Monday, August 15, 2022

وتوێژی پرۆفێسۆر عەبباس وەلی لەگەڵ محەمەد پوور سەبارەت بە " دووچاوکی ئێتنیکی لە ئێران" ، بەرنامەی " فراتر از خبر" تێلێڤیزیۆنی کلمە ، جومعە ١٢-ی ئووتی ٢٠٢٢

وتوێژی پرۆفێسۆر عەبباس وەلی لەگەڵ محەمەد پوور سەبارەت بە " دووچاوکی ئێتنیکی لە ئێران" ، بەرنامەی
 " فراتر از خبر" تێلێڤیزیۆنی کلمە ، جومعە ١٢-ی  ئووتی ٢٠٢٢

 محەمەد پوور(پێشکێشکاری بەرنامە): بەخێربێن بۆ  " فراتر از خبر". دووچاوکی لەگەڵ کردن و نابەرابەریی  ئێنیکی لە ئێران کە لە وێژمانی پەهلەویدا دەبیندرا بە شۆڕشی ئیسلامی نەک هەر باشتر نەبوو بەڵکوو  شێوەی دیکەی دووچاوکی لەگەڵ کردنی  لێ زیاد بوو. هێندێکان لە سەر ئەو باوەڕەن ئەگەر وێژمانی سازکردنی ئۆپۆزیسیۆن مافە پێشێلکراوەکانی ئێتنیکەکان دەستەبەر نەکا پێشوازییەکی ئەوتۆی لێ ناکرێ و نابێ بە چارەیەک بۆ گرفتی کەڵانی ئێران. بەڵام لەم بەرنامەیە دا  لە میوانەکان دەپرسم بۆ نەهێشتنی دووچاوکی ئێتنیکی لە ئێران  ڕێگای چارەسەرییان چییە؟ دوای ناوبڕێکی کورت وتوێژی ئەم حەوتوویە لەگەڵ میوانەکان  دەست پێدەکەین.
بۆ وتوێژی زیاتر لەو بارەیەوە بەڕێزان عەبباس وەلی مامۆستای کۆمەڵناسی و مێهردادی دەرویش پوو کۆمەڵناس و مامۆستای زانکۆ لە سوێد، بەخێرهاتنی هەر دوو میوانەکان دەکەم و خۆشحاڵم کە بانگهێشتنی منتان قبووڵ کرد.
بەڕێز وەلی پرسیارلە ئێوەوە دەست پێدەکەم. چالاکانی ئیتنکی لەو باوەڕەدان چ لە سەروبەندی پەهلەوی و چ لە سەردەمی جمهووری ئیسلامیدا ئێتنیکە ئێرانییەکان بێ پسانەوە لە ژێڕ دووچاوکی و نابەرابەری  قووڵ و بناغەییدا بوون. بە بۆچوونی ئێوە سەرچاوەی ئەو شێوە بیرکردنەوە چییە و ئەو دوو چاوکی لەگەڵ کردنانە و ئەو نابەرابەرییانە چۆن دەکرێ کەڵەکەبەندی بکرێن؟

پرۆفێسۆر عەبباس وەلی: بە باوەڕی من ئەو دووچاوکی کردنانە لە بناخەی دەسەڵاتی سیاسی دەوڵەت نەتەوە دایە کە لە ئێران لە ساڵی ١٩٠٥ دامەزرا و تا ساڵی ١٩٧٩ لە ژێر سیستمی شاییدا ئەو دووچاوکی لەگەڵ کردنانە هەر هەبوون و دوای ئەوەش لە دوای  شۆڕشی ١٩٧٩ تا ئەمڕۆش هەنگاوێک هەڵنەگیراوە بۆ نەهێشتنی ئەو دووچاوکییانە و لە زۆر ڕووەوە ئەو دووچاوکیانە زیاتریش بوون. ئەمن گوتم ئەوە لە بناخەی دەسەڵاتی سیاسییدا بووە، و دەسەڵاتی سیاسیش بەو جۆرەی کە بنەمای داندراوە، لەو دەمەیدا کە ئەو دەوڵەتە پێک هێندراوە ئێمە دەبینین کە دەسەڵاتێکی فەرمانڕەوا لە دایک دەبێ لە دوای شۆڕشی مەشڕووتە کە ئەوە ناسێنەیەکی تایبەتی هەیە و ئەم ناسێنەیە بە شێوەی قانوونی لە قانوونی بنەڕەتیدا گونجێندراوە. ئەگەر ئێمە وردبینەوە و چاو لەو ناسێنەیە بکەین و دوای ئەوەش کارەکانی دەوڵەتەکانی دواتر لەبەر چاو بگرین بە تایبەتی دەوڵەتی ڕەزا شای پەهلەوی کە لە پێناو پتەو کردنی پایەکانی ئەو دەوڵەتە هێندێک هەنگاوی نایەوە  بە کردەوە گشت ئەو دووچاوکیانەی کە دواتر ئاماژەیان پێدەکەم  کردنیە ڕاستییەکی دامەزراو. ئەو دوو چاوکیانە بریتی بوون لە زنجیرەیەک بێدەنگی سەبارەت بەوەی کە ئێستا پێی دەڵێن ناسێنە ئێتنیکییەکان لە ئێران، یان هێندێک لایەن پێی دەڵێن ناسێنە نەتەوەییەکان. ئەو بێدەنگییانە لە قانووندا گونجێندران لەمەڕ زمانی ئەوانە، لە مەڕ فەرهەنگی ئەوانە، لەمەڕ مێژووی ئەوانە، لە مەڕ هەر ئەو ئێتنیسیتەی ئەوانە و گشت ئەوانە لە ژێر باڵی ناسێنەیەکی گشتی بە ناوی ناسێنەی نەتەوەیی ئێرانی کە سازکراوەکەیمان لە قانوونی بنەڕەتی دا دی و لە هەنگاوەکان و قانوونە زۆر و زەوەندەکانی دەوڵەتدا بە تایبەتی لە دوای ساڵی ٧- ١٩٢٦ کە ڕەزا شا دەست دەکا بە پتەو کردنی بنەمای دەسەڵاتی خۆی لە ئێران ئێمە ئەوە دەبینین. و نەتیجەی ئەوە ئاوایە کە ئەو نووسەر و تێکۆشەرانەی کە کار لە سەر مەسەلەی ئێتنیکی دەکەن کاتێک هەست بەو بێدەنگیانە دەکەن، کاتێک ئەو فت کرانانە لە بواری قانوونی و لە بواری سیاسی و لە بواری فەرهەنگیدا دەبینن، وەک قانوون و هەنگاوی دەوڵەتی دەبینن ئاشکرایە کە ئەو دووچاوکیانە بە دامەزراوەیی کراون. لە کۆماری ئیسلامیشدا هەر ئاوایە.دەبینین لەگەڵ ئەوەش لە قانوونی مەشڕووتە دا باسی ئەنجومەنە ئەیالەتی و ویلایەتییەکان کراوە وەکوو پەرەپێدەری دەسەڵاتی ناوەندی کە لە تاران سازیان کرد و ویستیان وەکوو جۆرەیەک لە ناناوەندێتی لە شارەکان دا سازیان کەن ئەوەش لە ڕاستییدا لە بەر چاو ناگیرێ و بەڕێوەناچێ. لە سەردەمی جمهووری ئیسلامیشدا هەر ئاوایە ئەگەر تەماشای قانوونی بنەڕەتی بکەن لە مادەکانی ١٥ و ١٩ دا باسی زمان و کولتوورە محەلییەکان دەکا یانی هەر وەک ئەو شتەی کە ئاغای ئەحمەدی نەژاد بە شێوەیەک کە زۆر لە دڵی مرۆ گران دێ وەک " وردە فەرهەنگ"  ئاماژەی پێ کردن. کاتێک ئێمە چاو لەو گۆیا " وردە فەرهەنگ" انە بکەین بە سەر یەکەوە دەبن بە تورکە ئازەرییەکان، ئەو کوردانەی کە لە ئێراندا دەژین، بەلووچەکان و تورکەمەنەکان و بەشە پچووکترەکانی ئێتنیکی دیکە و ئەوانە بە سەر یەکەوە لە ناوەند و ناوەندگری و ئەوەیکە دەکرێ پێی بگوترێ زمان و فەرهەنگی فارسی لە ڕووی ژمارەوە زیاترن.  واتە " وردە فەرهەنگەکان" لە رووی چەندییەوە ژمارەیان زیاترە و لە ڕووی چۆنێتییەوە چاویان لێ هەڵدەبوێردرێ. هەر وەک گوتم لە قانوونی بنەڕەتی ئێران لە مادەکانی ١٥ و ١٩ دا باسیان دەکرێ و ئەوە بۆخۆی جۆرەیەک میکانیزمی فت کردنە، بەلانی کەمەوە لە دۆخی پەراوێزکراو دا بوونی ئەوانە دە قانووندا قبووڵ دەکا، بەڵام لە ڕووی سیاسییەوە ئەوانە فت دەکرێن و ئەوە جۆرەیەک فت کردن و تێدا تواندنەوەیە کە لە قانوونی بنەڕەتیدا ڕوو دەدا. بەداخەوە لە گشت بەشەکانی ئۆپۆزیسۆندا جگە لە یەک دوو نموونە نەبێ کە دەکرێ ئاماژەیان پێ بکرێ، هەموویان مەیلی ئەوەیان تێدایە کە ئەم فت کردنە، ئەو بێدەنگییەی  کە بووە بە قانوون و ئەو دووچاوکی لەگەڵ کردنە کۆمەڵایەتی، سیاسی و فەرهەنگییە درێژە بکێشێ.
محەمەد پوور: ئاغای وەلی ئەگەر ئێمە بمانەوێ وێژمان سازی بکەین بۆ داهاتووی دوای جمهووری ئیسلامی چۆن دەکرێ دەستەبەری بدرێ بە ئێتنیکە ئێرانییەکان کە لە داهاتوو دا مافیان پێشێل ناکرێ. ئایا ئێوە ڕێکن لەگەڵ ئەو ڕێگا چارەسەرەی ئاغای دەرویش پوور باسی کرد؟
وەلی: بڕوانە ئەو چارەسەرییە کراوەیە دەکرێ قسەی لێوە بکرێ بەڵام ئەوەی کە گرینگە و ئەمن لەگەڵی ڕێک نیم ئەوەیە کە ئەوە ئەفسانەسازی نییە. بڕوانە کاتێک ئێوە چاو لە بنەمای سوڵتەی سیاسی لە ئێران بکەن بە بێ فت کردن و دەرهاویشتنی ناسینە نا فەرمانڕەواکان هەڵناسووڕێ. ئەوە لە ئێران وا بووە، لە عێڕاق وا بووە، لە تورکیا وا بووە، لە سووریا ئاوا بووە. هەر کە هاتوو ئەو بنەمای سوڵتەیە چ لە خوارەوە ڕا و یان لەبەر گوشاری ناوخۆیی یان لە بەر شەڕ لە دەرەوە ڕا کاتێک ئەو بناخەیە هەڵدەوەشێ دەبینن کە ئەو ناسێنانەی کە سەرکوت کراون و دەنگیان کپ کراوە و خنکاندوویانن  و ئەو سەرکوتە هەم حقووقی و هەم سیاسی و وێژمانی بووە، کاتێک ئەو بنەمایە هەڵدەوەشێ ئەوان سەرهەڵدەدەن و وەدیار دەکەون. نموونەی هەرە ئاشکرای سووریایە. بڕوانە لە سووریا هەر کە ئەو ستروکتوورە هەڵوەشا مەسەلەی کورد کە بە تەواوی نکووڵی لێ کرابوو تەنانەت بوونی کورد حاشای لێ کرا بوو ئەو مەسەلەیە سەری هەڵێنا و ڕەنگە ئاغای دەرویش پوور لەگەڵ من ڕێک بێ ئەگەر بڵێم دێمۆکڕاتترین و مەردمی ترین بەشی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا پێک دێنێ. با ئەوە بەلاو بنێین مەسەلە ئەوەیە ئەگەر ئێمە بمانەوێ ئەو بنەمای سوڵتەیە دیسان وەکوو خۆی دابمەزرێنینەوە ئەوەی کە ئاغای دەویش پووردەلێ ئەفسانەسازی دەکرێ ئەو ناسێنانە ئەوە دیسان سەرهەڵدێنێتەوە. بڕوانە من تەماشای ئەو شتانەم کردووە کە ئۆپۆزیسیۆنی ئێران گوتوویەتی کاتێک باسی قانوونی بنەرەتی و ئەوەیە. هیچکەس ئامادە نییە بڵێ من ناسێنەیەکی نەتەوەییم دەوێ کە بە وردی لەگەڵ ناساندنێکی کە دوایە لە چەمکی شارومەندی دەکەن یەکسان بێ. یانی ئێستا ئەگەر بە جمهووری ئیسلامیش بڵێی، لەگەڵ کوردەکان، لەگەڵ بەلووچەکان، لەگەڵ تورکە ئازەرییەکان دووچاوکی دەکرێ، دەڵێ نا ئێمە شارومەندان لە ئێران هەموومان بەرابەرین لە بەرانبەر قانووندا. ئەوە ئەفسانەیە دەزانی، لە بەرانبەر ئەو ئەفسانەیە دایە کە "ئەفسانەسازی" دەکرێ. ئاوا نییە ئەگەر ئێمە بێنین هەر وەک ئەوەی کە دەڵێین ئێمە هەموومان لە بەرانبەر قانووندا بەرابەرین، شارومەند ئێتنیکی نییە، مەزهەبی نییە، زۆر باشە، ئێمە دەبێ بڵێین دەمانەوێ ناسێنەیەک ساز کەین، بۆ وێنە لە ئێران ناسێنەیەک ساز کەین کە ئەو ناسێنەیە لایەنی ئێتنیکی، لایەنی مەزهەبی، لایەنی فڵان و فیساری نەبێ و بڵێین ئەوە لە سەر بنەمای جۆرەیەک فەرهەنگی دێمۆکڕاتیک ساز کراوە و لێرە دا تەواوی ئەوانەی کە خۆیان بە شارومەند دەزانن لە هەمان کاتدا لە ڕووی قانوونییەوە دەتوانن بە بێ ئەوەی فت بکرێن و دەربهاوێژدرێن، بە بێ ئەوەی نکووڵیان لێ بکرێ خۆیان بە ئەندامی نەتەوەیەکی گەورەتری بە ناو ئێران بزانن. ئەگەر ئاوا بێ، هەڵبەت ئەوەش بڵێم هیچ نەتەوەیەک یەکگرتن و ڕێکەوتنێکی ئێتنیکی و زمانی و سیاسی و حقووقی بەو شێوەیەی نییە ئەوە دروستە یانی لە لایەکی دیکەوە دەبێ بیسەلمێنین کاتێک  گیرو گرفت دێتە گۆڕێ ئەو ناسێنانە لە ئاست یەکتری هەموویان لە دۆخی ڕێژەیی دان، یانی پەیتا پەیتا دەگۆڕدرێن لەو بارەیەوە ئەمن دەڵێم ئەگەر ئێمە وەدوای ئەو مەسەلەیە دەکەوین دەبێ ئەو جیاوازییانە بە ڕەسمییەت بناسین، ئەو جیاوازیانە لە قانووندا بگونجێنین، ئەو جیاوازییانە لە پڕۆسەی سیاسی دێمۆکڕاتیکدا  ماف و حقووقیان بدەینێ، نەک ئەوان دەرباوێژین و فتیان بکەین  و نەک بە ناوی ئەوەی کە ئێمە دەوڵەتێکی ناوەند تەوەری فەرمانڕەوا لە تاران ساز دەکەین و لە بەر ئەوەی ئێمە هەموومان عاشقی حافز و سەعدی و زمانی فارسی، چوو زانم قاورمە سەوزین، ئێمە هەموومان ئێرانین نا ئاوا نییە. بە درێژایی ئەو سەدە و سەردەمانە  ئەگەر مەسەلە فەرهەنگییەکان بە لاوە بنێن، ئەوەی کە ئەو یەکگرتن و ڕێکەوتنەی لە ئێران ساز کردووە دەوڵەتێکی ناوەندێتی هەتا بڵێی زاڵم بووە لە ڕاستیدا و هەموو جۆرە دژایەتی و هەموو جۆرە دەنگێکی دژی خنکاندووە، ئێستا تەماشا بکە ئەوە لە وێژماندا چۆن دەر دەکەوێ بۆ وێنە ئەگەر ئەمن لە گەڵ چوارکەس لە ئۆپۆزیسیۆن لە دەوری مێزیک دانیشم  هەوڵین شتی کە بە منی دەڵێن دەڵێن ئەوە جودایی خوازە. جودایی خواز تەنانەت لەفەرهەنگی ئۆپزیسیۆنی ئێراندا هەمان دەور دەگێڕی کە چەمکی تێڕۆر و تێرۆریزم لە تورکیا دەیگێڕێ لە پێوەندیی لەگەڵ کوردەکان. ئەوە وشەیەکە کە من دەستبەجێ دەبا دە پەراوێزەوە، دەستبەجێ لە بواری گەنگەشەی مەشڕووعی حقووقیم دەباتە دەرەوە. ئەمن ناتوانم دە چوارچێوەی مەشڕووعی حقووقیدا قسە بکەم یەکدابەدوو ناسێنەی من دەبێ بە تەجزییە تەڵەب. هەموو ئێتنیسیتەکان، هەموو ئێتنیکەکان حەساسن، زۆر هەستیان ناسکە لە ئاست ناسێنەی خۆیان، لەبەر ئەوەی ئەو ناسێنەیە سەرکوت کراوە، ئەوە ئەفسانە سازی نییە. بە باوەڕی من ئەوە بە دامەزراوە بوونی جۆرەیەک دووچاوکییە کە ئەو کاردانەوەیە، ئەو بەرتەکە لە کۆمەڵدا دەورووژێنێ. ئەمن ئەوە تەنانەت  لە ناو ئاکادێمیکەکانیش دەبینم لە ناو ئێرانییەکاندا. زۆر بە توندی بەو گۆیا ناسێنەیە یەکپارچەیەی ئێرانییەوە نووساون کە دەڵێن لە زەمانی مەشرووتییەتەوە ساز کراوە  و تەنانەت پێیان وایە بەشێوەی خۆڕسکی دەیبەنەوە سەر مێژووی سێ هەزار ساڵە و کورشی کەبیر و لەو قسانە. هیچ یەک لەمانە ئێستا دەردێک دەرمان ناکەن. ئەوەی کە گرینگە ئەوەیە ئەگەر ئێمە باوەڕمان بە کولتووری دێمۆکڕاتیک هەبێ دەبێ باوەڕمان بە دێمۆکڕاسی هەبێ، باوەڕمان بە جیاوازی هەبێ.


محەمەد پوور: ببوورە ئاغای وەلی ئەمن پرسیارێکم لە ئێوە هەیە، لە ڕوانگەی ئێوەوە بە کۆنکرێتی لە نموونەی ئێراندا چارەنووسی زمانی فارسی چ دەبێ؟ زۆر لایەن دەڵێن بۆچی دەبێ زمانی فارسی زمانی ڕەسمی بێ لە ئێران، بۆچی بەلووچی یان کوردی نەبێ؟ پێم خۆشە ڕای ئێوە لەو بارەیەوەش بپرسم.
وەلی: دەزانی مەسەلە بە گشتی مەسەلەی زمانی ڕەسمییە، چ فارسی بێ، چ تورکی بێ، چ کوردی بێ کاتێک ئەتۆ ناوی ڕەسمی لێ شەتەک دەدەی ئەوە یانی ئەمە زمانی دەسەڵاتە. دەزانی زمانی ڕەسمی زمانی دەسەڵاتی سیاسییە. مومکینە باسی زمانی ئیداری، زمانی لەشکری، زمانی بوروکڕاسی، زمانی پەروەردە بکەی بەڵام ئەوە زمانی دەسەڵاتی سیاسییە. ئەوەی کە گرینگە ئەو پرسە دەبێ دە چوارچێوەیەکی موتەعادل و یەکسانیدا جێ بەجێ بکرێ. بە باوەڕی من تا ئەو جێگای کە من دەزانم هیچکام لە حیزبە کوردییەکان، گرووپە کوردییەکان ئەوانە بەو شکلە دژی زمانی فارسی بەو جۆرەی کە ئێوە یان کەسانی دی بیانەوێ بڵێن نین. ئەوان دەڵێن هەمان مافی کە دەیدەن بە زمانی فارسی بە زمانگەلی تورکی ئازەری، کوردی و بەلووچیشی بدەن. ئەوان ناڵێن ئێمە نایەین لە زانکۆ بە فارسی ناخوێنین. لە دەبیرستان فارسی ناخوێنین بەڵام ئەوان دەڵێن دەخوێنین، بەڵام ڕێگا بدەن زمانی خۆشمان بخوێنین.
محەمەد پوور: زۆر چاکە سپاستان دەکەم.  بەڕێز وەلی گویتان لە قسەکانی ئاغای دەرویش پوور بوو ئەگەر پنکتێک هەیە باسی لە سەر بکەن فەرموو، هاوکات وڵامی ئەم پرسیارەش بدەنەوە کە تا چ ڕادەیەک دەکرێ پێداگری بکرێ لە سەرهەستی دەستەیی و بێ ئەوەی کە مرۆڤ سنووری خۆی لەگەڵ ئەوانیدی هێندەش پتەو نەکا!
وەلی: لێرە دا باسی ناسیۆنالیزم و ناسیۆنالیزمی تیژپەڕ و ئەوانە کرا. ئەمن ئەوانە قبووڵ دەکەم. بەڵام ئەوەی کە گیروگرفت ساز دەکا لە ناسیۆنالیزمدا ئەگەر ئێمە لە ڕوانگەی تیورییەوە چاوی لێ بکەین، ناسیونالیزم خۆی وەکوو نەتەوە خوازی نییە بەڵکوو ئەوە تیوری حاکمییەتی نەتەوەییە کە لە تیوری دێمۆکڕاتیک وەرگیراوە لە سەردەمی ژان ژاک ڕوسۆوە و ئەوە تیورییەکە کە دێی دەینێیە ئەو پرؤسەیەی ناسیۆنالیستی ئەو تیورییە لە ئاست ڕەنگی پێست، لە ئاست جینسییەت، لە ئاست ئێتنیسیتە، لە ئاست گشت ئەوانە کوێرە. بۆیە ئەمن هەمیشە ئەوە دووپاتە دەکەمەوە کە گشت گرووپە ئۆپۆزیسیۆنەکان لە ئێران دەڵێن ئێمە دێمۆکڕاسیمان دەوێ، باشە ئەتۆ چ جۆرە دێمۆکڕاسییەکت دەوێ. ئایا ئەو دێمۆکڕاسییەی دەتەوێ ئەوەیە کە دیسان بێی ئەو دێمۆکڕاسییە دابمەزرێنی بڵێی ئێمە هەموومان دێمۆکڕاتین بەڵام سەبارەت بە ڕەنگی پێست، بە جنسییەت و سەبارەت بە ئێتنیسیتە و قەومییەت، لە ئاست مەسەلەی دیکە کوێرە ئەوانە نابینێ، ناتوانێ ئەوانە دە قانووندا بگونجێنێ، دیفاع لە مافەکانیان بکا. ئەو دێمۆکڕاسییە دێمۆکڕاسی نییە، دێمۆکڕاسی جمهوورییەتە کە لە زەمانی شۆڕشی فەڕانسە  داهاتووە و لە تورکیاش کراوەتە مۆدێل ئەو دێمۆکڕاسییە زەمانی نەماوە دەبێ تووڕ هەڵدرێ، ئەگەر ئێمە باسی دێمۆکڕاسی دەکەین دێمۆکڕاسی ئەوە نییە ئەمن بێنم دەنگ بدەم  یەكێک ببێ بە حاکم. ئەو دێمۆکڕاسییە دەبێ دێمۆکڕاسییەک بێ بتوانێ، قابلییەتی ئەوەی هەبێ پلووڕالیزمێکی هەتا بڵێی مانای تێدا بێ کە بتوانێ ئەو ناسێنە ئێتنیکییانە  بە شێوەیەکی ئەوتۆ وەخۆ بکا کە پێش بەوە بگرێ ئەو خیلافاتە نەبنە موتڵەق و نەبن بە ناکۆکی ئەوتۆی کە چارەسەر نەکرێن. ئەو ناکۆکییانەی کە هەر توندوتیژی و شەڕ ساز دەکەن. بە باوەڕی من ئەو دێمۆکڕاسییە ئەگەر بتوانێ ئەو خەسڵەتەی هەبێ کە بتوانێ خۆی لەکۆڵ پەراوێز کوێری، ئێتنیک کوێری،  جینسییەت کوێری بکاتەوە و بتوانێ ئەوانە وەخۆ کا و بحاوێنێتەوە و وڵامی داوخوازەکانیان بداتەوە ئەو دەمی کاتێک ئێمە دێین باسی ناسێنەی نەتەوەیی یان ناسێنەی دیکە دەکەین ئێمە لە بوارێکی هاوبەشی وێژمانیدا کار دەکەین کە لەو گشتە دا ئێمە دەتوانین ناسنامەیەکی گشتیمان هەبێ بە بێ ئەوەی کە ئەو ناسێنە گشتییە نکووڵی لە ناسێنەکانی دیکە بکا و سەرکوتیان بکا. دەبێ ڕێز لەوانە بگرێ، هەر کام لەو ناسێنانە تایبەتمەندی لەمەڕ خۆیان هەیە و ئەو تایبەتمەندییانە دەبێ لە قانووندا ڕەنگ بدەنەوە و لە سیاسەت و پڕۆسەی دێمۆکڕاتیکدا بەشدار بن. مەسەلەیەکی دیکە لە مەڕ دێمۆکڕاسی بڵێم. ئەمن هێندە لەگەڵ دێمۆکڕاسی نوێنەرایەتی نیم، دوای ئەوەی مرۆ ئەو هەموو شتانە دەخوێنێتەوە کە لە ئوڕووپا دێمۆکڕاسی نوێنەرایەتی چ گەندکارییەکی ساز کردووە. ئەمن بە قووڵی باوەڕم وایە کە دێمۆکڕاسی نوێنەرایەتی  دەبێتە هۆی لە ناوچوونی ڕوحی دێمۆکڕاسی. بۆ ئەوەی ئەو ناسێنە هاوبەشە و پێوەندی وی لەگەڵ ناسینە کانی دیکە،بۆ وێنە ناسێنەی ئێتنیکی و جینسییەتی و چووزانم هەر ناسێنەیەکی دیکە لە چوارچێوەیەکی دێمۆکڕاتیکدا کار بکەن  دەبێ ئەو دێمۆکڕاسی نوێنەرایەتییە کە ئاخرەکەی دەگاتە پارڵمان ئەوە دەبێ تەکمیل بکرێ. ڕەنگە نەکرێ لە کورت مەودا دا ئەوە تووڕ هەڵبدرێ.
محەمەد پوور: ئاغای وەلی ئایا بۆ ئەوە نموونەی بەرچاو هەیە؟
وەلی: ئێمە دەتوانین جۆرەیەک دێمۆکڕاسی هاوبەشانەمان هەبێ لە خوارەوە ڕا. کە بتوانین نوێنەرەکان کۆنتڕۆڵ بکەین دەنا ئێمە ناتوانین سوڵتەی ناسێنەی هاوبەش، بە تایبەتی ئەگەر نزیک بێ دامەزرێنین. بروانە تەواوی گیروگرفتی کە لە تیوری حاکمییەتدا دێتە گۆڕێ لەبەر ئەوەیە کە دەسەڵاتی سیاسی لە ئێتنیسیتەی باڵا دەست گرێ دەدرێ. کاتێک ئەوە گرێ دەدرێ کارەسات ساز دەبێ. ئەگەر سەرنجت دابێ زۆر لەو پاکتاوە ئێتنیکیانەی کە کراون ژێر بیناکەیان لێک بەستنی دەسەڵاتی سیاسی بووە لە ئێتنیسیتەی باڵا دەست و دەبێ پێش بەو کارەساتە بگیرێ. ڕەنگە بەشێکی بکرێ بە ڕێگای قانووندا جێ بەجێ بکرێ بەڵام ئەوە حەوجێی بە پڕۆسەیەکی دێمۆکڕاتیکی ئازادە. پڕۆسەیەکی دێمۆکڕاتیکی هاوبەشانە کە بتوانێ پێشی ئەو فەرق و جێاوازی لەگەڵ کردنانە و زیادەڕۆییانە بگرێ. ئەگەر بگەڕێینەوە سەر پرسیاری ئێوە کە ئەوە سنوورەکان شڵ دەکا یان پتەویان دەکا بە باوەڕی من ئاکامی ئەوە دەگەڕێتەوە سەر ئەوەی کە لە مەیدانی سیاسەتدا پارسەنگی هێزەکان چۆن بێ، ئێمە ئەو مەسەلانە چۆن ببینین. بۆ وێنە ئەگەر من هێشتاش لە پڕۆسەیەکی دێمۆکڕاتیکدا بم کە ئەو ناسێنەیەی هەبێ کە لە قانوونی بنەڕەتیدا نەناسێندراوە و ناسێنەی تەجزتە تەڵەب و دژی سیستم بێ ئەوە ئاشکرایە کە ئەو دێمۆکڕاسییە کەموکووڕی هەیە و دێمۆکڕاسییەکە ئی توێژێکی تایبەتی یە و ئەوانیدی دەرهاوێژراون. بەو پێیە کاتێک ئەمن باسی گرینگ بوونی دێمۆکڕاسی هاوبەشانە دەکەم لەبەر ئەوەیە، کە فەرق و جیاوازی دانان و گیروگرفت و کەموکووڕییەکانی دێمۆکڕاسی پارڵمانی و دێمۆکڕاسی نوێنەرایەتی بە جۆڕێک کەمتر دەبێتەوە.
محەمەد پوور: ئاغای وەلی زۆر بە کورتی! دەکرێ ئێوە نموونەیەکی بەرچاومان بۆ باس بکەن  کە لە کام وڵات ئەو ئیدەئالەی ئێوە ئێستا لە گۆڕێ دایە؟
وەلی: ئێوە ئەگەر ئەو ڕەخنانە بخوێننەوە کە سەبارەت بە دێمۆکڕاسی لە ئەمڕیکا، لە بریتانیا، لە فەڕانسە کراون، ئەتۆ لە تئوریسیەنە چەپ ئاژۆیەکان گەڕێ تەنانەت ئەوانی ڕاست ئاژۆیەکانیش دەڵێن وەک ماکس وبێر و ئەوانە دەڵێن پارڵمان ڕوحی دێمۆکڕاسی دەکووژێ. بۆچی؟ چونکە نوێنەرایەتی دەبێتە هۆی بەستەڵەکی دێمۆکڕاسی. ئەمن کاتێک باسی دێمۆکڕاسی هاوبەشانە دەکەم کە بتوانێ لە خوارەوە نوێنەران کۆنتڕۆڵ بکا بۆ وێنە ئەوە لە باکووری سووریا خراپ هەڵناسووڕێ. سیستمی ئانارشیستی لە ئێسپانیا خراپ هەڵنەسووڕاوە. ئەوە ئیدەئالێکی سەرەکییە کە ئێمە لە ڕاستیدا بتوانین دەسەڵاتی پارڵمانی لە خوارەوە کۆنتڕۆڵ بکەین.
محەمەد پوور: لە بەر ئەوەی کات کەمە پێم خۆشبوو کۆبەندییەک لە قسەکان لە ئێوەوە ببیسم!

وەلی:  لە درێژەی قسەکانی ئاغای دەرویش پوور دا ئەمن بە پێچەوانەی بەڕێزیان دەبێ بڵێم ئەو مافی دیاریکردنی چارەنووسە  دوکتورینێکی تیوری دێمۆکڕاتیکە. کەسێک کە خۆی بە دێمۆکڕات دەزانێ دەبێ باوەڕی بەوە هەبێ، دیارە دەرفەت و هەلومەرجی وەدیهاتنی ئەمە بەستراوەتەوە بە سیاسەت، پارسەنگی هێزەکان و ئەوانە. بەڵام گشت ناوەرۆکی ئەو بابەتە لە تیوری دێمۆکڕاتیک جیا نییە ئەگەر کەسێک کە خۆی بە دێمۆکڕات دەزانێ نابێ بە ڕاراییەوە باسی بکا بە بۆچوونی من ئەوە دروست نییە. سەبارەت بە کۆبەندی، ئەمن پێدادەگرم لە سەر ئەو مەسەلە هاوبەشانە کە لەم  گەنگەشەیە دا لە نێوان من و ئاغای دەرویش پوور دا هاتە پێشێ. ئەمنیش لە سەر ئەو باوەڕەم دیالۆگ شتێکی زۆر باشە، ئەمن پێم وایە وێژمانە دەرهاوێژ و فتکەرەکان زۆر بە مەترسین، لێرە دایە کە مەسەلەی مۆری تەجزیەتەڵەبی دێتە گۆڕێ. ئەگەر هاتوو کەسێک باوەری هەبوو بە تەجزیە تەڵەبی ئەوە مافی خۆیەتی، مافی دێمۆکڕاتیکی خۆیەتی کە باوەڕێکی وای هەبێ.  لە چوارچێوەی سیاسەتێکی کە ئێمە لێرە دا باسمان لە سەر کرد ئەو جۆری کە ئەمن لە دیسکۆرس/ وێژمانی ئۆپۆزیسیۆنی سیکولاری ئێراندا دەیبینم ئەو چەمکە وەکوو مۆرێک دەکار دەکرێ  کە کورد و تورکی ئازەری و بەلووچ و عەڕەب و هەموو ئەوانە بە شێوەیەک دەخاتە چوارچێوەیەکی ناقانوونی، چوارچێوەیەک کە لەوێدا سیاسەت کار ناکا و لەوێ دەبێ بە زەبروزەنگ هەڵسوکەوت بکرێ. بەو شێوەیە پاساوی بۆ دێننەوە. ئەمن پێم وایە دیالۆگ بۆ لەناوبردن و نەهێشتنی ئەو ناڕوونی و گیروگرفتانە زۆر گرینگە!

تێبینی: ئەو دەقەی سەرەوە قسەکانی پرۆفێسۆر عەبباس وەلی یە لە گەنگەشەیەک لە بەرنامەی  " فراتر از خبر" ی تێلێڤیزۆنی  کلمە، کە ئێوارەی جومعە ١٢-ی ئووتی ٢٠٢٢ بڵاو کراوەتەوە. لێرە دا تەنیا قسەکانی وەلی وەرگێڕدراوەتەوە سەر زمانی کوردیی سۆرانی . دەکرێ بەرنامەکە لەم لینکەی خوارەوە لە کاناڵی یوتیوب دا تەماشا بکەن.  
https://www.youtube.com/watch?v=qwMiow-W8XM





 

No comments: