بەشی سێێەمی وتوێژی محەمەد خاکی لە ڕادیۆ دیالۆگ لەگەڵ پرۆفسۆر عەبباس وەلی: پێکهاتە و بنەمای تێۆری سەروەری سیاسی
بەشی سێێەمی وتوێژی محەمەد خاکی لە ڕادیۆ دیالۆگ
لەگەڵ پرۆفسۆر عەبباس وەلی
پێکهاتە و بنەمای تێۆری سەروەری سیاسی
ئەو بەرنامەیە لە دووشەمە شەو ٢-ی جۆزەردانی ١٤٠١-ی هەتاوی ، ٢٣-ی مەی ٢٠٢٢
ڕاستەوخۆ لە ڕادیۆ دیالۆگ بڵاو کراوەتەوە.
محەمەد خاکی: بینەرانی
بەڕێزی ڕادیۆ دیالۆگ، سڵاوتان عەرز ئەکەم بۆ بەرنامەیەکی تریش هاتووینەتەوە لاتان
. ئێمە لە چەند حەفتەی ڕابردوو دا دوو بەرنامەمان لەگەڵ بەڕێز پرۆفسۆر
عەبباس وەلی بوو لە سەر چەمکی سەروەری سیاسی. لەم بەرنامەیەدا لەگەڵ بەڕێز
کاک عەبباس گەرەکمانە باسی ئەوە بکەین کە ئەوە باری حقووقی و باری سەروەری سیاسی
بوو بەڵام مەعنای عەمەلییەکەی وە پڕاتیکی ئەم مەسەلە لە ڕابیتە لەگەڵ کوردستاندا و
خەڵکی کوردستاندا چۆنە؟ یانی چ کەڵکێکی هەیە
بۆ کاری ڕۆژانەی سیاسەت. سپاستان
دەکەین ئەگەر تا کۆتایی بەرنامەکە لەگەڵمان بن. بەڕێز پرۆفێسۆر عەبباسی وەلی سڵاوت
عەرز ئەکەم بەخێرێیتەوە بۆ ئەم بەرنامە.
پرۆفسۆر
عەبباس وەلی: سپاست دەکەم
کاک حەمە، سڵاوم هەیە دە خزمەتی بینەران و
بیسەرانی ئەو بەرنامەیە. فەرموو.
خاکی: کاک عەبباس هەر ئەو جۆرەی کە عەرزی بینەرانیشمان
کردووە، ئێمە لە دوو بەرنامەی ڕابردوو دا باسی سەروەری سیاسی، ڕەهەندە تێئۆریک و
حقووقییەکانمان کرد. گەرەکمە بزانم کە لە باری پڕاتیکەوە، لە باری عەمەلییەوە ئەم شتە چۆن تەرجومە دەکرێتە سەر سیاسەت و
قازانجی بۆ خەڵکی کوردستان چییە یا چۆن دەتوانن
هێزە سیاسییەکان، چالاکانی سیاسی، چالاکانی مەدەنی لەم چەمکە کەلک وەرگرن
بۆ باشتر پێشچوونی کارەکانیان؟
وەلی: چەمکی سەروەری سیاسی تایبەتمەندییەکی ئەساسی دەوڵەتە یانی کولی مەسەلەی دەوڵەت و
فەرقەکەی دەگەڵ بێدەوڵەتی لە سەر چەمکی
سەروەری سیاسی ڕاوەستاوە. سەروەری سیاسی
ئەگەر نەبێ ئەو دیاردە سیاسییە، ئەو کولییەتی سیاسییە
ناتوانی بە دەوڵەت وە حیساب بێ. ئەلئان بۆ وێنە
لە باشووری کوردستانێ ئێمە حکوومەتمان
هەیە، حکوومەتەکە هێندێک ئننستیتووشن و
نیهادی دامەزراندووە وە ڕۆژانەش سیاسەت و ئومووری خەڵکی دەڕوا
بەو شێوەی کە ئێمە دەیبینین بەڵام
حکوومەتی باشوورێ سەروەری سیاسی نییە
بۆیە ناکرێ وەکوو دەوڵەت ببیندرێ
وە حقووقی دەوڵەتی حقووقێک کە دەوڵەت هەیەتی نییەتی. ناتوانی پاسپۆرتی
هەبێ، ناتوانێ تەمبری هەبێ، ناتوانێ پارە و ئەسکیناسی بە نێوی خۆی هەبێ و ناتوانێ
بە نێوی خۆشی دە گۆڕەپان و مەیدانی
نێونەتەوەییدا وەکوو دیاردەیەکی سیاسی سەربەخۆ کە ماف و تایبەتمەندییەکانی
حقووقی و ئابووری خۆی هەیە لەوێدا وجوودی هەبێ. بۆیە چەمکی سەروەری سیاسی دە
ئەسڵدا ئاماژە بە هەستی و بوونی سیاسی و
حقووقی دەوڵەتێ دەکا. ئەوە یەکجار یەکجار گرینگە و هەمیشە ئەو
کەسانەی کە تێکۆشەری سیاسی بوون لە کوردستانێ، ئەوانەی کە بەرەو ئەوە چوون کە دەوڵەتی کوردی پێک بێنن، دروست بکەن،
سەربەخۆ خواز بوون دە واقیعدا هەدەف و ئامانجی ئەساسی وانە ئەوە بووە کە سەروەری
سیاسی وەدی بێنن و کوردستان ساحێبی
سەروەری سیاسی بێ. دەقیقەن ئەو مەسەلە
مەتڕەحە کە هەتا وەختێکی ئەو sovereignty یە، ئەو
سەروەرییەی سیاسی وجوودی نەبێ ئەو مافی کە بە دەوڵەتێک دەدرێ چ لە عەرسە و مەیدانی ناوخۆیی خۆیدا وە چ لە عەرسە و مەیدانی دەرەوەی خۆیدا لە
بەینی دەوڵەتەکانی دیکە دا وجوودی نابێ.
جا بۆیە ئەگەر بگەڕێینەوە سەر وەزعی سیاسەتی ئەوڕۆی کوردستانێ یا سیاسەتی
کوردستانێ دەو سەد ساڵەی دا نەتەوە و نەتەوەخوازی و نەتەوایەتی و
دە چوار چێوەی کوردایەتی یا هەر تەفسیرێکی دیکەی لێ بکەن وجوودی هەبووە ئەو
مەسەلەی سەروەری سیاسیش هەمیشە لە گۆڕێدا بووە. ئەوانەی کە سەربەخۆیی خواز بوون
هەمیشە هەدەفیان ئەوە بووە کە دەوڵەتێکی بۆ کوردان دروست بکەن، بەو مەعنایەی بووە
کە کوردان بکەنە ساحێبی سەروەری سیاسی. بە بێ سەروەری سیاسی دەوڵەت مانای نییە.
مومکینە تەواوی ئاو و خاکەکەت هەبێ، جەماوەرەکەت هەبێ، فەرهەنگەکەت هەبێ،
تاریخەکەت هەبێ حەتتا بۆ وینە بیرو باوەڕ بەوە هەبێ
کە داهاتوو و چارەنووسی یەکگرتوو هەیە
ئەوانە هەموو بە جێگای خۆی، بەڵام ئەگەر سەروەری سیاسی نەبێ ئەوەیە کە مەسەلەی
ئەساسی وجوودی نییە، غایبە و بە دەوڵەت حیساب ناکرێ.
جا بۆیە فەرقی دەوڵەت هەبوون و بێدەوڵەتی لە نەزەر سیاسی و حقووقییەوە دەقیقەن
دەگەڕێتەوە سەر مەسەلەی چەمکی سەروەری سیاسی.
خاکی: کاک دوکتور عەبباس بۆ خەڵکی کوردستان کە ساڵهایە
خەبات دەکەن بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان مادامێک کە هێشتا دەوڵەت نین وەکوو
ئۆپۆزیسیۆن کار دەکەن بۆ
گەیشتن بە داوخوازەکانیان، ئەم سەروەری سیاسییە مادام نەبێتە دەوڵەت کەلکێکی
عەمەلی هەیە بۆیان لە ئەساسدا؟ لە
پڕاتیکدا دەبێتە شتێک یا دەبێ حەتمەن ببێتە دەوڵەت وە دوای ئەوە بتوانێت.
وەلی: ئەوە هەرتکیان پێکەوە دێن. ئەگەر ببێتە دەوڵەت دیارە
ئەوە سەروەری سیاسی هەیە، ئەگەر سەروەری سیاسی هەبێ دیارە ئەوە دەوڵەتە. ئەو دوانە
پێکەوە دێن و ئەلئانەکە هێج یەک لەوانە نییە.
خاکی: مادام کە ئۆپۆزیسیۆنە
چییە؟
وەلی: دیارە
ناسیۆنالیستە کوردەکان، ئەوانەی کە خۆیان
بە پشتیوانی کوردایەتی زانیوە، یان ئەوانەی کە خۆیان بە سەربەخۆیی خواز
زانیوە مەسەلەکەیان ئاوا دیوە کە بۆ ئەوەی کورد لە ڕووی حقووقی و سیاسییەوە و
تەنانەت فەرهەنگیش وەکوو نەتەوەیەک ببیندرێ
و مافی نەتەوەیەکی هەبێ دەبێ ئەو دەوڵەتەی هەبێ. ئەوە بۆچوونێکی دروستە.
ئەمن هەمیشە کوتوومە کە مەسەلەی نەتەوە و نەتەوایەتی بە بێ سەروەریی سیاسی وەکوو
جەستەی بێ سەرە. ئەگەر سەروەری سیاسی هەبێ دەوڵەت دەبێ، کاتێک دەوڵەت دەبێ ئەوە
دەبێتە چوارچێوەیەک کە ماف و حقووقی نەتەوە بپارێزرێ. لەو بارەیەوە بە باوەڕی من
تەڕدید نییە کە ئەوە بۆ سەروەری و حاکمییەتی وڵاتێکی،نەتەوەیەکی ئەو دەوڵەتە،
سەروەری سیاسییە پێویستە جا بۆیە بۆچوونی
ئەو کەسانەی کە سەربەخۆیی خوازن لەو بابەتەوە موشکیلەی نییە، ئەوە دروستە، ئەوان
بە دروستی بۆ ئەوەی دەچن کە مافی نەتەوەیەکی دەبێ دەو چوارچێوەی دا بپارێزرێ.
ئێستا ئەفغانستان ئاوا پاشکەوتووە ئەگەر تەماشای باشووری بکەین، باشوور ئەسڵەن
شیاوی بەراوەرد کردن نییە لەگەك ئەفغانستان بەڵام ئەوەی کە گرینگە ئەفغانستان
حیسابی دەوڵەتی بۆ دەکرێ چون سەروەری
سیاسی هەیە، باشوور بۆی ناکرێ لەبەر ئەوەی سەروەری سیاسی نییە. لەو بارەیەوە بە
باوەڕی من سەربەخۆیی خوازان ڕاست دەکەن؛
ئەو چوار چێوەی حقووقی سیاسییە لازمە بۆ ئەوەی مافەکانی نەتەوەیەکی دەو چوارچێوەیە
دا بپارێزدرێ ئەو دەمی دەتوانێ ئەڕتەش و لەشکر و قشوونی خۆی هەبێ، دەتوانێ قانوونی
خۆی هەبێ، ئەسکیناسی خۆی هەبێ، دەتوانێ پارەی خۆی هەبێ، دەتوانێ پاسپۆرت و ئەوانەی
هەبێ ، هەر وەها دەتوانێ شارومەندی لەمەڕ خۆی هەبێ. بە بێ سەروەری سیاسی
شارومەندیش موشکیلاتی زۆری هەیە.
خاکی: من دێمە سەر
ئەو باسە.
وەلی: جا عەرزی بە
خزمەتت دەکەم بەلام ئەوەی کە هەیە ئەوە
چۆن وەدی بێ، چۆن دروست بکرێ ئەوە بۆ خۆی مەسەلەیەکی دیکەیە. ئەگەر بە شێوەیەکی
زۆر موشەخەستر و ڕوونتر بێمەوە سەر ئەوە مەسەلەیەی واتە ویستی سەربەخۆیی خوازی و
لە ڕاستیدا ویستی پێکهێنانی سەروەری سیاسی و دەوڵەتە، هەر نەبێ لە کوردستان و لە
ناسیۆنالیزمی مۆدێڕندا بووە. دوای ئەوەی کە بیرو ڕای جۆربە جۆری خودموختاری هاتوونەتە
گۆڕێ لەبەر ئەوەی بووە کە جەماعەتێک هاتوون فکریان کردووەتەوە کە ژێئۆپۆلیتیک و
هەلومەرجی سیاسی و ئابووری و هەر وەەتر جوغڕافیایی هەنووکەیی کوردستانێ ئەو ئیجازەی نادا کە ئەو
سەروەرییە ببێ و لە جیات ئەوەی ئەو ئاڵترناتیڤەی دایان نا و ئەوەش شێوە جۆر
بەجۆرەکانی خودموختاری بووە کە دە چوارچێوەی حاکمییەتی دەوڵەتەکانی دیکە دا وەدی بێ. ئەوە هەمیشە بووە. ئەمن بۆ خۆم بە شەخسە کە لە سەر ئەو مەسەلەی فکرم دەکردەوە،
لە سەرم دەنووسی تەقریبەن ٢٥ ساڵ لەوەی پێش لە ساڵەکانی نەوەدەکاندا. بە شێوەیەک
لەو بارەیەوە باسمان دامەزراندەوە. ئەوانەی کە سین و ساڵیان هەیە یا ئەو دەمی زۆر
جەوان بوون، یا هاو تەمەنی من بوون
ئاگادارن لەو مەسەلەی کە ئەو بەحسەی سەربەخۆیی خوازیمان دامەزراندەوە و
ئەمن یەکێک لەو شەخسانە بووم کە ئیستیدلالم دەکرد کە ئەساسەن بە بێ ئەوە هیچ
مەسەلەیەک ناکرێ و خودموختاری و چەمکە جۆر بە جۆرەکانی خودموختاری دەبێ ڕەد بکرێنەوە. ئەمن لە ساڵەکانی
نەوەدەکاندا هەتا ساڵی ٢٠٠٥ و ٢٠٠٦ و ئەوانە ئەو بۆچوونەم هەبوو بەڵام لە دوایە
مەسەلەکە ئاوای لێ هات کە باشە ئەمن شەخسەن بۆچی لەوەی پاشەکشەم کرد ئەوە زۆر کەس
بە بێ ئەوەی کە ئەو بەحسەی بزانن ئیرادیان لە من گرتووە و هێرشیان کردوووتە سەرم و
ئەوانە. ئەمن ئەگەر پاشەکشەم لەو بۆچوونە کردووە حەقیقەتی ئەوەیە ئەمن وەکوو
کەسێکی کە دەمەویست بەجۆرێکی ئەو مەسەلەیەی تیوریزە بکەم ڕاستییەکەی ئەوەیە کە بۆم
نەکرا، تەوەجوهێ دەکەی، یانی دە چوارچێوەی کوردستاندا. ئیدی بڵێم عەقڵ و شعووری
تێیۆریکی من، زانستی تێئۆریک و سیاسی من هەتا ئەو جێگایەی نەچوو کە واقیعەن ئەمن بتوانم
ئەو کارەی بکەم. لە دوایە کاتێک ئەمن ئەو کارەم بۆ نەکرا یانی نەمتوانی ئەو کارەی
بکەم هاتم دیتم کە ئەو ئیدیعایەی سەربەخۆیی خوازی کە دەیکەم دەقتقەن دەبێتە ئەو
تەعریفەی کە من بۆخۆم لە سیاسەتی میتافیزیکی دەکەم عەینەن وای لێ دێ. یانی بەو
مەعنایەی ئەمن باسی سیاسەتێکی دەکەم کە
هەلومەرجی وەدیهاتنی ئەوە نامەعلوومن و دەبێ لە داهاتوویەکی نامەعلووم دا موحەقەق
ببن. یانی دوو دانە نامەعلوومی تیدا بوو هەم هەلومەرجەکان نامەعلووم بوون، هەم
وەختەکە و کاتەکەی کە دەبێ وەدی بێن نامەعلووم بوو. بۆیە ئەمن دیتم لە سەر بنەمای
تەعریف و تێگەیشتنی خۆم لە سیاسەتی مێتا فیزیکی بۆخۆم تووشی مێتافیزێکێکی گەورە
بووم لێرە و بۆیە پاشەکشەم ليکرد. ئەوە لێرە دا دیسان دەڵێم بۆ ئەوەی خراپ بۆچوون
نەیەتە گۆڕێ دەیڵێم ئەمن دە حەدی توانایی خۆمدا نەمتوانی ئەو بؤچوونە تێۆریزە
بکەم. ئەگەر لێرە دا دۆستان، ئاشنایان، ڕەفیقان یان ڕەخنەگران و ئەوانە ئەو
تواناییەیان هەیە بیکەن. زۆر باشە بیکەن چون بە باوەڕی من باشترین ڕێگا بۆ
چارەسەری مەسەلەی کوردی هەر ئەوەیە. ئەگەر پێیان دەکرێ بیکەن بەڵام
ئەو تکایەیان لێ دەکەم کە سادق بن ئەگەر بۆیان نەکرا خەونی بە خەڵکی
نەفرۆشن، تەوەجوهێ دەکەی! فرۆشتنی خەونی، ئەویش خەونێکی ئاوا بە جەوانان، بە خەڵکی
بە بێ ئەوەی کە بنەمایەکی زانستی هەبێ، یان هەر شتێک دەبێ بنەمایەکی زانستی هەبێ،
بنەمایەکی مادی تاریخی هەبێ. ئەمن بەئاسایی مەسەلەکە ئاوا لێک دەدەمەوە کاتێک ئەتۆ
دێی شتێک هەڵدەوەشێنێ واتە شتێک deconstruct دەکەی بۆ وێنە ئێستا ئەو چەمکی کۆلۆنیالیزم باس دەکرێ،
ئەمن هەر چەندی فکری لێ دەکەمەوە لە نەزەر تاریخییەوە ئیمکانی نییە ئەمن بتوانم
ئیسپاتی بکەم کە ڕۆژهەڵات کۆلۆنییە لە ڕووی تاریخییەوە. ئەمن بۆم ناکرێ، ئەوانەی
بۆیان دەکرێ بە قەولی ئینگلیسیان دەڵێن good luck to them واتە چاکەیان بێتە سەر
ڕێ،بەڵام ئەگەر ناتوانن بیکەن نابێ ورێنەی لە سەر بکەن. کەسێکی کە ئاکادێمیکە،
کەسێکی کە ئیدیعایەکی تیوری دەکا لە چالالێکی سیاسی، فەعالێکی سیاسی جیاوازە.
قسەکانی دەبێ بە مەنتیق، بە تیورییەکی مۆنسەجیم، یانی تیوریش ئەگەر تیوری بێ دەبێ
ئینسیجامی ناوکۆیی هەبێ، دەبێ ئینسیجامی مەنتقی هەبێ و هەر وەتر ئینسیجامی گوتاری،
دیسکۆرسی هەبێ. ئەگەر شتێکی وا هەبێ، باشە ئەو تیورییە قبووڵ دەکرێ بەڵام ئەگەر
ئەو تیورییە نەتوانێ ئەو کارە بکا، ئەتۆ هەزار ساڵیش بە پێچ و مۆرەیەک بە
واقعییەتێکی کە بۆخۆت دەیناسێنی ئەوانە لێک ببەستییەوە بە باوەڕی من لێرە تووشی
موشکیلەیەکی گەورە دەبی. جا بۆیە ئەوەی گوتم کە من لە ڕابردوو دا زۆر لە سەر وەی
دەڕۆیشتم، حەقیقەت ئەوەیە زانستی من هەتا ئەوێ بڕی نەکرد، نەمتوانی بیکەم. جا
ئەوانەی کە دەتوانن بیکەن، ئەگەر واقیعەن بکرێ
ئەمن دەستخۆشیان پێ دەڵێم و ئارەزووی سەرکەوتنیشیان بۆ دەکەم. ئەگەر ئەو
بنەمایە دابمەزرێ ئەو دەمی دەتوانین بەشێوەیەکی کۆنکرێت لەسەر مەسەلەی چەمکی
سەروەری سیاسی بەحس بکەین. بەڵێ کورد نەتەوەیە، نەتەوە دەبێ سەروەری سیاسی هەبێ،
تیوری دێمۆکڕاتیک دەڵێ مافی دیاریکردنی چارەنووس هەیە. ئەوانە هەمووی بە جێگای
خۆی، هەر وەها شتێکی دیکەش هەیە ئەویش ئەوەیکە هیرشێکی زۆر دەکرێتە سەر ئەو
کەسانەی کە موخالیفی نەتەوەخوازی یان دەوڵەتی نەتەوەیین ئەوەش بڵێم تا ئەو جێگایەی
کە من دەزانم بەشێکی زۆر لەو ڕەخنانەی کە لە دەوڵەت نەتەوە وەکوو دیاردەیەکی
مۆدێرنیتە دەگیرێ، ئەو ڕەخنانە بەجێن و دروستن. دەوڵەت نەتەوە یەکێک لە بنەما
ئەساسییەکانی پاکسازیی ئێتنیکی یە. کاتێک ئەتۆ دێی لە دەوڵەت نەتەوە دا قودرەتی
سیاسی، دەسەڵاتی سیاسی لە ئێتنیسیتەی سەرەکی دەبەستییەوە ئەوانیدیکە حەزف دەبن
ئەتۆ هەرچەندێکیش لە سەری بڕۆی کە نابێ وا بێ، هەر وا دەبێ. بە تایبەتی لە
جوغڕافیایەکی فرە نەتەوەییدا. مەگەر ئەوەی کە ئەتۆ بێی بڵیی ئەمن دەوڵەتێکم دەوێ
کە نەتەوەکەی لە ڕووی ئێتنیکییەوە ناناساندرێ. ئەگەر بە شێوەی ئێتنیکی نەناساندرا، تەعریف
نەکرا، ئەودەمی دەتوانی بڵێی کە ئەوە فرە نەتەوەییە، فرە ئێتنیسیتی یە، فرە
فەرهەنگییە. دیارە ئەوانە موخالیفی ئەوەشن
کە ئێمە باسی هاوژینیی گەلان بکەین، تەنیا سەروەری خۆیان دەوێ. کاتێک سەروەری
خۆیان دەوێ، دەو سەرەوەییە دا ئیمکانی ئەوە نییە بە بێ ئەوەی کە دەسەڵاتی سیاسی لە
ئێتنیسیتەی سەرەکی کە لێرە دا واتە لە کوردستانێ دەبێ کورد بێ ببەستییەوە. ئەگەر
ئەو کارەی بکەی ئەوانی دیکە واتە ئێتنیسیتەکانی دیکەی کە لە کوردستانێ دەژین حەزف
دەبن، دەکەونە پەراوێزەوە، ڕێگای دووەمی نییە. دەبێ بڵێی ئەو حکوومەتەی ئەمن
دەمەوێ دایمەزرێنم فرە نەتەوەیی دەبێ. فرە نەتەوەییش نابێتە ئەو چەمکەی دەوڵەت
نەتەوەت کە ئەوان دەیانەوێ. ئەو دەمێ ئێمە دەبێ چەمکێکی دیکەمان لە هو-ویەی نەتەوەیی هەبێ، چەمکێکی دیکەمان لە
شارومەندی هەبێ، چەمکێکی دیکەمان لە حقووق هەبێ. ئەوانە پێکەوە بەستراونەوە ، بەو
شێوەی نییە ئەوا بڕۆن ئەمن بێم دە حەدی
ئیدەئالێکی دا پێم باش بێ، ئەمنیش زۆرم پێ باشە، عالییە. ئەمن ئەلئان لێرە بۆ
چەندومین جار لێرە دەڵێم ڕێگای چارەسەری ئەساسی مەسەلەی کوردی دروستکردنی چوارچێوەیەکی
دەوڵەتی یە بۆ نەتەوەی کوردی بەڵام ئەوەی کە ئەوە چۆن دروست بکرێ ئەوە موشکیلە.
خاکی: ئەوە دووەم
پرسیاری منە کاک عەبباس ئیجازەم بدە من پرسیارەکە بکەم ئێوە لوتف بکەن تەوزیحی
بدەن.
ئەو وتارانەی کە تا ئێستا بووە، بەهەر حاڵ خەڵکی کوردستان دەوڵەتی سەربەخۆ یان ئەو
سەروەری سیاسییەی نەبووە تا ئێستا. چەپەکان جۆرێکی ئەبینن، هێزە ناوەڕاستەکان،
سێنتر سانتراڵەکان جۆرێکی ئەبینن. لایەنی تر جۆرێکی ئەبینن. غاڵبەکە، ئەسڵییەکە
فێدرالیسمە، جاران خودموختاری بوو، فێدرالیسمە، کۆنفێدرالیسمە، دەسەڵاتی شووڕایی
یە، مافی دیاریکردنی چارەنووسە، مافی یەکسانی شارۆمەندی یە و مەسەلەی سەربەخۆیی
خوازی. پێم خۆشە ئا ئەمە چۆنە یانی پێوندی ئەمانە، بە ئیستیلاح feasibility یەکەی، ئیمکانی
تەحەقوقەکەی لە داهاتوویەکا، نە ئەو جۆرەی کە نادیار بێ، ناموشەخەس بێ، هێزی نەبێ.
گەرەکمە بڕێک باسی ئەمانە بکەی بۆ بینەران و بیسەرانی ڕادیۆ دیالۆگ. خاڵە
لاوازەکانیان، خاڵە بەهێزەکانیان. کەمێک ئا ئەم گوتارانە لێک بدەیتەوە بۆ ئێمە.
سپاست دەکەم.
وەلی: ئەوانە بەشێکی
هەر وەک ئەوەی باسمان کرد واتە سەربەخۆیی لایەنی پۆزیتیڤی هەیە، لایەنی مەنفی و
نێگاتیڤی هەیە. بۆ وێنە تەواوی تیورییەکانی خودموختاری واتە ئۆتۆنۆمی، تەواوی
تیورییەکانی ئۆتۆنۆمی تایبەتمەندییان ئەوەیە کە دەبێ دوو شەرتی ئەساسی هەبن کە
ئێمە بتوانین واقیعەن لە سەر ئەوانە قسان بکەین. یەکیان ئەوەیە کە، چون تەواوی
تیورییەکانی ئۆیۆنۆمی باسی ئۆتۆنۆمی کوردستانێ دەکەن جا مەسەلەن لە باکووری، لە
ڕۆژهەڵاتی، لە ڕۆژئاوای یا وەکوو باشووری کە ئەلئانەکە ئەو جوورەیە. یانی باسی وەی
دەکەن کوردستان وەکوو وڵاتێک یانی جەماوەری کوردستانێ وەکوو نەتەوەیەک یا وەکوو
ئێتنیسیتەیەک بەستراوەتەوە بەوەی کە چۆنی ببینی
بێن حاکمییەتی ئەو دەوڵەتانەی کە ئەو بەشەی کوردستانێ دە ژێر حاکمییەتی
وانە دایە ئەو حاکمییەتەی قبووڵ بکەن. وەختێک ئەوەیان قبووڵ کرد ئەو دەمی دە
چوارچێوەی ئەو حاکمییەتەیدا دەتوانن ئۆتۆنۆمی خۆیان هەبێ. ئەو مەسەلە بە دوو
شەرتان دەبێ یا دەبێ دەو وڵاتەی دا حکوومەتێکی واقیعەن دێمۆکڕاتیک وجوودی هەبێ
مەسەلەن وەکوو کانادایێ، وەکوو بێلژیکێ بێ، حکوومەتێکی دێمۆکڕاتیک ببێ کە پێوەندی
بەشێ ئۆتۆنۆم و حکوومەتی ناوەندی لە سەر
ئەساسی دێمۆکڕاسی دامەزرابێ. ئەگەر ئەوە ببێ ئیحتیمالی ئەوە هەیە کە شتێکی وا
بتوانێ هەبێ. چونکە ئێمە دەبێ لە بیرمان بێ کە تێورییەکانی سەبارەت بە ئۆتۆنۆمی،
وەختێک ئێمە قبوول دەکەین کە لە ژێر سەیتەرەی حاکمییەتی حکوومەتی مەرکەزی
دەوڵەتێکی دا بژین بەشی ئۆتۆنۆمی و بەشی ناوەندی کە حاکمە ئەو دوو بەشە بەیەکەوە
حاڵەتێکی دەروونییان هەیە بە ئینگلیسی حاڵەتێکی interiority یان هەیە. هەر چێکی لە مەرکەز بقەومێ لەوێ تەئسیری هەیە،
هەرچییەکی لەوێ بقەومێ مەرکەز کاردانەوە نیشان دەدا. بە تایبەتی ئەو interiority یە لە سیاسەتی دەرەوە کە لە مەرکەز را ئیدارە
دەکرێ، لە سیاسەتی ئابووری گشتی کە مەرکەز دای دەنێ، سیاسەتی پووڵی و ماڵی کە
مەرکەز دایدەنێ ئەو بوارە ئەساسییانە، بۆیە ئەو interiority یە نابێ
ئاوا فکر بکەینەوە کە کاتێک ئێمە گوتمان ئۆتۆنۆمین، ئۆتۆنۆمین. ئەلئانەکە ئەو
موشکیلە لە باشووری هەیە. ئەو موشکیلە لە نێوان حکوومەتی ناوەندی و حکوومەتی
کوردستانێ لە سەر داهاتی نەفەتی، لە سەر مەسەلەی دیکەش هەیە. حکوومەتی کوردستانێ
حازرە هەموو قانوونەکانی حکوومەتی ناوەندی قبووڵ بکا جگە لە سیاسەتی نەوت نەبێ.
ئەو موشکیلە هاتووەتە پێشێ. ئەگەر تەماشای بکەی یەکێک لە ئیرادەکانی کە ئەمن لە
تیوری ئۆتۆنۆمی دێمۆکڕاتیکی ئوێجالانم گرتووە ئەوەیە کە وای دادەنێ کە ئەگەر بەشێک
ئۆتۆنۆم بوو و بەشێک حاکم بوو ئەو دوانە پێوەندیی دەروونییان پێکەوە نامێنێ ئەوە
دروست نییە. ئێمە ناتوانین بڵیین ئەوانە پێوەندیی دەرونییان نییە ئەگەر ئێمە لە باکووری
وڵاتێکی ئۆتۆنۆم دروست بکەین ڕەبتی بەوەی نییە کە لە ئانکارایە وەزع چۆنە، ئەو بۆ
خۆی کار دەکا و هەڵدەسووڕێ. تەوەجوهێ دەکەی. ئەوە حەتتا حەتتا ئەگەر بێنین وەکوو
سکاتلەندی لێ بکەین، وەکوو وێڵزی لێ بکەین. قەویترین نەوعی ئۆتۆنۆمی کە دەتوانی
بیبینی ئەوەیە ئەویش ئەوەیە کە لە وێلز و سکاتلەندێ ئەو کەسانەی کە لە شوورای
داخلی وێلزێ دا ئەندامن ئەوانە لە پارڵمانی ئینگلیستانیش دان تەوەجوهێ دەکەی. و ئی
سکاتلەندێش وایە واتە ئەوانە دوبل نوێنەرایەتی واتە دوو نوێنەرایەتییان هەیە.
ئەگەر شتێکی وا لە ئێران و تورکیا و سووریای بکرێ ئەوە دیسان دەکرێ بڵێی ئەو
ئۆتۆنۆمییە زۆر باش دەپارێزرێ. سکاتلەند قانووگەلی لەمەر خۆی هەیە، وەیلز
قانوونگەلی لەمەڕ خۆی هەیە و کاری خۆیان
سیاسەتی لەشساخی، و سیاسەتی پەروەردەی لە مەڕ خۆیان دادەڕێژن.
خاکی: ببوورە کاک
عەبباس ئەلئان باشووری کوردستان خۆی پارڵمانی هەیە،و نوێنەریان لە پارڵمانی بەغاش
هەیە.
وەلی: وایە،
نوێنەرەکە لە بەغدا هەیە، لە بەغدا نوێنەرەکانیان لە پارڵمانێ هەیە وایە.
خاکی: وایە
وەلی: باشە، ئەوانە
دەتوانن عەینی ئەو حقووقەی کە لەوێ هەیانە لە باشوورێ هەیان بێ.
خاکی: مەنزوورم
ئەوەیە، نوێنەریشیان هەیە، وەزیریشیان هەیە، بەڵام هیچ فەرقێکی نەکردووە یانی ...
وەلی: هیچ فەرقێکی
نەکردووە، بۆچی وایە، لەبەر وەیە کە ئەو
فکرە نەکراوەتەوە کە ئەو سیستمە دێمۆکڕاتیکە ئەگەر دێمۆکڕاتیک بێ هەر نابێ لە
قانوونی بنەڕەتی دا بێ، بەڵکوو دەبێ چۆن بپارێزرێ. ئەوە دەبێ چۆن بپارێزرێ. بۆ
وێنە ئێستا لە عێڕاق جۆرێکە کە لە لایەکەوە هەم ئێران تەداخول لە کاروبارەکانی دا
دەکا و کردوویە و حوکمی شیعەکان بووەتە شتێک. لە لایەکی دیکەشەوە دەبێ ئەوەی قبووڵ
بکەین کە حکوومەتی باشوورێ واقیعەن هەمیشە قانوونەکانی فێدراڵی ڕەچاو نەکردووە و
گوێڕایەڵیان نەبووە. و بەشێک لە ناکۆکییەکان لەوە ڕا دێ کە حکوومەتی باشووری ئەو
شتانەی ڕەچاو نەکردووە. بەشێکی زۆریشی ئەوەیە کە ئێران ئەو جوورەی ویستوویەتی
حکوومەتی شیعەکان لەوێ تەسبیت بکا هەمیشە موشکیلاتی لەگەڵ حقووقی کوردەکان و
سونییەکان هەبووە، لەوە دا هیچ گومان نییە. بەڵام با بێمەوە سەر ئەو مەسەلەی عەرزت
بکەم لێرە ئێمە دەبێ بڵێین کە ئەو دوانە پێکەوە حاڵەتی ناوکۆییان هەیە و دەبێ
ئەوەی بزانین ئەگەر ئۆتۆنۆمیمان دامەزراند بەو مانایە نییە کە حاکمییەتی عێڕاقێ
یان ئی ئێرانێ یان تورکیای یان سووریای لە سەر ئێمە تەئسیری نابێ. ئەوەی دەبێ
قبووڵ بکەین کە ئەو تەئسیرە دەبێ. لە دوایە ئەساسەکەشی ئەوەیە کە ئێمە ئەودەمی
دەقیقەن بێین بڵێین باشە ئەوەمان کە قبووڵ کرد واتە ئێمە کە حاکمییەتمان قبووڵ کرد
بەو مانایەیە کە ئێمە قانوونی بنەڕەتی ئێرانێ یان تورکیای، عێڕاقێ یا سووریای، ئەو
قانونی بنەڕەتییە قبووڵ دەکەین. ئەو قانوونی بنەڕەتییەی قبووڵ دەکەین و
دەیپارێزین. ئەگەر ئەو دەوڵەتە لەگەڵ دەوڵەتێکی دیکە تووشی شەڕ بوو، شەڕی بۆ
دەکەن. ئەگەر ئەمن لەوێ دەفتەرم هەیە، پەرچەمەکەی، ئاڵاکەی لە دەفتەرەکەم دادەنێم،
ڕێز لە پووڵ و ئەسکیناسەکەی دەگرم، ڕێز لە پاسپۆڕتەکەی دەگرم یانی تەواوی ئەو
شتانەی حاکمییەت کە دەبێ ڕێزی لێ بگیرێ ئەوەیە. ئەو کارانە دەبێ بکرێ لەوێ. بەڵام
وەک عەرزم کرد ئەوە تەواوی دەگەڕێتەوە سەر ئەوەی کە حکوومەتێکی واقیعەن دێمۆکڕاتیک
لە گۆڕێ دا بێ و دووەمیش ئەگەر حکوومەتێکی دێمۆکڕاتیک بەو شێوەی لە ئارا دا نییە
ئۆپۆزیسیۆنێکی دێمۆکڕاتیک هەبێ کە تۆ بتوانی ئامانجەکانی خۆت تێکەڵی بەرنامەی ئەوان
بکەی. ئەو دەمی وەکوو بلۆکێکی دێمۆکڕاتیک دە بەرابەر دەوڵەتێکی غەیری دێمۆکڕاتیک
کە هەمیشە دەیەوەێ لە ژێر ئەسڵە دێمۆکڕاتیکەکان بێتە دەرێ، ئۆتۆنۆمی قبووڵ نەکا و
ئەگەر وەزعی قەوی بوو بگەڕێتەوە کوردستان و دیسان ببێتەوە شەڕ و هەڵڵا و مەعریکە.
مەسەلەیەک هەیە لێرە دا دێتە گۆڕێ ئەویش ئەوەیە، ڕەنگە نەتوانین ئەو بەحسەی ئەلئان
بکەین. ئەویش ئەوەیە ئایا ئێمە حقووقی ئۆتۆنۆمی لە چی دەبەستینەوە؟ ئایا ئەوەی لە
جوغڕافیا و خاک دەبەستینەوە؟ ئایا ئەوە لە کامیونیتی و جەماوەری دەبەستینەوە یا
ئەوەی لە تاکی دەبەستینەوە؟ لێرە دا ئەو مەسەلەیە دێتە گۆڕێ و لێرە دایە مەسەلەی
شارومەندی دێتە ژوورێ.
مەسەلەی شارومەندی ئەو دەمی کە من دە مەقالەیەکی دا باسم کرد لە ساڵی ١٩٩٨ دا زۆر
خراپ تەعبیر کراوە. ئەمن قەت نەمکوتووە شارومەندی ئاڵترناتیڤێکە بۆ سەربەخۆیی،
شارومەندی ئاڵترناتیڤێکە بۆ ئۆتۆنۆمی، نا نییە. بەڵام ئەوەی دەڵێم نە سەربەخۆیی،
نە ئۆتۆنۆمی جا ئەو ئۆتۆنۆمییە چ دە سیستمی فێدراڵ دا بێ یا سیستمی کۆنفێدرالێزمی
دێمۆکڕاتیک کە ئوێجاڵان باسی دەکا، لە هەر کام لەو فؤرمانە دا بێ بە بێ چەمکی
شارومەندی نالوێ. شارومەندی چەمکێکی زۆر زۆر ڕادیکاڵە. شارومەندی حقووقی ئەوەڵییەت
دەداتێ کە ئەتۆ دەتوانی لە سەر بنەمای ئەو حەقەی دە چوارچێوەی دەوڵەتێکی دا
داوخوازی مافی یەکسانی و داخوازی ماف بۆ ئازادی بکەی، بۆ equal liberty بکەی. بۆیە ئەمن لەو مەقالەیەی دا باسم کرد، وەختێک دەوڵەت هەیە، وەکوو
تورکیا،وەکوو ئێرانێ، وەکوو عێڕاقی پێشوو، وەکوو سووریای پێش ساڵی ٢٠١١، ئەگەر ئەو
دەوڵەتانە مەسەلەی کورد لە مەسەلەی ئەمنییەتی میللی و دەوڵەتی دەبەستنەوە ئێمە
دەبێ دە خودی ئەو دەوڵەتانە دا، لە ناوخۆی ئەو دەوڵەتانە دا کە خەبات دەکەین بۆ
ئازادی دەبێ چەمکی شارومەندی ئامانجی ئەو خەباتە بێ. دەبێ ئامانجی ئەوە بێ کە بە
دەرەجەی یەکەم ئەو مافانە ببێ کە بکرێ مەسەلەی کوردی وەکوو مەسەلەیەکی سیاسی و نەک
مەسەلەیەکی ئەمنی، وەک مەسەلەی مافی مرۆڤ، مەسەلەی مافی تاک و مەسەلەی مافی
کۆمەڵگە لە وێ بهێنێتە گۆڕێ تا بتوانین ئێمە لەو دۆخی ئەمنیەتیsecurity بێینە دەرێ. ئەمن باسی ئەوەم کرد ئەگەر بێ و
دەوڵەتێک دروست بکرێ و کوردان دەو دەوڵەتەی دابن ئەگەر چەمکی شارومەندی و چەمکی
هو-ویەتی پێناسەی نەتەوەیی ئەو دەوڵەتەی دەگەڵ یەکتر یەکسان نەبن کوردان قەت بە
حەقی خۆیان ناگەن. بۆیە ئەگەر ئێمە بێین لە چوارچێوەی تورکیا دا بڵێین ئێمە
هاتووین دە قانوونی ئەساسیدا دەڵێین پێناسەی میللی، هو-ویەتی میللی تورکیای ئەوەیە
کە دەبێ زمانی تورکی بێ و نازانم فڵان وفڵان بێ و هەمووی لە تورکی ببیەسترێتەوە لە
دوایەش بڵێین کە لێرەش بە پێی شارومەندی هەموو کەس لە بەرابەر قانوون دا یەکسانە.
ئەوە قسەیەکی قۆڕە. هەر بۆیە هەتا وەختێک کە شارومەندی، چەمکی شارومەندی لەگەڵ
چەمکی هو-وییەی سیاسی یەک نەبن هەتا ئەو دەمی کوردان دە هیچ چوارچێوەیەکی ئۆتۆنۆمی
دا بە حقووقی خۆیان ناگەن.
ئەگەر ئۆتۆنۆمی لە ئێرانێ بەرقەرار بێ دەبی چەمکی شارومەندی، ئەگەر ئۆتۆنۆمی کوردی
لە تورکیا بەرقەرار بێ، ئەگەر ئۆتۆنۆمی کوردی لە سووریا بەرقەرار بێ دەبێ دە
قانوونی بنەڕەتی سووریا و ئیران و تورکیا دا دەبێ چەمکی شارومەندی تورکیاو ئێران و
سووریا دەگەڵ چەمکی هو-وییەتی نەتەوەیی دە وێدا دەبێ یەک بێ. ئەو دوانە ئەگەر
پێکەوە موشکیلەیان هەبێ، بۆیە ئەمن دەو مەقالەی دا کە مەعموولەن دەچنەوە سەری
ودەڵێن عەبباس کوتوویەتی کە شارومەندی ئاڵترناتیڤێکە، وا نییە ئەمن قەت وام
نەکوتووە، حەتتا من کوتوومە مەسەلەی شارومەندی تەنێ کاتێک دەتوانێ لەوێ effective بێ، موئەسیر
بێ ئەگەر هو-وییەی دەسەڵاتی سیاسی بگۆڕدرێ. هو-وییەی دەسەڵاتی سیاسی بگۆڕدرێ بەو
مانایەی کە چەمکی دەسەڵاتی سیاسی، حاکمییەتی سیاسی کە دە قانوونی بنەڕەتی دا وەکوو
چەمکی هو-وییەیی دێتە گۆڕێ ئەو چەمکە دەگەڵ چەمکی شارومەندی هەلومەرجی وەدیهاتنیان
یەک بێ، ئەگەر ئەوانە یەک نەبێ ئیمکانی
نییە کە هیچ تیورییەکی ئۆتۆنۆمی بە ئامانجی خۆی بگا. ئەگەر ئەوانە یەک بن ئەو دەمی ئێمە دەتوانین باسی ئەوە بکەین کە بەڵێ
ئێمە لەو interiority لە نێوان بەشی خودمختار/ بەشی ئۆتۆنۆم دەگەڵ
دەوڵەتی مەرکەزی تێگەیشتووین و ئەوە بنەمایەکی
حقووقی و قانوونی هەیە کە ئەوە تەداخولی
نێوان ئەو دوو دەسەڵاتانە چارەسەر دەکا. و لە بەر ئەوەیە کە لە عێڕاقێ کە
قانوونێکی بنەڕەتی بەڕێژە زۆر دێمۆکڕاتیکی هەیە دەڵێ عێڕاق دەوڵەتێکی دوو نەتەوەیی
یە. و ئەو پێناسەی کە لە نەتەوەی عێڕاقی دەکرێ یا دوو نەتەوە دەکرێ هەم کوردەکان و
عەڕەبەکان دەچوارچێوەیەکی قانوونی یەکسان دا دەبیندرێن. لە عێڕاقێ شارومەندیی
دێمۆکڕاتیک دەتوانێ مانای هەبێ ئەگەر عێڕاق حکوومەتێکی دێمۆکڕاتیکی هەبێ. بەڵام لە
تورکیای ئەگەر هەزار ساڵیش بێن ناوی شارومەندی بکەنە تورکییەلی یان عوسمانلی یان
فڵان و ئەوانە ئەگەر ئەو حقووقە پێکەوە یەکسان نەکرێن یانی بنەمای شارومەندی و
هو-وییەی نەتەوەیی یەکسان نەکەن ئەو مەسەلە جێ بەجێ نابێ. ئەوانە مەسەلەی زۆر
ئاڵۆزن و بەو شێوەی کە ئەمن باسم کردوون ئەوە نییە کە من بڵێم، قەت نەمکوتووە و
هیچ وەختێکیش ناڵێم، ئینسان دەبێ زۆر گەوج بێ بڵێ شارومەندی دەبێتە ئاڵترناتیڤیک
بۆ سەربەخۆیی خوازی یا تەنانەت ئۆتۆنۆمی. نا نابێ بەڵام ئەوانیش بە بێ
شارومەندییەکی دێمۆکڕاتیک کە هەلوومەرجەکانی دەگەڵ ناساندنی پێناسەی نەتەوەیی یان
ناساندنی دەگەڵ هو-وییەتی نەتەوەیی دە قانوونی بنەڕەتی دا یەک نەبێ موشکیلاتی
ئەساسی هەر لە جێگای خۆی دەمێنێ.
خاکی: ببوورە پرسیارەکەی
من ئەوە بوو لەو گوتارانە دا کە هەیە، چون بینەر و بیسەری ئێمە ئەو مەقالانەیان
نەخوێندووەتەوە نازانن کێشەکە دەقیق چییە و ئەوانە چۆن بووە و چۆن باس کراوە. چەپ
لە لایەکەوە جۆرێک باس ئەکا،هێزەسیاسیەکانی میانە، سێنتر جۆرێک باس ئەکەن،
مەزهەبییەکان جۆرێک ئەڵێن. ئایا لەم ئاڵۆزی گوتارە دا ئەوەی کە دەکرێ، ئەوەی کە
عەمەلی یە ئەوەی کە ئیمکانی وەدیهاتنی زیاترە، مەسەلەن ئەو شتەی کە فەرمووتان
دەوڵەتی مەرکەزی بۆ خۆی ئەزانی لەو ناوچەیە دا حەتتا هەموو شتێکیش ئیمزاکا بە مەحزی
ئەوە دەوڵەتەکە قەوی دەبێ قانوونی ئەساسییەکەش ئەگۆڕێ، فشاریشت بۆ دێنێ ئەوە ئێمە
لە باشووریش ئەیبینین لە ڕۆژئاواش ئەی بینین یانی تەنەساوبی قوایە، لە تەناسوبی
قوا ئەوە تەزمین ئەبێ دەنا بە قانوون و مافی شارومەندی و شت بە ڕاستی لەم ناوچەی
ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە دا ئەمە نایخوات. ئایا ئەمە چۆن دەبینی ئەم ئاڵۆزییە؟
وەلی: ئەگەر بۆ وێنە
ڕۆژهەڵات لەبەر چاو بگرین، بە باوەڕی من زۆر زەحمەتە ئەلئان بڵێین چۆن دەبێ.
ئەوەندەی ئەمن دەزانم ئێمە هیچ لێکدانەوەیەکی مونسەجیم و موستەدەلمان لە وەزعی
ڕۆژهەڵاتی دە چوارچێوەی ئێرانێ دا نییە. ئەمن ئەوەی دەڵێم ئەوە نەزری خودی منە.
ڕۆژهەڵات دە چوارچێوەی ئێرانێدا، باکوور دە چوارچێوەی تورکیا دا، ڕۆژئاوا دە
چوارچێوەی سووریا دا هەر ئەو جوورەی کە ئێمە عەمەلەن ئەوەی لە باشووری دا دەبینین
ئەوانە هیچیان نە سەربەخۆیی گوفتمانیان هەیە، نە سەربەخۆیی ئابووری و فەرهەنگی و سیاسی
یان هەیە. بۆیە لازمە لە پێشدا لێکدانەوەیەکی زۆر موستەدەل و مەنتیقی لە سەر بنەمای
تیوریک، لە سەر بنەمای ئەو فاکتانەی لەبەر دەست دان لەمەڕ حکوومەتی ئێران و
پێوەندی وی لەگەڵ ڕۆژهەڵات بکرێ. لە دوایە لە کۆمەڵی مەدنی خۆی. ئێمە زۆر باسی
کۆمەڵەی مەدەنی دەکەین بەڵام نازانین لەو چل ساڵەی دا ئالوگۆڕ و پێشوەچوونەکانی
کۆمەڵەی کورد چۆن بووە. ئەوەندەی کە بۆ منیان باس کردووە، ئەوەندەی کە من دەزانم
پێوەندییە سیاسییەکان، بۆچوونە سیاسییەکانی وردە بورژوازی کوردی ڕۆژهەڵات زۆر
گۆڕاوە. ئەو دەمی کە ئەو زانیارییانەمان هەبوو بە شێوەیەکی زۆر موستەدەلتر دەتوانین
بڵێین وەزع چۆنە، بەڵام ئەوەندی کە ئەمن، دیسان بگەڕێمەوە سەر بەحسەکەی ئەمن پێم خۆشە سیاسەتی دە
چوارچێوەی ئێستا دا ببینم. بۆیە کوتم کە لە مەسەلەی سەربەخۆیی پاشەکشەم کرد، ئەو
سیاسەتەی کە من نێوم نا کوتم دەبێتە مێتا فیزیکی کە خەبات بۆ وەدیهنانی ئامانجێک
دە داهاتوویەکی نامەعلووم و هەلومەرجی ئەو بابەتەی بەتەواوی نامەعلووم. بە باوەری
من ئەگەر ئەو کارە کرا بایە دەبووە هۆی ئەوەی ئێمە زەمانی حاڵ و ئێستا هەڵپەسێرین
و ئەو زەمانی حاڵە بە سیاسەتێک ببەستینەوە کە لە داهاتوویەکی نامەعلووم دایە
وهەلومەرجەکەشی نامەعلوومە. بۆیە ئەمن دەڵێم ئێمە هەر کارێکی بکەین دەبێ دە
چوارچێوەی سیاسەتی ئەوڕۆ دابێ. دەبێ دە زەمانی حاڵ دا بێ. نە دەبێ لە ڕابردوو دا
بێ و نە دەبێ لە داهاتوو، ئایەندە دا بێ. دەبێ دە زمانی ئیستا و حاڵ دا بێ. حاڵیش
لێکدانەوەی کۆنکرێتی دەوێ. واقیعەن لێکدانەوەی کۆنکرێتی دەوێ. ئەو لێکدانەوە
کۆنکرێتە نە حیزبەکان کردوویانە، نە ڕۆشەنبیرەکان کردوویانە. هەر دووکیشیان
ئیدیعایان هەیە و موشکیلەکەش ئەوەیە. وەختێک بە سەربەخۆیی خوازەکان دەڵێم کە زۆر
باشە، هەدەفێکی زۆر باشە، هەدەإیکی بەرزە بەڵام بڵێ چۆن، هەلومەرجی دادەمەزرێنێ.
بۆ وێنە یەکێک لە جوابی ئەو قسەیە دا نووسیبووی ئێرە کوردستانە ئەوشتانە لێرە
نایخوا. کاکە ئەوە نیهایەتی بێ فەرهەنگییە بڵێی کە کوردستان نابێ وەدوای تیوریزە
بوون بکەوێ، نابێ وەدوای تیورییە ئابوورییەکان، تیورییە فەرهەنگییەکان بکەوێ. کوردستان
لە کورەی مریخ را نەهاتووە، کوردستانیش بیزنسمەنی تێدایە، معەلیمی تێدایە، ژنی
تێدایە، پیاوی تێدایە، مەدرەسەی تێدایە. دیارە ئەوانە خۆیان بە کورد دەزانن بە
کوردی قسان دەکەن. ئەوە یانی چی ئێرە کوردستانە و ئەو قسانە نایخوا!
خاکی: کاک عەبباس
ببوورە ئەمن پرسیارێکم هەیە بۆ ئەوەی بۆ بینەر و بیسەرەکانیش ڕۆشنتر بێتەوە. لەو
قسەیەی جەنابت من وا حاڵیم کە ئەگەر مەسەلەن
بڵێین ئیمکانی وەدیهاتنی خودموختاری یا فێدرالیسم، یا کۆنفێدرالیسم، ئەوەی
وەکوو ئۆتۆنۆمی هەیە، ئەگەر ئەوە نەبووە سەربەخۆیی خوازی ڕەنگە ئاواتێکی چاک بێت،
ئاواتێکی شەریف بێ بەڵام سەختترە، کەمتر عەمەلییە و دشوارترە و ناڕۆشنترە وایە؟
وەلی: نا ئەمن
دەقیقەن بە پێچەوانە دەڵێم. ئەوەی کە بۆ وێنە لە مام جەلالیان پرسی کوتی خەونە.
ئەمن پێم وا نییە خەون بێ. ئەسڵەن خەون نییە، بەڵکوو سیاسەتە. سیاسەتیش هەلومەرج و
ئیمکانی دەوێ. ئەگەر هەلومەرج و ئیمکانەکەی هەبێ عەمەلی یە. ئەگەر هەلومەرج و
ئیمکانی نەبێ عەمەلی نییە. بەڵام ئەسڵەن خەون نییە، وەختێک ئەو هەلومەرج و ئیمکانە
تیوریزە نەکرێ، لەبەر چاوی خەڵکی دانەندرێ ڕێگاکەی نیشان نەدرێ، بەرنامەکەی بۆ
دانەندرێ ئەو دەمی خەونە. بۆیە دەڵێم ئەو کەسانەی ئەوەی لانسە دەکەن. ئەک ئەوەیە،
واقیعەن وەزیفە ئەوەیە خەونی بە خەڵکی نەفرۆشین باشە ئەگەر توانایی هەیە فەرموو.
ئەگەر توانایی نییە بە باوەڕی من دەبێ فکر لە ڕێگای دیکە بکرێتەوە. مەسەلەی
ئۆتۆنۆمیش ئیشکالاتی زۆرە بەڵام ئەو کەسانەی کە وەدوای ئەوە دەکەون دەبێ وەدوای
ئەوەش بکەون کە جواب ببیننەوە بۆ ئەو ئیشکالاتە.
هێچیان ئەوانە ئەوە نییە کە بڵێن سەد لە سەد وایە و خلاس بوو و هەموو شتێک
لێرە داندراوە، هەمووشتێک مەعلووم کراوە نا نەکراوە,
خاکی: کاک عەبباس
ئێمە ٨ تا ٩ دەقیقەمان ماوە ئەمن یەک پرسیارم هەیە بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ئالوگۆڕ و
کێشانەی لە ئێراندا هەیە وڵاتە ئەکوڵێ بۆ خۆتان ئەزانن هەموو ڕۆژێ مەعلووم نییە چی
لێ دێ و بەرەو کوێ دەڕوا. ئەوەندەی هەڵگەڕێتەوە سەر ڕۆژهەڵاتی کوردستان
مەترسییەکان، خەتەرەکان چییە وە ئەحیانەن فرسەت و هەلەکان چییە؟ چۆنی لێک
ئەدەیتەوە ئێمە ٩ دەقیقەیەک وەختمان هەیە فەرموو.
وەلی: بە باوەڕی من
ئەوەندی کە من دەتوانم لە سەر وەی قسە بکەم ئەوەیە دە دەرەجەی ئەوەڵ دا ئەمن
فکردەکەم هێزە سیاسییەکانی کوردستان دە هەلومەرجی ئەلئان داکە زۆر زۆر حەساسە،
دەبێ لە سەر بەرنامەیەکی مینیمۆم یەک بگرن. موشکیلاتی خۆیان وەلا نێن، پێک بێن، لە
سەر بەرنامەیەکی مینمۆمی عەمەلی کە هەموو باوەڕیان بە ئامانجەکانێتی و هەموو حەول
دەدەن وەدی بێنن لە سەر ئەوە ڕێک کەون. بەڵام ئەو بەرنامەیە دەبێ
تایبەتمەندییەکیشی هەبێ. ئەو تایبەتمەندییە ئەوەیە کە لە لایەکەوە ئەوان هەموو لە
سەر ئەو بەرنامەیەی سوور بن، لە لایەکی دیکەوە بەرنامەیەک بێ کە لە ئێرانێ دا، لە
چوارچێوەی ئێرانێ دا و لە چوارچێوەی ڕۆژهەڵاتیشدا عەمەلی بێ. ئەو بەرنامە مینیمۆمە
ئەساسی یە. چونکە یەک شت هەیە هیچکەس ئەلئانەکە ناتوانێ بڵێ کە حکوومەتی ئێرانێ،
جمهووری ئیسلامی چۆن دەڕووخێ. چون ئێمە ناتوانین بڵێین چۆن دەڕووخێ ناتوانین ئێمە
دەقیقەن بڵێین وەختێکی هاتە پێشێ دەبێ چ بکەین. بەڵام یەک شت هەیە ئێمە ئەگەر
بەرنامەیەکی مینیمۆممان هەبێ لە سەر ئەوەی تەوافوق دەکەین کە ئەو حکوومەتە لە سەر
ئەو بەرنامە مینیمۆمە، لانی کەمە دەبێ حەول بدەین کە رێگەی ڕووخاندنەکەی خۆش
بکەین. یانی هیچ حکوومەتێک بۆخۆی ناڕووخێ، بە باوەڕی من ئەو قسەی لێنینی زۆر دروست
بوو وەختێک گوتی هیچ چینێکی فەرمانەڕەوا بە دەستی خۆی دەست لە حکوومەت ناکێشێتەوە
بەڵام دەبێ کارێک بکرێ کە حکوومەتی بۆ نەکرێ. ئەوە قسەیەکی زۆر دروستە. ئەو
بەرنامە مینیمۆمە چالاکە بۆ هەڵسوران و چالاکی زۆر گرینگە، بەڵام لەبەر ئەوەی ئێمە
نازانین جمهووری ئیسلامی چۆن دەڕووخێ. بۆ وێنە زەمانێک کە لە عێڕاقێیان دا ئەمن
ئاگام لێیە و دەزانم و لە سەر ئەو مەسەلەیە بەحسیش کراوە، بەشێک لە ئۆپۆزسیۆنی
کوردی وەی دەزانی دوای عێڕاقێ نۆرەی ئێران دێ. ئەوە خەون بوو، ئەوە دروست نەبوو،
ئێمە نابێ خەونی ئاوامان بێ. لە سەر بنەمای واقعییەت هەتا ئەو جێگایەی کە ئێمە
دەتوانین بیخوێنینەوە دەبێ ئەو بەرنامە مینیمۆمەی دانێین و لەسەر ئەوە یەک بگرین،
بەرەیەکی یەکگرتووی فەعالی کوردی پێک بێ. مەسەلەی ئیدێئۆلۆژیک نەبێ، مەسەلە لە سەر
ئەو بەرنامە لانی کەمە بێ. یەکگرتوویی کردەوە بێ، یەکگرتوویی فکر بێ. ئەوە کە بکرێ
بە باوەڕی من ئێمە هەنگاوێک چووینە پێشێ. پاش وەی دەبێ لە سەر بنەمای بەرەیەکی
کۆنکرێت لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی غەیری کوردی لە ئێرانێ دەبێ موزاکەراتی ورد دەست پێ
بکرێ لە سەر بنەمای ئەو بەرنامە مینیمۆمە، لانی کەمە. چون ئەو بەرنامەی مینیمۆمە
دەبێ هەم لە ئێرانێ عەمەلی ببێ هەم لە کوردستانێ. ئێمە دەبێ ئەوەی قبووڵ بکەین کە
گۆڕانکاری لە ئێرانێ بە تەنێ بە دەستی کوردان ناکرێ. ئەوە غەیری مومکینە. بەڵام
کوردان دەتوانن بەشدار بن دە گۆڕانکاری دا. کاتێک بەشدار بوون و بەشدارییەکی
فەعالیشیان هەبوو، دەتوانن کەلکی لێ وەربگرن. لەهەلومەرجی ئێستا دا یەکێک لە
ئیمتیازاتی ئەساسی ئۆپۆزیسیۆنی کوردی بە پێچەوانەی ئۆپۆزیسیۆنەکانی دیکە
مونسەجیمترە یەک، دووەمیش ئۆپۆزیسیۆنێکە کە هو-وییەتێکی تایبەتی هەیەو چەکدارە.
یانی چون ئێمە نازانین حکوومەتی ئێرانێ چۆن دەڕووخێ ئەو چەکدار بوونی ئۆپۆزیسیۆنی
کوردی زۆر بە نرخە ئێستا یانی واقیعەن دەبێ ئەو وەزعەی هەڵسەنگێنی و بڵێی. یانی
ئەوە هیچ ڕەبتی بەوەی نییە کە یەکێک کولەن موخالیفی شەڕی چەکداری یە و یەکێک
موخالیف نییە. ئەو قسەیە هیچ لە جێدا نییە. لەجێدا موخالیف یان موافیقی سیاسەتێک
بوون سەد لە سەد، بۆخۆی هەڵەیەکی گەورەیە. شەڕی چەکداری لە هەلومەرجێکدا لەوانەیە
یەکلاکەرەوە بێ، لە هەلومەرجێکدا مومکینە حەیاتی و یەکلاکەرەوە بێ بەڵام وەکوو
ستڕاتێژییەک لەوانەیە زۆر زۆر خراپ بێ. بەڵام ئەوەی دەڵێم ئێستا وەختی ئەوە نییە
کە ئیراد لە شەڕی چەکداری بگیرێ لە کوردستانێ. ئەلئان وەختی وەیە کە بەرەیەکی
یەکگرتوو لە سەر بەرنامەیەکی مینیمۆم و ئەگەر بکرێ، کە ئەوە زۆر گرینگە ستادێکی
نیزامی – پێشمەرگەیی دروست بکرێ.
خاکی: کاک عەبباس
هەر چەند تا ئێستا بڕێک باشتر بووە خەڵک باسی داوخوازە لانی زۆرەکان دەکەن تا لانی
کەمەکان!
وەلی: داوخوازی لانی
زۆر باشە، بەڵام بەرنامەی یەکگرتنی ئێمە دەبێ لانی کەم، مینیمۆم بێ. بزانە ئەو
حیزبانە چ دەکەن لەگەڵ یەکتری. چل ساڵە چیان کردووە. ئەگەر ئەوانە بتوانن لە سەر
بەرنامەیەکی لانی کەم تەوافوق بکەن ئەو دەمی..
خاکی: ئەو لانی
کەمەی کە ئێوە دەیفەرموون ئەکرێ چی تێدا بێ؟
وەلی: هەتا ئێستا
ئەمن هیچ وەخت نەمدیوە ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانێ بۆ وێنە چەند سێمیناران دانێ بڵێ چەند
کەسیش لە دەرەوەی خۆمان بێن لێرە قسان بکەن. بزانین وەزعەکە چۆنە. بۆخۆیان دەبەینی
خۆیاندا قسان دەکەن دەیبڕن و دەیدروون. بە باوەڕی من بەحسی وەی کە ئەو بەرنامەی
لانی کەمە دەبێ چ بێ ئەو بەرنامە مینیمۆمە دەبێ لە وتوێژ و لە دیالۆگی نێوان ئەو
لایەنانە و دە حاڵەتێکی وەک چۆن بەرنامە ساز دەکرێ ئاوا بەرنامە ساز بکرێ.
خاکی: کاک عەبباس
هیوادارم حیزبە کوردییەکان و ئاکادێمیای کورد، ڕووناکبیرانی کورد یا هەڵسووڕاوانی
بە کردەوەی کورد ئەوانە بتوانن پێکەوە لەم هەلومەرجە حەساسە دا بڕێک زیاتر هاوکاری
بکەن شتێکی وا گەڵاڵە بێ کە ئەو بەرنامە لانی کەمەی بۆ هەر لایەنێک هەیە بڵێن ئەوە
لانی کەمەی ئێمەیە لەسەر ئەوە پێکەوە دەتوانین قبووڵی کەین یا قبووڵی نەکەین یا
کار بکەین بۆ ئەوە لەوە کەمتر بۆ ئێمە قابیلی قبووڵ نییە. ئێستا ئەوە دیار نییە
ڕەنگە هەر حیزبێک لە بەرنامەی خۆیدا بیبێ بەڵام هیوادارم ئاکادێمیای کوردیش بێتە
پێشێ، کەسانی وەک جەنابت. بە یارمەتی حیزبەکان خەڵکی کورد بەلانی کەمەوە ئەو شتەی
ببێ. بۆ وێنە ئێمە پێشتر بەرنامەی خودموختاری بووە، پلاتفۆرمی خاڵی ٨ مادەیی بووە،
٢٦ مادەیی بووە بەڵام بۆ هەلومەرجی ئێستا کە شتێک ببێ تاکی کورد بزانێ ئێمە داوای
چی ئەکەین لە هەر ئاڵوگۆڕێک دا؟
وەلی: دەقیقەن،
دیقەتێ بکە مەسەلەن مومکینە یەکێک بڵێ ئەمن فێدرالیزمم دەوێ. فێدرالیزم ئەلئان دە هەلومەرجی ئێستا دا ڕەبتێکی بەو
بەرنامە مینیمۆمە نییە. فیدرالیزم نەوعی حکوومەت، نەوعی دابەشکردنی دەسەڵاتی سیاسی دیاری دەکا، نە ڕەبتی بە سیستمی
ئابووری هەیە، و ڕەبتی بەوەش نییە کە ئەلئانەکە ئێمە بتوانین لەسەری یەک بگرین. یا
ئەویدیکە مەسەلەن دەڵێ ئەمن حیزبێکی مارکسیست – لێنینیستم، باشە حیزبێکی مارکسیستی
لێنینیستی بەڵام با بێین دەگەڵ ئەوی دیکە کە حیزبی مارکسیست – لێنینیست نییە و خۆی
بە ناسیۆنالیستی ئێتنیک دەزانێ ئەگەر ئێمە هەموومان بتوانین دانیشین بەرنامەیەکی
مینیمۆم دروست بکەین کە بەرنامەی یەکگرتن بێ، لە سەر بنەمای ئەوە هێزەکانمان لە
یەل جێگا کۆ بکەینەوە و هەڵسووڕان لە سەر بنەمای ستراتێژییەکی کۆنکرێتی کوردی بکرێ
تەئسیری یەکجار زۆر بە تایبەتی لە سەر وڵاتی دادەنێ.
خاکی: زۆر سپاس کاک
عەبباس گیان. کاک عەبباس ئەو باسە زۆر خۆشە بە داخەوە ئێمە هاتینە کۆتایی ئەم
بەرنامە هیوادارین لە داهاتوو دا فورسەت بێ ئەم بابەتانە زیاتر شی بکەینەوە بە
تایبەتی لەم هەلومەرجە حساسە دا کە ئێران و ناوچەکە و خەڵکی کوردستانی تێدا ئەژین.
من جارێکی تر سپاستان دەکەم بۆ بەشداریتان لەم بەرنامە دا.
وەلی: ئەمنیش سپاسوو
لێ دەکەم
خاکی: بینەران و
بیسەرانی بەڕێزی ڕادیۆ دیالۆگ نەم جۆرە هاتینە کۆتایی ئەم بەرنامەیەش. پێویستە
وەکوو هەموو جارێک گەلێک سپاسی هاوکارانمان کەین بە بێ یارمەتی و دڵسۆزی ئەوان
نەمان ئەتوانی ئەم بەرنامە پێشکەش کەین. ئینترنێتیش بڕێک زەعیف بوو داوای لێبوردن
دەکەم. تا بەرنامەیەکی تر هەر بمێنین بە شادی و سڵامەتی.
تێبینی دەکرێ ویدێئۆی ئەم بەرنامەیە لەم لینکەی خوارەوە دا ببینن.
https://www.youtube.com/watch?v=1_KfWyeopyI
دابەزاندن و بژار: حەسەن قازی
وێبنووسی ڕوانگە
No comments:
Post a Comment