئەنجامم دا ٣٧ ژن و ١٠ پیاو. لە ساڵەکانی ٢٠١٤ تا ٢٠١٧ بۆ نموونە
بۆ ساڵی ٢٠١٥ ماوەی مانگێک من سەردانی سوێدم کرد لە شارە جیاوازەکانی وەک
ستۆکهۆڵم، ئووپسالا، وێسترئۆس، یۆتەبۆری چاوپێکەوتنم کرد لەگەڵ پێشمەرگەکانی کۆنی
کۆمەڵە، هەر وەها ساڵی ٢٠١٦ بۆ ماوەیەک سەردانی ئەڵمانم کرد لە شارە جیاوازەکان بە تایبەت کوێلن و فڕانکفۆرت و
بۆ ئەوەی وتووێژەکان تەنیا لایەنی ئەندامانێکی خاس نەگرێتەوە هەوڵم داوە کەسانی
جیاواز هەڵبژێرم خەڵکی گوند و شار، کورد و غەیری کورد، کۆمەڵەی ئێستا یا کۆمۆنیستی کرێکاری، لەگەڵ
چەند کەسێکیش بە سکایپ و تەلەفۆنی پێوەندیم کردبەڵام زۆربەی وتووێژەکان لە ماڵی
ئەم کەسانە کرا و جاروباریش زۆر دوور و درێژ بوو و چەندین سەعاتێکی دەخایاند.
خاکی: من لێرا ئەتوانم شاهیدی بدەم بە چ پەیگیری و بە چ
دیقەتێکەوە تەعقیبت دەکرد و بارها و بارها لە شاهیدێکت دەپرسی واقیعەن کارێکی جالیب بوو. كێشەکان
چییە، گیرو گرفتەکان بۆ کارێکی تەحقیقی، بۆ لێکۆڵینەوە لە شتێکی ئاوا یانی
حەساسییەتەکان چییە، کێشەکان چییە؟ مانیعەکان چییە؟
کەریمی: بەڵێ ئەمە پرسیارێکی زۆر باش بوو چون بە ڕاستی کێشەی
زۆر بوو ئەم کارە. تا ئەو جێگەی کە من خەبەرم هەبێ ئەتوانم بڵێم کە ئەو کارەی منە کارێکی
ئۆرژیناڵە و ئەتوانم بڵێم تا ئەو جێی کە من خەبەرم بێ شایەد کارێک بێ بەڵام ئەمن خەبەرم نەبێت ئەوەڵین کارێکی ئاکادێمیکە کە لەم بوارە لە سەر ژنانی کۆمەڵە لە ساڵی ٨٠کان کراوە.
بۆیە بە ڕاستی کارێکی زۆر زەحمەت بوو و من ئەبوایە لە سفرەوە دەستم پێ بکردایە چون
کارێکی تر نەبوو کە من لە ڕێفرنسەکان کەلک
وەربگرم ئەبوایە بێ ئەوەی کە شناختێکی زۆرم هەبێ لە سەر کۆمەڵە و ڕابردووی بە دووی ڕێفرێنس و مەنبەع بچوایەم. بەڵام دەستڕەسی بە مەنبەع و
ڕێفرێنسی ئەو سەردەمی کۆمەڵەیش زۆر کارێکی ئاسایی نەبوو پڕ بوو لە کێشە. کۆمەڵەی دەیەی
هەشتاکان ئیتر ئەو کۆمەڵەی جارانە نەماوە گۆڕانێکی زۆری بە سەر دا هاتووە، چەندین
جار ئینشیعابی کردووە زۆربەی ئەندامەکانی
ڕێگای ئوڕووپا و وڵاتانی تریان گرتووەتە بەر و بۆیە بە ڕاستی زۆر زەحمەت بوو دەستم
بکەوتایە بە ئارشیوەکانی. بە بۆنەی
ئەو ئینشیعابە یەک لە دوای یەکە کە کراوە لە ناو کۆمەڵە هەر بەو جوورەش ئارشیوەکانیان پەخش وپەڵا بوون.
هەر گرووپ و لایەنێک باسی ئەوەی دەکرد کە ئارشیوەکەی لای ئەویدیکەس. بۆیە بەڕاستی بە یارمەتی چەند دۆست و ئاشنایەک کە ئەم ساڵانە ناسیانم توانیم بەشێک نە هەمووی ئارشیوی کۆمەڵە دەست خەم بۆیە بە داخەوە بنەمای کاری لێکۆڵینەوەکەم لە
سەر بەشێکە لە ئارشیوەکانی ئەو سەردەمە ئەنجام دراوە نە هەمووی. هەر چەند ئەتوانم
بڵێم بە دەست خستنی تەواوی ئارشیوەکانیش باسی
ژنان زۆر باسێکی حاشیەیی بوو، حەتتا ئەگەر هەموو ئارشیوەکانیشم دەست بخستایە ڕۆڵ و
پێگەی ژن، یا باسی ژن زۆر زۆر لە ناویانا کەم بوو، زۆر بە کەمی باسی ژنان کرا بوو.
بۆیە چارەسەری ئەم کێشە کە ئارشیوی کۆمەڵەش وەک ئاڕشیوی زۆربەی بزووتنەوەکانی تر
ئارشیوێکی زۆر زۆر پیاوانە بوو و ژنان زۆر بە کەمی لە نێویانا حزووری بوو هەوڵم دا
ڕێگای وتووێژبە سووڕەتی موستەقیم یانی بچم پێشمەرگەکان ببینم بە تایبەتی ژنان و لەگەڵیانا وتووێژ کەم. ئەنیا بە ڕاستی
زانیاری زۆر زۆر کەم بوو.
نەم ئەتوانی تەنیا ئەو وتوێژەیە توانی یارمەتیم بدات بۆ نموونە مەسەلەن باسی ئەوە
بکەم کە لە ناو ئارشیوی کۆمەڵە چەنێک باسی ژن زۆر بە کەمی کراوە بۆ نموونە
ئەتوانین بڵێین تاریخی وەرگرتنی ژنان وەکوو ئەندامی ڕەسمی کۆمەڵە لە نێو شەڕی
چەکداری کە یەکێک لە خاڵە موهیممەکانی کۆمەلەس و ئێستاش کۆمەڵە شانازی پێوە ئەکا
دیار نییە، ئەسڵەن مەعلووم نییە من لە چەندین کەس پرسیومە کە ئێوە لە چ تاریخێک
بوون بە ئەندامی ڕەسمی کەس بە وردی باسی
ناکا یان تاریخی دەقیقی ئەوەڵین گرووپێک کە چەکدار ئەون باسی ئەوان نییە، هەرچەند
فیلمەکە لە سەر یوتیوب هەیە
بەڵام تاریخێکی پێوە دیار نییە کە ئەمە کەیە و لە کوێوە بووە دەقیقەن. لە
سەر زۆر شتی ورد تاریخ هەیە بەڵام کە دێتە سەر باسی ژنان زۆربەی شتەکان ناڕوون و
نادیارن. بۆیە منیش بە پێێ وتوێژەکانم تاریخێکی ئیحتیمالیم داوە بۆ ئەم دوو بڕیارە
مێژووییەی کۆمەڵە بۆ میسال کە باسی کەم کە شت زۆر کەم بوو
لە سەریان. بەڵام خودی وتووێژەکانیش
زۆر کارێکی ڕاحەت نەبوو. بۆ نموونە من ئەتوانم تەقریبەن بڵێم بۆ هەمووی ئەو کەسانە کە لە گەڵیان وتووێژم کردووە من خۆم
کەسێکی نەناسراو بووم ئەوان منیان نەئەناسی. هەر ئەو جۆرە کە ئێوەش پرسیارتان کرد
ئایا خانەوادەت کۆمەڵەیی بووە یان نا؟ نە خۆم نە خانەوادەم کۆمەڵەیی نەبوون و ئەمە
کارێکی وای کرد بوو کە زۆر بە زەحمەت ئەمتوانی متمانەی ئەو کەسانە بە دەست بێنم.
کاتێک کە ویستم دەست کەم بە وتوێژ ژمارە تەلەفۆن و ئی مەیلی چەند ژنم وەرگرت
ئەوانیش زۆر بە خۆشحاڵییەوە هاتن بە دەممەوە بەڵام دوای ماوەیەک پەیامیان دا کە بۆیان ناکرێت.
وردە وردە زانیم کە متمانەیان بە من نییە و ئەمەش بۆ من زۆر ئاسایی بوو بۆیە
ئەبوایە چارەسەرییەکم پەیدا کردایە، چارەسەرییەکەم چی بوو بڕیارم دا لە ڕێگەی
کەسانی ناسراوتر لەگەڵ پێشمەرگەکانی
کۆمەڵە پەیوەندی بگرم. بۆ
نموونە لە نێو ئەوانە کە ئێستا خۆیان بە کۆمەڵە ئەزانن یان بڕێک ئەو حیسی
کوردایەتیان زۆرتر بوو یا ئەوانەی کە خۆیان بە کۆمۆنیستی کارگەری ئەزانن هەوڵم دا
لە ناو کەسانێک کە لە ناو ئەم گرووپانە دا ناسراوترن، کەسانێکی بەرچاون
ئیحتیرامێکیان هەیە لەگەڵ کەسانێک لەوانە بۆ ئەوەڵ جار پەیوەندی بکەم و هەر وام
ئەکرد بۆ نموونە وەختێک چووم بۆ سوئێد بۆ ئەوەڵ جار لەگەڵ کاک ڕەشادی مستەفا سوڵتانی پەیوەندیم کرد و بۆ ماوەیەکیش لە ماڵی ئەوانا بووم، هەم خۆی
و هەم هاوسەرەکەی زۆر زۆر زەحمەتیان کێشا لە گەڵم هەم ئیتیلاعاتێکی کولییان ئەدا
پێم کە مەسەلەن بۆ نموونە کێ هەیە لە شاری ستۆکهۆڵم ئەتوانم لەگەڵیا پەیوەندی بکەم
. ئەمانە کێن چ تەجروبەیەکیان بووە، چ کارە بوون ئیتیلاعاتێکی کولی ئەدا پێم و خۆی
بوو لەگەڵ ئەو ژنانە یا پیاوەکان پەیوەندی ئەکرد ومنی پێیان ئەناساند. فڵانی
هاتووە لە سەر ژنانی کۆمەڵە ئەیەوێ کار کات و پێی خۆشە لەگەڵتان کار کا و بە پێی
کاک ڕەشاد کەسەکانی دیکەش وردە وردە متمانەیان بە من ئەکرد. و هەر وەها لە
ئەڵمانیش بۆ نموونە لەگەڵ کەسێک کە کۆمۆنیستی کارگەری یە، شەهنازی مورەتەب لەگەڵ
ئەوا کە ئاشناییەکی زۆر کۆنم بوو لە گەڵیا لەگەڵ ئەوا پەیوەندیم کرد و ئەو بوو
لەگەڵ ژنانی کۆمۆنیست کرێکاری لە ئەڵمان
لە شارە جیاوازەکان پەیوەندی دەکرد و منی بە ئەوان ئەناساند. بەڵام زۆر باش بوو کە
کاتی وتووێژەکان دەستی پێ کرد بە هۆی ئەو متمانە کە دروست کرا بوو، منیش بە وردی
خۆمیانم پێ ئەناساند وتووێژەکان زۆر بە باشی ئەچووە پێشەوە و تا ئەو جێگەش کە بۆم
ئەکریا خۆمم لە ناکۆکییەکانی ئێستای لە بەینی شاخە جیاوازەکانی کۆمەڵە کە ئێستا بە
تەواوی مونشەعیب بوون خۆم ئەپاراست یانی فۆکوسی ئەسڵیم لە سەر تەجروبیاتی ژنان بوو
بۆیە ئەوانیش ئەیانزانی کە من بە دووی کوتانی ئەملایان و ئەولایان نیم و بەڕاستی
فەقەت لە شوێنی ئەوەم کە تەجروبەکانی ژنەکان دەربخەم بۆیە متمانەیان ئەکرد و زۆر بە وردی جوابی
منیان ئەداوە. کێشەیەکی تر ئەوە بووە لە بەر ئەوەی خەباتی ئەو دەورە و تەجروبیاتی
پێشمەرگەکان بە تایبەت ژنان بە هیچ شێوەیەک نە نووسرا بوو هەرکەس لە ڕوانگەی
خۆیەوە باسی ئەو دەورەیە ئەکردۆ. بۆ نموونە ژنێک کاتێک کە پەیوەندی دەکا بە کۆمەڵە
زۆر منداڵ بووە تەمەنی چواردە پازدە ساڵ بووە ئەیگوت هیچ ڕێگرییەک بۆ نموونە لە
لایەن پێشمەرگەکانەوە یا کەسە سیاسییەکان نە بووە، بەڵام ژنێک کە تەمەنی زۆرتر بوو
ئەیوت نا بە شیدەت چون ئێمە تەمەنمان زۆرتر بوو ئەو
ڕێگریانە زۆر بوو. بۆیە هەر کەسێ لە ڕوانگەی خۆیەوە شتەکانی باس ئەکرد ئیتر من
مەجبوور ئەبووم کە هەر پرسیارێک لە چەند کەس، لە دە کەس، پانزدە کەس بپرسمەوە بۆ
ئەوەی تا حەدێک لە ڕاستییەکانم دەست بکەوێت. یا بۆ نموونە نزیک بە سی ساڵە لەو
سەردەمە تێپەڕ ئەوێت زۆربەی پێشمەرگەکان
ئەمڕۆ دانیشتووی وڵاتانی ئوڕووپا و وڵاتەکانی دیکەن بۆیە بە چاوێکی زۆر ڕەخنەگرانە
باسی ئەو سەردەمیان ئەکرد. یان خەباتی ئەو سەردەمیانە پێ هیچ بوو لە بەر چاویان
نەئەگرت ئەگەرچی بیرەوەرییەکانیان زوربەیان ناخۆش بوون پڕ بوون لە سەختی بەڵام
باسی هۆکارە سەختەکانیان نەئەکرد مەجبوور ئەبووم لێیان بپرسم تا هۆکارەکانیش بە
وردی دەربخەم. هەر وەها بە هۆی ناکۆکی ئێستای نێو لایەنە جۆر بە جۆرەکانی کۆمەڵە زۆربەی کەسەکان بە
بیروڕای ئیدێئۆلۆژیکی ئەمڕۆیان چاویان لە ڕابردوو ئەکرد بۆ نموونە بڕێک کەس کە
ئەمڕۆ خۆی بە کۆمۆنیستی
کرێکاری ئەزانێت زۆر باسی خەباتی ژنان لە نێو شاری نە ئەکرد و ئەیانەویست بڵێن
ئەگەر ژنان پێگەیەک و جێگەیەکیان لە ناو کۆمەڵە وەکوو پێشمەرگە بە دەست هێناوە دوای دروست بوونی حیزبی
کۆمۆنیست بووە لە ساڵی ١٩٨٣. یا ئەوانەی
تر کە زۆر ناکۆکترن لەگەڵ کۆمۆنیستی
کرێکاری تەئسیراتی دروست بوونی
حیزبی کۆمۆنیستیان لە سەر ژنان تا ڕادەیەک لە بەر چاو نەئەگرت. بۆیە مەجبوور
ئەبووم پرسیارەکان زۆر بە وردتر پرسم و زۆرتر تەجروبیاتی خۆیان و نەهێلم کە بچوا بەرەو لای ئەو ناکۆکییە ئیدێئۆلۆژیکیانەی
ئەمڕۆیان. بەڵام بە خۆشحاڵییەوە زۆربەی باسەکان زۆر تێر و تەسەل بوون، زۆر شتیان
لێ فێر بووم و زۆر ڕاشکاوانە باسی ڕابردووی کۆمەڵە و خۆیانیان ئەکرد. هەر چەند ڕابردووی خۆیان بوو بەڵام زۆربەی
ڕاستییەکانیان دەر ئەخست و ئەمە بووە هۆی ئەوەی کە کارەکەم بە ڕای خۆم یا بە ڕای
ئەو کەسانەش کە کارەکەمیان خوێندووەتەوە کارێکی پڕ بایەخ بێت و وەکوو مێژوویەک
بمێنێت بۆ ژنی کورد لە ڕۆژهەڵات.
خاکی: زۆر سپاس، ئێوە ئیشارەتان کرد بە وەی کە حەتتا لەگەڵ
ژنانی ناو حیزبی دێمۆکڕات یان ئەفڕادێک لە ناو حیزبی دێمۆکڕاتا قسەتان کردووە
چەندێک لە ناو کۆمەڵگاشەوە هاتن تەنها لە ناو کۆمەڵە و شاخەهای جۆرواجۆری
ئینشیعابەوە نەبێ کە بزانن تەئسیراتی ئەم شتە چی بووە، کاردانەوەی چی بووە، چۆن
بووە خەڵک چۆن بەرخوردیان بەم مەسەلە کردووە ئایا هەر لە ناو ئەو چوارچێوەی
تەشکیلاتەوە تەماشای ئەم تەحقیقەت کرد یا هاتیتە ناو کۆمەڵگا و لە کۆمەڵگایشەوە
تەماشایەکی بکەیت؟
کەریمی: نە بەداخەوە ئەمن ئەمەم بۆ نەکرا چون ئەمە باسێکی تا
ڕادەیەک سیاسی بوو هەم بۆ خۆم نەئەکریا هەم بۆ کەسەکانیش لە ناوەوەی وڵات. ئێوە کە
باسی کۆمەڵگا دەکەن مەنزوور لە نێوەوەی ڕۆژهەڵاتە ئەمە کارێکی زەحمەت بوو هەم بۆخۆم، هەم بۆ ئەو کەسانەش
کە ئەمەویست لەگەڵیانا قسە کەم بۆیە نا من تەنیا وتووێژەکانم لەگەڵ ئەو کەسانەی کە
لە نێو خودی کۆمەڵە بوون، من تەنیا
تەجروبیاتی ژنان لە ناو خودی کۆمەڵەم بۆ موهیم بوو. کاتێک
کە باسی شۆڕشی ناو شاریان ئەکەن هەنووز کە
حەملە نەکراوە بە کوردستان ساڵی ٨٠ و ژنەکان کە ٨١ لە ناو شارا بوون باسی ئەو
سەردەمە دەکەم لە زمانی خودی ژنانی کۆمەڵە
کە چۆن خەڵکی کۆمەڵگا لەگەڵ ئێوە بەرخوردیان ئەکرد، هەڵسوکەوتیان ئەکرد،
خانەوادەکانتان چۆن بوو، جیاوازی خانەوادەکانتان لەگەڵ کچێکیان کۆمەڵەیی یە و کوڕێکیان کە کۆمەڵەیی یە، لە نێو
کۆمەڵگایەک کە چەپ بوون یا کۆمەڵە بوون
زۆر شتێکی باش نەبوو، یانی تا ڕادەیەکی زۆر بە خراپی چاویان لێ ئەکردن وەکوو
کۆمۆنیست، وەکوو خوا نەناس وەکوو ئەوەی کە زۆر ئەخلاقیان لە بەرچاویان نییە لە
زمانی خۆیان ئەمپرسی. نە ئەکرا لە نێو کۆمەڵگا بپرسم حەتتا من زۆر پێم خۆش بوو کە
لە پێشمەرگە کۆنەکانی کۆمەڵە کە ئەوانەی کە لە نێوەوەی وڵاتن لەگەڵ ئەوانیشە
وتووێژ بکەم بەڵام بە داخەوە بۆم نەکریا بە هۆی کاروباری ئەمنییەتی و کێشەی
ئەمنییەتی کە ئەیتوانی دروست بێ بە داخەوە ئەو کارەم نەکرد.
خاکی: ئێوە بۆتان دەرکەوت لەو تەحقیقە چەند دەر سەد حدوودەن
لە تەشکیلاتی عەلەنی کۆمەڵە لە پێشمەرگە ژن بووە؟
کەریمی: بە داخەوە هەر ئەو جۆرە کە وتم لە سەر ژنان شت زۆر کەم
بوو و ئەویشە زۆر بە سەختی بە دەستم کەوت یانی
هیچ ئامارێک یانی حەتتا کۆمەڵە خۆی ئەگەر ئامارێکی ژنانی کووژراوی داوە لە ساڵی هەشتاکانا، ١٠٣ ژنن حەتتا ئەو ئاماریشە
ئامارێکی دروست نەبوو. و من مەجبوور بووم کە دانە بە دانە بە شوێنی ئەو کەسانە
بگەڕێم کە ئایا کۆمەڵەیی بوون، چۆن کووژران، هۆی کووژرانەکەیان، لەچ ساڵێک بوو
یانی حەتتا لەو سەد نەفەریشە
ئیتیلاعات زۆر کەم بوو و یا ئەسڵەن بازێکیان شەهید کە بڵیی لە نێو کووژراو، کە بڵێی لە ناو زیندانا کووژراون. لە
ناو شەڕا کووژرا بوون بڕێکیان ئەسڵەن وا نە بوون بۆ نموونە دوو مەورید ژنانێکیان
تێدا بوو فەقەت بە هۆی نامووسی کووژرابوون لە لایەن مێردەکەی یا ئامۆزاکەی یا
کەسێک خۆی کوشتبوو مەبەستم ئەوەسە کە حەتتا ئەو ئامارە پچووکە شتێکی دروست نەبوو بۆیە
زۆر سەخت بوو کە من ئامارێک و تێعدادێکی
دەقیقتر دەر بخەم. لە سەر ئەوەی کە تێعدادی ژنان چەند بوو ئەمن لە زۆر کەسم پرسی بەڵام بە داخەوە جواوێکی دەقیق
نەبوو و من دووبارە بە پێی قسەی پێشمەرگەکان کە پێم وایە حەتتا لە خۆتانیشم پرسی
ئامارێکی ئیحتیمالیم دا یانی تەقریبەن وتم ئەگەر سێ هەزار، سێ هەزارو پانسەد
پێشمەرگەی کۆمەڵەمان بێ چوارسەد تا پانسەد نەفەری ژن بووە هەر ئیحتیمالم لێ داوە.
خاکی: زۆر سپاس. ئەگەر کەمێکیش بە ئیستیلاح باسی ساختار و
ستارکجری تێزەکەتان باس کەی کە فەسڵ
بەندییەکەی چۆنە، لە هەر فەسڵێکا باسی چیتان کردووە؟
کەریمی: کارەکەم بە گشتی لە سێ فەسڵا دابەش کردووە. لە فەسڵی
ئەوڵ هەوڵ دراوە بە سێ پرسیار جواب بدەمەوە. بۆ نموونە بۆ ژنانی کورد بە گشتی و
کۆمەڵە، ئەو ژنانەی کە دواتر دوای شۆڕشی گەلانی ئێران پەیوەست دەبن بە کۆمەڵە بۆ
بەشداری دەکەن لە شؤڕشی گەلانی ئێران و کەی تێکەڵ ئەبن بە شۆڕش و دوای ئەوەی کە
تێکەڵ دەبن داواکارییەکانیان چییە؟ بۆ جواب دانەوە بەو پرسیارە بارودۆخی ژنانی
کورد بەر لە شۆڕشی ئێران بە تایبەت لە ساڵی شەستەکان و حەفتاکانم لە ژێر
سیاسەتەکانی ڕێژیمی پاشایەتی لە بواری
ئابووری، سیاسی و کولتووری خستووەتە بەر باس و هەر وەها پایگاهی ژن لە نێو
کۆمەڵگەی کوردی کە زۆرتر ئەم ژنانە زۆرتر مەحدوودکراونەتە ناو خانەوادە ئەگەر
بڵێین کەسانێک براکانیان ئەتوانن بچن بۆ زانکۆکانی تاران بچن بۆ کار کردن بۆ
شارەکانی تر هەرچەند سیاسەتەکانی ڕێژیمی پاشایەتی ناوچە کوردنشینەکانی زۆر مەحدوود
ئەکاتەوە زۆر ناوچەیەکی مەحرووم و پەراوێز خراون لە لایەکی تر ژنەکان بە هۆی ژن
بوونیشیان لە نێو کۆمەڵگای کوردی فشارێکی زۆرتر لە سەریانە بۆیە ژنەکان بە
پێچەوانەی بڕێک لە براکانیان یان پیاوەکانی تری کورد کە ئەتوانن بچن بۆ شارەکانی
تر لە دەرەوەی کوردستان، بچن بۆ ناو حیزبی تر لە دەرەوەی
کوردستان ئەمان زۆربەیان تەقریبەن لە شۆڕشی ئێران دەست ئەکەن بە خەباتی سیاسی و تێنە
نێو خەبات و هەر وا پرسیارێکی تر ئەخەمە بەر باس بۆچی لەم دەورە باسی مافی ژن
مەترەح نابێ مەسەلەن بۆ نموونە ئەگەر لە ئینقیلابی مەشڕووتییەت بڵێین ئەوانەی کە
تێن بەشداری ئەکەن تا ڕادەیەک باسی ژنان ئەکەن یان ژنانێک کە خۆیان بەشداری ئەکەن
بەو بارودۆخە کە دروست بووە باسی مافی ژنان ئەکەن بەڵام لە شۆڕشی ئێران بە
پێچەوانەی ئەوەی کە زۆرێک لە خوێندکارەکان تێن بۆ دەرەوەی وڵات، ئامریکا، ئوڕووپا
بێ، خوێندواریان تێدایە ئەوانەی تاران و
شارە گەورەکانی تر بەڵام باسی ژنان مەترەح ناوێ. من لەو ئاخری فەسڵی یەکە باسی ئەوە ئەکەم کە بۆ باسی مافی ژنان مەتڕەح
ناوێت و لەوێ جواوی ئەو پرسیارەم داوەتەوە، کە حەتتا ژنە کوردەکانیش. لە بەشی دوو
و سێی کارەکەم هەوڵم داوە باسی خەباتی
ژنان لە نێو کۆمەڵە بکرێت. ئیتر لێرە ئیختیساسم داوە بە باسی کۆمەڵە و لە
فەسڵی ٢ باسی خەباتی ژنان دەکەم لە نێو شار لە دوای شۆڕشی ئێران تا ساڵی ١٩٨١ کە
زۆربەی ژنەکان شارەکان بە جێ تێلن و پەیوەست دەبن بە کۆمەڵە. چون ئەگەر پێشمەرگەی
پیاو تەقریبەن لە مەی ١٩٨٠ شەڕی چەکداری دەست پێ ئەکا ئەوان ئەبنە پێشمەرگە
هەرچەند پێشتریش شەڕی سێ مانگەمان بووە بەڵام کە تێمە سەر باسی ژنان ئەمن شەڕی
دوەمم بۆ موهیمە ژنەکان درەنگتر ئەبنە پێشمەرگە. ئیتر لێرە دا باس دەکەم کە ئەم
ژنانە کێن کە ئەسڵەن تێن بەرەوڕووی پێشمەرگە هۆکارەکەی چییە و کاتێک ئەوەندە
لایەنگری کۆمەڵەن خەباتی نێو شاریان چی بووە، بەربەستەکانی بەردەم ئەم ژنانە چی
بووە و لە ئاخرەوە ژنان بۆ بڕیار ئەدەن ببنە پێشمەرگە ئایا ژنان خۆیان وەکوو
هەڵبژاردنێکی سیاسی و ئیدێئۆلۆژیک بڕیار دەدەن ببن بە پێشمەرگە تێکەڵی شەڕی
چەکداری بن یا لە ڕووی زەروورەت و لە ڕووی ناچاری ئەبن بە پێشمەرگە. ئەمە لە بەشی
دوو هەوڵم داوە وڵامی ئەم پرسیارانە بدەمەوە بەڵام لە بەشی ئاخریدا فەسڵی سێ
ئەتوانم بڵێم لە ساڵی ١٩٨١ تا ساڵی ١٩٩١
کە ئەوەڵین ئینشیعابی کۆمەڵە
دەست پێ ئەکا لێرەدا باسی خەباتی ژنانم کردووە لە نێو پێشمەرگایەتی. لەم بەشە باسی
ئەوە دەکرێ بۆ نموونە کە ڕەوتی چەکدار بوونی ژنان چۆنە؟ هەر چەند ژنان دێرتر هاتوونەتە
دەرەوەی شار لە ساڵی ١٩٨١ وەرئەگیرێن وەکوو ئەندامی ڕەسمی بەڵام چەکدار بوونیان
چۆنە؟ ژنان چ قۆناخێک تێپەڕ ئەکەن بۆ ئەوەی ببنە چەکدار یا لە نێو دنیای پێشمەرگایەتی
کە زۆرتر وەکوو دنیایەکی پیاوانە چاولێ ئەکرێ دنیایەک کە بۆ پیاو دروست کریایە نە بۆ ژنێک کە کۆمەڵگا
وەکوو بوونەوەرێکی زەعیف و حەساس کە بۆ
شەڕ دروست نەکراوە ئەمانە چۆن ئەتوانن جێگە و پێگەیەک بۆ خۆیان دروست کەن لە نێو
دنیای پێشمەرگایەتی کۆمەڵە. لە بەشێکی تر باس لە کۆنسێپتی بنەمالە یا خانەوادە لە
نێو پێشمەرگایەتی ئەکرێ، باسێکی زۆر زۆر موهیمی ئەم کارەی منە بە خۆشحاڵییەوە بەڵام
باسێکە کەسانێک کە باسی شەڕی چەکداری ئەکەن، باسی بزووتنەوەی سیاسی – کۆمەڵایەتی
ئەکەن زۆر گرینگی پێ نادەن. ئیحساس
ئەکەم پێیان وایە زۆر سیاسی نییەو زۆر موهیم نییە بەڵام من گرینگییەکی زۆر زۆرم
داوە بەم بەشە و ئەتوانم بڵێم یەکێک لە
باشترین و دەوڵەمەندترین باسەکانی من لە سەر باسی ئیزدیواج و منداڵ دار بوون و
خانەوادە و شەڕی دەسەڵات لە نێو پێشمەرگەی پیاو وەکوو مێرد و پێشمەرگەی ژن وەکوو
هاوسەر بووە. ئایا ئیزدیواج شتێکی موسبەت بووە یا تەئسیراتێکی بەرچاو نەکراوی نێگاتیڤیشی بووە لە سەر ژنانی
پێشمەرگە؟ لە ئاخری ئەم بەشەیش باسی ئەوە کراوە کە بۆچی لە دەیان ژنانی کووژراو و
سەدان ژنی پێشمەرگە لە کۆمەڵگایەکی پیاو سالار بە هەموو بەربەستەکانی بەردەم ژنان
کە توانیویانە بێن ئەتوانین بڵێین لە پیاوانەترین شت کە فەقەت دنیا دنیایەکی
پیاوانەس ئەمانە بەشداریان کردووە، حەوموو ڕۆلێکیان گێڕاوە بەڵام ئێمە بۆ هیچکام
لەو ژنانە ناناسین بۆ نێوێکیان نییە؟ ئایا ئەمە کۆمەڵگای کوردی بووە کە نەیهێشتووە
ئەمانە بەرچاو بن و ئێمە کۆمەڵە تەنیا بە پیاوە گەورەکانی ئەناسین، بە شەهیدەکانی
بە شەهیدە پیاوەکانی دەناسین بەڵام هیچ کام لەم ژنانە کە حەتتا کووژراون، لە نێو
سەختترین شەڕەکان کووژراون ئێمە هیچکام لەمانە ناناسین ئایا ئەمە خەتای کۆمەڵگا
بووە، یا خودی کۆمەڵەش بە جۆرێک تەئسیری
بووە لە لاوازکردنی نێو پێگەی ژن وەکوو سەمبولی کۆمەڵە. لێرا هەوڵم داوە جواوی ئەو
پرسیارانە بدەمەوە.
خاکی: زۆر سپاس، ئیشارەت بە شتێکی زۆر گرینگ کرد بە نەزەری
من. ژنان پێناسەی کۆمەڵە بوون یانی کۆمەڵە یانی هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵەیان بە
مەسەلەی ژنەکانەوە زۆر ئەناسی و فەرمووتان ئەوەڵین حیزبێکیش بوو کە لەو میقیاسەدا
خەڵکێکی زۆری هێنا هەم بۆ
ناو پێشمەرگە هەم بۆ ناو تەشکیلاتە مەخفییەکەی بەڵام بە داخەوە وەختێک ئەو هەموو
ژنە هاتن لە ناو خودی تەشکیلاتا ئەو جێگە و پێگەیان پەیدا نەکرد لە سەتحی ڕێبەری حەتتا کۆمیتەکانی ژێر ڕێبەریش. ئێوە لە
لێکۆلینەوەکەتاندا هیچ شتێکی واتان باس کردووە؟
کەریمی: بەڵێ بەڵێ، لەوێ
وتم هەر لەم بەشی ئاخرییە کە وتم
بۆ ژنانی کۆمەڵە دیار نین، بۆ ئێمە نایانناسین هەم ئێمە وەکوو خەڵکی ڕۆژهەڵات،
پارچەکانی تر کە زۆر بە کەمی ئەیانناسن. من بۆ خۆم نەیانم ئەناسی، من لەم ساڵانە
کە دەستم کرد بە کار کردن وردە وردە ئەم ژنانەم ناسی و بەڕاستی ژنانێکم بینا لە
وتووێژەکانا کە ئەسڵەن زۆر زۆر خۆشحاڵ بووم بە ناسینیان کە ئەم ژنانە بەو هەموو ناسینە بەو شێوەی قسە کردنە بەو هەموو
تەجروبیاتی گرینگە کە بوویانە بۆ ئەبێ کۆمەڵگای کوردی یا کۆمەڵە، ئێمە وەکوو
کۆمەڵگا ئەم ژنانمانە تا ئێستا نەناسیوە و بۆ ئەبێ کۆمەڵە جێگە و ڕێگەیەکی نەدابێ
بەو ژنانە کە ئەمانە دەرکەون
وەکوو کەسایەتییەکی سیاسی. بە ڕاستی من خۆم زۆر زۆر پێم سەخت بوو زۆر بە داخەوە کە
من ئەو شتانەم، خۆشحاڵ بووم کە ژنانێکی وام ناسی بەڵام بە داخەوە کە ژنانێکی وام
وەکوو کەسایەتییەکی سیاسی لە نێو کۆمەڵە من هیچ وەخت نەناسیبوو. بەڵام لەو بەشی
ئاخری کارەکەم من هەوڵم داوە بەو پرسیارە جواو بدەمەوە. بۆ نموونە باسی ئەوەم
کردووە کە لە دەیەی هەشتاکانیش کە
پەکەکەش دا ئەمەزرێ لەو دەورەیچە ژنی ئەوانیش
زۆر کەم ناویان بوو بەڵام چون پەکەکە خەباتێکی
بەردەوام بوو تەقریبەن چل ساڵی تێ
پەڕاندووە وردەوردە ئەم ژنانە دەستیان کرد بە وێستاندن لە بەرابەری ئەو ساختارە پیاوانەیەی پەکەکە و بەرە بەرە
خۆیانیان دەرخست بەڵام ژنانی کۆمەڵە خۆ ئەو دەرفەتیانەیان نەبوو خودی کۆمەڵە
سازمانێکی جەوان بوو، بێ
تەجروبە بوو، تەنیا دە ساڵ شۆڕشەکەی خایاندی لە نێو ڕۆژهەڵاتا
بۆیە دەرفەتێکی وای نەبوو دوای
ئەویچە هاتن بۆ ئوڕووپا و ئەوانە کە ئیتر زۆر لە کۆمەڵگای کوردی دووریانی خستۆ زۆر
کەسی تووشی دڵساردییەکی زۆر کرد چ ژنان، چ پیاوان بەڵام خودی کۆمەڵەیەش تەنیا کێشەکە کێشەی شەڕ و ئەوەیکە کاتەکەی کەم بوو دەرفەت نەبوو وەکوو پەکەکە بەڵام خودی
کۆمەڵەیەش هەندێک بەربەستی
دروست دەکرد یانی ئەو ئەهەمییەتە ئەو گرینگی دانە بە مافی ژنان یان بە
پێگە و جێگەی ژن لەو کاتە شتێکی وا نەبوو و چەند میسالم داوە لە ناو کارەکەم ئێستا پێویست ناکا
بە وردی باسی بکەم کۆمەڵەش ئەو هەوڵەی نەداوە کە پێگەی ژنان پێش بخات.
خاکی: زۆر سپاس. ئیشارەتان بە پارتیی کرێکارانی کوردستان کرد
ئایا هیچ جیاوازی و تەشابوهێک هەیە لە بەینی ژنانی کۆمەڵە و باقی ژنەکانی
ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەرچەند ئەوان ژنیان زۆر کەم لەگەڵ بووە و ئەوانە. دەورێک
پەیکار و ئەوانە یا سازمان چریکەکان ژنیان لەگەڵ بوو.هیچ تەفاوەت و جیاوازییەک
هەیە یا هیچ ئیشتراکێک هەیە، هاوبەشی؟
کەریمی: من زۆرتر لە
سەر ژنانی بڵێین پەیکار یا سازمان فیدائیانی خەلق و ئەوانە لە سەر ئەوانە شتم
خوێندووەتەوە، زۆرتری کارەکان بەر لە شۆڕشی ئێرانە دوای شۆڕشی ئێرانیش بڕێک کار
کراوە بەڵام هەر ئەو بەربەستانە کە لە پێشی ژنی کۆمەڵە بووە لە نێو ئەوانیشا بووە،
بۆ نموونە کۆمەڵە بۆ چوون لە نێو کۆمەڵگای
کوردی بە حیزبێکی کۆمۆنیست دەیناسن و کۆمۆنیستیش زۆر شتێکی، تەفسیرێکی باشی لێ
نەئەکریا زۆر ئەندامەکانی
مەحدوود ئەکردەوە ئێستا خۆ سەدا لە
سەد ئەندامەکان ئەو شتانەیان پێش نەئەخست بەرچاویان نەئەگرت بەڵام
لە کولییەتا زۆر زۆر مەحدوود ئەکرانەوە بۆ نموونە سازمان فەدائیان بەر لە
شۆڕشی ئێران مەسەلەن بووە ژن و پیاو دڵیان چووە لە یەک بەڵام ئەوان لە نێو شەڕی موسەلەحانە بوون و ئەیان وت کاتی ئەو شتانە نییە و
ئێمە دوور ئەخاتەوە لە ئەهدافە سیاسییەکانمان، مەسەلەن پیاوەکەیان کوشتووە
بڕیاریان داوە کە ئێعدامی کەن، ئێعدامی
ئینقیلابی بۆ وەی کە لە شۆڕشەکەی دوور بووەتەوە. بۆیە بە ڕای من لە سەر چەپەکانی
ئەو دەورەی ئێران زۆر تەشابوهێکی زۆر هەیە؛ مافی ژنان زۆر بۆیان موهیم نییە، ئەولەوەییەتەکانیان ئەوەیە کە ئایا جامیعەی ئێران سەرمایەدارییە نییە، زۆر لە باسەکان
تێئۆریک بوو و مەسەلەی ژنان و باسی فێمێنیزم یا هەر شتێک وەکوو شتێکی ئەمپریالیستی
چاویان لێ دەکرد وەکوو شتێک کە ئەمە دەسکردی دنیای غەربە، شتێکی ئینحیرافییە و ئێمە ئەگەر ئەمانەوێ شۆڕشێک
بکەین ژن و پیاو بە یەکەو
ئەبێ ئەم شۆڕشە بکەین بێ لە بەرچاوگرتنی ئەوەی کە ژن مەسائیلێکی تایبەت بە خۆی
هەیە کە هەر سازمانێک، هەر بزووتنەوەیەکی سیاسی – کۆمەڵایەتی ئەبێ ئەو
تایبەتمەندییانەی مافی ژنانە لە بەر چاو بگرێت. بۆیە من بە خوێندنەوەیەک کە کردم
لە سەر سازمانەکانی تر بەر لە شۆڕشی ئێران و بڕێک کار کرا بوو بە
ڕای من تەشابوهێکی زۆر زۆر بوو، بەڵام ئەوەی کە ژنی کۆمەڵە هاتە نێو خەباتی
چەکداری، لە نێوان شەڕی ئێران و عێڕاق، لە نێوان شەڕی کۆمەڵە و دێمۆکڕات، شەڕی
کۆمەڵە لەگەڵ هێزەکانی جمهووری
ئیسلامی بۆیە وەزعییەتەکە زۆر زۆر
خراپتر بوو لە سەر باسی ژنان.
خاکی: زۆر سپاس، وەکوو ئاخرین پرسیارم،نەتیجەگیری هی کولی تەحقیقاتەکەت چی بوو بۆ خۆت
ئەوەی کە کۆمەڵگاش بتوانێ ئیستیفادەی
لێ کا یا ژنان یا جونبیشی فێمێنیستی بتوانن لەوە ئیستیفادە کەن ئەگەر بتوانی باسی
بکەی؟
کەریمی: ئەگەر بە وردی چاو لە ڕەوتی بەشداری ژنان لە کۆمەڵە
بکەین بۆمان دەرئەکەوێت کە بەشداری ژنان لەو دەورە گۆڕانێکی گەورە و بێ وێنە بووە
لە مێژووی خەباتی کوردستان، بە تایبەت لە ڕۆژهەڵات. سازمانێکی جەوان و بێ تەجروبەی
وەک کۆمەڵە پشتیوانی ئەکا لە بەشداری ژنان لە سیاسەت، لە هەموو بوارەکانی خەبات
ژنان بەشدار ئەکا بگرە شەڕی چەکداریش کە بە حەوزەیەکی زۆر پیاوانە ئەناسرێت حەتا ئێستاش. بەشداری کردن لە سیاسەت لەو سەردەمە خاڵێکی
وەرچەرخانە لە خەباتی سیاسی کورد نە تەنها لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بگرە لە
پارچەکانی تری کوردستانیش. تەئکیدم لە سەر بەشداری ژنان لە خەباتی چەکداری بە
مانای گرینگی دان و تایبەتی کردنی شەڕی چەکداری نییە، هەر حەوزەیەک لە خەباتی
سیاسی گرینگی تایبەت بە خۆی هەیە. بەڵام بەشداربوونی ژنان لە شەڕی
چەکداری نیشان ئەدات یا چ ڕادەیەک ئەو بزووتنەوە سیاسییە لە ڕۆلگەلی کڵیشەیی کە ژن وەک بوونەوەرێکی زەعیف و حەساس لەقەڵەم
ئەدا خۆی دەرباز ئەکا. پێش لە کۆمەڵە لە کوردستانی باشوور ژنان حزوورێکی بەرچاویان
هەبووە لە نێو خەباتی سیاسی بەڵام ئەمە بە مانای ئەوە نییە کە ژنانی باشوور وەک
پێشمەرگە قەبووڵ کراون سەرەرای تەواوی
ڕۆڵێک کە ژنانی باشوور لە حەفتاکانا بینیویانە بەڵام هەر ئەو جۆرە کە نەوشیروان مستەفا لە وتووێژەکەیا باسی ئەکات هیچ کات بە بۆنەی، بە بیانووی ئەوەی کە
کۆمەڵگای کوردی داخراوە بە تایبەت لە نێو گوندەکان ژنیان بە شێوەیەکی ڕەسمی وەک
پێشمەرگە وەرنەگرتووە. بەڵام ئەمە لە نێو کۆمەڵە ڕوو ئەدات و لە جێگای خۆی شۆڕشێکی
موهیمە لە مێژووی کوردستان. لانی کەم سەد ژن گیانی خۆیان لە
دەست ئەدەن یا لە زیندان یا لەشەڕی
چەکداری. ئەگەر تا ئەم دەورە ژنان تەنیا وەکوو
دایک یا خوشک و هاوسەر شیوەنیان ئەکرد بۆ پیاوی کووژراویان، بۆ برای شەهیدیان بەڵام
لەم دەورەدا ئەم شتە ئەگۆڕێت، تا ئێستا ئەویان بە بوونەوەرێکی زەعیف و ئیحساساتی
ئەبینا بەڵام لەم دەورەیە ژن ئەبێتە ئەکتەرێکی سیاسی، ئەبێتە پێشمەرگە، ئەبێتە
زیندانی سیاسی، ئەبێتە حەتا ئێوە کە باسیان کرد ئەبیتە فەرماندەی سیاسی و نیزامی،
ئەبێتە شەهید کە پۆزیشنێکی زۆر موهیمە لە نێو کۆمەڵگا و خەباتی سیاسی کوردستان. و
ئەم بەشدارییە نیشان ئەدات کە دوئالیسمی پیاو و ئەو دوانەی پیاو وەکوو قەوی، زیرەک
، شەڕڤان و ژنێکی زەعیف و ناتەوان
چەند دەسکردی کۆمەڵگایە و واقعییەتێکی
زاتی نییە. ئەگەر بۆ ژنان دەرفەتێک بڕەخسێت وەکوو شۆڕشی گەلانی ئێران، وەکوو شەڕی چەکداری کە لە کوردستان
دژ بە هێزەکانی کۆماری ئیسلامی دەستی پێکرد زۆر بە باشی دیمان لە تەجروبەی کۆمەڵە
کە هەر ئەو ژنانە کە تا پێش شۆڕشی گەلانی ئێران زۆرتر لە نێو ماڵا بوون تەنیا ئێمە
وەکوو دایک ئەیانمان بینا، وەکوو هاوسەر ئەیانمان بینا بەڵام لێرە ڕۆڵێکی تر
ئەگێڕێن و ئەو دوانەی کە لە ناو کۆمەڵگای
کوردیا وەکوو زۆربەی کۆمەڵگاکان وەکوو شتێکی زاتی چاوی لێ ئەکرێ ئەمە ئەشکێت و
کۆمەڵە لێرا دەست پێشخەری ئەکات. بەڵام ئەمە بە مانای ئەوە نییە کە کۆمەڵە وە یا
خەباتی ژنان لە ڕووی جێندەرییەوە خەباتێکی سەرکەوتوو بووە. ژنان لەهەر دەورەیەک چ لە نێو شار، چ لە نێو خەباتی
چەکداری کۆمەڵە وەک ژن بەڕەو ڕووی زۆرێک
لە ئاستەنگی و بەربەست بوون. جیاوازی ئاشکرا دیارە لە بەینی ژن و پیاوی لایەنگر و
یا ئەندامی کۆمەڵە. بۆ نموونە ئەگەر لە مەی ١٩٨٠ شەڕی چەکداری دەست پێ ئەکات
زۆربەی پیاوەکان ئەبنە پێشمەرگە بەڵام ژنان تەنیا لە ساڵی ٨٢ تازە ئەتوانن ببن بە
چەکدار و لە نێو شەڕا بەشداری بکەن. کۆمەڵە
تا ماوەیەکی زۆر ژنان بەشدار ناکات. ئەڵێ خەڵکی گوند ئەو شتە قبووڵ ناکەن ژن وەکوو
فیزیک، لە بواری فیزیکی بۆ شەڕ دروست نەکراوە و زۆرێک لە پێشمەرگەکان ئەو شتە
قەبووڵ ناکەن یا حەتتا بڕێک لە ڕێبەرانی ئەو کاتی کۆمەڵە ژنیان پێ قبووڵ نییە
وەکوو پێشمەرگە. دوای ئەوەش کە بەشداریان ئەکات بە مانای ڕێز گرتن لە بەرابەریی ژن
و پیاو نییە ئەو بەشدار کردنە. ژنان فشارێکی زۆریان لە سەر ئەبێت بۆ ئەوە کە خۆیان
وەکوو پێشمەرگەیەکی نەترس بناسێنن، دەبوایە وەکوو پیاو هەڵسوکەوتیان بکردایە، هەر
جوورە نیشانەی ژن بوونیان لە خۆیان دوور بخستایە تۆ، ئەگەر کۆمەڵە خۆی لە زۆر
بوارا بە پارێزگاری مافی ژنان پێناسە ئەکرد و زۆر ژن لە بەر توندوتێژی بنەماڵەیی
ڕوویان ئەکرد لە کۆمەڵە بەڵام ئەندامانی کۆمەڵە بە پێویست ئەو حەساسییەتەیان، بۆ
نموونە باسی ئازاری ژنێک لە لایەن مێردەکەی، ئەو حەساسییەتەیان نیشان نەئەدا ئەگەر
پیاوێک توند و تیژی بکردبا بە نیسبەت ژنەکەی ئەو حەساسییەتە کەمتر بوو. جار و بار
پێگەی بەرچاوی پیاوێکی پێشمەرگە ئەبووە هۆی ئەوەی کە دەنگی ژنانی ئازاردراو بە هیچ
کوێ نەگات ئەگەر حەتتا شکایەتیشی ئەکرد. یا هەر ئەوەی کە لە باسی ئاخری کارەکەم باسی لێ ئەکەم تەنیا نێوی پیاوە گەورەکانە کە دەر ئەکەوێت
ئەوانن کە تەنیا ئەبنە سەمبولی کۆمەڵە. نێوی هیچ ژنێکی کووژراوی کۆمەڵە نابێتە
سەمبول کە کۆمەڵە خۆی پێ پێناسە بکات هەر وەکوو کۆمەڵگای کوردی کە بنەماڵەیەک ئێمە بە پیاوەکەی ئەناسین، بە
کوڕەکەی ئەناسین، لە نێو کۆمەڵەش ئەمە دوو پات ئەوێتەوە. بەم هۆیانە دەیان میسالی
ترمان بۆ دەرئەکەوێت کە کۆمەڵە لە دەورەیەک کە خۆی وەکوو سازمانێکی شۆڕشگێڕ و
ئینقیلابی پێناسە ئەکا بەڵام وەک زۆربەی بزووتنەوە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی دیکە
تا ڕادەیەکی زۆر لە بەینی نۆڕمە سەپێندراوەکانی کۆمەڵگا و بیروباوەڕە شۆشگێڕانەکەی
خۆی لە هاتوچۆ دایە یانی لە بوارێک نۆڕمەکان تێ ئەپەڕێنێت لە بوارێکی تر خۆی
تەسلیمی نۆڕمەکانی کۆمەڵگا ئەکا. وە ئەمە تەنیا مەحدوود بە کۆمەڵە نییە هەر ئەو
جوورە کە باسم کرد لە نێو سازمانە
کۆمەڵایەتی و سیاسییە ئێرانییەکان بە تایبەتی چەپەکان ئەو شتە ئەبینی. من لە جێ بە جێی کارەکەم ئیشاڕەم کردگە
بۆ نموونە ئەگەر مەسەلەن باسی دایکایەتی ئەکەم لە نێو کۆمەڵە مەسەلەن ئەڵێم لە
ئامریکای لاتین وەها بوو، لە فەلەستین
وەها بوو، لە ئەلجەزایر وەها بوو یانی لە نێو کارەکەم نیشان ئەدرێت کە ئەگەر ژنی
کورد وەکوو کورد زوڵم و زەوتی لێ ئەکرێ بەڵام وەکوو ژنیش لە هەر بوارێکا زوڵمی لێ
ئەکرێت و تەنیا کێشەی ئەو کێشەی کورد بوونەکەی نییە، کێشەی چینایەتییەکەی نییە و
هەر ئەو جۆرە کە میسالی وڵاتانی ترم داوە بۆ ئەوەی کە زۆرتر ڕوون بێتەوە کە ژنان
وەک ژنیش لە هەر ئاستێکا بن کێشەی تەبعیزیان بە سەردا ئەسەپێ و ئەو سیستمی
پیاوسالاری خۆی بە سەریاندا ئەسەپێنێت لە تەجروبەی ژنانی کۆمەڵەش ئەمەمان بە باشی
بۆ دەر ئەکەوێت.
خاکی: زۆر سپاس تێزەکەت بە زوانی فەڕانسەیە حەتمەن کەی بە زوانی کوردی و فارسی
ئیحتیمالەن بڵاو ئەبێتەوە؟
کەریمی: بەڵێ چون لە فەڕانسە ئەنجام دراوە بە داخەوە بە زوانی فەڕانسەیە هەرچەند
زوانی فەڕانسەیی زوانێکی دەوڵەمەندە بەڵام بە داخەوە زۆربەی کوردەکان یا هەر
کەسێکی تر ناتوانێ بیخوێنێتەوە، ئەو زوانە نازانن. بەڵام زۆر پێم خۆشە بە زووترین
کات بتوانم وەریگێڕمەوە سەر زمانی کوردی، فارسی و ئینگلیسی چون بە ڕاستی تا ئێستا
ئێمە هەمیشە کە پێناسەی ژنی کورد دەکەین وەکوو ژنێکە کە زوڵمی لێ کراوە بەڵام لێرا
هەرچەند ئێمە تەجروبەی کۆماری کوردستانیشمان هەیە کە ژن دەر ئەکەوێت بەڵام
تەجروبەی ژنان لە شۆڕشی گەلانی ئێران، ژنی کورد زۆر تەجروبەیەکی پڕ بایەخە من خۆم
زۆر شتی لێ فێر بووم و تەبعەن بۆ کەسانێکی تریش واسە هیوادارم بتوانم بە زوویی هەر
چەند زەحمەتە هەم فۆندی ئەوێت و هەم کاتی ئەوێت و ئەوانە هیوادارم کە بتوانم بە
زوویی ئەوانە وەریگێرمە سەری زمانی ئینگلیسی، فارسی و کوردی.
خاکی: زۆر سپاس بەڕێز دوکتور فاتمە من پرسیارێکی ترم نییە ئایا نوقتەیەک هەیە
کە پێت خۆش بێ باسی کەی لە کۆتایی ئەو چاوپێکەوتنە؟
کەریمی: لە کۆتاییا دووبارە دەستخۆشی ئێوە ئەکەم بۆ دەعوەت کردنی من، هەر وەها
ویستم لە ڕێگەی ئەو بەرنامەی ئێوە سپاسی ئەو کەسانە بکەم کە بەڕاستی یارمەتی منیان
دا، ئەگەر کەسانێک وەکوو گولروخ قوبادی، وەکوو کاک ڕەشادی مستەفا سوڵتانی، خۆتان
کە چەندین جار موزاحیمتان بووم، دادە مەلەکەی مستەفا سوڵتانی، شەهنازی موڕەتەب و
زۆر کەسی تر بە ڕاستی، سورەیا فەتتاحی کە توابی چەنێک ئارشیو بنێرێ بۆ من. بە ڕاستی بێ یارمەتی دانی ئەم کەسانە ئەم کارە
نەی ئەتوانی کارێک بێ کە سەر بکەوێت بە ڕاستی زەحمەتیان کێشا لە گەڵم. بارها بووە
من گولڕوخی قوبادی بە تەلەفون بە پەیام ئەم چەند ساڵە شایەد بێژم بانی پەنجا جار
من موزاحیمی بووم بەڵام بە ڕاستی هەمووتان لەگەڵ من زەحمەتتان کێشا چ ئەو کەسانەش
کە قەبووڵیان کرد لەگەڵ منا وتووێژ بکەن و بەشێک لە تاریخی کۆمەڵگای کوردی کە بە
داخەوە تا ئێستا شاراوە بوو کەس باسی نەکرد بوو. بۆ نموونە من ئەورۆ خەریک بووم
وتارێکم ئەخوێندەوە لە سەر خەباتی ژنی کورد بە زمانی ئینگلیسی کە بە چڕ وپڕی باسی
خەباتی ژن ئەکا لە باشوور، لە ڕۆژئاوا، لە باکوور بەڵام بە داخەوە کە باسی ژنی
ڕۆژهەڵات ئەکا تەنیا باسی ژنان لە کۆماری کوردستان ئەکا یانی بە داخەوە تا ئەم دەورە
بەم هەموو وردەکارییە، بەهەموو دەسکەوتانەی بە داخەوە بۆ کەم کەس ناسراوە هیوادارم
ئەم تێزە بێتە هۆی ئەوە کە بەشێکی تر لە مێژووی ڕۆژهەڵات بە گشتی و کۆمەڵە و ژنانی
کۆمەڵە دوای ئەوە کە وەرگێڕاوە بێتە خزمەتی دۆستان و هاوڕێیان.
خاکی: زۆر سپاس بەڕێز دوکتور فاتمە ئێمە لە ڕادیۆ دیالۆگ شاهیدی کارەکەت بووین
چەند بە وەسواس و دیقەت و دڵسۆزییەوە واقیعەن تەلاشت ئەکرد. پیرۆزباییت پێ ئەڵێین
بۆ دوکتوراکەت هیوادارین بتوانین لە
داهاتووشا لە سەر مەواریدێکی تر
چاوپێکەوتنمان ببێ. هەرە لێرەوە داوا لە هەموو ژنانی فێمێنیست، ژنانی تێکۆشەر، لە
هەموو ئەو کەسانەی لە سەر ژنان مەسەلەی لێکۆڵینەوە و ئەوانەیان هەیە ڕادیۆ دیالۆگ
بە ڕادیۆی خۆیان بزانن. جارێکی تر سپاس. بینەران و بیسەرانی بەڕێز بەم جۆرەش هاتینە کۆتایی ئەم بەرنامە.
پێویستە وەکوو هەموو جارێ سپاسی هاوکارانمان کەین بە بێ دڵسۆزی و میهرەبانی ئەوان
نەمان ئەتوانی ئەم بەرنامە پێشکەش کەین. هەتا چاوپێکەوتنێکی تر هەر بژین بە شادی و
سڵامەتی. زۆر سپاس دوکتور فاتمە.
کەریمی: سپاس بۆ ئێوەش
تێبینی:دەکرێ ڤیدێئۆی ئەم بەرنامەیە لە ڕێگای ئەم لینکەی خوارەوە ڕا ببینن.
No comments:
Post a Comment