Saturday, August 27, 2022

دوو کارتی پۆستیی مێژوویی

دوو کارتی پۆستیی مێژوویی لەمانگی ژووییەی ١٩٧٤، دوکتور عەبدولڕەحمانی قاسملوو و کاک حەمەدەمین سیڕاجی دوای ئەوەی لەگەڵ کاک کەریم حیسامی وەک ڕێبەرانی هەڵبژێردراوی کونگرەی سێیەمی حدکا بۆ تا و توێ کردنی ئیمکانی هاوکاری و هاوخەباتی لەگەڵ ڕێبەرایەتی حیزبی توودەی ئێران لە ئەڵمانی ڕۆژهەڵات کۆ ببوونەوە. [ کاک کەریم حیسامی لە بیرەوەرییەکانیدا بە وردە ڕیشاڵ باسی ئەو کۆبوونەوەیەی نووسیوە]. دوکتور قاسملوو زۆر جار لە باسی ئەو کۆبوونەوەیە دا دەیگێڕاوە و دەیگوت لە گەرمەی وتوێژەکاندا کاک عەلی گەلاوێژ کە وەک یەک لە نوێنەرانی حیزبی تودە لەم کۆبوونەوەیە دا بەشدار بوو گوتی ئێمە هەر یەکین چونکە ئەمن هێشتاش کارتی ئەندامەتی ژێکافم ماوە و کاک حەمەدەمین یەکدا بەدوو گوتی ئەو هیچ نییە ساواکیش دەتوانێ کاری ئاوا جەعل کا! ئەوان هەر دووکیان دوای ئەو کۆبوونەوەیە بە مەبەستی دیدار تازەکردنەوە لەگەڵ هێندێک کەسایەتی کورد لەوانە مامۆستا برایم ئەحمەد و ئاشنایی لەگەڵ خەباتکارانی ئێرانی دژی ڕێژیمی شا بۆ ماوەیەک هاتنە لەندەن. دوکتور قاسملوو بۆ ماوەیەکی کورتتر و کاک حەمەدەمین نزیکەی چوار حەوتوو لە لەندەن بوو. ئەو دەمی کاک حەمەدەمین لە بەغدا دەژیا و کاک ڕەحمان لە نێوان بەغدا و پڕاگ هاتووچووی دەکرد. کاک حەمەدەمین بەر لەوەی بگەڕێتەوە بەغدا ئەو کارتە پۆستییەی لە پاریسەوە بۆ ناردم و کارتەکەی دوکتور قاسملوو هێندێک دواتر لە پڕاگەوە ناردراوە. کارتی حەمەدەمین سیڕاجی ١٧- ٨- ١٩٧٤ برای بەڕێزم کاکەسەن. کۆڵێک سڵاو لە خۆت و خوشکە ژیلا و دایک و باوکی ( ئەگەر لەوێ مابن) و لە یۆسف و مظفر و خوشکە نازی و کاکە کەڵانتەری و عیتری و خێزانی و محەمەد و کوڕەکانی تر. ئەو ماوەیە بە ڕاستی زۆر ئەتۆ و خوشکە ژیلامان ناڕەحەت کرد هیوامانە بتوانین تۆڵەی بکەینەوە. کاکی خۆم، صادق و خێزانی حاڵت دەپرسن و سڵاویان هەیە. نامتلکەکانم دایە دەیگوت کتێب فرۆشەکان وەری ناگرن و هەر وا ئەوانی پێشێش لام ماونەتەوە. حەسەن گیان تکایە نامەکانی سوێد و نۆروێژ لە بیر نەکەی هەر وەها کتێبی کاک هێمن. داوای منیش ئەوەیە کە لە مەقالەی ( طوفان و مەسەلەی ملی) کە فۆتۆکۆپی کراوەتەوە نوسخەیەکم لە ڕووی خۆت بۆ هەڵگرییەوە و بۆم بنێری. زۆر جێگای سوپاسە. بە دووپاتەکردنەوەی سڵاو لە تۆ و خوشکە ژیلا کۆتایی بە نووسینم دێنم. هەر بژین بە سەر بەرزی بەیەکەوە. برات مینە. هێندێک شیکردنەوە سەبارەت بە ناوەرۆکی ئەو کارتە ١- مەبەست لە خوشکە ژیلا هاوسەری پێشووی منە. ٢- مەبەست لە یۆسف، یوسف ئەبریشەمی خەڵکی مەهاباد، مظفر، موزەمەری شافعی، خوشکە نازی خودالێخۆشبوو نازی شافعی، کاکە کەڵانتەری شەهید مەنووچێهر کەڵانتەری، لە ڕێبەرانی دواتری چریکە فیداییەکان، عطری محەمەد عیتری لە چالاکانی سیاسی کۆنینەی ئێرانی، محەمەد ئاڕشتتێکتێکی ئەندامی کۆنفێدراسیۆنی قوتابیان و خوێندکارانی ئێرانی لە لەندەنە. ٣- مەبەست لە سادق، دوکتور سادق شەڕەفکەندی یە کە ئەو دەم لە پاریس دەیخوێند. ٤- نازانم مەبەست لە نامەکانی سوێد و نۆڕوێژ چییە وەبیرم نایەتەوە. ٥- کتێبی کاک هێمن دەبێ مەبەست لە کتێبێک بێ کە مامۆستا هێمن داوای کردووە. ئەویش ئەودەمی لە بەغدا دەژیا. کارتی دوکتور عەبدوڵڕەحمان قاسملوو ٢٣. ٩. ١٩٧٤ برای خۆشەویستم کاک حەسەن! سڵاوێکی گەرمی برایانەت پێش کەش دەکەم و زۆر سوپاست لێ دەکەم و هیوادارم خۆت وخێزانت بە خۆشی و سڵامەتی رابوێرن. ئەوە چەند ڕۆژە لە پڕاگم وا دیارە ماوەیەک لێرە دەبم تکام ئەوەیە ئەگەر بۆت مومکین بێ لەمەو دوا ئەو فۆتۆکۆپیانەی کە بۆ کاک ئەمیرت دەنارد بۆ منیان بنێری. جارێکی دیکە سڵاوت لێ دەکەم و سڵاوم هەیە بۆ هەموو دۆست و برادەرانی لەندەن. برات ڕەحمان قاسملوو شیکردنەوەیەکی کورت ١- مەبەست لە کاک ئەمیر، ئەمیر قازی یە کە ئەو دەمی لە سوێد دەژیا

No comments: