Friday, August 26, 2022

ئێران وەکوو نەتەوەیەکی خەیاڵی

 


ئێران وەکوو نەتەوەیەکی خەیاڵی

ئاوڕێک لە کتێبی توورهەڵدراوی مستەفا وەزیری، موڕتەدێک لە مەزهەبی ئێرانناسیدا

هەڵبژاردن و وەرگێڕانی : ئایدین تورکمە


ئەم وتارە هەڵبژاردە و وەرگێڕدراوێکە لە کتێبێک بەم موشەخەساتەوە:
Vaziri, Mostafa, (2013/1993): Iran as Imagined Nation, Gorgias Press LLC

١.سەرەتا
مستەفا وەزیری لە ساڵی ١٩٩٣ واتە نزیکەی ٣٠ ساڵ لەوە پێش کتێبێکی بڵاو کردووەتەوە بە ناوی ئێران وەکوو نەتەوەیەکی خەیاڵی. بەڵام ئەو کتێبە لە فەزای فارسی زماندا سەرنجێکی ئەوتۆی بەرەو خۆی ڕانەکێشاوە و لە بواری موتاڵا ئێرانییەکاندا تەنانەت بەجۆرێک توورێش هەڵدراوە. ئەو چاو لێ هەڵبواردنە هەڵبەت سەیر نییە بە تایبەتی بە لەبەر چاوگرتنی ئەو ئیستیدلالە نائاسایی و تازانەی وەزیری سەبارەت بە ئێران، و ئەوەیکە ڕەوتی سەرەکی ئەوەی  ئێمە بە ناوی لێکۆڵینەوە ئێرانییەکان  (
Iranian Studies) دەیناسین هەر وەک ڕابردوو بە توندی لە ناسیۆنالیسم بەستراوە. وەزیری لە کتێبەکەیدا حەولی داوە ئالنگاری میژوونووسیی ناسیۆنالیستی و نەتەوەیی بکا. ئەو مێژووی نەتەوەیی ئێران بە داهێنانێکی زۆر تازە دەزانێ. بە قسەی وی لە دوو سەد ساڵی ڕابردوو دا مێژوونووسان و زانایانی دیکەی زانستە کۆمەڵایەتییەکان ڕابردوویان لە سەر بنەمای هەڵوێست گرتنی وەچە، کاتی و ئێدێئۆلۆژیکی خۆیان و بێ سەرنجدانە سەر ناوەرۆکی ڕەوانی دەوڵەتی نەتەوەیی و ناسیۆنالیسم گێڕاوەتەوە. لەڕوانگەی وەزیرییەوە، ناسێنەی نەتەوەیی تەوەهومێکی مێژوویی یە. ئەو باس دەکا کە چلۆن بۆچوونە ئوڕووپاییەکان  سەبارەت بە نەتەوە و ناسیۆنالیسم، مێژووی نووسینی لەگەڵ بیرۆکەی ڕەگەزی تێکەڵ کردووە. کتێبەکە لە شکڵ گرتنی چەمکی ناسێنەی نەتەوەیی دەکۆڵێتەوە و ئیستیدلال دەکا کە دامەزراندنی ڕۆژهەڵاتناسی، ئیدەی ڕەگەزی ئاریایی، و کەڵەکەبەندییە زمانییەکان ( وەک زمانی هیندو ئوڕووپایی یان زمانە ئێرانییەکان) چلۆن هەڵبەستە و بە ئاڕاستەی پێکهێنان و بەهێز کردنی مێژوو نووسییەکی ئێلیتیسیتی لاگرانە و ناواقعی بوون.
لە بەستێنێکی ئاوا دایە کە لە ڕوانگەی وەزیرییەوە، دۆزراوە فیلۆلۆژیک و کۆنینەناسانەکان لە پێوەندی لەگەڵ ئوستوورەی ڕەگەزی ئاریایی بە مەبەستی گەڵاڵە کردن و برەوپێدانی لێکدانەوەیەکی تایبەتی لە ئێران دەکار کراون. ڕۆژهەڵاتناسان ناوی ئێرانیان نەک هەر وەک دەلالەتی ناوی مەردمێک، و هەر وەها بۆ هاوتایەک بۆ ناولێنانی بنەماڵەیەکی زمانی، شارستانییەتێک و کولتوورێک جەعل کردووە، و ئەوە سەرەڕای ئەوەی کە چ لە سەردەمی باستان و چ لە سەردەمی ئیسلامیدا، ئێران وەکوو بوونەوەرێکی یەکدەست لەجێدا بوونی نەبوو. لە فیلۆلۆژی و باستان ناسی کەلک وەرگیرا تاکوو هێندێک ناو  لە دەسکردەکانی مرۆڤایەتی  سەردەمی باستان بلکێنن و هاوکات ئەدەبیاتیش لە نەریتی نەتەوەیی گرێ بدەن. وەزیری باوەڕی وایە کە ڕۆژهەڵاتناسان بەو چەشنە تێکۆشان ناسێنەیەکی نەتەوەیی نەبوو بۆ مەردمانێک لە ڕابردوویەکی زۆر دوور دا دابتاشن. کتێبەکەی وەزیری زۆر بۆچوون و ڕوانگەی ڕەخنەگرانە و نائاسایی وەبەر دەگرێ بەڵام لەم نووسینە دا تێدەکۆشم هێندێک لەو بۆچوونانە زەق کەمەوە. لە دەقێکی دیکە دا هێندێک لە پەرۆشە فکری و سیاسییەکانی خۆم بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆتر لە گفتوگۆ لەگەڵ کتێبی وەزیریدا دەهێنمە گۆڕێ و هێندێک خیلاف – بۆ نموونە لە مەڕ چەمکی قەڵەمڕۆی نەتەوەیی، دەوری لێکدانەوەی چینایەتی و ... – دەخەمە بەرباس بەڵام لێرە دا تەنێ لە سەر تازەداهێنەرییەکان و نەریت شکاندنەکانی بەکەلکی کتێبی  وەزیری چڕ دەبمەوە. شتێکی دیکە سەردێڕەکانی ئەم نووسینە ئی منن و بەو شێوەیە لە کاری وەزیریدا نین.

٢. ڕۆژهەڵاتناسی، فیلۆلۆژی، كێشەی زمانی نەتەوەیی

هەر لە هەمان دەسپێکی کتێبەکەدا و بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەو بۆچوونە ناسیۆنالیستییانەی بە ئیرس بە ئێمە گەیشتوون لەمەر چەمک و واقعییەتی ئێران، دەگوترێ ئەو خانەدانە پادشاییانەی کە بە سەر مەیدانی جۆربەجۆری ناوچەیەکدا حاکم بوون کە پێی دەگوترێ ئێران تەنیا بە دوای ئەوەوە بوون تا قەلەمڕۆیەکانی ژێر کۆنترۆڵی خۆیان بە هەموو ئاڕاستەیەکدا کە لوا با پەرە پێبدەن. لەجێدا تەسەورێک لە مەڕ سەرزەوییەکی ئاریایی و یان ئێران لەو زەمانیدا بوونی نەبووە کە بییەوێ  ببێتە بنەمایەک بۆ پەرەپێدانی قەڵەمڕۆیی. تەنێ لە سەدەی نۆزدەهەم و بە شێوەی سەرەکی لە سەدەی بیستەم دایە کە ئێران وەکوو یەکەیەکی سیاسی بیچم بەخۆیەوە دەگرێ. وەزیری لە سەر ئەو بنەمایە ئیستیدلال دەکا کە نابێ چەمکی ئێران بۆ تێکەیشتنی واقعیەتە سیاسییەکان لە ڕابردوو دورەکاندا دەکار بکردرێ چونکوو کارێکی ئاوا لە زەمان دەرچوون و لە ڕووی مێتۆدۆلۆژییەوە نادروستە. یەکێک لە ئیستیدلالە ناوەندییەکانی وەزیری ئەوەیە کە چەمکێکی یەکدەست لە مەڕ ئێران و خەڵک و کولتوور و نەریتی ئێرانی لە سەرەتاوە لە ناوە نوخبە ئێرانییەکاندا نەبووە بەڵکوو ئەو چەمکانە لە ئەدەبیاتی ئوڕووپایی وەرگیراون و بە ئاڕاستەی  داسەپاندنی ناسێنەی نەتەوەیی و برەو دان بە " مێشک شوشتنەوەی نیشتمانپەرستانە" دەکاریان کردووە. بۆیە پێویستە کە پڕۆسەی لێک بەستنی ئەدەبیاتی فارسی لە نەریتێکی نەتەوەیی و وەدواکەوتووانی سوورەت بەندی بۆچوونی ئێرانی لە مەڕ مێژوو لێک بدرێتەوە و ئالنگاری بکرێ.

ئیستیدلالی وەزیری ئەوەیە کە لە پێواژۆی بەرهەمهێنان و داسەپاندنی ئەو بۆچوونە نەتەوەییە لە مێژوو و کولتوور و نەریتە کە ئێرانی بوون، لە ڕوانگەیەکی فیلۆلۆژیک، بە مانای سەر بە بنەماڵەی زمانی ئێرانی بوون لێکدراوەتەوە و بە جێ کراوە و ئەوە سەرەڕای ئەوە بوو کە لە جێدا  وشە و چەمکی ئێران بۆ نموونە لە نەریتی گیلەکییەکان و کوردەکاندا نەبوو. لە ئاکامدا کەڵەکە بەندی و ناولێنانەکانی وەک " بنەماڵەی زمانە ئێرانییەکان" بەجۆرێک بەرهەمی ئاکادێمی و لە ئاکامدا زۆر دواتر کراون و ئیدیعای ئەو جۆرە کە جۆرەیەک وشیاریی ئێرانی لەناو ئاخێوانی زمانە ئێرانییەکاندا هەبووە هەڵە و ناواقعی یە. وەزیری لێی زیاد دەکا کە ناسیۆنالیسمی زمان تەوەرە بۆیە سەری هەڵێنا کە نوخبە زاڵەکان و بە تایبەتی دەوڵەت بەرژەوەندییان لە یەکدەست کردنی بە تۆبزی جەمعییەتەکان لە قالبی نەتەوەیەکدا دیت.
لە بەر ئەوەی کە ئەو بۆچوونە لە مەڕ چەمکی ئێران و زمانە ئێرانییەکان و مێژووی ئێرانی بە قسەی وەزیری لە بۆچوون و پڕاتیکی ڕۆژهەڵاتناسانەوە سەرچاوە دەگرێ و لە بەر ئەوەی کە ئەو ڕۆژهەڵاتناسانە بە شێوەی سەرەکی ئینگلیسی، فەڕانسەیی یان ئەڵمانی بوون، لە ئاکامدا ئەوە ناسیۆنالیسمی ئوڕووپایی بووە کە ئێرانی وەکوو نەتەوەیەک داڕشتووە. ڕەنگە بکرێ بگوترێ  کە نوخبەکان و مێژوو نووسانی ئێرانیش  ئەو شێوەیەیان وەرگرتووە و قووڵتریان کردووەتەوە و ئەوەش دەکرێ دەربڕی شکلێک لە ئوڕووپا تەوەریش بێ لە مێژوو نووسی ئێرانیدا. وەزیری بە بیر دەهێنێتەوە کە بیری ناسێنەی نەتەوەیی لە ئوڕووپا تەنێ بە سەرهەڵێنانی دەوڵەتە نەتەوەییەکان لە سەدەی هەژدەهەمدا و بە شێوەی سەرەکی لە سەدەی نۆزدەهەمدا هەڵسووڕا. بۆ داگرتنەوەی نەبوونی وجوودی ناسێنەی نەتەوەیی لە زەمانی ڕابردوودا وەزیری ئاماژە دەکا کە تا پێش لە ساڵی ١٥٠٠ –ی زایینی ٧٧ لە سەدی گشت کتێبە چاپکراوەکان بە زمانی لاتین بوون و نەک بە زمانە نەتەوەییەکان کە لە سەدەکانی دواتر دا پەیدا بوون. لەوان سەروبەنداندا زمانە ناوچەییەکان هێشتا نەببوون بە زمانی نەتەوەیی چونکە هێشتا دەوڵەتی نەتەوەیی دەستی نەکرد بوو بە شکل گرتن. لە نموونەیەکی دیکە دا باس دەکرێ کە لە زەمانی شۆڕشی فەڕانسە لە ساڵی ١٧٨٩ دا ٥٠ لە سەدی خەڵکی فەڕانسە لە جێدا بە زمانی فەڕانسەیی قسەیان نەدەکرد و تەنێ ١٢ تا ١٣ لە سەدی دانیشتوان بە زمانی " ستاندارد" قسەیان دەکرد. لە باکوور و لە باشووری فەڕانسە لە جێدا کەس بە زمانی فەڕانسەیی قسەی نەدەکرد. یان لە ساڵی ١٨٦٠ تەنێ ٢.٥ لە سەدەی دانیشتووانی ئێستای ئیتالیا بە زمانی ئیتالیایی قسەیان دەکرد.

٣. لە دایکبوونی زمانی هیندو ئوڕووپایی و مۆدێلی ئاریایی: فیتیشیسمی زمانی، ئیدێئالیسمی ئەڵمانی، و ناسیۆنالیسمی ئوڕووپایی

پێوەندییەک هەبووە لە نێوان ئیدێئالیسم و ناسیۆنالیسمی ئوڕووپاییدا. لە کۆتایی سەدەی هەژدەهەمدا سیمای وەک هێردێر، فیختە و شێلگێل هەر کامیان بە جۆرێک زمانی ئەڵمانیان داگرتەوە. ئەو جۆرەی کە وەزیری شرۆڤەی دەکا، هێردێر زمانی بە بنیات و هەڵگری ئەندێشەی نەتەوە دانا. فیختە زمانی ئەڵمانی وەکو سەرچاوی شەوقی نەتەوەیی و نیشتمانی بە ناو کرد. شێلگێل یش زمانی ئەڵمانی بە بنچینەی یەکێتیی نەتەوەیی دانا. ئەو وتانە ڕەنگە بکرێ بە لە دوودانێکی سەرداگیراو بۆ فیتشیسمی زمانی ئیدەئالیستەکانی ئەڵمان بزاندرێ. بە قسەی وەزیری کەڵەکەبەندی زمانی هیندو ئوڕووپایی گەیوەتە شکڵ گرتنی گریمانەی ڕەگەزی ئاریایی. لە ڕوانگەیەکی مێژووییەوە، کاتێک ئوڕووپا خەریکی مەودا دانانی خۆی بوو لەگەڵ کۆمەڵی دیکە بە تایبەتی ئەفریقا هەستی پێکرد کە حەوجێی بەوەیە سەرچاوەیەکی دیکە بێ لە ئەفریقا و بە دیاریکراوی میسر وەکوو سەرچاوەی شوێندانان لە سەر شارستانی ئووڕووپا بناسێ. ئەم گۆڕانە هەڵبەت هێندێک پێهاتی بەدوو داهات. ئەگەر تا سەدەی هەژدەهەم ئەوە زمانی عیبری بوو کە وەکوو زمانی دایک و زمانی دەسپێک دادەندرا، ئێستا هێندێک لە نوخبەکان حەولیان دا زمانگەل و بە دواداچووانی ڕەگەزەکانی دیکە زەق کەنەوە. بۆ وێنە سڕ ویلیام جۆنز لە ساڵی ١٧٨٦ ئیدیعای کرد کە زمانی سانسکریت پێوەندیی ڕێزمانی و وشەیی ئاشکرای هەیە لەتەک زمانی یۆنانی و زمانی لاتیندا. ئەو مەیلە بەرەو زمانێکی دیکە، چر بوونەوەی جوغرافیایی لە ئەفریقا و میسرەوە بەرەو ئاسیا و هیند برد و لەو پێواژۆیە دا بوو کە مۆدێلی ئاریایی داتاشرا.
بە قسەی وەزیری، ئەوە ئیتر هیند بوو کە ببوو بە کابەی زانست بۆ لێکۆلەرەوانی ئوڕووپایی سەدەی نۆزدەهەم. شوپێنهاور بە خۆی دەگوت ڕۆڵەی هیند ونیچە خۆی بە زەردەشتەوە دەلکاند. هێگێل پێی وا بوو سەرچاوەی عەقڵ لە هیندە. جێڕاڵد ڕەنداڵ لە ساڵی ١٨٨٩ گوتی کە پێست سپییەکان شارستانییەتیان بەرەو پێش بردووە. لەو پێواژۆیە دا هێندێک ناکۆکیش دەردەکەوت. بۆ وێنە جوولەکەکانی ئوڕووپا هەرچەند پێستیان سپی بوو بەڵام زمانی عیبری – سامییەکەیان دەکەوتە دژبەرییەوە لەگەڵ دەستەی زمانی هیند و ئوڕووپایی. لە کەڵەکە بەندی کردنی زمانەکاندا کەلک لە ڕیوایەتی نووح و کوڕەکانی وەرگیرا بەو جۆرەی کە لە سەفەری پەیدا بووندا هاتبووە گۆڕێ، نووح سێ کوڕی هەبوو، هەم (حام)، شێم (سام)، جفێت ( یافس). پیکارد دەڵێ کە هەم و پێرۆیەکانی لە میسر و ئەفریقا دەژیان، شێم و سامییەکان لە زەوییەکانی شام و سووری / عەڕەبی، و جفێت یان ئاریاییەکان لە سەرزەوییە باکوورییەکان. بەو حاڵە، بەر لەو کەڵەکە بەندییەی پیکارد، مێژووزانی ئەڵمانی، ئاگووست لودویگ فون شێلتسر پێشتر و لە ساڵی ١٧٨١ ناوی لە بنەماڵەی زمانی سامی نابوو. بە پێی کتێبی پیرۆز، کوڕانی شێم  ئارام، ئاشوور و عێبر بە ڕیز بە نوێنەرانی زمانگەل و مەردمانی ئارامی، ئاشووری و عیبری داندران، جفێر یان یافس بە شێوەی نەریتی بە باوکی ئوڕووپا دادەندرا. لە بەستێنێکی ئاوا دا بوو کە لە دەیەی ساڵانی ١٨٢٠دا پێرۆیانی گریمانەی تازەی ئاریایی بە ڕاشکاوی ڕایانگەیاند کە ئەو کەسانەی بە زمانە هیندو ئوڕووپاییەکان قسە دەکەن لە تۆرەمەی ڕەگەزی ئاریایین. وەزیری باس دەکا کە تووماس یانگ لە ساڵی ١٨١٦ بۆ داگرتنەوەی ئەو تێروانینە تەعیبری فیلۆلۆژی هیند و ئوڕووپایی پێ لە فیلۆلۆژی هێند و گێرمانیش  بە ئیعتیبارتر دانا و لە دەیەی ساڵانی ١٨٤٠ دا کارل مولێر نکووڵی کرد لە هەرجۆرە پێوەندییەک لە نێوان زمانگەلی یۆنانی ومیسری،سامی، یان نا ئوڕووپایی. لە ئاکامدا چاو لە شوێندانانی میسرییەکان لە سەر یۆنان هەڵبوێردرا و تەنانەت شارستانییەتی میسر خۆی درا پاڵ بەشێک لە موهاجیرە ئاریاییەکان.

وەزیری باس دەکا کە هێندێک لە زانایانی ئەڵمانی زمان، بیرۆکەی زمانێکی ئاریایی دەسپێکیان پەروەراند کە زمانگەلی سانسکریت، لاتین،یۆنانی،ئەڵمانی و فارسیش، ئەرمەنی، سێڵتیک و سڵۆانیایی هەموویان بە لێکەوتەکانی ئەو دەژمێردران. هێردێر هەر لەو سەروبەندە دا فکری لەوە دەکردەوە کە ژێرمەنەکان و  پێڕشنەکان
Persians
لە ڕووی ڕەگەزی و ئێتنیکییەوە پێوەندییان بەیەکەوە هەبێ. بەو پێیە بوو کە وشەی ئاریایی کە شێلگێل دایڕشتبوو  و لە هەر دوو زمانی سانسکریت و ئەڵمانیدا بە مانای شەڕافەت بوو، بوو بە بنەمایەکی ڕەگەزی لە مەڕ زمان. لە ئاکامی ئەو هەنگاوانەدا، لە دەیەی ١٨٥٠ بنەماڵەی زمانی هیند و ئوڕووپایی و ڕەگەزی گۆیا ئاریایی ئیتر لە پلەی فاکتی زانستیدا دامەزرابوون چونکە فیلۆلۆژی لەو زەمانیدا وەک دیسپلینێکی جێی باوەڕی زانکۆیی هەڵکشابوو.
زانا ئوڕووپاییەکان بۆ بەهێز کردن و تەسبیتی ئیدە ڕەگەزپەرستانەکان هەدایان نەدەدا. بەرهەمەکەی  ئاتوور دۆ گۆبینۆ  کە لە دەمڕاستەکانی لایەنگری فکری نایەکسانی بیۆلۆژیکی بوو  بوو بە یەک لە کتێبە پیرۆزەکانی ڕەگەز پەرستی. وەزیری لەسەر ئەو باوەڕەیە کە لەو سەروبەندیدا بۆ جاری یەکەم نەخشەی دنیا بنەمایەکی ڕەگەزی پەیدا کرد بەشێوەیەک کە تەنیا بەشێکی پچووکی یانی ئوڕووپا و نیوەی ڕۆژئاوای ئاسیا لە ڕەگەزی ئاریایی بوون. بە پێچەوانەی ئەو وادانانە ئەمڕۆ ئێمە دەزانین کە بەڵگەی زۆر بۆ بەرپەرچدانەوەی بنەمای ڕەگەزی جیاوازی جەمعییەتەکان بە دەستەوەن. بۆ وێنە دەزانین کە بە پێی لێکۆڵینەوە ڕیشەی تەقریبەن  هەموو ئەو ٥٠٠٠ زمانانەی کە هەن  دەگەڕێتەوە سەر زمانێکی تاقانە (لە ئەفریقا). و هەر وەها بە پێی تاقیکردنەوەی ژێنێتیکی ، دیاری کراوە کە وێکچوونە زمانییەکان بە پێویستی دەربڕی وێکچوونی ژێنێتیکی نییە.
تاکوو ئێرە وەزیری نیشانی دا کە ڕەگەزی ئاریایی لە سەر بنەمایەکی کەڵەکەبەندی زمانی چەمکێندراوە و ساز کراوە، ئەو پێی وایە بەو پێیە جۆرەێکی تازە لە مێژوونووسی نەتەوەیی لە سەر بنەمای ڕەگەز/ زمان وردە وردە تەسبیت بوو کە وەکوو شێوەیەک لە مێژوونووسینی سکیولار، لە بەرانبەر مێژوونووسیی مەزهەبی دا داندرا. لەگەڵ ئەوەشدا، شێوە ناسی ئەو مێژوو نووسینانە لە جێدا وەک یەک بوو. تەنیا شتێکی کە گۆڕا بوو خاڵی تەرکیز بوو، ئێستا لە جیات ناوەرۆکێکی جوولەکەیی – مەسیحی ، تەرکیز لە سەر هەبوونی خانەدانی، ناسیۆنالیستی و شۆوێنیستی بوو. . دۆگمە شۆوێنیستییەکان جێگای دۆگمە مەزهەبییەکانیان گرتبووەوە. لە سەدەی نۆزدەژەمدا وشیاری مێژوونووسانە بە شکلی نەتەوەیی داڕێژرا و لەئاکامدا بوو بە قەڵەمڕۆیی. یەک لە تایبەتمەندییەکانی شکڵێکی ئاوا لە مێژوو نووسین  لە ڕوانگەی وەزیرییەوە گوێنەدان بووە و هێشتا گوێنەدانە  بە زەمان و گۆڕانی مێژوویی. لەو شێوەیە لە مێژوو نووسیندا، بۆ پڕ کردنەوەی قڵشتی لە مەڕ ڕووداوەکان و قەوماوەکانی ڕابردوو، ناسیۆنالیستەکان دەستیان کردووە بە دەستێوەردان و داڕشتنی بابەتی تازە کە لە سەردەمی باستاندا نەبوون. لە ئاکامدا لە ڕوانگەی وەزیرییەوە مێژوونووسیی ناسیۆنالیستی و نەتەوەیی  لە سەر بنەمای جۆرەیەک دەرەوەی زەمانی و کەڵەکەبەندی تۆبزی داندراوە کە لە لایەن نوخبەکان و خوێندەوارانەوە شکلی گرتووە و برەوی پێدراوە. لە ڕاستیدا زانایانی ئوڕووپایی تێکۆشان بە پاڵپشتی  گریمانەی ئاریایی  کە لە زانستی فیلۆلۆژیک کەوتبووەوە شارستانییەتە گۆیا ئاریاییەکان ( کەدانیشتووی ناوچە ناوەندییەکانی ئاسیا و ناوچەکانی مدیترانە بوون) لە گشت شوێنتێکرانی دەرەوە و بەتەواوی لە هەر جۆرە پێوەندی لە تەک ناوچەی ناسپی هەڵببڕن و جوێی کەنەوە. گریمانەی ئاریایی کە لە سەرەتاوە بۆ جوێ کردنەوەی سپییە ئاریاییەکان لە سپییە سامییەکان داڕێژرابوو دواتر لە پێوەندی خرا لەگەڵ ناوچە جوغرافیاییەکان تا ببێتە بنەمایەک بۆ چەمکاندنی گۆیا زانستی جیاوازییە نەتەوەییەکان. وەزیری وەبیر دەهێنێتەوە کە پاریس و لەندەن ناوەندە هەرە گەورەکانی دەستەڵاتی کۆلۆنیالیستی ئەو زەمانی، ناوەندە سەرەکییەکانی لێکۆلێنەوەکانی ڕۆژهەتناسانە بوون. ڕیشەی شکڵ گرتنی لێکۆڵینەوەکانی ناوچەیی لەوانە ئەوەی وەک  لێکۆڵینەوەکانی ئێران
Iranian Studiesی دەیناسین  دەبێ لە بەستێنیکی ئاوای مێژووییدا ببیندرێ و ڕەخنە بکرێ.
وەرزیری نیشان دەدا کە لە وەچەکانی دواتری لێکۆڵینەوەکانی  ڕۆژهەڵاتناسانەدا  شاهیدی ڕەوتێکین کە بەتایبەتی پێوەندی هەیە بە مەسەلەی ئێران و ناسێنەی نەتەوەیی ئێرانییانەوە. بە قسەی وی لە وەچەکانی دواتری ئەو جۆرە لێکۆڵینەوانەدا، هێندێک کەڵەکەبەندی لە مەڕ زمانە گۆیا ئێرانییەکان کران و لە ئاکامدا زمانگەلی ئاوێستایی، مادی، پێرشەنی کۆن، پێرشەنی میانە، سوغدی، و پارتی هەموویان لە زومڕەی زمانە ئێرانییەکان کەڵەبەندی کران و ناساندران. بە کەلکوەرگرتن لە تێکنیک و ڕەوشی زانستی فیلۆلۆژی حەول درا شارستانییەکان لە سەر بنەمای کەڵەکەبەندی ساختەی زمانی لێک جیا کەنەوە. لە ئاکامدا لەیەک جوێ کردنەوەی ئینتیزاعی و دەسکردی جیاوازی لە نێوان بوونەوەری وەک شارستانییەتی ئاریایی و سامی پەیدا بوو. لە بەستێنێکی ئاوا دایە کە لە ڕوانگەی وەزیرییەوە ئەوەیکە هەموو ڕۆژهەڵاتناسان لە ئوڕووپا کاری خۆیان وەکوو فیلۆلۆژیست دەست پێکرد ئیتر سەیر نابێ. چاوەدێرییە زمانناسانەییەکان لەو سەروبەندیدا بە سەر وێژمانی ڕۆژهەڵاتناستدا زاڵ بوو. لە ئاکامدا دەبێ  بۆچوون بۆ فیلۆلۆژی شێوەیەکی ڕەخنەگرانەی هەبێ چونکە بنەمای ڕۆژهەڵاتناسییە بە گشتی و ئێران ناسییە بە تایبەتی.

٤. لە پێرشیاوە تا ئێران: گێڕانەوەی هێلی و ئاسۆیی مێژوو لە لایەن ڕۆژهەڵاتناسانی ئوڕووپاییەوە

سیلوستر دۆ ساسی یەک لەو سیمایانەیە کە وەزیری لە سەری چڕ بووەتەوە. ئەو یەکەم ئوڕووپایی یە کە لە ساڵی ١٧٩٠ پەردەی لە سەر ئێران هەڵداوە. یەک لە بەرهەمەکانی کە لە ساڵی ١٧٩٣ دا بڵاو کرایەوە و لە ڕاستیدا لە ڕێزی پێشەوەی لێکۆڵینەوە فیلۆلۆژیکەکان و تەئکیدێک بوو بۆ  چوارچێوەی نەتەوەیی بۆ ئێران. لە ڕاستیدا بە ڕێگای دۆ ساسی و لێکۆڵینەوەکانی لە مەڕ کەتیبە ساسانییەکانە کە وشەی ئێران لە کۆتاییەکانی سەدەی هەژدەهەمدا دەبێتە هەڵوێستێکی لێکۆڵینەوەی زانستپەروەرانە. بە قسەی وەزیری وردە وردە لە دوای سەدەی نۆزدەهەمە کە وشەی ئێران وەکوو  هاوتایەک بۆ وشەی پێرشیا کەلکی لێوەردەگیردرێ هەرچەند بەشێوەیەکی نا ورد. تەنیا لە دوای تێوەهاتنی ئیدەی ئێران بۆ ناو ئاڵقە فکرییەکانی ئوڕووپایی بەو شکڵەیە  کە ئەو بۆچوونە ساز دەبێ ئێران ناوی سەرزەوییەک بووە کە لە سەردەمی باستانەوە  تاکوو ئەمڕۆ هەبووە.  لەگەڵ ئەوەش لە ڕوانگەی وەزیرییەوە  داسەپاندنی ناوی وەکوو پێرشیا و یان ئێران  بەسەر سەرزەوییەکی جوغرافیایی هەراو دا  و لە ڕووی زمانی و کولتوورییەوە هەمە ڕەنگ، ساختەکارییەکی مێژوویی یە. بۆ وێنە دەزانین کە ناکرێ بە گشت مەردمانی پێرشیا  بگوترێ فارس. هەر ئەو جۆرەی کە پێترۆ دێلاوالێ یەک لە دنیاگەڕان لە سەفەرەکەیدا لە سەرەتای سەدەی حەڤدەهەم  باس دەکا دانیشتوانی پێرشیا زۆر جۆر بەجۆرە و لە ڕاستیدا لاوەیی سەربە نەتەوەی جۆر بە جۆرن. بە قسەی وی پێژشنە ڕاستەقینەکان کە بەشێوەی داییمی لەو سەرزەوییە دا دەژین  تەنیا لە سێ یان چوار شار و لەوانە لە ئیسفەهان دەژین. لە ئاکامدا بە قسەی وەزیری وشەی پێرشیا تەعبیرێکی لێڵە  کە بۆ ناساندبی جەمعییەتی زۆر و ئێتنیسیتە جۆربەجۆرەکانی دانیشتووی ئەم  وڵاتە ناتوانایە.
لە سەر ئەو بنەمایە وەزیری ئیستیدلال دەکا کە ئەو ئیدەیەی کە مەردمانی پێشیووی ئێران یان ئێرانی پێش ئیسلام و یان ئێرانی ئیسلامی  دەکرێ بە شێوەی نەپساوە وک مەدرمانێک بە ناسێنەیەکی تایبەتی و یەکسان  لە ناوچە جوغرافیاییە جۆر بەجۆرەکاندا ببیندرێن، فکرێکی داتاشراو و ساختە
یە و لە ئاکامدا ناپەژرێندرێ. بە وتەی وەزیری، کەلکوەرگرتن لە یەکدەست لێکردنی وشەی پێرشن بۆ زمانی فارسی لە لایەن ڕۆژهەڵاتناسانەوە بنەمایەکی واقعی نییە و هەر لە سەر بنەمای تەسەورێکی خەیاڵی هەڵنراوە کە ئاوا نیشان دەدا کە مەردمی ئێران و زمانی فارسی لە سەردەمی باستانەوە وبە تایبەتی لە سەردەمی ساسانییەکانەوە هەبوونە. بە وردی لە سەر بنەمای ئەو تەسەورە خەیاڵییەیە کە جۆرێک زەمان بەندی و دەورە بەندی بۆ زمانی فارسی دادەهێندرێ. و لە سەر ئەو بنەمایە ئاوا نیشان دەدرێ کە بەڕواڵەت لە سەر ڕێبازێکی خەتی و نەپساوە لە سەردەمی هەخامەنشیانەوە تا ئەمڕۆ لەگەڵی ڕووبەڕووین کە بەلانی کەمەوە سێ دەورەی کۆنکرێتی  دەناسرێتەوە. سەردەمی  هەخامەنشی  هەمیشە نەپساوە دەبیندرێ، سەردەمی ساسانییەکان کە دەربڕی   Old Persian  زمانی پێرشنی قەدیم،  سەردەمی زاڵبوونی زمانی پێرشنی ناوەڕاستە و دواجار، زمانی فارسی ئەمڕۆیین.  لە سەر بنەمای ئەو دەورە بەندییە مێژوویی و ئەو کەڵەکەبەندییە زمانی یەیە، سەرەڕای ئەوەی کە دەزانین زمانی فارسی ئەمڕۆیین لە ڕووی سترکتوور و ڕێزمانییەوە جوێیە لە زمانە باستانییەکان، جۆرەیەک بەسترانەوەی مێژوویی بە پێش فەڕز دادەندرێ کەپێشی ئەوە دەگرێ فارسی ئەمڕۆیین بە پێگەیشتوو لە زمانە محەلی و ناوچەییەکانی دیکە بزانین  ( و نەک بەردەوامی شتێک بە ناوی فارسی ناوەڕاست و قەدیم ). ئاخێوانی فارسی ئەمڕۆیین ناتوانن لە وەزعییەتێکی فەرزی دا لەگەڵ کورشی کەبیر یان ئەردەشێری بابەکان  دوو قسە ئاڵوگٶڕ کەن چونکە لە زمانی یەکتری تێناگەن. دەکرێ پرسیار بکرێ بۆچی ئەو زمانانەی کە ئەوەندە لێک جیاوان بە یەک بنەماڵەی زمانی دابندرێن؟  ئایا ئەو جۆرە کانستراکتە مێژوویانە بە شێوەی سەرەکی  بە ئاراستەی بەرژەوەندی چینایەتی تایبەتی دا هەڵناسووڕێن؟

وەزیری لە درێژە دا باس دەکا کە سڕ جان مەڵکۆم  لە سەرەتای دەیەی ١٨٠٠ دا وەرگێڕانی دۆ ساسی لە کەتیبەکانی ساسانی ( نەخشی ڕۆستەم، پێرسپۆلیس، و کرماشان*  لە بەر دەست مەلا فیرووز دەنێ تا بە وردیی  چاوی پێدا بخشێنێ. فیرووز وشەی ئەنیران  Aniran بە مانای مەردمانی بێ ئێمان دەزانێ. بە گوتەی مەڵکۆم، فیرووز باوەڕی وا بوو  کە لە ڕاستیدا شکڵی Eeran  وشەیەکی پەهلەوی بوو کە بە باوەڕمەند و ئیماندار دەگوترا و کۆی ئەوانە بووە. ئەو لێکدانەوە مەزهەبییە لە ئێران و ئەنیران لە شێعرەکانی شاهنامەش دا هەن. بۆ وێنە لە نوسخەیەکدا کە دۆ پێرۆن لە هێندەوە لەگەڵ خۆی هێنابووی  مەبەست لە ئێران لە پێڕۆیانی قانوونە زەردوشتییەکان بووە و لە ئاکامدا ئەنیرانیش تەنێ بریتی بووە لەوانەی کە باوەڕییەکی ئەوتۆیان نەبووە. لەسەر ئەم بنەمایە، وشەی ئێران هیچ باری جوغڕافیایی نەبووە چ دەگا بەوەی کە دەلالەتێک بێ بۆ ڕووی نەتەوەیی. لە ئیمپڕاتۆری ساسانییەکاندا تەنێ لەگەڵ زەردوشتییەکان و نا زەردوشتییەکان ڕووبەڕووین  و ئەو تەعبیرانە هیچ دەلالەتێکیان نەبووە لە مەڕ جوغرافیا یان ئێتنیسیتی یان زمان. ئەوە دەربڕی شوێندانانی بەرهەمهێنانی زانستە  لە شکلدان بە مێژوو.  بۆ وێنە لێرە دەبینین کە عیباڕەتی Malcan Malca Iran ve Aniran  بە شێوەی جۆر بە جۆر وەرگێڕدراوە و لێک دراوەتەوە لەم نوسخەیەی شاهنامەی ناوبراو دا ئەو عیباڕەتە بە " شای شایان باوەڕمەندانی زەردوشتی و نا باوەڕمەندان بەو دینە " وەرگێڕدراوە.  لە لێکدانەوەیەکی دیکە دا، ئەبوو ڕەیحانی بیروونی ش لە ساڵی ١٠٤٨ وشەی ئەنیران ی لەو مانایە دا بە  ڕۆژی سییەمی مانگ لە ڕێوڕەسمەکانی زەردوشتیدا دەزانێ. دۆساسی خۆشی دایدەگرێتەوە  کە ئەنیران بە مانای بێگانان ە کە بۆجۆرێک هاوتای بەربەرەکان لە یۆنانیدا و عەجەمەکان لە عەڕەبیدا بووە.  وەزیری بە بیر دەهێنێتەوە کە ئیمپڕاتۆری ساسانی لە بەرانبەر ئیمپڕاتۆری مەسیحی ڕۆمدا بوو و لە ئاکامدا لە دوو لاوە هەستی بە مەترسی دەکرد. یەکیان مەترسی پەرەگرتنی مەسیحییەت و ئەویدیکەش مەترسی پەرەسەندی مەزهەبی مانیی و مەزدەکی کە هەموویان پلەو پایەی ئاریستۆکڕاسی مەزهەبییان  دە مەترسی داویشت. لە سەر ئەو بنەمایە دەکرێ تەسەور بکرێ کە بۆچی ساسانییەکان بوون بە پارێزەرانی سەرئیشکی دینی زەردوشتی. بەم پێیە ڕووبەڕوو بوونەوەی ساسانییەکان و ڕۆم نەک ڕووبەڕووبوونەوی دوو بوونەوەری جوغڕافیایی  بە مانای مۆدێڕنی ئەو وشەیە بەڵکوو ڕووبە ڕوو بوونەوەی دوو مەزهەب بووە.

نموونەی دیکەش لە کتێبی وەزیریدا هەن کە گێڕانەوە ناسیۆنالیستیە سەرەکییەکان ئالنگاری دەکەن.  بۆ نموونە ڕوانگەیەکی بە برەو  ئەوەیە کە تووران دوژمنی ئێران بووە. تەنانەت لە سەدەی نۆزدەهەم و بیستەمدا، تووران بە دەربڕی جەمعییەتە تورکەکانی  دانیشتووی ئاسیای ناوەندی لێکدەدراوە. لە سەرئەو بنەمایە وا تەسەور دەکرێ کە تووران سەر بە دنیای ئێرانی نەبووە. لەگەڵ ئەوەشدا، بەڵگەی شیاوی پێ پێمل بوون بەدەستەوەن کە لە زەمانی فردەوسی  و تەنانەت پێشتر لەویش تووران ناوی وڵاتێکی خۆشناو  بووە و ناوچەی بەلووچستانی وەبەر گرتووە.  لە سەردەمی ساسانییەکاندا، تووران بەشێک بووە لە فەرمانڕەوایی سیستان.  کە وابوو  لەبەر ئەوەی زمانی بەلووچی و لەهجە پێوەندیدارەکانی وەکوو بەشێک لە بنەماڵەی زمانی ئێرانی کەڵەکە بەندی کراون، لە ئاکامدا تووران وەکوو بەشێکی ناوەندی بەلووچستان ناتوانێ لە دەرەوەی دنیای ئێرانی دابندرێ. شتێکی دیکەش لە بەر ئەوەیکە تووران لە زەمانی فردەوسی و خانەدانی غەزنەوییەکاندا، تەنێ خەڵیفەی بەغدای بە ڕەسمییەت ناسیوە ئەو ئەگەرە هەیە کە فردەوسی توورانی وەکوو دوژمنێکی ئیستیعاری دەکار کردبێ تا لە نووسینی شاهنامەدا بە جۆڕێک قەدرزانی پشتیوانی سوڵتان مەحموود بێ.

نموونەیەکی دیکە لە لێکدانەوەکان لەمەڕ تەبەرستان ە. لە ڕوانگەی زاڵدا، تەبەرستان هەمیشە  بەشێک لە ئێران بووە، بەو پێیە، ئەگەر ئەنیران وەکوو دەلالەتێک بۆ دوژمنانی ئێران دەکار بکەین بەو پێیە دەبێ تەبەرستانیش بە بەشێک لە ئەنیران دابندرێ و نەک ئێران. چونکو هەر ئەو جۆرە کە بۆ نموونە لە مێژووی تەبەرستان دا نووسراوی ئیبنی ئەسفەندیار دا هاتووە تەبەرستان هەر نەبێ تا سەردەمی ئیسلامی هەمیشە پادشاییەکی سەربەخۆ و جیاواز بووە و قەت لە یەکگرتنێک دا نەبووە لە گەڵ پاشماوەی ئیمپڕاتۆریدا. ئەو ڕەوتە تا سەردەمی ئێلخانی لە سەدەی سێزدەهەم بەردەوام بوو. کە وا بوو ئەو جۆرە کە دەردەکەوێ ئەو شاهیدە مێژووییانە ناکۆکن لەگەڵ ئیدیعای ڕۆژهەڵاتناسان و ناسیۆنالیستەکان  کە ئێرانیان لە ڕووبەڕووبوونەوەیەکی ئاشکرا و لە دەرەوەی تێپەڕین لە بەڕانبەر ئەنیراندا داناوە.

٥.نیشاندانەوەی بەردەوامی نەتەوەیی لە ڕێگای زمانەوە: تێپەڕین لە پێرشنی کۆنەوە بەرەو پێرشنی ناوەڕاست و لە ئاکامدا بەرەو فارسی مۆدێڕن

وەزیری دەلێ کە ناولێنانی گشت بنەماڵەی زمانی هێندو ئوڕووپایی بە ئاریایی هەنگاوێکی خۆسەرانە و بێ بنەما بووە و هەر وەها ئەو گریمانەیەی  کە سانسکریتیش کۆنترین زمانی هیندو ئوڕووپایی بووە وەدا دراوەتەوە. دەزانین کە لە ئاوێستا دا هیچ ئاماژەیەک بە مردمانی ماد  the Medes  و هەر وەها مەردمانی پارس the Persians نەکراوە. لە ئاکامدا لکاندنی ناوی ئاریایی یان ئاوێستایی بە جەمعییەتەکانی مادی – پارسی  کە دانیشتووی ڕۆژئاوا بوون درزی تێدەکەوێ. سەبارەت بەو ئیدیعایەی کە هەخامەنشییەکانیش بە زمانی پێرشنی کۆن قسەیان کردووە لە ڕوانگەی وەزیرییەوە دەبێ بگوترێ یەکەم ئەو زمانە ئەلفوبێی تایبەتی لە مەر خۆی نەبووە  و لە جیاتیان لە ئەلفوبێی زمانی ئارامی ( کە زمانێکی گۆیا سامییە کەلکی وەرگرتووە. شتێکی دیکەش هەر وەک ڕۆمن گریشمەن  باسی کردووە لەو ٣٠٠٠٠  لەوحەیەی  کە لە پێرسپۆلیس دۆزراونەتەوە هیچکامیان  بە زمانی پێرشنی کۆن نەبوون . چەندێکیان بە زمانی ئارامی و ئەوانیدی بە شێوەی سەرەکی  بە زمانی عیلامی  بوون. ئەوە دەبێ لەگەڵ زانستێکی دیکەی مێژوویی بەراورد بکرێ  کە نیشانی داوە کورش نەک شای ئێران بەڵکوو شای ئێنشان بووە [١]. لە ڕاستیدا کورش و کەمبوجییە ش لە زمانی عیلامی کەوتوونەتەوە. لەوەش زیاتر، بەڵگە مێژووییەکان نیشان دەدەن کە ئەکدییەکان، ئاشوورییەکان، کلدانییەکان و میسرییەکان  شوێنێکی زۆریان لە سەر هونەر و کشتوکاڵی  "ئێران" هەبووە بەشێوەیەکی وا کە هێندێک مادەکانیان بە ئارامی، عیلامی، توورانی، یان سامی داناوە. ئەو جۆراوجۆرییانە و  دەباڵیەکەوە چوونانە بە باشی نیشان دەدەن کە  بۆچوونە ناسیونالیستەکان و لە سەر بنەمای ڕەگەزی ئاریایی هەڵەن.  هەر وەک گێرار دۆ نیولی نیشانی داوە نابێ ئاریا بە هاوتای ئێران بزاندرێ و نەک هاوتای پارسی. لە ئاکامدا لە ڕووی مێژووییەوە هەڵەیە کە هەخامەنشییەکان بە دەسپێکی ئاڕمانە نەتەوەییەکانی ئێرانی دابنێین.  ئەوانەی کە ئیدیعای ئاوا دەکەن بە قسەی وەزیری  لە ڕاستیدا  لە ژێر تەئسیری گێڕانەوەیەکی ساختە و داڕێژراو دان  کە سەبارەت بە کەتیبەکانی لە مەڕ سەردەمی پادشایەتی گۆدەرزی دووەم ساز کراوە  چونکە ئەو نازناوە واتە شای شایان لە سەردەمی پارتییەکاندا نەبووە.

٦.ڕەچەڵەکناسی ئێرانشەهر: فارس، عەجەم، و ناوەکانی دیکە

سەبارەت بە ساسانییەکانیش وەزیری لە بەندی چوارەمی  کتێبەکەیدا دەڵێ کە ئیرانشەهر کە ساسانییەکان دەکاریان  دەکرد ( و ئەوانیدیش بە ناوی دیکەی وەک ئێران زەوین، ئێران، فارس، یان عەجەم ئاماژەیان پێکردووە)  ناوی سەرزەوییەک بووە و نەک چەمکێکی سیاسی یان ئێتنیکی.  هەر وەک  کە دێهخودا گوتوویە  Irah وشەیەکی ساسانی بووە بە مانای شوێنێک نزیک لە دەریا. دواتر ئەو  وشەیە بووەتە عێڕاق  Aragh or Iraq .      لەگەڵ ئەوەشدا سڕ جان شاردین پێی وایە دەکرێ وشەی Erec  یان  Arac  لە سەفەری پەیدا بوونیشدا بدۆزرێتەوە، بە پێی گێڕانەوەی شاردین، ناوی عێڕاق بەر لە سەردەمی ساسانییەکان هەبووە. هێندێک سەرچاوە ش بابل بە ناوی قەدیمی عێڕاق دەزانن. هێندێک سەرچاوی ئیسلامیش گوتوویانە  کە بابل لە سەردەمی ئیرەجدا کرا بە عێڕاق و دیسان هێندێکی دیکە دەڵێن  بوو بە فارس یان ئیرانشەهر. هەر وەها دیار بووە کە هێندێک لە جوغرافیا زانانی ئیسلامی لە سەدەکانی ناوەڕاستدا  کە سەر بە نەریتی گۆیا عێڕاقی بوون عێڕاق هەر بە هەمان ئیرانشەهر دادەنێن.
هەر بەو ئاڕاستەیە دا وەزیری لە ئوستوورەیەکی دیکە دەکۆڵێتەوە کە باوەڕی وایە دنیا لە نێوان سێ کوڕ واتە سیلم، توور، و ئیرەج دا دابەش کراوە. ڕۆژئاوا درا بە سیلم، تووران یان ڕۆژهەڵات بە  توو
ر، و بەشی نێوەڕاست یش بە نسیب ئیرەج بوو. ئەو بەشە نێوەڕاستەش لە ڕووی ناوی ئیرەجەوە، نێوی نرا ئیران یان ئیرانشەهر. لە ڕاستیدا پیتی نوون جێی جیمی گرتووەتەوە لە کۆتایی Iraj  دا  و بووە بە  Iran. شەهریش کە بە مانای زەوی بووە لە کۆتاییەکەی زیاد کراوە و بووە بە ئیرانشەهر. لەگەڵ ئەوەشدا لێکدانەوەکان زۆر دژ بەیەک و ناکۆکن. بۆ نموونە فەرهەنگی وشەی بوڕهانی قاتیع  کە لە ساڵی ١٦٥١-ی زایینیدا گەڵاڵە کراوە دەرکەوتنی ناوی ئێران دەبەستێتەوە بە سیامەکی کوڕی کیومەرس. هێندێکانی دیکەش  بەستوویانەتەوە بە هووشەنگ، شای پێشدادییەکان. هێندێک سەرچاوی دیاری دیکە ش ناوی قەدیمی ئێرانیان بە Khunirath  یان  hunira  داناوە. ئەوی یەکەمیان بۆ نموونە دەکرێ لە ئاوێستا، شاهنامەی ئەبوو مەنسووری و هێندێک سەرچاوەی دیکە دا ببیندرێتەوە و دووهەمیش لە سەرچاوەی وەک مجمل التواریخی حەمزەی ئیسفەهانی. لەو نەخشەیەیدا کە ئەبوو ڕیحانی بیروونیش  لە کتێبی التفهیم دا کێشاویەتەوە  فارس تەنێ  ئاماژەیە بە سەرزەوی. نووسەری نەناسراوی کتێبی مێژووی سیستانیش کە لە نێوان سەدەکانی یازدەهەم و چاردەهەمدا نووسراوە لە بەشی ڕۆژئاوای ئێران ئاماژەی کردووە بە ئێرانشەهر و عێڕاقی عەڕەب و خۆراسانی بە ناوچەیەکی جیاواز و وڵاتێک لە بەشێ ڕۆژهەڵاتیدا داناوە. لە هیچ کام لەو بەرهەمانەیدا کە باس کران قەت ناوی سەرزەوی و دانیشتووانی بە یەک دانەندراون. ئەوە تەنێ لە شاهنامەی فردەوسیدا دەقەومێ. لە ئاکامدا لە ڕوانگەی وەزیرییەوە  ناسێنەی مەردم لەو سەردەمیدا بنەمای سەرزەوینی یان قەڵەمڕۆیی نەبووە یان بە گوتنێکی دی هیچکەس لەو سەروبەندیدا ناوی ئیرانشەهری یان ئێرانی نەبووە.

وەزیری زۆر  گێڕانەوەی دیکەی هەڵشێلاوە. بۆ نموونە  دەڵێ کە ناسر خوسرەو لە سەدەی یازدەهەم، سەعدی  لە سەدەی سێزدەهەم و حافز لە سەدەی چاردەهەمی زایینی  وشەی عەجەمیان دەکار کردووە نەک ئێران. عەلی ئەکبەری خەتاییش لە سەدەی شانزدەهەم ئاماژەی کردووە بە سێ بەش: عەڕەبستان، ڕۆم و عەجەم. بەم پێیە، ئێرانی هەنووکە لە ڕاستیدا هەمان عەجەم بووە لە ئاکامدا مەردم سەرزەوییەکەیان و خۆیانیان بە ڕیز بە عەجەم و عەجەمی ناو  بردووە. نووسینی کەسانی  وەک پێتڕۆ دێلاوالێ و پێدرۆ تیشیرا لە سەرەتای دەیەی ١٤٠٠ یش  لە دووی ئەو گێڕانەوەیە دەدا . تەنانەت لە نامەکانی سوڵتانە عوسمانییەکان بۆ پادشا سەفەوییەکان زۆر جار لە ناوی عەجەم کەلک وەرگیراوە . میر خوند  Mirkhond یش کە وەکوو مستەوفی  مێژوونووسی سەدەی پازدەهەمە  لە بەشێک لە بەرهەمەکەیدا کە باسی تورکە سەلجووقییەکان دەکا  لە سێ جێ دا ئاماژە بە ئێران دەکا بەڵام تەنێ وەک ناوی سەرزەوی و بێ هیچ جۆرە دەلالەتێکی سیاسی و بە تەنیشت ناوی سەرزەوییەکانی دیکەوە وەکوو ئێران و خۆراسان بەکاری هێناوە. لە مێژووی سەردەمی سامانیش لە جێدا هیچ ناوێک لە ئێران نابیندرێ. شەرحێکی دیکەش لە مێژووی سەلجووقی کە نووسینی ئیبنی بی بی یە تەنیا ئاماژە دەکا بە ناوچەگەلی وەکوو کرمان و فارس و خۆراسان و عێڕاق و نەک ئێران. یەکەم ئاماژەی ڕاشکاو بە ئێران و حەدو سەدی دەکرێ لە بەرهەمی سادق ئیسفەهانی جوغرافیا زانی سەدەی حەڤدەهەمدا بدۆزرێتەوە. لەوەش دەرچێ لانی کەم لە زەمانی زاڵبوونی عەڕەبەکان تا سەرهەڵێنانی سەفەوییەکان، سەرزەوی ئێران بەشێک بووە لە مەڵبەندی خەلافەتی ئەمەوییەکان و عەبباسییەکان و دواتر بە شێوەی لەت لەت  لە ژێر کۆنتڕۆڵی خانەدانە جیاوازەکاندا بووە. ئەو لەت لەت بوون و پەڕاگەندەیی یە لەو ڕووەوە گرینگە کە نیشان دەدا ناوی ئێران لەوان سەروبەنداندا لە جێدا هۆکارێکی بڕیاردەر نەبووە لە مەشڕووعییەتی ئەو خانەدانانە دا. بە وتەیەکی دیکە ئامانجی هیچکام لەو خانەدانانە داگیر کردنی ئێران و دامەزراندبی دەوڵەتێکی نەتەوەیی نەبووە بەڵکوو بە دوای داگیرکردنی زەوی زیاتر  دا بوون بە ئاڕاستەی جۆربەجۆر دا. وەزیری دەگاتە ئەو ئاکامەی کە نە جەمعییەتێکی یەکدەست دانیشتووی ئێران بوون و نەک ئەو خانەدانانە بڕەویان داوە بە ئیدێئۆلۆژییەکی ناسیۆنالیستی بۆ پێشگرتن لە پەڕاگەندەیی و هەڵوەشانی جوغڕافیایی. وەزیری لێی زیاد دەکا کە تەنانەت تا سەردەمی قاجاریش ناتوانین سکەیەک پەیدا کەین کە ناوی ئێرانی لە سەر هەڵکەندرابێ.
لەنێوان هێرشی عەڕەبەکان و تا سەرهەڵێنانی سەفەوییەکان ، فەلاتی ئێران قەت لە ژێر کۆنتڕۆڵی خانەدانێکدا نەبووە. تەنیا ڕێزپەڕێک هەیە ئەویش سەردەمی ئێلخانییەکانە. واتە بەلانی کەمەوە بۆ ماوی ٨٠٠ ساڵ ئەوەی هەبووە پەڕاگەندەیی و پادشاییەکان و خانەدانە ناوچەییەکان بوون و نەک دەسەڵاتێکی ناوەندی تاقانە.ئەوە دەربڕی ئەوەیە کە هەبوونی ئێران وەکوو بوونەوەرێکی جوغڕافیایی ناوەندی زیاتر ڕووداوێکی بە ڕێکەوت و ڕێزپەڕ بووە کە لە ئێپیزۆدی بەرتەسکدا خۆی نماندووە و بە هیچجۆر ڕەوتێکی زاڵ نەبووە. هەر ئەو جۆرەی کە وەزیری باس دەکا، بۆ نموونە مارکۆ پۆلۆ لە کۆتاییەکانی سەدەی سێزدەهەمدا باسی هەشت پادشایەتی کردووە لە پێرشیا کە هەر کامێکیان ناوی جیاوازیان هەبووە. تەنانەت لە سەردەمی سەفەوییەکانیشدا ناوی ئێران بە شێوەیەکی زۆر بەرتەنگ دەکار کراوە  و لەو بەکارهێنانە بەرتەنگەشدا زیاتر بۆ ئاماژە بووە بە ناوی سەرزەوی تا ناوێک بۆ دەوڵەت. بۆ نموونە لە هێندێک لە نامەکانی سوڵتانە عوسمانییەکان بۆ شایە ئاق قۆینلوو یان سەفەوییەکان بە شای عەجەم یان شای سەرزەوی عەجەم  ناویان بردوون. تەنیا لە کۆتاییەکانی سەردەمی سەفەوی واتە لە زەمانی شا سوڵتان حوسێن ڕایە کە وردە وردە ناوی مەمالیک یان ویلایاتی مەحرووسەی ئێران دەکار کراوە؛ڕەوتێک کە دەگێزدرێتەوە بۆ زەندییە و قاجارییە. لە سەردەمی سەفەوییەکاندا فەرمانڕەوایان زیاتر بە دوای دامەزرانی یەکێتیی بوون بە دەوری مەزهەبی شێعە دا تا بوونی وشیارییەکی ئێرانی نەتەوەیی لە ناو جەمعییەتی سەزەوییەکدا کە لە ڕووی کولتوورییەوە یەکدەست نەبوون.  لەو سەردەمیدا لە جێدا نەتەوە دەربڕی  باوەڕمەندان بە دینێکی تاقانە  و لێرە دا ئیسلامی شێعی بووە و کەمتازۆر پێوەندی بە دەلالەتە تازەکانی نەتەوەوە نییە. دەکرێ ئیستیدلال بکرێ کە لەو سەروبەندیدا  ئێران وەکوو قەڵەمڕۆیەکی سیاسی  هێشتا نەبووە و ئەوە ئیسلامی شیعە بووە کە دەلالەتی بووە.

٧.کۆلۆنیالیسم،ڕەگەزپەرستی،وبەرهەمهێنانی دانش: زانی بەرەبەرەی ئێران بە ڕێگای وەرگێڕان و ئەدەبیاتەوە

لە بەندی پێنجەمی کتێبەکەدا، وەزیری دیسان فیزماڵکێک دەدا بەرەو سیاسەتی وەرگێڕان. بە قسەی وی وەکوویەک دانانی فارس و عەجەم بە ئێڕان شێوەیەکی هەڵخەڵەتێنەر بووە و ئێستاش وایە. بۆ نموونە وەرگێڕانی ملوک الفارس ( کە لە دەقە عەڕەبییەکاندا هەیە) بە پادشایەتییەکانی پێرشن یان پادشایەتییەکانی ئێران هەڵەیە.  وەزیری دەڵێ ئەو کارە هەر ئەوەندە هەڵەیە ئەگەر بێین و عیباڕەتی ملوک الروم بە پادشایەتییەکانی ئیتالیا وەربگێڕین. بابەتی ئەو بەندە لە کتێبەکە لە مەڕ مێژوو نووسینی نەتەوەیی و داهێنانی ناسێنەی نەتەوەیی ئێرانییە. بە قسەی وەزیری هەوڵدان بۆ پەیدا کردنی بەسترانەوەی ڕووداوەکانی سەروبەندی پێش ئیسلامی و سەردەمی مۆدێڕن لە سەدەی نۆزدەهەمدا بە کتێبی مێژووی پێڕشیای سڕ جان مەڵکۆم لە ساڵی ١٨١٥ دەستی پێکرد.  چەندین دەیە دواتر لە ساڵی ١٨٨٣ش جەیمز دار مستتر دۆزراوەکانی فیلۆلۆژیستە ڕۆژهەڵاتناسەکانی لە کتێبە دوو بەرگییەکەی خۆیدا کۆ کردەوە. بەرگی یەکەمی کتێبی دارمستتر تەرخان کراوە بۆ ڕێزمانی زمانە پێرشنەکان لە سەردەمی هەخامەنشییەکانەوە تا سەردەمی ئێستا. ئەو ڕەوتە بە بەرهەمی ئێدوارد گرێنویل بڕاون لە ژێر ناوی مێژووی ئەدەبی پێرشیا ( ١٩٢٤-١٩٠٢) درێژەی کێشا. بڕاون کە زمانی بە بنەمای ناسێنەی نەتەوەیی دەزانی  دەرکەوتنی زمانی فارسی بە نیشانەیەک لە ژیانەوەی نەتەوەیی ئێرانایەتی دانا. ئەو لە ڕاستیدا ڕوانگە فێلۆلۆژیکییەکانی دارمستتری داگرتەوە و هاوکات ڕێبازی تازەی بۆ گریمانەی مێژوونووسانەی خۆی لە مەڕ ئێران کردەوە؛ ئەو وادانانەی کە زمانی پێرشنی ئەمڕۆیی فارسی ڕۆڵەی ئیرسگری هەمان زمانێکە کە کوروش و داریووش قسەیان پێکردووە. ئەرکی بڕاون دە ڕاستیدا ڕاکێشان و یەکدەستکردنی ئەو شتانە بووە  کە پێشتر هاتبوونە گۆڕێ. لەو ڕووەوە بە قسەی وەزیری بڕاون کاوێژکەرەوەی باوەڕە نەسەلماوەکانی پێشوو بوو لە مەڕ ئەوەی کە ئێران لە ئاریەن  یان ئاریای ناو ئاوێستا کەوتووەتەوە.
بە قسەی وەزیری، کتێبی مەلکۆم  لە سەر بنەمای شڕۆڤەی هێندێک ئەفسانە بوو سەبارەت بە پێشدادییەکان و کیانییەکان و ئەشکانییەکان و ساسانییەکان. لە ڕوانگەی وەزیرییەوە پرسیار ئەوەیە  کە بۆچی مەڵکۆم زەمانی خۆی هەر تەرخان کرد بۆ نووسینی مێژووی نەتەوەیی ئێران. وڵامی ئەو پرسیارە دەکرێ لە ڕقەبەری ئێمپریالی نێوان ئینگلیس و فەڕانسە دا و نیگەرانییەکانی ئینگلیس لەمەڕ نفووزی فەڕانسە لە مەڵبەندی هێند ببیندرێتەوە.  هەر لەو بەستێنە دا بوو کە ئەرکی ناسینی ناوچە ڕۆژئاواییەکانی هێند بە مەڵکۆم ئەسپێردرا بوو. لە ئاکامدا نووسینی مێژووی نەتەوەیی ئێران  بەلانی کەمەوە بەو گێڕانەوەیە تا ڕادەیەکی زۆر بەرهەمی پێواژۆ کۆلۆنیالیستییەکان بووە. هەر بۆیەشە لە ڕوانگەی منەوە بەرهەمهێنانی فەزای نەتەوەیی و کۆلۆنیالیسم لەیەک جیانەکراونەوە و ناکرێن.  وەزیری دوایە دێتە سەر بەرهەمێکی دیکە کە نزیکەی سەدەیەک لە دوای کاری مەلکۆم بڵاو بوویەوە: ئەویش بەرهەمی دووبەرگی سر پێرسی سایکس ە بە ناوی مێژووی پێرشیا لە ساڵی ١٩١٥. سیمایەکی گرینگی دیکە جۆرج ڕاولیسۆن ە. ڕاولینسۆن کە ڕەگەزپەرست بوو بە برەودان بە ئیدەی بەردەوامی نەتەوەیی و ڕەگەزی ئاریایی، شارستانییەتی ئێرانی زەق کردەوە. ئەو لە کتێبەکەیدا لە ساڵی ١٨٧١ پێنج پادشایەتی گەورەی باستانی یانی ئاشوور، بابا، کلد، مێدیا، و پێرشیا لێک دەداتەوە. لە کتێبەکەی دواتریدا لە ساڵی ١٨٧٣ لەسەر پارتییەکان چڕ دەبێتەوە و لە کتێبێکی دیکە دا لە ساڵی ١٨٧٦ ئیمپراتۆری ساسانییەکان شرۆڤە دەکا. ئەو کتێبەی دوایی بە کەمووکووڕییەوە بە فارسیش وەرگێڕدراوە. لەو کتێبەدا ڕاولینسۆن بە ڕاشکاوی گوتوویە بە هاتنە سەر کاری ئیمپڕاتۆری ساسانییەکان  لە ساڵی ٢٢٦-ی زایینی میللیەتی ئێرانی زیندوو بوویەوە. ئاماژە بە " زیندوو بوونەوەی"ی میللیەتی ئێرانی لێرە دا دەربڕی بەردەوامییەکی وادانانەیە لە نێوان هەخامەنشییەکان و ئەشکانییەکان و ساسانییەکان لەکاتێکدا دەزانین کە نە پارتییەکان و نە ساسانییەکان هیچ بیروەرییەکی هەستپێکراویان لەمەر هەخامەنشییەکان نەبوو. نیولی نیشانی داوە کە پارتییەکانیش ناوی ئیمپراتۆری ئاریاییەکانیان بۆ خۆیان دەکار نەکردووە. هیچ بەڵگە و شاهیدێک بۆ لە دوو دانی ئەو ئیدەیە  بەدەستەوە نییە کە پارتییەکان لە جێدا لە مەڕ شتێک بە ناوی قەومی ئاریایی وشیارییان  بووبێ. ئیحسان یارشاتریش نیشانی داوە کە پارتییەکان هیچ بیرەوەری و یادێکیان لەمەڕ هەخامەنشییەکان لە زەیندا نەبووە چونکە نووسەری خودای نامەگ هیچ زانیاری نییە لەمەر سەروبەندی بەر لە ئەسکەندەر. وەزیری ئیستیدلال دەکا کە ئەو بیرۆکەیەی کە پارتییەکان ناوی شاهەنشاهی ئێران یان ئاریانیان بۆ خۆیان بەکار هێنابی ناپەژرێندرێ.
وەزیری دوایە ئاماژە دەکا بە دەوری کاتر میر
E.M. Quatremere. و وەرگێراوە بە نرخەکەی بەناوی Histoire des Mongols de la Perse  لە ساڵی ١٨٣٦ دا کە لە ڕاستیدا لە جامع التواریخ رشیدالدین (١٣١٨ – ١٢٤٧ی زایینی)  وەرگیراوە و بە دوو زمانی فارسی و فەڕانسەیی بە شێوەیەکی زۆر جوان بڵاو کرابووەوە لە جێدا بەو مەبەستە کە تایبەتمەندیی نەتەوەیی زەق کاتەوە. داگرتنەوەی کاترمیر لە مەڕ پێویستی تێگەیشتنی حوکمڕانی مەغوول ( کە هیچ سنوورێکی دیاری نەبوو)  لە قەلەمڕۆیەکی نەتەوەییدا بەڵام لە ڕاستیدا بەپەرچدەرەوەی ئامانجی ڕەشەیدەدین بوو کە بە هیچ جۆر بە دوای نووسینی مێژوویەکی نەتەوەییەوە نەبوو. هەر لەو زەمانە دا Journal Asiatique بڵاو کراوەیەک بوو بۆ هێنانە گۆڕ و برەو پێدانی بیرۆکە ناسیۆنالیستیەکانی ڕۆژهەڵاتناسانی ئوڕووپایی. ئەو بڵاو کراوەیە لە ڕاستیدا ببوو بە کتێبی پیرۆزی لێکۆڵینەوەکانی لەمەڕ ڕۆژهەڵات. ژووڵ مۆل Jules Mohl بۆ نموونە لە تەک بڵاوکردنەوەی بابەت لەو بڵاو کراوەیەدا لە نێوان ساڵانی ١٨٣٧ و ١٨٧٨ دەستی کرد بە بڵاوکردنەوەی کۆلێکسیۆنێکی ٧ بەرگی لە شاهنامەی فردەوسی بە وەرگێڕانی فەڕانسەیی و پەیوەستانەوە. ئەو ناساندنەی شاهنامە یارمەتی کرد بە بازنەی لێکۆڵینەوەکانی زانکۆیی ئورووپایی بۆ ئەوەی ئوستوورەناسی ئەفسانەیی لە مێژووی نەتەوەیی گرێ بدرێ. دۆگۆبینۆش کە پێشتر باسی کرا لە زۆر جێی کتێبەکەی وەزیریدا سەر هەڵدێنێ.  سەرلەپێناوی دۆ گۆبینۆ بە ڕەگەزپەرستی و ئاریایی بوون ، وزەی پێویستی دا بەو بۆ نووسینی کتێنی پیرۆزی ڕەگەز پەرستی بە ناوی Introduction a l’Essai sur l’ inegalite des races humaines لە ساڵی ١٨٥٤. لە ڕوانگەی دۆگوبینگۆ وە دەرکەوتنی ئیمپراتۆری پێرشیا دەربڕی بزووتنەوەی ژمارەیەکی بەرتەنگ لە پیاوانی ئاریایی لە ناو کۆمەڵانێک دا بوو لە ڕەگەزێکی دیکە واتە سامی کە ئەوە نەتەوەیەکی ئافراند. گۆ بینۆ هەر وەها لەو باوەڕە دا بوو کە ڕووخانی ئیمپراتۆرییە ئاریاییەکان و بە دیاریکراوی ئیمپراتۆری پێرشیا لە ئاکامی تێکەڵاوی پێرشنەکان بوو لەگەڵ مردمانی پەست و خۆجێیی سامی.

٨.ڕەچەڵەکناسی زمانی دەری: فارسی لە جیات ئێران؟

لە پێوەندی لەگەڵ لێکبەستنی بە تۆبزی جوغڕافیا و زمانی فارسی، وەزیری دەڵێ کە هەرچەند گۆیا ئاریاییەکانی باستان لە ناوچەی ڕۆژئاوای فەلاتی ئێران نیشتەجێ بوون بەڵام زمانی فارسی کە زمانێکی زۆر نوێ باوترە لە سەردەمی ئیسلامی و ئەویش لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی فەلاتی ئێراندا گوڵی کرد و پشکووت واتە لە ماورا النهر و خۆراسان و نەک لە پارس یان بین النهرین. شتێکی دیکەش ئەوەیکە فارسی هەر لەمەڕ ڕۆژهەڵاتی ئێران نەبوو بەڵکوو ئاخێو بە زمانی فارسی لە ئاسیای ناوەندی، هیند و لە سەدەکانی دواتر لە سەر زەوییەکانی عوسمانیش نیشەجێ بوون. لەگەڵ ئەوەشدا هێندێک لە ڕۆژهەڵاتناسان وەکوو بڕاون هەمیشە حەولیان دا تا زمانی فارسی بلکێنن بە جوغيافیایەکی نەتەوەیی نەبوو دا. بۆ بڕاون زمانی فارسی هەمان نیسبەتی لەگەڵ ئێران هەبوو کە زمانی ئەڵمانی لە زەینی سیمای وەکوو هێرد و فیختە دا هەیبوو، واتە وەکوو بنەمای یەکێتیی و جیاوازی نەتەوەیی. لەسەر بنەمای ڕوانگەیەکی ئەوتۆیە کە زمانەکانی دیکە و لەهجە " ناقۆڵاکانی" دیکە دەبوو سەر وەبەر بالادەستی ئەو زمانە نەتەوەییە بێنن. لە ڕوانگەی وەزیرییەوە لەبەر ئەوەیە کە بڕاون ناوی کتێبەکەی نا مێژووی ئەدەبی پێرشیا و نەک مێژووی ئەدەبیاتی پێرشن. ( هێشتا دیاری نەکراوە بۆچی دەبێ پێرشن بە هاوتای فارسی بزانین)!
دارمستتر، بڕاون و هێندێکی دیکە گوتوویانە کە زمانی فارسی لە ڕاستیدا درێژەی پێرشەنی ناوەڕاستە کە ئەو خۆی درێژەی پێرشنی کۆنە. لە ڕوانگەی وەزیرییەوە، ئەو ئیدیعایە هەرچەند بە کەیفەیە بەڵام بەشێوەیەکی فیلۆلۆژیک داڕێژراوە و کەم و زۆر وەکوو چوارچێوەیەک بۆ لێکدانەوەی ڕیشەکانی فارسی پەژرێندراوە. کەسانێک وەکوو فڕای، بیلی و لازار لەسەر بنەمای تەسەورێکی ئاوا دەڵێن ناوچەی فارس – واتە جێیەک کە هەم هەخامەنشییەکان ( پێرشنی کۆن) و هەم ساسانییەکان ( پێرشنی ناوەڕاست) ڕیشەیان تێدا هەبوو – دەبێ بەسەرچاوەی زمانی فارسی بزاندرێ. لە الفهرست ابن ندیم دا – کە خۆی بە پاڵپشتی ابن مقفع ئەوە دەڵێ-  هاتووە کە لە کۆتاییەکانی سەردەمی ساسانییەکاندا پێنج زمان و حەوت چەشنی خەت هەبووە. ئەو پێنج زمانە بریتی بوون لە پەهلەوی ( یان فەهلەوی)، دەری، پارسی، سوریانی و خووزی. لە ڕوانگەی لازارەوە ئاخێوانی ئەو زمانانە بەڕیز بریتی بوون لە فەهلا ( مادی باستان)، مەردمی ناوەند،مووبەدەکان و زانایان، مردمانی خوێندەواری، و ئەو مەردمەی نیشەجێی خووزستان بوون. وەزیری وەبیر دێنێتەوە  کە بەو دۆخەوە دەبێ پرسیار بکرێ ئەی چ بەسەر زمانەکانی دیکە واتە کوردی، لوڕی، گیلەکی و زمانەکانی دیکەی ناوچەیی هاتووە. بە قسەی پەرویز کەڵانتەری  لە بەر ئەوەی ئەو زمانانە بۆ نووسین دەکار نەدەکران گرینگی خۆیان  لە دەست دا، بەڵام ئەو جۆرە دەربڕینانە لە ڕوانگەی وەزیرییەوە  هەر وادانانن و بنەمای مێژووییان نییە. لەوەش زیاتر، ناوەندی ساسانییەکان بۆ زیاتر لە سێ سەدە لە ناوچە کوردنشینەکاندا بووە. لە ئاکامدا دژوارە بکرێ ئەو ئیدیعایە بپەژرێندرێ کە زمانی بوومی کوردی و کولتوور و نەریتی کوردی بە تەواوی لە دەرباری ساسانییەکاندا لای لێ نەکرابێتەوە. وەزیری هەروەها دایدەگرێتەوە کە جگە لەو پێنج زمانەی کە ابن مقفع و ابن ندیم ئاماژەیان پێکردوون  زمانگەلی دیکەش کاریان پێ کراوە کە دەبێ ئەوانیش بهێندرێنە ناو لێکدانەوەی مێژوویی: خواڕەزمی، سوغدی، و زمانە ڕۆژهەڵاتییەکانی دیکە. بۆیە وەزیری ئیستیدلال دەکا کە پەژراندنی پێرشنی ناوەڕاست وەکوو ناوی زمانەکانی سەردەمی ساسانییەکان، لە کاتێکدا کە هیچ زانیارییەکی وردمان لە سەر ناوی ئەو زمانە لەو سەروبەندیدا نییە، نیشان دەدا کە ئەو مێژوونووسییەی لەبەر دەستانە تا چەندە کەموکووڕیی هەیە.

وەزیری هەر وەها دەڵێ کە هیچ هاوبیرییەک لە ناو زانایاندا نییە کە زمانی فارسی مۆدێڕن چلۆن بناغەی ڕێزمانی وشێوازی هەنووکەیی بە خۆیەوە گرتووە و هەتا ئێستا وڵامێک بەوە نەدراوەتەوە کە چۆنە فارسی وەکوو زمانی خانەدانی ساسانی ڕۆژئاوایی لە لای هەرە ڕۆژهەڵاتی سنووری فەلاتی ئێران پەیدا بووە و گوڵی کردووە. یەکەم شێعرەکانی فارسی بە شێوەی قەسیدە بە کەلکوەرگرتن لە ئەلفوبێی عەڕەبی بە گردبڕی لە ساڵی ٨٠٩-ی زایینی گوتراوە واتە لە زەمانی خەلافەتی مەئمووندا. فڕای ش بە ئاماژە بە کتێبی مێژووی سیستان  گوتوویە یەکەم کەسی کە بە فارسی شێعری گوت  سروود محەمەد بنی وەسیف بووە لە ساڵی ٨٦٧ دا. هێندێکانیش دەرییان بە بنەمای پەرەگرتنی فارسی داناوە. بۆ وێنە لازار دەڵێ دەری زمانی ژیانی ڕۆژانە بووە لە سەردەمی ساسانییەکاندا. تەنانەت بە پەژراندنی ئەو گێڕانەوەیە، وەزیری ئەو پرسیارە بە گرینگ دەزانێ کە چلۆن وەکوو زمانێکی هاتوو بۆ ڕۆژئاوای ئێران توانی بە سەر ئەو زمانانەی دیکەی کە لە ماوەڕا النهر دا هەبوون زاڵ بێ و خۆی وەکوو زمانێکی زاڵ بە ناوی فارسی دامەزرێنێ؟ وەزیری خۆی بە پالپشتی لێکۆڵینەوە مێژووییەکان باوەڕی وایە کە دەری تەنیا لە سەردەمی ئیسلامی و لە ئاسیای ناوەند و بە تەنیشت زمانەکانی دیکەوە پەیدا بووە. بۆیە فارسی یان دەری بەرهەمی موتوربە بوونی زمانگەلی نا یەکدەست و وەیەک نەچوون لە سەر بنەمای لەهجەیەکی تایبەتی. بە قسەی وەزیری ئەگەرچی لە ساڵانی ڕابردوو دا هێندێک دەقی فارسی سەبارەت بە ناسینەی ئێرانی بڵاو بوونەتەوە بەڵام هێچکامیان نەیانتوانیوە  خۆ لە شکلگرتنی زمان جیاواز لە شکلگرتنی دەوڵەتی نەتەوەیی مۆدێرن بدەن. نەبوونییەکی ئاوایە کە زەمینەی بە هاوتادانی فارسی لەگەڵ ئێرانی زیاتر کردووە.

وەزیری لە درێژە دا ئاماژە دەکا بە کەلکوەرگرتنی ناسیۆنالیستەکان لە شاهنامەی فردەوسی و ئەوەیکە چۆن تێخوێندنەوەی تایبەتی لە شاهنامەی فردەوسی توانیویە ئەو ڕوانگەیە بە تەبیعی نیشان بدا  کە ئێران و فارسی بەیەک مانا دابندرێن. وەزیری پێی وایە کە حەولی وەکوو شاهنامەی فردەوسی کە یەکەمین نەبووە لە چەشنی خۆیدا، بە شێوەی سەرەکی ڕنگدانەوەی بەرژەوەندی ئاریستۆکراسی فەرمانڕەوا بوون بۆ نموونە ئەو بۆچوونە زاڵە  لەمەڕ شێعرەکانی شاهنامەی فردەوسی هەیە کە ئەو بێزاری خۆی لە عەڕەبان و هەر وەها تورکەکان ( توورانییەکان)ی زەق کردووەتەوە و لەجیاتیان هەر پەسنی ئێرانییەکانی داوە و پێی هەڵگوتوون. لەگەڵ ئەوەشدا ئەم لێکدانەوەیە لەگەڵ واقعییەت یەکناگرێتەوە و ناکۆکە کە یەکەم فردەوسی موسوڵمانێک و پێڕۆی پێغەمبەری ئیسلام بووە و پشتیوانە سەرەکییەکەشی سوڵتان مەحموود خۆی تورک بووە . هەروەها دەبێ ئەوەش لەبەرچاو بگیرێ  کە فردەوسی پەسنی ئەسکەندەری مەزنیشی داوە، تێکشکێنەری هەخامەنشییەکان ( کە بە ئیمپراتۆرییەکی ئێرانی دادەندرێ) و ئەسکەندەری بە داگیرکەرێکی مەشڕووع زانیوە. مەشڕووعییەتی ئەسکەندەر لە لایەن شاعیرانی دیکەشەوە وەکوو نیزامی، جامی و ئەمیر خوسرەو داگێراوەتەوە. نیزامی لە ئەسکەندەرنامە دا ئەسکەندەری بە پەرستندەی خودا و نابوودکاری ئایینی پووچی پێرشنە کافرەکان داناوە.
وەزیری شڕۆڤە دەکا و دەڵێ کە فردەوسی قەت وشەگەلی وەک میللەت ، قەوم، وەتەن و ئومەتی کە هەموویان عەڕەبین  بۆ ئاماژە بە نەتەوە (
nation) دەکار نەکردووە. لە جیاتیان تەنیا وشەی کێشوەر و میهەن ی بەکار هێناوە. هەڵبەتە میهەن یش بە گشتی تەنێ سێ جار لە شاهنامە دا دەکار کراوە کە لە دوو جێگا بە مانای ماڵ و لە جێگایەکیشدا بە مانای خێزانێکی گەورە دەکار کراوە. وشەی کێشوەر زۆر بەشێوەیەکی بەربڵاوتر لە شاهنامە دا هاتووە بەڵام زۆربەی کات بە مانای ناوچە یان گەڕەک بووە و پێوەندییەکی ئەوتۆی بە وشەی کێشوەر بە مانای مۆدێڕنییەوە نییە. لەوەش دەرچێ، دەبێ سەرنج بدرێ کە شاهنامەی فردەوسی لەوان سەروبەنداندا لەناو بازنە ئەدەبییەکان و فەرمانڕەوایاندا  گرینگی هەبووە . وەزیری ئیستیدلال دەکا کە ئەو مانا سیاسی و ناسیۆنالیستییانەی  کە بە شاهنامەیەوە دەلکێنن دەبێ بە بەرهەمی وشیاری سەدەی بیستەم دابندرێ. لە ڕاستدا لە زەمانی فردەوسیدا، ئێرانایەتی و یان زیندووکردنەوەی دەسەڵاتێکی باستانی واداندراو، چ لە لایەن سامانییەکان و غەزنەوییەکان لە ڕۆژهەڵات و چ لە لایەن بووئییەکان لە ڕۆژئاوا، لەجێدا فکریان پێیەوە خەریک نەبووە.  لەو سەردەمەدا قەڵەمڕۆ ساز کردنی سیستمە سیاسییەکان  پێویستی بە حوکمڕانی بە سەر ناوچەیەکی جوغڕافیایی دیاریکراو یان جەمعییەتێکی دیاریکراو و یەکدەستدا نەبووە، تەنیا شتێکی کە زەینیان پێیەوە خەریک بووە، پەرەپێدانی سەرزەوی ژێر کۆنتڕۆڵ بەهەموو ئاڕاستەیەکی لواو دا بووە. لە ڕوانگەی وەزیرییەوە بەو پێیە ئەوە زۆر گەورە کردنەوە و پێوەنانە کە وا فکر بکەینەوە  فردەوسی و خانەدانەکانی ئەوزەمانی کە بەسەر هێندێک بەشی ئێرانی هەنووکەدا حوکماتیان کردووە بە دوای شەرمەزار کردنی ئیسلامدا بووبن بۆ گەڕاندنەوەی بیروڕا زەردوشتییەکان و لە ئاکامدا برەوپێدانی ئێرانایەتی. لەڕوانگەی وەزیرییەوە هەر ئیدیعایەک لە مەر ئەوەی کە لەو زەمانیدا شاهنامە بەشێوەی بەربڵاو لە ناو کۆمەڵانی مەردمدا خوێندرابێتەوە بە توندی جێگای پرسیارە.

٩.نیشاندانەوەی مێژووی خانەدانی وەکوو مێژووی نەتەوەیی: پێویستی جیاوازی دانان لە نێوان فارسی، ئێران و خانەدانەکان
وەزیری بەندی شەشەمی کتێبەکەی بە باسێک سەبارەت بە دەوری ولادیمیر مینۆرسکی دەست پێدەکا کە زیاتر لە ٢٠٠ وتاری لەمەڕ ئێران نووسیوە. گرینگی مینۆرسکی بۆ وەزیری لەوە دایە  کە ئەو خانەدانگەلی فەرعی و پچووکی وەکوو دەیلەمییەکانی  وەک بەشێک لە مێژووی نەتەوەیی ئێران نیشانداوە. تا بەر لە مینۆرسکی ( ١٩٣٢) هیچ کەس دەیلەمییەکانی لە بەستێنی نەتەوەییدا نەگونجاند بوو. مینۆرسکی زیارییەکان و بووئییەکانیشی بە فەرمانڕەوایی نەتەوەیی ئێرانی داناوە. لە ڕوانگەی وییەوە زیارییەکان (٨٢٨ – ١٠٤٢) یەکەم خانەدانی ئێرانی بووە لە ڕۆژئاوا، هەر وەک چۆن سامانییەکان یەکەمین بوون لە ڕۆژهەڵات. وەزیری پێی وایە ئەو ئیدیعایەی مینۆرسکی کە دەیلەمییەکان  لە سەردەمی ئیسلامیدا، بوونە ئێرانی بنیاتی مێژوویی نییە. مینۆرسکی هیچ شیکردنەوەیەک لەو بارەیەوە نادا کە خەسڵەتی ئێرانی بوون  لە سەردەمی ئیسلامی دا دەکرێ چ بووبێ. هەر وەها دەبێ ئەوەش لە بەرچاو بگیرێ کە بۆچی خانەدانێکی ئێرانی بە قسەی مینۆرسکی، واتە بووئییەکان، پشتیوانانی سەرەکی زمانی عەڕەبی بوون بە شێوەیەکی ئاوا کە شیراز لە سەروبەندی بووئییەکاندا گەورەترین شاعیرانی عەڕەبی بە دنیا ناساندووە. بە پێچەوانە، غەزنەوییەکان لە ڕۆژهەڵات، کە تورکی مشخەتی، و لە ئاکامدا بە ڕواڵەت ئێرانی نەبوون لە پشتیوانانی سەرەکی زمانی فارسی بوون. وەزیری لەو پێوەندییە دا لێی زیاد دەکا  کە یەکێک لە کەتیبەکانی بیرەوەوری لە پێرسپۆلیس
A’zad ud-dawla commemorative inscription بە زمانی عەڕەبییە. ئەو دەڵێ کە ڕۆژهەڵاتناسان و  ناسیۆنالیستەکان  ئیدیعا دەکەن بووئیەکان ئەو نازناوەی دە شاهنامە دا هەیە واتە شای شایانیان  king of kings بۆ خۆیان هەڵبژاردبوو. بەو پێیە تەنانەت ئەگەر شایشایان بە نازناوێکی ساسانی بزانین، دیار نییە بۆچی دەبێ ئەوە بە ئێرانی دابندرێ؟ بە قسەی وەزیری، لە سەر بنەمای ئەو گریمانەیە کە ساسانییەکان دەستەبەری ئێرانچێتی بوون لە بەرانبەر هۆکاری سامی و هۆکارە نائێرانییەکانی دیکەدا، ئەو ئاماژە تایبەتییە بە شاهنامە بووەتە هۆی ئەوە زۆر لە ڕۆژهەڵاتناسان بە شێوەیەکی نا ورد دەست بدەنە گشتاندن و یەکدەست کردنی ئەوتۆی کە شیاوی پەژراندن نەبن. بە قسەی وەزیری نە لە سەردەمی بووئیەکاندا ونە بەر لەوان جەمعییەتێکی یەکدەست بە ناوی ئێرانی بوونی نەبووە.
یەکێکی دیکە لە لایەنە سەرنجڕاکێشەکانی کاری وەزیری، پێداگری وییە لە سەر پێویستی بەرەوپێشبردنی لێکۆڵینەوە مێژووییەکان لە ئاستی جۆر بەجۆر دا. بۆ وێنە ئەو دەڵێ دەبێ مێژووی زمانێک لە مێژووی جوغرافیای شوێنێک کە ئەو زمانە تێیدا پەیدابووە جوێ بکرێتەوە. ئەو دوانە هەر وەها دەبێ لە مێژووی سیاسی  هاوگونجاو لەتەک خانەدانێک جوێ بکرێنەوە و لە ئاکامدا بۆ وێنە نابێ مێژووی فارسی، بە مێژووی ئێران، و مێژووی سەفارییەکان بە یەک دابندرێ و بە کەیفی خۆ لە گێڕانەوەیەکی تاقانەدا بیانگونجێنین. تێئۆدۆر نۆلدکە بۆ نموونە نیشانی داوە سەفارییەکان پادشایەتییەکی سیستانی بووە. بە قسەی وەزیری زۆر گرینگە کە سەرنج بدەین  دوو خانەدانی رقەبەری ئێرانی واتە دەیلەمییەکان و سەفارییەکان لەجێدا ئیدیئۆلۆژی و ستراتێژی جیاوازیان هەبووە و بۆ وێنە یەعقووب لەیسی سەفاری بە دوای ئەوە دا بوو تەبەرستان کە لە دەست شێعەکاندا بوو داگیر بکا. لە ئاکامدا لە یەک دەستە دا دانانی ئەو دوو خانەدانە و بە ئێرانی بە ناوکردنیان لە ڕووی مێژووییەوە ناکۆکە. لە بیرمان نەچێ ئەو جۆرەی کە سکەکانی سەفارییەکان نیشان دەدەن ئەوان گوێڕایەڵییان لە خەڵیفە کردووە. بۆیە سەفارییەکان لە پێشدا موسوڵمان بوون و نەک نوێنەری بوونەوەرێکی نەتەوەیی. وەزیری تەنانەت  لە سەر ئەو باوەڕەیە کە زۆر لە خانەدانەکانی ئەو سەروبەندی لەوانە سەفارییەکان زیاتر بوونەوەری نیزامی بوون تا ڕێکخراوی دەوڵەتی لە سەرەوە بەرەو خوار.
وەزیری بەسەرداگیراوی پێ لەسەر بە ڕێکەوت بوونی مێژوو دادەگرێ. بۆ وێنە لە باسی لەمەڕ سامانییەکاندا، بەبیر دێنێتەوە  ئەگەر خۆراسان و ماورا النهر لە سەردەمی مۆدێڕندا وەکوو بوونەوەری سیاسی جیاواز پەیدا بووبان  ئێستا زۆر لەوەی کە پێی دەگوترێ ئێرانی پێی دەگوترا خۆراسانی. وەک چۆن موستەوفی گوزارشتی داوە لە سەردەمی ئێلخانییەکاندا خۆراسان پادشایەتییەکی سەربەخۆ و جوێ بووە لە ئێران. لەمەڕ سەفەوییەکانیش گوتراوە ئەگەرچی قزڵباشەکان لەو سەروبەندیدا زمانیان تورکی بووە و ئەگەرچی ئەو زانا ئایینییانەی کە لە عەڕەبیای ڕۆژهەڵات و سووریەوە هاتبوونە ناو دەربار هەموویان زمانیان عەڕەبی بوو، زۆر لە ڕۆژهەڵاتناسان مەیلی ئەوەیان تێدایە سەفەوییەکان وەکوو بوونەوەرانی سیاسی نەتەوەیی و ئێرانی نیشان بدەن. ئەوە سەرەڕای ئەو گێڕانەوانەی کە نیشان دەدەن سوڵتەی تورکان بەسەر ئەو سەرزەوینەدا لانی کەم تا ساڵی ١٩٢٥ ماوەتەوە واتە تا ئەو زەمانی کە ڕەزا خان ( و هێزەکانی دیکە)، قاجاریان خست.
وەزیری لە درێژەی باسەکانیدا دێتە سەر ئارتوور کریستنسن. کریستنسن کە لەسەر سلسلەی ساسانی کاری کردووە و کتێبەکەی لەو پێوەندییە دا لە ساڵی ١٩٣٦ بڵاو بووەتەوە، بە تێخوێندنەوەی فیلۆلۆژیک لە نەخشی ڕۆستەم و زێدەکانی دیکەی پێش ئیسلامی. ئەو چەمکی ئاریایی دەکار کردووە بۆ ئەوەی نەتەوەی خەیاڵی ئاریا یان ئێران لە سەردەمی هەخامەنشییەکاندا وەکوو سەرەتایەک لە دامەزراندنی نەتەوەییدا بئافرێنێ. بە قسەی وەزیری تەقریبەن هیچ ڕەخنەیەک لە کاری کریستنسن نەگیرا و لە ئاکامدا وەکوو کتێبێکی پیرۆزی دیکەی ئێرانناسی مامڵەی لەگەڵ کرا. لە کەموکووڕییەکانی کاری کریستنسن دەکرێ ئاماژە بکرێ بە پەژراندنی بێ ئەملاو ئەولای گریمانەی ئاریایی و سەرنجنەدانی لەمەر مێژوونووسی خانەدانی وەکوو بەدیلێک بۆ ماناسازکردنی نەتەوەیی بۆ ساسانییەکان. لە ڕوانگەی وەزیرییەوە، گرفتی کاری کریستنسن وەکوو ئەوانیدی لەبەر ئەوەیە کە ئەو ناوی ئێران بەشتێکی ئاشکرا دادەنێ. لە ئاکامدا لە حاڵێکدا کە بۆ وێنە لە سەرچاوە عەڕەبییەکاندا فارس وەک ناوێکی خانەدانی دەکار کراوە، کریستنسن زۆر بە هاسانی فارس ی بە ئێران وەرگێڕاوە.
لە بواری هونەر و مێعماریشدا سیمایەکی ناسراو کە دەبێ باسی لێوە بکرێ ئارتوور پۆپ ە. بە قسەی وەزیری ئەویش وەکوو ڕۆژهەڵاتناسانی دیکە، ڕابردووی دوور لە سەردەمی مۆدێڕن دەبەستێ بۆ ئەوەی بەردەوامی هونەری پێرشن لە بەستێنێکی نەتەوەییدا دەستەبەر بکا. ناوی بەرهەمە شەش بەرگییەکەی بە جوانی ئەوە دەردەخا: پێوانی هونەری پێرشن لە سەردەمی پێش مێژووەوە تاکوو ئێستا ( ١٩٣٩- ١٩٣٨). وەزیری لە بەرپەرچدانەوەی بۆچوونی پۆپدا نێشانی داوە کە هیچ شتێکی تەنیا پێرشنی لە سەردەمی بەر لە مێژوو یان لە سەروبەندەکانی دواتر دا نەبووە. ماناسازکردنی نەتەوەیی هونەری چەند شکلی و فرە لایەن لە سەرانسەری فەلاتی ئێراندا کارێکی وای کرد پۆپ کتێبکی دیکە بە ئاڕاستەی برەوپێدان بەو ڕوانگە ناسیۆنالیستی و نەتەوییە بنووسێ: شاکارەکانی هونەری پێرشن (١٩٤٥) و مێعماری پێرشن: زاڵبوونی شکڵ و ڕەنگ (١٩٦٥). لە ڕوانگەی وەزیرییەوە کەمووکووڕی سەرەکی بەرهەمەکانی پۆپ نێو لێنانی هونەری ئاڵۆز و فرەلایەنی ڕۆژهەڵاتی نزیک وەک پێرشنە. ئەلمستێد یەکێکی دیکە لە ڕۆژهەڵاتناسە بەناوبانگەکان و بەجۆرێک میراتگری ڕاولینسۆن و قوتابخانەی  مێژوونووسی ئاریایی یە.  کتێبەکەی ئەلمستید بە ناوی مێژووی ئیمپراتۆری پێرشیا لە ساڵی ١٩٤٨ دا بڵاو بووەوە. ئەو لەو کتێبەدا ئاریایی بوونی پێرشنەکانی داگرتەوە و چەمکەکانی ئێران و ئێرانی بە پێش فەرز و ئاشکرا دانا و ئەوانە وەک خۆی بە هاوتای پێرسیا، پێرشنز، و ئاریایی بە کار هێنا.

١٠.ئێرانییەکان و گێڕانەوەی نەتەوەیی لەمەڕ مێژوو
وەزیری لە بەندی حەوتەمی کتێبەکەیدا بەدیاریکراوی لە سەر نووسەر و مێژوونووسانی ئێرانی چر دەبێتەوە. لە ڕوانگەی وییەوە چوارچێوەی مێژوو نووسینی زانایانی ئێرانی لە سەدەی بیستەم لە جێدا لە سەر بنەمای مێتۆد ناسی ئوڕووپایی یە کە بەشێوەی سەرەکی بە دەوری دەق دۆزی و لاگیرییە ڕەگەزو نەتەوەییەکاندا بووە. ئەو جۆرە مێژوو نووسینە لە دیدی وەزیرییەوە بۆچوونی یونیورساڵی بۆ مێژوو نابوود کردووە. تەنانەت قوتابخانەکانی هێگێلی، مارکسی و وێبێریش سەرەڕای پێداگرتنیان لەسەر یونیورسالیسم  نەیانتوانیوە بە تەواوی لە کارلێکەری ئەو هەڵکەوتە کۆلۆنیالیستییە ئوڕووپاییەوە خۆ لادەن. لە سەردەمی قاجار و بە تایبەتی لە سەدەی نۆزدەهەم، کە هێشتا مێژوو نووسی شکڵی پەیدا نەکردبوو و ڕووبەڕووی ڕووداو نووسین بووین، ئەدەبیاتێکی بەربڵاو  لە بواری مێژوو دا هەبوو کە مێژوونووسانی عەبباسییەکان، تورکی مەغوولی و سەفەی ئەوانیان بەرهەم هێنابوو. پنکتی گرینگ ئەوەیە کە هیچکام لەو مێژووانە بەتایبەتی باسی ئێرانیان وەکوو نەتەوەیەکی جیاواز نەکردووە. بە قسەی وەزیری تەنێ لە ئاخرو ئۆخری سەدەی نۆزدەهەم و سەرەتاکانی سەدەی بیستەم دایە کە سیمای وەک میرزا مەڵکەم خان، دەێهخودا، زەکائولمولک (فرووغی) و حەسەن پیرنیا (موشیر ئەدەولە) مێتۆد ناسی ڕۆژئاوایی واتە گێڕانەوەی نەتەوە لە مێژوویان هێنا ناو مێژوو نووسی. ڕۆژنامەی وەک صور اسرافیل یش شوێنێکی گرینگیان هەبوو بۆ برەو دان بە ئەم مێتۆدە ناسیۆنالیستییەی مێژوو نووسیدا. هەر ئەو جۆرەی کە وەزیری باس دەکا، دێهخودا لە جێدا دا بە دیتنی وشەنامەکانی فەڕانسەیی و ڕووسی و... کە دەوری هێمای نەتەوەییان دەگێڕا، دەستی کرد بە گەڵاڵە کردنی وشەنامەکەی. ڕۆژنامەی قانوون ی مەڵکەم خانیش  لە ڕاستیدا لە سەر بنەمای ئەو بیرۆکەیە فرچکی گرتبوو کە پەرەسەندنی ستانداردە حقووقی و مەدەنییەکان چوارچێویەکی بۆ ناسیۆنالیسم و شارومەندی لە سەر بنەمای حاکمییەتی قانوون ئامادە کرد بوو. لە دیدی وەزیرییەوە مەڵکەم و هاوبیرانی دەورێکی بنەڕەتییان هەبوو لە ئاڕاستە کردنی شۆڕشی مەشڕووتییەت و برەوپێدان بە بیرکردنەوەی سکیولار کە ئەوەش بوو بە پایەیەک بۆ دەرکەوتنی بیرکردنەوەی نەتەوەیی لە ئێران.
زەکائومولک ( فروغی) لە ساڵی ١٩٠١ کتێبێکی دەرسی مێژووی ئامادە کرد بە ناوی مێژووی ئێران بە مەبەستی خوێندن لە مەدرەسەی تازە دامەزراوی زانستە سیاسییەکاندا. بە قسەی وەزیری ئەوە یەکێک لە یەکەم بەرهەمەکان بوو لە بواری مێژووی نەتەوەیی لە چوارچێوەیەکی ئێرانیدا. شتێکی دیکە کە فرووغی کردی شڕۆڤە ڕۆژئاواییەکان بوو سەبارەت بە خانەدانەکانی پێش زەمانی ئیسلام ( هەخامەنشی، سلووکی، پارتییەکان و ساسانییەکان) و هەر وەها شرۆڤە ڕۆژهەڵاتییە نەریتییەکان سەبارەت بەخانەدانە کانی پێش لە ئیسلام( پێشدادییەکان، کیانییەکان، و سامانییەکان) و لەو کتێبە دا گونجاندنی. ئامانجی ئەوە بوو کە ئەو خانەدانانە بە خانەدانەکانی ئیسلامی فەلاتی ئێران ببەستێتەوە ( بیری بەردەوامی). کتێبەکەی فرووغی لە ساڵی ١٩١٧ دیسان چاپ کراوە و ئەو نوسخەیە وێنەی شایەکانیشی تێدا بوو. سیمایەکی دیکەی شوێندانەر، حەسەن پیرنیا بوو کە لە ساڵی ١٩٢٥ دەستی کرد بە نووسینی بەرهەمە سێ بەرگییەکەی سەبارەت بە ئێرانی باستان. کاری پیرنیاش لە سەر بنەمای مێتۆدی ناسیۆنالیستی بوو و ئەو بە یەک لە ئیماندارانی بیرۆکەی ئاریایی وەحیساب دەهات.  وەزیری دەڵێ کە تەنانەت دەکرێ بڵێین پیرنیا ئوستوور ناسی و مێژووی تاقیکراوەی لێک نەدەکردەوە. بۆ وێنە پیرنیا بە پێچەوانەی سەرچاوە نەریتییەکان کە ئەسکەندەری مەقدوونییەییان  بە فەرمانڕەوای مەشڕووعی ڕۆژهەڵات دانابوو، ئەسکەندەر بە ژنبازو دڵڕەق و دوژمنی قسەتەسەری ئیڕان بە ناو دەکا. وەزیری پێی وایە دەکرێ ئەو بۆچوونەی پیرنیا لەبەر ئەوە بێ کە هەخامەنشییەکان بە ئێرانی دەزانێ و تەسەوری وایە کە ئەسکەندەری مەقدوونییەیی بێگانە بووە.
وەزیری ئێژێ کە وەرگێڕان و پەژراندنی نووسینە مێژووییە ئوڕووپاییەکان لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەم لەزمانی فارسیدا بوو بە هۆکارێکی سەرەکی بۆ مەشڕووعییەت دان بە مێتۆدی ناسیۆنالیستی. ئەو نووسەرانەی کە ناویان باس کرا تێکۆشان تاکوو بە ناساندنی کتێبە لێکۆلینەوەییەکانی ئوڕووپایی بەردەنگانی خۆیان لەگەڵ لایەنە جۆربەجۆرەکانی مێژوو نووسی ناسیۆنالیستی ئاشنا بکەن. کەسڕەوی لەو پێناوە دا دەورێکی گرینگی گێڕاوە چونکوو بە قسەی وەزیری ئەوە نووسینەکانی کەسڕەوی بوو کە بۆ جاری یەکەم چیرۆکە حەماسییەکانی بزووتنەوەی مەشڕووتییەتی هێنا ناو ماڵەکانی خەڵکی کۆڵان و بازار. لایەنی چاوڕاکێشی مێتۆدی کەسڕەوی ئەوە بوو کە لە جێدا هیچ سەرچاوە و کتێب ناسییەک لە کارەکەی دا نەبوو. لە دوای کەسڕەوی عیسا سدیق و سەعید نەفیسی لە سیما شوێندانەرەکانی نەریتی مێژوونووسی ناسیۆنالیستین. نەفیسی لە ساڵەکانی ١٩٥٦ و ١٩٦٥دا دوو بەرگ مێژووی کۆمەڵایەتی و سیاسی ئێرانی بڵاو کردەوە کە لەوان ساڵاندا خانەدانی قاجاری لە بەستێنێکی نەتەوەییدا دانا بوو. سازدانێکی ئەو چەشنەی مێژوو لە لایەن نەفیسییەوە لە سەر بنەمای ئەو وتارانە بوو کە بەپێی ڕائەسپاردنی ئەڕتەش نووسیبوونی. تەنانەت سیمایەکی زانکۆیی وەک عیسا سدیق یش  لە ڕوانگەی وەزیرییەوە نەیتوانیوە خۆی لە داوی مێتۆدی ناسیۆنالیستی بپارێزێ. ئەو لە کۆکراوەی بەرهەمەکانیدا  هەمیشە پەسنی شارستانییەتی نەتەوەیی ئێرانی داوە و باسی ئەو بەشەی کردووە کە شارستانییەتی ئێرانی پێشکێشی کولتووری جیهانی و تەنانەت رێنێسانس ی کردووە. گرینگترین بەرهەمی سدیق کە ناوی مێژووی فەرهەنگی ئێرانە یەکەمجار کە ساڵی ١٩٥٧ بڵاو کرایەوە و تا ساڵی ١٩٧٥ حەوت جار چاپ کرایەوە. سدیق بە کەلکوەرگرتن لە سەرچاوەی زانکۆیی ڕۆژئاوایی، برەوی دا بە بۆچوونی دژی عەڕەبی و ئەوینی خۆی بۆ ئێران داگرتەوە و بەو پێیە زمانێکی ناسیۆنالیستی بەهێزی ساز کرد، سەیر نییە کە بتەکانی سدیق سیما ئوڕووپاییەکانی وەک بڕاون،پۆپ،و گریشمەن بوون کە پێشتر باسیان کرا.  وەزیری دواتر باسی عەبدولحوسێن زەرین کووب و دەوری هاوشوباری وی دەکا لە برەوپێدان بە مێتۆدی نەتەوەیی مێژوو نووسین. ئەو لە درێژەی نووسینەکەیدا دێتە سەر زەبیحوڵا سەفا و ئیحسان یارشاتریش وەکوو سیمای ئەو زەمان زیندووی ناسیۆنالیسمی فەرهەنگی باسیان دەکا و مێتۆدی ئەوان بە دووپاتە بوونەوەی مێتۆد ناسی ڕۆژهەڵاتناسانە/ ناسیۆنالیستی دەزانێ.

وەزیری لە زمان ئێدوارد سەعیدەوە دەڵێ گشت ناوە جوغڕافیاییەکان تەنیا ناون؛ سازدراوی بەشەرین کە مێژوویەکیان هەیە، بە ڕێگای لێکدانەوی سیاسییەوەیە کە ئەو ناوانە گرینگییەکی تایبەتی پەیدا دەکەن. وەزیری باوەڕی وایە کەلکوەرگرتنی دەرەوەی زەمانی و نابەجێ لە وشەی ئێران بە مەبەستی سازدانی نەریت و مێژووی نەتەوەیی بووە بە پێش فەڕزی زۆربەی زانایانی مێژووی ئێران، ڕەوتێک کە دەبێ ئالنگاری بکرێ.

......
پانووس

[١]Potts, “Cyrus the Great and the Kingdom of Anshan,” in Birth of the Persian Empire, pp 7–28

سەرچاوە: سایتی " فضا و دیالکتیک : لە ئینترنێتدا  
وەرگێڕان لە فارسییەوە: حەسەن قازی

No comments: