هەڤپەیڤین لەگەڵ دوکتور فاتمە کەریمی لەمەر کتێبەکەی: " جێندر و میلیتانتیسم لە کوردستانی ئێران، ژنانی کوردی کۆمەڵە ١٩٧٩- ١٩٩١"
هەڤپەیڤین لەگەڵ دوکتور فاتمە
کەریمی لەمەر کتێبەکەی: " جێندر و
میلیتانتیسم لە کوردستانی ئێران، ژنانی
کوردی کۆمەڵە ١٩٧٩- ١٩٩١"
چوارشەمە ٢٣-ی مارسی ٢٠٢٢
حەسەن قازی: بینەرانی خۆشەویست
بەخێربێنەوە بۆ بەرنامەی ڕاوێژ. بەر لەهەموو شتێک نەورۆز و بەهارتان لێ پیرۆز بێ.
لە بەرنامەی ئەمجارەمان دا چاوپێکەوتنێکمان هەیە، قسەیەکمان هەیە بە ڕێگای
سکایپەوە لەگەڵ فاتمە کەریمی. فاتمە کەریمی خەڵکی ناوچەی کرماشانی ڕۆژهەڵاتی
کوردستانە. لە ساڵی ٢٠١٣ بۆ درێژە دان بە خوێندنی باڵا هاتووەتە فەڕانسە و لە
خوێندنگەی بەرزی زانستە کۆمەڵایەتییەکان لە پاریس کە یەکێک لە دامەزراوە هەرە بە
پرێستیژەکانە لەفەرانسە، لە بواری کۆمەڵناسیدا دوکتورای وەرگرتووە. تێزی
دوکتورایەکەی سەبارەت بووە " جیندەر و میلیتانتیسم ( تێکۆشەرایەتی) لە
کوردستانی ئێران، ژنانی کوردی کومەڵە لە خەباتی سیاسیدا لە نێوان ساڵانی ١٩٧٩ تا
١٩٩١" بەڕێزیان ئەو تێزەی لە مانگی نۆڤامبری ساڵی ٢٠٢٠ پێشکێش کردووە کە ئەو
تێزە وەکوو کتێب لە لایەن وەشانخانەی لاغماتان لە پاریس بە زمانی فەڕانسەیی لە
مانگی فێڤرییەی ئەمساڵدا بڵاو بووەتەوە. دیارە پێشتریش بەڕێزیان لە بواری جینسییەت
یان جێندری کۆمەڵایەتی کاری کردووە و تاکوو ئێستا بە زمانی فارسی دوو کتێبی بڵاو
کردووەتەوە، یەکێکیان سەبارەت بە خەتەنەی مێیینە کە ساڵی ٢٠١٠ لە ئێران بڵاو
بووەتەوە و ئەویدیکەشیان لەمەڕ " فرە
ژنی لە هەرێمە کوردییەکانی ئێران " کە ساڵی ٢٠١٤ لە لەندەن بڵاو بووەتەوە.
کتێبی سێیەمیش هەر وەک باسم کرد بە زمانی فەڕانسەیی بڵاو بووەتەوە هیوادارین ئەمە
بە زوویی بە کوردیش بڵاو ببێتەوە ، بە کوردی و فارسی و زمانی ئینگلیسی بۆ ئەوەی کە
خوێنەرەوەیەکی زێدەتر بتوانن بیخوێننەوە. بەڕێز فاتمە کەرتمی زۆر زۆر بە خێر بێی
بۆ بەرنامەی ڕاوێژ.
دوکتور فاتمە کەریمی: سپاس کاک حەسەنی خۆشەویست.
سڵاوم هەیە بۆ ئێوە و هەر وەها بینەرانی خۆشەویست و لەم تریبوونەش کەلک وەردەگرم
بۆ پیرۆزبایی ساڵی تازە لە هەموو خەڵکانێک کە نەورۆز پیرۆز ڕائەگرن بە تایبەتی
کوردەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان.
قازی: منیش پێم خۆشبوو جارێکی دیکە
نەورۆزی ئێوە پیرۆز بکەم و بەر لەوەی دەست بکەین بە ناوەرۆکی کتێبەکە یانی لەو
ناساندنە کورتەی کە من کردم سەبارەت بە بەڕێزتان ڕەنگە گوتبێتم بەلام با بیڵێمەوە
ئێوە دوکتوراتان هەیە لە بواری کۆمەڵناسیدا و لە بەر ئەوەی کە ئینسانێکی
موتەوازیعن نەتان ویست ئەوە لە تیترەکەدا بنووسرێ بەڵام بەڕێزتان ساڵی ٢٠٢٠ ئەو
دوکتورایەتان وەرگرتووە، بەر لە هەموو شتێک بەر لەوەی کە بێینە سەر ناوەرۆکی ئەو
کتێبەی " جێندر و میلیتانتیسم لە کوردستانی ئێران" پێم خۆش بوو ئەگەر
دەکرێ بە کورتی سەبارەت بەو دوو کتێبەی دیکەی کە بە زمانی فارسی لە ئێران و لە
ئینگلیستان بڵاو بووەتەوە هێندێک ئاگاداری بدەی. فەرموو!
کەریمی: بەڵێ هەر ئەو جوورە کە لە
ناساندنی منا باستان کرد من تەقریبەن لە ساڵی ٢٠٠٤ کە دەستم کرد لە ئاستی ماستر لە
سەر ژنانی کورد دەستم کرد بە کار و
لێکۆڵینەوە بۆ ئەوەڵین کارم لەو سەردەمەدا شتێک بە نێوی خەتەنەی کچان مەسەلە نەبوو
یانی زۆر زۆر کەم باسی ئەکرا، من هەر واینێ زۆر بە شانسی چاوم کەت لەو مەسەلە و بە
ڕاستی نەمئەزانی ئەوە مەسەلەیە یانی پێم وا بوو ئەوە شتێکی زۆر نۆرماڵە و وەکوو
خەتەنەی پیاوان ئی ژنانیش شتێکی ئاسایی یە. بەڵام بە خوێندنەوەی ڕۆمانێک بە ناوی
" گوڵی سەحرا" کە هی ژنێکی
ئەفریقایی خەڵکی سۆمالی بوو لەوێ زانیم کە ئەو مەسەلە وەکوو توند و تیژی دژ بە
ژنان پێناسە ئەکرێت و نەتایجێکی زۆر زۆر خراپی هەیە لە بارەی دەروونی، لە بارەی
جیسمییەوە لە سەر ژنان بۆیە من بۆ ماسترەکەم، بۆ پایاننامەی ماسترەکەم بڕیارم دا لە سەر ئەو مەسەلە کار
کەم. کە زۆریش دەستم کرد بە وتوێژ بۆ ئەوەل جار بوو لە ئێران، لە کوردستان کە
ئەسڵەن لە سەر ئەو مەسەلە کار نەکرا بوو لە کوردستانی ڕۆژهەڵات بە پێچەوانەی
کوردستانی باشوور کە چەندین ڕێکخراوە پێشتر دەستیان کرد بوو بە کار، من بۆ هەوەل
جار هەوڵم دا وەکوو کارێکی ئاکادێمیک لە سەر ئەو مەسەلە کار بکەم. کە بە داخەوە لە
زانکۆ ڕێگریان کرد نەیانهێشت کە من ئەو کارە تەواو کەم بۆیە من مەجبوور بووم
مەسەلەیەکی تر هەڵبژێرم و دوای ئەوەی کە ماسترەکەم تەواو کرد لە تارانەوە گەڕامەوە
بۆ کوردستان و بڕیارم دا کە ئەو کارە تەواو بکەم و دواییش توانیم وەکوو کتێبێک لە
" ئینتیشاراتی ڕەوشەنگەران و موتالعاتی ژنان " لە تاران چاپی کەم لە
ساڵی ٢٠١٠. دوای ئەویشە دەستم کرد بە کارێکی تر کە هەر ئەو جۆرە کە ئێوەش ئاماژەتان پێ کرد لە سەر
فرە ژنی بوو. پێشتر کارەکەی ئەوەڵم فەقەت لە ناوچەی هەورامانی ئوستانی کرماشان
بوو، یانی مەنتیقەی پاوە و گوندەکانی دەور و بەری. بەڵام بۆ مەسەلەی فرە ژنی چون
ئیتر خەڵکی زۆرترم ناسیبوو دەستم کرد بە لێکۆڵینەوە و وتوێژ لەگەڵ ئەو بنەماڵانە،
پیاوانێک کە دوو ژنیان بوو، لەگەڵ ژنی ئەوەڵ، لەگەڵ ژنی دووەم و لەگەڵ
منداڵەکانیان تەقریبەن لە زۆربەی شارەکانی کوردستان. ئەو کاریشمە دوایی توانیم
وەکوو کتێبێک چاپی کەم، بە داخەوە لە ئێران نەمتوانی چاپی کەم چون ئەگەر مەسەلەی
خەتەنەی کچان وەکوو مەسەلەیەکی کولتووری چاوی لێ ئەکرا، مەسەلەیەکی زۆر حەساس
نەبوو بۆ حکوومەت بەڵام مەسەلەی فرە ژنی مەسەلەیەک بوو کە هێندێک پرێنسیپی ڕاستەو
ڕاست ئەبردە ژیر پرسیار بۆیە نەمتوانی لەوێ چاپی کەم دوایی ئینتیشاراتێکم پەیدا
کرد لە لەندەن ئەوان بۆمیان چاپ کرد لە ساڵی ٢٠١٤.
قازی: ئەوانە هەر دووکیان بە
فارسین، وایە؟
کەریمی: بەڵێ. هەر دووکیان بە زمانی
فارسین.
قازی: زۆر باشە. ئێستا ئەگەر بێینە
سەر پایاننامەکەتان کە وەکوو لە سەرەتادا باسم کرد بە ناوی جێندر و میلیتانتیسم یان تێکۆشەرایەتی لە
کوردستانی ئێران و بە تایبەتیش لێکۆڵینەوە لە سەر بارودۆخی ژنانی کوردی ناو
ڕێکخراوی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێرانە، ئەوە تێزی پایاننامەی
دوکتوراتان بووە کە لە نۆڤامبری ساڵی ٢٠٢٠ لەو دامەزراوەی باسمان کرد خوێندنگەی
لێکۆڵینەوە بەرزەکانی زانستە کۆمەڵایەتییەکان
لە پاریس پەسند کراوە. و لەو ماوەی دواییشدا حەولتان داوە ئەوە بە شێوەی کتێب چاپ بکەن و کتێبەکەش لە مانگی فێبریڤێریدا دەرکەوتووە. بەر لەهەموو
شتێک پێم خۆش بوو بزانم کە مێتۆدی کارکردنتان بۆ ئامادەکردنی ئەو توێژینەوەیە،
ئەوە ئێتوودە چ بوو فەرموو؟
کەریمی: من هەر لە سەرەتاوە کە هاتم
بۆ فەرانسە بەڕاستی نەمئەزانی سیستمی ئێرا چۆنە و ئەتوانم چ مەسەلەیەکی ژنانی
کوردی ڕۆژهەڵات، چون من بڕیارم دا بوو هەر لە سەر ژنانی ڕۆژهەڵات کار بکەم، بە
داخەوە خودی ڕۆژهەڵات بە گشتی و بە تایبەت مەسەلەی ژنان زۆر پەراوێز خراوە بۆیە من
وەکوو کەسێک کە لە بارەی ژنان کار ئەکەم
وتم هەر جارە بتوانم لە سەر مەسەلەیەکی جیاواز کار کەم. کە هاتم بۆ ئێرەچ
بۆ فەڕانسە بە ڕاستی زۆر نەمئەزانی چ مەسئەلەیەک ئەتوانێ وەکوو مەوزووعی تێزی من
هەڵی بژێرم، زۆر بۆم زەحمەت بوو، بەڵام لە کۆتایی ئیتر بڕیارم دا کە لە سەر
مەسەلەی ژنانی کۆمەڵە کار بکەم. هەر لە سەرەتاوە ئەمزانی کە ئەوەڵەن خۆم زۆر ناسینم لە سەر ئەو بزووتنەوە کۆمەڵە زۆر
کەم بوو و دوای ئەویچە دیم بە تایبەتی لە سەری ژنان کارێکی ئەوتۆ نەکرا بوو، بۆ
نموونە ئەگەر من دوو میسالتان بۆ بهێنمەوە کتێبکەی فەریدە کووهی کەمالی ئیتر پێم
وایە خۆتان باشتر دەزانن کتێبێک بە ناوی The political development of
the Kurds in Iran و دوایی کتێبەکەی کاک عەبباسی
وەلیThe forgotten years of Kurdish nationalism in Iran لە ئەو دوو کتێبە، کتێبەکەی
فەریدە کە بە ڕاستی کارێکی زۆر جوان بوو لە سەر ڕۆژهەڵات بەتایبەتی لە دەیەی
هەشتاکانی ڕۆژهەڵات، لەسەر کۆمەڵە و دێمۆکڕات کاری کرد بوو بەجوانی، بەڵام لە هیچ
شوێنێک ئیشارەی بەوە نەکرد بوو کە ژنان بۆ ئەوەل جار توانییانە لە ناو بزووتنەوە
سیاسییەکانی کوردستان بەشداری بکەن بە هیچ شێوەیەک ئیشارەی پێ نەکرابوو. یا لە
کتێوەکەی کاک عەبباسی وەلیش فەقەت لە یەک پاراگرافا باسی بەشداری ژنان ئەکرێت کە
ئەڵێ ژنانی کۆمەڵە زۆر بە ڕاشکاوانە بەشدارییان کردووە لەو بزووینەوەی هەشتاکانا.
بۆیە ئەمزانی کە ئەو کارە زۆر کارێکی زەحمەتە و زۆر کەم کاری لە سەر کراوە خۆمیش
زۆر ناسینم کەم بوو لە سەر کۆمەڵە. کارانێکی ترم چاو لێ ئەکرد بۆ نموونە ئەم بینی
ئێمە لە کوردستانی باشوور بە سەدان شتانی تاریخی باسی فیگوورێک مەسەلەن وەک
مارگاریت دەکا یا کەسێک وەکوو لایلا قاسم یا دوایی ئێمە ژنانی باکوور ئەبینین کە
بە دەیان ژن بوونەتە سەمبوولی ئەو بزووتنەوە و دواییش کە لە ڕۆژئاوا دیمان. بەڵام
ئەم دی من بۆ خۆم کە ماوەی چەند ساڵێک بوو کارم ئەکرد لە سەر ژنان کارم ئەکرد لە
سەر ژنانی ڕۆژهەڵات، یەک کەسم لەو ژنانەی کۆمەڵە نەئەناسی، بۆ من بە ڕاستی شتێکی
زۆر نامۆ بوو، زۆر ناسینم نەبوو لە سەریان و ئەوە تەنیا کێشە و گرفتی من نەبوو
یانی زۆر کەسی تر ئەو کێشەی ناسینەیان هەبوو. بۆیە ئەمزانی کە ئەوە کارێکی زۆر زۆر
زەحمەتە و ئەمن ئەبێ لە سیفرەوە دەست پێ بکەم. لە دوای ئەویچە من کێشەی زمانەکەشم
بوو، من تازە هاتبووم بۆ فەڕانسە، شەش مانگێک دەستم کرد بە خوێندنی فەڕانسە و من
ئەبوایە بە زمانی فەڕانسە لە سەر مەوزووعێکی تازە کە بەحسی جینسییەت و
میلیتانتیسمە یان بەشداری ژنان و باسی جێندرە، من ئەبێ بێم لە سەر بزووتنەوەیەکیش
کارکەم کە هیچ کارێکی لە سەر نەکراوە بۆیە بەڕاستی کارێکی زەحمەت بوو لە سیفرەوە
دەستم پێ کرد و بێگومان ئەو کاری منیچە زۆر جێگای خاڵی پڕ ئەکاتەوە.
قازی: باشە لەو زەمینەیە دا، لە
سەرەتاوە کە بۆی بچین دوای ئەوەی لە بەر نەبوونی ئەو زانیارییەی کە باست کرد، ئەو
پرسیارانەی کە لە بەر خۆت ڕۆت نابوو کە وڵامیان وەربگرییەوە لەو لێکۆڵینەوەیە دا
خەتە سەرەکییەکانی چ بوو؟
کەریمی: من دوو مەبەستی سەرەکیم بۆ
خۆم دانا یەکێکی ئەوەی هەر وا کە وتم هیچ ناسینێک نەبوو لە سەر ژنانی کۆمەڵە
مەبەستی سەرەکیم ئەوە بوو کە ئەسڵەن بزانم چی ڕووی دا؟ ئەو ژنانە بۆ بەشدارییان
کرد ئەوەڵ لە شۆڕشی گەلانی ئێران دوایی لە ناو کۆمەڵە. ئەم ژنانە کێ بوون؟
بەربەستەکانیان چی بوو؟ بۆ نموونە ئێمە ئەگەر لەگەڵ پیاوێک قسە ئەکەین کە بەشداری
بزووتنەوەیەکی سیاسی ئەکا ئەڵێن چووە زیندان، شکەنجە کرا، یا کووژرا یا گیروگرفتەکانی
ناو بزووتنەوەکە باس ئەکەین بەڵام وەختێک باسی ژنان ئەکەین ئەو بەربەستانە زۆر زۆر
زۆرترن. یانی بۆ نموونە لە کام پیاوێک ئەپرسی ئایا بنەماڵەی تۆ ڕێگریان کرد لەوەی تۆ بەشداریی سیاسی بکەی؟ بنەماڵەت چۆن
لەگەڵ تۆ دا هەڵسوکەوتیان کرد؟ بۆیە من ئەوەڵ ویستم بزانم ئەو ژنانە کێ بوون،
بۆچی هاتنە ناو شۆڕشی گەلانی ئێران
بەشدارییان کرد، دوایی بۆ هاتنە ناو کۆمەڵە، بەربەستەکان چی بوون؟ بەربەستەکانی
بنەماڵە، لە نێو کۆمەڵگا و دوایی لە نێو خودی کۆمەڵە، چ فەعالییەتهایەکیان کرد و
ئاکامی ئەو فەعالییەتە چی بوو؟ بۆیە ناسینێکی سەرەکی لە سەر ئەو مەسەلە بۆ من زۆر
زۆر موهیم بوو و دوای ئەویچە تەنیا مەبەستی من ناسینی ئەو بەشدارییە نەبوو. بۆ من
موهیم بوو کۆمەڵەیەک کە لەو سەردەمە زۆر کەس وەکوو بزووتنەوەیەکی زۆر ئاوانگارد و
موتەرەقی باسیان لێ دەکرد کە مەسئەلەی ژنان زۆر بۆی موهیم بوو بە تایبەتی یارمەتی
ژنانی دەدا کە بەشداری سیاسەت بکەن. من بۆم موهیم بوو کە لە نێو ئەو بزووتنەوە
باسی جێندر، باسی جینسییەت، ئێستا بە فارسی پێی ئەڵێن، لە نێو ئەو بزووتنەوە چۆن
بوو یانی بۆ نموونە من زۆربەی فێمێنیستەکان کە لە سەر ئەو مەسەلە کار ئەکەن ئەڵێن
زۆربەی ئەو بزووتنەوە سیاسییە کۆمەڵایەتییانە، حەتتا ئەوانەش کە خۆیان زۆر بە
ئاوانگارد ئەزانن بە داخەوە نەیانتوانییە لە مەسەلەی سێکسیزم یا ئەو ڕەوابیتە جێندریانە
خۆیان بە دوور بگرن.
قازی: زۆر باشە، با لێرە ئیستێک
بگرین پرسیارێک بکەم. پرسیارەکەشم ئەوەیە جەنابت قالبی تیورییەکەت چ بوو. یانی بۆ
وێنە بۆ لێکۆڵینەوە لەو بابەتە، دوایە دەگەینە سەر وردە ڕیشاڵی بابەتەکە، بەڵام
لایەنی تیوری چ بوو، چ تیورییەکی فێمێنیستیت لەبەر چاو بوو بۆ داوخوازی یان
پشتگیری لە مافی ژنان؟
کەریمی: هەر ئەوە کە وتم، مەبەستی
دووەمەکەم ئەوە بوو کە من باسی جینسییەتیش دەرخەمە ناو ئەو بەشدارییە تەنیا من خۆم
بە مەسەلەی بەشدارییەکە مەحدوود نەکەمەوە بۆیە من ئەو باسی جێندریشە بۆم موهیم
بوو. من زۆرتر لە ئەو فێمێنیستانەی کە لە سەر بەشداری سیاسی و باسی جێندری کاریان
کردبوو لە تەواوی وڵاتانی دنیا بگرە، لە ئەمریکای لاتین، لە ئەلجەزاییر، لە
ڕۆژهەڵاتی ناوین لە هەر وڵاتێک، لە پەکەکە، لە باکووری کوردستان لە هەمووی ئەمانە
زۆر خوێندنەوەیەکی بەربڵاوم کرد لە سەر زۆربەی بزووتنەوەکان و لە کارەکانی ئەوان
کەلکم وەرگرت و لە تیوری جینسییەت و میلیتانتیسم هەر وەکوو تیتری کتێبەکەیە هەڵم
بژاردووە، من لەو تیورییانە کەلکم وەرگرتووە و خۆم مەحدوود نەکردووەتەوە تەنیا
بەلایەنێکی تایبەتی. لەهەر بوارێک کە کەسێک کاری کردووە لە سەر ئەو مەسەلە و من
کەلکم وەرگرت بۆ چ پرسیارانێک. بۆ نموونە ئەو فێمێنیستانە کە لەسەر ئەو مەسەلە
کاریان کردووە ئەڵێن کە کەم بزووتنەوەی سیاسی _کۆمەڵایەتی هەیە کە خۆی دوور گرتبێت
لە تەولید و بازتەولیدی ئەو ڕەوابیتە جینسییەتییانە لە نێو خۆی. یا مەسەلەن باسی
ئەوە ئەکەن کە بە ڕاحەتی ئەم بزووتنەوانە بۆ نموونە لەیەک سێری کۆنسێپت کەلکیان
وەرگرتووە وەکوو تەقسیمی کاری جینسییەتی، ئێستا بە داخەوە من کوردییەکە نازانم.
قازی: موشکیلە نییە، مەفهوومە،
فەرموو!
کەریمی: بەڵێ، مەسەلەی سێکسیزم، یا
مەسەلەی سولتەی پیاوانە لە نێو ئەو حەرەکەتانە. یا وەختێک باسی مێژووی ئەم
بزووتنەوانە ئەکەن ئەڵێن ئەم مێژووە مێژوویەکی پیاوانەیە. و هەر ئەو شتە کە ئێمە
لە کۆمەڵە ئەیبینین. بۆ ئەبوو ئێمە یەک کەس ژنی کۆمەڵە نەناسین، حەتتا ئەو ژنانەی
کە کووژراون.
قازی: پێش ئەوەی کە بەردەوام بی لەو
بارەیەوە شتێکیش کە ڕەنگە هەم بۆ زەینی بینەرانی ئێمە لەگۆڕێ دابێ و هەم بۆ منیش
کە من بەرنامەی پێشووی جەنابتم دیبوو کە لەگەڵ بەڕێز محەمەدی خاکی کردبووتان ئەویش
ئەوەیە کە ئەتۆ خۆت مەحدوود کردووە بە گفتوگۆ لەگەڵ ئەو ژنانەی کە بەشێوەیەک لە
شێوەکان دەستت پێیان ڕاگەیشتووە ، یانی زەمانبەندیت کردووە لە ساڵی ١٩٧٩ یانی دوای سەرکەوتنی شۆڕشی
ئێران هەتاکوو ساڵی ١٩٩١ کە لە کۆمەڵە دا هێندێک ئینسیعاب ڕوودەدا و لقی جۆر بە
جۆری لێ دەبێتەوە. دیارە ئەو لێکۆڵینەوەی بەڕێزت جوغرافیاکەی دەرەوەی کوردستانە،
لە هەندەران بووە تەنانەت وا بزانم لە کوردستانی باشووریش دوای ئەوەی کە حەڕەکەتی سیاسی یان بزووتنەوەی موقاوەمەتی گەلی
کورد لە سنوور پەڕێوەتەوە و هاتووەتە نێو جوغڕافیای کوردستانی عێڕاق باسی ئەوەش
نییە، زیاتر لەگەڵ ئەوانە قسەت کردووە کە تەجروبیاتی خۆیان تەنانەت پێش شۆڕشی
ئێرانیش بەڵام لە ١٩٧٩وە تا ١٩٩١ باس کردووە. لەو زەمینەیە دا ئەگەر شیکردنەوەیەک
بدەی دوایە بزانین چۆن درێژەت داوە بە کارەکەت.
کەریمی: بەڵێ ڕاستە من دەورەیەکی،
پێریۆدێکی زۆر مەحدوودم هەڵبژارد لە ٧٩ تا ٩١ دوایە خۆتان ئەزانن کۆمەڵە کە تووشی
ئەوەڵین ئینشیعابی خۆی ئەبێ زۆربەی ئەندامانی ڕێگەی ئوڕووپا و زۆر وڵاتی تر ئەگرنە
بەر، ناوچەی تر ئەگرنە بەر بۆیە بۆ من زۆر زەحمەت بوو بێم بڵێم لە ئوڕووپا یان
وڵاتانی تر چییان کرد چون بە ڕاستی زۆر توشی ئینشیعاب و زۆر کۆنفلیکتی دەروونی
خۆیان بوون بۆیە من خۆم زۆرتر مەحدوود کردووە بەو دەورە. بەڵام لەگەڵ کێ قسەم کرد
وایە من لەگەڵ ئەو ژنانە قسەم کردووە کە لەو دەورە بەشدار بوون یانی بۆ نموونە
لەگەڵ کەسێک کە لەم دواییانە پەیوەست
بووبێ بە یەکێک لە لقەکانی کۆمەڵە بە ڕاستی ئەوە مەبەستی من نەبوو
قازی: یانی بەڕێزت لەگەڵ ژنی ئاوا
قسەت کردووە کە لە زەمانی شادا، لە زەمانی حکوومەتی پەهلەویدا چالاکی سیاسی
هەبووبێ؟
کەریمی: لەو سەردەمە ژنی کورد کە زۆر
چالاک بووبێ بەڕاستی زۆر زۆر کەم بووە، تەنیا ژمارەیەکی زۆر زۆر مەحدوود بوون کە
موعەلیم بوون و ئەوانە دوایی پەیوەست دەبن بە کۆمەڵە، لە نێو ڕیزەکانی کۆمەڵە من
لەگەڵ ئەوانە قسەم کردووە بەڵام من ئەو باسانەی کە کردوومە بۆ ئەوەی کە وەزعییەت و
بارودۆخی ژنان پێش لە شۆڕشی گەلانی لێیان ببیسم کە بزانم بارودۆخی ژنان چی بووە
مەبەستم ئەگەر فەعالییەتێک بووبێ حەتمەن باسم کردووەبەڵام زۆر زۆر کەم بووە بە هۆی
ئەو بارودۆخە کە بەسەر کودستانا زاڵ بووە. لە باری سیاسی، لە بارەی ئابووری، لە
بارەی کولتووری بەداخەوە زۆر زۆر دەرفەت نەبووە بۆ ژنان کە بێن بتوانن وەکوو ژنانی
بۆ نموونە سازمانی موجاهیدینی خەلق یا سازمانی چریکهایی فەدایی خەلق وەکوو ئەوان
ئەو دەرفەتانەیان نەبووە، کوردستان زۆر زۆر مەحدوودتر بووە و من لەبەشی ئەوەلی
کارەکەم هاتووم باسی ئەومەم کردووە کە ئەم ژنانە بۆ هاتنە نێو شۆڕش بەشدارییان کرد
و شێوەی بەشدارییەکەیان چۆن بوو. ئایا توانییان وەکوو ژنانی تاران و شارە گەورەکان
کە توانییان حەتتا لە شەڕی چەکداریا بەشدار بن ئەم ژنانە توانییانە بەشداری بکەن
کە بە داخەوە بۆ ژنانی کورد بە هۆی ئەوەی کە هەم ژن بوون و هەم کورد بوون ئەو
چالاکییە زۆر زۆر درەنگتر دەستی پێکرد، ئەو ژنانەی کە دوایی پەیوەست ئەبن بە
کۆمەڵە. وە من بە وردی لە بەشی یەکەمی کتێبەکە باسی ئەو بەربەستانەی ژنی کوردم
کردووە.
قازی: جەنابت لە ساڵی ٢٠١٤ دەستت
پێکرد وا نییە؟ بەو چاوپێکەوتنانە.
کەریمی: بەڵێ.
قازی: لەگەڵ چەند ژن و چەند پیاو
قسەت کردووە؟
کەریمی: هەر ئەو جۆرە کە پێشتریش باسم
کرد زۆر کارێکی ئاکادێمیکی وەها لە سەر ژنانی کۆمەڵە نەکرا بوو. ئەو کارەی منە
ئەتوانم بڵێم یەکێک لە ئەوەڵین کارانە کە لە سەر ئەو بەشداری ژنانە کراوە.
کێشەیەکی تری سەرەکی من ئەوە بوو کە ئارشیوی کۆمەڵەیەش بە ڕاستی لە سەر مەسەلەی
ژنان زۆر زۆر زەعیف بوو لەبەر ئەو ئینشیعابانە کە کرا بوون هەر بەشێکی ئەیوت
ئارشیوەکان لای ئەو بەشەکەی ترە و بە داخەوە من ئارشێوێکی تەواوم دەست نەکەوت. ئەو
ئارشیوانیشە کە زۆر کەم دەستم کەوت بۆ نموونە ١٦ ژمارەی " پێشەنگ "
بوو،١٢ ژمارەی " پێشڕەو " بوو ئەویش ئەو ژنانە بوون کە بۆ ماوەیەک دایان
بە دەستی منەوە توانیم ئەوانە بخوێنمەوە. هەرچەند ئەوانیشە لە سەر مەسەلەی ژن بە
ڕاستی زۆر زۆر کەم کاریان کرد بوو. بۆ نموونە زۆرتر پڕۆپاگاندی کۆمەڵە بوو کە ژنێکی
شۆڕشگێڕ ئەبێ چۆن بێت. چۆنە ئەبێ چۆن بێت.
قازی: لێرە دا ئێمە دەکرێ دوو شتی
تێ بخوێنینەوە ئەوەی کە دە ئۆرگانەکاند ا لە مەودایەکی دیارییدا ٧٩ تا ٩١ نووسراوە
وەکوو ئێوەش ئیشاڕەتان پێ کرد شتێک لە نەشرییەی کۆمۆنیست یان لە "
پێشڕەو" دا چاپ بووە یا لە
" پێشەنگ" دا چاپ بووە ئەوانە حاڵەتی پڕۆپاگاندەیی و دەربڕینی سیاسەتی
سازمانی تێدا هەیە بەڵام ئەو کەسانەی کە قسەت لەگەڵ کردوون ئەو کەسانەش وا بزانم
هەر چۆنێک بێ بە بۆچوونی ئەمڕۆییان ئەو ڕابردوویەیان بۆ باس کردووی یان لێکدانەوەت
چییە پێت وا هەیە کە خۆیان بردووەتەوە ئەو سەروبەندی؟ یان بە ڕبە و بە بۆچوونی
ئەمڕۆیی ئەو مەسەلەیان هەڵسەنگاندووە؟
کەریمی: فەقەت لە سەر ئارشیوەکە ئەوە
با تەواو کەم، ئارشیوەکە زۆر زۆر کەم و کورت بوو، یانی بە ڕاستی وتم هەر ئەوەی کە
نیشانیان ئەدا ژنی شۆڕشگێڕ ئەبێ چۆن بێ، چی بکات و ئەوانە. بەڵام من تەنیا یەک
پاراگراف کە نامەیە دایکێک، ژنێکی کۆمەڵە کە دایک بووە بۆ منداڵەکەی ئەنووسێ بە
ڕای من هەر ئەو یەک پاراگرافە ئەو نامە، تەنیا ئەو نامەیەیە کە ڕاستی ئەو ژنانە بە
دوور لە پڕۆپاگاند باسی ڕاستییەکانی ئەو دەورەیە ئەکا. وە دوای ئەویچە کۆمەڵە
فەقەت لیستێکی ژنانی کووژراوی بووکە ئەو لیستیشە زۆر ناتەواو بوو کە من خۆم لەگەڵ
گولروخ قوبادی کە ئەویش زۆر زەحمەتی کێشا توانیمان بە هاوکاری یەکتری لیستێک دروست
بکەین.
قازی: ئەو خانمەی کە کوتت
تێکۆشەرێکی ئەندامی کۆمەڵە بووە وایە؟
کەریمی: بەڵێ، بەڵێ، کە خۆی یەکێک لە
ئەندامانی پێشووی کۆمەڵە بووە و لەم ساڵانەی دواییشدا زۆر زەحمەتی کێشاوە ئەو
ڕابردووانە بە سووڕەتی کتێب و ئەوانە کۆ کاتەوە. فێلمێکیش بوو لە سەر ژنانی کۆمەڵە
ئەو ڕۆژە کە چەکدار ئەون لە سێ بەشا کە لە یوتیوب دا بڵاو بووەتەوە. زۆر فیلمەکەش
قەدیمییە، تاریخی زۆر باش دیار نییە. دیار نییە هینی کام تاریخە. من بە غەیرەز
ئەوانە بە ڕاستی هیچ شتێکی ترم نەبوو، بۆیە من مەبەستی ئەسڵیم ئەوە بوو من بۆ
ئەوەی کە بتوانم ئیتیلاعاتێکی باشتر بە دەست بخەم
تەنیا ڕێگەی من وتوێژ بوو لەگەڵ ئەو ژنانە. ئەویش کە من باسی جێندر دەر
بخەم پێویست بوو کە حەتمەن لەگەڵ پیاوانیش قسە بکەم . بیروبۆچوونی پیاوان لەسەر
بەشداری ژنان چۆن بوو؟ یان بیرەوەرییەکانیان چی بوو. بۆیە من توانیم لەگەڵ ٣٧ ژنی
کۆمەڵە قسە بکەم لەگەڵ ١٠ پیاویش. لە بەینی ساڵەکانی ٢٠١٤ تا ٢٠١٨
قازی: ئەوانە هەموویان دانیشتووی
وڵاتانی ئوڕووپایی بوون وایە؟
کەریمی: زۆرتر لە سوێد و لە ئەڵمان ،
٢٠١٥ بوو بۆ ماوەی مانگێک لە سوێد بووم لە شارە جۆراوجۆرەکانی و ساڵی ٢٠١٦ بۆ
ماوەی مانگێک لە ئەڵمان بووم لە شارانی جۆرواجۆر. بەڵام دواییش توانیم بە ڕێگای
سکایپ و تەلەفون لەگەڵ کەسانی تریش قسە بکەم بۆ نموونە لە نۆروێژ، لە بریتانیا
تەقریبەن توانیم لەگەڵ ٤٧ نەفەرا قسە بکەم.
قازی: زۆر باشە لەو قسانەی کە لەگەڵ
ئەو ٤٧ نەفەرەت کردووە و بە تایبەتی لەگەڵ ژنەکان ئەوان موشکیلە و بەربەستی
سەرەکییان بە چی دەزانی وەختێک کە پەیوەست بوون بە کۆمەڵە؟ وەختێک ویستوویانە
چالاکی سیاسی بکەن لە کۆمەڵە دا، لە پێشدا لایەنە سیاسییەکەی دوایە لایەنی نیزامی
و بوون بە پێشمەرگە باس بکە! بەربەستی سەر ڕێیان چ بووە؟
کەریمی: لەو سەردەمەدا ئەگەر بەشداری
ژنانی ئێرانی، ژنانی غەیری کورد لە تاران و لە شارەگەورەکان لە بەرچاو بگرین پێش
لە شۆڕشی ئێران، بەڵام ئەمە لە کوردستانا زۆر شتێکی تازە بوو. ئێمە لە دەورەی
جمهووری کوردستانا بەشداری ژنانمان بوو بەڵام دوایی بە هۆی سەرکوتێک لە دەورەی
حەمەڕەزاشای پەهلەوی کریا بە تایبەتی لە دەیەی ٦٠ و ٧٠کانا ئەو بەشدارییە زۆر زۆر
کەم بوو. زۆربەی پیاوەکانیش ئەچوون بۆ شارە گەورەکانی ئێران بۆ نموونە تاران،
تەبرێز یا شارانێکی تر. لە نێو کوردستانا هەر شتێک بوایە بە هۆی ساواک و ئەڕتەشی
شاهەنشاهی زۆرتر سەرکووب ئەکریا بۆیە بۆ ژنان دەرفەتێکی زۆر زۆر کەم هەبوو کە لە
چالاکی سیاسی بەشداری بکەن. دوای ئەوەش کە شۆڕش ئەکرێت، ڕێژیمی شاهەنشاهی لە بەین
ئەچێت ئەمە شۆڕشە کە دەرفەتێکی گەورە بۆ
هەموو کەس دروست ئەکا یانی بە ڕای من بۆیە فێمێنیستەکانیش باس ئەکەن ئەڵێن کە تۆ هەمیشە ئەڵیی ژن زەعیفە، ژن بوونەوەرێکە
بۆ ماڵ دروست کراوە بەڵام شۆڕش، هەر وەکوو شۆڕشی ئێران و دواییش شەڕ شتانێکی وا
ڕوو ئەدات تەماشا ئەکەی ئەو کلیشانەی کە لە سەر ژن هەیە، لە سەر پیاو هەیە زۆر
جێوەجێ ئەبێ، بۆ نموونە ئەگەر ئێمە تا پێشتر کە ئەمان وت ژنێک کە زەعیفە فەقەت
کاری ئەوەیە کە منداڵی هەبێ لە ماڵا بەڵام شتێک وەکوو شۆڕشی ئێران نیشانی دا کە
ئەم شتانە کلیشەیەکی تەواوە و ئەگەر دەرفەت هەبێ ژنان ئەتوانن لە هەر بوارێکا
وەکوو پیاوان، شانبەشانی پیاوان و بگرە لە وانیش زۆرتر بەشداری هەموو چالاکییەک
بکەن. و ئەمە شۆڕشی ئێران بوو کە بۆ ژنانی کوردیش ئەو دەرفەتەیەی دروست کرد، ئەگەر
ئێمە بە چاوی بەشداری ژنان لە جمهووری کوردستانا چاوی لێ بکەین لەوێ زۆرتر ژنانی
مامناوەندی مەهاباد بو، تەواوی ژنان نەیانتوانی بەشداری کەن بەڵام لە شۆيشی ئێران
ئێمە بەشدارییەکی بەربڵاوی ژنان لە هەموو چین و توێژێکی کۆمەڵگا ئەبینین. لە ژنانی
نێو ماڵ، لە ژنانی دایک، ژنانی دەرسخوێن، خوێندکار لە هەموو بوارێکا تێن بەشداری
ئەکەن. بەڵام هاتنی شۆڕشی ئێران و ئەو کڵیشانەی کە ئەیشکێنێ بەو مانایە نییە کە
هەموو بەربەستەکانی لە بەر دەم ژنان لابردووە و ژنان توانیویانە زۆر زۆر بە ڕاحەتی
لەو چالاکییانە بەشداری کەن. بە هۆی ژن بوونیان، و بە هۆی وەزعییەتی، بارودۆخی
کۆمەڵگای کوردی لەو دەورە بازهەم ئەو
بەشدارییە زۆر ڕووبەڕووی بەربەست بووەتەوە. بۆ نموونە ئەوەڵین بەربەست و گرینگترین
بەربەستی ژنان بەربەستی بنەماڵەیی بووە. زۆربەی خانەوادەکان پێیان وا بوو کە – بە
تایبەتی بەشداری ژنان لە ناو کۆمەڵە – لەو سەردەمە دا کەسێک کە خۆی بە کۆمۆنیست
دەزانی، کەسێک کە خۆی بە کۆمەڵەیی ئەزانی دوو پێناسەی ئەکرا، یەکێک ئەمانە
کەسانێکن کە بیروبڕوایان بە خوا نییە، ئەمانە کەسانێکی دینی نین و لە لایەکی ترەوە
ئەمانە لە بارەی سێکسوالیتە و ئەخلاقییەوە ئینسانهایەکی بێ ئەخلاقن و تەعەهودی
ئەخلاقیان نییە.
قازی: یانی مەبەستت ئەوەیە کە
تەسەورێکی ئاوا لە ناو هێندێک بەش لە کۆمەڵدا هەبووە.
کەریمی: بەڵێ، بەڵێ. بۆیە
بەربەستەکانی لە نێو بنەماڵە زۆر زۆر بوون لە بەر دەم ژنان. و دوای ئەوە بەربەستی
کۆمەڵایەتی، بۆ ئەوەڵ جار تۆ ژنانێک بینی تا ئێستا مەسەلەن حەوزەی عموومی بازاڕ،
کۆڵانەکان حەوزەیەکی پیاوانە بوون، پیاوان لەوێ بەشدارییان ئەکرد بەڵام تۆ بۆ ئەوەڵ جار ئەیبینی کە ژنان لە کۆمەڵ، لە
نێوی تەزاهوراتەکان، لە نێوی خۆپیشاندانەکان بەشدارییان ئەکرد و ئەمە بۆ خەڵکی
کۆمەڵگا زۆر شتێکی تازە بوو، زۆر شتێکی نوێ بوو و نەیان ئەتوانی بە ڕاحەتی قبووڵی
کەن. دوای ئەویچە خودی کۆمەڵەش – من مەبەستم ناوی شارە- چون ژنانی کۆمەڵە لە دوو
دەورە بەشداری دەکەن ئەوەڵ لە نێوی شار تا دواییش کە شەڕی چەکداری دەست پێ ئەکا
ئەبنە پێشمەرگە لە نێوی گوندەکان و لە نێوی مەنتەقە شاخاوییەکانا بەشداری ئەکەن. لە
نێوی شار، لە نێوی خودی بزووتنەوەی کۆمەڵەیش، دەبێ ئاماژە بکەین کە کۆمەڵە
بزووتنەوەیەکی زۆر جەوان بوو، تازە دەستی کردووە کار، هیچ تەجروبەیەکی پێشووتری
نەبوو بۆیە زۆر زەحمەت بوو. کۆمەڵگا تاقەتی ئەو هەموو گۆڕانییەی بە یەکجاری نەبوو.
قازی: پێت وا نییە لەو پێوەندییە دا
بۆ نموونە خزمایەتی میلیتانتەکان و چالاکانی کۆمەڵە، ڕێبەرانی کۆمەڵە، کادرەکانی
کۆمەڵە، ئەوانەی کە دەو سەروبەندیدا ئیدێئۆلۆژییەکی چەپی و مائۆئیستی یان هەبوو
پێت وا نییە ئەوە موئەسیر بوو بێ بۆ ئەوەی کە ئەوان ڕێگا بکەنەوە بۆ ئەوەی کە
ژنانی خزمیان، چووزانم خوشکیان، دایکیان،براژنیان، ئەندامانی مێینەی بنەماڵەکانیان
پەیوەست بن بەو حەڕەکەتە؟
کەریمی: بێگومان ئەمە تەئسیری هەبوو
بەڵام شتێکیش نییە. بۆ نموونە ئەمن لەگەڵ یەکێک لەو ژنانە قسەم ئەکرد ئەیوت کە
بنەماڵە لە سەر سێ بەش دابەش کرا بوو. باوکی سەر بە حیزبی دێمۆکڕات بوو، برا
گەورەکەی سەر بە سازمانی چریکهای فیدائی خەلق بوو، برا چکۆڵەکەی سەر بە کۆمەڵە
بوو. ئەیوت منێک وەکوو ژن ئەوەندە ڕێگەم نەبوو بچمە ناو چالاکییەکانا بەشداری کەم
بزانم کۆمەڵە چییە. کۆمەڵە زۆر نەناسراو بوو. بزووتنەوەیەکی تازە بوو، بێ تەجروبە
بوو زۆر خەڵک بە باشی نەیان ئەناسی بۆیە ئەیوت کە من لە نێو خانەوادەم سەیرم ئەکرد
باسەکانیان لە سەر چییە. باوکم وەکوو یەکێکی سەر بە لایەنی حیزبی دێمۆکڕات چۆن باسی
بەشداری ژنان ئەکا، برا گەورەکەم چۆن باس ئەکا و برا چکۆڵەکەم چۆن باس ئەکا. کە
باسی ئەکرد ئەیوت لە چالاکی ڕێپێوانی کۆچی خەڵکی مەریوان، تەنیا بە مەریوان
مەحدوود نامێنێ و چالاکانی تر لە شارەکانی تر تێن بۆ یارمەتی خەڵکی مەریوان کە لەو
حەڕەکەتە دیفاع بکەن، حیمایەتی خۆیان ڕابگەیێنن ئەیوت هاتم کە منیش بەشدار بم
بەڵام باوکم و برا گەورەکەم وتیان بە هیچ شێوەیەک تۆ چۆن دەبێ وەکوو کچێکی تەنیا لەگەڵ
خەڵک بکەوی و بچی بۆ شارێکی تر. بۆ ئەوەڵ جار بوو ژنانی کورد ئەیان توانی لە
شارێکەوە بچن بۆ شارێکی تر بۆ چالاکی سیاسی. بۆیە زۆر لە بنەماڵەکان ڕێگریان ئەکرد
لە ژنان، بەڵام ئەو خانمە ئەیوت کە من سەیرم ئەکرد بزانم کام لەمانە پێداگری ئەکا
لە سەر بەشداری من و ئەوە برا کۆمەڵەییەکەم بوو هات و دی برا گەورەکەم و باوکم
ڕێگرن لە من بەڵام برا چکۆڵەکەم کە کۆمەڵەیی بوو دوو دانە کۆڵەی سەند بوو کۆڵەیەک
بۆ خۆی، کۆڵەیەک بۆ من کە وتی ئەوە کۆڵەی تۆش و تۆش ئەبێ لە گەڵمانا بی. بۆیە من
زانیم کۆمەڵە بزووتنەوەیەکە کە لە بەشداری ژنان حیمایەت ئەکات و پێداگری ئەکا و من
بەو ئاگاهییە هاتم کۆمەڵەم هەڵبژارد. یانی فەقەت ئەوە نەبوو کە براکان ئەمانەیان
هان دابێت. خۆیان حەتتا لە نێو چوارچێوەی خانەوادە دەستیان کرد بوو بە ئانالیز
کردن ئەوەی کە کام حەرەکەت ئەتوانێ باش بێ
بۆ ئەوان.
قازی: یانی ئەو توێژە لە ژنان زیاتر
لە ژنی شارنشین و خوێندەوار بوون وانییە؟
کەریمی: بەڵی زۆرتر ژنی خوێندەوار
بوون چون لە دەورەی ئەوەڵا بەشداری ژنان زۆرتر لە نێو شارەکانا بوو و ئەمەش زۆرتر
ژنانێک بوون موعەلیم و کارمەند و ژنانی دەبیرستان و ڕاهنمایی بوون. ژنانی
بێسەوادیشی تێدا بوو بەڵام زۆرتر ژنانی ناو شارەکان بوون.
قازی: ئەو کارانەی کە ئەوان بێجگەلە
ئاستی، لە چوارچێوەی ڕێکخراوەکەی خۆیاندا کردوویانە، لەو زەمانیدا کەدەستیان کراوە
بووە یانی مەجبوور نەبوون شارەکان بەجێ بێڵن لە ئاستی کۆمەڵایەتیدا، بۆ باشتر
کردنی وەزعی ژنان، خوێندەوار کردنی ژنان، پێشگیری لە زوڵم و زۆری خانەوادە لە ئاست
ژنان، لەو بارانەوە بە کردەوە و عەمەل چییان کردووە بە پێی لێکدانەوەی بەڕێزت؟
کەریمی: ئەزانی چی دەورەکە زۆر زۆر
کورت بووە و ئەو کەسانەش کە بەشدار بوون کەسانێکی زۆر زۆر بێ تەجروبە بوون،
کەسانێک بوون کە بە پێی پێوەری ئەمڕۆ ئەتوانین بڵێین زۆر منداڵ بوون. زۆربەیان
ژێری هەژدە ساڵ بوون بۆیە تەجروبەی وەهایان نەبووە کە باسی ژنان ئەو سەردەمە
باسێکی سەرەکی نەبووە، نە بۆ کوردستان و نەکۆمەڵە حەتتا لە تارانیش لە نێو چەپەکان
بۆ نموونە وەختێک کە ئینقیلاب ئەکرێت و خومەینی بڕیاری ئەوە ئەدا حیجاب ئیجباری
بێت زۆربەی بزووتنەوە چەپەکانیش ئەڵێن ئەسڵەن مەسەلە مەسەلەیەکی ئەساسی نییە.
مەسئەلەی ئێمە مەسئەلەی سۆسیالیزمە و شۆڕشە و ئینقیلابە و ئەو شتانە. بۆیە مەبەستم
ئەوەیە کە ئەم مەسئەلە حەتتا بۆ ئێرانییەکانیش کە زۆربەیان لە دەرەوەی وڵات
خوێندوویانە، فێمێنیستەکانیان ئەناسی، بزووتنەوەکانی تریان ئەناسی هێشتا
مەسەلەیەکی سەرەکی نەبوو. و ئێستا بگرە ئیتر لە کوردستان چی بێت کە بە هۆی
بارودۆخی ئابووری و کولتووری ئەم شتانە زۆر زۆر بۆیان نامۆ نەبوو. بۆیە زۆربەی ئەم
ژنانە دروستە کە لەگەڵ ژنانی چینی کرێکار، ژنانی نەخوێندەوار ئیرتیباتیان هەبوو
بەڵام لە سەر ئەم مەسەلە زۆر حەساس نەبوون بۆیە بۆ نموونە یەکێک لە ژنەکان باسی
ئەوە ئەکا کاتێک لەگەڵ ژنان قسەیان ئەکرد کە کۆمەڵە وایە، شۆڕش وایە، ئەبێ ژنان بەشداری سیاسی بکەن ژنان ئەیان وت دەی
ئەمن مێردەکەم ژنی بەسەر هێناوم ئەبێ من چی بکەم. یا کەسێکی تر ئەیوت مێردەکەم
یەکسەر توندو تیژیم لەگەڵ ئەکا من چی بکەم. تازە بۆیان دەرئەکەوێت مەسەلەی ژنان
مەسەلەی توند و تیژی یە، مەسەلەیەکی تر بە نێوی مەسەلەی ژنان وجوودی هەیە کە ئەم شۆڕشە، ئەم چالاکی سیاسییە زۆر تەئکیدی
نەکردووە لە سەری. بۆیە ئەمان کەم کەم ئەم شتانە بۆیان دەرئەکەوێت. خۆیانیش
ئەوەندە ئاگاهییەکی سەرەکیان لە سەر کێشەی ژنان وەکوو ژن نەبووە لەو سەردەمە دا.
قازی: دوایە دەچینە قۆناغێک کە دەست
دەکەن بە خەباتی پێشمەرگایەتی. بەڵام لەو پێوەندییە دا پێم خۆش بوو ئەو پرسیارەش
بکەم نازانم لە کتێبەکەتدا بۆی چووی یان نا؟ دەزانین بە داخەوە شەڕێکی ناوکۆیی لە
کوردستان هەبوو لە بەینی کۆمەڵە و حیزبی دێمۆکڕاتدا، لێرە دا بە هیچ جۆر نامانەوێ
بینرخێنین _ دەزانین لەو شەڕە ناوخۆییەدا چەند ژنیش کووژراون، هیچ فاعیلییەتی ژن
لەو بارەیەوە بۆ پێکهێنانی ئاشتی هەبووە، چونکە دەزانین لە هێندێک لە نەریتی
وڵاتانی لای ئێمە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست باسی ئەوە دەکرێ کە کێشەیەک دێتەگۆڕێ ژن
دەتوانن دەوری زۆر چالاکانەتر و کاریگەرانەتر لە پیاوان بگێڕن و ئاکاری باشتریان
هەبێ لە پیاوان لەو بوارانە دا. لە کتێبەکەتدا هیچ لەو مەسەلەیە دواوی یان نا؟
کەریمی: من وایە ئەو مەسەلە زۆر بۆم
موهیم بوو کە بە داخەوە ئێستا زۆر کەس باسی لە سەر ناکا. هەر بزووتنەوەیەک ئەبێ بە
بیرێکی ڕەخنەگرانە چاو لە ڕابردووی خۆی بکا و یەکێک لەو مەسەلانە مەسەلەی شەڕی نێو
کۆمەڵە و دێمۆکڕات بوو و بەداخەوە ئەم شەڕە زۆر تەئسیرێکی خراپی بوو بە تایبەت لە
سەر ژنانی کۆمەڵە و زۆر ژنان ئیشاڕە بەوە ئەکەن کە چۆن کەڵک وەرئەگریا بۆ ئەوەی لە
حیزبی دێمۆکڕات لە مەسەلەی ژنان کەلکی وەرئەگرت بۆ ئەوەی کە کۆمەڵە تەخریب کات کە
ئەمانە، هەر ئەو بۆچوونە کە ئەمانە ئەخلاقیان نییە، ئەمانە ژن و پیاو لەگەڵ یەک
تێکەڵن و ئەمە زۆر زۆر تەئسیرێکی نێگاتیڤی بوو لە سەر بەشداری ژنان لە نێو کۆمەڵە،
بەڵام ئەوەی کە چۆن چالاکییان کردووە ئەو سەردەمە بەداخەوە من نەمتوانی لەگەڵ ژنانی
حیزبی دێمۆکڕات وتوێژ بکەم، لەگەڵ چەندین کەسیانە من پەیوەندیم کرد کە لەگەڵیان
قسە بکەم قبووڵیان نەکرد بەڵام کەسانی کۆمەڵە ئەیان وت بۆ نموونە من لەگەڵ زنێکی
پێشمەرگە قسەم ئەکرد ئەیوت بۆ نموونە تا پێشتر کەسانێکی گوندەکەمان بوون کە ئێمە
لەگەڵ یەکا هاوڕێ بووین بەڵام ئێستا بەهۆی شەڕی کۆمەڵە و دێمۆکڕات ئەو ببوو بە
دێمۆکڕات من ببووم بە کۆمەڵە ئێمە بووین
بە دوژمنی یەک، بەڵام ئەیوت لە دیتنی یەکتری یا لە مەسەلەن ئەگەر کەسێکم ئەدی
زامارە یا شتێک بە ڕاستی نەم ئەتوانی وەکوو دوژمن چاو لە وان بکەم، وەکوو کەسێکی
خزمی خۆم چاوم لەو کەسە ئەکرد ئەگەر زامار بوو تیمارم ئەکرد، یا هەوڵم ئەدا
وەزعییەتێکی باشتری بۆ دروست بکەم.
قازی: لە جێگایەکدا خوێندمەوە کە ئاماژەت
کردووە بە کتێبی یەکێک لە کادرەکانی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران و زۆریشت پەسن
داوە، بە دروستی دیارە، چونکە ئەو لە عەینی حاڵدا کە باسی ئەو شەڕی ناوکۆییەی
کردووە ویستوویە هەردووک لایەنی مەسەلەکە باس بکا، مەبەستم بەڕێز حاتەمی مەنبەری
یە کە بەڕێزیشت ئیشارەت پێ کردووە لە جێگایەک.
کەریمی: دەقیقەن، وەک وتم چون نەم
ئەویست خۆم زۆر بە لایەنێکەوە مەحدوود بکەمەوە هەموو ئەو کتێبانەی کە لە سەر ئەو
سەردەمە نووسرا بوو وەکوو بیرەوەری، بۆ نموونە ٢٥ کتێبی پێشمەرگەکانی کۆمەڵەم
خوێندەوە و چەندین کتێبیش پێشمەرگەکانی حیزبی دێمۆکڕات نووسیبوویان، بە تایبەتی
ئەو کتێبەی حاتەم مەنبەری م خوێندەوە بۆ ئەوەی ئەمن ڕووکردنێکی زۆر بەربڵاوم بێ بەرانبەر بەو
دەورە، فەقەت لە لایەنی کۆمەڵەوە چاو لەو شەڕی چەکدارییە نەکەم و ڕوویکەرد یا
بیروبۆچوونەکانی پێشمەرگەکانی حیزبی دێمۆکڕاتیش ببینم و بە ڕاستی ئەو کتێبە یەکێک
لە باشترین کتێبەکان بوو کە ڕاستییەکانی خستبووە دەر و بێ هیچ لایەنگرییەک باسی
ڕاستییەکانی کرد بوو. لەو کتێبیشە هەر وەها کاک
حاتەمی مەنبەری باسی کرد بوو کە چۆن ئەوان ڕوانیویانەتە ژنانی کۆمەڵە و وەکوو چەکێک، وەکوو ئەهرومێک دژ بە کۆمەڵە
بەکاریان هێناوە، بە چاوێکی ڕەخنەگرانە چاوی لێ کردووە.[مەبەست لە کتێبی "ئازار
و ئەزموون (هەڵبژاردەی بیرەوەرییەکانی پێشمەرگەیاتیم" ی کاک حاتەم مەنبەری یە
کە ساڵی ٢٠١٧ بڵاو بووەتەوە . ح.ق[
قازی: زۆر باشەم ئێمە هێندەمان وەخت
نەماوە بەڵام پێم خۆش بوو باسی ئەوەش بکەی لە ڕوانگەی بەڕێزتەوە وەکوو
لێکۆلەرەوەیەک، ئەو زانیارییانەت کە لە تەنیشت یەکداناوە و ئانالیزت کردوون پێت
وایە دەسکەوتی ئەو خەباتە چ بووە بۆ ژنان و لە داهاتوو دا وەکوو دەستاوێزێک، وەکوو
ڕێفرێنسێک دەکرێ چۆن بە کار بهێندرێ؟
کەریمی: بە داخەوە ئەو بزووتنەوەیە لە
ئاخری دەیەی هەشتاکان شکستی هێنا هەم لە باری نیزامی، هەم لە باری سیاسی و ئەو
ژنانە وەکوو پەکەکە کە ئەوە زۆرتر لە چل ساڵە کە بەردەوام خەبات ئەکا لە هەموو
بوارێکا، بواری سیاسی، چەکداری ژنان زۆر دەرفەتیان بوو کە زۆر شت بە نەفعی خۆیان
بگۆڕن. بۆ نموونە ئێستا ژنانی پەکەکە لە زۆر بوارا خۆیان دەرخستووە، جێگە و
پێگەیەکی زۆر باشیان بۆ خۆیان تەرخان کردووە و بە ڕاستی زۆربەی بەخاتری ئەو
زەحەماتەی بووە کە خۆیان هەوڵیان داوە. بەڵام بە داخەوە لە کۆمەڵە ئەو دەرفەتە
نەبوو، دەرفەتێکی زۆر کورت بوو، دوای ئەوە زوو هاتنە باشووری کوردستان و لە دوای
ئەویشە تەبعید بوون بە وڵاتانێکی تر و لە وڵاتانێکی تر مەسەلەی تر بۆ ئەوەی کە
منداڵەکانیان بهێنن و زۆر کێشەی تر کە ئێستا بە داخەوە زۆر کات نییە من لێرە دا
باسی بکەم، بەڵام لەو پێریۆدی،لەو کاتی زۆر کەمە دا ئەو شتەی کە ئەوان کردیان،
ئێمە هەمیشە وەختێک باسی ژنی کورد دەکەین باسی توندوتیژی نیسبەت بە ژنانی کورد
دەکەین، باسی خۆ کوشتنە، کوشتن بە ناوی شەرەفە یان زۆر شتی تر، بەڵام ئەم مەسئەلە
نیشانی دا لەو دەورەیە کە ئەو کلیشانەی لە سەری ژنان هەیە کە ژنان زەعیفن، عەقڵیان
وایە، ژنان بۆ کاری سیاسی ناشێن، بۆ کاری چەکداری ناشێن لەو دەورەی کەمە کۆمەڵە یا
ژنانی کۆمەڵە، ئەتوانم بڵێم ژنانی کۆمەڵە بە جۆرێک خۆیانیان تەحمیل کرد بە کۆمەڵە
وا نەبوو ئەگەر ژنان بوون بە پێشمەرگە ئەوەی کە کۆمەڵە لە ناو شارەکان ژنەکان
وەرئەگرن، ژنەکان بێن پەیوەست بن بە من، لە شەڕی چەکداری وا نەبوو، بەربەستەکانی
ڕووبەڕووی ژنان بەڕاستی زۆر زۆر زۆرتر بوو. بەڵام ژنان توانییان خۆیان تەحمیل کەن
بە کۆمەڵە و زۆر دەرفەت بۆ خۆیان دروست بکەن و بە ڕای من ئەو شتەی کە توانییان بە
دەستی بێنن ئەوەی بوو کە ژنان توانییان کڵیشەیەکی زۆر زۆر گەورە، ئەوەی ژن زەعیفە
و سیاسەت سیاسەتی پیاوانە و حەوزەی پیاوانە ئەوە بشکێنن و توانییان ئەوە ئیسپات
کەن کە ئەگەر دەرفەت هەبێت و بتوانن ژنان بەشداری بکەن ئەتوانن زۆر لە پیاوانیش
چالاکتر بن و لە هەر حەوزەیەک کە دەرفەتیان بۆ بڕەخسێ بتوانن خۆیان نیشان بدەن و
ڕۆڵی خۆیان بگێڕن. ئەوە بە نەزەری من لەو کاتە کەمە کارێک بوو کە ژنانی کۆمەڵە توانییان بیکەن و نێوی
خۆیانیان وەکوو ئەوەڵین ژنانی چەکداری کورد سەبت کەن لە نێو مێژووی کوردستانا.
قازی: زۆرباشە بەڕێز دوکتور کەریمی
بەداخەوە لێرە دا دەبێ بەرنامەکەمان تەواو بکەین. بەڵام بەڕێزت وەکوو
بەڕێوەبەری تۆڕی مافەکانی مرۆڤی
کوردستانیش کار دەکەی، بەداخەوە فورسەت نابێ لەو بارەیەوە قسە بکەین ئەگەر بە کورتی
باسی ئەو تۆڕەش بکەی ئیدی قسەکانمان تەواو دەکەین. فەرموو!
کەریمی: تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان
تەقریبەن لە ساڵی٢٠١٤ لە فەڕانسە دەستی بە ئیش کردووە لە سەر نەقزی مافی مرۆڤ لە
ڕۆژهەڵاتی کوردستان. من خۆم لە ساڵی٢٠١٧ دەستم کرد بە هاوکاری کردن لەگەڵ ئەم
ڕێکخراوە و ئێستاش وەکوو لایەنێکی ئەو ڕێکخراوە کار و چالاکی ئەکەین، سایتێکمان
هەیە بە ڕۆژانە گیرو گرفتەکان لە سەر ژنان، کرێکاران، چالاکانی سیاسی لە نێو
سایتەکەمانا بڵاو ئەکەینەوە و هەوڵ ئەدەین لەگەڵ ڕێکخراوە نێو دەوڵەتییەکانیش
پەیوەندیمان هەبێ لە سەر ئەو کێشانەی مافی مرۆڤە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
قازی: زۆر سپاست دەکەم بۆ بەشداریت
لە ڕاوێژ دا بەڕێز دوکتور کەریمی کاتێکی خۆش.
کەریمی: سپاس بۆ ئێوەش بەداخەوە
کاتمان کەم بوو.
قازی: بینەرانی بەڕێز بەم پێیە
بەرنامەی ئەمجارەی ڕاوێژیش کۆتایی پێ دێنین
و تاکوو ڕاوێژێکی دیکە لای ئێوەمان خۆش.
تێبێنی: تێبینی: ئەم بەرنامەیە ئێوارەی چوارشەمە ٢٣-ی مارسی ٢٠٢٢ لە
تێلێڤیزیۆنی ستیرکدا بڵاو کراوەتەوە. ڤیدێئۆی ئەم بەرنامەیە دەکرێ لە ماڵپەڕی
ستێرک تیڤی، مەکۆی ڕاوێژ لە تۆرێ کۆمەڵیی یوتیوب، وێبنووسی ڕوانگە و ئینستاگڕام تەماشا
بکەن.
سەرچاوە: وێبنووسی ڕوانگە
No comments:
Post a Comment