Sunday, April 24, 2022

پێکهاتە و بنەمای تێۆری سەروەری سیاسی وتوێژی محەمەد خاکی لە ڕادیۆ دیالۆگ لەگەڵ پرۆفسۆر عەبباس وەلی

پێکهاتە و بنەمای تێۆری سەروەری سیاسی
وتوێژی محەمەد خاکی لە ڕادیۆ دیالۆگ لەگەڵ پرۆفسۆر عەبباس وەلی
یەکشەمە ١٧-ی ئاوریلی ٢٠٢٢

محەمەد خاکی: بینەران و بیسەرانی ڕادیۆ دیالۆگ سڵاوتان عەرز دەکەم. بۆ وتوێژێکی تریش هاتوینەتەوە لاتان. گفتوگۆی ئەمجارەمان لەگەڵ بەڕێز دوکتور عەبباسی وەلی مامۆستای پێشووی زانکۆیە. قسە و باسی ئەمجارەمان لە سەر مەفهووم و چەمکی سەروەری سیاسییە. کاک پرۆفسۆر عەبباسی وەلی سڵاوت عەرز ئەکەم  فەرموو زۆر بە خێر تەشریف بێرن.
پرۆفسۆر عەبباس وەلی: سڵاو کاک حەمە زۆر سپاس بۆ پێکهێنانی ئەو بەرنامەی و زۆر خۆشحاڵم  دە خزمەت دام و سڵاوم هەیە بۆ بینەران و بیسەرانی ئەو بەرنامەیە.
خاکی: زۆر بەخێر تەشریف بێری کاک پرۆفسۆر عەبباس. کاک عەبباس مەسەلەی مەفهووم و مەعنای چەمکی سەروەری یا حاکمییەتی سیاسی و تایبەتمەندییە حقووقی و سیاسییەکانی چین، کامانەن؟
وەلی: چەمکی سەروەری سیاسی کە ئەوەندەی ئەمن دەزانم تەرجومەی چەمکی sovereignty ئینگلیسییە  کە بە فارسیش بە حاکمییەتی سیاسی تەرجومە کراوەتەوە. ئەو چەمکە لە سەدەی ١٦-ی زایینی ڕا بەشێک بووە لە تیوری دەوڵەت، تیوری state، بەڵام ئەم چەمکە لە سەدەی ١٦ هەتا ئەمڕۆ زۆر گۆڕانکاری بەسەر دا هاتووە، ئەو گۆڕانکاریانە لە سەر سروشتی حقووقی _ سیاسی ئەو چەنکە و هەر وەها گۆڕانکاری بووە لە بنەما تێۆریکەکەی و تەعبیر و تەفسیری ئەو بنەمای تیوریکە. ئەساسی ئەو گۆڕانکاریانە لە سەر ئەوە بووە کە لە سەدەی ١٦ بەملایەوە هەتا ئەمڕۆ سووژە یان سابجێکتی ئەو حاکمییەتی سیاسییە، ئەو سەروەری سیاسییە  گۆڕانکاری بەسەر دا هاتووە. یانی ئەگەر لە پێشدا حاکمییەتی سیاسی مەفهوومێکی مەزهەبی هەبوو و ئەو مەفهوومە مەزهەبییە لە سەر بنەمای سەلتەنەت و پاشایەتی داندراوە، پاشان لە کۆتاییەکانی سەدەی ١٧ و بەرەو ١٨ و دواتر ١٩ ئەو سووژەیە گۆڕدراوە و تێکەڵ بە چەمکی خەڵک بووە، واتە گەل بە ئینگلیسی people و پاش ویش دە چوارچێوەی دەوڵەتی نەتەوەیی دا تەحەولاتێکی ئەساسی پەیدا کردووە هەم دە سروشتی حقووقی _ سیاسی خۆیدا و هەم لە سەر ئەو تێبینییانەی کە لە سەر بنەمای تیۆریکی ئەو چەمکە دەربڕاون. بەڵام لە جێدا سووژەکانی ئەو حاکمییەتی سیاسی یا سەروەری سیاسییە، ئەمن ئەو دوانە وەکوو چەمکی موتەڕادیف بەکار دێنم ، هەر وەترsovereignty ئەگەر سووژەکە هەرچییەک بووبێ یانی سووژەیەکی مەزهەبی بووبێ چ سووژەیەکی پاشایەتی و سەلتەنەتی بوو بێ یا سووژەیەکی دێمۆکڕاتیک، خەڵک، گەل و لە دوایە میللەت یا نەتەوە بووبێ لە تەواوی ئەوانە دا ئەگەر هەر چییەک بووبێ گشت ئەساسی مەسەلەکە نەگۆڕدراوە. و ئەساسی مەسەلەکەش ئەوەیە کە چەمکی سەروەری سیاسی، چەمکی حاکمییەتی سیاسی دە ئەساسدا بنەمای مەزهەبی و ئایینی هەیە و ئاماژە دەکا بە دەسەڵاتێکی دە دەوڵەتێ دا کەباڵاترین دەسەڵاتە لە حەموو دەسەڵاتەکانی کە لە دەوڵەتێ دا هەیە لە حەموویان سەرترە. ئەو تایبەتمەندییەی هەیە کە قانوون دادەنێ و قانوونیش بەڕێوە دەبا. لێرە دا دەسەڵاتی قانوون دانان و دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی قانوون لە تایبەتمەندییەکانی سەروەری سیاسییە. جا دێمەوە سەر ئەو بابەتە و بەشێوەیەکی بەرفراوانتر باسی دەکەم.
چەمکی سەروەری سیاسی کوتم چەمکێکە کە بنەمای مەزهەبی هەیە. هەڵبەت ئەوە شتێکی تازە نییە، زۆربەی ئەو چەمکانەی کە دە تیۆری سیاسیدا، دە فەلسەفی سیاسی مۆدێرندا هەن بنەمای مەزهەبییان هەیە. ئەوانە چەمکی مەزهەبی بوون کە وەک بەئینگلیسی دەڵێن
secularized کراون، بە قەولی خۆمان عەلمانی کراون. عەلمانی کردنەکەش ئەوە بوو کە سووژەکەیان گۆڕدراوە بەڵام ماهییەتەکەی ماوە. ماهییەتەکەی بۆچی ماوە لەبەر ئەوەی چەمکی سەروەری سیاسی تایبەتمەندییەکی زۆر زۆر تایبەتی هەیە بەو مانایەی ئەوە چەمکێکە کە مەنشەء و originی هەیە بەڵام ئەو مەنشەء و ئۆریجینە، ئەو سەرچاوەیە، ئەو مەنبەعە هیچ جوورە عیلەتی تێدا نییە، یانی ئەگەر بە ئینگلیسی بیڵێم دەسپێکی origin ەکە هیچ جوورە causeی تێدا نییە، عیلەتی تێدا نییە. تەنها شتێکی کە دەتوانێ وا بێ، کە بۆ خۆی ئاماژە دەکا بە مەنشەئێکی ، بە مەنبەعێکی، بە سەرچاوەیەکی دەسەڵاتی کە بۆ خۆی هیچ جوورە عیلەتی تێدا نییە تەنها چەمکێکی دەتوانێ ئەوە بێ ئیرادەی ئیلاهی یە. ئیرادەی ئیلاهی یە یا ویستی ئیلاهی یە یان خودی ئەوەی کە پێی دەڵێن زاتی دیوان ە  the divine essence کە عیلەتێک نییە، دروست نەکراوە. ئیبتیدا  بە ساکین قبووڵ کراوە ئەوەش یەکێک لە موشکیلە ئەساسییەکانی  چەمکی سەروەری سیاسییە. چون ئەگەر تەماشای هەر چەمکێکی دیکە بکەی، هەر دیاردەیەکی کە ئەو چەمکە نیشانی دەدا، ئاماژەی پێ دەکا ئەو دیاردەیە ئەگەر سەرچاوەیەکی هەیە یان چەندین سەرچاوەی هەیە کە لە جێگایەک وەخڕی کەیەوە ئەو سەرچاوەیە، حەڕەکەت کردنەکەی، کار کردنەکەی، عەمەل کردنەکەی یانی بۆ ئەوەی پیادە بکرێ، بە کار بهێندرێ دە تەواوی ئەوەدا عیلەتێک هەیە بەڵام دە چەمکی سەروەری سیاسیدا زاتەن چون ئەوە divine essence  ە، divine will  ە یانی ئیرادەی ئیلاهی یە، ئەو چەمکە لە سەر ئەوە داندراوە بۆیە ئەو هیچ جوورە عیلەتی تێدا نییە. لیرە دەبێ بڵێم کەئەمن عیلەت بە مانای cause بە کار دێنم دەزانم بۆ کوردەکانی باشوور عیلەت زۆر نائاشنایە، لێرە شایەد بڵێم سەبەب چون ئەوان عیلەت زیاتر بە مانای نەخۆشی وەردەگرن. عیلەت لێرە دا سەبەبە،  cause ە. ئەوەی کە وەکاری دەخا، دینامیزمی دەداتێ. قووەی موحەڕەکەیەتی. ئەوەی تێدانییە، ئەوەی کە تێدا نییە بەو مانایەیە کە ئەو چەمکە تایبەتمەندییەکەی ئەوەیە کە وەختێک بۆ خۆی مەنشەئێکە کە عامیلی دینامیکی دە خۆی دایە و ناتوانی تەفسیری بکەیەوە بەو مانایەیە کە ئێمە ناتوانین ئەو چەمکە بکەین بە تابیعی هیچ جوورە contingency  هیچ جوورە زەروورەتێکی دەرەوەی خۆی. یەکەم ئەوە دووهەمیش ئەوە چون ئەوە لە جێدا دەگەڕێتەوە سەر مەسەلەی ئیلاهی ئەوە بەو مانایەیە کە ئەوە بە ئێمە نوختەیەکی سابیت، فیکسد نیشان دەدا کە ئەو نوختەی سابیت و فیکسدە کارکردنی عەقلی ڕەخنەگر دیاری دەکا. بۆیەیە عەقڵی ڕەخنەگر ناتوانێ بچێتە پشتی ئەو نوختەیەی کە داندراوە. ئەگەر ئەو کارە بکرێ دە مەزهەبی دا دەبێ بە کفر، دە سیاسەتدا دەبێتە خیانەت. بۆ وێنە دەڵێن ئەو کابرایەی ئێعدام دەکەن چونکە خائینە و خیانەتی کردووە بە حاکمییەتی دەوڵەتێ. یان ئەو کابرایە موڕتەدەد لە بەر ئەوەی کفری کردووە و زاتی پەروەردەگار و ئیلاهی ڕدە کردووەتەوە، قبووڵی نەکردووە. جا بۆیە ئەو تایبەتمەندییە مەزهەبییەی ئەو چەمکە  تا ئەندازەیەکی زۆر پێشی حدوود و سنووری عەقڵی ڕەخنەگر دە بەرانبەر بەکارهێنانی تایبەتمەندییەکانی ئەو چەمکەی دا دەگرێ. بەو مانایەی ئەگەر زۆر زۆر سادەی بکەینەوە دەکرێ بڵێین ئەوە تەنیا چەمکێکە کە لە تیۆری سیاسیدا، لە سیاسەتدا موتڵەقە. ئەوە موتڵەقە. ئەتۆ ناتوانی ئەوەی لە دەرەوەی خۆی تابیعی نیسبییەتێکی بکەی و لە سەر بنەمای ئەو نیسبییەتەی ڕەخنەی لێ بگری مەگەر دەوچوارچێوەیدا خودی چەمکەکە بۆی دیاری کردووی کە هەتا کوێ بڕۆی، هەتا کوێ نەڕۆی.
جا بۆیە ئەو چەمکە گیروگرفتی زۆر گەورە لە سیاسەتدا دێنێتە پێشێ. بەڵام ئەوەش بڵێم دە حقووقدا ئەوە جوورێکی دیکە دێتە گۆڕێ ئەویش ئێستا دێمە سەری. بۆ وێنە دەبینی وەختێک کە دەوڵەت دا دەمەزرێ، ئەوە زۆر قسەیەکی گەورەیە، دەبێ ئەو باسەی لێکاڵاکەینەوە، شی بکەینەوە و زۆری لە سەر بڕۆین و لێکی دەینەوە کە دەوڵەت دادەمەزرێ چییە و چ تەئسیرێکی لە سەر ئەو سەروەری سیاسی هەیە. وەختێک دەوڵەتێک دا دەمەزرێ ئێمە دەزانین کە ئەو دەوڵەتە هو وییەتێکی هەیە. قانوونی ئەساسی ئەو هووییەتەی بە ئێمە دەڵێ. ئەگەر ئێمە مەنتقێکی
logical تەنانەت topological مان هەبێ لێرە دا ئێمە دەبێ بڵێین کە قانوونی ئەساسی سەروەری سیاسی پێناسە دەکا. ئەو قانوونی بنەڕەتییە بە ئێمە دەڵێ کە ئەو سەروەری سیاسی ئەوەیە، وای دابنێین دەڵێن سەروەری سیاسی لە قانوونی ئەساسی فەڕانسەیدا، ئی ئەڵمانێ، ئی ئینگلیستانێ، ئی ئێرانێ، ئی میسرە چووزانم ئی هەر جێیەکی ئی میللەتی ئەو وڵاتەیە. و بە ئاساییش ئەو میللەتەی دە قانوونەکە دا یەکپارچە نیشان دەدەن. مەگەر ئەوەی وڵاتەکە زۆر زۆر دێمۆکڕاتیک بێ وەکوو ئینگلیستانێ یا وەکوو ئەو جێگایانەی کە ستراکجرێکی، بنەمایەکی فێدراڵیان هەیە، نیشان بدا کە نەخێر ئەو میللەتە ئیرادەکەی یەکسانە، هووییەی میللییەکەی یەکسانە بەڵام تەنەوعی تێدایە. جا ئەو مەسەلەی کە دێمە سەری ئەوەیە کە لە قانوونی ئەساسیدا ئەوە دێتە گۆڕێ، بەڵام ئەوەی لە پێشدا بڵێین کە دە قانوونی ئەساسیدا ئێمە لە واقعدا باسی سەروەری سیاسی سابجێکەتەکەی، سووژەکەی کە قەرار وایە ببێتە خاوەنی ئەو سەروەرییە سیاسییە ئەوە گۆڕاوە. ئەوی پێشوو نییە. لێتر دا ئیشارە دەکەم بە قسەیەکی زۆر گەورەی ژان ژاک روسۆی. ژان ژاک ڕوسۆ لە داهێنەران، یەکێک لە دامەزرێنەرانی ئەو تیۆرییە بووە واتە تیۆری سیاسی مۆدێڕن پاش ئەوەی کە بەحسی لە سەر دەکا چۆنە و چۆن نییە دە ئاخری کتێبە بە ناوبانگەکەی " قەراردادی کۆمەڵایەتی "Social Contract  دا بەداخەوە بوونی دەردەبڕێ دەڵێ ئەو بە تیوری گەڵالەکردنەی کە من کردوومە، ئەو تیورییەی کە دامەزرێندراوە  دوا جار کە ئێمە دێین بە کردەوە دایبەزێنین  جێگای عیلەت و مەعلوول دەگۆڕدرێ بەو مانایەی ئەگەر ئەوە نەتەوەیە کە قەرارە دەوڵەتی ساز بکا لە قانوونی ئەساسیشدا ئاوا بە ئێمە دەڵێن بەڵام دە ئەسڵدا ئەوە دەوڵەتەکەیە کە  هو وییەی سیاسی دەدا بە نەتەوەکەی. ئەوە بۆ خۆی یەکێک لە سەبەکانە کە بە ئێمە دەڵێ چەمکی سەروەری سیاسی چەمکێکی پارادۆکسیکاڵ ە، چەمکێکە کە ناکۆکی زۆر تێدایە. یەکێک لە ناکۆکییەکان ئەوەیە کە ئەوەی کە قەرار بوو دامەزرێنەر بێ یانی میللەت، یانی نەتەوە ئەلئان بۆخۆی دامەزرێندراوە. بە ئینگلیسی دەبێ بەthe  founder is founded نوختەی دووەمیش ئەوەیە لە قانوونی ئەساسیدا، کاتێک دەڵێین باشە با قسەکە لە قانوونی ئەساسی قبووڵ بکەین  ئەوە نەتەوەیەکە دەسەڵاتی هەیە و سەرچاوەی مەشڕووعییەتی سیاسییە و ئەو دەسەڵاتەش هەر چوارساڵ یان هەرچەند ساڵ جارێک لە هەڵبژاردندا دەدا بە حکوومەتێک و ئەو حکوومەتە بە نوێنەرایەتی وی حوکم دەکا، بەڵام لێرە دا شتێک دێتە پێشێ ئەویش ئەوەیە ئەو چەمکی حاکمییەتی سیاسی کە دە قانوونی ئەساسیدا هەیە  حدوود و سنووری سیاسەتی مەشڕووع بە ڕێگای قانوون دا دیاریی دەکا. بۆ وێنە دەڵێ ئەو حدوود و سنوورە ئەوانەی دەو پرۆسەیە دا چالاکی سیاسی دەکەن، کاری سیاسی دەکەن ئەوانە کارەکەیان مەشرووعە، ئەوانەی لە دەرەوەی ئەوە دا دەیکەن کارەکەیان نامەشڕووعە، غەیری قانوونییە. لێرە دا حدوود و سنووری قانوونی لە جێدا هەم سنوور و هەم مەرزی ئەو تاتبەتمەندییەیە کە دەیدەن بە پێناسەی دەسەڵاتی سیاسی. ئەو کەسانەی کە پێناسەی سیاسییان دەگەڵ ئەو دەسەڵاتەی نایەتەوە ئەوانە لە دەرەوەی سیاسەتی مەشڕووع و سیاسەتی قانوونی و قابیلی قبووڵن. بۆ وێنە ئێستا لە تورکیای حیزبێک تەشکیل بێ بڵێ ئەمن دەمەوێ فەقەت لە سەر مەسەلەی کوردی کار بکەم ئەوە لە حدوودی قانوونی ئەساسی ئەو جووری کە باسی سیاسەتی مەشڕووع دەکا لە سەر بنەمای پێناسەی میللی، نەتەوەیی، لەو حدوودەی چووەتە دەرێ. باشە ئەگەر یەکێک هات و چووە دەرێ چی بەسەر دێ؟ ئەوە بەو مانایەیە کە لە حدوودی قانوون هاتووەتە دەرێ چووەتە جیگایەکی کە لەوێ قانوون نییە و زەخت کار دەکا. بەڵام حاکمی هەر دوو ئەولایەنانە هەم حدوودی قانوونی و هەم مەنتەقەی زەخت سەروەری سیاسییە. جا لێرە پارادۆکسی دووەم، ناکۆکی دووەمی تیۆری حاکمییەتی سیاسی، سەروەری سیاسی مۆدێڕن پەیدا دەبێ. ئەویش ئەوەیە کە سەروەری سیاسی sovereign  یا sovereignty کەسی ساڤرین ئەوە میللەتە، شەخسە هەرچییەکی هەیە ئەوە تایبەتمەندییەکی هەیە ئەویش ئەوەیە کە هەم دەنێو قانوون دایە و هەم لە دەرەوەی قانوون دایە. هەم کۆنتڕۆڵی زەختی بەدەستەوەیە، هەم کۆنتڕۆلی قانوونی بە دەستەوەیە. هەم کۆنتڕۆڵی زەختی مەشرووعی بە دەستەوەیە، هەم بواری زەختی نامەشڕووع یا غەیری قانوونی بەدەستەوەیە. ئەگەر ئەمن وەکوو کوردێکی دەو مەنتەقەی دابم کە مەنتەقەی نامەشڕووع یا غەیری قانوونییە حاکمییەتەکە دەتوانێ بە کەلک وەرگرتن لە قانوون  لەوێدا ئەمن بگرێ بم با دە زیندانم کا یان حەتتا بمکوژێ. کارەکەی قانوونییە دە سوورەتێک دا کە کارەکەی لە دەرەوەی قانووندا دەکا. یان ئەوەی کە شەڕ ڕابگەیێنێ. ئەمەش لێرە دا بڵێم ئەمن لەم بەحسەی ئەمڕۆ دا باسی تایبەتمەندییەکانی نێوخۆیی چەمکی سەروەری سیاسی دەکەم. یانی ئەوەی کە نێوەوەی، دە دەروونی سنوورەکانی قانوونی و سیاسی دەوڵەت دایە. ئەمن لێرە باسی ڕەهەندێکی دیکەی چەمکی سەروەری سیاسی ناکەم کە ڕەهەندی نێودەوڵەتییە. ئەوە دەبێ لە دوایە باسی بکەین چون سەروەری سیاسی ڕەهەندی نێو دەوڵەتیشی هەیە نموونەکەشی ئەوەیە کە بۆ وێنە لە ئەفغانستان نموونەی تەواوی دەبینین. لە ئەفغانستانێ تالیبان دەسەڵاتیان بە دەستەوەیە، دەتوانن قانوون دانێن بەڵام لە شانۆی نێو دەوڵەتیدا بە ڕەسمییەت نە ناسراون. دەسەڵاتەکەیان کار ناکا. جا بۆیە دەبێ بێینە  سەر باسی ڕەهەندی دەرەوەی، بێروونی چەمکی سەروەری سیاسی. جا بێمە سەر ئەو ناکۆکی دووەم کە زۆر گرینگە.
خاکی: کاک عەبباس گیان تەنیا ئەوەت لە بەر چاو بێ ئێمە پێنج شەش پرسیارمان هەیە و بە جۆرێک بتوانین بە هەموویان ڕابگەین.
وەلی: زۆر باشە ئەگەر دواتر بمانەوێ باسی لێوە بکەین دێمەوە سەری بەڵام لێرە دا شتێک ڕوون کەینەوە ئایا بە ڕاستی خوێندنەوە، موتاڵا، شیکردنەوەی قانوونی بنەڕەتی وڵاتێکی، ئی دەوڵەتێکی بە ڕاستی بە ئێمە دەڵێ کە قودرەتی حاکم کێیە؟ ئایا واقیعەن بە ئێمە دەڵێ؟ ئەگەر ئاوا بێ مەسەلەکە زۆر هاسانە. بەڵام ئاوا نییە، ئێمە ناتوانین چون ئەو چەمکە لە بەر ئەوەی بنەمای مەزهەبی هەیە، داخراوە دەبێ ڕێگایەکمان هەبێ ئەو چەمکەی بکەینەوە و تەماشای بنەماکەی بکەین. بزانین بنەمای تیوریکی ئەو چەمکە چییە؟
خاکی: کاک دوکتور عەبباس گەرەکمە بێمە سەر مەسەلەی ڕەچەڵەکناسی ئەم سەروەری سیاسییە. لە کوێوە هاتە، چۆنە، بناغەی تیوریکییەکەی چییە؟
وەلی: ئەخر بناغەی تیوریکییەکەی بە هیچ جوور ناتوانی باسی بکەی ئەگەر نەیکەیەوە. ئەوەی کە کوتم لە کوێڕا هاتووە عەرزم کردی ئەوە بنەمایەکی مەزهەبی هەیە ئەگەر تەماشای بکەین هەوڵین نووسراوی ورد و مونسەجیم کە لەسەر ئەو بابەتە نووسراوە نووسینی ژان بۆدێنە، هەڵبەت پێش وی ئێمە سێر ڕابرت فیلمێری ئینگلیسییشمان هەیە کە تەقریبەن هاوکاتی بۆدێنە، ئەویش باسی ئەو چەمکە دا دەکا بەڵام ئەو لە کتێبەکەی خۆیدا Patriarcha  دەقیقەن ئەو تەفسیرە لە سەروەری سیاسی بە ئێمە دەدا کە لە ئێران و لە وڵاتە موسوڵمانەکان بووە کە سەروەری سیاسی لە مەقامی سەلتەنەت دایە و مەقامی سەلتەنەت نوێنەری  خودایە لە سەر زەوی. ژان بۆدێنیش  دەقیقەن بە جوورێک ئەوە دووپاتە دەکاتەوە بەڵام فەرقی وی لەگەڵ فیلمێر ئەوەیە کە بۆ یەکەمین جار ئێمکانێک نۆ ئێمە دەڕەخسێنێ کە بیر لەوە بکەینەوە کە ئەو بنەمای کە دەگەڕێتەوە سەر ئیرادەی ئیلاهی ئێمە دەبێ چۆن بیکەینەوە و شی کەینەوە. ئایا قانوونی بنەڕەتی بەسە یان نا، پاش ژان بۆدێن، توماس هابس مان هەیە وەکوو تیوریسیەنی گەورە. توماس هابس دەقیقەن دەیەوێ ئەو مەسەلەی بگۆڕێ. دەڵێ ئەگەر حاکم یا پادشا، بە ئینگلیسی king ئەو دەسەڵاتەی دراوەتێ، نوێنەرایەتی ئەو دەسەڵاتە دەکا، نوێنەرایەتی ئەو کەسانەی کە ئەو ئیختیارەیان داوەتێ. بۆ یەکەمین جار مەسەلەی نوێنەرایەتی دەسەڵاتی دێنێتە گۆڕێ، ئەوە هەڵبەت بیدعەت واتە داهێنانێکی زۆر گەورەیە لە سەدەی ١٧ دا چون کلیسا ئەوەی قبووڵ نەدەکرد کە بگوترێ حاكم نوێنەرایەتی جەماعەتێک دەکا، نوێنەرایەتی گەل دەکا. یانی چەمکی sovereign representative  بۆ کلیسا شیاوی قبووڵ کردن نەبوو کە هابس ئەوەی هێنا گۆڕێ ئەوە داهێنانێکی گەورە بوو ئەوەشی لە سەر تیورییەکی فیقهی کرد کە بە ئینگلیسی پێی دەڵێنن nominalism، نۆمینالیسم کە هابس کەلکی لێ وەرگرت ئەوە بوو کە دەڵێ ئەوە دروستە کە ئەو دنیایە هەرچییەکی تێیدایە پەروەردگارێک دروستی کردووە بەڵام نەزم  و تەرتیبی  ئەم دنیایە کاری وی نییە. و لەبەر ئەوەی عەقڵی داوە بە ئێمە، ئێمە دەتوانین لە عەقڵی ئینسانی کەلک وەربگرین و نەزم و تەرتیبی خۆمان لەم دنیایە دا بەرقەرار بکەین. ئەوە هەنگاوێکی زۆر گەورەیە، نۆمینالیسم  هەنگاوێکی زۆر گەورەیە لە تێئۆلۆژی مەسیحییەتدا. بەو مانایە کە دەڵێ ئەوە دروستە کە ئێمە هەموو مەخلووقی خوداین، ئەوە دروستە کە ئێمە هەموومان خودا دروستی کردووین، ئەوە دروستە کە ئەم دنیایە هەموو مەخلووقی خودایە بەڵام ئەمە نەزم و تەرتینی ئەم دنیایە و ئەوەیکە ئەم دنیایە چۆن کار دەکا و پێوەندی دیاردەکان بە یەکەوە چۆنە و چۆن سیستمی دەوڵەتی داندرێ و چۆن نەخۆشخانە داندرێ و بازاڕ چۆن هەڵسووڕێ و وەزیر چۆن بچێتەوە سەر کار و  چون دەبێ خوێندکار بچنە مەدرەسە  و ئەوانە، ئەوانە ئەو جۆرە شتانەن کە ئێمە لە سەر بنەمای ئەو عەقڵەی  کە بە ئێمە دراوە دیارییان دەکەین. جا بۆیە مەسەلەی حکوومەتیش ئاوایە کە ئێمە بۆ خۆمان دێین ئەو نوێنەرایەتییەی دەدەین بە حاکم، هەڵبەتە ئەوە تیورییەکی زۆر بە وردە ڕیشاڵی هەیە و دەڵێ پێش ئەوەی کە قانوون ببێ لە هەلومەرجی جەنگەڵ و وەحشێتی دا دەژین چونکە ئەوانە کە لەوێدا هەن هێزیان یەکسانی یەکتری یە. هیچ کەس ناتوانێ سەر بکەوێ، بەردەوام شەڕ و هەڵلا و مەعرەکە لە گۆڕێ دایە و کوشت و کوشتارە لەبەر ئەوەی قانوون نییە. کاتێک ئێمە دێین قانوونێکی کۆمەڵایەتی، قەراردادێکی کۆمەڵایەتی دادەنێین بۆ دیاریی کردنی پێوەندییەکانی نێو خۆمان، ئەو قەراردادە کۆمەڵایەتییە بە ئێمە دەڵێ ئێمە کەسێک لە نێو خۆمان هەڵبژێرین، ئەگەر ئێمە ژمارەی دەسەڵاتەکانمان سەد دانە بێ ئەو نوێنەرەی کە ئێمە دایدەنێین دەسەڵاتەکەی سەد ویەک دانە بێ. واتە لە ئێمە زۆرتر بێ، بەڵام ئێمە بە گوێرەی تەبیعەت و ڕەزایەتی خۆمان ئەو دەسەڵاتەی دەدەینێ. ئەوە پێی دەڵێن تێۆری  facetious یانی دە واقیع دا غەیری واقعی یە، فیکشن ە. ئەساسی ئەم تیورییەی، بەڵام تیورییەکی زۆر گەورەیە. بەو مانایە کە ئێمە حەموو بۆخۆمان دێین حەموو دەسەڵاتەکانمان لە سەر یەک دادەنێین ئەوەی دەدەین بە یەک نەفەری، ئەو کەسە لە سەرمان دەبێتە حاکم و ئەو حاکمەش قانوون دا دەنێ و ئێمە دەبینە تابیع و گوێڕایەڵی ئەو قانوونە و ئەو کۆمەڵگایە لە شەڕری وەحشێتی و دڕندەیی جەنگەڵی نەجاتی دەبێ. بوونی قانوون لە ئەسڵدا مانای ئەوەیە کە ئێمە لە state of nature واتە لە دۆخی تەبیعەت و وەحشێتی کە تێیدا ژیان کورت بوو و خەڵک هەمیشە لە یەکتریان دەکوشت، هەمیشە قەتڵ و تاڵان و جەنگ بوو، کەسیش نەیدەتوانی دەسەڵاتی خۆی بە سەر ئەویدی دا بسەپێنێ قانوون نەبوو، قانوون داندرا. نیشانەی قانوون ئەوەیە کە ئێمە لە کۆمەڵی تەبیعی و وەحشێتی یەوە هاتووینە کۆمەڵگەی مەدەنی.
هابس لە لایەکەوە ئەو دەسەڵاتەی دەدا بە حاکمێکی سەرەڕۆ واتە
absolutist بەڵام لە هەمانکاتدا بە ئێمە دەڵێ  کە ئێمە ڕازی بووین و ڕەزایەتمان داوە کە ئەو شەخسەی بکەین بە حاکم. و ئەو شەخسە قانوون دادەنێ، بەڵام لێرە دا مەسەلەیەکی تێکنیکی تیوریک هەیە ئەویش ئەوەیە لە خۆمان دەپرسین ئێمە کە هاتین ئەو دەسەڵاتەمان دا بەو حاکمەی، ئەو حاکمە هات و قانوونی بۆ ئێمە دانا و ئێمە هاتینە ناو کۆمەڵگەی مەدەنی ئیدی شەڕ و هەڵڵا و مەعرەکە خەڵاس بوو، باشە ئەدی ئەو زەختانەی کە هەبوون، ئەو هێزانەی کە هەبوون ئەوانە چییان لێ هات؟ ئەوە دەگەڕێتەوە سەر ئەوەی کە ئێمە بە دەستی خۆمان ئەو دەسەڵاتەی کە هەمان بوو، دەمانتوانی زەخت بە کار بێنین، سیلاح هەڵبگرین، یەکتر بکووژین، تاڵان بکەین، ئەو کارانە بکەین ئەلئان ئەوانەمان لە خۆمان ئەستاندووە تەواوی ئەو هێزانەمان داوە بە حاکمی. حاکمیش قانوون دروست دەکا بەڵام ئەو هێزانەی کە ئێمە هەمان بوو لە پشت سەری ئەو قانوونە یە. ئەگەر ئێمە قانوونەکە بشکێنین حاکم هەڵدەستێ بەو هێزە لە تەپڵی سەرمان دەدا. یانی ئێمە بە دەستی خۆمان وامان لە خۆمان کرد بۆیە دەڵێن کە sovereign لە تیوری سیاسیدا لە زەمانی هابسییەوە حاکم مۆنۆپۆلی واتە ئینحیساری تەواوی ئامرازەکانی زەخت و بەکارهێنانی زەختی، ئامرازەکانی بەکار هێنانی دەسەڵاتی و کردنی دەسەڵات بە سوڵتەی دە دەست دایە و هابس دەڵێ ئێمە بە ڕەزایەتی خۆمان کردوومانە. فوکوو دەڵێ ئەوە قسەیەکی قۆڕە، هابس ئەوەی بۆیە دەڵێ کە بە ئێمە بڵێ بنەماتی دەوڵەتی ئینگلیستانی ڕەزایەت بووە، رەزایەتی خەڵکی بووە. لە کاتێکدا ئێمە دەزانین بنەمای دەوڵەتی مۆدێڕنی ئینگلیستانی لەسەر کوشت و کوشتار هەڵنراوە، حاکم بۆیە بووە بە حاکم چونکە لە شەڕ و بەکارهێنانی زەخت و زەبروزەنگ، چەک و کوشت و کوشتار دا سەرکەوتووە. ئەوە دەگەڕێتەوە سەر زەمانی کراموێل و پارڵمان کە ئەو دەمی دەسەڵات لە حاکم وەردەگرن و ئەوەی کە حاکم هەیبوو دەیدەن بە پارڵمان. ئەلئان لە ئینگلیستان ئەگەر باسی بکەن لەوێ دەڵێن نەخێر مەلەکەsovereign   نییە، مەلەکە سەروەری سیاسی نییە ، ئەگەر هەیە بە شێوەیەکی تەشریفاتی هەیە ئەوە پارڵمانە کە sovereign  ە لە ئینگلیستان وا دەڵێن. بەڵام فۆکۆ دەڵێ ئەوەی کە پارڵمان ئەو ساڤرنتییەی هەیە ئەوە نییە کە ئێمە هاتووین بە خۆشی خۆمان ئەو دەسەڵاتەمان داوەتێ، نا ئەوە وەکوو قانوونی جەنگەلێ، ئەو شەڕ و هەڵڵا و مەعرەکە و دەسەڵات کە وەدوای ئیترێستی کەوتووە و ئیترێست گۆڕاوە و فڵان شتە بووە ئەو جوورەی کە دە سیاسەتێ دا هەیە...
خاکی: کاک دوکتور ببوورە سروشتی ئەو دەسەڵاتە، ئەو سەروەری سیاسییە لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر، ئەوە لە دنیای ئوڕووپایە، ئەگەر مەسەلەن ئێمە بڕۆین بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەر وەکوو یەک وا بووە؟

وەلی: دە قانوونی بنەڕەتیدا وایە. ئەگەر ئەمن بم توانیبایە بنەماکەی بکەمەوە کە دەبێ بیکەینەوە، ئەوە جەلەسەیەکی دەوێ، ئەوە نیشان دەدا کە چۆن قانوونی بنەڕەتی هیچ بە ئێمە ناڵێ لە سەر سەروەری سیاسی. هیچ بە ئێمە ناڵێ. سەروەری سیاسی یانیsovereign  کەسێکە یان مەنبەعێکە، مەنشەئێکە کە دەتوانێ، توانایی ئەوەی هەیە کە دە حاڵەتی ئیستیسناییدا بڕیار بدا، ئەو بڕیارە چییە؟ حاڵەتی ئیستیسنایی یانی حاڵەتی قەیران، حاڵەتێکی کە نەزم لە بەین چووە. حاکم ئەو کەسەیە یا ئەو مەنشەئەیە کە بتوانێ لە  هەلومەرجێکی قەیرانی دا یانی لە دۆخی exception دا، لە دۆخی فەوقولعادە دا بتوانێ بڕیار بدا. بڕیار بدا بۆچی؟ بڕیار بدا کە قانوونی بنەڕەتی هەڵپەسێرێ بۆ ئەوەی قانوون و نەزم دامەزرێنێتەوە. ئەوە یانی چی ئەگەر تەماشای بکەی ئەوە دە حەقیقەتدا تەعریفەکەی ئەوەیە کە ئێمە پێی دەڵێین کودەتا. بۆ وێنە لە ئێرانی لە ساڵی ١٣٨٨-ی هەتاوی ئەوەی کە پێی دەڵێن زەمانی حەڕەکەتی سەوز، بزووتنەوەی سەوز، دەوڵەت نزیک بووەوە لەوەی کە بڕووخێ یان پێشتر لەوی ئەو کاتەی کە موجاهیدین هەستان لە ئێرانێ. کێ بڕیاری دا، ئایا ئەو بڕیارە چ بوو؟ چ کەسێک دەیتوانی هەم بڕیاری قانوونی بدا، هەم ئەو کارانەی کە دەیکا حەمووی لە دەرەوەی قانوون بن. ئەو کەسە sovereign  ە. خومەینی یا خامەنەیی، حکوومەت نییە. قانوونی بنەڕەتی نییە، ئەو کەسەیە کە دە حاڵەتی ئیستیسناییدا دەتوانێ بڕیار بدا کە قانوونی بنەڕەتی هەڵپەسێرێ. دەڵێم هەڵیپەسێرێ نەک لە بەینی بەرێ. چون ئەگەر لە بەینی بەرێ دەبێتە حکوومەتی نیزامی. فەرقی کودەتای لەگەڵ حکوومەتی نیزامی کە لە دوایە دێ ئەوەیە. یانی قانوونی بنەڕەتی هەڵپەسێرێ و بڕیار بدا. جا ئەو جوورەی کە هابس بە ئێمە دەڵێ کە نۆڕم بنەمای قانوون بووە، ئەو جوورەی کە هەموو تیوریسییەکانی قانوون وەکوو هانس کێلسن و تیوریسییەنە گەورەکانی قانوونی ئەڵمانی و ئینگلیسی  بە ئێمە دەڵێن بنەمای قانوون نۆڕم نییە، بنەمای قانوون بڕیار و ئیرادەی حاکم ە. ئەو قانوون دادەمەزرێنێتەوە. جا لێرە دا ئەو شەخسە، ئەهەمییەتی ئەوەی کە ئێمە پێی دەڵێین ئەوە سەروەری سیاسی هەیە لەنەر ئەوەی نییە کە ئەوە ئینحیساری دەسەڵاتەکانی حکوومەتی بە دەستە، نەک لە بەر ئەوەیە کە هیچ دەسەڵاتێکی دی غەیری وی دەو دەوڵەتەی دا نییە، بەڵکوو لە بەر ئەوەیە کە ئەو شەخسە مۆنۆپۆلی، ئینحیساری بڕیاردانی هەیە لە سەر حاڵەتی ئیستیسنایی. جا ئەگەر ئێمە تەماشای حاڵەتی ئیستیسنایی بکەین دەبینین ئەو بڕیارە نۆڕم دەشکێنێ. کاتێک نۆڕمی قانوون شکا، وەختێک نۆڕمی قانوونی کە تەعریفی دەسەڵات دە قانوونی بنەڕەتیدا شکا ئەو دەمی ئێمە دەتوانین و ڕێگایەکمان بۆ کراوەتەوە کە بچینە ژوورێ تەماشای بنەمای تیوریکی چەمکی سەروەری سیاسی بکەین.
لێرە دیسان دووپاتەی دەکەمەوە کە سەروەری سیاسی ئەگەر تەماشای دەسەڵاتی سیاسی دە حاڵەتی ئیستیسناییدا بکەی ئەوە هەم قودرەتی قانوون دانەرە هەم قودرەتی بەڕێوەبردنی قانوونی هەیە، نە قودرەتی قانوون دانەرە، نە دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی قانوونی هەیە، ئەوە تایبەتمەندییەتی، ئەوە تایبەتمەندی ئەساسی چەمکی سەروەری سیاسی مۆدێرنە، ئەویش ئەوەیە کە حاکم لە سەر مەرزی بەینی قانوون و زەختی غەیرە قانوونیدا ڕاوەستاوە. بۆیە دەڵێن کە سەروەری سیاسی sovereign is inside the law and outside the law جا بۆیە بۆ ئەوەی دە نێو قانوون دا بێ یان لە دەرەوەی قانوون بێ دەبێ لە جێگایەک بێ کە ئەوە مەرزی بەینی قانوون و زەبروزەنگە. ئەمن بۆ violence وشەیەکی باشتر لە زەخت نازانم، دەکرێ بڵێین توند و تیژی. ئەو شەخسە یا ئەو دامەزراوەیە، ئەو ئەنیستیتووشنە لە سەر مەرزی بەینی قانوون و توندو تێژیدا ڕاوەستاوە. یانی ئەو کەسەی کە مۆنۆپۆلی بڕیاردانی هەیە، مۆنۆپۆلی ئەوانەشی هەیە. حاکمی واقعی ئەوەیە نە ئەو کەسەی کە دە دەوڵەتێ دایە. جا ئێستا نموونە دێنمەوە. بزانە ئەوە چۆن بەکار دێ. لە کودەتای ٢٠١٦-ی تورکیای دەوڵەت چی کرد یانی وەختێکی ئەردۆغان و ئەوانە گەڕانەوە سەر کار، ئەمن باسی ئەوەی ناکەم کە ئەو کودەتایە ساختە بوو، ساختە نەبوو ئەوە مەسەلەیەکی دیکەیە، یا هەر کودەتایەکی دیکە کودەتای ساڵی١٩٥٣-ی ئێرانێ لە بەر چاو بگرە، ساڵی ١٣٣٢-ی هەتاوی کاتێک حاکم گەڕاوە، بڕیار لە سەر exception درا، تەواوی کارە نا قانوونییەکانی ئەنجام دا بۆ ئەوەی نەزم بەرقەرار بکا. چون دە حەقیقەتدا نەزم  لە سەر قانوون ڕانەوەستاوە. لە جێدا بنەمای order هەمیشە  لە سەر توند و تیژییە. قانوون ڕووی قانوونی ئەو توند و تیژییەیە. ئەگەر ڕۆژێکی ئەو توندو تیژییە لە پشت قانوونی نەبێ دەگەڕێینەوە قانوونی زەمانی جەنگەڵی. جا لێرە دا مەسەلەکە ئاوایە وەختێکی ئەردۆغان یا وەختێکی موسەدیق گیرا و حکوومەتی نیزامی ڕاگەیێندرا و شا هاتەوە. قانوون هەڵپەسێردرابوو. قانوونی بنەڕەتی هەڵپەسێردرابوو، قودرەتی قانوون دانەر هەڵپەسێردرا بوو، قودرەتی بەڕێوەبردنی قانوون هەڵپەسێردرابوو، یەک دامەزراوە هەبوو ئەویش دامەزراوەی کودەتا بوو. کودەتاش کە ئێمە بە کاری دەبەین دە ئەسڵ دا یانی زەربە، یانی زەربە لێدان. بۆیە لە تورکیا، من لە سەرەتاوە پێم سەیر بوو لێرە بە کودەتا دەڵێن دەربە، دەربەش هەمان زەربەی عەڕەبییە. عەڕەبانیش بەکاری دەبەن بەڵام ئێمە هەر کودەتامان بەکار بردووە. وەک ئەوەی کە زەربەی لێ دەدەی دەیخەی. ئەوەش کە زەربەی لێداوە دە حەقیقەتدا قانوونی بنەڕەتی کراوەتەوە. یانی ماهییەتی ئەسڵی، سروشتی ئەسڵی دەسەڵاتی سیاسی هاتووەتە دەرێ. ئەو سروشتە ئەسڵییە شتێک بە ئێمە دەڵێ کە قانوون کە هەڵپەسێردراوە، دەستوور یانی فەرمانەکانی سەروەری سیاسی جێگای قانوون دەگرێتەوە. هەرچییەکی کە پێی خۆش بێ کە غەیری قانوونیش بێ بەشێوەیەکی قانوونی جێ بەجێی دەکا لە دوایەش کە بارودۆخ ئاسایی بووەوە بەشێک لەو فەرمانانە دەبنە قانوون هەر ئەو کارەی کە ئەردۆغان کردی لە تورکیا. ئەردۆغان پاش کودەتا، یان لە ئێرانێ یان لە میسرێ چیان کرد هاتن state of emergency   بارودۆخی نائاسییان ڕاگەیاند، نەیان گوت قانوون نەماوە گوتیان قانوون هەڵپەسێردراوە. دەوڵەت ماوە بەڵام قانوون پاشەکشەی کردووە. قانوون کە پاشەکشەی کردووە بەو مانایەیە  کە ئەلئان فەرمانی ئەو کەسەی یانی حاکم،سەروەری سیاسی یان دامەزراوەی سەروەری سیاسی جێگای قانوون دەگرێتەوە. تەواوی ئەو کارانەی کە هەتا ئەمڕۆ ئەم حکوومەتەی لە تورکیا ڕاگرتووە دەو مودەتەی دا ئەو حکوومەتە بە نێوی قانوون ئەو بێ قانوونییانەی کردووە ئەوەی کە کوتم حاکم هەم دە قانوون دایە هەم لە دەرەوەی، لە سەر مەرزی ئەو دوانە ڕادەوستێ یانی حاکمە کە تەواوی مەنتەقەی قانوونی بەڵکوو مەنتەقەی بێ قانوونی سیاسەتیش ئەو دیاری دەکا.

خاکی: کاک دوکتور ببوورە پرسیارێک دێتە پێشێ بۆ سەروەری سیاسی، خوێندنەوەکان، سروشتی سەروەری سیاسی بۆ وێنە لە ڕوانگەی خوێندنەوەیەکی مارکسیستییەوە بڵێین یان ڕوانگەیەکی لیبراڵی جیاوازییەکانیان لە چی دایە؟
وەلی: مارکس هیچ باسی سەروەری سیاسی ناکا، ئەو باسی دەوڵەت دەکا، باسی دەسەڵاتی سیاسی دەکا. تا ئەو جێگایەی کە ئەمن دەزانم تەنیا مارکسیستێکی کە موشەخەسەن لە سەر سەروەری سیاسی نووسیوە والتر بێنیامین ە. واڵتر بێنیامین مەقالەیەکی هەیە بە نێوی On violence  دەربارەی زەبروزەنگ دا، ئەو مەقالەیە ١٥ لاپەڕەیە بەڵام بە باوەڕی من  بە ئەندازەی دەکتێبان شتی تێدایە. یەکەم خوێندنەوەی زۆر زەحمەتە، تێگەیشتنی زۆر زەحمەتە. واڵتر بێنیامین تیوریسیەنی گەورەی حقووقە ، کاتێک کە کوتم حاکم قودرەتی ئەوەی هەیە، دەتوانێ سەبارەت بە هەلومەرجی ئیستیسنایی بڕیار بدا ئەوە تەعریفی کارڵ شمیت ە. کارڵ شمیت تیوریسیەنی گەورەی سیاسی بوو بەڵام دەستی ڕاستی بوو و دەستی ڕاستی تێژپەڕ. نەک ئەوەی لە خیابانێ لە خەڵکی بدا بەڵام بیروڕاکانی وا بوو بۆ ماوەیەکیش دادئەستێنی دەوڵەتی نازی بوو. کارڵ شمیت تیوریسیەنێکی زۆر گەورە بوو ئەو تەعریفەی کە دەڵێن سیاسەت بریتییە لە پێوەندی دۆست و دوژمن ئەوە ناساندنی وییە. ئەوە کە دەڵێ سیاسەت  تەنێ خەباتە ناساندنی نییە، ئەوەی کە دەڵێ لە سیاسەتدا نە ڕەفیقی داییمی هەیە، نە دوژمنی داییمی هەیە، تەنیا بەرژەوەندی داییمی هەیە ئەوە تەعریفی کارڵ شمیتی یە. بەڵام کاتێک بێنیامینی مارکسیست ئەو مەقالە ١٥ لاپەڕەییەی نووسی کاتێک کارڵ شمیت ئەوەی خوێندەوە نامەی بۆ  نووسی و دەستخۆشی لێ کرد کە تیوری کردنی ئەو مەسەلەیە دە ١٥ لاپەڕە دا بەو شێوەی کە تۆ کردووتە ئەوە دەسکەوتێکی زۆر گەورەیە. تەنیا مارکسیستێکی کە ئەمن دەیناسم ئەگەر هەبێ و ئەمن نەیناسم ، ئەوە شتێکی دیکەیە، نەم خوێندبێتەوە ئەوە شتێکی دیکەیە. تا ئەو جێگەیەی کە من دەزانم تەنیا مارکسیستێکی کە لە سەر سەروەری سیاسی بە شێوەی تیوریک نووسیویەتی واڵتر بێنیامین ە. لەمەر ڵێبراڵان، لیبراڵان زۆریان نووسیوە. ئەوان لە جێدا سەروەری سیاسی بە شتێکی قانوونی دەزانن، عەینەن ئەو شتەی کە دە قانوونی  بنەڕەتی دایە قبووڵی دەکەن. ئەوان نایەنە سەر ئەو تەعریفەی کە شمیت کردی، نایەنە سەر ئەو تەعریفەی بێنیامین دەیکا. ئەوە من لە کۆبوونەوەیەکی دی دا باسی دەکەم. ئەمن پێم وایە ئەگەر بمانەوێ زۆرتر لە سەر ئەو مەسەلەیە بڕۆین دەبێ بێینەوە سەر ئەو بابەتەی کە چۆن بڕیاری سیاسی کە حاکم دەیدا بە چ شێوەیەک بنەمای چەمکی سەروەری سیاسی دەکاتەوە. ئێمە دەگەڕێینەوە سەر ئەوەی شمیت دەیڵێ، ئەو دەڵێ: بنەمای چەمکی سەروەری سیاسی بنەمای دەوڵەت دە حاڵەتی ئیستیسنایی دایە. جا بۆ ئەوەی ئێمە ئەوە شی بکەینەوە با بیهێڵینەوە بۆ کۆبوونەوەیەکی دیکە.
خاکی: زۆر چاکە من پێنج شەش پرسیارم بوو هەر بە دووانی گەیشتم. گەرەکمە لە جارێکی تر وەختێک چاومان بەیەک دەکەوێتەوە بۆ درێژەی ئەم باسە بە جۆرێکیش ڕەبتی بدەمەوە بەو مەسەلانەی کە ئەمڕۆ ئەکرێت. بەڕێزتان باسی دیواری ئێتنیکیتان کردە، عیدەیەک باسی فێدرالیزم ئەکەن. عێدەیەک باسی سەربەخۆیی خوازی ئەکەن. تەنیا وەکوو ئاخر پرسیار من چەند دەقیقەم زیاتر نییە. لە دنیای کوردی دا، لە سیاسەتی کوردستان چەنێ باسی ئەم سەروەری سیاسییە یا حاکمییەتی سیاسییە لە باری تیوریکەوە کراوە؟
وەلی: بە باوەڕی من هیچ، ئەوەندەی ئەمن دەزانم. یانی زۆر نووسراوە ئەمن حاکمییەتی سیاسیم دەوێ، ئەمن سەروەری سیاسیم دەوێ لە عەسری مۆدێرن لە کوردستانی دا کە بە نەزەری من ١٠٠، ١٢٠ ساڵە. لەوەتی ئێمە بیری نەتەوە و نەتەوایەتی مۆدێرنمان هەبووە ئەو ویستەش بۆ سەروەری سیاسی هەبووە بۆ سەربەخۆیی سیاسی. سەربەخۆیی ویستێکە، سیاسەتێکە، خەباتێکە بۆ سەروەری سیاسی بەڵام هیچ وەختێک ئەو تیورییە نەکراوەتەوە ئەوەندەی ئەمن دەزانم. دیسان دەڵێم ئەمن یەک شەخسم، زانستێکی مەحدوودم هەیە، زانستەکەم سنووری هەیە ئەگەر لە دەرەوەی ئەو سنوورەی شتێک بووبێ کە من نەمبیستووە، نەمخوێندووەتەوە ئەمن مەعزوورم بەڵام ئەوەندەی کە ئەمن دەزانم نا. ئەوەیان هەمیشە قبووڵ کردووە، هەمیشەش قبووڵی دەکەن. جا ئەمن دەمەوێ وەختێک بنەماکەی دەکەمەوە لێرە نیشان دەدا کە دە  structureیانی بنەمای سەروەری سیاسی هەمیشە وەختێک سەروەری سیاسی دادەمەزرێنن  ئەویدیکەی سەروەری سیاسی حەزف دەبێ، خەفە دەبێ. جا ئەو حەزف بوون و خەفە بوونە دوو جوورە یەک ئەوەیە کە دە دنیای دیسکۆرس و گوتار دا دەبێ، بە قانوون دیوارێکی سکووتی لە دەورەی دەکێشن کە ناتوانێ قسان بکا، زمانەکەی زمانێکی قەدەغەکراوە، نووسراوەکەی نووسراوێکی قەدەغەکراوە، ئەوەی کە بە ئینگلیسی دەڵێن قسان دەکا بەڵام دەنگی نایە، ناتوانی گوێت لە دەنگی بێ. دووەمیش ئەوەیە کە لەجێدا بە قانوون مەوجوودییەتەکەی نکووڵی لێ دەکرێ و ئەگەر بییەوێ دەری ببڕێ لە جێدا لە مەیدانی سیاسەتی مەشڕووع کە لە قانوونی بنەڕەتیدا داندراوە، لە بەر ئەوەی هو وییەی وەی لەگەڵ هو وییەی حاکم یەک نییە دەکەوێتە دەرەوە، لێرە دا سەروەری سیاسی کە لە سەر مەرزی بەینی توندوتیژی و قانوون ڕاوەستاوە یەخەی دەگرێ یا دەیکووژێ، یا دە زیندانێی دەکا، یا لە دارێی دەدا یا ئەشکەنجەی دەکا.
خاکی: ئەو شتەی کە خۆتان فەرمووتان ئنیحیسار، مۆنۆپۆلی توندوتیژی هەیە، هەم لە ناوەوە و هەم لە دەرەوەی قانوون.
وەلی: دەقتقەن ئەوەیە، خیسلەتی ئەوەیە کە هەم لە نێوەوەی قانوونە هەم لە دەرەوەی قانوونە. تەنیا عونسورێکە لە سەر مەرزی بەینی قانوون و بێ قانوونی، لە سەر مەرزی حەوزەی قانوونی لە ژیان لە کۆمەڵگەی مەدەنی و حەوزەی بێ قانوونی هەڵدەسوورێ. ئەمن کە ئەوەی دەڵێم، ئەو قسەی کە ئەمن دەیکەم ئەوە ئەساسی ئیجیماع لە تیوری دێمۆکڕاتیکدا وێران دەکا چونکە ئیجیماعی تیوری دێمۆکڕاتیک بە ئێمە دەڵێ ئێمە بە ڕەزایەتی خۆمان ئەوە دەکەین وەختێک کردوومانە ئێمەش دەگرێتەوە. وا نییە ئەو کەسانەی دەنگیان نییە، ئەو کەسانەی کە فت کراون دەو جەماوەرەی دا نین.
خاکی: ئەگەر ئیجازە بفەرمووی کاک دوکتور عەبباس درێژەی باسەکەمان دائەنێین بۆ حەفتەی داهاتوو ئەگەر بتوانین پێشکەشی بکەین.

وەلی: زۆر باشە حەفتەی داهاتوو یا وەختێکی دیکە. زۆر زۆر سپاس. دیسان ئەمن داوای لێ بوردن دەکەم ئەو بەحسە، بەحسێکی زۆر ئاڵۆزە و بەحسێکی واقیعەن سەدی سەد تیوریکە، بەحسێکە کە لە سەر لیبرالیزم و لە سەر تیوری دێمۆکڕاتیک و مارکسیزم و ئیدێئۆلۆژییە دەستی ڕاستەکان، ئەوانە هەموویان بە شێوەیەکی، بەجوورێکی دەگرێتەوە و ئەو تایبەتمەندییانەی کە من باسم کرد ئەگەر ئێمە باسیان نەکەین حەفتەی دیکە واقیعەن ناتوانین باسی وەی بکەین بۆ چی تەنانەت ئەگەر لە قانوونی بنەڕەتیدا بڵێن ئەقلییەتی کورد، تورکی ئازەری یان بەلووچ لە ئێرانێ دا هەیە و ئێمە نەتوانین لە تیوری دێمۆکڕاتیک کە لە سەرەتاوە بە هەڵە داندراوە کە بە ئێمە دەڵێ میلییەت و شارومەندی یەکن. میلییەت و شارومەندی یەک نین. شارومەندی تیوریەکی زۆر زۆر ڕادیکاڵە و هەتا ڕووخاندنی دەسەڵات دەڕوا. ئەو کەسانەی وا دەزانن شارومەندی هەر ئەوەیە کارتێکی پێناسەت دە دەست دابێ ئەوانە زۆر کەم لە شارومەندی دەزانن. شارومەندی یەکێک لەو مودێرنترین ئەو تیورییانەیە کە مۆدێرنیتە دا داندراوە.
خاکی: زۆر سپاس بینەران و بیسەرانی بەڕێز بەم جۆرە هاتینە کۆتایی ئەم بەرنامەیە. سپاسی هاوڕێیانی ئازیزمان ئەکەین بە بێ هاوکاری و مێهرەبانی ئەوان نەمان ئەتوانی ئەم بەرنامە پێشکەش کەین. دەتوانن ئەم بەرنامە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە یوتیوب، لە تێلگرام و لە فەیس بووک تەماشا بکەن. تکایە ڕادیۆ دیلۆگ بە دۆست و ئاشناکانی خۆتان بناسێنن. کاک دوکتور عەباس زۆر سپاست دەکەم. بینەران و بیسەرانی بەڕێز تا چاوپێکەوتنێکی تر ماڵئاوا!
وەلی: سپاسوو دەکەم هەر واتر، سپاس دەکەم لە بینەران و بیسەران و شەوێکی خۆشیان بۆ ئارەزوو دەکەم.
خاكی: زۆرت سپاس دەکەم

لینکی ڤیدێئۆی ئەم بەرنامەیە
https://www.youtube.com/watch?v=raRKyU3CGUg







 

No comments: