Saturday, June 18, 2022

هەڤپەیڤینی دووەمی مامۆستا ئەمیر حەسەنپوور لەگەڵ کاک جەلیلی گادانی سەبارەت بە ڕاپەڕینی جووتیارانی موکریان. دووشەمە ٣-ی ژانڤییەی ١٩٩٤ ئۆرەبروو، سوێد.


هەڤپەیڤینی دووەمی مامۆستا ئەمیر حەسەنپوور لەگەڵ کاک جەلیلی گادانی
سەبارەت بە ڕاپەڕینی جووتیارانی موکریان
دووشەمە ٣-ی ژانڤییەی ١٩٩٤ ئۆرەبروو، سوێد.
تێبینی: لە کاتی ئەو چاوپێکەوتنە دا کاک نەبی قادری، کاک ڕەسووڵ ئاریایی، کاک محەمەد گادانی،کاک سەلاح گادانی  و حەسەن قازی ئامادە بوون

ئەمیرحەسەنپوور:
ئەمڕۆ ٣-ی ژانڤییەی ٩٤ ە. کاک جەلیل ئەوە باسێکە وردە وردە خەریکە بۆ من ڕوون دەبێتەوە بەڵام هێشتا زانیاری زۆر کەمە سەبارەت بەوەی وەک لە بیرت بێ دەوری حیزب، حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان و حیزبی توودە، دەورێکیان بوو لەو ڕاپەڕینە دا یا نەیان بوو یان ئەگەر بوویانە چۆن بۆ؟


جەلیل گادانی: لە کام ڕاپەڕین دا دەفەرمووی؟
ئەمیر حەسەنپوور: لەو ڕاپەڕینی جووتیاران لە ناوچەی بۆکان و چۆمی مەجید خان و فەیزووڵابەگی و ئەوە دەستی پێ کرد؟

عومەرخانی تیکانتەپە (بابامیری) یەک لە سەرکردەکانی ڕاپەڕینی جووتیاران لە ناوچەی فەیزوڵابەگی 
1927-2007
جەلیل گادانی: ئەوەی واقعییەت بێ لەو هەلومەرجدا کە پاش خەفەقانێکی زۆر بە تایبەتی دوای شەش حەوت ساڵ کە بڵێین لە تێکچوونی کۆماری کوردستان هاتبووە گۆڕێ، ناڕەزایەتی زۆر کۆ ببۆوە وە حەقیقەتیشی ئەوەیە سیستمی پاشایەتی وەکوو مەزهەرێک لە سیستمی دەرەبەگایەتی حاکم بە سەر ئێراندا بوو، دوای ئەو چەند ماوە، ئەو چەند ساڵە هێندێک بەند و بەست لە بەینی دەوڵەت و ئاغاکاندا مەتڕەح بوو. بە تایبەتی بڕێک دەگەڕێمەوە پێشتر لە دەورەی نوخست وەزیری دوکتور موسەدیقدا قانوونێک بە نێوی قانوونی " سەدی بیست " تەسویب ببوو وە ئەو قانوونە ئەوەی دەگەیاند کە لە بەهرەی مالیکانە بەشێک دەگێڕدرێتەوە، سەدی بیست دەگێڕدرێتەوە بۆ حکوومەت و بۆ جووتیاران بۆ وەی کە هەم یارمەتییەکی زیاتر کرا بێ بە حکوومەت لە باری ماڵیاتییەوە وە هەم  بڕێک وەزعی ژیانی جووتیارەکان بۆ ئیدارەی ئوموورات و کاروباری دێهاتەکان دە ئیختیاریان دا بێت. ئەو مەسەلە حەساسییەتێکی زۆری بۆ مالیکەکان ئیجاد کرد و هەر ئەوە بووە باعیس کە دژایەتییەکی دوولایەنە لە لایەن ئەوانەوە بێتە گۆڕێ: یەک دژایەتی لەگەڵ حکوومەتی دوکتور موسەدیق وەکوو کەسێک کە ئەو قانوونەی بە ئیستیلاح بە تەسویبی مەجلیس گەیاندووە وە موجرێتی، دووەم ئەوەی کە جووتیارەکان وەک هەمیشە ژێردەستە بمێنن وە نەتوانن سەر هەڵدەن، نەتوانن لە موقابیل هەر چەشنە تەعەدییاتێکی  مالیکە گەورەکاندا سەر هەڵدەن و ئعترازاتی خۆیان ڕابگەیێنن. ئەو مەسەلە ماوەیەکی دوو سێ ساڵی بوو هەر وا پەرەی دەستاند، بە تایبەتی هێندێک عەناسوری حکوومەتی هەبوون لە مەنتەقە دا موشەخسەن وەکوو سەرهەنگ موزەفەری ئەو زەمان، سەرهەنگ موزەفەری زەنگەنە  کە عونسورێکی دە حەقیقەتدا  ناسالم وە دەعەینی حاڵدا کە پارێزەری بڵێین لە سیستمی سیاسی ئەو دەم دا بەرەی شای بوو وە زۆر موافیقی دوکتور موسەدیق نەبوو، دە عەینی حاڵدا بەند و بەستی خۆی هەبوو دەگەڵ خاوەنموڵکە گەورەکانی مەنتەقە.  ئەو فشار وخەفەقانە گەیشتە جێگایەک دە زیمنی گەشەکردنی مەساییلی سیاسیدا بە خۆشییەوە دەکرێ یادی بکەین دەورەی نوخست وەزیری موسەدیقی ئازادییەکی  نیسبی فەعالییەت و تێکۆشانی سیاسی هەبوو لە هەموو بەشەکانی ئێران لە کوردستانی ئێمەشدا بە دوای تێکچوونی کۆمار دا  کارو باری سیاسی هاتبووە گەشە کردن و دەیتوانی  تەئسیری ڕاستەوخۆی لە سەر بیروبۆچوونی جووتیاران هەبێ وە ئیڕتیباتی موستەقیمی ئەحزاب وە بەتایبەتی ئەو دەم حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان دە حەقیقەتدا وجوودی واقعی هەبوو حەتتا حیزبی توودە گەرچی حیزبی هەرە بە قەوەتی ئێرانیش بوو بەڵام حیزبی دێمۆکڕات، زۆرتر خەڵکەکە بە ناوی حیزبی دێمۆکڕات تەمایولی لە خۆی نیشان دەدا و سازماندەهی کرا بۆوە چەند ساڵ پێشتر وردە وردە توانیبووی دە نێو دێهقانانیشدا  جێی خۆی بکاتەوە لە وریا بوونەوە و لە تەشەکولی واندا تەئسیری زۆر بەرچاوی هەبوو تەزادەکە گەیشتە جێگایەک کە بۆ جووتیارەکان قابیلی تەحەمول نەبوو وە دە حەقیقەتدا مالیکەکان دەیانەویست هەر بە پێی گەز و ڕبەی پێشوو  خاوەنی دەسەڵاتی تام و موتڵەق بن بە سەر هەموو مەوجوودییەتی جووتیاران و قەرەکانی دانیشتووی گوندەکاندا. وە حەقیقەتیش ئەوەیە  پێشتر و حەتتا ئەو زەمانیشی دەگەڵ بێ هێندێک کاری نالەبار ڕووی دەدا کە دەواقیعدا هەم بۆ کورد هەم بۆ بەشەرییەت، بۆ کۆمەڵە وە ئیجتیماعێک کە بییەوێ لە سەر پێی خۆی ڕاوەستێ عەیب و عارێکی گەورە بوو و لە هەموو بوارێکدا حەتتا لە ژیانی خانەوادەگی جووتیاران دەخالەت دەکرا لە لایەن خاوەن دەسەڵاتان و مالیکانەوە. یەعنی خەڵک دەواقیعدا، جووتیاران، مالیکین لە لایەک و ژاندارم کە عامیلی ئیجڕایی لە دێهات بوو وەکوو دوو دوژمنی ئەسڵی خۆی تەماشا دەکرد. ئەو قەزییە ئەوەندە بەرین بۆوە، ئەو تەزادە گەیشتە جێگایەک کە بۆ نەتیجە، بۆ ڕەفعی فشاری مالیکەکان لە سەر جووتیارەکان، جووتیارەکان نەوعێک تەشەکولی تایبەتی سینفییان بە وجوود هێنا؛ مەرکەزی ئەسڵی بۆکان بوو، عیدەیەک لە ئەفڕادی بڵێین خۆشنێوی ئەو زەمان و ئەو کاتی بۆکان کە من دەتوانم ناوی چەند کەسێکت بۆ بەرم  توانیان ئەو نوتفەیە بە وجوود بێنن، یەک لە وانە حاجی قاسمی خەیاتە کە ئێستا لە هەولێر دەژی


ئەمیر حەسەنپوور: ماوە وەک بزانی؟
جەلیل گادانی: بەڵێ هەر ماوە وە کوڕ وکاڵ و نەوە و نەتیجەشی پێ گەیون و ئێستا ژیانێکی باش و لەباریان هەیە و ئەودەمیش وەکوو کەسێکی کە  لە شار دا دەژیا بەڵام تەعەلوقاتی هەبوو دەگەڵ جووتیارەکان هاندەرێکی ئەوە بوو، بەگوڕ بوو و هەر وەکوو عەبڵای ئێرانی بابی ئێرانزادەکان و وەکوو عومەری بابامیری کە خەڵکی دێی کولتەپەی بوو، خۆشی مالیک بوو بەڵام ئینسانێکی ڕەوشەن و بە بیرو باوەر بوو

ئەمیر حەسەنپوور: ئەو لە کوێ بوو؟
جەلیل گادانی: ئەو لە " کولتەپە"ی  فەیزوڵا بەگی دەبوو و هەر وەها عەلی میرە بەگ یەکێک لەو پیاوە باشانە بوو کە دوایی چەند ساڵ زیندانی کێشا لە سەر ئەو مەسەلە. دەستیان دا دەستی یەکتر وە هێندێک بنەماڵەی دە واقیعدا خەباتکار و موباریزیش هەبوون وەکوو بنەماڵەی " لێتان"ەکان کە دوایی  لەو مەنتەقە تەهجیر کران و  دوور کەوتنەوە ئێستا زۆرتریان لە دەوری شنۆ و ئەو مەنتەقە دەژین تەشەکولاتێکیان بە وجوود هێنا و دەستیان کرد بە هێندێک کۆبوونەوە و ئیقدامات و بڕیار دان وە گەیشتە جێگایەک کە دە بەرانبەر مالیکەکاندا راوەستان و ئەو ڕاوەستانە وە بەرنگاری جووتیاران لە بەرانبەر ئاغاکاندا بۆ ئاغاکان قابیلی تەحەمول نەبوو و هەر وەها بۆ زەمامدارانی ئەو زەمانی مەنتەقە. بە تایبەتی سەرهەنگ موزەفەری بۆیە جووتیارەکان لە ڕەشەمەی ٣١ دا [ ١٣٣١-ی هەتاوی] دەستیان دا یەک سیلسیلە ئیقداماتی ئعترازی عەلەیهی مالیکان، مالیکانیش لە جیاتی ئەوەی دابنیشن و قسەیان دەگەڵ بکەن و موشکیلاتی خۆیان حەل بکەن با تەوجو بەوەی کە مەسئوولینی حکوومەتیش پشتیوانییان لێ دەکردن ئەوە کارەیان نەکرد و بە قەهر و ئەوە بوون. هێندێک حەرەکەتی ئعترازی لە لایەن جووتیارەکانەوە لە هێندێک گوندی دەور و بەری بۆکان و چۆمی مەجیدخان کرا بوو بەڵام بە هاندانی عامیلینی ڕێژیم دیسانیش تیکراری دەکەمەوە لە سەرەوەی هەموان موزەفەری کە فەرماندەی تیپی مەهاباد بوو ئەو زەمان، بە دوای حەڕەکەتی ئعترازی جووتیارەکاندا کە حەتتا لە هێندێک شوێن مونجەر بە زەدوخوردی موسەلەحانە و لێکدانی موسەلەحانە بوو دەستیان دا نەوعێک پیلان و تەوتیئە عەلەیهی جووتیارەکان کە تەدریجەن توانیبوویان پەرەی پێبدەن لە دەورو بەری سەقز، لە مەنتەقەی چۆمی مەجید خان زۆر بەرچاوبوو  لە مەنتەقەی محاڵ و شاروێرانیش کە تەقریبەن دەوروبەری مەهاباد دەگرێتەوە و تەزادی تەبەقاتییەکەش زۆر بەرچاو بوو مالیکییەت بە مانای واقعی خۆی لەوێدا هەبوو وە ئاغا حوکمداری ئەسڵی بوو لە هەر گوندێکدا کەوتە خەباتی چەکداری و هێندێک عەناسوور لە هەر تک لا کووژران لە زەدوخوردەکاندا ئەمن ناوی ئەو ئەفڕادەم لە بیر نییە  بەڵام ئەو دەمی دە جەراید و ڕۆژنامەکانی وەخت دا مونعەکیس بوو. بەدوای ئەوە دا کە دیتیان وەزعی مالیکان باش نییە  حکوومەتیش هاوکاری کردن هێرشێکی بەربڵاویان کردە سەر جووتیارەکان و ئەو هێرشە زۆر زۆر بێڕەحمانە بوو وەکی دەگێڕنەوە و ئەو دەمی دە جەڕاید دا مونعەکیس بوو کار گەیشتە جێگایەک کە ئەفڕادیان بە زیندوویی دە چۆم و ئاوان هاویشتووە، سەرەبەهاریش بوو چۆم و لافاو هەبوو و هەر وەها دەستیان دا کۆچ کردن و تاڵان کردن و غاڕەت کردنی گەلێک لەو بنەماڵە جووتیارانە و هێندێک لەو بنەماڵە جووتیارانە ئەو دەم مەجبوور بە  کۆچ بوون حەتتا هێندێکیان بە دەستی بەتاڵ کۆچیان کرد هەموو ئەموال و ئیمکاناتێکیشیان لە لایەن  مالیکانەوە موسادەرە کرا و دەگێڕنەوە دەڵێن منداڵی سەر لانکێشیان بە دم چۆمی داداوە. من بە چاوی خۆم نەمدیوە بەڵام ئەو دەم لە ناو ئەفواهو لە ناو ڕوانگەی خەڵکدا ئەو شتانە دەکوترا، موتەیەسیفانە جووتیارەکان لەو بارە دا بە یارمەتیدانی حکوومەت بە ئاغاکان شکستیان خوارد، بەشێکی زۆریان پەرەوازە بوون، سەرمابردوویی تێدا بوو، دەربەدەری تێدا بوو، ماڵوێرانی تێدا بوو و هێندێکیان دە واقیعدا بۆ ماوەیەک گیران و لە بەندیخانەکانی رێژیم کران کە ئەو چوار پێنج کەسەی ناوم برد [بردن]  لە سەرەوە جوزوی ئەو کەسانە بوون کە گیرابوون وە هەر وەها لە بنەماڵەی ئەفخەمی ش ئەو زەمان دوو سێ نەفەر لەو جەرەیاناتەدا هەبوون کە یەکێکیان ئەگەر ئیشتیبا نەکەم ناوی محەمەد بوو، ئەو دەم جەوان بوو و ئەمن لە زینداندا دوایی لەگەڵ هێندێک لەوانە بوومە ئاشنا کوڕی زۆر باش بوون و بیروبۆچوونی زۆر باشیان هەبوو. هێندێک لەوانە ئێستاش هەر  ماون دە قەیدی حەیات دان بەڵام لە لایەن حکوومەتەوە بە ماوەیەک زیندانی و مەحکووم کران، چەند ساڵێکیش دە زیندان دا مانەوە. ئەو حەڕەکەتە دەو دەمدا بە تایبەتی دوای ئەوەی کە جووتیارەکان دوچاری ئەو وەزعە بوون، مەوریدی غەزەبی مەئموورینی حکوومەتی و ئاغاکان واقیع بوون. حیزبی دێمۆکڕات و بە تایبەتی خەڵکی شاری مەهاباد هیمەتێکی یەکجار زۆر باشیان کرد، کۆمەگێکی زۆریان پێ کردن، گوێستیاننەوە وە حەتتا لە مەقتەعێکدا هێندێک شڕوشاڵات و ئەسباب و وەساییلی ناو ماڵ و گاوگۆلیان کە زەوت کرا بوو لە لایەن ئاغاکانەوە حەولی دا بۆ ئەستاندنەوەی بۆ هێنذیکان بەڵام حەقیقەت ئەوەیە بەشێک لەو مەڕ و ماڵات و ئیمکاناتەی کە زەوت کرا بوو لە لایەن ئاغاکانەوە، هەر خورا و قووت درا و زەوت کرا. دە مەجمووعدا ئەو حەڕەکەتە لە کاتی خۆیدا حەڕەکەتێکی  بەرچاو بوو کە ڕەنگدانەوەشی لە مەتبووعاتی سەرتاسەریدا هەبوو من لە بیرمە ئەو دەممی ڕۆژنامەی " بسوی آیندە " و " شەهباز" هەبوو و هەر وەها ڕۆژنامەی " دهقان" هەبوو لە سەر ئەو مەسەلە بە دوور و درێژی دەیاننووسی، خەبەرەکانیان ڕۆژ بە ڕۆژ دە هەموو ئەو یەک مانگەی دا کە شەڕ و کێشە لەبەینی ئاغا و ڕەعیەتەکاندا هەبوو بڵاو دەکرایەوە و ئەلعانیش ئەگەر لە ئاڕشیڤەکانی بە ئیستیلاح گەورەی ئێراندا ئیمکانی گەڕان هەبێ ڕەنگە ئەو ڕۆزنامانە هەبن بە تایبەتی
لە
ئەمیر حەسەنپوور: " شهباز" پەیدا دەبێ لە سەر دەمی.. شهباز و ڕەهبەر و ...
جەلیل گادانی: بەڵێ، " شهباز " هەبوو، " بسوی آیندە" هەبوو، عەرزی بە حزوورت دەکەم ڕۆژنامەی دێهقانانیش بە تایبەتی هەبوو.
ئەمیر حەسەنپوور: ئەو زۆر زەحمەت وەگیر دەکەوێ.
جەلیل گادانی: بەڵێ، ئاهەنگەر هەبوو، نازانم "چەلەنگەر "
ئەمیر حەسەنپوور: چەلەنگەر

سوڵتانی حاجی باغر ( سوڵتان ئاغای شێخ ئاغایی) 1992-1923
جەلیل گادانی: چەلەنگەر هەبوو ، ئەوانە ئەگەر پەیدا بن ڕەنگە لەو مەساییلە دا هێندێک ئەسنادی زینددو، مەداریکی زیندوو، خەبەری ڕۆژی ئەو کاتی تێدا بێ، قابیلی کەلکن. وە ڕووییهەمڕەفتە ئەو حەڕەکەتە وەک حەڕەکەتێکی بڵێین جووتیاران دژی زۆرداران، دژی دەرەبەگەکان ڕەنگدانەوەیەکی بەرچاوی هەبوو و ئەئسیریشی دەگەڵ ئەوەشدا کە شکستیان خوارد بوو، تەئسیری لە سەر ئیستیحکامی بافتی تەشکیلاتی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان هەبوو و زۆر لەوانە تا ساڵهای دواتریش وەفادار بە ڕێ و ڕێبازی حیزبی دێمۆکڕات بوون و مەمنوونی حیزب بوون و مەمنوونی خەڵکی بە تایبەتی شاری مەهاناد بوون کە لەو کاتدا دەستی برایەتی و دۆستایەتییان بۆ درێژ کردن و توانیان بەشێکی زۆریان لە سەرما و قاتی و قڕی نەجات بدەن و بە ئیستیلاح بیانگرنەوە و لە شوێنی جۆراوجۆر دایانبمەزرێنن. ئەوەی کە من لە بیرمە  لەو ماجەڕایە دا ئەوە بوو. خراپ نییە ئێستا ئەمری خودای کردۆ باسێکی لەو بکەین ئەویش ئەوە بوو دەگەڵ ئەوەی کە مالیکان بەشی زۆریان دەستیان دا بووە دەستی یەک حەقیقەتی ئەوە بوو کە سوڵتانی حاجی باغر، سوڵتان ئاغا کە دانیشتووی دێی " تاڵاو " بوو، بە سوڵتانی شێخ ئاقایی مەشهوورە، بە قەولی مەشهوور بە تەبەقەی خۆی خیانەتی کردبوو و دەگەڵ جووتیارەکان کەوتبوو و هاوئاهەنگییەی زۆر باشی هەبوو و عیدەیەکی زۆریش لە ڕەوشەنبیرانی دێی دەگرتەوە ئەو مەسەلە  کە موتەفیق بوون دەگەڵ جووتیارەکان بەڵام سەرەڕای ئەوەش چونکوو دەخالەتی حکوومەتی ئەو دەمی شا و عەناسوری نیزامی وە فەرماندەکان لە هەموو بەشەکاندا لە تەئییدی ئاغاکاندا بوو موتەئەسیفانە ئەو مەسەلە دەگەڵ شکەست مواجێهبوو بەڵام ئەسەری خۆی دانا و دوای ئەوەی دەکرێ بڵێین ئاغاکانیش بۆ ماوەیەکی مەنفووری خەڵک بوون و هێندێکیان بە تەواوی مەعنا وەکوو قاتڵ و وەکوو پیاوکوژ دەناسران و نەیان توانی جێی خۆیان لە کۆڕ و کۆمەڵدا بگرنەوە. بە هەر حاڵ حەڕەکەتێکی سینفی بەرچاو بوو کە ئەگەر سەرکوت نەکرابایە دەی توانی تەئسیراتی زۆر ببەخشێ لە زۆر شوێن وە لە زۆر جێگای دیکەش. سەرەڕای ئەوەی شکستی خوارد ئینعیکاسی باشی هەبوو لە سەر جووتیارانی هەموو ئێران وە دەنگی دایەوە ئەو قەزییە و بۆیەش ئەو ڕووداوە لەگەڵ ئەوەش کە زۆر بەردەوام و درێژخایەن نەبوو ئەمما وەک ڕووداوێکی هەرچەند لە مەنتەقەیەکی مەحدوود دا بوو بەڵام وەکوو ڕووداوێکی موسبەت وە حەڕەکەتێکی دژی زۆرداری دەکرێ ئەرزیابی بکەین وە هەر لە ساڵی ڕابردوو دا کە سەری ٤٠ ساڵ بوو من لە ڕۆژنامەی " کوردستان " دا مەقالەیەکم نووسیوە یادێکم لەو حەڕەکەتە کردووە کە من تەوسییە دەکەم حەتمەن ئەو شتەی پەیدا بکەن دەگەڵ برادەران و موتالەعەی  ئەویش بفەرموون بۆ وەی کە ڕەنگە ئەو دەم حزووری زێهنم زیاتر بووبێ لە سەر نێوەکان و لە سەر ئەوانە وە ئەوە ئیتیلاعاتی من بوو لەو بارەیەوە کە من ئومێدەوارم موفید واقیع بێ لە تەحقیقاتەکەتان دا.
ئەمیر حەسەنپوور: بەڵێ زۆر باشە. شتێک کاک جەلیل، ئا، ئەوەی کە حاجی قاسم دەزانی ئەندامی چ حیزبێک بووە یان نەبووە؟ چونکە بەعزێک لەو شتانەی کە من دیومە دەڵێن عزوی حیزبی ئێران بووە یا بۆ خۆی زۆر کوتوویەتی کە من پێوەندی نزیکم هەیە لەگەڵ موسەدیق، چۆن بووە ئەوە ئەو دەمی چۆنت لە بیرە؟
جەلیل گادانی: عەرزت بکەم ئەمن دەقیق لە سەر ئەو پێوەندییە ئاگادار نیم، بەڵام ئەوەندەی کە من ئاگادار بم  زۆر دواتریش ئەوان پێوەندییان زۆرتر دەگەڵ حیزبی دێمۆکڕات هەبوو تا دەگەڵ حیزبی ئێران و ئەوانە. پێوەندیشی دەگەڵ موسەدیق ڕەنگە هەبوو بێ چونکە ئینسانێکی ڕەوشەن بوو لەو  هەلومەرجدا  تەنیا کەسێک بووە کە دەگەڵ مەسەلەی بیمە و ئەو مەسەلانە کە لە ئێرانێ تازە دامەزرا بوو دە حەقیقەتدا مەسەلەیەکی تازە بوو لە باری ئیمتیازاتی بڵێین تەئمینییەوە ئاشنا ببوو و ئەو زەمانی ئەو توانیبووی ماڵەکەی خۆی بیمە بکا هەر چەند دەقیق ئاگام لێ نییە  کە داخودا ئەو خەساڕەتەیان بۆ جوبڕان کردەوە دوای ئەوەی کە حەڕەکەتەکە قەوما ماڵەکەیان ئاور تێ بەردا، تاڵان کرا و دەربەدەر بوو بە خاو و خێزانەوە و ئێستاش هەر دەربەدەرن ماڵیان لە هەولێرێ یە ناشی لەو مەسەئەلەیە. گەرچی ئێستا بۆ خۆی تاقەتی کار و بڵێین هەڵسووڕان و ئەوانەی نەماوە بەڵام ڕەنگە وەکوو کوردێکی دڵسۆز هەر هەبێت بەڵام ئینسانێکی وریا بوو  لە سەتحی خۆیدا و تەئسیری تایبەتی خۆی هەبوو. چون هەم ئیمکاناتی ماڵی  باش بوو دە واقیعدا، هەم  دە نێو جووتیارەکاندا لە خۆشەویستییەکی تایبەت  بەرخوردار بوو وە شتەکەش هەر وا ڕەمەکی نەبوو. ئۆرگانیزمێکی ڕێکوپێکیان بۆ خۆیان ساز کرد بوو کە ئەو زەمان ئەو ئۆرگانیزمە زۆر بەرچاو بوو، موهیم بوو. وە بۆیەش حکوومەتیش وا سەریع دژایەتی کردن، تەمەشای کرد شکڵ دەگرن وە ئەگەر شکڵێکی مونەزەم پەیدا بکەن ئەو قەزییە بۆ زۆر مەنتەقە و ناوچەی دیکەی کوردستان وە شایەد لە ئێرانیشدا بتەقێتەوە تەئسیری خۆی دابنێ.
ئەمیر حەسەنپوور: وەک لە بیرت بێ لە دەسپێکردنی ئەو حەڕەکەتە دا حیزبی دێمۆکڕات هیچ دەورێکی بوو یا شتێکی خۆڕسکی بوو؟
جەلیل گادانی: دە واقیعدا ناکرێ بڵێین دەوری نەبوو بەڵام بیر و بۆچوونەکە زۆرتر بیر و بۆچوونی خودی جووتیارەکان بوو وەلی لە بەعزە مەوازعێکدا حیزبی دێمۆکڕات هاوکاری باشی کردن بە تایبەتی لە باری تەبلیغییەوە توانی شتەکە بە شێوەیەکی وەسیع وە بەربڵاو بە جەرایدو مەتبووعاتی ئەو کات ڕابگەیێنی؟
ئەمیر حەسەنپوور: حیزبی توودە چی؟ مەسەلەن ئەمن بیستوومە یەکێک باسی دەکرد دەیکوت من ئەندامی کۆمیتەی جەوانان بووم لە تەورێزێ، دەڵێ لە تەورێزێ تەبلیغی وەی دەکرا سیاسەتی ڕەسمی حیزب بوو کە  موخالەفەتی ئەو حەڕەکەتە بکرێ چون پێیان وا بوو کە مەسەلەی ئینقیلاب لە سەرانسەری ئێرانێ وەدوا دەخا. شتێکی وا ئەتۆ بیستووتە؟
جەلیل گادانی: وەڵاهی ئەمن ئەو مەسەلە بەو شێوەیە نابینم وە ئەو ڕوانگەشم نییە کە ئەو دەم شتی وایان کرد بێ چونکوو ئەو جەراییدەی کە ناوم بردن و ئەو شتانەیان مونعەکیس دەکرد، بە باشیشیان مونعەکیس دەکرد، بە خراپیان مونعەکیس نە دەکرد. زوربەیان ئەو دەم لە ژێر چاوەدێری حیزبی توودە دا دەردەچوون، هەم  "شهباز"، هەم " بسوی آیندە" و هەم ئەو ڕۆژنامەی دێهقانان. جا ناکرێ حیزبێک موخالیفی حەڕەکەتێک بێ بەڵام لە عەینی حاڵدا تەبلیغی بۆ بکا و خەبەرەکانی بڵاو بکاتەوە و بییەوێ موستەقیم و غەترە موستەقیم هانی بدا. لەبەر ئەوە من ئەو شتەم پێ واقعی نییە، پێ دروست نییە.
ئەمیر حەسەنپوور: بۆ خۆت ئەو دەمی لە کوێ بووی؟ لە سابڵاغێ بووی؟
جەلیل گادانی: ئەمن ئەو دەمی لە سابڵاغێ بووم قوتابی دەبیرستان بووم. کلاسی پێنجی دەبیرستان بووم وە تێکەڵاویشم هەبوو لەگەڵ هێندێک لەو عەناسورە. چون هێندێک لەوانە دوایی هاتن لە مەهاباد دانیشتن و ئەمن ساڵی دواتر کە کودەتا عەلەیهی موسەدیق کرا دەگەڵ هێندێک لە وانە وەکوو ئەندامی حیزب، کە ئەندامی فەعالی حیزبیش بوون ئیرتیباتی موستەقیمم هەبوو.
ئەمیر حەسەنپوور: کێهە ئەوانەی کە لە شار بوون؟
جەلیل گادانی: ئەوانەی کە وەکوو جووتیار دەربەدەرکرا بوون و هاتبوونە شار بیلئیجبار لە شار دەژیان. مەلا ڕەحمانی پیرەبابی یەکێک لەوانە بوو، پیاوێکی زۆریش تێکۆشەر بوو خودا عافووی کا دەڵێن مردووە. عەوڵا خەزێم هەر لەو تیپە بوو کە دەربەدەری شار ببوون ئەوانە ئەندامی فەعالی حیزب بوون و زۆریش سادقانە و سەمیمانە لە مەقتەعێکدا کارو تێکۆشانیان هەبوو. و تووشی زیندان بوون.
ئەمیر حەسەنپوور: خەڵکی کوێ بوون؟
جەلیل گادانی: عەوڵا خەزێم خەڵکی بۆکان یا دەوروبەری بۆکان بوو. مەلا ڕەحمانیش خەڵکی دێهاتی چۆمی مەجیدخان بوو و دوایە هاتبوون لە شار دەژیان. دیارە زۆری دیکەش هەبوون کە ڕەنگە ئەمن نەیانناسم یا لە بیرم نەبێ بەڵام ئەوانە گیرسانەوە و ساڵهای سالیش هەر لە شار ژیان ڕەنگە ئێستاش  لە نەتیجەی ئەو تەهجیرە دا  هەر وا مابنەوە لە شاری مەهاباد یا ئەگەر بۆخۆیان نەماون بنەماڵەکانیان هەن. یا ڕەحیم کۆمەڵە مەسەلەن یەکێک لەوانە بوو خەڵکی قەمتەرەی بوو هەر بەو شێوە لەو جەرەیانەی دا فەعال بوو دوایە هاتبوو لە مەهاباد مابۆوە عوزوی فەعالی حیزب بوون ئەوانە کە ئیرتیباتی تەشکیلاتیم دەگەڵیان هەبوو وە شانەی حیزبی بوون ئەوانە.
ئەمیر حەسەنپوور: بۆ خۆت ئەو دەمی لە ئاخری ساڵی مەسەلەن زستانی ٣١ و دوایە بەهاری ٣٢ کە ئەو حەڕەکەتە بووە ئەو دەمی خۆت لە حیزب دا بووی و جەلەسە و شتی واتان بوو؟
جەلیل گادانی: بەڵێ ئەمن لە حیزب دا بووم ئیرتیباتی موستەقیمم هەبوو،حەتتا لە بەشی لاوان و بەشێکیش لە بازاڕ بەرپرسیارەتیم هەبوو. دەگەڵ چەند شانەیەکیش لە خودی بازاڕ دا ئیڕتیباتم هەبوو کارم دەکرد دەگەڵیان.
ئەمیر حەسەنپوور: مەسەلەن باسی ئەو حەڕەکەتەی دەکرا؟
جەلیل گادانی: باسی ئەو حەڕەکەتەی زۆر بە جوانی دەکرا، زۆر لە پشتیوانی خەڵک دە واقیعدا بەرخوردار بوو ئەو حەڕەکەتە وە شتەکە ئەوە نەبوو کە بشارێتەوە. زوڵم و غەدرێکی کە ئەو دەمی مالیکین بە تایبەتی مالیکینی عومدە دەیانکرد لە جووتیار و بڵێین ڕەنجبەرانی  دێ ئەسڵەن قابیلی تەحەمول نەبوو دە حەقیقەتدا. من چەند ساڵ دواتریش کە یەکێک لە ساڵەکان، ساڵی ٣٨ کە گیرام من لە بازجوویی خۆمدا نزیکەی ٨٠ نەوع باج و خەڕاجی مالیکانە کە تەحمیل دەکرا بە سەر جووتیاران و دانیشتووانی دێ دا ناوم بردووە کە ئەوە تەقریبەن بێجگەلە هەموو بە ئیستیلاح سەهمییەی حاسڵات کە مالیک وەری دەگرت. لە بوارەکانی دیکەشدا هەر بەو شێوە زەختی دەخستە سەرێ و هێندێک وەخت زۆر بە ئاشکژا جەریمەی نەغدییان دەکردن. ئەموالیان موسادەرە دەکردن.
ئەمیر حەسەنپوور: بێگاری
جەلیل گادانی: بێگاری کە هیچ، حەتتا هێندێک وەخت تەساحوبی بووکی یەک شەوە و تەعدای نامووسی لە جووتیاران مەتڕەح کرا.
ئەمیر حەسەنپوور: شتی وا بووە؟
جەلیل گادانی: وابووە بێ شك
ئەمیر حەسەنپوور: شتێکی وا لە ئوڕووپایە بووە و لە مەنتەقەی ئێستای کە کوردستانی تورکییەیە. لەوێش بووە جا ئیتیفاقەن دەمەویست ئەوەی بزانم. بیستووتە شتی وا کە بووبێ لە وڵاتی مە کە.
جەلیل گادانی:  وەڵا من بێ شک بیستوومە و بێ شکیش هەبوو بەڵام ئێستا وەکوو نموونەی زیندوو ئەگەر بڵێم لە بیرمە حەقیقەتی ئەوەیە ئەلعان لە بیرم نییە چون بۆ خۆت دەزانی سالهای ساڵ لەوە گوزەراوە ڕەنگە پێش ئەو دەورەش زۆر شتی دیکە بووبێ دیارە فەرقی دەکرد لە مەناتیقی جۆراوجۆری کوردستان مەسەلەن لە مەنتەقەی مەنگوڕان و گەورکانیش مەسەلەی ئەرباب و ڕەعییەت مەتڕح بووە، مەسەلەی ئاغا و جووتیار وە ئاغا و قەرە هەبووە، ئەمما شتەکان فەرقیان هەبوو لە هێندێک شوێن وە لە هێندێک بنەماڵەی ئاغاوەتدا ئاغەیەتی و مالیکییەت نەوعێک خودایی بوو وە دە واقیعداخاوەنی قودرەت و دەسەڵاتی تەواو بووە بە تایبەتی لە مەنتەقەی بۆکان، لە مەنتەقەی بڵێین شاروێران و ئەوانە لە لایەن مالیکانی عومدەوە دیارە هەرچی بۆ سەرتریش چووبای کە مالیکییەتەکە گەورە دەبوو لە مەنتەقەی سنە و ئەوانە ئەو شتە زۆر زۆر بەرچاو بووە. بەرچاوتر حەتتا نەوعێک حاکمییەت بووە دە حەقیقەتدا. بێجگە لەوەی کە مالیک بۆ خۆی ئەو کارەی کردووە، هەر مالیکەی چەندین کوێخای هەبووە کە بە سەر دێ و دێهات دا گەڕاون و بڵێین ئاغای چووکتر لە ئاغای ئەسڵی بوون بەڵام لە هێندێک مەنتەقەش وەکوو مەنگوڕایەتی وە گەورکایەتی، بە تایبەتی مەنگوڕایەتی ئەو تەزادە فەوقولعادە کەم بووە، تەفاهومەکە زیاتر بووە وە تەعەدییاتی ئاوا بەرچاو نەکەوتووە، وەبەرچاو نەهاتووە چون ئەرزەکەش دەو حەد و حدوودەی دا نەبووە کە مالیکین ئێحساسی خودایی بکا وە نەوعی مالیکیەتەکە فەرقی کردووە گچکەتر بووە، مەسەلەن لە مەنتەقەی پیرانشەهر دە نێو مامەشان دا هێندێک بنەماڵە هەبوون لە ئاغاوەت دا کە حاکمی مەحزی مەنتەقەکە بوون و بەبێ ئیجازەی وان و بە بێ پرس و ڕای وان هیچ کەس نەیدەتوانی حەڕەکەتێ بکا وە لە هێندێک شوێن حەتتا ئەگەر ویستبێتیان بۆ کوڕەکانیان ژن بێنن دەبوو حەتمەن پرس بە ئاغا بکەن و ئاغا ڕازی بێ. یا کوێخایەکی کە ئاغا دایناوە ڕازی بێ وە پادەرمیانی بکا بۆ قەزییەکە بۆ وەی کە مەسەلەکە لە سەر ڕوانگەی وان جێ بەجێ بێت. ئەو شتانە هەبوون وە دیارە لە زەمانی کۆماری کوردستانیشدا ئەو مەساییلە میقدارێک هەبووە بەڵام ڕووحی تەفاهوم و برایەتییەکە  دە مەقتەعێکدا ئەوەندە سەمیمانە بوو  کە تەقریبەن ئەو ئێش و ئۆفی بڵێین چەوسانەوە لەبەر هەستی کوردایەتی زۆر  هەستی پێ نەدەکرا. وە بە تایبەتی لەو بوارەش دا هەر چەند قەرار بوو هەنگاو هەڵێنرێتەوە بەڵام هەنگاوێک بۆ تەعدیلی زەویوزار بە پێی ئەو بڕیارانەی کە ئەو دەمی حیزب دەری خستبوو ئەو جۆرەی کە پێویست بوو بە جێ نەدەگەیشت وە بەجێ نەگەیشت. یا مەسەلەن لە ئازەربایجان مەسەلەن ئیقدام بۆ ئیسلاحاتی ئەرزی و شتی وا کرا بەڵام لە کوردستانی هیچ هەنگاوێک بۆ ئەو قەزییەی هەڵنەهێندراوە. ئەوە مەجمووعەی ئیتیلاعاتێک بوو کە لەو بارەیەوە من هەمبوو جا هیوادارم ئەگەر وتارەکەشت خوێندەوە مەجمووعی ئەو دوانە پێکەوە تەلفیق بکەی و شتێکی موفید بێ بۆ تۆ لە داهاتوو دا بتوانی کەلکی لێ وەرگری.
ئەمیر حەسەنپوور: وەڵا مقالەکەی ئەلئان دەپرسم بزانم برادەران ئەگەر بمدەنێ، زۆر مەمنوون
جەلیل گادانی: داوای لێبوردنیش دەکەم لەو کەسانەی ڕەنگە نەقشی زۆر موهیم و ئەساسییان هەبوو بێت لە حەڕەکەتی دێهقانیدا بەڵام ئەمن ناوەکانم لە بیر نەماوە.
ئەمیر حەسەنپوور: جا دیارە خۆ ئینسان هەموو شتێکی لە بیر نامێنێ. بەڵام کاک جەلیل وەک ئەوەی ئەگەر لە بیرت بێ مەسەلەن لە کۆبوونەوەکانی حیزبدا دەو وەختیدا، لەو مودەتەی ئەو ڕاپەڕینە بوو هیچت لە بیرە کە چۆن تەسمیموو گرت کە یارمەتی بدەن بە حەڕەکەتەکە، کێ مەسەلەن مسئوول، کەس مەسئوول بوو کە ئاگای لێ بێ و یارمەتی بدا و لە باری ڕێکخراوەیی و وەکی دی. شتی وا بوو؟
جەلیل گادانی: وەڵاهی شک دەوەیدا نییە  کە شتی وا بوو و ئەمە ئەودەمی لە حیزبدا بەشێک هەبوو کە بە کاروباری دێهقانی ڕادەگەیشت. وە ئەو کۆمیتە دە حەقیقەتدا هیدایەتی ئەو مەوزووعەی دەکرد. بەڵام ئەگەر بڵێم موشەخەس دە حەقیقەتدا هەمووی خۆمان لە سەتحی سەرەوە هەتا خوارێ وەک ئەرک بۆ ئێمە مەتڕەح بوو یارمەتیدانی ئەو خەڵکە بەهەر شێوەیەک بۆمان دەکرێ و بۆ مان دەلوێ. وە هەر ئەوەش بوو کە هەر زوربەی وانە هاتنە شاری مەهاباد دەگەڵ ئەوەشدا کە خۆیان زیندانی بوون و ماڵ و منداڵیان لە دەرێ بوو دوای ئەوەش ساڵهای ساڵ هەر لە مەهاباد ماونەوە و ئێستاش هەر لەوێ هەن بە خۆشییەوە کوڕ و کچیان پێ گەیون و ڕەنگە ئەلئان بتوانن نەقشی بەرچاویشیان لە  کۆمەڵ و ئیجتیماعی ئەوڕۆی مەهاباد و دەوروبەری مەهاباد دا هەبێ.
ئەمیر حەسەنپوور: مەسەلەن کۆمەکی ماڵی و شتی واو بۆ دەنارەدن؟
جەلیل گادانی: بەڵێ کۆمەک لە خەڵک وەردەگیرا.
ئەمیر حەسەنپوور: لە خەڵکی شاری؟
جەلیل گادانی: کۆمەک لە خەڵکی شاری وەردەگیرا و بە ئاشکرا کۆمەکیان بۆ خڕ دەکراوە. بە پێچەوانەی مەیل و بۆچوونی حکوومەت و مەئموورینی حکوومەتی کە دژی ئەو قەزییە بوون لە ئەساسدا وە پێیان وابوو دەگەڵ ئەو مەسئەلە دەبێ زیدایەتی بکەن بە هەموو توانای خۆیانەوە خەڵک بە دڵئاواڵەییەوە کۆمەک و یارمەتی دەدا چ جنسی چ نەغدی بۆ ئەوەی کە کۆمەگیان بکەن خۆیان بگرنەوە. جا ئەو کۆمەکە لە مەرکەزێک خڕدەکراوە و دوایی بە تەرتیبی پێویست و بە گوێرەی ئیحتیاج لە بەینیاندا تەقسیم دەکرا.
ئەمیر حەسەنپوور: مەسەلەن کەسێک هەبوو لە حیزب هاتووچۆی دێهات بکا؟
جەلیل گادانی: ئەو دەمی هێندێک تیپ هەبوون هاتووچۆیان دەکرد بۆ دڵدانەوەیان، ئەوانەی کە لە دێهات مابوونەوە بەڵام جێگا و ڕێگایان گۆڕیبوو. وە هەر وەها مەسئوولی کاروباری تەشکیلاتی لەهێندێک لەو مەناتیقە هەبوو ئەو زەمان و ئەو حەڕەکەتە ڕاستەوخۆ لە ژێر چاوەدێری دابووە و بەتایبەتی هاوکاری کردوون بۆ ئەوەی کە بتوانن زووتر خۆیان لە تەنگناکە خڵاس کەن و تووشی تەلەفاتی زیاتر نەبن یا تووشی زەرەر و زیانی زیاتری ماڵی نەبن.
ئەمیر حەسەنپوور: لە وانەی نێوت بردن هیچیان  ئەندامی حیزب بوون؟ عەوڵا ئێرانی و ئەوانە؟
جەلیل گادانی: عەرزم بە حزوورت دەکەم وەڵاهی زوربەی زۆری لە وانەی کە نێوم بردن من پێم وایە ئەگەر ئەو دەمیش عوزوی حیزب نەبووبن دوایی بوونە عوزوی حیزب و هاوکاریان دەگەڵ حیزب بووە. وە هێندێک لە وانە چەندین جار دوای ئەو مەسەلەیەش گیراونەوە لە سەر حیزبایەتی و کاری سیاسی. هەتا هێندێکیان دارکاری و شکەنجەش کراون.
ئەمیر حەسەنپوور:  حیزبی توودە فەعالییەتێکی نەبوو؟
جەلیل گادانی: حیزبی توودە دە حەقیقەتدا بەشێک لەو فەعالییەتەی بە فەعالییەتی خۆی دەزانی چون پێوەندی حیزبی دێمۆکڕات و حیزبی توودە پێوەندییەکی زۆر زۆر تەنگاتەنگ بوو کە حەتتا من شەخسەن لە ڕوانگەی خۆمەوە پێم وا نەبوو وە ئیعتیقادیشم بەوەی نەبوو بەڵام هێندێک پێیان وا بوو کە ئەو ئیرتیباتە ئیرتیباتێکی ئەوتۆیە کە حیزبی دێمۆکڕات کەوتۆتە ژێر سێبەری حیزبی توودە بەڵام وەڵا بیروبۆچوون و هەستی ئەغڵەبی ئەعزای حیزب  لە جیهەتی کوردایەتی و حیزبایەتی  بۆ میلەتی خۆیان و بۆ گەلی خۆیان زۆرتر دەچۆ پێشێ، بەڵام هەبوون  هێندێک عەناسوریش کە موتالەعاتی  بڵێین زۆریان هەبوو وە هێندێک بیرو بۆچوونی تایبەتی ئیدێئۆلۆژیکیان لە جیهەتی حیزبی توودە دا پەیدا کرد بوو. ئەوانەش هەبوو، چون حیزبی توودە هەر لە قەدیمەوە حەولی داوە کە حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان بێنێتە ژێر سەیتەرەی خۆیەوە ئەگەر بکرێ بە عینوانی شوعبەیەک و بەشێک لە حیزبی توودە وەکوو فیرقەی دێمۆکڕاتی ئازەربایجانی لێ بکات ببێتە بەشێک لە حیزبی توودە وە بە عینوانی حیزبێکی موستەقیل نەمێنێ. ئەو حەول و کۆششە هەتا ساڵانی دواییش ئیدامەی هەبوو و حەتتا پسانەوەی ئەو گرووهی ٧  کەسی کە لە حیزب جیا بوونەوە لە کاتێکی زۆر حەساس و عاستەمیشدا دە واقیعدا بەو ڕاستایە  دا بوو دە ئیمتیدادی ئەو سیاسەتە نادروستە دا بوو کە موتەئسیفانە حیزبی توودە دژی حیزبی ئێمە هەمیشە بوویەتی. زۆر جار بە ئاشکرا لە مەسئوولین داوا کراوە کە وەرن ئەو کارەی بکەن، حەتتا ئێعلامییە دراوە لەو ڕابیتەی دا.
ئەمیر حەسەنپوور: لە بیرتە لە " شاروێران" فەعالییەتێک بووبێ ئەو زەمانی بۆ حەڕەکەتی جووتیاران کە بوو یا هەر لە بۆکانێ بوو؟
جەلیل گادانی: نەخێر هەر لە خودی شاروێران و لە خودی محاڵی بڵێین حەتا شازدە کە خوارترە لە شاروێرانیش لەوانەشدا هێندێک عەناسوری فەعال و بەرچاو هەبوون.
ئەمیر حەسەنپوور: بەڵام شتێکی وا،  کاری وەک " فەیزوڵابەگی " و ئەوە مەسەلەن ئاغایان وەدەر نابێ لە دێ و ئەو شتانە بوو لە ناوچەکەدا؟
جەلیل گادانی: وەڵاهی شتێکی وام لە بیر نییە لە بارەی وەدەرنانی ئاغاو ئەوانەوە بەڵام بەرخوردەکە لەوێش حاد بوو، بەرخوردەکە لەوێش حاد بوو. خودی ئەو سوڵتانی حاجی باغر کە عەرزم کردی ئەو بۆخۆی نە لە چۆمی مەجیدخان بوو نە لە بۆکان بوو. لەو بەشەی شارویران کە " تاڵاو " یش دەگرێتەوە یا شایەد لە باری جوغڕافیاییەوە لە سەر مەنتەقەی " شازدە " بێ. ئێستا محاڵی شازدە لەو مەنتەقە دا فەعالییەتیان دەکرد.
ئەمیر حەسەنپوور: سوئالێکی دی ئەوەیە لەو بەعزێک لەو گوزاریشانەی کۆنسوولی ئەمریکایە لە تەورێزێ شتیان نووسیوە سەبارەت بەوە و ئێستا ئیدی لە بەر دەستان دایە. زۆر تەئکید لە سەر وەی دەکەن دەڵێن ئەسلەحە زۆر بووە لە ناوچە دا و پێیان وا بووە دەستی دەوڵەتی شووڕەوی تێدایە
جەلیل گادانی: ئەو زەمان؟!
ئەمیر حەسەنپوور: هەر لە زەمانی ئەو حەڕەکەتەی. ئەو دەمی واقیعەن وا بووە مەسەلەن ئەسلەحە، تفەنگ و نازانم ...
جەلیل گادانی: ئیتیفاقەن ئەگەر ئەسلەحە بە ئەندازەی کافی هەبایە موتمەئینن ئەوان سەر دەکەوتن. چون تێعدادی جووتیاران زۆر زیاتر بوو لە ئاغاکان و خەڵکیش پشتیوانی دەکردن، شارەکانیش حەتا پشتیوانی دەکردن، هێندێک لە وانە وەکوو عەرزم کردی وەکوو عەوڵای ئێرانی وەکوو حاجی قاسم خۆ دانیشتووی شار بوون خۆ دانیشتووی دێ نەبوون
ئەمیر حەسەنپوور: وا بوو لە بۆکانی بوون
جەلیل گادانی: وە پشتیوانیان دەکرد، یا حیزب بەشی هەرە زۆری لە ئەعزا و ئەندامانی لە شار دادەنیشتن بەڵام پشتیوانیان لەو حەڕەکەتە دەکرد و دواییش دەستی یارمەتییان بۆ درێژ کردن بۆ ئەوە کە بتوانن ئەوە بکەن. ئەوە شتێکی کامیلەن درۆیە وە بە هیچ شێوەیەک ئەساسی نییە.
ئەمیر حەسەنپوور: زۆر مەسەلەن موهیمیان کردووەتەوە، کە لە میاندواوێ هەیە، لە سابڵاغێ هەیە.
جەلیل گادانی: دەبێ ئەوە ببێ چونکوو ئەوە تەبیعی بە نەزەر دەگا بە نەزەری من بۆ سیاسەتی ئەو دەمی ئەمریکا و کۆنسوولگەرییەکانیان و سەفاڕەتیشیان لە تاران ڕەنگە ئەوەی مونعەکیس کرد بێ دەلیلیشی ئەوەیە کە  دوکتور موسەدیق بە حەڕەکەتی خەلعی یەد لە ئینگلیز کە ئەنجامی دا دەحەقیقەتدا دژایەتییەکی ڕاستەوخۆ، بەربەرەکانییەکی  ڕاستەوخۆ دەگەڵ ئەمریکاش بوو. وە ئەوان بە هیچ شێوەیەک حەزیان  نەدەکرد ئەو دەمی حکوومەتێکی موتەرەقی یان ئینسانێکی موتەرەقی وەکوو دوکتور موسەدیق لە سەر کار بێ  کە چ لە زەمینەی نەوت دا چ لە زەمینەی سەنعەتی دا بۆ کارگەران و زەحمەتکێشان و چ بۆ رعایەتی حاڵی جووتیاراندا هیندێک هەنگاوی موسبەتی هەڵگرتەوە کە لە نەوعی خۆیدا تا ئەو دەمی سابیقەی نەبووە. بۆیە زۆر تەبیعی یە ئەوان بۆ وەی کە دوکتور موسەدیقی موتەهەم بکەن نیهایەتەن وەکوو نوخست وەزیر وە دیفاعی ناڕاستەوخۆیان لە شا وە عومالی شای کردبێ دەبوو شتێکی وا بڵێن بەڵام ئەوە ئەسڵ و ئەساسی نییە.
ئەمیر حەسەنپوور: زۆر مەمنوون کاک جەلیل چیدی ماندووت نەکەم.
جەلیل گادانی: خاهیش دەکەم.
ئەمیر حەسەنپوور: کاک محەمەد [ گادانی] ئەتۆ دەتەویست شتێک بڵێی فەرموو



محەمەد گادانی: وەڵا لە سەر ئەو مەسەلەی کە باس کرا، لە سەر جووڵانەوەی جووتاریان، جووتاریان لە وانکێ، لە مەنتەقەی بۆکان و ئەوانە تا ئەو جێگایەی کە ئەمن لە بیرم بێ ئەو وەختی کۆمیتەیەک هەبوو بە ناوی " کۆمیتەی دێهقانان" کە کاک سوڵتانی شێخ ئاغایی یا  بڵێین سوڵتانی حاجی باغری وەک لە بیرم بێ ئەو بەرپرسی ئەو کۆمیتەیەی بوو وام لە بیرە. ڕۆزنامەیەکیش هەبوو بە نێوی ڕۆزنامەی " دێهقان" کە ئەوە بە وەسیلەی شەهید قادر شەریف و کاک ئەسعەدی خودایاری کە لە ڕاستی مەیدانی مەنگوڕان دەکەیەکیان هەبوو ئەو ڕۆزنامەی " دێهقان" و " بسوی آیندە" و " چلنگر" و ئەوانە قاعیدەتەن دەهاتن بۆ لای ئەوان و ئەوان دەیان دا بە هێندێکیان بۆ خۆیان دەفرۆشت کە دەگەڕان دەگەڵ کاک ئەسعەدی لە نێو بازاڕی وە ئی دێهقانانیان قسمەتێک کە لەوێ دا دەنا بۆ فرۆشتنێ باقی دیکە بۆ هێندێک لە شاگردەکان، شاگرد مەدرەسەییەکان کە دەتوانین بڵێین ئەو دەمی سەربە یەکێتیی لاوانی حیزبی دێمۆکڕات بوون یا لایەنێکی دیکەشی مومکینە دەگەڵ بێ، ئەو وەختی موشتەڕەک بووین دەگەڵ حیزبی توودە،تەقریبەن واقعییەتەکەی ئەوە بوو. دەیانداینێ دەمان برد لە مەدرەسەی بە دزی دەمان دا بە شاگردەکان کە ئەوەی بخوێننەوە وە ئەگەر دێهاتی و شتی واو دێتە ماڵێ یا ئەگەر ئێوە ڕێتان لە دێهاتەکان دەکەوێ ئەوشتانەیان بۆ ڕوون کەنەوە کە دەبێ ئەوانە حەڕەکەتێکیان هەبێ وە بجووڵێنەوە وە بەرعەلەیهی مالیکین قیام بکەن. جا هەر لەو فەسڵەشدا کە ئەوە دەکرا هێندێک لە مامۆستایانی ئەو وەختی کە کاک جەلیل نێوی یەک دوویێکیانی برد لە موساحەبەکەی پێشوو دا واقعییەت ئەوە بوو ئەوانە زیمنی وەی کە موزاحیمی ئەو کارە دەبوون حەتتا ئەگەر بۆیان کرابایە هێندێک ئیتیلاعاتیشیان دەدا بە حکوومەتی ئەو وەختی کە ئەوانە ئەو کارانە دەکەن بۆ وەی کە لە مەدرەسە ئیخراجیان بکەن. لەوە زیاتر ئەمن شتێکی دیکەم نییە.

سوڵتانی حاجی باغر ( سوڵتن ئاغای شێخ ئاغایی)
حەسەن قازی: ڕۆژنامەکە نێوی چ بوو فەرمووت؟
محەمەد گادانی: ڕۆزنامەی " دێهقان"
حەسەن قازی: دێهقانان یا دێهقان؟
محەمەد گادانی: دێهقانان
حەسەن قازی: دێهقانان؟
محەمەد گادانی: نا " دێهقان"
حەسەن قازی: بە فارسی؟
محەمەد گادانی: بە فارسی دەنووسرا
ئەمیر حەسەنپوور: ئەو ڕۆزنامە چی دەنووسی سەبارەت بە حەڕەکەتەکە، لە بیرتە"
محەمەد گادانی: وەڵا فەقەت ئەوەندەی ئەمن لە زێهنم دا بێ چون ئەو وەختی زۆر لەو مەساییلانە دا وارید نەبووم بەڵام هەر هێندێک کاریان پێ دەسپاردین ئەوە بوو کە تەبلیغ بکەین لە سەر وەزعی وەی کە دەبێ ئەو کەسەی کە لە سەر زەمین زەحمەت دەکێشێ دەبێ کارێکی وا بکەین کە زەمینەکە بە خۆی بگا، ئەو زەڕاعەتەی کە لێی بەرداشت دەکرێ بۆ خۆی بێ، زەحمەتەکانی ببێتە بەهرەیەک بۆ خۆی و بۆ ئەو کەسانەی کە زەحمەتی لە سەر دەکێشن وە دە زیمندا ئەو ڕێژیمی ئەرباب و ڕەعییەتی کە لەدوایە دا بە قەولی خۆیان  بەرکەنار کرا و ئەوانە، تەبلیغەکە بۆ ئەوەی بوو کە بە ڕاستی مەسەلەی ئەرباب دە گۆڕێدا نەمێنێ و هەر کەس ببێتە خاوەن زەوی خۆی و لە سەر زەمینی خۆی کار بکا. ئەوەندەم ئەمن لە سەر ئەو  مەسەلەی ئیتیلاع هەیە، ئەوەندەی وەبیرم بێ.
ئەمیر حەسەنپوور: دەی کاک حوسێن ئەتۆش مەتڵەبێکت هەبوو؟
حوسێن ... : ئەمن ئامادەگیم نییە بۆ شتێکی وا.
ئەمیر حەسەنپوور: زۆر زۆر مەمنوون
جەلیل گادانی: ئەو دەمی بەڕەحمەت بێ بابی کاک حوسێنی لە شاروێرانی یەکێک لە فەعالینی زۆر بەرچاوی حیزب بووە.
دەنگێک: ئەی ...
جەلیل گادانی: ئەویش لە فەعالین بوو عوزوێکی زۆرباشی حیزبیش بوو.
حەسەن قازی: ئەی مەلا عەوڵای موشیرابات
جەلیل گادانی: نازانم لە بیرم نییە.
حەسەن قازی: دەگەڵ ڕەسووڵ تارانی
جەلیل گادانی: بەڵێ ئەوان زۆر فەعال بوون

نەبی قادری: سوڵتان قۆیتاس ...
دەنگێک : ئەو دەمی کاک کەریم  [ حیسامی ] عوزوی حیزب بووە؟
جەلیل گادانی: عوزوی حیزب بووە بەڵام لە نەغەدە بووە ئەو دەم. ئەو دەم نەهاتبووە شاری

دوایی نەوار...
 

  
پەیوەست

ماڵاوایی کردن له‌ کاک حه‌مه‌ده‌مینی ئه‌حمه‌دپوور
نێوی کاک حه‌مه‌ده‌مینی ئه‌حمه‌د پوور له‌ مێژووی ڕاپه‌ڕینی وه‌رزێرانی موکریان تۆمار کراوه‌ . له‌و ڕاپه‌ڕینه‌ دا، هه‌زاران وه‌رزێری زۆڵم لێکراو، بۆ ماوه‌ی چه‌ند مانگان کۆت و زنجیری کۆیلایه‌تییان پساند و بۆ داهێنانی دنیایێکی عادڵانه‌ که‌وتنه‌ گۆڕه‌پانی خه‌بات. کاک حه‌مه‌ده‌مین و زۆر تێکۆشه‌ری دی وه‌ک کاک برایمی لێتانی و بنه‌ماڵه‌که‌ی ئه‌و راپه‌ڕینه‌یان وه‌ڕێ خست و راپه‌ڕینه‌که‌ش ئه‌وانی وه‌ کڵپ و هۆڕ خست. راپه‌ڕین سه‌رکوت کرا و ئاغا و ده‌سته‌وده‌یاره‌که‌ی له‌ سه‌رما و ته‌ڕوقوڕیی سه‌ره‌تای به‌هارێ وه‌ده‌ریان نان و تاڵانیان کردن. ماڵباتی کاک حه‌مه‌ده‌مین له‌ گوندی حاجی حه‌سه‌ن، له‌ شاماتێ، له‌ لای میاندواوێ بوو. چه‌ند ساڵ له‌وه‌ی پێش کاک حه‌مه‌ده‌مین ئاوا باسی ئه‌و رووداوه‌ی کرد:

ماڵه‌که‌میان له‌ به‌ر ده‌رکی مزگه‌وتی کۆنه‌ میاندواوێ فڕی دابوو، له‌وێ حه‌جه‌مان ماڵیان ئاوه‌دان بێ دوو پیاو هاتن که‌ نێویان مه‌شه‌دی حه‌سه‌ن و مه‌شه‌دی حوسێن بوو، ماڵه‌که‌میان برده‌ ماڵه‌ خۆیان له‌ مدبه‌قی خۆیان کورسیان دابوونێ به‌ گه‌رم و گوڕی دایان نابوون...

به‌ڵام کاک حه‌مه‌ده‌مین قه‌ت سه‌ری بۆ زاڵمان دانه‌نه‌واند. دوای سه‌رکوت کرانی راپه‌ڕین و کوودێتای 28ی مورداد، درێژه‌ی به‌ خه‌بات دا و له‌ 1347 دا گیرا و بۆ ماوه‌ی چوار سال حه‌فس کرا. کاک حه‌مه‌ده‌مین له‌ زیندان و ده‌ره‌وه‌ی زیندان فێره‌ خوێندن و نووسین بوو و هه‌م به‌ کوردی و هه‌م به‌ فارسی شتی ده‌نووسی. زۆری پێ خۆش بوو فێری زانست بێ و باشتر له‌ دنیایه‌ تێ بگا. ئه‌و باسانه‌ی کاک حه‌مه‌ده‌مین سه‌باره‌ت به‌ راپه‌ڕین و رووداوه‌کانی دی کوتوویه‌تی و نووسیوێتی رووناکییه‌کی زۆر ده‌خه‌نه‌ سه‌ر ئه‌و مێژوویه‌. کاک حه‌مه‌ده‌مین و وه‌رزێرانی به‌شدار له‌ راپه‌ڕین رچه‌ شکێن بوون. پێشانیان دا که‌ مێژووی وڵات چی دی مێژووی خان و ئاغا و شێخ و ده‌سه‌ڵاتداران نییه‌.

ئه‌میر حه‌سه‌ن پوور

2016.02.23

               ڕۆژنامەی ئیتیلاعات،لاپەڕەی ٦، سێشەمە ١١-ی خاکەڵێوی ١٣٣٢-ی هەتاوی  



تێبینی:  وێنەی کاک محەمەد گادانی و کاک نەبی قادری لە ئارشیوی خزمانیان لە فەیس بووک، وێنەکانی حاجی قاسم کەریمی، عەبدوڵا ئێرانی و عومەر بابامیری لە کتێبی ڕەحمان محەمەدیان، بۆکان لە سەدەی بیستەم دا (٢) وەرگیراوە. وێنەی سوڵتان ئاغای شێخ ئاغایی بە سپاسەوە لە ئەندامانی بنەماڵەیان ، وێنەی حەمەدەمین شەشە  لە فەیسبووکی هاوڕێم سەلاح شەشە و بڕاوەی ڕۆژنامەی ئیتیلاعات بە سپاسەوە لە لایەن پرۆفسۆر شەهرزاد موجاب بە دەستم گەیشتووە.
حەسەن قازی



















 

No comments: