هەڤپەیڤینی مامۆستا ئەمیر حەسەنپوور لەگەڵ کاک جەلیلی گادانی, خوێندنی زمانی کوردی و دەرسخانەی گەڵاوێژ لە سەردەمی جمهووری کوردستان
هەڤپەیڤینی مامۆستا ئەمیر حەسەنپوور لەگەڵ کاک جەلیلی
گادانی
دووشەمە ٣-ی ژانڤییەی ١٩٩٤ ئۆرەبروو، سوێد.
خوێندنی زمانی کوردی و دەرسخانەی گەڵاوێژ لە سەردەمی
جمهووری کوردستان
تێبینی: لە کاتی ئەو چاوپێکەوتنە دا کاک نەبی قادری،
کاک ڕەسووڵ ئاریایی، کاک محەمەد گادانی ، کاک سەلاح گادانی و حەسەن قازی ئامادە بوون
ئەمیر حەسەنپوور: ئەوڕۆ
پێم وایە سێیە، ٣-ی ژانوییەی ٩٣
حەسەن قازی:
٩٤
ئەمیر حەسەنپوور:
٩٤، لە چ شارێک، لە چ شارێکین؟
حەسەن قازی:
ئۆرەبروو
ئەمیر حەسەنپوور: بەڵێ جا کاک جەلیل ئەو شتانەی باست کرد سەبارەت بەو کلاسی دەرس، کە ئێواران بوو دوای مەدرەسەی بە کوردی، ئەگەر لە بابەت ئەوەیەوە هەرچی لە بیرتە بیفەرموو!
جەلیل گادانی: ئەوەی لە بیرمە بە دوای ڕووخانی دە واقیعدا ڕەزا شای دا و پێچرانەوەی
تەخت و بەختی لە کوردستان بۆ ماوەیەک هەستی نەتەوایەتی گەلەکەمان زۆر برەوی ساند و
بە دوای ئەوە دا هێندێک ڕەوشەنبیر کە موتەئەسیر بوون لە هێندێک گۆڤاری کوردی کە
ئەو دەمی بە شێوەی موشەخەس لە بیرمە گۆڤاری "گەلاوێژ" دەهات بۆ مەهاباد،
موتەئەسیر بوون و زۆر شتی تازەیان لێ دەردەخست کە بۆ ئێمە کوردی ئێرانێ تازەگی
هەبوو. ئێمە قوتابی بووین من ساڵی چواری ئیبتیدایی بووم ڕۆژانە لە مەدرەسەی بە
زمانی فارسی دەمانخوێند بەڵام لەو ئەوائیلی ساڵی ٢٤ دا بەر لەوەی کە حیزب تەشکیل
بێ هەر ژ.ک مابوو هێندێک لە مامۆستایان کە هێندێکیان حەتتا جەنبەی ئایینیشیان بوو
دەستپێشخەرییان کرد و توانیان بە دلسۆزییەکی تەواوەوە هێندێک کۆڕ و کۆمەڵی
فەرهەمگی دابمەزرێنن یەک لە وانە کە لە بیرمە بۆ یەکەم جار مەدرەسەیەک بە ناوی
" مەدرەسەی گەلاوێژ" لە لایەن خاڵە مەلای داودی مەشهوور بە مەلای حەجۆکی
کە نێوی ئەسڵی عەبدوڵا بوو شۆرەتی داودی بوو برای حاجی مستەفای داودی و حاجی
عەبدولخالەقی داودی ئەو بەرەبابە بوو لە داودییەکانی مەهابادێ دامەزرا و ئەوەش ئەمن بۆ خۆم بە سەعادەتێک
حیساب دەکەم کە بە گوێرەی ئەو شتەی کە لە ڕۆژنامەی
" کوردستان"دا هاتووەئیستینادی پێ دەکرێ، کە خاڵە مەلا لە قۆرغی مەولەوی
دەگەڵ پێشەوا کە ئەو دەمی قازی بووە مولاقاتێک دەکەن، تەبعەن پێشەوا بەرپرسیایەتی
فەرهەنگی و ئامووزشی هەر هەبووە بە شێوەیەک ئیزهاری عەلاقەی کردووە لە سەر ئەو
مەساییلە هەمیشە. وەکوو مزگێنییەک خاڵە مەلا پێی دەڵێ مەدرەسەیەک داندراوە بە
کوردی و ئێستا هێندێک قوتابیمان هەیە بە کوردی دەرس دەخوێنن. پێشەوا زۆری پێ جالیب
دەبێ دەپرسێ کە چۆن و کەنگێ و لە کوێ، دەڵێ لە گەڕەکی " قووڵە قەبران"
لە ماڵی حاجی ئەحمەدی گادانی ئەو مەدرەسەمان داناوە و پێمان خۆشە سەرمان لێ بدەی و
قوتابیان و مامۆستاکان بڕێک هان بدەی و بڕێک تەشویقیان بکەی. ئێمە پۆلە قوتابییەک
بووین حدوودی بیست سی کەس لە خودی گەڕەکی " قووڵە قەبران" و دەور و بەر
وە گەڕەکی " ڕزگەیان" کە بە ئیستیلاح دوو گەڕەکی جیرانی مەهابادن لەو
قوتابخانە دەستمان کردبە خوێندن و هێندێک مامۆستای دلسۆزی ئەو زەمان کە لە کوردێ زیاتر شارەزا بوون لە مامۆستاکانی
مەدرەسەی ڕۆژانەی رەسمی دەوڵەتیدا دەرسیان دەکوتەوە دەرسیان بە ئێمە دەکوت و دە
حەقیقەتدا ئەمە یەکەم ئەلفبای زمانی کوردی لەو مەکتەبە و لەو جێگایە کە ماڵی ئێمە
بوو دەستمان پێ کرد و ماوەیەکی دوور و درێژ ئەو کارەمان ئیدامە دا، ڕۆژانە کە
دەچووینە مەدرەسەی دەوڵەتی بە فارسی دەمانخوێند ئێوارانە دەهاتینەوە دەچووینەوە بۆ
ئەو مەدرەسەی وە نە تەنیا ئێوارانە بەشێکیش لە شەو ئەز بەس شەوقمان هەبوو و
عەلاقەمان پێی بوو بەشێکیش لە شەو لە مەدرەسەکە دەماینەوە و درەنگانێک دەچووینەوە
بۆ نانخواردن، حەتتا هێندێک وەخت دەچووینەوە نانمان دەخوارد و دووبارە دەگەڕاینەوە
بۆ مەدرەسەکە. مامۆستاکان عەلاقەیەکی یەکجار زۆریان بە ئێمە قوتابییەکان هەبوو وە
ئێمەش بە حەقیقەت وەکوو بابێک مامۆستاکانمان خۆش دەویست و یەکجار زۆر ئیحتیڕاممان
بۆیان هەبوو وە من پێم وایە لە شەخسی خاڵە مەلا لەو بابەتە غەدر کراوە کە لە کەمتر
شوێنێک تا ئێستا باسی کراوە و من بەش بە حاڵی خۆم وەک شاهیدێکی زیندوو خاڵە مەلای
داودی وەکوو بنیانگوزاری یەکەم مەدرەسەی کوردی لە کوردستانی ئێران و لە شاری مەهاباد
دا دەناسم و جێی خۆیەتی بە گوێرەی پێویست تەحقیق لە سەر شەخسییەتی ئەو کابرایە
بکرێ بیوگڕافی و ژیانی ئەوەندەی کە بووە وەکوو کوردێکی دڵسۆز هەر بمێنێتەوە و پێم
خۆشە ئەوەشتان عەرز بکەم کە مەدرەسەی
گەلاوێژ کە کاتی خۆی ئاوا بە نهێنی و نیوە نهێنی دامەزرا و شەوانە ئەمە دەمانخوێند
دوایی کە کۆمار ئێعلام کرا و ڕەسمییەتی پەیدا کرد و مەدرەسەکان بوونەوە کوردی و
لە مەدرەسەکان دەرس کوتنەوە بە فارسی بە
تەواوی قەدەغە بوو حەتتا کتێبی فارسیش کەس نەیدەتوانی، نەدەبوو هەڵی بگرێ بیخوێنێتەوە
یا بڵێین دەرسی لێ بخوێنێ هەموو دەرسێک بە زبانی کوردی و بە کوردی دەکوتراوە لە
لایەن مامۆستاکانی هەموو مەدرەسەکانەوە، ئەو مەدرەسەی " گەلاوێژ" ە
مونتەقیل کرا بۆ ساخوتومانێک کە لە جیرانەتی چاپخانەی کوردستاندا واقیع ببوو و
ئەگەر فکرم بە هەڵە نەچێ لەو جێگایەی بوو کە تا بەینێک لەوە پێش، دە پازدە ساڵ
لەوە پێش کە من مەهابادم دەدی کتێبخانەی " مووەفەقی" و ئەوانەی تێدا
هەڵکەوتبوو. وە ئەو مەدرەسە هەتاوەکوونێ ئاخرین ڕۆژی کۆماریش بە کاری خۆی هەر
درێژەی دا و مەدرەسەیەکی مومتاز هەم لە باری شاگردەکانییەوە و هەم لە باری ئیحساس
و بیرو بۆچوونی کوردایەتییەوە بە حیساب دەهات لە ئەغڵەبی مەڕاسیمەکانی دە واقیعدا
ڕەسمیشدا حەقی تەقەدومی پێ درا بوو قوتابییەکانی، مامۆستاکانی دەبوو لە سەفی
پێشەوەی بەقییەی مەدرەسەکاندا بڕۆن چون یەکەم
مەدرەسەی کوردی بوو کە دامەزرابوو. هەر لەو کاتدا بە فاسیلەیەکی دوو سێ
مانگی مەدرەسەیەکی دیکەش بە ناوی مەدرەسەی
" ئازادی" لە گەڕەکی "
هەرمەنییان" لە ڕاستی ماڵە حەمەدی مەولوودی و ئەوان پێک هات دە یەک دوو
هۆدەی، دیارە ئەو دەمی هەر هەموو ساختومانەکانی سابلاغێ بە سەبکی قەدیمی و شتی وا
بوون بەڵام سازتر لەوانەش بوو کە ئەو دەم هەبوون لەوێدا بوو و هێندێک وەخت
مامۆستاکان کە ڕەوابیتێکی زۆر سەمیمانەیان پێکەوە هەبوو شەوانە بەعزە ڕێوڕەسمێکیان
بەڕێوە دەبرد لەبەینی ئەو ڕێوڕەسمەدا قوتابییەکانیش هەموو کۆ دەبوونە ئی هەر تک
مەدرەسان " گەلاوێژ" و "
ئازادی" و هێندێک بڵێین موسابەقاتی شێعرو خوێندنەوەی مەتن و زانیاری لە سەر
نووسین و دەستووری ئەو دەم بە پێی زانیاری
مامۆستاکانمان دەهاتە گۆڕێ کە زۆر هاندەر بوو بۆ هەر تک لامان وە کەلکی پێویستمان
لەو جوورە کۆبوونەوانە وەردەگرت.
ئەمیر حەسەنپوور: ئەو مەدرەسەی ئازادیش پێش پێک هاتنی کۆماری بوو؟
جەلیل گادانی: مەدرەسەی ئازادیش پێش پێکهاتنی کۆمار بوو وە هەر بە نیوەنهێنی بوو ئەویش
دە واقیعدا بەڵام دوایی کە حکوومەت ئێعلام کرا ئەو مەدرەسە بەو ناوە لە مەهاباد دا
نەما و دەغم بوو دەگەڵ هێندێک مەدرەسەی دیکە. مەدرەسەی پێشووی پەهلەوی و سەعادەت و
ئەوانە بە گشتی مەدرەسەی " کوردستان" یان ناو نا و ئەو مەدرەسە دە
واقیعدا دەغم بوو دە مەدرەسەی " کوردستان" دا، بەڵام " گەلاوێژ" هەر بە ناوی خۆی مایەوە.
ئەمیر حەسەنپوور: ئەو مەلای داودی چی بەسەر هات ئەوەندەی ئەتۆ ئاگات لێ بێ؟ لە زەمانی
کۆمار دا چی کرد و دوایە چی بەسەرهات؟
جەلیل گادانی: ئەوەندەی ئەمن ئاگام لێ بێ دەحەقیقەت دا پیاوێکی خودساختە بوو، فەقێیەتی
کرد بوو دوایە بە دەرەجەی مەلاییش گەیشتبوو بەڵام عەلاقەی بە مەلایەتی و ئەوە
نەبوو، زۆرتر عەلاقەی بە خوێندنەوەی کتێب و تەحقیق و بە تایبەتی زبانی کوردی و
ئەوانە بوو و بێ شک ڕەنگە ناوی نەبێ بەڵام ئەگەر نەڵێم یەکێک لە دامەزرێنەرانی
کۆمەڵەی ژێکاف بووە یەکێک لە ئەفڕادی
فەوقولعادە موئەسیر و خۆش ئیحساسی کۆمەڵەی ژێکاف بوو وە لە سەتحی گەڕەکێشدا خەڵک
خۆشیان دەویست حیسابیان لە سەر دەکرد،دەگەڵ ئەوەشدا کە ئینسانێکی فەقیر بوو بەڵام توانیبووی ژیانی خۆی بە شێوەیەک تەنزیم بکا کە
ئەو دەمی بۆ ئێمە جالب بوو. ئەو دەمی لە کەم ماڵان کوڕی خوێندەوار و ئەوانە هەبوو،
کوڕەکانی وی هەرتکیان خوێندەوار بوون و دواییش هەرتکیان بوونە مامۆستا هەر لە
قوتابخانەی " گەلاوێژ"، یەکێکیان
کوڕی گەورەی بە ناوی محەمەد دەگەڵ
ئەو عیدە خوێندکارە کە نێردران بۆ باکۆ دەگەڵ ئەوانیش چوو بەڵام باش نەزانم بە
عیلەتی نەخۆشی بوو یا بە عیلەتی دڵتەنگی و دووری لە کوردستان بوو وەکی ئەوانیدیکە نەیتوانی تا ئاخر بمێنێتەوە،
زووتر گەڕایەوە یانی هەر لە دەورەی کۆماردا گەڕایەوە و دووبارە دەرس کوتنەوەی لە
مەدرەسەی " گەلاوێژ" درێژە دا.
ئەوەندە ئەو بنەماڵە پاک و خاوێن بوون وە خۆش هەست بوون و ئەوەندە عەلاقەیان بە
کۆماری کوردستان بوو کە دوای ماوەیەکی ساڵ، ساڵونیوی هەر سێکیان بە داخەوە بە تەرتیب فەوتیان کرد و
لە نێو ئیحتیڕامی خەڵکی مەهاباد دا لە گۆڕستانی مەلا جامی بە خاک ئەسپێردران. وە
دەواقتعدا دەکرێ بڵێین یەک مەجمووعە لە ئینسانی خاوەن هەست دەو ماڵە دا بوون کە هەموویان لە ماوەیەکی کەمدا نەمان و یا
بڵێین بە قەولی ئەو دەم دەکوترا لە مەراق و کەسەرێکی زۆر کە لە تێکچوونی کۆماری کوردستان بۆ وان هاتبووە پێشێ دیقیان کرد. ئەوە
تەعبیری خەڵک بوو منیش لە سەر ئەو بڕوایەم چون
ئیشتیاق و عەلاقەکەم زۆر لەوە زیاتر دەدیتن کە بتوانن ئەو ڕووداوە دڵتەزێنە
تەحەمول بکەن.
ئەمیر حەسەنپوور: فەقێیەتی نازانی لە کوێ کرد بوو؟
جەلیل گادانی: ئەمن باشم لە بیر نییە دە واقیعدا چونکوو ئەو سین و ساڵێکی لێ گوزەرا
بوو. ئەو دەمی زەمانی کۆمار حدوودەن شێست و شێست و پێنج و ئەوانە بوو.
ئەمیر حەسەنپوور: مەلایەتی نە دەکرد؟ لیباسی مەلایەتی و ئەوەی دەبەر نەدەکرد.
جەلیل گادانی: نەخێر مەلایەتی نە دەکرد، لیباسی عادی دەبەر دەکرد و کەوا و پاتۆڵ و من
وێنەیەکیشم هەیە هیوادارم بتوانم ئەو
وێنەیە هەر چەند عەلەزاهیر ئەوەی لە بیرمە بە پێژامەیەکەوەیە، کراسی دەبەر دایە
بەڵام دە نێو مەجمووعەیەک لە مامۆستایان ئەو زەمانی مەدرەسەی " گەلاوێژ"
کە تفەنگی بڕنوشیان بە دەستەوەیە ئەغڵەبی مامۆستاکان و دوو لە کوڕەکانی خۆشی
لەوێدا هەن. وام لە بیرە کە سەید محێیدینی نیزامیش کە ئەو زەمان مامۆستا بوو و هەر
لەو مەدرەسەیە دەرسی دەکوتەوە وەختی خۆی مامۆستای منیش بوو بۆ دەرسی کوردی، یەکێک
لە مامۆستاکان بوو ئەویشی هەر تێدایە، مەجمووعەیەک ئەفڕادی دیکە کە ڕەنگە ئەمن نەچمەوە سەریان. ئەمن نموونەیەکم لەو
عەکسە داوە بە کۆمەڵی کورد لە لەندەن، پێرار، ئەگەر مابێ ئەمن حەتمەن بۆتان
دەنێرم، ئەگەر نەشم مابوو هیوادارم لە رێگەی ئەوانەوە کە حەتمەن وێنەیەکیان لە کنە، کە دابوومنێ گۆڤارێکیان
هەبوو تێیدا چاپی بکەن، نازانم چاپیان کردووە یان نا، ئومێدەوارم بە دەستی ئێوە
بگا کەلکی لێ وەربگرن.
ئەمیر حەسەنپوور: زۆر مەمنوون. جا کاک جەلیل دەکرێ
کەمێک وردتر باسی معەلیمەکان کێ بوون؟ ئەگەر لەبیرت بێ خوێندکارەکان کێ بوون،
چۆنیان دەرس دەکوت و لە کوێ دادەنیشتن لە ماڵێ؟ لە سەر عەرزی دادەنیشتن، تەختەی
ڕەشوو هەبوو، کاغەزوو چۆن بوو، ئەو شتانە. چون ئەوانە هیچی دیارە، ئەمن کە هەر
نەمبیستبوو شتی وا. پێشم وا نییە تا ئێستا بە نووسراو کەس نووسیبێتی. هەرچی وەبیرت
بێ لەو بابەتانەوە.
جەلیل گادانی: منیش
وەک نووسراوە تەنها لە ڕۆژنامەی کوردستاندا وەک نووسراوە ئەوەم چاو پێ کەوت. ئەز
قەزا بۆ خۆشم موتەوەجی نەبووم برادەرێک کە
پێش من ئەو ژمارەی خوێندبووەوە کە ١٣ ژمارەیەکمان وەدەست کەوتوو لە ١٩٨٤ لە پاریس،
موتەوەجیهی ئەوەی ببوو و ئیشاڕەی پێ کرد. بە شۆخی
ئیستینادیان بەوەش دەکرد کە ئەمن زۆر قەدیمیترم لەوەی کە بۆخۆم پێم وایە،
دەیانەویست سینی من ببەنە سەرێ بەڵام واقعییەت ئەوە بوو ئەمن ئەو دەمی قوتابی بووم
بەڵام شتەکانم لە بیر ماوە؟
ئەمیر حەسەنپوور: چەند ساڵە بووی ئەو دەمی؟
جەلیل گادانی: من ئەو دەم تەقریبەن چاردە ساڵە بووم، لە تەئسیسی ئەو مەدرەسە دا ٢٤ [ی هەتاوی] تەقریبەن چاردە ساڵە بووم. چاردە
و چاردە و شتێک وە ڕوویهەمڕەفتە ئەمە لە حەسارێکی زیادی لای ماڵی خۆمان ئەو دەم کە
بڵێین بە بنبەستی ئەییووبی دوایە دەناسرا،
ماڵە سەید ڕەحمانی ئەییووبی و حاجی سەید ڕەحیمی ئەییووبی ددانساز و ئەوانە بوون
بنبەستێک بوو ئێمە لەوێ دوو دەزگا خانووبەرەمان بوو دەزگایەک بۆ خۆمان تێیدا دادەنیشتین،
دەزگایەکیش هەر لە پەنای وی هەبوو کە زۆر شتی بە خۆیەوە دیوە ئەو خانووە. وەختی
خۆی چون خانوویەکی مەزبووت و جادار و پڕ وەتاغ بووە، ئەمیر عەشاییری زەمانی ڕەزا
شای تێدا بووە، دوایی شەخسییاتی وەکوو مەلا مستەفا و شێخ سولەیمانی بارزانی و
ئەوانەی تێدا بووە، سەیدی زەمبیلی تێدا بووە، نازانم ئەگەر محەمەد لە بیری بێ [
مەبەست لە محەمەدی گادانی یە کە لە دانیشتنەکەدا بووە. ح.ق] ڕەنگە خەڵکی دیکەشی
تێدا بوو بێ.
محەمەد گادانی: حاجی حەمەد ئاغای ئیندرقاشی [
ئەمن پێم وایە دەبێ حاجی حەمەدئاغای شێخاڵی بێ. ح.ق]
جەلیل گادانی: بەڵێ ئەوانە، بە ئیستیلاح هێندێک گەورە ماڵ دەیانگرت، ڕەنگە ئەو دەمی هەم
ئیجارەکەی گران بوو بێ و هەم بیلەخەرە ئەو گەورە ماڵانە جێگاوڕێگایان دەویست،
بەڵام لەو حەوشەدا ئێمە دوو هۆدەمان بەر کەوتبوو، دوو هۆدەیان دابووینێ و بابم کە
هەر وا ئیشتیاقێکی تایبەتی بە کاروباری نیشتمانپەروەری و ئەوە هەبوو و ئەندامی
کۆمەڵەی ژێکاف بووە و دوایەش ئەندامی حیزبی دێمۆکڕات بووە پێشکەشی کرد بوون
کوتبووی ئێوە نییەتێکی وا خێروو هەیە لە سەر ئەوەی مەحتەل مەبن جێ نییە ئەو جێ. وە
دەو دوو هۆدەی دا بوون و دوایی قوتابییەکان زیاد بوون، عەرزت دەکەم گوێستمانەوە بۆ
کووچەیەکی سەرەوەتر کە ئێستا بووەتە ئەوەڵی هەشت میتری ئەگەر لە بیرتان بێ لە
مەهابادێ ئەوەڵی هەشت میتری ماڵە حاجی سەید عەبدوڵای تەها زادە، حەوشێکی فەرعیان
هەبوو جگە لە حەوشی ئەسڵی خۆیان، ئەو سێ چوار وەتاغی هەبوو چووینە دەو حەوشەیەوە و
هەتاوەکوونێ تەبدیل بوو بە مەدرەسەی ڕۆژانە هەر دەو حەوشە دا بووین و زۆریش
خاتراتی بڵێین خۆش و ناخۆش بە تێکڕا لەو دەورە لە قوتابخانە و لە مەدرەسە هەمانە
پێم خۆشە ئێشاڕە بکەم کە ئەمە لەو دەورە لە قوتابخانەی نهێنی عەکسێکمان هەبوو
مەجمووعی قوتابییەکان بە لیباسی کوردییەوە کێشابوومان هەموومان و دیار بوو لە ماڵێ
هەموویان ڕازاندبووینەوە، پشتێندی باشیان بۆ بەستبووین و شەدەی قۆزیان دە سەری
هاڵاند بووین و لە دەورو بەری باغی سیسە لە سەر چۆم و ئەوانە عەکسێکی زۆر جالبمان
هاویشتبوو داواشم لێکرد ئەو قەدەرەی لە کاک عەلیی قازی کوتم کاک عەلی وەختی خۆی
ئەتۆ ئەو عەکسەت لە من وەرگرت بە ئەمانەت پیاوی چاک بە ئاڵبۆمەکانت تەمەشا کە
ئەگەر ماوتە ئەو عەکسەم دەیەوە ئەوە بۆ من زۆر قیمەتییە کوتی وەڵا دەگەڕێم ئەگەر
ببێ بە چاوان. بەڵام پێم وا نییە لە کنم
مابێ، وەبیرم دێ چ عەکسێکت داومێ زۆریش قیمەتی بوو، بەڵام ئێمە زۆر کەوتووینە بەر
پەلامار ئەو عەکسە ڕەنگە نەمابێ. زۆری تەمەشا کرد بوو خولاسە ئەو عەکسە نەماوە بە
داخەوە ئەو عەکسە لە بەین چوو عەکسێکی جالب بوو بۆ من. وە ئەو دەمی قوتابخانە
دیارە لە مەدرەسەی عادی میز و سەندەڵی و ئەوە هەبوو، مەدرەسەی دەوڵەتی بە
ئیمکاناتی دەوڵەتییەوە بەڵام دامەزرێنەری ئەو مەدرەسەیە دە واقیعدا هەموو بۆخۆیان
ڕووت و ڕەجاڵ بوون ئەوەیان دە حەقیقەتدا بۆ نەدەکرا کە میز و سەندەڵی و شتی وا
بکڕن لە بیرمە لە بەڕە و مەڕە و شتی وا کەلکمان وەردەگرت و دادەنیشتین بەڵام دوایی
کە گوێستمانەوە بۆ ماڵە حاجی سەید عەبڵا لەوێ ئیدی میز و شتیان بۆ کڕی بووین و
مەدرەسەکەمان تەیارتر بوو. بەڵێ تەختە سیامان هەبوو لە عەرز دادەنیشتین و گێجیشمان
بۆ خۆمان دروست دەکرد بۆ وەی مامۆستاکانی مەدرەسەی ڕۆژانە فکر نەکەنەوە کە گێجمان
لە مەدرەسەی وان هێناوە لە سەر ئەوەش لێمان بدەن تەنبێمان بکەن. وە لە ئیمکانێتێکی
زۆر کەم دە واقیعدا کەلکمان وەردەگرت بەڵام ئەزبەس عەلاقە هەبوو دە بەینی هەموو
قوتابییەکاندا بۆ زبانی کوردی دە ماویەکی زۆر کەمدا ئێمە خوێندن و نووسینی کوردی
فێر بوون و ئەو دەم هێندێک موجەلە و شتی وا کە کەم و زۆر دەردەکەوت یەک لە وان
" گەلاوێژ " بوو کە ئێمەش ئیدی وردە وردە فێر ببووین دەگەڵی ئاشنا
ببووین بۆیان دەهێناین و قەتەعاتی ئەدەبێ و شتی وامان لێ دەخوێندنەوە و
شێعرەکانمان دەخوێندەوە و هێندێکیشمان لەبەر دەکردن.
ئەمیر حەسەنپوور: کتێبتان نەبوو لەو کتێبە دەرسییانەی لە عێڕاق چاپ دەبوون؟
جەلیل گادانی: نەخێر، ئەمە ئەو دەمی وا بزانم
کتێبی دەرسی ئەگەر لە عێڕاقێش بووبێ، نازانم دەقیق ئەو دەمی لە عێڕاق بووە
بەو شێوە یان نا.
ئەمیر حەسەنپوور: هەبوو بەڵێ
جەلیل گادانی: بەڵام
ئێمە شتێکمان لەو کتێبانە نەبوو نەخێر، هەر لە قەڵەم و کاغەز ئیستیفادەمان دەکرد و
گۆڤارەکانیش ئەوەی کە دەهات بە تایبەتی هێندێک لە مامۆستاکان لە خانەوادەهایەکی
موسەقەف و ئەهلی موتالەعە و شتی وا بوون دەورەی گەلاوێژیان هەبوو ژمارە بە ژمارە
دەیانهێنا، لە هەر ژمارەیەک هێندێک شتیان پێ دەکوتین ئێمەش ئیستیفادەمان لێ دەکرد.
مامۆستاکانی ئەو دەمی...
ئەمیر حەسەنپور: ببوورە پێش ئەوەی بچینە سەر ئەو باسەی " نیشتمان" چی یا "
دیاری کۆمەڵەی ژ.ک. بۆ لاوەکانی کورد" ئەوانەو هەبوو؟
جەلیل گادانی: ئەوانە دەر دەکەوتن بەڵام ئەوی واقعییەت بێ ڕەنگە ئەمە دە سینێکی دا
نەبووبین کە بتوانین لەوانە ئیستیفادە، بەهرەی سیاسی وەرگرین بەڵام من " نیشتمان" م دیوە و هێندێک شتیشم لە
مەقتەعێکدا لێ خوێندووەتەوە.
ئەمیر حەسەنپوور: بەڵام لەوەی لە مەدرەسەی دا لەوەی کەلکیان وەرنەدەگرت؟
دانیشتووان
له ڕاستهوه. 1-مهجیدی کۆچهری 2- تههای موکری 3 خهلیلی عهسکهری 4- قاسمی خوسرهوی 5-محهمهد سادقی شهڕهفی6-حهمهدهمینی مورادیان7-جهلیلی گادانی 8-محهمهدی سوڵتانی
ڕاوهستاوان
له ڕاستهوه 1-فهتتاح چاوشێت (پاس -15) 2-قادری شینکی 3- سهید سمایلی ئهییووبیان
4- محهمهد 5- سهید عوبهیدیلای ئهییووبیان 6- سماییلی ساحێب 7- مهحموودی ناڵبهندی 8- عهبدوڵای زههاوی 9- عومهری شهنگهیی 10- تههای سماییلزاده11- خهلیلی گادانیمهدرهسهی گهلاوێژ
جەلیل گادانی: لە مەدرەسەی با، لە هێندێک شێعر و ئەوانەیان کەلک وەردەگرت کە زۆرتر
دەگەڵ زەوقی ئێمە و دەگەڵ سین و ساڵی ئێمە جوور دەهاتەوە لە بەرمان دەکرد و وەکوو
کۆنفڕانس بۆ باقی قوتابییەکانمان
دەخوێندەوە کە ڕاش بێین کە بتوانین لە هێندێک جێگا و شوێن قسە بکەین شێعر
بخوێنینەوە و ئەوانە کە من ئەو زەمانە یەکێک لەوانە بووم کە لە زۆر کۆڕ و کۆمەڵی
بڵێین سەرتر لە سەتحی خۆمان، لە سینی خۆمان کە لە بەینی ئەندامانی ژ.ک و ئەوانە دا
پێک دەهات دەچووین .... ....
ئەمیر حەسەنپوور: دەی معەلیمەکان کێ بوون؟
جەلیل گادانی: مامۆستاکان ئەوەی لە بیرمە خاڵە مەلا بۆ خۆی بوو، سەید عوبیدیلای
ئەیووبیان بوو.
ئەمیر حەسەنپوور: سەید عوبەیدیلا بۆ خۆی موحەسیل بوو؟
جەلیل گادانی: سەید عوبەیدیلا موحەسیل بوو لە دەبیرستان دەیخوێند، وا بزانم کلاسی ٣-ی
دەبیرستان بوو ئەو زەمان. دەبیرستانیش لە جێی مەشهووری ماڵە وەرەهرامی دا بوو کە
پێش ئەو زەمانیش قەدەرێک ماڵی شێخ ئەحمەدی بارزانی بوو. چونکە ئەمە کە چووینە
دەبیرستانی هەر لە دەوری کۆمار دا دەبیرستان گوێزرابووەوە بۆ ساختومانی دارایی،
ساختومانێکی کولاهفەڕەنگی هەبوو لەوێ دەو ساختومانەی دا بوو کە حەسارەکەشی زۆر
گەورە بوو، دار و درەختێکی زۆری هەبوو دوایە بوو بە دەبیرستانی محەمەد ڕەزا شا وا
بزانم. ئەو دەمی ئەو پشتی وێ تەقریبەن کاول بوو، دەشت و کەلاوە و تەپە و مەپە و
ئەوانە چەند ساختومانی قەدیمی لێ مابوو ئی دەورەکانی پێشوو ئاوەدان نەبوو، ئەمە
لەو دەبیرستانەمان دەخوێند، بەڵام ئەوان لەو ساختومانەیان دەخوێند کە دوایی
وەرەهرام و پێش وەرهرامیش شێخ ئەحمەدی بارزانی دوای وەی کە هاتنە وێ دەوێدا
دانیشتبوون. یەک دوو تێئاتریش کە ئەو دەمی دەبیرستان بوو هەر لەو حەسارە درا و بۆ
یەکەم جار من لەو سەردەمەدا دەگەڵ تێئاتر ئاشنا بووم و گرووهێکی تێئاتر لە باکۆ ڕا
هاتبوو و ئەوان شتێکی فەوقولعادە جالبیان نیشان دا ..
ئەمیر حەسەنپوور: بە تورکی؟
جەلیل گادانی: بەڵێ بە تورکی و دواییش گرووهێکی هونەری لە تەورێز ڕا هاتبوون. لە دوو
مەرحەلە دا ئەمن بەش بەحاڵی خۆم زۆرم حەز لێ کرد، زۆرم پێ خۆش بوو، جا ڕەنگە تێی
نەگەیشتبم لە مەفاهیمی کەلیمەکان چون ئەو دەمی تورکیم نە دەزانی ئەمما بۆم شتێکی
جالب بوو، بە تێئاتریشیان دەگوت تەیاتوور. چون هێندێک کەلیمە هەیە کە دەگۆڕدرێ بە
گوێرەی سەلیقە خەڵک و وانە کە کابرای ساحێبی هەر ناشیناسێتەوە کەلیمەکەی. بەڵام
دوای ئەوە کە هێندێک لە هاونیشتمانانی کوردستانی دیوی گەرمیان هاتن بۆ ئەوێ بە
تایبەتی لە سەرەتای بەرەو تێکشکانی شۆڕشی بارزانی و دوای ئەوەی کە بارزانییەکان
هاتن مامۆستاکان زیاتر بوون، هەر لەو مەدرەسەی شەوانە دا من باشم لە بیرە "
عوسمان دانیش " ی ڕەحمەتی، نووری ئەحمەد تەها، مامۆستا محەمەد تۆفیق وردی
ئەوانە دەرسیان پێ دەکوتینەوە کە دوایی بوونە معەلیمی ڕۆژانەشمان لە مەدرەسەی
گەلاوێژ کە دەرسیان دەکوتەوە هەر کام لە ڕشتەیەکدا، مامۆستای باشیش بوون ئەو دەم
موستەوایان زیاتر لە مامۆستاکانی پێشووی خۆمان بوو، موستەوای کوردییان. هۆیەکەشی
ئەوە بوو کە ئەوان لەگەڵ کوردی و زبانی کوردی لە مێژ بوو ئاشناییان هەبوو کە بۆ مە
شتەکە تازە بوو.
ئەمیر حەسەنپوور: جا چەند سەعاتوو دەرس دەخوێندو دەزانی لە چ ساعەتێکی ڕا؟
جەلیل گادانی: ئێمە مەعموولەن لە سەعات چوار، چوارونیوی دوای نیوەڕرۆیان تەعتیل
دەبووین، نیوسەعاتێک بە ڕێگاوە دەبووین تاوەکوونێ مەدرەسەکەمان بە نێوی مەدرەسەی
پەهلەوی لە هەوەڵی گەڕەکی هەرمەنیان بڵێین
لە سەر دڕووان لە خانووی میرزا
سوڵتانی دا بوو هەتا لەوێڕا دەگەیشتینەوە و دەچووین کتێب و متێبی یا دەفتەر و
مەفتەری کوردیمان هەڵدەگرت کە ئەو دەمی نەمان دەوێرا بیبەینە مەدرەسەی ڕۆژانە چون دەبووە ئەسبابی تووڕەیی مامۆستاکانی ڕۆژانە و هێندێک
جار وەبەر کوتەکیش دەکەوتین نیو سەعاتێکمان پێ دەچوو لە سەعات پێنج پێنج و نیوی
ئەو کات دەستمان پێ دەکرد جاری وا بوو دەچووینە، هەتاوەکوونێ وەختی نان خواردن
لەوێ دەبووین، هێندێک جاریش کە دەرسەکانمان دەماوە دوای نان خواردنیش دووبارە
دەهاتینەوە خەریک دەبووین، دوایی وای لێ هاتبوو بە تایبەتی ئەو دەم کە بڕێک
مەدرەسەکەمان لە ماڵی ئێمەوە و هێندێک لە کوڕەکان بڕێک دوور کەوتبووەوە ئیدی شەوانە دوای نان خواردنێ
دەچووین تەقریبەن تا سەعاتی ١١ و ١٢-ی شەو خەریک دەبووین و مەشغووڵ دەبووین
مامۆستاکانمان زۆریان زەحمەت دەگەڵ دەکێشاین و بە ڕاستی دڵسۆز بوون. وە ئەمن قەت
خاترەی ئەو مامۆستایانەی ئەو دەم لە بیر ناکەم کە بەو پەڕی دڵسۆزییەوە دەرسیان پێ
دەکوتین و فێری شتی تازەیان دەکردین.
ئەمیر حەسەنپوور: مەحەسیلەکان هیچت لە بیرە کێ بوون؟
جەلیل گادانی: بەڵێ موحەسیلەکانم هێندێک لە بیرە. عەرزت دەکەم ئەوەی لە بیرمە مەڕحوومی
عوسمانی یۆسفی بوو، کاک مستەفای ئەلیاسی بوو، خودا لێخۆشبوو مەحموودی ناڵبەندی
بوو، ئەوە دەستە برادەرێک بووین زۆریش پێکەوە نزیک بووین و زۆر پێکەوە گەرم بووین
دواییش هەر بە تێگڕا چووین بۆ مەدرەسەی گەلاوێژی ڕۆژانە لەو مەدرەسە ڕا و لەوێ بە خوێندنی خۆمان درێژەمان دا. وە دواییش
لە دەبیرستانی بەینێک هەر هاوکلاس و هاودەرس بووین. ئەوانەم لە بیرە مەڕحوومی کاک
خەلیلی برام بوو کە لەمن گەورەتر بوو بەڵام لە دەرس دا تەقریبەن لەو مەقتەعە دا
وەک یەک دەمانخوێند، سینی لە سەرەوەی منیش بوو، بەڵام چون کوردیمان بە یەکەوە دەست
پێ کرد بوو هەر پێکەوە دەچووینە پێش. ئەوانەم لە بیرە. ڕەنگە حافیزەم قەد نەدا
لەوەم زیاتر وەبیر بێتەوە.
ئەمیر حەسەنپوور: ئەو خانووبەرەی مەدرەسەی تێدا بوو ماوە هێشتا؟
جەلیل گادانی: ئەو خانووبەری ئێمە دەفەرمووی یا ئی ماڵە تەهازادەی [ ئەیووبیان]؟
ئەمیر حەسەنپوور: ئی ئێوە و هەر تکیان
جەلیل گادانی: بەڵێ، وەڵاهی ئەو خانوانە هەر تکیان ماون بەڵام بە تەغیراتێکی زۆرەوە.
ئەو خانووەی مە چون خانوویەکی زۆر زۆر گەورە بوو ئێستا وا بزانم دە نیهایەتدا ببوو
بە ماڵی سورنجداغی بۆ خۆیان شارۆچکەیەکیان لێ دروست کردووە دە پازدە بیست ماڵیان
تێناوە، هێندێک هۆدە و مۆدەی دیکەشیان تێدا ساز کردووە. خانووەکەی ماڵە جاجی سەید
عەبڵای سەید تەهاش هەر بەو جوورە تەغیراتی
کردووە و بڕێک تازە کراوەتەوە و ڕەنگ و دیمەنی تازەتری پێ دراوە.
ئەمیر حەسەنپوور: عەکسوو نییە لە ماڵەکەی خۆتان؟
جەلیل گادانی: بە داخەوە نەوەلا نیمانە، نەخێر.
ئەمیر حەسەنپوور: [ لە ئامادەبوانی دیکەی دانیشتنەکە دەپرسێ]. دەی پرسیاری دی ئێوە نیتانە سەبارەت
بەو مەدرەسەی؟ کاک جەلیل چایەکی بخۆوە.
نەبی قادری: لە مەدرەسەی تەواوی دەرسەکان ئایا هەر کوردی بوو یا شتی دیکەش بوو یا چۆن
دەکوتراوە؟
ئەمیر حەسەنپوور: بەڵێ
جەلیل گادانی: لە شەهریوەری بیستەوە هەتاوەکوو [سالی] ٢٥ کە ئەو وەزعە هاتە پێشێ
ئازادییەکی بەرچاو هەبوو هەتا ئەو دەورەی کە حکوومەتیش ئێعلام نەکرا بوو ئەمن و
ئەمان لە کوردستانی ئەو دەمی ئێمە زۆر زیاتر لە ئەمن و ئەمانی ئێستای کوردستانی عێڕاق بوو هەتا حکوومەتیش
نەبوو ئەمن و ئەمانەکە زۆر زۆر زیاتر بوو. چون بە ڕاستی ئەخلاقیات زۆر بەرز بوو
خەڵک قبووڵیان نەدەکرد کەسێک بە خۆڕایی تەعدا بە خوێنی کەسێک بکا و کەسێک بکووژێ
من لە بیرمە هەر لەو عالەمی بێ وانێکی دا بەر لە ئێعلامی کۆمار و ئەوانە میرزا
ڕەحمانی شافیعی لە نێوەڕاستی مەیدانی کاروانسەرای شافیعی ئەو جێگای قەپانی لێ بوو،
وەبیرت دێ؟
ئەمیر حەسەنپوور: بەڵێ بەڵێ،
جەلیل گادانی: لەوێ میرزا ڕەحمانی شافیعی پیاوێکی موحتەڕەمی سابڵاغێ بوو ئەوانە، لەوێ
دوکەس، دوو چەرچی، دوو معامەلەچی کە مەعموولەن خوری و فڵان و شتی وایان دەکڕی و
دەفرۆشت و ئەوانە کێشەیەکیان لێ پەیدا دەبێ، یەکیان مەست بووە گۆیا، شەڕەکەش
درێژەی هەبوو میرزا ڕەحمانیش لە حوجرەی
خۆی، لە حوجرەی تەجاڕەتخانەکەی بوو دێتە خوارێ وەساتەتێ بکا هەر ئەو کابرا مەستە
بە نێوی هاشمی فەرهادی یەک دەمانچەی لە تەپڵی سەری دا لەوێ کوشتی و خستی. تەواو
بوو میرزا ڕەحمانی شافیعی مرد و خڵاس بوو بەڵام هەستی مەسئوولییەتەکە جۆرێک بوو
کەمترین مەجال بە قاتڵ نەدرا فەوری لە کووچە و کۆڵان و نێو بازاڕ وەدووی کەوتن
پاش دوو سێ سەعات کابرایان لە ماڵێکی
گەڕەکی "خڕێ" دیتەوە، کە گەڕەکی خۆشیان بوو بڕێک لە سەرەوەتری ماڵە
خۆیان و هەر لەوێ فیلمەجلیس کوشتیانەوە.
کابرا نەیدەتوانی تەعدا بکا و خەڵک بکووژێ و تەجاوەز بە حقووقی خەڵک بکا. واقعییەت
ئەوە بوو.
حەسەن قازی: کاک جەلیل لە پێش وا بزانم
ڕاگەیاندنی کۆمار لە مەهاباد کابرایەک دەکووژرێ کە وا بزانم تەجاڕەتی کردووە بە
نێوی غەفووری مەحموودیان
جەلیل گادانی: پێش جەرەیانی کۆمار نەبوو، دە جەریانی کۆمار دا بوو.
حەسەن قازی: دە جەرەیانی کۆمار دا. وەکوو
بزانی جەریانی کووژرانی ئەو کەسە چۆن بووە؟
جەلیل گادانی: وەڵاهی ریوایاتی موختەلیف هەبوو. هێندێک پێیان وا بوو کە ئەو فەردە
تەمایولاتی توودەیی هەیە و بۆ هێندێک کورد
بە تایبەتی ئەعزای کۆمەڵەی ژێکافی پێشوو قابیلی تەحەمول نییە وجوودی. ئەوە
جەنبەیەکی بوو، جەنبەیەکی ئەوە بوو کە ئەو کابرایە دەگەڵ عەشیرەت و ئەوانە زۆر
تێکەڵاو بوو عیلەتی ئەوە بوو کە تاجری
موحتەڕەم و ناسراوی مەهابادێ بوو، ئەو دەمی مۆدێرنترین ماڵی مەهابادێی هەبوو،
ساختومانەکانی ڕەنگە ئێستاش هەر مابێ. هەتا ئێمە کە لە شاری بووین هەر ما بوو.
سەرەوەی دووکانی قەنادی عەلی خوماییزی. ئەوە ساختومانەی سەرەوە ئەوە ساختومانی وان
بوو. هێندێک حەساسییەت لەو ڕابیتەی دا مومکینە بووبێت وە هێندێکیش پێیان وا بوو لە
ڕابیتە لەگەڵ دژایەتی لەگەڵ کۆماری کوردستاندا کووژراوە. ئەو ریوایەتانە هەمووی
هەبوون وەلی دە حەقیقەتدا مەعلووم هەر نەبوو ئاخرەکەی کە چییە قەزییە. چونکوو
حەتتا ئەو مەسەلە کێشاشی بۆ لای شەخسی پێشەوای تا ئەو جێگای من لە بیرمە
بنەماڵەکەی چوو بوون و ڕەحمانی کوڕی هاوکلاسی مە بوو هاوکلاسی من و کاک عەلیی قازی
بوو لە کلاسی ئەوەڵی دەبیرستان بوو. ئێمەش واقیعەن موتەئەسیر بووین چونکە میرزا
ڕەحمان [ !!!] دەزانین پیاوێکی باش بوو، پیاوێکی بێ زەڕ بوو، پیاوێکی بە سوودیش
بوو چون دەگەڵ زۆر لە ئاغا و ئەوانە قەرز و قۆڵ و فڵانی دەکرد. پیاوێکی باسەوادیش
بوو دە حەدی خۆی دا وە بە فەرهەنگ بوو و لە کاتێکدا کە تازە ڕادیۆ لە زەمانی شەڕی
دووەمی جیهانیدا هاتبووە مەهابادێ دوو ماڵ ڕادیۆیان هەبووە کە ئەو دوو ماڵە
تەقریبەن وەک دیوەخان وا بوون ئەغڵەب
خەڵکیان لێ بووە بۆ گوێدانی ڕادیۆی، یەکێکیان ماڵی مەحموودیان بوو، یەکێکیان ماڵی میرزا ڕەحمەتی شافیعی بووە. وە مەنبەعی
خەبەری دە واقیعدا ئەو دوو ماڵە بوون کە دە ناو شاردا مەشهوور بوو کە پیاوان دەچن
لە ماڵە میرزا ڕەحمەتی یا لە ماڵە میرزا غەفووری مەحموودیان گوێ دەدەنە ڕادیۆی.
هەر چەند ئەو بنەماڵە دڵیان ئێستاش هەر
کەدەریان هەیە نیسبەت بە حکوومەتی
کوردستان و بە شەخسی پێشەوا بەڵام بە
بڕوای من بە سەڕاحەتێکی کە پێشەوا هەیبوو ئەگەر شتێکی وا بایە وەڵا زۆر بە سەڕاحەت
ئێعلامی دەکرد و ڕاشی دەگەیاند کە شتێکی ئاوا بووە و لە سەر ئەوەی کووژراوە. بەڵام
ئەمن پێم وایە پێشەوا ئاگای لەو قەزییەی نەبووە، هەر بۆیەش کوتوویەتی واقعییەت
ئەوەیە ئەمن بێ خەبەرم. شایع بوو بە دەستی کەسێک کووژراوە کە هەتا ئەو ساڵانەش لە
عێڕاقدا دەژیا ناوەکەی گۆڕیبوو " مام سەعیدی حەمە قالەی" مەشهوور بوو،
دوایی لە عێڕاق ببووە مام قادر، خەزووری کاک خالیدی حیسامی. هەر لە بەر ئەوەش ئەو
هەتا ساڵەکانی دوای ڕووخانی شا و ئەوانە هەر تخوونی مەهابادێ نەدەبووەوە. حەتتا لە
حەفتاکانیشدا کە ئەوە بوو من هەر نەمبیست
کە هاتبێتەوە مەهابادێ. بەڵام لەو ڕەوەی دا چوو بووەوە مەهابادێ بەینێکیش لەوێ
ببوو، عایلەکەی دەیان گێڕاوە کە زۆر دڵی کرمێ بوو، زۆر ناڕەحەت بوو، دەیکوت وەڵاهی
دڵم ئۆقرە ناگرێ لێرە ئەگەرچی زادگاهی خۆمە و وڵاتی خۆمە و ئەوانە ، جا ئایا
دلهوڕە بووە، ئایا مەسەلەی ڕووحی بووە، مەسەلەی ڕەوانی بووە ئەوانە هەموو ئیمکانی هەیە
هاتووەتەوە بۆ ڕانیە، لە ڕانیە دا دادەنیشتن. پێرار کە من گەڕامەوە لە سەفەری دەرێ
کوتیان وەڵا مام قادر ئەمری خودای کردووە، نەماوە مام قادر.
حەسەن قازی: مام سەعید
جەلیل گادانی: بەڵێ مام سەعیدی حەمە قالەی کە بە مام قادر ناسرا بوو لە عێڕاقێ.
تەسادوفەن دەو جەرەیانی وانێکێش دا کوڕێکی شەهید بووە ، لە جەرەیانی شەڕی ئیسلامی
و یەکێتیی دا کوڕێکی شەهید بووە وام گوێ لێبووە دڵشاد بێت. دڵشاد کوڕێکی باڵا بەرز
بوو چلەوکەبابی و ئەوانەشی هەبوو دوو جاریش هاتبووە لای مە بۆ جێژنە پیرۆزە و شتی
وا. وام بیست،ئەو دەبێ شەهید بووبێ ئەمن وەم زانی خوسرەوە چون بەرپرسی یەکێتییە لە
ڕانیە فکری خوسرەویم کرد، بەڵام گۆیا ئەو
دەم خوسرەو لەوێ نەبووە، حەمە سوڵتان شەهید بووە.
نەبی قادری: ئەوە بابی خوسرەو و ئەو وانێکێ، ئەو کابرایان دەکوت؟
جەلیل گادانی: بەڵێ بەڵێ، خوسرەو کوڕی چکۆڵەیەتی، سمایل کوڕی گەورەیەتی.
ئەمیر حەسەنپوور: جا کاک جەلیل بگەڕێینەوە سەر ئەو
پرسیارەی کە کاک نەبی کردی کە موحتەوای دەرسەکان چ بوون؟
جەلیل گادانی: وەڵاهی موحتەوای دەرسەکان دە حەقیقەتدا پێجگە لە زبانی کوردی زۆرتر لە
سەر مەسەلەی تاریخی کورد و عەڕەکەی کورد بۆیان باس دەکردین، نەوعێک تەشریحی
کوردایەتی و بزواندنی هەستی کوردایەتی دە ناو ئێمە قوتابییەکاندا بوو زۆر باشم لە
بیرە ئێمە ئەو دەم لە ڕێگای ئەو
مامۆستایانەوە دەگەڵ شۆڕشی بارزان کە هاتبووە پێشێ ئاشنا بووین، باسی ئەوەیان بۆ
دەکردین، خەبەرەکانیان بۆ دەگێڕاینەوە ئەوەی کە دەیان بیست. وە هەر وەها بەرانبەر
بە کورد و هەر زوڵم و ستەمێکی کە لە کورد کراوە زۆر باسیان بۆ دەکردین دە
حەقیقەتدا دەکرێ بڵێین ئێمە زیاتر لە زەرفییەتی خۆمان شتی تازەیان پێ دەکوتین، شتی
تازە فێر دەبووین چونکە ئیستیعدادیشمان هەبوو، عەلاقەشمان فەوقولعادە پێی بوو
زوربەی زۆری، ساڵهایی ساڵ وەکوو نەقش در مێشکماندا مابووەوە، ڕەنگە ئێستاش هێندێک
شتمان هەر ئی ئەو دەمی بێ کە دە زێهنمان دا ماوە. ئەو شتانە دەو چوارچێوە دا زۆرتر
.
حەسەن قازی: ئەمن پرسیارێکم هەبوو
ئەمیر حەسەنپوور: بەڵێ فەرموو
حەسەن قازی: لە باسێکمان لەگەڵ خانمێک کە هێندێک ڕووداوەکانی ئەو زەمانی لە بیرە باسی ئەوەی
دەکرد کە وا بزانم دیسان پێش تەشکیلی کۆمار بووبێ کە چەند کەسێک جارێک پێشەوایان
تەهدید کردووە بە دەمانچە، چوونە پێش ماڵەکەی یەک لەوانە " باقی حەسەنە شەل
". ئەتۆ هیچ شتێکی وات بیستووە؟
جەلیل گادانی: من نەمبیستووە کە شتێکی وا بەرانبەر بە پێشەوا و بنەماڵەی پێشەوا کرا بێ
بەڵام " باقی حەسەنە شەلی"
ئینسانێکی زۆر خۆش نیو و فڵان و ئەوە نەبوو بڕێک گۆیا شەڕارەتی خۆی هەبووە ئەمما
دە عەینی حاڵدا کابرایەکی ئازا بووە فکر دەکەمەوە ئەوانە تیپێک بوون فەوقولعادە
موتەعەسیب سەبارەت بە مەسەلەی ژێکاف، کۆمەڵەی ژێکاف وە عەلەلخسووس بە دوای ئەوەیدا کە مەسەلەی
مەوجوودییەتی حیزب ئێعلام کرا و بوو بە حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان، تا ئەو دەمی
ئێرانیشی دەگەڵ نەبووە موتڵەقا، هێندێک حەساسییەتیان هەبوو پێیان وا بوو کە ئەوە
خزمەت بە میللەتی کورد نییە و کۆمەڵەی ژێکافە کە دەتوانێ ڕێبازی ئەسڵی میللەتی
کورد بێ و دەتوانێ میللەتی کورد نەجات بدا. بۆیە بەعید نازانم شتی وا کرا بێ بەڵام
من شەخسەن نەمزانیوە ئەوە باقی حەسەنە شەلی یا کەسانێکی دیکە بووبن چونکوو پێشەوا
قەدر و قوربی تایبەتی خۆی هەبووە و ئەوەی کە کەسێک بییەوێ ئیحیانەن بێ ئیحتڕامی پێ
بکا زۆر بەعید دەزانم.
حەسەن قازی: باشە لە ڕۆژی دووی ڕێبەندان لەوێ چەند کەسێک کە قسەیان کردووە مەسەلەن
لەوانە خودالێخۆشبوو میرزا محەمەدئەمینی موعینی بە نێو باسی چەند کەسی کردووە کە
ئەوانە خائینن و ئەوانە. حەتمەن بەڕێزیشت بیستووتە کە کۆمار تەشکیل بووە چەند
کەسێک وەکوو جاسووس بە شاریدا گێڕدراون لەوانە محەمەد فاروقی. شتێکی
وات وەبیر دێ؟
جەلیل گادانی: بەڵی زۆر چاکم وەبیر دێ. ڕەنگە بۆ خۆشم بە حوکمی ئێحساسی ئەو دەمی بەشی
خۆم تێ هاویشتبێ.
حەسەن قازی: ئەوە چۆن بوو جەرەیانەکەی؟
جەلیل گادانی: عەرزم بە
حزوور لە سەر مەسەلەی ئەوەڵ کە فەرمووتان، پرسیارەکەتان باش لە بیرم نییە.
حەسەن قازی:پرسیار نەبوو ئەوەی کە لە
ڕۆژنامەی کوردستان دا هاتووە چەند کەس لە قسەکانیان دا باسی چەند کەسیان کردووە بۆ
نموونە عەلی ئاغای حاجی ئێلخانی.
جەلیل گادانی: ئەمن لە بیرم نییە کە باسی ئەشخاس بەو شێوە کرابێ. چون من وەکوو
قوتابییەک لە سان و ڕێژەکە دا بەشدار بووم، یەکێک لەو ڕۆژە تاریخییانەی تەمەنم
بووە.
نەبی قادری: دەو کتێبەدا هاتووە، ئیستینادی پێ کراوە مەنزووری کاک حەسەنی ئەوەیە!
جەلیل گادانی: جا ئەوە نازانم ئەگەر سەنەدی زیندوو هەبێ، بەڵام بەرخوردێکی ناحەزی دیکە
هاتە گۆڕێ ئەو ڕۆژی کە دواییش هەر ڕەنگی داوە بە داخەوە ئەویش ئەوە بوو دەگەڵ ئەوەی
کە قازیی محەمەد ئەو دەم کاندیداتۆری
ڕەئیس جمهووری بوو حاجی سەید عەبدوڵا ئەفەندیش لە لایەکی دیکەوە مەتڕەح بوو وەکوو
کاندیداتۆڕی. ئەوە لە لایەکی کە بیلەخەرە
پێشەوا قازی لە لایەن حیزبەوە پێشنەهاد کرا بوو و بوو بە ڕەئیس جمهوور،
بەینی هەرکییەکان و ماڵە جاجی سەید عەبدوڵا ئەفەندیش لە سەر مەسەلەی هێندێک مڵک و
زەوی و زار و فڵان و ئەوانە کێشە و هەڵایەک بوو لە مەنتەقەی مەرگەوەڕێ. ئەو کێشە
ڕەنگی دابووەوە ناو ئەو ڕۆژە. لەو ڕۆژە دا خوب واقعییەت ئەوە بوو حاجی سەید عەبڵا
ئەفەندیش لە مەهابادێ زۆر خۆشەویست بوو، بێشک، هەتا ساڵهای ساڵ دواتریش ئەگەر
دەهات من لە بیرمە بۆخۆشم حەتتا دەچووم بە
سەدان کەس بە پیرییەوە دەچوون تا پردی بەردەزەردی هێندێک وەخت تا قەراغ بەحر و
ئەوانەش. لەوێدا هێندێک لەو ماجەڕایە ئیستیفادەیان کرد و ویستیان قەزییەی شەخسی
هێندێک تێکەڵاوی مەسەلەی سیاسی بکەن و
هێندێک پێیان وا بوو کە غەدر لە حاجی سەید عەبڵا ئەفەندی کراوە ئەو دەبوو بە حوکمی
ئەوەی کە پێشتر قوربانییان داوە، خانەوادەیەکی موباریز بوون و ئەوە بوون و ئەوە بوون ببێتە ڕەئیس جمهوور وە لیاقەتی
وییە و حەقی وییە. هێندێکیش تەبیعییە موشەخەسەن حیزب [ی دێمۆکڕات] پێی وا بووە کە
قازیی محەمەد ئەوڕۆییترە و شارەزاترە لە باری سیاسییەوە و باسەوادترە لە باری
زانیاری جیهانی و ئەوەوە و بیلئەخەرە ئەو ئینتیخاب بووە. لە سەر ئەو مەسەلە
کێشەیەک ساز بوو وە زێڕۆ بەگ کە ئەو دەمی تەقریبەن بەرپرسی هین بوو و دواییش لە
کۆمار دا دا دەرەجە پۆدپۆلکۆڤنیکی هەبوو، یانی سەرهەنگ بوو کێشەیەکی ساز کرد و
لەوێ بێ ئیحتیڕامی بە بنەماڵەی سەید تەهای و بە شەخسی حاجی سەید عەبدوڵا ئەفەندی
کرد، ئەوە ئازوردەگییەکی زۆری خاتری بۆ مورید و مەنسووب و دۆستانی حاجی سەید
عەبدوڵا پێک هێنا کە هات ببێتە مەوجیبی ئەوە کە شەڕێکی قورس لەوێ لە بەینی ئەو دوو
لایەنە ساز بێت. بە خۆشییەوە عاقڵ پیاوانی ئەو دەمی پێشی قەزییەکەیان گرت و
نەیانهێشت. ئەوەی ئەمن لە بیرمە خەڵک گەڕابووەوە ماڵانیش چون جەماعەتێکی یەکجار
زۆر هاتبوون بۆ ئێعلامی کۆماریش و بەشداری لەو ڕۆژە دا وە بەشی زۆری میوانەکانیش
بە سەر ماڵاندا دابەش کرابوون. دە نێو ئەو مەجمووعە پیاوانە دا لە ماڵان بەحس بوو،
ئێمەش تێعدادێک میوانمان هەبوو کە حەق بە زێڕۆیە، یا زۆرخراپ دەڵێ، زێڕۆ پیاوێکی
شەڕوورە و فڵان و ئەوەیە حەقی نییە شەڕ ساز کا تازە کۆماری کوردستان دامەزراوە چۆن
دەبێ شەڕی تێدا ساز بێ و لەو قسانە. ئەو کێشەم ئەمن لە بیرە و زێهنییەتێکم لەو
کێشەیە هەیە.
نەبی قادری: دە وێدا هاتووە، باسی جاسووسەکانی کە مەنزوور کێ بوون؟
جەلیل گادانی: بەڵام نازانم، ئەو دوو جاسووسانە ئێستا دەچینەوە سەریان. ئەوە لە جەرەیانی
کۆمار دا هێندێک عەناسوری مەشکووک هەبوون ئەوە واقعییەتێکە. لەو کتێبەی کاک عێزەت
مەلا مەحموودیشدا [!! مەحموود مەلا عێزەتیشدا] باس دەکرێ، نامە دێ ڕەدوبەدەڵ
دەکرێ، کە فڵانکەس دەگەڵ هومایوونی ئاوای تەماس گرت، دوێنێ هاتە فڵان جێگا و
ئەوانە. ئەو دەمیش ئەو شایعاتە زۆر بووە بە تایبەتی لە سەر مەسەلەی جەبهەی سەردەشت و ئیرتیباتی
مەنگوڕان و ئیرتیباتی هێندێک ئەفڕادی دیکە دەگەڵ عەناسوری حکوومەتی ئەگەر ئیشتیبا
نەکەم پێم وایە " سەرهەنگ پزشکی" بوو کە ئەو دەمی بەرپرسی پادگانی
سەردەشتێ بووە ئەو زەمان وام لە بیرە، لەوێ دەگەڵ ئەوەی ئیرتیباتیان هەبووە و
موکاتەبەیان هەبووە. دەی کێن و کێن خولاسە حکوومەت بە ئیتیلاعاتی ئەو زەمانی
خۆیەوە دەگەڕێ و نامە و بەڵگە پەیدا دەکا کە محەمەدی فاڕوقی و حەسەنی ڕەئیسی کە
یەکێک لە ئاغاوەتی دەوری سەردەشتێ بووە ئەوانە شتەکەیان لە سەر سابیت دەبێ،
گرتبوویانن هێنابوویاننە شاری، لە شاریدا ئەوەی واقعییەتە گێڕایانن لە هەر تک
خیاباناندا.
حەسەن قازی: بە چ شێوەیەک یانی؟
جەلیل گادانی: وەڵا هەر ئاوا دەیانگێڕان و
حەسەن قازی: خەڵک تفیان لێ دەکردن؟
جەلیل گادانی: بەڵێ بەڵێ، سزاکەیان ئەوە بوو کە خەڵک تفیان لێ بکەن وەڵا ئەمنیش ڕەنگە
بۆ خۆم ئەو دەمی تفم لێ کردبن. چونکە ئەو زەمانی هەر کەسێکی زبانی گەڕا با
بەرانبەر بە کۆماری کوردستان بە تاوانبارێکی گەورە دەناسرا و جێی خۆشی بوو. شتێکی
بەو هەموو بەدبەختی وەچنگی کوردی کەوتووە کابرا هەستێ لە سەر خوێنی ئەو خەڵکەی
موکاتەبە بکا بۆ خەڵکەکەی قابیلی تەحەمول نەبوو. لە لای مزگەوتی هەباساغای ڕا کە
هێنایانن هەتاوەکوو بردیاننەوە شەهرەبانی
ئەو دەمی کە سەید پیرە بە ڕەحمەت بێ ڕەئیسی شارەوانی! بوو، شارەوانی بە مەعنای
شارەبانی ئێستا چون لە عێڕاقێ شارەوانی شتێکی دیکەیە. هەتا وێ خەڵک ئەوبەر ئەوبەری
خیابانێ ڕاوەستا بوون ئەوانیشیان بە وێدا دێنا جاری وابوو دووتفیشیان لێ دەکردن،
نە تفێک.
ئەمیر حەسەنپوور: دوایە بەرەڵایان کردن؟
جەلیل گادانی: دوایە بەینێک دە زیندانێ دا مانەوە. ئازادیان کردن بەڵێ. بەڵام لە بیرمە
محەمەدی فاروقی تەبعید کرا لە شار، لە شار نەما و چوو بۆ مەنگوڕان لە دێی"سیاقۆڵ" و ئەو دەوروبەرەی دەژیا.
دوایی من لە حەمەڕەشم پرسی، حەمە ڕەشی سیاقۆڵی کوتم کا حەمەد ئەرێ تێکەڵاوی ئەنگۆ
لەگەڵ ئاغای فاروقی چییە. کوڕە کوتی ئەو زەمانی کە ئەو کابرایە ئەو خەتایەی کردووە
و تفیان لێ کردووە، لە ترسی تفان هەڵاتووە هاتووە دێی مە لەوێ ماوەتەوە ماوەیەک
ئاشنایەتییەکەمان لەوە ڕایە. حەسەنی ڕەئیسی ساڵەها دواتر هەر ژیا بەڵام پیاوێکی
خۆش نێو نەبوو هەر بە دەوڵەتخواز دەناسرا، بە قەولی خۆمان دەوڵەتخوا بوو و خەڵک
خۆشیان نەدەویست لە سەردەشتێ حەتتا کوڕەکانیشی کە مابوون، ڕەحمان ئاغایەکیان هەبوو
کە دوایە دەگەڵ من گیرا بوو لە دوای ساڵی ٤٦- ٤٧ لە فەلەکولئەفلاکێ. ئەویش هەر زۆر
ئینسانێکی زەعیف و لاواز بوو لە باری بیروبۆچوونی فکری و کوردایەتی و ئەوانەوە.
حەسەن قازی: وەک بیستبێت لە کادری بەڕێوەبەریدا مەسەلەی ئۆپۆزیسیۆن و جیاوازی بیروباوەڕ
و شتی وا هەبوو یان نا؟
جەلیل گادانی: لە کادری ڕەهبەریدا من شتێکی زەقم پێ شک نایە، بەڵام شتێکتان بۆ
بگێڕمەوە، ڕەنگە بە زەرەری ماڵە قازییانیش بێ بەڵام هەر وەکوو واقعییەتی تاریخی با
ببێ. مەسائیلێک هاتبووە پێشێ هێندێک تەبعیز و تەفاوت، حەقیقەتیش ئەوە بوو هێندێک
وەخت دەرەجە دەدرا گۆترە. من لە بیرمە کەسانێک ئەو زەمان وەکوو ڕەحمانی مودەریسی،
وەکوو حەمیدی تابانی جا کێ حوکمی داوە و کێ دەستووری داوە کە ببنە ئەفسەر
دەیانهێنا لە خیابانێ عالەمێک خڕ دەبووەوە کە ئەوە ئەوڕۆ فڵان کەس بە دەرەجەی
سەروانی ناییل بوو. ئی ئەو دوانەم موشەخەسەن لە بیرە، ئەگەر ئیشتیبا نەکەم پێم
وایە دە ڕۆژێکیش دابوو. ئەو جۆرە شتانە حەساسییەتی ئیجاد کردبوو تەبعیز و تەفاوت
هەبوو دەزانی ئینسانی ڕۆشەنبیریش مەعموولەن بۆ خۆی جوان فکر دەکاتەوە بەرامبەر بە
مەسائیلی ئاواش حەساسییەتی زیاترە. محەمەد تۆفیق وردیش ئینسانێکی هەم شارەزا بوو
لە باری سیاسییەوە وە لە باری ئەدەبییەوە وە هەم بیروبۆچوونێکی زۆر جوانی کوردی وە
کۆمەڵایەتی هەبوو. لەو ئەوزاعە بڕێک ناڕەحەت ببوو شتێکی ئینتیقادی نووسیبوو دە
ڕۆژنامەی کوردستاندا. ئێوارێ کە لە مەدرەسەی چۆتەوە لە مەسیری ڕێگایە ڕێگایان پێ گرتبوو گۆیا بە
دەستووری حەمەحوسێن خانی یەک دەست کوتەکی موفەسەلیان لێ دابوو. ئەوە سەروسەدایەکی
زۆری لێ بڵیند بوو و حەتتا هاتە ئەو ڕادەیەی کە ئیحتیمالی ئەوەی کە مەدرەسە تەعتیل بێ هاتە پێشێ. بە خۆشییەوە
دوایی پادەرمیانی کرا و فڵان کرا و
قەزییەکە حەل بوو و نەگەیشتە ئەو ڕادەیەی. جا شتی ئاوا دەهاتە پێشێ، مەساییلی ئاوا دەهاتە گۆرێ، جێی تەئەسوف بوو،
بەڵام ئەو شتانە چی و ئەو شتانەی کە ئێستا دەکرێن فەرقیان یەکجار زۆرە.
حەسەن قازی: کاک جەلیل شتێک کە بۆ من جێگای پرسیارە هەمیشە. چونکوو مرۆڤ جار جار
فەرزێکی دادەنێ هەتاکوو لە ڕووی سەنەد و بەڵگە ڕوون نەبێتەوە، هێندێک زەحمەتە پیاو
فکرێکی ڕوونی هەبێ لە سەر مەسەلەکە ئەویش وەکوو پێشتریش باسم کرد چلۆنایەتی بوونی
کۆمەڵە ژێکاف بە حیزبی دێمۆکڕاتە. پرسیارێکی زیاتر تەقوییەتی ئەو فەرزییەی دەکا کە
من لای خۆم هەمە ئەویش ئەوەیە ئەو کەسانەی کە دامەزرێنەری ژێکاف بوون و دوایەش کە
پێشەوا هاتووەتە نێو ژێکاف و بووەتە ئەندام. وا بزانم لە بوونی ژێکاف بە حیزبی
دێمۆکڕات ئەکسەرییەت لەگەڵ بوون سەبەکەشی ئەوەیە ئەوانەی کە مەسئوولی کۆمەڵەی ژێکاف
بوون دەحیزبیشدا مەسئوولییەتیان بووە یا کاریان کردووە لە کادری بەڕێوەبەریی
جمهووریدا جا ئەوانەی ئێستا پیاو وەبیری بێ، میرزا حوسێنی زێڕینگەران، عەرزت بکەم
مەنافی کەریمی، سەدیقی حەیدەری ئەوانەی کە ناسراون وەکوو ئەندامی دامەزرێنەری
کۆمەڵەی ژێکاف. تەنیا کەسێکی کە لەو چوارچێوەیە دا دیار نییە کەسێکە بە نێوی
عەزیزی زەندی، یان عەزیز ئەلمانی. ئەتۆ چۆنت بیستووە، یان چۆنت لە بیرە ئەو شتانە؟
جەلیل گادانی: من ئەوەی کە لەو بابەتەوە بیستوومە
[ نەوارەکە ڕادەوستێ]
حەسەن قازی: بیڵێمەوە لە سەر ڕا، پرسیارەکەم ئەوە بوو لە سەر بوونی کۆمەڵەی ژیانەوە
یان کۆمەڵەی ژیانی کورد بە حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان هەتاکوو ئێستا سەنەدەێکی
موعەیەن بە دەستەوە نییە کە بڵێێن زۆربە
گەیشتووەتە ئەو بیروباوەڕە کە وەع بگۆڕدرێ، لەوبارەیەوە زۆر شت بەدەستەوە نییە،
زۆر شت ناڕوون ماوە. بەڵام ئەوەی کە بۆ من جێگای سەرنجە ئەوەیە کە زۆربەی ئەو
کەسانەی کە لە دامەزرێنەرانی کۆمەڵەی بوون
بەردەوام بوون لە سەر کار و چالاکی خۆیان لە کادر و چوارچێوەی حیزبی دێمۆکڕاتی
کوردستاندا. غەیری یەک دوو کەس، یەک لەوانە عەزیزی زەندی و مەوریدێکی دیکەش دەگەڕێتەوە
سەر خودالێخۆشبوو عەبدولڕەحمانی زەبیحی کە
ئەگەرچی دە ڕۆژنامەی کوردستاندا نووسراوی هەیە، لە ڕەسمێکی کابینە دا کە گیراوە
ئەویش دەگەڵە. و پاشان بۆ مەئموورییەتێک
چووە بە فەرمانی پێشەوا بە پێی قسەی هێندێک کەس کە سەبارەت بەو زەمانی شتیان
نووسیوە لەوانە کەسێک بە نێوی سەرلەشکر زەنگەنە لە کتێبی خاتراتی دا. کە
عەندولڕەحمانی زەبیحی، دڵشادی ڕەسووڵی، قاسمی قادری دەنێردرێن بۆ مەئموورییەتێک دوایە
دەگیرێن و دوای دامەزرانی کۆمار دێنەوە و خەڵک باربوویان دەکا لە مەهاباد. مەبەستم
ئەوەیە وەک ئێوە بزانن یان بیستبێتتان کەسی ئاوا هەبووە کە بە تەواوی دژی ئەو تەغییر و
تەبدیلە بووبێ؟ و بۆ هەمیشە دەست لە چالاکی سیاسی هەڵگرێ؟ وا بزانم پرسیارەکەم
ڕوونە یا دیسان بیڵێمەوە.
جەلیل گادانی: نەخێر ڕونە زۆر سپاس. ئەمن بەش بە حاڵی خۆم پێم شک نایە کە ئەو قەزییە
بەو شێوەیە لە گۆڕێدا بووبێت کە جەمعێکی قابیلی تەوەجو موخالەفەتی تەبدیلی کۆمەڵەی ژێکافیان بە حیزبی دێمۆکڕات
کرد بێ. ئەگەر کەسانێکیش بووبن تا ئەو جێگایەی ئەمن دەزانم کەسانێک نەبوون کە
مەشهوور بووبن و نەخشی ئەساسییان بوو بێ لە کۆمەڵەی ژێکافدا. ئەوانەی کە کاراییان
هەبووە، باسەوادیش بوون بەشی زۆریان دە حەقیقەتدا
تەئییدی ئەو قەزییەیان کردووە و وەکوو فەرمووتان لە جەرەیانی کۆماردا
بەشدار بوون و مەسئوولییەت و بەرپرسیارەتییان بووە. عەزیزی زەندی کە بە عەزیز
ئەڵمانی ناسراوە لە مەهابادێ لە یەکێک لە مزگەوتەکان کە ئیحتیمالەن مزگەوتی سوور
بووبێ پاش ئەوەی کە ئەو قەزییە ئێعلام دەکرێ داوا لە خەڵک دەکا دەڵێ بابە ئەمن
موخالفی ئەو نەزەرەم وە من داوا دەکەم گوێ
ڕابگرن بۆ قسەکانم، هەیە بۆ خۆتان دەزانبن ئەو شانتاژە لە زۆر جێگا، بە پێچەوانەی
ئوسوول تەختەئەی دەکەن ئیجازەی نادەن قسە بکا وە دواییش مەجالی نابێ ئیدی قسەی خۆی
بە خەڵک ڕابگەیێنێ و دوای ئەو قەزییەش ڕەنگە هەر تووڕە بووبێت و چووە تارانێ ئیدی
تەقریبەن لەو دەمییەوە تا ئێستا
فەعالییەتی سیاسی نەکردەوە. هەر چەند پیاوێکی بە ئیحساس بوو ئەمن چەند جار مولاقاتم کردووە لە دەورەی ئاوارەگیمدا لە
تارانێ چون بە کوردێکی باشم دەزانی. هیچ بوغز و غەرەزێکیشی دە حەقیقەتدا دە مێشکیدا نەبوو بفەرمووی بوغز و
غەرەزێکی هەبێ، فڵانێکی هەبێ وەک کوردێکی دڵسۆزیش ما هەتا ئاخری بە حەقیقەت
مونتەها ئیمڕاری معاشی دەکرد لە ڕێگای ئەوەوە! و کوردایەتییەکەشی لە بیر نەبوو و
تا ئەو جێگایەی ئەمن ئاگادار بم زۆر تەئکیدی لە سەر ئەوە بوو دەبێ دە موحیتی ماڵێ
دا کوڕەکانی و کچەکانی حەتمەن بە کوردی قسە بکەن و ئەوە نیشانەی ئەوەیە کە ئەو
کابرایە هەستی هەبووە و هەستی خۆی لە دەست نەدابوو. باسی مامۆستا زەبیحیت کرد
ئەویش دیارە ئینسانێکی بە توانا بووە لە باری نووسینەوە ئەو کات و دەکرێ بڵیین
سەتحی زانیاری لە زۆر ئەفڕادی ئەو زەمانیش زیاتر بووە مەسئوولییەتی موشەخەسی ئەوەی نەبووە بەڵام بێ شک بە پێی ئەو
ئەسناد و مەداریکەش کە ئێستا خەریکە بڵاو دەبێتەوە لە کاروباری سیاسیدا دەستی هەبووە یانی کاری
سیاسی زۆرتر کردووە و بۆ وی ئەوەش ڕەنگە موناسیبتر بووبێ تا بێ دە کاری نیزامی یا
دەرەجەیەکی هەبێ یا فڵانێکی هەبێ. بۆ خۆت دەزانی ئەغڵەبی ئەفڕادێک حەتتا بڵێین لە
کادری جمهوورییەتیشدا کاریان دەکرد
بیجگەلە زابیتەکان ئەغڵەبیان مولەبەس بە
لیباسی نیزامی بوون لە شەڕاییتی خزمەت و کاتی خزمەتیان دا، بەڵام ئەو هەر
ئینسانێکی ئاوا مابووەوە و هەر بەو دەلیلەش دوای تێکچوونی کۆمار ئەویش یەکێک لەو
کەسانە بوو کە ئاوارە و دەربەدەر بوو هەتا ئەو ساڵانەی دوای عومریشی مەهابادی هەر
نەدیتەوە و زۆر کەمیشی دی و دواییش ئەو بەڵایەی بە سەر هات کە دیتمان. ئەوە
نیشانەی ئەوەیە دە واقیعدا بە قەولی مەشهوور شتێکی دەخۆیدا شک بردووە لە باری
سیاسییەوە، ئەگەر مەسئوولییەتی ئاشکراشی نەبووبێ. بەڵام تا ئەو جێگایەی ئەمن
دەزانم هێندێک موقاوەلات و وتوێژی سیاسی لە سەتحی زۆر سەرەوەشدا دەگەڵ مەسئوولین
بەشدار بووە.
حەسەن قازی: ئەو سەروبەندی تەمەنی چەندە بوو؟
جەلیل گادانی: ئەو دەمی ئەوەی من لە بیرم بێ حدوودی سی ساڵ، سی و پێنج ساڵ.
حەسەن قازی: بەڵام ڕەسمەکەی وا نیشان نادا. ئەو ڕەسمەی کە چاپ کراوە وەک ١٨، ١٩ ساڵ
دەنوێنێ.
جەلیل گادانی: ئەمن ڕەسم زۆر بە میلاک دانانێم،
ئەوەش ئەگەر بیکووژێنییەوە نەقلێکتان بۆ بگێڕمەوە.
حەسەن قازی: نەخێر موشکیلە نییە.
جەلیل گادانی: ئەمن لە زیندانی قەسرێ..
حەسەن قازی: بیکووژێنمەوە.
جەلیل گادانی: نا مەسئەلەیەک نییە. دوایی بۆ خۆتان بیکووژێننەوە ئەگەر پێتان خۆش نەبوو
لاتان بێ. لە زیندانێ قەسرێ ڕا تەبعیدیان کردین ئەمن و کاک غەنی و بە ڕەحمەت بێ کاک عەزیزی یوسفی بردیانین تووشی
پیاوێکی زۆر باش ببووین لە ڕێگایە کە بردینی زۆر عەجایبمان پێ ڕاگەیشت ئازادییەکی
تەواوی دابووینێ. دەنا ژاندارمیش بوو بەڵام ژاندارمێکی پیاو و باش و بە جورئەت
بوو. مەجالی داینێ لە شێرازێ چووینە سەر قەبری حافزی و نازانم سەعدی و هەمووی
ئەوانەمان کرد، دوایی چووینە عەکاسیش عەکسمان گرت، عەکسێکی باشیان لە من کێشا بوو
کە ئەمن بۆخۆشم ئەمرم پێ موشتەبیه ببوو ئاوا جحێڵ بووم. هەر ئەو عەکسە جووبووە
ماڵێ دوایە دەیانگوت ژنەکان تەماشایان دەکرد هێندێک دەگریان دەیانگوت بۆی لاڵ بم
ئەو جەوانەیان دە زیندانێ کردووە. دە حاڵێکدا ئەمن قەتم وا جەوان و وا جوان خۆ
نەدیبوو. عەکسێکم لەوەی نارد بۆ کاکە ڕەحیمی جەوانمەردی قازی لە زیندانی قەسرێ
بوون ئەوان ئێمە لە بورازجانێ بووین. نووسیبوویەوە جەلیل گیان وەڵاهی عەکسەکەتم زۆر
زۆر پێ جوان بوو گەیشت دەزانی جەحێڵ بوویەوە تەوسییەشت پێ دەکەم ئەگەر ناردتە خوازێنی هەر زەمانێک ئەو عەکسەی
بنێرە. [ بۆ خۆی پێ دەکەنێ]، تەوجو دەفەرمووی یان نا. بۆیە عەکس ناتوانێ میلاکێکی
باش بێ، بەڵام ئەمن وام لەبترە کە حدوودەن سی سی و پێنج ساڵی دەبوو.
ئەمیر حەسەنپوور: لە بیرتە کاک جەلیل کە کاک ڕەحمان، زەبیحی بۆ ماوەیەک گیرابێ لە سابڵاغێ
یانی لە ماڵێ دا مەجبوور بووبێ بووبێ، دەست بەسەر بووبێ و ئاوا. شتی وات بیستووە؟
جەلیل گادانی: بەحسێکی وا هەبووە، نە سەبارەت بە وی سەبارەت بە یەک دوو کەسی دیکەش لە
ڕابیتە دەگەڵ چەپڕەوی دا بڵێین ئەوانە تیپێک بوون ئەو دەمی وردە وردە خەریکی بە
ئیستیلاح تەرحی مەسائیلی بە ئیستیلاح
پێشکەوتخوازنە و ئەوانە و مارکسییەت و لێنینیزم و ئەو جوورە شتانە بوون. مەڕحوومی
زەبیحیش ئەو زەمانی بە پێچەوانەی دوایە زۆر چەپ بووە، سەدیقی ئەنجیریش یەکێک لەو تیپە بووە کە هەر ئەو زەمان مونتەقیل
کرا بۆ تارانێ و لە دەوری کۆمار دا ئەسڵەن لە مەهابادێ نەبوو. دوایی بیلەخەرە کاری
سیاسی کردووە هاتووەتەوە کوردستانی دە مەقتەعێک دا، دەش زانم کە بەو شێوە شەهید
کرا.
حەسەن قازی: بەڵام ئەو دەمی کە گۆڤاری " هاواری نیشتمان" کە دەرچووە سەرنووسەرەکەی سەدیقی ئەنجیری بووە.
جەلیل گادانی: بەڵێ،
حەسەن قازی: سەدیقی ئەنجیری لە مەهاباد بووە، " هاواری نیشتمان" یش زەمانی جمهووری دەرچووە نەک بەر لە جمهووری.
جەلیل گادانی: نە عەینی زەمانی جەمهووری. عەینی زەمانی جەمهووری دەر نەچووە. لە حەدو
سەدی جمهووری دەرچووە ئەگەر تەماشای تاریخەکەی کەن دەقیق. حەتتا کاک سەدیق لە
" نیشتمان " یشدا دەستی هەبووە لە نووسینی نیشتماندا دەستی هەبووە وە ئەو دەمی چاپخانە بەو شێوەیەی دا نەندرابوو.
ئەوەڵین جار کە
" نیشتمان " بڵاو دەبێتەوە ئێمە کە بە شەقامدا دەڕۆیشتین زۆرتر بۆ مەلەی
دەچووین، ئەو دەمی چۆم و ئاوێک هەبوو لە سابڵاغێ تەڕاوەتێکی تایبەتی هەبوو،
هەستمان دەکرد شتێک چرکەی دێ لەو ژێر زەمینەی ماڵە وێنەتانی دوایی بۆمان مەعلووم
بوو کە بابە ئەوە شتێکە شتی پێ چاپ دەکەن. تایپە ئەوە. ئێمە نەمان دەزانی ئەوە
چییە، ئەوە تایپ بووە، تایپیان دەکرد و بڵاویان دەکردەوە.
ئەمیر حەسەنپوور: لە ماڵە وێنەتانی؟
جەلیل گادانی: لە تەبەقەی خواری ماڵە وێنەتانی بەڵێ.
ئەمیر حەسەنپوور: کاک جەلیل ئەمن پێش ئەوەی کە
بچینە سەر باسی جووتیاران پرسیارێک سەبارەت بە
" دایکی نیشتمان" بۆخۆت هیچ تێدا بووی؟
جەلیل گادانی: عەرزت دەکەم ئەمن لە دایکی نیشتماندا نەبووم وەکوو ئاکتری ئەسڵی، کاک
خەلیلیشم هەر وەک ئاکتری ئەسڵی نەبووە، بەڵام ئێمە ئەو دەمی تیپێک منداڵی خوردساڵ
بووین وەک عەرزم کردن ئەو قوتابخانەیەش بۆخۆی عامیلێکی هاندەر بوو کە داندرابوو ئێمە
بۆچوونمان زۆر کرابۆوە ئێمە دەنێو خۆماندا هێندێک گەپ و گاڵتەی ئەو زەمانیمان
تەحریم کرد بوو وەکوو جگێن و مێشێن و ئەوانە. ئەسڵەن ئەوانەمان نەدەکرد دەمانکوت
ئەوانە خراپن با خەریکی کوردی فێر بوون، با خەریکی دەرس بین، لە نەتیجە دا زۆر
ئەوە بووین. ئێمە بە هەر شێوەیەک بە
عینوانی قوتابی و ئەوانە بردیانین بۆ نمایشی " دایکی نیشتمان " و ئەو
نمایشنامەمان لە نزیکەوە دیت، هێندێکمان بە مێشک زەبت کرد دواییش عەینی
شانۆنامەکەمان وەرگرت هاتینەوە لەگەڕەکی خۆمان دیارە لە مە گەورەتر هەبوون، هەر
خودی سەید عوبەیدیلای ئەییووبیان یەکێک لەو هاندەرانە بوو، بە ڕەحمەت بێ کا خەلیلم
بوو، کوڕەکانی ماڵە دێهستانی بوون. ئەمە ئەمن و کا خەلیلم لانی کەم دەستمان دا دەستی یەک و کوتمان ئەو شانۆیەی با
بدەین. ئەو دەم ژن نەدەچوون بۆ تەمەشای شانۆ. ماڵە سەید ڕەحمانی ئەییووبی
کەلاوەیەکیان هەبوو، ڕەنگە کاک ڕەسوول وەبیری بێ [ مەبەست لە ڕەسووڵ ئاریایی یە.
ح.ق] ئەوە نەبوو هەر لە ماڵە...
ڕەسووڵ ئاریایی: کووچەی هەشت میتری
جەلیل گادانی: جا پشتی دووکانی محەمەدی قیت مەڕۆ کەلاوەیەک بوو، دیار بوو وەختی خۆی
ساختومان بووە، دەرک و دیوارەکانی ماون. باوەڕ کە
دار وماری ساختومانی لێ بوو زۆر ئەستوور کە ئێمە بە چوار پێنج کەسان
بۆمان هەڵنەدەگیرا ئەو دەمی، ئەو دەیویست
بیکاتەوە ساختومان. ئەو دارانەمان هەموو دەردا وە ئەو کەلاوەمان خاوێن کردەوە، تەڕ
وتەمیزمان کرد، یەک جاجمی هێنا، یەک بەڕەی هێنا هەر کەسە شتێکی هێنا بە دارو باری بڵێین
خوار و خێچ سەحنەیەکمان ساز کرد لە ژنانی گەڕەکێمان گێڕاوە کە وەرن تەمەشای ئەو
شانۆیە بکەن. ئێمە شانۆکەمان هێنا سەر سەحنەی و شانۆکەمان نیشان دا پاش ماوەیەک
تەمرین. فەوقولعادە پێیان جالب بوو. زۆری وا هەبوو دەگریان و فوغانیان دەکرد و
ئەوانە. بۆخۆشمان پێمان سەیر بوو کە
کارەکەمان گرتوویەتی. دوو ڕۆژمان دا، ڕۆژی ئەوەڵ هیچ خەبەر نەبوو ڕۆژی دووەم
پێنجشەمە بوو بۆ سبەینێ ڕا جومعە دەبوو، پێنجشەمۆیان پاشنوێژان مەدرەسە تەعتیل بوو
ئەو زەمانی شانۆکەمان دا و بە خەیاڵی ڕاحەت چووینەوە ماڵێ. بەیانی شەمۆیێ کە
چووینەوە مەدرەسەی بێ خەبەر لە هەمووشتێک تەماشامان کرد دەستیان کرد بە نێو
خوێندنەوە، ئەوی لەو مەدرەسەی دەمانخوێند ئەوە جارێ هێشتا مەدرەسەی پەهلەوی یە
نێویان خوێندینەوە و هەشت نۆ دە کەس بووین ڕەدیفیان کردین بە تەرتیبی قەد، ئەمیش
وردەڵە بووم تەبیعییە لە نەفەرەکانی ئاخری بووم کوتمان داخودا ئەوە چ خەبەرە فڵان
و ئەوانە، دوایە تەماشامان کردن عوبەیدی برای ئاغای موبەلیغی ڕەنگە وەبیرتان
بێتەوە قیافەکەی موستەخدیمی مەدرەسەی بوو دەگەڵ کەریم خانی ڕەنگە نەمابێ خودای لێ خۆش بێ، ئەو موستەخدیم بوو ئەوانە هاتن وەکوو بڵێم چی شتێکی کە وەبەر دەستی دەکەوێ زۆر هاسانە بۆی، دە عەرزیان کوتاین و یەک یەک لاقیان دە حەوا کردین و جا لێی دە. مامۆستاکان لێیان داین، دە فەلاقەیان کردین، لێیان داین زۆر ناڕەحەت بووین، زۆر ناڕەحەت بووین بیلەخەرە بە دڵشکاوی و ناڕەحەتی گەڕاینەوە ماڵێ و زیز بووین لە مەدرەسەی. ئێوارێ چووینە مەدرەسەی خۆمان، مەدرەسەی کوردی کە پێشتر باسم کرد، چووینەوە و دیار بوو هەموو گرژین و ماتین و ناڕەحەتین. خاڵە مەلا بە ڕەحمەت بێ کوتی ئەوە چییە لە خۆڕا بە منی دەکوت:
" ڕەئیسی سنەی" جا بەعدەز
مودەتها لێم پرسی بابە خاڵە مەلا تۆ بە من بۆ وا دەڵێی؟ دەڵێی وەڵا من ناڕەحەت
دەبم ئەخە ڕەئیسی سنەی یانی چی؟ ئەو دەمی سنە ناخۆش بوو، نیوی سنەش هەر ناخۆش بوو،
چون پێمان وا بوو سنە عەجەمستانە. سنە دەگەڵ کوردایەتی و دەگەڵ کۆمار و ئەوەی
نەبوو. منداڵ بووین ئیدی خوب. کوتی ئەوە دوایە پێت دەڵێم. کوتی ناڕەحەتن ئەوە چییە
و چ قەو ماوە؟ کوتم جا لە سایەی سەری ئێوە
بۆ ناڕەحەت نابین. کوتی چۆن؟ کوتم وەڵا دوێنێکانێ نومایشنامەی " دایکی
نیشتمان" مان ئیجرا کردووە لە کەلاوەی ماڵە سەید ڕەحمانی تەواو خەڵکمان دڵخۆش
کردووە،و ژنەکانی گەڕەکێ بە دوو جار هەموو
هاتوون و فڵان و ئەوانە ئەوڕۆ بەیانی کە چووینەوە مەدرەسەی ڕیزیان کردووین
و لە فەلاقەیان داوین ئەمن لە بیرمە هەر وا گۆرەویم دە پێ دا نەبوو کەوشەکەم لە پێ
داکەند و پێم نیشان دا هێستا هەر سوور و ڕەش بوو بنی لاقم کوتم ئەوە ئاوایان لێ
کردووین. ئەویدیکە کوتی وەڵا ئەمیش وام، ئەویدیکە کوتی ئەمیش وام زۆر ناڕەحەت بوون
کوتی چۆن ئاوایان لێ کردوون؟ معەلیمەکان کۆ بوونەوە عوسمان دانیش عەجایب تووشی
ئێحساسێکی سەیر ببوو، کەفی دەردەدا مەپرسە. جا ئینسانێکی زۆر بەخۆوە و هەیکەلیش
بوو، تەسمیمیان گرت بنێرن ئەو معەلیمانەی کە لێیان دابووین بیانهێنن. ئێستا نیزامی
حکوومەتی نەبوو " قۆڵ سوور" کێشکیان دەدا، ژێکافیشیان لێرەیان دەنووسی.
ژێکافیان لێرەیان دەنووسی. بەرپرسی ئەو تاقمە قۆڵ سوورەی ئەوەی کە لە گەڕەکی مە
کێشکیان دەدا شەوانە، خەڵکی گەڕەکیش کۆمەگیان دەکردن دیارە ئەو سەعیدی حەمە قالەی
بوو، پیاوێکی ئازا بوو، بە حەق پیاوێکی زۆر ئازا بوو، بەڵێ مام سەعیدیان بانگ کرد
و خاڵە مەلا کوتی سەعید! کوتی بەڵێ مامۆستا چ دەفەرمووی؟ کوتی ئەلعان دەچی ئە
ئەوانە دێنی ئاغای فەهیمی، ئاغای موبەلغی، ئاغای حەبیبی. پێموایە حیجازی ش نازانم
دەگەڵ بوو یان نا بەڵام یەکێک لە لێدەرەکان مەعلووم حیجازی بوو.
ئەمیر حەسەنپوور:
حەبیبی محەمەدی حەبیبی؟
جەلیل گادانی:
محەمەدی حەبیبی بەڵێ. وەڵا زۆری پێ نەچوو پێم وا بێ هەر هەشت نۆ کەس، پازدە دەقیقە
شتێکی وای پێ چوو، سابڵاغ ئەو دەمی وەکوو ئێستا نەبوو کە یەکێک نازانم ماڵی لەو
سەری بێ و یەکێک لەو سەری. بە تایبەتی دوو سێیەکیان ئی گەڕەکی خۆمان بوون
هێنایانن. هێنایانن زۆریان بێ حورمەتی پێ کردن، ئەنگۆ بۆ لەوانەتان داوە، غیرەتوو
نییە و فڵانوو نییە و ئەوەو نییە و ئەوەو نییە. جا عوسمان دانیش تووڕە ببوو ئە
ئاوای لێدەکردن دەیکوت ئێوە مووچەخۆری پەهلەوین ئێستاش ئەوە بۆیە لە کوڕی کورد
ئاوا دەکەن. ئەوانیش فەقیرانە ئەوەندە ناڕەحەت و ئەوانە. دوایی بیلەخەرە دانیشتن و
بردیاننە حەوشەش. حەوشەکە دار و درەختی تێدا بوو. بڕێکیش میوەی پێوە بوو. ئەمەشیان
بردە خوارێ. خاڵە مەلا کوتی چارەنووسی ئێوە ئەو قوتابیانە کە ئەنگۆ لێتان داون
دیاری دەکەن. ئەگەر ئەوانە بتان بەخشن ئەوە هیچ، ئەگەر نەتان بەخشن ئەوە بە توندی
سزا دەدرێن، دیار بوو خۆ
ئەمیر حەسەنپوور:
کێ ئەوەی کوت؟
جەلیل گادانی:
خاڵە مەلا
حەسەن قازی:
مەلای حەجۆکێ
جەلیل گادانی:
دیارە ئەوانی دیکەش ئەوە تەهدید دەکەن، فڵان دەکەن، ئەوە دەکەن. بەڵام مەعلووم بوو
بڵۆفە بۆ دڵخۆشی ئێمە و بۆ دڵگەرمی ئێمە و دە عەینی حاڵدا ترساندنی ئەوان کە دژی
کورد و دژی کوردایەتی و ئەوە نەبن. باوەڕکە وەکوو ئەو گێچەی سپی هەڵگەڕا بوون.
ڕوحیان دەبەر دا نەما بوو. دەی دەڵێن چی کوڕینە ئەوە ڕوو دە مە دەکەن و ئەوانە. ئەمە چکارەین ئەنگۆ بۆ خۆیان بڕیار بدەن. وەڵا ئەمەش تەماشامان کرد
بیلەخەرە مامۆستامانن سبەینێ ئێمەش دەچینەوە مەدرەسەی هێندەی دیکەشمان لێ دەدەن
یەک، دەر سانی خوب بیلەخەرە مامۆستایە و قەدیمیش دەیانکوت لێدانی مامۆستای بۆ خۆی
نەوعێک فێر کردنە بەو جوورەی دەبوو هەزم بکەین لێدانەکەیان دەنا هەزم نە دەکرا ئەو
هەموو لێدانەی ئەو زەمانی هەبوو. وەڵاهی ئیدی بیلەخەرە هاتینە سەر ئەوەی پچ
پچێکمان کرد کوڕە بابە با خەلاس بێ تازە دەرچووە. کوتمان بە خاتری ئێوە مامۆستاکان
دەیانبەخشین. وەڵا ئەوانیش خۆشێکییان وەدڵی کەوت و هاتنەوە سەرێ ئەو سەفەرەی
دەستیان کرد بە چا خواردنەوە. ئەمەش لە کلاسی خۆمان دانیشتووین خەریکی شلووقی
خۆمانین و بڕێکیان نەسیحەت کردن و ئامۆژگاری کردن و لێیان دا ڕۆیشتنەوە. ئیدی
ئەلحەق تیکرار نەبۆوە ئەو لێدانە. موتلەقا تیکرار نەبۆوە تا دواییش چەند مانگی
دیکەش ئێمە هەر لەو مەدرەسەی بووین، بڵێین ئێرانی دەمانخوێند، تیکرار نەبۆوە ئەو
لێدانە. بە خۆشییەوە نەجاتیمان بوو لەو بابەتەیەوە.
حەسەن قازی:
ئەمن تەوزیحێکی ئیسلاحیم هەیە لە سەر ئەو قسەیە لە مەڕ زەبیحی. ئەو مەسەلەی
دەستبەسەر بوونی زەبیحی بە گوێرەی ئەو ڕەسمە کە دیارە تەقریبەن دوای ڕاگەیاندنی
کۆمار هەڵگیراوە.
ئەمیر حەسەنپووەر:
ئەوە لاپەڕەی چەندە؟
حەسەن قازی:
لاپەڕەی ٢٧٨، لە جێگایەی دیکەشدا هەیە.
ئەمیر حەسەنپوور:
ئاخە لێرە مەعلووم نییە چەندە
حەسەن قازی:
٢٧٨
جەلیل گادانی:
تێیدایە
ئەمیر حەسەنپوور:
کتێبەکەی کاک نەوشیروانی.
حەسەن قازی:
دیارە ئەو ڕەسمە لە جێگای دیکەش بڵاو کراوەتەوە. دیارە ڕەسمێکی دیکەش هەیە کە لە
کاتی هاتنی قەدری جەمیل پاشا، ئەویش لەوێ
دانیشتووە و پاشان بە لەبەر چاوگرتنی ئەو شتانەی کە لە ڕۆژنامەکانی ئەو دەمی دا
نووسراوە مەسەلەن دوای جەرەیانی ڕاگەیاندنی کۆمار لە ڕۆژنامەی کوردستاندا چەندین
تەرجومەی زەبیحی تێدایە بە ئیمزای خۆی وا بزانم لە عەرەبی ڕا تەرجومەی کردووەتەوە.
جا مەبەستم ئەوەیە یانی ئەو شتانەی کە دروست بووە لە سەر ئەساسێکی مەنتقی نییە،
ناگونجێ چونکە لە ڕۆژنامەی کوردستانیشدا زۆر جار باسی ئەوە کراوە کە چۆن خەڵک لە
مەهاباد یەک یەک باربوویان کۆ کردووەتەوە دوای ئەوەی کە ئەوانە لە زیندان ڕا
هاتوونە دەرێ. وەک لە بیرت بێ ئەو مەسەلەی زیندانی کردنی ئەو سێ کەسە چۆن بووە لە
لایەن ئێرانەوە؛ دڵشادی ڕەسووڵی و قاسمی قادری و عەبدولڕەحمانی زەبیحی؟
جەلیل گادانی: ئەوانە
دەبێ مەئموورییەتی تارانیان بووبێت چوون وەکوو هەیئەتی وتووێژ، لەوێندەرێ بوون
دەبێ ڕایان گرتبن. وەک دەنگۆ هەبوو بەڵام موسەجەل نەبوو کە ئەوانە گیراون یانی دە
ڕۆزنامە و شتی ڕەسمیدا نەنووسراوە. ئەمن پێم شک نایە دە ڕۆزنامەی ڕەسمیدا نووسرا
بێ ئەو زەمان کە ئەوانە گیراون لە لایەن ڕێژیمەوە.
حەسەن قازی:
یانی نازانی مەئموورییەتەکەیان چ بووە؟
جەلیل گادانی:
مەئموورییەتەکەیان بە ئیحتیمالی زۆر وتووێژ بوو چون ئەو زەمان زۆر هەیئەت دەچوو
حەتتا خودی
حەسەن قازی:
پێش کۆمار دەڵێم ئەمن !
جەلیل گادانی:
ئەها پێش کۆمار، وەڵاهی من دەقیق نازانم بەڵام ئیحتیمالی هەیە بۆ بەحس و وتووێژ دەگەڵ ئەحزابی ئەو زەمانی،
ئەو سەردەمی ئێرانیدا چوو بن. چونکوو مەسەلەی پێک هێنانی بەرەو و لێک نزیکبوونەوە
دەگەڵ ئەحزاب و سازمانی تێکۆشەری ئەو زەمان واقعییەت ئەوەیە مەتڕەح بووە. بۆیان
مەترەح بووە.
دەنگێک:
سەلامون عەلەیکوم.
جەلیل گادانی:
سەلامون عەلەیکوم
ئەمیر حەسەنپوور:
کاک حەسەن نووسراوەیەکی هەیە دەستنووسە باسی وەی دەکا کە پێشەوا پێش دامەزرانی
کۆمار نومایەشنامەیەکی وای نووسیوە بە نێوی " سەلاحەدین" پرسیارەکەم
ئەوە بوو ئەوە چییە چی لێ دەزانی؟
جەلیل گادانی:
ئەمن نازانم دەقیق لە بیرم نییە نووسەری ئەو نومایشنامە پێشەوا بێ یا کێ بێ.
حەقیقەتی ئەوەیە. شایەدیش ئەو دەمی مەسڵەحەت نەبووبێ ئێعلامی بکەن چونکە ئێعلام
کرا با ڕەنگ بوو لە بیرمان بمێنێ. بەڵام نمایشنامەیەکی جالب بوو وە هەستی
کوردایەتی نە بە ئەندازەی " دایکی نیشتمان" کە بە بڕوای من ئێستاش ئەگەر
وەچەنگ کەوێ شانۆنامەکە، ئەمن زۆریشی لە عێڕاقێ بە دوا دا گەڕاوم وەچەنگم
نەکەوتووە، چونکە ئەمە تیپی شانۆگەریمان زۆر بە قەوەتە، وەچەنگم نەکەوتووە ئێستاش
ئەگەر بدرێ پێم وایە تەئسیری تایبەتی خۆی لە سەر کۆڕ و کۆمەڵی ئەو زەمانەشمان
حەتتا هەیە. دەگەڵ ئەوەی نمایشی، شانۆنامەی
" سوڵتان سەلاحەدین" هەبوو کە عەزەمەتی سوڵتان سەلاحەدین و عەداڵەت و
بیر و بۆچوونی سوڵتان سەلاحەدینی دەو شەڕایتیدا نیشان دەدا بەڵام بە بڕاوی من
بڕێکیان بوختان پێ کردووە ئەو زەمان، ڕەنگە شتەکە وا بێ، هەستەکە وا بوو دە
واقیعدا پێمان وا بوو سوڵتان سەلاعەدینی ئەییووبی خدمەتگوزارێکی فەوقولعادە گەورەی
کورد بووە و چونکوو ئیمپراتوور بووە، کوردیش قابیلە ئیمپراتوورێکی نەبێ، بینا بەر
ئین با ئەمەش ئیمپراتوورێکمان هەبێ، شایەکی ئاوامان هەبێ ئەویش سوڵتان سەلاحەدینە.
من حەتتا لە بیرمە کادری، تازە قاچاغ ببووم ساڵێک دوو ساڵ بوو کاکم هاتە دێی
مولاقاتی کردم، کاک حاجی، پاش سێ چوار پرسان کوتی وەڵا کوڕێکمان بۆ پێم خۆشە ئەتۆ
نێوەکەی هەڵبژێری. ئەمنیش کوتم وەڵاهی جا هەر وە بزانە هەڵمبژاردووە نێوی بنێ
سەلاحەدین. ئەو کاک سەلاحەی کە دەیبینن
ئەوە من نێوم ناوە بە نێو سوڵتان سەلاحەدینم کردووە، پێشنیهادی من بووە بۆ
کاکم. تەبعەن ئەلئان ئەو هەستە بەرانبەر بە سوڵتان سەلاحەدین نییە، بەڵام
نمایشنامەکە فەوقولعادە جالب بوو و هەستی کوردایەتی گەلێک گەلێک بە قووەت دەکرد. ئەو نمایشنامەش
هەر لەو شوێنەی کە نمایشنامەی دایکی نیشتمان نیشان درا، نیشان درا بە هێندێک
ئاڵوگۆڕ لە بەینی ئاکترەکاندا تەئسیری تایبەتی خۆی هەبوو. ئێمەش هەر بەو پێ و
شوێنە کە پێشتر بۆ دایکی نیشتمان کردبوومان، دیارە پڕ خەرجتر بوو ئەو شانۆنامە،
دەبوو کڵاوی تاجی شای دروست کەین و وەزیر و وەکیل هەموو لیباسیان هەبوو، لە بیرمە
برادەران تەگبیریان کرد کە بۆ ئەوانە چ بکەین ئەو لیباسانە، ئەی کوتیان خاڵە هاشمی
تەنەکەساز زۆر تەنەکەسازێکی ماهیرە تەرحەکەی دەدەینێ و ئەو بۆمان دروست دەکا. وە
بە ڕاستی جوانی بۆ دروست کردبووین لە تەنەکەی. هەموو شتەکانمان دروست کرد و ئەوانە
پاش بەینێکی ئەوەشمان وەک عەرزم کردی هەر وەک ئەوی پێشێ هێنامانە سەر سەحنە،
جەزابییەتی تایبەتی خۆی هەبوو زۆر زۆر تەئسیری هەبوو. هەتا ماوەیەکی زۆریش جار جار
بۆ خۆشمان دە گاڵتە و گەپی نێو منداڵاندا، یا نێو قوتابیاندا هێندێک ژێستی ئەو
نمایشنامەمان دەگرت، دەبووینە وەزیر و جاری وا بوو سەرتریش دەچووین یەکێک خۆی
دەکردە سەلاحەدین ئەویدیکە بیلئەخیرە دەبوو تەبەعییەتی لێ بکا. شانۆنامەیەکی باش
بوو لەو هەلومەرجیدا وە تەئسیری زۆر بوو بۆ بەقەوەت کردنی هەستی کوردایەتی زۆر زۆر
بە قەوەت بوو وە کۆمەگیان کرد دە حەقیقەتدا بۆ شکڵدانی زیاتری ئیتیحادی خەڵک وە
حەتتا دە پێکهاتنی کۆمار دا بە بڕوای من ئەو شانۆیانە نەخشێکی زۆر زۆر بەرچاویان
بوو.
ئەمیر حەسەنپوور: " سەلاحەدین " پێش " دایکی نیشتمان " بوو، وا بوو؟
جەلیل گادانی: من
باشم ڕەنگە لە بیر نەبێ بەڵام بە بڕوای من ڕەنگە دوای ئەو بێت.
ئەمیر حەسەنپوور:
دوای ئەو بوو؟
جەلیل گادانی:
بە بڕوای من دوای ئەو بووە.
ئەمیر حەسەنپوور:
مەتنەکەی لە بیرتە چۆن بوو، بەچاپ نووسرا بوو یا دەسخەت بوو؟
جەلیل گادانی:
نەخێر دەستخەت بوو، دەستخەت بوو بەڵێ. ماڵی مامۆستاکانمان ئاوەدان بێ ئەغڵەب ئەوان
بۆیان پەیدا دەکردین ڕەنگە هێندێک وەختیش بۆیان کۆپی دەکردین، لێیان هەڵدەگرتەوە
بۆ وەی کە بتوانین هەر کەس بەشی خۆی لەبەر کات.
ئەمیر حەسەنپوور:
بەڵێ، چون ئەوە لەو دیوی پێم وایە لە هەولێرێ ساڵانی ١٩٣٠ ئەو شانۆنامەیە دەستەیەک
قوتابی مەدرەسەکانی هەولێرێ ئیجرایان کرد بوو، ئەوەندەی لە بیرم بێ لە پێشدا
مەتنێک بووە، ڕەنگە ئەوە هەر ئەو مەتن بووبێ ئەگەر پێشەوا بۆخۆی نەی نووسیبێ.
جەلیل گادانی:
وەڵاهی من حەقیقەتی ئەوەیە بە ناوی پێشەواوە نەمبیستووە کە ئەو شانۆنامە پێشەوا نووسیبێتی. شایەدیش
مەسڵەحەت نەبووبێ وەکوو من عەرزم کردی، بەڵام ئیدی ئەو شانۆنامە نەخشی زۆر بەرچاوی
بوو بەڵێ . دیارە ئەوانە هەمزەمان دەگەڵ ئەو دوو تێئاترە بوو کە کوتم کە لە
ئازەرنایجانی ئەو دەمی وە لە ئازەربایجانی ئێرانێ ڕا هاتن دوو ئیجرایان
هەبوو.دیارە ئەوان زیاتر جەنبەی هونەریان بوو.
ئەمیر حەسەنپوور:
ئەوانە هەمزەمان بوون
جەلیل گادانی:
ئەوانە جەنبەی هونەرییان بوو، نە جەنبەی میللی چون ئەوان ئەو مەراحیلەیان تێپەڕ
کرد بوو ئەو دەمی پێیان وا بوو هەستی کوردی هەر پێویست نییە بە قەوەت بێ بەڵکوو
ئەگەر بکرێ بڕێکیش لاواز بێ بەڵام جەنبەی هونەری ئەو دوو تێئاترەش فەوقولعادە بەقەوەت
بوو،
ئەمیر حەسەنپوور:
لە بیرت نییە ئەوانە چ بوون؟ باسی چ بوون؟
جەلیل گادانی:
پێم وایە یەکێکیان " ئارشین ماراڵان" بوو، یەکێکیان ئارشین ماراڵان بوو
ئەویدیکەم باش لە بیر نەماوە بەڵام دەزانم ڕەقس و ساز و ئاوازی گەلێک خۆشی تێدا
بوو کە ئەو دەمی بۆ مەی کورد [پێ دەکەنێ] زۆر جالب بوو.
نەبی قادری:
حاجی جەببار نەبوو
جەلیل گادانی:
نا ئەو زۆر درەنگترە. ئاڕشین ماراڵان. ئەگەر بشکرا بێ جاری دوایی بووە. دوو
نمایشنامە لە حەوشی دەبیرستانی ئەو
زەمانیدا، خانووەکەی وەرەهرامی. ئەرێ خانووی ماڵە کێیان پێ دەکوت؟
حەسەن قازی:
ئەحمەد ئاغا
دەنگێک:
ئەحمەدئاغای موزەفەری.
جەلیل گادانی:
ئەوە ئاخری بۆتە ئیوان، بەڵام پێشتر نێوی ئاغایەکی لە سەر بوو.
هەمان دەنگ:
ئی ماڵە عەلیار
جەلیل گادانی:
پێش ئەوانیش بە نێوی ئاغایەکی قەدیمتر لە وان ناوی دەبرا ئەو ساختومانە.
[
لێرە دا کاسێتەکە تەواو دەبێ]
تێبینی: بە داخەوە لە کاتی دابەزاندن و بڵاو کردنەوەی
دەقی نووسراوی ئەم چاوپێکەوتنە نەکاک ئەمیر و نە کاک جەلیل و نە کک نەبی قادری و
نە کاک محەمەد گادانی کە لە کاتی ئەم وتوێژە دا
ئامادەبوون لە ڕووی فیزیکییەوە
نەماون. کاک نەبی قادری لە ٢-ی دیسامبری ١٩٩٦لە دانمارک، کاک محەمەد گادانی
لە ١٦-ی فێورییەی ٢٠٠٨ لە نۆڕوێژ، مامۆستا
ئەمیر حەسەنپوور لە ٢٤-ی ژووەنی ٢٠١٧ لە کانادا و کاک جەلیل لە ٦-ی ئووتی ٢٠٢٠ لە باشووری کوردستان چاویان
وێک نا. بۆ زانیاری زیاتر لە سەر خوێندنی زمانی کوردی لە سەردەمی جمهووری
کوردستاندا نووسینەکانی مەلای داودی مودیری دەرسخانەی گەلاوێژ کە لە ڕۆژنامەی
" کوردستان " دا بڵاو بوونەتەوە لە پەیوەست دا هاتوون، هەر وەها بە چەند وێنەی
بەنرخی قوتابیان لەو سەردەمە دا کە زیاترین ئی ئارشیوی نەمر عوبەیدیلای ئەیووبیان
( تەهازادە)نن وتوێژەکە ڕازاوەتەوە. هەر ئەو ڕۆژە مامۆستا ئەمیر هەڤپەیڤینێکی
دیکەی لەگەڵ کاک جەلیل گادانی کردووە سەبارەت بە بیروەرەییەکانی لەمەڕ جووڵانەوەی وەرزێرانی موکریان کە دواتر بڵاو
دەکرێتەوە. نەواری دەنگی ئەو وتووێژانە لە
ئارشیوی مامۆستا حەسەنپوور لە کتێبخانەی زانکۆی تۆرانتۆ دا پارێزراون. هەر بە دوای
ئەو چاوپێکەوتنەکە دا مامۆستا ئەمیر نوسخەی نەواری ئەم وتووێژانەی لە بەردەست منیش
نا!
حەسەن قازی
پەیوەست
نووسینەکانی مەلا عەبدوڵای
داودی مەلا حەجۆکێ سەبارەت بە مەدرەسەی گەلاوێژ
کوردستان، ژمارەی ١٠، دووشەمە ١٥-ی ڕێبەندانی ١٣٢٤
و ژمارەی ١١، چوارشەمۆ ١٧-ی ڕێبەندانی ١٣٢٤
مەدرەسەی گەلاوێژ
لە سەر قەراری جەلەسەی سەیری تەواویەتی ئەندامەکانی شاری کە لە ڕۆژی ٤-ی خەرمانانی ٢٤ دا لە مەزرای تەنشت پردی سوور کۆ
ببوونەوە و لای ئێوارێ جەنابی ئاغای قازیی
محەمەد پێشەوای موعەزەمی کوردوستان لەگەڵ چەندێک لە هاوڕێیانی بۆ دیتنی چلۆنەتی
سەیری برا ئەندامەکان و سەردانیان بە هاتنی خۆیان ئێمەی سەربەرز فەرموو و لە
نێو وتارەکانیدا فەرمووی ئەوڕۆکە بۆ ئێمە
دانانی قوتابخانەی میللی پێویستە کە دەرسی زبانی دایک و بابی خۆمانی تێدا بکوترێ و
لە بەرەوە وردە وردە بتوانین خەڵکی بێنینەوە سەر ڕێی ڕاست و لە خەویان وشیار
کەینەوە.
پاش تەواو بوونی فەرمایشاتی پێشەوای موعەزەمی کوردوستان ئەمن مەلای داودی داوام
کرد ئەگەر بێتوو پێشەوای بەڕێزمان یارمەتی بفەرموێ بەو زووانە قوتابخانەیەکی لە گەڕەکی قووڵەقەبران دادەمەزرێنین. پاش تەواو
بوونی سەیری ئەو ڕۆژە بۆ سبەینێ ڕا هەر وا لە بەرەوە دەستەیەک لە لاوە دڵگەشەکانی
شار و لە دڵسۆزەکانی دەور و بەرمان هاتنە
لام و داوای ساز بوونی یان دەکرد تا کوو لە شەوی ١٢- ٣ – ٢٤ دا لە خانووی حاجی
ئەحمەدی گادانی مەکتەبێک بە نێوی " گەلاوێژ" ڕۆندرا و هەوەڵ کەسێکی بۆ
خوێندن هێرشیان هێنا بوو ئەو برایانەی خوارەوە:
عەزیز ئیبڕاهیمیان، حەسەن حەسەنپوور، محەمەد داودی- عەلی فەرهادی، سەید عوبەیدیلا
تەها زادە، حامید خوسرەوی، سەدیق مەعرووفی سەڕاج، هاشم مووسا زادە، محەمەد داودی
بوون و بۆ پێ خونبدنیشیان دوو مامۆستا کاک سەعید داودی بۆ گوتنی دەرسی زمانی کوردی و کاک ڕەحمان تەلعەتی بۆ
گوتنی ڕووسی داندران و چونکوو ئەو قوتابخانەیە هیچ پووڵێکی نەبوو بۆی خەرج
بکرێت لە لایەن ئاغای حاجی مستەفا داودی، میرزا سەعید یوسفی، میرزا
مەجید وەیسی، سەیدقادر ئیفتیخاری یەوە وە یاریدەی نیم تەخت و چرایان کرد وە قەرار
داندرا کاک سەعید داودی مامۆستای زمانی کوردی مانگێ بیست تمەن و کاک ڕەحمان
تەلعەتی مانگێ دە تمەنیان بە نێوی پێشکەش لە جیاتی زەحمەتەکانیان پێ بگات.
پاش مانگێک دەرس خوێندن قوتابییەکان چونکوو زۆریان واز لە سەر بوو هەتا لە
هەوەڵەوە بڕێک لە کوردیدا بەڵەد بوون بڕێک ڕام بوون و وردە وردە فێر ببوون هەتا لە
شەوی ٢٤-ی پووشپەڕی ٢٤ دا ئەو چەند قوتابییانەی نێوبراوی سەرەوە لە دیوێکی دەرس دا لەدەوری یەک کۆبوونەوە و قەراریان دانا هەتا دەتوانن و هەتا هێزیان
هەیە پشتیوانی لەو جێگا بەڕێزە بکەن و بۆ پێشکەوتنی کاری لە کوێرەوەری دابن وە
نێوی خۆیان نا " دەستەی پێشکەوتن" کە هەر وەک نێوەکەیان قوتابخانەکەش
وەپێش بخەن.
سوپاس بۆ خودای بەرز و بێ ئاواڵ ئەوانیش بوونە لەمپەرێک. پاش چەند شەوان شەوێکی کە
بۆ سی تمەن پووڵی یەک مانگی دوو مامۆستاکان دە تەقەلا دا بووین و کوتمان دەبێ هەر
یەک لەو جەحێڵانە شتێکی پێشکەش کەن. بەڵام هەر ئەو شەوەش باسی دامەزرانی ئەو
قوتابخانەیان بە ئاغای قاسم ئاغای ئێلخانیزادە ڕاگەیاند بوو ئەویش فەرموو بووی
ئەمن سەد تمەنی پێشکەش پێداویستی ئەو قوتابخانەی دەکەم.
لەو لایەوەش ئاغای قاسم ئاغای ئێلخانیزادە بوو بە دووەمین کەسێک کە یارمەتی قوتابخانەی ئێمەی کرد یانی هەوەڵ پێسەوای موعەزەمی کوردوستان دووەم
ئاغای قاسم ئاغای ئێلخانیزادە.
ئەو پووڵە تاکوو دوو مانگان بۆ مخاریجی قوتابخانە پێ ڕاگەیشتوو پاشان ئاغای حاجی
سەید عەبدوڵای تەها زادە خانوویەکی خۆی کە گەورەیی پتر بوو لە بەرامبەری کرێیەکی
زۆر کەم دا پێشکەشی جێگەی قوتابخانە کرد بەڵام دەرس هەر بە شەوانە دەگوترا و
قوتابیش کەم بوو هەر ئەو چەند کەسانەی نێوبراوی سەرەوە بوو.
مەلای داودی
کوردستان ژمارەی
ژمارە ١٢، شەمۆ ٢٠-ی ڕێبەندانی٢٤ و
ژمارەی ١٣ دووشەمۆ ٢٢-ی ڕێبەندانی ٢٤
و ژمارەی ١٤، چوارشەمۆ ٢٤-ی ڕێبەندانی ١٣٢٤
مەدرەسەی گەلاوێژ
پاش چەند شەوێک کە دەنگووباسی خوێندنی کوردی بە هۆی ئەو دەستەی لاوەکانی
پێشکەوتنەوە بڵاو بووەوە قوتابی زۆر بوون ئەو چەند کەسانەی ژێرەوە بە زوویکی زوو
هاتنە لامان کە وا نێویان لە خوارەوە دەنووسین:
برایان مەحموود خادیمی، عەزیز عەلیاڵی، قادر لبادی، ئیبڕاهیم داودی، قاسم خوسرەوی،
جەلیل گادانی، سەعید قەتاری، خەلیل گادانی
بۆ خوێندن بەڵام لەو بەینە دا کاک سەعید داودی چونکوو چلۆنەنی گوزەرانی زۆر
نالێک بوو ناچار لە تاوان دەستی لە کار هەڵگرت و لەو دەمەیدا برای گیانی سەید عوبەیدیلا
تەها زادە کە هەستی نیشتمان پەروەری وی لە نووسین نایەت و دوای ئەو نێوبانگە گەورەیە کەوتبوو هاتە لای
براکانی
" دەستەی پێشکەوتن" کوتی هاتنی
من بۆ بە جێ هێنانی هەموو خدمەتێکە کە وا
پێم بکرێتن. بە تەڕ دەستی براکانی دی کە لاوێکی وا نیشتمانپەروەریان تووش بوو لە
باوەشی خۆیانگرت و وتیان سوپاست دەکەین هەڵبەتە ئامانجی ئێمەش هەر کوێرەوەری بۆ
ئەو قوتابخانە بەرزەیە.
چەندێک پاش دیسان قوتابی زۆر بوون و
گەیشتنە چل کەسان و چونکوو ئەو برایانەی
" دەستەی پێشکەوتن" لە خوێندن و
نووسیندا سەر ڕاست ببوون نەیان دەویست
دەرکی پۆلی دەرس دابخرێ قەراریان دانا بۆ خۆیان لە بەرەوە دەرسیان پێ بڵێن و تا مودەتی دوو مانگ بەو لەونەی ڕایان
بوارد و بە تایبەتی سەید عوەبەیدیلا تەها
زادە و حەسەن حەسەنپوور و عەزیز ئیبڕاهیمیان دەرسیان بە جوانی دەکوت.
پاش وەختێکی کەم جەلەسەیەکیان لە کۆبوونەوەی تەواوی ئەندامەکانی " دەستە پێشکەوتن" بە بۆنەی ئەمن کە مودیری مەدرەسە بووم
دایانمەزراند و وایان هاتە بیر کە جێژنێکی بە نێوی دامەزراندنی ئەو قوتابخانەیە و
ساز بوونی ئەو دەستەی لاوانی نیشتمانپەروەر بگرن و بانگ هێژراوەکانیان لە چلۆنەتی
ئەو قوتابخانە کە لە سەر فەرمایشی پێشەوای موعەزەمی کوردوستانەوە پێ گەیوە باس
بکەن و تەواوی ئەهلی سابڵاغ بۆ خوێندن
دڵخۆشی پێ بدەن تا کوو لە شەوی ١٢- ٣ – ٢٤
بەرامبەری کارتی بانگ هێشتنێکی کە نووسرا بوون بە قەرایە چل کەس لەگەورەکانی شاری بە هاتنی
خۆیان جێژنەکەی مەیان لە حەساری مەدرەسە دا ڕازاندەوە و بە تایبەتی بە تەشریف هێنانی پێشەوای
بەڕێزمان ڕووناکایەتی زیاتر لە ڕوی دانیشتووان پەیدا بوو، ئەگەرچی ئەو جێژنە زۆر
کورت و کەم بوو بەڵام بە خۆشی ڕابرد. ئەوە
پرۆگڕامی جەلەسەکە کە وا نێوی هەر یەک لە زەحمەتکێشەکانی تێدا دەنوێنرێ لە خوارەوە
دەنووسرێ.
١-سەعاتی ٢-ی لە شەوێ چوو بوو لە لایەن محەمەد مەلای داودییەوە کردنەوەی جەلەسە
باس کرا.
٢-خوێندنەوەی شیعری میللی لە لایەن تەواوی لاوەکانی قوتابخانە.
٣-وتاری ئاغای هاشم مووسا زادە لە مەڕ زانست
٤- مەقالەی ئاغای قادر لبادی لە مەڕ کار
٥-شێعر و وتارێکی ئاغای حەسەن حەسەنپوور لەمەڕ زوو فێر بوونی زمانی کوردی.
٦-شێعر و وتەی ئاغای چووکەڵ گەوهەری لەمەڕ شەوق بۆ کار.
٧-خوێندنەوەی هەڵبەستێکی بەتین لە مەڕ ئاغالەی تەها زادە.
٨-وتاری بەتینی ئاغای سەید عوبەیدیلا تەها زادە لە مەر خوێندنی زمانی کوردی بۆ هەموان
٩-خوێندنەوەی شێعری میللی لە لایەن تەواوی
لاوەکانی قوتابخانەوە.
لە پاشان پێشەوای موعەزەمی کوردستان بە
فەرمایشاتی خۆیان کاربەدەستان و زەحمەتکێشەکانی ئەو قوتابخانەی لاواندەوە
قەولی کۆمەگ و یارمەتی زۆرتری فەرموو دوو قوتابی حەسەن حەسەنپوور، چووکەڵ گەوهەری
کە وا لە ماوەیەکی کەمدا فێری خوێندن بوون خەڵاتی کردن و بە تایبەتی گەلێک لە
گەورەکانمان لە دەفتەری بیرەوەری دا لە " دەستەی پێشکەوتن" و ساز بوونی قوتابخانە و مودیری ئەو
قوتابخانەیە ئیزهاری ئافەرینیان نووسی و
لە ئاخری دا جەنابی مەلا سەدیق تەبریکی جێژنەکەیان فەرموو و جەلەسە دوایی هات.
مەلای داودی
کوردستان، ژمارەی ١٩،
دووشەمۆ ٦-ی ڕەشەمەی ١٣٢٤، کوردستان
ژمارەی ٢٠، چوارشەمۆ ٨-ی ڕەشەمەی
١٣٢٤،ژمارەی ٢١،شەمۆ ١١-ی ڕەشەمەی ١٣٢٤
چلۆنەتی قوتابخانەی گەلاوێژ
مەبلەغی ٧٥ تمەن کە لە جێژنی
ڕابردوو کۆ کرابووە بە خەرجی پێداویستی قوتابخانە گەیاندرا بەڵام لەو ماوەدا
قوتابی گەلێک زۆر بوون و دوو پۆلیان بۆ داندرا. پۆلی ئامادە و پۆلی
یەک و دەرسی ئەو دوو پۆلانە لە لایەن سێ مامۆستا عەزیز ئیبڕاهیمیان، سەید
عوبیدیلا تەها زادە و محەمەد داودی
دەکوتراو بە ئیفتیخاری ڕۆڵەکانی ئەو خاکەیان دەگەیاندێ و فیدا کردنی گیانی
خۆیان لە ڕیی سەربەرزی نیشتماندا تێیان
دەگەیاند. لە نەتیجەی جەلەسەیەکی بە بوونی مودیری مەدرەسە " مەلای
داودی"، ومامۆستا و لاوە دڵگەرمەکانی پێگەیشتووی قوتابخانەی بۆ تێگەیاندنی خەڵک بۆ وە پێش دانی
ئەو جێگایە بەڕێزە شەوکانی وا ئەندامەکانی دوو گەڕەکی
قووڵە قەبران و ئەرمەنیان لە مزگەوتی گەڕەکەکانی خۆیان دا جەلەسەیان دەبوو وایان پێ باش بوو کە بچینە
لایان و بە هۆی هەڵبەستی باش و وتاری باش
فکریان بڕێک ڕوون کەنەوە و تێیان بگەیێنن کە بە کوردی نووسینیش هەیە و کوردیش میلەتێکی نەجیب و خاوەندی حەقە و
ژیانی دەوێت و چیدی زنجیری دیلی بە مل خۆیەوە هەڵ ناوەسێ و دەی پسێنێ. بە زوویەکی
زوو ئەو کارەیان دەست پێ کرد و هەر وەکوو بەشی زۆری دانیشتووان و گەورەکانی بەرزی شارەکەمان ئاگاداریان هەیە و
لەو شارانیش دا کە لە هیچ جێگایەک مەجلیسی لێ دەبوو خەریکی دەرس پێ کوتن و پێ
گەیاندنی قوتابێکانی دڵگەرم و ئەولادەکانی
تا ئەندازەیەک لە خوێندن و نووسینەوە دا
شارەزاییان پەیدا کردبوو خەریکی فێربوونی زمانی بەڕێزی ڕووسی بوون.
لە واقیعدا کاک ڕەحمان تەلعەتی مامۆستای دەرسی ڕووسیش گەلێک خەریکیان بوو کە زووتر
ئەو بەرەی پێ بگەیێنێ. ئەو دەمە ئەو قوتابێکانی کە وا زۆرتر هەوڵیان دەدا و زیاتر
خەریک بوون خۆیان پێشتر دەخست لە دەرسی کوردیدا:
١-جەلیل گادانی، ٢-مەحموود ناڵبەندی، ٣- محەمەد سادقی، ٤-سەعید قەتاری، ٥-
محەمەدئەمین کوڕی کورد، ٦- قاسم خوسرەوی، ٧- خەلیل گادانی بوون.
کە کردەوەی وانە لە بەر چاوی گەڵێک لە
دانیشتووانی گەڕەکەکانی شار وەک ڕۆژ
دیارە. و لە زمانی ڕووسیدا
١-عەزیم لوتفیانی، ٢- سەید ئیسماعیل قوڕەیشی، ٣- یۆنس ئەنوەری، ٤- مام ئەحمەد
عەلیاڵی بوون .
لە ڕۆژی جێژنی کۆنگرەی تەشکیلی حیزبی دێمۆکڕات دا کە لە هاتوو دا باسی دەکرێ بە
جوانی خۆیان نواند.
لە جەلەسەی شەوی ١٤-ی گەلاوێژی ٢٤ دا پەسندیان کرد بۆ وەگیرهێنانی خەرجێکی باش بۆ
مخاریجی قوتابخانە کە کاری لەنگ نەبێت تیاترۆیەکی بە نێوی " سوڵتان
سەلاحەدینی ئەییووبی کورد" بنوێنن. لە مەودای شازدە ڕۆژان دا ئەو تیاتروەیان
ڕەوان کرد و لە شەوی هەینوو ٣٠-ی گەلاوێژی ٢٤ دا لە کاڕاژی شێروخورشید دەستی پێ
کرا و دوو جاران دوو پاتەیان کردەوە و زەحمەتکێشەکانی ئەو تیاترۆیەش ئەوانەی
خوارەوە بوون:
١-محەمەد داودی، ٢- هاشم مووسا زادە، ٣- قادر یۆسفی، ٤- عوبەیدیلا تەهازادە، ٥-
عەزیز ئیبڕاهیمیان، ٦- محموود خادیمی، ٧- سەدیق، ٨- چووکەڵ گەوهەری، ٩- حامید
خوسرەوی، ١٠- غەفوور یاهوو، ١١- محەمەد ڕەحیم داودی، ١٢- عەلی فەرهادی، ١٣- حەسەن
حەسەنپوور، ١٤- وەهاب فەرەجی، ١٥- برایم داودی، ١٦- عەزیز عەلیاڵی.
کە پاش نواندن بە حزووری چەند کەس لە گەورەکانی شار حیسابیان لێک داوە ومەبلەغی
٣٠٠٠ ڕیاڵ بە ئاگاداری وان بە سندووقی
قوتابخانە گەیشت وە شتێکی لەو پووڵەی کڕدرا یەک سەد پووت دار بۆ سووتاندنی
دیوەکانی دەرس وە دەمی زستان بوو. لەو
دەمە دا کتێبخانەیەکیشیان ساز کرد و بۆ کۆ کردنەوەی کتێبان لە هەموو لایەکەوە لە
تەلاش دابوون کە ئێستاش ئەو کتێبخانەیە هەر ماوە و نێوی " پەڕاوی خانەی
گەلاوێژ " ە. کە ڕۆژانە قوتابیان
سەعاتێک لەوێدا خەریکی خوێندنەوەر پەڕاوییەکان دەبن.
کوردستان، ژمارەی ٦٥، سێشەمە ١١-ی پووشپەڕی ١٣٢٥
بە ئەمری پێشەوای بەرزی کوردستان لە شەوی هەوەڵی بەفرانباری ١٣٢٥ مەدرەسەی گەلاوێژ بوو بە ڕۆژانە وێستا شاگردی ڕۆژانەی ٥٠٠ نەفەر و شاگردی شەوانەی ١٥٠ نەفەر لە ئەهالی ئەو شارە لەو مەدرەسەی دا دەخوێنن بەڵام بێجگەلە کوڕی کاکە سواری مەنگوڕ لە ئاغایانی عەشایری کوڕی هیچ یێک لەوان نەمدیوە کە بێنە ئەو مەدرەسەی. ئەگەرچی هەموویان کۆمەگیان بەو مەدرەسەی کردووە نازانم کە لە سستی بۆ ناردنی منداڵی خۆیان چ رفاهییەتێک هەیە. ڕەجا لە هەموان ئەوەیە کە بۆ دوای تەعتیلات لە پاش هاوینێ ئەو ساڵە کە ( خەرمانانی ١٣٢٥)ە منداڵەکانیان بۆ ئەو مەدرەسەی کە مەدرەسەێێکی میللی یە و بە زبانی دایکوبابی خۆیان دەخوێنن و قەولیان پێ دەدرێ کە لە بەرانبەر بە خوێندنی ساڵانی پێشوو کە شەش ساڵ دەیان خوێند بە دوو ساڵ فێری خوێندنەوە و نووسین بن.
مەلای داودی
No comments:
Post a Comment