Monday, June 20, 2022

وتوێژ لەگەڵ عەزیزماملێ مافناس سەبارەت بە کارنامەی کۆمەڵایەتی و سیاسی سارمەدین سادق وەزیری . بەرنامەی ڕاوێژ، تێلێڤیزیۆنی ستێرک، چوارشەمە شەو ١٥-ی ژوەنی ٢٠٢٢



وتوێژ لەگەڵ عەزیزماملێ مافناس سەبارەت بە کارنامەی کۆمەڵایەتی و سیاسی سارمەدین سادق وەزیری
بەرنامەی ڕاوێژ، تێلێڤیزیۆنی ستێرک، چوارشەمە شەو ١٥-ی ژوەنی ٢٠٢٢

حەسەن قازی: بینەرانی خۆشەویست بەخێر بێنەوە بۆ بەرنامەیەکی دیکەێ "ڕاوێژ". لە ڕاوێژی ئەمجارە دا باسی کەسایەتییەکی کورد دەکەین نەمر سارمەدین سادق وەزیری. دیارە بۆ زۆر لە تێکۆشەران لە ڕۆژهەڵات و هەر وەها لە باشووری کوردستان ناسراوە بەڵام ڕەنگە لە بەشەکانی دیکە دا کەمتر ناسرا بێ. نزیکەی  ١٤ ڕۆژ لەمەوپێش سەدویەکەمین ساڵی لە دایکبوونی سارمەدین سادق وەزیری بوو کە بەداخەوە لەساڵی ٢٠١٨  نزیک چوار ساڵ لەوە پێش وەفاتی کرد. لەم بەرنامەیە دا لەگەڵ بەڕێز عەزیز ماملێ مافناس و کەسایەتی کورد قسە دەکەین کە بە ساڵانی ساڵ لە نزیکەوە دۆستایەتی، ڕەفاقەت و هاوکاری هەبووە لەگەڵ سارمەدین سادق وەزیری. زۆر زۆر بەخێر بێی بەڕێز ماملێ. ئەگەر ئیزنت لە سەر بێ لە سەرەتاوە پێش ئەوەی کە بچینە نێو باسەکەمان، لە ساڵی ٢٠٠٦ لە تێلێڤیزیۆنی ڕۆژ دا چاوپێکەوتنێک لەگەڵ بەڕێزیان کراوە بەشێک لە قسەکانیمان گوێ لێ بێ و ئەوە ببێتە دەروازەیەک بۆ چوونە ناو باسەکەمان.ئەگەر هاوکارانم ئێستا قسەکانی سادق وەزیری بڵاو بکەنەوە سپاسیان دەکەم.
سارمەدین سادق وەزیری: بۆ ئێمە، مەسەلەی ئەساسی بۆ میللەت کورد ئەوەسە کە بزانن کە یەک میللەتێک بە ناوی میللەتی کورد هەس. ئیعتیقادیان بەوە بێ كە :

1-  میللەتێ بە ناو میللەت کورد هەس. ئەم میللەتە حەقی ئەساسی خۆی کە ئیمڕۆ لە تەواو دونیا بە ڕەسمییەت شناسیاگە، ئەم میللەتە لەم حەقەی بەرخوردار نییە. ئەشێ بەو حەقە بگەیت. بینا بەرئین هەر حیزبێ کوردی لە هەر بەشێک لە کوردستانا کە تەشکیل ئەوێت، کە فەعالە ئەشێ هەدەفی ئەساسی ئەوە بێت کە حەقێ میللەتێ کورد بە ڕەسمییەت بناسرێ و بدرێت. یانی ستراتێژی تەواو ئەحزابێ کورد یەکێکە، فەرق ناکات لە ئێران بێت، لە عێراق بێ، لە تورکیە بێ، لە سووریە بێ ستراتێژی یەکێکە. وەختێ ستراتێژی یەکێک بوو هاوپەیمانگەڵێ ستراتێژیک تەعیین ئەوێ. هاوپەیمانگەلێ ستراتێژیک هەر حیزبێ کورد ئەحزابێ کوردییە لە بەشگەل ترا. یانی هەر حیزبێک لە ئێران، فەرق ناکا لە عێڕاق، لە تورکیا بێژێت من لە تەک فڵان سازمانێ غەیرێ کوردا ئیتیلافی ستراتێژیکم هەس ئەمە غەڵەتە. مەعنی ستراتێژیک حاڵی نەبووگە. ئەشێ میللەتی کورد وەختێ بەو کەیفییەتە کە شەرحم دا، وەختێ ئەساسێ هەدەف عیباڕەت بوو لەوە ئەحزابێ کورد موئتەلیفی واقعی یەکترینن و بۆ ئەوە کە بتانن بە بێهتەرین وەجهه لەو مەوقعییەتە ئیستیفادە بکەن ئەشێ ئیرتیباتیان بێ بە یەکۆ. ئەحزابێ کوردی لە هەر بەخشێکا ئەشێ ئیرتیباتیان بێ بەیەکۆ. ئەگەر بتانن یەک دەفتەرێ ئیتلاعاتێ مەرکەزی دروست کەن کە تەواو ئیتلاعات ئەم بەش ئەو بەش لێنێ بوێت کە مونتەشیر بێ لە خاریجا، کە یەک نەوع هەماهەنگی بەوجوود بێت. ئیتیفاقێک ئەگەر لە تورکیا ئەکەفێت  لە ئێران، لە عێڕاق، لە سووریا فەوری مەردوم عەکسولعەمەل نیشان بەن. نیشان بەن کە بەڵێ ئێمە عوزوی میللەتی کوردین ئەو مەسەلە کە پێش هاتگە مەسئەلەی تەنها تورکیە نییە مەسئەلەی ئێمەیچ هەس، مەسئەلەی عێراق نییە، مەسئەلەی ئێمەیچ هەس، مەسئەلەی ئێران نییە، مەسئەلەی ئێمەیچ هەس، مولاحەزە ئەفەرمووێ؟ ئەگەر بە هەمچی کەیفییەتێ بڕۆن وە بتانن سازماندەهی بکەن بۆ ئەم مەسئەلە، خوب موسەلەمەن وەزعێ موبارزاتێ میللەتێ کورد بەسوورەتێ تر دەرتێت، مولاحەزە ئەفەرمووی ئەمە یەک.
2-  دووەم ئینکێ موتەئەسیفانە لە خارجێ کوردستان، لە ئوڕووپا، لە ئەمریکا، لەملا لەولا تا ئەو جێیەی کە من بزانم، مومکینە ئیتلاعاتی من کەم بێت وەڵی تا ئانچێ کە من ئەزانم ئەو تەور کە بوێت نەیانتانیگە ئەم مەسئەلەیە بە ئەفکاری عموومیێ دنیا بگەیێنن، حاڵی بکەن و بۆ خۆیان تەڕفدار پەیا بکەن. ئێمە میللەتگەلێک ئەوینین کە میللەتەکەیان بە قەد شارێک کوردستان نییە، لە خاریجا ئەنواع و ئەقسام فەعالییەتیان هەس، لوبینگیان هەس مولاحەزە ئەفەرمووی. کەسگەڵێکیان هەس کە دیفاعیان لێ ئەکا، ئەنجومەنگەڵێ هەس کە دیفاعیان لێ دەکا، بۆ کوردستان هەمچێ شتێک نییە. ئەمە عیلەتی چەس، عیلەتی ئەوەسە کە  ئەحزاب و سازمانگەل کورد ئانچێکێ تەوجوهیان بێت نیانە بەو مەسئەلە. ئەوان ئەشێ لە دونیا بۆخۆیان تەرەفدار پەیدا بکەن.
3- سێهەم، مەسئەلە ئەوەسە کە ئەحزابێ کوردی ئەشێ بزانن کە تەکیەگا وپوشتیبانی ئەسڵیان میللەتی کوردە وە بینا بەرئەین بە هیچ نیرووی خاریجی ناوێ نە ئیعتیماد بکەن نە تەکیە بکەن. ئەمە بەو مەعنا نییە کە ئیستیفادە نەکرگێ لە نیرووگەل خاریجی، ئیستیفادە نەکرگێ لە مەوقعییەت موساعید بەینەلمیلەلی. بەو مەعناسە کە بزانن لە نیرووی واقعیان لە کوێنە هەس. نیرووی واقعیان لە میللەتی کورد هەس.
حەسەن قازی: کاک عەزیز دیارە ئەو ڕێنوێنی و ئامۆژگارییانەی نەمر سارمەدین سادق وەزیری بڵێین ئی نزیکەی ١٦ ساڵ لەوە پێشترە، ٢٠٠٦ هەتا ٢٠٢٢، دە ڕاستیدا هەموو پرێنسیپەکانی واتە ئەساسی ئامۆژگارییەکانی، پایەکەی وەک خۆی ماوەتەوە و بۆ ئێستاش دەشێ. بە کورتی ئەگەر لە سەر ئەو مەسەلەیە بڕۆین و دوایەش بێینە سەر ژیانی بەرایی وی، دوایە دەگەینە ئەو قۆناغەش کە جەنابت ئاشنایەتیت لەگەڵ پەیدا کرد. فەرموو دەست پێ بکە.
عەزیز ماملێ: کاک حەسەن گیان زۆر سپاسی ئێوە دەکەم  کە بانگهێشتنتان کردووم و ئەو بەرنامەیەتان تەرخان کردووە بۆ ڕێزگرتن و بیروەری لە کەسایەتییەکی پایەبەرزی مێژووی کوردستان. ئەمن پێم خۆشە پێشتر بە عەرزتان بگەیێنم کە من شانازی شاگردیم هەبووە، هیچ وەختێک خۆم بە هاوکار نەزانیوە هیچ وەختێک و ناش زانم و یەکێک لە گەورەترین شانازییەکانی من ئەوە بووە کە لە خزمەتیان دا بووم، زۆر فێری شت بووم. بە ڕاستی لە هەموو بارێکەوە ئەمن خۆم بە مەدیوونی ئەو ئینسانە گەورەیە دەزانم. کە وا بوو نامەوێ زۆرتر لەوە قسە بکەم، فەقەت سەبارەت بەو شتەی کە داتان نا، کە شتێکی زۆر بە نرخە وە ئەوە کورتەیەکە کە بڕێک بەربڵاوتر لە کۆبوونەوەیەکی ڕێزگرتن لە جەنابی سادق وەزیری لە فڕانکفۆرتی ئاڵمان لە ڕۆژی ٧-ی ژووەنی ساڵی ٢٠١٤ بەڕێوە چوو لەوێ لە ٨ خاڵدا باسی کردووە کە زۆر بە وردی ئەرکی ڕێکخراوە سیاسییەکان وە هەر وەها ئەو تایبەتمەندییانەی کە دەبێ هەیان بێ باسی کردووە، بەڵام تێبینییەکی کە من هەمە، نەک وەک تێبینی بەڵام بیرەوەرییەک  کە من هەمە پێم خۆشە زیاد بکەم لەوە ئەویش ئەوە بوو کە جەنابی سارم خان هەموو کاتێک باسی لەوە دەکرد کە هەتا ئەو ڕۆژە کە نەتەوەی کورد ئۆرگانێک یان پلاتفۆڕمێک یان کۆبوونەوەیەکی نوێنەرایەتی لە هەموو هێزەکانی کوردستان، لە هەموو بەشەکانی کوردستان نەبێ کە ئەوە ڕێبەرایەتی بزووتنەوەی کورد بە دەستەوە بگرێ شانسی سەرکەوتنی نەتەوەی کورد لە خەباتی ڕزگاریخوازیدا زۆر نییە و ئەوە زۆر بە ڕوونی دەردەکەوێ لەو شتەی کە ئێمە گوێمان لێ بوو. کە وابوو ئێمە ئەمشەو باسی کەسایەتییەک دەکەین کە لە مێژووی کورد دا چەند لایەنی کەسایەتی هەبووە. یەکێک لە بواری قەزاییدا، یەکێک لە بواری وەکالەتدا، یەکێک لە بواری سیاسەتدا، یەکێک لە بواری کۆمەڵاتیدا، یەکێک لە بواری ڕۆژنامەنووسیدا. یانی بە ڕاستی نەک هەر لە کوردستان بەڵکوو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، لە دنیاشدا کەم کەسێکی وا هەبووە، زۆر کەمن، بە دەگمەن کەسێکی وا پەیدا دەبێ کە لە هەموو ئەو بوارە، ئەو ڕەهەندانەوە دەسەڵاتی بووبێ، تایبەتمەندی گرتبێتە دەستی خۆی و لە هەموانیشدا سەرکەوتوو بووبێت، لە هەموانیشدا لە باشترین پلە دا، لە بەرزترین دەسکەوتەکانیدا خۆی نواندبێ. بە کورتی ئەمن پێم خۆشە باسی دەورانی قەزاوەتی بکەم.
قازی: دیارە دواتر دەگەینە دەورانی قەزاوەتی، بەڵام ئەگەر ئیمکانی هەبێ بۆ ئەوەی زەینی ئەو بینەرانەش ڕوون بێ کە ئاشنایەتییان نییە، ئاشنایەتی سەرەتاییان نییە بەو شێوەیە ئەگەر باسێکی بکەین ڕەنگە لە جێگای خۆیدا بێ ئەویش ئەوەیە دەزاندرێ کە سارمخانی سادق وەزیری خەڵکی سنە بووە، سنەش وەکوو ناوەندی میرنشینی ئەردەڵان مەشهوورە و پاشانیش ئەو لە بنەماڵەی وەزیرییەکانە یانی هێندێک زانیاری گشتی لە سەر ژیانی بنەماڵەیی باس بکەی.
ماملێ: سادق وەزیرییەکان لە بنەماڵەی ئەردەڵانەکان ڕا دین و لەشاری سنە منداڵێکی کە دێتە دنیایە لە سنە لە ساڵی ١٣٠٠ [هەتاوی] دا زۆر زوو دەردەکەوێ کە ئەو زارۆکە، ئەو منداڵە چەندە بە هۆشە، چەندە لێهاتوویی هەیە و وردە وردە کە دەست دەکا بە خوێندن، دەردەکەوێ کە پلەی یەکەمی هەیە و ئەو وەختەی کە زارۆک دەبێ لە سەرەتای منداڵی ڕا ئاشنا دەبێ دەگەڵ ڕۆژنامە خوێندنەوە، سێ ڕۆژنامە لە سنە هەبووە، ڕۆژنامەی"کوشش"، "اطلاعات" و " ایران" لەو وەختە دا نە ڕۆژنامە فرۆشی هەبوو، نە کەسی وابووە ڕۆژنامە بخوێنێتەوە، ماڵێک هەبووە بە نێوی موفەخەم، نێوەکەییم باش لە بیر نییە ئابوونە دەبێ و ئەو ڕۆژنامانەی بۆ دێ، کوڕەکەی هەم کلاسی سارم خان دەبێ و ئەو ڕۆژنامانەی دەداتێ و ئاوا ڕۆژنامە خوێندنەوە فێر دەبێ، بیری کوردایەتی و بیری ڕووناکبیری دەست پێ دەکا، هەستیار دەبێ بە پرسی کورد و بە پرسی ڕووناکبیری و بە پرسی کۆمەڵایەتی و کوردایەتی. لەوێ دەست پێ دەکا و دوایە دەچێ بۆ تەورێز بۆ درێژە دان بە خوێندنی دەبیرستان و دوایە دەچێ بۆ تاران و ئەو وەختەی لە تەورێز دەبێ لە ساڵی ١٣١٩[ی هەتاوی] لەگەڵ جەنابی پێشەوا قازیی محەمەد، سەدری قازی و محەمەدحوسێنی سەیفی قازی لەوێ ئاشنا دەبێ و دوو جار ئەوان بانگهێشتنی دەکەن بۆ نانی نیوەڕۆ و لەوێ بنەمای دۆستایەتییەک پێک دێ و ئەوە دەبێتە سەرەتای دۆستایەتییەک کە دوایە لە تاران لەگەڵ سەدری قازی بەردەوام دەبێ. و جەنابی سادق وەزیری وەختێک دەچێ بۆ تارانیش ساڵێک لە بەر ئەوە درەنگ نێونووسی دەکا ناتوانێ بچێتە زانکۆ، دەگەڕێتەوە دەبێتە دەبیر [مامۆستای قۆناغی ئیمدادی] لە شاری سنە و ئینجا دەچێ بۆ تاران لە دانیشکەدەی حقووق دەست بە خوێندن دەکا و لەوێش جیاوازی هەیە لە نێوان ئەو خوێندکارە کوردە و ئەوانی دیكە، بۆ؟ چونکوو ڕابردوویەکی ڕووناکبیری، سیاسی و ڕۆژنامەوانی هەیە کە لە شاری سنە دەستی پێکردووە و  دوو جار تایبەتمەندییەکانی دەر دەکەوێ، یەکێک زەمانێک دوکتور کەریم سەنجابی کە لە دانیشکەدەی حقووق مامۆستای ئابووری دەبێ ڕۆژێک لە خوێندکارەکان دەپرسێ کێ دەتوانێ لە سەر ماتریالیزمی دیالێکتیک قسە بکا تەنیا یەک کەس دەست هەڵدێنێ، جەنابی سارم خان دەبێ، دەڵێ من ئامادەم قسە بکەم. هیچ بەڵکە و هیچ سەنەد و کتێبیشی وەدەست ناکەوێ، دوایی دوکتور سەنجابی بۆ خۆی کتێبێکی دەداتێ بە زمانی فەڕانسە و بۆخۆی بە وردی دەست پێدەکا و ئەو وەخت دێ لە کۆنفڕانسێکدا قسە دەکا، سوخەنڕانی دەکا بۆ خوێندکارەکان و بێجگەلە وەش زەمانێک کە دوکتور موسەدیق لە دەورەی چاردەهەمی مەجلیسی شووڕای میللی ئێران دێ دەڵێ " ئێرە دزخانەیە" و هەڵدەستێ لە مەجلیس وەدەر دەکەوێ دەچێتەوە ماڵە خۆی. سارم خان کە خوێندکارێک دەبێ دەگەڵ هێندێک لە خوێندکارانی دانیشکەدی حقووق هەڵدەستن دەچن لە دووی دوکتور محەمەدی موسەدیق و داوای لێ دەکەن بگەڕێتەوە بۆ پارڵمان و دەیهێننەوە و ئەو وەختی حکوومەتی نیزامی دەبێ و سەربازێکی زۆر لە بەر دەرگا دەبێ هێرش دەکەنە سەر خوێندکارەکان سەرنێزەیەک لە کەلەکەی سارم خان دەدرێ و بریندار دەبێ و سەربازێکیش دەکووژرێ.  چەند ڕۆژ پاشتر بۆ ڕێز گرتن لەو سەربازە کووژراوە کۆبوونەوەیەک پێک دێنن و لەوێ دوکتور موسەدیق دێ، لەوێ دوو کەس سوخەڕانی دەکەن، یەکێکیان دوکتور موسەدیق یەکێکیشیان سارمخان دەبێ. مەبەستم ئەوەیە کە ئەو ئینسانە هەر لە سەرەتاوە، ئینسانە لێهاتووەکانی،تایبەتمەندییەکانی وەکوو هەڵکەوتوویەک دەر دەکەوێ بۆ هەموو کەس.

قازی: لەو چاوپێکەوتنەیدا کە کاکشار ئۆرمار بۆ تێلێڤیزیۆنی ڕۆژ لەگەڵی کردووە کە لێرە دا بەشێکمان نیشان دا و لە نووسینی خۆشیدا باسی ئەوە دەکا کە یەکەم بەرعۆدەییە سیاسییەکەی واتە تەعەهودە سیاسییەکەی لە پێوەندی دا بووە لەگەڵ ئێحسان نووری پاشا. دەزانین ئێحسان نووری پاشا دوای ئەوەی حەڕەکەتی ئاگری تێک دەچێ مەجبوور دەبن بێنە نێو ئێران و دوایە تەبعیدیان دەکەن بۆ جنووب و ئاخرەکەی بە جۆرێک دێتەوە لە تارانێ دەگیرسێتەوە. لەو سەروبەندانە کە ئیحسان نووری پاشا، یاشار خانم تۆکتامیشی هاوژینی و عیفەت خانمی خەسووی لە تاران نیشتەجێ دەبن سادق وەزیری پێوندی لەگەڵ ئێحسان نووری پەیدا دەکا و باسی ئەوە دەکا یەکەم تەعەهودی کە داوێتی لە باری سیاسییەوە بە نیسبەت ئێحسان نووری پاشا بووە و دواترتەنانەت بۆ ئەوەی کە ببێتە ئەندام لە حیزبی توودەی ئێرانیشدا وا بزانم سەلاح و مەسڵەحەتی کردووە لەگەڵ ئێحسان نووری پاشا. نازانم ئەمن هەڵەم لەو بارەیەوە یان نا. ئەو زەمینەیە بە تایبەتی " کۆما ڕەش" ئەگەر شی بکەیەوە.
ماملێ: سارمخان زۆر لەگەڵ کوردەکانی ئەو وەختەی دانیشتووی تاران پێوەندی دەبێ. عەرزم کردن زۆر هەستیار دەبێ نیسبەت بە پرسی کورد وە بە ڕاستیش یەکێک لە هۆکارەکانی کە چوو بۆ ناو حیزبی توودە ئەوە بوو کە لە پێڕەوی حیزبی توودە دا نووسرا بوو کە ئێران وڵاتێکی کەسیرولمیللەیە و ئەو پێی وابوو لەو ڕێبازەوە دەتوانێ بۆ میللەتی کورد فەعال بێ، چالاکی دەست پێبکا بۆ ئەوەی بتوانێ بە مافەکانی بگا. لەو بەشەی چاوپێکەوتنەکە کە ئێوە نیشانتان دا دەردەکەوێ چەندە هەستیار بووە، چەندە شیڵگیر بووە لە سەر مافی کورد، لە سەر گەیشتنی میللەتی کورد بە مافی چارەنووسی خۆی. کە وا بوو بۆ هەر ڕووداوێک، بۆ هەر کەسایەتییەکی کورد کە لەو سەردەمە دا لە تاران بووبێ سارمخان پێوەندی گرتووە، ئەگەر وەخت بوو ئێمە باسی دانە دانەیان دەکەین. بەڵام سەبارەت بە ئێحسان نووری پاشا، زۆر هاتووچۆیەکی نزیکیان بووە، ماڵەکەشیان نزیکی یەکتری بووە. دیارە زۆرتر سارمخان چووە سەری داوە. تەنیا یەکجار ئێحسان نووری پاشا چووە ئەویش ئەو وەختەی سارمخان لە زیندان دێتە دەرێ. سارمخان چوارساڵ و نیو لە زینداندا بووە.
قازی: لە دوای ئەو دیدارەش ئیدی پێوەندییان دەپچڕێ.
ماملێ: بەڵێ، دوای ٢٨-ی گەلاوێژ پێوەندییەکانیان دەپچڕێ، تەنیا ئەو جارە ئیحسان نووری پێوەی دەچێ. سارمخان باس لەوە دەکا دەڵێ ئێحسان نووری پاشا هەمیشە دە فکری وەی دا بوو بە شێوەیەک خەباتێک بکا، کارێک بکا، خەبات نابێ بپسێتەوە بەڵکوو ئەویش دیسانەکە بتوانێ ئەرکی خۆی بەجێ بگەیێنێ بۆ وەی کە نەتەوەی کورد بگاتە مافەکانی خۆی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد سەرکەوێ. شتێکی پێک هێنا بوو بە ناوی

" کۆما ڕەش"، کۆما ڕەش چوارچێوەیەکی سیاسی بووە و چەند کەسی کوردیش دەوێدا بوون. ڕۆژێک سارمخان بانگ دەکا دەڵێ ئەمن متمانەیەکی زۆرم بە تۆ هەیە لە هەموو ڕوویەکەوە ئەو هەموو وەختە کە تۆ هاتوچۆی منت کردووە من بۆم دەرکەوتووە کە تۆ ئینسانێکی باوەڕپێکراوی،ئینسانێکی لێهاتووشی، ئینسانێکی ڕووناکبیری و ئەمن پێم خۆشە ئەتۆ بێی دەست بدەیە دەستی من پێکەوە ئەو شتە وەڕێ خەین،" کۆما ڕەش" و ئەویش دەڵێ زۆر باشە لەوێ قبووڵی دەکا و ئێحسان نووری پاشا سوێندی دەدا و ئەویش سوێند دەخوا، سەرەڕای ئەوەی کە مارکسیست بوو، سەرەڕای ئەوەی کە چەپ بوو بەڵام بۆ وەی کە دڵی ئێحسان نووری پاشا نەشکێنێ و بۆ خۆشی ئەو تەعەهودە بنووسێ و پێی ڕابگەیێنێ قبووڵی بکا لە ئێحسان نووری پاشا، بە قورئانی مەجید سوێند دەخوا و شەمێک لە سەر میزێک دەبێ هەموو پەردەی هۆدەیەکی چکۆڵە دادراوەتەوە و سوێندەکە ئەوە بووە کە من بە شەڕەفی خۆم، بە قورئانی مەجید سوێند دەخۆم کە لە خزمەت میللەتی کورد دا بم، لە خزمەت بزووتنەوەی کورد دا بم و هیچ وەخت خیانەتی پێ نەکەم و ئەگەر خیانەتیشم پێ کرد خوێنی من مەباح بێ.

قازی: ئێمە لە سەر چالاکییەکانی " کۆما ڕەش " دە ڕاستیدا زانیاریمان کەمە. ئەمن لە سەرچاوەی کوردیی کورمانجی یان تورکی نەمبیستووە هەتا ئێستا شتێک هەبێ جگە لەو ئاماژەیەی کە نەمر سادق وەزیری کردوویەتی جەنابت شتی زیاتر دەزانی لە سەر " کۆما ڕەش"؟

ماملێ: بە داخەوە منیش هیچم دەست نەکەوتووە، زۆرم لێکۆڵین کرد. بەڵام من پێم خۆش بوو ئەوەتان عەرز کەم چەند کەسی دیکەش کە ئەو دەمی زۆرتر کوردەکانی باشووری ڕۆژهەڵات بوون یانی کرماشان و سنە و ئەوانە زۆر هاتوچۆی ئێحسان نووری پاشایان کردووە و تەنانەت من پێم خۆشە شتێک بگێڕمەوە : لە ساڵی ١٩٤٣ دا وەختێک موتەفیقین لە ئێران بوون، شووڕەوی و ئینگلیستان و ئەمریکا. پێش ئەو دەمی شووڕەوییەکان بە ئێحسان نووری پاشا دەڵێن پێمان خۆشە ئەتۆ لەگەڵ ئەفسەرانی ئەڕتەشی سوور بچی دەگەڵ کوردەکان پێوەندی بگری و لەوێ شتێک پێک بێنی، ڕێکخراوێک پێک بێنی و ئێمە پێمان خۆشە یارمەتیتان بکەین بۆ ئەوەی کە کورد بە هێندێک دەسەڵات و مافەکانی خۆی بگا و ئێحسان نووری پاشا هەڵدەستێ لەگەڵ ئەفسەرانی ئەڕتەشی سوور بە جلوبەرگی ئەڕتەشی سوور دێ خێڵی میلانەکان و شکاکەن و هەر وەها جەلالییەکان لە ماکۆ چاوپێکەوتنیان لەگەڵ دەکا لە گەڕانەوە دا ئەو کەسەی کە شووڕەوییەکان کردوویانەتە واسیتە بە ناوی نادر پیراستە بووە کە مودیری کولی وەزاڕەتی ناوخۆی ئێران بووە ئەو وەختە، سارمخان دە کتێبەکەیدا باس دەکا، کە دوایی دەردەکەوێ کە ئەو کەسە هەم لەگەڵ ئینگلیسییەکان دە پێوەندی دا بووە هەم لەگەڵ ڕووسەکان دە پێوەندی دا بووە و ئەو بۆ ئینگلیسییەکانی گێڕاوەتەوە، ئینگلیسییەکانیش بۆ حکوومەتی ئێرانیان گێڕاوەتەوە و حکوومەتی ئێران ئێحسان نووری پاشا دەگرێ دوایە هەرمەنییەکان و کوردەکان هەموو بۆی لە جموجۆڵ دەکەون و تەنانەت پێوەندی دەگرن لەگەڵ سەرانی موتەفیقین،ئینگلیستان و ئەمریکا و ڕووس کە ئەو دەم لە تاران بوون و داوایان لێ دەکەن نەیێڵن داوای تورکیای بەجێ بێ کە داوای ڕادەست کردنەوەی ئیحسان نووری پاشای کرد بوو و بەر دەبێ و ڕادەستی تورکیای ناکەنەوە و ، مەبەستم ئەو بەشەیە، ئەوەی زەمانەتی دەکا کەسێک بووە بە ناوی برزوو کەلهور. ئەو پیاوێکی کرماشانی بووە کە زۆر دەگەڵ ئێحسان نووری پاشا هاتوچۆی هەبووە. هەر وەها ئەو وەخت  محەمەد کەیوانپوور کە دواتە پآناوی خۆی کردە موکری و دوایە بوو بە سەفیری ئێران لە شووڕەوی و یەکێک لەو کەسانە بوو کە بەربژێری خولی حەڤدەهەمی هەڵبژاردنی مەجلیسی شووڕای میللی ببوو لە مەهاباد ئەویش دەچێ بە وتەی سارمخان لەم کتێبەدا  [مەبەست لە کتێبی " بەرگری لە دوو سیمای هەڵکەوتووی بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد یاد زیندووان قازیی محەمەد و ئێحسان نووری پاشا" یە]  ئەویش دەچێ سوێند دەخوا. جەنابی سارمخان سوورە لە سەر ئەوەی کە ئەویش کەسێک بووە کە سوێندی خواردووە. مەبەستم ئەوەیە کە لەو سەروبەندە دا کوردەکان زۆر بە دەوری ئێحسان نووری پاشاوە بوون بەڵام هیچیان بە قەد سارمخان هاتوچۆیان نەکردووە و لێی نزیک نەبوون.
قازی: ئەو شێوەی سوێندخواردنە کە وەک سارمخان باسی دەکا و شێوەی سوێند خواردن لە کۆمەڵەی ژیانی کورد، ژێکاف و هەر وەها لە مەرکەزی غەیبی لە حەڕەکەتی مەشڕووتییەتی ئێرانێ دا تەقریبەن هەموو شەباهەتێکیان هەیە لەگەڵ یەکتر و بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەش کە تێکۆشەرانی ئەرمەنی، داشناک و ئەوانە ئیدێئۆلۆژیان چ بووە ئەوە مەسەلەیەکی دیکەیە بەڵام یارمەتییان کردووە لە مەسەلەی خۆیبوون و حەڕەکەتی چیای ئاگری دا. چونکە هێندێک لە پاشماوەی ئەو ئەرمەنییانە ئەو دەم ئەوانیش لە تاران بوون و تەنانەت یەکێکیان بە شەراکەت دەگەڵ سارمخان ماشێنێکی بارییان کڕیوە بۆ کاسبی کردن. ئیستیلاحی " خۆیبوون " هێندێکان  دەیگێڕنەوە بۆ سەر عەینی کۆنسێپت، چەمک لە زمانی ئەرمەنی دا. مومکینە ئەو  کۆما ڕەشەش  بە ئیحتیمال لەوێوە هاتبێ. ئێستا باسەکە لە بەر ئەوەی زۆر بەربڵاوە دەبێ کورت کورت لە هەموو ڕەهەندەکانی بدوێین. باسی ئەوەت کرد لە مەڕ پەیوەست بوونی بە حیزبی توودەی ئێران لە ساڵی ١٣٢٨-ی هەتاوی و ئەوەش هاوکاتە لەگەڵ تێپەڕینی دووساڵ، دووساڵ و نیو لە کۆماری کوردستان و سارمخان نەخشێکی کلیلی هەبووە، نەخشێکی سەرەکی هەبووە لە زیندوو کردنەوەی فەعالییەتی سیاسی بە تایبەتی لە بەشی موکریان و ئەوانە ئەگەر لە بەر چاو بگرین و فەعالییەتی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان کە دیارە زۆر نزیک بووە لە حیزبی توودەی ئێران ئەو زەمانی و هەر وەها هەبوونی ئەو کۆمیتەی کە حیزبی توودەی ئێران لە تاران دایمەزراندووە بە نێوی کاک ( کۆمیتەی ئازەربایجان کوردستان) کە کورتەکەی وەک کاک بەکار هاتووە دەو زەمینانە دا ئەگەر هێندێک شی کردنەوە بدەی لە مەڕ دەوری سارمخان لە پێوەندی دەگەڵ تێکۆشەرانی بۆ وێنە وەک ڕەحیم سوڵتانیان، ڕەحیم خەڕازی کە کەمتر باسیان کراوە دە سەرچاوەی کوردیدا ئەوە چۆناوچۆن بووە؟
ماملێ: کاک حەسەن سارمخان پێم ڕاگەیاندن، عەرزم کردن کە لە پاش تێکچوونی کۆماری کوردستان زۆر دڵهێشاو بوو، زۆر دڵ بە پەرۆش بوو و تووشی ماتەمێک ببوو زۆری پێ ناخۆش بوو کە ئەو کۆمارە تێک چوو بوو بەڵام هەمیشە هەوڵ و تێکۆشانی ئەوە بوو کە بەشێوەیەک شتێک زیندوو ببێتەوە کە درێژەپێدەری کۆماری کوردستان بێ. لە ڕووی داوخوازەکانەوە بڵێین لە ڕووی تەئسیساتەکەیەوە. لە پێوەندی دابوو هەمیشە لەگەڵ ئەندامانی حیزبی دێمۆکڕات ڕۆژێک ڕەحیمی خەڕازی و ڕەحیمی سوڵتانیان هەر دووک یادزیندوو کە ئێستا لە ژیاندا نەماون ئەوانە دەچن بۆ تاران لە گەڵ سارمخان پێوەندی دەگرن دەڵێن پێمان خۆشە شانەکانی حیزبی دێمۆکڕات زیندوو کەینەوە و دەبێ یارمەتیمان بکەن. ئەویش قسەیان زۆر دەگەڵ دەکا و دەڵێ زۆر باشە داوایان لێ دەکا دەڵێ بە شێوەیەکی ڕێکوپێک بێ، بە شێوەیەکی بڵێین ڕێکخستنێکی دروست و ماقووڵ و مەنتقی بێ، قەولی هاوکاریان پێ دەدا و ئەوان دێنەوە و پێوەندییان پێکەوە دەمێنێتەوە. و هەر ئەوەش بوو، هەر ئەو هەستە بوو، ئەو تێکۆشانە بوو، هەر ئەو پێوەندییە بوو و هەر ئەو ئەرکەی سەرشانی جەنابی سارمخان بوو کە بۆ خۆی هەستی پێدەکرد دەبێتە هۆی ئەوەی کە لە دەورەی حەڤدەی هەڵبژاردنی مەجلیسی شووڕای میللی ئێران لە ساڵی ١٣٣١ (١٩٥٢-ی زایینی) هەڵدەستێ دێ بە چ وەزعییەتێک، داوای مەرەخەسی دەکا قبووڵی ناکەن، هەموو شتێک بەجێ دێڵێ، یانی لە ژیانی، لە کاری، لە هەموو مەوقعییەتی کۆمەڵایەتی، شوغڵی و ئیداری و ئەوە هەمووی چاوپۆشی دەکا و هەڵدەستێ دێ وەدوای سیاسەت دەکەوێ، وە دوای کوردایەتی دەکەوێ، وە دوای زیندوو کردنەوەی ڕێوشوێنی کۆماری کوردستان دەکەوێ و دێتە مەهاباد و لە مەهاباد پێشوازییەکی بێ وێنەی لێ دەکەن و ئەوە دەبێتە سەرهەڵدانێک.
ئەمن دوو سێ ڕۆژ پاش ئەوەی کە چوومە خزمەتیان لە ساڵی ١٣٥٥ (١٩٧٦-ی زایینی) بۆ کابینەی وەکالەت کە بووم بە شاگردی، لەو سەردەمەدا یەکەم شت کە بۆی باس کردم ئەوە بوو کە بەچ گوڕ و تینێک باسی دەکرد دەیکوت بوو بە سەرهەڵدانێک و بە ڕاستیش سەرهەڵدانێک بوو. سەرهەڵدانەکە لە ڕوویەکەوە کە بەربەرەکانی تەواوی پیلانەکانی ئەڕتەش و ڕوکنی دوو، شەهرەبانی و ژاندارمەریان کرد لە لایەکی دیکەوە خەڵکیان هان دا ئەو جەوانانە، باسی هەموو ئەو کەسانە دەکا؛ غەنی بلووریان بووە، عەزیزی یۆسفی بووە، خەلیلی سەدیقی بووە، ئەسعەدی خودایاری بووە، عەبدوڵای ئیسحاقی بووە، هاشمی ئەقەلوتولاب ( قادر شەریف) بووە، ئەگەر باسی کەسێک ناکەم لە بیرم نەماوە. دەنا لەو کتێبەدا (مەبەست لە کتێبی "بەرگری لە دوو سیمای هەڵکەوتووی بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد" ە ) بە وردی باسی کردووە و بە دوور و درێژی باسی کردووە کە دەبێتە سەرهەڵدانێک و ڕاستە کە پیلانێک دەگێڕن و حەسەنی ئیمامی ئیمام جومعەی تارانێ کە خزمی نزیکی شای بووە دەیهێنن و بە پیلانێکی زۆر دەنگی بۆ دە سندووقەکان داوێن
قازی: پێم وا بێ  ئەو حەسەن ئیمامی یە دایکی شای خواستووە.

ماملێ: بەڵێ وا بوو بوو بە زڕبابی شای بەڵام لە هەرحاڵدا سارمخان سەرکەوتنێکی گەورەی بە دەست هێنا ئەویش ئەوە بوو کە دەگەڵ ئەو خەڵکە زۆر نزیک بووەوە، پێوەندییەکانی هەتا ئاخر ڕۆژیش هەر بەردەوام بوو. ئەگەر ڕێگام بدەن ئەمن پەڕانتێزێک دەکەمەوە ئەویش ئەوەیە یەکێک لەو کەسانەی کە لە ساڵی ٤٧- ٤٦  پێشمەرگە بووە و لە سویسە بە نێوی مەلا عەزیز، کاک عەزیزی ئەحمەدی بە هەموو گیانەوە بە هەموو ویست و ئیرادەوە بۆ خۆی، خانمەکەی خوشکە ئامین و هەر وەها کوڕەکەی کاک هێمن هەمیشە لە دەوروبەری سارمخانی بوون و خزمەتێکی بێوێنەیان پێکرد لە هەموو ڕوویەکەوە. مەبەستم ئەوە بوو ئەو پێوەندییەی سارمخان لەگەڵ حیزبی دێمۆکڕات دامەزرا و هەتا ئاخرین ڕۆژیش بەردەوام بوو و هەمیشە لە تارانیش کە بوو پێوەندی بوو و ئاخرین شت بە داخەوە لەو کتێبەدا نییە ( مەبەست کتێبی بەرگری لە دوو سیمای ... یە) بەڵام لە وتوێژێکدا کە جەنابی سارمخان لەگەڵ کاک ئەمیری نەژادیان کردوویەتی، وتوێژێکی زۆر ڕێکوپێک و باشە و بە زوویی دەبێتە کتێبێک خەریکە زەحمەتێکی زۆری لە سەر کێشاوە و دەبێتە شەرحی ژیانی سارمخان دەوێدا باس لە شتێک دەکا کە لەو کتێبەیدا نییە ( مەبەست کتێنی پێشتر باسکراوە) باسی عەبدوڵای ئیسحاقی دەکا، یاد زیندوو عەبدوڵای ئیسحاقی ئەو دەمی لە پۆلی پێنجەمی ناوەندی دەبێ وە دێ زۆر بە هەست و زۆر بە گوڕ و تین، زۆر بوێرانە، سارمخان تەعریفی دەکا دەڵێ کوڕێکی جەسوور بوو، کوڕێکی تێگەیشتوو بوو و چەند شت دیاری دەکەن، مەئمووری ئینتیزامات دیاری دەکەن زۆر باش و عەبدوڵای ئیسحاقی لە پاش کودەتای ٢٨-ی گەلاوێژیش دێتە تاران جارێک پێوەندی دەگرێ لەگەڵ سارمخان دەڵێ پێمان خۆشە یارمەتیمان بکەی و پێوەندییەکانمان بەردەوام بێ. دەڵێ حەتمەن بەڵام پێشنیاری تایبەتیم هەیە، قسەکانیان دەکەن و جاری دووەمەیش پاش شەش مانگان دێتەوە و داوا دەکا پێم خۆشە بێی لە کۆبوونەوەی حیزبیماندا بەشداری بکەی. دەچێتە ماڵی ڕەحمەتی شەریعەتی کە بەرپرسێکی حیزبی بوو خەڵکی سنە بوو لەوێدا دوکتور عەلی مەولەوی دەبێ، عەبدوڵای ئیسحاقی دەبێ و سارمخان دەگەڵیان بەشداری دەکا و ..
قازی: ئیحتیمالەن سەدیقی ئەنجیریش، دەنا نا؟
ماملێ: کاک سەدیقی ئەنجیری لەوێ نەبووە بەڵام ئێستا باسی ئەویشتان بۆ دەکەم. لەو خولەی مەجلیسدا سارمخان وەک نوێنەر لە لایەن خەڵکەوە هەڵبژێردرا بە ڕاستی، تەغەلوبێکی زۆریان کرد بۆ ئەوەی وەک براوە ئیمام جومعەی تارانێ لە سندووقی دەنگدان بێننە دەرێ بەڵام ڕاست نەبوو.
قازی: دوای کودەتای ٢٨-ی گەلاوێژی ١٣٣٢ ( ١٩-ی ئووتی ١٩٥٣) سارمخان دەگیرێ و چوارساڵ و نیو دە زینداندا دەبێ ماوەیەک لە کاری قەزاوەت و وەزاڕەتی داد دووری دەخەنەوە بەڵام دەو ماوەیە دا واتە هەتا کۆتاییەکانی ڕێژیمی شا ئەو وەکوو پارێزەرێک بە دەرد و مەرگی خەڵکەوە بووە بە تایبەتی زۆر کەس لە کوردستانەوە هاتوون و داوای یارمەتییان لێ کردووە. لەو زەمینەیە دا ئەوجار باسی ئاشنایی زیاتری خۆشت لەگەڵی دەوچوارچێوەیەدا بکەی، لە پێوەندی دەگەڵ کاری وەکالەتدا.
ماملێ: کاک حەسەن نەمر کاک جەلیل گادانی منی بە جەنابی سارمخان ناساند و ئەو شەوە کە چووین و کوتی ئەوە برادەرێکی منە و من باوەڕم پێیەتی و پێم خۆشە هێندێک ڕێنوێنی بکەی و لە ڕووی کاری حقووقییەوە دەیەوێ ببێتە پارێزەر. زۆر مێهرەبان بوو، ئەمن زۆرم پێ خۆش بوو. ئەو دەم هێندێک لە خەڵک  بە  کوردی قسەیان نەدەکرد بە تایبەتی ئەو کەسانەی کاربەدەست بوون من هەر بۆخۆم ڕۆژێک جەنابی سارمخان ناردمی بۆ لای دادستانی کەرەج کوتی ئەو هاوشاری خۆمانە. من چووم بە کوردی قسەم کرد ئەو بە فارسی جوابی دامەوە مەبەستم ئەوەیە بڵێم زۆر کەس بە کوردی قسەیان نەدەکرد. بەڵام کە سارمخانم دی کوردییەکی پاراو، بە هەست قسە دەکا بە ڕاستی زۆر کەیفم کرد کوتی: باوکەکەم، ئاوا بە ئەدەب بە نەزاکەت، سۆزی شەو بێرەو بەیەکۆ قسە ئەکەین و ڕۆژی دوایی چوومەوە کوتم پێم خۆشە ببمە پارێزەر کوتی زۆر باشە وەرە لای من کار بکە و دەگەڵ خۆم کار بکە. ئەوە ساڵی ١٩٧٦ بوو. و ئەمن دیتم پاش ماوەیەک کاک حەسەن دەفتەرێکی چکۆڵە، زۆر بێ تەکەلوف بە بەراوەرد کردن لەگەڵ دەفتەری وەکیلەکانی دیکە هەر هیچ نەبوو. بەڵام، پڕ بوو لە دانش، پڕ بوو لە زانیاری، پڕ بوو لە زانست، پڕ بوو لە ئینسانییەت، پڕ بوو لە سەداقەت و سارمخان لە کاری وەکالەت دا ئەوەندە لە پلە و پایەیەکی بەرز دا بوو کە زوربەی حوکمەکانی لە دیوانی باڵای ئێران، لە دیوانی عالی کیشوەری ئێران نەقز دەکردەوە و حوکمەکانی دەشکاند. پەروەندەیەکی ئەوەندە ئەستوور [ بە دەست نیشانی دەدا] کە پاشان ئەمن لە خزمەتیان دا دەچووم بۆ دەفتەری دیوانی عالی کیشوەر دەیخوێندەوە پاش دوو سێ سەعات دەیگوت ئەو حوکمە غەڵەتە وە حوکمەکەی دەشکاند بە ڕاستی. مەبەستم ئەوەیە کە ئەمن لە دەفتەری وەکالەتەکەی هەستم بەوە کرد کە دوو تیپ خەڵک دێن هاتوچۆی دەفتەرەکەی دەکەن، تیپێک خەڵکی لێقەوماو بوون، خەڵکێک بوون کە زوڵمیان لێ کرا بوو لە ڕووی حقووقییەوە و لە ڕووی ئیدارییەوە هەر وەها تیپێکی دیکە خەڵکێکی ڕووناکبیر بوون چ کورد، چ فارس و بەشی ئەوەڵیش چ کورد، چ فارس لە خووزستانەوە دەهاتن، لە گیلانەوە دەهاتن، لە ئازەربایجانەوە دەهاتن و بە ڕاستی پەروەندی هەموانی وەر دەگرت و ئەو سەفەر ڕووناکبیرەکانی ئێران، ڕووناکبیرانی بەرز، کۆنە توودەییەکان کە پێوەندیان بڕیبوو لەگەڵ حیزبی توودە بەڵام دەهاتن جێگایەکی قسە و باسی خۆش بوو و لەوێ ئیدی ئەمن دیتم کە ئەو دەفتەری وەکالەتە، دەفتەرێکی وەکالەتی ئاسایی نییە بەڵکوو جێگایەکە کە بە ڕاستی پەناگایە و قیبلەگایە.
قازی: باشە ئەگەر ئەوە درێژ بکەینەوە و بیهێنینە سەر کۆمەڵەی کوردەکانی دانیشتووی تاران کەوا بزانم پێش ڕووخانی ڕێژیمی شا پێک هاتبوو وا نییە؟ یانی ئەو چالاکیانە بەیەکەوە گرێ بدەیەوە.
ماملێ: ئەو کۆمەڵەیە پاش ٢٢-ی بەهمەن پێک هات. لەوێدا زوو سارمخانیان کردە سەرۆک و وتەبێژ و بەرپرسیان بوو و دەورێکی یەکجار زۆری بینی. ناوەندی کوردەکانی تاران ئەرکێکی زۆریان خستە سەر شانی سارمخان. ئەو دەمی کە شەڕ بوو لە کوردستان و شەڕێکیان دا سەپاند بە سەر نەتەوەی کورد دا، ئەرکی ئینسانی، ئەرکی ڕاگەیاندن، ئەرکی کۆ کردنەوەی دەرمان، یارمەتی ماڵی و هەر وەها یارمەتی بانگەشە کردن و ڕوونکردنەوە، ڕوونکردنەوی سیاسی وەزعی شەڕ، وەزعی خەڵکی کوردستان بۆ لایەنە ئێرانییەکان، بۆ حیزبە سیاسییەکانی ئێران و ڕووناکبیرەکان و جەنابی سارمخان یەکێک لەو کەسانە بوو کە لە زانکۆی شەریف قسەی دەکرد. جارێک ٢٥ هەزار کەس هاتبوون کە بەشێکی زۆری فارس و غەیری کورد بوون.
قازی: زۆرباشە ئەو جار پێوەندی دامەزراندن لەگەڵ هێزە ئێرانییەکان و دروستکردنی " جەبهەی دێمۆکڕاتیکی میللی" و هەر وەها زەمانی کاندیداتۆری مەسعوود ڕەجەوی هەوڵدان بۆ پشتوانی لێکردنی لە لایەن کوردانەوە و بە تایبەتیش ئەو مانیفێستەی ٢٦ مادەیی  داوخوازی خودموختاری.
ماملێ: ئەگەر ڕێگام بدەن بەو شێوەیە باسی بکەم جەنابی سارمخان لە کاری قەزاوەت دا بۆ خۆی دەستپێشخەری دوو ناوەندی مەدەنی بوو، دوو ناوەندی سینفی بوو کە یەکێکیان " جمعیت قضات و کارمندان دادگستری" بوو، کە کارێکی زۆری کرد دژ بە گەندەڵی کە یەکێک لە کارە هەرە گرینگەکانی ئەو بوو کە ئەو وەخت کە ڕەزم ئارا سەرۆک وەزیر بوو بە وەزیری دادگوستەری دەڵێ دەبێ دوو ڕەئیسی دیوانی عالی کشور  شوغڵەکانیان بگۆڕن و بیاننێرن  بۆ شوێنی دیکە، بیاننێرن بۆ تەورێز و خۆراسان و ئەوە دژ بە یاسا و دەستووری ئێران بوو و سارمخان یەک و دوو هەڵدەستێ و قیام دەکا و دەڵێ نابێ کاری وا بکەن دەچێ بۆ لای قازییەکان و تۆماری ئیمزا کۆ دەکاتەوە و کارێکی وا دەکا، تەواوی قسەکەشی ئەوەیە کە ئەوە دژایەتی هەیە لەگەڵ ئوسوولی قانوونی ئەساسی و دەستووری ئێران و ئەو وەختەش وەزعییەت بە جوورێک بوو کە هەر نەیان دەتوانی بیر و ڕای گشتی لە بەرچاو نەگرن و پاشە کشە دەکەن. ئەوە یەکێکیان بوو. دوایە " جمعیت مبارزە با فساد " دا دەمەزرێنێ کە کارەکەی ئەوە بوو دەبێ هەموو مەحکەمەی تایبەتی لە ئێران هەڵوەشێتەوە، هەموو سەڵاحییەتەکان بدرێ بەدادگوستەری و دادگوستەری پاکسازی بکرێ.
قازی: بەداخەوە زۆر کەم کاتمان ماوە بۆیە ئەگەر دەکرێ هەر سەر مقەستی باسەکان باس بکەین. ئەو خەباتە هەر وا بەردەوام دەبێ و سارمخان لە چوارچێوەی کۆمەڵەی کوردانی دانیشتووی تاران دا دەورێکی زۆر گرینگ دەلیزێ بۆ ئەوەی هێزە سیاسییەکان و خەڵک لە مەسەلەی کورد ئاگادار بن. ئەگەر بە کورتی باسی هەیئەتی نوێنەرایەتی گەلی کورد بکەی و پاشان هاتنی بۆ دەرەوەی وڵات و لەو پێوەندییەش من پرسیارێکم هەیە لێت دەکەم و بەو شێوەیە کاتەکەمان تەواو دەبێ.
ماملێ: کاک حەسەن جەنابی سارمخان یەکێک لەو کەسانە بوو کە دەوری گرینگی بینی لە پێکهاتن و لە دامەزراندنی هەیئەتی نوێنەرایەتی گەلی کورد. وە کاتێک هەیئەتی ویژەی دەوڵەت پێک هات، دامەزرا بۆ گۆیا
" چارەسەری" پرسی کورد هاتن بۆ مەهاباد سارمخانیش بۆ خۆی تەشریفی هێنا و من شانازی خانەخوێیم بوو لە ماڵی ئێمە و وەختێک کاتی جوابدانەوی تەرحی خودگەردانی بوو، ڕێکخراوە سیاسییەکان شتێکیان نووسیبوو، ئەو ڕێکخراوانەی لە هەیئەتی نوێنەرایەتی گەلی کورد دا بوون بەڵام، بە دڵی سارمخان نەبوو و بۆ خۆی وڵامێکی گەڵاڵەکەی داوە، وڵامێکی زۆر ڕێک وپێکی داوە و دواییش دیسانەکە لە جوابی ئەوەدا گەڵاڵەی ٢٦ خاڵی ئاراستە کرد.
قازی: یانی ئەوە یەکێکە لە وردترین ئەو سەنەدانەی کە حەڕەکەتی کوردی دەو دەمیدا پێشکێشی کردووە.
ماملێ: بەڵێ ماوەتەوە و جەنابی سارمخان بۆخۆی نووسیویەتی و هەر وەها جەنابی سارمخان زۆر شتی دیکەشی بۆ خۆی نووسیوە، یەک  مەڕامنامەی " جمعیت ملی مبارزە با استعمار " و لە خاڵی یەکدا لەوێدا نووسیبووی کە دەبێ نەوتی سەراسەی ئێران میللی بکرێ بەڵام لەوێدا نەفەرێک کە لە حیزبی توودە بوو دەینێرێ بۆ  کۆمیتەی ناوەندی حیزبی توودە و حیزبی توودە ئەوە دەگۆڕێ و دەیکا بە " میللی کردنی نەفتی جنووب" مەبەستی ئەوە بووە کە نەفتی شیمال بپارێزێ.
قازی: ئێستا دێینە دەرەوەی وڵات، ١٩٨٠ دێتە دەرەوەی وڵات.  کارێکی کە کەمتر پێی زاندراوە دیارە لە بیرەوەرییەکانی نەمر کەریمی حیسامی دا ئیشارەی پێ کراوە ئەویش بڵاوکردنەوەی ڕۆژنامەیەک وەکوو پلاتفۆرمێکی سیاسی یە کە بەڕێزیشت ڕاستەو ڕاست تێیدا بەشدار بووی ئەوەش ئەگەر شی بکەیەوە باش دەبێ.
ماملێ: ماوەیەک بوو ڕووناکبیرانی کورد بڵێین لە ساڵەکانی ١٩٨٥، ١٩٨٦ کە لە هێزە سیاسییەکان بە تایبەتی لە حیزبی دێمۆکڕات جوێ دەبوونەوە یان " دەریان" دەکردن ئەوانە هەم لە کوردستان ڕا دە پێوەندی دابوون لەگەڵ جەنابی سارمخان و هەم لە ئوڕووپا ڕا و داوایان لێ دەکرد، تەشیلاتێک، هێزێکی سیاسی، حیزبێکی سیاسی پێک بێنێ. جەنابی سارمخان هیچوەخت نەچووە ژێر باری وەی دەیکوت حیزبی سیاسی هەن ئێمە شتێکی دیکە پێک ناهێنین، حیزبی سیاسی دەبێ لە ناوخۆی کوردستان پێک بێ، لە دەرەوەی وڵات هیچ بایەخێکی نییە و بەو ئیستیدلالانە ئەوەی ڕەد کردەوە بەڵام لە ئاکامدا کوتی دەبێ ئێمە کارێکی فەرهەنگی بکەین و ڕۆژنامەیەک دەر بخەین. و ئەوە بوو لە پاریس لە ماڵی ئێمە دوو کۆبوونەومان گرت کە جەنابی سارمخان بوو، کاک کەریمی حیسامی بوو، کاک مەلا محەمەدی خزری بوو ، کاک سالار حەیدەریش هات، کاک ئەمیر قازیش هاتبوو و منیش بووم و کاک ڕەحمانی حاجی ئەحمەدیش بوو و بڕیار درا ڕۆژنامەیەک بە ناوی " سەردەمی نوێ" دەر بکرێ و ژمارەی یەک و دوو و سێ و چوار و پێنج و شەشیش دەر کرا و زۆر بابەتیشی بە کوردیش بوو بە فارسیش بوو، زۆر شتی ڕێکوپێکیش دەنووسرا سەرمقالەکانی سارمخان دەینووسی بۆ خۆی مودیرییەتەکەی بە دەستەوە گرتبوو بەڵام بە داخەوە بەداخەوە کاک کەریمی حیسامی هەڵسوکەوتێکی زۆر ناجوامێرانەی کرد لە حەقی جەنابی سارمخان دا و بەڕاستی غەیری ئوسوولی بوو و بوو بە هۆی ئەوەی کە جەنابی سارخان خۆی کێشاوە و منیش بە دوای ویدا، کاک مەلا محەمەدی خزری و ئەوانیش هەر وەها. کاک ئەمیری قازی هەر نەهات، کاک حاجی ئەحمەدیش کشاوە. هیچکەس نەما، لەو جەمعە تەنیا کاک کەریمی حیسامی ماوە.
قازی: کاک عەزیز لە ئاخری بەرنامەکە دا پێم خۆش بوو باسی ئەوەش بکەین جەنابت وەکوو شاگردێک وەکوو بۆ خۆت باست کرد وەفاداریت هەیە بە نیسبەت کارەکانی نەمر سادق وەزیری. هیچ کتێبێک شتێکت بەدەستەوەیە لە سەر ئەو ئەزموونە هاوبەشەتان و پێوەی بڵاوی بکەیەوە؟
ماملێ: کاک حەسەن سارمخان ئینسانێکی زۆر موڕەتەب بوو. ئەمڕۆ نامەت بۆ دەنووسی، دەستبەجێ جوابی دەدایەوە و دوو ڕۆژدواتر جوابەکەت بە دەست دەگەیشتەوە. نامەی زۆری بۆ زۆر کەس نووسیوە، دەگەڵ زۆر کەس پێوەندی هەبووە، دەگەڵ جەنابیشتان پێوەندی هەبووە زۆری نامە بۆ نووسیون ئاگام لێیە و بۆ منیشی باس کردووە. من تەقریبەن ٣٠٠ نامەم هەیە. ٩٤ نامەشی بۆ کاک باقری موئمینی نووسیوە کە کاک باقری موئمینی دلۆڤانی کرد و فۆتۆکۆپی نامەکانی داوە بە من. من ئێستا خەریکم لەسەر ئەوانە کار دەکەم و هەر وەها زۆر نامەی دیکەی نووسیوە بۆ زۆر کەسایەتی دیکە. بۆ مامۆستا شێخ عێزەدینی نووسیوە، بۆ دوکتور قاسملووی نووسیوە، بۆ مەسعوودی ڕەجەوی نووسیوە بۆ زۆر کەسی دیکە کە تەواوی ئەو نامانەی دەینارد بۆ منی دەنارد دەیکوت فۆتۆکۆپی لێ هەڵگرە ئینجا بۆیان بنێرە. ئەمن ئێستا خەریکی کار کردن لە سەر ئەوانەم بەڵکوو بتوانم بیکەمە کتێبێک و پێم وایە شتێکی خراپی لێ دەر نایە.
قازی: هیوادارم بە جیدی کاریان لە سەر بکەی و بە زووی دەر بکەوێ.
ماملێ: هیوادارم.
قازی: زۆر زۆرسپاست دەکەم  بۆ بەشداریت لەم بەرنامەیەی ڕاوێژ دا. داوای لێ بوردن دەکەم لە بەر تەنگی وەخت مەجبوور بووین قسەکان کورت کەینەوە زۆر داوای لێ بوردن دەکەم.
ماملێ: زۆر سپاس، زۆر شتی دیکە هەبوو کە کات نەبوو باسیان بکەین بەڵام دەستتان خۆش بێ ماندوو نەبن.
قازی
: زۆر مەمنوون. بینەرانی خۆشەویست بەم شێوەیە دەگەینە کۆتایی ئەم بەرنامەیەی ڕاوێژیش. تاکوو ڕاوێژێکی دیکە لای ئێوەمان خۆش،

تێبینی: ئەم بەرنامەیەی ڕاوێژ  لە چوارشەمە شەو  ١٥-ی ژووەنی ٢٠٢٢ لە تێلێڤیزیۆنی ستێرک بڵاو کراوەتەوە. لەم لینکەی خوارەوە دا دەکرێ ویدێئۆی بەرنامەکە لە کاناڵی یوتیوب دا تەماشا بکەن.
وێبنووسی ڕوانگە
    
https://youtu.be/lT9pj5qHDfI 

پەیوەست    

پەیامی هاوڕێ سارەمەدینی سادق وەزیری، تێکۆشەری ناسراوی کورد و قسەبێژی " کۆمەڵەی کوردەکانی دانیشتووی تاران" – بۆ کۆنگرەی ٢١-ی کۆمەڵەلەی خوێندکارانی کوردستان لە دەرەوەی وڵات (AKSA) نۆهەمی گەلاوێژی ٥٩ بەرانبەر بە ٣١-ی ژووئییەی ١٩٨٠

کۆمیتەی بەڕێوەبەری گشتی کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردستان لە دەرەوەی وڵات

برایانی بەڕێز،

بەوپەڕی شانازی یەوە نامەی بانگ هێشتنی ئێوەم بۆ بەشدار بوون لە بیستوویەکەمین کۆنگرەی کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردستان لە دەرەوەی وڵات کە ڕۆژی ١٠-ی ژووئییە ناردرابوو، پێ گەیشت.

بۆ من زۆر بە کەلک دەبوو کە لەم ڕۆژە قەیرانی یانەی خەباتی گەلەکەمان دا لە تەک ئێوە برایانی خۆشەویستم دا کە بێگومان لە ڕیزی هیوای دواڕۆژی گەلی کورد دان بدوێم بەڵام مخابن لە بەر نەبوونی ئیمکانی سەفەر کردن ناتوانم لە کۆنگرەی ئێوە دا ئامادە بم. بەوپەڕی داخەوە ئەوا بەو هۆیەوە ئارەزووی خۆم بۆ سەرکەوتنی کۆنگرەی بە بەرووبووتان ڕادەگەیێنم.
برایانی ئازیزم! ئەم حەقیقەتەی کە خوێندکارانی کوردی دەرەوەی وڵات توانیویانە ڕێکخراوەی تایبەتی خۆیان " لە سەر بناغەی دیفاع لە خەباتی زەحمەتکێشانی کوردستان و خەباتی مێژووکردی گەلی تێکۆشەری کورد دامەزرێنن " و سەرەڕای خوارەکە و ژوورەکەی فرە لە پتەو کردن و سەقام پێدانی دا تێبکۆشن نیشاندەری ئەم واقعییەتەیە کە گەلی تێکۆشەری کورد پێی ناوەتە ڕێبازێک کە دوایی ئەم سەرکەوتن واتە وەدی هاتنی مافی میللی و دێمۆکڕاتیک دەبێ چونکوو بێگومان پێک هاتنی ڕێکخراوێکی ئەوتۆ ئینعیکاسێکە لە واقعییەتی خەباتی گەلی کورد لە پارچە جیاواز و دابەشکراوەکانی کوردستان دا. بێ گومان ئەم ڕێگایە هێشتا فرە دوورو درێژ و پڕ لە مەترسی یە، بەڵام مێژوو سەلماندوویەتی کە گەلی ئێمە توانای ئەوەی هەیە کەسەرکەوتووانە بگاتە ئامانجی.
ئەمەی کە بە شێوەیەکی بڕیاردەر سەرکەوتن دەستەبەر دەکا ئەوەیە کە زەحمەتکێشانی کورد لێر و لەوێ توانیویانە هەرچی زیاتر جڵەوی خەباتی ڕزگاریی بەخش بخەنە دەستی پڕ هێز و توانای خۆیان و لە گێژاوی شەپۆلی کەند و کۆسپان نەپرینگێنەوە.
لەمەڕ تێکۆشان و چالاکی کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردستان لە دەرەوەی وڵات وەبیرهێنانەوەی چەند نوقتەیەک پێویستە:
١-پارچەکانی دابەشکراوی کوردستان لە ناو وڵاتە جۆر بە جۆرەکان دا لە حاڵەتی دواکەوتوویی دا ڕاگیراون،ڕزگار بوون لەم دواکەوتوویی یە تەنیا بە هۆی شۆڕشی قووڵی کۆمەڵایەتی یەوە مەیسەرە و لاغەیر جا بۆیە خوێندکارانی کورد کە لەم پارچانە ڕا هاتوون و لە دەرەوە کۆبوونەتەوە دەتوانن و دەبێ لە بنیات نانی کوردستانی دوا ڕۆژ دا دەورێکی جێی سەرنج بگێڕن بەو مەرجەی بە گشت هێز و توانای خۆیانەوە تێبکۆشن کە لە عەینی حاڵ دا کە فێری زانست وفەننی نوێ دەبن، زانستی خەبات و شۆڕشیش فێر بن.

زانست و فەننە نوێیەکان بەروبوو و میراتی موشتەڕەکی مێژووی پێگەیشتنی ئینسانانە لە بەر ئەمە هی هەموو قەوم و میللەتێکە،عیلم عیلمە و شەرقی و غەربی بۆ نییە. هەڵبەت مەبەست لە زانست مانای ڕاستەقینەی ئەم وشەیەیە و نەک تێئۆری هۆندنەوەی نە زانستی.
ڕۆڵەکانی گەلی ئێمە دەبێ بە ڕاستی و بە تەواوی مانا ئەم زانست و فەننانە فێر بن و قەت تووشی ئەم تەوەهومە نەیەن کە بە بێ فێر بوون و دەکار کردنی زانستی پێشڕەو دەکرێ کۆمەڵ بە ودمی هەڵخەڵەتێنەر و دەغەڵ بازان بەڕێوە ببردرێ یان بەرەو پێش بچێ.
٢-زانستی خەبات و شۆڕشیش وێڕای پێگەیشتنی کۆمەڵی ئینسانی و زانست و فەننان و بە کەلک وەرگرتن لە گشت پێشکەوتەکانی زانست و فەن و فەلسەفە ڕێگای پێگەیشتنی پێواوە، لە ڕاستی دا ئینسان دەبێ فێری ئەو زانستەش بێ،لێرە دا نابێ تووشی ئەم تەوەهومە ببین کە زانستی خەبات و شۆڕش هەر دەکرێ لە ناو لاپەڕە و دێڕی کتێبان دا فێر بین! وا نییە، دامەزراندنی پەیوەندی قووڵ و هەموو لایە و زیندوو لە تەک خەباتی ڕۆژانەی زەحمەتکێشان دا و ئیلهام وەرگرتنی بەردەوام لە تەجروبەی وان مەرجی پێویست بۆ فیر بوونی زانستی خەبات و شۆڕشە.
٣ - مێژووی خەباتی گەلەکەمان سەلماندوویەتی کە بەر لە هەموان و زیاتر لە هەموان دەبێ پشت بە هێزی خەڵکی تێکۆشەر و زەحمەتکێشانی کورد ببەسترێ، هەر جۆرە تێئۆری هۆندنەوەیەک کە ئەم حوکمە مێژوویی یە تەبلیغ نەکا نەک هەر فڕی بە عیلم و تێئۆری زانستی شۆڕشەوە نییە بەڵکوو تەپکەیەکە بۆ پێوە کردنی کۆمەڵانی گەلی کورد.
ئینعیکاسی خەباتی ڕۆژانەی گەلی کورد لە وڵاتە جۆر بە جۆرەکان دا ئەرکی کردەوەیی دەرەجە هەوەڵی ڕێکخراوە کوردەکانە لە دەرەوەی وڵات. دوژمنانی گەلی کورد هەمیشە هەوڵیان داوە کە واقعییەتی خەباتی مەردم و زەحمەتکێشانی کوردستان لە خەڵکی دنیا بشارنەوە و بە بڵاو کردنەوەی بوختان و تاوان وەپاڵ دانی جۆراو جۆر داوێنی پاکی میللەتی مەعسووم و غەدرلێکراوی کورد پیس کەن. دەبێ بە هەموو خەڵکی جیهان نیشان بدرێ کە چلۆن گەلی کورد بە درێژایی هەزاران ساڵ بە دەسدڕێژکەران و ستەمکارانی ڕەنگاوڕەنگی کوتووە " نا " و سەرەڕای کوشتاری خوێناوی و سەرکوت کرانی سەرانسەری توانیویە هووییەت و خەسڵەتی خۆی بپارێزێ و هەموو جارێ لە بن خۆڵەمێشی بڵێسەی ئاگری دنیا داگر و لە ژێر کاولی تێک تەپینی مەزن ڕا، سەر زیندووتر لە ڕابردوو سەر هەڵێنێ و هاوار بکا: " کورد زیندووە ".
٤-خوێندکارانی کورد لە دەرەوەی وڵات بە بڵاو کردنەوەی هەراوی ڕاستەقینەی خەباتی ڕۆژانەی گەلەکەمان بەتایبەتی دەبێ نیشان بدەن کە خەباتی قارەمانانەی ئێستای مەردمی کوردستان، درێژەی مەنتیقی و تەبیعی ئەم مێژووە سەرانسەر پڕ لە نەسرەوتن و فیداکاری و گیانبازی یەیە و بەم ڕێگایە دا هاودەردی هەرە هەراوی زەحمەتکێشانی وڵاتە جۆر بە جۆرەکان بەرەو خەباتی بەحەقی گەلی کورد ڕاکێشن.
٥- خوێندکارانی کوردی دەرەوەی وڵات دەتوانن بە لێکدانەوە و پوختەکردنی ورد و زانستییانەی جووڵانەوە میللییەکانی گەلی کورد لە پارچە جیاواز و دابەشکراوەکانی کوردستان دا، بە تایبەتی لە دوای شەڕی دووەمی دنیاگر، نیشانی دەن کە دۆستانی ڕاستەقینەی گەلی کورد کامەنەن.
ئەم لێکۆڵینەوانە بە تایبەتی دەتوانێ بە دروستی سیمای ڕاستەقینەی هێندێک لە مودەعی یەکانی دیفاع لە مافی بێ بەش و زەحمەتکێشان وەڕوو خا. ئەم لێکۆڵینەوانە هەر وەها بە دروستی دەری دەخەن کە حیزبەکان و ڕێکخراوە سیاسی یەکانی مودەعی نوێنەرایەتی زەحمەتکێشان لە بواری حەساسی مێژوویی دا چلۆن لە حاست خەباتی بە حەقی گەلی کورد دا بزووتوونەتەوە، پۆختە و گەڵاڵەی گشت ئەم تەجروبانە و بە تایبەتی جەرەیانەکانی یەکساڵ و نیوی دوایی لە ئێران ئیسپاتی دەکا کە ڕێکخراوە سیاسی یە شۆڕشگێڕەکانی کوردستان دەبێ لە هەموو جۆرە بە دواوە ڕۆیشتنی جەریانە سیاسی یەکانی دیکە خۆ بپارێزن و ڕێگای خۆیان بە پشت بەستن بە تەجروبەی ئۆبژێکتیڤ و ڕۆژانەی خەباتکارانە و بە کەلک وەرگرتن لە تێئۆری ڕاستەقینەی شۆڕشگێڕی ببیننەوە و بڕیاردەرانە و موسەممەمانە هەنگاوی تێدا هەڵێننەوە.
لاوانی تێکۆشەری کورد کە پڕن لە هەستی قووڵی نەتەوایەتی و کوڵ و کۆی شۆڕشگێڕانە نابێ فریوی ڕستە و قسە و دروشمی ڕواڵەت شۆڕشگێڕانە بخۆن – کە پەیوەندییان بە واقعییەتی خەباتی گەلی کورد و ڕەگ و ڕیشەی قووڵی مێژوویی و کۆمەڵایەتی ئەوەوە نییە – .
ئەم لاوانە دەبێ بڕوایان بە خۆیان بێ و پشت بە خۆیان ببەستن و لە ناو ڕێکخراوە سیاسی یە بە تایبەتی یە شۆڕشگێرییە کوردییەکان دا و بە پشت ئەستوور بوون بە هێزی لە بن نەهاتووی گەلی خەباتکار و شۆڕشگێڕی کورد لە ناو شەپۆلی بە سامی تەبلیغاتی ئەم لا و ئەو لا دا، بە یارمەتی تێئۆری زانستی شۆڕش، ڕێگای تایبەتی پێگەیشتنی مێژوویی نەتەوەی کورد بپێون و لە کەند و کۆسپ و پەرژینان نەپرینگینەوە و لە بەر شکانی کاتی تووشی ناهوـیدی و ورە بەردان نەیەن.
من مافم نییە زیاتر لە مە کاتی ئێوە برایانی خۆشەویستم بگرم، ئارەزووی سەرکەوتنی کۆنگرەکەتان دەکەم و هیوادارم کە ئەم کۆنگرەیە بۆ بەرەو ژوور بردنی سەتحی تێکۆشەرانەی کۆمەڵەی ئێوە هەنگاوی بە کەلک و بە پیت هەڵێنێتەوە.
وێڕای سڵاو ودروودی زۆر
سارمەدینی سادق وەزیری

  









 

No comments: